۵/۲۸/۱۳۷۳

بۆ شەهید سەلاحی ڕەزایی

 

کڵاوێکی پێشمەرگانە بە سەرەوە

 جامانە بە دەوری ملدا

بیکەیسی بە سەر شانەوە

فیشەکدانی لێ شەتەک دا

دەبڕێ سنوور بە ئازایی

هاوڕێ سەلاحی ڕەزایی

         ***

دڵێک پڕ لە هیوا و بڕوا

قولێک تراکت لە ناو مستا

کۆڵەپشتی پڕ لە دەوا و

کەڵاشینکۆف لە ناو دەستا

وا هەڵکشا بەرەو لوتکە و

                       ڕانەوەستا

مامۆستا سەلاحی دوکتور

دوکتور سەلاحی مامۆستا

            ***

لە داوێنی مەیدانچۆغە

تا هەتایە خاکی بەرگە

ڕێبازی ڕێی خەباتمانەو

گڵکۆی دەکەین بە نزرگە

مامۆستا سەلاحی دوکتور

شەهید سەلاحی پێشمەرگە

ناوچەی مەهاباد – گەلاوێژی ١٣٧٣

۵/۲۷/۱۳۷۳

بۆ شەهید عەبدوڵڵای شەریفی

 لە شەوێکی ئەنگوستەچاو

کە سۆمایی نێو چاوانی هەموومان بووی

بە دوانیگای مۆلەق وەستاو

ماڵاواییت کرد و ڕۆییشتی.

 

لەم شەوگارە تاریکەدا

بۆ پێشمەرگە

پێشەنگی رێی سەخت و دژوار

بۆ  هەژاران

هێزی خەبات و وزەی کار

بۆ جووتیاران

وەک بارانی پەڵەی بەهار

لە ناو زانکۆش

ببووی  بە قەڵەمی خوێندکار

ماڵاواییت کرد و رۆیشتی.

 

داد لە دەست ئەم شوومە شەوە

هەر دەڕۆین و نابڕێتەوە

بە دەم فرمێسک و تاسەوە

بەسەر پشتی تەرازوان و مێرخاسەوە

تەرمی لە خوێندا شەڵاڵی مێرخاسێکمان بە کۆڵەوە

دەڕۆین و دڵ بە داخەوە

شین دەگێڕین لە ناخەوە

 

بە ڕیز.. خەمناک..ڕێگە دەبڕین

لوولەی چەکمان داشۆڕاوەو

                      کاس و وڕین

بەو داخەوە داخ کراوین

داسووی شەو لە چاوی داوین

هەر نازانین لە کام لاوە ئەنگواوین..

 

چاومان بۆ هەر کوێ دەگێڕین

بیرەوەریی تۆ دەبینین

رێچکه‌ نییە شوێن پێڵاوی تۆی لێ نەبێ

بن به‌رد نییه‌

 سه‌نگه‌رت لێ نەگرتبێ

لوتکه‌ نییه‌

ئێواره‌یه‌ک نەتگرتبێ‌و

 به‌ دووربینه‌که‌ی سه‌ر سینگت

مه‌ودای که‌وشه‌نی نه‌بڕیبێ 

تێپه‌ڕبوونت نیشانی ئێمه‌ نه‌دابێ.

 

بێدەنگ.. بێدەنگ

بۆ مەرگی رێبەرێک دەگرین

ئازایانە دەژیا بۆ ژین

لەگەڵ ئاسمان

فرمێسکی بەسەردا دەڕێژین

لەگەڵ پاییز

دەردی جودایی دەچێژین

دەیبەین تا لە بناری وڵات

نا...

