۱۲/۱۶/۱۴۰۲

ڕێبواری ڕێگای ڕزگاری

ئاخری نەمزانی پۆلی یەکەمی سەرەتاییم چۆن دەست پێ کرد. کە وەبەر خوێندن نرام، تەمەنم هێشتا بە ئاستی خوێندن و قوتابخانە نەگەیشتبوو. لەلاوە دایاننابووم تا گوێ بۆ قسەی مامۆستا هەڵخەم بەڵام چ کتێب و دەفتەریان نەدابوومێ و هێشتا بە ڕەسمی قوتابی نەبووم. ئەو ساڵە بوو کە لە ئێراندا ئینقلاب کرا. بە ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە تاران، ئیدارە دەوڵەتیەکان لەکار کەوتن و قوتابخانەکەی ئێمەش وەک تاکە نیشانە و شوێنەواری دەوڵەت لە ئاواییدا، داخرا. مامۆستاکان کە چەند ژن و کچی تازە پێگەیشتوو بوون، گوندەکەمانیان بەجێ هێشت و ڕۆیشتنەوە. تەنانەت کاری سازکردنی ئەو قوتابخانەیەش پەکی کەوت کە بناخەی بۆ داندرابوو و قەرار بوو جێگای قوتابخانە قوڕینە ڕووخاوەکەی ئاوایی بگرێتەوە. ساڵی دواتر لەنێو ئەگەر و مەگەری بەردەوامیی قوتابخانەدا، بە ڕەسمی ناویان نووسیم و لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییدا دەستم بە خوێندن کرد. بەڵام ئەو ساڵەش بەهۆی شەڕ و شووڕ و پشێوی، لە نیوەی ساڵدا قوتابخانەکان داخران. دیسان خوێندن بە نیوەچڵی مایەوە و مامۆستاکان ڕۆیشتنەوە. لە ساڵی دواتردا، نازانم چۆن و بە دەستووری کێ بوو کە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی‌یە، سێ گەنجی ئاوایی خۆیان ‏لێ کردین بە مامۆستا. ئەوان ئەگەرچی سەوادی خوێندن و نووسینیان هەبوو بەڵام مامۆستا و ‏شارەزای وانەگوتنەوە نەبوون. دۆخەکەش بۆ خوێندن و مامۆستایەتی نالەبار و بێ ئیمکانات بوو. ‏کتێب و دەفتەر کەم بوو. ساڵی پێشتریش ئەگەرچی مامۆستاکەمان پێشمەرگە بوو، بەڵام ‏خوێندنەکەمان هەر بەو کتێبانە بوون کە لە سەردەمی شا، لە سەرانسەری ئێراندا دەخوێندران. ‏لێ بۆ ساڵی دووهەم کە هەم دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران و هەمیش دەسەڵاتی کورد لە ‏کوردستان تا ڕادەیەک سەقامگیر ببوون، هەرکام کتێبی خۆی بۆ خوێندن چاپ کردبوو. لە ئاستی ‏ئێراندا کتێبەکان بەپێی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتی تازە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هات و لە کوردستانیش ‏شۆڕش کتێبی بە زمانی کوردی بۆ پۆلی یەکەمی سەرەتایی چاپ کرد. بەڵام نە چاپی تاران بە ‏گوندەکەی ئێمە گەیشتبوو و نە چاپی شۆڕش ئەوەندە زۆر بوو کە بە دەست هەموو قوتابییەکان ‏بگا. سەرەڕای ئەوە هێشتا لە ئێمە ڕوون نەبوو کە دەبێ بە کام زمان و کام کتێب بخوێنین. ‏

 

هێرشی ڕێژیم بۆسەر کوردستان دەستی پێ کردبوو. پێشمەرگە و خەڵک لێبڕاوانە بەرگرییان ‏دەکرد. شەڕ تا دەهات زیاتر کڵپەی دەسەند و لە ئێمە و گوندەکەمان نیزیکتر دەبۆوە. کوردستان ‏کەوتبووە ژێر گەمارۆی ئابوورییەوە. وێڕای کەمبوونی سووتەمەنی و خواردەمەنی، کتێبیش بە ‏ئاسانی دەست نەدەکەوت. مامۆستاکانیشمان مۆڵەتی فەرمیی دەرسگوتنەوەیان نەبوو. بۆیەش ‏خەبەرێک لە خوێندنی دەرس و دەورکردنەوەی کتێبی دەرسی لەئارادا نەبوو. زیاتر هەر سروود و ‏شێعری کوردییان فێر دەکردین. سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی"، سروودی "ئەی شەهیدان" یان ‏شێعری مناڵانەی وەک ئەوەی خوارەوە کە لە کتێبی پۆلی یەکەمدا چاپ کرابوو و یەک – دوو ‏قوتابی هەیانبوو:‏

وڵاتی مە کوردستانە           دیمەنەکانی زۆر جوانە
گژ و گیای بێ وێنەیە         ڕووباری وەک ئاوێنەیە
مناڵانی کۆڵنەدەرن            بۆ ئازادی تێکۆشەرن...‏

جارێک خاڵم کە یەکێک بوو لە سێ مامۆستا خۆسەپێنەکان، سروودی "پێشکەوە"ی بۆ ‏خوێندین کە هەم دەنگی خۆش بوو و هەمیش چاکی دەگوت. دواتر کە لە سروەدا چاپ بوو، ‏زانیم شێعری زیوەرە. ئەو شێعرە و هەواکەیم زۆر پێ خۆش بوو و هەر بەو یەک-دوو جار ‏خوێندنەوەیەوە، بەشێکی زۆری سروودەکەم لەبەر بوو:‏

ئەی وەتەن چەند خۆشەویستی ڕۆحی شیرینی منی
مەزرەعەی قەلبی نیشات و مایەیی ژینی منی
پێشکەوە پێشکەوە بۆ پێشەوە ‏
بۆ پێشەوە ئەی کوردی ئازا..‏

لە بیرمە جارێکیش سوڵتان گوڵاوی کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو و دەستێکی ‏پەڕیبوو، سروودی "لە قەندیلی سەربەرزەوە"ی پێ گوتین. لەو ساڵانەدا کە شەڕ بەردەوام و ‏کوردستان شەهیدی زۆر بوو، هێندێکجار ئەو شێعر و سروودانە بە تایبەت سروودی "ئەی ‏شەهیدان"مان لەکاتی ناشتنی تەرمی شەهیدەکاندا لەسەر قەبران بە کۆڕ دەخوێند. ‏

سەرەتای دەیەی شەستی هەتاوی ڕێژیم بە هەموو هێزی خۆی هێرش بۆ سەر کوردستانی دەست پێ ‏کردبوو. ڕۆژ نەبوو هەواڵی شەڕ و شەهیدبوونی خەڵک و پێشمەرگە بڵاو نەبێتەوە. پاسدار هەر ‏گوندێکی داگیر کردبا، لەسەر بەرزترین و ستراتژیترین کێو یان تەپۆڵکی دەوری ئاوایی خۆڵی ‏هەڵدەداوە، بە تەلیسە خیزان هەڵیدەچنی و تێلدڕووی بەدەوریدا دەکێشا. بەم جۆرە پایەگای لێ ‏دادەمەزراند. بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک، دەستی بە لێدان و کوشتن و زەبروزەنگ کردبوو. لە ‏زۆر شار و ئاوایی کوشتاری بە کۆمەڵی وەڕێدەخست. لە ناوچەکەی ئێمە سەرەتا سەر کێوی ‏حاجیاباتی گرت کە کەوتووەتە سەر چۆمی تەتەهوو و بەسەر جادەی بۆکان – میاندواودا ‏دەڕوانێ. پاسدارێکی زۆر خراپ بەناوی "عەوڵا حەجەم" کرابوو بە فەرماندەی پایەگاکە. لەوێوە ‏ڕۆژانە، کوێرانە و بە نۆرە گوندەکانی دەوروبەری تۆپباران دەکرد. هەر بەوەش نەدەوەستا و لە ‏گوندەکانی دەوروبەر پیاوانی کوردی دەستبەسەر دەکرد. لەنێو پایەگادا زیندانی دەکردن، ‏جەزرەبەی دەدان و گۆیا دەیخەساندن. بەو کارانەی ترس و خۆفی زۆری لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا ‏ساز کردبوو. لەبیرمە لەکاتی لێدان لە ستوونی ٨٠١ی شیراز لە سەر جادەی حوسێنمامە، حیزب ‏تۆپێکی لە نیزیک سریلاوا دابەستبوو و محەممەد تۆپچی هاوکات بە تۆپان پایەگاکەی حاجیاباتی ‏دەکوتا. خەڵک خۆشحاڵ بوون کە شوکور کوردیش تۆپی هەیە و دەتوانێ دوژمن بکوتێ و تۆڵە ‏بکاتەوە.  ‏

 نازانم چەند ساڵم ئاوا بە نیوەچڵی خوێند تا سەرەنجام مامۆستایەک بەناوی "عەبدوڵای سۆفی ئیبراهیمی[1]" وەک تاکە مامۆستای قوتابخانەی ئاوایی دەستی بە دەرسدان کرد. ئێمە بە "کاحەوڵا" بانگمان دەکرد. خەڵکی گوندی ئاتابڵاغی و جێرانە دێ بووین. خزمایەتی لەگەڵ چەند بنەماڵەی ئاواییەکەمان هەبوو بەڵام ناسراو و خۆشەویستی هەموو خەڵکی دێ بوو. لاوێکی باڵابەرز، جوانچاک، بڕێک تووڕە و زۆر هەڵسووڕ بوو. مامۆستای شۆڕش بوو و وێڕای مامۆستایەتی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتیش بوو. هێندێکجار کەڵاشینکۆفەکەی دەهێنایە سەر پۆلەکە و دوای ئەوەی بە بزمارێکدا هەڵیدەواسی، دەستی بە وانەوتنەوە دەکرد. لە دەرسدان و پێخوێندنماندا شێلگیر و مکوڕ بوو. شانی وەبەر دابوو و بە تەنێ دەرسی بە هەر پێنج پۆلە سەرەتاییەکە دەگوتەوە. وێڕای کتێبە دەرسییەکان کە بە زمانی فارسی بوون، ئەلفوبێی کوردیشی فێر دەکردین. لە فێرکردنی شێعر و ئەدەبی شۆڕشگێڕانەش غافڵ نەبوو و زۆر جار شێعری کوردی بۆ دەخوێندینەوە یان پۆلەکانی بانتری فێر دەکرد و پێی لەبەر دەکردن. لەبیرمە یەک لەو شێعرانەی ئەو کات زیاتر کەوتبووە سەر زاری هاو قوتابخانەکانمەوە، شێعری "شەو و شەیتان" بوو کە بەگەورەیی لە تاریک و ڕوونی مامۆستا هێمن‌دا دۆزیمەوە؛

ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین             زەرد هەڵگەڕا ئاسمانی شین
هەورێک شۆڕابەی بەرداوە               دەتگوت لە قیلیان وەرداوە
....
تا دەگاتە:
شادبە ئەی پێشەوای نەمر                    هەتن ڕۆڵەی ئازا و خوێنگر

بۆ فیداکاری ئامادەن                           ڕێگای ڕاستی تۆ بەرنادەن

لە کۆتایی هاوین و بەرەبەری پاییزی ساڵی ١٣٦١ کە دەبوو بچینەوە بۆ قوتابخانە، ڕێژیم هێرشێکی دیکەی بۆ سەر ناوچەکە دەست پێ کردەوە. گوندی ئاتابڵاغی و کێوی ئاغەڵیان بە قوونەشەڕ داگیر کران و پاسدار دەیهەویست زیاتر پێشڕەوی بکا. گەرچی پێشمەرگەی کەم و ناڕێکخراو لە ناوچەکەدا بوو بەڵام بەو حاڵەش بەرگری کرا. لە کاتی هێرشەکەدا ئێمە لە مەزرا بووین و من بەرخەوان بووم. منداڵ بووین و زۆرمان بارودۆخ نەدەخوێندەوە. زیاتر سەیرکەر بووین. یەکناگا دایکم و ئامۆژنم و ئەو منداڵە وردانەی کە لە ماڵەوە بوون، بە پەلەپڕووزێ خۆیان گەیاندە لامان. ئێمەیان لەگەڵ خۆیان قوڵەپێچ کرد و بابم و مامم لەلای ماڵاتەکان مانەوە. ئێمە کە بەرەی دوو دایکوباب و ڕەنگە دە کەس دەبووین، ئەنگۆرەی ئێوارێ گەیشتینە قۆڕغان و لە ماڵی پووری دایکم خۆمان گرتەوە.

 

لە قۆڕغان بەیانیمان بە دەنگی بڵیندگۆی مزگەوت کردەوە. پێشمەرگەی کۆمەڵە بوون کە هەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی خۆیان بەناوی لالە حەمە یان لالۆ حەمە ڕادەگەیاند کە لە شەڕەکەی دوێنێی کێوی ئاتابڵاغیدا شەهید ببوو. ئەگەرچی وێژەرەکەی کۆمەڵە زۆر بە سۆز و حەماسەتەوە هەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەکەی خۆیانی ڕادەگەیاند و بە بەرزی یادی دەکرد بەڵام هەواڵی جەرگبڕتر بۆ من و ئاواڵەکانم ئەوە بوو کە بێژەرەکە نەیگوت و ڕاینەگەیاند: بە داخەوە مامۆستا عەبدوڵڵاش لەو شەڕ و بەرگرییەدا شەهید ببوو. من بە هەموو عەقڵی منداڵیی ئەو سەردەمی خۆم، بەو فەڕق و جوداییدانانە لە نێوان ئەو شەهیدانەی لە یەک سەنگەردا شەهید ببوون، دڵم ژانی کرد. عەبدولقادری مام ڕەحمان (ئیبراهیم‌زادە) کە لایەنگری کۆمەڵە و خزمی مامۆستا عەوڵا بوو و بە ژێسێیەکی موزەللییەوە لەو بەرگرییەدا بەشدار بوو، دەیگێڕایەوە کە "عەوڵا لە چەند میتریی من، قارەمانانە شەهید بوو."

دوای ئەو شەڕە، ڕێژیم ئەگەرچی نەگەییە گوندەکەی ئێمە بەڵام کێوی نێوان ئاتابڵاغی و ئاغەڵیانی داگیر کرد و پایەگای لەسەر دامەزراند. پایەگاکە بەسەر پیروەلی باغی و بەشێکی زۆر لە گوندەکانی دیکەی ناوچەدا دەیڕوانی. ئیتر لەو کاتە بە دواوە ئەو پایەگایە بەشێک لە ئەرکەکانی پایەگای سەر کێوی حاجیاباتی بە ئەستۆ گرت و ڕۆژانە و بە نۆرە تۆپبارانی گوندەکانی دەوروبەری دەکرد. لەبیرمە نۆرە تۆپبارانی گوندەکەی ئێمە، ڕۆژانە لە کاتژمێر پێنجی ئێوارە بە دواوە بوو. من ئەو کات چەند مانگای ماڵی خۆمانم دەلەوەڕاند. بۆ ئەوەی وەبەر تۆپباران نەکەوم، ناچار دەبووم درەنگتر مانگاکان بەرمەوە ماڵێ بەڵام نۆرەی تۆپباران کردنمان کەوتبووە وەختی مانگادۆشینەوە و ئێواران زۆر بە زەحمەت دەمتوانی پێشی مانگای گوان ڕاساو بگرم. ئێوارەی وا هەبوو کە تۆپباران وەدەرەنگی دەکەوت و پێمان وا بوو ئیدی ئەو ڕۆژە لێمان نادا بەڵام وا دەرنەدەهات. چەند جاران لە ڕێگادا و لە نیزیک ئاوایی دەکەوتمە ژێر هاژە و گرمەی تۆپانەوە. فێریان کردبووین کە لە وەختی ئاوادا خۆمان بە عەرزێدا بدەین و چەسپی زەوی بین. ئێوارەیەک پایەگا تۆپبارانێکی زۆر خەستتر لە جارانی کرد و لەخۆڕا نیزیک بە سەعاتێک گوندەکەی کوتا. هەوا دەهات تاریک بێ کە تۆپباران لێی کردەوە. لە دوورەوە چڕەدووکەڵ و تەپوتۆز لە ئاوایی بەرز دەبۆوە. وەختێک گەیشتمەوە نێو دێ، ماڵمان خاپوور و وێڕان بوو. تۆپ لە ماڵەکەی ئێمەی دابوو و داری بەسەر پەردووی ژوور و هۆڵ و تەویلەوە نەهێشتبوو. ئەوەی مابوو، دیواری قەڵەشیو و لادیواری ڕووخاو بوو. لەو کاتەدا کەسمان لە ماڵ نەبووین بەڵام لە ماڵ و نێوماڵمان تەنیا گوێلکێک بە ساغی مابوو کە بە مۆعجیزەمان دەزانی. هەر ئەو ڕۆژە حاجی ڕەحیم ناوێک کە لە تاڵاوەوە ئاوارە ببوو، کەوتە بەر ڕەهێڵەی تۆپ و کوژرا. خوێنەکەی تا ماوەیەکی درەنگ بەسەر ئەو بەردە سپیانەوە مابوو کە لە پاڵیاندا کوژرا.

***

مامۆستا لەگەڵ پۆلێک لە قوتابیانی پیروەلی باغی - ١٣٦١ی هەتاوی

لێم ڕوون نییە چەند ساڵم پۆلی یەکەمی سەرەتایی دووپات کردەوە تا سەرەنجام چەند مامۆستایان لە مەهابادەوە بۆ ناردین. شار گیرابۆوە و ئیدارە دەوڵەتییەکان بە فەرمی دەستیان بە کار کردبۆوە. پاش بگرە و بێنەیەکی زۆر، لەو چەند ساڵ و نیوەساڵ خوێندنە بە زەحمەت ساڵی خوێندن لای مامۆستا عەبدوڵڵایان بە پۆلی یەک بۆ حیساب کردم. مامۆستا حەوڵا هێشتا مابوو و وا دیار بوو لەسەر پێداگریی ئەو بوو.‏ بەم جۆرە لە پۆلی دوودا داندرام. مامۆستاکان کە پێموایە سێ کەس بوون، بەپێی ژمارەی قوتابییەکان بەسەر سێ ژوور و پێنج پۆلدا دابەش بوون. ئەگەر قوتابی کەم بان، ئەوە بە دوو پۆل، لە ژوورێکدا مامۆستایەکیان بۆ دادەندرا و ئەگەریش وەک پۆلەکەی ئێمە زۆر باین، ئەوە مامۆستای تایبەتمان هەبوو. قوتابخانەکە هەمووی دوو ژوور بوو کە بەشی پێنج پۆلەکەی نەدەکرد. ئێمەی پۆلی دووهەم لە ژوورێکی دیکەدا کە دواتر بە قوڕ و مۆرە داندرابوو، کلاسیان بۆ داناین. مامۆستاکەمان پیاوێکی زۆر هێدی و لەسەرەخۆ بوو. هیچ وەک مامۆستای تووڕە و بەزەبروزەنگی ئەو سەردەم نەدەچوو. بە درێژایی ئەو ساڵە نە جارێک تووڕەییمان لێ دیت و نە قەت دەستی لە قوتابییەک هەڵێنایەوە. ئێمەش هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە لێمان دەڕوانی، خۆشمان دەویست و بە قسەمان دەکرد. نەک هەر خۆشمان دەویست، دەمانپەرەست. مامۆستاکەمان ناوی عەلی ئیسماعیل‌زادە بوو کە ئێمە بە کاک عەلی بانگمان دەکرد.

