۵/۲۲/۱۳۸۹

کوردستانپۆست بەرپرسی ناوەرۆکی ئەم بابەتە نییە!


ماوەیەکە کوردستانپۆست هێرش و سوکایەتیەکی بەرینی بۆ سەر کوردەکانی رۆژهەڵات و بە تایبەت بۆ سەر سەکردەی کورد دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو بە بیانووی لایەنگری لە خوالێخۆشبوو ئەحمەد تۆفیق دەست پێکردووە. ئەگەرچی لە سەر و ژێری زۆربەی ئەو بابەتانە ناوی کوردستانپۆست وەک خاوەنی قسە و نوسینەکان نەهاتووە، بەڵام مادام زۆربەی نیزیک بە تەواوی ئەو بابەتانە ناو و ئیمزای هیچ کەسێکی دیار و بۆ خوێنەر ناسراویان پێوە نیە، کوردستانپۆست بە خاوەنیان دەناسرێ. ئەگەرچی لە بنی هەموان نوسراوە کە "کوردستانپۆست بەرپرسی ناوەرکی ئەم بابەتە نیە"، بەڵام بە پێچەوانەی ڕێوشوێنی رۆژنامەگەری، بۆ ماوەی حەوتوویەک دەکرێ بە مانشێتی ماڵپەڕ!


دەڵێن مەلایەک لە گەڵ مەلاژن بە چۆڵگەیەک دا دەڕۆن و لەپڕ چەتەیان لێ پەیدا دەبن. چەتە دەیانهەوێ ئەوەی پێیانە لێیانی بستێنن بەڵام بە پێی رەواڵ مەلا هیچی وای پێ نابێ بە کەلکیان بێ. هەر بۆیە بۆ ئەوەی بە دەستی بەتاڵ نەگەڕێنەوە، دەڵێن تا مەلاژن دەورێک سەمامان بۆ نەکا، ئازادتان ناکەین. مەلاژن بە ناچاری و لە سەر چراسەوزی مەلا سەمایەکی زۆر جوانیان بۆ دەکا. کاتێک چەتەکان بە جێیان دێڵن، مەلاژن بۆ ئەوەی دڵی مەلای لێ پیس نەبێ دەڵێ مەجبوریان کردم دەنا من شتی وا نازانم. مەلا دەڵێ باشە مەجبوریان کردی و سەمات کرد قەیدی ناکا، بەڵام پێم ناڵێی بۆچی ئاوا بە ئیشتیا خۆت با دەدا؟ 

ئەوەی لەم بابەتەدا گەرەکمە لێی بدوێم، کۆمەڵێک بوختانی نوسراوەیەکە کە ناوی "پێشمەرگەیەکی بێ ناو" یان "سەرباز گمنام"ی لە ژێر دراوە و سەرەرای ڕمێنی زۆری ماڵپەڕەکە بۆ زۆری بابەت، ماوەی حەوتوویەک کرا بە مانشێتی کوردستانپۆست. بابەتەکە دواتر بە هۆکارێک کە بۆ من روون نیە و کوردستانپۆستیش هیچ رونکردنەوەیەکی لەم بارەوە بە خوێنەرانی نەدا، لە سەر ماڵپەڕەکە لابردرا. رەنگە بەڕێوەبەرانی بەڕێزی ماڵپەڕەکە بیانووی رێگەدان بە بیرورای ئازاد بۆ بڵاو کردنەوەی بێننەوە، بەڵام بڵێی بۆچی بابەتێکی پڕ لە سوکایەتیی کەسێکی بێ ناو بکرێ بە مانشێتی سایتێکی پڕ خوێنەر؟ ئەی باشە کە نوسیوتانە ئێوە بەرپرسی ناوەرۆکی ئەم بابەتە بێ نووسەرە نین، پێم ناڵێن کێ خاوەنی ئەو هەموو سوکایەتی و بێ ڕێزی و بوختانانەیە؟ 

ئەوانەی سەرەتەقەیەک لە کاری رۆژنامەگەری دا دەکەن، دەزانن کە بە پێی رەواڵ مانشێت هەمیشە هەڵگری هەواڵی رووداوێک یان وتەیەکی سەرنجراکێشی کەسێکی ناسراو و کەسایەتیەکە. کەچی لە کوردستانپۆست دا ئاسەوارێک لەم پرەنسیپانە بەرچاو ناکەون هیچ بابەتێکی گومانلێکراوی ناکەسێکیش قوت دەکرێتەوە. کە دەڵێم ناکەس، مەبەستم سوکایەتی نیە و مادام کەسێکی دیار لە پشت بابەتێکەوە نەبێ، ناکەس جێگای دەگرێتەوە. کە دەشڵێم کەسێکی گومانلێکراو، ئەوا لە کۆتایی ئەم نوسینەدا مەبەستەکەم روون دەکەمەوە. 

لە گەڵ پەرەگرتن و بڵاوبوونەوەی ئامرازەکانی راگەیاندن، سروشتیە کە زۆربەی کۆمەڵگا دەستی بە یەک یان چەند جۆر راگەیەنەر رادەگا و هەموو کەس و لایەنێک دەبێ خۆی بۆ رەخنە لێ گیران ئامادە بکا. بەوە دەمهەوێ بڵێم کە هەر تاکێکی کۆمەڵگا دەبێ ئەو مافەی هەبێ کە رەخنە بگرێ و تەنانەت لاریم نیە ئەگەر خەتە سورەکانیش بپەڕێنێ. بەڵام خۆ دەبێ ئەو نەختە مافەش بە رەخنە لێ گیراو بدەین کە بزانێ کێ رەخنەی لێ دەگرێ و دەبێ جوابی کێ بداتەوە! وێڕای ئەوانەش ئەو رەخنانە لە کەسێک گیراون کە مێژوو خوڵقێن بووە و بەشێکی بەرچاو لە مێژووی خەباتی کوردی رۆژهەڵات بە رێبەریی دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو تۆمار کراوە. هەروەها ئێمە وەک ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێمان وایە کە قاسملوو لە بیر و رێبازی دا زیندووە. هەر بۆیەش دەبێ ئەو مافە بە هەموو کەس بدرێ کە رەخنە لەو رێبازە بگرێ. بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ کە رەخنە و سوکایەتی هیچکات ئاوەڕۆیان لە گەڵ یەک تێکەڵ نابێتەوە. شتێک کە بەڕێوەبەرانی کوردستان پۆست ناویان ناوە رەخنە.

لەو قسانەی کە کوردستانپۆست پێیوایە "دێموکرات وەڵامی پێ نیە" ئەوەیە کە ئیدیعا دەکا ئەحمەد تۆفیق سەرۆکی شەرعی بووە و دوکتور قاسملو لە لایەن بەعسەوە بە سەر حیزبدا سەپێندراوە. بەڵگەشی بۆ ئەوە ئەوەیە کە ئەو کۆنگرەیەی ئەحمەد تۆفیق تێیدا بوو بە سکرتێر لە سونێ گیراوە و ئەوەش کە دوکتور قاسملووی بە سکرتێر دیاری کرد لە بەغدا بە بێ لەبەرچاو گرتنی هەلومەرج و بارودۆخی ئەو کاتی حیزبی دێموکرات!! پێشتریش ئاماژەی بەوە کردووە کە دوکتور قاسملو پیاوی ساواک بووە و بەڵگەشی بۆ ئەوە ئیدیعای ئەحمەد تۆفیق بۆ دەرکردنی دوکتور قاسملوو یان رەحمانی قاسملووی ئەو کات لە حیزب بووە.

جارێ با ئەو واقعیەتە مێژوییە بگێڕینەوە کە لە حیزبی دێموکراتی ژێر رێبەریی ئەحمەد تۆفیق دا، دوکتور قاسملوو ئەگەر یەکەم نارازیش بووبێ، دوا نارازی ناو حیزبەکە نەبوو. ئەوانەی تۆزێک شارەزای مێژووی حیزبی دێموکرات و ئاشنا بە فکری رێبەرانی ئەو حیزبە بن دەزانن کە دوکتور قاسملوو کەسێکی چەپ و پەروەردەی ناو حیزبی تودەی ئێرانی سەر بە ئۆردوگای سوسیالیزم بوو. بە پێچەوانەشەوە ئەحمەد تۆفیق کەسێکی راسترەو بوو، بە پێچەوانەی دوکتور قاسملوو کە پێیوابوو حیزب دەبێ خەباتی خۆی بە شێوەی سەربەخۆ و دژ بە رژیمی ئێرانی ئەو کات درێژە پێ بدا، ئەحمەد تۆفیق پێیوابوو کە دەبێ حیزبەکە ببێ بە لقی کوردستانی ئێرانی پارتی دێموکراتی ئەو کات و شەڕی حکومەتی بەغدا بکا. هەر وەک دیتیشمان لەو کۆنگرەیەدا ئەحمەد تۆفیق سەرکەوت و توانی رەحمانی قاسملوو لە حیزب دەربکا و بە کردەوە حیزبەکە بخاتە ژێر ئیختیاری پارتی دێموکراتی کوردستان بە رێبەریی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی. رەحمانی قاسملوش چوو بۆ ئوروپا و دەستی بە دەرس خوێندن کرد. بەڵام بە رۆیشتنی ئەو کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان ئەحمەد تۆفیق لە گەڵ رێبەرانی دیکەی حیزب کۆتایی پێ نەهات. سەرەتا کۆمیتەیەک ساز بوو بە ناوی کۆمیتەی ساخکەرەوەی حیزبی دێموکرات کە ئامانجیان خۆ رزگار کردن لە دەست دیکتاتۆریی ئەحمەد تۆفیق و رزگار کردنی حیزب لە پارتی دێموکرات بوو. ئەحمەد تۆفیق بڕیاری کوشتنی ئەوانی دەرکرد کە بەشێکیان وەک مامۆستا ئەبوبەکر فەلسەفی و کاک سەعید کاوە (کوێستانی) ئێستاش ماون و یەکەمیان لە فەنلاند و دووهەمیان لە سویدە و کوردستان پۆست دەتوانێ راستیەکانیان لە دەم ببیسێ. دواتر ئەم کێشەیە بە نێوبژیوانیی چەند ئەندامێکی دیکەی رێبەری کە نە لەگەڵ ئەحمەد تۆفیق بوون و نە لە گەڵ کۆمیتەی ساخکەرەوە، چارەسەر کرا. بەڵام لە ساڵی 1967 جارێکی دیکە ناکۆکیەکان لە سەر هەمان فکری ناو کۆنگرە کە لە سەرەوە ئیشارەم پێ کرد، تەقیەوە. کۆمەڵێک لە کادرە باڵاکانی حیزب لەوانە فایق موعینی، سمایلی شەریفزادە، مەلا ئاوارە و ... کۆمیتەی شۆرشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان دامەزراند کە ئامانجیان رزگاربوون لە ژێر دەستهەڵاتی پارتی و وەرێخستنەوەی خەباتی چەکداری دژ بە حکومەتی حەمەرەزا شای پەهلەوی بوو. ئەوانە هاوکات لە باشووری کوردستانیش لە گەڵ هێرش و هەڕەشەی ئەحمەد تۆفیق بە پشتیوانیی پارتی دێموکرات بەرەوروو بوونەوە و بە داخەوە لەم نێوەدا چەند کەس لە رێبەرانیشیان وەک فایق موعینی ئیعدام یان تیرۆر کران. پێشتریش لە ١٩٦٥سەدیق ئەنجیری ئازەر تیرۆر کرابوو. هەروەها لە دەرەنجامی ئەو خەباتە خوێناویەی کە ماوەی ١٨ مانگ دژ بە دەسەڵاتی تاران وەڕێیان خست، بەشێکی زۆر لە رێبەران و تێکۆشەرانی ئەو بزوتنەوەیە شەهید بوون. 
من بەش بە حاڵی خۆم پێموایە کێشەی نێوان دوکتور قاسملوو و ئەحمەد تۆفیق وەک لە سەرەوە ئیشارەم پێ کرد، کێشەی فکری بوو. کێشەیەک کە بە نەمانی دوکتور قاسملوو لە ناو حیزبیشدا کۆتایی نەهات و دوا جار لە لایەن کۆمیتەی ساخکەرەوە و پاشان کۆمیتەی شۆرشگێڕی حیزب دژ بە ئەحمەد تۆفیق سەری هەڵدایەوە. هەربۆیەش لە سەر ئەو بڕوایە نیم کە هیچ لایەکیان جاش و جاسوسی دوژمنان بووبن و هەر کامیان لە فکری خۆیانەوە ئەو رێگایەیان بە رێگای سەرکەوتنی گەلەکەیان دەزانی کە خۆیان بڕوایان پێی هەبوو. بەڵام ئەوە حاشا هەڵنەگرە کە حکومەتی شای ئێران پشتیوانی بێ ئەملاو ئەولای شۆرشی ئەیلول بوو. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش کە ئەگەر قەرارە لایەنێک لەو دوو بۆچوونەی حیزب کاریان بۆ دەزگای جاسوسی ئێران کردبێ کە نەیان کردووە، ئاخۆ دەبێ گومانمان بۆ ئەو لایەنە بچێ کە خوازیاری بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ ئەم رێژیمە بوون یان لایەنەکەی دیکە کە پێیوابوو حیزب دبێ ببێ بە بەشێک لە پارتی دۆستی دەسەڵاتی تاران؟
لە بابەت مەسەلەی گەڕانەوەی دوکتور قاسملوو بۆ نێو ریزەکانی حیزب، دوکتور قاسملوو کاتێک گەڕایەوە کە حیزبەکە بە کردەوە ببو بە دو بەش. ئەحمەد تۆفیق ئەو کاتە ئەگەرچی سەرکردایەتی بەشێکی دەکرد و سەرەرای تێپەڕبوونی 8 ساڵ بە سەر ئەو کۆنگرەیەی تێیدا ببو بە سکرتێر و سەرەڕای جیابوونەوە یان شەهید کرانی بەشی هەرە زۆری رێبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرە، ئامادە نەببو کۆنفرانس یان کۆنگرەیەکی دیکە بۆ یەکخستنەوەی حیزبەکەی بگرێتەوە. مەودای نێوان کۆنگرەی ٢ تا گیرانی ئەحمەد تۆفیق لە بەغدا نیزیک بە ١٠ ساڵ بوو. ئەی باشە کارنامەی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی بە رێبەریی ئەحمەد تۆفیق لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا چی بوو؟ جگە لە جیابوونەوە یەک لە دوای یەکەکان و فتوای کوشتنی رێبەرانی دیکەی حیزب لە لایەن ئەحمەد تۆفیقەوە، کوا کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی حیزب؟ کوا تێکۆشانی سیاسی و خەباتی حیزب دژ بە حکومەتی ئێران؟
ئەحمەد تۆفیق لە لایەن پارتیەوە بە هۆکارێک کە بۆ من روون نیە، بۆ گوندێکی سنووری باکووری کوردستان دوور خرابۆوە و خانەنشین کرابوو و دواتریش لە بەغدا سەری دەرهێنا. با ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە پارتی نە ئەو کات و نە دواتریش لە گەڵ دوکتور قاسملوو پێوەندیەکی خۆشیان نەبوو ئەگەر پێما نوا بێ لە بەر خاتری دوکتور قاسملوو، پارتی ئەحمەد تۆفیقی دوور خستەوە.
بەشەکەی دیکەی حیزبیش کە لە سایەی خەباتی ١٨ مانگەیان دژ بە دەسەڵاتی حەمەرەزا شا دەریایەک خوێنیان لێ رژا بوو، لە ساڵی ١٩٦٩ دا کۆنفرانسێکیان بۆ ساخکردنەوەی حیزب بەست. دوکتور قاسملوو دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر بەستنی ئەم کۆنفرانسە لە ١٩٧١ گەڕایەوە بۆ کوردستان. واتە کاتێک گەڕایەوە کە ئەندامانی دیکەی حیزب ماوەی پێنج ساڵ بوو کە بە کردەوە ئەحمەد تۆفیقیان وەلا نابوو. سەرەرای ئەوانەش سکرتێر لە لایەن ئەندامانەوە هەڵدەبژێردرێ و ئەوە ئەندامانی هەر حیزبێکن کە شەرعیەت بە کۆنگرە و بڕیار و هەڵبژاردنەکانی دەدەن. ئەگەر دوکتور قاسملوو سکرتێرێکی سەپێندراو بوو، بۆچی سەرەرای بونی زۆر دژبەر و نەیاری لە ناو حیزبەکەدا کە دواتر لە قۆناخی جیاواز و بە شێوەی جۆراوجۆر لێی جیا بوونەوە، تا ئیستا هیچ کەس ئامادە نەبووە باس لەمە بکا؟ لە کوێ بوون ئەو دەنگە نارازیانە؟ نووسەرەکەی کوردستانپۆست لە خۆڕا قسە بە دەمی ئەم و ئەوەوە هەڵدەبەستێ بە بێ ئەوەی بە پێویستی بزانێ ئاماژە بە یەک سەرچاوە و بەڵگەش بکا!! ئەوەش کە کۆنگرەی ٣ لە بەغدا گیراوە، ناکرێ حەتمەن پێوەندی بدەینەوە بە دەخاڵەتی بەعس و بە سکرتێر کردنی دوکتور قاسملوو لە لایەن بەعسەوە. خۆ شاراوە نیە کە دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات پێوەندیی هەمیشەییان لە گەڵ حیزبی بەعس خۆش بووە بەڵام مێژوو سەلماندویەتی کە ئەو پێوەندیانە پێوەندیەکی زۆر سالمی دیپلۆماتیک بوون و هیچکات لە رێگای خۆش خزمەتی بە بەعس لە سەر حیسابی کوردەکانی باشوور یان لایەنەکانی تر نەبووە. سەرەرای ئەوانەش دوکتور قاسملوو بۆ یەکەم جار و لە کۆنفرانسی ٣ی حیزبدا بە سکرتێری حیزب هەڵبژێردرا نەک لە کۆنگرەی ٣ کە لە بەغدا بەسترا. ئەوەش کە ئەحمەد تۆفیق لە لایەن بەعسەوە ئیعدام کراوە و نووسەر بە گێڕانەوەی هێندێک چیرۆکی خەیاڵی ئیدیعا دەکا بە فیتی دوکتور قاسملوو بووە، ئیدیعایەکی بێ بنەما و بێ بەڵگەیە و درۆ و دەلەسەکانی کە بە زمانی حەمەدەمینی سیراجی و ئەحمەد نستانی و کەریم حەداد و ئەم و ئەوی هەڵبەستووە، پشتیان بە هیچ دیکۆمینتێکەوە بەند نیە و قسەی مفتن. 

وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد، ئەحمەد تۆفیق چەند ساڵ پێشمەرگەکانی حیزبەکەی بۆ شەڕ لە گەڵ حکومەتی بەعس تەرخان کرد و دوایەش چوو لە بەغدا لێی دانیشت. باشە بۆ نابێ پێمان وابێ کە ئەوە جۆرێک تۆڵە کردنەوەی حکومەتی بەعس بوو و دەبێ حەتمەن هۆکارێکی خۆیی و بە قسەی فڵانی کوتی لە فیساریم بیستووە کە خاڵی فڵان کەس وای وتووە، بەڵگەی بۆ بدۆزینەوە؟ 

وه‌ڵام بە کۆمەڵێک درۆ و هەڵبەستراوەکان:
*کابرای بێناو دەڵێ: دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو: باوه‌ڕی به‌ کۆنگره‌ی یه‌ک و دوو نه‌بوو، پێشه‌وای به‌ خائین ده‌ناسی. (سه‌رچاوه‌: نهێنیه‌کانی حدک، ئیعترافی قاسملو لای ساواک 1964، تاران). کۆنگره‌ی یه‌ک و دووی نییه‌، له‌ ناکاو له‌ ناو جه‌رگه‌ی دوژمن دا له‌ به‌غدا، که‌ که‌س نه‌یده‌وێرا بڵێت کوردایه‌تی ده‌که‌م، ئه‌م کۆنگره‌ی سێی به‌ست!

باشە ئەگەر دوکتور قاسملو باوەڕی بە کۆنگرەی ١ و ٢ نەبوو بۆ کۆنگرەی ٣ی بەست و یەکسەر کۆنگرەی یەکەمی نەگرت؟ درۆیەکی دیکەی ئەو بە ناو نووسەرە ساڵی گرتنی کۆنگرەی سێهەمە کە دەڵێ لە ١٩٦٤ لە بەغدا لەو کاتەدا کە کەس نەیدەوێرا بڵێ کوردم، کۆنگرەی بەست، و بە ئانقەست ١٠ ساڵ کۆنگرەکە دوا دەخا. لە حاڵێکدا کۆنگرەی ٣ لە ساڵی ١٩٧٤ دوای بەیانی ١١ی ئازار، لە بەغدا بەسترا. وێڕای ئەوەش دوکتور قاسملوو لە کوێدا پێشەوای بە خائین ناسیوە؟ تەنیا رەخنەیەک کە دوکتور قاسملوو وەک خەسارناسیی بۆ کۆماری کوردستان لە کتێبی چل ساڵ خەبات دا کردویەتی، رەخنە لە خۆ تەسلیم کردنی پێشەوا بە ئەرتەشی ئێرانە و پێیوایە ئەگەر بارزانیەکان بە رێبەریی مەلا مستەفا بارزانی بەرەنگاریان نەکردبا، دەکرا بمانکوتبا کە کۆماری کوردستان ئاشبەتاڵی کرد، نەک شتێکی لەوە زیاتر. 

*دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو: چۆنیه‌تی هاتنه‌ سه‌ر کاری به‌ هه‌ڵبژارده‌ی سه‌ددام حوسێن بوو.) بە پێی کام بەڵگە؟!

*(ئه‌حمه‌د تۆفیق: به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌کانی تر، زۆربه‌ی خوارده‌مه‌نی پێشمه‌رگه‌کانی حدک له‌لایه‌ن ئازه‌ریه‌کانی نه‌غه‌ده‌ و خانێ ڕا ده‌هات. گه‌لی ئازه‌ری "حدک" یان به‌ پارتێکی خۆیان ده‌زانی و له‌ بواری زانیاری و ئابووری دا هاوکاریان ده‌کرد.) بە داخەوە نووسەر ئەوەندە ناشارەزای رۆژهەڵاتی کوردستانە کە نازانێ شاری خانێ یان پیرانشاری ئێستا ئەگەر بنەماڵەیەکی ئازەری لێ نیشتەجێ بێ، یان پاسدارە یان کاربەدەستی کۆماری ئیسلامی. جا چ بگات بە ٤٠ ساڵ لەوە پێش. وێڕای ئەوەش تورکەکانی قەرەپەپاغ شاری نەغەدە و زۆر ناوچەی دیکەیان بە پشتیوانی حکومەتی ناوەندیی ئێران لە کورد داگیر کردووە، بە پێی کام عەقڵ دێن یارمەتیی سەرکەوتنی شۆرشی کورد دەدەن؟! 

