۷/۰۲/۱۳۹۱

ئەحمەد عەزیزی: حدک خەریکە شانسێکی باشی مێژویی لە دەست بدا

دیمانە: تاهیر قاسمی
چوار ساڵ، دەرفەتێکی کەم نەبوو تا وڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە. بۆچی هێشتا بێ وڵامن؟
هۆکاری ئەوەی کە حدک ئێستاش هەروا لە بەردەم ئەم پرسیارانە دایە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە حیزب رەوتی ریفورم و گۆران لە خۆیدا کە لە باسەکانی بەر لە کۆنگرەی ١٤، بە تایبەت بە گرتنەبەری روانگەیەکی نوێی فکری و سیاسی و ریفورم لە سیستمی رێکخراوەیی خۆیی، کە تا رادەیەکی زۆر لە بەرنامە و پێرەوی نوێی پەسەنکراوی کۆنگرەی ١٤ دا هاتە ئاراوە، بە لارێدا برد. رێبەری دوای کۆنگرە ئەو رەوتەی بە لایەکدا هیدایەت کرد کە لە راستای ئەو رێبازە دا نەبوو کە کۆنگرە دیاری کردبوو. ئەمە هەڵەیەکی گەورە بوو کە رێبەری حیزب لەم ماوەدا کردی و حیزبی لە کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتە کە بۆی هاتە پێش، بیبەش کرد. لەم ماوەدا رێبازی سیاسی حیزب بە شێوەیەکی سیستماتیک لە سەر بنەمای فکرێکی تاریفکراو و ستراتیژی نێو بەرنامەی حیزب بەرێوە نەچووە، بەلکوو لە گۆڕ بۆچوونی تایبەتی بەشێک لە رێبەری بە تایبەت وتەبیژی حیزبەوە بووە.
بە گشتی بارودوخی حیزب ئەگەر لە ئاست لایەنەکانی دیکەی نێو بزووتنەوەی کورد دا بەراورد بکەین، ئاسایی دێتە بەرچاو. بەلام ئەگەر لە گۆر پەیامی ئەم حیزبە بۆ مۆدێرنیزەکردنی خۆی و بەرزکردنەوەی بیری نەتەوەیی هەڵقوڵاوی کۆنگرە ١٤ ەوە چاو لێبکەین، نادیاری و دوو ئالیەک لە بنەمای فکری و سیاسەتی حیزب دا دەبینین. ئەم دوو ئالییە لە نێوان رێبازی کۆنگرەی ١٤ و ئەو ریبازەی ئەم چەند ساڵەی دوایی رێبەری بەرێوەی بردووە لە ئاست رێبازی فکری حیزبی سەبارەت بە پرسی چارەسەری نەتەوەیی کورد خۆ دەنوێنێ.
حدک لە بەردەم تاقیکاریەکی دیکە دایە، ئەویش کۆنگرەی ١٥ یە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەو رەوتەی بۆ گۆران لە کۆنگرەی ١٤ دا هاتە ئاراوە چی بەسەر دێ؟
بنەمای تێوریکی ئەو گۆرانەی باسی دەکەی کە لە ستراتێژی سیاسی بەرنامە نوێی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٤ دا هاتووە، چییە؟
جەوهەری ئەو گۆڕانە بریتی بوو لە گرتنەبەری روانگەیەکی نوێ لە راستای بیری نەتەوەیی و زەقکردنەوەی پێناسەی نەتەوەیی بوونی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا. بنەمای تێوریکی ئەم بیرە لە راستای گۆران لە روانگە (پەرسپێکتیڤ) ی حیزب لە ئاست چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئێران دا بوو. تیروانینی سیاسی کورد هەتا ئێستا لە لایەن پارتە سیاسیەکانەوە بریتی بووە لە گەران بە دوای چارەی پرسی کورد لە ناوەندی وڵات و لە یاسای بنەرەتی ئێران دا. ئەم تێروانینە لە کۆنەوە پێناسەی خۆی لە ئایدۆلۆژی و روانگەی سیاسی سەر بە نەتەوەی دەسەڵاتدارەوە وەرگرتوە. بنەمای فکری ئەم روانگەیە دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کە هیچ یەک لە ئایدۆلۆژیەکانی نەتەوەی فەرمانرەوا بە لایەنی چەپ و راستیەوە نە تەنیا لە نیو حاکمییەت دا بەلکو لە نێو ئۆپۆزیسیونی حاکمییەتیش دا بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دابووە کە بزوتنەوەی نەتەوەیی بە تایبەت بزوتنەوەی کورد کە لە نەتەوەکانی دیکە چالاکتر بووە، لە چوارچێوەی چارەسەریەکی نێوخۆیی کە هێژمونی نەتەوەی فەرمانرەوا نەخاتە مەترسیەوە، رابگرێ. سیاسەتی کورد بە داخەوە هەتا ئێستاش کاریگەری ئەم روانگە فکری و سیاسییەی نەتەوەی دەسەڵاتداری بە سەردا زاڵە.
ئەوەی لە سەروبەندی کۆنگرە دا هاتە ئاراوەو تا رادەیەک لە نێو بەرنامەی نوێی حیزب دا جێگیر بوو، ئاراستەیەکی گرتە بەر کە دەیویست حدک بە نیسبەتی خۆی ماڵاوایی لەم روانگە داسەپاوە بەسەر سیاسەتی کورد دا بکا. بنەمای فکری ئەم روانگە نوێیە ئەوە بوو کە لە باتی ئەوەی ئێمە هەوڵمان ئەوە بێ نەتەوەی باندەست رازی بکەین و لە تاران بۆ چارەی پرسی کورد بگەرێین، پێویستە روو لە خەلکی خۆمان بکەین و بە پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی نەتەوەیی لە کوردستان دا چارەی پرسی کورد کە پرسی دەسەڵاتێکی نەتەوەییە، بکەین. ئەم دەسەڵاتە کوردیەش لە فورمی کۆماری کوردستان لە بەرنامەدا تاریفکراوە. ئەمە سەرەتایەکی باش بوو بۆ دەرباز بوون لەو سیاسەتە ناسەرکەوتووەی کە هەتا ئێستا بە سەر سیاسەتی پارتە سیاسیەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا زاڵ بووە. ئەمە دەرفەتێکی مێژویی بوو بۆ حدک. حیزب شانسی ئەوەی هەبوو کە ئەم دەرفەتە بە باشی بقۆزێتەوە. گرینگی ئەم دەرفەتە مێژوییە لە کۆنگرەدا ئاماژەی پێکرا.
ئەم روانگە نوێیە لە کام بەشی بەرنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٤ دا هاتووە؟
لە پێشەکی بەرنامەدا تا رادەیەکی زۆر بە شەفافی باس لەم روانگە نوێیە کراوە. لەوێدا باس لە هۆکاری ئەوەی کە بۆ کورد نەیتوانی دەوڵەتی خۆی لە کاتی دروستبوونی دەولەت - نەتەوە لە سەرەتای سەدەی زایینی رابردوو لە ناوچەکەدا دابمەزرێنی. هەروەها باس لە رێبازی حیزب لە سەر بنەمای بیری نەتەوەیی ژ.ک. کە حدک‌ی لە سەر دامەزرا، کراوە. ئەم روانگە نەتەوەیی‌یە کراوەتە هەوێنی دارشتنەوەی ناوەرۆکی بەرنامەی نوێی حیزب و هەڵگرتنی دروشمی خەبات بۆ دامەزرانی دەسەڵاتی کورد لە فۆرمی کوماری لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک ستراتیژی حیزب. لە کۆنگرەی چواردەی حیزب دا هەرچەند سەروگوێلاکی ئەو گەڵاڵەیان شکاند کە پێشتر لە لایەن هەیئەتی دەرەوەی وڵات نوسرابوو بەلام بەو حاڵەش بەشێکی زۆر لەم روانگە نوێیەی گرتۆتە خۆ و لە بەراورد لە گەل بەرنامەی رابردوو جیاوازیەکی جەوهەری تێدایە. ئەمە لە راستیدا سەرەتایەکی باش بوو بۆ ماڵئاوایی لە فکری خۆبەستنەوە بە ناوەند و گرتنەبەری رەوتێکی فورمولە کراو لە ناسیونالیزمی کورد.
ئەوەی ئێوە لە کۆنگرەدا هەوڵتان بۆ دا هەمووی پەسەند نەکرا. لە راستی دا ئەوەی پەسەند کرا موتوربەی دوو گوتاری تا رادەیەک لێک جیاواز بوو. دەکرێ بلێی ئەو بەش یا بەشانە کە پەسەند نەکران کامانە بوون؟
لە گەڵاڵەی پێشنیاری یەکەمی بەرنامە و پێرەو کە لە لایەن هەیئەتی دەرەوەی وڵات ئامادەکرابوو مەسەلەی فیدراڵی وەک دروشمی ستراتیژی حیزبی تێدا نەبوو. لە باسی پێوەند بە نەتەوەکانی دیکە و ئێرانی داهاتوو دا باس لە کۆمەڵێک مەرج و بنەما کرابوو. مەبەست ئەوە بوو کە ئەگەر قەرار بێ نەتەوەکانی ئێستای نێو جۆگرافیای ئێران لە فکری پێکهێنانی سیستمێکی هاوبەشدا بن، ئەو سیستمە نابێ بۆ کورد بە زۆرەملی بێ، بەلکو دەبێ لە سەر بنەمای دڵخوازو بە رەئی ریفراندۆم لە کوردستان دا سەربگرێ. هەربۆیەش باس لەو سیستمە گەرەکە بە ئاوەڵەیی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی کورد دەستی ئاوەڵە بێ لە مامەڵەی سیاسی لە گەڵ لایەنەکانی پێوەندیدار و بۆ هەر بریارێک کە بۆ خۆی لە سەر چارەنوسی خۆی دەیدا. مەبەستی سەرەکی ئەوە بوو ئێمە کە نازانین وەزعی داهاتوی ئێران چی لێ دێت هەر بۆیە نابێ لە ئێستاوە خۆمان بە جۆرێک بەو سیستمانەوە ببەستینەوە کە ئەگەری ئەوەی هەیە لە دوا رۆژدا لە بەرژەوەندی کورد نەبن. فکرەکە ئەو بوو کە ئێمە هەر لە ئێستاوە نوسخە لەباتی خەڵک بۆ کورد نەپێچینەوە و رێبازی سیاسەتی کورد لەو وابەستەگیە بە خۆدموختاری و فیدرالی رزگار بکەین.
سیستمەکانی کۆماری بە تایبەت لە وڵاتانی رۆژهەڵات کارنامەیەکی درەوشاوەیان نییە. زۆر جار سیستمی وڵاتانێک هەبوون کە کۆماریش بوون بەڵام دەستێکی باڵایان لە چەوساندنەوەی گەلانی خۆیان هەبووە وەک کۆماری تورکیە، وەک کۆماری عێراق و... پێت وا نییە سەردەمی بەڕێوەبەریی بە شێوەی کۆماری بەسەر چووە یان لانیکەم خەڵک بە جۆرێک لە دەسەڵاتێک بەو ناوە بێزارن؟
سیستمی کۆماری لە خۆیدا بە مانای دووربوون لە ستەم و چەوسانەوە نییە. سیستمی کۆماری لە بەرانبەر ئەو سیستمانەدا پێناسە وەردەگرێ کە لە سەر مەبنای ئیرسی، بنەماڵەیی وەک پاشایەتی، عەشیرەتی یان نوینەرایەتی خۆدا لە سەر ئەرز دامەزراون. بوونی کۆمار بە مانای دوور بوون لە ستەم و چەوسانەوە نییە. گرینگ ئەوەیە کۆمارێک کە دەلالەت لە سیستمی خەلک دەکا، کێن و ئەوانەی کە لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون، چۆن ئەو سیستمە ئیدارە دەکەن. هەروەک کەلکوەرگرتن لە دیموکراسی وەک فورم بۆ بەرێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی بە مانای دیموکراتبوونی ئەو سیستمە لە دنیای بە کردەوەدا نییە. لە سیستمێکی بە فۆرم دیموکراتیشدا وەک تورکیە هەیە کە کەماسیەکی زۆری لە بواری ناوەرۆکی دیموکراسیەوە هەیە. بەلام هەر تورکیە کە سیستمی کۆماری هەیە جیا دەکرێتەوە لە گەل سیستمی ناکۆماری وەک پاشایەتی ئوردون یان سیستمی خەلیفەیی ژمارەیەک لە وڵاتانی کەنداو. لە دیاریکردنی سیستمی دەسەڵاتی کۆماری لە تورکیە دا خەڵک ئەگەر بە نوقسانیس بێ، بەشدارن. بەلام لە هی ولاتە خەلیفەنشینەکان و ئۆردۆندا بە کردەوە ئەوە جەماوەر واتە خەلک نین کە حکومەت دەکەن بەلکو بنەمالەی خەلیفە و پاشان کە پێناسەی سیستمەکەن.
لە سیستمێکی سیاسیدا تەنیا خودی ناوەکە گرینگ نییە بەلکو پێناسە و ناوەرۆکی ئەو ناوە و ئەوە کە لە دنیای واقیعی دا چی دەکا، گرینگە. لە بەرنامەی حدک دا بە روونی تاریفی ئەو دەسەڵاتە بە ناوی کۆماری کوردستان کراوە. لایەنێکی دیکەی پوزیتیڤ ئەوەیە کە ئێمە رابردویەکی باشمان لەو ناوە هەیە. جگە لەمە بوونی ئەو ناوە ستاتۆی کورد لە باری زیهنیەوە بەرەو دەسەڵاتێکی سەربەخۆ کە ئامانجی نهایی ناسیونالیسمی کوردە، بەرز دەکاتەوە.
کەسانێک ئامانجی دامەزراندن یان لە راستیدا دامەزراندنەوەی کۆماری کوردستان موتەهەم دەکەن بە لاسایی کردنەوە لە ئەزموونی شکستخواردووی کۆمارەکانی سەر بە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو. وڵامت بۆ ئەو رەخنەیە چییە؟
بە بروای من تێکشکانی سۆڤیەتی پێشوو پێوەندیەکی ئەوتۆی بە کەڵکوەرگرتن لە سیستمی کۆماری یان بوونی کۆمارەکان لە سیستمی سۆڤیەت نەبوو. بە پێچەوانەوە یەکێک لە ئەزمونە ئەرێنیەکانی سۆڤیەتی پێشوو هەبوونی سیستمی کۆمارەکان بوو. هەبوونی ئەم سیستمە کۆماریە بەستێنێکی لەبار بوو بۆ ئەوەی کە کۆمارەکان هەر لە یەکەم ساڵەکانی داڕمانی سۆڤیەتدا بە سانایی سەربەخۆیی خۆیان بە دەست بهێنن. ئەو کۆمارانە تا رادەیەکی زۆر ستاتۆی نەتەوەیی یان بە واتایەکی دیکە سەربەخۆیی خۆیان لە ژێر ناوی کۆماریدا هەبوو. نمونەی بە پێچەوانەکەی یوگۆسلاوی پێشوو لە بالکان بوو کە سیستیمی کۆماری لە ئاستی سەراسەریدا هەبوو بەلام لە ئاستی نەتەوەکاندا وەک سۆڤیەت نەبوو. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە لێکجیابوونەوە و سەربەخۆیی نەتەوەکان لە بالکان ماوەیەکی نیزیک بە پانزدە ساڵەی کێشاو کارەساتی شەرێکی خۆێناوی لێکەوتەوە، دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم نەتەوانە پێشتر نە لە نێوەرۆک و نە لە فورمدا ئەو سیستمە کۆماریانەیان نەبو کە لە نێو سۆڤیەت دا هەبوو. واتە ستاتۆی سەربەخۆیان بەناوی کۆماری لە ئاستی نەتەوە جیاوازەکاندا نەبوو وەک ئەوەی کۆمارەکانی سۆڤیەت بوویان. لایەنی نەرینی سیستمی کۆماری لە سۆڤیەتی پێشوو ئەوە بوو کە دیکتاتوری حیزبی واتە تاقە حیزبێکی ئایدۆلۆژیک بە بێ کاریگەری و دەخالەتی راستەوخۆی خەلک لە کۆمارەکان دا بەرێوە دەچوو. بە کورتی گرفتەکە لە بوونی کۆمارەکان و سیستمی کۆماریدا نەبوو بەلکو لە جەوهەری ئایدۆلۆژی حیزبی حاکم و سیستمی بەرێوەبەری لە مسکۆوە سەرچاوەی دەگرت.