مامۆستا لە سەردەمێکی ئاستەمدا بوو بە مامۆستامان. شەڕ لە کوردستان بە گەرمی بەردەوام بوو. ڕێژیمی داگیرکەر دەستی بەسەر شارەکان و بەشێک لە دێهاتەکاندا گرتبوو و بەردەوام لە پێشڕەویدا بوو. هەر جێگایەکی بۆی نەگیرابا، بە بێ ڕەحمانەترین شێوە تۆپباران و بۆردومانی دەکرد. کوردستان بە گشتی و ئەو شوێنانەی هێشتا داگیر نەکرابوونەوە، لەژێر گەمارۆی توندی ئابووریدا بوون. خەڵک لەوپەڕی هەژاری و بێدەرەتانیدا دەژیان. لادێکەی ئێمە چەپەک و هاتوچۆ لە شارەوە زۆر ناخۆش بوو. کوردی خوێندن لە مەدرسەدا خەریکبوو جێگای خۆی بە زمانی داگیرکەر دەدا. تەنانەت قسە لەوە دەکرا کە بێجگە لە کتێبەکان، زمانی قسەکردنی نێو پۆل و دەرسگوتنەوەش دەبێ فارسی بێ. ‏مامۆستای ئێمە ئەگەرچی وەک مامۆستایەکی ڕەسمی دەبوو بەو جۆرە دەرس بڵێتەوە کە بۆی دیاری کرابوو و ئەو کتێبانەمان پێ بخوێنێ کە کتێبی فەرمی بوون بەڵام بەشێک لە کاتەکانی قوتابخانەی بە خوێندنەوەی باشترین کتێبەکانی چیرۆک و شێعری ئەو سەردەم بە زمانی کوردی بۆ پڕ دەکردینەوە. ئێمەش بە گوێی دڵ بۆی دادەنیشتین و گوێمان بۆ ڕادەگرت و تێیایاندا نوقم دەبووین. خۆشیی ئەو ساتانە وەها دەنگی دابۆوە کە قوتابیانی پۆلەکانی دیکەش ئاواتیان دەخواست لە پۆلەکەی ئێمەدا دانیشن. ئەو جارانەی چیرۆک یان ‏چیرۆکە شێعرێکی بەشبەش دەکرد و هەر ڕۆژەی بەشێکی بۆ ‏دەخوێندینەوە، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی وادەی گەیشتنی بەشی دواتر دەبووین. سەرجەم ‏هاوپۆلەکانم وەک من بوون.‏ ئەوەم لە باس و خواسەکانی دەرەوەی دوای خوێندنەوە و گێڕانەوەکان و لە بیرەوەرییەکانی ساڵانی دواتردا بۆ دەرکەوت. هەموو جارێ لەگەڵ ڕاوێژی شیرینی مامۆستادا دەبووین بە "ماسییە ڕەشە بچکۆڵەکە"ی  سەمەدی بێهڕەنگی و لە دەریای بێ بنی خەیاڵدا مەلەمان دەکرد، بە بەستێن و کەنار و ڕووباراندا دەگەڕاین و بە خەنجەرە بچکۆڵانەکەمان لە ئەوکی ماسیخۆرە بەدفەڕەکەمان دەژەنی تا خۆمان ڕزگار بکەین. یان خۆمان و مامۆستا خۆشەویستەکەمان لە "قوتابخانە"کەی "شەریف"دا دەدیتەوە:

پاش ئەوەی کە خۆر هەڵدێ

پڕشنگ ئەخاتە سەر دێ

خوێندەواران دێنە دەر

رێی مەکتەب دەگرنە بەر

شێعری قوتابخانە دەتگوت ڕاست بۆ حاڵی ئێمە و بۆ قوتابخانە ڕووخاوەکەمان نووسراوە:

لە نێو کۆمەڵی ماڵان
بۆ خوێندنی منداڵان
ماڵێکی زۆر وێرانە
کراوەتە قوتابخانە

تەنانەت کەسایەتی و هەڵسوکەوتی مامۆستاکەشمان لەگەڵ کەسایەتیی مامۆستای "قوتابخانە" مووی لێ نەدەدا:

رەوشتی کاکی مودیر
لاوی ژیر و رۆشنبیر
لە نێو دڵی خەڵکی دێ
بە جوانی گرتوویە جێ
یاری هەژارەکانە
هیوای نەدارەکانە
لاوێکی چاک و رووخۆش
کوردی وێژ و کوردی پۆش 

کاتێکیش کە "وریا" وڵامی دەرسەکانی دەدایەوە، ئەو وڵامانە بوون کە لە ناخی ژیانی ئێمە و لە دڵی منداڵانەی ئێمەی هەژار و پێپەتیی ئۆگری ئازادییەوە هەڵدەقوڵا:

ئا وێنەی ئازادی
ئاڵای ئاوات و شادی
ب وەکوو برسییەتی
پ وێنەی پێ پەتی
ت وەکوو تاڵی ژین
تاریکی و تێکۆشین

ئەو وشانە ئەوەندە ئاوێتەی ژیان و ڕۆحمان ببوون کە تەنانەت حەزمان نەدەکرد مامۆستا بەگژیاندا بچێتەوە و داوا بکا بە وشەی باشتر بیانگۆڕین:

مامۆستا ڕێبوار و تاهیر

کاکی مودیر هەڵدەستێ
بەرامبەریان دەوەستێ
ئەڵێ: (بەسیەتی ئیتر
دەس کەینە باسێکی تر
هەتا من لە بیرم بێ
ئەم وشانە ئەگوترێ
تاکەی دەرسی دڵتەنگی؟
تاکەی دەرد و بێدەنگی؟
ئیتر لایان بەین لە بیر
روو کەینە را و تەگبیر)

بەڵام ئەو وشانەشمان هەر پێخۆش بوون کە مامۆستا لەگەڵ وشەکانی "وریا" جێگۆڕکێی دەکردن و داوای لە قوتابییەکان دەکرد بیانڵێنەوە:

ب وەکوو بیرەوەر
ت وێنەی تێکۆشەر
س وەکوو سەربەستی
سەر و سێدارە و سستی
خ بە وێنەی خەبات
خوێندن و خوێن و خەڵات
کاف وێنەی کوردستان
کورد و کۆمەڵ و کوێستان
ی وەکوو یەکیەتی
یەکگرتن و یارمەتی
سەرەنجام تلانەوەمان لەنێو ئاوریشمی ئەو هەموو وشە خۆش و بەهەستانەدا لێ دەشێوا و  ئێمەش لەگەڵ منداڵانی نێو چیڕۆکە شێعرەکە تووشی نیگەرانی دەبووین، دڵەکوتە دایدەگرتین و لەگەڵیان چاوەڕوانی گەڕانەوەی مامۆستامان لە شارەوە دەکرد؛
 ڕۆژی شەممەی داهاتوو
ئەم دەرسەیان لەبەر بوو
بەڵام تاکوو خۆراوا
بەو گەرمای خۆرەتاوا
لە رێی شارا وەستابوون
چاوەڕێی مامۆستا بوون
تینی خۆر و خەمباری
پرسین و چاوەنواڕی:
(مامۆستامان وا لە کوێ؟
بۆچی نایەتەوە دێ؟ ) 

بە گەیشتنی خەبەرە ناخۆشەکە ئێمەش خەمبار و پەشێو دەبووین:
پێش ئەوەی تاریک دابێ
هەواڵێ کەوتە نێو دێ:
(مامۆستای قوتابخانە 
کەوتووەتە بەندیخانە)
بە بیستنی ئەو بەشەی شێعرەکە و ئەو هەواڵە ناخۆشە، هەموومان دەشڵەژاین و تووشی دڵەڕاوکێ دەبووین کە نەکا ئەو چارەنووسە بەسەر مامۆستا "ڕووخۆش و کوردیوێژ و کوردیپۆش"ەکەی ئێمەش بێ. ئەو کاتەش دڵمان بە تەواوی توند دەبوو کە هەواڵە ناخۆشەکە دەهات:
رۆژی هەوەڵی زستان
کە سەرما هاتە کوێستان
کەسێ هەواڵێ دێنێ
دڵی دێ ئەلەرزێنێ:
(چەن لاوێکی رۆشنبیر
بە هاوڕێی کاکی مودیر
ئەو رۆژە تاریک و روون
لە سێدارە درابوون)

باشم لەبیرە کە بە کۆتاییهاتنی خوێندنەوەی شێعرەکە، زۆربەمان گریابووین. ئەو ڕۆژە  بە هەنیسکدان و بە چاوی بە فرمێسکەوە قوتابخانەمان بەجێ هێشت و ڕۆیشتینەوە. هەنیسک و گریانەکەشمان تەنیا بۆ مامۆستای نێو بەسەرهاتەکە نەبوو بەڵکو بۆ مامۆستا خۆشەویستەکەی خۆمان بوو. ئاخر ئێمە ئەگەرچی منداڵ بووین بەڵام لەنێو ئاگر و ئاسندا خەریکبوو گەورە دەبووین. دەمانزانی دۆخەکە چەندە ئاڵۆز و پەشێوە، دوژمنەکەمان چەندە گەمار و بەدفەڕە و، مامۆستاکەمان چەندە مرۆڤ و کورد. نیگەران بووین کە نەکا ئەویش لە یەکێک لەو جارانەی بە سەردان دەچۆوە بۆ شار تووشی هەمان چارەنووس بێ.

 ئەو ساڵەمان وەک خۆشترین و شوێندانەرترین ساڵی خوێندن تێپەڕ کرد. لە بەرەبەری ساڵی تازەی خوێندن کە دەچووینە پۆلی سێ، ئاواتەخواز بووین سەرلەنوێ هەمان مامۆستامان بۆ بنێرنەوە. بەردەوام پێوشوێنمان دەگرت. نازانم بە کوێدا ناوی مامۆستاکانمان دەست خست و زانیمان کە مامۆستای ئەمساڵیشمان هەر کاک عەلی ئیسماعیل‌زادەیە. بە بیستنی ئەو هەواڵە، سرتوخورت و مزگێنی دان و مزگێنی ئەستاندن لەنێوماندا پەیدا بوو. خۆشی لە دڵماندا دەگەڕا و ڕۆژانمان بۆ گەیشتنی وادەی کرانەوەی قوتابخانە دەبژارد. ڕۆژی دەسپێکی قوتابخانە بە دڵی خۆشەوە لە پۆلەکەدا ئامادە بووین. لێ کاتێ مامۆستا هاتە سەر کلاس، هەو نەبوو. وەک گۆزەیەک ئاوی ساردمان بەسەردا بکەن، پێمان وا بوو درۆمان لەگەڵ کراوە و دڵگران بووین. تۆمەز مامۆستای تازەشمان هەر ناوی عەلی ئیسماعیل زادە بوو! گەرچی ئەویش مرۆڤێکی باش و مامۆستایەکی ئارام بوو و هەوڵیدا چاوەڕوانیی ئێمە لە مامۆستای ساڵی ڕابردوومان بۆ پڕ بکاتەوە بەڵام کاک عەلی ئیسماعیل‌زادەکەی ئێمە نەبوو.  

 

کاکم ناسر قاسمی و مامۆستا ڕێبوار
ساڵانێکی پێ چوو و من مامۆستام نەدیتەوە و هیچ خەبەرم لێی نەبوو. تەنیا جارێک، لەو کاتەدا کە لە مەهاباد دەمخوێند، دووراودوور دیتم بەڵام شەرمێکی بێ جێ کە هەمیشە لەگەڵم بووە، بواری نەدام بچمە حزووری و سڵاوی لێ بکەم. هەر ئەو ساڵانە کە دەکاتە نێوەڕاستەکانی دەیەی شەستی هەتاوی، ئۆگرییەکی زۆرم بە ئەدەب و شێعری کوردی پەیدا کردبوو. بە دەگمەن وا هەبوو ژمارەیەکی گۆڤاری سروە دەربچێ و نەیخوێنمەوە یان ڕادیۆی حیزبەکان بەرنامەیەکی ئەدەبی پێشکەش بکەن و من گوێی لێ نەگرم. لەبیرمە جارێک لەو جارانە، گوێمان بۆ بەرنامەی ئەدەبیی ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران ڕاگرتبوو کە خوشکە خەجیج مەعزووری بە دەنگە سێحراوییەکەی شێعرێکی بە سۆزی لە شاعیرێک بەناوی "ڕێبوار" خوێندەوە. شێعرەکە بە ناوی "گوڵێ" داستانی هاوکاری و فیداکاریی کچێکی کورد بوو کە لە کاتی بردنی دیاری و پێویستی بۆ پێشمەرگە، دەکەوێتە بەر گوللەی دوژمن و بەداخەوە گیانی لە دەست دەدا:


گوڵێ
گوڵێ! تۆ وەک گوڵێکی سوور
لە سەر بەفری کۆڵانەکان
دەپشکووتی
بە دڵێکی پڕ لە هەستەوە
جووتێک پۆزلیخ بە دەستەوە
 
گوڵێ! تۆ وەک مێلاقەیەک
لە سەر گڵکۆی پێشمەرگەیەک ‏
دەپشکووتی
بە دڵێکی پڕ لە هەستەوە
جووتێک گۆرێ بە دەستەوە
 
گوڵێ! تۆ وەک گەزیزەیەک ‏
بەرەو پیلی بەهار دەچووی
دەربەستی سۆزی زریانی لاسار نەبووی
دەپشکووتی بە دڵێکی پڕ لە هەستەوە
جووتێک دەسکێش بە دەستەوە
‏*‏
بەڵام گوڵێ!، گوڵی ناکام
زستان ویستی موژدەی بەهار
لە گوڵپەڕە ناسکەکانتا بتەزێنێ
بۆیە بە دەسڕێژی زریان
لە سەر بەفری کۆڵانەکان
تۆی هەڵوەراند
بەڵکو شەماڵ بەو بێ‌روحمیەی ببەزێنێ
 
گوڵێ! زریان، زریانی دڕ
نەیهێشت شەماڵ بتلاوێنێ
بتپشکوێنێ
تۆی هەڵوەراند
بە دڵێکی پڕ لە هەستەوە
دیاری‌یەکانت بە دەستەوە
 
بەڵام گوڵێ! گوڵی ناکام
تۆ مزگێنیی بەهارت دا
بە هەڵوەرینە سوورەکەت
لە بەر زریانی بێ ڕەزا
 
گوڵێ! تۆش وەک ئەو گوڵانەی
ئەو زستانەی
‏لە بەر سەرمایە تەزیون
بە زریانی دڕ وەریون
بەهار کە هات
دەشنێیەوە
وێڕای هەموو شەهیدەکان
بۆ نێومان دەگەڕێیەوە
بە دڵێکی پڕ لە هەستەوە
چەپکە گوڵێک بە دەستەوە

‏٢٥/٩/١٣٦١‏

لە کاتی خوێندنەوەی شێعرەکەدا بە تەواوی خۆمان دابووە دەست شەپۆلە نەرمەکانی ئەو شێعرە بلاوێنە و هەست و خوستمان لە خۆمان بڕیبوو. دوای کۆتایی شێعرەکە، کاکم گوتی "ڕێبوار" ناسناوی شێعریی کاک عەلی ئیسماعیل زادەیە و ئەوە شێعری ئەو بوو. نازانم ئەو لە کوێی بیستبوو بەڵام من تا ئەو کاتە کە گەلێکم کتێبی شێعر خوێندبۆوە و هیچکام لە ژمارەکانی تا ئەو کاتی سروەم لەدەست نەدابوو، نەمدەزانی کە مامۆستاکەم شاعیرە و شێعری هیندە بەرزیشی هەیە. دواتر زانیم کە "گوڵێ" لەسەر بنەمای ڕووداوێکی ڕاستەقینە نووسراوە و بەسەرهاتی کیژێکی شۆڕشگێڕی کوردی لە گەڕەکی باغی سیسەی مەهاباد تۆمار کردووە. 

ساڵ هاتن و چوون. سەرەتاکانی دەیەی حەفتای هەتاوی خۆم لەنێو پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کورددا گرتەوە. لە قەندیل و دواتر کە بنکەکانمان بۆ دەشتی کۆیە گواستەوە، زۆر جار سەردانی کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی حیزبم دەکرد. لەوێ ژمارەکانی گۆڤارێک بەناوی "نووسەری چیا" سەرنجی ڕاکێشام. ئەگەر لەبیرم بێ بە سەرنووسەریی نووسەرێکی کرماشانی بەناوی موحسین شاسواری، لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی شەستی هەتاوی دەردەچوو و هەمووی سێ – چوار ژمارەی لێ دەرچووبوو. ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو نووسەری چیا سنوورەکانی حیزبایەتی بڕیبوو. بابەتە ئەدەبییەکانی نووسەران و شاعیرانی سەربەخۆ یان سەر بە هەموو حیزب و لایەنە لەگەڵ یەک ناتەبا و تەنانەت دوژمن بە یەکی لەخۆیدا کۆ کردبۆوە. لەوەش بۆ من سەرنجڕاکێشتر، بڵاوکردنەوەی دوو شێعری ڕێبوار لە دوو ژمارەی جیاوازی گۆڤارەکەدا بوو کە یەکیان شێعری "گوڵێ" و ئەویدی شێعرێک بەناوی "وڵام" لە وڵامدانەوە بە شێعرێکی مامۆستا هێمن بوو.

