۳/۰۳/۱۳۹۰

ئەرێ کۆنگرەی پازدە بەسەرکەوتنەوە کۆتایی پێهات؟!

 تاهیر قاسمی


پازدەهەمین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستان رۆژی ٨ی جۆزەردان کۆتایی پێهات. کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە وەک هەمیشە “به‌ خۆشحاڵییه‌وه”‌ رایگەیاند که‌ “پازده‌هه‌مین کۆنگره‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستان، دوانیوه‌ڕۆی 8ی جۆزه‌ردان(29ی مای 2011)، به‌سه‌ر که‌وتنه‌وه‌ کۆتایی به‌ کاره‌‌کانی هێنا”، بە بێ ئەوەی جارێک تاریف و چۆنیەتی کۆتایی “سەرکەوتوانەی” کۆنگرە و کۆبوونەوەکانی بۆ بەردەنگەکانی خۆی روون کردبێتەوە. 

ئەگەر مەبەست لە سەرکەوتنی کۆنگرە تەنیا باس و لێدوان و سەرەنجام پەسەندکرانی ئەو بەڵگەنامانە بێ کە کۆمیتەی ناوەندی خستیە بەردەم ئەندامانی کۆنگرە، ئەگەر مەبەست سەرلەنوێ هەڵبژێرانەوەی ئەندامانی رێبەری بە ٣-٤ کەس ئاڵوگۆڕ بێ، ئەوە کۆنگرەی پازدەش وەک هەر کۆنگرەیەک لەم دنیایەدا “سەرکەوتوو” بوو و هیچیش پێویست ناکا بە خۆشحاڵی یان بە خەمناکیەوە کۆتاییەکەی بە خەڵک رابگەیەنین.
بەڵام ئەگەر رادەی سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی هەر کۆنگرەیەک بەستراوە بێ بەوە کە ئەو حیزبە و بە تایبەت رێبەریەکەی تا چەند توانیویەتی بەرنامە و پرۆژەکانی کۆنگرەی پێشوو لە مەودای دوو کۆنگرەدا جێبەجی بکا و لەوەش زیاتر تا چەند توانیویەتی حیزبەکە لە بوارەکانی سیاسی، تەشکیلاتی، پەروەردە، ماڵی، راگەیاندن و بوارە جۆراوجۆرەکانی دیکە بەرەو پێش بەرێ، بە بڕوای من حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە تایبەت رێبەریەکەی تا کۆنگرە نمرەی قەبوڵی وەرنەگرتووە و حەق نییە “بە خۆشحاڵیەوە” پێمان رابگەیەنێ کە “کۆنگرە به‌سه‌ر که‌وتنه‌وه‌ کۆتایی به‌ کاره‌‌کانی هێنا”.حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئەنجامی کۆمەڵێک قەیرانی تەشکیلاتی و سیاسی لە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێشوودا، بە دەستی خاڵی لە باری ماڵی بەڵام بە سەرمایەیەکی گەورەی ئینسانیەوە چ لە ناو حیزب و چ لە دەرەوەی حیزب، ناچار ملی بە لەتبوون دا. لە دوای لەتبوونەوە ئەو حیزبە بەردەوام بەرەو هەڵکشان و گەشەکردن هەنگاوی بە بڕشتی هاویشت.
ئەو هەڵکشانە تا کۆنگرەی چواردە بەردەوام بوو. لە کۆنگرەی چواردەدا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی گرینگ و لە سەرووی هەموانەوە بەرنامە و پێرەوی نوێ کە دەرەنجامی ماوەیەکی زۆر کار و تێکۆشان و کۆکردنەوەی فکری کۆمەڵێکی زۆر لە شارەزایانی ناو حیزب و دەرەوەی حیزب بوو، پەسەند کران. لە بەرنامەی حیزبدا گەشە بە خواستی نەتەوەیی درا و هاوکات دێموکراسی ناوخۆیی و هەنگاونان بۆ دێسانترالیزە کردنی قەوارەی حیزب لە پێرەوی ناوخۆ دا رەنگی دایەوە. رێبەریەک بە دوور لە هەر جۆرە دەمارگرژی و ناوچەگەری و … هەڵبژێردرا. بۆ یەکەم جار میکانیزمی هەڵاواردنی پۆزەتیڤ بە مەبەستی رێگەخۆش کردن بۆ سەرکەوتنی ژنان لە کۆنگرەدا هاتە ئاراوە، لاوان بەشێکی بەرچاو لە پێکهاتەی رێبەری‌یان پێکهێنا و هاوکات بەشی هەرە زۆری رێبەرانی لەمێژینەی ئەو حیزبە، ئەگەرچی ئێستاش سەرمایەی گەورەی فکرین، بەڵام دەستیان لە رێبەری کێشایەوە و جێگای خۆیان بۆ لاوەکان بە جێ هێشت.
ئەوانەی سەرەوە تەنیا بەشێک بوون لە دەسکەوتەکانی کۆنگرەی چواردە. بەڵام هەر بە دوای کۆتایی کۆنگرە، رەوتی داکشان و نوشستی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستی پێ کرد. ئەو رەوتە لە ٦ مانگی یەکەم دا کە بەڕێز کاک خالید عەزیزی وەک وتەبێژی حیزب کاری دەکرد خاوتر بوو بەڵام لەو کاتەوە کە ئەرکی سکرتێری حیزبی بە ئەستۆ گرت، رەوتێکی خێراتری بەخۆوە گرت. رێبەری بە کردەوە رەوتی بچووک کردنەوەی حیزب و خڕکردنەوەی دەسەڵات لە ناو دەستی خۆی دەست پێکرد، پشتی لە زۆربەی بڕیار و پەسەندکراوەکان کرد.
بۆ وێنە تاقە جارێکیش کۆماری کوردستان وەک ئامانجی ستراتژیی ئەو حیزبە لە وتەی رێبەرانی دا رەنگی نەدایەوە. هیچکام لە رێبەرانی حیزب چ بە زمان و چ بە نووسین جارێک دیفاعیان لە بەرنامەی حیزبەکەیان نەکرد، گەشەدان بە بیری نەتەوەیی هیچ رەنگدانەوەیەکی لە گوتاری حیزبدا نەما. ئەو کۆمیسیۆنانەش کە بە مەبەستی دێسانترالیزەکردنی قەوارەی حیزب لە ئەساسنامەدا گونجێندرابوون، کەوتنە بەر رقی رێبەریی حیزبەوە و یەک لە دوای یەک خنکێندران یان نیوە گیان کران.
رووناکبیرانی دەور و دەرەوەی حیزب کە لە ناویان دا ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانستگا هەبوون، یەک لە دوای یەک تەرە کران و لەو حیزبە دوور خرانەوە. رووناکبیرانی ناو حیزب ناهومێد کران، لە جیاتی کەڵکوەرگرتن لە تواناکانی ناو حیزب و دەرەوەی حیزب، کاری تاکەکەسی جێگای بە کاری هەرەوەزی لێژ کرد، تواناییەکان پەڕاوێز کران، راگەیاندن ئەگەر نەڵێم داکشانی بە خۆوە دیت، لەو ئاستەدا قەتیس ما کە بەر لە کۆنگرەی چواردە هەبوو، تەشکیلاتی ئاشکرا هەڵوەرینی بەخۆوە دیت و خەبەرێکیش لە “ئاموزش” و پەروەردەی حیزبی و نەتەوەیی بۆ ئەندامان نەما. تەنیا شتێک کە تا ئێستاش بەردەوام بەچاوی ئەندامان دا دەدرێتەوە، رێگەدان بە دەربڕینی بیروڕای ئازادە کە ئەوەش هێشتا لە بنکەکانی حیزب دا پرسیاری لەسەرە و ئەوەندەش کە پێوەندی بە ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی بنکەکان هەیە، خێرێک نییە کە رێبەریی حیزب بتوانێ پێیانی بکا.لە زۆربەی کۆنفرانسەکانی پێش کۆنگرەی ١٥ دا و بۆ وێنە لە کۆنفرانسی ئەندامانی حیزب لە وڵاتی فینلاند کە بۆخۆم تێیدا بەشدار بووم، زۆربەی نیزیک بە تەواوی ئەوانەی تریبونیان وەرگرت، قسەکانیان لە دەوری داکۆکی لە بڕیارەکانی کۆنگرەی چواردە و پێویستی پێداگرتنەوەی کۆنگرەی پازدە لە سەر ئەو پەسەندکراوانە خولی دەدا. لە راستی دا ئەندامان بە جێگای ئەوە کە بیر لە پێشکەوتنی زیاتر بۆ حیزبەکەیان بکەنەوە، ناچار بوون دیفاع لە دەسکەوتەکانیان بکەن. ئەمە بۆ من تراژێدی بوو کە بە ئاشکرا دەمدیت بەدەنە لە بەرامبەر رێبەریی دا کەوتبووە بەرگری لە دەسکەوتەکانی کۆنگرەی پێشوو!
لە حاڵێک دا کە ئەگەر حیزبەکە رەوتی دروستی خۆی پێوابا، ئەندامان دەبوو بیری نوێیان داهێنابا، یارمەتیان بە روونکردنەوەی پەسەندکراوە تەماویەکانی کۆنگرەی پێشوو کردبا، ژنان دەبوو لە دەست میکانیزمی هەڵاواردنی پۆزەتیڤ رزگار کرابان و هاوکات کاندیداکانیان بۆ رێبەری چەند بەرابەر بووبا، دەبوو بۆ هەرکام لەو ناوچانەی کە رێژەی ئەندامیان لە رێبەری دا نییە یان کەمە، چەندین کادر وەک کاندیدی رێبەری پەروەردە کرابا، دەبوو ئەندامان بە بیری نەتەوەیی زیاتر گۆش کرابان، دەبوو لە سایەی دێسانترالیزە کردنی قەوارەی حیزب و دابەشکردنی دەسەڵات، چیدی هیچ ئەندامێک حیزبایەتیەکەی بە بوون و نەبوونی لە ناو رێبەری دا گرێ نەدابایەوەو دەبوو… دەبوو… دەبوو… بەڵام بە داخەوە زۆر “دەبووی” دیکە نەبوون و کۆنگرەش بە “سەرکەوتنەوە” کۆتایی پێهات!
***
خۆ ئەگەر دۆخی ئێستای حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک عادەتە، لە گەڵ لایەنەکانی دیکە هەڵسەنگێنین، رەنگە لە زۆربەی بوارەکاندا ئەو حیزبە جیاوازیەکی ئەوتۆی لە گەڵیان دا نەبێ بەڵام رەساڵەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەوە نەبوو. ئەوەندەش کە دەگەڕێتەوە سەر توانایی و لیاقەتی سکرتێری ئەو حیزبە، نە رەخنەگرتن لێی بە مانای بێ تواناییەتی و نە بە توانایی ئەو بەو مانایەیە کە رەخنەی لە سەر نییە یان نابێ رەخنەی لێ بگیرێ. سەرەڕای هەموو کەموکوڕیەکان، لە ناو رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، ئەمڕۆ کاک خالیدی عەزیزی باشترین کەسە بۆ سکرتێر بەڵام بێدەنگ بوون لە حاند ئەو کارانەی کە دەبوو بکرێن و دوای پتر لە سێ ساڵ هەروا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، بە مانای رازی بوون بە کەموکوڕیەکانە.
هەڵەیەک کە بە داخەوە لە دوای کۆنگرەی چواردەوە زۆربەمان بە بیانووە پووچەکانی “حیزبەکە ساوایە” یان “با ئەم و ئەو پێمان خۆش نەبن” و… تووشی بووین و بووین بە شەریکی هەڵەکان. لە راستی دا، لە مەودای نێوان کۆنگرەکانی ١٤ تا ١٥ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێوەندی نێوان سکرتێر و حیزب، هەمیشە منی وەبیر پەندی “ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوانیش لە خەیاڵێک” خستۆتەوە. بڕیار و پەسەندکراوەکان لەو حیزبەدا تەنیا نووسراوەی سەر کاغەز بوون و سکرتێر ئەوەی کردووە و ئەوەی گوتووە کە خۆی پێی باش بووە نەک ئەوەی کە حیزبەکە پێی باش بووبێ.
لەم نێوەش دا ئەندامانی دیکەی رێبەری کڕ و کپ، متەقیان لێ نەهاتووە. لە حاڵێک دا لە هەموو حیزبێکی پێشکەوتوو و دواکەوتووی ئەم دنیایە، سکرتێر و ئەندامانی دیکەی رێبەری لە کۆنگرەکاندا خۆیان بۆ جێبەجێ کردنی بڕیار و پرۆژەکانی حیزبەکە کاندید دەکەن و ئەگەر هاتوو موخالفی ئەو بڕیار و پەسەندکراوانە بوون، ئەوە دەبێ خۆیان لە کاندیدکردن و بەرپرسایەتیی جێبەجێ کردنیان بپارێزن.بە دوای کۆنگرەی پازدە دا هەرچەند گۆڕانێکی رێژەیی لە گوتاری سیاسیی رێبەرانی حیزب دا بەرگوێ دەکەوێ بەڵام بەش بە حاڵی خۆم هەم گۆڕانەکەم پێ درەنگ وەختە و هەم بە داخەوە بە پێی ئەزموونی دوای کۆنگرەی چواردە، پێم وایە زۆر درێژە ناکێشێ و سەرلەنوێ پشت کردن لە پەسەندکراوەکانی ئەو کۆنگرەیەش دەست پێ دەکاتەوەو رەوتی بچووک کردنەوەی حیزبەکەش لە لایەن رێبەرانیەوە هەروا درێژەی پێ دەدرێ. چونکە لەم کۆنگرەیەش دا نوێنەرانی کۆنگرە هەروا بۆخۆیان “مصوبات”یان پەسەند کردووە و رێبەرانیش بڕیاریان داوە سیاسەتی خۆیان بکەن.

۹/۱۰/۱۳۸۹

دوکتور زیا سەدرولئەشرافی: داوا لە دوو لایەنی حیزبی دێموکرات دەکەین لەگەڵ یەک بکەونە دیالۆگەوە

زیا سەدرولئەشرافیدوکتور زیا سەدرولئەشرافی کەسایەتیی ئازەربایجانی و وتەبێژی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ داوای لە هەر یەک لە عەبدوڵڵا حەسەن زادە و مستەفا هیجری کرد تا لە گەڵ یەک بکەونە دیالۆگ و کار بۆ یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران بکەن. وتیشی کە ئەو لە ناو ئازەری و کوردەکان دا بە باشترین دۆستی ئازەریی کوردەکان دەناسرێ و رابردوویەکی دێرینەی لە ئاشنایەتی لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان ، بە تایبەت ئاشنایەتی لە گەڵ دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو و عەبدوڵڵا حەسەن زادە هەیە.

لە رۆژانی ١٨، ١٩ و ٢٠ی نوڤامبر کۆنفرانسێک بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کە نوێنەرانی حیزب و لایەنەکانی سەر بە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتەی لە خۆ گرتبوو، لە شاری هێلسینکی پێتەختی وڵاتی فینلەند پێک هات. ئەو کۆنفرانسە تایبەت بوو بە تاوتوێ کردنی پرسی فیدرالیزم و دێسانترالیزە کردنی دەسەڵات لە ئێرانی داهاتوو کە تێیدا هەریەک لە رەزا کەعبی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کاوە ئاهەنگەری لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، مەجید حەقی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حەسەن شەمسی لە کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێران و دوکتور گوڵمراد مرادی لە بزوتنەوەی دێموکراتیکی یارسان بەشدار بوون و هەرکام روانگەی حیزبەکەی خۆیان لەم بارەوە خستە روو. لە کوردەکانی دیکەش رەئوف کەعبی نوێنەرایەتی ئیتحادی فیداییانی خەڵکی ئێرانی دەکرد و هەروەها دوکتور محمد عەلی تۆفیقی وەک رۆژنامەنووس راستەوخۆ بەشداری کۆنفرانس بوو و باسێکی لە سەر فیدرالیزم پێشکەش کرد. لە دووریشەوە و لە رێگای سکایپ، دوکتور ئاسۆی حەسەن زادە مامۆستای زانستگای فەرانسەوی - لوبنانیی هەولێر و شەهابەدین شێخی رۆژنامەنووس لە وڵاتی ئاڵمانەوە، بەشدار بوون و قسەیان کرد. 


لە رۆژی دووهەم و بە پێی بەرنامەی کاری کۆنفرانس، نوێنەرانی هەر یەک لە حدکا و حدک - بە ئانقەست یان بە هەڵکەوت - لە پانێلێکی هاوبەش و لە تەنیشت یەک بەشدار بوون و باسەکەیان پێشکەش کرد. ئەوەش خۆشحاڵی و تەشویقی سەرجەم ئامادەبوانی لێکەوتەوە و دوکتور حسین لاجوێردی، وەک رێکخەری سەرەکیی کۆنفرانسەکە ئەوەی بە یەکێک لە دەسکەوتەکانی کۆنفرانس وەسف کرد.


ئەوەی لەم کۆنفرانسەدا هەستی پێ دەکرا، هەوڵی زۆری دوکتور لاجوێردی بوو بۆ راکێشانی سەرنجی زیاتری لایەنەکان بۆ پێشوازی و پەیوەست بوون بە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ کە ماوەی حەوت ساڵ بەسەر دامەزرانی دا تێپەڕیوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ناو کوردەکان دا هەست دەکرێ کۆنگرە لە ژێر هێژێمۆنیی لایەنێکی ناو کۆنگرە، بەرگری دەکا لە پەیوەست بوونی لایەنەکانی زیاتری رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەگەرچی پێشتر لەو بارەوە قسەم لە گەڵ دوکتور زیا سەدرولئەشرافی کردبوو و ئەو رەخنەیەم رووبەروو کردبۆوە، بەڵام دەرفەتێکی زۆر کەمم دەسکەوت تا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی دا ئەو پرسیارەی بەرەوروو بکەمەوە. 


وتەبێژی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ هەرچەند وتی کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان داوای بەئەندامبوونیان نەکردووە بەڵام نکۆڵی لەوە نەکرد کە کێشەی حدکا لە گەڵ حدک بەربەستی وەرگرتنی حدک بووە بۆ ئەندامەتی لەو پێکهاتەیەدا. لەم بارەوە وتی کە ئەوان کار بۆ یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دێموکرات دەکەن. 