بە سەرنجدان بە گونجاندنی ستراتژیی دامەزراندنی "کۆماری کوردستان"، ئایا حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ریزی حیزبە کۆماریخوازەکانی دنیادا پۆلێن دەکرێ یان نا هەڵبژاردنی ئەو ناوە تەنیا بە هۆی نۆستالۆژیی کۆماری ١٩٤٦ی کوردستانە؟
حیزبە سیاسیەکانی دنیا دەتواندرێ بە شێوە و لە سەر بنەمای جۆربەجۆر پۆلێن و دابەش بکرێن. زۆر لە حیزبە سیاسیەکانی دنیا نە کۆماریخواز نە سەڵتەنەتخواز یان شتی لەو بابەتەن. باسی کۆماریی بوون یان نەبوونی حیزبێک کاتێک دێتە ئاراوە کە لەو ولاتەی حیزبەکە تێیدا چالاکی هەیە باسێکی ئاکتیڤ لە سەر سیستمی کۆماری یان ئاڵترناتیڤی دیکە لە بەرنبەریدا لە ئارا دا بێ. لەو کۆمەلگایەدا رەنگبێ بۆ خەڵک و دنیای دەرەوە گرینگ بێ بزاندرێ کام حیزبە کۆماریخۆاز و کامە لە دژیەتی. بۆیە سرفی هەڵگرتنی ئەم دروشمە لە لایەن حدک یان هەر حیزبێکی دیکەی کوردیەوە بۆ دنیای دەرەوەی کوردستان زۆر گرینگ نییە. بەلکو ئەوەی گرینگە ئەم حیزبە چ مەبەستێکی لە هەڵگرتنی ئەو دروشمە هەیە و چۆن پێناسەی ئەو کۆمارە دەکا و چ دەسەڵاتێک لە ژێر ناوی ئەم کۆمارەدا بۆ کورد دادەمەزرێنێ. بۆیە پرسیاری سەرەکی کە دەتوانێ لە بەرانبەر ئەو دروشمەدا بێتە ئاراوە ئەوەیە کە حدک چەندە بەم دروشمەی باری نەتەوەیی بونی دەسەڵاتی کوردی مەبەستە نەک ئەوەی کە چەندە کۆماریخوازە یان لە دژیەتی. بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەش درابێتەوە کۆنگرەی ١٤ بە باشی ناوەرۆکی کۆمار بە دیموکراتیک، نەتەوەیی و کوردستانی وەسف کردوە. بۆ هەریەک لەمانەش تاریفی تایبەتی بۆ کردووە. جگە لە لایەنی ناوەرۆکەکەی هەروەک لە پرسیاری سەرەوەشدا ئاماژەم پێکرد ئەم دروشمە وێنای ستاتۆیەکی نەتەوەیی و زهنیەتێکی پۆزیتیف لە رابردووی دەسەلاتداریەتی کوردیش دەکا.
بەو پێیەی کە پێشتر باست کرد، تۆ دانانی فیدڕاڵی وەک دروشمی ستراتیژێ لە بەرنامەی حدک دا بە هەڵە دەزانی؟
باسی فیدرالی لە دروشمی ستراتیژیدا یەکێک لە باسەکانی کۆنگرە بوو. لە گەڵ ئەوەی کەشی کۆنگرە بۆ رەتکردنەوەی فیدڕالی وەک درشمی ستراتیژی لەبار بوو بەڵام بە داخەوە بیری موحافزەکارانە و مەترسی لە گرتنەبەری رێباز و روانگەیەکی نوێ سەرلەنوێ کۆماری کوردستانی خستەوە نێو چوارچێوەی فیدراڵی. بە بروای من ئەمە دوپاتکرنەوەی هەمان سیاسەتی رابردوی خۆدموختاریخوازی و هەڵەیەکی مێژوویی بوو کە حدک کردی. حیزب بەمە ئەو شانسەی لە دەست دا کە لە نێو حیزبە سەرەکیەکانی کورد دا هەنگاوی جیددی لە ئاست رێبازی فکری و سیاسی بزوتنەوەی رزگایخوازی کورد دا هەڵگرێ. بەلام گرفتەکە هەتا ئێستا هەر لەوەدا نەبووە کە فیدراڵی لکێندراوە بە کۆماری کوردستان لە دروشمی ستراتیژی حیزب دا، بەڵکو گرفت لەوەشدایە کە رێبەری حیزب ئەوەش کە لە کۆنگرەی چواردەدا، تەنانەت بە فیدڕالیەکەشەوە پەسەند کرا، کاری بۆ نەکرد بەلکو لە هەلوێست و سیاسەتی فەرمی خۆیدا رێبازێکی گرتەبەر کە هەمان رێبازی تاقیکراوی پێشوی حیزب بوو.
ئێوە بەگشتی لەو بروایە دای کە حیزبە کوریەکان نابێ دروشمی فیدراڵی وەک ستراتیژی خۆیان هەڵبگرن؟
من ناڵێم باس لە فیدڕاڵی هەر نەکرێ، بەلکو مەبەستم ئەوەیە کە ئەم سیستمە پێوەندی بە هەموو ئێرانەوە هەیە و نابێ دروشمی ستراتیژی لایەنی کورد بێ. بە بروای من ئەو حیزبە سیاسییانەی ئێمە کە دروشمی فیدڕاڵیان وەک ستراتیژی خۆیان هەڵگرتووە، هەڵەیەکی زەقی نە تەنیا سیاسی بەلکو حقوقیش دەکەن.
لە باری سیاسیەوە ئەوان باس لە سیستمێک لە دەسەڵات دەکەن کە پێوەندی بە ئێران بە نەتەوەی جۆر بە جۆرەوە هەیە. دروشمی ستراتیژی کورد گەرەکە باس لەو دەسەڵاتە بکا کە کورد بۆ خۆی لە کوردستان دا دەیخوازێ و دەیەوێ دایمەزرێنێ.
لە باری حقوقیشەوە فیدڕاڵی سیستمێکی حقوقیە کە پێوەندی بە مافی هەموو تاکەکان و هەموو گروپ و نەتەوەکانەوە هەیە. ئەم سیستمە خۆبەستنەوەیەکی یاسایی لەخۆ دەگرێ. رەوایەتدان بەم سیستمە بە نوێنەرایەتی خەڵک لە لایەن حیزبی سیاسیەوە هەڵەیە چونکا هیچ حیزبێک ئەم مافەی نییە کە لەباتی هەموو کورد بریار لە سەر بەستنەوەی کورد بە دەسەڵاتی ناوەندی لە فورمی فیدڕالیدا کە ئەویش مەعلوم نیە چ ناوەرۆکێکی هەیە، بدا.
بە بروای من فیدڕاڵی لە ئێرانی فرەنەتەوە دا پرسی کورد هەر وەک رابردوو بەڵام لە شکڵێکی نوێتر دا بە بێ چارەسەری و وابەستە رادەگرێ. لایەنێکی دیکەی باشی هەڵنەگرتنی دروشمی فیدراڵی وەک ستراتیژی حیزبی سیاسی ئەوەیە کە کورد دەروازەی دیالۆگ بە ئاوەڵەیی بۆ خۆی دەهێڵێتەوە. ئەمە ئەو ئیمکانە بە کورد دەدا کە لە دیالۆگی خۆی لە تەک لایەنەکانی دیکە سەبارەت بە چارەنوس و فورمی دەسەڵاتی نەتەوەیی خۆی سەربەست بێ. لە لایەکی دیکەوە ئەمە بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد لە بەستراوەیی لە فۆرمی فیدڕاڵی رزگار دەکا و حیزبی کورد لە هەوڵدا دەبێ گرانایی هێزی خۆی بداتە سەر دامەزرانی بنەمای دەسەڵاتێک بۆ کورد لە کوردستان دا. بۆ ئەمەش پێویست ناکا بانگی سەربەخۆیی هەڵبدرێ. چڕ کردنەوەی هەوڵدان بۆ دامەزرانی دەسەڵاتێکی کورد لە فورمی کۆماری کوردستان دا یارمەتی بە بەرزبوونی کەسایەتی سەربەخۆی کورد و توانامەندی بزوتنەوەی رزگاری نەتەوەیی بەرزدەکاتەوە و رەوتی ناسیونالیسمی کورد بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بەرەو پێش دەبا.
ئێمە وەک کورد پێویستە لە هەوڵی گەشەدان بە بزوتنەوەیەکی مودێرنی نەتەوەیی لە راستای دانانی بنیاتنانی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی کورد بە پشتبەستن بە خەلک لە کوردستان دا بین نەک خەلک لە چاوەروانی سەدەقەی یاسای بنەرەتی لە دوارۆژدا بهێلێنەوە. حدک دەبوایە هەر وەک لە گەلالەی پێشنیاری هەیئەتی نوسینەوەی بەرنامەدا هاتبوو، تەئکید لە سەر پێناسەکردنی کۆماری کوردستان وەک دەسەڵاتێکی کە کورد دەیخوازێ بکا نەک باس لە مانەوە لە چوارچێوەی فیدرالی دا بکاتە ستراتیژی خۆی.
هۆی سەرەکی لە چی دا دەبێنی کە ناوەرۆکی دروشمی ستراتیژی حیزب، تەنانەت بە فیدراڵیەکەشەوە، کە لە بەرنامەی پەسەنکراوی کۆنگرەی ١٤ حیزب هاتووە، لە هەڵوێستەکانی ئەم چەند ساڵەی رێبەری حیزب دا رەنگی نەدایەوە؟
من هۆی سەرەکی لەوەدا دەبینم کە رێبەری بە تایبەت وتەبێژ و بەشێک لە بەریوەبەرانی حیزب کە دەبوایە ئەرکی سەرەکیان بە پێی ئوسوڵی نێوخۆی حیزب، چەسپاندنی پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی چواردە و هیدایەتکردنی ئەو رێبازە بوایە کە کۆنگرە پەسەندی کردبوو، لە بنەرەتدا بروایان بەو رێباز و بەرنامەیە نەبو کە کۆنگرەی ١٤ پەسەندی کرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە نێو ریبەریی حیزب بە تایبەت لە کۆمیتەی ناوەندیدا کومەلێک خەلکی خاوەن فکر و خوازیاری ئەو روانگە نوێیە هەیە و بە فکر لە گەڵ ئەو روانگە نوێیەن. لە نێو بەدەنەی حیزبیش دا ئەوەندەی من ئاگام لێیەتی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام و کادرەکانی حیزب خاوەنی ئەم فکرەن. ئەو بەشە لە رابەری کە بێ موبالاتی بە پەسەندکراوەکانی کۆنگرە کرد رۆلیکی پاسیڤی لە رەوتی باسەکانی پێوەندیدار بە رێفورم و گۆران لە بواری نەتەوەیی بەر لە کۆنگرە و لە نیو کۆنگرەدا هەبوو. ئەو سیاسەتەی ئەوان لەم دوو ساڵەی دوایی‌دا بەرێوەیان برد راست بە پێچەوانەی ئەو رێبازە نوێیە بوو کە لە بەرنامەدا هاتووە. بنەمای فکری ئەم لایەنە دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کە ئەوان هۆی جیابوونەوە لە حدکا بە نەحاوانەوەی تاکەکان لە ڕیبەری حدکادا دەبینن. بە واتایەکی دیکە تێگەیشتنی ئەوان لەو قەیرانەی کە بە بروای من قەیرانی فکری، سیاسی و ساختاری گشت حیزب بوو، تێگەیشتنێکی رووکەشی و ساکارانەیە. لە بەر ئەوە ساکارانەیە کە ئەو قەیرانە دیاردەیەکی تایبەت بە حدکا نەبوو بەلکوو دیاردەیەکی گشتگیری ئەم ساڵانەی دوایی هەموو حیزبە کوردیەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان دا بوو کە پێوەندی بە بارودۆخی سیاسی فکری نێو بزوتنەوەی کورد بوو نەک نەحاوانەی تاکەکان. لێکدابڕان و جیابوونەوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە نێو حیزبە کوردیەکاندا دەلالەت لە قەیرانێکی گشتگیری فکری، سیاسی و ساختاری لە بزوتنەوەی کورد دا دەکا. لە بواری سیاسیدا زۆر ئاستەمە کە حیزبێکی سیاسی جیددی و چالاکی نێو کۆمەڵگایەک کە بەردەوام لە حاڵی گۆڕان دایە، لە دنیای ئەمرۆدا بدۆزیەوە کە بە بێ گۆڕان و خۆ نوێژەنکردنەوە و خۆ گۆنجان لە گەڵ گۆرانکاریەکانی کۆمەڵگاکەی خۆیدا بتوانێ بە دوور بێ لە قەیرانی سیاسی‌و پێناسەیی.
ئەو هاوڕێ‌یانەی رێبەری سیاسەتی حیزبیان ئاوا بەرەو ئاقارێکی دیکە بردووە بروایان بەو قەیرانە نیە کە سیاسەتی کورد توشی بووە. لە سیاسەتیشدا وەک زۆر بواری دیکەی پێوەندیدار بە مرۆڤەوە ئەگەر تۆ نەتوانی پێناسەیەکی دروست لە قەیڕان یان هەر گرفتێکی دیکە کە توشی دەبی بکەی، هەر بەو پێیەش ناتوانی رێگای دروستی چارەسەری و لێدەربازبوونی بۆ بدۆزیەوە. ئەگەر گرفت نەحاوانە بووە کەواتە بە دەست ماچکردنێکی یەکتر هەموو گرفتی جیابوونەوەکان چارەسەر دەکرێ و قەیرانێک لە نێو حیزبە سیاسیەکانی کورد لە ئارادا نامێنێ. بۆیە ئەمە تێروانینیکی ساکارانەیە کە هۆکاری ئەو گرفتە قووڵەی کە کۆمەڵگای سیاسی کورد لە ئاستی حیزبە سیاسیەکانی ئێمە دا لە مێژە گیرۆدەی بووە، بە نەحاوانەوە دابنێی.
لەسەر بەستەری ئەم روانگەیە کە حدک لە گەل هەموو جیاوازیە روتینیەکانی لە گەڵ حدکا، خۆی لە بەرانبەر حدکا دا پێناسە دەکا و چالاکییە سیاسی و رێکخراوەیەکانی خۆی لە بەراورد لە گەڵ لایەنی خۆیدا هەڵدەسەنگێنێ. راست ئەو کارەی کە بە شێوەیەکی دیکە لە لایەن حدکاوە دەکرێ. جیاوازیەکی کە هەیە حدکا هەر لە سەرەتاوە باوەڕی بە قەیرانی فکری و سیاسی نەبووە و لە سەر رێبازی سیاسی و ساختاری رێکخراوەیی پێشوی خۆی بەردەوامە. بەڵام حدک کە هەڵگری خواستی ریفورم و گۆڕانی بنەرەتی بوو جیا لە هێندێک ئالوگۆر لە کلتوری سیاسی و هێمنانەتر کردنی زمانی مامەڵە لە تەک موخالیفان و مودارای لە تەک رەخنەدا، هەنگاوی جیددی بە کردەوەی نە لە بواری فکری و نە لە بواری ساختاری دا هەلنەگرتووە. ئەو رێبازە سیاسی و رێکخراوەیی‌یەی کە حدک لەم دوایانەدا بەرێوەی بردووە لە راستای گەرانەوە بۆ ئەو دۆزەیە کە حیزب بە گشتی بەر لە لێکجیابوونەوە گیرۆدەی بوو. رێشەی ئەم سیاسەتە دەلالەت لە قەتیس مانەوەی حیزب لە قەیرانی فکری و سیستمی رێکخراوەیی رابردوو دەکا. تەنانەت ئەو ئالوگۆرانەی هەتا ئێستا لە حیزب دا لە بواری شێوازی هەڵسوکەوتی حیزبی و رێکخراوەییدا هاتونەتە ئاراوە، نەیانتوانیوە کاریگەریەکی جەوهەری لە سەر بنەمای سیستمی رێکخراوەیی و کلتوری سیاسی حیزبیش دابنێن.
وادیارە رەشبینی بەوەی کە حدک بتوانێ ئەو ریفورمەی باسی لێدەکەی بە جێ بگەیەنێ؟
مەسەلە رەشبینی نیە. ئەم جۆرە شیکردنەوە دەتوانێ یارمەتی بە حیزب بدا کە سیمای گشتی ئەو سیاسەت و رێبازەی گرتویەتیە بەر ببینێ و بزانێ بەرەو کوێ دەروا. حدک ئیمکانی بۆ ریفۆرم لە بواری فکری و رێکخراوەیی لە زۆربەی حیزبەکانی دیکە زورتر بوو. لە سەرەتاشدا باش دەستی پێکرد بەلام بە داخەوە دواتر رێگایەکی دیکەی گرتەبەر. سیاسەتی ئێمەی کورد هەتا ئێستا کەمتر لە روی لیکدانەوە و بە وردبینی و پلانەوە بەرێوە چووە بەلکو زۆتر لە هەناوی کارتیکەری رووداوە کاتیەکانەوە هەڵوێستی سیاسی وەرگرتووە. من لەو بروایە دام کە حدک وەک هێزێکی سیاسی لە نێو گۆرەپانی خەباتی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا هەروەک حیزبەکانی دیکەی ئیستای رۆژهەڵات درێژە بە خەبات دەدا ئەگەر رێفورمیش نەکا. بەلام حدک بەم سیاسەتەی هەروەک حیزبەکانی تر رۆڵێکی بەرتەسکی لە گەشەسەندنی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورددا دەبێ.