دەزانین هێمن بەو هەموو گەورەیی و ئازادیخوازی و نەتەوەویستی و نیشتمانپەرەستییەوە کە لە شێعرەکانیدا ڕەنگی دایەوە و لەگەڵ ئەو هەموو ئۆگری و خزمەتەی کە بە حیزبی دێموکرات و ئامانجەکانی ئەو حیزبە و نەتەوەکەی کرد، لە کۆتاییدا لەگەڵ ئەو دەستەیە لە ڕێبەرانی حیزب کەوت کە بەناوی "پێڕەوانی کۆنگرەی چوار" لەم حیزبە جیا بوونەوە و بەناوی "تاقمی حەوت کەسی" ناوبانگیان دەرکرد. جیابوونەوەشیان لەژێر دنە و شوێندانەریی حیزبی توودەی ئێران و بۆچوون و سیاسەتەکانی ئەو حیزبەدا بوو کە هیچ وێکچوونێکی لەگەڵ بیروباوەڕی هێمندا نەبوو. ئەو سەردەم بیری چەپ و مارکسیستی بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە بەسەر کۆمەڵگای سیاسیی کوردستان، ئێران و تەنانەت جیهاندا زاڵ بوو. درووشمی دژایەتی لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئەمریکا ناسراوترین و باوترین پێناسەی ئەو چەپایەتییە بوو. لەو چوارچێوەیەشدا حیزبە چەپە کلاسیکەکانی ئێران لەوانە حیزبی توودە و فیداییانی ئەکسەرییەت لەژێر شوێندانەریی سۆڤییەت و ئۆردووگای سوسیالیزمدا حکوومەتی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی ئیسلامی لە ئێرانیان وەک حکوومەتێکی دژە ئیمپریالیستی پێناسە دەکرد. لەو سۆنگەیەشدا پێیان وا بوو کە نەک نابێ دژایەتیی خومەینی بکەن بەڵکو پێویستە هاوکاریشی بکرێ. بەڵام ئەو حکوومەتە دژە ئیمپریالیستییە وەک ئەوکات و دواتریش نیشانی دا، ئامادە نەبوو هیچ ڕادەیەک لە مافەکانی کورد بسەلمێنێ و هەموو خواستەکانی ئەم نەتەوەیەی بە ئاگر و ئاسن وڵام دەدایەوە. لە وەها دۆخێکدا کۆمەڵێک لە خۆشناوترین و ناسراوترین ڕێبەران و ئەندامانی حیزب بە دوای ئایدۆلۆژیای دژە ئیمپریالیستیی حیزبی توودەدا چوون و لەو حیزبە جیا بوونەوە کە مامۆستا هێمن یەک لەوان بوو. ڕێگایەکیان هەڵبژارد کە هیچ وێکچوونێکی لەگەڵ بیر و هزر و خولیا و ئاواتەکانی هێمندا نەبوو. لەو سەروبەندەشدا کتێبی "پاشەرۆکی هێمن" چاپ و بڵاو کرایەوە کە وێڕای چەندین بابەتی ئەدەبی، چەند شێعرێکی مامۆستاشی لەخۆ گرتبوو. شێعرەکان لە کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و شۆڕشگێڕی هیچیان کەم نەبوو بەڵام لەنێویاندا دوو بەیت لە شێعری "بەهار هەر دێ" بەسەرنجدان بە هەڵوێستی ئەوکاتی هێمن، کرا بە بنێشتە خۆشەی دژبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان:

لە مەیدانی شەڕانخێوی خەباتی قەڕنی بیستەمدا
سەرم سووڕما کە ئەسپی سووکەسواری کوردی بۆ وەستان
وەڵامی دامەوە پیرێکی ئازادەی جهاندیدە:
خەتای سواران نەبوو پێش سوارەکانمان قورس و ناوەستان

شێعرەکە مێژووی ساڵی ١٩٧٧ی بەژێرەوەیە. ئەوەش سەردەمێک نییە کە لە ئێران ئاڵوگۆڕێک هاتبێتە ئاراوە. هێمن و هاوڕێکانی لە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتدا هێشتا هەر لە عێراق نیشتەجێ بوون. بەو پێیەش نەیدەتوانی پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە هەڵوێستی دواتری هێمن و دژایەتیی ئەو لەگەڵ ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتدا بێ. ئەگەر پێوەندییەکی ڕاستەوخۆشی بە شۆڕشێکی کورد و "پێشسواری قورس و ناوەستای کوردەوە" هەبێ، ئەوە بۆ نسکۆی ٧٥ و ئاشبەتاڵی شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە. بەڵام مێژووی ٩ی ١١ی ١٩٧٧ بە ژێر شێعرەکەوە، نەبوو بە هۆی ئەوە کە دوای جیابوونەوەی هێمن و هاوڕێکانی بەناوی "پێڕەوانی کۆنگری چوار" لە حیزبی دێموکرات، دژبەران لەو سەنگەرەوە  بۆ دژایەتیی ڕێبەرانی شۆڕشگێڕی حیزب کەلکی لێ وەرنەگرن و نەیڵێنەوە. لێ هەڵوێستە سیاسییەکەی هێمن و هاوڕێکانی لەو سەردەمەدا کە بێجگە لە تەسلیمبوون و خۆ ڕادەستکردن نەبوو، لەگەڵ نێوەرۆکی ئەو شێعرە نەدەهاتەوە.  بۆیەش بۆ ئەوە نەدەبوو بەپێی نێوەرۆکی شێعرەکە ئەو لایەنە بە وەستا و سووکەڵەسوار بزانن و ڕێبەرانی نێو سەنگەر بە قورس و ناوەستا لەقەڵەم بدەن. هەڵبەت بێجگە لەم شێعرە، بەداخەوە مامۆستا هێمن ‏شێعر و هەڵوێستی نەشیاوتری دژ بە ڕێبەرانی شۆڕشگێڕی کوردستان و لە قازانجی ڕێژیمی داگیرکەردا نووسی[2] کە هیچیان لەو شێعرانە کەمتر نییە کە کاتی خۆی بە بۆنەی لەدایکبوونی وەلیعەهد لە کوردستانی چاپی تاراندا بڵاوی کردنەوە.

پڕ بەپێست‌ترین و بەنێوبانگترین وڵام کە لەو سەردەمدا بەو شێعرەی هێمن درایەوە، ئەو شێعرە بوو کە لە نووسەری چیادا بڵاو کرایەوە و بە دڵنیاییەوە زۆربەی خەڵک و خوێنەران نەیاندەزانی ئەوە شێعری مامۆستا ڕێبوارە. مامۆستاش هیچکات خۆی لێ بەخاوەن نەکرد:

                             وەڵام[3]

بڵێن بەو بولبولە پیرەی دەخوێنێ وەک هەزار دەستان
کە حەق نێ وا بە ناحەق لۆمەیی وشیار بکەن مەستان[4]
لە نەردێنی سیاسەتدا کەسێک زیز بێت و مان بگرێ[5]
هەزار دەستیش بکا بێ شک دەدۆڕێنێ هەزار دەستان
لە خەو هەستان و دانیشتن[6] چ فەرقێکی هەیە هێمن؟! ‏
ئەوانە شاد و ئازادن کە هەستان هەر لە خەو هەستان
ئەگەرچی دیومە ڕووباری خوڕێن بەردان دەقەڵشێنێ
بەڵام نەمدیوە هیچ بەردێکی قەڵشاندبێ بە ڕاوەستان[7]
‏"لە مەیدانی شەڕانخێویی خەباتی چەرخی بیستەم دا" ‏
لە ئەسپی کز دەپرسن سواری ئازا نەک لە دابەستان
ئەگەر پێشسواری سوارچاکی مە هێندە "قورس و ناوەستان"‏
لە کوێن ئەو پیرە سوارانە کە گۆیا سووک و مامۆستان؟!‏
گەلی ئەو شۆڕەسوارنە تەنانەت گەرچی لاڕێ بن
بەڵام بەس نێ کە شەرمیانە لە دانیشتن، لە ڕاوەستان
بەرەو دەریا دەچێ ڕووبار ئەگەرچی ڕووی لە سەحرا بێ
دەگاتێ گەر بڕوا بێ شک بە دەریای ڕوونی سەربەستان
زەوت نابێ سەگی بەدفەڕ بە حوکمی ئایەتەلکورسی
بە زەبری ئایەتەلگۆپاڵ گەلێ ئاسانە پێ وەستان[8]
کڵاو نانرێتە سەر مێزەر[9]، کڵاویشتان دەنێنە سەر
بە چاو قووچان لە کۆڵتان نابنەوە گاڕانی چاوبەستان
‏"هەتا کەنگێ سیاچاڵی بە سامی دوژمنی زاڵم‏
پڕاوپڕ بێ لە ڕۆڵەی گەل، جمەی بێ وا لە دەسبەستان
هومێدێ بەرمەدەن ڕێگەی خەبات بگرن بڕۆنە پێش
تەماشای خەڵکی تێکۆشەر بە دیکتاتۆری چۆن وەستان"[10]
وەرن بەو سەبرە ئەییوبیە گەلی کورد کاتێ دەوبەخشێ
کە قەهری ئینقلابی بگرن و بەس کەن ئیتر کاری ناحەزتان[11]
چ خۆشە بێنەوە ئێوەش لە ڕێی ڕزگاری با وێکڕا
بە ڕێبواری بژین وەک مە هەوەڵ تا ئاخرین کەستان 

وەک دەڵێن تیغی جەوهەردار لە کالاندا ڕاناوەستێ. مامۆستا هێمن زۆر زوو ڕێگای خۆی دۆزیەوە و نەیهێشت جیابوونەوەی لە حیزب و لە شۆڕش واتای تەسلیمبوون و پشتکردن لە خواستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بەخۆوە بگرێ. بە دامەزراندنی "ئینتشاراتی سەلاحەددینی ئەییوبی"، دەرکردنی گۆڤاری سروە و چاپی ڕێژەیەکی زۆری کتێب و بابەتی ئەدەبی و پەروەردەکردنی کۆمەڵێکی زۆر لە ئەدیبانی کورد، شەپۆلێکی فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڕێخست و بناخەیەکی پتەوی ئەدەبی و فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا. ڕێبواری شاعیریش ئەگەرچی نەکەوتە دۆخێکەوە کە خۆی لەو وڵامە پڕ بە پێستە بەخاوەن بکا بەڵام یەک لەو ئەدیبانە بوو کە زۆر زوو لەنێو پڕۆژە ئەدەبی و فەرهەنگییەکەی هێمندا جێی گرت. وەک خۆی دەڵێ "لە یەکەم ژمارەکانی گۆڤاری مانگانەی سروە ڕا، بە ناردنی بابەت هاوکاری کردوون[12]". مامۆستا ‏‏هێمن هەروەها لە ساڵی١٣٦٣ هەوڵی دا لەڕێی ناوەندی (صلاح الدین ایوبی) ‏چیرۆکە شێعری “آرش کمانگیر”ی بۆ چاپ بکا کە شێعری “سیاوش کسرایی‌”یە و ئەو وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بەڵام بۆی نەگونجا.[13] ‏دەگێڕنەوە مامۆستا کاتێک زانیویەتی ڕێبوار خاوەنی شێعری وڵامدانەوەکەیە، سەبارەت بەو توانایی و ئازایەتییە ماچی کردووە و دەستخۆشانەی پێ گوتووە. ئەم دۆستایەتییە تا کۆچی دوایی مامۆستا هێمن بەردەوام بوو. پاش کۆچی دوایی هێمن، ڕێبوار یەک لەو شاعیرانە بوو کە شینی بۆ گێڕا و شیننامەی بۆ نووسی: ‏

شینی هێمن

چوومە سەیری گوڵزارەکەی، جیلوەی بەهارانی نەبوو
عەتری خۆشی بیرەوەریی، بەرامەی جارانی نەبوو
ئەستێرەکان چاوەرێی بوون، شەوێ دی، بەڵام مانگی ڕووی
دیار نەبوو، دیار بوو خەیاڵی پرسەی شەوارانی نەبوو
چوومە چیا لەویم پرسی، ”فرمێسکی ڕنوو” هاتنە خوار
مات لە سووچێک خۆی هەڵچنی، سامی بنارانی نەبوو
پرسیم لە گوڵ سەر و شوێنی، سووک بەرۆکی خۆی دادڕی
داخی سەر دڵی کەمتر لە ، گشت تازیەدارانی نەبوو
هانام بردە "سروە"، ئەویش خۆڵی رێگای وەسەر خۆ کرد
هەوری ڕەشپۆش هەڵقرچابوو، تنووکێ بارانی نەبوو
تەنیا لە "هەواری خاڵی"ی، خاسەکەوێکی مل بە کوێن
خەمناک قاسپاندی: تاقەتی چۆلیی هەوارانی نەبوو
کوتم ئاخر بۆ دەستی لەو ژیانە شیرینە هەڵگرت؟
کوتی چونکە چاوی دینی، لەرینی گوارانی نەبوو
کوتم وەک هەڵۆی زۆزانان زوو لەو مەلبەندە هەڵفڕی
کوتی پیر بوو، فێری هەوای پێدەشت و ئارانی نەبوو…‏
کوتم تاراندیان؟ یا تۆرا؟ یا مەیلی لەگەڵ مە گۆڕا؟
کوتی تۆرا…دەنا هەرگیز خەیاڵی تارانی نەبوو
کوتم هەزاردەستانی مە، زوو کەوت لە بەند و بەستان
کوتی کەس هیندە تاقەتی مەرگی هەزارانی نەبوو
کوتم چاوەکانی بۆچی، هەمیشە لێڵی ئەسرین بوون؟
کوتی بەرایی بینینی، ئەشکی هەژارانی نەبوو
کوتم بۆ وا هەناسەسارد، سەری خەمینی نایەوە؟
کوتی هێزی بەرەنگاریی، خێڵی پەژارانی نەبوو
کوتی چون شانازی مەرگی وەک سەربەدارانی نەبوو
کوتم ئەوشۆ بە یادی وی، ڕێژنەی ئەسرین دەبارێنین
کوتی بژین، بەهاری وی، قەت هیندە بارانی نەبوو
کوتم:”ئاسۆ ڕوونە” گیانە، پێی بڵێ هەستێ با بڕۆین 
کوتی ئەو ڕۆیی، چاوەڕێی "ڕێبوار" و یارانی نەبوو…‏

 

لە شینگێڕییەکەدا وێڕای بەداخبوون لە مەرگی هێمن، ئەو نیگەرانیانەش ڕەنگیان داوەتەوە کە لە وڵامدانەوە بە شێعری "بەهار هەر دێ"دا هەبوو. لێرەش ڕێبوار وەبیر دێنێتەوە کە هێمن تۆرا ئەگینا هیچکات ئەو ڕێگایەی بەر نەدەدا:

 کوتم تاراندیان؟ یا تۆرا؟ یا مەیلی لەگەڵ مە گۆڕا؟

کوتی تۆرا…دەنا هەرگیز خەیاڵی تارانی نەبوو

لێرەدا ڕێبوار ئاماژە بە تۆران و تارانی مامۆستا هێمن وەک هۆی هەڵبڕانی لە شۆڕش دەکا. "تارانی" دووهم هەم بە واتای تۆران و هەمیش بە واتای تارانی پێتەختی ئێران ‏وەک هێمای دەسەڵات هاتووە. ‏

یان:  

         کوتم بۆچی نەیهێشت شینێک، لەسەر گڵکۆکەی بگێڕین؟

کوتی چون شانازی مەرگی وەک سەربەدارانی نەبوو

ڕێبوار جارێکی دیکە هێمن دەکاتەوە بە شینگێڕی شەهیدان" و شێعری بەناوبانگی "فرمێسکی ڕنوو" وەبیر دێنێتەوە:

کیژ و کوڕ بگرن لە دەوری گۆڕی هێمن ڕەشبەڵەک

من کە شینگێڕی شەهیدانم، لەکوێ شینم دەوێ

هێمن لە سەردەمێکدا کۆچی دوایی کرد کە کوردستان هەروا لە شەڕی خوێناویدا بوو. ڕۆڵەکانی کورد ڕۆژانە بەرەنگارییان دەکرد و شەهید دەبوون. هەمان هەست سەبارەت بە هێمن کە لە بەیتی پێشوودا هەیە، لە بەیتی دواتریشدا ڕەنگی داوەتەوە:

کوتم هەزاردەستانی مە، زوو کەوت لە بەند و بەستان

کوتی کەس هیندە تاقەتی مەرگی هەزارانی نەبوو

 

بە کورتی ڕێبوار لە شینگێڕییەکەی خۆیدا هەوڵی داوە هێمن لەگەڵ کاروانی خەبات، لەگەڵ شۆڕش و شۆڕشگێڕان ئاشت بکاتەوە. بابەتێک کە لە دوا شێعرەکانی هێمنیشدا ڕەنگی دابۆوە:

شەو هەتا ڕۆژێ لەبەر ئێشی لەشم ناڵەم دێ

دێتە گوێم دەنگی گەلۆ و نیوەشەوان من چبکەم؟

 

ئەو ساڵەی کە کاک عەلی مامۆستای قوتابخانەکەمان بوو، بە ڕوانینی منداڵانەی خۆم هەستم بە خەمێک کردبوو کە هەمیشە لەگەڵ مامۆستادایە. گەرچی ئەو هیچکات بۆ ئێمەی قوتابی لەو خەمە نەدوا و هیچی لەو بارەوە نەگوت، بە درێژایی ئەو ساڵە بە جلی ڕەشەوە دەرکەوت و هەمیشە ڕەشپۆش بوو. تووڕە نەبوو بەڵام قەتیش بزەم لەسەر لێوی نەدی. گەرچی ‏کراسە ڕەش و تەنکە ڕیشەکەی لێک دەکاڵانەوە و ڕوانینی منداڵانەی من هیچکات گرژی لە ڕووخساری ئەودا ‏بەدی نەکرد، ساڵانی دواتر زۆر جار بیرم لە هۆکاری ئەو ڕەشپۆشیەی مامۆستا دەکردەوە. نەدەکرا خەمی لە دەستچوونی ئازیزێک لە پشت ئەو خەم و ڕەشپۆشینە نەبێ. ئاخۆ مامۆستا خەمێکی تایبەتیی هەبوو یان خەمی "ئەو هەزارانە"ی ڕۆژانە وەک گەڵای داران دەوەرین؟! بێگومان هەمووی ئەو خەمانە لە سەر هەستی شاعیرانەی مامۆستا شوێنیان داناوە بەڵام دواتر زانیم کە ئەو برای شەهید سمایل سمایلزادەشە. لە شێعرێکدا کە پێم وابوو بۆ ئەوی نووسیوە، وەک نەمامێک کە پێشکەش بە نیشتمان کرابێ، دەیلاوێنێتەوە:

   نەمام

شەهید سمایل ئیسماعیلزادە

نەمامێکم پێ ئەسپاردووی تاقانه

بەژنی ڕێکی ئاڵای ئەم دارستانه

چڕۆی هەزار ئاواتی بەرز و پیرۆز

له بەژنیدا هەڵی‌بەستبوو هێلانه

‏*‏

دامنابوو تا بۆ بەهاری پشکووتن

داری بەری باغی ساوای دێبەر بێ

نەمدەزانی زریانی کارەساتێک

ناهێڵێ باڵی سەوزی ویم سێبەر بێ

‏*‏

ئەی خاکی بۆ جوانه‌مه‌رگی ئەمجارەم

خوشەویست‌تر له دایکی زگسووتاوی

بیپارێزه وەک(وو) یادگارێکی سوور

گوڵپەڕی تەرمی به ئەسرین شۆراوی

‏*‏

به هەزار ئارەزووی کەسک و سوورەوه

بۆ تا ئەبەد به باوه‌شتی دەسپێرم

دانیشتووم و به تەسبیحی فرمێسکان

گوڵخونچه هەڵوەریوەکان دەبژێرم

‏*‏

هەڵدەستم تا ژانی داغێکی تازه

بەرمەوه بۆ داغستانی دەروونم

دەڕۆمەوه تا رووحی سەرگەردانم

گوڕەوشار دەم له نێو جەستەی زەبوونم

‏*‏

له پشت سەرم له سەر گۆڕێکی تازه

شەماڵ تارایەکی سوور رادەژێنێ ‏

بەرامبەرم له ناخی تاریکاندا

کاروانکوژه بەردەوام ده‌جریوێنی

‏*‏

له ئاواییدا هەست به هەستان دەکەم

کازیوەیه و چرا هەڵدەدرێنەوه

رێبوارانی وەک من شەونخوونی کێش ‏

تاک و تەرا له شەواوێ دێنەوه

 

‏شەهید سمایل ئیسماعیل زادە ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٦٠ واتە چەند مانگێک بەر لە هاتنی مامۆستا بۆ گوندەکەمان، لە شاری مەهاباد شەهید بوو. لە شێعرێکی دیکە کە لەو ساڵڕۆژەدا بڵاوی کردەوە، ڕاستەوخۆ یادی کردەوە و نووسی: "ساڵیادی کۆچی سووری شۆڕەسواری خۆشەویستمان "سمایل سمایلزادە"یە. ‏سی و پێنج سالی رەبەق...ئەو شێعرەم لەدوازدە ساڵەی کۆچیدا نووسی:

 