دوکتور زیا سەدرولئەشرافی پێشینەی ئاشنایەتی خۆی لەگەڵ حیزبی دێموکرات بۆ ئەو کاتە دەگەڕێنێتەوە کە دوکتور قاسملوو رێبەریی ئەو حیزبەی بە دەست بوو و دەڵێ: "ئەو کات بە هۆی ئیرەج ئەسکەندەری و لە رێگای عەبدوڵڵا قادری ئازەرەوە لە گەڵ دوکتور قاسملوو ئاشنا بووم. لە رێورەسمی ناشتنی شەهید دوکتور شەرەفکەندی دا بەشدار بووم و دواتر کە کاک حەسەن زادە سکرتێری حیزب بوو، چووم لە گەڵی دانیشتم و لە بابەت پێوەندیی نێوان کوردەکان و ئازەربایجانییەکان لە ناوچەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و ناوچەکانی تر قسەم کرد." 
سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ نایشارێتەوە کە ئەو "ئاشنایەتی لەگەڵ کاک حەسەن زادە زیاتر تا کاک هیجری" بەڵام دەڵێ کە "ئارەزووی من ئەوەیە یەکێتی ئەو دوو باڵەی حیزبی دێموکرات وەدی بێ، چونکە ناکۆکی سیاسی دەبێ ببێتە هۆی گەشە کردنی جەریانێکی سیاسی و نابێ بخرێتە قۆناخێکەوە کە لاوازیی ئەو جەریانەی لێ بکەوێتەوە و دێموکراسی یانی توانایی تەحەمولی بیرورای جیاواز." لەم بارەوە وتەی خانمە وەزیرێکی فەرانسەوی لە سەردەمی دەسەڵاتی ژیسکار دێستەنی گێرایەوە لەو کاتەدا کە فرانسوا میتران، یاسر عەرەفاتی بانگهێشت کردبوو؛ "پرسیاریان لێ کرد کە بیروبۆچوونت لەو بارەوە چیە و لە وڵامدا کوتی بە رای من ئیسرائیل دەبێ لە گەڵ یاسر عەرەفات بکەوێتە وتووێژەوە. وتیان ئاخر موخالفی یەکترن، لە وڵام دا وتی ئینسان لەگەڵ موخالفی خۆی وتوێژ دەکا نەک لە گەڵ هاو نەزەرەکەی."

دوکتور سەدرولئەشرافی کە وەک خۆی دەڵێ هەم لە ناو تورکە ئازەریەکان دا و هەم لە ناو کوردەکان دا بە باشترین دۆستی ئازەریی کوردەکان ناسراوە، دەڵێ: لەو محەبەتەی ئەو ئازیزانە کەڵک وەردەگرم و وەک بەرپرس و وتەبێژی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ داوا دەکەم دوو لایەن لەگەڵ یەک دابنیشن و ئەوەی لە دەستی منیش بێ لەم بارەوە تەنەخی ناکەم، ئاکامەکەشی پێوەندی بە خۆیانەوە هەیە.


لە بابەت ئەوە کە ئاخۆ ئەوان بەرنامەیەکیشیان هەیە بۆ پێکهێنانی دیالۆگ و نیزیک کردنەوەی ئەو دوو لایەنەی حیزبی دێموکرات، سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ ئاشکرای دەکا کە ئەوان "لە کۆنگرەدا خەریکن پەیماننامەیەک بێننە بەرباس کە ئەو نەتەوانە هەر جۆرە ناکۆکیەکیان لەگەڵ یەک هەبێ، دەبێ بە شێوەی هێمنانە و ئاشتیخوازانە چارەسەری بکەن و سروشتی‌یە کە ئەوە ئەندامانی جیاوازی ناو هەر کام لەو نەتەوانەش دەگرێتەوە و راست بەو هۆیەیە کە من داوا لە کاک حەسەن زادە و کاک هیجری دەکەم کە حەتمەن قسەکانم دەبیسنەوە، هەر وا بکەن و ئەوە بە قازانجی نەتەوەی کوردە."

تاهیر قاسمی ئەو راپۆرتەی ئامادە کردووە
سه‌رچاوه‌: رۆژهه‌ڵات‌تایمز

۷/۱۴/۱۳۸۹

عەلی مێهرپەروەر: (بەر لە لەتبوون) مۆرەکانی رێژێم‌ هەوڵیان دەدا به‌خۆنزیک کردنه‌وه‌ له‌ جیناحێک پشتی خۆیان قایم بکه‌ن

دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ به‌رێز عه‌لی میهرپه‌روه‌ر(تاهیر قاسمی)
عه‌لی مێهرپه‌روه‌ر
وەک سەرەتایەک بۆ چوونە ناو باسەکە تکایە بە کورتی باسێک لە کارنامەی کۆمیتەی کەمپەینی ئاشتی و پێشکەوتنەکانی لە ماوەی چەند مانگ کار و تێکۆشانی بۆ خوێنەران بخەنە روو.
که‌مپینی یه‌‌کبوون که‌ به‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی بانگه‌وازێک بوونی خۆی راگه‌یاند، زۆری نه‌خایاند له‌گه‌ڵ پێشوازیی گه‌رمی ئه‌ندامان ولایه‌نگرانی حیزبی دێموکرات به‌ره‌وروو بوو. ئه‌و پێشوازیه‌ نیشانده‌ری ئه‌و راستیه‌ بوو که‌ مه‌یل بۆ لای یه‌کگرتنه‌وه‌ ویه‌کبوونه‌وەی دووباره‌ی حیزب، ویستی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبه‌. دیاره‌ ئه‌گه‌رکه‌سانێک هه‌ن که‌ لایه‌نگرییان لێ کردووه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا ئیستا که‌سانێکیش هه‌ن که‌ به‌ربه‌ره‌کانێ‌یان له‌گه‌ڵ کردووه‌‌ وکۆسپیان خستوه‌ته‌‌ سه‌ر رێگای. دیاره‌ ئه‌وه‌ شتێکی سروشتییه‌ چونکوو یه‌کبوونه‌وه‌ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی که‌سانێک ده‌گه‌یه‌نێ که‌ به‌هۆی لێکدابڕان پله‌و پایه‌یه‌کیان به‌ نسیب بووه‌. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ که‌ موخالیفه‌کانیش به‌رواڵه‌ت دان به‌وه‌دا ده‌نێن که‌ یه‌کبوونه‌وه‌ و یه‌کریزی و دیالوگیان پێ باشه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ئه‌مما و ئه‌گه‌رو مه‌رج دانان که‌ له‌ راستی‌دا هه‌ر وه‌ک موخالیفه‌ت وایه‌. به‌ گشتی ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌ ده‌ستکه‌وت بکه‌ین له‌وانه‌یه‌ شتێکی کۆنکریت و مه‌لمووسمان به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ باسی یه‌کبوونه‌وه‌ چووه‌ته‌ نێو به‌ده‌نه‌ی هه‌ردوو به‌شی حیزب و به‌ شیوه‌ی جۆراوجۆرله‌ کۆر و کۆبوونه‌وه‌کاندا ده‌که‌وێته‌ به‌ر باس، جێی خۆشحاڵییه‌. چونکوو ئه‌و باسکردنانه‌ بۆخۆی به‌مانای بوونی کێشه‌یه‌که‌ که‌ هه‌ڵده‌گرێت به‌ شوێن رێگه‌چاره‌دا بگه‌رێیت.

کەسانێک پێیان وایە کەمپەین و کومیتەکەی لە دامەزرانیەوە تا ئێستا رەوتی روو بە هەڵکشانیان بە خۆوە نەدیتوە. ئەوە لە روانگەی ئێوەوە چۆن چاو لێ دەکرێ؟
پیم وایه‌ تێگه‌یشتنێکی هه‌ڵه‌ له‌ ره‌وتی یه‌کبوونه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌. هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ یه‌کبوونه‌وه‌ ته‌نیا به‌ کاری کومیته‌ یان چه‌ند که‌سێکی ده‌ست نێشانکراو داده‌نرێ. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر رۆژ له‌ لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌وه‌ هه‌واڵێک بڵاو نه‌کراوه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ره‌وتی یه‌کبوونه‌وه‌ رووی له‌ کزی کردووه‌ یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌. موخالفه‌کانی یه‌کبوونیش توشی هه‌مان هه‌ڵه‌ی لێکدانه‌وه‌ بوون. ئه‌وان پێیان وایه‌ به‌ هه‌ره‌شه‌ و گوره‌شه ‌یان سزادانی چه‌ند که‌سایه‌تیه‌ک له‌ کومیته‌ی یه‌کبوون دا ده‌توانن ره‌وتی یه‌کبوون په‌ک بخه‌ن. له ‌کاتێکدا‌ که‌ ئه‌و ویسته‌ پێش له‌ راگه‌یاندنی بانگه‌وازه‌که‌ش له‌ ناخی ئه‌ندامان و لایه‌نگراندا هه‌ر هەبووه‌. بۆیه‌ نابێ که‌ پێشکه‌وتن یان نه‌که‌وتن ته‌نیا له‌ چالاکی کومیته‌دا ببیندرێت. هه‌رچه‌ند نکۆڵی له‌وه‌ ناکری که‌ به‌رنامه‌رێژی و هیدایه‌تی ره‌وته‌که‌ ئه‌رکی کومیته‌یه‌. ئه‌وه‌ له‌لایه‌ک، له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ یه‌کخستنه‌وه‌ یان به‌ یه‌ککردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌کان به‌ ته‌نیا له ‌ده‌ست یه‌کبوونخوازاندا نیه‌ به‌ڵکوو به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ کۆمه‌ڵێک هه‌لومه‌رج وباودۆخی تایبه‌ت. له‌وانه‌یه‌ هه‌لومه‌رجێک له‌ باری سیاسیه‌وه‌ له‌ داهاتوو دا بێته‌ کایه‌وه‌ که‌ ره‌وته‌که‌ توندتر یان ئه‌هوه‌نتر بکاته‌وه‌ که‌ به‌ده‌ر له‌ ئیراده‌ی یه‌کبوونخوازانە‌.

زۆر جار دوو لایەنی حیزبی دێموکرات لە بەیان و راگەیەندراوەکانیان دا بە زیان یان قازانجی یەکگرتنەوە قسە دەکەن، بەڵام ئێوە لە بەرامبەر هەردوکیان دا بێدەنگی هەڵدەبژێرن. لە کاتێکدا رەنگە زۆر کەس چاوەڕوانی هەڵوێستی بە وەخت لە ئێوە بن. بۆچی بێدەنگی هەڵدەبژێرن؟
که‌مپینی یه‌کبوون خۆی له‌ناخی هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامه‌ یه‌کبوونخوازانه‌ دا ده‌بینێته‌وه‌ که‌ له‌هه‌ر دوو لادا تێکۆشانیان هه‌یه‌. رێبه‌رانی هه‌رلایه‌ک که‌ به ‌دژ یان به‌ موافقی ره‌وتی یه‌کبوون لێدوان ده‌ده‌ن نه‌خش و روانگه‌ی خۆیان له‌و بواره‌دا ده‌ر ده‌خه‌ن و روویان له‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک و ئه‌ندامانی حیزبه‌، پێویست ناکات به‌ ده‌ربرینی هه‌ر بۆچوونێک کومیته‌ی یه‌کبوون ده‌ست به‌جێ هه‌ڵویست بگرێت. له‌و کاته‌دا له‌وانه‌یه‌ ئێمه‌ ببینه‌ هۆی قووڵتر کردنه‌وه‌ی که‌لێنی نێوان دوو لایه‌نه‌که‌.

ئێوە بە پێی رەواڵ ئەو کاتانە هەڵوێست دەگرن کە هەردولا شتێک پێچەوانەی هەڵوێستی ئێوە دەرببڕن. یان بە واتایەکی دیکە هەڵوێستتان هەمیشە وا بووە کە بتوانن بە شیوەی رێژەیی رەخنە لە هەر دوو لا بگرن. ئەوەش لە روانگەی چاوەدێران بۆ ئەوەیە کە لایەنێک تانەی لایەنگری لە لایەنەکەی دیکەتان لێ نەدا. پێتان وا نیە کاتی ئەوە هاتووە کە لە سیاسەتی رەخنەی نیوە بە نیوە خۆ دوور بگرن؟
ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر هێرشێک بکرێته‌ سه‌رمان یان به‌شتێک تاوانبارمان بکه‌ن که‌ ئێمه‌ لێی به‌ری بین، پێویسته‌ له‌ وه‌ها حاڵه‌تێکدا وه‌ڵامی خۆی پێ بدرێته‌وه ‌و راستیه‌ کان به‌ خه‌ڵکی بوترێت. ئێمه‌ زۆر جار باسی ئه‌وه‌مان کردوه‌ که‌ نه‌ ده‌ستکردی لایه‌نێکین نه‌ ئامرازی ته‌بلیغاتی بۆ لایه‌نێک به ‌دژی لایه‌نێکی دیکه‌. هه‌روه‌ها که‌مپینی یه‌کبوون نه‌ لایه‌نێکی سێهه‌مه ‌(ماوه‌یه‌ک ئه‌وناوه‌یان وه‌دوا خستبووین) نه‌ لایه‌نگری لایه‌ک و نه‌یاری لایه‌کی دیکه‌. ره‌وتی یه‌کبوون به‌گشتی له‌ناخی هه‌موو ئاشتیخوازان دایه‌ و هاورای به‌شێکی زۆر له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی هه‌ردوو به‌شی لێکدابراوی حیزبه‌ به‌ تایبه‌تی. ئێمه‌ باش ده‌زانین که‌ ئه‌وه‌ رێبه‌رانی حیزب بوون که‌ جه‌سته‌ی حیزبیان شه‌ق کرد ئیستاش رێبه‌رایه‌تی‌ ‌ده‌توانێ به‌ هه‌ست کردن به‌ ئه‌رکی گرانی سه‌ر شانیان و وه‌ڵام به‌ داخوازی یه‌کبوونخوازان، ئه‌و برینه‌ سارێژ بکاته‌وه‌. خۆزیا وا نه‌بوایه‌و به‌ده‌نه‌ی ئه‌وحیزبه‌ توانایی خۆی به‌ بێ چاوه‌روانی له ‌رێبه‌رایه‌تی بۆ سه‌ریه‌کخستنه‌وه‌ی حیزب وا بخستایه‌ته‌ گه‌ڕ که‌ ‌ یه‌کریزی و یه‌کبوونه‌وه‌ی به‌ سه‌ر رێبه‌رایه‌تیدا بسه‌پاندایه به‌ڵام راستیه‌که‌‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ رێبه‌رایەتی بریاره‌کان ده‌دات و به‌رێوه‌یان ده‌بات‌. ‌ هه‌ر بۆیه‌ که‌مپین نایهه‌وێ به ‌هه‌ڵوێستی ناوه‌خت ونابه‌جێ ئاگری دووبه‌ره‌کی خۆش بکات. له‌ هه‌مان کاتدا چاوه‌روانی له‌و ئه‌ندامانه‌ی نێو ریزی رێبه‌رایه‌تی که‌ هه‌ست به‌ پێویستی نزیکبوونه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت یه کبوونه‌وه‌ش ده‌که‌ن، ئه‌وه‌یه‌ که‌ راشکاوانه‌تر بێنه‌ مه‌یدان و ئه‌رکی نیشتمانی خۆیان به‌ جێ بگه‌یه‌نن، گومانیان نه‌بێ که‌ خه‌ڵک وه‌ها چاوه‌روانییه‌کیان لێیان هه‌یه‌ وهه‌نگاوه‌کانیان به‌رز ده‌نرخێنن‌. موخالیفه‌کانی یه‌کبوون دژایه‌تی خۆیان له‌گه‌ل یه‌کبوونخوازان ناشارنه‌وه‌ و چیان له‌ ده‌ست بێت بۆ په‌کخستنی ره‌وتی یه‌کبوون ده‌یکه‌ن. ئه‌و رێبه‌رانه‌ش که‌ به‌ دڵ خوازیاری ئاشتی وته‌بایین جێی خۆیه‌تی ده‌نگی خۆیان به‌رزتر بکه‌نه‌وه‌ و دیفاع له‌ ئامانجه‌که‌یان بکه‌ن. به‌و شێوه‌ ئه‌ندامه‌کانی لایه‌نگری یه‌کریزیش بێگومان پشتیان ده‌گرن.
باشە بە شێوەی کۆنکرێت و بە جیاواز داوای ئێوە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چیە؟ 
ئیمه‌ داوایه‌کی تایبه‌تیمان له‌ هێج لایه‌ک به‌ته‌نێ نیه‌. داوای سه‌ره‌کی ئێمه‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی نیوان دووبه‌شی حیزب له‌ رێگای دیاڵوک و وتووێژه‌. حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ لیدوانه‌کانی رێبه‌رانیدا باس له‌ دانێشتن و ئاماده‌یی بۆ دیالوک به‌ بێ مه‌رج ده‌کا و ئه‌وه‌ نه‌ هه‌ر لای ئێمه‌ به‌ڵکوو له‌ لای بیرورای گشتیش جێی په‌سه‌نده‌. لایه‌نی دیکه‌ش واتا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باس له‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی له‌گه‌ل به‌شه‌که‌ی دیکه‌ به ‌شێوه‌ێ ئاشتیخوازانه‌ ده‌کا و دیالوگ به‌ گشتی ره‌د ناکاته‌وه‌ به‌ڵام مه‌رجی تایبه‌تی بۆ ئه‌و دانیشتنانه‌ هه‌یه‌ و ئه‌ویش داوای گۆرینی ناوه‌که‌یانه‌. لێره‌دا جێی خۆیه‌تی ئه‌و پرسیاره‌ له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ردوولادا دابنێین:‌ ئه‌گه‌ر هه‌ردوولاتان دان به‌وه‌دا ده‌نێن که‌ دیالۆگتان قه‌بووڵه‌، ئایا ناکرێ نه‌ حدکا پێ له‌سه‌ر گۆرینی ناو دابگرێ و نه ‌حدکیش هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات هه‌ر ده‌بێ رووبه‌روو دابنیشن تا به‌و شێوه‌ به‌ فه‌رمی خۆیانیان پێ بناسێنن. وه‌ک له‌ دیپلوماسیدا باوه‌، با ناراسته‌وخۆ له‌گه‌ل یه‌کتر دانیشن و به‌هۆی لایه‌نێکی سێهه‌م که‌ جێگه‌ی په‌سه‌ندی هه‌ر دوولا بێت قسه‌کانی خۆیان به ‌لایه‌نی به‌رانبه‌ر بگه‌یه‌نن. نموونه‌ی ئه‌و ‌جۆره‌ دانیشتنانه‌ زۆرن. هه‌ر چه‌ند له‌وانه‌یه‌ ئه‌و جۆره‌ دانیشتنانه‌ دڵخواز نه‌بن به‌ڵام بۆ قۆناخی ئیستا هه‌نگاوێکه‌ له‌ راستایه‌کی دروستدا.