تا چ رادەیەک هیوای ئەوە هەیە کە حدک بە کەڵکوەرگرتن لە بەرنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی چواردە، ئەو ریفورمە بکا؟
رادەی ئەو هیوایە پەیوەستە بە ئاکامەکانی کۆنگرەی پانزدە و ئەو رێباز و سیاسەتەی کە لە دوای کۆنگرە بەرێوە دەچێ. من بە روانگەیەکی گەشبینیەوە دەروانمە ئەو پتانسیلە زۆرەی لە نێو حیزب دا بۆ ریفورمی بنەرەتی لە بواری فکری، سیاسی و سیستمی رێکخراوەیی دا هەیە. بەڵام نابێ لە بیرمان بچێ کە حیزب بەم سیاسەتەی لەم دوو ساڵەی دواییدا گرتویەتە بەر و بەو مودیریەت و شێوازی سیاسەت کردنەی رێبەریی ئێستاوە، هەرگیز ناتوانێ وەڵامدەری پێویستیەکانی ئێستا بێ و کاریگەریەکی بەرفرەوانی لە سەر بزوتنەوەی کورد هەبێ.
حیزب هێزێکی باشی هەیە کە خوازیاری ریفورم لە روانگەی بیری نەتەوەیی و مودیرنیزەکردنی سیستمی کاری حیزبن بەلام ریبەری حیزب نەیتوانیوە کەڵک لەم هێزە وەرگرێ و ئەم هێزەی لە پەراوێز دا راگرتوە. ئەوەی هەتا ئێستا حیزب بە هێندی وەرگرتوە ئەو هێزە، ئەویش نەک هەمووی، کە لە دەوروبەری خۆیەتی.
مەبەستت لە دەوروبەری خۆی، بەدەر لە کۆیەیە؟ پێتوایە مانەوەی رێبەری حیزب لە کۆیە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ریفورمە لە حیزب دا؟
من هەرگیز بە روانگەیەکی نیگاتیڤەوە نەمروانیوەتە بوونی ناوەندێکی جۆگرافیایی بۆ حیزبە سیاسیەکانی رۆژهەڵات لە باشور. ئەم حیزبانە لە هەلومەرجی ئێستای خەباتیان دا پێویستیان بە بنکە بۆ ناوەندی خۆیان هەیە جا لە کۆیە بێ یان لە هەر شوێنێکی دیکە. ئەو خەلکەش کە بۆ نمونە لە بنکەی ناوەندی حدک لە کۆیەن هاوڕێیان و خەباتگێرانی دڵسۆزی حیزب و بزوتنەوەکەن و زۆربەیان خاوەن ئەزمونی خەبات و توانامەندی سیاسین. بە بروای من نە بوونی بنکەیەک لە کۆیە لە خۆیدا هەڵەیە و نە کەسایەتی و دڵسۆزی ئەو کەسانەش کە لە کۆیەن جێگای باسە بۆ من. گرفت ئەو روانگە فکریەی رێبەریە کە لە کۆیە رێباز و سیاسەت بۆ هەموو حیزب و بۆ هەموو کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی دیاری دەکا و خۆی بە بێبەری لە کارتێکەری دەرەوەی کۆیە دەبینێ. ئەم روانگەیە خەڵکانی دیکە تەنانەت ئەندامەکانی خۆشی لە دەرەوەی بازنەی ئەم جۆگرافیایە بەرتەسکە بە هێند وەرناگرێ. جەوهەری روانگەکە ئەوەیە کە سیاسەت لە کۆیەرا دیاری دەکرێ و هەر کەسیش بیەوێ کارتێکەری لە سەر حیزب و سیاسەتی حیزب دابنێ دەبێ لەوێ بێ. ئەمە کلتورێکی سەنتەرگەرایی و مەزنخوازیەکی فەرمانرەوایانەی سوننەتی و بە هەڵە تێگەیشتنە لە شێوازی کاری سیاسی بە تایبەت لە سەردەمی ئێستادا. ئەمە هەمان روانگەیە کە لە دەورانی خەباتی شاخیش بەهای بە خەڵکی دەرەوەی حیزب لە نێو شارەکان نەدەدا. هەر ئەم روانگەیە کە هەتا ئێستاشی لە گەڵ بێ نە تەنیا هەر هێزی دەرەوەی وڵات بە کەم دەگرێ بەلکو تەنانەت بە چاوێکی لاوەکیەوە دەروانێتە ئەو هێزە سەرەکیەی نێوخۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش. گرفتی کۆیە لە روانگەی بایی نەدان بە هێزی دەرەوەی کۆیەیە کە ئەویش لە کلتورێکی سەنتەرخوازیی رێبەری حیزب لە ئاست هیزی دەرەوەی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەم لە پەراوێز خستنە بەشێکی زۆر لە هێزی حیزب لە دەرەوەی بازنەی رابەری لە کۆیەش دەگرێتەوە. مەودای ئەم جیاوازیەی نێوان رێبەری لە کۆیە و دەرەوەی کۆیە بە تایبەت لە گەڵ ئەو نەسلە نوێیەی کە ئەمرۆکە سەرقافڵەی خەباتی سیاسی و مەدەنین لە نێوخۆی وڵات، بەردەوام بەرینتر دەبێ. زەمانی ئەوە بە سەر چووە کە حیزبەکان وا بیر بکەنەوە ئەوانەی لە نیوخۆ یان لە دەرەوەی وڵاتن سیاسەتکاری لاوەکین و "پرتەقاڵ دەخۆن و باس لە پێشمەرگە دەکەن"، "سەر ڕووت و منالە ورکەن" یان "لە جێگای گەرم و لە دوورەوە قسە دەکەن و وەک ئێمە دەرکی واقعیەت ناکەن". تێروانینی سوننەتی بە سیاسەت لە عەینەکی ئێلیتی بەرێوەبەری حیزبی و قەتیسمان لە کلتوری بە کەم گرتنی رای دەرەوەی ئەم ئەلیتە رۆڵی حیزبەکانی ئێمەی لە سیاسەتی کورد دا دابەزاندوە و تا رادەیەکی زۆر پاسیڤی کردووە. زاڵبوونی ئەم کلتورەیە کە رێبەری بە تایبەت لە ئاستی سکرتێر و سکرتاریەت دا ریگا لە هەر چەشنە ئاڵوگۆرێکی ساختاری و رێکخراوەیی دەگرێ کە دامودەزگای رێبەری دیسانترالیزە بکا و لە دەسەلاتیان بە سودی دیموکراسی نیوخۆیی کەم بکاتەوە.
لە هەناوی ئەم بیر و کلتورە خۆ میحوەریەیە کە رێبەری حدک لە کۆیە تەنانەت ئەو مافەی بۆ ئەندامەکانی خۆی لە دەوروبەری خۆی دادەنێ بۆ ئەندامەکانی لە دەرەوەی وڵات دانانێ.
حدک کە ئیدعای نوێگەری دەکا پێویستە ماڵئاوایی لەم کلتورە بکا و بە تێگەیشتنێکی دروست لە شێوازی کاری سیاسی مودێرن و بە سودی حیزب لە هەموو هێزی نێوخۆ و دەرەوەی خۆی کەڵک وەرگرێ و لەو قاپورە بەرتەسکەی بۆخۆی دروست کردووە، بێتە دەر.
دەمهەوێ لێرەوە رەخنەیەک بەرەورووی خۆت بکەمەوە کە وەک یەکێک لە دارێژەرانی سەرەکیی بەرنامە و پێڕەوی پەسەندکراوی کۆنگرەی چواردەی حدک سمینار یان نووسینێکی ئەوتۆتان لە سەر گەیاندنی پەیامەکانی دروشمی ستراتژیکی حیزب بە تایبەتی نەبووە. بۆچی؟
ئەمن لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوای کۆنگرەی ١٤ حدک دا چەندین جار بە نوسین و لە رێگای باسی تەلەفزیونی‌یەوە روانگە و لێکدانەوەی خۆم لە سەر گرینگی باری نەتەوەیی بزوتنەوەی کورد و ستراتیژی سیاسی حیزبە کوردیەکان دەربریوە. لەم باسانەدا ئاماژەم بە کۆماری کوردستان وەک ستراتیژی کردوە و شیکردنەوەی خۆم لە سەر داوە. لە نێو حیزبیشدا نامەی تایبەتیم سەبارەت بە لێکدانەوەی خۆم لە سەر ستراتیژی و بەرنامەی حیزب و ئەو سیاسەتەی کە رێبەری حیزب بەرێوەی دەبا هەم بۆ پلۆنومی حیزب نوسیوە و هەم بە حزوری لەگەل سکرتیری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و کادر و ئەندمانی تەشکیلاتەکان باس کردوە. بەڵام ئێستا دەردەکەوێ کە من دەبوایە جگە لەو هەوڵانەی نێوخۆ و ئەو باسە گشتیانەی دەرەوە هەروەک ئێوە باسی دەکەن سمینار و نوسینێکی تایبەتی و راستەوخۆم لە سەر دروشمی ستراتیژی حیزب بۆ رای گشتی لەم ماوەدا ببوایە. لەم بارەوە رەخنەی دۆستان و هاوریان لە جیی خۆیدا دەبینم.
با بچینە سەر باس لە گۆران لە ساختاری رێکخراوەیی. لەم بارەوە چ گۆرانکاریەکی بەرچاو لە ساختاری رێکخراوەیی لە پێرەویی نێوخۆی حیزب لە کۆنگرەی چوارەدا پەسەند کرا؟
گۆران لە پێرەودا چەند بوارێکی گرتەبەر. خالی سەرەکی گۆران بریتی بوو لە گۆڕان لە سانترالیزمی دیموکراتیک لە راستای بە هێزکردنی دیموکراسی نێوخۆیی. ئەویش بریتی بوو لە سنوردارکردنی دەسەڵاتی رەهای پێشووی سکرتیری گشتی و رێبەری لە ئاستی دەفتەری سیاسیدا. لە بەرانبەریشدا تاکی ئەندام و رێکخراوەکانی حیزب گرینگی زۆرتریان پێدرا. گرفتێکی پەیرەوی نێوخۆ لە رابردودا ئاواڵە هێشتنەوەی سنوری دەسەڵاتی سکرتێر و سکرتایاری حیزب بوو. لە پێرەوەی نێوخۆی نوێدا باس لە سنوری دەسەڵاتی سکرتێر و چۆنیەتی بریارەکان لە ئاستی سکرتێردا کراوە. خالێکی کۆنکرێت لەم بوارەدا هێنانە ئارای دوو جێگری سکرتێر بوو. لەم بارەوە دوو مەبەست لە بوونی دوو جێگر هەبوو؛ یەکەم ئەوەی کە سکرتێر وەک جاران بە تەنیا هەموو بریارێک نەدا بەلکو لەمەودوا بریارەکان لە لایەن سکرتاریا بە بەشداری هەیئەتێکی سێ کەسی لە ژێر بەرپرسایەتی سکرتێردا بدرێن. دووهەم مەبەست ئەوە بوو کە ئێتر وەک رابردوو رۆڵی سکرتێر پێراگەیشتن بە هەموو وردەکاریەکان لە بواری سیاسی و پرس و کێشەی رێکخراوەیی و ئیداری نەبێ بەلکو زۆرتر قورسایی کاری خۆی بۆ سیاسەتی گشتی و کۆوردیناسیونی ئورگانەکانی رێبەری تەرخان بکا. رۆڵی جێگرێک پێراگەیشتن بە هەواڵ و رووداوە سیاسییەکان و رۆڵی جێگری دووهەم پێراگەیشتن بە کاروباری ریکخراوەیی و ئیداری لە ئاستی ریبەری دایە.
بوارێکی دیکە بایەخدانان بە کاری لێکۆلینەوە و کاری بە بەرنامە بوو کە لە ناوەندی لێکۆلینەوەی ستراتیژی سیاسی و پلاندانان دا خۆی دەنواند. مەبەست لە دامەزرانی ئەم ناوەندە ئەوە بوو کە دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە ببیتە بنەما بۆ دارشتنی سیاسەت و هەلوێستی سیاسی حیزب. هەروەها سیستمی کاری حیزب لە شێوازی روالەتی و سوننەتی بەرەو شێوازی مودێرنی بە بەرنامە و پلان بگوێزرێتەوە.
سیستمێکی راوێژکاری هەم لە ئاستی رێبەری و هەم بە گشتی لە نێو حیزبدا لە ئالوگۆرەکانی پێرەودا سرنجی تایبەتی پێدرا. لایەنێکی دیکە بایەخدان بە کاری جەمعی و دانی بەرپرسایەتی فرەتر بە کۆمیسیونەکان بوو. ژمارەیەک کۆمیسیون و بواری نوێ بۆ کاری جەمعی پەسەندکران.
لەم ماوەدا دەفتەری سیاسی، بە تایبەت لە ئاستی سکرتاریادا بە بەهانەی ئەوەی کە ئالوگۆرەکانی نێو پێرەو لە پراکتیک دا جێبەجێ نابن، هەنگاوی جیددی لە هیچ یەک لەم بوارانەدا هەڵنەگرت. نە سکرتێر بە پێی ئەو تاریفەی بۆی کراوە لە پێرەودا، کاری کردووە، نە دوو جێگیریان جیگیر کرد، نە ریگایان دا ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی سیاسی بکەوێتە کار و نە کاری راوێژ نە تەنیا لە گەڵ دۆستانی حیزب لە دەرەوە بەلکو لە تەک کادرەکان تەنانەت لە ئاستی رێبەریش دا نەکرد.
بە کورتی رێبەری حیزب بە پێچەوانەی پەسەندکراوەکانی کۆنگرە لە بواری سیستمی نێوخۆیی جگە لە هێورکردنی هەڵسوکەوت لە ئاست ئازادی بیروراو رەخنەگرتن، کاری جیدی دیکەی نەکرد.
باشە لەو بارەشەوە ئەو رەخنەیە هەیە کە خۆتان لە بەرپرسایەتی نەداوە لانیکەم بۆ ئەوەی لە مەیدانی عەمەلی دا کار بۆ جێگیر کردنی پەسەندکراوەکانی ناو پێرەوی نێوخۆ بکەن. ئەو رەخنەیە تا چەند لە جێگای خۆیەتی؟
کە دەگەرێتەوە سەر پرسیارەکە، پێویستە مەبەست لە بەرپرسایەتی روون بێ. ئەگەر مەبەست لە بەرپرسایەتی لە ئاستی ریبەری و بوون بە ئەندامی ناوەندی بێ، راستە من ماوەیەکی زۆرە خۆم لێ پاراستوە. بەلام من بەرپرسایەتی لە دنیای ئەمرۆی سیاسەت، تەنانەت لە کاری حیزبیشدا لە بوون بە بەرپرسی ئورگانێکی ئیجرایی لە حیزبێک دا نابینم. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی حیزبێکی سوننەتی کە زۆر جار باسی لێ دەکرێ ئەوەیە کە بایەخ بۆ کاری ستراتیژیک و فکری لە کاری حیزبەکەیدا دانانێ و بە کاری لاوەکی دەزانێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێک لە هەرە کەمایەسیەکانی سیاسەتکردن لە فورمی حیزبی کورددا هەتا ئیستاش ئەوە بووە کە سیاسەتی لە بواری ئیحساسی، زهنگەرایی و روتینیەوە نەگواستۆتەوە بۆ کار لە سەر بنەمای تێوری، لیکدانەوە و پلان. ئێمە پێویستە کاری ستراتیژیک، واتە کارکردن لە سەر پلان، ئانالیز و لیکدانەوەی ستراتیژیمان لە گەل کاری ئیجرایی رۆژانەی سیاسی و رێکخراوەیی لێکجیابکەینەوە و لە هەمانکاتدا هەردوکیان بە گرینگ لە کاری حیزب دا دابنێن.
بەو مانایە کە حیزبی مودێرن پێویستە بەشێک لە ئەرک و سەرمایەی فکری، مرۆڤی و مادی بۆ کار لە بواری لێکۆڵینەوەی سیاسی و فکری دا دابنێ. ئەمە بەو مانایە نییە کە هەر کەس کاری فکری دەکا دەبێ ئەندامی ناوەندیش بێ.
ئەمن پێم وایە بە پێی زانیاری فکری و ئەزمونی کاری سیاسیم هەوڵ دەدەم کە جگە لەو ئەرکە نەتەوەیی گشتیە کە هەر تاکێکی کورد هەیەتی لە ئاستی نەتەوەییدا بەشداری پرسی سیاسی کورد بێ، لە قەدەر توانای خۆم لە بواری کاری فکری لە حیزبیشدا ئەرکی خۆم بگیرم. بۆ نمونە لە پاش کۆنگرە بەرپرسایەتی پێکهێنانی ناوەندی ڵیکۆڵینەوەی ستراتیژی سیاسی و پلاندان، کە لە کۆنگرەدا بڕیاری لە سەر درا..

