۱۱/۲۶/۱۳۹۵
سی

- ژمارەی دوای ٢٩
- ئەندامی هەناسەدان لە هەناودا ، جگەری سپی
- رەنگی رەش، سیا
- جۆرێک نەخۆشیی باڵداران، نەخۆشیی ئازارە باریکە
- ناوی باڵندەیەکە
ئەوەی کە مەبەستی ئەم باسەیە، واتای کۆتایی سییە. بەڵام نەک تەنیا تایبەت بە باڵندەیەک بەڵکو ناوی کۆنی باڵندە و بنەمای ناوی چەندان جۆر باڵندە لە زمانی کوردیدا.
وشەکە بە پاشگری "ک" و بە شێوەی "سیک" لە ناوی چەند باڵندە
یان ناوی پێوەندیدار بە باڵندەدا هەیە. ئەوەش بۆمان روون دەکاتەوە کە ناوەکە لە دەنگی باڵندە وەرگیراوە و بنەمای وشەی "جیک"ە. پیتی "س" لە "ج" کۆنترە و بەو پێیە جیک، چیک یان جیکە لە سی و سیک کەوتووەتەوە.
جیک یان جیکە بە دەنگی بەشێک لە باڵندەکان دەگوترێ کە وەک کەڵەشێر یان بولبول ناخوێنن و وەک قەل و قاز ناقڕێنن. جیکە لە بنەڕەتدا دەنگی جوجکە و بێچووی مەلە.
سی لە ناوی باڵندە دا:
چیک، چیچ ، چیجک، جوجک، جوچکە: سی + باشگری بچووک کردنەوە، سی بچووک
چۆلەکە، چوێلەکە: سی + پاشگری "ۆلکە". سیۆلکە. چێولکە، سی بچووک، باڵندەی بچووک
چیچک: سی بچووک
سیسارکە کەچەڵە: سی + سەر + کەچەڵە، سی سەر کەچەڵ، باڵندەی سەر کەچەڵ
چیدانە: باڵندەیەکی رەنگ بنەوش
چێرگ: مێشە سی
چیق: قەلە رەشە
سیمرغ
سێرو
سریلە
سیکوژ: شاهێنی بەحری
سەقر
سوێسکە: سی ئاسکە، باڵداری وەک ئاسک. شوبهاندنی بە ئاسک (آهو) لە ناوە فارسیەکەشیدا هەست پێ دەکرێ: تیهو
حاجی لەگ لەگ
بە ڕواڵەت لە دوو بەشی حاجی + لەگلەگ وەرگیراوە. بەشی دووهەم دەگەڕێتەوە سەر دەنگی ئەو باڵندەیە و زیاتر بە لێکدانی دندووکە درێژەکەی دەنگی لەقلەق، لەکلەک یان لەگلەگ ساز دەکا. بەڵام بۆ بەشی یەکەمی ناوەکەی پێشتر وام گومان دەکرد کە پێوەندی بە رەنگی سپی باڵندەکە یان کۆچبەربوون و گەرمێن و کوێستان کردنی ئەوەوە هەیە. هەردووی ئەوانەش ناکرێ بە یەکجاری رەد بکرێنەوە بەڵام ئەمەش بە دوور نازاندرێ کە ئەم دووانە رێگایان خۆش کردبێ تا وشەی سی بۆ حاجی و سی لەکلەک بۆ حاجی لەکلەک گۆڕدرابێ. سی لەک لەک؛ واتە باڵندەیەک کە دەنگی لەکلەک/لەقلەق/لەگلەگی هەیە. ناوەکە لە زمانی عەرەبیش دا "طایر لقلق"ە بە واتای باڵندەی لەقلەق یا هەمان سی لەقلەقە.
لە سی لەقلەقەوە چیای لەقلەقایسی یان لەقلەقاسیم وەبیر کەوتەوە. چیایەک لە نیزیک ئاوایی حاجی لەک لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان. چیاکە کۆمەڵێک بەردی بەرز و هەڵچووی لێیە کە لەگلەگ لە سەریان هێلانە دەکا. دانیشتوانی ناوچەکە ئەم ناوە بە وشەیەکی تورکی دەناسن و هەشن وشەکە دەگەڕێننەوە سەر داری قەیسی و شتی لەم بابەتە. بەڵام ئەم ناوە رەنگە ناوی کۆنی حاجی لەقلەقی لە خۆیدا هەڵگرتبێ. چیای لەقلەقایسی: چیای حاجی لەگلەگ. وێدەچێ حاجی لەقلەق ناوی خۆی بە ناوی گوندەکەش بەخشیبێ و گوندی حاجی لەک و تەنانەت رەنگە گوندی دارەلەکیش پێوەندیان بە هۆزی لەکی ناوچەی کرماشانەوە نەبێ. بە تایبەت کە هەردوو گوند لە پێدەشتە سەوز و زەنوێرەکانی چۆمی مەجیدخان و شاروێران هەڵکەوتوون و بەهاران هەوار و مەنزڵگەی حاجی لەکلەکن.
مریشک
چێرت؛ سی + ریت، سی ریتە، ریتەی باڵندە، جیقنە
جیقنە: سیک + گەنە، گەن و گووی سیک، گەنوگوی باڵندە
سیکڵدانە، چیکڵدانە، جیکڵدانە،
سیکەتۆرە: تورەی سیک، توورەکەی باڵندە
۱۰/۱۴/۱۳۹۵
ئەرێ "مهربانی"ی کورد چی لێ هات؟

لە گەڵ هاتنی زستان و وەرزی سەرما، لە ناو شارەکانی ئێراندا دیاردەیەکی جوان سەری هەڵداوە. دیاردەی "دیواری میهرەبانی". ئاوێزە یان رەختاوێزیان بە دیوارانەوە داکوتاوە و جلوبەرگی گەرمی زستانەیان پێوە هەڵواسیوە. داوا لە رێبواران دەکەن کە ئەگەر پێویستیانە هەڵگرن و ئەگەر هەشیانە دانێن.
کوردستان وڵاتێکی شاخاویە و زستان و سەرمایەکی زیاتر لە زۆربەی شارە فارس نشینەکانی هەیە. بە تایبەت ئەمساڵ بەفر و سەرمایەکی زیاتر لە چەند ساڵی بەرێ، رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتۆتەوە. کوردەکانی رۆژهەڵاتیش بە لاسایی ئەم هەنگاوەی لە تاران و شارە گەورەکانی دیکەی فارس نشینەوە دەستی پێ کرد، دیواری خۆیان دانا. بەڵام لە زۆربەیاندا هەمان تێکستی فارسیی "دیوار مهربانی" بە سەر دیواری جلوبەرگە هەڵواسراوەکانەوە داکوتراوە. لە یەکێک لەو وێنانەش دا کە وا بزانم شاری پیرانشارە، چالاکان خەریکی هەڵواسینی پلاکاردێکن کە تێکستەکەی بە "دیواری دڵسۆزی" مانا کراوەتەوە. بەڵام دڵسۆزیش پڕ بە پێستی مانای مێهربانی نییە.
لە زمانی کوردی دا وشەی نیزیکتر لە میهرەبانی، بەزەییە. لە هەنبانەبۆرینەدا ئەم وشانە بۆ واتای بەزە و بەزەیی هاتون:
بەزە: دلۆڤانی، روحم، دڵنەرمی
بەزەوی: بەزە، روحم
بەزەیی: بزی، بەزە، روحم
وشەی بەزەیی لە کرداری "زان" و "زایین" داکەوتووە. ئەویش بریتیە لەو هەستە پڕ لە بەزەیی و میهرەبانییەی کە گیانداری تازە زاو بۆ بێچووەکەی هەیەتی. ئەم لێک کەوتە لە وشەکانی روحمی بە واتای بەزەیی و رەحەمی بە واتای منداڵدان لە زمانی عەرەبیش دا هەیە.
بەڵام ئاخۆ میهرەبانی لە ناو کوردان دا چی لێهات؟!
وشەی مێهرەبان و مێهرەبانی لە دوو بەشی مێهر و بان پێکهاتوە. مێهر پێوەندی بە ئایینی میتراییەوە هەیە و میتراش هەمان مەتەر و "مادەر"ی بە واتای دایکە. پێشینیانی ئێمە لە باسی خوڵقانی مرۆڤ دا پێیان وا بووە مرۆڤ لە دایکێکی ئاسمانی بووە یان دایکێک لە ئاسمان مرۆڤی لێ بووە. بەو دایکە ئاسمانیەیان دەگوت میترا بە واتای دایک یان ئاڵامیترا بە واتای دایکی بان یان سەروو. مێهر یەکێک لە شێوەکانی وشەی "میترا"یە.
لای پێڕەوانی میترا وا گوتراوە کە میترا لە ئەشکەوت یان کەلێنە بەردێک (مەڕە - مێهرە) هاتە دەر. گایەکی کرد بە قوربانی. هەر شوێنێک کە خوێنی ئەم گایەی بە سەردا پڕژابێ، سەوزایی و بە پیت و بەرەکەتە. هەر لەو ئەفسانەیەو لە ناوی میتراوە دوو وشەی "مێرگ (مێهر+گ)" و "مەزرا (میثرا یان مەثرا)" داکەوتن. وشەی میترا بە شێوەگەلی: میثرا، میترا، مەتەرا، مێهرا، مێهر، مێر، میر و رەنگە شێوەگەلی دیکەش تۆمار کراوە:
مێرگ: چیمەن، گیاجاڕ (هەنبانە بۆرینە)
مەزرا: کێڵگە، موچە، جێگەی شت لێ چاندن
میترا/میثرا/مەثرا، مەزرا
کورد نابێ سڵ لەو وشانەی خۆی بکاتەوە کە دەروجیرانەکانی وەریان گرتوە و بەرگی خۆیان بە بەردا کردوە. بۆ وێنە عەرەب وشەی مەزرایان کردۆتە "مزرعە" و لەوەشەوە بنەمای " زرع "یان بۆ داتاشیوە. بەڵام ئەمە نابێ فریومان بدا کە بنەمای مەزرا، درعی عەرەبییە. ئەمە راست نییە.
مێهر یان میترا گەلێک وشەی دیکەی لە زمانی کوردیدا لێ کەوتۆتەوە کە رەنگە بۆ ئەم بابەتە گونجاو نەبێ زیاتری لە سەر بدوێم. بەڵام سەبارەت بە وشەی "مێهر" و مێهرەبان"، ئەم وشەیە لە زمانی کوردیدا بە هۆی ئەو گۆڕانەی لە گۆ کردنیدا هەیە، واتای جیاوازی لێ کەوتۆتەوە. ئەویش شێوەی گۆ کردنی بە "مێر" یان "میر"ە.