ئایا دوو حیزب تا ئێستا بە رەسمی یان بە شێوەی غەیرە رەسمی دانیان بە بوونی رەوتێک بە ناوی رەوتی یەکگرتنخوازی کە پتر لە چوارچێوەی کەمپەینی یەکبوون دا کۆ بۆتەوە، داناوە؟ 
تائیستا لایه‌نی حدک هه‌م وه‌لامی نامه‌ی که‌مپینی داوه‌ته‌وه‌ هه‌م دان به‌ بوونیدا ده‌نێ .به‌لام لایه‌نی حدکا تا ئیستا به‌ نووسراوه‌ وه‌ڵامی نامه‌کانی که‌مپینی نه‌داوه‌ته‌وه‌ .

دووپات کردنەوەی سیاسەتەکانی پێشووی حدکا لە لایەن کاک مستەفا هیجری لە گۆواری لڤین دا پێچەوانەی چاوەڕوانیی ئەو خەڵکە بوو کە پێیان وابوو بە دوای ئاشتی نێوان کاک حەسەن شەڕەفی کەسی دووهەمی ناو حدکا و مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە دیارترین کەسایەتیی ناو حدک، رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گۆڕانی لە سیاسەتەکانی دا پێک هێناوە یان پێک دێنێ. ئایا بە بڕوای جەنابت کاک حەسەن شەڕەفی پێچەوانەی سیاسەتی حیزبەکەی جوڵایەوە و بە پێی وتەکانی کاک مستەفا، هەڵەی کرد؟
ئه‌و حه‌ره‌که‌ته‌ که‌ به‌رێزکاک حەسه‌ن شه‌ره‌فی وه‌ک جێگری سکرتێری گشتی حدکا و به‌رێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زاده‌ وه‌ک که‌سایه‌تی دیاری ناو حدک له‌ رێوره‌سمی په‌رده‌ لادان له‌ سه‌ر مونۆمێنتی شه‌هیدکرانی دوکتور قاسملوو له‌ وییه‌ن نیشانیاندا هه‌ر چه‌ند له‌خۆیدا حه‌ره‌که‌تێکی به‌جێ بوو، به‌ڵام زیاتر له‌وه‌ که‌ وه‌ک ئاشتی له‌ نێوان نوێنه‌رانی دوو جه‌ره‌یانی سیاسی چاوی لێ بکرێ باشتره‌ وه‌ک ده‌ربرینی سۆزێکی دۆستانه‌ی دووهاورێ و هاوسه‌نگه‌ری پێشووی یه‌کتر سه‌یربکرێت. چوونکو ئاشتی مانای خۆی هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت ئاشتیی سیاسی. ئاشتی‌ ته‌نانه‌ت له‌نێوان دووکه‌سی ئاساییشدا دوای ده‌ربڕینی گله‌یی و گازه‌نده‌کان له‌ یه‌کترو قه‌بووڵکردنی رخنه‌کان له ‌یه‌کترو به‌کورتی گه‌یشتن به‌ ته‌وافوق دێته‌ کایه‌وه‌. وه‌ک هه‌نگاوێکی دروست له‌ رێوره‌سمێکدا به‌ڵێ به‌ڵام وه‌ک شتێکی کاریگه‌ر له‌ ره‌وتی یه‌کبوونه‌وه‌دا، به‌داخه‌وه‌، نه‌.

ئەوە راستە کە کێشە و ناکۆکیە چەند ساڵەییەکانی حیزبی دێموکرات خۆی زەمینەی ئەو لەتبوونە بوو. بەڵام کۆماری ئیسلامی زیاترین قازانجی لەو لەتبوونە پێ بڕا. ئایا دەتوانین بە شێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ شوێن پێی ئیتلاعات لەو لەتبوونەدا ببینینەوە؟ 
ئه‌و لێکدابڕانه‌ شتێکی کوتووپڕو "خلق الساعه‌" نه‌بوو به‌ڵکوو ئاکامی که‌ڵه‌که‌بوونی کێشه ‌چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌کانی کۆن بوو. چاره‌سه‌ره‌که‌یشی نه‌ ئاسانه‌ و نه‌ کاری یه‌ک رۆژ و دوو رۆژه‌.
ئه‌وه‌ی که‌ دوژمنانی گه‌لی کورد و له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌موان کۆماری ئیسلامی که‌ڵکی له‌و رووداوه‌ وه‌رگرتبێت، قسه‌ی تێدا نیه‌ و سروشتییه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی ویستبێتی که‌لێنی نێوان دوو جه‌ناح له‌ حیزبدا هه‌رچی زۆرتر قووڵ و به‌رینتر بێته‌وه‌‌. ئه‌و ریژیمه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی خۆی هه‌وڵی داوه‌ که‌ مۆره‌کانی خۆی بخزێنێته‌ نێو ریزه‌کانی حیزبه‌وه‌. زۆر جاریش له‌و کاره‌دا ئه‌گه‌ر بۆ کورت خایه‌نیش بووبێت سه‌رکه‌وتوو بوه‌ و زۆر جاریش مۆره‌کانی ئاشکرابوون و له‌ حیزب وه‌ده‌رنراون. ئه‌وه‌ی که‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌ره‌تانی له‌باری بۆ مۆره‌کانی ریژیم ده‌ره‌خساند که‌ش و هه‌وای ململانێیەکی ناسالم له‌ نێو حیزبدا بوو. ئه‌و مۆرانه‌ هه‌وڵیان ده‌دا به‌ خۆ نزیک کردنه‌وه‌ له‌ جیناحێک پشتی خۆیان قایم بکه‌ن. مه‌به‌ستی من ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ به‌پێی رێنوینی ریژیم ده‌یانویست خۆ له‌ نێو لاوانی به‌هه‌ست دا حه‌شار بده‌ن و بخزێنه‌‌ نێو ریزه‌کانی حیزب و ئه‌رکه‌کانیان به‌رێوه‌ به‌رن، ده‌نا هه‌ر وه‌ک وترا زۆر لاوی شۆرشگێر و نیشتمانپه‌روه‌ر هاتوونه‌ نێو ریزه‌کانی حیزب و له‌وپه‌ری دڵسۆزیدا خزمه‌تیان به‌ گه‌له‌که‌ی خۆیان کردوه. بۆیە‌ نابێ حیسابی ئه‌و لاوانه‌ له گه‌‌ل هیندێک سیخۆر که ‌به‌ زۆری‌ پەته‌یان ده‌که‌وته‌ سه‌ر ئاو و له‌ حیزب وه‌ده‌ر ده‌نران تێکه‌ڵ بکرێت. به‌و حاڵه‌ش ناکرێ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بوترێ که‌ هیچ مۆره‌یه‌کی رژیم نه‌یتوانیوه‌ خۆی له‌ نێو ریزه‌کانی حیزبدا مه‌ڵاس بدات. گومانی تێدا نیه‌ که‌ ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ زۆر به‌ وریایی و به‌ پێی ئه‌و رێنوێنیانه‌ که‌ وه‌ریانگرتوه‌، یان به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و ئیمکاناته‌ به‌رفراوانه‌ی پیوه‌ندی که‌ ئیستا له‌به‌رده‌ست دایه‌ وه‌ک تۆری ئینترنیت، موبایل و... رۆژانه‌ش رێنوێنی وه‌رده‌گرن و ئه‌رکی خۆیان به‌ پێی راسپارده‌کانیان به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن. سه‌ره‌رای ئه‌وانه‌ ناکری دابه‌ش کرانی حیزب به‌کاری ریژیم دابنرێ به‌ڵکووتاوانباری سه‌ره‌کی خۆمان بووین وک ئه‌وه‌ی که ‌دۆڕاوی سه‌ره‌کیش هه‌ر خۆمانین.

راگەیاندن بە تایبەت تۆڕی ئینترنێت رۆڵی سەرەکی لە تەقاندنەوەی کێشەکان و قوڵ کردنەوەی ناکۆکیەکان دا بینی. ئەگەر بەشێکی بۆ هەڵەی رێبەریی و بەدەنەی حیزبەکە لەم بارەوە بگەڕێنینەوە، ئایا دەتوانین بەشێکیش بۆ ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی تەرخان بکەین؟ بە تایبەت مەبەستم بابەتە بێ ناوەکانە. 
هیچ گومانی تێدانیه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی ته‌نیا له‌ یه‌ک شێوه‌ بۆ زه‌ربه‌ وه‌شاندن له‌ نه‌یاران و و ئوپوزسیۆنی خۆی که‌ڵک وه‌رناگرێت به‌ڵکوو له‌ هه‌موو ئیمکاناتێک بۆ تێکدانی ریزه‌کانیان سوود وه‌ر ده‌گرێت. ریژیم ده‌ره‌تان و ئیمکاناتی زۆری له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ وه‌ک رادیو، تلویزیۆن، رۆژنامه‌، ئینتیرنیت و... زۆر که‌ره‌سه‌ی ته‌بلیغی دیکه‌. له‌و نێوه‌دا که‌سانێک هه‌ن که‌ به‌ نووسینی بابه‌تی جۆراوجۆرو سازکردنی درۆ و ده‌له‌سه‌ و بڵاو کردنه‌وه‌ی زانیاری نادروست و هه و‌ڵدان بۆ بنکۆڵکردنی بیروباوه‌ره‌کان و له‌به‌رچاو خستن و سووک و بێ بایه‌خ کردنی به‌هاکانی جێی رێز له‌ نێو خه‌ڵک و له‌ نێو حیزبه‌کاندا نه‌خشی خراپ ده‌ گێرن و راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ سوودیان به‌ ریژیم گه‌یاندوه‌‌. ئه‌و بابه‌تانه‌ که‌ زیاتر به‌ ناوی خوازراو به‌ دژی ئه‌م یان ئه‌وکه‌س یان لایه‌ن له‌سه‌ر هیندێک سایت بڵاو ده‌کرینه‌وه ‌‌به‌ زۆری فڕیان به‌سه‌ر راستیه‌وه‌ نه‌بوه و نیه‌‌. به‌ڵام چ پێمان خۆش بێت چ ناخۆش بێت هه‌ر کام له‌و بابه‌تانه‌ که‌م تا زۆر کاریگه‌ری‌یان له‌سه‌ر خوێنه‌رانی خۆیان هه‌یه‌‌. لێره‌دا با ئه‌وه‌ش بڵێین که‌ ئه‌و سایتانه‌ که‌ ڕێگه‌ به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی ناراست وبێ به‌ڵگه ‌و تۆمه‌تی دڵ دوژمن خۆشکه‌ر ده‌ده‌ن له‌و نێوه‌دا بێ تاوان نین. چونکوو وا نیه‌ که‌ هیچ بابه‌تێک به‌ بێ ره‌زامه‌ندی به‌رپرسانی ئه‌و سایتانه‌ چووبێته‌ سه‌ر سایته‌کان. ئه‌گه‌ر زۆر خۆشبینانه‌ چاو له مه‌سه‌له‌که‌ بکه‌ین ئه‌وه‌یه‌ که‌ خاوه‌نی ئه‌و جۆره‌ سایتانه‌ ئه‌گه‌ر بابه‌تێک به‌ دژی خۆیان‌ نه‌بوو‌بێ با دژی هه‌ر که‌س و لایه‌نێک بوو بێت، دایانناوه‌ و پاساوی ئازادی به‌یانیان بۆ هێناوه‌ته‌وه‌‌. (لێره‌دا مه‌به‌ستی من ئه‌وه ‌نیه‌ که‌ ئه‌و سایتانه‌ به‌ مۆره‌ و ده‌ستکردی ریژیم بزانم و ئه‌و تاوانه‌ ناخه‌مه‌ پاڵیان) ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ که‌ بیانهه‌وێ و نه‌یانهه‌وێ رژیم پتر سوود له‌و مه‌سه‌له‌ وه‌رده‌گرێت. نووسینی بابه‌ت له ‌ژێر ناوی خوازراو له‌سه‌رهه‌ندێک له‌ سایته‌کاندا بووە‌ته‌ کارێکی ئاسایی بێ ئه‌وه‌ی تاوانبارکراو بزانێ وه‌ڵامی چ که‌سێک بداته‌وه‌. دیاره‌ رخنه‌ی به‌ جێ و به‌ به‌ڵگه‌ هه‌ر چه‌ند تاڵیش بن، که‌س ناتوانێ نکۆڵیان لێ بکات و هیچ پێویستیش ناکات به‌ ناوی خوازراو بن. ئه‌و جۆره‌ بابه‌تانه‌ ده‌رکی دیالۆگ ومناقشه‌ی شارستانیانه‌ ده‌کەنە‌وه‌ و سایته‌کانیش بۆ وه‌ها بابه‌تگه‌لێک تریبوونێکی باشن.

۵/۲۲/۱۳۸۹

کوردستانپۆست بەرپرسی ناوەرۆکی ئەم بابەتە نییە!


ماوەیەکە کوردستانپۆست هێرش و سوکایەتیەکی بەرینی بۆ سەر کوردەکانی رۆژهەڵات و بە تایبەت بۆ سەر سەکردەی کورد دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو بە بیانووی لایەنگری لە خوالێخۆشبوو ئەحمەد تۆفیق دەست پێکردووە. ئەگەرچی لە سەر و ژێری زۆربەی ئەو بابەتانە ناوی کوردستانپۆست وەک خاوەنی قسە و نوسینەکان نەهاتووە، بەڵام مادام زۆربەی نیزیک بە تەواوی ئەو بابەتانە ناو و ئیمزای هیچ کەسێکی دیار و بۆ خوێنەر ناسراویان پێوە نیە، کوردستانپۆست بە خاوەنیان دەناسرێ. ئەگەرچی لە بنی هەموان نوسراوە کە "کوردستانپۆست بەرپرسی ناوەرکی ئەم بابەتە نیە"، بەڵام بە پێچەوانەی ڕێوشوێنی رۆژنامەگەری، بۆ ماوەی حەوتوویەک دەکرێ بە مانشێتی ماڵپەڕ!


دەڵێن مەلایەک لە گەڵ مەلاژن بە چۆڵگەیەک دا دەڕۆن و لەپڕ چەتەیان لێ پەیدا دەبن. چەتە دەیانهەوێ ئەوەی پێیانە لێیانی بستێنن بەڵام بە پێی رەواڵ مەلا هیچی وای پێ نابێ بە کەلکیان بێ. هەر بۆیە بۆ ئەوەی بە دەستی بەتاڵ نەگەڕێنەوە، دەڵێن تا مەلاژن دەورێک سەمامان بۆ نەکا، ئازادتان ناکەین. مەلاژن بە ناچاری و لە سەر چراسەوزی مەلا سەمایەکی زۆر جوانیان بۆ دەکا. کاتێک چەتەکان بە جێیان دێڵن، مەلاژن بۆ ئەوەی دڵی مەلای لێ پیس نەبێ دەڵێ مەجبوریان کردم دەنا من شتی وا نازانم. مەلا دەڵێ باشە مەجبوریان کردی و سەمات کرد قەیدی ناکا، بەڵام پێم ناڵێی بۆچی ئاوا بە ئیشتیا خۆت با دەدا؟ 

ئەوەی لەم بابەتەدا گەرەکمە لێی بدوێم، کۆمەڵێک بوختانی نوسراوەیەکە کە ناوی "پێشمەرگەیەکی بێ ناو" یان "سەرباز گمنام"ی لە ژێر دراوە و سەرەرای ڕمێنی زۆری ماڵپەڕەکە بۆ زۆری بابەت، ماوەی حەوتوویەک کرا بە مانشێتی کوردستانپۆست. بابەتەکە دواتر بە هۆکارێک کە بۆ من روون نیە و کوردستانپۆستیش هیچ رونکردنەوەیەکی لەم بارەوە بە خوێنەرانی نەدا، لە سەر ماڵپەڕەکە لابردرا. رەنگە بەڕێوەبەرانی بەڕێزی ماڵپەڕەکە بیانووی رێگەدان بە بیرورای ئازاد بۆ بڵاو کردنەوەی بێننەوە، بەڵام بڵێی بۆچی بابەتێکی پڕ لە سوکایەتیی کەسێکی بێ ناو بکرێ بە مانشێتی سایتێکی پڕ خوێنەر؟ ئەی باشە کە نوسیوتانە ئێوە بەرپرسی ناوەرۆکی ئەم بابەتە بێ نووسەرە نین، پێم ناڵێن کێ خاوەنی ئەو هەموو سوکایەتی و بێ ڕێزی و بوختانانەیە؟ 

ئەوانەی سەرەتەقەیەک لە کاری رۆژنامەگەری دا دەکەن، دەزانن کە بە پێی رەواڵ مانشێت هەمیشە هەڵگری هەواڵی رووداوێک یان وتەیەکی سەرنجراکێشی کەسێکی ناسراو و کەسایەتیەکە. کەچی لە کوردستانپۆست دا ئاسەوارێک لەم پرەنسیپانە بەرچاو ناکەون هیچ بابەتێکی گومانلێکراوی ناکەسێکیش قوت دەکرێتەوە. کە دەڵێم ناکەس، مەبەستم سوکایەتی نیە و مادام کەسێکی دیار لە پشت بابەتێکەوە نەبێ، ناکەس جێگای دەگرێتەوە. کە دەشڵێم کەسێکی گومانلێکراو، ئەوا لە کۆتایی ئەم نوسینەدا مەبەستەکەم روون دەکەمەوە. 

لە گەڵ پەرەگرتن و بڵاوبوونەوەی ئامرازەکانی راگەیاندن، سروشتیە کە زۆربەی کۆمەڵگا دەستی بە یەک یان چەند جۆر راگەیەنەر رادەگا و هەموو کەس و لایەنێک دەبێ خۆی بۆ رەخنە لێ گیران ئامادە بکا. بەوە دەمهەوێ بڵێم کە هەر تاکێکی کۆمەڵگا دەبێ ئەو مافەی هەبێ کە رەخنە بگرێ و تەنانەت لاریم نیە ئەگەر خەتە سورەکانیش بپەڕێنێ. بەڵام خۆ دەبێ ئەو نەختە مافەش بە رەخنە لێ گیراو بدەین کە بزانێ کێ رەخنەی لێ دەگرێ و دەبێ جوابی کێ بداتەوە! وێڕای ئەوانەش ئەو رەخنانە لە کەسێک گیراون کە مێژوو خوڵقێن بووە و بەشێکی بەرچاو لە مێژووی خەباتی کوردی رۆژهەڵات بە رێبەریی دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو تۆمار کراوە. هەروەها ئێمە وەک ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێمان وایە کە قاسملوو لە بیر و رێبازی دا زیندووە. هەر بۆیەش دەبێ ئەو مافە بە هەموو کەس بدرێ کە رەخنە لەو رێبازە بگرێ. بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ کە رەخنە و سوکایەتی هیچکات ئاوەڕۆیان لە گەڵ یەک تێکەڵ نابێتەوە. شتێک کە بەڕێوەبەرانی کوردستان پۆست ناویان ناوە رەخنە.