لە بەردەڵانی مەترسی و نەهاتی دا

سواری کەوتووم

ئەسپێکی تۆڕ هەڵیداشتووم

بێ بەزەیی، ڕامدەکێشێ و تاڵی گڵۆڵەی تەمەنم دەکاتەوە

بۆ گۆڕستانی خامۆشی رابردووی تاریک و دوورم

دەباتەوە

‏      *      *      *‏

بە وارشەکەی دەگیرسێمەوە و لە تەم دا

تارمایی تەرمێک دەبینم

ئەسپە تۆڕە لە ژوور سەری راوەستاوە ‏

بە ئەمەگەوە بۆن بە دەستێوە دەکا و

غەریب، دەکۆرێنێ

یاڵ و بژی دە گۆمی خوێن دەگەوزێنێ...؟

تاپۆیەک دەگاتە سەریان،ڕادەمێنێ

هەنیەی تەرمەکە ماچ دەکا و

جڵەوی لە دەست دەردێنێ

سوار دەبێ و ئاوزەنگی دەکوتێ

بەرەو نێرینەی تەم داژوێ

ئەسپە تۆڕە ڕکێف دەدا و

سوار دەفڕێنێ...؟

‏     *    *    *‏

بە شەکەتی دەچمە سەر تەرمی بەجێماو:‏

تۆ دەبینم

پاڵت وە کێلێکی داوە ونیگای چاوە گەشەکانت

شوێنی تاپۆی سوار دەگێڕن

‏...کە دێنەوە جووتێک کۆتری ئاشنان و‏

‏...لە برینی سینەم دا هێلانە دەکەن‏

باوەشیان پێدا دەگرم و

بەو ڕێگایەی،یەکەم جار پێیدا رۆییشتی

دەیانبەمەوە ئەو شارەی

دەرگای هەموو ماڵەکانی،بە باڵای سواران داندراوە

هەر سەردەرانەی تەوارێک هەڵکورماوە

جەرگی بە کوچکێوە ناوە...؟

دەیانبەمەوە ئەو شارەی

کۆڵانی بێ بڕانەوەی شریتێکە و

قاسپەی کەوەی گەروو ماری

لە سەری تۆمار کراوە.‏

رێبواری شەقامەکانی

یادگاری کۆچیان لە سەر

،دار و دیوار هەڵدەکەنن

دانیشتووانی ماڵەکانی

‏ شۆڕابەی فرمێسکی سووریان رایەڵ کردووە و

کری مافوورەی تەمەنیان

رەش دەتەنن.‏

کۆترەکان تارایەکی تەڕ،

بە سەر وڵاتا دەکێشن.‏

هەڵدەفڕن و روو دەکەنەوە ئەو رێیەی

دەیان جار پێیدا هاتیەوە...‏

‏      *  *  *‏

پێش من دەگەنەوە سەرت:‏

پاڵت وە کێڵەکە داوە و

چاوەکانت

ملوانکەیەکیان لە موورووی سوور و شین باو

بۆ گەردنی زەردی زەلیلم

هۆندۆتەوە...‏

دەبوورێمەوە و هەست دەکەم

مەلێکی زامار و ماندووم

باڵت بە سەر دا کێشاوم و برێنانم تیمار دەکەی.‏

‏ لاواندنەوەت پەنجەیەکە و

لێفە لە سەر هەتیوی کز و بێ نازی

سێبووریم هەڵدەداتەوە

گریمانەی خەمی کۆنم دەکاتەوە.‏

کۆڵ دەمگرێ وفرمێسکم تۆزی غەریبی

لە روخسارت دەشواتەوە...‏

دەبووژێمەوە و دەبینم

لە تەنیایی و بێ کەسیم دا

رێبوارێکی دۆش داماوم.‏

وەک پەپوولەی باران دیتوو

لە بەر بەرۆچکەی یادی تۆ

خۆم هەڵخستووە

لە گۆڕستان

دەستەو ئەستۆی کێلێکی ڕەشی شکاوم.‏

دوازدە خەزەلۆەر لە کۆچت تێپەڕیوە و

‏ لە هەواری خاڵی یادت

سواری کەوتووم...‏

هەڵدەستمەوەو بەو رێگایەی

دوا جار لە سەر شانان بڕیت،

روو دەکەمەوە ئەو شارەی

رێبوارانی شەقامەکانی

مافوورەیان بە شانیەوە و

لە ئاوی زمزم دەگەڕێن...‏

 

ساڵی ١٣٧٥ کە بۆ وتنەوەی وانە ڕەوانەی فێرگەی حیزب کرابووم، جارێکی دیکە تووشی ناوی مامۆستا و شێعرێکی دیکەی بوومەوە. هونەرمەندی بەناوبانگ تاهیری خەلیلی خەریکی کار لەسەر گۆرانییەک بوو. گوتی شێعرەکەی هی شاعیرێکی مەهابادی بەناوی ڕێبوارە. زۆر بە حەز و خولیاوە شێعرەکەی پاراستبوو و بە وردی کاری لەسەر دەکرد. جارێک بە تایبەتی بۆی خوێندمەوە و دیار بوو زۆر وەبەر دڵی کەوتبوو. گەرچی بەلامەوە شێعرێکی جوان بوو بەڵام لە دڵی خۆمدا پێم خۆش نەبوو مامۆستا کەوتبێتە دۆخێکی هیندە بێ نازەوە کە شێعری ئاوا ناهومێدانەی نووسیبێ. شێعرێک کە نەک هەر لە ناخی دڵی هونەرمەند تاهیر خەلیلی دەدوا بەڵکو داخی دڵی زۆرێک لە هونەرمەندانی بێ ناز و بێ ئەنوای نەتەوەکەمانی دەربڕیوە. لەبەر ئەوەش زۆر هونەرمەند و گۆرانیبێژ بە ئاوازی وەکیەک یان جیاواز وتوویانەتەوە:

کە مردم شین و گریانت بە من چی؟
لە سەر مەیتم لە خۆ دانت بە من چی؟
کە نەتهێشت بەی لە باغی سینە بڕنم
ڕنینی روومەتی جوانت بە من چی؟
لە شانت دام،لە شانم گەر نەدەی شان
‏... کە مردم تەرمی سەر شانت بە من چی؟‏
بهێــــڵە سەر وە کێــلی گەردنت کەم
ئەگینا سەر لە کێــــل دانت بە من چی؟
بەرۆکت دامەخە ئێـــستا ئـــەگیـــنا
بەرۆک دادڕانی قەبرانــت بە من چی؟
بە زیندویی بە باللــۆرەم نـەدوێــنی
کە مردم خەتمی قورئانـت بە من چی؟
کە رێــبوارت نەگــرتە سێــبەری خۆت 
«سەفای بەردەرک و هەیوانت بە من چی؟‏

 

مامۆستا لە هاوینی ٢٠١٠ سەردانی دەرەوەی وڵاتی کرد و هاتە وڵاتی فینلاندیش. بەداخەوە من دواتر و لە ڕووی وێنەکانی لەگەڵ دۆستان و وتووێژێک کە ڕادیۆی زایەڵە بڵاوی کردەوە، زانیم تەشریفی هاتووە و نەمتوانیوە لە خزمەتیدا بم. درەنگتر لە فەیسبووک یەکترمان دۆزیەوە و زۆر زوو ناسیمیەوە. دوو وێنەی سەردەمی مامۆستایەتیی خۆی و قوتابێتیی ئێمەی لەلای خۆی ڕاگرتبوو و بۆی ناردم. گەرچی وێنەکان سەردەمی هەژاری و بێدەرەتانی وەبیر دەهێنامەوە بەڵام یادگارییەکی بەنرخ بوون. مامۆستا ساڵی هەڵگرتنەوەی وێنەکان و ناوی یەکبەیەکی قوتابییەکانیشی نووسیبوو. ئەو سەروبەند لە ڕۆژهەڵات تایمزدا کارم دەکرد و مامۆستا نێوە نێوە شێعریشی بۆ دەناردم تا لە ماڵپەڕەکەدا بڵاویان بکەمەوە. یەک لە جوانترین شێعرەکانی، شێعرێک بوو کە دوای ڕاپەڕین و لەسەرەتای ئازادبوونی باشووری کوردستان‌دا ڕوو بە دەسەڵاتدارانی ئەو پارچە تازە ئازادکراوەی کوردستان نووسیبووی. بۆی نووسیبووم: "تاهیر گیان ئەو غەزەلە  ٢٠/٤/١٣٧١ دامنا تا دەنگمان بە پارلمانی کورد بگەیەنێ. نێوی ‏‏‏''سیاوەش''ه. هەر ئەودەم بە دەستی ناردم نازانم گەیی یان نا؟ پاشان بڵاوم نەکردۆتەوە."

منیش نازانم شێعرەکەی مامۆستا بە دەست بەڕێوەبەرانی باشووری کوردستان گەیی یان نا بەڵام دڵنیام پەیامەکەی بە گوێیان نەگەیی. چونکە نەک یادیان لەو شۆڕە سوارانە نەکرد کە "لە کوێستانان هەمیسان ئەسپی خۆیان داژوت" بەڵکو بە درێژایی چارەگە سەدەی ڕابردوو گەلێک نەهامەتی و کارەساتیان بەسەردا هێنان و بێ لوتفییان لەگەڵ کردن. مامۆستا لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ نووسیبووم کە "بە تۆی ‏‏دەسپێرم" و ئەوە منیش لەم فایلەدا جارێکی دیکە بڵاوی دەکەمەوە:

 
         سیاوەش
‏ لە ماڵی ئێوە شایی بۆیە دەلوێ
شەپۆڕی شینی ئێمەو نایەتە گوێ
لە ئەسپی کامەرانیتان سوارن
خودا نەیکا کە پێشەنگوو هەڵەنگوێ
رکێف دەکوتن لە رێگەی خۆشکراوا
بەرەو رەشماڵی تازە و خێوەتی جوێ
لە تەختی دۆڵێ دا چووکمان دەبینن
کە سەر کەوتن لە رژدان گەینە سەر سوێ
مەگەر نەودی لە سەر رێبازی پیرۆز
لە ریزی پێشێ پێشەنگی مە دەنگوێ؟
گوڵی عومری سیاوەشمان بە فیڕۆ
لە سەر تەشتی خەیانەت چۆن دەپروێ؟
مەگەر نەودیوە پاشی گۆڕغەریبان
لە پووشپەڕدا گەلاوێژی مە دەنگوێ؟
مەگەر نەودیوە داسی مێرگ و جاڕان
هەتا تیژتر بێ گوڵ سوورتر دەپشکوێ
ئەوا خێڵوو حەساوە مزڵوو دیارە
لە بیروو بێ لە کوێوە گەیونە کوێ
بە کەم مەگرن لە لامان پڕ شکۆیە
مبارەک بێ لە شانوو شەوکەتی نوێ
لە بن هەر گوێیێ لێوێکە و بە شادی
لە دەسکەوتی خەباتی ئێوە دەدوێ
لە گۆوەندی برادا هەر برایە
لە پێش خەڵکێوە شان و پیل دەهەنوێ
لە کوێستانان هەمیسان ئەسپی داژوێ
بە جێ ماوە لە دۆڵێکی بە ساما
کەچی کۆڵ نادا شیر و تیری دەسوێ
دەسەلمێنێ لە قۆناغێکی ئەستەم
تەلانیش سەنگەرە و پێویستە نەبزوێ
هەتا مێلاقە تەمسیلی شەهیدە 
لە کام جێ ڕژدە ڕیشاژۆیە دەڕوێ

 

شەڕی ئێران – ئێراق گەلێک نەهامەتی بەسەر دانیشتوانی دوو وڵاتدا هێنا و ماڵوێرانیی زۆری ‏لێ کەوتەوە. لەم نێوەدا گەلی کوردیش خەساری زۆری وێکەوت. لە کۆتاییشدا هەردوو لا ناچار بوون ‏بێ دەسکەوت، شەڕ ڕابگرن. مامۆستا شێعری "هەڵگرنەوە"ی لەو پێوەندیەدا وتووە و نووسیبووی؛ ‏شێعرێک وه‌ک دیاری سالی 1367 دامناوه. ‏ئەم شێعره بۆ دۆڕاوەکانی شەڕی ئێران و ئێراق دانرا. ‏وشەی مێلاقە تێیدا تەمسیلی قوربانییەکانی شەڕە:‏

 

هەڵگرنەوه

باغی نەگبەت بەری هێنا

ئەو هەزاران نەونەمامەی

له دەشتی زێدەخوازیتاندا

نێژراون

چڕۆی حەسرەتیان دەرکردووه

باغەوانه پیرەکانتان با دانیشن

با وەحەسێن

له سێبەری داری کرمۆڵی بریایه

باوەشێنی خویان بکەن

به چەپکه گوڵه مێلاقە-و

راوێژ بکەن: ئەو داره بۆ بەری نایه؟؟

 

شێعرەکانی مامۆستا ڕێبوار بەردەوام لەگەڵ ڕووداوەکاندا هاتوون و لە هەناوی ئەو کارەساتانەوە دەرکەوتوون کە بەسەر نەتەوەکەیدا هاتووە گەرچی زۆریان بە هۆی نالەباریی بارودۆخ، تەنیا لە ڕووی کات و ساڵی نووسین و ئەو ئاماژانەی لە نێوەرۆکی شێعرەکاندا هەن، بۆنە و مەبەستیان بۆ خوێنەر ڕوون دەبێتەوە:

 

       کۆتری سپی

کۆتری سپی دیتت بە بالی ئاشتی

بەرەو ئاسۆی ئامانج فڕین دژوارە؟ ‏

دیتت سیرەی چاوی ئەم پەتیارەیە

جاسووسگری دڕندێکی لاسارە؟

 

کۆتری سپی دیتت لێرە متمانە

هێلانەیەک لە بەر دەمی مارانە؟

دیتت کۆشکی ئاشتیخوازی لە شەڕدا

گۆرستانی ئارەزووی هەژارانە؟

 

کۆتری سپی دیتت بەڵگەی ئازادی

کەس لە دەستی پاسەوانان ناستێنێ؟

دیتت مۆری سەلماندن بە ناچاریش

پشتی ئێمە و بالی تۆ چۆن دەشکێنێ؟

 

کۆتری سپی تۆ دلی کوردستان بووی

هەتا ژیای قەت نەسرەوتی لە لێدان

خوێنی خەباتێکی رەوات دەگێرا

دەمار بە دەماری چەند ملیۆن کوردی ئێران

 

کۆتری سپی دووپاتەی ئەزموونێک بووی

بیرەوەری تالترین قۆناغی مێژوومان

دیتت چلۆن داهاتوویەک ساز دەکا

چاوپۆشی لە ئەزموونی رابردوومان

 

باڵی ئەتۆ دەستی ئەو میللەتە بوو

شار بە شار دەیگێڕا مەنشووری ئاشتی

ئێستا لە سەرینی غەریبی سوورت

کۆتری سپی ئاشتیمان دەگەڵ ناشتی

 

بەلام کۆتری سپی بێ تۆش هەر دەرۆین

ئەگەرچی رێگامان دژوار و دوورە

زامی قووڵت لەسەر بەرگی خوێناویت

پێناسەی مەزلوومییەتمان بە مۆری سوورە...‏

٢٨/٣/١٣٦٨[14]  

 

ئەو شێعرەی خوارەوەش وێدەچێ لە ڕاستای هەمان نێوەرۆکی ئەو شێعرەی سەرەوەدا نووسرابێ کە ڕۆژی ١٣ی ٧ی ٢٠١٥ لە فەیسبووکی خۆی ‏بڵاوی کردەوە:

دوو دە و دوو شەو...‏

‏ دوو دە و دوو شەو

لە هاوینێکی گڕ بار و

دوو دە و دوو سێ

لە هاوینانی  وەرینی

‏              گوڵخەندەران...‏

دوو هەزار کێلی نەنووسراو ‏

لە تاراوگە و

دوو، دووی غەریب

‏           لە هەندەران...‏

ئەوشۆ دیسان شاعیرێکی سەرگەردانی

‏                سەرسنووری تاریک و ڕوون،

لەمپەری نادیاری شکاند.‏

گەلاوێژی بە تیری نەبەدی ئەنگاوت ‏

‏ سۆمای  لە چاوی تەڕی خۆی ترساند...‏

ئەوشۆ شاعیری کەس نەبووم

نم نم خەفەتم خواردەوە و ‏

هون هون

فرمێسکم هەڵوەراند...‏ ‏

 

"دوو دە" جۆرە حیساباتێکی لەمێژینەیە لەنێو کورددا کە مەبەست ژمارەی بیستە و لەگەڵ "دوو شەو" دەبێتە ٢٢ی پووشپەڕ. "دوو دە و دوو سێ" دەبێتە ٢٦ کە تێپەڕینی ٢٦ ساڵ بەسەر ئەو ٢٢ی پووشپەڕەی ڕێبەری هەرگیز نەمرمانی تێدا تیرۆر کرا.

 

یەک لەو ڕووداوە ناخۆشانەی کە مامۆستاش وەک هەر دڵسۆزێک پێی نیگەران و بێزار بوو، لەتبوونی حیزبی دێموکرات و ئەو ناکۆکیانە بوو کە ڕۆژانە لەنێوان دوو لایەندا دەهاتە ئاراوە. مامۆستا لە چەند شێعردا بێزاریی خۆی لەو دۆخە دەردەبڕی:

 

   ڕەخنە [15]

بە کام ڕوو بچمە چوارچرا...؟

دڵ بە کێ خۆش کەم نازەنین

شاسوارەکانمان پێکاون

سوارچاکەکان دوورەپەرێز و تاراون

چوکەڵەسوار

لە خوانی زین دابەزیون

بەرانبەر یەک دامەزراون...‏

نەماوە باوی کۆچی سوور

نایەتەوە خێڵ بەرەو ژوور

جانبێزار ژەنگیان هەڵێنا و

دەبان دە کالاندا ڕزین...‏

بە کام ڕوو بچمە چوارچرا

چلچرای، شەوارەم دەکەن

حەفتا شەمم کووژاندەوە و

‏      چرایەکم پێ هەڵنەکرا

بە کام ڕوو بچمە چوارچرا

شێرە بەردینەکانی پێم پێدەکەنن...‏

‏٢٠١٦ لە فەیسبووکی خۆی، وا دیارە دژ بە دوولەتیی حیزب نووسراوە

 

    چراگێڕان...‏

چراگێڕانی ڕۆژی ڕەش

نانیان دە تاریکی دایە

مانیان بە شۆقی چرایە

پێت وانەبێ هەر کەس چرات بۆ ڕادێرێ

بەرەو ئاسۆی ڕوونت دەبا و ‏

جێی بڕوایە...‏

هەڵۆکان،تەوارەکانمان

گەرچی هۆگری ڕووناکین

کۆڵەواری شۆقی چران

شەوارە دەبن و تەمەنێک

دە سەر چرایەک دەگەڕێن،

نازانن کێی لە پشتایە

هەڵۆیانە دەورەی دەگرن

داخەکەم کۆترانە دەمرن...‏

چراگێڕانی ڕۆژی ڕەش

چاویان بە یەکتر هەڵنایە

پەل ببزێون

سێبەری یەکتر دەنگێون

‏٤/٤/١٣٩٤‏

 

ئەم ناکۆکیانە تەنانەت تا ئاستی دڵ لێ هەڵکەندن مامۆستایان ئازار دا. لە شێعرێکی دیکەدا ئەوپەڕی بێزاریی خۆی لەو دۆخە دەردەبڕێ:

 

        هات و نەهات

وەک مەلەوانێکی ماندوو و هیوابڕاو

‏                          بەجێت دێڵم

وەک بەلەمێکی سەرگەردان

بە شەپۆلانت دەسپێرم...‏

ئێستا ئیدی

نە، بوونت بە هیند دەگرم و

‏                 نە نەبوونت، بە کارەسات

وەک هەناسەم

‏           لە دەستەڵاتم بەدەری

گرنگیش نییە ‏

‏          هات و نەهات...‏

‏٢٠١٦ لە فەیسبووکی خۆی

 

دوا جار بە خۆشییەوە پەیامی یەکگرتنخوازان سەر کەوت و حیزبەکە کەوتەوە سەر یەک ‏گەرچی ئەو شێعرانە وەک بگێڕەوەی قۆناغێک لە مێژووی حیزب و لە هەڵەیەک کە لە مێژووی ئەو حیزبە و تێکۆشانی کوردی ڕۆژهەڵاتدا هاتە ئاراوە، هەر دەمێننەوە. ‏

 

یەک لە دوایین شێعرەکانی مامۆستا لە بەهاری ٢٠٢٣دا بە دوای هاژەکبارانی قەڵای دێموکرات، لە فەیسبووکی خۆیدا بڵاوی کردەوە. لەو هێرشەدا کۆمەڵێک لە پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵات شەهیدبوون کە یەکیان هاجەر زەرگە بوو. شەهید هاجەر ژنخوشکی ‏مامۆستا بوو و ڕۆژی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهیدبوونەکە بۆی نووسیبوو:‏

"ماڵاوا خوشکی دڵسۆز دادە هاجەر زەرگە، دوای تەمەنێک خزمەتی کوردایەتی حەیف بوو ئاسایی بمری. تۆ هەر لێت جوان بوو شەهید بی. ئارام بنوو. چیتر نەماوە بۆ ترسان."