لە
نێو دڵدا

                دەینێژین  

ناوچەی بانە - ڕەزبەری ١٣٧٣

۶/۲۲/۱۳۷۲

شێعری لەیلا

 

تا کەوتە سەر یادی ئەوین

بە یادی شێعر کەوتەوە

                               لەیلا

بۆیە ئێستا گڕوو دەگرێ

وەک مناڵ بۆ بووکەشووشە

ئەویش هەر شێعری لێم دەوێ

 

تا کەوتە سەر یادی شێعر

ئەوینی وەبیر کەوتەوە

                       لەیلا

شەو

شا شێعرێکی لە سەر لەپی دەستمی نەخشاند

کاتێ دەستی

وەکوو شێعرێکی پەنجەیی

دە پەنجەکانمدا خزاند

بەو جۆرە ئەو وەفاداری

بە شێعر و ئەوین و من سەلماند

کۆیە – ٣ی خەزەڵوەری ١٣٧٢

۴/۲۹/۱۳۷۲

هاوڕێی ئازاری هەژاران

 

                                              بۆ شەهید جەوادی مووسەوی

هیندە گەورەی

هێندە بەرزی

هیند پیرۆزی

ڕووبار کڕنۆشت بۆ دێنێ

شاخ سەری بۆت دادەنوێنێ

"چیا" لاوکت بۆ دەڵێ

"چیمەن" گوڵاڵەت بۆ دێنێ.

 

هیند پیرۆزی

وەکوو ئاسمان.. وەکوو هەتاو

بووی بە ڕووگەی زەحمەتکێشان

بە گوڵ.. بە ئاو..

ئەوانە هەموو بوون بە تۆ و

                     تۆ هەموانی

کاتێ کە هەژاران دەڵێن

تۆ شەهیدی کوردستانی

تۆ شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی ئەوانی

١٣٧٢ – ناوچەی مەهاباد

***


۳/۲۸/۱۳۷۲

دوو سروود بۆ شەهیدان

 

١

لە سەر زام و برینتانا

ڕزگاربوونی دیلەکانی ئەم کوردستانە دەبینم

لە نێو ڕووباری خوێنتانا

سەربەخۆیی ئەم نیشتمانە دەبینم

وەک چۆن هەموو بەیانییەک

بە ئاسۆی ئەرخەوانی‌ڕا

دڵنیام کە شەو ڕادەبرێ

دڵنیام کە هەتاو هەڵدێ


٢

ئێوە هیچکات بیر ناچنەوە

تا گوڵاڵە و نواڵەی کوێستان

لە بن بەردە یاخییەکان بڕوێنەوە

هەتا تفەنگ

شەوانە سەر وەسەر سەرینی بەرد بکا

یادتان هەورە و 

لە گشت وەرزی ژیانماندا پەڵە دەدا

١١/٣/١٣٧٢ (لە ژمارە ٦١ی گۆڤاری لاواندا بڵاو کراوەتەوە)

بۆ هیوا

 


هەر کاتێ کە مناڵانی قژ ئاڵۆزی ئەم هەرێمە

بە بەر دەرکی مقەڕدا دێن و ڕادەبرن

تۆ دەبینم

وەکوو ئەوان

دارێکت کردووە بە ئەسپ و

یاخی یاخی دەیڕەتێنی

قۆچەکانی بووە بە چەکت و

دوژمنانی ئەم وڵاتە لە بن دێنێ.

 

هەر کاتێک کە مناڵانی قژ کاڵی ئەم هەرێمە

کتێبە قاچاخەکانیان دەخەنە بن هەنگڵیان و

بەرەو فێرگە ڕێگە دەبڕن

تۆ دەبینم

وەکوو ئەوان

قەڵەمت کردوە بە نەشتەر

بیدەی لە چاوی دوژمنان

پەیتا پەیتا

ئینشاکەی ناو دەفتەرەکەت دەخوێنیەوە بۆ هاوڕێکان

بۆیان دەدوێی

                لە ئازادی

               لە کوردستان

               لە شەهیدان

 

هەر کاتێ کە مناڵانی قژ ئاڵۆزی ئەم هەرێمە

لە ناو باخە یاخییەکان

وەک کارژۆڵە ئاسکی جوان

بە ڕمبازی و تەقڵەسەما

دەچنە سەر تاتە بەردەکان

دێنەوە خوار

دەتبینم و خۆم لا دەدەم

تا نەکا دنیای مناڵیت بشێوێنم

بەڵام دەنگە خۆشەکەت هەر لە گوێمدایە؛

"کاکە! گەر لە شار هاتیەوە

تفەنگێکم بۆ بێنەوە!"