لەو قسانەی کە کوردستانپۆست پێیوایە "دێموکرات وەڵامی پێ نیە" ئەوەیە کە ئیدیعا دەکا ئەحمەد تۆفیق سەرۆکی شەرعی بووە و دوکتور قاسملو لە لایەن بەعسەوە بە سەر حیزبدا سەپێندراوە. بەڵگەشی بۆ ئەوە ئەوەیە کە ئەو کۆنگرەیەی ئەحمەد تۆفیق تێیدا بوو بە سکرتێر لە سونێ گیراوە و ئەوەش کە دوکتور قاسملووی بە سکرتێر دیاری کرد لە بەغدا بە بێ لەبەرچاو گرتنی هەلومەرج و بارودۆخی ئەو کاتی حیزبی دێموکرات!! پێشتریش ئاماژەی بەوە کردووە کە دوکتور قاسملو پیاوی ساواک بووە و بەڵگەشی بۆ ئەوە ئیدیعای ئەحمەد تۆفیق بۆ دەرکردنی دوکتور قاسملوو یان رەحمانی قاسملووی ئەو کات لە حیزب بووە.

جارێ با ئەو واقعیەتە مێژوییە بگێڕینەوە کە لە حیزبی دێموکراتی ژێر رێبەریی ئەحمەد تۆفیق دا، دوکتور قاسملوو ئەگەر یەکەم نارازیش بووبێ، دوا نارازی ناو حیزبەکە نەبوو. ئەوانەی تۆزێک شارەزای مێژووی حیزبی دێموکرات و ئاشنا بە فکری رێبەرانی ئەو حیزبە بن دەزانن کە دوکتور قاسملوو کەسێکی چەپ و پەروەردەی ناو حیزبی تودەی ئێرانی سەر بە ئۆردوگای سوسیالیزم بوو. بە پێچەوانەشەوە ئەحمەد تۆفیق کەسێکی راسترەو بوو، بە پێچەوانەی دوکتور قاسملوو کە پێیوابوو حیزب دەبێ خەباتی خۆی بە شێوەی سەربەخۆ و دژ بە رژیمی ئێرانی ئەو کات درێژە پێ بدا، ئەحمەد تۆفیق پێیوابوو کە دەبێ حیزبەکە ببێ بە لقی کوردستانی ئێرانی پارتی دێموکراتی ئەو کات و شەڕی حکومەتی بەغدا بکا. هەر وەک دیتیشمان لەو کۆنگرەیەدا ئەحمەد تۆفیق سەرکەوت و توانی رەحمانی قاسملوو لە حیزب دەربکا و بە کردەوە حیزبەکە بخاتە ژێر ئیختیاری پارتی دێموکراتی کوردستان بە رێبەریی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی. رەحمانی قاسملوش چوو بۆ ئوروپا و دەستی بە دەرس خوێندن کرد. بەڵام بە رۆیشتنی ئەو کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان ئەحمەد تۆفیق لە گەڵ رێبەرانی دیکەی حیزب کۆتایی پێ نەهات. سەرەتا کۆمیتەیەک ساز بوو بە ناوی کۆمیتەی ساخکەرەوەی حیزبی دێموکرات کە ئامانجیان خۆ رزگار کردن لە دەست دیکتاتۆریی ئەحمەد تۆفیق و رزگار کردنی حیزب لە پارتی دێموکرات بوو. ئەحمەد تۆفیق بڕیاری کوشتنی ئەوانی دەرکرد کە بەشێکیان وەک مامۆستا ئەبوبەکر فەلسەفی و کاک سەعید کاوە (کوێستانی) ئێستاش ماون و یەکەمیان لە فەنلاند و دووهەمیان لە سویدە و کوردستان پۆست دەتوانێ راستیەکانیان لە دەم ببیسێ. دواتر ئەم کێشەیە بە نێوبژیوانیی چەند ئەندامێکی دیکەی رێبەری کە نە لەگەڵ ئەحمەد تۆفیق بوون و نە لە گەڵ کۆمیتەی ساخکەرەوە، چارەسەر کرا. بەڵام لە ساڵی 1967 جارێکی دیکە ناکۆکیەکان لە سەر هەمان فکری ناو کۆنگرە کە لە سەرەوە ئیشارەم پێ کرد، تەقیەوە. کۆمەڵێک لە کادرە باڵاکانی حیزب لەوانە فایق موعینی، سمایلی شەریفزادە، مەلا ئاوارە و ... کۆمیتەی شۆرشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان دامەزراند کە ئامانجیان رزگاربوون لە ژێر دەستهەڵاتی پارتی و وەرێخستنەوەی خەباتی چەکداری دژ بە حکومەتی حەمەرەزا شای پەهلەوی بوو. ئەوانە هاوکات لە باشووری کوردستانیش لە گەڵ هێرش و هەڕەشەی ئەحمەد تۆفیق بە پشتیوانیی پارتی دێموکرات بەرەوروو بوونەوە و بە داخەوە لەم نێوەدا چەند کەس لە رێبەرانیشیان وەک فایق موعینی ئیعدام یان تیرۆر کران. پێشتریش لە ١٩٦٥سەدیق ئەنجیری ئازەر تیرۆر کرابوو. هەروەها لە دەرەنجامی ئەو خەباتە خوێناویەی کە ماوەی ١٨ مانگ دژ بە دەسەڵاتی تاران وەڕێیان خست، بەشێکی زۆر لە رێبەران و تێکۆشەرانی ئەو بزوتنەوەیە شەهید بوون. 
من بەش بە حاڵی خۆم پێموایە کێشەی نێوان دوکتور قاسملوو و ئەحمەد تۆفیق وەک لە سەرەوە ئیشارەم پێ کرد، کێشەی فکری بوو. کێشەیەک کە بە نەمانی دوکتور قاسملوو لە ناو حیزبیشدا کۆتایی نەهات و دوا جار لە لایەن کۆمیتەی ساخکەرەوە و پاشان کۆمیتەی شۆرشگێڕی حیزب دژ بە ئەحمەد تۆفیق سەری هەڵدایەوە. هەربۆیەش لە سەر ئەو بڕوایە نیم کە هیچ لایەکیان جاش و جاسوسی دوژمنان بووبن و هەر کامیان لە فکری خۆیانەوە ئەو رێگایەیان بە رێگای سەرکەوتنی گەلەکەیان دەزانی کە خۆیان بڕوایان پێی هەبوو. بەڵام ئەوە حاشا هەڵنەگرە کە حکومەتی شای ئێران پشتیوانی بێ ئەملاو ئەولای شۆرشی ئەیلول بوو. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش کە ئەگەر قەرارە لایەنێک لەو دوو بۆچوونەی حیزب کاریان بۆ دەزگای جاسوسی ئێران کردبێ کە نەیان کردووە، ئاخۆ دەبێ گومانمان بۆ ئەو لایەنە بچێ کە خوازیاری بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ ئەم رێژیمە بوون یان لایەنەکەی دیکە کە پێیوابوو حیزب دبێ ببێ بە بەشێک لە پارتی دۆستی دەسەڵاتی تاران؟
لە بابەت مەسەلەی گەڕانەوەی دوکتور قاسملوو بۆ نێو ریزەکانی حیزب، دوکتور قاسملوو کاتێک گەڕایەوە کە حیزبەکە بە کردەوە ببو بە دو بەش. ئەحمەد تۆفیق ئەو کاتە ئەگەرچی سەرکردایەتی بەشێکی دەکرد و سەرەرای تێپەڕبوونی 8 ساڵ بە سەر ئەو کۆنگرەیەی تێیدا ببو بە سکرتێر و سەرەڕای جیابوونەوە یان شەهید کرانی بەشی هەرە زۆری رێبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرە، ئامادە نەببو کۆنفرانس یان کۆنگرەیەکی دیکە بۆ یەکخستنەوەی حیزبەکەی بگرێتەوە. مەودای نێوان کۆنگرەی ٢ تا گیرانی ئەحمەد تۆفیق لە بەغدا نیزیک بە ١٠ ساڵ بوو. ئەی باشە کارنامەی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی بە رێبەریی ئەحمەد تۆفیق لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا چی بوو؟ جگە لە جیابوونەوە یەک لە دوای یەکەکان و فتوای کوشتنی رێبەرانی دیکەی حیزب لە لایەن ئەحمەد تۆفیقەوە، کوا کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی حیزب؟ کوا تێکۆشانی سیاسی و خەباتی حیزب دژ بە حکومەتی ئێران؟
ئەحمەد تۆفیق لە لایەن پارتیەوە بە هۆکارێک کە بۆ من روون نیە، بۆ گوندێکی سنووری باکووری کوردستان دوور خرابۆوە و خانەنشین کرابوو و دواتریش لە بەغدا سەری دەرهێنا. با ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە پارتی نە ئەو کات و نە دواتریش لە گەڵ دوکتور قاسملوو پێوەندیەکی خۆشیان نەبوو ئەگەر پێما نوا بێ لە بەر خاتری دوکتور قاسملوو، پارتی ئەحمەد تۆفیقی دوور خستەوە.
بەشەکەی دیکەی حیزبیش کە لە سایەی خەباتی ١٨ مانگەیان دژ بە دەسەڵاتی حەمەرەزا شا دەریایەک خوێنیان لێ رژا بوو، لە ساڵی ١٩٦٩ دا کۆنفرانسێکیان بۆ ساخکردنەوەی حیزب بەست. دوکتور قاسملوو دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر بەستنی ئەم کۆنفرانسە لە ١٩٧١ گەڕایەوە بۆ کوردستان. واتە کاتێک گەڕایەوە کە ئەندامانی دیکەی حیزب ماوەی پێنج ساڵ بوو کە بە کردەوە ئەحمەد تۆفیقیان وەلا نابوو. سەرەرای ئەوانەش سکرتێر لە لایەن ئەندامانەوە هەڵدەبژێردرێ و ئەوە ئەندامانی هەر حیزبێکن کە شەرعیەت بە کۆنگرە و بڕیار و هەڵبژاردنەکانی دەدەن. ئەگەر دوکتور قاسملوو سکرتێرێکی سەپێندراو بوو، بۆچی سەرەرای بونی زۆر دژبەر و نەیاری لە ناو حیزبەکەدا کە دواتر لە قۆناخی جیاواز و بە شێوەی جۆراوجۆر لێی جیا بوونەوە، تا ئیستا هیچ کەس ئامادە نەبووە باس لەمە بکا؟ لە کوێ بوون ئەو دەنگە نارازیانە؟ نووسەرەکەی کوردستانپۆست لە خۆڕا قسە بە دەمی ئەم و ئەوەوە هەڵدەبەستێ بە بێ ئەوەی بە پێویستی بزانێ ئاماژە بە یەک سەرچاوە و بەڵگەش بکا!! ئەوەش کە کۆنگرەی ٣ لە بەغدا گیراوە، ناکرێ حەتمەن پێوەندی بدەینەوە بە دەخاڵەتی بەعس و بە سکرتێر کردنی دوکتور قاسملوو لە لایەن بەعسەوە. خۆ شاراوە نیە کە دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات پێوەندیی هەمیشەییان لە گەڵ حیزبی بەعس خۆش بووە بەڵام مێژوو سەلماندویەتی کە ئەو پێوەندیانە پێوەندیەکی زۆر سالمی دیپلۆماتیک بوون و هیچکات لە رێگای خۆش خزمەتی بە بەعس لە سەر حیسابی کوردەکانی باشوور یان لایەنەکانی تر نەبووە. سەرەرای ئەوانەش دوکتور قاسملوو بۆ یەکەم جار و لە کۆنفرانسی ٣ی حیزبدا بە سکرتێری حیزب هەڵبژێردرا نەک لە کۆنگرەی ٣ کە لە بەغدا بەسترا. ئەوەش کە ئەحمەد تۆفیق لە لایەن بەعسەوە ئیعدام کراوە و نووسەر بە گێڕانەوەی هێندێک چیرۆکی خەیاڵی ئیدیعا دەکا بە فیتی دوکتور قاسملوو بووە، ئیدیعایەکی بێ بنەما و بێ بەڵگەیە و درۆ و دەلەسەکانی کە بە زمانی حەمەدەمینی سیراجی و ئەحمەد نستانی و کەریم حەداد و ئەم و ئەوی هەڵبەستووە، پشتیان بە هیچ دیکۆمینتێکەوە بەند نیە و قسەی مفتن. 

وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد، ئەحمەد تۆفیق چەند ساڵ پێشمەرگەکانی حیزبەکەی بۆ شەڕ لە گەڵ حکومەتی بەعس تەرخان کرد و دوایەش چوو لە بەغدا لێی دانیشت. باشە بۆ نابێ پێمان وابێ کە ئەوە جۆرێک تۆڵە کردنەوەی حکومەتی بەعس بوو و دەبێ حەتمەن هۆکارێکی خۆیی و بە قسەی فڵانی کوتی لە فیساریم بیستووە کە خاڵی فڵان کەس وای وتووە، بەڵگەی بۆ بدۆزینەوە؟ 

وه‌ڵام بە کۆمەڵێک درۆ و هەڵبەستراوەکان:
*کابرای بێناو دەڵێ: دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو: باوه‌ڕی به‌ کۆنگره‌ی یه‌ک و دوو نه‌بوو، پێشه‌وای به‌ خائین ده‌ناسی. (سه‌رچاوه‌: نهێنیه‌کانی حدک، ئیعترافی قاسملو لای ساواک 1964، تاران). کۆنگره‌ی یه‌ک و دووی نییه‌، له‌ ناکاو له‌ ناو جه‌رگه‌ی دوژمن دا له‌ به‌غدا، که‌ که‌س نه‌یده‌وێرا بڵێت کوردایه‌تی ده‌که‌م، ئه‌م کۆنگره‌ی سێی به‌ست!

باشە ئەگەر دوکتور قاسملو باوەڕی بە کۆنگرەی ١ و ٢ نەبوو بۆ کۆنگرەی ٣ی بەست و یەکسەر کۆنگرەی یەکەمی نەگرت؟ درۆیەکی دیکەی ئەو بە ناو نووسەرە ساڵی گرتنی کۆنگرەی سێهەمە کە دەڵێ لە ١٩٦٤ لە بەغدا لەو کاتەدا کە کەس نەیدەوێرا بڵێ کوردم، کۆنگرەی بەست، و بە ئانقەست ١٠ ساڵ کۆنگرەکە دوا دەخا. لە حاڵێکدا کۆنگرەی ٣ لە ساڵی ١٩٧٤ دوای بەیانی ١١ی ئازار، لە بەغدا بەسترا. وێڕای ئەوەش دوکتور قاسملوو لە کوێدا پێشەوای بە خائین ناسیوە؟ تەنیا رەخنەیەک کە دوکتور قاسملوو وەک خەسارناسیی بۆ کۆماری کوردستان لە کتێبی چل ساڵ خەبات دا کردویەتی، رەخنە لە خۆ تەسلیم کردنی پێشەوا بە ئەرتەشی ئێرانە و پێیوایە ئەگەر بارزانیەکان بە رێبەریی مەلا مستەفا بارزانی بەرەنگاریان نەکردبا، دەکرا بمانکوتبا کە کۆماری کوردستان ئاشبەتاڵی کرد، نەک شتێکی لەوە زیاتر. 

*دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو: چۆنیه‌تی هاتنه‌ سه‌ر کاری به‌ هه‌ڵبژارده‌ی سه‌ددام حوسێن بوو.) بە پێی کام بەڵگە؟!

*(ئه‌حمه‌د تۆفیق: به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌کانی تر، زۆربه‌ی خوارده‌مه‌نی پێشمه‌رگه‌کانی حدک له‌لایه‌ن ئازه‌ریه‌کانی نه‌غه‌ده‌ و خانێ ڕا ده‌هات. گه‌لی ئازه‌ری "حدک" یان به‌ پارتێکی خۆیان ده‌زانی و له‌ بواری زانیاری و ئابووری دا هاوکاریان ده‌کرد.) بە داخەوە نووسەر ئەوەندە ناشارەزای رۆژهەڵاتی کوردستانە کە نازانێ شاری خانێ یان پیرانشاری ئێستا ئەگەر بنەماڵەیەکی ئازەری لێ نیشتەجێ بێ، یان پاسدارە یان کاربەدەستی کۆماری ئیسلامی. جا چ بگات بە ٤٠ ساڵ لەوە پێش. وێڕای ئەوەش تورکەکانی قەرەپەپاغ شاری نەغەدە و زۆر ناوچەی دیکەیان بە پشتیوانی حکومەتی ناوەندیی ئێران لە کورد داگیر کردووە، بە پێی کام عەقڵ دێن یارمەتیی سەرکەوتنی شۆرشی کورد دەدەن؟! 

*(دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو: به‌ قۆنداغ وتێهه‌ڵدان گومرگی له‌ کاروانچیان و کۆڵکێشان ده‌ستاند. به‌م پارانه‌ توانی 5 ئاپارتومانی 10-12 ته‌به‌قه‌ له‌ پاریس بکڕێت و له‌سه‌ر ناوی ژنه‌که‌ی و کچه‌که‌ی تاپۆیان کات. له‌ مهاباد، ورمێ، پیرانشار،و بانه‌ چه‌ندین شوێن هه‌نه‌ که‌ ئێستاش که‌س ناتوانێت بیان کڕیت یان بیان فرۆشیت، چونکوو تاپۆکراوی سه‌ر ناوی دوکتور عه‌بدوڕه‌حمان قاسملون.) من خەڵکی مەهابادم و سەردانی شارەکانی دەوروبەریشیم کردووە و لێیان ژیاوم بەڵام هیچکات نەمبیستووە بڵێن فڵان مڵک یان فڵان خانو هی دوکتور قاسملویە یان هی دوکتور قاسملوو بووە. سەیر لەوە دایە کۆماری سێدارەی ئیسلامی لە ماوەی ئەم سی ساڵەدا کەمی دەست بە سەر مڵک و ماڵی هاوڵاتیان دا نەگرتووە، کەچی بە قسەی کاکی نوسەر تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو مڵکە خەیاڵیانەی دوکتور قاسملو موسادرە بکا! ئەرێ ئەوەی کاکی نوسەر باسی دەکا دەوڵەتی دێموکراتی سوید و نۆروێژە یان کۆماری جەور و زوڵمی ئیسلامی ئێران؟!