*(دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو: به‌ قۆنداغ وتێهه‌ڵدان گومرگی له‌ کاروانچیان و کۆڵکێشان ده‌ستاند. به‌م پارانه‌ توانی 5 ئاپارتومانی 10-12 ته‌به‌قه‌ له‌ پاریس بکڕێت و له‌سه‌ر ناوی ژنه‌که‌ی و کچه‌که‌ی تاپۆیان کات. له‌ مهاباد، ورمێ، پیرانشار،و بانه‌ چه‌ندین شوێن هه‌نه‌ که‌ ئێستاش که‌س ناتوانێت بیان کڕیت یان بیان فرۆشیت، چونکوو تاپۆکراوی سه‌ر ناوی دوکتور عه‌بدوڕه‌حمان قاسملون.) من خەڵکی مەهابادم و سەردانی شارەکانی دەوروبەریشیم کردووە و لێیان ژیاوم بەڵام هیچکات نەمبیستووە بڵێن فڵان مڵک یان فڵان خانو هی دوکتور قاسملویە یان هی دوکتور قاسملوو بووە. سەیر لەوە دایە کۆماری سێدارەی ئیسلامی لە ماوەی ئەم سی ساڵەدا کەمی دەست بە سەر مڵک و ماڵی هاوڵاتیان دا نەگرتووە، کەچی بە قسەی کاکی نوسەر تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو مڵکە خەیاڵیانەی دوکتور قاسملو موسادرە بکا! ئەرێ ئەوەی کاکی نوسەر باسی دەکا دەوڵەتی دێموکراتی سوید و نۆروێژە یان کۆماری جەور و زوڵمی ئیسلامی ئێران؟!

* (پاش ئه‌نفال و کیمابارانی ئه‌ڵه‌بجه‌، قاسملو له‌ ته‌له‌فیزۆنی ئێڕاق قسه‌ی کرد و وتی که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ کیماباران کراوه‌، خه‌ڵکی کوردستانی ئێڕاق خودموختاری خۆی هه‌یه‌ و ئازاده‌ که‌ به‌زمانی خۆی بخوێنێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و ئازادیه‌مان له‌ ئێران دا هه‌با، چی دی مان نه‌ده‌ویست.) باشە بۆ جگە لە کاکی نوسەر هیچکەس ئەو وتوێژەی نەدیوە؟ تەنیا شتێک کە لە بابەت تاوانی هەڵەبجەوە لە لایەن دوکتور قاسملوو وەک بەڵگە ماوەتەوە ئەوە بوو کە وتی "ئەو کارە هەر کەس ئەنجامی دابێ تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیە و دەبێ مەحکووم بکرێ." 

نووسەری بابەت لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا چەندین شتی هەڵبەستراو و بێ بەڵگە بڵاو دەکاتەوە. وەک تەحویلدانەوەی ٥٥ کەس لە نیزیکانی ئەحمەد تۆفیق بە ئێران لە لایەن هاوڕێیانی دوکتور قاسملۆوە کەچی لە هێنانی ناوی یەک کەس لەو ٥٥ کەسە دۆش داماوە. بە رای من ئەو قسانە ئەوەندە بێ بەڵگەن کە شیاوی وڵام دانەوە نین. بەڵام ئەگەر سەرنجی درێژەی نوسینەکە بدەین، نووسەر لە چەند جێگادا هۆییەتی خۆی ئاشکرا کردووە و ئامانجی نوسینەکەی دەرخستووە:

*بە پێچەوانەی ئەو راستیەی کە هەموان لێی ئاگادارن، نووسەر تیرۆری دوکتور قاسملوو بۆ کاری ک. گ. ب. دەگەڕێنێتەوە. ک.گ.ب.یەک کە لە سەرە مەرگ دا بوو و چوار مانگ دوای تیرۆری دوکتور قاسملوو لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە، بە روخانی دیواری برلن کەوتە گیانەڵڵاوە. بەوەش دەیهەوێ پاکانە بۆ کۆماری ئیسلامی بکا لە ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە ناجوامێرانەیە.

*حیکایەتێکی خەیاڵی لە بابەت دەستدرێژی بۆ سەر کوڕێک لە لایەن پێشمەرگەکانی هێزی قەندیل دەگێڕێتەوە. لە دواییشدا دەڵێ کە کوڕە بە نیوەگیانی دەدۆزرێتەوە و لە نەخۆشخانەی "ئیمام خومەینی" چارەسەر دەکرێ. سەیر کەن کە کابرای بێ ناو چ ناوێک بۆ شوێنی چارەسەری "تاوانە" خەیاڵیەکەی هەڵدەبژێرێ؟ با هەر لێرەوە ئەو راستیە بۆ کوردستان پۆست بگێڕمەوە کە بە پێچەوانەی "نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی" ئەوەی تەجاوزی بە کوڕانی کورد دەکرد و فێری دەکردن و دواتر بۆ ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی دەناردن، راست دەزگای ئیتلاعاتی "ئیمام خومەینی" بوو. ئامانجیشیان لەو کارە ئەوە بوو کە ئەوانە خۆیان لە فەرماندەکانی حیزب نیزیک بکەنەوە و توشی هەڵەیان بکەن. چونکە زۆر باش لەو بڕیارەی حیزب ئاگادار بوون کە وەها هەڵەیەک کەمترین سزاکەی دەرکردن لە ریزەکانی حیزب بوو. هەر لەم بارەوە نووسەرەکەی کوردستانپۆست کۆمەڵێک بوختان دەداتە پاڵ یەکێک لە کەسایەتیەکانی ناو حیزبی دێموکرات. کەسێک کە بە شاهیدی دۆست و دوژمن یەکێک لە پاکترین بەرپرسەکانی ئەم حیزبە بووە و بڕوا ناکەم لە ناو کۆماری ئیسلامیش دا کەسێک ئەو شەهامەتەی هەبێ بە ناوی ئاشکرای خۆی شاهیدی بۆ ئەم بوختانە بدا.

*لە کۆتایی ئەو نوسراوەیەدا "پێشمەرگەیەکی بێناو" دەبێ بە "سربازی گمنام" و بەم جۆرە هویەتی راستەقینەی خۆی ئاشکرا دەکا. بە داخەوە بەڕێوەبەرانی کوردستان پۆست نازانن کە "سربازی گمنام" لە ئێرانی خومەینی دا بەو تیرۆریستانە دەگوترێ کە بە فەرمانی ئیمامەکەیان دەست لە هیج تیرۆر و تاوانێک ناپارێزن. کارێک کە ئەم سەربازە گمنامەی ئێوە ئەمجار بە قەڵەم بۆیان ئەنجام دەدا و بە جێگای تیرۆری فیزیکی، تیرۆری کەسایەتیی رێبەرانی کوردیان بۆ دەکا. ئەگەرچی بە دەست و قەڵەمی را دیارە خەڵکی باشووری کوردستانە. مرۆڤ ئەو ساڵانەی وەبیر دێتەوە کە کەسانێک هەر لەم باشوورە بۆ فەردە ئاردێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتیان تیرۆر دەکرد.

۱۱/۱۳/۱۳۸۸

کورده‌کان چۆن به‌ره‌ورووی خۆپیشاندانه‌کانی 22ی به‌همه‌ن ببنه‌وه‌؟


تاهیر قاسمی
بایکۆت و هاندانی خه‌ڵک بۆ به‌شداری نه‌کردن له‌ خۆپیشاندانه‌کان به‌ شێوه‌ی ساڵانی رابردوو،‌ وه‌رێخستنی خۆپێشاندانی جیاواز له‌ هی ده‌سه‌ڵات و له‌ راستیدا دژ به‌ ده‌سه‌ڵات، یان که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ خۆپیشاندانه‌کانی حکومه‌تی بۆ وتنه‌وه‌ی دروشمی به‌دیل و ده‌ربڕینی هه‌ستی ئازادیخوازی و دێموکراسی خوازانه، سێ رێگای ‌ به‌رده‌می خه‌ڵکی کورد و حیزبه‌ سیاسی و رێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانن سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانه‌کانی حکومه‌تیی 22ی رێبه‌ندان. به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی هه‌ر کام له‌و رێگایانه‌ پێویستی به‌ یه‌کده‌نگی و کۆده‌نگیی لایه‌نه‌کان هه‌یه‌، تا پێش به‌ سه‌رلێشواوی و پڕژ و بڵاوی تواناکان بگرن.

راپه‌رینێک که‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵ بوو دژ به‌ ده‌سه‌ڵا‌تی پاشایه‌تی له‌ ئێران له‌ ئارادا بوو، له‌ رۆژی 22ی رێبه‌ندانی ساڵی 1357ی هه‌تاوی دا، به‌ رۆیشتنی حه‌مه‌ ره‌زا شا له‌ ئێران، روخانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی لێکه‌وته‌وه. له‌ سه‌ره‌تادا هه‌موو هێزه‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی، هه‌ر له‌ هێزه‌ چه‌پ و کومونیسته‌کانه‌وه‌ بگره‌ تا لایه‌نگرانی حکومه‌تی ئیسلامی، ئه‌و رۆژه‌یان وه‌ک رۆژێکی گرینگ و مێژوویی نرخاند. به‌ڵام خومه‌ینی و هافکره‌کانی وه‌ک چۆن توانیان ئاوه‌ڵدوانه‌ی ئیسلامی به‌ ئینقلابه‌که‌وه‌ بنوسێنن، له‌ ماوه‌ی سی ساڵی رابردووش‌دا، وه‌ک رۆژی سه‌رکه‌وتنی ئینقلابی ئیسلامی، جێژنی بۆ ده‌گرن و حه‌ول ده‌ده‌ن له‌ هه‌موو شاره‌کاندا خۆپیشاندانی گه‌وره‌ی بۆ وه‌رێبخه‌ن.
کوردستان به‌ هۆی به‌شداری نه‌کردن له‌ ریفراندۆمی سه‌رکه‌وتنی نیزام و دواتر ئه‌و موقاومه‌ت و به‌رگرییه‌ی که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی نواندی، له سه‌رجه‌م‌ خۆپیشاندان و بۆنه‌ حکومه‌تیه‌کان، به‌ تایبه‌ت خۆپیشاندانه‌کانی 22ی به‌همه‌ن، بۆ ده‌سه‌ڵاتی تاران گرینگیی‌ تایبه‌تی هه‌یه‌. به‌ جۆرێک که‌ خۆپیشاندانه‌کانی حکومه‌تی له‌ دوو شاری مه‌هاباد و سنه‌، هه‌میشه‌ له‌ میدیا سه‌راسه‌ریه‌کانی کۆماری ئیسلامی دا ره‌نگدانه‌وه‌ی تایبه‌تیی هه‌بووه‌ و گرینگی زیاتری پێدراوه‌.

ئه‌گه‌رچی حیزبه‌ کوردستانیه‌کان هه‌میشه‌ جاڕی بایکۆتی خۆپیشاندانه‌کانی کۆماری ئیسلامیان داوه‌، به‌ڵام حکومه‌تیش له‌ ماوه‌ی لانیکه‌م 25 ساڵی رابردوو دا به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر قوتابیان و کارمه‌ندانی وێڕای هێزه‌ چه‌کداره‌کانی سپا و به‌سیج و مۆره‌کانی خۆی له‌ کوردستان هێناوه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و ته‌زاهوراتی پێ وه‌ڕێخستوون و دیمه‌نی ئه‌و ته‌زاهوراتانه‌شی له‌ میدیاکانی خۆی دا گه‌وره‌ کردۆته‌وه‌.

به‌ سه‌رنجدان به‌ خۆپیشاندانه‌کانی چه‌ند مانگی رابردووی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی خولی ده‌هه‌می سه‌رکۆماری له‌ ئێران و که‌ڵک وه‌رگرتنی نارازییان له‌ بۆنه‌ حکومه‌تیه‌کان به‌ مه‌به‌ستی وه‌رێخستنی خۆپیشاندان دژ به‌ ده‌سه‌ڵات، 22ی رێبه‌ندانی ئه‌مساڵ هه‌م بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی نیزامی کۆماری ئیسلامی و هه‌م بۆ به‌ره‌ی نارازی له‌ ئێران، گرینگیه‌کی تایبه‌تی و جیاواز له‌ ساڵانی رابردووی هه‌یه‌. هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ رێبه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز خه‌ڵکیان بۆ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام له‌و رۆژه‌دا هان داوه‌ و خه‌ڵکیش به‌ شێوازی جۆراوجۆر خۆیان بۆ به‌شداریی له‌و خۆپیشاندانه‌ ئاماده‌ ده‌که‌ن.

کوردستان له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردووی خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی ئێران دا، تا ئێستا نه‌یتوانیوه ڕا و روانگه‌ی خۆی به‌ نیسبه‌ت ئه‌و ناره‌زایه‌تیانه‌ یه‌کلایی بکاته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ش، به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و خه‌باتی سی ساڵی رابردووی گه‌لی کورد، خۆپیشاندانه‌کان به‌ جۆری پێویست له‌ ناو کوردستان دا نابیندرێن. به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ روانگه‌ی حیزبه‌ کوردستانیه‌کان سه‌باره‌ت به‌ بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز، سه‌ره‌رای دڕدۆنگی ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌ یه‌کتر، نیزیکایه‌تیه‌کی ڕێژه‌یی به‌ خۆوه‌ گرتووه‌. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاخۆ ئه‌وان ده‌توانن هه‌رکام له‌ لای خۆیه‌وه‌، هه‌ڵوێستێکی لێک نیزیکیان سه‌باره‌ت به‌ جۆری رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشاندانه‌کانی حکومه‌تی له‌ رۆژی 22ی به‌همه‌ن دا هه‌بێ؟
ماوه‌یه‌کی که‌می بۆ ئه‌و رۆژه‌ ماوه‌ و یه‌کخستنی هه‌ڵوێسته‌کان بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ئاسته‌مه‌. به‌و حاڵه‌ش پێوه‌ندیدار به‌ جۆری هاتنه‌ مه‌یدانی کورد له‌ هه‌ڵومه‌رجی ئێستا و چۆنیه‌تی رووبه‌رو بوونه‌وه‌ی کورد به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشاندانه‌کانی 22ی به‌همه‌ن، دوو پرسیاری هاوبه‌شم بۆ چه‌ند که‌سایه‌تی دیاریکراو له‌ چالاکوانانی سیاسی و مه‌ده‌نی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و هه‌روه‌ها ریبه‌ریی حیزبه‌کان ناردووه‌ که‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو، له‌ توێی راپۆرتێک دا بڵاویان ده‌که‌مه‌وه‌.

۱۱/۰۹/۱۳۸۸

دار به‌ ته‌مای نیشتنی باز وشک ده‌بێ (بۆ "مافناس" حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده)

2010 01 15 - 00:51
تاهیر قاسمی
رۆژێک به‌ سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌شی سێهه‌می "جواب بۆ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌" تێپه‌ڕ ببوو، که‌ دیتم جه‌نابیان ئیعترازنامه‌یه‌کی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان نوسیوه‌ و مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌شی به‌ نووسه‌ری وڵامه‌کانم زانیوه‌!! به قه‌ولی شاعیر حاڵ له دوو خاریج نیه: یان وه‌ک ده‌ڵێن دار به‌ ته‌مای نیشتنی باز وشک ده‌بێ و ئه‌یوبزاده‌ش به‌ درێژایی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی که‌ ده‌ستی به‌ جنێوفرۆشی به‌ حیزبی دێموکرات و مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ و تێکۆشه‌رانی دیکه‌ی ئه‌و حیزبه‌ (به‌ هه‌ردوو به‌شه‌وه‌) کردووه‌ دایم چاو له‌ رێگایه‌ تا به‌ڵکو حیزب، یان مامۆستا وڵامێکی بده‌نه‌وه‌، یان ئه‌وه‌تا دنیای لێ بۆته‌ مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌. ده‌نا مانای نییه‌ بابه‌تی خه‌ڵکی دیکه‌، به‌ ناو و وێنه‌ و سه‌بکی خۆیانه‌وه‌، به‌ هی مامۆستا بزانێ. ناوبراو پێشتریش له‌ سه‌ر وڵامێکی دۆستی خۆشه‌ویستم کاک هه‌یاس کاردۆ دڵی خۆی به هه‌مان ته‌وه‌هوم خۆش کردبوو و وڵامه‌که‌ی ئه‌ویش و که‌سانی دیکه‌شی به هی مامۆستا حه‌سه‌ن زاده له قه‌ڵه‌م دابوو.
لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌و چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ به‌ عه‌رزی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ بگه‌یه‌نم:
1- تا بڵاوکردنه‌وه‌ی نامه‌که‌ت روو به‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان، له‌ ئێواره‌ی 10/1/2010 – ئه‌گه‌رچی تاریخی ژێره‌وه‌ی 5 رۆژ پێشتر بوو – ئه‌من سێ به‌شم له‌ "جواب بۆ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌" بڵاو کردبۆوه‌‌ که تا ئه‌و کاته‌‌ پتر له‌ 24 سه‌عات به‌ سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌شی سێهه‌می دا تێپه‌ڕ ببوو و به‌شه‌کانی داهاتووش نێوه‌ نێوه‌ بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌شه‌کانی یه‌که‌م و دووهه‌میشم به‌ یه‌که‌وه‌ له‌ یه‌ک رۆژدا بۆ سایته‌کان نه‌ناردووه‌ و به‌ یه‌کیشه‌وه‌ بڵاو نه‌بوونه‌ته‌وه‌. هیچ نه‌بێ حه‌وتوویه‌کیان مه‌ودا بووه‌. تکایه‌ زانیاریه‌کانت راست بکه‌وه‌!
2- بابه‌ته‌که‌ی من له‌ ژێر ناوی "جواب بۆ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌" دا نووسراوه‌ نه‌ک "ئه‌رێ به‌ راست حدک جیره‌ خۆره‌ یان حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌؟!". ئه‌وه‌ی دوایه‌ سه‌رتیتری به‌شی یه‌که‌مه‌. به‌شی دووهه‌م "مێشکی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ به‌ڵگه‌ ده‌ده‌ڵێنێ" و به‌شی سێهه‌میش "له‌ روانگه‌ی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌وه‌ شه‌هیدانی میکونوس سیخوڕی کۆماری ئیسلامی بوون". تکایه‌ له‌ ئێستاوه‌ قسه‌کانم مه‌گۆڕه‌!
3- وڵامه‌کانی من جگه‌ له‌ بۆ رۆژهه‌ڵات، بۆ گیاره‌نگ، بروسکه‌، کوردستان پۆست و سایتگه‌لی تریش ناردراون و بڵاو بوونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و یه‌ک – دوو سایتانه‌شم ناردن که‌ په‌یوه‌سته‌ نوسینه‌کانی تۆ بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ڵام به‌ هۆکاری خۆیان بڵاویان نه‌کرده‌وه‌. باوه‌ڕ ناکه‌م سه‌یری سایته‌کانی دیکه‌ نه‌که‌یت!
4- روو به‌ حیزبی دێموکرات‌‌ "شێوه‌ و ستیلی" نووسینه‌که‌ی منت "به کاری مامۆستا مه‌لا عه‌بدوللا حه‌سه‌نزاده" نووسه‌ری به‌ توانا و سیاسه‌تمه‌داری کوردستان زانیوه‌. بۆ ئه‌وه نابی که بڵێم لێی حاڵی نی و بۆخۆشت ده‌زانی وا نیه. به‌و قسانه‌شت له‌ خۆبایی نابم. به‌ڵام دنیا نه‌زانێ، بۆخۆت زۆر باش ده‌زانی که‌ ناراستیه‌کی دیکه‌ت به‌ خه‌رمانه‌که‌ته‌وه‌ زیاد کردووه‌.
5- من ئه‌ندامی حیزبێکی سیاسیم. سه‌ره‌ڕای ره‌خنه‌ و تێبینی‌یه‌کانم، مێژووی حیزب و سیاسه‌ته‌کانیم قه‌بوڵه‌ و بۆیه‌ش وه‌ک ئه‌ندام تێیدا ماومه‌ته‌وه‌. به‌ پێی پێڕه‌وی ناوخۆی حیزبیش یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌کانی ئه‌ندام دیفاع له حیزب و مێژوه‌که‌ی و‌ سیاسه‌ته‌کانی‌یه‌تی. خۆ ناته‌وێ حیزبایه‌تیت بۆ شی بکه‌مه‌وه‌!
6- وێڕای ئه‌وه‌ش من ئه‌ندامی حیزبێکم که‌ وه‌ک هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی مافی ئه‌وه‌م پێ ڕه‌وا بیندراوه‌ به‌ ئاشکرا ره‌خنه‌ له‌ سیاسه‌ته‌کانی حیزبه‌که‌ی خۆم بگرم جا چ جای وڵامدانه‌وه‌ به‌ کۆمه‌ڵێک درۆ و بوختانی جه‌نابت‌. ده‌ڵێی حیزبایه‌تی وه‌بیر ده‌ربه‌گایه‌تیت ده‌خاته‌وه‌ و پێتوایه‌ رێبه‌ریی ئاغایه‌ و ئه‌ندام ره‌عیه‌ت و ره‌عیه‌ت ده‌بێ بۆ ئاوخواردنه‌وه‌ش پرس بکا.
7- تۆ که‌ به‌ دژی حیزب و مێژووی حیزب و تێکۆشه‌رانی شه‌هید و زیندووی حیزب (به‌ هه‌ردوو به‌شه‌وه‌)، ئه‌وه‌ی له‌ خه‌ڵوه‌تدا به‌ سه‌ر زمانتدا هات، نووسیت و بڵاوت کرده‌وه‌ و بۆ ئه‌و کاره‌ش ئیجازه‌ت له‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان وه‌رنه‌گرت، ئه‌وه‌ بۆ‌ ئێستا بۆ وڵامی جوابه‌کانی من داوای مۆڵه‌ت له‌و حیزبه ده‌که‌ی. کاکی برا هه‌ڕه‌شه‌ مه‌که‌ و ئه‌وه‌ی تا ئێستا وتوته‌ و چه‌ندین پاته‌ت کردوونه‌وه‌، ده‌توانی به‌ سه‌دان جاری دیکه به‌ چه‌ند قات درۆ و بوختانی زیاتره‌وه‌‌ بیانڵێیته‌وه‌ به‌ڵام به‌ پێی "ته‌حا"کانت ده‌بێ چاوه‌ڕوانی "په‌حا"ش بی. بێ به‌ڵا بی تۆ که‌ له‌ پێش ناوه‌که‌ت دا ده‌نووسی "مافناس" و "مافی وڵامدانه‌وه‌ش بۆخۆت راده‌گری"، ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ش ماف‌ بۆ ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌ قایل بی تا وڵامت بده‌نه‌وه‌. ئه‌تۆ ساڵه‌هایه هه‌رچی نا‌ڕه‌وا و ناسزایه له‌سه‌ر حیزبی دێموکڕاتی ده‌نووسی. خۆ ئه‌گه‌ر به نۆره‌ش بێ، ئێستا نۆره‌ی ئه‌وه‌یه خه‌ڵك جوابت بداته‌وه. نه‌کا له‌ "قوه‌ قضائیه‌"ی جه‌نابیشت دا ئه‌و مافه‌ به‌ خه‌ڵک نه‌درابێ‌؟!
8- ئه‌منیش وه‌ک تۆ ره‌خنه‌م له‌ حیزبی دێموکرات به‌ تایبه‌ت حیزبی دێموکراتی کوردستان هه‌یه. تۆ که به که‌یفی خۆت لینگت لێ هه‌ڵکردووه و وه‌نێو مێژووی حیزب که‌وتووی و به زیندووه‌کان قایل نابی، شه‌هیده‌کانیش به جاش و جاسووسی کۆماری ئیسلامی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ی، جێی خۆی بوو هه‌ردوو حیزبی دێموکڕاتیش و مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌ش ئه‌وه‌نده دڵگه‌وره‌ نه‌بان و جوابدانه‌وه سه‌هله، له پێش دادگایه‌كیش شکایه‌تیان لێ کردبای.
9- هه‌ڕ‌‌ه‌شه‌ت کردووه که خیتابی نووسینه‌کانی داهاتووت "نه هه‌ر نووسه‌ر ( مامۆستا حه‌سه‌نزاده) به‌لکو سه‌رجه‌می رێبه‌رایه‌تیی حدک ده‌بێ". بێ قه‌زا بی، ئه‌تۆ ئه‌وه سێ - چوار ساڵه روو به حیزبی دێموکڕات ده‌ستت له بنا گوێ ناوه و ئه‌وه‌ی ده‌یڵێی نایڵێیته‌وه و که‌سیش ده‌ستی وه‌به‌ر نه‌ناوی. خۆ تۆ قسه‌کانی خۆت به‌ چه‌ندین جار پاته‌ کردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ بۆ ده‌ڵێی ئه‌من له‌ خت و خۆڕایی به‌رۆکم گرتووی و وه‌ک نه‌ بای هاتبێ و نه‌ بۆران، خۆت له‌ قسه‌کانت ده‌که‌ی به‌ که‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت فرۆش!!
شه‌وی 10 له‌ سه‌ر 11ی ژانویه‌ی 2010