مێر بە هەڵە واتای "پیاو"ی گرتوە. مێری کوردی و "مەرد"ی فارسی، لە وشەی میترا کەوتوونەوەو واتای جیاوازیان وەرگرتوە. تەنانەت "امیر"ی عەرەبیش هەر لە مێهر کەوتۆتەوە. ئەوەش بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە:
یەکەم میترا بە پێی ئەو باوەڕەی لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، سەرەتا دایک و بەو پێیەش ژن بووە. ئەمە بە پێی باوەڕی سەرەتایی مرۆڤەکان بۆ میترا بووە. دواتر ئەم باوەڕە بووە بە دین و داڕێژراوەتەوە. سەرەتا وەک مرۆڤێک کە ژن و پیاویی نادیار و ناگرینگە، پێشان دراوە. بەڵام دواتر و بە تایبەت لەو سەردەمەدا کە میترائیسم بەرەو رۆژئاوا گەشەی کردوە، میترا لە وێنەی کوڕە جحێڵەیەکی ئازادا خەریکی کوشتنەوەی گایە.
دووهەم؛ میترا خوای شەڕ و ئازایەتی بووەو ئازایەتیش پیاوان بە سفەتی خۆیانی دەزانن. هەروەها میترا خوای پەیمان و بەڵێنییەو لە کۆمەڵگای پیاوسالار دا ئەم پەیمان و بەڵێنییە وەک خسڵەتی پیاوانە چاوی لێ کراوە. بەم جۆرە مێر وەک سفەتی پیاوانە داکەوتووە. لەم مێرەش، کۆمەڵێک وشە داکەوتوون کە مێر و مەرد لەوانەن. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە ژنان بە یەکجاری لە پەسنەکانی میترا بێبەری کراون. مێرێ و مرۆت (مێهر دۆت، کچی مێهر) لەو نمونانەن. بەڵام پشکی شێر هەر وا بۆ پیاوانە. وشەی مەردۆم لە مێهرتۆم، مێرتۆم بە واتای توخمی مێهر یان میترا کەوتوەتەوە. لە مەردۆمیشەوە، مەرد و مێرد بە واتای پیاو داکەوتوە. بەڵام سەرەڕای باوبوونی زیاتری وشەی مەرد لە ناو زمانی فارسی دا، وشەی مێهر بە واتای بەزەیی ماوەتەوە. ئەمەش هەمان پەسن و سفەتی بەزەییداری میترای سەرەتایە وەک دایکی مرۆڤایەتی. لێ کورد زیاتر باری ئازایەتی و مانەوە لە سەر پەیمان و بەڵێنی لە میترائیسم وەرگرتوە کە نیشانەی گەشەکردن و پەرەگرتنی دواتری میترائیسم وەک دین لە ناو کوردان دایە. بوونی وشەی "بەزەیی"ش زیاتر هۆکار بووە کە وشەی مێهرەبانی لە ناو کورد دا بە شێوەی پێویست بە کار نەیە و وشەش لە بە کار بردن دا گەشە دەکا و لە سەر زمان و لە ناو زمان دا لە قالب دەدرێ.
۹/۳۰/۱۳۹۵
لە فراکسۆنی نوێنەرانی ناوچە تورکنشینەکان تا فراکسیۆنی ئەهلی سوننەتی بەشێک لە نوێنەرە کوردەکان
تورکەکان بەشێکی زۆر لە حەشیمەتی ئێران پێک دێنن. لە باری ئەژمارەوە یەک لە دوو گەورە نەتەوەی پێکهێنەری ئەو وڵاتەن. لە باری ئابوورییەوە دەسەڵاتێکی زۆریان بە دەستە و لە باری ئیدارییەوە رۆڵێکی گرینگیان له دەسەڵاتدا ههیه. قبووڵ کردنی ئایینزای شیعە وەک مەزهەبی هاوبەش، هەر لە سەرەتاوە ئاڵقەیەکی گرینگی پێوەندیی نێوان دوو نەتەوەی فارس و تورک بوو. ئاڵقەیەک کە جێگای بە جیرانەتی و خزمایەتیی مێژوویی فارس لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بە تایبەت لەگەڵ دوو نەتەوەی کورد و بلوچ لەو وڵاتەدا لێژ کرد. زۆربەی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران بە سەر هەر دوو ئایینزای سوننە و شیعە و ئایینی دیکەشدا دابەش بوون.
لەگەڵ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، تورکەکان بە هۆی ئایینەوە زۆر زوو خۆیان لەو دەسەڵاتەدا دیتەوە. چەندان جار کەسایەتییەکانی تورک لە ئاستە بەرزەکانی ئیدارەی وڵاتدا جێیان گرت و ناوچە تورکنشینەکانیش لەچاو ئەو ناوچانە کە نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد و بلوچی تێدابوو، لە باری ئابوورییەوە بووژانەوەی زۆرتری بە خۆ دیت. بەڵام سەرەڕای ئەوانە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە هەتا ئێستاش هەروا دەسەڵاتێکی ئیسلامی – فارسییە و تورکەکان بە فەرمی هیچ مافێکی زیاتر لە نەتەوە بندەستەکانی دیکەیان پێ نەدرا. بەرامبەر بەوە لە ماوەی دوو دەهەی رابردوودا بزووتنەوەیەکی پەرەگر و بەربڵاو شار و ناوچە تورکنشینەکانی گرتۆتەوە. بزووتنەوەیەک کە ئەگەرچی حیزب و رێبەری دیاری نییە بەڵام ئامانجدار و یەکگرتوویە. لە هەموو بەستێنەکانی وەک وەرزش، میدیا، بازاڕ و هیتر بۆ خۆنواندن و خۆزەقکردنەوە کەلک وەردەگرێ. لەسەر دوو کۆڵەکەی زمان و خاک خۆی پێناسە دەکا و بەردەوام بیر لە بەرینکردنەوەی جوغرافیا و مێژووی خۆی دەکاتەوە. پێیەکی لە نێو دەسەڵاتە و پێیەکی لە نێو کۆمەڵگهی خۆی دایە. لە روانینی ئەم بزووتنەوەیەدا تاکی تورک لە هەر کوێ بێ و لە هەر پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی یا سیاسیدا بێ، لە دەرەوە بێ یا لە نێوخۆ، دژی دەسەڵات بێ یان لەگەڵ دەسەڵات، بەرامبەر بە بزووتنەوەکە ئەرکدارە. ئەوەی بۆ ئەو بزووتنەوەیە گرینگە ئەوەیە کە تاکی تورک دەبێ بە تورکی بمێنێتەوە و کار بۆ پەرەگرتنی ئەم بزووتنەوە ناسیونالیستیە بکا. هەر ئەم روانگەیەش لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا، بە تایبەت لەو شارانەی له رووی دیموگرافییهوه فرهچهشنن، پێوانەی سەرەکیی دەنگدانی دەنگدەری تورکە. بەو روانگەیە و لە ژێر هێژمۆنیی ئەو بزووتنەوەیەدا بوو کە لە شارە جۆراوجۆرە تورکنشینەکانەوە نوێنەرانی تورک بۆ مەجلیسی ئێران نێردران. دوا جاریش هەر ئەو گوشارەی شەقامی تورک بوو کە سەت نوێنەری تورکی بە روانگە و بۆچوونی جیاواز لە دەوری یەک کۆ کردەوە تا فراکسیۆنی نوینەرانی “ناوچە تورکنشینەکان” پێک بێنن. ئەگەرچی بەشێک لەو ناوچانەی بە ناوی ناوچەی تورک نشین لە مەجلیسی ئێراندا ناودێر کراون، تورکان تاکە نەتەوەی سەرەکیی ئەو ناوچانە نین.
پهرهگرتنی بزووتنهوهی نهتهوهیی تورکان له حاڵێک دایه که سەرەڕای چەند سەدە خەبات و تێکۆشان، بە داخەوە هێشتا کوردەکان رێگایان بۆ دۆزینەوەی بزووتنەوەیەکی وەها گشتگیر و یەکگرتوو نەدۆزیوەتەوە. نوێنەرە کوردەکانی نێو مەجلیسی ئێران هەتا ئێستا نەیانتوانیوە یەکتر بدۆزنەوە. بەشێک لەو نوێنەرانەش بە سازکردنی فراکسیۆنی نوێنەرانی سوننە مەزهەب، خۆیان لە کێشە سەرەکییەکەی نەتەوەی کورد لە ئێران دزیوتەوە. ئەگەرچی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەک چۆن خۆی لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعە پێناسە دەکا و لەسەر ئەم پێناسەیەش هەوڵی پەڕاوێز خستنی ئایینەکانی دیکەی داوە، بەردەوام هەوڵ دەدا کێشەی کورد وەک کێشەی مەزهەبی و نە نەتەوەیی پێناسە بکا بەڵام کوردی رۆژهەڵات بە سەر سێ ئایینزا و ئایینی سەرەکیی سوننە، شیعە و یارساندا دابەش بوون کە کێشەی هاوبەشی ئەوان کێشەی نەتەوەیی و کوردبوونە نەک ئایین و مەزهەبێکی تایبەت. ئەگەر سوننەکان پۆست و مەنسەبی بەرزی ئیدارییان پێ نادرێ، ئەگەر یارسانەکان تەنانەت وەک کەمایەتیەکی ئایینی دانیان پێدانەنراوە و تەنانەت مۆڵەتی ئەوەیان نییە نوێنەرێکیان لە مەجلیس هەبێ، پارێزگای ئیلام وەک پارێزگایەکی کوردستان کە زۆرینەی دانیشتوانی پێڕەوی ئایینزای شیعەن، لە هەژاری، دواکەوتوویی ئابووری و خۆکوژیدا بەردەوام پلەی یەکەمی لە ئاستی ئێراندا بەر کەوتوە. ئهگهر ئەو نوێنەرە کوردانە پێیان وا بێ کە فراکسیۆنەکەیان جێگرەوەی فراکسیۆنی نوێنەرانی کوردە، ئەوە کارەکەیان ناچێتە خانەی خزمەت بە نەتەوەکەیانەوە و شەقامی کوردستانیش نابێ ئەو هەڵاواردنە ئایینییە لە نێوان کورداندا قبووڵ بکا.
لە ژماره ٦٩١١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه
۹/۲۴/۱۳۹۵
مەلا جەلالی مونەجیم و ئەمیرخانی برادۆست - قەڵای دمدم
لە سەرەتای جمادی الاخر کوڕی چۆلاق ئەمیرخان حاکمی ورمێ و شنۆ شەرەفی پابۆسی پێ درا
ساڵی ١٠١٤ی کۆچی مانگی - ١٦٠٦ی زایینی - سەڵماس
لەو دەمانەدا چۆلاق ئەمیرخانی برادۆست کە "جێگری سەگی دەرگای عەلی" (مەبەست شا عەباسە) دەستێکی زێڕی بۆ ساز کردبوو، هاتە پەڵاس ماچ کردن... رۆژی دواتر بە خەڵاتی گرانبایی لە کەوا و باڵاپۆشی بە نرخ و تاج و مەندیلی تەواو زێڕ و بە پەڕی رازاوە بە خشڵ و ئەسپی و زینی رازاوەو بە چواردە بەردەستەوە بە خەڵاتی بەرز سەربەرز کران و رۆژی دواتر مەرەخەس کرا و بەرەو ورمێ و شنۆ کە بنکەی دەسەڵاتەکەی بوو، گەڕایەوە.