* (پاش ئه‌نفال و کیمابارانی ئه‌ڵه‌بجه‌، قاسملو له‌ ته‌له‌فیزۆنی ئێڕاق قسه‌ی کرد و وتی که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ کیماباران کراوه‌، خه‌ڵکی کوردستانی ئێڕاق خودموختاری خۆی هه‌یه‌ و ئازاده‌ که‌ به‌زمانی خۆی بخوێنێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و ئازادیه‌مان له‌ ئێران دا هه‌با، چی دی مان نه‌ده‌ویست.) باشە بۆ جگە لە کاکی نوسەر هیچکەس ئەو وتوێژەی نەدیوە؟ تەنیا شتێک کە لە بابەت تاوانی هەڵەبجەوە لە لایەن دوکتور قاسملوو وەک بەڵگە ماوەتەوە ئەوە بوو کە وتی "ئەو کارە هەر کەس ئەنجامی دابێ تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیە و دەبێ مەحکووم بکرێ." 

نووسەری بابەت لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا چەندین شتی هەڵبەستراو و بێ بەڵگە بڵاو دەکاتەوە. وەک تەحویلدانەوەی ٥٥ کەس لە نیزیکانی ئەحمەد تۆفیق بە ئێران لە لایەن هاوڕێیانی دوکتور قاسملۆوە کەچی لە هێنانی ناوی یەک کەس لەو ٥٥ کەسە دۆش داماوە. بە رای من ئەو قسانە ئەوەندە بێ بەڵگەن کە شیاوی وڵام دانەوە نین. بەڵام ئەگەر سەرنجی درێژەی نوسینەکە بدەین، نووسەر لە چەند جێگادا هۆییەتی خۆی ئاشکرا کردووە و ئامانجی نوسینەکەی دەرخستووە:

*بە پێچەوانەی ئەو راستیەی کە هەموان لێی ئاگادارن، نووسەر تیرۆری دوکتور قاسملوو بۆ کاری ک. گ. ب. دەگەڕێنێتەوە. ک.گ.ب.یەک کە لە سەرە مەرگ دا بوو و چوار مانگ دوای تیرۆری دوکتور قاسملوو لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە، بە روخانی دیواری برلن کەوتە گیانەڵڵاوە. بەوەش دەیهەوێ پاکانە بۆ کۆماری ئیسلامی بکا لە ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە ناجوامێرانەیە.

*حیکایەتێکی خەیاڵی لە بابەت دەستدرێژی بۆ سەر کوڕێک لە لایەن پێشمەرگەکانی هێزی قەندیل دەگێڕێتەوە. لە دواییشدا دەڵێ کە کوڕە بە نیوەگیانی دەدۆزرێتەوە و لە نەخۆشخانەی "ئیمام خومەینی" چارەسەر دەکرێ. سەیر کەن کە کابرای بێ ناو چ ناوێک بۆ شوێنی چارەسەری "تاوانە" خەیاڵیەکەی هەڵدەبژێرێ؟ با هەر لێرەوە ئەو راستیە بۆ کوردستان پۆست بگێڕمەوە کە بە پێچەوانەی "نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی" ئەوەی تەجاوزی بە کوڕانی کورد دەکرد و فێری دەکردن و دواتر بۆ ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی دەناردن، راست دەزگای ئیتلاعاتی "ئیمام خومەینی" بوو. ئامانجیشیان لەو کارە ئەوە بوو کە ئەوانە خۆیان لە فەرماندەکانی حیزب نیزیک بکەنەوە و توشی هەڵەیان بکەن. چونکە زۆر باش لەو بڕیارەی حیزب ئاگادار بوون کە وەها هەڵەیەک کەمترین سزاکەی دەرکردن لە ریزەکانی حیزب بوو. هەر لەم بارەوە نووسەرەکەی کوردستانپۆست کۆمەڵێک بوختان دەداتە پاڵ یەکێک لە کەسایەتیەکانی ناو حیزبی دێموکرات. کەسێک کە بە شاهیدی دۆست و دوژمن یەکێک لە پاکترین بەرپرسەکانی ئەم حیزبە بووە و بڕوا ناکەم لە ناو کۆماری ئیسلامیش دا کەسێک ئەو شەهامەتەی هەبێ بە ناوی ئاشکرای خۆی شاهیدی بۆ ئەم بوختانە بدا.

*لە کۆتایی ئەو نوسراوەیەدا "پێشمەرگەیەکی بێناو" دەبێ بە "سربازی گمنام" و بەم جۆرە هویەتی راستەقینەی خۆی ئاشکرا دەکا. بە داخەوە بەڕێوەبەرانی کوردستان پۆست نازانن کە "سربازی گمنام" لە ئێرانی خومەینی دا بەو تیرۆریستانە دەگوترێ کە بە فەرمانی ئیمامەکەیان دەست لە هیج تیرۆر و تاوانێک ناپارێزن. کارێک کە ئەم سەربازە گمنامەی ئێوە ئەمجار بە قەڵەم بۆیان ئەنجام دەدا و بە جێگای تیرۆری فیزیکی، تیرۆری کەسایەتیی رێبەرانی کوردیان بۆ دەکا. ئەگەرچی بە دەست و قەڵەمی را دیارە خەڵکی باشووری کوردستانە. مرۆڤ ئەو ساڵانەی وەبیر دێتەوە کە کەسانێک هەر لەم باشوورە بۆ فەردە ئاردێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتیان تیرۆر دەکرد.

۱۱/۱۳/۱۳۸۸

کورده‌کان چۆن به‌ره‌ورووی خۆپیشاندانه‌کانی 22ی به‌همه‌ن ببنه‌وه‌؟


تاهیر قاسمی
بایکۆت و هاندانی خه‌ڵک بۆ به‌شداری نه‌کردن له‌ خۆپیشاندانه‌کان به‌ شێوه‌ی ساڵانی رابردوو،‌ وه‌رێخستنی خۆپێشاندانی جیاواز له‌ هی ده‌سه‌ڵات و له‌ راستیدا دژ به‌ ده‌سه‌ڵات، یان که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ خۆپیشاندانه‌کانی حکومه‌تی بۆ وتنه‌وه‌ی دروشمی به‌دیل و ده‌ربڕینی هه‌ستی ئازادیخوازی و دێموکراسی خوازانه، سێ رێگای ‌ به‌رده‌می خه‌ڵکی کورد و حیزبه‌ سیاسی و رێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانن سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانه‌کانی حکومه‌تیی 22ی رێبه‌ندان. به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی هه‌ر کام له‌و رێگایانه‌ پێویستی به‌ یه‌کده‌نگی و کۆده‌نگیی لایه‌نه‌کان هه‌یه‌، تا پێش به‌ سه‌رلێشواوی و پڕژ و بڵاوی تواناکان بگرن.

راپه‌رینێک که‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵ بوو دژ به‌ ده‌سه‌ڵا‌تی پاشایه‌تی له‌ ئێران له‌ ئارادا بوو، له‌ رۆژی 22ی رێبه‌ندانی ساڵی 1357ی هه‌تاوی دا، به‌ رۆیشتنی حه‌مه‌ ره‌زا شا له‌ ئێران، روخانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی لێکه‌وته‌وه. له‌ سه‌ره‌تادا هه‌موو هێزه‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی، هه‌ر له‌ هێزه‌ چه‌پ و کومونیسته‌کانه‌وه‌ بگره‌ تا لایه‌نگرانی حکومه‌تی ئیسلامی، ئه‌و رۆژه‌یان وه‌ک رۆژێکی گرینگ و مێژوویی نرخاند. به‌ڵام خومه‌ینی و هافکره‌کانی وه‌ک چۆن توانیان ئاوه‌ڵدوانه‌ی ئیسلامی به‌ ئینقلابه‌که‌وه‌ بنوسێنن، له‌ ماوه‌ی سی ساڵی رابردووش‌دا، وه‌ک رۆژی سه‌رکه‌وتنی ئینقلابی ئیسلامی، جێژنی بۆ ده‌گرن و حه‌ول ده‌ده‌ن له‌ هه‌موو شاره‌کاندا خۆپیشاندانی گه‌وره‌ی بۆ وه‌رێبخه‌ن.
کوردستان به‌ هۆی به‌شداری نه‌کردن له‌ ریفراندۆمی سه‌رکه‌وتنی نیزام و دواتر ئه‌و موقاومه‌ت و به‌رگرییه‌ی که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی نواندی، له سه‌رجه‌م‌ خۆپیشاندان و بۆنه‌ حکومه‌تیه‌کان، به‌ تایبه‌ت خۆپیشاندانه‌کانی 22ی به‌همه‌ن، بۆ ده‌سه‌ڵاتی تاران گرینگیی‌ تایبه‌تی هه‌یه‌. به‌ جۆرێک که‌ خۆپیشاندانه‌کانی حکومه‌تی له‌ دوو شاری مه‌هاباد و سنه‌، هه‌میشه‌ له‌ میدیا سه‌راسه‌ریه‌کانی کۆماری ئیسلامی دا ره‌نگدانه‌وه‌ی تایبه‌تیی هه‌بووه‌ و گرینگی زیاتری پێدراوه‌.

ئه‌گه‌رچی حیزبه‌ کوردستانیه‌کان هه‌میشه‌ جاڕی بایکۆتی خۆپیشاندانه‌کانی کۆماری ئیسلامیان داوه‌، به‌ڵام حکومه‌تیش له‌ ماوه‌ی لانیکه‌م 25 ساڵی رابردوو دا به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر قوتابیان و کارمه‌ندانی وێڕای هێزه‌ چه‌کداره‌کانی سپا و به‌سیج و مۆره‌کانی خۆی له‌ کوردستان هێناوه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و ته‌زاهوراتی پێ وه‌ڕێخستوون و دیمه‌نی ئه‌و ته‌زاهوراتانه‌شی له‌ میدیاکانی خۆی دا گه‌وره‌ کردۆته‌وه‌.

به‌ سه‌رنجدان به‌ خۆپیشاندانه‌کانی چه‌ند مانگی رابردووی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی خولی ده‌هه‌می سه‌رکۆماری له‌ ئێران و که‌ڵک وه‌رگرتنی نارازییان له‌ بۆنه‌ حکومه‌تیه‌کان به‌ مه‌به‌ستی وه‌رێخستنی خۆپیشاندان دژ به‌ ده‌سه‌ڵات، 22ی رێبه‌ندانی ئه‌مساڵ هه‌م بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی نیزامی کۆماری ئیسلامی و هه‌م بۆ به‌ره‌ی نارازی له‌ ئێران، گرینگیه‌کی تایبه‌تی و جیاواز له‌ ساڵانی رابردووی هه‌یه‌. هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ رێبه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز خه‌ڵکیان بۆ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام له‌و رۆژه‌دا هان داوه‌ و خه‌ڵکیش به‌ شێوازی جۆراوجۆر خۆیان بۆ به‌شداریی له‌و خۆپیشاندانه‌ ئاماده‌ ده‌که‌ن.

کوردستان له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردووی خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی ئێران دا، تا ئێستا نه‌یتوانیوه ڕا و روانگه‌ی خۆی به‌ نیسبه‌ت ئه‌و ناره‌زایه‌تیانه‌ یه‌کلایی بکاته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ش، به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و خه‌باتی سی ساڵی رابردووی گه‌لی کورد، خۆپیشاندانه‌کان به‌ جۆری پێویست له‌ ناو کوردستان دا نابیندرێن. به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ روانگه‌ی حیزبه‌ کوردستانیه‌کان سه‌باره‌ت به‌ بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز، سه‌ره‌رای دڕدۆنگی ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌ یه‌کتر، نیزیکایه‌تیه‌کی ڕێژه‌یی به‌ خۆوه‌ گرتووه‌. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاخۆ ئه‌وان ده‌توانن هه‌رکام له‌ لای خۆیه‌وه‌، هه‌ڵوێستێکی لێک نیزیکیان سه‌باره‌ت به‌ جۆری رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشاندانه‌کانی حکومه‌تی له‌ رۆژی 22ی به‌همه‌ن دا هه‌بێ؟
ماوه‌یه‌کی که‌می بۆ ئه‌و رۆژه‌ ماوه‌ و یه‌کخستنی هه‌ڵوێسته‌کان بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ئاسته‌مه‌. به‌و حاڵه‌ش پێوه‌ندیدار به‌ جۆری هاتنه‌ مه‌یدانی کورد له‌ هه‌ڵومه‌رجی ئێستا و چۆنیه‌تی رووبه‌رو بوونه‌وه‌ی کورد به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشاندانه‌کانی 22ی به‌همه‌ن، دوو پرسیاری هاوبه‌شم بۆ چه‌ند که‌سایه‌تی دیاریکراو له‌ چالاکوانانی سیاسی و مه‌ده‌نی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و هه‌روه‌ها ریبه‌ریی حیزبه‌کان ناردووه‌ که‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو، له‌ توێی راپۆرتێک دا بڵاویان ده‌که‌مه‌وه‌.

۱۱/۱۰/۱۳۸۸

۱۱/۰۹/۱۳۸۸

دار به‌ ته‌مای نیشتنی باز وشک ده‌بێ (بۆ "مافناس" حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده)