۶/۱۴/۱۳۹۰

دیمانە لە گەڵ رەسوڵ سوڵتانی

رۆژهەڵات تایمز - جه‌مال نه‌جاری: ئه‌ده‌بی کلاسیکی کوردی ئه‌ده‌بێکی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و شاعیرانی کورد به‌ رابردوو و ئێستاشه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و به‌شانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌ده‌به‌وه‌ هه‌یه‌ تاقیکردۆته‌وه‌ و له‌و نێوه‌دا ئه‌ده‌بێکی به‌ پیت و به‌ره‌که‌ت له‌به‌رده‌سته‌ که‌ ده‌توانین شانازی پێوه‌ بکه‌ین. به‌ڵام له‌ نێو ئه‌و ئه‌ده‌به‌ دا هه‌جو له‌ چ ئاستێکدایه‌؟ ره‌نگه‌ شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی له‌ نێو هه‌موو شاعیرانی کورد دا پتر له‌م به‌شه‌ به‌تواناتر و به‌کارامه‌تر بووبێ که‌ ناوی وا که‌وتۆته‌ سه‌ر زاران‌، ئه‌گه‌رچی هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌ی شیعری کلاسیکیان نووسیوه توانای نووسینی هه‌جویان هه‌بووه‌ و نموونه‌یان دیاره‌، به‌ڵام ره‌نگبێ له‌به‌ر هۆکاریگه‌لی جۆراوجۆر درێژه‌یان پێ نه‌دابێ و خه‌ڵکی گوته‌نی: وه‌ک ئه‌وه‌ی شێخ ره‌زا کردی، ئه‌وان نه‌یانکردبێ!! 
ئه‌مێستا له‌ سه‌رده‌می مودێرنیته‌ و زانست و راگه‌یاندندا له‌ نێو ئاڵۆزی سیاسه‌ت و بازاری ئابووری و کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، جارێکیتر له‌ سه‌ر لاپه‌ره‌کانی فه‌یس بووک چاومان به‌ هه‌ندێ هه‌جوی کوردی ده‌که‌وێ که‌ به‌ زمانێکی ئه‌ده‌بی نووسراون و بزه‌ و خه‌نده‌ و خۆشی ده‌خه‌نه‌ سه‌ر لێوان و له‌ هه‌مان کاتیشدا له‌به‌ر شه‌رم وعه‌یبه‌ی دونیایه‌، تاڵییه‌ک و ترسێک له‌لامان درووست ده‌بێ..
ره‌سووڵ سووڵتانی شاعیری لاو که‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ هه‌جوه‌ چاپ نه‌کراوه‌کانی لێره‌ و له‌وێ له‌سه‌ر زاری خه‌ڵکه‌ و هه‌جوه‌کانی رازێنه‌ره‌وه‌ی کوڕی هاوڕێیانێتی و ماوه‌ی سالێکه‌ وێبلاگێکی به‌ناوی "گون ته‌ماته‌" کردۆته‌وه‌ و هه‌جوه‌کانی تێدا بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و له‌هه‌مان کاتدا لاپه‌ڕه‌ی فه‌یس بووکه‌که‌ی ته‌رخانکردووه‌ به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌جوانه.‌ ئەوەی خواره‌وه‌ دیمانەیه‌که‌ له‌گه‌ڵ ره‌سوول سوڵتانی کە تاهیر قاسمی لە گەڵی پێک هێناوە:
حەزدەکەم لە سەرەتا دا باسێک سەبارەت بە هەجو بکەی، هەجو چییە؟
هەجو لە راستیدا وشەیەكی عەرەبییە و بە واتای جوێندان و خراپەگوتنی كەسێك یان كەسانێكە. لە ناو عارەب و فارسدا پێشینەیەكی دوورودرێژی هەیە. شاعیرانی كلاسیكی فارس هەندێكیان نەبێ، بەشی هەرە زۆریان هەجوی جوان و شاعیرانەیان زۆر نووسیوە. بەو پێیە هەجو جنێوێكی شاعیرانەیە. هەروەها هەجو پەنجە لەسەر هەستیارترین لایەنەكانی ژیانی بەرامبەرەكەی دادەنێ و بە گشتی لە هیچ شتێ ناپرینگێتەوە.
هەجو زیاتر جنێوە یان شێعر؟
لە راستیدا ئەوەی لە ئەولەوییەت دایە لە هەجودا جنێوەكەیە. دواتر بە كەرەستەی شێعر دەڕازێنرێتەوە. خۆی ئەو كەرەستە شێعرییەیە وا لە هەجو دەكات ئەگەر خەڵك خوێندییانەوە كەیفیان بێتێ و پێبكەنن. چونكە خۆی لە شێعردا بڕێك لادان هەیە لە زمانی ئاسایی قسەكردنی رۆژانە. ئیغراق و موبالەغە و وردەكاریی زۆری تێدایە. بۆ وێنە "مامۆستا نوێنەرگێ" لە هەجوەكەی "مەلای یەكشەوە"دا كە دێ جوێن بە مەلاژن بدا، ئاماژە بە شتێكی زۆر هەستیار دەكا. ئەویش ئەوەیە كە مەلا ناهێڵن مەلاژن ئارایشت بكەن و سووراو و سپیاو بكەن و لێویان سوور بكەن. جا لێرەدا شاعیرە هەجو نوسەكەی ئێمە ئەوەی هێناوە كردوویەتە كەرەستەیەك بۆ هەجوەكەی و هۆكاری ئەوەی بۆچی "ناوەوەی كوزی مەلاژن سوورە" دەڵێ:
نایەڵی لێو و دەمی سوور كا مەلا
بۆیە كوزی ناوەتە سووراوەوە
كە خوێنەر ئەوە دەخوێنێتەوە بە دەستە خۆی نییە دەبێ لە قاقای پێكەنینێ بدات. لێرەدا ئیدی توخمە شێعرییەكان و سەنعەتە شیعرییەكان وەپێش جوێن دەكەون.
یان كاتێ خۆم لە هەجوی ئەو بەڕێزەدا بە ناوی شادمان حەیدەریان كە جنێوی پێ دەدەم بۆ ئەوەی هەموو كەس و كاریم وەبەر دابێ و له‌ هه‌مانکاتدا درێژدادڕیم نه‌کردبێ جوێن بە مێروولەی قەڵەشتی دیواری ماڵەكەیان و چۆلەكەی سەربانی ماڵی خاڵوانیشی دەدەم و دەڵێم:
لە مێروولەی قەڵەشت دیواری ماڵی
تەنانەت چۆلەكەی سەربانی خاڵی...
كەوابوو دیارە هەجو بە جنێو دەست پێدەكا بەڵام زمانی شاعیرانە وای لێدەكا لە جنێوێكی ئاسایی بچنە دەرەوە و ببنە شەوچەرەی مەجلیسان
هەجوی مەلای یەکشەوە هی تۆیە؟
ناوەڵا زۆر زۆر بەداخم ئەو هەجوە جوانە هی من نیە. برادەرێكی خۆم كە لە شێعردا مامۆستامە هی ئەوە و ناکرێ ناوی بێنم، من بەخێری خۆم و بۆ دەوڵەمەندكردنی وێبلاگەكەم بۆم بڵاو كردووەتەوە.
هەجو بوارێکە کە لە دێر زەمانەوە بە دەگمەن شاعیران توانیویانە و وێراویانە خۆی لێ بدەن. بەڵام چەند ساڵێکە هەجوەکانی تۆم بەرگوێ کەتووە و خوێندۆتەوە. یەکەم هەجوت بۆ نووسی و بە گشتی چۆن دەستت بە شێعری هەجو کرد؟
حەز دەكەم بزانی كە جنێو خۆی لە بنەمادا نیشانەی بێ دەسەڵاتییە. چەكی دەستەوەستانییە. خۆی شاعیریش لاشەڕە و لە شەڕیشدا لەهەموو كەس بێ دەسەڵاتترە. بۆیە دەستی داوەتە ئەو چەكە. ئەمنیش خۆی یەكەمجار لە رقێكەوە دەستم پێ كرد. كاك رەحمانی نامجو نوێنەری خەڵكی بۆكان بوو لە مەجلیسی شورای ئیسلامی. بڕوات بێ ئەوەندەی لە فكری تریاك كێشان و خانم بازی دا بوو ئەوەندەی خەمی خۆی بوو خەمی كەسی نەبوو. دیارە لەوەیاندا لەگەڵ بەشی هەرەزۆری بەناو نوێنەرە كوردەكانی ئەوێ هاوبەش بوو. جا ئەمن رۆژێكیان بە ناوێكی خوازراوەوە هەجویم كرد. (نوێنه‌ری جێ رێزی ئێسته‌ی شاری بۆکان نامجووه....)
دواتر لەگەڵ پوورم لێم بوو بە شەڕ. پێشم وایە جوانترین و ناسكترین هەجوەكانمم بۆ پوورم نووسیوە. حەقی خۆشییەتی وەڵاهی وەباڵ بەستۆم پوورم هەر خۆی ناسك و لەبارە. ئیدی فێر بووم و ئێستاش هەرچی دەكەم دەرەقەت زمانم نایەم و دەشزانم سەرم بەبادا دەدا. چونكە وەك دووپشكم لێ هاتووە. ئەگەر كەسم وەگیر نەكەوێ بەخۆمەوە دەدەم. هەر بەحاڵ بمبزێون هەجو و شتی وام هەڵدەستێ.
لە بابەت هەجوەکانی پوورت، باس لەوە دەکرێ کە دەرەنجامی پێک نەگەیشتنێکی دڵدارانەیە، هەڵبەت نەک لە گەڵ پوورت. واتە دەڵێن پوورت بە باعیسی ئەو پێک نەگەیشتنە دەزانی بۆیە هەجوت کردووە. ئەوە تا چەند راستە؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، شەڕێكی خراپیشیان پێ فرۆشتم و دواتر لە دادگای میاندواو شتەكەیان لێ كردمە شتێكی سیاسی و لەگەڵ مێردەكەی گوتیان ویستوویەتی كچەكەمان بەرێ بۆ دیموكرات. نەشیاندەهێشت كچەكەیان بێتە دادگا. بەڵام من دەستخۆشانەی پێ دەڵێم كە ئەو نەبوایە نەدەبوومە هەججاو. بەڵام ئەویش دەبێ مەمنوونی من بێ مەشهوورم كردووە وای لێ هاتووە ئێستا ئه‌و له‌ گوندێکی چۆمی مه‌جیدخان دانیشتووه‌ به‌ڵام ئێوه‌ له‌ ئه‌وروپاش ده‌یناسن و ناوبانگیتان بیستووه‌. ئه‌وه‌ له‌ سایه‌ی هەجوی منه‌وه‌یه‌.
سه‌یر بوو خاڵم که‌ بیستبووی پێکه‌نیبوو. کامیل بۆی خوێندبۆوه‌. هه‌مووی له‌ وێبلاگه‌که‌مدا هه‌ن.
بە راستی مەمنوونی ئەوی یان ئیستا دۆخی ژیانت گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ناچاری وا بڵێی؟
من باسی باری ژیانم ناكەم. من دەڵێم ئەو وای لێكردم متمانەم بە زمانی هەجونووسینم هەبێ. من دوای هەجوەكەی نوێنەری شاری بۆكان وازم هێنابوو. بەڵام كە بۆ پوورمم نووسی زانیم بەراستی توانام هەیە لەوبارەدا. ئەمن لە هیچ كام لەو هەجوانەی نووسیومن پەشیمان نیم. تەنانەت ئەوانەش كە بۆ نزیكترین خزم و برادەری خۆمم نووسیون. تەنیا لەوانەم پەشیمانم كە زۆر سادەن و نەمتوانیوە بە زمانێكی شاعیرانە بیانهۆنمەوە. دیسان دەڵێم ئەوە هەمووی لەسایەی سەری پوورمەوەیە. لەبیرمە لە سنەوە دەگەڕاینەوە بۆ بۆكان. من و جەمال نەجاری و جەوادی حەیدەری بووین. لە فیستیڤاڵێكی شیعرەوە دەگەڕاینەوە. لە رێگا هەروا بیرم لە پوورم دەكردەوە. كتوپڕ وەك ئاوی بیر كە هەڵدەقوڵێ ئەو شێعرە هات:"
کیرێكی دڕ و بێ ئەدەبم پێوەیە پوورێ...
هاوارم كرد كاك جەمال خێرا خودكارێكم بدەیە تا هەڵنەفڕیوە. یادی بەخێر
ئیشارەت بە هەجوی نوێنەری بۆکان کرد کە دەکرێ وەک هەجوی سیاسی یان هەجوی کەسێک کە لە سیاسەت دایە، چاوی لێ بکرێ. بە گشتی تا چەند هەجوت بۆ مەبەستی سیاسی بە کار بردووە؟
زۆر زۆر! بۆ وێنە هەجوی كابرایەكم كرد بە ناوی سەلاحی ئەحمەدی كە لە نامەیەكی فارسیدا گوتبووی (ئاژاوەگێڕییەكانی نێو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران خەتای پیر و پاتاڵەكانە و خەتی خوار لە بن سەری گای پیر دایە) هەجوی برادەرێك بەناوی رێبوار سەفەری (دیارە ئەو ناوانە هەموویان ناوی خوازراو بوون) كە دوای لەتبوونی حیزب شتێكی لەسەر ئێمە نووسیبوو. وەك لادەر ناوی هێنابووین. لەوێشدا دەڵێم:
"عەهدی وەها كردووە تا سەر بدا
تۆ بڵێی گانێکی بە لادەر بدا)
هەجوی كەسێك بە نازناوی فەرزادی مینبەری كە لەوێشدا پێی دەڵێم:
(تیشكی خۆری رێی خەباتن شێرە پیاوانی نیەر
دڵنیام تۆ خزمی ئەو شێرانە نیت، نەسلی كەری)
من رقم لە هەركەس هەستابێ هەجوم كردووە. نەیكەم دەمرم. هەر كەسیش چیی پێ خۆشە با بیڵێ. ترسم لەكەس نییە. لە شەڕی زماندا لەكەس ناترسم. باكم پێیان نییە.
قەت بووە لە سەر هەجوی کەسێک شەڕت بۆ ساز بووبێ؟
نا، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ک:
یه‌که‌م: ئه‌وانه‌ی زۆر توند هه‌جوم کردوون زۆربه‌یان ئه‌و که‌سانه‌ بوون که‌ خۆیان به‌ ناوی خوازراو شتیان نووسیوه و رقیان هه‌ستاندووم و وایان لێکردوومه‌ هه‌جویان بکه‌م‌ و له‌راستیشدا هه‌جوه‌که‌ی منیش بۆ خۆده‌رخستن و خۆ ئاشکراکردنیان بووه‌ (وه‌ک کاک شادمان حه‌یده‌ریان و کاک رێبوار سه‌فه‌ری و فه‌رزادی مینبه‌ری و سه‌لاحی ئه‌حمه‌دی) ئه‌وانه‌ خۆیان ئاشکرا نه‌کردووه‌ به‌تایبه‌تی زۆرم حه‌ز لێ‌یه‌ کاک شادمان خۆی ئاشکرا بکات چونکه‌ ئه‌وکات کۆد و ره‌مزی باشترم وه‌ده‌ست ده‌که‌وێ بۆ هه‌جوێکی باشتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر و ئه‌گه‌ر پیاو بێ و ئه‌و پیاوه‌تییه‌ بکا خۆی ئاشکرا بکا قه‌ولی پێ ده‌ده‌م تا ئاخری عومرم هه‌موو هه‌جوه‌کانم بۆ ئه‌و ته‌رخان ده‌که‌م و کارم به‌که‌س نابێ. به‌ڵێن بێ دیوانه‌ هه‌جوێکی له‌سه‌ ده‌نووسم.
هۆیه‌کی دیکه‌ش که‌ تووشی کێشه‌ نه‌بووم ئه‌وه‌یه‌ به‌شێکیشیان دۆست و براده‌ری خۆمن و دڵیان نایه‌ هیچم پێ بڵێن. به‌شێکیشیان ده‌ستیان پێم راناگا ده‌نا تۆڵه‌م لێ ده‌که‌نه‌وه‌. به‌س ئه‌وان بشمکوژن گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌جوه‌که‌ دوای منیش هه‌ر ده‌مێنێ.
بۆ وێنه‌ له‌ دۆسته‌کانی خۆم هه‌جوی کاک سمایل زارعیم کردوه‌ و رووی لێ گرژ نه‌کردووم. هه‌جوی مادح ئه‌حمه‌دیم کردووه‌ هه‌روه‌تر... ئه‌وانه‌ به‌ گه‌وره‌یی خۆیان به‌خشیویانم. به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و هه‌جوانه‌ له‌ وێبلاگه‌که‌ی (http://guntemate.blogfa.com) دا هه‌ن. با خوێنه‌ران بچن له‌وێدا بیانخوێننه‌وه‌. گه‌ردنیشیان ئازاد بێ چ ده‌ڵێن با بیڵێن.
ئەی بووە بە هەجو وڵامت بدەنەوە؟
به‌ڵێ کاک کامیل نه‌جاڕێ هه‌جوێکی زۆر زۆر به‌هێزی له‌ وه‌ڵامئ هه‌جوێکی مندا نووسیوه‌ته‌وه‌ به‌راستی ئه‌وه‌نده‌م پێ جوان بوو به‌س پێکه‌نیم. به‌و زووانه‌ له‌سه‌ر وێبلاگه‌که‌می داده‌نێم. هه‌م هه‌جوه‌که‌ی خۆم و هه‌میش هه‌جوه‌که‌ی ئه‌و. به‌س به‌راستی هه‌جوه‌که‌ی ئه‌و زۆر جوانه‌. ئه‌وه‌ی حه‌سه‌نی دانیشفه‌ریش که‌ خۆی تایبه‌ت جوانه‌. به‌ڵام هه‌جوه‌که‌ی کامیل که‌یفم پێی کرد.