جواب بۆ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده (4)

2010 01 26 - 16:13


هه‌قیقه‌تی "قه‌راردادی نهێنی"، ئازادی عه‌لی باله،...
تاهیر قاسمی
خوا نه‌کا فه‌رمانده‌یه‌کی سپای پاسداران یان به‌رپرسێکی ئیتلاعاتیی کۆماری ئیسلامی ئێران شتێک به‌ دژی حیزبی دێموکرات و بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بڵێن، ئه‌وا یه‌کسه‌ر قسه‌که‌ له‌ لای حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ ده‌بێ به‌ حوججه‌ت و به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئیزنی هیچ جۆره‌ تشکیک و گومانێک به‌ خۆی بدا، به‌ سه‌نگ و به‌ردی خۆی پارسه‌نگیان بۆ ده‌کا و به‌ چه‌ند به‌رابه‌ره‌وه‌ به‌ دژی حیزبی دێموکرات به‌ کاریان دێنێته‌وه‌. کارم به‌وه‌ نییه‌ که‌ ئامانجی نووسه‌ر له‌و کاره‌ی چییه‌ به‌ڵام راست له‌و راستایه‌ دایه‌ که‌ به‌رپرسه‌کانی کۆماری ئیسلامی مه‌به‌ستیانه‌.

یه‌کێک له‌ مه‌یدانه‌کانی شه‌ڕی نێوان دوو هێزی نه‌یار و دوژمن، مه‌یدانی شه‌ڕی ره‌وانی‌یه‌. له‌و مه‌یدانه‌دا هه‌ر کام له‌ لایه‌نه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ هه‌ڵبه‌ستنی درۆ و ده‌له‌سه، بڵاو کردنه‌وه‌ی ده‌نگۆ و خستنه‌ سه‌ر زاری زانیاریی هه‌ڵه‌ له‌ سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وت یان سیاسه‌ته‌کانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر و تاد... دوژمنه‌که‌یان بخه‌نه‌‌ به‌ره‌یه‌کی دیکه‌ی شه‌ڕه‌وه‌ و هاوکات له‌ لای بیرورای گشتی سووکیان بکه‌ن و خه‌ڵکیان لێ بته‌کێننه‌وه‌. ئه‌و کاره‌ش زیاتر له‌ لایه‌ن ده‌زگا سیخوڕی و ئیتلاعاتیه‌کانه‌وه‌ دژ به‌ به‌ره‌ی دوژمن ئه‌نجام ده‌درێ. به‌ڵام ئه‌و قسانه‌ش پێویستیان به‌ که‌س یان که‌سانێکه‌ تا بتوانن په‌ره‌ی پێ بده‌ن و له‌ ناو خه‌ڵک دا جێیان بخه‌ن. جا چ باشتر که‌ ئه‌و که‌س یان که‌سانه‌ به‌ ڕواڵه‌ت له‌ به‌ره‌ی نه‌یاری خۆیاندا دابن.

به‌ پێی قسه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوب زاده که‌ له‌ زۆربه‌ی نوسینه‌کانیدا دووپات و چه‌ند پاته‌ی کردۆته‌وه‌،‌ تا رۆژی 17ی سێپتامبری 1992 (رۆژی تیرۆری دوکتور سه‌عید و هاوڕێکانی) له‌ هه‌ر چوار ئه‌ندامی رێبه‌ریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یه‌کیان مۆره‌ی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بووه‌. واته لانیکه‌م‌ 25%ی ئه‌و کۆمیته‌ ناوه‌ندیی‌یه‌ی که‌ کاک دوکتور سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی رێبه‌ریی ده‌کرد سه‌ر به‌ ئیتلاعات بوون. له‌ ماوه‌ی 18 ساڵی رابردوودا تا سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی دوای هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌هه‌می سه‌رکۆماری، کۆماری ئیسلامی و به‌ ته‌به‌عی ئه‌وه‌ش سازمانه‌ سیخوڕیه‌که‌ی به‌رده‌وام له‌ په‌ره‌گرتن دابوون و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ حیزبی دێموکرات هه‌روا توشی نوشستی و پاشه‌کشه‌ هاتووه‌. هه‌روه‌ها به‌شێکی به‌رچاو له‌ ئه‌ندامانی رێبه‌ریی ئه‌وکاتی حیزب شه‌هید بوون یان وازیان له‌ حیزبایه‌تی هێنا. سروشتی‌یه‌ که‌ ئیتلاعات مه‌ئموری خۆی ناکوژێ و ئیزنیشی پێنادا واز له‌ پۆسته‌که‌ی بێنێ. که‌وابوو به‌ پێی قسه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ ئیستا ده‌بی به‌ ئاسانی له‌ نیوه‌ به‌ نیوه‌ تێپه‌ڕیبێ. له‌ ئه‌گه‌ری راست بوونی قسه‌کانی ئه‌یوبزاده‌دا، سروشتی‌یه‌ که‌ ئه‌و جاش و سیخوڕانه‌ له‌ له‌تبوونی حیزبی دێموکرات دا هه‌موویان نه‌که‌وتوونه‌ته‌ به‌ره‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه‌. ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی ئه‌و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیه‌ی که‌ ئه‌و باسی ده‌کا، لایه‌نگری کاک مسته‌فا بوون. ئه‌وه‌ی بۆ من جێگای پرسیاره‌ بۆچی ئه‌و وتانه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ ده‌که‌ونه‌ به‌ر سه‌رنجی ئه‌ندامانی حدکا و سایته‌کانی نیزیک له‌و حیزبه‌ به‌ ئاب و تابه‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌کانی دیکه‌ وه‌ری ده‌گرن و بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌!!

یه‌کێک له‌ ئامانجه‌ رواڵه‌تیه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ بۆ به‌ ئیتلاعاتی له‌ قه‌ڵه‌مدانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکرات، هێرش بۆ سه‌ر شه‌خسی مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌یه‌. ئه‌وه‌ش پێده‌چێ به‌ دڵی به‌شێک له‌ ئه‌ندامانی حدکا بێ و هه‌ر بۆیه‌ش چش له‌ به‌شی خۆیان ده‌که‌ن. به‌ڵام با بۆ مێژووش بێ ئه‌وه‌ باس بکه‌م که‌ به‌ دوای شه‌هید بوونی کاک دوکتور سه‌عید و هاوڕێکانی، له‌ یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی دا بۆ هه‌ڵبژاردنی سکرتێری نوێ، مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌ و کاک مسته‌فا هیجری که‌وتنه‌ کێبه‌رکێ و سه‌همی مامۆستا له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ته‌نیا چوار ده‌نگ بوو که‌ یه‌کێک له‌ ده‌نگه‌کان ده‌نگی خۆی بوو. سێ ئه‌ندامه‌که‌ی تری کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ئه‌و کاتی حیزب که‌ ده‌نگیان به‌ مامۆستا دابوو، یه‌کیان شه‌هید بوو (شه‌هید عه‌بدوڵڵای شه‌ریفی) و دوو که‌سه‌که‌ی تریش که‌ ره‌نگه‌ پێیان خۆش نه‌بێ ناویان بێنم، ئیستا هه‌ر کام له‌ یه‌کێک له‌ وڵاتانی سکاندیناوی نیشته‌جێن‌ و بێ ئه‌وه‌ی تۆسقاڵێک گومانم له‌ سه‌داقه‌ت و پاکیان هه‌بێ، یه‌کیان ئه‌ندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه‌ ئه‌وی تریشیان لایه‌نگر یان لانیکه‌م نیزیک له‌ حدکایه‌. که‌وابوو ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ قسه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ راست بن، ئه‌وا له‌و جاش و جاسووسانه‌ به‌شی شێر وه‌به‌ر حدکا و لایه‌نی کاک مسته‌فا که‌وتووه‌. له‌وه‌ش گرینگتر له‌ پێنج ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی چواریان لایه‌نی کاک مسته‌فا بوون و سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ که‌ مامۆستا به‌ دوای کۆنگره‌ی 10 و له‌ کاتی سکرتێری دا هه‌میشه‌ زۆرینه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی له‌ گه‌ڵ بوو، به‌ڵام هیچکات به‌ قازانجی خۆی ئاڵوگۆڕی له پێکهاته‌ی‌ ده‌فته‌ری سیاسی دا نه‌کرد. ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ وڵامێکیش بێ بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌یوبزاده‌ که‌ ده‌ڵێ "مه‌لا عه‌بدوڵڵا حه‌یاکی (حه‌سه‌ن زاده‌) حیزبی دێموکراتی به‌ره‌و کۆیه‌ ڕادا"، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بوختان و تۆمه‌ته‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ رووی له‌ هه‌موو حیزبی دێموکراته‌ و به‌ ته‌نیا پێوه‌ندیی به‌ حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه‌ نییه‌. هێرش بۆ سه‌ر مامۆستاش ئامرازێکه‌ بۆ گرتنی ده‌می ئه‌ندامان و رێبه‌رانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ئێستا. هه‌روه‌ک کاک مسته‌فا فه‌رموویه‌تی مادام رووی قسه‌کانی له‌ مامۆستایه‌، لێی گه‌ڕێن قازانجی ئێمه‌شی تێدایه‌!!

هه‌ر وه‌ک باسم کرد، ته‌قریبه‌ن له‌ زۆربه‌ی نووسراوه‌کانیدا، یه‌کێک له‌ سه‌ره‌کیترین و گرینگترین سه‌رچاوه‌ و به‌ڵگه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ که‌لک وه‌رگرتن له‌ وته‌ی سه‌رانی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی و فه‌رمانده‌کانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی دژ به‌ حیزبی دێموکراته‌. ئه‌و به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ گومانێک بخاته‌ سه‌ر‌ راستی و ناراستی قسه‌ی ئه‌فسه‌رانی ئیتلاعات و سپا و ئامانجه‌کانیان، وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر جارێکی دیکه و به‌ چه‌ند قات زیاتر‌ دژ به‌ حیزبی دێموکرات به‌ کاریان دێنێته‌وه‌. متمانه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ به‌ قسه‌ی ئیتلاعات و سپا تا راده‌یه‌که‌ که‌ له‌ نووسراوه‌کانیدا هیچکات گومان و دوودڵیه‌ک له‌ ناراستی ئه‌و قسانه‌ بۆ ناوبراو به‌رچاو ناکه‌ون. تا ئاستێک که‌ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک و قسه‌ی هیچکام له‌ رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات و ئه‌وانه‌ش که‌ به‌ قازانجی ئه‌و حیزبه‌یان نوسیوه‌ و ئه‌یوبزاده‌ که‌ڵکی لێ وه‌رگرتوون، به‌ راده‌ی قسه‌ی به‌رپرسانی سپا و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی به‌و ده‌ستپاکیه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ناوبراوه‌وه‌ نه‌گوازراونه‌ته‌وه‌. وێڕای ئه‌وه‌ش ته‌فسیر کردنی قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی کۆماری ئیسلامی، به‌و ئاراسته‌یه‌دا که‌ خۆیان مه‌به‌ستیانه‌ و به‌و جۆره‌ی که‌ بابی ته‌بعی ئه‌و رێژیمه‌ و مۆره‌کانیه‌تی، یه‌کێکی تر له‌ شێوازه‌کانی کاری حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده‌یه‌ بۆ هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر حیزبی دێموکراتی کوردستان‌.

ئه‌وه‌ی زیاتر گومان ده‌خاته‌ سه‌ر ئامانجه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ له‌ نووسینی ئه‌و هه‌موو بێ‌ڕێزی، درۆ و بوختانانه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێبه‌رانی ئێستا و رابردووی حیزبی دێموکرات، ئه‌وه‌یه‌ که ناوبراو‌ راست له‌ سه‌روبه‌ندی کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی حیزبی دێموکرات دا به‌و زمان و نووسینه‌وه‌ وه‌ گڕوگاڵ که‌وت و له‌گه‌ڵ له‌تبوونی حیزب زمانی گرت. ئه‌ویش نه‌ک بۆ به‌ داخ بوون له‌ له‌تبوونی حیزب، به‌ڵکو راست بۆ سو ئیستیفاده‌ کردن له‌ هه‌لومه‌رجه‌که‌‌ بۆ هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر به‌ ڕواڵه‌ت مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاه‌ و له‌ راستی دا حیزبی دێموکرات و مێژووی لانیکه‌م 20 ساڵی رابردووی ئه‌و حیزبه‌. ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش هه‌لێکی له‌بار بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئیتلاعات و ده‌زگا سیخوڕیه‌کانی کۆماری ئیسلامی ناراسته‌وخۆ و له‌ رێگای که‌سانی به‌ ڕواڵه‌ت نه‌یاری خۆیانه‌وه‌ کێشه‌کان قووڵ بکه‌نه‌وه‌.
پرسیار له‌ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بۆچی له‌ کاتی روودانی ئه‌و رووداوانه‌دا جارێک وه‌ده‌نگ نه‌هات؟ ناڵێم کۆماری ئیسلامی مه‌حکووم کردبا، به‌ڵام خۆ ده‌یتوانی ناره‌زایه‌تی خۆی دژ به‌و کارانه‌ی حیزب و رێبه‌رانی حیزب که‌ ئێستا هه‌ڵیانده‌به‌ستێ، ده‌رببڕێ.

یه‌کێک له‌و ئامانجانه‌ی که‌ له‌ نووسینه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌دا به‌ ڕوونی خۆی ده‌نوێنێ دۆزینه‌وه‌ی شه‌ریک و برابه‌ش بۆ کۆماری ئیسلامی‌یه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی که‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی کورد و حیزبی دێموکرات ئه‌نجامی داون. تا ئاستێک که‌ له‌ تیرۆری میکونوس دا به‌ ئاشکرا دوکتور سه‌عید یان یه‌کێک له‌ هاوڕێکانی به‌ سیخوڕی کۆماری ئیسلامی ناوزه‌د ده‌کا و شه‌هیده‌کان ده‌کا به‌ شه‌ریکی جینایه‌ت له‌ گه‌ڵ تیرۆریسته‌کان و برابه‌ش بۆ تاوانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ده‌دۆزێته‌وه‌. به‌وه‌ش راناوه‌ستێ و لانیکه‌م له‌ سه‌دا 25ی ئه‌و کۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌ی که‌ دوکتور سه‌عید رێبه‌ریی ده‌کرد، به‌ جاش و سیخوڕی کۆماری ئیسلامی ده‌زانێ. (بڕوانه‌ به‌شی سێهه‌می ئه‌م باسه‌) دیاره‌ له‌و فتوایه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ش دا دیسان سه‌رانی ئیتلاعات ده‌ور ده‌بینن و قسه‌ی عه‌لی فه‌لاحیانی بۆ ده‌بێ به‌ حوججه‌ت که‌ گوتبووی ئێمه‌ له‌و حیزبه‌دا نفوزمان کردووه‌.

دوو هێزی دژبه‌ر هه‌میشه‌ حه‌ول ده‌ده‌ن له‌ ناو یه‌کتردا نفوز بکه‌ن. له‌ شه‌ڕی نێوان دوو لایه‌ندا ئه‌وه‌ شتێکی ئاساییه‌. به‌ڵام بانگی به‌ ئاشکرای وه‌زیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌وه‌ که‌ سازمانه‌که‌ی ژێر ده‌سته‌ڵاتی، نفووزی له‌ نێو حیزبی دێموکراتدا کردووه‌، جێگای پرسیاره‌. ئاخۆ ده‌بێ چ شتێک وای لێ کردبێ که‌ باس یان باشتر بڵێم نهێنی‌یه‌کی ئاوا – به‌ فه‌رزی راست بوونی- به‌ ئاشکرا رابگه‌یه‌نێ؟ مه‌گه‌ر بۆ که‌سانێک که‌ له‌ گه‌ڵیان ده‌ستی له‌ یه‌ک کاسه‌دا ‌بێ، ده‌نا رێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی که‌ی ئه‌وه‌نده‌ راستگۆ بوون تا‌ قسه‌کانیان بۆ ئه‌وه‌ ببێ که‌ وه‌ک به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گر که‌ڵکیان لێ وه‌ربگیرێ؟ بڵێی ئه‌وه‌ یه‌کێک له‌ جۆره‌کانی شه‌ڕی ره‌وانی دژ به‌و حیزبه‌ نه‌بووبێ تا بتوانێ دڵی ئه‌ندامانی حیزبه‌که‌ لێک کرمێ بکا؟ به‌ تایبه‌ت ئامانجه‌که‌ ئه‌و کاته‌ به‌ ته‌واوی ده‌پێکرێ که‌ یه‌کێکی له‌ پێستی دۆست دا قسه‌کانی ئه‌و و هاوقه‌تاره‌کانی بکا به‌ کراسی عوسمان و دژ به‌ حیزبه‌که‌ به‌ کاری بێنێ. یان نا هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ قسه‌که‌ی بۆ هێندێک که‌س و لایه‌ن ببێ به‌ به‌ڵگه‌ و سه‌رچاوه‌ی زانیاری بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر ئه‌و حیزبه و رێبه‌رانی ئه‌و حیزبه‌؟

هه‌قیقه‌تی قه‌راردادی به‌ناو نهێنی
ئه‌یوبزاده له‌ سه‌رجه‌م نوسینه‌کانی دا‌ باس له‌ قه‌راردادێکی نێوان حیزبی دێموکرات و کۆماری ئیسلامی بۆ راگرتنی شه‌ڕ ده‌کا. ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ به‌ ئیتمینانه‌وه‌ له‌و قه‌رارداده‌ خه‌یاڵییه‌ ده‌دوێ که‌ جێگای هیچ گومانێک بۆ خۆی و بۆ خوێنه‌ر ناهێڵێته‌وه‌. قه‌راردادێک که نه‌ک هه‌ر منی ئه‌ندام به‌ڵکو‌ هیچکام له‌ ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبه‌که و ته‌نانه‌ت سکرتێریش‌ نه‌یانبینیوه و پێیان نه‌زانیوه.‌‌ که‌چی ئه‌یوبزاده‌ باس له‌ به‌ند به‌ به‌ندی ناوه‌رۆکی قه‌رارداده‌ خه‌یاڵیه‌که‌ی خۆی ده‌کا. لێره‌دا خوێنه‌ر مافی خۆیه‌تی‌ گومانی بۆ ئه‌وه‌ بچێ که‌ ئه‌گه‌ر قه‌راردادێکی نێوان حیزب و لایه‌نێکی دیکه‌، منی ئه‌ندامی حیزب سه‌هله‌، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبه‌که‌شم نه‌یدیبێ و نه‌یزانیبێ، ئاخۆ ده‌بێ کێ نیشانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ی دابێ؟ تۆ بڵێی ئه‌و زانیاریانه‌ یه‌کراست له‌ لایه‌ن ته‌ره‌فه‌که‌ی دیکه‌ی به ناو قه‌رارداده‌که‌وه‌ واته‌ راست له‌ لایه‌ن محسن ره‌زایی و عه‌لی فه‌لاحیان و ئه‌حمه‌دی کازمی یان به‌رده‌سته‌‌کانیانه‌وه‌ به‌ ئاغای ئه‌یوبزاده‌ نیشان ‌درابێ یا به‌ جۆرێک ئه‌ویان له‌ بوونی وه‌ها قه‌راردادێک و ناوه‌رۆکه‌که‌ی ئه‌رخه‌یان کردبێته‌وه‌‌‌؟! یان بڵێی ئه‌یوبزاده‌ بۆخۆی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی نووسینی قه‌راردادێکی ئه‌وتۆ‌‌ دا به‌ ئاشکرا یان به‌ نهێنی به‌شدار بووبێ که‌ ئاوا به‌ ئیتمینانه‌وه‌ لێی ده‌دوێ؟!