١٠١٧ی کۆچی مانگی - ١٦٠٨ی زایینی - نەهاوەند
لەو رۆژەدا بەردەستێکی چۆلاق ئەمیرخان هات و چرایەکی گەلێک باشی هێنا. دوو دمی هەبوو.... تا ئاستێک کە سەر راوچیەکان سوێندیان خوارد قەتیان شتی وا نەدیوە.
بەڵام بەشێک لە تایبەتمەندیەکانی قەڵای دمدمەی هەڵکەوتو لە ورمێ و گەمارۆدرانی چۆلاق ئەمیرخانی برادۆست و داگیرکردنی ئەوێ بە یارمەتیی خوای بەخشندە
لە جەمادی الاولی ساڵی هەزار و هەژدە (ئاگوستی ١٦٠٩) جەهان مەتاع (شا عەباس) حوکمی دا کە کۆمەڵی جەلالی بە فەرماندەیی قەرەحەسەنخانی ئستاجلو حاکمی هەرێمی عەلیشەکەر بچن بۆ ئازەربایجان و لەوێ لە گەڵ چۆلاق ئەمیرخان و قوبادخانی موکری و ئەمیرانی ئەو هەرێمە بۆ تێکدانی وان و سنووری ئەرزەرۆم بڕۆن. کاتێ گەیشتنە مەراغە و دەوروبەری ورمێ، چۆلاق ئەمیرخان خۆی لێ نەبان کردن و وتی من لە گەڵ جەماعەتی (جەلالی) کێشەی لەمێژینەم هەیە و نایەم. کاتێ ئەو هەواڵەیان بە شاعەباس دا، فەرمانی دەرکرد کە چوڵاق ئەمیرخان جەماعەتێک لە گەڵ کوڕەکەی خۆی بنێرێ بۆ ئەوەی ئەمیرەکان هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رۆم بەرن و چۆلاق خۆی لە ورمێ بێ و کەس کاری پێی نابێ. ئەگەریش بەو دەستوورەی نەکرد، ئەوە دەستبەسەری بکەن و بینێرنە لام. کاتێ چۆلاق ئاگاداری ئەم فەرمانە نوێیە بوو، دەرهەڵبوو و ملی بەو بڕیارە نەدا. لە مانگی رەجەبی ئەو ساڵەدا، لە قەڵای ناوبراو دانیشت و ئەمیرەکان قەڵاکەیان گەمارۆ دا. کاتێ ئەم هەواڵە بە ئاگاداریی شاعەباس گەیی، عەشوور بەگی چگینی، پارێزەری دارالارشادی ئەردەبیلی راسپارد کە بچێتە بەردەم قەڵا. ئەویش پاش ئەوەی بارودۆخ و دژایەتی و یاغی بوونی دانیشتوانی قەڵای بۆ روون بۆوە، دوای دوازدە رۆژ گەڕایەوە لای شا و راستییەکانی بۆ باس کرد. شا، فەرمانی بە ئیعتمادالدولە حاتەم بەگ دا تا بچێتە قەڵای دمدم و ئەگەر توانی بە رێککەوتن چۆلاق لە قەڵا بێنێتە دەر ئەوە باشە دەنا گەمارۆی بدا و دەستبەسەری بکا. پاشان سەفەرقوڵی بەگی چگەنی کە پیاوی شارەزا و شەڕدیتوو بوو، نارد تا چەندۆچۆنیی قایمەتیی قەڵا و سەرچاوەی ئاو و زانیاریی دیکەی بۆ کۆ بکاتەوەو بێتەوە. سەفەرقوڵی بە خێراییەکی تەواو بە دوایدا رۆیشت و لە سەڵماس گەیشتە ئیعتمادودەولەو بە یەکەوە چوونە داوێنی قەڵا. تا چوونی ئیعتمادودەولە هەموو رۆژێ ئەم شەڕ و بەربەرەکانیە لە نێوان دوو لایەندا لە ئارادا بوو و گەمارۆ دوایی نەدەهات. کاتێ ئیعتمادودەولە گەیشتە داوێنی قەڵا، چۆلاق ئەمیرخان ئاگادار کرا و وەلەدولمولکی تەسوج لە لایەن ئیعتمادودەولەوە نادرایە لای ئەمیرخان و پێی راگەیەندرا کە تا ئیستا قسەی تۆ ئەوە بوو دەتگوت لە جەماعەتی جەلالی دەترسم ئەگینا سەگی بەر دەرگای شام. ئەگەر راست دەکەی و سەر وەبەر باری شا دێنی، هەستە وەرە بچینە خزمەت شا و ئەوەی خواستی تۆ بێ، بەڵێنت پێ دەدەم. ئەگەریش نەیەی ئیدی جێ بۆ قسە نامێنێ و بۆ خزمەت رادەوەستم. کاتێ ئەم قسانەی لە خاوەنی تەسوج بیست، باوەڕپێکراوێکی خۆی نارد و بە سپاسەوە گوتی دەوڵەت بە پێی خۆی هاتووەتە بەر دەرگا. بەڵام داوا دەکەم ئیعتمادودەولە تەشریف بێنێ کە چەند وشەم هەیە پێی بڵێم و دوای ئەوە چی پەسندی دەوڵەت بێ، ئەوە دەکەم. ئیعتمادودەولە لە گەڵ سەفەرقوڵی بەگ و سەید ئەحمەد بەگ و نیزیکێکی قەرەحەسەنخان و شاوێردی بەگ، پاسەوانی خۆی و سەر میرئاخوڕی لە گەڵ خۆی هەڵگرت و چوونە بەر دەروازەی قەڵا. چۆڵاق ئەمیرخانیش بە دوازە کەس لە ئاغایانی خۆی هاتنە دەرێ و دیدار لە پێنسەد هەنگاویی قەڵا پێکهات. پاش داوای لێبوردنی زۆر گوتی ترسی من لە جەماعەتی جەلالی بوو بەڵام چونکە ئێوە بەڵێنتان داوە دەچمەوە ناو قەڵا و سبەینێ بە دیارییەوە بە خزمەت دەگەم تا بە یەکەوە بڕۆین. رۆژی دواتر نەهات و پێمل نەبوون و سەرکێشیی خۆی نیشان دا. بە پێی بڕیاری شاعەباس، لە کۆتایی مانگی شەعباندا(نۆڤامبر) ئیعتمادودەولە گەمارۆی دەست پێ کرد و دەورەی قەڵای لە نێوان ئەمیرەکاندا دابەش کرد. رۆژهەڵاتی قەڵای بە قەرەحەسەنخانی ئستاجلو و نیعمەتوڵڵا سوڵتان سۆفی و ئەسکەندەر سوڵتانی میرموقەدەم و خوسرەو سوڵتانی پازۆکی و ئیمام قوڵی سوڵتانی ئاجورلو و میرفەتاحی تفەنگچی باشیی ئیسفەهانی سپارد. بەری رۆژئاوای بە پیربوداقخانی تورکمان و ئەمیرانی تابین کە خان ئەمیر کوڕی قازی خانی کوردی پەهنانشین و ئەولیاسوڵتانی وەلەد کوردی سەیفەدین بن، و مەلازادەی بافقی و مەجنوون بەگی تۆپچیی تایبەتیی شا و بەرەوڕووی دەروازەش قەڵاش مراد خانی چەگەنی و خەلیل سوڵتان و ساروتەقی سوڵتانی تەورێزی لێ داندرا. لەم بەرەوە دوو هەزار هەبوو کە نەدەتواندرا سیپە بەرەوپێش بچێ و دەرفەتی هەڵاتن و هاتوچۆی دانیشتوانی قەڵای تێدا بوو. (بۆیەش) خەندەقێکیان لێ هەڵکەند بە قوڵایی شەش گەز و پانایی چوار گەز کە سوار نەتوانێ لێی دەرباز بێ. لە پشت خەندەقەکەوە چەند سوار دەبوو بگەڕێن و ئاگایان لێی بێ. کاتێ گەنجعەلیخان هات، ئەو جۆگە و خەندەقە بەو سپاردرا. لای باکووری قەڵایان بە کەس نەسپارد چونکە هاتوچۆ پێیدا لە خەیاڵیش بەدەر بوو. لەوێ ئەرکی پاراستن و ئاگاداری لە وشتر و ئەسپی قزڵباشانیان بە خەلیل سوڵتان سپارد. سەفەرقوڵی بەگی چەگەنی دوای بەراوردی قەڵا و دۆخی شەڕ و گەمارۆ، چوو بۆ خزمەت شاعەباس و پێی راگەیاند کە ئەو قەڵایە دەکرێ بە تۆپ و بازووکە و بالیمز داگیر بکرێ. لە باری ئاوەوە کە لە لای باکوورە، جێی ئاستەمە. شا دەستووری دا کە جەماعەتی مازەندەرانی، نووری و جەلالی بە فەرماندەیی یەحیا عەرەب گزلو لە لای باکوورەوە ئاو لە سەر دانیشتوانی قەڵا هەڵبڕن. هاوکات بۆ داڕشتنی تۆپ راسپێردران. حەوت هەزار مەن مس نادرا کە سێ تۆپ داڕێژن. لە ماوەی چل رۆژدا سێ تۆپی گەورە و بالیمزێک داڕێژران. یەکیان چل مەن بەرد، ئەویدی سی مەن و سێهەمیان بیست و هەشت مەن بەردی دەهاویشت. بۆ پاراستن و پارێزگاری لە تۆپخانە و کەلوپەلی پێوەندیدار، قەبان سوڵتانی بیگدێلی و جەماعەتەکەی دیاری کران کە لە گەڵ بەرخوردار بەگی ئەنیس تۆپچی باشی بن و هەموان لە سەر تۆپخانە ئامادە بن. سەرەڕای ئەوە دانیشتوانی قەڵا چەند جار بە سوار و پیادە هەڵیانکوتایە سەر تۆپخانە و