 

ڕۆژی دواتریش ئەو شێعرە بەسۆزە:

          لە سووچی پەنجەرەی شینا...‏

بە جێت هێشتم لە گۆرێکا کە مەرگیش دەستەبەر نابێ

وەهات پێکام کە هیچ تیرێک  ، ئەوەندە کاریگەر نابێ

لە پرسەمدا چیای مەغڵووبە حازر بێ، هەرەس دێنێ

ئەگەر عەبدولعەزیزی داسنیش بێ، تێر چەمەر نابێ

لە بەردی ئەلحەدی ئەم کارەساتە سەر نەدەم چبکەم؟

ئەتۆش چێشتووتە، کۆچی نابەدڵ بێ دەردی سەر نابێ

ئەوەندەت هۆگرم هەرگیز بەقا ناکەم بە کۆچی تۆ

چلۆن بێ من دەڕۆی؟ بەینی من و تۆ بۆ سەفەر نابێ

دەرۆی و دەم بە دەم ڵێڵ تر کەژاوەت دێتە بەر چاوم

لە توێی فرمێسکی سوێرا، بیچمی شیرین بۆ هەتەر نابێ

لە گۆڕەوشاری نێو ئەم تەرمە خاکینە نەجاتم دەن

رەفیقان زامی ئەو کۆستە گرانە، چارەسەر نابێ

لە سووچی پەنجەرەی شینا، بەهاری شوومی خۆم بینی

دڵم سەد هیندی دیکانەش بلەرزێ، بەرکەسەر نابێ

                            ***

 

بەرهەمەکانی مامۆستا ڕێبوار لەوە زۆر زیاتر و بەنرخترن کە بکرێ لە چوارچێوەی بابەتێکی ئاوادا بناسێندرێن. مامۆستا هەم لە نووسین و هەمیش لە شێعردا قەڵەمێکی ناسراو و ڕەوانە کە ناساندنیان نە لە تاقەتی ئەم بابەتەدایە و نە لە توانایی مندا. ئەوەی کە نووسیم، زیاتر ڕێز و وەفایەکە بۆ ئەو مامۆستا پایەبەرزەم بۆ ئەوەی چیدی ئەو خۆشەویستی و وەفایە لە دڵی خۆمدا ڕانەگرم. گەلێک بابەت و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و مێژوویی سەرنجڕاکێشی وەک لێکۆڵینەوە لە ژیان و خەباتی خولەپیزە، "چەواشەبوونی بەیتی سەیدەوان" و گۆرانیی بەهاران چ مەحزوون" نووسیوە کە بەپێچەوانەی شێعرەکانی، لە گۆڤارەکانی سروە و مەهاباد و هتد..دا بڵاوی کردوونەوە. مامۆستا هاوکات تەنزنووسێکی گفت و لفت شیرینیشە و لە کەسایەتیی "شەندە"دا ئاشنا و ناسیاوی خوێنەرانە، لێ زیاتر وەک شاعیر ناسراوە و پڕکارترین بەشی کارە ئەدەبییەکانیشی هەر لە بواری شێعردایە. بەو جۆرەی لە شێوە و ناوەرۆکی شێعرەکانی دەردەکەوێ، مامۆستا لە هەردوو فۆرمی کلاسیک و ‏نوێدا شێعری بەرز و هەرمانی هەیە بەڵام من شێعرە کلاسیکەکانیم زیاتر لە دڵ دەنیشن. شێعرەکانی بە ‏گشتی ناوەرۆکی سیاسی و ئەویندارانەیان هەیە. خەم، تاسە و نیگەرانی لە زۆربەیاندا ڕەنگی داوەتەوە کە بێگومان هەڵقوڵاوی ژیانی ‏شاعیر و ئەو ژینگە ئاڵۆز و بە مەترسییەیە کە تێیدا ژیاوە و دەژی. ئەو، شێعری نەک بۆ بڵاوکردنەوە بەڵکو بۆ دڵی خۆی نووسیوە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە شێعرەکانی هەڵوێستن. گەرچی کەمترین شێعری لە گۆڤار و ڕۆژنامە یان لە توێی کتێبدا بڵاو کردۆتەوە بەڵام لەگەڵ ‏ڕووداوەکاندا هاتووە و لە شایی و شینی نەتەوەکەیدا بەشدار بووە.‏ بەهۆی ژیان و مانەوەی لە گوندەکان، خوێنەر بە خوێندنەوەی شێعر و بابەتەکانی دیکەی مامۆستا ڕێبوار، لەگەڵ زمانێکی ڕەوان، بێ گرێ و خۆماڵی بەرەوڕوو دەبێ.  

 

 

 

 

 

 

 

مامۆستا ڕێبوار بە قەڵەمی کاک وریا ماملێ لە ماڵپەڕی ماملێ‌دا:

هێژا کاک علی ئیسماعیل زادە “ڕێبوار”، لە ساڵی ١٩٦١/١٣٤٠ لە مەهاباد چاوی بە دوونیا هەڵێنا. پاش تەواوکردنی قۆناغەکانی سەرەتایی و وەرگرتنی دیپڵۆم بۆ ماوەی سی ساڵان لە گوندەکانی دەور و پشتی مەهاباد، وەک مامۆستای خوێندنگا خزمەتی کردووە. هاوکات پلەکانی خوێندنی باڵای درێژە پێداوە و بڕوانامەی لیسانسی زمان و ئەدەبیاتی فارسی لە ساڵی ١٣٧٦وەرگرتووە و لە ساڵی ١٣٨٧ دا خانەنشین کراوە. وەک خۆی ئاماژەی پێدەکا ، خزمەت کردن لە گوندەکان و خوێندن لە زانکۆ، دوو هۆی سەرەکی بوون لە گەشە کردنی زمانی ئەدەبیی و ڕەوانبێژی لە نووسینەکانیدا. دەستپێکی کاری ئەدەبیی “رێبوار” دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٣٥٧، لە کاتێکدا کە بە شێعر، ڕەوی گرتووە بەڵام لە درێژایی تەمەنی ئەدەبی خۆیدا، کەمتر شێعری هۆنیوەتەوە. وەک خۆی باس دەکا ، حەزی لێ نەبوو تا زمانی شێعری پووختە تر نەبێ بناسرێ، بۆیە تا چەند ساڵان جگە لە چەند هاوڕێی نیزیک، کەس نەیدەزانی “ڕێبوار” کێێە. لە یەکەم ژمارەکانی گۆڤاری مانگانەی سروە ڕا، بە ناردنی بابەت هاوکاری کردوون. لە ساڵی١٣٦٣ چیرۆکە شێعری “آرش کمانگیر”ی “سیاوش کسرایی” وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. مامۆستا “هێمن” هەوڵی دا لە ناوەندی (صلاح الدین ایوبی) بۆ چاپ بکات، بەڵام بۆی نەگوونجا. بەشێک لە هۆنراوەکانی مامۆستا ڕێبوار لە گۆڤاری “سروە” و “مەهاباد” دا و بەشێکی تریش تاک و تەرا، لە باشوور چاپ کراون. لە یەکەم ژمارەی گۆڤاری مەهاباد ڕا هاوکار و ئەندامی دەستەی نووسەران بووە و هەنووکەش ئەم هاوکارییە بەردەوامە. هەرچەند لە دە ساڵی ڕابردوودا کەمتر شێعر لە مامۆستا ڕێبوار بینراوە، بەڵام لە داڕشتنی شێعر دا وەک یەک لە ڕۆستی شێعری کلاسیک و نوێ دا دێتەوە و بە تەنیا خۆ بە وەزن و شێوە دارشتنی کۆن یا نوێ نابەستێتەوە. تا ئێستا هیچ بەرهەمێکی رێبوار وەک کتێب چاپ نەکراوە، بەڵام کۆی هۆنراوەکانی لە ژێر ناوی”ڕۆژێکی ون”، لە قەوارەی کتێبدا ئامادەی چاپە. ئێستا زۆرترین کاتی خۆی بۆ لیکۆڵینەوە لە سەر ژیان، بەرهەم و شێوازی شێعری شاعیرانی موکریان تەرخان کردووە. بەڕێزیان کە لە نووسینی بابەتی(تەنز) یشدا چالاکی هەیە و لە یەکەم ژمارەی گۆڤاری مەهاباد ڕا نووسەری بەشی (تەنز)ی ئەم گۆڤارە بووە بە ناوی”چەقەخانە”.

 

ئەم دەسخەتەم لە هاوڕێم شۆڕش ئەمینی وەرگرت و پێم باش بوو وەک نموونەیەکی دیکە لە شێعر، دەستنووس و ئیمزای مامۆستا، پەیوەست بە بابەتەکە بێ.  

·     ئەم بابەتە ساڵی ٢٠٢٣ وەک وەفایەک بۆ مامۆستا ڕێبواری شاعیر نووسراوە

·     بابەتەکە بۆ بڵاو کردنەوە نییە و تەنیا لە دەست هێندێک لە دۆستاندا هەیە

·     وێنەی یەکەم و بەشێک لە شێعرەکانی ئەم بابەتە لە ئینترنێت و لە فەیسبووکی شاعیر وەرگیراون غەمخۆری ماڵ و مناڵ و دڵسووتاوی نیشتمان

 



[1] - ئەوەندەی لەبیرم بێ ناسناوی ئیبراهیم‌زادە بوو بەڵام لە ماڵپەڕەکانی پێوەندیدار بە تۆمارکردنی ناوی شەهیدانی حیزبدا بە "ئیبراهیمی" و "سۆفیزادە" تۆمار کراوە. گومانی بەهێزم ئەوەیە کە ئەو سۆفییە زیاتر پێوەندی بە سۆفی برایمی باوکییەوە هەیە نەک ناسناوی نێو سجیل و پێناسەی فەرمی.

[2] - بڕوانە کتێبی "لە خزمەتی ئەدەب و لە پێناوی ڕاستیدا" (لەبارەی ژیان و شێعر و خەباتی هێمنەوە) – عوسمان دەشتی

[3] - بۆخۆم دەقی شێعرەکەم نەمابوو و سپاس بۆ هاوڕێم کاک شوانە ڕزگەیی کە لوتفی کرد و شێعرەکەی، کە بە دەسخەت لای خۆی پاراستبوو، پێدام

[4] - ئاماژە بەو دەنگۆیەیە کە گۆیا مامۆستا هێمن لەکاتی ئیمزای بەیاننامەی پێڕەوانی کۆنگرەی چواردا (تاقمی حەوت کەسی) سەرخۆش بووە و بە مەستی ئیمزای کردووە.

[5] - ئاماژە بەو زیزبوون و تووڕەیی‌یەیە کە مامۆستا هێمن لە ڕێبەرانی حیزب بە تایبەت لە دوکتور قاسملوو و مامۆستا عەبدوڵڵآ حەسەن‌زادە هەیبوو

[6] - ئاماژە بۆ بێ کردەوەیی هێمن و هاوڕێکانی دوای جیابوونەوە لە حیزبە

[7] - هەمان ئاماژە کە لە بەیتی پێشوودا هاتووە

[8] - ئاماژە بە شێعرێکی مامۆستا هەژارە:

بۆ سەفەر ئەچوو مەلای مەزموورە

دەشیگوت ڕێگام گوندێکی دوورە

ژنەکەی وتی ئایەتەل کورسی

بۆ تۆ زۆر باشە لە سەگ دەترسی

ئەگەر بۆت هاتن بۆیان بخوێنە

گوتی: عافرەتێ بەسم بدوێنە

سەگەلی لادێ نەخوێندەوارە

لە قورعان ناگا چارە هەر دارە

سوورەی گۆپاڵیان لەسەر دەخوێنم

ئەگەر تێم نەگەن دەمیان دەشکێنم

[9] - ئاماژە بە حوکمی مەلا و ئایەتوڵڵاکان لە تاران

[10] ئەم دوو بەیتە لە شێعرەکەی مامۆستا هێمن وەرگیراون

[11] - ئەو بەیتە وەزنەکەی بڕێک لەنگە و قافیەشی ڕێک نییە. گومان دەکرێ بەشێک لەو شێعرە نەبێ کە شاعیر نووسیویەتی.

[12] - بڕوانە ئەو کورتە ناساندنەی وریا ماملێ کە لە ماڵپەڕی ماملێدا بڵاو کراوەتەوە

[14] - ‏(گومان دەکەم بە هەڵە یان بۆ شوێنەونکە کاتی نووسینەکەی مانگێک گەڕێندراوەتەوە)‏

[15] شێعرەکە بە بێ ناو بڵاو کراوەتەوە و من ئەو ناوەم بۆ دانا (تاهیر)

 



۱۲/۱۵/۱۴۰۲

میری نەورۆزی

یەکێک لە دابە نەورۆزییەکانی دانیشتوانی بەرزاییەکانی زاگرۆس و دەوروبەر، وەڕێخستنی یاریی میرمیرێنە کە ساڵانە لە بەرەبەری نەورۆزدا لە شار و ئاواییەکان بەڕێوە دەچوو. یارییەکە ئەگەرچی ئێستا لەنێو خەڵکدا کاڵ بۆتەوە و بە دەگمەن شوێنی وا هەیە ئەو یارییەی تێدا بەڕێوە بچێ بەڵام سەردەمانێک پەلی بۆ پێدەشتەکانی عێراق و ناوچە دوورەدەستەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێرانیش هاویشتبوو. زۆر جار لە یاری و گەمەیەکی ئاسایی تێپەڕ دەبوو و بۆ چەند ڕۆژان باری ڕاستەقینەی بەخۆوە دەگرت و بەڕێوەبەریی ئەو کۆمەڵگەیەی بەدەستەوە دەگرت کە تێیدا بەڕێوە دەچوو. میرمیرێن وەک یارییەکی بەهاری هەموو ساڵێ لە کۆتایی ساڵ و لە بەرەبەری نەورۆز و ساڵی تازەدا ڕێک دەخرا و بۆ ماوەی چەند ڕۆژان بەردەوام دەبوو. چوارچێوەی جوغرافیایی و دەسەڵاتی میری نەورۆز لە ئاستی گوند، گەڕەک و ڕەنگە هێندێک جار شار و ناوچەشی دەگرتەوە.

میری نەورۆزی لە سابڵاغ
 لە سەردەمی سەیفەددین خانی موکری‌دا ١٨٩٥
میرنەورۆز، میری نەورۆزی و میرمیرێن ناوەکانی ئەو یارییە نیزیک بە ڕاستەقینەیەن کە تا نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم و درەنگتریش لە کوردستان برەوی هەبوو. وشەی میر دەچێتەوە سەر ناوی میترا کە بە شێوەی جۆراوجۆری وەک میترا، میثرە، مەتەرێ، مێهر، مەر، مێر، میر، ئەمیر و.. لە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەدا شوێنەواری بەجێ هێشتوە و واتای جۆراوجۆری هەر لە ڕەحم و بەزەیی دایکانەوە تا ئازایەتی و پیاوەتی لێ کەوتۆتەوە. میر لە زمانی کوردیدا بریتی لە کەسی خاوەن دەسەڵات، سەروەر، سەردار و گەورەی هۆز، شار، ناوچە یان میرنشینە. بێجگە لە ناوەکەی و جوغرافیای برەوی یارییەکە، لەوەڕا کە میر ناوی زۆربەی دەسەڵاتدارانی هەرێمە کوردییەکان و میرنشین ناوی ئیمارەتەکانیان بووە، ئەو گریمانەیە بەهێزتر دەکا کە هەم وشەکە پێش ئەوەی بچێتە نێو عەرەبان و وشەی جۆراوجۆری وەک ئەمر و ئەمیری لێ ساز بکرێ، لە نێو زمانی کوردیدا گووراوە و هەمیش یارییەکە لە بنەڕەتدا هی کورد و کوردستانییە کە لە سەردەمە جیاوازەکاندا پەلی بۆ ناوچەکانی دەرەوەی کوردستانیش هاویشتوە و لە زۆر شوێنی دیکە برەوی پێ دراوە. بۆ وێنە حافزی شیرازی لە شێعرێکدا ئاماژەی بەو یارییە کردووە:

سخن در پرده می گویم چو گل از غنچه بیرون آی
که بیش از پنج روزی نیست حکم میر نوروزی 

حەقیقی شێعرەکەی حافزی ئاوا وەرگێڕاوە:
قسێکت پێ‌دەڵێم بە دزی، وەکوو خونچە بپشکوو زوو
کە هەر ئەو پێنج ڕۆژەن زەبر و زەنگی میری نەورۆزی (١) 

هەروەها لە کتێبی "سینووهە؛ پزیشکی تایبەتیی فیرعەون"یشدا باس لە باوبوونی ئەو یارییە لە شاری بابل کراوە: 

"هەر کە وەرزی بەهار دەستی پێ دەکرد، دانیشتوانی بابل بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ جێژنی بەهارەیان دەگرت. ڕێوڕەسمی ڕۆژی سێزدەهەمی ئەو جێژنە بە بۆنەی درۆیەکی گەورە (واتە پادشای درۆیینە کۆتایی دەهات) بەو جۆرە بەڕێوە دەچوو کە لە ڕۆژی سێزدەهەمی ساڵی تازەدا خەڵکی بابل یەکێک لە حەنەکترین و گێلترین کەسیان بۆ ماوەی ڕۆژێک دەکرد بە پاشا. دەسەڵاتدارەتیی ئەو پیاوە لە بەیانییەوە دەستی پێ دەکرد و پاشای بابل وەک نۆکەرێک، فەرمانەکانی ئەوی جێبەجێ دەکرد. لەو ڕۆژەدا پاشا کاتییەکە سەرەتا لە کۆڕی بانگهێشتێکی بێسەرەوبەرەدا بەشداریی دەکرد و پاشان بۆ بەڕێوەبردنی عەداڵەت، سەردانی عەداڵەتخانەی دەکرد. ئیدی دوای ئەوە، هەرچی ویستبای، دەیکرد. ئەو پاشا درۆیینە ئەگەر لە ماوەی ڕۆژێک دەسەڵاتداریی خۆیدا دەستی بۆ کوشتن و بڕین و داگیرکردنی ژنی خەڵک بردبا، لە دەمەوئێوارەدا ژاریان بۆ لە پیاڵەیەک شەراب دەکرد و دەرخواردیان دەدا و بەم جۆرە دەیانکوشت. بەڵام ئەگەر لەو ڕۆژە دەسەڵاتدارەتییەی خۆیدا، کارێکی خراپی نەکردبا، لەگەڵ تاریکبوونی هەوا، دەبوو بە نهێنی و بەدوور لە چاوی خەڵک، ڕایکردبا و خۆی شاردباوە. ئەگەر لەکاتی هەڵاتن یان خۆشاردنەوەدا لەلایەن خەڵکەوە دەستبەسەر کرابا، پاشا زۆر بە خراپی تێیهەڵدەدا و بە توندی تەمێی دەکرد."(٢)