باسی هه‌ر جۆره‌ قه‌رارداێک له‌ نێوان حیزبی دێموکرات و کۆماری ئیسلامی له‌ درۆیه‌ک زیاتر که‌ هه‌ر له‌ زمانی ئه‌یوبزاده‌وه‌ هه‌ڵڕژاوه‌، زیاتر نییه‌. ته‌نیا قه‌راردادێک که پێوه‌ندی به‌ وه‌ستانی خه‌باتی چه‌کداریی حیزبه‌وه‌ هه‌بووه، له‌ نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بووه‌‌ بۆ راگرتنی چالاکیه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی حیزب له‌ ناوخۆی کوردستانی ئێران له‌ حاڵه‌تێکدا که‌ له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی یه‌کێتی وه‌ک پشتی جه‌بهه‌ که‌ڵک وه‌ربگرن. ئه‌و قه‌رارداده‌ش‌ له نێوان حدکا و یه‌کێتی نیشتمانی‌دا ئیمزا کراوه. له‌لایه‌ن حدکاوه کاک مسته‌فا هیجری و له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانیش دوکتور فوئاد مه‌عسوم ئیمزایان کردوه. بوونی وه‌ها رێککه‌وتنێكیش شتێکی شاراوه‌ نه‌بووه‌. هه‌م له کاتی راگیرانی چالاکی چه‌کداری‌ له ‌لایه‌ن رێبه‌رانی حیزب و له کۆبوونه‌وه‌کاندا بۆ پێشمه‌رگه‌کان روون کرایه‌وه‌ و هه‌م به ‌تایبه‌تی له‌ رۆژنامه‌ی کوردستانی ژماره‌ 236ی تایبه‌ت به‌ مانگی گه‌لاوێژی 1375 دا به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ به‌ ره‌سمی باسی لێ کراوه‌:
'' دوابه‌دوای هێرشی هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ‌سه‌ر بنکه‌کانی حیزبی دێموکرات و بنه‌ماڵه‌ ئاواره‌کانی کوردی ئێرانی له ده‌وروبه‌ری کۆیه له رێکه‌وتی 27-28/7/1996، هه‌یئه‌تی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له رۆژه‌کانی 4-1/8/1996 کۆبوونه‌وه بۆ ته‌نزیم کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ئه‌و دوو حیزبه و چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ گیروگرفتانه‌ی که به‌هۆی هێرشی ئێران له نێوانیان‌دا پێک هاتبوو.
له ئاکامی ئه‌و وتووێژانه‌دا به توافق گه‌یشتن که حیزبی دێموکرات به‌رنامه‌ی کارو تێکۆشانی خۆی به چه‌شنیکی ئه‌وتۆ دابڕێژێته‌وه که له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجی ئێستای کوردستانی عێراق‌دا گونجاو بێ و، یه‌کیه‌تی نیشتمانیی کوردستانیش وێڕای ته‌زمینی تێکۆشانی سیاسیی حیزبی دێموکرات له ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆی‌دا ئه‌من و ئاسایشی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ئه‌و حیزبه بپارێزێ.
هه‌روه‌ها هه‌ردوولا به‌لێنیان‌دا که به‌کرده‌وه هه‌نگاو هه‌لگرن بۆ ئه‌وه‌ی روحی ته‌فاهوم و دۆستایه‌تی له نێوانیان‌دا به‌هێزتر بکه‌ن و ئه‌گه‌ر هه‌ر گیرو گرفتێکیش له نێوانیان‌دا هاته‌ پێش ، به‌ رێگای وتووێژی دۆستانه چاره‌سه‌ر بکرێت.
مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کیه‌تی نیشتمانیی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
4/8/1996-14/5/1375
وێڕای ئه‌وه‌ش ته‌نیا چه‌ند رۆژێک پاش هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر بنکه‌کانی حیزب له‌ ساڵی 1996، مامۆستا حه‌سه‌ن زاده که ئه‌یوبزاده ئه‌و به به‌ڕێوه‌به‌ری به قه‌ولی خۆی هه‌موو پیلانه‌کان ده‌زانێ، بۆ به‌شداری له کۆنگره‌ی ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست که له‌وێدا حیزبی دێموکڕات به ئه‌ندامی ئه‌و رێکخراوه وه‌رگیرا له رێگای ئورپاوه ده‌ڕوا بۆ ئه‌مریکا و ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی چه‌ند مانگێک ده‌خایه‌نێ. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ قه‌راردادی نهینی له‌ نیوان سکرتیری حیزب و کۆماری ئیسلامی له‌و کاته‌دا ئیمزا کرابێ و که‌سیش لێی ئاگادار نه‌بووبێ، ئه‌ی کێ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌رۆکی قه‌رارداده‌ خه‌یاڵیه‌که‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ بووه‌؟!

مامۆستا حه‌سه‌نزاده چوار ساڵ له‌وه‌ پێش و بۆ یه‌که‌م جار و دوا جار که‌ وڵامی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ی دایه‌وه‌،‌ له‌ بابه‌ت ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ناوبراو ده‌ڵێ: "بۆ دڵنیا کردنی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ ئیحتمالی یه‌ک له‌ هه‌زار له‌ خوێندنه‌وه‌ی وتاری مامۆستا گۆران دا گومانێکیان بۆ دروست بووبێ، راده‌گه‌یه‌نم که‌ ساڵی 1996 له‌ کاتی په‌لاماری هێزه‌کانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر بنکه‌کانی حیزب دا نه‌ له‌ نیزیک و نه‌ له‌ دوور و نه‌ راسته‌وخۆ و نه‌ به‌ نێوبژی، هیچ چه‌شنه‌ رێککه‌وتنێک له‌ نێوان حیزب و کۆماری ئیسلامی دا رووی نه‌داوه‌ و ته‌نانه‌ت قسه‌شی لێ نه‌کراوه‌." (1)
که‌چی به‌و حاڵه‌ش ئه‌یوبزاده‌ که‌ وه‌ک باسم کرد ئاگاداری به‌ند به‌ به‌ندی قه‌رارداده‌ خه‌یاڵیه‌که‌یه‌ و ئاواش ناوه‌رۆکه‌که‌ی باس ده‌کا: به‌ پێی قه‌رادادی ئاشبه‌تاڵ ئه‌ندامی حیزب:
1- چه‌ک کراو بووه‌
2- مافی دیفاعی نه‌بووه‌
3- مافی هاتوچۆی به‌ چه‌که‌وه‌ نه‌بووه‌
هه‌روه‌ک باسم کرد، سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌کانی ئه‌یوبزاده‌ ئیتلاعات و سپای کۆماری ئیسلامی‌یه‌ به‌ڵام هه‌ر که‌س له‌ ماوه‌ی پتر له‌ 15 ساڵی رابردوو دا سه‌ردانی بنکه‌کانی حیزبی دێموکراتی له‌ کۆیه‌ و دێگه‌ڵه‌ و جێژنیکان و ... کردبێ، ده‌زانێ که‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌ک هه‌ر چه‌ک کراو نه‌بووه‌ به‌ڵکو به‌رده‌وام ‌ ده‌وری بنکه‌کانی به چه‌كی سووک و نیوه قورس ته‌نیوه‌. له ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌دا تا ئێستاش ئه‌ندامانی رێبه‌رایه‌تی حیزب له باشووری کوردستان به بێ ئیسکۆرتی چه‌کدار هاتوچۆیان نه‌کردوه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه له ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌دا ئه‌گه‌رچی له‌ تیمی بچووک دا، به‌ڵام به‌رده‌وام پێشمه‌رگه له‌ ناوچه‌ دا واته له نێوخۆی وڵاتدا به‌ چه‌که‌وه‌ حوزوری هه‌بووه‌ و له‌ هاتوچۆش دا چه‌کی پێ بووه‌. ئه‌یوبزاده‌ قه‌رارداده‌ خه‌یاڵیه‌که‌ی بۆ ساڵی 1375 ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ که‌چی شه‌هیدان ره‌سوڵ شه‌عبانی و تاهیر حوسێن نه‌ژاد له‌ ناوچه‌ی شنۆ و شه‌هید عه‌وڵا ته‌به‌رزه‌ ساڵی 1378 له‌ ناوچه‌ی پیرانشار له‌ دوو شه‌ڕی قاره‌مانانه‌دا شه‌هید بوون. (2) ئه‌وه‌ بۆ جارێک کۆماری ئیسلامی ده‌نگی لێ به‌رز نه‌بۆوه‌ که‌ بڵێ بۆچی قه‌رارداده‌که‌تان ژێر پێ خستووه‌؟! یان له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا پێشمه‌رگه‌ و کادره‌کانی حدک به‌رده‌وام له‌ ناوچه‌ دا حوزوریان هه‌بووه‌ و کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حدکاش لانیکه‌م له‌ یه‌ک ساڵی رابردوودا حوزوریان بوو. له‌ چه‌ند تێکه‌ڵچوونی جیاواز دا له‌ ناوچه‌کانی سه‌رده‌شت، سه‌قز و مه‌ریوان چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی حدک و حدکا شه‌هید بوون. ئه‌وه‌ بۆ کۆماری ئیسلامی جارێک قه‌رارداده‌ خه‌یاڵیه‌که‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ی وه‌بیر سه‌رانی حیزبی دێموکرات نه‌خسته‌وه و هاواری لێ هه‌ڵنه‌ستا که‌ بۆ قه‌راردادی ئه‌یوبزاده‌تان ژێر پێ ناوه و پێشمه‌رگه‌تان ناردۆته‌وه‌‌‌؟

هه‌ڵبه‌ت من ده‌زانم که‌ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ باوه‌ڕی به‌ قسه‌کانی خۆی نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێک گومانی له‌ بوونی وه‌ها قه‌راردادێک هه‌بوو، له‌ مسته‌فا هیجری و عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده‌ نا، به‌ڵکو با له‌ کاک بابا عه‌لی مێهر په‌روه‌ر که‌ ئیستا سه‌ر به هیچ لایه‌کیان نییه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ و به‌ درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی بووه‌و ئێستا شبه هۆی ئه‌وه که له به‌رپرسایه‌تی دا نه‌ماوه ره‌نگه‌ که‌مترین مولاحزه‌ی بۆ راست کردنه‌وه‌ی ئه‌و ناراستی‌یه‌ هه‌بێ، پرسیار بکا. له‌وه‌ش ئه‌ولاتر ده‌توانن پرسیار له‌ رێبه‌رانی هه‌ر کام له‌ باڵه‌کانی ئێستای کۆمه‌ڵه‌ یان لایه‌نه‌کانی تر بکه‌ن که‌ ئاخۆ ئه‌و قه‌رداده‌ خه‌یاڵیه‌ی که‌ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ باسی ده‌کا ئه‌و حیزب و رێکخراوانه‌ی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشی گرتۆته‌وه‌ یان راگرتنی چالاکی چه‌كداری له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌ی دیکه‌وهه به‌پێی قه‌راردادی جودای خۆتان له‌ گه‌ڵ جمهوری ئیسلامی بووه؟!!

ئازادی عه‌لی باله‌
له‌ زۆربه‌ی نووسراوه‌کانی دا، حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده‌ باس له‌داوود ئیبراهیم زاده‌ که‌ له‌ ناو حیزب دا به‌ ئازادی عه‌لی باله‌ ده‌ناسرا، ده‌کا و به‌و هۆیه‌وه‌ که‌ هاتوچۆی ماڵی مامۆستای کردووه‌، وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک!! به‌ دژی حیزب و مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌ به‌ کاری ده‌با. بۆ ئه‌وه‌ش که‌ باشتر درۆکانی بچه‌سپێنێ، جارێک ده‌یکا به‌ ئامۆزای و جارێکیش به‌ خاڵۆزا و پورزا. عه‌لی باله بۆخۆی تا کاتی مردنیشی به که‌سێکی خۆشناو و نیشتمانپه‌روه‌ری ناوچه‌ی مه‌هاباد ناسرابوو. ته‌نیا خزمایه‌تیه‌کی زۆر دووریش که له‌گه‌ڵ مامۆستا حه‌‌سه‌ن زاده‌ی هه‌بوو ئه‌وه بوو که بابی مامۆستا حه‌سه‌ن زاده بن ئامۆزای باپیری عه‌لی باله بووه. وه‌ک شاعیر ده‌ڵێ:
خاتوون که‌ کچی پووری نه‌وه‌ی باجه‌ مه‌نیجه‌
خزمن که‌ ئه‌من ئێسته‌ گه‌یشتوم به‌ نه‌تیجه‌
به‌ڵام نه‌ ئازاد بۆ ئه‌وه‌ له‌ دایک ببو تا ببێ به‌ ئیتلاعاتی و نه‌ له‌ سه‌ر ئیجازه‌ی دایک و باوکی ده‌ستی بۆ ئه‌و کاره‌ بردبوو. ده‌زانم ئاغای ئه‌یوبزاده‌ گوێی به‌ زانیاریی راست "بدهکار" نییه‌، به‌ڵام بۆ زانیاریی خوێنه‌ران، با بزانین ئازاد بۆخۆی کێ بوو:
به‌ حوکمی ئه‌وه‌ که‌ ئه‌من پێشمه‌رگه‌ی هێزی پێشه‌وا بووم، ئازادی عه‌لی باله‌م له‌ نیزیکه‌وه‌ ده‌ناسی. (هیوادارم ئه‌یوبزاده‌ نه‌یکا به‌ به‌ڵگه‌ی جاسووسی له‌ سه‌رم!!) ئازاد خه‌ڵکی ئاوایی گاگه‌شی ناوچه‌ی مه‌نگوڕانی مه‌هاباد بوو. ساڵی 1369 بوو به‌ پێشمه‌رگه‌. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ خۆی وه‌ک لیسانسی ئه‌ده‌بیاتی فارسی ناساند به‌ڵام دواتر روون بۆوه‌ که‌ خوێنده‌واریه‌که‌ی هه‌ر له‌ ئاستی راهنمایی دا بووه‌. دواتر بوو به‌ کادری سیاسی لک له هێزی پێشه‌وا. له‌ جه‌ریانی کێشه‌ و ناکۆکیه‌کانی به‌ر له‌ کۆنگره‌ی 10 وێڕای چه‌ند کادر و پێشمه‌رگه‌ی دیکه‌ی هێزی پێشه‌وا له‌وانه‌ سه‌ید عه‌زیز نیکجویان، ئه‌سعه‌د گامێشانی، خالید خاڵدار و ... که‌ سه‌رجه‌میان دۆستی نیزیکی ئازاد بوون و ئێستاش ئه‌ندامی حدکا ن، لایه‌نگریی له‌ کاک مسته‌فا هیجری کرد. ئه‌وه‌ له‌ حاڵێک دا بوو که‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری کادر و به‌ تایبه‌ت پێشمه‌رگه‌کانی هێزی پێشه‌وا و کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد لایه‌نگریان له‌ مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده‌ ده‌کرد. ئازاد که‌ پێشتریش له‌ ناو به‌شی هه‌ره‌ زۆری پێشمه‌رگه‌کان دا خۆشه‌ویست نه‌بوو، له‌ فه‌زای دووبه‌ره‌کی و دوو جه‌ناحی ئه‌وکات دا ئه‌وه‌ بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ به‌ یه‌کجاری ته‌رد بکرێ.

له‌ دوایین لێکدان‌دا که‌ له‌ نێوان حیزب و رێبه‌رایه‌تی شۆرشگێڕی ئه‌وکات له‌ ساڵی 1373 له‌ چنارۆکی پشت هه‌یبه‌سوڵتان رووی دا، ئازاد ده‌ورێکی گرینگی گێڕا. له‌ کاتێکدا که‌ له‌ سه‌ر بردن و سوتاندنی ماشێن له‌ نێوان دوو لایه‌ندا کێشه‌ هاتبووه‌ ئاراوه‌، ئازاد مه‌سه‌له‌که‌ی کرد به‌ شتێکی حه‌یسیه‌تی و چوو ده‌بن سه‌ید عه‌زیزه‌وه‌ که‌ ئه‌و کات سه‌رپه‌ره‌ستی هێز بوو و له‌ ناو هه‌مووشماندا رایگه‌یاند که‌ ئه‌گه‌ر دژکرده‌وه‌مان نه‌بێ، ئابڕوومان ده‌چێ. ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌ کاتێکدا به‌ر له‌ کۆنگره‌ی 10 و له‌ کاتی سکرتێریی کاک مسته‌فا دا باسی یه‌کگرتنه‌وه‌ به‌ گه‌رمی له‌ ئارادا بوو، کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی سه‌ید عه‌زیز، نێردرانه‌ پشتی‌ چنارۆک و ته‌قه‌ و لێکدانێک له‌ نێوان دوو لایه‌ندا رووی دا و بارودۆخه‌که‌ی گرژ کرده‌وه‌.

ئازاد به‌ گشتی ئینسانێکی ده‌م هه‌راش، قسه‌ خۆش و خۆ رێکخه‌ر بوو. ئه‌گه‌رچی له‌ ناو پێشمه‌رگه‌کانی هێزی پێشه‌وا دا مه‌نفوور بوو، به‌ڵام هاتوچۆی به‌شێکی زۆر له‌ بنه‌ماڵه‌کانی حیزب و ماڵی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی ده‌کرد و له‌ گه‌ڵ کوڕه‌کانیان دۆست بوو. به‌و هۆیه‌وه‌ که‌ کاتی خۆی له‌ ئاوایی گاگه‌ش بۆ ماوه‌یه‌ک ماڵی مامۆستا جیرانی ماڵی‌ بابی ئازاد بووه‌، له کۆیه‌‌ش هاتوچۆی ده‌کردن. ساڵی 1375 به‌ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد هه‌ڵبژێردرا و بوو به‌ به‌رپرسی ته‌شکیلاتی ناو شار. بۆ هاوینی ئه‌و ساڵه‌ به‌ ته‌نیا چۆوه‌ ناو شار. خه‌به‌ر هات که له‌ ناو شاردا‌ گیراوه‌ و دواتر به‌ردراوه‌. خه‌به‌ری گیرانه‌که‌ی‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ لایه‌ن یه‌کێک له‌ پێشمه‌رگه‌کانه‌وه به‌ ناوی (ک. ف.)‌ که‌ شاره‌زایه‌کی باشی کاروبار و ته‌شکیلاتی ناو شار بوو، له‌ ناو پێشمه‌رگه‌کان دا باسی کرا به‌ڵام نه‌ک به‌ به‌ڵگه‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی گوزارشی ره‌سمی به‌ڵکو وه‌ک قسه‌ی سه‌ر زاران. هه‌ر بۆیه‌ش به‌ جیدی وه‌رنه‌گیرا و لێی نه‌کۆڵدرایه‌وه و پتر به‌ حیسابی کێشه‌ی شه‌خسی و جه‌ناحی وه‌رگیرا‌. له‌و لاشه‌وه‌ ئازاد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی خۆی ره‌پێش بخا و هه‌واڵه‌که‌ به‌رپه‌رچ بداته‌وه‌، له‌ لای کۆمیته‌ی شارستان سه‌حنه‌ سازیه‌کی له‌و باره‌وه‌ ساز کردبوو. به‌و جۆره‌ که‌ له‌ باغی سیسه‌ پاسدار پێشیان پێ گرتووه‌ و داوای کارتی شناساییان لێ کردووه‌ و ئه‌ویش ده‌مانچه‌که‌ی ده‌رهێناوه‌ و پاسداره‌کان هه‌ڵاتوون و ئه‌ویش هه‌ر وا هه‌ڵاتووه‌ و دوایه‌ چه‌ند فیشه‌کیان به‌ یه‌کتره‌وه‌ ناوه‌!

له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ له‌ جه‌ریانی ده‌رگیربوونی کادره‌کانی کومیته‌ی شارستانی مه‌هاباد له‌ ناوچه‌ی شاروێران، که‌ تییدا محه‌مه‌د شاروێرانی به‌ برینداری به‌ دیل گیرا، گومانه‌که‌ له‌ سه‌ر ئازاد زیاتر ده‌بێ. ئازاد هه‌م ئاگاداری شوێنی مانه‌وه‌ی کاک عومه‌ر باڵه‌کی، به‌رپرسی کۆمیته‌ی شارستان و هاوڕێکانی ده‌بێ و هه‌میش ماوه‌یه‌ک پێشتر ده‌مانچه‌که‌ی له‌ گه‌ڵ محه‌ممه‌د شاروێرانی ده‌گۆڕێته‌وه‌. ده‌مانچه‌یه‌ک که‌ فیشه‌ک ده‌ر ناکا و پێده‌چێ ده‌رزیه‌که‌ی ده‌رهێنرابێ. ئه‌گه‌رچی گومانه‌کانی سه‌ر ئازاد له‌ گه‌ڵ کومیسیۆنی سیاسی نیزامیش باس ده‌کرێ به‌ڵام ئه‌و کات هیچکام له‌وانه ئه‌وه‌نده‌ روون نه‌بوون تا وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی دادگا په‌سه‌ند له‌ لایه‌ن کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباده‌وه‌ سیخوڕ بوونی ئه‌ندامێکی کۆمیته‌ی شارستان سابیت بکا.
به‌ دوای گه‌رانه‌وه‌ بۆ بنکه‌کانی حیزب، ئازاد به رواڵه‌ت سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌کا به‌ڵام له‌ سلێمانی سه‌ر ده‌ردێنێ. ئه‌وه‌ش گومانه‌کانی پێشوو زیاتر ده‌کا و ده‌بێته‌ هۆکارێك تا عومه‌ر باڵه‌کی به‌رپرسی کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد به‌و گومانانه‌وه‌ که‌ له‌ سه‌ر ئازاد هه‌یبوو، له هێزی پێشه‌وای نه‌قڵ بکا. هه‌ر بۆیه‌ش نامه‌ی نه‌قڵی ناوبراو ته‌حویلی کومیسیۆنی سیاسی نیزامی ده‌دا که‌ ئه‌وکات نه‌مر کاک سه‌لام عه‌زیزی به‌رپرسی کومیسیۆن بوو. له‌ نامه‌ی نه‌قڵه‌که‌دا نووسرابوو که‌ ئه‌و کاره‌ی ئازاد ده‌کرێ وه‌ک خاڵێکی ئه‌منیه‌تی چاوی لێ بکرێ. به‌ڵام دیسانیش ناکه‌وێته‌ به‌ر گومانی به‌رپرسانی سیاسی نیزامیه‌وه‌. حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی دێته‌ ناو مه‌سه‌له‌که‌وه‌ و نێوبژیوانی ده‌کا تا کاک عومه‌ر، ئازاد وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ پێداگریی ناوبراو له‌ سه‌ر نه‌قڵ کردنه‌که‌ به‌ره‌وروو ده‌بێ. هه‌ر بۆیه‌ش نه‌قڵی کۆمیته‌ی ئه‌منیه‌ت ده‌کرێ که‌ به‌رپرسه‌کانی له‌‌و کاته‌دا کاک شاهۆ حوسێنی و کاک چه‌کۆ ره‌حیمیی دۆستی کاک حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده‌ بوو‌. کۆمیته‌ی ئه‌منیه‌تیش وه‌ک فێرگه‌ و به‌شێکی به‌رچاوی دیکه‌ له‌ ئۆرگانه‌ ئیجراییه‌کانی حیزب حه‌یاتی خه‌ڵوه‌تی جه‌ناحی کاک مسته‌فا بوو. له‌ جه‌وی دوو جه‌ناحیی ئه‌و کاتیش دا چوونی ئازاد بۆ ئه‌و ئۆرگانه‌ وه‌ک شتێکی ئاسایی و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چاوی لێ کرا.