خۆیان نیشان دا. بەڵام قزڵباش لێیان کۆ بوونەوەو زۆرێک لە کوردەکانیان کوشت و ئەوانی دیکە خۆیان گەیاندەوە قەڵا. بە حوکمی شاعەباس سەفەرقوڵی بەگی چەگەنی لە هۆردوو بەرەو قەڵا ناردرا و دەستوور درا کە لە بردنە پێشی سیپە و پرەنسیپی شەڕ و تێکەڵچوون لە قسەی دەرنەچن. لە ناوەڕاستی مانگی شەوالی ئەو ساڵە، سێسەد کورد لە قەڵا هاتنە دەر و هەڵیانکوتایە سەر سیپەی قەرەحەسەنخان و ئەو ئەمیرانەی لە گەڵ ئەو بوون. تا نیزیک نیوەڕۆ مەردانە جەنگان و لە هەر دوو لا زۆر کوژران. لە کوردان سەری چل کەس بڕدراو زۆریش بریندار بوون کە خۆیان دە قەڵا هاویشتەوە و لە ماوەی سێ رۆژدا شەست و پێنج کەس لە ناو قەڵا مردن. بیست برینداری قزڵباشیش گیانیان لە دەست دا. کاتێک سەفەرقوڵی بەگی چەگەنی هاتە ناو ئۆردو، بە فەرمانی ئیعتمادودەولە کرا بە بەرپرسی ئەو جەماعەتەی خەریک بوون رەهەندیان بۆ ناو قەڵا لێ دەدا. کاتێک لە سەرچاوەی ئاوەکە نیزیک بوونەوە و رەهەندەکەش بە ژێر کانیەکەدا چووبوو، ئاو لە سەرەوەو لە هەموو لاوە دەڕژا و کار بەرەو پێش نەدەچوو. ناچار سی لاوی کارزان و لەخۆبوردووی چەگەنی کراس و ژێرکراس و کڵاوی چەرمیان دەبەر کرد و تەنانەت سەفەرقوڵی بەگ و یەحیا بەگ ماوەی بیست و دوو رۆژ بەو بەرگەوە مانەوە تا سەرەنجام ئاویان لە سەر قەڵا هەڵبڕی. دانیشتوانی قەڵا زانیان و هێرشیان دەست پێ کرد و شەڕ گەیشتە ئەوپەڕی خۆی. ئیعتمادودەولە لە سەر قسەی سەفەرقوڵی بەگ خێوەتەکەی لە جێی پێشوو هەڵکەند و روو بە رەهەندەکە دایکوتا. فەرمانیان بە ئەمیرەکان دا کە لە هەموو لایەکەوە سیپە بەرەو پێش راگوێزن تا بەردبڕەکان بتوانن کاری خۆیان جێبەجێ بکەن. بۆ وێنە نیعمەتوڵڵا سوڵتان و خوسرەو سوڵتان بۆ لای چەپی سۆڵەخانە دیاری کران. پیربوداقخان و ئەمیرانی تابین لای راستیان پێ سپێردرا. کوردان کاتێ بە دۆخی رەهەندیان زانی، کۆمەڵێکیان لە قەڵا هاتنە دەر و پشت بە شاخەوە، دوو سیپەی پتەویان دامەزراند. بەردەوامیش دووسەد لاوی چاک لەوێ ئامادە بوون و بۆ پاراستنی ئاو خەباتیان دەکرد. قەرەحەسەنخان لای خۆی دەپاراست و قزڵباش بۆ پاراستنی ئەشکەوت و رێگای ئاو، مەشخەڵیان دادەگیرساند و لە کونەکانەوە دەیانهێنا دەرێ. هەرکە رۆژ دەبۆوە، کوردان هەڵیاندەکوتایە سەر مەشخەڵەکان و دوو مەشخەڵیان لە گەڵ خۆیان برد کە بە ئاسانی لە دارەکە دەکرانەوە. لە سەر ئەو کارە گەلێک لە کوردەکان کوژران. بەشێک لە کوردەکان لە دەوری قەڵاوە بەردیان تاوێر دەکرد و کەلوپەلەکانیان پێ دەشکاندن و کارکەرەکانیان لێک بڵاو دەکرد. ئیمام قوڵی سوڵتانی ئاجورلو دیاری کرا کە لە ناوقەدی کێوەکە بەرامبەر بە کارکەرەکانی ئاو دابمەزرێ و نەهێڵێ بەردیان بە سەردا جاڵە بکەن. کوردان لە کاتی بەرەبەیاندا هەڵیانکوتایە سەر ئیمام قوڵی سوڵتان و شەڕ دەستی پێ کرد. جەماعەتی ئاجورلو هەڵاتن. ئیمام قوڵی پێی بە عەرزی دادا و بە دەنگی بەرزەوە گوتی: ئەی جەماعەتی ئاجورلو! ئەمن بە جێ دەهێڵن بەڵام لە دەست شای دین پەنا بۆ کوێ دەچن؟! بەو قسەیە گەڕانەوەو کوردەکانیان شکاند و جێی خۆیان پاراست. کاتێ قزڵباش پیاوەتی و ئازایەتیی ئاوایان لە کوردان دیت، بە پێی فەرمانی ئیعتمادودەولە چونکە تۆپخانە جێی قایم بوو، قەبان سوڵتان بە هاوکار و جێگری ئیمام قوڵی سوڵتان دیاری کرا. دوای ئەوە ئیدی دەرفەتیان بە کوردەکان نەدا بێنە دەرێ. چونکە کوردان هەموو شەوێ بۆ پاراستن و پارێزگاری لە سۆلەخانە دەهاتنە ناو ئەو ئەشکەوتەی کە لە سەر سولق هەڵکەوتبوو و دەگەڕانەوە بۆ ناو قەڵا. سی کەس دیاری کرا بۆ ئەوەی لە ئەشکەوتەکەدا بمێننەوەو بەرەنگاری کوردەکان ببنەوە. شەوێ نیزیک بە حەفتا کورد روویان لە ئەشکەوتەکە کرد و لە ئەشکەوتدا شەڕی گران هاتە ئاراوە. ئەوانەی لە ناو ئەشکەوتدا بوون، بەشێکیان خۆیان فڕێدا خوارەوەو بەشێکیان کوژران. ئەو شەوە یازدە کورد و بیست و سێ قزڵباش کوژران و ئەشکەوت لە دەست کورداندا مایەوە. بۆ بەیانی ئیعتمادودولە تووڕە بوو و خاوەنی سیپەی گۆڕی و قەرەحەسەنخان پاڕایەوەو بەڵێنیی دا کە ئەمن ئەشکەوت دەپارێزم. چل و دوو کەس لە خەڵکی خۆی و پێنج ئیسفەهانی و سێ کەس سۆفی بۆ ئەشکەوت نارد و سەفەرقوڵی بەگ بە دووسەد کەسەوە چاویان لە دەروازەی قەڵا بوو و چاوەڕوانی فیتنەو ئاژاوەیان دەکرد. ئەو شەوە بارانێکی بە خوڕ دەباری و کەس لە کوردان نەهاتە دەر و لەوە بە دوا ئەشکەوت لە دەست قزڵباشدا مایەوە. بەڵام بە هۆی لێدانی تۆپ لە لای سۆلەخانە لێک بڵاو بوون و بەو بەرد و گەچەی کە بەو هۆیە دادەڕووخا، نیزیک بە پەنجا کەس لەو کوردانەی لە لای سۆلەخانە سیپەیان دامەزراندبوو، کوژران و ئەوانەی مانەوە، رێگای هەڵاتنیان گرتە بەر.
خۆشە ئەو کاتە کە بە یەک کریشمە دوو کار دەکرێ
بە فەرمانی ئیعتمادودەولە شەوێک سیپە و سەوەیان بۆ سەرچاوەی ئاوەکە برد و مەودای نیزیک بە پەنجای نێوان ئەو دوو سیپەیە پێک گەیشتن. جەماعەتی کوردانی مەکردادی ناو قەڵا وەدەرکەوتن تا سیپە لێک هەڵوەشێنن. جەماعەتی تورکمان سەرە رێیان لێ گرتن و سی کەس لە کوردان و چواردە کەس لە قزڵباش کوژران. زۆرێک لە کوردەکان بە برینداری چوونەوە ناو قەڵا بەڵام ئەو سیپەو سەوەتەیە وەک خۆیان مانەوە. بەرامبەر بە رەهەندی سەفەرقوڵی بەگ، کوردەکان بودڕێکیان لێ دا و کاتێ ئەم دوو رەهەندە پێک گەیشتن و کون بوو، شەڕ هاتە ئاراوە. بە زەبری تفەنگ کوردان لە رەهەند وەدەرنران و قزڵباش دەستیان بە سەر بوودڕ و ئاودا گرت. ئاوەکە بە جەماعەتی پازوکی و مازەندەرانی سپێردرا و جەماعەتی قزڵباش چوونەوە سەر سیپەی پێشوو. ئیعتمادودەولە چۆوە سەر جێگای خۆی و تۆپ و بالیمز بەرەو بورجی "کوذعجی؟" دابەستران و تۆپخانەیان ساز کرد کە سەری تۆپی گەورەیان لەوێ دەنا. لە سەر تۆپخانە و دابەستەی ئەوێ گەلێک شەڕ کران. چونکە کوردان زەواڵی خۆیان لەو تۆپ و تۆپخانەیەدا دەدیت. لە سەر ئەو تۆپخانەیە نیزیک بە پێنسەد کورد کوژران. لە قزڵباشیش بەشێک بریندار و بەشێکیش کوژران. ئەو تۆپخانەیە بە فەرماندەیی سەفەرقوڵی بەگی چەگەنی و یەحیا بەگی عەرەب کرلو و ملازادەی بافقی و نیعمەتوڵڵا سوڵتان و ئەسکەندەر سوڵتان و تفەنگچیەکانی ئیسفەهان ساز کرا.