هیوا گیان! کاتێ دێمەوە

ئیدی تفەنگەکان خەوتوون

نێرگزەکان دەڕوێنەوە

ئەو کاتە من کتێبێکت بۆ دێنمەوە

پڕ بێ لە وشەی کوردیی جوان

گەر بێمەوە..

ئەستێرۆکان – ٢٠/٢/١٣٧٢

۱/۲۳/۱۳۷۲

دوو شێعر

 

(١) 

کانی

کاتێ کانی بە سیمان و بیتۆن کوێر بوو

پەلی کوتا

ڕەگی نەمامی بەر دەمی خۆی دۆزیەوە و

ئاوی دایە

تا نەمام بوو بە بێشەڵان

بێشەڵانیش بوو بە پەنای تێکۆشەران


(٢) 

قەڵا

سینگم وەک قەڵای دمدمە

دڵت هاتۆتە ناو دڵم و

تا ئەوینتم لە گەڵدا بێ

هیچ هەباسێ بۆی ناکرێ

کانی مەمکتم لێ هەڵبڕێ   

۱۲/۱۰/۱۳۷۱

دوان

 

بۆ هاوڕێم س.م

گیانە تۆ وەرە بۆم بدوێ

من ئەوینداری وشەتم

شاگردێکی ڕانەهاتوو

بۆ پێوانی ڕێی ڕابردوو

تۆ پێم بڵێ

کە لەم شارە غەریبەدا

هەتاو لە کام ئاسۆ هەڵدێ

لەم وڵاتە قاقڕەدا

ئازادیمان چۆن بەر دەگرێ

کچانی وڵاتی ئێمە

چۆن بە خەندە

زەردایی سەر ڕووی هەژاران

دەخەنە سەر لێوی خۆیان

وڵات پڕ دەکەن لە زەردە

دە بۆم بدوێ

مەڵێ تۆ بەرۆکم بەردە

تا بزانم شلکە نەمامی ئازادی

چۆن لە حەوشەی ئێمەش دەڕوێ

ورمێ – ١٠/١٢/١٣٧١

۱۰/۱۲/۱۳۷۱

ئەو و شێعر و من

 

گەر شەوان شێعرت بۆ نەڵێم

خەم و کەسەر

لە نێو دڵم ناچێتە دەر

هەموو شەوێ

هێندەی زامی دڵی مەجنوون

بە قەت ئەوینی قەد بێستوون

لە دڵڕا شێعرت بۆ دەڵێم

تا تاریکی و کەسەر و خەم

لە نێو دڵدا ڕەجم بکەم

ورمێ – ١١-١٢/١٠/١٣٧١

۷/۰۵/۱۳۷۱

بە شوێن غەریبێکدا

 

ناسکۆڵەکەی ئاوارەی ناو شاری غەریب

ئەمڕۆ لێرە

لە سەر ڕێبازی هاتوچۆت

چاو چاوەڕوان چاوەڕێتم

ئەگەر هاتی لێم ون نەکەی ڕوخساری خۆت.

ناسکۆڵەکەی پەڕیوەی ناو شاری دووکەڵ

شاری دیلی.. شاری کۆت

ئەمڕۆ لە رێگای هاموشۆت

وەستاوم و ئەم شێعرەم دەهۆنمەوە بۆت

شێعری غوربەت.. شێعری تاسە

شێعرێک بە تەمی هەناسە

بۆکان – ڕەزبەری ١٣٧١

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...