ئازاد که‌ له‌ کومیته‌ی ئه‌منیه‌ت دا وه‌ک کادری به‌شی پارێزگاریی کاری ده‌کرد، بۆ جێ خستنی خۆی ده‌ستی به‌ سه‌حنه‌ سازیه‌کی دیکه‌ کرد. رۆژێک خه‌به‌ر هات که‌ ته‌قه‌ی لێ کراوه‌ و بریندار بووه‌. به‌راستیش شتێکی له‌و بابه‌ته رووی دابوو و زاهیره‌ن ئازاد له‌ نه‌رمه‌ی باسکی برینێکی، جا چۆن و به‌چی مه‌علوم نه‌بوو، هه‌ڵگرتبوو. ده‌یگوت که‌ له‌ رێگای هه‌ولێر- کۆیه‌ پێش به‌و تاکسیه‌ گیراوه‌ که‌ ئه‌وی تیدا بووه‌. ویستوویانه‌ دایبه‌زێنن و بیگرن. به‌ڵام به قسه‌ی خۆی ئه‌و خۆی راده‌پسکێنێ و هه‌ڵدێ و ته‌قه‌ ده‌کا و ته‌قه‌ی لێ ده‌که‌ن و له‌و ته‌قه‌ و لێکدانه‌ دا ئازاد بریندار ده‌بێ و شۆفیر تاکسیه‌که‌ ده‌کوژرێ‌. ئه‌ویش خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ بنکه‌یه‌کی پارتی له‌ نیزیک رووداوه‌که‌ و نه‌جاتی ده‌بێ. بۆ ئه‌وه‌ش که‌ هه‌موان بڕوا به‌ سه‌حنه‌سازیه‌که‌ بکه‌ن‌، کابرایه‌کی خه‌ڵکی کوردستانی عێراق له‌و رووداوه‌دا کوژرا.
پلۆنۆمی پاییزه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی خه‌ریک بوو ببه‌سترێ. ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌ ده‌وروبه‌ری سکرتاریا ده‌بن که‌ هه‌واڵی شه‌هید بوونی کاک مه‌نسوور ڕه‌شه‌ هه‌ورامی، کاک مه‌نسوور ناسری، کاک ساماڵ ئیسماعیل زاده‌، کاک ره‌فعه‌ت مورادی و کاک یه‌دوڵڵا شیرین سوخه‌ن ده‌گا. ئازاد پێشنیار به‌ ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌کا که‌ ده‌بێ ئه‌وانیش واته خۆی و چه‌ند ئه‌ندامێکی کۆمیته‌ ناوه‌ندی به‌ هاواریانه‌وه‌ بچین به‌ڵام به‌ گوێی ناکرێ. هاوڕێکانی ئه‌و پێنج شه‌هیده‌ توانیبوویان ده‌ست به‌ سه‌ر ماشێنێکی ئیتلاعات دا بگرن. به‌ڵگه‌ و که‌لوپه‌له‌کان که‌ له‌ چه‌ند ته‌لیس دا بوون، له‌ به‌ر ده‌رگای سکرتاریا فڕێ ده‌درێن. هه‌موو په‌شۆکابوون. چه‌ند که‌س ئیعتراز ده‌که‌ن که‌ نه‌کا ئه‌و ته‌لیسانه‌ ماده‌ی ته‌قینه‌وه‌یان تێدا بێ. مامۆستا بانگی کاک شاهۆ و کاک چه‌کۆ وه‌ک به‌رپرسانی ئه‌منیه‌تی ده‌کا و قوژبنێکیان پێ نیشان ده‌دا تا ته‌لیسه‌کان بپشکنن‌. دواتر کاک برایم زێوه‌یی‌ش ده‌چێته‌ لای ته‌لیسه‌کان و به‌ دوای ئه‌ویش دا ئازاد و خه‌ڵکی دیکه‌ش له‌ ده‌وری ته‌لیسه به‌ڵگه‌کان که‌ به‌رپرسانی ئه‌منیه‌تی خه‌ریکی پشکنینیان بوون، کۆ ده‌بنه‌وه‌. ... دوای چه‌ند سه‌عات‌ له کاتێکدا که‌ خه‌ڵکه‌که‌ له‌ ده‌وری نه‌خۆشخانه و ته‌رمی شه‌هیده‌کان‌ کۆ ببونه‌وه، کومیته‌ی ئه‌منیه‌ت به‌ دوای‌‌ ئازاد دا ده‌گه‌ڕا. به‌ڵام تازه‌ ئازاد ده‌رچوو بوو. دواتر ئاشکرا بوو که‌ له‌ ناو به‌ڵگه‌کان دا ره‌سیدی په‌رداختی بڕێک پاره‌ و نه‌وارێکی ده‌نگی له‌ ئازاد هه‌بوون ... .

له‌ مێژووی حیزبی دێموکرات یان هه‌ر حیزبێکی دیکه‌ی به‌رهه‌ڵستکاری کۆماری ئیسلامی دا، ئازاد تاکه‌ نمونه‌ی خۆ خزاندنی ئیتلاعات له‌ ناو ریزه‌کانی حیزبدا نییه‌. به‌ڵام بوونی مۆره‌ی ئاوا له‌ ناو ریزه‌کانی هه‌ر حیزبێکی سیاسی دا ناتوانێ به‌ مانای جاسووس بوونی هه‌موو حیزبه‌که یان ته‌نانه‌ت ره‌فیقه‌ حیزبیه‌کانی ئه‌و که‌سه‌‌ بێ. مه‌گه‌ر بۆ که‌سانێکی وه‌ک حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌. حه‌تمه‌ن حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده له‌بیری ماوه له‌و وه‌خته‌دا که ده‌فته‌ری سیاسی حیزب له گه‌وره‌دێ بووه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌کی به رواڵه‌ت جێگای باوه‌ڕ و دڵسۆز و لێهاتوو هه‌بوو به ناوی شۆرش که ئه‌گه‌رچی پارێزه‌ری دایمیی دوکتور قاسملوو نه‌بوو به‌ڵام زۆر جار و بۆ سه‌فه‌ری گرینگ دوکتور قاسملوو وه‌ک که‌سێکی ئازا و باوه‌ڕ پێکراو له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبرد. له گه‌ڵ کاک دوکتور له‌‌ مه‌ئموریه‌ت دا بوو که‌ خه‌به‌ر به‌ حیزب گه‌یی ناوبراو پێوه‌ندی به‌ رێژیمه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ بوو که‌ هه‌ر به‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی دا یه‌کسه‌ر له‌ لایه‌ن حیزبه‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ر و‌ ئیعدام کرا.

نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی زۆر ناسراو گوزارشدانی سمایلی قاسملوو به ساواک بووه له‌باره‌ی ئه‌و تێکۆشه‌ره کوردانه‌ی له زه‌مانی شادا تێکۆشانی نهێنیان هه‌بوو. ئایا ئه‌وه ده‌بێته ده‌لیل بۆ ئه‌وه‌ی گله‌یی له دوکتور قاسملوو بکه‌ین؟! بێگومان نا.

جواب بۆ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ (3)

2010 01 09 - 12:39


‌به‌شی سێهه‌م: له‌ روانگه‌ی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌وه‌ شه‌هیدانی میکونوس سیخوڕی کۆماری ئیسلامی بوون!
تاهیر قاسمی
ئه‌وه‌ی له‌ نێو ئه‌و بوختان و تۆمه‌تانه‌دا که‌ ئاغای ئه‌یوبزاده به‌ شێوه‌ی جواروجۆر ده‌یهه‌وێ‌ رووبه‌ڕوی حیزبی دێموکرات و رێبه‌ره‌کانی له‌ رابردوو و ئێستا دا (به‌ هه‌ردوو به‌شه‌وه‌) بکاته‌وه‌‌، مه‌سه‌له‌ی به‌ جاسووس له‌ قه‌ڵه‌مدانی لانیکه‌م یه‌کێک له‌ شه‌هیده‌کانی کاره‌ساتی میکونوس و به‌ ته‌به‌عی ئه‌وه‌ش ئه‌ندامانی ئێستای رێبه‌ریی حیزبی دێموکرات، زیاتر له‌ هه‌موو شتێک مێشکی منی به‌ خۆیه‌وه‌ مه‌شغوڵ کرد.
ئاغای ئه‌یوبزاده‌ عاده‌تیه‌تی که‌ بۆ زڕاندنی ناوی رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات، چ ئه‌وانه‌ی که‌ شه‌هید بوون و چ ئه‌وانه‌ش که‌ ماون، سه‌ر به‌ هه‌موو که‌لێن و که‌له‌به‌رێک دا‌کا و هه‌ر قسه‌یه‌ک و قسه‌ی هه‌ر که‌سێک که‌ به‌ حاسته‌م له‌و باره‌وه‌ بۆنێکی لێ بێ، یه‌کراست له‌ لای ناوبراو ده‌بێ به‌ واقع و به‌وه‌شه‌وه‌ راناوه‌ستێ و به‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامان و کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکراتی دا ده‌به‌شێته‌وه‌. یه‌کێک له‌وانه‌ قسه‌ی دادستانی دادگای به‌رزی ئاڵمانه‌ که‌ کاتێک دادگا به‌ڵگه‌کانی سه‌ر لانیکه‌م یه‌کێک له‌وانه‌ی له‌ شه‌وی تیرۆره‌که‌ دا ئاماده‌بوون و به‌ ساخی ده‌رچووبون، به‌ به‌س نازانێ و بۆی روون نابێته‌وه‌ ئاخۆ له‌ ناو ئاماده‌بوان یان ئاگادارانی کۆبوونه‌وه‌ی شه‌وی 17ی سێپتامبری 1992ی ریستورانی میکونوس دا، کامیان سیخوڕ و سه‌رچاوه‌ی زانیاریی تیمه‌ تیرۆره‌که‌ی کۆماری ئیسلامی بوون و هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیشی له‌ سه‌ر قوربانیه‌کان ده‌ست ناکه‌وێ، ده‌ڵێ؛ "تراژیدیای ئه‌م تیرۆره‌ ده‌توانێ ئه‌وه‌ بێ که‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاریی رێژیمی ئێران خۆی شاهیدی تیرۆره‌که‌ بووبێ و به‌ گیانی ساغه‌وه‌ لێی ده‌رباز نه‌بووبێ. (از آن جان سالم به‌ در نبرده‌ باشد)"
ئه‌و قسه‌یه‌ی دادستانی دادگای به‌رزی ئاڵمان ته‌قریبه‌ن له‌ زۆربه‌ی هه‌ڵکوتانه‌کانی حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده‌ بۆ سه‌ر حیزبی دێموکرات دا دووپات و چه‌ند پات کراوه‌ته‌وه‌ که‌ من وێنه‌ی له‌و چه‌ند سه‌ردێڕه‌ جیاوازه‌ی جه‌نابی ئه‌یوبزاده دا‌ دێنمه‌وه‌:
ئه‌یوبزاده له‌ نووسراوه‌ی "په‌روه‌نده‌ی تیرۆری دوکتور قاسملوو و قه‌راردادی ئاشبه‌تاڵ" دا ئاوا باسی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌کا: "با له‌زمانی دادئه‌ستێنی دادگای میکۆنۆسه‌وه له کارتێکه‌ریی ده‌ز‌گای جاسووسیی کۆماری ئیسلامیی له نێو ئه‌ندامان و لایه‌نگران ورێبه‌رایه‌تی حدکا بدوێین. مێژووی ژیانی سالانی رێبه‌رایه‌تی حیزب و هاوکوفه‌کانی بخوێنینه‌وه: به‌گوێره‌ی وته‌ی دادستانی دادگای میکونوس له‌و چوارکه‌سه‌ی که له رێستۆڕانی میکونوس کوژران، "لانی که‌م له‌که‌سێک زیاتر له‌گه‌ل ناوه‌ندی تێڕۆڕ له پێوه‌ندیی‌داببوون". تێڕۆڕیسته‌کان له وه‌پێش‌خستنی رۆژی کۆبوونه‌وه‌که‌ ئاگادار ببوون. ئه‌و ئاڵوگۆڕه پلانه‌که‌ی ئه‌وانی تێک‌نه‌دابوو." (1)
ئه‌و قسه‌یه‌ جارێکی دیکه‌ له‌ نووسراوه‌ی "تیرۆری گیان و ئه‌ندێشه‌" دا ئاوا هێنراوه‌: "راپۆرتی به‌شی پاراستنی قانوونی ئه‌ساسیی بۆ دادئه‌ستێنی گشتیی ئاڵمان له‌مه‌ر ئالووده‌ بوونی ناوه‌ندی حیزب و گرفتاربوونی له‌ تۆڕی جاسووسیی کۆماری ئیسلامیی‌دا ئێمه‌ له‌و کاره‌ساته‌ ئاگادارده‌کا". (2)
وه‌ سه‌ره‌نجام له‌ ژێر سه‌ردێڕی "دوو جینایه‌ت، دو ودادگا، دوو قه‌رار" ئاغای ئه‌یوبزاده‌ سه‌رله‌نوێ باسه‌که‌ی چه‌ند پاته‌ کردۆته‌وه‌ و ئه‌مجار ده‌قه‌ فارسیه‌که‌ی ئه‌و به‌شه‌ی کتێبی "هنوز در برلن قاضی هست"ی بڵاو کردۆته‌وه‌ و ده‌ڵێ: "دادئه‌ستێنی دادگای میکونوس له‌ مه‌ڕ ئاشکراکردنی شوێنی کۆبوونه‌وه‌ و کاته‌که‌ی و هه‌بوونی خائینێک له‌ نێو ئۆپۆزیسیۆن گوتویه‌ "اطلاعات سریع و دقیقی که‌ تیم بدست آورد در آخرین تمرین شب پیش از ترور، نشان دهنده‌ انست که‌ تیم ترور حد اقل یک منبع در درون اپوزیسیون داشته‌ که‌ در ارتباط با رهبران کرد بوده‌است. این، برداشت ما از نوع ترور بود. اطلاعات سازمان اطلاعات داخلی المان با ارائه‌ی این اطلاع که‌ آن منبع در شب ترور در رستوران حضور داشت، برداشت ما را تکمیل کرد. تراژدی این ترور میتواند این باشد که‌ منبع اطلاعاتی رژیم ایران خود شاهد ترور بوده‌ و از آن جان سالم بدر نبرده‌ باشد. متاسفانه‌ این موید اظهارات فلاحیان در اوت 1992 میباشد که‌ ما در این حزب نفوذ کرده‌ایم." ئه‌وه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ 172ی کتێبی "هنوز در برلن قاضی هست" وه‌رگیراوه. ئاغای ئه‌یوبزاده‌ بۆ ته‌فسیری ئه‌و قسانه‌ ده‌ڵێ: "ئه‌و وته‌یه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ناوه‌ندی ئه‌و حیزبه‌دا (حدکا)، له‌ رێبه‌رایه‌تیی ئه‌و حیزبه‌دا له‌ هه‌ر چوار نه‌فه‌ر، لانی که‌م له‌ نه‌فه‌رێک زیاتر سیخوڕی کۆماری تیرۆره‌.". (3)

وه‌ک ده‌زانین دوکتور سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی و هاوڕێکانی له‌و رۆژه‌دا که‌ له‌ لایه‌ن تیرۆریسته‌کانی کۆماری ئیسلامیه‌وه‌ تیرۆر کران، به‌ پێی قه‌راری پێشوو له‌ ریستورانی میکونوس له‌ گه‌ڵ چه‌ند که‌س له‌ رێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کۆ ببونه‌وه‌‌. سروشتیه‌ که‌ بۆ هه‌ر کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ئینسانه‌کان له‌ نێو خۆیاندا چه‌ند رۆژ پێشتر له‌ سه‌ر کات و شوێنی کۆبوونه‌وه‌که‌ ساخ ده‌بنه‌وه یان ئاگادار ده‌کرێن‌. بۆ کۆبوونه‌وه‌ی 17ی سپتامبری 1992ی‌ ریستورانی میکونوسیش، جگه‌ له‌ رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات، نووری دێهکوردی، په‌رویز ده‌ستمالچی و چوار که‌سی دیکه‌، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ڵێنیان دابوو له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌شدار بن یان ئاگاداری کات و شوێنی کۆبوونه‌وه‌که‌ بوون، به‌شدارییان نه‌کرد.
وته‌که‌ی دادستانی ئاڵمان ته‌نیا له‌ سه‌ر ئه‌گه‌ر دارێژراوه‌ و پشتی به‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نه‌به‌ستووه ‌به‌ڵام به‌ ناو‌ قازی و مافناسه‌که‌ی ئێمه یه‌کسه‌ر ده‌یکا به‌ راستی و‌ له‌ خۆی ناپرسێ که‌ ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی کۆبوونه‌وه‌‌ کات و شوێنی کۆبوونه‌وه‌که‌ی بۆ تیمه‌ تیرۆره‌که‌ی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا کردبێ، بۆ هه‌ر ده‌بێ له‌ ناو رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات دا بن که‌ وه‌به‌ر ده‌سڕێژی تیرۆریسته‌کان که‌وتوون؟ یان بۆ ده‌بێ ته‌نیا ئه‌و سێ ئه‌ندام و رێبه‌ره‌ی حیزبی دێموکرات راسته‌وخۆ وه‌به‌ر ده‌سڕێژ بکه‌ون و ته‌نانه‌ت دوانیان (دوکتور سه‌عید و هومایون ئه‌رده‌ڵان) تیری خه‌لاسیان لێ بدرێ و شه‌هید بن و ئه‌و کاره‌ له‌ گه‌ڵ هیچکام له‌ براده‌رانی فارس و "رێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی" نه‌کرێ؟ هاوڕێیانی حیزبی دێموکرات له‌ پاڵ یه‌کتر و به‌ ریز دانه‌نیشتبوون تا پێمانوابێ به‌ هه‌ڵکه‌وت هه‌ر سێکیان وه‌به‌ر که‌وتوون. ئه‌گه‌رچی له‌ هه‌موو کتێبه‌که‌دا ئاغای ئه‌یوبزاده‌ ته‌نیا کاری به‌و جومله‌یه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام به‌ خوێندنه‌وه‌ی کتێبی "هێشتا له‌ بێرلین قازی هه‌یه‌"، ده‌بینین تیمه‌ تیرۆره‌که‌ زۆر باش توانیویه‌تی له‌ ناو ئاماده‌بوان دا کورده‌کان گوڵبژێر بکا و شه‌هیدیان بکا. دڵنیام ئه‌گه‌ر قسه‌ی کاک حه‌سه‌ن که‌ له‌ سه‌ر گومان نه‌ک یه‌قینی دادستانی دادگای بێرلین دارێژراوه‌، راست بێ، ئه‌وا ده‌شیانتوانی به‌و ئاسانیه‌ به‌ سه‌ر مۆره‌که‌ی خۆیاندا باز بده‌ن.
قسه‌کانی دادستان دوو به‌شن: به‌شێکیان‌ زانیارییه‌کانی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئاڵمانن و تێیدا باس له‌وه‌ ده‌کا که‌ "تیمه‌ تیرۆره‌که‌ی کۆماری ئیسلامی لانیکه‌م سه‌رچاوه‌یه‌کی له‌ ناو ئۆپۆزیسیۆن دا هه‌بووه‌". ئۆپۆزیسیۆنیی حکومه‌تی ئێرانیش ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین حیزبی دێموکرات نییه‌، به‌ ته‌نیا ئه‌و حیزبه‌ هه‌ر نییه‌‌ و وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا، کۆبوونه‌وه‌که‌ قه‌رار بووه‌ کۆبوونه‌وه‌ی به‌شێک له‌ رێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران له‌ گه‌ڵ رێبه‌رانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بێ. به‌شی دووهه‌می قسه‌کانیش نه‌زه‌ری دادستان خۆیه‌تی که‌ پتر له‌ سه‌ر ئیحتمالات قسه‌ ده‌کا و مادام له‌ ناو زیندووه‌کان دا که‌سی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ لێده‌دا که‌ ره‌نگه‌ یه‌کێک له‌و چوار شه‌هیده‌ پێوه‌ندی به‌ تیرۆریسته‌کانه‌وه‌ بووبێ. به‌ڵام قسه‌کان به‌شی سێهه‌میشیان هه‌یه‌ که‌ ئه‌ویش نه‌زه‌ری ئاغای ئه‌یوبزاده‌یه‌ و له‌ گومانی دادستانی دادگای بێرلێن به‌ ئامانجی هێرش بۆ سه‌ر حیزبی دێموکرات بۆخۆی و بۆ خوێنه‌ر یه‌قین ساز ده‌کا و ده‌ڵێ: "ئه‌و وته‌یه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ناوه‌ندی ئه‌و حیزبه‌دا (حدکا)، له‌ رێبه‌رایه‌تیی ئه‌و حیزبه‌دا له‌ هه‌ر چوار نه‌فه‌ر، لانی که‌م له‌ نه‌فه‌رێک زیاتر سیخوڕی کۆماری تیرۆره‌." مه‌به‌ستیشی له‌ "له‌ هه‌ر چوار نه‌فه‌ری رێبه‌ریی حیزبی دێموکرات له‌ نه‌فه‌رێک زیاتر سیخوڕی کۆماری تیرۆره‌"، تناسب گرتنه‌ له‌و چوار شه‌هیده‌ که‌ به‌ پێی نه‌زه‌ری ئاغای ئه‌یوبزاده‌ ده‌بێ یه‌ک یان دوانیان حه‌تمه‌ن سه‌ر به‌ کۆماری ئیسلامی بووبێ. به‌ڵام دڵنیام ئاغای ئه‌یوبزاده‌‌ له‌ هه‌موومان باشتر ده‌زانێ که‌ نوری دێهکوردی نه‌ک ئه‌ندامی رێبه‌ری، هه‌ر ئه‌ندامی حیزبی دێموکرات نه‌بووه‌ و هه‌روه‌ها کاک هومایون ئه‌رده‌ڵانیش ئه‌ندامی رێبه‌ریی حیزب نه‌بووه‌. هه‌ربۆیه‌ش گه‌ره‌کیه‌تی له‌ نێوان شه‌هیدان دوکتور سه‌عید و کاک فه‌تاح عه‌بدولی، نه‌زه‌ر و شکی خوێنه‌ر راست بۆ سه‌ر سیخوڕ بوونی "له‌ نه‌فه‌رێک زیاتر" و "لانی که‌م" یه‌ک له‌و دوو رێبه‌ره‌ نه‌مره‌ یان هه‌ردوکیان هه‌ڵدێرێ.
که‌ ده‌ڵێم ئاغای ئه‌یوبزاده‌ گه‌ره‌کیه‌تی له‌ نێوان هه‌ر یه‌ک له‌ دوکتور سه‌عید شه‌ره‌فکه‌ندی، کاک فه‌تاح عه‌بدولی دا خوێنه‌ر بۆ دۆزینه‌وه‌ یان هه‌ڵبژاردنی "سیخوڕه‌که‌ی سه‌ر به‌ کۆماری تیرۆر" سه‌رپشک بکا بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ وه‌ک ئاماژه‌م پێدا و هه‌موان ده‌زانن نه‌مر نووری دێهکوردی نه‌ک ئه‌ندامی رێبه‌ری ته‌نانه‌ت ئه‌ندامی حیزبی د‌ێموکرات نه‌بووه‌ و لوڕ بووه‌ و کوردایه‌تیشی نه‌کردووه‌. ئاغای ئه‌یوبزاده‌ش زۆر باش ئه‌وه‌ ده‌زانێ و مه‌وریدی نه‌زه‌ریشی نییه‌. که‌وابوو ده‌مێننه‌وه‌ سێ که‌س و ئه‌مجار له‌ هه‌ر سێ که‌سی رێبه‌ری یه‌ک که‌س! وه‌ک ده‌شزانین شه‌هید هومایون ئه‌رده‌ڵان ئه‌ندامی رێبه‌ریی حیزب نه‌بوو. ئه‌وکات له‌ ئوروپا داده‌نیشت و کاروباره‌کانی ئوروپاش ته‌نیا به‌ یه‌ک ئه‌ندامی رێبه‌ری راده‌په‌ڕێندران که‌ ئه‌ویش شه‌هید کاک فه‌تاح عه‌بدولی بوو. که‌وابوو ئه‌مجار ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ هه‌ر دوو نه‌فه‌ر ئه‌ندامی رێبه‌ری یه‌ک نه‌فه‌ر! واته خوێنه‌ر ده‌بێ‌ له‌ نێوان کاک دوکتور سه‌عید و کاک فه‌تاح عه‌بدولی یه‌کیان به‌ سیخوڕ!! هه‌ڵبژێرێ. باوه‌ڕ ناکه‌م کاک حه‌سه‌ن گه‌ره‌کی بێ راسته‌وخۆ گومانی خوێنه‌ر بۆ سه‌ر کاک دوکتور سه‌عید راکێشێ. ئه‌گه‌رچی یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانی له‌ به‌ سیخوڕ له‌ قه‌ڵه‌مدانی رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات یه‌کێکی تر له‌ سکرتێره‌کانی حیزبی دێموکرات واته‌ عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده‌ ئه‌و گومانه‌ لا ده‌با‌. ده‌مێنێته‌وه‌ شه‌هید فه‌تاح عه‌بدولی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب. به‌و پێیه‌ و به‌ پێی ته‌ناسوبه‌که‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ ده‌بێ سه‌رجه‌م کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکرات به‌ هه‌ر دوو باڵه‌که‌ی ئێستاوه‌ سیخوڕی کۆماری ئیسلامی بن. پێموابێ ئه‌گه‌ریش یه‌قینه‌که‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌ راست بێ، که‌ من به‌ کفری داده‌نێم، کاک فه‌تاح ئه‌وه‌نده‌ی متمانه‌ لای کاک دوکتور سه‌عید هه‌بوو که‌ ده‌یتوانی به‌ حه‌بێک یان نه‌ختێک ده‌رمان کاره‌که‌ یه‌کسه‌ره‌ بکا و پێویستی به‌ تیمی تیرۆر و ئه‌و ته‌ق و تۆقه‌ نه‌ده‌کرد!!!
بێشه‌رمیی حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده‌ بۆ به‌ سیخوڕ نیشاندانی ئه‌ندامان و رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات له‌ سه‌ر بنه‌مای فه‌رزێکی دادستانی ئاڵمان له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی 247 جار دانیشتنی دادگا دا تاکه‌ یه‌ک ئیشاره‌ش که‌ به‌ جۆرێک گومان بخاته‌ سه‌ر پێوه‌ندیی نێوان هه‌ر کام له‌و سێ شه‌هیده‌ی حیزب له‌ گه‌ڵ تیمه‌ تیرۆره‌کانی کۆماری ئیسلامی، له‌ ئارادا نه‌بووه‌. له‌ وه‌ها کاتێکدایه‌ که‌ ده‌بێ بۆ خوێنه‌ر ببێته‌ پرسیار ئاخۆ مه‌به‌ستی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ تێوه‌گلاندنی رێبه‌رانی حیزب به‌ تایبه‌تی خودی ئه‌و سێ شه‌هیده‌ نه‌مره‌ له‌ تاوانی میکونوس راست به‌ ئامانجی سووک کردنی باری تاوانی کۆماری ئیسلامی له‌و کرده‌وه‌ نامرۆڤانه‌یه‌دا نییه‌؟ هه‌ر هیچ نه‌بێ ده‌کرێ یه‌کراست به‌ ئامانجی لابردنی ئه‌و گومانه‌ له‌ سه‌ر ئه‌ندامانی سه‌ر به‌ ئۆپۆزیسیۆن و له‌وانه‌ پاشماوه‌کانی ئه‌کسه‌ریه‌ت و ئه‌قه‌لیه‌ت و تاد... بێ که‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵه‌ ئاغای ئه‌یوبزاده‌ ئیتیحادی له‌ گه‌ڵ پێکهێناون.