لەو سەروبەندەدا هەواڵ هات کە نەسوح پاشا و میرشەرەفی بۆتانی و ئەمیرانی کوردستان بە هانای دانیشتوانی قەڵاوە دێن. لە بەر ئەوە ئیعتمادودەولە باوەڕپێکراوێکی ناردە لای شاعەباس و راستیی ئەم بابەتەی پێ راگەیاند و ئەویش ئیمام قوڵی والیی لار و محەممەد بەگ کوڕی قۆرچی باشی و بەردەستانی عەلیقوڵی خانی ئێشک ئاغاسی باشی بە سەرکردەیی سۆفی خانی کەرامانلوی بە دوازدە هەزار رمبدار و تفەنگدارەوە نارد. کە گوێبیسی هاتنی لەشکرێک بۆ سەلماس بوو، نسوح پاشا رۆیشت و لێک بڵاو بوون. لە سەر خواستی ئیعتمادودەولە لەشکرێک لە سەڵماس مایەوە. ئا لەم سەروبەندەدا ئیعتمادودەولە بە هۆی نەخۆشیی خەفەقان(نەخۆشیی دڵ) کە بەردەوام ئازاری دەدا، کۆچی دوایی کرد. ئەمیرەکان بە نامەیەک هەواڵی مەرگی ئەویان بە شا گەیاند. سەفەرعەلی بەگ نامەکەی نووسی و ناردی کە سەرکردە بۆ ئەو کارە گرینگە دەبێ لە پێشدا ئاگای لە خۆی بێ و ئەگەر کەسێک لە قەڵاوە بێتە دەرێ بیلاوێنێتەوەو بە لوتفی خۆی سەربەرزی بکا و دۆست و دوژمن بتوانن لە سەر سفرەکەی دابنیشن. کاتێ ئەم نامەیە گەیشتە دەست شاعەباس، فەرمووی سەفەرقوڵی بەگ نەخۆشە و راستی نووسیوە. محەممەد بەگی بیگدێلی بانگ کرد و پێی گوت کە؛ محەممەد بەگ تۆ دەبێ بچی و بۆیەش تۆ دەنێرم تا ئەو خەڵکە تێدا نەچن. کاتێ محەممەد بەگ گەیشتە دەوری قەڵا، خانی چۆلاق، محەممەد زەرزا کە باوەڕپێکراوی خۆی بوو، بۆ پاڕانەوە هات و (داوای کرد) محەممەد بەگ بێتە نیزیک قەڵا تا لە خزمەتیدا قسە بکەین و ئەوەی چاکەی دەوڵەت بێ، وا بکەین. محەممەد بەگ چوو بۆ لای قەڵا و لە گەڵ سەفەرقوڵی بەگ، لە پەنایەکدا لە ژێر سیپەی قەرەحەسەنخان، دانیشتن. بە دوای ئەواندا خوسرەوبەگی یوزباشیی پازوکی و نەقی سوڵتانی تەورێزی و ئەلوخان سوڵتانی خەربەندەلو چوون و قسەی زۆر بۆ داوای لێبوردن گوترا. داوای کرد کە محەممەدبەگ بباتەوە بۆ ماڵەکەی و کوڕ و ژنەکەی خۆی بە دیاریی زۆرەوە بنێرێتە خزمەت شا عەباس تا بەڵکو لە تاوانی چۆلاق خۆش بێ. بەو مەرجەی قزڵباش دەست لە قەڵا هەڵگرن. سەفەرقوڵی بەگی چەگەنی گوتی ئەگەر بۆخۆت لە گەڵی دەچی، محەممەد بەگ بەرەوە بۆ ماڵەوە دەنا لێی گەڕێ. چونکە قزڵباش بێ هاتنی تۆ لە سەر قەڵا لاناچن و ئەو سووک مەکە. محەممەد بەگ گوتی قسەی دروست ئەوەیە و ئەگەر دێی، دێم دەنا دەڕۆم. هەستا هاتەوە ماڵێ. بۆ سبەینێ میرحوسێن بەگ، ئامۆزای ئەمیر چۆلاق، جنی بەگ کوڕی چۆلاق هاتە لای محەممەد بەگ و گوتی شا ئەمنی بە دوای چولاق میرخان نارد بۆ لەلەگی کوڕەکەی ئەو. محەممەد زەرزا و میرحسین بەگ و حەتی بەگی راگرت و گوتی بە چولاق بڵێن ئەگەر دێی ئەوە باشە دەنا بە زۆری دەتبەم. لە دوو لای تۆپخانەوە سیپەی زۆریان بۆ ئەم مەبەستە دامەزراند. لە لای چەپەوە گەنجعەلی خان حاکمی کرمان و خوسرەو سوڵتان و جەماعەتی تفەنگچیانی مەرەند و نوور و ئەلیاس خەڵیفەی قەرەداغی و قەرەحەسەن خان لە گەڵ ئەمیرانی تابین و میر فەتاح و تفەنگچیانی ئیسفەهان، لە لای راستەوە سەفەرعەلی بەگی چەگەنی و یەحیا بەگی عەرەب کرلو و نیعمەتوڵڵا سوڵتان سۆفی لو و ئەسکەندەر سوڵتانی موقەدەم و جەماعەتی بەردەستەکانی ئیمام قوڵیخان حاکمی لار بە فەرماندەیی بەگ وێردی و بەردەستەکانی عەلیقوڵیخان ئێشک ئاغاسی بە فەرماندەیی سۆفی خان بەگی کەرامانلو دەروازەی قەڵایان بەوان سپارد. حەواڵە(سەکۆ)یان بە چل گەز درێژی و دوازدە گەز پان و بیست و هەشت زەرع بەرز هەڵبەست. ئەم سەکۆیە دانیشتوانی قەڵا و خەڵکی شێرحاجی جاڕز کرد. چونکە بەردەوام تۆپیان بە بورجە گەورەی بەرامبەری سیپەکانەوە دەنا، دیوار رووخابوو. دانیشتوانی قەڵا لەو دیوارە رووخاوە سیپەیان ساز کردبوو و کاری شەڕ بەو ئاستە گەیشتبوو. چونکە سیپەی کوردەکان کەوتبووە راستی سیپەی شایی و سیپەی ئیمام قوڵیخان و سیپەی ئەوان پشتی بە دیواری قەڵا و بورجەوە بوو، جەماعەتی چەگەنی بێ مۆڵەتی سەفەرقوڵی بەگ شمشێریان هەڵکێشا و لە گەڵ تاوهەڵات سپەریان لە سەر خۆیان دانا و هەڵیانکوتایە سەر سیپەی کوردەکان. بە زەبری شمشێر دەستیان بە سەر سیپەدا گرت. کوردان هەڵاتن و چوونە ناو قەڵا. ئەگەرچی بیست و حەوت کەس بریندار بوون لەوانە سێ چگینی، یەک مازەندەرانی. یەک بافقی و دوو جەلالی کوژران. کاتێ سیپەیان گرت، دەرگای قەڵا کە ئاسن بوو، هەڵکەند و ناردیانە خزمەت محەممەد بەگی بیگدیلی و شوێنی خۆیان قایم کرد. ئەوانەی لە گەڵ ئیمام قوڵیخان بوون بەو رووداوە تووشی رق بە رقە بوون و بێ ئەندێش هێرشیان کرد و دوو بورجیان داگیر کرد. ئاگری شەڕ بە هاویشتنی تیر و تۆپ و تفەنگ بەرز بۆوە. لە هەموو لاوە گوشاریان بۆ دەهات. چونکە ئەو بورجە چەند تۆپی وێکەوتبوو و چەگینی و ئەوانی دیکە کونیان دە دیوار و بورجەکان کردبوو، لە رووخان نیزیک ببۆوە. بە زویی نیوەی بورجەکە تێکڕووخا. لە بەختی شا جگە لە یەکێک، هیچکەس لە قزڵباش نەکەوتە ژێر دیوارە رووخاوەکە. لەو رۆژەدا بەگ وێردی بەگ لە پەنا ئەو بورجە بە دار و تەختە سیپەیەکی هەڵبەست. کوردەکان هەرچەندی ئاگربارانیان کرد، قزڵباش بە فێڵ و تەڵەکە ئاورەکەیان لە خۆیان دوور دەکردەوە. سیپەکە بە تەواوی هەڵبەسترا و بەگ وێردی بەگ رۆژی دواتر لە گەڵ جەماعەتەکەی هێرشی برد و سەرجەم بورجەکەی داگیر کرد. بەڵام چونکە بارووت لە بورجەکەدا هەبوو، کوردەکان ئاگریان تێبەردا و ڕایانکرد. جەماعەتی بەختیاری سەرەڕای ئەوە کە چل کەسیان لێ سووتا، دەستیان لە بورجەکە بەر نەدا و تا کارەکەیان یەکلایی نەکردەوە، لە بورجەکە دانەبەزین. بەڵام سیپەی قەرە حەسەن خان چونکە نیزیک ببۆوە و پڕکردنەوەی بەندەکە ئاستەم ببوو، بە تەختەیەک کە نیوگەز دەبوو، دوو لایەیەکیان ساز کردبوو، دەیانکردە سپەر و بەندەکەیان پێ پڕ دەکردەوە و دیسان دەچوونە پێش. ئەم فکرە بوو بە دەستووری کاری سیپەکانی دیکەو دوولایی ئاوا زۆر ساز کرا. جا چونکە فیشەک ئەو تەختە دووبەرەی نەدەبڕی، کوردان ناچار بوون تۆپێکی زەنبورەکی کە لە سەر بورج بوو و فیشەکی مەفرەقیی بە قورسایی یەک سیر(حەفتاو پێنج گرەم) دەخوارد، بێننە خوارێ و پێی دووکەڵ لە خۆیان دوور بکەنەوە. ئەم زەنبورەکە سەرێشەی زۆری بۆ جەماعەتی قەرەحەسەن ساز کرد. سەرەنجام لێی کۆ بوونەوەو بە تێکڕا هێرشیان برد و دەستیان بە سەر زەنبورەکەکەدا گرت. کوردان دیسان بە هاویشتنی ئاور و سوتاندن هەوڵیان دا شەڕ لە خۆیان دوور بکەنەوە و دیسان جەماعەتی قەرەحەسەن کۆبوونەوەو دەستیان بە سەر دوو "انزدمی؟"