تۆ بە هەجو رەنگە زۆرت خەڵک توڕە کردبێ، بووە هەجوت بکەن و توڕە بی؟
شه‌وێکیان له‌ کۆیه‌ تا به‌یانی ئه‌و کات من له‌وێ بووم و کامیل (خۆرهه‌ڵات نیوزی) به‌ڕێوه‌ ده‌برد، هه‌تا به‌یانی شه‌ڕه‌ هه‌جومان کرد. ئاخرییه‌که‌ی کامیل که‌ فشاری بۆ هات جنێوی به‌ هاوڕێیه‌کی زۆر خۆشه‌ویستم دا (زۆر ئازیزمه‌) ده‌یزانی به‌و زۆر تووڕه‌ ده‌بم (ناوی ناهێنم) چونکه‌ کەسێکی زۆر بەڕێزە، ئیدی ناچار بووم بێده‌نگ بم. چونکه‌ ئه‌و هاوڕێیه‌مم زۆر خۆش ده‌وێ، بۆیه‌ش ناوی ناهێنم چونکه‌ ئه‌ویش کامیلی خۆش ده‌وێ با دڵی له‌ کامیل نه‌یه‌شێ.
بەر لەوەی هەجو بنووسی، تا چەند ئاشنایەتیت لە گەڵ ئەو شاعیرانەی کورد هەبوو کە شێعری هەجویان نووسیوە؟
تەنیا شێخ رەزام خوێندبۆوە. بەس فارسیم زۆر دەخوێندەوە. فارس هەجونووسی باشیان هەیە.
جگە لە شێخ رەزا، کام شاعیری دیکە لە ناو ئەدەبیاتی کوردیدا هەیە کە هەجوی هەبووبێ؟
هەبوون. بۆ وێنە شوكری فەزڵی لە وەڵامی شێخ رەزادا شێعرەكانی زۆر دەوڵەمەندترن لە هی شێخ رەزا. لەموكریان بەداخەوە زۆر نەناسراوە و شتەكانی هەر بەسەر زار و زمانانەوە ماون، دەنا ئەو سەید رەشیدەی خانەقا كە شتەكانی دەبیستی شتێكی زۆر سەیر بووە. مامۆستا هێمن هەجوی هەیە و بلاو نەبۆتەوە. هیوادارم مامۆستا ع.ح لەبیری نەچووبنەوە چونكە وەك بزانم هەجوێكی جوانی هێمنی لەبەر بوو. مامۆستا هێدی هەجوی جوانی هەیە و بڵاوی نەكردوونەتەوە. بە داخەوە رەنگە كەسانی دیكەش بووبێتن و من نەیانناسم. بەڵام لەو شاعیرە نوێیانەدا هەجو نووسی باش و بەتوانامان هەیە. ناكرێ ناویان بێنم. نەكا حەزیان لێ نەبێ. ئەوانەی هەن لە رۆژهەڵاتی كوردستانن. لە باشووریش حەسەنی دانشفەر جوان دەنوسێ. كامیل نەجاڕی خۆی لێ نادا ئەو كافرە، دەنا شتێكی سەیرە. ئەوەی هەیە منم خۆم ئاشكرا كردووە. پێم وایە ئەجەلم هاتووە.
لە بواری شێعری تەنزیش دا کارت کردووە؟
زۆر بە كەمی. حەزم لێ بووە تەنزەكانم بە نەسر (پەخشان) بنووسم. وەك هێلكەمریشكەكانی بن قازی ئێمە كە لەسەر كێشی (هێڵە گشتییەكانی رێبازی ئێمە) نووسیم. دواتر تەنزی (بوختان)ـم نووسی تەنزی (قەلی نێو جۆگە) و (دادپەروەر) و شتی دیكەش. ئەوانەم بۆ ئەو كەسانە نووسی كە پێم خۆش نەبوو جنێویان پێ بدەم. پێم باش بوو وەبەر پلاریان بدەم. هەجو نەقیزەیە، تەنز پلارە.
لە سەردەمێک دا کە باوی غەزەل نەماوە و شێعرە هەر رۆژە و لە شێوازێکی تازەدا خۆی دەنوێنێ، غەزەل لە تۆ دەبیسین. روانگەت بە گشتی لە سەر جۆرەکانی شێعر چۆنە؟
با شاعیرە نوێخوازەكان تەكفیرم بكەن. فۆرمی نوێ بۆ شێعری كوردی غەزەلە نەك ئەوەی سوارە و گۆران دایانهێنا. كورد لە شاعیرانی فارسەوە فێری عەروز و قافیە بوو. كەوابوو شێعری ئەو قاڵبە نوێیە. فۆرمی ئەوەی گۆران و سوارە لە حەیران و بەیتەكاندا هەر لە كۆنەوە هەبووە. ئەوان سەرلەنوێ دایانهێنایەوە. زیندوویان كردەوە. ئەوجار كێ دەڵێ باوی غەزەل نەماوە؟ ئەوە پەیوەندیی بە دەسەڵاتی شاعیرەوە هەیە. ئێستا جەلالی نەجاڕی غەزەلێكی نووسیوە لە ئەدەبیاتی كوردیدا نموونەی نەبووە. كۆن و نوێ بە عەروزی و ناعەرووزی ناپێورێ. بەڵكو ئەوە داهێنانە دیاریی دەكا.
من پێم وایە غەزەلی كوردی هیچی نەگوتووە هەتا بڵێین شتی پێ نەماوە بۆ گوتن. هێشتا غەزەلمان ساوایە. زۆریش ساوایە.
بەڵام ئەوەی هەیە دەبێ توخمەكانی غەزەلی ئەمڕۆ لە سەردەمی هێمن و ئەحمەد هەردی جیاواز بن. راستە ئەمڕۆ باسی پیاڵەی شەراب و شەمع و گوڵ و پەروانە شتێكی كۆنن. خۆی ئەوە بنەماییترین هەوێنی شێعرە. داهێنان و خوڵقاندن.
هەر سەردەمەی زمانی خۆی هەیە بۆ نووسین. لەوانەیە ئەوەی ئەمڕۆ وەك "خوازەیەكی داهێنەرانە سەیری بكرێ و خوێنەر و بیسەر راچڵەكێنێ دووای دەیەیەكی دیكە بسوێ و كۆن بێ. هەر شاعیرەو دەبێ لە ناخی خۆی و لە رۆچنەی روانینی خۆیەوە بنووسێ. ئێمە نابێ ئێستاش كەڵًك لەس ئیستیعارە و وێكچواندنەكانی شاعیرانی پێشوو وەرگرین.
بەلای منەوە غەزەلی كوردی هێشتا ساوایە. ئەو برادەرانەی پێیان وایە غەزەل باوی نەماوە، با بێن كۆڕێكی شیعر خوێندنەوەیان لەگەڵ غەزەلنووسێكی داهێنەری وەك ئەمین گەردیگلانی بۆ پێك دێنین و با نەشڵێن رەشۆك حەزیان لە عەرووز و قافیەیە، بەشداربوانیش با هەر هەموویان دەرچووی بەشی ئەدەبیاتی كوردی بن. بزانین خەڵك چێژ لە كامیان وەردەگرن. بەرای من كۆن و نوێبوونی شێعر ئەو چێژە دیاریی دەكا كە خوێنەر و بیسەر لێی وەردەگرن. ئەوە پێوانەی منە بۆ شێعر.
بە پێی وتەکانی تۆ دەکرێ بڵێین بە پێچەوانەی ئەو هەوڵانەی کە بە تایبەت لە دەیەی حەفتای هەتاوی، دەیەی نەوەدی زایینی زۆریان پەرە گرت، ئیستا شاعیرانی کورد بە جۆرێک گەراونەتەوە سەر ئەو رێبازە شێعرییەی کە شاعیرانێکی وەک نالی، مەحوی، حەریق، هێمن و هەژار بە کاریان دێنا و دەکرێ بڵێین دوا سەنگەری ئەو رێبازەش لە لایەن مامۆستا هێدی‌یەوە پارێزراوە. تا چەند لە گەڵ ئەو بۆچوونە هاوڕای؟
نا شاعیران نەگەڕاونەتەوە سەر ئەو رێبازە. خۆی شاعیران بە راستی وازیان لەو رێبازە نەهێنا. بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان. لە باشوور دوای ئەحمەد هەردی ئەو شێوازە لە نووسین بڕایەوە. بەڵام لە رۆژهەڵات مامۆستا هێدی هەر ماوە و دواتریش لە نەوەی نوێ مامۆستا ئاسۆ و ئەمین گەردیگلانی و لوقمانی پیربادینی و جەلالی نەجاڕی و هادیی حەبیبی بەردەوامن و ئەمنیش هەر وا بە شوێنیاندا دەڕۆم نازانم چم پێ كراوە یان نا. ئەوەی راستی بێ، شاعیرانی نوێخوازی كوردی هەر لەسەر رێچكەی نوێخوازیی خۆیان و شاعیرانی پاش نوێخوازیشمان بەو دوایانە هەركامەیان رێچكەی سەیر و سەمەرەی دیكەشیان تاقی كردەوە و پێیان وایە ئیدی باوی ئەوە نەماوە شیعر بۆ خەڵكی نەخوێندەوار بڵێی و پێیان وایە ئەگەر خەڵكی ئاسایی لە شێعرێك تێ گەیشتن ئەوە ئیدی شێعر نییە و شێعر باشترینه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌س لێی تێنه‌گا، دواتریش که‌ خه‌ڵک کتێبه‌که‌یان ناکڕن یان نایخوێننه‌وه‌ گله‌یی ده‌که‌ن و خه‌ڵک به‌ گه‌مژه‌ ناو ده‌به‌ن و ده‌ڵێة قه‌یناکا ئێمه‌ بۆ نه‌وه‌ی 2000ساڵی داهاتوومان نووسیون. ئەوەش بۆچوونێكی تایبەتە. نازانم لە كوێی دیكەش شتی وا هەیە. لە نێو ئەدیبی چ میللەتێكی دیكەشدا شتی وا هەیە. من هەر فارسی دەزانم. ئەوەندەی ئاگادار بم باشترین و گەورەترین شاعیرانی فارس بە كۆن و نوێیانەوە ئەوانەن كە ئەگەر نەڵێم هەموو كەس لانیكەم زۆرینەی خەڵكەكەیان چێژ بە شێعرەكانیان وەردەگرن. تەنانەت ئەو شاملووەی كە پێیان وایە تەنیا شیعری بۆ "خواص" نووسیوە، زۆرینەی خەڵكی چیژی لێ وەردەگرن.
ئەمن دەڵێم غەزەل هێشتا قسەی بۆ گوتن پێیە. ئەمن ناڵێم ئەو هەوڵەی دراوە خراپ بووە یان نەزۆك بووە. نەخێر بەرهەمی زۆر گەورە و نەمری وەك دەربەندی پەپوولەی شێركۆ و كۆبەرهەمە نەمرەكەی عەبدوڵا پەشێو و قوبادی جەلیزادە و جەمال غەمباری لێ كەوتووەتەوە. ئەوەی راستی بێ بەرهەمی باشی داوەتەوە. بەڵام ئەوەی لێی چاوەڕوانكراوە نەبووە. دیوانە شێعرەكانی شاعیرانی نوێخواز زۆر دەگمەنیان لەوانەن كە خوێنەر پێی خۆش بێ دووجار و سێ جار سەردانیان بكاتەوە.
وەک دوا پرسیار تۆ لە زۆر بواری شێعریی دا کار دەکەیت و هیندەی من بزانم هەجو، غەزەل، شێعری بەرگری و تەنانەت شێعر لە سەر وەزنی خۆماڵی و رەنگە بوارگەلی تریش شان بە شانی یەکتر لە کارەکانی تۆ دا رەنگیان هەیە و دەچنە پێش. پێت وا نییە ئەگەر لە ناو هەموان دا یەک بواری تایبەتت گرتبا بەر، سەرکەوتووتر دەبووی؟
نا، ئێستاش پێم وانییه‌ هیچ کامیان وزه‌ی بواره‌که‌ی دیکه‌ی لێ وه‌رگرتبێمه‌وه‌. ئه‌وانه‌ هه‌رکام له‌ لایه‌که‌وه‌ که‌لێنێک پڕ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌ویتر پێی پڕ ناکرێته‌وه‌. بۆ وێنه‌ شتی حه‌ماسی به‌ فۆرمی غه‌زه‌ل خۆش نییه‌ به‌ کێشی خۆماڵی خۆشتره‌ وه‌ک شێعره‌که‌ی مزگێنی که‌ تێیدا باسی ئازایه‌تیی پێشمه‌رگه‌کانم کردووه‌ غه‌زه‌ل به‌س خودا دایناوه‌ بۆ باس و مه‌زموونی ئه‌ڤینداری. غه‌زه‌ل پیر نابێ.
ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
Facebook| My Yahoo| Twitter| google| Balatarin
جه‌مال نه‌جاری|10 Feb 2011 - 13:41
هه‌جو و قسه‌ی خۆش و نوکته‌ و ته‌نز و گاڵته‌ و گه‌پ که‌ ده‌که‌ونه‌ خانه‌ی ئه‌ده‌بیاته‌وه‌ و ناوگه‌لێکن بۆ گاڵته‌ کردن و گوتنی ته‌نز وهه‌جویش وه‌ک بابه‌تێک له‌ قاڵبی ته‌نز ده‌ربڕین و به‌ مه‌به‌ستی پێکه‌نین و خۆشی به‌خشین ده‌نووسرێت.
له‌ راستیدا ئێمه‌ی کورد قه‌ت ته‌حه‌موولی بیستنی ته‌نزیشمان نه‌بووه‌ چ بگا به‌وه‌ی که‌سێک بێت و هه‌جومان بکات..
بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و ته‌نزنووس و هه‌جونووسانه‌ی کورد که‌ تا ئه‌مڕۆ بابه‌تیان نووسیوه‌ که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر تانه‌ و ته‌شه‌ری خه‌ڵک و له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان دووره‌ په‌رێز خراون به‌ڵام له‌ نێو کۆڕی ئه‌دیبان دا رۆژ به‌ رۆژ باڵایان کردووه‌ و بوونه‌ته‌ هه‌وێنی خۆشی دڵه‌کان.
سه‌باره‌ت به‌ نووسینی هه‌جو هه‌میشه‌ هه‌جو نووسان هێرشیان کراوه‌ته‌ سه‌ر و تووشی کێشه‌ و گرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی هاتوون، هه‌ر بۆیه‌شه‌ شاعیرانی رابردوو پاش مه‌رگیان هه‌جوه‌کانیان بڵاو ده‌کرده‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی ئێستاش به‌ نهێنی و به‌ ناوی خوازراو هه‌جوه‌کانیان بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌.
ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی هه‌جو ناناسن و ئاشنایه‌تیان به‌ لایه‌نه‌کانی هه‌جو و توخمه‌ پێکهێنه‌ره‌کانی هه‌جو نییه‌ پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی ده‌نووسرێت جنێوه‌ و بێرێزی کردنه‌ به‌ که‌سێک و شکاندنی مرۆڤه‌کانه‌، که‌چی به‌داخه‌وه‌ نازانن ئه‌مه‌ له‌ قاڵبی زمانێکی شێعریدا و به‌کارهێنانی سه‌نعه‌تگه‌لی شیعری و لایه‌نی جوانیناسی ده‌قێکی شیعری به‌رهه‌م دێت که‌ ناوی هه‌جوه‌.
بڕوانه‌ ئه‌م هه‌جوانه‌ی شیخ ره‌زا تاڵه‌بانی:
ئه‌و به‌ تڕ گوێز ئه‌شکێنێت و ئه‌میش قنگ ئه‌دڕێ
هه‌ر دو عاسین له‌ خودا کێری من و ئه‌م کوێره‌
......
ماری ره‌شه ‌ خنکاوه‌ له‌ گێژاوی خه‌لادا
کێرمه‌ له‌ قنگی کاکه‌ ‌حه‌مه‌ی حاجی مه‌لا دا
.......
کێر که‌ هه‌ستا نه‌ له‌ بێگانه‌ ده‌پرسێ نه‌ له‌ خوێش
گورزی خۆی هه‌ر ده‌وه‌شێنێ ، چ له‌ پاش و چ له‌ پێش
.......
کێر ئه‌گه‌ر مه‌یلی کونی کرد سه‌ره‌که‌ی بگره‌ له‌ مشت
همه‌ جا خانه‌ عشق است چه‌ مسجد چه‌ کنشت
......
هێنده‌ به‌ ته‌عریف و کینایه‌ت له‌ بنی سینگت به‌م
به‌گ ئه‌فه‌ندی به‌ سه‌راحه‌ت له‌ کونی قنگت به‌م
بڕوانه‌ ئه‌م هه‌جوانه‌ی ره‌سووڵ سوڵتانی:
ده‌بێ بیگێم و ده‌ربێنم دوو چاوی
به‌ منداڵی ئه‌وی خۆی پێوه‌ ناوی
....
پیر و پاتاڵ نین ئه‌وانه‌ی تۆ وه‌هایان نا‌و ده‌به‌ی
قوونی تۆ بۆ كیری ئه‌و پیرانه‌ وه‌ك دێوجامه‌یه‌
خۆ به‌ قه‌ت پیت و وشه‌ی رۆمانه‌كه‌ی یاشار كه‌ماڵ
تۆی به‌ شه‌و گا، ئه‌و مه‌لای خاوه‌ن كتێب و خامه‌یه
.....
ئه‌گه‌ر ویستت كه‌رێتیت تیا نه‌مێنێ‌
له‌ تاڤگه‌ی‌ ئاوی‌ كیرم بگره‌ ده‌سنوێژ
ئه‌گه‌ر ئێستاكه‌ گانێكم بده‌یتێ‌