ئاخۆ کێ ده‌توانێ سیخوڕی کۆماری ئیسلامی بووبێ؟
مێهدی‌ ئیبراهیم زاده‌ یه‌کێک له‌ به‌شدارانی کۆبوونه‌وه‌ی میکونوس ده‌ڵێ ‌:
من پێم وایه‌ ئه‌م رووداوه‌ بێ‌ بوونی‌ سیخوڕێك راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ له‌ نێوماندا رووی‌ نه‌ده‌دا، واته‌ ته‌نانه‌ت كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م 9 كه‌سه‌ نه‌یده‌توانی‌ ئاوه‌ها پێك بێت. ئامانجی‌ تیرۆر له‌و كاته‌دا هه‌یئه‌تی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران بوو، ئێمه‌ نه‌بووین. من له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م كه‌ ده‌بێ‌ سیخوڕه‌كه‌ له‌نێو ئێمه‌دا بووبێ‌. (4)
چۆنیه‌تی رووداوی تیرۆری میکونوس به‌و جۆره‌ له‌ لایه‌ن نووسه‌رانی کتێبی "هێشتا له‌ بێرلین قازی هه‌یه‌" باس کراوه‌:
9 که‌س له‌ که‌سانی سه‌ر به ئۆپۆزیسیۆن له‌ ده‌وری دوو مێز که‌ ده‌سه‌ر یه‌ک کرابوونه‌وه‌، له‌ لای چه‌پی ژووره‌که‌ دانیشتبوون. دوو که‌س که‌ تازه‌ وه‌ژوور که‌وتبوون، له‌ پشت سه‌ری یه‌که‌مین و دووهه‌مین که‌س راوه‌ستان. بنی هاشمی ئه‌و ساکه‌ی که‌ موسه‌لسه‌لی تێدا بوو، به‌رز کرده‌وه‌ و له‌و به‌ره‌وه‌ تا ئه‌م به‌ری مێزه‌که‌ی وه‌به‌ر ده‌ستڕێژ دا. موسه‌لسه‌له‌که‌ دوای به‌تاڵکردنی 26 گولله‌ به‌ سێ ره‌گبار، کوژاوه‌. راحیل به‌ ده‌مانچه‌ گولله‌یه‌ک له‌ مێشک و دوو گولله‌ی له‌ زگی شه‌ره‌فکه‌ندی و گولله‌یه‌کی له‌ مێشکی ئه‌رده‌ڵاندا به‌تاڵ کرد. له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ چه‌ند چرکه‌دا له‌ سه‌ر یه‌ک 30 فیشه‌ک هاویشتران. بکوژه‌کان به‌ روونی ئاگاداری ریزی دانیشتنی قوربانیه‌کان بوون و دوای چوونه‌ ژووره‌وه‌یان بێ راوه‌ستان ته‌قه‌یان لێ کردن. (5)
ئه‌بولقاسم میسباحی گرینگترین شاهیدی دادگای میکونوس له‌ لێپرسینه‌وه‌که‌ی خۆیدا وتویه‌تی: به‌ ژماره‌ی ئه‌و فیشه‌کانه‌ی که‌ له‌ هه‌ر قوربانیه‌ک ده‌درێ، ده‌توانین بزانین که‌ ئایا ئه‌و که‌سه‌ به‌ ئانقه‌ست لێیدراوه‌ یان به‌ هه‌ڵکه‌وت. ئه‌گه‌ر دۆخه‌که‌ له‌ بار بێ، ته‌نانه‌ت تیری خه‌لاس له‌ قوربانی ده‌درێ. (6) که‌وابوو به‌ پێی وته‌کانی میسباحی و به‌ پێی ئاکامی تیرۆره‌که‌، ئامانجی سه‌ره‌کیی تیرۆریسته‌کانی کۆماری ئیسلامی ئه‌و سێ که‌سه‌ بوون که‌ له‌ ژێر ئاوری چه‌که‌کانیان دا گیانیان له‌ ده‌ست دا و ته‌نانه‌ت دوو له‌و سێ که‌سه‌ تیری خه‌لاسیان له‌ سه‌ر درا.
له‌ ئه‌نجامی ئه‌و تیرۆره‌ دا هه‌ر یه‌ک له‌ سادق شه‌ره‌فکه‌ندی (دوکتور سه‌عید) سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، فه‌تاح عه‌بدولی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و به‌رپرسی ئوروپای حیزب و هومایون ئه‌رده‌ڵان به‌رپرسی حیزب له‌ ئاڵمان ده‌ستبه‌جێ گیانیان له‌ ده‌ست دا و نورالله‌ محمدپور دێهکوردی (نوری) له‌ نه‌خۆشخانه‌دا کۆچی دوایی کرد. عزیزالله‌ طبیب غفاری ئه‌ندامی رێکخراوی فیداییانی خه‌لق و خاوه‌نی ریستورانه‌که‌ بریندار بوو و چوار که‌سه‌که‌ی دیکه‌ هیچ زیانێکیان پێ نه‌گه‌یی. (7)
ئه‌وانه‌ی ده‌عوه‌ت کرابوون، جگه‌ له‌ دوکتور سه‌عید، کاک فه‌تاح، کاک هومایون و نوری دێهکوردی، سه‌رجه‌م نۆ که‌س بوون که‌ بریتی بوون له‌ ئیبراهیم زاده‌، جه‌عفه‌ری، ده‌ستمالچی، روستا، فه‌راحه‌تی، مه‌سعود نیا، میرراشێد، نه‌وبه‌ری به‌راتی و نیرومه‌ند. ئه‌وانه‌ له سه‌ر داوای دێهکوردی له‌‌ لایه‌ن ته‌بیب غه‌فاری خاوه‌نی ریستورانه‌که‌ ئاگادار کرابوونه‌وه‌ و غه‌فاری بۆخۆیشی به‌شداری کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو. هه‌روه‌ها دێهکوردی بۆخۆی ته‌له‌فۆن بۆ متحملیان، نوێنه‌ری حیزبی دێموکراتیکی خه‌ڵکی ئێران ده‌کا که‌ به‌شداری کۆبوونه‌وه‌که‌ بێ. ئه‌ویش پێی ناکرێ و داوا له‌ دوو که‌س له‌ هاوڕێکانی ده‌کا که‌ به‌شدار بن و ئه‌وانیش هه‌ر پێیان ناکرێ و به‌شدار نابن. (8)
له‌ شه‌وی سێ‌شه‌ممه‌وه‌ که‌ قه‌رار(ی کۆبوونه‌وه‌) داندرا، ئاشکرا کردنی مومکین نه‌بوو. به‌ر له‌ شه‌وی سێ‌شه‌ممه‌ هیچکه‌س کاتی کۆبوونه‌وه‌که‌ی نه‌ده‌زانی. له‌ مه‌ودای نێوان دوایین سه‌عاته‌کانی سێ‌شه‌ممه‌ تا ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی نیوه‌ڕۆی چوارشه‌ممه‌ خه‌به‌ری پێکهاتنی کۆبوونه‌وه‌یه‌ک (به‌ ئاماده‌بوونی شه‌ره‌فکه‌ندی له‌ شه‌وی پێنج‌شه‌ممه‌دا) به‌ که‌سانی سه‌ر به‌ "ئۆپۆزیسیۆن" درا و هه‌ر له‌و مه‌ودایه‌ش دا خه‌به‌ره‌که‌ به‌ تیمی تیرۆر گه‌یی. (9)

به‌ڵگه‌کان چی ده‌ڵێن؟
هه‌ر له‌ سه‌رچاوه‌که‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ دا، ئاماژه‌ به‌ ‌"هاتنی تیمێکی کۆماری ئیسلامی بۆ دانوستان له‌ گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌ ئاڵمان به‌ تایبه‌ت شورای هه‌ماهه‌نگیی ئیرانیه‌کان له‌ بێرلین (واته‌ ئه‌و که‌سانه‌ی رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات له‌ گه‌ڵیان کۆببونه‌وه‌) کراوه‌. یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و تیمه‌ که‌سێک بووه‌ به‌ ناوی مه‌نسوور نه‌جاتی که‌ خۆی به‌ حجت الاسلام نجاتی ناساندووه‌. نجاتی له‌ ئاڵمان له‌ گه‌ڵ که‌سانی جۆراوجۆر پێوه‌ندیی گرتووه‌. زۆربه‌ی ئه‌و پێوه‌ندیانه‌ به‌ نهێنی ماونه‌ته‌وه‌ و ته‌قریبه‌ن هیچ که‌س ئاماده‌ نه‌بووه‌ به‌ ئاشکرا باسیان بکا." (10)
له‌ ناو کۆمه‌ڵێک دیمانه‌دا که‌ بڵاوکراوه‌ی رێگای ئازادی ئۆرگانی حیزبی دێموکراتیکی خه‌ڵکی ئێران له‌ گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ پێوه‌ندیان به‌ رووادوی میکونوسه‌وه‌ هه‌بوو، هه‌ر یه‌ک له‌ جه‌عفه‌ری، ده‌ستمالچی، روستا و فه‌رجاد به‌ تێر و ته‌سه‌ل له‌ بابه‌ت تۆمه‌ته‌کانی رێکخراوی موجاهیدین به‌ ئه‌ندامانی کۆبوونه‌وه‌ی هاوئاهه‌نگی و له‌ پێوه‌ندیی له‌ گه‌ڵ نه‌جاتی و سه‌دیقی (دوو له‌ ئه‌ندامانی تیمی به‌ ناو دانوستانی کۆماری ئیسلامی) قسه‌یان کرد و وشه‌ به‌ وشه‌ تۆمه‌ته‌کانیان ره‌د کرده‌وه‌ و سه‌لماندیان که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دژی ئه‌و جۆره‌ پێوه‌ندیانه‌ بوون به‌ڵام "ئه‌وانی تر" ئه‌و پێوه‌ندیانه‌یان قه‌بوڵ بووه‌. روستا ده‌ڵێ: "و به‌ڵام زیندو یاد نوری له‌ هه‌لومه‌رج و، وه‌بیر خۆتانی بێننه‌وه‌ بارودۆخی ئه‌و کات دا، پێیوابوو که‌ ئه‌گه‌ر دژایه‌تی له‌ گه‌ڵ دانوستان بکا، ته‌ریک ده‌که‌وێته‌وه‌... " (11)
نووسه‌رانی کتێبه‌که‌ له‌ بابه‌ت هه‌ڵسوکه‌وت و نیزیکایه‌تی ئه‌ندامانی شورای هه‌مانهه‌نگیی ئێرانیه‌کان له‌ بێرلین ده‌ڵێ: هێشتا چوار ته‌رم و بریندارێکی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له‌ نه‌خۆشخانه‌ بوون که‌ راگه‌یه‌ندرا به‌ یارمه‌تیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان و کۆماری ئیسلامی و به‌ ده‌ستی ئه‌نستیتوی رۆژهه‌ڵاتناسیی هامبورگ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌ بابه‌ت مافی مرۆڤ و مافی مرۆڤی ئیسلامی پێکهاتووه‌..... هێشتا چوار ته‌رم و بریندارێکی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له‌ نه‌خۆشخانه‌ بوون که‌ چه‌ند ئێرانیی ئۆپۆزیسیۆن، دێموکرات و لایه‌نگری مافی مرۆڤ و دانیشتووی بێرلین که‌ به "هه‌ڵکه‌وت" یه‌کیان ماوه‌یه‌ک ئه‌ندامی کۆبوونه‌وه‌کانی هاوئاهه‌نگی و له‌ دۆستانی کۆنی دێهکوردی بوو، له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بوو. (12)
یه‌کێک له‌وانه‌ی که‌ پۆلیس پێشتر گومانی له‌ سه‌ری هه‌بوو که‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاریی تیمه‌ تیرۆره‌که‌ی کۆماری ئیسلامی بووه‌، عه‌زیزوڵڵا ته‌بیب غه‌فاری، خاوه‌نی ریستورانی میکونوس و یه‌کێک له‌ رێبه‌رانی رێکخراوی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی فیداییانی خه‌لق بوو. ئه‌ویش به‌و ده‌لیلانه‌ی خواره‌وه‌ که‌ ده‌قاوده‌ق له‌ کتێبی "هنوز در برلن قازی هست" وه‌رگیراو و وه‌رگێڕدراون:
- پۆلیس 5000 مارک پوڵی له‌ ریستورانه‌که‌یدا دۆزیبۆوه‌ و ده‌یتوانی گومانی ئه‌وه‌ی لێ بکا که‌ وه‌ک ئه‌و پوڵه‌یه‌ که له‌ کاتی ده‌ستبه‌سه‌رکردنیان دا له‌ ئه‌مین و راحل (دوو له‌ تیرۆریسته‌کان) وه‌ده‌ستی هێنابوو.
- ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌بوو بۆ کۆبوونه‌وه‌ی رۆژی پێنج‌شه‌ممه‌ ئاگادار بکرێن، بۆ رۆژی هه‌ینی بانگ کرابوون و خاوه‌نی ریستورانه‌که‌ ده‌یتوانی ئه‌و کاره‌ی به‌ ئامانجه‌وه‌ ئه‌نجام دابێ.
- کاتێک دوکتور سه‌عید، عه‌بدولی و ئه‌رده‌ڵان ده‌چن بۆ ریستورانه‌که‌، دێهکوردی له‌ غه‌فاری ده‌پرسێ که‌ بۆ هیچکه‌س نه‌هاتووه‌. غه‌فاری وڵام ده‌داته‌وه‌ که‌ تۆ گوتت هه‌ینی شه‌و کۆبوونه‌وه‌مان هه‌یه‌. دێهکوردی ده‌ڵێ نا من گوتم شه‌وی هه‌ینی. شه‌ره‌فکه‌ندی هاتۆته‌ ناو باسه‌که‌وه‌ و وتویه‌تی ئه‌من سبه‌ی به‌یانی ده‌بێ بێرلین به‌ جێ بێڵم و نه‌مانده‌توانی هه‌ینی شه‌و له‌ بێرلین قه‌رار دابنێین. هه‌ر ئه‌و کات ته‌له‌فۆن بۆ ئه‌وانی دیکه‌ ده‌که‌ن تا بێن.
- خانمێک که‌ ماڵه‌که‌ی جیرانی ریستورانه‌که‌ بوو، له‌ دادگا دا شاهیدی دابوو که‌ خاوه‌نی رستورانه‌که‌ی که‌مێک به‌ر له‌ ته‌قه‌که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ریستوران بینیوه‌ که‌ خه‌ریکی سیگار کێشان بووه‌.
- خاوه‌ن رستوران ماشێنێکی بێنزی 190ی سورمه‌یی هه‌بووه‌ و مێرسدێسێکی 190ی ره‌نگ تار له‌ تیرۆره‌که‌ دا به‌شدار بووه‌.
- ئه‌مین (یه‌ک له‌ تیرۆریسته‌کان) له‌ لێپرسینه‌وه‌دا وتبووی که‌ دوای ته‌واوبوونی کاره‌که‌، رستورانه‌که‌ ده‌فرۆشێ. ماوه‌یه‌ک بوو خاوه‌نی رستوران به‌ دوای مشته‌ری بۆ رستورانه‌که‌ی دا ده‌گه‌ڕا.
- خاوه‌ن رستوران دوای ده‌رچوون له‌ نه‌خۆشخانه‌ ماوه‌یه‌ک ماڵی یه‌کێک له‌ دۆسته‌کانی خۆی وه‌کوو شوێنی نیشته‌جێبوون لای پۆلیس تۆمار کردبوو ئه‌گه‌رچی له‌و ماڵه‌دا نه‌ده‌ژیا. له‌ جیرانه‌تی ئه‌و ماڵه‌دا، یه‌کێک له‌ دۆسته‌کانی دارابی ده‌ژیا و عه‌لی سه‌برا – ئه‌و که‌سه‌ی ماشێنی هه‌ڵاتنه‌که‌ی کڕیبوو – ئه‌و ماڵه‌ی وه‌ک شوێنی ژیانی خۆی لای پۆلیس تۆمار کردبوو.
به‌و هۆکارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ پۆلیس پێوه‌ندیه‌کانی ئه‌وی به‌ر له‌ تیرۆر و دوای تیرۆر خستبۆ ژێر لێکۆڵینه‌وه‌ و بێوچان لێپرسینه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵدا ده‌کرا به‌ڵام به‌ هیچ ئاکامێک نه‌گه‌یی.
پۆلیس هه‌روه‌ها له‌ رێگای لێپرسینه‌وه‌ له‌ تیرۆریسته‌کان هێندێک شتی بۆ ده‌رکه‌وتبوو:
- له یاداشتێک دا که‌ پۆلیس له‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌مین (یه‌ک له‌ تیرۆریسته‌کان) هه‌ڵیگرتبۆوه‌ هاتبوو که‌ خاوه‌نی مرسدس 190 له‌ گه‌ڵ دوو له‌ هاوکاره‌کانی به‌ فارسی قسه‌ی کردووه‌.
- حه‌یده‌ر به‌ عیمادی وتبوو که‌ شۆفیره‌که‌ هه‌موو شتێک ده‌زانێ و شوێن و جێگاکه‌ ده‌ناسێ. من له‌و قسه‌یه‌ وا تێگه‌یشتم که‌ شۆفیره‌که‌ له‌ نزیکی رستورانه‌که‌ ده‌ژی. (یاداشتی پۆلیس له‌ قسه‌کانی ئه‌مین)
- پرسیار له‌ یوسف (ئه‌مین) کرابوو که‌ ئاخۆ شۆفیری بینزه‌که‌ ده‌ناسێ و ئه‌ویش پرسیاره‌که‌ی به‌و پرسیاره‌ وڵام دابۆوه‌ که‌ ئایا خاوه‌نی ستورانه‌که‌ شۆفیری ماشێنێکی بێنز نییه‌؟! (13)
وه‌ک ده‌بینین ئه‌وانه‌ هیچیان به‌ڵگه‌یه‌کی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ نین بۆ دادگای بێرلین و قازیه‌کانی ئه‌و دادگایه‌ تا یه‌کێک له‌ رێکخه‌ران و به‌شدارانی کۆبوونه‌وه‌ی میکونوسی پێ تاوانبار بێ. که‌چی له‌ حاڵێکدا له‌ ماوه‌ی 42 مانگ دانیشتنی دادگای ئاڵماندا تاکه‌ یه‌ک به‌ڵگه‌ و گومانی زۆر لاوازیش له‌ سه‌ر هیچکام له‌و سێ شه‌هیده‌ی حیزبی دێموکرات نه‌بووه‌ و نه‌هاتۆته‌ به‌ر باس، به‌ ناو قازی و مافناسه‌که‌ی ئێمه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و قسه‌ به‌ ئه‌مما و ئه‌گه‌ره‌ی دادستان (سه‌یری فێعلی شه‌رتی جومله‌که‌ی بکه‌) که‌ ده‌ڵێ: "تراژیدیای ئه‌م تیرۆره‌ ده‌توانێ ئه‌وه‌ بێ که‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاریی رێژیمی ئێران خۆی شاهیدی تیرۆره‌که‌ بووبێ و به‌ گیانی ساغه‌وه‌ لێی ده‌رباز نه‌بووبێ. (از آن جان سالم به‌ در نبرده‌ باشد)"، یه‌کسه‌ر نه‌ک فتوای جاسووسی و سیخوڕی بۆ کۆماری ئیسلامی له‌ سه‌ر لانیکه‌م یه‌کێک له‌ قوربانیانی تیرۆری میکونوس و رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات ده‌ر ده‌کا به‌ڵکو بێ سێ و دوو له‌و خه‌یاڵه‌ی خۆی‌ ته‌ناسوب ده‌گرێ و به‌ هه‌مان نیسبه‌ت به‌ سه‌ر رێبه‌ریی پێشوو و ئێستای حیزبی دێموکرات (به‌ هه‌ردوو به‌شه‌وه‌) دا ده‌یبه‌شێته‌وه‌. تۆ بڵێی دادگا ئه‌گه‌ر بۆی روون بوباوه‌، شه‌رمی له‌ درکاندنی ناوی ئه‌و سیخوڕه‌ کردبا؟ تۆ بڵێی به‌ پێچه‌وانه‌ی قسه‌کانی دواتری ئاغای ئه‌یوبزاده‌، حیزب ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ست له‌ دادگادا رۆیشتبێ که‌ به‌ری به‌ ئاشکرا کردنی ناوی ئه‌و سیخوڕه‌ له‌ ناو یه‌کێک له‌و سێ شه‌هیده‌ گرتبێ؟ ئه‌گه‌ر دادگا به‌ هه‌ر ده‌لیلێک خۆی له‌ ئاشکرا کردنی ناوی ئه‌و سیخوڕه‌ بواردبێ، ئایا بۆ ئه‌وه‌ نابێ گومان بخرێته‌ سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی دادگا و ده‌زگای قه‌زایی ئاڵمان، جا به‌ قازانجی هه‌ر لایه‌نێک بێ؟
مێهدیی ئیبراهیم زاده‌ له‌ بابه‌ت چۆنیه‌تی ژیانی عه‌زیزی غه‌فاری به‌ دوای کۆتایی دادگای میکونوس دا ده‌ڵێ: "له‌ نێو ئاماده‌بووانی‌ ریستورانی‌ میكۆنووس دا یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی‌ رزگاری‌ بوو، عه‌زیز غه‌فاری‌، خاوه‌نی‌ ریستورانه‌كه‌ بوو. غه‌فاری‌ دوای‌ رودانی‌ میكۆنووس بێرلینی‌ به‌جێ‌ هێشت‌و چوو بۆ "دۆسیلدێرف"‌و له‌ ساڵی‌ 1997ه‌وه‌ له‌ نێوان ئێران‌و ئاڵماندا هاتوچۆی‌ بازرگانی‌ ده‌كا." (14)
ماویه‌تی