دا گرت. پیربوداقخان لە گەڵ جەماعەتی بافقی و مەجنوون بەگ بۆ داگیرکردنی قەڵای خواروو ناردران. لە تۆپخانەوە تۆپێکیان بۆ ئەوێ گواستەوەو دوای ئەوەی چەند تۆپیان لە بورج و دیواری قەڵا دا، رێگایەک کرایەوە. هێرشیان برد و حەوت رۆژ بەر لە داگیرکردنی قەڵای سەرەکی، ئەم قەڵایە داگیر کرا. هیچکام لە پارێزەرانی ئەم قەڵایە بە ساغی دەرنەچوون. بیست لاوی باشی قزڵباشیش کوژران و بریندار بوون. کاتێک محەمەد بەگی بیگدێلی هات، بەردەستەکانی عەلیقوڵیخان بەو جۆرەی باس کرا، سیپەیان بەرەو سەهۆڵخانەی قەڵا ساز کردبوو. ماوەی دوو مانگ بوو کە ئاو لە سەر قەڵا هەڵبڕابوو و دانیشتوانی قەڵا بە بەفر و سەهۆڵی "قارلق" دەژیان. بەردەوام تۆپ بە بورج و بارۆی قارلقدا دەدراو چیان بۆ لێ نەکرابوو. فەرمان درا کە جەماعەتی شاملو لە لایەن عەلی قوڵی خانی ئێشک ئاقاسی باشی بە فەرماندەیی سەفی قوڵی بەگ و مرادخانی چیتی و نەقی سوڵتانی تەورێزی و خەلیل سوڵتان لافاوی سپەری سیپە بەرەو پێش ببەن. کاتێک قەڵا کەوتە دەست یارانی دەوڵەت، خاوەنانی ئەم سیپانە لە قارلق چوونە سەر و کاتێک لە لاوە سیپەکانیان بەرەو پێش برد، دانیشتوانی قەڵا کەوتنە تەنگانەوە. بە جۆرێک کە خەڵک نەیاندەتوانی لە ماڵێکەوە بچنە ئەویدی. خان بەگی کورد هات و قورئانی کرد بە ئامرازی لێبوردنی خۆی و گوتی؛ سەفەر قوڵی بەگ و محەممەد بەگ وەرن قەڵاتان پێ دەسپێرین. دوای ئەوە دەروازەیان کردەوەو محەممەد بەگ و سەفەرقوڵی بەگ هەر کام بە جەماعەتی خۆیانەوە بەرەو پێش چوون. چۆلاق ئەمیرخان کاتێک لە هەموو لایەک ناهومێد بوو، لە رێگای رەهەندی چەگینی و سیپەی شایی وەدەرکەوت و بردیانە ماڵی محەممەد بەگی بیگدێلی. قەڵایان بە میرفەتاح و تفەنگچیەکانی ئیسفەهان و مەلازادەی بافقی و یوزباشان و نۆکەرەکان سپارد. ئەمیر چۆلاق بە دووسەد کەس لە کوردان و جەلالی بۆ خێوەتی محەممەد بەگی بیگدێلی برد. دوای نان خواردن، خان ئەمیر، کوڕی شێخ حەیدەری کوردی موکری لە گەڵ جەماعەتەکەی بۆ ماڵی ئەلیاس خەلیفە ناردران.خان ئەمیر لەو ماڵە باسی لە سپاگەری و ناسۆفی بوون کرد. دەستی بە قسەی زل و خراپ کرد. ئەلیاس خەلیفە بە ئامۆژگاری پێی گوت کە ئێمە قەرەداغی و سۆفین و ئەو قسانە مەکە کە دەکوژرێی و لە مەجلیسەکە هەستا. خان ئەمیر بە گومانی ئەوە کە کاتێ بچێتە دەرەوە، دەستووری کوشتنی من دەدا، هەڕای کردە ئەلیاس خەلیفەو بە خەنجەران کوشتی. جەماعەتی قەرەداغیان پەلاماریان دا و ئەمیریان لە گەڵ ئەو جەماعەتە کوردەی لە گەڵی بوو، کوشت. باوکی خان بەگیان لە لای سەفەرقوڵی بەگ بە جێ هێشت و جەماعەتی جەلالیان بۆ ماڵی خوسرەو بەگی یوزباشی نارد. لەوێ بەشێک لە خزمانی چۆلاق ئەمیرخان لێی جودا نەبوونەوە و لە خێوەتی محەممەد بەگی بیگدێلی دا مانەوە. کاتێک چۆلاق لە گەڵ یارانی لە قەڵا هاتبوونە دەر، لە گەڵ یەکتر پەیمانیان دابوو کە هەر کامیان یەکێ لە فەرماندەکانی قزڵباش بە خەنجەران بکووژن. کاتێک ئەلیاس خواجە خەڵیفە کوژرا، ئەو کوردانەی لە خێوەتی محەممەد بەگ دا بوون ویستیان بەو جۆرە بکەن کە پێشتر بڕیاریان لێ دابوو. جەماعەتی شاملوو بە سەریاندا رژان و هەموانیان کوشت. کاتێک کێشەی قەڵا دوایی هات، لە کۆتایی مانگی رەبیع الثانی شا بڕیاری دا کە ئەمیران و لەشکری بناری قەڵای دمدم ئەو موکریانە بکووژن کە لە ورمێ و ئەو دەڤەرەن. سەد و سی و حەوت کەللە سەر لە گەڵ یەخسیر و ئەسپ و گا و مەڕێکی بێ ئەژمار لە سامانی ئەو تاقمە هێنایە روخی رووباری رەش (سیاە رود). ئەمیرانی مەزن کە بۆ گەمارۆی قەڵا چووبوون، لە مەراغە پەیوەست بە ئۆردوو بوونەوە. بێجگە لە گەنجعەلیخان و تفەنگچیە تایبەتیەکانی شا کە بۆ پاراستن و پارێزگاری لەو مڵکە مانەوە. هەروەها بەرخوردار بەگی سەر تۆپچی کە بۆ راگرتنی کەلوپەلی تۆپخانە و هێنانی تۆپێک کە تازە دارێژرابوو و جەماعەتی ئەسیرلو کە بۆ پاراستنی رێگاکان دیاری کرابوون. پێیان راگەیەندرا کە تاکو داوا نەکرێن، نەگەڕێنەوە. بۆ وێنە ئیمام قوڵیخان حاکمی لار سەد و حەفتا و حەوت کەللە سەری لە گەڵ یەخسیر و گاو و مێگەلێکی بی ئەژمار و ئەمیرانی دیکەش کەللە سەر و دیل و ماڵێکی لە حیساب بەدەریان هێنا. لە ناو دارایی چۆلاق ئەمیرخانی برادۆست تەسبیحێکی خاریجیی فرە باش لە مەرجان هەبوو کە بۆ ئالاوێردی کەشیشیان نارد و ئەو بەیتەیان بۆ گوت:
تەسبیحی خاریجی کە زیکری حەیدەر نەکات لە ملی سەگانی جەهەننەم دا بیکە بە پەت
لە مانگی رەبیع الثانی ئەو ساڵەدا قەبان سوڵتان لە ورمێوە هات و سەری چۆلاق ئەمیرخانی برادۆست و سەری ئەبداڵی موکری و زرێی برای تۆبل عەلیی جەلالی و کلیلی قەڵای دمدمە وهەشت کەسی زیندووی لە گەڵ خۆی هێنا. سێ لەوانە ببوون بە شاسەوەن. چۆلاق ئەمیرخان ژن و منداڵی ئەوانی لە قەڵا سەر بەرەو ژێر هەڵواسیبوو. ئازادیان کردن و خەڵات کران و مڵک و ماڵ و ناسناوی خانیان پێ درا بە قەبان خان ناسرا. مڵکەکانی کە پێشتر سەر بە ساروفرقان بو درا بە سارۆ بەگی برای و قشڵاق لە ئیسفەهان رووی دا.
۸/۲۲/۱۳۹۵
رۆناڵد و دۆناڵد

کە لە ئێران ئینقلاب کرا، لە ئەمریکا دێموکراتەکان لە سەر کار بوون. جیمی کارتەر سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری، دروشم و بانگەشە دژ بە ئەمریکای لە سەرەوەی سیاسەت و کاری خۆی دانا. تا ئاستێک کە خومەینی ئەم وڵاتەی بانتر و گەورەتر لە شەیتانە مەزهەبیەکە و وەک "شەیتانی مەزن" ناوزەد کرد. بەڵام مێژوو پێچەوانەی ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە. شای ئێران لە سایەی پووڵی زۆر و زەبەندی نەوتەوە، یاغی ببوو. تووشی زێدەخوازی هاتبوو. خواست و داوای رۆژئاواییەکانی بە هێند نەدەگرت و جوابی نەدەدانەوە. خۆی بە ژاندارمی ناوچەکە دەزانی. بەوەش رۆژئاواییەکانی تووڕە کردبوو.
لە مەودای شەڕی سارددا، رۆژئاواییەکان سیاسەتی پشتێندی بەرگرییان هەبوو. پشتێندێک کە دەوری یەکێتیی سۆڤیەتی پێشووی دابوو. ئیسلامیەکانیش بە سەرنجدان بە کێشەی نێوان ئایین و مارکسیسم، لەو ستراتژیەدا دەوریان هەبوو. لە ئەفغانستان ئیسلامیەکان بە پاڵپشتی ئەمریکا شەڕی دەسەڵاتی کومونیستیی ئەو وڵاتەیان دەکرد. لە داهاتووی ئێرانیش ئەوەی بۆ ئەمریکاییەکان گرینگ بوو ئەوە بوو کە دەسەڵاتی دوای شای یاغی، سەر بە یەکێتیی سۆڤیەت نەبێ. خومەینیی رێبەری ئایینی ئەو چاوەڕوانیەی بۆ رۆژئاواییەکان دابین کردبوو.
ئینقلابی ئێران ئەگەرچی لە ناو ستراتژیی پشتێندەی بەرگری دا جێی دەگرت بەڵام هەر لە سەرەتای کاردا سفارەتی ئەمریکا کەوتە بەر هێرشی خوێندکارانی ئینقلابی و کارمەندانی سفارەتخانەیان دەستبەسەر کرد. جیمی کارتێر زۆری هەوڵ دا بە شەڕ یان بە ئاشتی کێشەکە چارەسەر بکا بەڵام سەرنەکەوت. بابەتی ئەو بارمتەگرتنە و چۆنیەتی ئازادکردنی بارمتەکان بابەتی هەرە گەرمی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ١٩٨٠ بوو. رەنگە بۆ زۆرێک لە ئێرانیەکان سەیر بێ کە مێژوو وەک لاگرێکی مافی مرۆڤ و دژ بە شەڕ باس لە کارنامەی سیاسیی جیمی کارتێری سەرکۆماری ئەو کاتی ئەمریکا دەکا. کەسێک کە دواتر خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی پێدرا. چونکە ئێرانیەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی دژە ئەمریکایی خۆیاندا هیندەی شای دەرکراو، جنێویان بە کارتەر دا و دروشمیان لە دژی بەرز کردەوە. بەڵام لە مەودای بانگەشەکانی هەڵبژاردندا کارتەر خەڵکی ئەمریکای لە ئەگەری سەرکەوتنی رۆناڵد رەیگان وشیار دەکردەوە و گوتاری رەیگانی بە شەڕ هەڵاییسێنەر و مەترسیدار وەسف دەکرد. هاوکات هەوڵی دا بە گوتاری نەرم و دژ بە شەڕی خۆی لە ماوەی هەڵبژاردندا، ئێرانیەکان بۆ ئازاد کردنی بارمتەکان هان بدا و ئەوە وەک کارتێکی گرینگ بۆ سەرکەوتن بە کار بێنێ. بەڵام سەرنەکەوت. سەرەنجام دەنگدەران دەنگیان بە رەیگانی "شەڕ هەڵاییسێنەر" دا. راست بیست دەقیقە دوای ئەوەی رەیگان یەکەم لێدوانی خۆی بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری لە کۆشکی سپییەوە پێشکەش کرد، بارمتەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە ئازاد کران. گومانی ئەوە دروست بوو کە ئەم کارە دەرەنجامی رێککەوتنێکی ژێر بە ژێری نێوان رەیگانی شەڕخواز و خومەینیی شەڕکڕ بێ بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەم بارەوە هیچیان بە دەستەوە نەدا.