میری نەورۆزی لە سابڵاغ ١٩٠٥
یاریی میری نەورۆزی وەک بە ناوەکەیەوە دیارە، لە بەرەبەری نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵدا، لەنێوان شادی و زەنازەنای خەڵکدا دەستی پێ دەکرد. بەپێی هێندێک سەرچاوە ماوەی دەسەڵاتەکەی ٥ و هێندێکیش پێیان وایە ١٣ ڕۆژ بووە. بۆچوونی دووهەم کۆتایی وادەکە بۆ ڕۆژی سێزدەبەدەری دوای نەورۆز دەگەڕێننەوە بەڵام وەک لە شێعرەکەی حافزیشدا هاتووە، درووست پێنج ڕۆژەکەیە. دیاریکردنی ئەو پێنج ڕۆژەش هەڵقوڵاوی باوەڕێکی لەمێژینە و بەپێی ساڵپێوێکی نەریتی داندراوە کە ئێستاش لای بەساڵاچووانی کوردستان بە حیسابی "سی مانگ" یان "سێ‌مانگ‌سێ‌مانگ" باوە.  "ئەبووڕەیحانی بیروونی"ش ئاماژە بەو جۆرە ساڵپێوە دەکا و دەڵێ؛ کاتڕاگری ئێرانی ١٢ مانگی سی ڕۆژە و پێنج ڕۆژی پەنجە (ئەندەرگا) بووە کە ئەو پێنج ڕۆژە سەر بە هیچ مانگێک نییە" (٣)بەپێی ئەو ساڵژمێرە، هەرچەند ساڵ بە درووستی بە دوازدە مانگ دابەش دەکرا بەڵام هەموو مانگەکانیان هەر بە سی ڕۆژ دادەنا. بەم جۆرە ساڵ دەبوو بە ٣٦٠ ڕۆژ کە لەگەڵ ساڵی تەواو یان پڕ ٥ تا ٦ ڕۆژ کەمیی دێنا. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمایەسییە، لە ساڵی ئاساییدا پێنج و لە ساڵی کەبیسە یان پڕدا شەش ڕۆژ بە ساڵەکە و  بە کۆتایی مانگی ڕەشەممەوە زیاد دەکرا. ئەم پێنج ڕۆژە وەک پێنج ڕۆژی زیادە و لە دەرەوەی زەماندا هەژمار دەکرا و بە پارێزەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرا. لە فەرهەنگی خەڵکی کوردستاندا ئەو پێنج ڕۆژە بە تار، تارا، پێنجەیتار، پەنجە دزیاگ و پێنج ڕۆژەی تار ناوی هاتووە. بەپێی فەرهەنگی خاڵ پێنجەیتار "پێنج ڕۆژە لە ناوەندی زستان و بەھاردا کە ساڵ تەواو دەبێ ئەم پێنج ڕۆژە دەمێنێتەوە. پێشینان ساڵیان بەدوانزە مانگ و مانگیان بەسی ڕۆژ داناوە، بەم پێیە ساڵ دەکاتە سێ سەد و شەست ڕۆژ، پێنج ڕۆژ دەمێنێتەوە لە ساڵی ڕاستەقینە کە لەسەر ھیچ مانگێک نییە".(٤) ئەم لەسەر هیچ مانگێک نەبوونەی پەنجەی تار، لە فەرهەنگی کورددا بووە بە ئیدیۆم کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بێ کردەوەیی کەسێک ئێژن؛ "بووی بە پەنجەی تار و هیچت لە خۆت نەگرتووە!"

 مەولەوی لە شێعرێکدا پەنجەیتاری بە ڕۆژانی کۆتایی تەمەنی خۆی لە سەروبەندی هاتنی وەرزی بەهاردا زانیوە:
وەی من دیارن "پەنجەی تار"مەن                 سەر وەخت هامن نەووەهارمەن
پیرەمێرد ئەو بەیتەی مەولەویی بەو شێوەیەی خوارەوە گۆڕیوە:
ئازیز دیارە "پەنجەی تار"مە                         ڕۆژی ئەوەڵی نەوبەهارمە
هەر لەم بارەوە پیرەمێرد ئەوەی خوارەوەشی وتووە:
خۆزگە کە ئەڵێن خەوی "پێنجەی تار"            خەوی هێجگاریی ئەخست لە بەدکار  

عەلائەددین سەججادی لە ڕشتەی مرواریدا باوەڕی پشت ئەو پێوەندیەی نێوان خەو و پێنجەی تاری هێناوە و دەڵێ: "ئەڵێن کە ڕۆژەکانی پێنجەی تارا، هەر کەس بنوێ، ئەوە هەموو ساڵەکە هەر خەوی دێت." (٥) 

 پێنجەی تار لە فارسیی کۆندا بە "بەهیزەک" و "ئەندەرگا" و دواتر "پنجە دزدیدە"، لە عەرەبیدا بە "خمسە مسترقە" و لە مازەندەرانیدا بە "پیر زن پتک" ناوی هاتووە و لە فەرهەنگی گەلانی دیکەشدا ڕەنگدانەوەی زۆری هەبووە. ئەفسانەکانی پشت ئەم پێنج ڕۆژە هەروەها پەڕیوەتە نێو  ئایینەکانەوە. لە باوەڕی پێشینیاندا ڕۆژانی گەڕانەوەی ڕەوانی کۆچکردووان بووە کە لە ئاڤێستادا بە "فرەوەشییەکان" بەناوبانگن و گۆیا دەهانای زیندووەکان دێن. سەرانسەری یەشتی درێژی فرەوەشییەکاندا کە ١٥٨ بەندە، پڕە لەم جۆرە یارمەتییانەی ڕەوانی باب و کالان. ئەوان لە شەڕدا، لە پاڵ پیاوانی پاک و لەگەڵ سپای باوەڕداراندان. لە شەڕدا بە دژی دوژمن، لە پێشەوەی لەشکری پێڕەوانیاندا هێرش دەبەن و لەناویان دەبەن. لەبەر شکۆ و فەڕی ئەوانە کە هەموو ڕەوتەکانی چاکە و ڕاستی لەگەڕدان. لە جێژنی فەروەردەگاندا، کە گەورەترین جێژنی ئاریاییەکانە و لە سەرەتای بەهاردا دەست پێ دەکا، دەگەڕێنەوە سەر هەرد و لە لایەن پێڕەوان و وەچەکانیانەوە بە شێوەیەکی شیاو ڕێزیان لێ دەگیرێ و  میواندارییان لێ دەکرێ. بەم جۆرە بوونی مینۆییان لە ڕووی ڕۆحییەوە بەرجەستە دەکرا. ئەم باوەڕە کۆن و ڕەسەنە دوای چەندین سەدە، هێشتا لە داب و نەریت و باوەڕە باوەکانی سەردەمی ئێمەدا دەبیندرێ و بەردەوامە(٦)

باوەڕی گەڕانەوەی ڕەوانی باب و کالان (فرەوەشییەکان) لە ڕۆژانی نەورۆزدا هۆیەکی پێڕاگەیشتن بە دەرک و بان و ماڵ تەکاندن، چوونە سەر قەبران و شادی و هەڵپەڕکێی سەری ساڵە. لە ڕاستیدا ئەم پێنج ڕۆژە، پێنج ڕۆژی ڕۆحی و ئاسمانین کە لە ئاڤێستادا هەر کامیان ناوی تایبەت بە خۆیان هەیە و بە ڕیز بریتین لە؛ ئەهەنەوەد، ئەشەتتەوەد، ئەسپەندمەز، وەهووەخشتەرە و هەشتەوەش. بە وتەی میرجا ئێلیادە، "ئەم پێنج یان شەش ڕۆژە، ڕۆژانی ئاڵۆز و شێواون. گەڕانەوەی مردووەکان بێجگە لە ڕۆژانی ئاڵۆز و ئاژاوە کە تێیایاندا بەند و بەستەکانی کۆمەڵگا لێک هەڵدەوەشێن، نایەتە ئاراوە. دەتوانین ڕۆژانی کۆتایی ساڵ لەگەڵ ڕۆژانی ئاڵۆزی پێش خوڵقاندن بەراوەرد بکەین."(٧)  

باوەڕ بەو پێنج ڕۆژە بۆش و بەتاڵەی ساڵ لە میسری کۆنیشدا هەبووە. لە ئۆستوورەی لەدایکبوونی ئیزیس و ئۆزیرێس‌دا هاتوە؛ نۆت، دا-خودای ئاسمان و هاوسەری "رەع" خودای خۆر بوو بەڵام نۆت خیانەتی لە ڕەع کرد و لەگەڵ سێب یان گێبی خودای زەوی خەوت و لێی دووگیان بوو. ڕەع کە ئەوەی زانی، دووعای لە نۆت کرد کە لە هیچ ڕۆژ و مانگێکی ساڵدا ئەو منداڵەی نەبێ و گرێی بەدایکبوونی لە دڵدا نەکرێتەوە. بەڵام دا-خودا دڵدارێکی دیکەشی بەناوی "تۆث" هەبوو کە خودای زانست بوو و هاوکات لەویش دووگیان دەبێ. تۆث بەڵێنی بە نۆت دەدا کە کێشەکەی بۆ چارەسەر بکا. تۆث داوای لە مانگ کرد لەسەر پارەیەک لە ڕووناکایی خۆی، یاریی تەختەنەردی لەگەڵ بکا. مانگ قەبووڵی دەکا بەڵام هەموو جارێ هەر دەدۆڕێ. تۆث هەر جارە پلێک لە مانگ دەباتەوە کە دواجار ئەو پاژانە لەپەنا یەکتر دادەنێ و دەبینێ ٧٢ پاژن و بە یەکەوە پێنج ڕۆژ پڕ دەکەنەوە. ئەو پێنج ڕۆژانە کە بەدەر لە ساڵی میسری بوون، وەبەر نفرینی ڕەع نەدەکەوتن و بەم جۆرە نۆت لەو پێنج ڕۆژەدا چوار یان پێنج منداڵی دەبێ کە خودایانی داهاتووی میسر بوون؛ ئۆزیریس لە ڕەع، سێت لە گێب، نێفتیس لە گێب و ئیزیس لە تۆث. (٨) 

وشەی تار لە پەنجەی تاردا بە مانای تاریک و تەماوییە. هەروەها بە واتای تەریک و دەرکراو و دوور کەوتوو هاتوە. پەنجەی
شانۆی میری نەورۆزی لە چۆمانی ناوچەی ڕواندز لەلایەن تیپی شانۆی شەقڵاوە
١٩٦٩
 تار لە هزر و باوەڕی خەڵکدا بەرەبەرە بە ڕۆژانی نائاسایی و ڕەنگە شووم سەیر کراوە. پێنج ڕۆژ کە جیهان ئاڵۆز و پشێوە و زەمان هێشتا تەکووزی و ڕێکوپێکی پێ نەدراوە. لە ڕاستیدا هەر ئەو پشێوی و بەدەر لە زەمانەیە کە خەڵک و دەسەڵاتدارانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە وا باشە لەو پێنج - شەش ڕۆژەدا دەست لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە هەڵگرن. گریمانە دەکرێ ئەو بۆشایی دەسەڵاتە بواری بە پیاوخراپ و ڕێگر و ملهوڕ داوە کە لەو ڕۆژانی بێ سەرەوبەرەییەدا ئەسپی خۆیان تاو بدەن و زیان بە سەر و ماڵی خەڵک بگەیەنن. ئەمەش خەڵک و حاکمانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە پێویستە ئەم بۆشایی دەسەڵاتە بەجۆرێک پڕ بکرێتەوە. بۆ ئەوەش پێویست بووە کەسێک لەنێو خەڵکدا و لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆشکی میری ئەرکەکە ڕاپەڕێنێ. میرێک کە ڕاستەقینە و هیندە جیددی نەبێ کە دواتر ببێ بە هەڕەشە و سەرئێشە بۆ دەسەڵات. بەم جۆرە میری نەورۆزی و یاریی میرمیرێن پەیدا بوو.  

یاریی میرمیرێن بەپێی ساڵپێوە نەریتییەکە لە شەوی کۆتایی مانگی ڕەشەممە و بەپێی ڕۆژژمێری ئێستا لە ئێوارەی ٢٤ یان ٢٥ی ڕەشەممە بە کۆبوونەوەی پیاوماقووڵان و حەشیمەتی ئۆگر دەستی پێ دەکرد. ئەوانەی خوازیاری میرایەتی بوون، ڕیز دەبوون و یەک بە یەک خۆیان لە بۆتەدا تاقی دەکردەوە. ڕێوشوێنێکی دیاریکراو و یەکدەست بۆ هەڵبژاردنی میر لەبەردەستدا نییە. بە بیری شەخسیی خۆم، میر بە هەڵاویشتنی قالبە شەمچە یان شقارتە هەڵدەبژێردرا. بەجۆرێک کە لەسەر تەنیشتەکانی قالبە شەمچەکە وشەی میر و هێندێک جار لەسەر لای دیکەی "وەزیر" و بەرامبەر بە وەزیر "دز" دەنووسرا. قالبە شەمچە بە نۆرە هەڵداویشترا تا بۆ یەکێک لەسەر لای میر ڕادەوەستا و بەم جۆرە میر هەڵدەبژێردرا. ئەو کارە پێشتر بە جگ دەکرا. بە هۆی ئەم یارییە، "لای (تیو) لە یاریی جگاتێدا ناوی "میر"ی لێ نراوە. خوازیارانی میرایەتی بۆ بوون بە میر یاریی جگێنیان دەکرد و کێ جگی میر هاتبا، دەبوو بە میر (٩). قورعە کێشانیش دەتوانێ شێوازێکی دیکەی دیاریکردنی میر بووبێ بەو جۆرە کە ناوی خوازیارانی میرایەتی لەسەر کوتە کاغەزێک دەنووسرا  لە کوولەکەیەک دەهاویشترا. هەر ناوێک لە کوولەکە هاتبا دەر، دەبوو بە میر. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەوانە ڕەنگە باوترین شێوازی دیاریکردن یان هەڵبژاردنی میر ڕاستەوخۆ بە ڕاگەیاندنی ئامادەیی کەسەکان خۆیانەوە دەستی پێ کردوە و پاشان ئامادەبووان لەسەر میرایەتیی یەکیان کۆک و هاودەنگ بوون. 

مەرج نەبوو هەر براوەیەکی جگێنی میرایەتی دوای هەڵبژێران بتوانێ لە پلەی میریدا خۆی ڕابگرێ چونکە مەرجی سەرەکیی لە کڵ دەرچوونی میر، تارانی بزە لەسەر لێوان و شێلگیری لە میرایەتیدا بوو. ئەوەش لە بەرامبەر حەنەکایەتیی وشکەڕن و گاڵتە و گەپی خەڵکدا ئاستەم و چەتوون بوو.  هەموو میرێک نەیدەتوانی تاب بێنێ و وەپێکەنین نەکەوێ. هەر بۆیەش تا گەیشتن بە میری سەقامگیر وا هەبوو چەند میرۆکە خۆیان تاقی بکەنەوە و تاب نەهێنن. پێکەنین نەک هەر هۆی لە میرایەتی کەوتن بەڵکو لێدان و تێهەڵدان لەلایەن حەشیمەتی بەشداری بەدواوە بوو. دوای خیچان و لێکەوتن و تێهەڵدانی میرۆکە، خێرا دەست بە هەڵاویشتنی جگ دەکرایەوە و میری نوێ هەڵدەبژێردرایەوە.

دوای ئەوەی میر جێگیر دەبوو، دەستەودایرە لە وەزیر و گزیر و میرزا و جەللاد هەڵدەبژێردران کە کارەکانیان بەو جۆرەی خوارەوە دیاریکراو بوو؛

١- کۆنەوەزیر؛ پیرەپیاوێکی نوکتەباز و قسەخۆشی گوند کە ڕاوێژکاری یەکەمی میر بوو 
٢- وەزیری دەستەڕاست؛ ئەرکی جێبەجێکردنی فەرمانە ئاسایی و ڕاستەقینەکانی میری لە ئەستۆ بوو
٣- وەزیری دەستەچەپ؛ فەرمانە نائاسایی و گاڵتەجاڕییەکانی میری بەڕێوە دەبرد
٤- میرزا؛ بنووسی فەرمانەکانی میر بوو. 
٥- گۆپاڵ زێوین؛ بە گۆپاڵێکەوە لە کۆڵان و گەڕەکەکاندا فەرمانە نووسراوەکانی میری جاڕ دەدا
٦- وشکەڕن؛ خەریکی حەنەکایەتی و وەپێکەنین خستنی میر و خەڵک بوو (١٠)