---------------
ژێده‌ر:
1- په‌روه‌نده‌ی تیرۆری دوکتور قاسملوو و قه‌راردادی ئاشبه‌تاڵ، به‌شی 3، ح. ئه‌یوبزاده‌
2- ح. ئه‌یوبزاده‌، تیرۆری گیان و ئه‌ندێشه‌، به‌شی یه‌که‌م
3- ح. ئه‌یوبزاده‌، دوو جینایه‌ت، دوو دادگا، دوو قه‌رار
4- شه‌ره‌فکه‌ندی سیمای شۆرشگێڕێکی نه‌ته‌وه‌یی، به‌شی سێزده‌هه‌م – نووسین و ئاماده‌کردنی سمایل شه‌ره‌فی
5- هنوز در برلن قاضی هست- چاپی دووهه‌م، لاپه‌ڕه‌ی 14، نووسینی؛ مهران پاینده‌، عباس خداقلی، حمید نوذری
6- سه‌رچاوه‌ی پێشوو – په‌ڕاوێزی لاپه‌ڕه‌ی 20
7- سه‌رچاوه‌ی پێشوو
8- سه‌رچاوه‌ی پێشوو
9- هه‌مان سه‌رچاوه‌ - لاپه‌ڕه‌ی 140
10- هه‌مان سه‌رچاوه‌ - لاپه‌ڕه‌ 32
11- هه‌مان سه‌رچاوه‌ - لاپه‌ڕه‌ 34
12- هه‌مان سه‌رچاوه‌، لاپه‌ڕه‌ی 57
13- سه‌رجه‌م زانیاریه‌کان له‌ سه‌رچاوه‌ی پێشوو وه‌رگیراون
14- شه‌ره‌فکه‌ندی سیمای شۆرشگێڕێکی نه‌ته‌وه‌یی ، به‌شی سێزده‌هه‌م – نووسین و ئاماده‌کردنی سمایل شه‌ره‌فی.

جواب بۆ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ (2)

2009 12 24 - 15:25
به‌شی دووهه‌م: مێشکی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ به‌ڵگه‌ ده‌ده‌ڵێنێ
تاهیر قاسمی
له‌وه‌ به‌ دوا نووسراوه‌کانی حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده‌ و به‌ تایبه‌ت دوا نووسراوه‌که‌ی‌ شه‌ن و که‌و ده‌که‌م. وه‌ک له‌ به‌شی یه‌که‌مدا باسم کرد، نووسراوه‌کانی ئه‌و زاته‌ سه‌رجه‌میان به‌ ناوه‌رۆک یه‌ک قه‌وانن و هه‌ر به‌ سه‌ردێڕ جیاوازن. جا ئه‌گه‌ر له‌ بیری چووه‌ هێندێک له‌ بوختانه‌کانی پێشووی له‌ دوا بابه‌تیشیدا دووپاته‌ و ده‌پاته‌ بکاته‌وه‌ یان بۆی نه‌گونجاوه‌ ئه‌و کاره‌ بکا، ئه‌وا من نێوه‌ نێوه‌ بۆیان ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ تا قسه‌کانی خودی خۆی بۆ بێ‌بناخه‌بوونی درۆ و بوختانه‌کانی به‌ شاهید بگرم.
قسه‌ فڕێدان، په‌رت گۆیی به‌ ئامانجی سه‌رشێواندن له‌ خوێنه‌ر، ته‌حریف و به‌ لاڕێدا بردنی به‌ڵگه‌کان، هه‌ڵپه‌رتاوتنی قسه‌ی خه‌ڵک و هه‌ڵگرتنی دوو وشه‌ی دڵخواز له‌ ناوه‌راستی رسته‌یه‌که‌وه‌ بۆ ته‌فسیری دڵخوازانه‌ و نه‌یارانه‌ له سه‌ر‌ به‌یانیه‌ و بڵاوکراوه‌کانی حیزب و گومان خستنه‌ سه‌ر وته‌ی رێبه‌رانی حیزب، له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ کاربردنی ئه‌وپه‌ڕی سه‌داقه‌ت و ده‌ستپاکی له‌‌ گواستنه‌وه‌ی وته‌ی سه‌رانی سپا و ئیتلاعات و متمانه‌ی بێ ئه‌ملاوئه‌ولا به‌ قسه‌کانیان بۆ هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر حیزبی دێموکرات و پێداگریی به‌رده‌وام و دوو پاته‌ و ده‌ پاته‌ کردنه‌وه‌ی درۆکان به‌شێک له‌ تایبه‌تمه‌ندیی نووسراوه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ن که‌ به‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی حیزب وه‌ گڕوگاڵ که‌وت و له‌ گه‌ڵ‌ له‌تبوونی حیزب وه‌ قسه‌ هات. بابه‌تێکی هه‌ڵبژاردووه که بۆ مێژووی نیزیک ده‌گه‌رێته‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆی له‌ سه‌ر نه‌کراوه‌. که‌وابوو بۆ خه‌ڵك گرینگه و ئه‌ویش له‌ رواڵه‌تدا به زمانی دڵسۆزی قسه ده‌كا. به‌ڵام له‌ راستیدا نه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی بێلایه‌نانه‌ به‌ڵکو به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر حیزبی دێموکرات و ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌، ئه‌وه‌ی قسه‌ی ناشیرینه‌ و له‌ فه‌رهه‌نگی ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا فێری بووه‌ و له‌ دیوه‌خانی ئاغاوه‌تدا بۆ ره‌شایی کۆمه‌ڵگا که‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌ی پێکده‌هێنا، به‌ کاری ده‌با. شته‌کان به په‌رش و بڵاوی ده‌ڵێ و تیکراریان ده‌كاته‌وه و سه‌ر له خوێنه‌ر ده‌شێوێنێ. وا نیشان ده‌دا که به‌ڵگه‌ی پێیه. سه‌بکه‌که‌ی جاسووسانه‌یه، له قاودانێکی نیازپیسانه‌ی درۆزنانه‌یه. رق و بوغز و بێحورمه‌تی و شکاندنی که‌سایه‌تی و فیتنه گێڕان و ئه‌م و ئه‌و هاندان له سه‌رتاپای نووسینه‌کانی ده‌بارێ. ئه‌یوب زاده که ئیجازه‌ی به خۆی دا ماوه‌یه‌ک له مه‌وپێش چه‌ند نامه‌ی ده‌ستنووسی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د که له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن قازی‌یه‌وه بڵاو کرانه‌وه، بباته ژێر پرسیار و بڵێ به‌ڵگه‌ی جه‌عل و دروست کراون، بۆخۆی به رۆژی رووناک ته‌فسیرێکی زۆر نائه‌مانه‌تدارانه‌ی به‌ڵگه‌کان ده‌کا. رۆژنامه‌ی کوردستان و به‌یاننامه‌كانی حیزب به به‌ڵگه دێنێته‌وه. له حاڵێکدا هه‌ر که‌س خودی ئه‌و به‌ڵگانه چاو لێ بکا، ته‌فسیرێکی راست به پێچه‌وانه‌ی ته‌فسیری ئه‌یوب زاده‌ی دێته‌ ده‌ست. ده‌ست له‌ ناوه‌رۆکی راگه‌یه‌ندراو و به‌یاننامه‌کانی حیزب وه‌رده‌دا و قسه‌کانی شه‌خسی حه‌سه‌ن زاده و ته‌نانه‌ت دوکتور قاسملووش ته‌حریف ده‌کا و ئه‌وه‌ی بۆخۆی پێی خۆشه ده‌یهه‌وێ ده‌رخواردی خوێنه‌ری بدا.