رۆناڵد رەیگان ئەکتەرێکی بە توانای سینەما بوو. زۆربەی کاتی خۆی بە تەماشای فیلم تێپەڕ دەکرد. ئەو ئەگەرچی ئاخێوەرێکی بە توانا بوو بەڵام بەو رادەیە لە گەڵ سیاسەت و سیاسیکاری تەبا نەبوو. جا دەڵێن شانامە کۆتاییەکەی خۆشە. سیاسەتوانە "شەڕ هەڵاییسێنەرەکە" سەرەنجام سات و سەودای ژێر بە ژێری چەک و چۆڵ لە گەڵ کۆماری ئیسلامی لێ ئاشکرا بوو و ئەوەش هەڵڵای زۆری نایەوە. دۆسیەیەک کە بە "مەک فارلین"، "ئێران گەیت" و "ئێران کۆنترا" لە مێژووی ئەمریکادا وەک پەڵەیەکی رەش مایەوە.
رۆناڵد رەیگان وەک دۆناڵد ترامپ زیاتر لە سەر شاشەی تلویزیۆن و سینەما ناسرابوو تا لە مەیدانی سیاسەت دا. ئەگەرچی لە سیاسەتدا ئەزموونی زیاتری لە ترامپ هەبوو. هەردوویان سەرەتا بە لاگریی دێموکراتەکان دەستیان پێ کرد و دواتر بوون بە کۆماریخواز. رۆناڵدیش وەک دۆناڵد بە کەلک وەرگرتن لە هەستی پەرەگرتووی راست ئاژۆیانە لە کۆمەڵگای ئەو کاتی ئەمریکادا سەر کەوت. کێشەی ئێران لە کاتی بانگەشەی هەردوویاندا دەوری هەبوو. هەرچەند بۆ رەیگان خێری زیاتری پێوە بوو.
ئێستا دۆناڵدی توندئاژۆ وەک رۆناڵدی راستئاژۆ، بە دوای سەرکۆمارێکی ئاشتیخواز و بە رەخنە لە هەڵوێست و هەڵسوکەوتی ئاشتیخوازانە، دەسەڵاتی ئەمریکا بە دەستەوە دەگرێ. بەڵام ئاخۆ داهاتووی هەڵسوکەوت و هەڵوێستی دۆناڵد لە حاند ئێراندا چ جیاوازیەکی لە گەڵ رۆناڵدی پێش خۆی دەبێ؟ ئاخۆ ئەوە دەبێ کە هێندێک لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی کیسەیان بۆ هەڵدرووە یان ئەمجاریش هەڵسوکەوتی بەربژێرە توندئاژۆکانی کۆماریخوازەکان بۆ خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران هەر ئەوەندەی خێر دەبێ کە ئۆباما و کارتەر، سەرکۆمارە ئاشتیخواز و نۆبێل پێدراوەکانی ئەمریکا هەیانبوو؟!
با بزانین..
۸/۰۳/۱۳۹۵
بێڵندانە یان بەڵێندانە
میرحەج بە برایم دەڵێ:
شەوێ هەتا ڕۆژ، سەوەتێکی پەیداکردبوو، گڵ و پەینی بۆ قەندیلی مامەکۆیییان کێشاوە.
خانم پێکەنی، گوتی: «میر تەماشای برایمی کە، هێشتا نیوەی زستانێ نەبووە؛
ئەو زەحمەتەشی هەروەک خزمەتی تۆیە ئەگەر ئەتووی دە کووچە و کۆڵانان گێڕاوە
بەڵام سەرەڕای ئەو نموونانەی سەرەوە، کوردستان وڵاتێکی شاخاوییە کە لە کۆنەوە ئاژەڵداری و بەتایبەت مەڕداری پیشەی سەرەکیتری دانیشتوانەکەی بووە. هەر بۆیەش ئەو جێژنە ناتوانێ بێ پێوەندی بەو بارەی ژیانی خەڵکەوە بووبێ. بەتایبەتی کە لەم سەردەمەشدا ڕێوڕەسمەکانی زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکانەوە پارێزراو و زیندوو کرانەوە.
هێمن: بابەتی نەورۆز لە کتێبی هەواری خاڵیدا
۷/۳۰/۱۳۹۵
کەمپەینی خویندن بە زمانی کوردی لە کەنارەکانی گۆلی ورمێوە تا سەراوی لیلوپەڕ
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درێژایی نیزیک بە چوار دەیەی تەمەنی، مناڵانی کوردستانی لە چاوەڕوانیی سەرەتاییترین مافی خۆیاندا هێشتۆتەوە. سەرەتاییترین مافێک کە دەکرا بە جێبەجێ کردنی بەندی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی خۆی جێبەجێی بکا. لە راستیدا ئەوە تەنیا بەندێکی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بوو کە لە سەرەتاوە بەر سەرنجی کوردەکان کەوت. بەندێک کە ئەگەرچی ناوەرۆکەکەی تەفسیر و لێکدانەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ و بە هیچ جۆر وڵامدەری خواستە نەتەوەییەکانی کورد لە ئێراندا نییە بەڵام جێبەجێ کرانی دەیتوانی هەنگاوێکی بەرەوپێش بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی لە کوردستان بێ.
کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دەسەڵاتی لە تاران بە دەستەوە گرت کە کوردستان بۆ دابین بوونی مافەکانی بە تەواوی لەسەر هەست و پێداگر بوو. کوردەکان ماوەیەکی زۆر لە پێناو مافەکانیاندا دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی جەنگابوون. هەر بۆیەش رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو نەیتوانی یاسایەک دابڕێژێ کە لەودا بە یەکجاری نەتەوە بندەستەکان بە نەدیتراو حیساب بکا. دەرەنجامی ئەوەش بەندی پازدەی یاسای بنەڕەتی بوو کە لەودا دانی بە بوونی زیاتر لە یەک نەتەوە لە ژێر ناوی قەوم و زیاتر لە یەک زمان، جگە لە زمانی فارسی نابوو. بەڵام ئەزموونی چوار دەیە دەسەڵاتداری و جێبەجێ نەکردنی ئەو بەندە، نیشانی دا کە زیاتر لە ژێر خۆڕاگری و پێداگریی نەتەوە بندەستەکان بەتایبەت نەتەوەی کورددا هاتە ئاراوە و هەڵقوڵاوی باوەڕی دامەزرێنەران و دەسەڵاتدارانی ئەو سیستمە نەبوو. رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە لایەک لەسەر کۆڵەکەی ئیدئۆلۆژیی مەزهەبی دامەزرا کە تێیدا نەتەوە و مافی نەتەوایەتیی لە ژێر ناوی ئۆممەت و ئایین سڕدراوەتەوە. لە لایەکی دیکەش دەستێکی بە پان ئێرانیزم و ناسیونالیزمی مێژوویی فارسەوە بەند بوو کە لەسەر بنەمای حاشا کردن لە بوونی نەتەوەکانی دیکە رۆنراوە. هەر بۆیەش ئەسڵی پازدە و مافی خوێندن بە زمانی دایکی هیچکات نەهاتە بواری جێبەجێ کردن و هەتا ئێستاش تەنیا لەسەر کاغەز ماوەتەوە. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی چالاکانی کورد بەردەوام هەوڵیان بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بەندە داوە تا مناڵی کوردیش وەک دیکەی مناڵانی جیهان چیدی لەو مافە سەرەتاییە بێبەش نەبن. لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر جار ئەم بەندە بووە بە ئامرازی تەبلیغات و بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیداکان. کەچی سەرەڕای بە پیرەوە چوونی چەندان جارەی کوردەکان و لەو رێگایەشەوە سەرخستنی ئەو کاندیدایانە، ئەو مافە سەرەتاییە هەروا بە پشگوێ خراوی ماوەتەوە. تەنیا قازانجی ئەو بەندە بۆ نەتەوە بندەستەکان لە قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیدا ئەوەیە کە کوردەکان و دیکەی نەتەوەکان بۆخۆیان هەوڵ بۆ فێربوونی زمانی دایکیی خۆیان بدەن یا لانیکەم لەسەر ئەوە، مامۆستایان و شارەزایانی زمان بۆ فێرکردنی هاوزمانەکانیان کەمتر بکەونە ژێر گوشار و راوەدوونان.
بەڵام لەمپەری فێربوون و فێرکردنی زمانی دایکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بێ ئیمکاناتی یان دەسەڵاتی دیکتاتۆر و داگیرکەر نییە. زۆر جار لەو شارانەش کە دیموگرافیی شارەکان دوو یا چەند نەتەوەیین، بە داخەوە جۆرێک لە شۆڤینیسم بە یارمەتیی دەسەڵات، هەوڵ دەدا رێگا لە کردنەوەی کلاسەکانی زمانی کوردی و خوێندن و فێربوونی مناڵانی کورد بە زمانی کوردی، بگرێ. شاری ورمێ یەک لەو شارانە بوو کە لە ساڵی ١٣٩٢ و بە داخرانی ئەنستیتۆی ئەحمەدی خانی لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، تا چەند رۆژ لەوەپێش مۆڵەتی کردنەوەی کلاسەکانی خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی تێدا زەوت کرابوو. بەڵام دوا جار چالاکانی کورد لەو شارە بە وەڕێخستنی کەمپەین و بە کۆکردنەوەی بیست هەزار ئیمزا، توانیان ئەو مافە بۆ مناڵانی کورد و بۆ حەشیمەتی هەراوی کورد لەو شارە بگەڕێننەوە. کەمپەینێک کە هەر ئێستا هاوشێوەکەی لە شاری کرماشان و لە لایەن چالاکانی ئەو شارە بۆ هەمان مەبەست وەڕێ خراوە و بە هەزاران واژۆ پشتیوانی کراوە.
لە ژماره ٦٩٠ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه
۷/۲۷/۱۳۹۵
شاخەوانان دیدەبانانی وڵات
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، وەرزشی شاخەوانی رەنگە زیاتر لە بوارەکانی دیکەی وەرزش، لە رۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی گرتووە. گروپە شاخەوانیەکان لە زۆربەی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان پێکهاتوون و بەردەوام چالاکن. نەک هەر شکڵیان گرتووە، بەڵکو بە سەر لوتکە هەر بەرزەکانی جیهاندا سەر کەوتوون، کۆمەڵێک سەرکەوتن و قارەمانەتیی گرینیگیان لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا تۆمار کردووە و میداڵی شانازییان لە بەرۆکی خۆیان و نەتەوەکەیان داوە. بەڵام گرینگیی چالاکیە شاخەوانیەکان و پەرەگرتنی وەرزشی شاخەوانی لە کوردستان تەنیا لە سەرکەوتن بە سەر لوتکە بەرزەکان و وەرگرتنی میداڵی شانازیدا نەبووە.
لەگەڵ
هاتنی نەورۆز و ژیانەوەی سروشتی نیشتمان و رۆحی نەتەوەیی، ئەوە شاخەوانانن کە لە چیا
و بەندەنەکان کۆ دەبنەوە و بە دەوری ئاگری نەورۆزدا، سەرچۆپیکێشی جێژنی نەتەوەیی نەورۆزن.