دیارە کار و فەرمانەکان تەنیا ئەوانە بەڕێوەیان نەدەبرد و میر بۆی هەبوو فەرمان تەنانەت بە ئەوانەش بدا کە لە دیوەخانی میردا ئامادە نەبوون. کەس بۆی نەبوو لە فەرمانی میر دەربچێ. زۆربەی دەستەودایرەکە لەلایەن میر خۆیەوە هەڵدەبژێردران بەڵام وشکەڕن کە دەبوو کەسێکی حەنەک و گاڵتەچی بێ، لەسەر پێداگریی خەڵک هەڵدەبژێردرا. ئەرکی وشکەڕن وەپێکەنین خستنی خەڵکەکە و لەو ڕێگایەوە هەوڵدان بۆ لە میرایەتیی خستنی میر بوو هەرچەند نەدەبوو ڕاستەوخۆ خۆ لە قەرەی میر بدا. ئەوە لە ڕاستیدا بۆ دانی شێلگیری و جیددیەت بە کارەکە بوو تا کەمتر باری گەمە و یاریی هەبێ و پتر وەک بەڕێوەبەرییەکی ڕاستەقینە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکا. وێڕای ئەوە خەڵکیش بە خەڵاتکردنی باڵتۆیەکی ڕازاوە بە ئێسک و پرووسک و شووشەوات و شتی ئاوا بە میر، لە وەپێکەنین خستنی میردا بەشدارییان دەکرد. "ده‌مو چاویان به‌ خه‌ڵووز ره‌ش ئه‌کرد و به‌ ئێسکی ئاژه‌ڵ قلیانیان بۆ ساز ئه‌کرد به‌ڵام نه‌ده‌بوو پێبکه‌نێ. یانی به‌ هیچ جۆر ئیجازه‌ی پێکه‌نیینی نەبوو.(١١) 
میر دەبوو وەک میرغەزەب شێلگیرانە و دوور لە بزە و گاڵتە و پێکەنین کاری خۆی بەڕێوە ببا. کایەکە ئەوەندەی باری یاری و گەمەی هەبوو، ئەوەندەش ڕاستەقین و پێویست بوو؛ پێنج ڕۆژ بۆشایی دەسەڵات لە ئارادا بوو و دەبوو کەسێک ئەرکی بەڕێوەبەری و پاراستنی ئاوایی، گەڕەک، شار و تەنانەت میرنشین بە ئەستۆ بگرێ، هێمنایەتی و تەناهی بپارێزێ و خەڵکیش سەرگەرمی خۆشی و گەمەی دەمەونەورۆز بکا. دەبوو نەهێڵێ زوڵم و زۆر و دزی و گزی بێتە ئاراوە و شیرازەی کارەکان لێک بترازێن. میر تا زیاتر خۆی ڕاگرتبا، سەقامگیرتر دەبوو. شێلگیریی میر دەبوو بە هۆی ئەوە کە خەڵک زیاتر حیسابی لەسەر بکەن، دەستەودایرەکەی چاکتر فەرمانەکانی ڕاپەڕێنن و خەڵکیش لە دۆخی خۆیان ئەرخەیانتر بن و بە دڵی ئاوەڵاوە دیاری و دەستەک بە پیاوەکانی بدەن. دیاری و باجێک کە پیاوەکانی میر لە دەوڵەمەندان و دەستڕۆیشتووان کۆیان دەکردەوە و دۆنکیشۆت ئاسا بەسەر خەڵکی هەژار و فەقیردا دابەشیان دەکرد. ئەگەر کەسێک زوڵمی لێ کرابا، میر هەوڵی دەدا مافی بستێنێ، ئەگەر کوڕ و کچێک دڵیان بە یەکەوە با، ڕێگای پێکگەیشتنیان بۆ خۆش دەکرا، ئەگەر کەسێک زۆر نەدار با، دارایی بۆ کۆ دەکراوە و بەم جۆرە لەو ماوە کورتەدا  کاروباری خەڵکی ڕیز و ڕاست دەکرد. میرمیرێن لەڕاستیدا شانۆیەک بوو کە خەڵک تێیدا هەم ئەکتەر بوون و هەمیش تەماشاگەر. هەم لە هەڵبژاردنی دەسەڵاتدا بەشدار دەبوون و هەمیش لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکەیاندا ئەرکدار. بەو پێیەش لەو ماوەیەدا پتر هەستیان بە گرینگیی ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا دەکرد. میریش زۆر جار بڕیارەکانی سنوورە باو و ئاساییەکانی تێدەپەڕاند و مرازی خەڵکی بێمرازی حاسڵ دەکرد. تەنانەت جاری وا بوو بڕیار و فەرمانەکانی لەگەڵ خواست و ویستی میری ڕاستەقینە ناتەبا بوون و ڕەنگ بوو دوای میرایەتی سەریشی لەسەریان بە فیڕۆ بدا. 
میر "هه‌ر فه‌رمانێکی بدایه‌ ئه‌بوا به‌ قسه‌ی بکه‌ن جا هه‌ر که‌س بوایه‌ ره‌عیه‌ت یان ئاغا فه‌رقی نه‌ده‌کرد چون حوکمی ره‌وا بووه‌... ئه‌گه‌ر فه‌رمانی بدایه‌ بچن بۆ ماڵ فڵانه‌ ئاغا له‌ فڵانه‌ ئاوایی خۆی بێنن یان پاره‌ی لێ بستێنن ئه‌چوون و ئاغایش حوکمی میری قبوڵ ئه‌کرد و ئه‌یوت: سڵاو له‌ میر ئه‌که‌م،چون زستانه‌ خۆم ناتوانم بێم به‌ڵام ئه‌مه‌ پووڵ و خودا حافیزتان. له‌ دوای ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ له‌ حوکمات ئه‌هاته‌ خوار و هه‌رچی په‌یدایان بکردایه‌ به‌ فه‌قیر و هه‌ژاریان ئه‌دا." (١١)
 یاریی میرمیرێن لە مەهابادی سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانیدا شانبەشانی شانۆی "دایکی نیشتمان" ڕۆڵی لە باوەڕبەخۆبوون و هاندانی جەماوەردا دەگێڕا. غه‌نی بلووریان کە لە سەردەمی ژێکافدا هەڵسووڕ و ئەکتەرێکی شانۆی دایکی نیشتمان بوو، سەبارەت بە یاریی میرمیرێن و ده‌سته‌ڵاتی میر نه‌ورۆزی دەڵێ: "ڕاده‌ی ده‌سته‌ڵاتی میر، له‌ شار و لادێیه‌کانی نزیکیدا، زۆر به‌رفراوان بوو. ئه‌و ده‌یتوانی خه‌ڵک سزا بدات و باج له‌ مرۆڤی ساماندار بستێنی. پاره‌کانی میر، له‌ خه‌زینه‌ی میردا کۆده‌بووه‌وه‌. میر به‌و پارانه‌، یارمه‌تی بنه‌ماڵه‌ی هه‌تیوباره‌کان، پیر و په‌ککه‌وتووه‌کان و ئه‌و لاوه‌ دڵدارانه‌ ده‌دا که‌ پاره‌ی زه‌ماوه‌ندیان نه‌بوو. میر ده‌یتوانی، ناکۆکی نێوان خه‌ڵک چاره‌سه‌ر بکات و ئه‌وان له‌ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌کتر و ڕووبه‌ڕوو بوون دژی یه‌کتر بپارێزێ و گه‌لێک داب و نه‌ریتی جوانی کورده‌واری، زیندوکاته‌وه‌.."

بەشداری و هەڵسووڕان لە یاریی میرمیرێن‌دا جۆرێک شێلگیری و هەست بە بوونی لەو کەس و  کۆمەڵگەیەدا دەخوڵقاند کە لەو شانۆیەدا کەم و زۆر ڕۆڵیان دەگێڕا. ئەوە بەتایبەت لەسەر هەستی ئازادیخوازیی و خۆبەڕیوەبەریی خەڵکی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان‌دا کاریگەریی بەجێ دەهێشت. خەڵک بۆ چەند ڕۆژ سایەی ستەمی دەسەڵاتداری بێگانەیان لەسەر دەڕەوی و لە سایەی میرێک کە لە کۆمەڵگەی خۆیانەوە هەڵقوڵابوو و لە هەڵبژاردن و بەڕێوەبەریی کارەکانیدا  بەشدار بوون، هەستیان بە ئازادی دەکرد و بێگومان حەزیان دەکرد ئەو مەودایە درێژتر و ئەو دۆخە تا هەتایی بێ. موکریان بەتایبەت شاری مەهاباد لە دوایین ناوچەکانی کوردستان بوو کە تا نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمیش ساڵانە یاریی میرمیرێنی تێدا بەڕێوە دەچوو. کۆنترین وێنەیەک کە لەم بارەوە لەبەردەستدایە بۆ ساڵی ١٨٩٥ی سەدەی ڕابردوو لە مەهاباد یان سابڵاغی ئەو کات دەگەڕێتەوە کە هێشتا ماوەیەکی زۆر نەبوو کامێرا بە دەست بیانییەکانەوە گەیشتبووە کوردستان. وێنەی دوای ئەوە بۆ ڕێوڕەسمی هەڵبژاردنی میری نەورۆزیی ساڵی ١٩٠٥ی هەمان شار دەگەڕێتەوە و وێنەیەکی تر پێمان نیشان دەدا کە ساڵی ١٩٤٤ لە لایەن کۆمەڵەی ژێکافیشەوە یاریی میرمیرێن لە مەهاباد بەڕێوە چووە. ئەوانە نیشان دەدەن کە یاریی میری نەورۆزی لە موکریان و ناوەندەکەی مەهاباد لە دێر زەمانەوە بەردەوام و بە داب و دەستوور بەڕێوە چووە. ئەوەش ئاستی گرینگیی ئەو یارییە لای خەڵکی ناوچەکە پێشان دەدا کە سەرنجی گەشتیارانی بیانیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەو گرینگییە لە شێعرێکی وەفایی سابڵاغی شاعیری سەدەی نۆزدەی ئەو شارەشدا ڕەنگی داوەتەوە؛

ئەگەرچی میری نەورۆزی نەویدی وەسڵی گوڵ دێنێ
میری نەورۆزی لە مەهاباد ١٩٤٤

هەتا گوڵ دێ به ناز، بولبول له حەسرەت عومری نامێنێ

عەبدوڵڵا ئەبریشەمی یەک لە کەسایەتییەکانی شارەکە باس لە چۆنییەتیی هەڵبژاردنی میری نەورۆزی و ئاکارەکانی دەکا و دەڵێ: له‌دوای تێکچوونی (حکوومەتی) ڕه‌زاشا، به‌ تێکۆشانی چه‌ند که‌سێک شانۆی میرمیرێن‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندێکی شار(مه‌هاباد) وه‌ڕێکه‌وت، جێگایه‌ک بۆ دانیشتنی میر و ده‌ست و پێوه‌ندی ساز‌کرا، میر بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو هه‌ڵبژێردرا. ئه‌ویش له‌ ده‌وری خۆی وه‌زیرو گزیری له‌ چه‌شنی کوێخا و هێزی تایبه‌ت به‌ بنکه‌ی میر که‌ زۆرتر وه‌ک قۆڵ سوور (له‌ چه‌شنی پۆلیس) بوون پێکهێنا که‌ فه‌رمانی میریان به‌جێ دێنا. به‌وچه‌شنه‌ ده‌زگای میر وه‌ڕێ که‌وت و به‌ کێشه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ راده‌گه‌یشت که‌ ده‌هاتنه‌ لای، بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ده‌زگای میریش له‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتان باج وه‌رده‌گیرا. (گێڕانەوە و بیرەوەری - فەیسبووکی نووسەر)
سوارە ئیلخانیزادە پێی وایە "«میر میرێن» نومایشنامەیەکی کۆمێدییە و بۆ ڕەخنەگرتن و قەشمەری کردن بەزۆردار ساز ئەکرێ." (١٢)
هونەرمەند محەممەدی ماملێ یاریی میرمیرێن بە کایەیەکی سیاسی ناوزەد دەکا کە ڕۆڵی گرینگی لە دەربڕینی هەستی سیاسیی خەڵکدا دەگێڕا، بەو هۆیەش "به‌رده‌وام له لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه قه‌ده‌غه ده‌كرا". بە وتەی ئەو هونەرمەندە نەتەوەییە، یارییەکە دوا جار دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیی لە مەهاباد به‌ڕێوه چووه و لەم بارەوە دەڵێ: "حاكمێكی ڕاسته‌قینه بۆ كوردستان هه‌بوو، به‌ڵام میری گه‌مه ده نێو خۆماندا هه‌ڵده‌بژێردرا. ئه‌و میره ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی دیاری ده‌كرد، وه‌زیر و ویشكه‌ڕنی هه‌بوو، به هه‌موویان هه‌وڵیان ده‌دا وه‌پێكه‌نینی خه‌ن. ئه‌گه‌ر میر پێكه‌نیبا، كایه‌كه ته‌واو ده‌بوو. ئه‌من قه‌ت میرێكم نه‌دی پێبكه‌نێ. دوایین میر، سه‌دیقی سیاسه‌ری، له گه‌ڕه‌كی مەدا ده‌ژی، چه‌ند ماڵ ئه‌ولاتر، ئه‌و له‌و ده‌مێوه هێشتا هه‌ر پێنه‌كه‌نیوه. میرمیرێن گه‌مه‌ی منداڵان نییه، له هه‌موو دێهاته‌كان ده‌یكه‌ن و چه‌ند شه‌و و ڕۆژان ده‌خایه‌نێ. زۆر جاران ده‌و ده‌مه‌یدا ده‌ست پێده‌كا كه كوردێک زیندانی ده‌كرێ. ڕه‌خنه ده‌ربڕینێكه، وه‌ک دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی دیكه، دژی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندیی تارانێ، وایه. میری گه‌مه‌ی ئێمه میری ڕاسته‌قینه‌ی، كه به بێ قانوون و به ئه‌وپه‌ڕی دڕنده‌یییه‌وه له مه‌هابادێ حكومه‌تی ده‌كرد، ناچار كرد زیندانیی سیاسی ئازاد بكا. به‌و چه‌شنه كه ده‌سته‌یه‌كی دیاریكراو له لایه‌ن میری گه‌مه‌وه كورتانێكی كه‌رێ ده‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن و ده‌چنه كن میری ڕاسته‌قینه و پێیده‌ڵێن: “ئه‌تۆ یان ده‌بێ ئه‌و كورتانه‌ی له خۆت نێی یان ده‌بێ زیندانییه‌كان ئازاد بكه‌ی.” ئه‌ویش ناعیلاج ڕێگای دووهه‌م هه‌ڵده‌بژێرێ. له جه‌نگه‌ی گه‌مه‌ی میرمیرێن دا هه‌موو دوكان و بازاڕ داده‌خران، له هه‌موو شوێنان ده‌خورا و ده‌خوراوه، هه‌ڵپه‌ڕكێ و زه‌ماوه‌ند ساز ده‌بوون. [..] بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندان شانازی بوو كه له كاتی ئه‌و جێژنه دا پووڵ و خوارده‌مه‌نییان به‌خشیباوه. ئه‌گه‌ر به مه‌یلی خۆیان ئه‌وه‌یان نه‌كردبا، میری گه‌مه پیاوی خۆی ده‌سه‌ر ده‌كردن، هه‌تا پووڵیان لێ ئه‌ستاندبان، پاشان ئه‌و پووڵه به سه‌ر هه‌ژاراندا ده‌به‌خشراوه."
ماملێ لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا بە شلومبێرگێر دەڵێ: "بزانه، ئێمه هه‌ر ئه‌وده‌می به‌و گه‌مه‌یه ویستوومانه حكومه‌تی تایبه‌تیی خۆمان، عه‌داڵه‌تی تایبه‌تیی خۆمان، ڕێكخراوی تایبه‌تیی خۆمان دامه‌زرێنین و خۆمان ڕابێنین، به‌ڵام به چه‌شنێک كه گاڵته و خۆشیشی ده‌گه‌ڵ بێ. بۆیه ترسی حكومه‌تی شای سه‌باره‌ت به گه‌مه‌ی میرمیرێن زۆر به‌جێ بوو."
سەبارەت بە کاریگەریی یاریی میرمیرێن لەسەر دامەزرانی کۆماری کوردستان، کەریم دانشیار کەسایەتییەکی دیکەی ناوچەکەیە کە لەم بارەوە دەگێڕێتەوە؛ "لە سەردەمی پێش کۆمار، لە سابڵاغدا "میر میرێن" هەبوو. "میر" کەسێک بوو ئەگەر مەیموونیشت لە پێش هەڵپەڕاندبایە، نەدەبوایە زەردەی بەدەمدا بگەڕێت. لەژێر سەری میر و میرمیرێندا کۆرپەیەکی سیاسی دەهات زمان بگرێت و کۆمەڵ ڕێک بخات. میرمیرێن و ڕێکخراوی نهێنیی (ژ. ک) کۆمەڵیان ڕێک خست و ڕێگایان بۆ کۆمەڵە و بۆ کۆماری کوردستان کردەوە. (کەریم دانشیار؛ محیەدینی ئایشە کوللێران کێ بوو؟!)


بیره‌وه‌ری و ژیننامه/ 17

له‌دوای تێکچوونی (حکوومەتی) ڕه‌زاشا، به‌ تێکۆشانی چه‌ند که‌سێک شانۆی میرمیرێن‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندێکی شار(مه‌هاباد) وه‌ڕێکه‌وت، جێگایه‌ک بۆ دانیشتنی میر و ده‌ست و پێوه‌ندی ساز‌کرا، میر بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو هه‌ڵبژێردرا. ئه‌ویش له‌ ده‌وری خۆی وه‌زیرو گزیری له‌ چه‌شنی کوێخا و هێزی تایبه‌ت به‌ بنکه‌ی میر که‌ زۆرتر وه‌ک قۆڵ سوور (له‌ چه‌شنی پۆلیس) بوون پێکهێنا که‌ فه‌رمانی میریان به‌جێ دێنا. به‌وچه‌شنه‌ ده‌زگای میر وه‌ڕێ که‌وت و به‌ کێشه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ راده‌گه‌یشت که‌ ده‌هاتنه‌ لای، بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ده‌زگای میریش له‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتان باج وه‌رده‌گیرا [..] پیاوێکیش له‌ به‌ر ده‌رگای میر ڕاده‌گیرا که‌ کاری گاڵته‌و شۆخیکردن بوو، به‌ڵام میر نه‌ده‌بوو به‌ کارو قسه‌کانی پێبکه‌نێ، ده‌نا هه‌ر ئه‌وکات له‌ میرایه‌تی ده‌که‌وت. کاتێک مۆڵه‌تی میر ته‌واو ده‌بوو، هه‌ر ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی ده‌زگای میریان پێکه‌وه‌نابوو، لێپرسینه‌وه‌یان ده‌ست‌پێده‌کرد و بۆ هه‌ڵوێسته‌‌ خه‌راپه‌کانی، سه‌زایان ده‌دا.

له‌و شانۆیه‌دا ئه‌وه‌ ده‌بیندرێ که‌‌‌ له‌ سه‌ره‌تادا بیری دامه‌زراندنی میرمیرێن بێ ئامانجی کۆمه‌ڵایه‌تی وفه‌رهه‌نگی نه‌بوه‌، جا ئه‌و ئامانج و مه‌به‌سته‌ چ بوو، به‌ڕوونی دیارنییه‌، به‌ڵام پێویست بوونی دامه‌زراندنی حکوومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی میر‌ دیاره‌، له‌و نێوه‌دا به‌رپرس بوونی میر زۆر گرینگه‌، هه‌ر وه‌ها پێداگرتن له‌سه‌رجیددی بوونی دانیشتنه‌کانی میر، بابه‌تێکی سه‌رنج ڕاکێشه‌ و ده‌کرێ چه‌شنێک وه‌بیرهینانه‌وه‌ی ڕه‌وه‌تێکی میژوویی بێ، وه‌ک هیرۆدۆت میژوونووسی یونانی له‌ پادشایانی ماد باس ده‌کا، هاتنه‌سه‌رکاری دیاکۆ به‌ویست وداوای خه‌لک بوه‌، به‌ گوێره‌ی گێرانه‌وه‌ی هێڕۆدۆت، دیاکۆ له‌و دانیشتنانه‌دا که‌ پیوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا و سیاسه‌ته‌وه‌ هه‌بوه‌، به‌ری گاڵته‌و فشه‌ی ‌گرتوه‌ و که‌س مافی ئه‌وه‌ی نه‌بوه‌ له‌وکاته‌دا گالته‌ بکا، ئه‌و ڕه‌وته‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نی که‌ له‌ ڕوانگه‌ی دیاکۆدا،‌ سیاسه‌ت به‌ کاریکی جیددی‌ دانراوه‌‌ نه‌ک فشه‌و گالته‌!

 

وتووێژی هێلا شلومبێرگێر لەگەڵ محەممەدی ماملێ:

https://muziknas.com/1520231/

هێما و ئوستووره‌کانی رێ و ره‌سمی نه‌ورۆز له‌ کوردستان (سه‌قز و ده‌ور و به‌ری) - لوقمان نادرپوور - سەقز

نەورۆزی هۆرامی (پێوەندی نێوان پەنجەی تار و جێژنی سپەندارمەز) 

https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20180423142610148960&lng=8



https://jokl.uok.ac.ir/article_61549_73651067669872f7f9f167e3211b2dad.pdf واکاوی مؤلفههای هویتی در منایش میر نوروزی از منظر نظریهی میخاییل باختین

https://ensani.ir/file/download/article/20101128160338-%D9%85%D9%8A%D8%B1%20%D9%86%D9%88%D8%B1%D9%88%D8%B2%D9%8A.pdf مير نوروزي دكتر حسن ذوالفقاري


١-  بڕوانە ڤەژینبوکس - دیوانی حەقیقی
٢- سینوهە پزیشکی تایبەتیی فیرعەون - میکا والتاری

MIKA WALTARI : SINUHE EGYPTILÄINEN 

٣- آثارالباقیە - ابوریحان بیرونی - ص ٦٩
٤- بڕوانە فەرهەنگی خاڵ و واتای "پەنجەی تار"
٥- ڕشتەی مرواری - بەرگی ٣
٦- هاشم رضی - میترا لە ئاڤێستا و ڕیگڤێدادا - وەرگێڕانی نووسەر
٧-  چشم‌اندازهای اسطوره، میرچاالیاده، ترجمه جلال ستاری، تهران، توس، ۱۳۶۲
٨- بڕوانە ویکیپێدیا؛ Isis And Osiris
٩- بڕوانە فەرهەنگی شێخانی
١٠ عوبەیدیللا ئەییوبیان؛ میر نوروزی یکی از مراسم کهن نوروزی در کردستان - نووسخەی پ.د.ئێف https://perlit.tabrizu.ac.ir/article_2773_76b9bd95c79d3b4df9df400eca180ab3.pdf 
١١- گێڕانەوەی مامە ڕەحیمی ڕەوشەنی بە ڤیدیۆ
١٢- (تاپۆ و بوومەلێڵ - بەرنامەی شانۆگەری چۆن و کەی سەریهەڵداوە).