2010 01 15 - 00:51
تاهیر قاسمی
رۆژێک به‌ سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌شی سێهه‌می "جواب بۆ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌" تێپه‌ڕ ببوو، که‌ دیتم جه‌نابیان ئیعترازنامه‌یه‌کی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان نوسیوه‌ و مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌شی به‌ نووسه‌ری وڵامه‌کانم زانیوه‌!! به قه‌ولی شاعیر حاڵ له دوو خاریج نیه: یان وه‌ک ده‌ڵێن دار به‌ ته‌مای نیشتنی باز وشک ده‌بێ و ئه‌یوبزاده‌ش به‌ درێژایی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی که‌ ده‌ستی به‌ جنێوفرۆشی به‌ حیزبی دێموکرات و مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ و تێکۆشه‌رانی دیکه‌ی ئه‌و حیزبه‌ (به‌ هه‌ردوو به‌شه‌وه‌) کردووه‌ دایم چاو له‌ رێگایه‌ تا به‌ڵکو حیزب، یان مامۆستا وڵامێکی بده‌نه‌وه‌، یان ئه‌وه‌تا دنیای لێ بۆته‌ مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌. ده‌نا مانای نییه‌ بابه‌تی خه‌ڵکی دیکه‌، به‌ ناو و وێنه‌ و سه‌بکی خۆیانه‌وه‌، به‌ هی مامۆستا بزانێ. ناوبراو پێشتریش له‌ سه‌ر وڵامێکی دۆستی خۆشه‌ویستم کاک هه‌یاس کاردۆ دڵی خۆی به هه‌مان ته‌وه‌هوم خۆش کردبوو و وڵامه‌که‌ی ئه‌ویش و که‌سانی دیکه‌شی به هی مامۆستا حه‌سه‌ن زاده له قه‌ڵه‌م دابوو.
لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌و چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ به‌ عه‌رزی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ بگه‌یه‌نم:
1- تا بڵاوکردنه‌وه‌ی نامه‌که‌ت روو به‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان، له‌ ئێواره‌ی 10/1/2010 – ئه‌گه‌رچی تاریخی ژێره‌وه‌ی 5 رۆژ پێشتر بوو – ئه‌من سێ به‌شم له‌ "جواب بۆ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌" بڵاو کردبۆوه‌‌ که تا ئه‌و کاته‌‌ پتر له‌ 24 سه‌عات به‌ سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌شی سێهه‌می دا تێپه‌ڕ ببوو و به‌شه‌کانی داهاتووش نێوه‌ نێوه‌ بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌شه‌کانی یه‌که‌م و دووهه‌میشم به‌ یه‌که‌وه‌ له‌ یه‌ک رۆژدا بۆ سایته‌کان نه‌ناردووه‌ و به‌ یه‌کیشه‌وه‌ بڵاو نه‌بوونه‌ته‌وه‌. هیچ نه‌بێ حه‌وتوویه‌کیان مه‌ودا بووه‌. تکایه‌ زانیاریه‌کانت راست بکه‌وه‌!
2- بابه‌ته‌که‌ی من له‌ ژێر ناوی "جواب بۆ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌" دا نووسراوه‌ نه‌ک "ئه‌رێ به‌ راست حدک جیره‌ خۆره‌ یان حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌؟!". ئه‌وه‌ی دوایه‌ سه‌رتیتری به‌شی یه‌که‌مه‌. به‌شی دووهه‌م "مێشکی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ به‌ڵگه‌ ده‌ده‌ڵێنێ" و به‌شی سێهه‌میش "له‌ روانگه‌ی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌وه‌ شه‌هیدانی میکونوس سیخوڕی کۆماری ئیسلامی بوون". تکایه‌ له‌ ئێستاوه‌ قسه‌کانم مه‌گۆڕه‌!
3- وڵامه‌کانی من جگه‌ له‌ بۆ رۆژهه‌ڵات، بۆ گیاره‌نگ، بروسکه‌، کوردستان پۆست و سایتگه‌لی تریش ناردراون و بڵاو بوونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و یه‌ک – دوو سایتانه‌شم ناردن که‌ په‌یوه‌سته‌ نوسینه‌کانی تۆ بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ڵام به‌ هۆکاری خۆیان بڵاویان نه‌کرده‌وه‌. باوه‌ڕ ناکه‌م سه‌یری سایته‌کانی دیکه‌ نه‌که‌یت!
4- روو به‌ حیزبی دێموکرات‌‌ "شێوه‌ و ستیلی" نووسینه‌که‌ی منت "به کاری مامۆستا مه‌لا عه‌بدوللا حه‌سه‌نزاده" نووسه‌ری به‌ توانا و سیاسه‌تمه‌داری کوردستان زانیوه‌. بۆ ئه‌وه نابی که بڵێم لێی حاڵی نی و بۆخۆشت ده‌زانی وا نیه. به‌و قسانه‌شت له‌ خۆبایی نابم. به‌ڵام دنیا نه‌زانێ، بۆخۆت زۆر باش ده‌زانی که‌ ناراستیه‌کی دیکه‌ت به‌ خه‌رمانه‌که‌ته‌وه‌ زیاد کردووه‌.
5- من ئه‌ندامی حیزبێکی سیاسیم. سه‌ره‌ڕای ره‌خنه‌ و تێبینی‌یه‌کانم، مێژووی حیزب و سیاسه‌ته‌کانیم قه‌بوڵه‌ و بۆیه‌ش وه‌ک ئه‌ندام تێیدا ماومه‌ته‌وه‌. به‌ پێی پێڕه‌وی ناوخۆی حیزبیش یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌کانی ئه‌ندام دیفاع له حیزب و مێژوه‌که‌ی و‌ سیاسه‌ته‌کانی‌یه‌تی. خۆ ناته‌وێ حیزبایه‌تیت بۆ شی بکه‌مه‌وه‌!
6- وێڕای ئه‌وه‌ش من ئه‌ندامی حیزبێکم که‌ وه‌ک هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی مافی ئه‌وه‌م پێ ڕه‌وا بیندراوه‌ به‌ ئاشکرا ره‌خنه‌ له‌ سیاسه‌ته‌کانی حیزبه‌که‌ی خۆم بگرم جا چ جای وڵامدانه‌وه‌ به‌ کۆمه‌ڵێک درۆ و بوختانی جه‌نابت‌. ده‌ڵێی حیزبایه‌تی وه‌بیر ده‌ربه‌گایه‌تیت ده‌خاته‌وه‌ و پێتوایه‌ رێبه‌ریی ئاغایه‌ و ئه‌ندام ره‌عیه‌ت و ره‌عیه‌ت ده‌بێ بۆ ئاوخواردنه‌وه‌ش پرس بکا.
7- تۆ که‌ به‌ دژی حیزب و مێژووی حیزب و تێکۆشه‌رانی شه‌هید و زیندووی حیزب (به‌ هه‌ردوو به‌شه‌وه‌)، ئه‌وه‌ی له‌ خه‌ڵوه‌تدا به‌ سه‌ر زمانتدا هات، نووسیت و بڵاوت کرده‌وه‌ و بۆ ئه‌و کاره‌ش ئیجازه‌ت له‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان وه‌رنه‌گرت، ئه‌وه‌ بۆ‌ ئێستا بۆ وڵامی جوابه‌کانی من داوای مۆڵه‌ت له‌و حیزبه ده‌که‌ی. کاکی برا هه‌ڕه‌شه‌ مه‌که‌ و ئه‌وه‌ی تا ئێستا وتوته‌ و چه‌ندین پاته‌ت کردوونه‌وه‌، ده‌توانی به‌ سه‌دان جاری دیکه به‌ چه‌ند قات درۆ و بوختانی زیاتره‌وه‌‌ بیانڵێیته‌وه‌ به‌ڵام به‌ پێی "ته‌حا"کانت ده‌بێ چاوه‌ڕوانی "په‌حا"ش بی. بێ به‌ڵا بی تۆ که‌ له‌ پێش ناوه‌که‌ت دا ده‌نووسی "مافناس" و "مافی وڵامدانه‌وه‌ش بۆخۆت راده‌گری"، ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ش ماف‌ بۆ ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌ قایل بی تا وڵامت بده‌نه‌وه‌. ئه‌تۆ ساڵه‌هایه هه‌رچی نا‌ڕه‌وا و ناسزایه له‌سه‌ر حیزبی دێموکڕاتی ده‌نووسی. خۆ ئه‌گه‌ر به نۆره‌ش بێ، ئێستا نۆره‌ی ئه‌وه‌یه خه‌ڵك جوابت بداته‌وه. نه‌کا له‌ "قوه‌ قضائیه‌"ی جه‌نابیشت دا ئه‌و مافه‌ به‌ خه‌ڵک نه‌درابێ‌؟!
8- ئه‌منیش وه‌ک تۆ ره‌خنه‌م له‌ حیزبی دێموکرات به‌ تایبه‌ت حیزبی دێموکراتی کوردستان هه‌یه. تۆ که به که‌یفی خۆت لینگت لێ هه‌ڵکردووه و وه‌نێو مێژووی حیزب که‌وتووی و به زیندووه‌کان قایل نابی، شه‌هیده‌کانیش به جاش و جاسووسی کۆماری ئیسلامی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ی، جێی خۆی بوو هه‌ردوو حیزبی دێموکڕاتیش و مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌ش ئه‌وه‌نده دڵگه‌وره‌ نه‌بان و جوابدانه‌وه سه‌هله، له پێش دادگایه‌كیش شکایه‌تیان لێ کردبای.
9- هه‌ڕ‌‌ه‌شه‌ت کردووه که خیتابی نووسینه‌کانی داهاتووت "نه هه‌ر نووسه‌ر ( مامۆستا حه‌سه‌نزاده) به‌لکو سه‌رجه‌می رێبه‌رایه‌تیی حدک ده‌بێ". بێ قه‌زا بی، ئه‌تۆ ئه‌وه سێ - چوار ساڵه روو به حیزبی دێموکڕات ده‌ستت له بنا گوێ ناوه و ئه‌وه‌ی ده‌یڵێی نایڵێیته‌وه و که‌سیش ده‌ستی وه‌به‌ر نه‌ناوی. خۆ تۆ قسه‌کانی خۆت به‌ چه‌ندین جار پاته‌ کردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ بۆ ده‌ڵێی ئه‌من له‌ خت و خۆڕایی به‌رۆکم گرتووی و وه‌ک نه‌ بای هاتبێ و نه‌ بۆران، خۆت له‌ قسه‌کانت ده‌که‌ی به‌ که‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت فرۆش!!
شه‌وی 10 له‌ سه‌ر 11ی ژانویه‌ی 2010

جواب بۆ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده (4)

2010 01 26 - 16:13


هه‌قیقه‌تی "قه‌راردادی نهێنی"، ئازادی عه‌لی باله،...
تاهیر قاسمی
خوا نه‌کا فه‌رمانده‌یه‌کی سپای پاسداران یان به‌رپرسێکی ئیتلاعاتیی کۆماری ئیسلامی ئێران شتێک به‌ دژی حیزبی دێموکرات و بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بڵێن، ئه‌وا یه‌کسه‌ر قسه‌که‌ له‌ لای حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ ده‌بێ به‌ حوججه‌ت و به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئیزنی هیچ جۆره‌ تشکیک و گومانێک به‌ خۆی بدا، به‌ سه‌نگ و به‌ردی خۆی پارسه‌نگیان بۆ ده‌کا و به‌ چه‌ند به‌رابه‌ره‌وه‌ به‌ دژی حیزبی دێموکرات به‌ کاریان دێنێته‌وه‌. کارم به‌وه‌ نییه‌ که‌ ئامانجی نووسه‌ر له‌و کاره‌ی چییه‌ به‌ڵام راست له‌و راستایه‌ دایه‌ که‌ به‌رپرسه‌کانی کۆماری ئیسلامی مه‌به‌ستیانه‌.

یه‌کێک له‌ مه‌یدانه‌کانی شه‌ڕی نێوان دوو هێزی نه‌یار و دوژمن، مه‌یدانی شه‌ڕی ره‌وانی‌یه‌. له‌و مه‌یدانه‌دا هه‌ر کام له‌ لایه‌نه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ هه‌ڵبه‌ستنی درۆ و ده‌له‌سه، بڵاو کردنه‌وه‌ی ده‌نگۆ و خستنه‌ سه‌ر زاری زانیاریی هه‌ڵه‌ له‌ سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وت یان سیاسه‌ته‌کانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر و تاد... دوژمنه‌که‌یان بخه‌نه‌‌ به‌ره‌یه‌کی دیکه‌ی شه‌ڕه‌وه‌ و هاوکات له‌ لای بیرورای گشتی سووکیان بکه‌ن و خه‌ڵکیان لێ بته‌کێننه‌وه‌. ئه‌و کاره‌ش زیاتر له‌ لایه‌ن ده‌زگا سیخوڕی و ئیتلاعاتیه‌کانه‌وه‌ دژ به‌ به‌ره‌ی دوژمن ئه‌نجام ده‌درێ. به‌ڵام ئه‌و قسانه‌ش پێویستیان به‌ که‌س یان که‌سانێکه‌ تا بتوانن په‌ره‌ی پێ بده‌ن و له‌ ناو خه‌ڵک دا جێیان بخه‌ن. جا چ باشتر که‌ ئه‌و که‌س یان که‌سانه‌ به‌ ڕواڵه‌ت له‌ به‌ره‌ی نه‌یاری خۆیاندا دابن.

به‌ پێی قسه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوب زاده که‌ له‌ زۆربه‌ی نوسینه‌کانیدا دووپات و چه‌ند پاته‌ی کردۆته‌وه‌،‌ تا رۆژی 17ی سێپتامبری 1992 (رۆژی تیرۆری دوکتور سه‌عید و هاوڕێکانی) له‌ هه‌ر چوار ئه‌ندامی رێبه‌ریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یه‌کیان مۆره‌ی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بووه‌. واته لانیکه‌م‌ 25%ی ئه‌و کۆمیته‌ ناوه‌ندیی‌یه‌ی که‌ کاک دوکتور سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی رێبه‌ریی ده‌کرد سه‌ر به‌ ئیتلاعات بوون. له‌ ماوه‌ی 18 ساڵی رابردوودا تا سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی دوای هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌هه‌می سه‌رکۆماری، کۆماری ئیسلامی و به‌ ته‌به‌عی ئه‌وه‌ش سازمانه‌ سیخوڕیه‌که‌ی به‌رده‌وام له‌ په‌ره‌گرتن دابوون و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ حیزبی دێموکرات هه‌روا توشی نوشستی و پاشه‌کشه‌ هاتووه‌. هه‌روه‌ها به‌شێکی به‌رچاو له‌ ئه‌ندامانی رێبه‌ریی ئه‌وکاتی حیزب شه‌هید بوون یان وازیان له‌ حیزبایه‌تی هێنا. سروشتی‌یه‌ که‌ ئیتلاعات مه‌ئموری خۆی ناکوژێ و ئیزنیشی پێنادا واز له‌ پۆسته‌که‌ی بێنێ. که‌وابوو به‌ پێی قسه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ ئیستا ده‌بی به‌ ئاسانی له‌ نیوه‌ به‌ نیوه‌ تێپه‌ڕیبێ. له‌ ئه‌گه‌ری راست بوونی قسه‌کانی ئه‌یوبزاده‌دا، سروشتی‌یه‌ که‌ ئه‌و جاش و سیخوڕانه‌ له‌ له‌تبوونی حیزبی دێموکرات دا هه‌موویان نه‌که‌وتوونه‌ته‌ به‌ره‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه‌. ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی ئه‌و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیه‌ی که‌ ئه‌و باسی ده‌کا، لایه‌نگری کاک مسته‌فا بوون. ئه‌وه‌ی بۆ من جێگای پرسیاره‌ بۆچی ئه‌و وتانه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ ده‌که‌ونه‌ به‌ر سه‌رنجی ئه‌ندامانی حدکا و سایته‌کانی نیزیک له‌و حیزبه‌ به‌ ئاب و تابه‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌کانی دیکه‌ وه‌ری ده‌گرن و بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌!!

یه‌کێک له‌ ئامانجه‌ رواڵه‌تیه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ بۆ به‌ ئیتلاعاتی له‌ قه‌ڵه‌مدانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکرات، هێرش بۆ سه‌ر شه‌خسی مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌یه‌. ئه‌وه‌ش پێده‌چێ به‌ دڵی به‌شێک له‌ ئه‌ندامانی حدکا بێ و هه‌ر بۆیه‌ش چش له‌ به‌شی خۆیان ده‌که‌ن. به‌ڵام با بۆ مێژووش بێ ئه‌وه‌ باس بکه‌م که‌ به‌ دوای شه‌هید بوونی کاک دوکتور سه‌عید و هاوڕێکانی، له‌ یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی دا بۆ هه‌ڵبژاردنی سکرتێری نوێ، مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌ و کاک مسته‌فا هیجری که‌وتنه‌ کێبه‌رکێ و سه‌همی مامۆستا له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ته‌نیا چوار ده‌نگ بوو که‌ یه‌کێک له‌ ده‌نگه‌کان ده‌نگی خۆی بوو. سێ ئه‌ندامه‌که‌ی تری کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ئه‌و کاتی حیزب که‌ ده‌نگیان به‌ مامۆستا دابوو، یه‌کیان شه‌هید بوو (شه‌هید عه‌بدوڵڵای شه‌ریفی) و دوو که‌سه‌که‌ی تریش که‌ ره‌نگه‌ پێیان خۆش نه‌بێ ناویان بێنم، ئیستا هه‌ر کام له‌ یه‌کێک له‌ وڵاتانی سکاندیناوی نیشته‌جێن‌ و بێ ئه‌وه‌ی تۆسقاڵێک گومانم له‌ سه‌داقه‌ت و پاکیان هه‌بێ، یه‌کیان ئه‌ندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه‌ ئه‌وی تریشیان لایه‌نگر یان لانیکه‌م نیزیک له‌ حدکایه‌. که‌وابوو ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ قسه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ راست بن، ئه‌وا له‌و جاش و جاسووسانه‌ به‌شی شێر وه‌به‌ر حدکا و لایه‌نی کاک مسته‌فا که‌وتووه‌. له‌وه‌ش گرینگتر له‌ پێنج ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی چواریان لایه‌نی کاک مسته‌فا بوون و سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ که‌ مامۆستا به‌ دوای کۆنگره‌ی 10 و له‌ کاتی سکرتێری دا هه‌میشه‌ زۆرینه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی له‌ گه‌ڵ بوو، به‌ڵام هیچکات به‌ قازانجی خۆی ئاڵوگۆڕی له پێکهاته‌ی‌ ده‌فته‌ری سیاسی دا نه‌کرد. ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ وڵامێکیش بێ بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌یوبزاده‌ که‌ ده‌ڵێ "مه‌لا عه‌بدوڵڵا حه‌یاکی (حه‌سه‌ن زاده‌) حیزبی دێموکراتی به‌ره‌و کۆیه‌ ڕادا"، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بوختان و تۆمه‌ته‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ رووی له‌ هه‌موو حیزبی دێموکراته‌ و به‌ ته‌نیا پێوه‌ندیی به‌ حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه‌ نییه‌. هێرش بۆ سه‌ر مامۆستاش ئامرازێکه‌ بۆ گرتنی ده‌می ئه‌ندامان و رێبه‌رانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ئێستا. هه‌روه‌ک کاک مسته‌فا فه‌رموویه‌تی مادام رووی قسه‌کانی له‌ مامۆستایه‌، لێی گه‌ڕێن قازانجی ئێمه‌شی تێدایه‌!!

هه‌ر وه‌ک باسم کرد، ته‌قریبه‌ن له‌ زۆربه‌ی نووسراوه‌کانیدا، یه‌کێک له‌ سه‌ره‌کیترین و گرینگترین سه‌رچاوه‌ و به‌ڵگه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ که‌لک وه‌رگرتن له‌ وته‌ی سه‌رانی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی و فه‌رمانده‌کانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی دژ به‌ حیزبی دێموکراته‌. ئه‌و به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ گومانێک بخاته‌ سه‌ر‌ راستی و ناراستی قسه‌ی ئه‌فسه‌رانی ئیتلاعات و سپا و ئامانجه‌کانیان، وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر جارێکی دیکه و به‌ چه‌ند قات زیاتر‌ دژ به‌ حیزبی دێموکرات به‌ کاریان دێنێته‌وه‌. متمانه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ به‌ قسه‌ی ئیتلاعات و سپا تا راده‌یه‌که‌ که‌ له‌ نووسراوه‌کانیدا هیچکات گومان و دوودڵیه‌ک له‌ ناراستی ئه‌و قسانه‌ بۆ ناوبراو به‌رچاو ناکه‌ون. تا ئاستێک که‌ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک و قسه‌ی هیچکام له‌ رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات و ئه‌وانه‌ش که‌ به‌ قازانجی ئه‌و حیزبه‌یان نوسیوه‌ و ئه‌یوبزاده‌ که‌ڵکی لێ وه‌رگرتوون، به‌ راده‌ی قسه‌ی به‌رپرسانی سپا و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی به‌و ده‌ستپاکیه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ناوبراوه‌وه‌ نه‌گوازراونه‌ته‌وه‌. وێڕای ئه‌وه‌ش ته‌فسیر کردنی قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی کۆماری ئیسلامی، به‌و ئاراسته‌یه‌دا که‌ خۆیان مه‌به‌ستیانه‌ و به‌و جۆره‌ی که‌ بابی ته‌بعی ئه‌و رێژیمه‌ و مۆره‌کانیه‌تی، یه‌کێکی تر له‌ شێوازه‌کانی کاری حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده‌یه‌ بۆ هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر حیزبی دێموکراتی کوردستان‌.

ئه‌وه‌ی زیاتر گومان ده‌خاته‌ سه‌ر ئامانجه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ له‌ نووسینی ئه‌و هه‌موو بێ‌ڕێزی، درۆ و بوختانانه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێبه‌رانی ئێستا و رابردووی حیزبی دێموکرات، ئه‌وه‌یه‌ که ناوبراو‌ راست له‌ سه‌روبه‌ندی کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی حیزبی دێموکرات دا به‌و زمان و نووسینه‌وه‌ وه‌ گڕوگاڵ که‌وت و له‌گه‌ڵ له‌تبوونی حیزب زمانی گرت. ئه‌ویش نه‌ک بۆ به‌ داخ بوون له‌ له‌تبوونی حیزب، به‌ڵکو راست بۆ سو ئیستیفاده‌ کردن له‌ هه‌لومه‌رجه‌که‌‌ بۆ هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر به‌ ڕواڵه‌ت مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاه‌ و له‌ راستی دا حیزبی دێموکرات و مێژووی لانیکه‌م 20 ساڵی رابردووی ئه‌و حیزبه‌. ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش هه‌لێکی له‌بار بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئیتلاعات و ده‌زگا سیخوڕیه‌کانی کۆماری ئیسلامی ناراسته‌وخۆ و له‌ رێگای که‌سانی به‌ ڕواڵه‌ت نه‌یاری خۆیانه‌وه‌ کێشه‌کان قووڵ بکه‌نه‌وه‌.
پرسیار له‌ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بۆچی له‌ کاتی روودانی ئه‌و رووداوانه‌دا جارێک وه‌ده‌نگ نه‌هات؟ ناڵێم کۆماری ئیسلامی مه‌حکووم کردبا، به‌ڵام خۆ ده‌یتوانی ناره‌زایه‌تی خۆی دژ به‌و کارانه‌ی حیزب و رێبه‌رانی حیزب که‌ ئێستا هه‌ڵیانده‌به‌ستێ، ده‌رببڕێ.

