
- ژمارەی دوای ٢٩
- ئەندامی هەناسەدان لە هەناودا ، جگەری سپی
- رەنگی رەش، سیا
- جۆرێک نەخۆشیی باڵداران، نەخۆشیی ئازارە باریکە
- ناوی باڵندەیەکە
ئەوەی کە مەبەستی ئەم باسەیە، واتای کۆتایی سییە. بەڵام نەک تەنیا تایبەت بە باڵندەیەک بەڵکو ناوی کۆنی باڵندە و بنەمای ناوی چەندان جۆر باڵندە لە زمانی کوردیدا.
وشەکە بە پاشگری "ک" و بە شێوەی "سیک" لە ناوی چەند باڵندە
یان ناوی پێوەندیدار بە باڵندەدا هەیە. ئەوەش بۆمان روون دەکاتەوە کە ناوەکە لە دەنگی باڵندە وەرگیراوە و بنەمای وشەی "جیک"ە. پیتی "س" لە "ج" کۆنترە و بەو پێیە جیک، چیک یان جیکە لە سی و سیک کەوتووەتەوە.
جیک یان جیکە بە دەنگی بەشێک لە باڵندەکان دەگوترێ کە وەک کەڵەشێر یان بولبول ناخوێنن و وەک قەل و قاز ناقڕێنن. جیکە لە بنەڕەتدا دەنگی جوجکە و بێچووی مەلە.
سی لە ناوی باڵندە دا:
چیک، چیچ ، چیجک، جوجک، جوچکە: سی + باشگری بچووک کردنەوە، سی بچووک
چۆلەکە، چوێلەکە: سی + پاشگری "ۆلکە". سیۆلکە. چێولکە، سی بچووک، باڵندەی بچووک
چیچک: سی بچووک
سیسارکە کەچەڵە: سی + سەر + کەچەڵە، سی سەر کەچەڵ، باڵندەی سەر کەچەڵ
چیدانە: باڵندەیەکی رەنگ بنەوش
چێرگ: مێشە سی
چیق: قەلە رەشە
سیمرغ
سێرو
سریلە
سیکوژ: شاهێنی بەحری
سەقر
سوێسکە: سی ئاسکە، باڵداری وەک ئاسک. شوبهاندنی بە ئاسک (آهو) لە ناوە فارسیەکەشیدا هەست پێ دەکرێ: تیهو
حاجی لەگ لەگ
بە ڕواڵەت لە دوو بەشی حاجی + لەگلەگ وەرگیراوە. بەشی دووهەم دەگەڕێتەوە سەر دەنگی ئەو باڵندەیە و زیاتر بە لێکدانی دندووکە درێژەکەی دەنگی لەقلەق، لەکلەک یان لەگلەگ ساز دەکا. بەڵام بۆ بەشی یەکەمی ناوەکەی پێشتر وام گومان دەکرد کە پێوەندی بە رەنگی سپی باڵندەکە یان کۆچبەربوون و گەرمێن و کوێستان کردنی ئەوەوە هەیە. هەردووی ئەوانەش ناکرێ بە یەکجاری رەد بکرێنەوە بەڵام ئەمەش بە دوور نازاندرێ کە ئەم دووانە رێگایان خۆش کردبێ تا وشەی سی بۆ حاجی و سی لەکلەک بۆ حاجی لەکلەک گۆڕدرابێ. سی لەک لەک؛ واتە باڵندەیەک کە دەنگی لەکلەک/لەقلەق/لەگلەگی هەیە. ناوەکە لە زمانی عەرەبیش دا "طایر لقلق"ە بە واتای باڵندەی لەقلەق یا هەمان سی لەقلەقە.
لە سی لەقلەقەوە چیای لەقلەقایسی یان لەقلەقاسیم وەبیر کەوتەوە. چیایەک لە نیزیک ئاوایی حاجی لەک لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان. چیاکە کۆمەڵێک بەردی بەرز و هەڵچووی لێیە کە لەگلەگ لە سەریان هێلانە دەکا. دانیشتوانی ناوچەکە ئەم ناوە بە وشەیەکی تورکی دەناسن و هەشن وشەکە دەگەڕێننەوە سەر داری قەیسی و شتی لەم بابەتە. بەڵام ئەم ناوە رەنگە ناوی کۆنی حاجی لەقلەقی لە خۆیدا هەڵگرتبێ. چیای لەقلەقایسی: چیای حاجی لەگلەگ. وێدەچێ حاجی لەقلەق ناوی خۆی بە ناوی گوندەکەش بەخشیبێ و گوندی حاجی لەک و تەنانەت رەنگە گوندی دارەلەکیش پێوەندیان بە هۆزی لەکی ناوچەی کرماشانەوە نەبێ. بە تایبەت کە هەردوو گوند لە پێدەشتە سەوز و زەنوێرەکانی چۆمی مەجیدخان و شاروێران هەڵکەوتوون و بەهاران هەوار و مەنزڵگەی حاجی لەکلەکن.
مریشک
چێرت؛ سی + ریت، سی ریتە، ریتەی باڵندە، جیقنە
جیقنە: سیک + گەنە، گەن و گووی سیک، گەنوگوی باڵندە
سیکڵدانە، چیکڵدانە، جیکڵدانە،
سیکەتۆرە: تورەی سیک، توورەکەی باڵندە