لێره‌دا ته‌نیا چه‌ند نمونه‌ له‌ شێوه‌ی به‌کارهێنانی به‌ڵگه‌ و قسه‌ی خه‌ڵک و دڵسۆزی رواڵه‌تی و عه‌وامفریبانه‌ له‌ لایه‌ن کاک حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده‌وه‌ دێنمه‌وه‌:
1- نووسه‌ری دوو جنایه‌ت و دوو دادگا و دوو قه‌رار، له‌ بابه‌ت گواستنه‌وه‌ی بنکه‌کانی حیزبی دێموکرات له قه‌ندیله‌وه‌ بۆ‌ ده‌شتی کۆیه‌، ده‌ڵێ "کریس کۆچێرا له‌ کتێبه‌که‌یدا ئه‌و ڕادانه‌ به‌ کاری مه‌لا عه‌بدوڵڵا حه‌یاکی (حه‌سه‌ن زاده‌) ناو ده‌با". کابرا وتی "خه‌سه‌ن و خوسێن هه‌ر سێکیان کچی موعاویه‌ن".‌ ئه‌وه‌ راست نه‌قڵی ئاغای ئه‌یوبزاده‌یه‌. ناوبراو بۆ ئه‌وه‌ی درۆکه‌ی ئاشکرا نه‌بێ، جومله‌که‌ وه‌ک خۆی ناهێنێته‌وه‌ و وه‌ک زۆرێک له‌ به‌ڵگه‌کانی که‌ دواتر پتر بۆ خوێنه‌رانی روون ده‌که‌مه‌وه‌، به‌ ده‌ستپیسیه‌وه‌ گواستویه‌تیه‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ژه‌هری خۆی بڕێژێ، قسه‌که‌ی به‌و جۆره‌ گۆڕیوه‌ که‌ دڵخوازی خۆی بووه‌. له‌ راستیدا جومله‌که‌ که‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ 218ی کتێبه‌که‌ی کۆچێرا (خواستی سه‌ربه‌خۆیی / خه‌باتخوازیی کورد) دا هاتووه‌، وشه‌ به‌ وشه‌ ئاوایه‌: "رۆژی 18ی ژوئیه‌ی 1993 مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده‌ جێگری سکرتێری گشتی ناچار ده‌بێ به‌ په‌له‌ ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران راگوێزێ." به‌ پێی ئه‌و رسته‌یه‌ش که‌ ئاغای ئه‌یوبزاده‌ به‌ به‌ڵگه‌ هێناویه‌ته‌وه‌، وه‌ک ده‌بینین نه‌ ناوی مامۆستا به‌و جۆره‌ی که‌ ئه‌یوبزاده‌ نوسیویه‌تی "مه‌لا عه‌بدوڵڵا حه‌یاکی (حه‌سه‌ن زاده‌)، هاتووه‌ و نه‌ وشه‌ی رادان که‌ پتر بۆ گاڕان و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ ده‌بێ، تێدایه‌ و نه‌ ئیشاره‌ به راگواستنی‌ حیزب کراوه‌. به‌ڵکو نووسراوه‌: "ناچار" ده‌بێ "به‌ په‌له‌ "ده‌فته‌ری سیاسی" راگوێزێ. ده‌شزانین که‌ ده‌فته‌ری سیاسی هه‌مووی چه‌ند که‌س و کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌نامه‌ن نه‌ک هه‌موو حیزب و بنکه‌کانی حیزب یان بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی. هه‌روه‌ها له‌ هه‌موو کتێبه‌که‌دا هه‌ر کاری به‌و جومله‌یه‌ بووه‌ و باقیه‌که‌ی نه‌خوێندۆته‌وه‌ ده‌نا ده‌یدیت که‌ نووسه‌ری به‌ ناوبانگی فه‌رانسه‌وی و دۆستی کورد دوو لاپه‌ڕه‌ دواتر و له‌ لاپه‌ڕه‌ی 220 دا ده‌ڵێ: "عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران که‌ بۆخۆی فه‌رمانده‌ریی موقاومه‌ت له‌ دژی هێرشی ئێرانی کردبوو، بێ ئه‌وه‌ی که‌ بیهه‌وێ پێوه‌ندیه‌کان له‌ گه‌ڵ حیزبێکی برا ژاراوی بکا، ئه‌وه‌ قبوڵ ده‌کا که‌ جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌یده‌توانی به‌ کرده‌وه‌ پێشی چوونی ئێران بۆ نێو خاکی عێراق بگرێ، به‌ڵام ... سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش ئێرانیه‌کان نه‌یانده‌توانی به‌ بێ موافقه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان 255 کیلۆمیتر له‌ نێو خاکی کوردستانی عێراقدا بچنه‌ پێش. ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستمان ئاواڵه‌ با، ده‌مانتوانی له‌ زۆر شوێنی له‌بار له‌ سه‌ر ئه‌و رێگا دوور و درێژه‌، به‌ ژماره‌یه‌کی زۆر که‌می پێشمه‌رگه‌وه‌ که‌مینیان بۆ دابنێینه‌وه‌. به‌دبه‌ختیه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ جه‌لال تاڵه‌بانی فێر نه‌بووه‌ به‌ ئێران بڵێ: نا!"‌.
2- مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌ له‌ به‌رامبه‌ر داوای یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ دانانی کومیسیۆنی ته‌حقیقی هاوبه‌ش له‌ گه‌ڵ حیزب به‌ مه‌به‌ستی روونکردنه‌وه‌ی کاره‌ساتی تیرۆری چوار تێکۆشه‌ری دێموکرات له‌ ده‌روازه‌ی کۆیه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێ: داوای کومیسیۆنی ته‌حقیقی موشته‌ره‌کیان کرد. ئه‌وه‌شمان نه‌کرد. چونکه‌ پێمان وایه‌ مه‌سه‌له‌که‌ له‌وه‌ روونتره‌ که‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی بوێ. جا ئه‌گه‌ر دۆستانی یه‌کێتی ئیقدامێکیان کرد و ئه‌و تاوانه‌یان له‌ یه‌کێتی دوور خسته‌وه‌، ئێمه‌ش سپاسیان ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر نه‌شیان کرد با ئێمه‌ مه‌سئول نه‌بین که‌ گۆیا پێکه‌وه‌ به‌و نه‌تیجه‌یه‌ گه‌یشتووین که‌ ئه‌مانه‌ خه‌تایان نه‌بووه‌. ئاخر له‌ چی بکۆڵینه‌وه‌؟ هاوڕێیانی ئێمه‌ به‌ تانکه‌وه‌ هاتبوون کۆیه‌ بگرن؟! کامیان له‌ ماشێنه‌که‌ هاتبووه‌ ده‌رێ؟ هه‌موویان له‌ ماشێنه‌که‌دا شه‌هید بوون." (بڕوانه‌ کوردستان – ژماره‌ 252، لاپه‌ڕه‌ی 3)
به‌ڵام حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و وڵامه‌ی مامۆستا دا ده‌نووسێ: "کۆمیته‌یه‌ک له‌ هه‌ردوو حیزب (ینک و حدکا) پێک بێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و جینایه‌ته‌ بکۆڵێته‌وه‌. پێشنیار و رێگه‌ چاره‌ له‌وه‌ ژیرانه‌تر تۆ بڵێی چی بێ؟ به‌ڵام مه‌لا عه‌بدوڵڵا به‌رپرسی حدکا ده‌زانێ لێکۆڵینه‌ی ئه‌و جینایه‌ته‌ ده‌بێته‌ هۆی ئاشکرا کردنی زۆر نهێنیی و پێوه‌ندیی سیخوڕه‌کانی کۆماری تیرۆر له‌ نێو رێبه‌رایه‌تی حدکا دا. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ مه‌لا عه‌بدوڵڵا خۆی توڕه‌ کردووه‌ و گوتویه‌تی پێویست به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ ناکا. بۆخۆتان بچن لێی بکۆڵنه‌وه‌ و دوایه‌ وه‌رنه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ی رابگه‌یه‌نن." (بڕوانه‌ نووسراوه‌ی دوو جینایه‌ت، دوو دادگا، دوو قه‌رار – ح. ئه‌یوبزاده‌)
ره‌نگه‌ وته‌کانی مامۆستا و قسه‌کانی ئه‌یوبزاده‌ هیچ پێویستیان به‌ شی کردنه‌وه‌ نه‌بێ. کاتێک سکرتێری ئه‌و کاتی حیزبی دێموکرات سه‌باره‌ت به‌و کاره‌ساته‌، روو به‌ یه‌کێتیی نیشتمانی به‌ ئاشکرا راده‌گه‌یه‌نێ که‌ "مه‌سه‌له‌که‌ له‌وه‌ روونتره‌ که‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی بوێ" و "ئه‌گه‌ر دۆستانی یه‌کێتی ئه‌و تاوانه‌یان له‌ یه‌کێتی دوور خسته‌وه‌" به‌ڵام حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ ئه‌وه‌ به‌ نیشانه‌ی پێوه‌ندیی نێوان سیخوڕی جمهوری ئیسلامی و رێبه‌رایه‌تی حدکا ده‌زانێ و خۆی ده‌کا به‌ کاسه‌ی داغتر له‌ ئاش و تازه‌ دوای تێپه‌ڕینی 12 ساڵ ئه‌و شه‌هیده‌ نه‌مرانه‌ی وه‌بیر دێته‌وه‌ و ده‌ست ده‌کا به‌ قوڕ پێوان و فرمێسکی تیمساحیان بۆ ده‌ڕێژێ. کاک حه‌سه‌ن ده‌ڵێ‌ دانانی کۆمیسیۆنی هاوبه‌ش بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و جینایه‌ته‌ ده‌بوو به‌ هۆی ئاشکرا بوونی پێوه‌ندیی نێوان سیخوڕه‌کانی کۆماری ئیسلامی و رێبه‌ریی حدکا، وه‌ک بڵێی رێبه‌ریی حیزب بۆخۆی له‌ کومیسیۆنه‌که‌دا نه‌ده‌بوو و له‌ ئوروپاوه‌ کاک حه‌سه‌نیان بۆ ئه‌ندامه‌تی له‌و کومیسیۆنه‌دا بانگهێشت ده‌کرد، تا ئه‌و پێوه‌ندیانه‌یان بۆ بدۆزێته‌وه‌!! ئه‌یوب زاده ده‌ڵێ مامۆستا خۆی تووڕه کردووه و گوتوویه پێویست به لێکۆڵینه‌وه ناکا. که‌نگێ و له‌کوێ شتی وای گوتووه؟! جالب ئه‌وه‌یه له ته‌واوی نووسینه‌کانی ئه‌یوبزاده‌دا حدکا سه‌روه‌ریی خۆی له ده‌ست ده‌دا و ده‌بێته تابع و موتیعی حوکمی جه‌لال تاڵه‌بانی، که‌چی له‌و شوێنه‌دا که باس له به‌دواداچوونی قه‌زایی که‌یسی تێرۆره‌که‌ی سه‌یته‌ره‌ی کۆیه‌یه، حیزب و حه‌سه‌ن زاده سه‌روه‌ریی ته‌واوی خۆیان په‌یدا ده‌که‌نه‌وه!
3- له‌ به‌شێکی دیکه‌ی بابه‌تی "دوو جینایه‌ت، دوو دادگا، دوو قه‌رار"، حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده جارێکی دیکه‌ و ئه‌مجار له‌ ده‌لاقه‌ی عه‌وامفریبی و‌ له‌ هه‌وڵێکی پۆپۆلیستیانه‌دا، ره‌خنه‌ له‌ حیزبی دێموکرات ده‌گرێ که‌ به‌ هاتنی بۆ کۆیه‌ چیدی نیگابانی له‌ کچان و ژنانی کورد نادا و ته‌جاوز و جینایه‌ته‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی رێژیمی کۆماری ئیسلامی له‌ که‌هریزه‌کی تاران به‌ نمونه‌ دێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێ: "ده‌یانزانی که‌ به‌ جێهێشتنی وڵاته‌که‌ی خۆیان (وه‌ک بڵێی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ خه‌ڵکی ئافریقای باشوور بێ) و چۆڵ کردنی مه‌یدانی خه‌بات (وا بزانه‌ کاک حه‌سه‌ن تۆپخانه‌که‌ی به‌ دژی کۆماری ئیسلامی دابه‌ستووه‌) ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ پاسدارانی جینایه‌تکار پێکدێنێ که‌ له‌ زیندانه‌کانیان دا هه‌موو ئه‌تکێک به‌ سه‌ر ژن و کچی کورد بێنن. گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی پێشمه‌رگه‌. به‌سه‌رهاتی زیندانیه‌کانی که‌هریزه‌ک ...".
له‌ پێشدا جێی خۆیه‌تی جارێکی دیکه‌ له‌ ئاغای ئه‌یوبزاده‌ پرسیار بکرێ که‌ ئه‌رێ به‌ قوربان ئه‌تۆ که‌ بۆخۆت ئاوا لایه‌ لایه‌ ده‌زانی، بۆچی خه‌وت لێ ناکه‌وێ؟! تۆ که‌ ده‌تزانی به‌ "چۆڵ کردنی مه‌یدانی خه‌بات پاسدارانی کۆماری ئیسلامی له‌ زیندانه‌کانیان دا هه‌موو ئه‌تکێک به‌ سه‌ر ژن و کچی کورد دێنن"، بۆچی نه‌مایه‌وه‌ و زۆر به‌ر له‌و کاته‌ که‌ به‌ قه‌ولی جه‌نابت عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده‌ حیزب به‌ره‌و کۆیه‌ رادا، کوردستانت به‌ جێهێشت و مه‌یدانی خه‌باتت چۆڵ کرد؟ بۆ تۆ کورد نه‌بووی؟ بۆ ئه‌و کات مه‌یدانی خه‌بات چۆڵ کرابوو که‌ وا تۆ چۆڵت کرد؟ خۆ ناشتوانی بیانووی پیری بهێنیته‌وه‌. ئاخر ئه‌وه‌ قسه‌ی پتر له‌ بیست ساڵ له‌وه‌ پێشه‌.
له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ کاک حه‌سه‌ن به‌و وتانه‌ی نیشانی ده‌دا که‌ یان خۆی هیچ گه‌شه‌ی نه‌کردووه‌ و له‌ باری فکریه‌وه‌ چه‌ق وه‌ستاوه‌ یان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ کاریگه‌ری له‌ سه‌ر خوێنه‌ر دابنێ و ئیحساسی خه‌ڵکی ساویلکه‌ هه‌ڵخڕێنێ، به‌ زمانی جوتیار یا مه‌ڕدارێکی نه‌خوێنده‌واری ده‌هه‌ی شێستی هه‌تاوی له‌ کوردستان ده‌دوێ که‌ به‌ پێشمه‌رگه‌یان ده‌گوت؛ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ نه‌بن ناموسه‌که‌شمان هی خۆمان نییه‌. غافڵ له‌وه‌ که‌ ئیدی ئه‌مڕۆ ژنانی کورد بۆخۆیان به‌شێکی به‌رچاو له‌ هێزی مافخوازی کورد له‌ ناو کۆمه‌ڵگا و له‌ ناوه‌ندی خوێندکاری و مه‌ده‌نیه‌کاندا پێکدێنن و چیدی له‌و قۆناخه‌دا نه‌ماونه‌ته‌وه‌ که‌ چاوه‌ڕوان بن پیاوانی پێشمه‌رگه‌ نیگابانیان لێ بده‌ن. بۆ‌ خه‌ڵک ئیدی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌ سه‌ر چووه‌ و ئیستا ئه‌گه‌ر رێژیم له‌ که‌هریزه‌ک دا تاوان ئه‌نجام ده‌دا، هه‌ر له‌ ته‌ریقی ئه‌و یوتیوبه‌وه‌ که‌ کاک حه‌سه‌نیش ئیتیفاقه‌ن بینیویه‌تی به‌ڵام نازانێ که‌ قوربانیه‌کانی ته‌نیا ژنان نه‌بوون، خه‌ڵک وایان لێ له‌ قاو ده‌ده‌ن و وه‌ها سکاڵای خۆیان به‌ گوێی دنیا ده‌گه‌یه‌نن که خڵته‌ئابڕووی ئه‌و رێژیمه‌یان به‌ بادا دا و ئیدیعای حوکومه‌تی خودایی‌یان خسته‌ ناو زبڵدانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ شوێنێک پاسدارێک یان کاربه‌ده‌ستێکی رێژیم ده‌ستدرێژییه‌ک بۆ سه‌ر هاوڵاتیه‌ک بکا، ئه‌وا به‌ ده‌یان و سه‌دان که‌س له‌ سه‌ری وه‌ده‌نگ دێن و زۆر به‌ خێراییش فیلمی وه‌ده‌نگ هاتنه‌که‌یان به‌ گوێی میدیاکانی سه‌رانسه‌ری دنیا ده‌گه‌یه‌نن. لاوانی کوردیش چیدی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئاسایی‌یه‌ی ده‌هه‌کانی شێست و حه‌فتای هه‌تاوی نین که‌ به‌ دیار په‌یدا بوون و نه‌بوونی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌ست له‌ سه‌ر ده‌ست دانێن.
کاک حه‌سه‌ن ره‌نگه هیچکات‌ ئاگای له‌ ئێران و کوردستان و دنیاش هه‌ر نه‌بووبێ ده‌نا ده‌یزانی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ که‌هریزه‌ک دا به‌ سه‌ر خه‌ڵکی تاران دێ، هه‌ر ئه‌و کات که‌ پێشمه‌رگه‌ش به‌وپه‌ڕی هێزی خۆیه‌وه‌ له‌ کوردستان دا شه‌ڕی ده‌کرد، به‌ چه‌ند قات زیاتر له‌ گه‌ڵ ژنان و کچانی کورد کران و مێژوش باشترین گه‌واهه‌ که‌ کوشتن و کوژرانیش باشاری نه‌کرد و به‌ری پێ نه‌گرت. ره‌نگه‌ به‌ڕێزی نه‌زانێ که‌ به‌ دوای ئاشکرا بوونی ته‌جاوزه‌کانی که‌هریزه‌ک یه‌که‌م که‌س که له‌ سه‌ر یوتیوب‌ ئیعترافی به‌ ته‌جاوز له‌ زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی دا کرد، خاتوونێکی کورد به‌ ناوی نینا ئه‌قده‌م (ئازه‌ر ئال که‌نعان) خه‌ڵکی شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو که‌ له‌ ده‌هه‌ی شێست دا به‌ند کرا بوو. ئه‌وه‌ ته‌نیا نمونه‌یه‌ک بوو و دڵنیام نمونه‌کان له‌وه‌ زیاترن و‌ لازم نییه‌ ته‌نیا له‌ سه‌ر یوتیوب بیانبینینه‌وه‌. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر کاک حه‌سه‌ن ئه‌و کات هێشتا له‌ مه‌یدان! دا بوو، چۆن بوو دڵی بڕوای دا که‌ لانیکه‌م ئه‌و نمونه‌یه‌ له‌ کچی کورد له‌ زیندانی کۆماری ئیسلامیدا بکه‌وێته‌ به‌ر دڕنده‌ترین ئازاری جه‌للاده‌کانی کۆماری ئیسلامیه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و ده‌ست له‌ سه‌ر ده‌ست دانێ و نه‌چێ بۆ به‌رگرتن یان تۆڵه‌کردنه‌وه‌ خۆی به‌ سه‌ر ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌ و هه‌زاران تاوانی له‌و جۆره‌دا بته‌قێنێته‌وه‌ و ساغ و سه‌لیم وه‌ک به‌رزه‌کی بانان به‌ره‌و ئوروپا بۆی ده‌رچوو؟ وا دیاره‌ له‌ ژێر سایه‌ی "خوێن له‌ تۆ و شیعار له‌ من"، له‌ روانگه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌وه‌ مه‌رگ هه‌ر بۆ جیران باشه.
ئه‌یوبزاده‌ ئه‌گه‌رچی بۆ عه‌وامفریبی په‌نا بۆ ئه‌و باسه‌‌ ده‌با، به‌ڵام ده‌بێ بزانێ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌ سه‌ر چووه‌ که‌ خه‌ڵک ته‌نیا چاویان له‌ چه‌کی پێشمه‌رگه بێ و هه‌ر ئه‌وان‌ به‌ نیگابانی خۆیان بزانن. ئه‌مڕۆ لاوانی کورد زۆر له‌وه‌ هوشیارترن که ده‌ست له‌ سه‌ر ده‌ست دانێن و‌ پێیان وا بێ به‌ گرتنی پایگایه‌ک و به‌ دانانی که‌مینێک، هه‌موو کێشه‌ی کوردستان حه‌ل ده‌بێ. له‌ راستیدا کوردستان بۆ ئاغای ئه‌یوبزاده‌ هه‌ر ئه‌و کوردستانه‌یه‌ که‌ له‌ شێسته‌کاندا به‌ جێی هێشت و پێیوایه‌ چونکه‌ خۆی نه‌گۆڕاوه‌، ئه‌وا کۆمه‌ڵگاش نه‌گۆڕ ماوه‌ته‌وه‌. سه‌ره‌رای هه‌مووی ئه‌وانه‌ش وه‌ک باسم کرد جه‌نابی ئه‌یوبزاده‌ راست له‌و کاته‌دا حیزبی به‌ جێهێشت که‌ شه‌ڕێکی چه‌کدارانه‌ و گه‌رم به‌رامبه‌ر به‌ کۆماری ئیسلامی و موته‌جاوزانی ئیستای که‌هریزه‌ک له‌ ئارادا بوو. جێی خۆیه‌تی که‌ دیسان لێی بپرسرێ‌ ئه‌دی‌ چۆن بوو بۆخۆت له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕدا نه‌ک هه‌ر حیزبی دێموکرات، به‌ڵکو کوردستانت به‌ هه‌ر چوار پارچه‌که‌یه‌وه‌ به‌ جێ هێشت؟ که‌س هه‌یه‌ لێی بپرسێ تۆ که‌ ئێستا شات و شوتت بۆ شه‌ڕی چه‌کداری دنیای داگرتووه‌، ئه‌رێ له‌و چه‌ند ساڵ پێشمه‌رگایه‌تیه‌ت دا جارێک فیشه‌کت به‌ دوژمنه‌وه‌ نا؟ جارێک بریندار بووی؟ برسیایه‌تیت چێشت؟ یان نا هه‌ر به‌ هه‌وای ئاغایه‌تی و ده‌ره‌به‌گایه‌تیه‌که‌ی جارانت، له‌ ریزی باڵته‌ سپیه‌کاندا مایه‌وه‌ و تا حیزبت به‌ جێ نه‌هێشت، خۆت له‌ کورسیه‌که‌ی قه‌زاوه‌ت نه‌کرده‌وه و ته‌نانه‌ت بۆ جارێک نه‌توێرا ده‌مانچه‌که‌ی به‌ر قه‌دیشت تاقی بکه‌یته‌وه‌‌؟
4- حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ له‌ به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانی دا هه‌ڵده‌کوتێته‌‌ سه‌ر رێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموکرات و ئه‌مجار درۆکانی به‌ زمانی دوکتور قاسملووی شه‌هیده‌وه‌ هه‌ڵده‌به‌ستێ. ئه‌یوبزاده‌ ده‌ڵێ: "که‌س یا که‌سانێک که‌ دوای تیرۆری دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی رێبه‌رایه‌تی حدکایان به‌ ده‌سته‌وه‌ گرت به‌ گوێره‌ی وته‌کانی دوکتور قاسملوو (کورته‌ مێژووی رێبه‌رایه‌تی حدکا) له‌و کۆڕه‌ بوون که‌ به‌ فێڵباز، درۆزن و خورێنی چه‌ک و پاره‌ ناوی بردبوون."
له‌ پێشدا پێویسته‌ وه‌بیر خوێنه‌ری بێنمه‌وه‌ که‌ ئاغای ئه‌یوبزاده‌ لێره‌شدا به‌ داخه‌وه‌ ده‌ستپاکی نه‌پاراستووه‌. چونکه‌ ئه‌وه‌ قسه‌ی دوکتور قاسملوو نییه‌. له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌و نامیلکه‌یه‌دا باسێکی ئاوا و به‌و زمانه‌ی تێدا نییه‌ و ئه‌مجاره‌ش ئه‌یوبزاده‌ به‌ڵگه‌که‌ی هه‌ر له‌ مێشکی خۆیه‌وه‌ ده‌ڵاندووه‌.
کاک حه‌سه‌ن ئه‌و قسه‌یه‌ی به‌ ئیستنباتی خۆی له‌ نامیلکه‌ی "کورته‌ مێژووی رێبه‌ریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" نووسیوه‌ که‌ کاک دوکتور راست دوای ئینشعابی کۆنگره‌ی 8 نووسی و له‌ تێکۆشه‌ر، ئۆرگانی ناوخۆیی حیزبدا بڵاو کرایه‌وه‌. له‌ راستیدا ئه‌وه‌ ده‌که‌وته‌ نێو چوارچێوه‌ی ئه‌و شه‌ڕ و پڕوپاگه‌نده‌یه‌ی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و باڵی ئینشعابیی ئه‌و حیزبه‌ واته‌ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕی ئه‌وکات که‌ ئاغای ئه‌یوبزاده‌ له‌ رێبه‌ریی به‌ره‌ی دووهه‌م دا جێی گرتبوو. که‌وابوو ئه‌گه‌ر ئیستنباتی له‌ قسه‌کانی کاک دوکتور راست بێ، ده‌بێ بۆخۆی یه‌کێک له‌و فێڵباز و چه‌ک و پاره‌ خۆرانه‌ بێ. بۆیه‌ باسی سیفه‌ته‌که‌ی دیکه‌ی ناکه‌م چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و دوانه‌شی له‌ سه‌ر راست نه‌بن، ئه‌وا بێگومان له‌ سێهه‌میان دا عه‌له‌مداره‌.
ده‌ڵێن کابرا چاوی یاری پێ جوان بوو، چوو ده‌ری هێنا! له‌ راستیدا ئه‌و دڵسۆزیه‌ رواڵه‌تیه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ بۆ حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملووی شه‌هید دۆستایه‌تی مام ورچ وه‌بیر خوێنه‌ر ده‌خاته‌وه‌. ئاخر رێبه‌رێک که‌ ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبه‌که‌ی ئه‌وه‌ سیفه‌تیان بێ که‌‌ جه‌نابی ئه‌یوبزاده‌ به‌ زمانی دوکتور قاسملۆوه‌ هه‌ڵیبه‌ستووه‌، به‌ راستی بۆ ئه‌وه‌ نابێ فاتیحایه‌ک بۆ مودیریه‌ت و زانایی ئه‌و مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ بخوێندرێ؟! ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ دوکتور قاسملوو، هه‌شت ساڵ جێگره‌که‌ی و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبه‌که‌ی خۆی پێ فێڵباز و دز و درۆزن بن و جه‌نابی سکرتێریش نه‌ک هه‌ر ئاگاداری ئه‌و عاده‌تانه‌یان بێ به‌ڵکو به‌ ئاشکراش باسیان بکا و به‌ کرده‌وه‌ش هیچ دژایه‌تیه‌کیان نه‌کا و کاریشیان له‌ گه‌ڵ بکا، دڵنیام سکرتێریش ناتوانێ جیاواز له‌وان بێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه‌ ته‌نیا له‌ سه‌ر بۆچوونه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌یه و‌ دوکتور قاسملوو هیچکات ئه‌وه‌نده‌ نه‌زان و له‌وه‌ش زیاتر بێ ئه‌ده‌ب نه‌بووه‌ که‌ شتی وا به‌ هاوڕێکانی بڵێ و هه‌ر که‌س ئاشنا به‌ ئه‌ده‌بیات و زمانی دوکتور قاسملوو بێ، درۆی ئاوای به‌ زار هه‌ڵنابه‌ستێ. ئه‌گه‌ریش له‌ کورته‌ مێژووی رێبه‌رایه‌تی حیزبی دێموکرات دا هه‌ڵیکوتاوه‌ته‌ سه‌ر کۆمه‌ڵێک له‌و رێبه‌رانه‌ی که‌ ئه‌و کات له‌ ته‌کیا نه‌مابوون، ته‌نیا به‌رهه‌می ناکۆکی و شه‌ڕی نێوان رێبه‌رانی ئه‌و دوو باڵه‌ی حیزب بوون و، نازانم کاک حه‌سه‌ن به‌ڵام هیچکام له‌ رێبه‌رانی دیکه‌ی ئه‌و باڵه‌ش که‌ کاک حه‌سه‌نی تێدا بوو به‌و تۆمه‌تانه‌وه‌ له‌ حیزب دانه‌بڕێندرابوون.

5- ده‌ڵێن درۆزن که‌م حافزه‌یه‌. سروشتی‌یه‌ ئینسان که‌ پیر بوو زیاتر حافزه‌ی له‌ ده‌ست ده‌دا. حه‌سه‌نی ئه‌یوب زاده‌ که‌ مام جه‌لال به‌ بکوژی دوکتور قاسملوو ده‌ناسێنێ، چه‌ند پاراگراف ئه‌ولاتر هه‌ودای خه‌یاڵی له‌ ده‌ست ده‌رده‌چێ و به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر رێبه‌ریی حیزبی دێموکرات ده‌ڵێ: "جاسوسی بۆ رێژیم له‌ پله‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌وه‌ی حیزبی دێموکراتدا ئه‌وه‌نده‌ ئاشکرا ببو که به‌ وته‌ی‌ دادستانی دادگای بێرلین ئاغای جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نترناسیۆناڵ سوسیالیست دا به‌ دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی گوتبوو: به‌ پێی ئه‌و خه‌به‌رانه‌ی که‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌ مه‌ئموره‌کانی ئێرانی به‌ شوێن تۆوه‌ن.... مه‌علوم نییه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ ئاڵمان ئه‌و خه‌به‌ره‌ی له‌ کوێ و له‌ لایه‌ن کێوه‌ پێدرابوو؟"
ئاغای ئه‌یوبزاده‌ که‌ عاده‌تی نییه‌ له‌ سه‌ر به‌ڵگه‌کانی قسه‌ بکا و هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌دا به‌ڵگه له‌ سه‌ر قسه‌کانی خۆی بێنێته‌ قسه‌!، له‌ بیری چۆته‌وه‌ که‌ هه‌ر چه‌ند پاراگراف پێشتر وتبوی "بڕیارده‌ر، یان بڕیارده‌رانی حدکا ده‌یانزانی که‌ چوونه‌ ژێر چاوه‌دێریی سکرتێری یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌ مانای چوونه‌ ژێر حاکمیه‌تی کۆماری ئیسلامیه‌." کاک گۆران وه‌ک عاده‌تی هه‌میشه‌یی خۆی، لێره‌شدا ده‌ستی به‌ قسه‌ فڕێدان کردووه‌ و روونی ناکاته‌وه‌ که‌ ئه‌و وشیار کردنه‌وه‌یه‌ی شه‌هید دوکتور سه‌عید له‌ لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه‌ چ پێوه‌ندیه‌کی به‌ بوونی جاسووس ئه‌ویش له‌ پله‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌وه‌ی حیزبی دێموکراتدا هه‌یه‌؟! به‌ پێی ئه‌و قسه‌یه‌ی دوایی حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده،‌ مام جه‌لال و کۆماری ئیسلامی یه‌کماڵ بوون و هیچ فه‌رقێکیان له‌ فکر و کرداردا نه‌بووه‌. که‌چی به‌ڵگه‌که‌ی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ نیشان ده‌دا. ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ مام جه‌لال و کۆماری ئیسلامی ئاوا ئاگایان له‌ سڕی یه‌کتر بووبێ و ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستیان له‌ گه‌ڵ یه‌ک تێکه‌ڵ کردبێ، بۆچی دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی له‌ لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه‌ له‌ پیلانی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی وریا کراوه‌ته‌وه‌؟ تۆ بڵێی به‌ فه‌ڕزی راست بوونی قسه‌کانی کاک ئه‌یوبزاده‌، ده‌زگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌نده‌ ساویلکه‌ بووبێ که‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ متمانه‌ی به‌ مام جه‌لال کردبێ؟ له‌ حاڵێکدا ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ هه‌موو قسه‌کانی کاک ئه‌یوبزاده‌ ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ر مام جه‌لالیش وه‌درۆ ده‌خاته‌وه‌. ئاخر که‌سێک که‌ پیلانی کوشتنی که‌سێکی دیکه‌ی له‌ سه‌ر دا بێ، چۆن دێ و پێشه‌کی وشیاری ده‌کاته‌وه که‌ فڵانی وریای خۆت به‌ چونکه‌ به‌ ته‌مام بتکوژم‌؟
ئامانجی من نیشاندانی بێبناخه‌یی به‌ڵگه‌کانی کاک گۆرانه‌ نه‌ک به‌رگری له‌ مام جه‌لال، به‌ڵام له‌ کۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا خۆزگه‌ و هه‌زار خۆزگه‌ دوکتور سه‌عیدی نه‌مر وشیار کردنه‌وه‌که‌ی مام جه‌لالی "دۆستی کۆماری ئیسلامی" به‌ هێند گرتبا و له‌ سه‌ر قسه‌ی چه‌ند که‌س به‌ ناوی رێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆن و نه‌یاری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاوا به‌ بێ موبالاتی له‌ رستورانی میکونوس دا دانه‌نیشتبا.
ماویه‌تی ...

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...