یه‌کێک له‌و ئامانجانه‌ی که‌ له‌ نووسینه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌دا به‌ ڕوونی خۆی ده‌نوێنێ دۆزینه‌وه‌ی شه‌ریک و برابه‌ش بۆ کۆماری ئیسلامی‌یه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی که‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی کورد و حیزبی دێموکرات ئه‌نجامی داون. تا ئاستێک که‌ له‌ تیرۆری میکونوس دا به‌ ئاشکرا دوکتور سه‌عید یان یه‌کێک له‌ هاوڕێکانی به‌ سیخوڕی کۆماری ئیسلامی ناوزه‌د ده‌کا و شه‌هیده‌کان ده‌کا به‌ شه‌ریکی جینایه‌ت له‌ گه‌ڵ تیرۆریسته‌کان و برابه‌ش بۆ تاوانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ده‌دۆزێته‌وه‌. به‌وه‌ش راناوه‌ستێ و لانیکه‌م له‌ سه‌دا 25ی ئه‌و کۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌ی که‌ دوکتور سه‌عید رێبه‌ریی ده‌کرد، به‌ جاش و سیخوڕی کۆماری ئیسلامی ده‌زانێ. (بڕوانه‌ به‌شی سێهه‌می ئه‌م باسه‌) دیاره‌ له‌و فتوایه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ش دا دیسان سه‌رانی ئیتلاعات ده‌ور ده‌بینن و قسه‌ی عه‌لی فه‌لاحیانی بۆ ده‌بێ به‌ حوججه‌ت که‌ گوتبووی ئێمه‌ له‌و حیزبه‌دا نفوزمان کردووه‌.

دوو هێزی دژبه‌ر هه‌میشه‌ حه‌ول ده‌ده‌ن له‌ ناو یه‌کتردا نفوز بکه‌ن. له‌ شه‌ڕی نێوان دوو لایه‌ندا ئه‌وه‌ شتێکی ئاساییه‌. به‌ڵام بانگی به‌ ئاشکرای وه‌زیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌وه‌ که‌ سازمانه‌که‌ی ژێر ده‌سته‌ڵاتی، نفووزی له‌ نێو حیزبی دێموکراتدا کردووه‌، جێگای پرسیاره‌. ئاخۆ ده‌بێ چ شتێک وای لێ کردبێ که‌ باس یان باشتر بڵێم نهێنی‌یه‌کی ئاوا – به‌ فه‌رزی راست بوونی- به‌ ئاشکرا رابگه‌یه‌نێ؟ مه‌گه‌ر بۆ که‌سانێک که‌ له‌ گه‌ڵیان ده‌ستی له‌ یه‌ک کاسه‌دا ‌بێ، ده‌نا رێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی که‌ی ئه‌وه‌نده‌ راستگۆ بوون تا‌ قسه‌کانیان بۆ ئه‌وه‌ ببێ که‌ وه‌ک به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گر که‌ڵکیان لێ وه‌ربگیرێ؟ بڵێی ئه‌وه‌ یه‌کێک له‌ جۆره‌کانی شه‌ڕی ره‌وانی دژ به‌و حیزبه‌ نه‌بووبێ تا بتوانێ دڵی ئه‌ندامانی حیزبه‌که‌ لێک کرمێ بکا؟ به‌ تایبه‌ت ئامانجه‌که‌ ئه‌و کاته‌ به‌ ته‌واوی ده‌پێکرێ که‌ یه‌کێکی له‌ پێستی دۆست دا قسه‌کانی ئه‌و و هاوقه‌تاره‌کانی بکا به‌ کراسی عوسمان و دژ به‌ حیزبه‌که‌ به‌ کاری بێنێ. یان نا هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ قسه‌که‌ی بۆ هێندێک که‌س و لایه‌ن ببێ به‌ به‌ڵگه‌ و سه‌رچاوه‌ی زانیاری بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر ئه‌و حیزبه و رێبه‌رانی ئه‌و حیزبه‌؟

هه‌قیقه‌تی قه‌راردادی به‌ناو نهێنی
ئه‌یوبزاده له‌ سه‌رجه‌م نوسینه‌کانی دا‌ باس له‌ قه‌راردادێکی نێوان حیزبی دێموکرات و کۆماری ئیسلامی بۆ راگرتنی شه‌ڕ ده‌کا. ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ به‌ ئیتمینانه‌وه‌ له‌و قه‌رارداده‌ خه‌یاڵییه‌ ده‌دوێ که‌ جێگای هیچ گومانێک بۆ خۆی و بۆ خوێنه‌ر ناهێڵێته‌وه‌. قه‌راردادێک که نه‌ک هه‌ر منی ئه‌ندام به‌ڵکو‌ هیچکام له‌ ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبه‌که و ته‌نانه‌ت سکرتێریش‌ نه‌یانبینیوه و پێیان نه‌زانیوه.‌‌ که‌چی ئه‌یوبزاده‌ باس له‌ به‌ند به‌ به‌ندی ناوه‌رۆکی قه‌رارداده‌ خه‌یاڵیه‌که‌ی خۆی ده‌کا. لێره‌دا خوێنه‌ر مافی خۆیه‌تی‌ گومانی بۆ ئه‌وه‌ بچێ که‌ ئه‌گه‌ر قه‌راردادێکی نێوان حیزب و لایه‌نێکی دیکه‌، منی ئه‌ندامی حیزب سه‌هله‌، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبه‌که‌شم نه‌یدیبێ و نه‌یزانیبێ، ئاخۆ ده‌بێ کێ نیشانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ی دابێ؟ تۆ بڵێی ئه‌و زانیاریانه‌ یه‌کراست له‌ لایه‌ن ته‌ره‌فه‌که‌ی دیکه‌ی به ناو قه‌رارداده‌که‌وه‌ واته‌ راست له‌ لایه‌ن محسن ره‌زایی و عه‌لی فه‌لاحیان و ئه‌حمه‌دی کازمی یان به‌رده‌سته‌‌کانیانه‌وه‌ به‌ ئاغای ئه‌یوبزاده‌ نیشان ‌درابێ یا به‌ جۆرێک ئه‌ویان له‌ بوونی وه‌ها قه‌راردادێک و ناوه‌رۆکه‌که‌ی ئه‌رخه‌یان کردبێته‌وه‌‌‌؟! یان بڵێی ئه‌یوبزاده‌ بۆخۆی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی نووسینی قه‌راردادێکی ئه‌وتۆ‌‌ دا به‌ ئاشکرا یان به‌ نهێنی به‌شدار بووبێ که‌ ئاوا به‌ ئیتمینانه‌وه‌ لێی ده‌دوێ؟!

باسی هه‌ر جۆره‌ قه‌رارداێک له‌ نێوان حیزبی دێموکرات و کۆماری ئیسلامی له‌ درۆیه‌ک زیاتر که‌ هه‌ر له‌ زمانی ئه‌یوبزاده‌وه‌ هه‌ڵڕژاوه‌، زیاتر نییه‌. ته‌نیا قه‌راردادێک که پێوه‌ندی به‌ وه‌ستانی خه‌باتی چه‌کداریی حیزبه‌وه‌ هه‌بووه، له‌ نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بووه‌‌ بۆ راگرتنی چالاکیه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی حیزب له‌ ناوخۆی کوردستانی ئێران له‌ حاڵه‌تێکدا که‌ له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی یه‌کێتی وه‌ک پشتی جه‌بهه‌ که‌ڵک وه‌ربگرن. ئه‌و قه‌رارداده‌ش‌ له نێوان حدکا و یه‌کێتی نیشتمانی‌دا ئیمزا کراوه. له‌لایه‌ن حدکاوه کاک مسته‌فا هیجری و له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانیش دوکتور فوئاد مه‌عسوم ئیمزایان کردوه. بوونی وه‌ها رێککه‌وتنێكیش شتێکی شاراوه‌ نه‌بووه‌. هه‌م له کاتی راگیرانی چالاکی چه‌کداری‌ له ‌لایه‌ن رێبه‌رانی حیزب و له کۆبوونه‌وه‌کاندا بۆ پێشمه‌رگه‌کان روون کرایه‌وه‌ و هه‌م به ‌تایبه‌تی له‌ رۆژنامه‌ی کوردستانی ژماره‌ 236ی تایبه‌ت به‌ مانگی گه‌لاوێژی 1375 دا به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ به‌ ره‌سمی باسی لێ کراوه‌:
'' دوابه‌دوای هێرشی هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ‌سه‌ر بنکه‌کانی حیزبی دێموکرات و بنه‌ماڵه‌ ئاواره‌کانی کوردی ئێرانی له ده‌وروبه‌ری کۆیه له رێکه‌وتی 27-28/7/1996، هه‌یئه‌تی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له رۆژه‌کانی 4-1/8/1996 کۆبوونه‌وه بۆ ته‌نزیم کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ئه‌و دوو حیزبه و چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ گیروگرفتانه‌ی که به‌هۆی هێرشی ئێران له نێوانیان‌دا پێک هاتبوو.
له ئاکامی ئه‌و وتووێژانه‌دا به توافق گه‌یشتن که حیزبی دێموکرات به‌رنامه‌ی کارو تێکۆشانی خۆی به چه‌شنیکی ئه‌وتۆ دابڕێژێته‌وه که له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجی ئێستای کوردستانی عێراق‌دا گونجاو بێ و، یه‌کیه‌تی نیشتمانیی کوردستانیش وێڕای ته‌زمینی تێکۆشانی سیاسیی حیزبی دێموکرات له ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆی‌دا ئه‌من و ئاسایشی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ئه‌و حیزبه بپارێزێ.
هه‌روه‌ها هه‌ردوولا به‌لێنیان‌دا که به‌کرده‌وه هه‌نگاو هه‌لگرن بۆ ئه‌وه‌ی روحی ته‌فاهوم و دۆستایه‌تی له نێوانیان‌دا به‌هێزتر بکه‌ن و ئه‌گه‌ر هه‌ر گیرو گرفتێکیش له نێوانیان‌دا هاته‌ پێش ، به‌ رێگای وتووێژی دۆستانه چاره‌سه‌ر بکرێت.
مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کیه‌تی نیشتمانیی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
4/8/1996-14/5/1375
وێڕای ئه‌وه‌ش ته‌نیا چه‌ند رۆژێک پاش هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر بنکه‌کانی حیزب له‌ ساڵی 1996، مامۆستا حه‌سه‌ن زاده که ئه‌یوبزاده ئه‌و به به‌ڕێوه‌به‌ری به قه‌ولی خۆی هه‌موو پیلانه‌کان ده‌زانێ، بۆ به‌شداری له کۆنگره‌ی ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست که له‌وێدا حیزبی دێموکڕات به ئه‌ندامی ئه‌و رێکخراوه وه‌رگیرا له رێگای ئورپاوه ده‌ڕوا بۆ ئه‌مریکا و ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی چه‌ند مانگێک ده‌خایه‌نێ. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ قه‌راردادی نهینی له‌ نیوان سکرتیری حیزب و کۆماری ئیسلامی له‌و کاته‌دا ئیمزا کرابێ و که‌سیش لێی ئاگادار نه‌بووبێ، ئه‌ی کێ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌رۆکی قه‌رارداده‌ خه‌یاڵیه‌که‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ بووه‌؟!

مامۆستا حه‌سه‌نزاده چوار ساڵ له‌وه‌ پێش و بۆ یه‌که‌م جار و دوا جار که‌ وڵامی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ی دایه‌وه‌،‌ له‌ بابه‌ت ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ناوبراو ده‌ڵێ: "بۆ دڵنیا کردنی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ ئیحتمالی یه‌ک له‌ هه‌زار له‌ خوێندنه‌وه‌ی وتاری مامۆستا گۆران دا گومانێکیان بۆ دروست بووبێ، راده‌گه‌یه‌نم که‌ ساڵی 1996 له‌ کاتی په‌لاماری هێزه‌کانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر بنکه‌کانی حیزب دا نه‌ له‌ نیزیک و نه‌ له‌ دوور و نه‌ راسته‌وخۆ و نه‌ به‌ نێوبژی، هیچ چه‌شنه‌ رێککه‌وتنێک له‌ نێوان حیزب و کۆماری ئیسلامی دا رووی نه‌داوه‌ و ته‌نانه‌ت قسه‌شی لێ نه‌کراوه‌." (1)
که‌چی به‌و حاڵه‌ش ئه‌یوبزاده‌ که‌ وه‌ک باسم کرد ئاگاداری به‌ند به‌ به‌ندی قه‌رارداده‌ خه‌یاڵیه‌که‌یه‌ و ئاواش ناوه‌رۆکه‌که‌ی باس ده‌کا: به‌ پێی قه‌رادادی ئاشبه‌تاڵ ئه‌ندامی حیزب:
1- چه‌ک کراو بووه‌
2- مافی دیفاعی نه‌بووه‌
3- مافی هاتوچۆی به‌ چه‌که‌وه‌ نه‌بووه‌
هه‌روه‌ک باسم کرد، سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌کانی ئه‌یوبزاده‌ ئیتلاعات و سپای کۆماری ئیسلامی‌یه‌ به‌ڵام هه‌ر که‌س له‌ ماوه‌ی پتر له‌ 15 ساڵی رابردوو دا سه‌ردانی بنکه‌کانی حیزبی دێموکراتی له‌ کۆیه‌ و دێگه‌ڵه‌ و جێژنیکان و ... کردبێ، ده‌زانێ که‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌ک هه‌ر چه‌ک کراو نه‌بووه‌ به‌ڵکو به‌رده‌وام ‌ ده‌وری بنکه‌کانی به چه‌كی سووک و نیوه قورس ته‌نیوه‌. له ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌دا تا ئێستاش ئه‌ندامانی رێبه‌رایه‌تی حیزب له باشووری کوردستان به بێ ئیسکۆرتی چه‌کدار هاتوچۆیان نه‌کردوه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه له ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌دا ئه‌گه‌رچی له‌ تیمی بچووک دا، به‌ڵام به‌رده‌وام پێشمه‌رگه له‌ ناوچه‌ دا واته له نێوخۆی وڵاتدا به‌ چه‌که‌وه‌ حوزوری هه‌بووه‌ و له‌ هاتوچۆش دا چه‌کی پێ بووه‌. ئه‌یوبزاده‌ قه‌رارداده‌ خه‌یاڵیه‌که‌ی بۆ ساڵی 1375 ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ که‌چی شه‌هیدان ره‌سوڵ شه‌عبانی و تاهیر حوسێن نه‌ژاد له‌ ناوچه‌ی شنۆ و شه‌هید عه‌وڵا ته‌به‌رزه‌ ساڵی 1378 له‌ ناوچه‌ی پیرانشار له‌ دوو شه‌ڕی قاره‌مانانه‌دا شه‌هید بوون. (2) ئه‌وه‌ بۆ جارێک کۆماری ئیسلامی ده‌نگی لێ به‌رز نه‌بۆوه‌ که‌ بڵێ بۆچی قه‌رارداده‌که‌تان ژێر پێ خستووه‌؟! یان له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا پێشمه‌رگه‌ و کادره‌کانی حدک به‌رده‌وام له‌ ناوچه‌ دا حوزوریان هه‌بووه‌ و کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حدکاش لانیکه‌م له‌ یه‌ک ساڵی رابردوودا حوزوریان بوو. له‌ چه‌ند تێکه‌ڵچوونی جیاواز دا له‌ ناوچه‌کانی سه‌رده‌شت، سه‌قز و مه‌ریوان چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی حدک و حدکا شه‌هید بوون. ئه‌وه‌ بۆ کۆماری ئیسلامی جارێک قه‌رارداده‌ خه‌یاڵیه‌که‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ی وه‌بیر سه‌رانی حیزبی دێموکرات نه‌خسته‌وه و هاواری لێ هه‌ڵنه‌ستا که‌ بۆ قه‌راردادی ئه‌یوبزاده‌تان ژێر پێ ناوه و پێشمه‌رگه‌تان ناردۆته‌وه‌‌‌؟

هه‌ڵبه‌ت من ده‌زانم که‌ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ باوه‌ڕی به‌ قسه‌کانی خۆی نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێک گومانی له‌ بوونی وه‌ها قه‌راردادێک هه‌بوو، له‌ مسته‌فا هیجری و عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده‌ نا، به‌ڵکو با له‌ کاک بابا عه‌لی مێهر په‌روه‌ر که‌ ئیستا سه‌ر به هیچ لایه‌کیان نییه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ و به‌ درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی بووه‌و ئێستا شبه هۆی ئه‌وه که له به‌رپرسایه‌تی دا نه‌ماوه ره‌نگه‌ که‌مترین مولاحزه‌ی بۆ راست کردنه‌وه‌ی ئه‌و ناراستی‌یه‌ هه‌بێ، پرسیار بکا. له‌وه‌ش ئه‌ولاتر ده‌توانن پرسیار له‌ رێبه‌رانی هه‌ر کام له‌ باڵه‌کانی ئێستای کۆمه‌ڵه‌ یان لایه‌نه‌کانی تر بکه‌ن که‌ ئاخۆ ئه‌و قه‌رداده‌ خه‌یاڵیه‌ی که‌ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ باسی ده‌کا ئه‌و حیزب و رێکخراوانه‌ی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشی گرتۆته‌وه‌ یان راگرتنی چالاکی چه‌كداری له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌ی دیکه‌وهه به‌پێی قه‌راردادی جودای خۆتان له‌ گه‌ڵ جمهوری ئیسلامی بووه؟!!