وه‌كوو ماری‌ به‌هاری‌ به‌رده‌ده‌ی‌ توێژ
.....
هێنانه‌وه‌ی ئه‌م نموونه‌ گه‌له‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌ هه‌جودا جنێودان توخمی سه‌ره‌کی ده‌قه‌که‌ پێک دێنێت و جاری وایه‌ لایه‌نی پێکه‌ناوییه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ که‌ ده‌بێته‌ هۆی تووڕه‌بوونی لایه‌نی به‌رانبه‌ر و ره‌نگه‌ کابرای هه‌جو نووسیش له‌ نێوه‌دا زه‌ره‌ری گیانی به‌ر بکه‌وێت.
سه‌ید ئیبراهیم نه‌به‌وی ته‌نزنووسی به‌ناوبانگی ئێرانی ده‌ڵێت: " من مطمئــنم که شـما دارید به این فــکر می کنــید که تعریف " هجو" چیست و این توضیح که من بگویم نمی دانم هجو چیست ،شما را عصبی می کند. بنابراین علیرغم تمایلم به اینکه چیزی را که می دانم به کس دیگــری یاد بدهم ،مجبورم بگویم که " هجو" نوعی بیان خنده آور نقاط ضعف یا مشخــصه های ظاهری و شخــصی است . درهجو ما شخص یا وضعیتی راتمســخرمی کنیم و البته معـمولاً دراین کارخیلی هم قصد آگاه کردن دیگران را نداریم . معمولاً کسانی که هجو می کنند یا ازدست هجو شونده خیلی ناراحتند ، یا معتقدند که با آن هجو شوندۀ مادرقحبه هیچ کاردیگری نمی شود کرد، یا خیلی آدم های بد ذات و بی ادبی هستند که فقط عیب و بدی دیگران رامی بینند و آنرامســخره می کنند . شاید یکی ازمـهمترین تفاوت های هجو و طنزهمــین است که هجو دیدن اشــکالات ظاهری و شخـصی یک فرد است و جهت آن هم مســخره کردن اوست ، امّا طــنزبیان نقایــص و اشکالات انســانی است که به معــایب ظاهری و شخــصی نمی پردازد ".
که‌ وابوو با سینگمان ئاوه‌ڵا بێت و پێشوازی له‌و قه‌ڵه‌مه‌ به‌ جۆرئه‌ته‌ بکه‌ین که‌ راسته‌وخۆ به‌ ناوی خۆی هاتۆته‌ گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بیاته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ده‌زانم خۆی تووشی سه‌رێشه‌ش ده‌کات به‌ڵام پێی ده‌لێم: قه‌ڵه‌مت هه‌ر وا به‌ بڕشت بێت و به‌رده‌وام بی له‌ هه‌جوه‌کانت.
هه‌وڵ ده‌ده‌م دواتر وتارێک له‌سه‌ر هه‌جوه‌کانی کاک ره‌سوڵ سوڵتانی بنووسم.
له‌ه‌گڵ ریزمدا
جه‌مال نه‌جاری
سالم|10 Feb 2011 - 12:01
بۆ کاک ئه‌یوب سوری ، کاک کامیل نه‌جاری و عه‌لی
کاک ئه‌یوب شێخ ره‌زام چاک خوێندۆته‌وه ، ناشترسم و ده‌ڵێم که له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که هه‌جوی جوانی هه‌یه ، به‌ڵآم جنێو و قسه‌ی قۆریش زۆره و ئه‌سله‌ن پێم کاری ئه‌ده‌بی نین ، کاک کامیل ، قانع و ئه‌وانی دی به گشتی ره‌خنه و یان دژایه‌تی له گه‌ڵ چین و توێژه‌کانی وه‌ک شێخه‌کان ده‌که‌ن به‌ڵآم قامک له سه‌ر نێوی که‌س دانانێن وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش وایان کردبێ ده‌لیل ناکا ئه‌و کاره دروست بێ و بیکه‌ین به مودێک بۆ خۆمان کاری ناحه‌ز هه‌ر که‌س بیکا هه‌ر ناحه‌زه و هه‌موو کاره‌ ئه‌دبیه‌کانی ئه‌و که‌سانه‌ش کاری به‌رز و سه‌رکه‌وتو نین ، ئه‌و شته‌ی تۆ باسی ده‌که‌ی ده‌بێته رێباز ، که له کاری ئه‌ده‌بی هه‌ر مه‌عنای نیه ، چونکه خه‌لاقیه‌ت ده‌خاته ژێر پرسیار ،کاک عه‌لی باس له پوری نیه ، پوریم بۆ نمونه هێناوه ، من باس له نێو زڕندان و کێشه‌ی شه‌خسی ده‌که‌م که هێنانی بۆ نێو دونیای جوانی ئه‌ده‌بیات کارێکی ناحه‌زه ، کاک ره‌سوڵ ده‌ڵێ که رقی هه‌ڵده‌ستێ هه‌جویان ده‌کا ، جا بۆ ئه‌وه‌ی رقی کاک ره‌سول هه‌ڵنه‌ستێ و هه‌جومان نه‌کا ده‌بێ پێیدا هه‌ڵبڵێین و باجیشی ویست بیده‌ینێ ده‌نا توشی کێشه ده‌بین ، من پێم وا نیه قسه‌ی قۆڕ و جنێو ئه‌گه‌ر وه‌زن و قافیه‌ت بۆ دانا ببێته شێعر و جوان بێ ،
کامیل نه‌جاڕی|10 Feb 2011 - 05:24
به‌هار خانم خۆت باش ده‌زانی که‌ من ته‌حسیلاتی ئه‌ده‌بیم نییه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانی که‌ شاره‌زاییم له‌ شیعر و ئه‌ده‌بییات دا هه‌یه‌. تۆ باسی سه‌نایعی نوێی ئه‌ده‌بیت کردووه‌. با له‌ پێشدا ئه‌وه‌ت پێ بڵێم که‌ شتێک به‌ ناوی سه‌نایعی نوێی ئه‌ده‌بی له‌ ئه‌ده‌بیاتی کلاسیک دا بوونی نییه‌. ئه‌وه‌ی که‌ هه‌یه‌ سه‌نایعی ئه‌ده‌بییه‌ و ژماره‌ی سه‌نایعی ئه‌ده‌بیش تۆزێک له‌ په‌نجه‌کانی هه‌ر دوو ده‌ست زیاتره‌ و سه‌نایعی نوێشمان نییه‌. ئه‌گه‌ریش مه‌به‌ستت تازه‌گه‌ری و داهێنانی ئه‌ده‌بییه‌ ئه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی رای جه‌نابت که‌ پێت وایه‌ به‌رهه‌مه‌کانی کاک ره‌سووڵ به‌ هیچ پێوه‌رێک ناچنه‌ خانه‌ی ئه‌ده‌بیات و هه‌جو، به‌ رای من ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ نموونه‌ی جوان و سه‌رکه‌وتوو و داهێنه‌رانه‌ی هه‌جوی کوردین.
به‌ر له‌وه‌ی بێم باسی چه‌ند نموونه‌یه‌کت بۆ بکه‌م له‌ ئه‌ده‌بی فارس و کورد دا با ئه‌و خاڵه‌شت بۆ روون که‌مه‌وه‌ که‌ من باسم له‌وه‌ کردووه‌ ئه‌گه‌ر به‌ پێوه‌ری ئه‌خلاق و به‌ پێی یاسا و رێسا ئه‌خلاقییه‌کانی کۆمه‌ڵگا سه‌یری هونه‌ر بکه‌ین له‌ سه‌ر له‌ به‌ری شیعر و گۆرانی و به‌یت و حه‌یرانی کوردی دا که‌متر به‌رهه‌مێکمان ده‌ست ده‌که‌وێ که‌ له‌گه‌ڵ بایه‌خه‌ ئه‌خلاقییه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ یه‌ک بگرێته‌وه‌ و به‌و پێوانه‌یه‌ش ده‌بێ هه‌موویان له‌ خانه‌ی هونه‌ری کوردی ده‌باوێژین. لێره‌ دا که‌ باس له‌ ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵگا ده‌کرێ مه‌به‌ست ته‌نیا ده‌کار کردنی وشه‌ی کیر و کوس نییه‌ به‌ڵکوو من باس له‌ هه‌نجاره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌که‌م. بۆ وێنه‌ تۆ سه‌یری ئه‌و به‌شه‌ له‌ به‌ندی نیوه‌شه‌وه‌ بکه‌ که‌ به‌ ده‌نگی خله‌ ده‌رزی بڵآو بۆته‌وه‌:
ره‌بی خودایه‌ هه‌ڵیکه‌یه‌ بایه‌کی له‌ باده‌وه‌
تاکوو گولێکی له‌ گوله‌ مێردانم
سه‌ره‌نده‌رێ له‌ ماڵ و مزڵی خۆ نه‌کاته‌وه‌
چونکه‌ هه‌تیوه‌ لاوه‌که‌ی
له‌ سه‌ر سنگ و مه‌مکی قه‌له‌نده‌ر و بابان وێرانێم راده‌کاته‌وه‌.
ئه‌و ده‌قه‌ که‌ هاوشێوه‌ی له‌ فۆلکلۆری ئێمه‌ دا گه‌لێک زۆره‌، دروسته‌ باسی ئه‌ندامانی نێرینه‌ و مێیینه‌ی پیاو و ژن ناکا، به‌لام ره‌وایی به‌ شتێک ده‌دا که‌ به‌ یاسا و رێسا ئه‌خلاقییه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌، بێ ئه‌خلاقانه‌ترین کاره‌، واتا خه‌یانه‌تی ژن به‌ مێرده‌که‌ی. له‌م رووه‌وه‌ ناکرێ ئێمه‌ به‌و پێوه‌ره‌ ئه‌خلاقییانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه‌ بدوێین. نموونه‌ی وه‌ها له‌ ئه‌ده‌بی زاره‌کی ئێمه‌ دا گه‌لێک زۆرن.
ئه‌و نموونانه‌ی خواره‌وه‌شم له‌ وێبلاگی کاک جه‌عفه‌ری حوسێنپوور (هێدی) وه‌رگرتووه‌:
گۆڕانیی فۆلكلۆر:
ناوێرم بیمژم، بیكوشم، لیمۆكه‌ی كاڵه
ده‌ستیان لێ مه‌ده‌ن سه‌ریان به خاڵه
گۆڕانیی فۆلكلۆر:
جووتێک شه‌مامه‌ی نیمڕه‌سم ده‌یه
ده‌وری په‌رژینه، ڕێی ده‌سم نییه
گۆڕانیی فۆلكلۆر:
هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م دڵ پیر نابێ
ده‌ستم له مه‌مكی گیر نابێ
یار منداڵه بۆم ژیر نابێ
----------------------------------------
--------------------
فۆلكلۆری ناوچه‌ی ئه‌رده‌ڵان:
هه‌ر له ‌سه‌ر سه‌رین تا پاژنه‌ی عه‌ین
عه‌یبۆ تێیا نییه‌ به‌ گه‌رده‌نم ده‌ین
یاران بێنه‌ دیار ئه‌م ته‌خت و «توێڵ»ه‌
ئه‌یژی نشینگای شای ئه‌رده‌بێڵه‌
له‌ «توێڵ»ه‌و خوارتر برۆی په‌یوه‌سه‌
له‌ برۆوه‌ خوارتر دوو دیده‌ی مه‌سه‌
له‌ دیده‌و خوارتر لووتی قه‌ڵه‌مه‌
له‌ لووته‌و خوارتر نه‌واته‌ ده‌مه‌
له‌ ده‌مه‌و خوارتر شمشێر چه‌نه‌ی زه‌ڕ
له‌ چه‌نه‌و خوارتر گه‌رده‌ن مینای ته‌ڕ
له‌ گه‌رده‌ن خوارتر سینه‌ی سوڵتانی
لێیه‌و به‌ن بووگه‌ به‌ی ئه‌سفه‌هانی
له‌ سینه‌و خوارتر نافه‌ به‌ وێنه‌
له‌ نافه‌و خوارتر گه‌نجه‌ و خه‌زێنه‌
جفته‌ ڕانه‌كه‌ی وه‌ک لۆكه‌ نه‌رمه‌
ساتێ بۆ یه‌كێ مه‌جازی گه‌رمه
هه‌ر وه‌ها ئه‌گه‌ر سه‌یری 8 به‌رگه‌که‌ی رشته‌ی مرواری بکه‌ی، له‌ سه‌ر له‌ به‌ری ئه‌و کتێبه‌ دا حه‌کایه‌تگه‌لێک ده‌خوێنیه‌ته‌وه‌ که‌ باسی ئه‌ندامه‌ بڤه‌کانی له‌شی ژن و پیاو و سێکس کردنی مرۆڤ و حه‌یوانیشی تێدایه‌. و ناکرێ چونکه‌ باسی ئه‌م شتانه‌ کراوه‌ عه‌لائه‌دینی سه‌جادی ته‌کفیر بکه‌ین و کتێبه‌که‌شی له‌ خانه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی ده‌رهاوێژین.
به‌ڵام وا دیاره‌ جه‌نابت له‌ روانگه‌ی ئه‌خلاقییه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی کاک ره‌سوول ناکه‌ی و ئیدیعا ده‌که‌ی به‌ پێی پێوه‌ره‌ ئه‌ده‌بییه‌کان وه‌ها قه‌زاوه‌تێک له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ده‌که‌ی.
من چه‌ند نموونه‌یه‌کت له‌ هه‌جوه‌کانی شێخ ره‌زا و وه‌حشیی بافقی و مامۆستا هێمن بۆ ده‌نووسم و ئاماژه‌ به‌ چه‌ند نموونه‌یه‌کیش له‌ هه‌جوه‌کانی کاک ره‌سوول ده‌که‌م. جه‌نابت پێم بڵێ به‌ کام پێوه‌ر هی شێخ ره‌زا و وه‌حشیی بافقیت پی هه‌جوه‌‌ و هی ره‌سووڵ سوڵتانی به‌ جنێوی رووت ده‌زانی.
شێخ ره‌زا له‌ هه‌جوی خزمه‌کانی خۆی دا ده‌ڵێ:
1: ماماه‌که‌م قه‌حبه‌ ژنه‌ ده‌وڵه‌تی شه‌ددادی هه‌یه‌
تالعی ره‌هبه‌ر و به‌ختێکی خودادادی هه‌یه‌
گه‌ر سه‌ر و ریشی پیاوانه‌یه‌ باوه‌ڕ مه‌که‌ پێی
باتینی جوله‌که‌ و زاهیری زوههادی هه‌یه‌
خۆی به‌ هه‌ر سووره‌ت ئومێدی که‌ره‌مم لێی هه‌یه‌ لیک
رقی زۆرم له‌ ره‌سیدی کوڕی گه‌ووادی هه‌یه‌
ره‌نگی که‌ر ده‌نگی به‌قه‌ڕ هه‌یئه‌تی سه‌گ خوویی چه‌قه‌ڵ
چاوی کوێر مه‌خزه‌نی کێر مه‌قعه‌دی پێ بادی هه‌یه‌
زیکر و ئه‌ورادی له‌سه‌ر کێر و زه‌که‌ر مونحه‌سیره‌
سه‌یری ئه‌و حیزه‌ قورمساغه‌ چ ئه‌ورادی هه‌یه‌
تف له‌ کوز دایکی له‌ لای خۆی کوڕی هێناوه‌ته‌ ده‌ر
گوو به‌ ریش بابی له‌ کن خۆی ئه‌میش ئه‌ولادی هه‌یه‌
له‌ گرووهی حه‌ره‌ما کاره‌که‌ر و دایک و خوشک
فاتم و عاسم و حامان و په‌ریزادی هه‌یه‌
شه‌و و رۆژ چه‌پڵه‌ به‌ کوز لێده‌ده‌ن و هه‌لده‌په‌ڕن
فه‌ره‌جیان تاب و ته‌بی کووره‌یی حه‌ددادی هه‌یه‌
بێ حه‌یان جومله‌ خوسووسه‌ن ژنه‌ سۆزانییه‌که‌ی
ره‌وشی دێڵه‌سه‌گ و قه‌حبه‌یی به‌غدادی هه‌یه‌
2: شێخ عه‌لی خۆ تۆ منت ئاواره‌ کرد و ده‌ربه‌ده‌ر
چاکه‌ هه‌جوێکت بکه‌م ئه‌مما موفید و موخته‌سه‌ر
بۆ حه‌مه‌ی وه‌ستا فه‌تاح ئێمه‌ت هه‌موو ئاواره‌ کرد
ئه‌ی حه‌مه‌ی وه‌ستا فه‌تاح دایکت به‌ کیری نێره‌که‌ر
(ده‌روێشه‌کانی شێخ عه‌لی به‌ ژنی شێخ عه‌لییان ده‌کوت دایه‌. که‌ ده‌ڵێ حه‌مه‌ی وه‌ستا فه‌تاح دایکت به‌ کیری نێره‌که‌ر مه‌به‌ستی له‌ دایک، ژنی شێخ عه‌لی مامێتی.)
له‌ هه‌جوی خه‌ڵکی تر دا ده‌ڵێ:
1: ماری ره‌شه‌ خنکاوه‌ له‌ گێژاوی خه‌لا دا
کیرم له‌ قنگی کاکه‌ حه‌مه‌ی حاجی مه‌لا دا
2: ئه‌حمه‌قم نه‌مکرد هه‌تا ریشم نه‌بوو گانی بده‌م
مسته‌فا به‌گ چاکی کرد تا ریشی هات هه‌ر گانی دا
3: پووره‌ شوکری به‌سسه‌ با نه‌تگێم و سمتت له‌ق نه‌که‌م
دایکه‌ کیر خۆرت حه‌واڵه‌ی سووری سه‌ر ئه‌بله‌ق نه‌که‌م
کۆنه‌ حیزی شاری به‌غدا لێم حه‌رام بێ شاعیری
گه‌ر کوزی خوشکت وه‌کوو ئه‌یوانی که‌سرا شه‌ق نه‌که‌م
4: مه‌عرووفی بێ ده‌رایه‌ت گووت کرده‌ نێو بدایه‌ت
چت پێ بڵێم قوڕمساغ هه‌ردوو گونم به‌ دایه‌ت
گونمی به‌ تڕ شه‌هید کرد کیرم ده‌کا ره‌عایه‌ت
5: شوکری له‌ داخی تۆ ئه‌وه‌ ساڵێکه‌ یا دووه‌
کیرم نه‌خۆشه‌ حاڵی په‌رێشانه‌ خه‌وتووه‌
6: من به‌ ئاشووبم به‌ جارێ خان و بانووتان ئه‌گێم
ئیبنی مه‌شهوورتان ده‌یوس و پیاوی به‌دخووتان ئه‌گێم
هه‌ر له‌ کوڕ تا کچ له‌ ساڵێ سه‌د هه‌تا دووتان ئەگێم