میری نەورۆزی ودەوری میرلەنەورۆزی کوردەواریدا لەزمان:هونەرمەندی بەیت وحەیران بێژ: مامەرەحیمی رەوشەنی

۱۱/۲۲/۱۴۰۲

نۆزهەتۆلقلووب بە کوردی


هەر لێکۆڵەر و مێژوونووسێکی کورد لە ڕەوتی نووسین و لێکۆڵینەوەی مێژووی گەلەکەیدا ناچارە لاپەڕەکانی کۆمەڵێک کتێبی مێژوویی نووسەرانی کەوناری ئێرانی وەک آثار الباقیە"ی ئەبووڕەیحانی بیروونی، صفوه الصفا"ی ئیبنی بەززاز، "عالم آرای عباسی"ی ئەسکەندەر بەگ، جامع التواریخ"ی ڕەشیدەدین فەزلوڵڵا و زۆری دیکە هەڵبداتەوە کە یان بە فارسی نووسراون یان بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕدراون. زۆربەی جاریش ڕەنگە بیر لە کەمکاریی خۆی و نووسەران و وەرگێڕانی دیکەی کورد بکاتەوە کە بۆچی تا ئەو کاتە هیچکام لەوانەمان نەکردۆتە کوردی. ئاخر زۆربەی ئەو بەرهەمە کەونارانە، کەم و زۆر پێوەندییان بە دابونەریت، مێژوو و جوغرافیای کوردستانیشەوە هەیە. "نزهه‌القلوب"ی حەمدوڵڵای موستەوفی‌ یەکێکی تر لەو کتێبە مێژووییانەیە کە لە ڕیزی ئەو بەرهەمانەی سەرەوەدا هەژمار دەکرێ.

نۆزهەتۆلقلوب بەنێوبانگترین کتێبی حەمدوڵڵا موستەوفییە کە لە نێوەڕاستەکانی سەدەی چواردەی زایینی‌دا نووسراوە. کتێبێک سەبارەت بە جوغرافیا، خەڵک، پیشە، ژیان، زمان و سەرەنجام ململانێی نێوان نەتەوە و هۆز و ئایینەکان لە سەردەمی ئیلخانانی مەغۆلدا. سەردەمێک کە تورکان تازە خەریک بوون لە ئێران و کوردستاندا ڕەگ دابکوتن و دیموگرافیی ناوچەکە بگۆڕن. بەشی سەرنجڕاکێشی نێوەرۆکی کتێبەکەش بۆ خوێنەری کورد بەشی ئازەربایجان و کوردستانی کتێبەکەیە ئەگەرچی وێناچێ نووسەر لە نووسینەوەی ئەمانەدا کەسێکی بەتەواوی بێلایەن بووبێ.

 نۆزهەتۆلقلووب ئەگەرچی بۆ کورد نەنووسراوە بەڵام ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێوەندیی بە کورد و مێژووی کوردیشەوە هەیە. بەو سەردەمانەوە کە هێشتا زۆربەی شارەکانی ئازەربایجان تورکیزە نەکرابوون. خوێنەر لە نۆزهەتۆلقلووبدا تا ڕادەیەک بۆی دەردەکەوێ کە لە سەردەمی نووسینەوەی کتێبەکەدا بۆ وێنە زمانی دانیشتووانی تەورێز چەندە کوردی و دابونەریتی خەڵکی مەراغە چەندە کوردستانی بووە. 

بەو هۆیانەی سەرەوە دەبوو نۆزهەتۆلقلووب زۆر زووتر بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدرابا تا خوێنەری کورد باشتر لە مێژووی گەلی خۆی بگا و نووسەر و لێکۆڵەری کورد وردتر ڕابردووی  نەتەوەکەی خۆی وەرد بداتەوە. کارێک کە ئەگەرچی بە درەنگەوە بەڵام سەرەنجام کرا. قەرەبووی ئەم وەدرەنگی کەوتنەش ئەوەیە کە کارەکە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕی بەتوانای ئەم سەردەمەی کورد مامۆستا سەلاحی ئاشتی ئەنجام دراوە. دەسەڵاتی وەرگێڕ بەسەر هەردوو زمانی فارسی و کوردیدا، توانایی بەرز و ئەزموون و شارەزایی زۆری مامۆستا لە زمان و ئەدەبی کوردیدا بە دڵنیاییەوە قورسایی زیاتری بەو وەرگێڕانە داوە. 

ماوەتەوە بگوترێ کە دەزگای ڕۆشنبیریی جەماڵ عێرفان لە باشووری کوردستان لەدرێژەی تێکۆشان و خزمەتە بەرچاوەکانی بە فەرهەنگ و ئەدەبی کورددا ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمەی بە ئەستۆ گرتووە کە جێی سپاس و پێزانینە.  

لێرەوە دەستخۆشی و ماندوونەبوونی بە مامۆستا سەلاحی ئاشتی دەڵێم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ دەخوازم. دڵنیام بەو کارەشی هێندەی دیکە کتێبخانەی کوردیی دەوڵەمەند کردووە.

۱۱/۱۴/۱۴۰۲

سەرەتای کۆتایی بە هێژەمۆنیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

تاهیر قاسمی

لە ساڵانی کۆتایی سەرکۆماریی ئۆبامادا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەپێناو ڕێگری لە تەشەنەکردنی چین، گۆڕانی بەسەر سیاسەتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هێنا. لەم سۆنگەیەدا تا ڕادەیەکی زۆر تەنکەی بە هێزەکانی خۆی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و قورسایی سەربازیی خۆی بەرەو ئاوەکانی ئۆقیانووسی ئارام و دەریای زەرد گواستەوە. هەر لەو ساڵانەدا بوو کە ڕاپەڕین و خۆپێشاندانەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی یەک لە دوای یەک وڵاتانی ناوچەکەی گرتەوە و لە زۆرێک لەو وڵاتانی عەرەبیدا دەسەڵاتەکانی ڕووخاند یان ئەو وڵاتانەی تووشی ئاڵۆزی و پشێوی کرد. هەردووی ئەو ڕووداوانە دەرفەتیان بۆ کۆماری ئیسلامی پێک هێنا کە زیاتر دزە بکاتە نێو وڵاتانی ناوچەکە و لەو ڕێگایەوە هێژەمۆنیی خۆی بەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بسەپێنێ. بۆ ئەم مەبەستەش لە لایەک ئەوەندەی توانی و بواری بۆ لووا هێزەکانی سپای قودسی ڕەوانەی وڵاتانی عێراق و سووریە و لوبنان کرد و هاوکات هێز و گرووپی چەکداری سەر بە خۆی لە وڵاتانی وەک عێراق، سووریە، لوبنان، فەلەستین، بەحرەین، یەمەن و هتد..دا پێکهێنا یان ئەوەی کە تا ئەو کات هەیبوو، بەهێز و پڕچەکی کردن. بە درێژایی دە ساڵی ڕابردوو ئێران لەو بۆشاییانە بە قازانجی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش کە لە خومەینی بۆی بە میرات ماوەتەوە و بە ئامانجی سڕینەوەی ئیسرائیل کە لە سەردەمی خامنەییدا پتر کەوتە نێو ڕۆژەڤی سیاسەتەکانی ئەم حکوومەتەوە، کەلکی وەرگرت. ترۆپکی ئەو هەوڵانەش لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣دا بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل خۆی نواند. هێرشێک کە جیهانی ڕاتڵەکاند.

 

 ڕوون نییە کە ئێران تا چەند بەشداری بڕیاری هێرش و جنایەتەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبر بوو بەڵام لە دنیا ڕوون و ئاشکرایە کە ئەو چەکدارانە هەم لەلایەن ئێرانەوە بار هێندرابوون و پڕ چەک کرابوون و هەمیش هەڵسوکەوتیان سەبارەت بە کوشتن و دەستدرێژی و بە بارمتەگرتنی ژن و منداڵ و پیر و لاوی جوولەکە بەدەر لەو دروشمانە نەبوون کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و لەوانە عەلی خامنەیی گەلێک جار داکۆکییان لەسەر کردووە و تەنانەت زەمانیان بۆ بەدیهاتنی دیاری کردووە؛ سڕینەوەی یەکجاریی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان.

 

ئەوەی لە ٧ی ئۆکتۆبردا هاتە ئاراوە لەڕاستیدا بەشێکی هۆکارەکە ئەو بۆشایی و هەلە لەبارە بوو کە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ ئێران پێکهاتبوو. ئەمریکا ‏ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٤ و بەدوای سەرهەڵدانی داعشدا، لەچوارچێوەی بڕیارێکی شوورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕایەوە، بەڵام ئەو گەڕانەوەیە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر تەراتێنی چەکدارەکانی سەر بە سپای قودس دانەنا و بەربەست نەبوو. تەنانەت جۆرێک هاوکاری لەنێوان دوولایەندا لە ئارادا بوو. ڕەوتێک کە دەتوانین بڵێین هەتا ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ بەردوام بوو. بەڵام لەو کاتە بە دواوە ئەمریکا و بە گشتی ڕۆژئاوا تێگەیشتن کە بوون و مانی ئیسرائیل وەک گرینگترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە مەترسیدایە. زانیان کە ئەوانەی سەرانی کۆماری ئیسلامی تا ئەو کات بە قسە دەیانگوت تەنیا درووشم نەبوون و لە هەر کوێ بۆیان بلوێ دەیخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە. هەر بۆیەش ئەو هاوکارییە ئوتوماتیک هەڵوەشایەوە. ڕەنگە ئێرانییەکان لە ئەمریکا و ئیسرائیلیش چاکتر هەستیان بە هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێککەوتنە نەنووسراوە کردبوو کە یەکسەر دەستیان بە درۆن و هاژەکبارانی بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەدا کرد. کردەوەگەلێک کە بە کوشتنی سێ سەربازی سپای ئەمریکا لە ئەردەن گەیشتە چڵەپۆپە و ئەمریکاییەکانیان ناچار بوون زووتر هێز ڕەوانەی ناوچەکە بکەن و خۆیان بۆ بەرەوڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن ئامادە بکەن. لە ڕاستیدا ئەوەی ئەمریکای بۆ ناوچەکە گەڕاندەوە و ناچاری کرد کە هێزەکانی لە بەرامبەر ئێراندا لە سان بدا، نە درۆنبارانی جار بە جار و نە کوژرانی سێ سەرباز بەڵکو کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبر بوو. بڕیارێک کە بە کوتانی ٨٥ بنکەی سەربازیی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە شەوی ٢ی فێوریەی ٢٠٢٤دا کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەو کردەوەیە پێش ئەوەی لە کوشتنی ژمارەی چەکداری کوژراو یان بنکەی ڕووخاوی هێزەکانی سەر بە ئێراندا چاو لێ بکرێ، بە ئامانجی پاراستنی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دیکەی ئەمریکا لە ناوچە، سەرەتایەکە بۆ کۆتاییهێنان بە تەراتێنی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەت لە هیلالی شیعەدا. لە راستیدا گرینگترین پەیامی ئەو هێرشە ئەوەیە کە ئەمریکا جارێکی دیکە و ئەمجار بە ئامانجی قەمتەرکردنی ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕاوەتەوە.



۱۰/۲۴/۱۴۰۲

واتای ناوەکانی عەربەت، ڕەبەت، هەیبەت سوڵتان و...

کاکە هاوڕێ جەلال لێکۆڵینەوەی بۆ واتای ناوی عەربەت کردووە و وشەکەی بۆ سەر وشەی "هیربۆد" گەڕاندۆتەوە کە بە لامەوە سەرنجڕاکێش بوو. هیربۆد لە ئایینی زەردەشتیدا و ڕەنگە بەر لەوەش، لە ئایینی میتراییدا پلەیەکی ئایینی بووە. بەپێی فەرهەنگی دێهخودا، هیربۆد بریتی لە پێشخزمەت و خزمەتکاری ئاتەشگەیە. لە ئاڤێستادا وشەکە بەشێوەی "ئەئترپەئیتی" هاتووە و وشەکانی ئاتربان و هیربانی لێ کەوتۆتەوە کە هەم "هیر" و هەمیش "ئاتر" دوو لە چەندان شێوەی وشەی ئاگرن. (بڕوانە فەرهەنگی دێهخودا و واتای هیربد)

پەئیتی، پەئیت، پەد، بەد، پات یان پاد شێوەکانی کۆنتری وشەی پاس و پارێز و پاراستن و پارێزگاری کردنن. بەوپێیەش واتای ناوی هیربۆد لە پێکهاتەکەیدا هەڵگیراوە. هیربۆد لەبنەڕەتدا ناوی بکەرە (اسم فاعل) بەڵام گومان دەکرێ دواتر لە ناوی بکەرەوە بۆ ناوی شوێن گۆڕانی بەسەردا هاتبێ یان ئەو شوێنانەی ئەو ناوەیان لەسەرە، وەک لە زۆربەی نموونەکانی خوارەوەش بەرچاو دەکەوێ، لەگەڵ ناوێکی تایبەتدا هاتووە یان شوێنەکە بۆ هیربۆد گەڕێندراوەتەوە. وەک؛

 قەڵەهەربەت: قەڵای هەربەت، قەڵای هیربۆد
هەربەت سوڤان: هێربۆد سوڤان

ئەو شوێنانەش کە تەنیا ناوی هیربۆدیان لەسەرە، گومانی بەهێز ئەوەیە کە کورت کراونەتەوە و ناوی خاوەنەکەیان کەوتووە یان زمان لەبیری بردوونەوە.

 هەر لە گوێن هیربۆد، وشەی مۆبەدیش هەیە کە ئەویش پلەیەکی ئایینی بووە و پلەکەی لە هیربۆد بەرزترە. مۆبەد لە بنەڕەتدا "مێوپات" و "میوپاس"ە بە مانای پارێزەری مێو کە ئەویش دەوەنی ترێ‌یە. لە ئایینە کەونارەکاندا شەراب خواردنەوەیەکی ئایینی بووە و ڕەنێوهێنانی لە دەسەڵاتی مۆبەدانی پێشەوای ئایینیدا بووە. 

هاوڕێ ئاماژەی بە ناوی گوندی قەڵەهەربەت و قەڵای هەربەتی سەر بە ناحیەی دوبزی شاری کەرکووک و هەروەها چیای هەربەت لە قەزای مێرگەسوور کردووە و کۆمەڵێک ناوی دیکەی لەو گوێنەشی ڕیز کردووە کە جێی سەرنجن:
هەربەت سوڤان، خربەت سوڤان: ئاسەواری بینا و پەرستگەیە لە ئورفە(شانلی ئورفە) دەگەڕێتەوە بۆ پێش زاین.
خربەت قەرەئۆغڵان: ئاسەوارێکی بیناییە لە کفری
ئەربەت: گوندێکە لە نسێبین
ئەمانەش ناوی هەندێک شوێنی تر: (خربەت بەگەر، خربەت فارس، خربەت کەرەم، خربەت عیوش، خربەت فارعە، خربەت قەوالا، خربەت ئەلبەنات، خربەت باقر، خربەت عەلۆ، خربەت الجوز/خەربەت ئەلجۆز، خربەت زەقف، خربەت فارعە، خربەت شەعیر/خەربەت شەعیر، خربەت حەج، خربەت عەزیز، خربەت ئەلشەعال، خربەت ئەلشیرێن، خربەت غەزەل، خربەت عەمو، خەربەت عەمۆ، خربەت قراج، خەربەت وەرد، خەربەت شەمام،...)


بۆ واتای ناوی عەربەت سەردانی ویکیپێدیام کرد و بە لامەوە سەرنجڕاکێش بوو کە ئەو پێوەندییەی بەڕێز هاوڕێ لەنێوان ناوی ئەو شارە و پەرستگەی ئاگردا باسی کردووە لەوێش باس کراوە بەڵام ئاماژەیەک بە هیربۆد نەکراوە:

دەگێڕنەوە کاتی خۆی ئاینی زەردەشتی بڵاوبووە و شوێنێک ھەبووە بۆ ئاگر پەرستی کە شوێنکەوتوانی ئایینی زەردەشت وەک ڕەمزێکی ئایینی بەکاریان ھێناوە ئەویش سەر قەڵای عەربەتی کۆن بووە کەئێستاش پاشماوەی ئەوقەڵایە ماوەو کەوتۆتە عەربەتی کۆنەوە و گەڕەکێکی خنجیلانەی لێ درووست کراوە و ناونراوە گەڕەکی قەڵا، ئەم قەڵایە بەکارھاتووە لە شێوەی پەرستگەیەک بۆ ئاگرپەستی و ناونراوە (ئاورپەرست) بە واتای ئاگرپەرست، دوای چەند ساڵێک ئەو زاراوەیە گۆڕاوە لە ئاورپەرست بۆ ئاوری ڕەبەت تا وای لێھاتووە بووە بە شاری ڕەبەت و دوای چەند سەدەیەک بووە بە شاری عەربەت.

ڕوون نییە کە ئەو بۆچوونە هی کێیە و نووسەری ویکیپێدیا بەداخەوە ئاماژەی ڕاستەوخۆی بە سەرچاوە نەکردووە بەڵام ئەوەی کە نووسەر پێیوایە وشەکە لە "ئاوری ڕەبەت"ەوە بۆ عەربەت گۆڕاوە، ئەو بۆچوونەی لای من ساز کرد کە ڕەوتێکی پێچەوانە لە سازکردنی ناوی شاری "ڕەبەت" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەوری هەبووە.

هەرچەند ئاسەواری زەردەشتایەتی هیندەی لە باشووری کوردستان هەیە لە ڕۆژهەڵات بە تایبەت لە موکریان بەرچاو ناکەوێ بەڵام گومانی ئەوە کە ڕەبەتیش لە بنەڕەتدا "هیربۆد" بووە و "هی" لەسەرەتای ناوەکەدا سواوە، بەدوور نازاندرێ. بەتایبەت کە وەک دەزانین ڕەبەت و تەپۆڵکە مێژووییەکەی لە سەردەمانی کەوناردا یەک لە ناوەندە ئایینیە گرینگەکان و بە بۆچوونێک هەمان "مووساسیر"ی مێژوویی سەردەمی ئۆرارتوو بووە و هەتا ئێستا گەلێک شوێنەواری بەنرخی لێ بە دیار خراوە. "سیر" لە پاژی دووهەمی "مووساسیر"دا بە سەرنجدان بە گۆڕانی باوی پیتی س بە هـ یان بەپێچەوانە لە زمانی کوردیدا، کەڵکەڵەی ئەوە ساز دەکا کە وشەکە دەتوانێ "مووساهیر" بە واتای ئاگری مووسا بووبێ. ڕەبەت هەروەها شوێنی ڕووداوەکانی بەیتی برایمۆکە کە بە بڕوای نووسەری ئەم دێڕانە یەک لە بەیتە ئایینییە کەونارەکانی کوردستانە.

بەیتی برایمۆک کە بەشێک لە ڕووداوەکانی لە ڕەبەت و کانی خومارۆ ڕوو دەدەن، دواجار قارەمانەکانی زۆر دوورتر و لە شاری کۆیە بە مراد دەگەیەنێ. جێی سەرنجە کە هەمان ناوی هیربۆد لەسەر شاخی هەیبەت سوڵتانی پەنا کۆیەش هەیە. بنەڕەتی ناوی هەیبە سوڵتان یان هەیبەت سوڵتان، "هیربەد سوڵتان"ە کە وا دیارە لە سەردەمی خۆیدا سوڵتان، ئاگرپارێزێکی بەناوبانگ و ڕەنگە هیربۆدی هیربۆدان بووبێ. وشەی هیربۆد لەسەر ناوی شوێنی دیکەی وەک ئارباباش هەست پێ دەکرێ. 

دەروازی کۆیە لەسەر بستووی هەیبەت سوڵتان



بابەتی نوێ:

بۆچی دوا پێنج‌شەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە

  لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنج‌شەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...