ئازادی عه‌لی باله‌
له‌ زۆربه‌ی نووسراوه‌کانی دا، حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده‌ باس له‌داوود ئیبراهیم زاده‌ که‌ له‌ ناو حیزب دا به‌ ئازادی عه‌لی باله‌ ده‌ناسرا، ده‌کا و به‌و هۆیه‌وه‌ که‌ هاتوچۆی ماڵی مامۆستای کردووه‌، وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک!! به‌ دژی حیزب و مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌ به‌ کاری ده‌با. بۆ ئه‌وه‌ش که‌ باشتر درۆکانی بچه‌سپێنێ، جارێک ده‌یکا به‌ ئامۆزای و جارێکیش به‌ خاڵۆزا و پورزا. عه‌لی باله بۆخۆی تا کاتی مردنیشی به که‌سێکی خۆشناو و نیشتمانپه‌روه‌ری ناوچه‌ی مه‌هاباد ناسرابوو. ته‌نیا خزمایه‌تیه‌کی زۆر دووریش که له‌گه‌ڵ مامۆستا حه‌‌سه‌ن زاده‌ی هه‌بوو ئه‌وه بوو که بابی مامۆستا حه‌سه‌ن زاده بن ئامۆزای باپیری عه‌لی باله بووه. وه‌ک شاعیر ده‌ڵێ:
خاتوون که‌ کچی پووری نه‌وه‌ی باجه‌ مه‌نیجه‌
خزمن که‌ ئه‌من ئێسته‌ گه‌یشتوم به‌ نه‌تیجه‌
به‌ڵام نه‌ ئازاد بۆ ئه‌وه‌ له‌ دایک ببو تا ببێ به‌ ئیتلاعاتی و نه‌ له‌ سه‌ر ئیجازه‌ی دایک و باوکی ده‌ستی بۆ ئه‌و کاره‌ بردبوو. ده‌زانم ئاغای ئه‌یوبزاده‌ گوێی به‌ زانیاریی راست "بدهکار" نییه‌، به‌ڵام بۆ زانیاریی خوێنه‌ران، با بزانین ئازاد بۆخۆی کێ بوو:
به‌ حوکمی ئه‌وه‌ که‌ ئه‌من پێشمه‌رگه‌ی هێزی پێشه‌وا بووم، ئازادی عه‌لی باله‌م له‌ نیزیکه‌وه‌ ده‌ناسی. (هیوادارم ئه‌یوبزاده‌ نه‌یکا به‌ به‌ڵگه‌ی جاسووسی له‌ سه‌رم!!) ئازاد خه‌ڵکی ئاوایی گاگه‌شی ناوچه‌ی مه‌نگوڕانی مه‌هاباد بوو. ساڵی 1369 بوو به‌ پێشمه‌رگه‌. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ خۆی وه‌ک لیسانسی ئه‌ده‌بیاتی فارسی ناساند به‌ڵام دواتر روون بۆوه‌ که‌ خوێنده‌واریه‌که‌ی هه‌ر له‌ ئاستی راهنمایی دا بووه‌. دواتر بوو به‌ کادری سیاسی لک له هێزی پێشه‌وا. له‌ جه‌ریانی کێشه‌ و ناکۆکیه‌کانی به‌ر له‌ کۆنگره‌ی 10 وێڕای چه‌ند کادر و پێشمه‌رگه‌ی دیکه‌ی هێزی پێشه‌وا له‌وانه‌ سه‌ید عه‌زیز نیکجویان، ئه‌سعه‌د گامێشانی، خالید خاڵدار و ... که‌ سه‌رجه‌میان دۆستی نیزیکی ئازاد بوون و ئێستاش ئه‌ندامی حدکا ن، لایه‌نگریی له‌ کاک مسته‌فا هیجری کرد. ئه‌وه‌ له‌ حاڵێک دا بوو که‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری کادر و به‌ تایبه‌ت پێشمه‌رگه‌کانی هێزی پێشه‌وا و کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد لایه‌نگریان له‌ مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده‌ ده‌کرد. ئازاد که‌ پێشتریش له‌ ناو به‌شی هه‌ره‌ زۆری پێشمه‌رگه‌کان دا خۆشه‌ویست نه‌بوو، له‌ فه‌زای دووبه‌ره‌کی و دوو جه‌ناحی ئه‌وکات دا ئه‌وه‌ بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ به‌ یه‌کجاری ته‌رد بکرێ.

له‌ دوایین لێکدان‌دا که‌ له‌ نێوان حیزب و رێبه‌رایه‌تی شۆرشگێڕی ئه‌وکات له‌ ساڵی 1373 له‌ چنارۆکی پشت هه‌یبه‌سوڵتان رووی دا، ئازاد ده‌ورێکی گرینگی گێڕا. له‌ کاتێکدا که‌ له‌ سه‌ر بردن و سوتاندنی ماشێن له‌ نێوان دوو لایه‌ندا کێشه‌ هاتبووه‌ ئاراوه‌، ئازاد مه‌سه‌له‌که‌ی کرد به‌ شتێکی حه‌یسیه‌تی و چوو ده‌بن سه‌ید عه‌زیزه‌وه‌ که‌ ئه‌و کات سه‌رپه‌ره‌ستی هێز بوو و له‌ ناو هه‌مووشماندا رایگه‌یاند که‌ ئه‌گه‌ر دژکرده‌وه‌مان نه‌بێ، ئابڕوومان ده‌چێ. ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌ کاتێکدا به‌ر له‌ کۆنگره‌ی 10 و له‌ کاتی سکرتێریی کاک مسته‌فا دا باسی یه‌کگرتنه‌وه‌ به‌ گه‌رمی له‌ ئارادا بوو، کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی سه‌ید عه‌زیز، نێردرانه‌ پشتی‌ چنارۆک و ته‌قه‌ و لێکدانێک له‌ نێوان دوو لایه‌ندا رووی دا و بارودۆخه‌که‌ی گرژ کرده‌وه‌.

ئازاد به‌ گشتی ئینسانێکی ده‌م هه‌راش، قسه‌ خۆش و خۆ رێکخه‌ر بوو. ئه‌گه‌رچی له‌ ناو پێشمه‌رگه‌کانی هێزی پێشه‌وا دا مه‌نفوور بوو، به‌ڵام هاتوچۆی به‌شێکی زۆر له‌ بنه‌ماڵه‌کانی حیزب و ماڵی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی ده‌کرد و له‌ گه‌ڵ کوڕه‌کانیان دۆست بوو. به‌و هۆیه‌وه‌ که‌ کاتی خۆی له‌ ئاوایی گاگه‌ش بۆ ماوه‌یه‌ک ماڵی مامۆستا جیرانی ماڵی‌ بابی ئازاد بووه‌، له کۆیه‌‌ش هاتوچۆی ده‌کردن. ساڵی 1375 به‌ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد هه‌ڵبژێردرا و بوو به‌ به‌رپرسی ته‌شکیلاتی ناو شار. بۆ هاوینی ئه‌و ساڵه‌ به‌ ته‌نیا چۆوه‌ ناو شار. خه‌به‌ر هات که له‌ ناو شاردا‌ گیراوه‌ و دواتر به‌ردراوه‌. خه‌به‌ری گیرانه‌که‌ی‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ لایه‌ن یه‌کێک له‌ پێشمه‌رگه‌کانه‌وه به‌ ناوی (ک. ف.)‌ که‌ شاره‌زایه‌کی باشی کاروبار و ته‌شکیلاتی ناو شار بوو، له‌ ناو پێشمه‌رگه‌کان دا باسی کرا به‌ڵام نه‌ک به‌ به‌ڵگه‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی گوزارشی ره‌سمی به‌ڵکو وه‌ک قسه‌ی سه‌ر زاران. هه‌ر بۆیه‌ش به‌ جیدی وه‌رنه‌گیرا و لێی نه‌کۆڵدرایه‌وه و پتر به‌ حیسابی کێشه‌ی شه‌خسی و جه‌ناحی وه‌رگیرا‌. له‌و لاشه‌وه‌ ئازاد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی خۆی ره‌پێش بخا و هه‌واڵه‌که‌ به‌رپه‌رچ بداته‌وه‌، له‌ لای کۆمیته‌ی شارستان سه‌حنه‌ سازیه‌کی له‌و باره‌وه‌ ساز کردبوو. به‌و جۆره‌ که‌ له‌ باغی سیسه‌ پاسدار پێشیان پێ گرتووه‌ و داوای کارتی شناساییان لێ کردووه‌ و ئه‌ویش ده‌مانچه‌که‌ی ده‌رهێناوه‌ و پاسداره‌کان هه‌ڵاتوون و ئه‌ویش هه‌ر وا هه‌ڵاتووه‌ و دوایه‌ چه‌ند فیشه‌کیان به‌ یه‌کتره‌وه‌ ناوه‌!

له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ له‌ جه‌ریانی ده‌رگیربوونی کادره‌کانی کومیته‌ی شارستانی مه‌هاباد له‌ ناوچه‌ی شاروێران، که‌ تییدا محه‌مه‌د شاروێرانی به‌ برینداری به‌ دیل گیرا، گومانه‌که‌ له‌ سه‌ر ئازاد زیاتر ده‌بێ. ئازاد هه‌م ئاگاداری شوێنی مانه‌وه‌ی کاک عومه‌ر باڵه‌کی، به‌رپرسی کۆمیته‌ی شارستان و هاوڕێکانی ده‌بێ و هه‌میش ماوه‌یه‌ک پێشتر ده‌مانچه‌که‌ی له‌ گه‌ڵ محه‌ممه‌د شاروێرانی ده‌گۆڕێته‌وه‌. ده‌مانچه‌یه‌ک که‌ فیشه‌ک ده‌ر ناکا و پێده‌چێ ده‌رزیه‌که‌ی ده‌رهێنرابێ. ئه‌گه‌رچی گومانه‌کانی سه‌ر ئازاد له‌ گه‌ڵ کومیسیۆنی سیاسی نیزامیش باس ده‌کرێ به‌ڵام ئه‌و کات هیچکام له‌وانه ئه‌وه‌نده‌ روون نه‌بوون تا وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی دادگا په‌سه‌ند له‌ لایه‌ن کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباده‌وه‌ سیخوڕ بوونی ئه‌ندامێکی کۆمیته‌ی شارستان سابیت بکا.
به‌ دوای گه‌رانه‌وه‌ بۆ بنکه‌کانی حیزب، ئازاد به رواڵه‌ت سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌کا به‌ڵام له‌ سلێمانی سه‌ر ده‌ردێنێ. ئه‌وه‌ش گومانه‌کانی پێشوو زیاتر ده‌کا و ده‌بێته‌ هۆکارێك تا عومه‌ر باڵه‌کی به‌رپرسی کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد به‌و گومانانه‌وه‌ که‌ له‌ سه‌ر ئازاد هه‌یبوو، له هێزی پێشه‌وای نه‌قڵ بکا. هه‌ر بۆیه‌ش نامه‌ی نه‌قڵی ناوبراو ته‌حویلی کومیسیۆنی سیاسی نیزامی ده‌دا که‌ ئه‌وکات نه‌مر کاک سه‌لام عه‌زیزی به‌رپرسی کومیسیۆن بوو. له‌ نامه‌ی نه‌قڵه‌که‌دا نووسرابوو که‌ ئه‌و کاره‌ی ئازاد ده‌کرێ وه‌ک خاڵێکی ئه‌منیه‌تی چاوی لێ بکرێ. به‌ڵام دیسانیش ناکه‌وێته‌ به‌ر گومانی به‌رپرسانی سیاسی نیزامیه‌وه‌. حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی دێته‌ ناو مه‌سه‌له‌که‌وه‌ و نێوبژیوانی ده‌کا تا کاک عومه‌ر، ئازاد وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ پێداگریی ناوبراو له‌ سه‌ر نه‌قڵ کردنه‌که‌ به‌ره‌وروو ده‌بێ. هه‌ر بۆیه‌ش نه‌قڵی کۆمیته‌ی ئه‌منیه‌ت ده‌کرێ که‌ به‌رپرسه‌کانی له‌‌و کاته‌دا کاک شاهۆ حوسێنی و کاک چه‌کۆ ره‌حیمیی دۆستی کاک حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده‌ بوو‌. کۆمیته‌ی ئه‌منیه‌تیش وه‌ک فێرگه‌ و به‌شێکی به‌رچاوی دیکه‌ له‌ ئۆرگانه‌ ئیجراییه‌کانی حیزب حه‌یاتی خه‌ڵوه‌تی جه‌ناحی کاک مسته‌فا بوو. له‌ جه‌وی دوو جه‌ناحیی ئه‌و کاتیش دا چوونی ئازاد بۆ ئه‌و ئۆرگانه‌ وه‌ک شتێکی ئاسایی و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چاوی لێ کرا.

ئازاد که‌ له‌ کومیته‌ی ئه‌منیه‌ت دا وه‌ک کادری به‌شی پارێزگاریی کاری ده‌کرد، بۆ جێ خستنی خۆی ده‌ستی به‌ سه‌حنه‌ سازیه‌کی دیکه‌ کرد. رۆژێک خه‌به‌ر هات که‌ ته‌قه‌ی لێ کراوه‌ و بریندار بووه‌. به‌راستیش شتێکی له‌و بابه‌ته رووی دابوو و زاهیره‌ن ئازاد له‌ نه‌رمه‌ی باسکی برینێکی، جا چۆن و به‌چی مه‌علوم نه‌بوو، هه‌ڵگرتبوو. ده‌یگوت که‌ له‌ رێگای هه‌ولێر- کۆیه‌ پێش به‌و تاکسیه‌ گیراوه‌ که‌ ئه‌وی تیدا بووه‌. ویستوویانه‌ دایبه‌زێنن و بیگرن. به‌ڵام به قسه‌ی خۆی ئه‌و خۆی راده‌پسکێنێ و هه‌ڵدێ و ته‌قه‌ ده‌کا و ته‌قه‌ی لێ ده‌که‌ن و له‌و ته‌قه‌ و لێکدانه‌ دا ئازاد بریندار ده‌بێ و شۆفیر تاکسیه‌که‌ ده‌کوژرێ‌. ئه‌ویش خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ بنکه‌یه‌کی پارتی له‌ نیزیک رووداوه‌که‌ و نه‌جاتی ده‌بێ. بۆ ئه‌وه‌ش که‌ هه‌موان بڕوا به‌ سه‌حنه‌سازیه‌که‌ بکه‌ن‌، کابرایه‌کی خه‌ڵکی کوردستانی عێراق له‌و رووداوه‌دا کوژرا.
پلۆنۆمی پاییزه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی خه‌ریک بوو ببه‌سترێ. ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌ ده‌وروبه‌ری سکرتاریا ده‌بن که‌ هه‌واڵی شه‌هید بوونی کاک مه‌نسوور ڕه‌شه‌ هه‌ورامی، کاک مه‌نسوور ناسری، کاک ساماڵ ئیسماعیل زاده‌، کاک ره‌فعه‌ت مورادی و کاک یه‌دوڵڵا شیرین سوخه‌ن ده‌گا. ئازاد پێشنیار به‌ ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌کا که‌ ده‌بێ ئه‌وانیش واته خۆی و چه‌ند ئه‌ندامێکی کۆمیته‌ ناوه‌ندی به‌ هاواریانه‌وه‌ بچین به‌ڵام به‌ گوێی ناکرێ. هاوڕێکانی ئه‌و پێنج شه‌هیده‌ توانیبوویان ده‌ست به‌ سه‌ر ماشێنێکی ئیتلاعات دا بگرن. به‌ڵگه‌ و که‌لوپه‌له‌کان که‌ له‌ چه‌ند ته‌لیس دا بوون، له‌ به‌ر ده‌رگای سکرتاریا فڕێ ده‌درێن. هه‌موو په‌شۆکابوون. چه‌ند که‌س ئیعتراز ده‌که‌ن که‌ نه‌کا ئه‌و ته‌لیسانه‌ ماده‌ی ته‌قینه‌وه‌یان تێدا بێ. مامۆستا بانگی کاک شاهۆ و کاک چه‌کۆ وه‌ک به‌رپرسانی ئه‌منیه‌تی ده‌کا و قوژبنێکیان پێ نیشان ده‌دا تا ته‌لیسه‌کان بپشکنن‌. دواتر کاک برایم زێوه‌یی‌ش ده‌چێته‌ لای ته‌لیسه‌کان و به‌ دوای ئه‌ویش دا ئازاد و خه‌ڵکی دیکه‌ش له‌ ده‌وری ته‌لیسه به‌ڵگه‌کان که‌ به‌رپرسانی ئه‌منیه‌تی خه‌ریکی پشکنینیان بوون، کۆ ده‌بنه‌وه‌. ... دوای چه‌ند سه‌عات‌ له کاتێکدا که‌ خه‌ڵکه‌که‌ له‌ ده‌وری نه‌خۆشخانه و ته‌رمی شه‌هیده‌کان‌ کۆ ببونه‌وه، کومیته‌ی ئه‌منیه‌ت به‌ دوای‌‌ ئازاد دا ده‌گه‌ڕا. به‌ڵام تازه‌ ئازاد ده‌رچوو بوو. دواتر ئاشکرا بوو که‌ له‌ ناو به‌ڵگه‌کان دا ره‌سیدی په‌رداختی بڕێک پاره‌ و نه‌وارێکی ده‌نگی له‌ ئازاد هه‌بوون ... .

له‌ مێژووی حیزبی دێموکرات یان هه‌ر حیزبێکی دیکه‌ی به‌رهه‌ڵستکاری کۆماری ئیسلامی دا، ئازاد تاکه‌ نمونه‌ی خۆ خزاندنی ئیتلاعات له‌ ناو ریزه‌کانی حیزبدا نییه‌. به‌ڵام بوونی مۆره‌ی ئاوا له‌ ناو ریزه‌کانی هه‌ر حیزبێکی سیاسی دا ناتوانێ به‌ مانای جاسووس بوونی هه‌موو حیزبه‌که یان ته‌نانه‌ت ره‌فیقه‌ حیزبیه‌کانی ئه‌و که‌سه‌‌ بێ. مه‌گه‌ر بۆ که‌سانێکی وه‌ک حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌. حه‌تمه‌ن حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده له‌بیری ماوه له‌و وه‌خته‌دا که ده‌فته‌ری سیاسی حیزب له گه‌وره‌دێ بووه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌کی به رواڵه‌ت جێگای باوه‌ڕ و دڵسۆز و لێهاتوو هه‌بوو به ناوی شۆرش که ئه‌گه‌رچی پارێزه‌ری دایمیی دوکتور قاسملوو نه‌بوو به‌ڵام زۆر جار و بۆ سه‌فه‌ری گرینگ دوکتور قاسملوو وه‌ک که‌سێکی ئازا و باوه‌ڕ پێکراو له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبرد. له گه‌ڵ کاک دوکتور له‌‌ مه‌ئموریه‌ت دا بوو که‌ خه‌به‌ر به‌ حیزب گه‌یی ناوبراو پێوه‌ندی به‌ رێژیمه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ بوو که‌ هه‌ر به‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی دا یه‌کسه‌ر له‌ لایه‌ن حیزبه‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ر و‌ ئیعدام کرا.

نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی زۆر ناسراو گوزارشدانی سمایلی قاسملوو به ساواک بووه له‌باره‌ی ئه‌و تێکۆشه‌ره کوردانه‌ی له زه‌مانی شادا تێکۆشانی نهێنیان هه‌بوو. ئایا ئه‌وه ده‌بێته ده‌لیل بۆ ئه‌وه‌ی گله‌یی له دوکتور قاسملوو بکه‌ین؟! بێگومان نا.

بابەتی نوێ:

بۆچی دوا پێنج‌شەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە

  لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنج‌شەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...