۳/۰۳/۱۳۹۰

ئەرێ کۆنگرەی پازدە بەسەرکەوتنەوە کۆتایی پێهات؟!

 تاهیر قاسمی


پازدەهەمین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستان رۆژی ٨ی جۆزەردان کۆتایی پێهات. کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە وەک هەمیشە “به‌ خۆشحاڵییه‌وه”‌ رایگەیاند که‌ “پازده‌هه‌مین کۆنگره‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستان، دوانیوه‌ڕۆی 8ی جۆزه‌ردان(29ی مای 2011)، به‌سه‌ر که‌وتنه‌وه‌ کۆتایی به‌ کاره‌‌کانی هێنا”، بە بێ ئەوەی جارێک تاریف و چۆنیەتی کۆتایی “سەرکەوتوانەی” کۆنگرە و کۆبوونەوەکانی بۆ بەردەنگەکانی خۆی روون کردبێتەوە. 

ئەگەر مەبەست لە سەرکەوتنی کۆنگرە تەنیا باس و لێدوان و سەرەنجام پەسەندکرانی ئەو بەڵگەنامانە بێ کە کۆمیتەی ناوەندی خستیە بەردەم ئەندامانی کۆنگرە، ئەگەر مەبەست سەرلەنوێ هەڵبژێرانەوەی ئەندامانی رێبەری بە ٣-٤ کەس ئاڵوگۆڕ بێ، ئەوە کۆنگرەی پازدەش وەک هەر کۆنگرەیەک لەم دنیایەدا “سەرکەوتوو” بوو و هیچیش پێویست ناکا بە خۆشحاڵی یان بە خەمناکیەوە کۆتاییەکەی بە خەڵک رابگەیەنین.
بەڵام ئەگەر رادەی سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی هەر کۆنگرەیەک بەستراوە بێ بەوە کە ئەو حیزبە و بە تایبەت رێبەریەکەی تا چەند توانیویەتی بەرنامە و پرۆژەکانی کۆنگرەی پێشوو لە مەودای دوو کۆنگرەدا جێبەجی بکا و لەوەش زیاتر تا چەند توانیویەتی حیزبەکە لە بوارەکانی سیاسی، تەشکیلاتی، پەروەردە، ماڵی، راگەیاندن و بوارە جۆراوجۆرەکانی دیکە بەرەو پێش بەرێ، بە بڕوای من حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە تایبەت رێبەریەکەی تا کۆنگرە نمرەی قەبوڵی وەرنەگرتووە و حەق نییە “بە خۆشحاڵیەوە” پێمان رابگەیەنێ کە “کۆنگرە به‌سه‌ر که‌وتنه‌وه‌ کۆتایی به‌ کاره‌‌کانی هێنا”.حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئەنجامی کۆمەڵێک قەیرانی تەشکیلاتی و سیاسی لە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێشوودا، بە دەستی خاڵی لە باری ماڵی بەڵام بە سەرمایەیەکی گەورەی ئینسانیەوە چ لە ناو حیزب و چ لە دەرەوەی حیزب، ناچار ملی بە لەتبوون دا. لە دوای لەتبوونەوە ئەو حیزبە بەردەوام بەرەو هەڵکشان و گەشەکردن هەنگاوی بە بڕشتی هاویشت.
ئەو هەڵکشانە تا کۆنگرەی چواردە بەردەوام بوو. لە کۆنگرەی چواردەدا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی گرینگ و لە سەرووی هەموانەوە بەرنامە و پێرەوی نوێ کە دەرەنجامی ماوەیەکی زۆر کار و تێکۆشان و کۆکردنەوەی فکری کۆمەڵێکی زۆر لە شارەزایانی ناو حیزب و دەرەوەی حیزب بوو، پەسەند کران. لە بەرنامەی حیزبدا گەشە بە خواستی نەتەوەیی درا و هاوکات دێموکراسی ناوخۆیی و هەنگاونان بۆ دێسانترالیزە کردنی قەوارەی حیزب لە پێرەوی ناوخۆ دا رەنگی دایەوە. رێبەریەک بە دوور لە هەر جۆرە دەمارگرژی و ناوچەگەری و … هەڵبژێردرا. بۆ یەکەم جار میکانیزمی هەڵاواردنی پۆزەتیڤ بە مەبەستی رێگەخۆش کردن بۆ سەرکەوتنی ژنان لە کۆنگرەدا هاتە ئاراوە، لاوان بەشێکی بەرچاو لە پێکهاتەی رێبەری‌یان پێکهێنا و هاوکات بەشی هەرە زۆری رێبەرانی لەمێژینەی ئەو حیزبە، ئەگەرچی ئێستاش سەرمایەی گەورەی فکرین، بەڵام دەستیان لە رێبەری کێشایەوە و جێگای خۆیان بۆ لاوەکان بە جێ هێشت.
ئەوانەی سەرەوە تەنیا بەشێک بوون لە دەسکەوتەکانی کۆنگرەی چواردە. بەڵام هەر بە دوای کۆتایی کۆنگرە، رەوتی داکشان و نوشستی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستی پێ کرد. ئەو رەوتە لە ٦ مانگی یەکەم دا کە بەڕێز کاک خالید عەزیزی وەک وتەبێژی حیزب کاری دەکرد خاوتر بوو بەڵام لەو کاتەوە کە ئەرکی سکرتێری حیزبی بە ئەستۆ گرت، رەوتێکی خێراتری بەخۆوە گرت. رێبەری بە کردەوە رەوتی بچووک کردنەوەی حیزب و خڕکردنەوەی دەسەڵات لە ناو دەستی خۆی دەست پێکرد، پشتی لە زۆربەی بڕیار و پەسەندکراوەکان کرد.
بۆ وێنە تاقە جارێکیش کۆماری کوردستان وەک ئامانجی ستراتژیی ئەو حیزبە لە وتەی رێبەرانی دا رەنگی نەدایەوە. هیچکام لە رێبەرانی حیزب چ بە زمان و چ بە نووسین جارێک دیفاعیان لە بەرنامەی حیزبەکەیان نەکرد، گەشەدان بە بیری نەتەوەیی هیچ رەنگدانەوەیەکی لە گوتاری حیزبدا نەما. ئەو کۆمیسیۆنانەش کە بە مەبەستی دێسانترالیزەکردنی قەوارەی حیزب لە ئەساسنامەدا گونجێندرابوون، کەوتنە بەر رقی رێبەریی حیزبەوە و یەک لە دوای یەک خنکێندران یان نیوە گیان کران.
رووناکبیرانی دەور و دەرەوەی حیزب کە لە ناویان دا ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانستگا هەبوون، یەک لە دوای یەک تەرە کران و لەو حیزبە دوور خرانەوە. رووناکبیرانی ناو حیزب ناهومێد کران، لە جیاتی کەڵکوەرگرتن لە تواناکانی ناو حیزب و دەرەوەی حیزب، کاری تاکەکەسی جێگای بە کاری هەرەوەزی لێژ کرد، تواناییەکان پەڕاوێز کران، راگەیاندن ئەگەر نەڵێم داکشانی بە خۆوە دیت، لەو ئاستەدا قەتیس ما کە بەر لە کۆنگرەی چواردە هەبوو، تەشکیلاتی ئاشکرا هەڵوەرینی بەخۆوە دیت و خەبەرێکیش لە “ئاموزش” و پەروەردەی حیزبی و نەتەوەیی بۆ ئەندامان نەما. تەنیا شتێک کە تا ئێستاش بەردەوام بەچاوی ئەندامان دا دەدرێتەوە، رێگەدان بە دەربڕینی بیروڕای ئازادە کە ئەوەش هێشتا لە بنکەکانی حیزب دا پرسیاری لەسەرە و ئەوەندەش کە پێوەندی بە ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی بنکەکان هەیە، خێرێک نییە کە رێبەریی حیزب بتوانێ پێیانی بکا.لە زۆربەی کۆنفرانسەکانی پێش کۆنگرەی ١٥ دا و بۆ وێنە لە کۆنفرانسی ئەندامانی حیزب لە وڵاتی فینلاند کە بۆخۆم تێیدا بەشدار بووم، زۆربەی نیزیک بە تەواوی ئەوانەی تریبونیان وەرگرت، قسەکانیان لە دەوری داکۆکی لە بڕیارەکانی کۆنگرەی چواردە و پێویستی پێداگرتنەوەی کۆنگرەی پازدە لە سەر ئەو پەسەندکراوانە خولی دەدا. لە راستی دا ئەندامان بە جێگای ئەوە کە بیر لە پێشکەوتنی زیاتر بۆ حیزبەکەیان بکەنەوە، ناچار بوون دیفاع لە دەسکەوتەکانیان بکەن. ئەمە بۆ من تراژێدی بوو کە بە ئاشکرا دەمدیت بەدەنە لە بەرامبەر رێبەریی دا کەوتبووە بەرگری لە دەسکەوتەکانی کۆنگرەی پێشوو!
لە حاڵێک دا کە ئەگەر حیزبەکە رەوتی دروستی خۆی پێوابا، ئەندامان دەبوو بیری نوێیان داهێنابا، یارمەتیان بە روونکردنەوەی پەسەندکراوە تەماویەکانی کۆنگرەی پێشوو کردبا، ژنان دەبوو لە دەست میکانیزمی هەڵاواردنی پۆزەتیڤ رزگار کرابان و هاوکات کاندیداکانیان بۆ رێبەری چەند بەرابەر بووبا، دەبوو بۆ هەرکام لەو ناوچانەی کە رێژەی ئەندامیان لە رێبەری دا نییە یان کەمە، چەندین کادر وەک کاندیدی رێبەری پەروەردە کرابا، دەبوو ئەندامان بە بیری نەتەوەیی زیاتر گۆش کرابان، دەبوو لە سایەی دێسانترالیزە کردنی قەوارەی حیزب و دابەشکردنی دەسەڵات، چیدی هیچ ئەندامێک حیزبایەتیەکەی بە بوون و نەبوونی لە ناو رێبەری دا گرێ نەدابایەوەو دەبوو… دەبوو… دەبوو… بەڵام بە داخەوە زۆر “دەبووی” دیکە نەبوون و کۆنگرەش بە “سەرکەوتنەوە” کۆتایی پێهات!
***
خۆ ئەگەر دۆخی ئێستای حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک عادەتە، لە گەڵ لایەنەکانی دیکە هەڵسەنگێنین، رەنگە لە زۆربەی بوارەکاندا ئەو حیزبە جیاوازیەکی ئەوتۆی لە گەڵیان دا نەبێ بەڵام رەساڵەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەوە نەبوو. ئەوەندەش کە دەگەڕێتەوە سەر توانایی و لیاقەتی سکرتێری ئەو حیزبە، نە رەخنەگرتن لێی بە مانای بێ تواناییەتی و نە بە توانایی ئەو بەو مانایەیە کە رەخنەی لە سەر نییە یان نابێ رەخنەی لێ بگیرێ. سەرەڕای هەموو کەموکوڕیەکان، لە ناو رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، ئەمڕۆ کاک خالیدی عەزیزی باشترین کەسە بۆ سکرتێر بەڵام بێدەنگ بوون لە حاند ئەو کارانەی کە دەبوو بکرێن و دوای پتر لە سێ ساڵ هەروا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، بە مانای رازی بوون بە کەموکوڕیەکانە.
هەڵەیەک کە بە داخەوە لە دوای کۆنگرەی چواردەوە زۆربەمان بە بیانووە پووچەکانی “حیزبەکە ساوایە” یان “با ئەم و ئەو پێمان خۆش نەبن” و… تووشی بووین و بووین بە شەریکی هەڵەکان. لە راستی دا، لە مەودای نێوان کۆنگرەکانی ١٤ تا ١٥ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێوەندی نێوان سکرتێر و حیزب، هەمیشە منی وەبیر پەندی “ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوانیش لە خەیاڵێک” خستۆتەوە. بڕیار و پەسەندکراوەکان لەو حیزبەدا تەنیا نووسراوەی سەر کاغەز بوون و سکرتێر ئەوەی کردووە و ئەوەی گوتووە کە خۆی پێی باش بووە نەک ئەوەی کە حیزبەکە پێی باش بووبێ.
لەم نێوەش دا ئەندامانی دیکەی رێبەری کڕ و کپ، متەقیان لێ نەهاتووە. لە حاڵێک دا لە هەموو حیزبێکی پێشکەوتوو و دواکەوتووی ئەم دنیایە، سکرتێر و ئەندامانی دیکەی رێبەری لە کۆنگرەکاندا خۆیان بۆ جێبەجێ کردنی بڕیار و پرۆژەکانی حیزبەکە کاندید دەکەن و ئەگەر هاتوو موخالفی ئەو بڕیار و پەسەندکراوانە بوون، ئەوە دەبێ خۆیان لە کاندیدکردن و بەرپرسایەتیی جێبەجێ کردنیان بپارێزن.بە دوای کۆنگرەی پازدە دا هەرچەند گۆڕانێکی رێژەیی لە گوتاری سیاسیی رێبەرانی حیزب دا بەرگوێ دەکەوێ بەڵام بەش بە حاڵی خۆم هەم گۆڕانەکەم پێ درەنگ وەختە و هەم بە داخەوە بە پێی ئەزموونی دوای کۆنگرەی چواردە، پێم وایە زۆر درێژە ناکێشێ و سەرلەنوێ پشت کردن لە پەسەندکراوەکانی ئەو کۆنگرەیەش دەست پێ دەکاتەوەو رەوتی بچووک کردنەوەی حیزبەکەش لە لایەن رێبەرانیەوە هەروا درێژەی پێ دەدرێ. چونکە لەم کۆنگرەیەش دا نوێنەرانی کۆنگرە هەروا بۆخۆیان “مصوبات”یان پەسەند کردووە و رێبەرانیش بڕیاریان داوە سیاسەتی خۆیان بکەن.

