۳/۰۹/۱۳۹۵

ئاژاوە ، ئاژاوەگێڕ ، ئاژاوە گێڕان

وشەی ئاژاوە ئەو مانایانەی خوارەوەی هەیە:
 - پشێوی
- ئاڵۆزی
- کەس بە کەس
- بەزم و هەرا
- غەڵبەغەڵب و زەنازەنا
- کێشە، شەڕ و نێوان ناخۆشی لە نێوان دوو یا چەند کەس
- قەرەباڵغی و کۆبوونەوەی ئاپۆرای خەڵک بە دەوری رووداوێکدا
- تێکچوونی دۆخی ئاسایی

وشەکە رەنگە بنەمای جیاوازی هەبێ:
- ژاوە ژاوە: دەنگە دەنگ و هەرا کە کەس بە ئاسانی لەویدی تێنەگا
- ژاندن: بە مانای تێکوەردان و ئاڵۆز کردن
- ئاژ: بنەمای کرداری ئاژین بە مانای بەردانی ئاو

بەڵام ئەمن پێم وایە بنەمای وشەکە "ئاش ئاوە" یا هەمان ئاشی ئاوێ‌یە.
ئاش‌ئاوە - ئاشاوە - ئاژاوە

بۆچی ئاشی ئاوێ؟
ئاش کەرەسەیەکە بۆ وردکردنی دەنکی گەنم و خەلەی دیکە تا مرۆڤ بتوانێ بە ئاسانی بیخوا. رەنگە یەکەمین ئاش دانانی گەنم لە سەر بەردێک و کوتانی بە بەردێکی دیکە بووبێ. دواتر بۆ ئەوەی لە یەکجاردا هەم رێژەیەکی زیاتری گەنم ورد بکا و هەمیش دەنکە گەنمەکان نەپەڕن و بە فیڕۆ نەچن، بەردی ژێرەوە قووڵ کرابێ. پەرەگرتنی ئەم شێوە وردکردنە هاوەن یان دەستاونگ (دەست هاوەن)ی لێ کەوتۆتەوە. لە گەڵ پەرەگرتنی حەشیمەت و رادەی ئەندامانی خێزان، مرۆڤ پێویستی بە وردکردنی رێژەیەکی زیاتر لە گەنم و خەلە بووە. لە کار بە دەستاونگدا تەنیا کوتان رۆڵی نییە و هاڕینیش دەوری هەیە.  لەوەوە مرۆڤ بیری لەوە کردۆتەوە کە بە جێی وردکردن، کەرەسەیەک ساز بکا کە کاری هاڕینی بۆ بکا. بەو جۆرە هاڕە یان دەستاڕ پەیدا بووە. وشەی هاڕە دەبێ لە دەستاڕ کۆنتر بێ. دەستاڕ پێکهاتەی دوو وشەی "دەست" و "هاڕ"ە. ئەمەش دەبێ بەرامبەری هاڕین بە ئامێر بێ. واتە ناوەکە لە بەرامبەر ئاش‌هاڕ یان کەرەسەیەکی لەو جۆرە داندراوە. بەڵام شیمانە ناکرێ دەستاڕ دوای ئاش پەیدا بووبێ. بۆیەش "هاڕە" کە لە ماکی "هاڕین" چێ بووە، ئەشێ ناوێکی کۆنتر بێ.
حەشیمەت بەردەوام لە پەرە گرتندا بووە و بنەماڵەش لە گەورە بوونەوەدا. ئەوەش پێویستیی زیاتری بە خواردەمەنیی زیاتر و داخستنی ئازووقە بووە. وێڕای ئەوە کار بە هاڕە، هەم سەخت و هەم کەم دەرکەوتە. بۆیە مرۆڤ بیری لە دەزگایەک یان کەرەسەیەک بۆ هاڕینی زیاتر کردۆتەوە. بەو جۆرە ئاش پەیدا بووە. رەنگە کۆنترین ئاش بە هێز و باهۆی مرۆڤ گەڕابێ. دواتر ئاژەڵی گەورەی وەک کەر، گا و ئەسپ بۆ گێڕانی ئاش دەکار کراون. لە گەڵ بەرەوپێشچوونی زەمان، مرۆڤ بیری لە بە کارهێنانی وزەی سروشتی و لەوانە ئاو و با کردۆتەوە. بەو جۆرەش ئاشی ئاوێ و ئاشی با  پەیدا بوون. دواتر ئاشی ئاوری یان ئاشی میکانیکی پەیدا بوو.
  وێناچێ لە کوردستان ئاشی با رمێنی بووبێ. کوردستان دەشتایی نییە و هەر بۆیەش کەلکوەرگرتن لە وزەی با لە دۆڵ و داوێنی کێوەکان کە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکە، ئاستەمە. ئاسەوارێکی ئەوتۆش لەو جۆرە ئاشە لە کوردستان نییە. بەڵام کوردستان وڵاتێکی پڕ ئاوە. بۆیەش ئاشی ئاوێ لەم وڵاتە رمێنی زۆر بووە. ئاشی ئاوێ لە بەرامبەر ئاشی با یان ئاشی باهۆدا بووە نەک لە بەرامبەر ئاشی ئاور. لە ناو کولتور و زمانیشدا ئەم جۆرە ئاشە رەنگدانەوەی زیاترە. وەک:
- ئاو لە ئاشی دوژمن کردن
- ئاش گێڕێک ئاو بریتی لە ئاوێکی زۆر و بە خوڕ
- هەر دارێ نەهاتی بوو دەبێتە چەقەنە
 یان: دارێک ئەگەر خودا غەزەبی لێ گرت دەیکا بە چەقەنەی ئاشی
- بووم بە چەقەنەی ئاشی
- ئاشێک کە لە میستن بێ، ئاخری هەر دەمیزێ
- ئاشی ئاو لێ بڕاو
- سەرم لە ئاشیدا سپی نەکردوە
- نێوی بە کۆرەگەی ئاشیدا چێ
- لە ئاشی زۆری پێ چووە لە رێیە پەلەی دەکا!
- ئاشی نەزانی خوا دەیگێڕێ