رێورەسمی نەورۆزی و نەورۆزانەی شاخەوانان لە یەکەم رێورەسمەکانی نەورۆزین کە دوای نەورۆزی
هەموو ساڵێک لە کوردکاناڵ بڵاو دەبنەوە. شاخەوانان لەسەر لوتکەی دەماوەند، هاواری
کۆڵبەرانی کورد بەرز دەکەنەوە و دژ بە کوشتاری بێبەزەییانەی ئەو توێژە لە خەڵکی فەقیر
و هەژاری کوردستان، ناڕەزایەتی دەردەبڕن. ئەوان کە یەک لە نیزیکترین یارانی
سروشتن، سەر لە بەهاران، لە هەڵمەتی نەمام چاندندا پێشەنگن. هاوینان دژ بە سوتمانی
دارستان و چڕ و لێڕەوارەکان، دەبن بە باهۆی ژینگەپارێزان و بە گژ ئاگر و سووتماندا
دەچنەوە. لە بۆنە ماتەمینەکاندا رێگای دووری وەک نێوان بانە و هەڵەبجە دەبڕن تا
پشکی خۆیان لە ماتەمینە نەتەوەییەکانیش هەڵگرتبێ. هەمدیسان ئەوە شاخەوانانن کە سەردانی
خانووی پیران دەکەن و لە نیزیکەوە دایک و باوکە پیرەکان بەسەر دەکەنەوە، لە ژان و
ئازارەکانیان دەپرسن، بە پێی توانا یارمەتیان دەدەن و دڵخۆشییان دەدەنەوە. دوا جاریش
شاخەوانانی پیرانشار لە گوندی “کانی کلێ” دەبن بە کرێکار و فەعلە تا قوتابخانەیەک
بۆ مناڵانی گوندێکی دیکەی کوردستان بنیات بنێن.
“کانی
کلێ” گوندێکی دوورەدەستی دە – پازدە ماڵییە کە لە ناوچەی مەنگوڕایەتیی پیرانشار هەڵکەوتووە.
گوندێکی بچووک لە ناوچەیەکی شاخاوی و ئەستەمدا. دانیشتوانەکەی وێڕای ژیانی سەخت و
ئاستەمی خۆیان، رەنگە زۆر جار گیانی لێقەوماوان، پێشمەرگە یا شاخەوانانیان لە برسێتی
و سەرما و مەرگ رزگار کردبێ. رەنگە هەر لە چاکەی ئەو دەهاناوە هاتنەی گوندنشینان بێ
کە شاخەوانان بە سازکردنی قوتابخانەیەک بۆ منداڵانی ئاوایی، گەرەکیان بێ وڵامێک بەو
هەموو چاکەیەی دانیشتوانی ئەو گوندە بە ئەنوا و داڵدەدەرە بدەنەوە. بەڵام شاخەوانانی
کوردستان بەدەر لەو جۆرە کارە خێرخوازیانەش، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نیشانیان
داوە کە لە زۆر بواردا بوون بە پێشەنگی کۆمەڵگا. کۆمەڵگاش بە چاوی رێزەوە سەیریان دەکا.
لە ماوەی
ئەم ساڵانەی رابردوودا رەنگە مەرگی هیچ کەسایەتیەک هیندەی مەرگی محەممەد ئەوراز لە
نەغەدە و موقبیلی هونەرپەژوو لە بۆکان، خەڵکی کوردستانی ماتەمبار و رەشپۆش نەکردبێ.
ئەوان تا مان قارەمانی نەتەوەیی نەتەوەکەی خۆیان بوون. کە مردیشن، وەک قارەمانی نەتەوەیی
ماڵاواییان لێ کرا و ساڵانەش بە هەمان سفەت یادیان دەکرێتەوە و رێزیان لێ دەگیرێ. ئەوەش
ئەگەر لە لایەک پێوەندی بە سەرکەوتن و قارەمانەتییەکانی ئەو شاخەوانە بە ناوبانگانەی
رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، نیشانەی پەرەگرتنی ئەم وەرزشە لە ناو خەڵکی کوردستان
و رێزی زۆری خەڵکی کوردستان بۆ شاخەوانانی خۆیەتی. هەمووی ئەوانەش دەرەنجامی هەڵسوکەوتی
بەرزی شاخەوانان، خەباتی ئەوان دژ بە تەمبەڵی و ژیانی شارنشینی و هەوڵدانیان بۆ
دوورکەوتنەوەی کۆمەڵگا لە ئافەت و مڵۆزمە کۆمەڵایەتیەکانە. بەڵام وێڕای ئەوانە چەند تایبەتمەندیی
وەرزشی شاخەوانی و شاخەوانانی کوردستان هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئەم وەرزشە لای خەڵکی
کوردستان خۆشەویستتر و بە برەوتر بێ:
– شاخەوانی
وەک دەسپێک، وەرزشێکە کە پێویستی بە مەیدانی تایبەت و بە کەرەسە و تێچووی زۆر نییە.
کات، هێندێک کەلوپەلی سەرەتایی و شاخ سێ پێویستیی سەرەکیی ئەم وەرزشەن. هەر ئەوەش
وای کردوە کە ئەم یاریە بە تایبەت لەم چەند دەیەی دواییدا لە کوردستان پەرەگرتوو بێ.
– شاخەوانی
وەرزشێکی بە کۆمەڵە. پێکهاتن و سازبوونی گروپی شاخەوانیش زیاتر بە شێوەی خۆرسک و لە
ناو کۆمەڵگادا پێک دێ نەک لە لایەن دەسەڵات و بە هەوڵی دام و دەزگا دەوڵەتیەکان.
– لە دۆخی
روو لە پڕش و بڵاویی ئەمڕۆی پێکهاتەیی و کاری هاوبەش لە کوردستاندا، شاخەوانی و
گروپە شاخەوانیەکان نوێنگە و سەرمەشقی یەکگرتوویی، کاری بە کۆمەڵ و هاوکاری و پشتیوانیی
تاکەکانی کۆمەڵگا لە یەکترە.
– ئەندامانی
گروپە شاخەوانیەکان لە توێژ یا چینێکی تایبەتیی کۆمەڵگا نین و لە راستیدا لە هەموو
چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەتوانن خۆیانی تێدا ببیننەوەو لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە.
ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی جەغزی بیرکردنەوەی ئەوان هەرچی زیاتر بەرینتر بێتەوەو زیاتر
ئاشنا بە ژیان و ئازاری چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا بن.
– شاخەوانان
بەردەوام ژیانی شار و شاخ دەبینن، لە گەڵیان دەژین و لە گەڵ ئازار و خەمەکانی هەردوو
لا دەستەملانن. بەوەش زیاتر لە هەر توێژێکی دیکەی کۆمەڵگا هەست بە کێشە کۆمەڵایەتی
و سیاسیەکان دەکەن.
– لە
کوردستانێکدا کە دەزگا ئەمنیەتیەکانی رێژیمی داگیرکەر بەردەوام هەوڵ دەدەن لاوانی
کورد تووشی مادەهۆشبەرەکان بکەن و لەو رێگایەشەوە کۆمەڵگای مافخوازی کوردستان قسر
و ئەستێور بکەن، شاخەوانان بە وەرزش و هەڵبژاردنی وەرزش، بە گرتنەبەری چیاو کێوەکانی
کوردستان و هەڵمژینی هەوای پاکی کوێستان، هاندەری دوور کەوتنەوەی لاوان و کۆمەڵگا
لەو مادە ماڵوێرانکەرەن.
– لە
باری رەگەزیەوە، رەنگە شاخەوانانی کوردستان لە یەکەم گروپەکان بووبن کە هاوسەران یا
خوشکانی خۆیان لە ناو خۆیاندا جێ کردەوە و بەوەش سنووربەندیی نێوان ژن و پیاویان لەو
وەرزشەدا سڕیەوە. لە گروپە شاخەوانیەکانی کوردستاندا ژنانیش وێڕای پیاوان بەسەر چیا
و لوتکەکاندا سەر دەکەون. لە ئەنجامی سڕینەوەی ئەو سنوورە رەگەزیە بوو کە ژنانی
شاخەوانی کورد تا ئێستا توانیویانە چەندان سەرکەوتن و قارەمانەتیی گرینگ
دەستەبەر بکەن. بەوەش شاخەوانان نیشانیاندا کە تەنانەت لەو وەرزشە سەخت و تاقەت
پرووکێنەشدا، ژنان هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە.
– سەرەنجام
شاخەوانان بە بڕینی لووتکە بەرزەکانی جیهان، وەک کورد و وەرزشکارێکی کورد، هەوڵیان
داوەو هەوڵ دەدەن ناوی نەتەوەکەیان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە رادەی بەرزیی ئەو
لوتکانە بەرز و سەربەرز رابگرن.
هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوە، شاخەوانان و گروپە شاخەوانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەلای کۆمەڵگای کوردستان خۆشەویست و بەڕێز کردووە. مێژووی شاخەوانان لە کوردستان نیشانی داوە کە زۆربەی ئەوان لە مرۆڤە دڵسۆزو بێ ئازارەکانی ئەم نیشتمانەن. کردەوە و ئاکاری خراپ کەمتر دزە دەکاتە ناویان و دەتوانن سەرمەشقی کۆمەڵگایەکی پاک و هەڵسووڕ بن. شاخەوانان زیاتر لە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگا ئاگایان لە نیشتمانی خۆیانە و لە راستیدا دیدەبانانی وڵاتن.
لە کۆتاییدا
وێڕای رێزگرتن لە کاری خێرخوازانەی شاخەوانانی پیرانشار بۆ سازکردنی قوتابخانەی
گوندی کانی کلێ، بە دەرفەتی دەزانین رێز بگرین لە دوو هاوڕێی شەهیدمان کە لە گروپی
شاخەوانانی مەهابادەوە دەستیان پێ کرد، لە ریزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی
کوردستاندا درێژەیان بە خەبات و تێکۆشان دا و سەرەنجام لە ریزەکانی ئەم حیزبەدا
گیانی خۆیان بە نیشتمان و بە رزگاریی کوردستان بەخشی. شەهیدان؛ سەلاح رەزایی و باقی
حاجی کەریمی. یادیان بەرز و رێبازی خەباتیان ئاوەدان.
-----------------------------------------
بۆ رۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی
کوردستان نووسراوە و بڵاو کراوەتەوە
بابەتی نوێ:
سەید عەلیی سەردەشتی؛ تەمەنێک دارماڵ لە داهێنان و بەخشین
تاهیر قاسمی بەشدارانی بەڕێز! بەخێر بێن بۆ کۆڕی سەرەخۆشی و لە ڕاستیدا ڕێزگرتن لە هونەرمەندی گەورەی ئەم سەردەمەی گەلەکەمان کاک سەید عەلی ...