بەڵام بۆچی ئاژاوە لە ئاشی ئاوێ وەرگیراوە؟
لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا، ئاشی ئاوێ یەکەمین و گرینگترین ئامێر و کارخانە بووە. هەڵبەستن و کارپێکردنی شارەزاییەکی تایبەتی و زۆری ویستوە. تا ئاستێک کە خەڵکی ئاسایی هەڵبەستنی ئاشیان بۆ شەیتان گەڕاندۆتەوە. "باوەڕی خەڵکی ئاسایی وا بووە کە یەکەمجار شەیتان ئاشی ئاوێی هەڵبەستوە. دواتر کە بۆخۆشیان لە سەر هەمان دەستوور هەڵیانبەستوە، بە سەرسوڕمانەوە دیتوویانە هی خۆیان کار ناکا. ئەوە بوو کە بە دوای شەیتاندا چوون و یەخەیان گرت تا بێ و رازی شێوەی دروستی هەڵبەستنی ئاشی ئاوێیان پێشان بدا." (قادری فەتتاحی قازی - رازی ئاشی ئاوێ)
بە پێی ئەو بۆچوونە باو و خەڵکیانەی سەرەوە ئاشی ئاوێ کاری شەیتانە. شەیتانیش بە فیتنە و شۆفاری بە ناوبانگە. کەواتە ئاژاوە چ بە مانای تکنیک و فرتوفێڵ و چ بە مانای هەرا و هوریا ساز کردن کە زیاتر بە هۆی دەنگی چەقەنەیە لە ئاشی ئاوێ دا، دەتوانێ لە ئاشی ئاوێ ، ئاش ئاوە ، ئاشاوە ، ئاژاوە چێ بووبێ.
کرداری سەرەکیی ئاژاوە، "گێڕان"ە؛ ئاژاوە گێڕ ، ئاژاوە گێڕان. وەک دەزانین هەمان کردار بۆ ئاشیش هەیە: ئاش گێڕان، ئاشم دەگەرێ.. ئەوەش متمانەی زیاترمان لە سەر بنەمای وشەکە پێ دەدا.
وشەی بەرامبەری "ئاژاوە" لە زمانی فارسیدا "آشوب"ە کە وێدەچێ ئەویش هەر لە بنەمای "ئاشی ئاوێ" چێ بووبێ.
آش آب - آشاب - آشوب







بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...