۹/۱۰/۱۳۸۹

دوکتور زیا سەدرولئەشرافی: داوا لە دوو لایەنی حیزبی دێموکرات دەکەین لەگەڵ یەک بکەونە دیالۆگەوە

زیا سەدرولئەشرافیدوکتور زیا سەدرولئەشرافی کەسایەتیی ئازەربایجانی و وتەبێژی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ داوای لە هەر یەک لە عەبدوڵڵا حەسەن زادە و مستەفا هیجری کرد تا لە گەڵ یەک بکەونە دیالۆگ و کار بۆ یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران بکەن. وتیشی کە ئەو لە ناو ئازەری و کوردەکان دا بە باشترین دۆستی ئازەریی کوردەکان دەناسرێ و رابردوویەکی دێرینەی لە ئاشنایەتی لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان ، بە تایبەت ئاشنایەتی لە گەڵ دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو و عەبدوڵڵا حەسەن زادە هەیە.

لە رۆژانی ١٨، ١٩ و ٢٠ی نوڤامبر کۆنفرانسێک بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کە نوێنەرانی حیزب و لایەنەکانی سەر بە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتەی لە خۆ گرتبوو، لە شاری هێلسینکی پێتەختی وڵاتی فینلەند پێک هات. ئەو کۆنفرانسە تایبەت بوو بە تاوتوێ کردنی پرسی فیدرالیزم و دێسانترالیزە کردنی دەسەڵات لە ئێرانی داهاتوو کە تێیدا هەریەک لە رەزا کەعبی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کاوە ئاهەنگەری لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، مەجید حەقی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حەسەن شەمسی لە کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێران و دوکتور گوڵمراد مرادی لە بزوتنەوەی دێموکراتیکی یارسان بەشدار بوون و هەرکام روانگەی حیزبەکەی خۆیان لەم بارەوە خستە روو. لە کوردەکانی دیکەش رەئوف کەعبی نوێنەرایەتی ئیتحادی فیداییانی خەڵکی ئێرانی دەکرد و هەروەها دوکتور محمد عەلی تۆفیقی وەک رۆژنامەنووس راستەوخۆ بەشداری کۆنفرانس بوو و باسێکی لە سەر فیدرالیزم پێشکەش کرد. لە دووریشەوە و لە رێگای سکایپ، دوکتور ئاسۆی حەسەن زادە مامۆستای زانستگای فەرانسەوی - لوبنانیی هەولێر و شەهابەدین شێخی رۆژنامەنووس لە وڵاتی ئاڵمانەوە، بەشدار بوون و قسەیان کرد. 


لە رۆژی دووهەم و بە پێی بەرنامەی کاری کۆنفرانس، نوێنەرانی هەر یەک لە حدکا و حدک - بە ئانقەست یان بە هەڵکەوت - لە پانێلێکی هاوبەش و لە تەنیشت یەک بەشدار بوون و باسەکەیان پێشکەش کرد. ئەوەش خۆشحاڵی و تەشویقی سەرجەم ئامادەبوانی لێکەوتەوە و دوکتور حسین لاجوێردی، وەک رێکخەری سەرەکیی کۆنفرانسەکە ئەوەی بە یەکێک لە دەسکەوتەکانی کۆنفرانس وەسف کرد.


ئەوەی لەم کۆنفرانسەدا هەستی پێ دەکرا، هەوڵی زۆری دوکتور لاجوێردی بوو بۆ راکێشانی سەرنجی زیاتری لایەنەکان بۆ پێشوازی و پەیوەست بوون بە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ کە ماوەی حەوت ساڵ بەسەر دامەزرانی دا تێپەڕیوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ناو کوردەکان دا هەست دەکرێ کۆنگرە لە ژێر هێژێمۆنیی لایەنێکی ناو کۆنگرە، بەرگری دەکا لە پەیوەست بوونی لایەنەکانی زیاتری رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەگەرچی پێشتر لەو بارەوە قسەم لە گەڵ دوکتور زیا سەدرولئەشرافی کردبوو و ئەو رەخنەیەم رووبەروو کردبۆوە، بەڵام دەرفەتێکی زۆر کەمم دەسکەوت تا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی دا ئەو پرسیارەی بەرەوروو بکەمەوە. 


وتەبێژی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ هەرچەند وتی کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان داوای بەئەندامبوونیان نەکردووە بەڵام نکۆڵی لەوە نەکرد کە کێشەی حدکا لە گەڵ حدک بەربەستی وەرگرتنی حدک بووە بۆ ئەندامەتی لەو پێکهاتەیەدا. لەم بارەوە وتی کە ئەوان کار بۆ یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دێموکرات دەکەن. 


دوکتور زیا سەدرولئەشرافی پێشینەی ئاشنایەتی خۆی لەگەڵ حیزبی دێموکرات بۆ ئەو کاتە دەگەڕێنێتەوە کە دوکتور قاسملوو رێبەریی ئەو حیزبەی بە دەست بوو و دەڵێ: "ئەو کات بە هۆی ئیرەج ئەسکەندەری و لە رێگای عەبدوڵڵا قادری ئازەرەوە لە گەڵ دوکتور قاسملوو ئاشنا بووم. لە رێورەسمی ناشتنی شەهید دوکتور شەرەفکەندی دا بەشدار بووم و دواتر کە کاک حەسەن زادە سکرتێری حیزب بوو، چووم لە گەڵی دانیشتم و لە بابەت پێوەندیی نێوان کوردەکان و ئازەربایجانییەکان لە ناوچەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و ناوچەکانی تر قسەم کرد." 
سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ نایشارێتەوە کە ئەو "ئاشنایەتی لەگەڵ کاک حەسەن زادە زیاتر تا کاک هیجری" بەڵام دەڵێ کە "ئارەزووی من ئەوەیە یەکێتی ئەو دوو باڵەی حیزبی دێموکرات وەدی بێ، چونکە ناکۆکی سیاسی دەبێ ببێتە هۆی گەشە کردنی جەریانێکی سیاسی و نابێ بخرێتە قۆناخێکەوە کە لاوازیی ئەو جەریانەی لێ بکەوێتەوە و دێموکراسی یانی توانایی تەحەمولی بیرورای جیاواز." لەم بارەوە وتەی خانمە وەزیرێکی فەرانسەوی لە سەردەمی دەسەڵاتی ژیسکار دێستەنی گێرایەوە لەو کاتەدا کە فرانسوا میتران، یاسر عەرەفاتی بانگهێشت کردبوو؛ "پرسیاریان لێ کرد کە بیروبۆچوونت لەو بارەوە چیە و لە وڵامدا کوتی بە رای من ئیسرائیل دەبێ لە گەڵ یاسر عەرەفات بکەوێتە وتووێژەوە. وتیان ئاخر موخالفی یەکترن، لە وڵام دا وتی ئینسان لەگەڵ موخالفی خۆی وتوێژ دەکا نەک لە گەڵ هاو نەزەرەکەی."

دوکتور سەدرولئەشرافی کە وەک خۆی دەڵێ هەم لە ناو تورکە ئازەریەکان دا و هەم لە ناو کوردەکان دا بە باشترین دۆستی ئازەریی کوردەکان ناسراوە، دەڵێ: لەو محەبەتەی ئەو ئازیزانە کەڵک وەردەگرم و وەک بەرپرس و وتەبێژی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ داوا دەکەم دوو لایەن لەگەڵ یەک دابنیشن و ئەوەی لە دەستی منیش بێ لەم بارەوە تەنەخی ناکەم، ئاکامەکەشی پێوەندی بە خۆیانەوە هەیە.


لە بابەت ئەوە کە ئاخۆ ئەوان بەرنامەیەکیشیان هەیە بۆ پێکهێنانی دیالۆگ و نیزیک کردنەوەی ئەو دوو لایەنەی حیزبی دێموکرات، سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ ئاشکرای دەکا کە ئەوان "لە کۆنگرەدا خەریکن پەیماننامەیەک بێننە بەرباس کە ئەو نەتەوانە هەر جۆرە ناکۆکیەکیان لەگەڵ یەک هەبێ، دەبێ بە شێوەی هێمنانە و ئاشتیخوازانە چارەسەری بکەن و سروشتی‌یە کە ئەوە ئەندامانی جیاوازی ناو هەر کام لەو نەتەوانەش دەگرێتەوە و راست بەو هۆیەیە کە من داوا لە کاک حەسەن زادە و کاک هیجری دەکەم کە حەتمەن قسەکانم دەبیسنەوە، هەر وا بکەن و ئەوە بە قازانجی نەتەوەی کوردە."

تاهیر قاسمی ئەو راپۆرتەی ئامادە کردووە
سه‌رچاوه‌: رۆژهه‌ڵات‌تایمز

۷/۱۴/۱۳۸۹

عەلی مێهرپەروەر: (بەر لە لەتبوون) مۆرەکانی رێژێم‌ هەوڵیان دەدا به‌خۆنزیک کردنه‌وه‌ له‌ جیناحێک پشتی خۆیان قایم بکه‌ن

دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ به‌رێز عه‌لی میهرپه‌روه‌ر(تاهیر قاسمی)
عه‌لی مێهرپه‌روه‌ر
وەک سەرەتایەک بۆ چوونە ناو باسەکە تکایە بە کورتی باسێک لە کارنامەی کۆمیتەی کەمپەینی ئاشتی و پێشکەوتنەکانی لە ماوەی چەند مانگ کار و تێکۆشانی بۆ خوێنەران بخەنە روو.
که‌مپینی یه‌‌کبوون که‌ به‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی بانگه‌وازێک بوونی خۆی راگه‌یاند، زۆری نه‌خایاند له‌گه‌ڵ پێشوازیی گه‌رمی ئه‌ندامان ولایه‌نگرانی حیزبی دێموکرات به‌ره‌وروو بوو. ئه‌و پێشوازیه‌ نیشانده‌ری ئه‌و راستیه‌ بوو که‌ مه‌یل بۆ لای یه‌کگرتنه‌وه‌ ویه‌کبوونه‌وەی دووباره‌ی حیزب، ویستی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبه‌. دیاره‌ ئه‌گه‌رکه‌سانێک هه‌ن که‌ لایه‌نگرییان لێ کردووه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا ئیستا که‌سانێکیش هه‌ن که‌ به‌ربه‌ره‌کانێ‌یان له‌گه‌ڵ کردووه‌‌ وکۆسپیان خستوه‌ته‌‌ سه‌ر رێگای. دیاره‌ ئه‌وه‌ شتێکی سروشتییه‌ چونکوو یه‌کبوونه‌وه‌ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی که‌سانێک ده‌گه‌یه‌نێ که‌ به‌هۆی لێکدابڕان پله‌و پایه‌یه‌کیان به‌ نسیب بووه‌. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ که‌ موخالیفه‌کانیش به‌رواڵه‌ت دان به‌وه‌دا ده‌نێن که‌ یه‌کبوونه‌وه‌ و یه‌کریزی و دیالوگیان پێ باشه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ئه‌مما و ئه‌گه‌رو مه‌رج دانان که‌ له‌ راستی‌دا هه‌ر وه‌ک موخالیفه‌ت وایه‌. به‌ گشتی ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌ ده‌ستکه‌وت بکه‌ین له‌وانه‌یه‌ شتێکی کۆنکریت و مه‌لمووسمان به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ باسی یه‌کبوونه‌وه‌ چووه‌ته‌ نێو به‌ده‌نه‌ی هه‌ردوو به‌شی حیزب و به‌ شیوه‌ی جۆراوجۆرله‌ کۆر و کۆبوونه‌وه‌کاندا ده‌که‌وێته‌ به‌ر باس، جێی خۆشحاڵییه‌. چونکوو ئه‌و باسکردنانه‌ بۆخۆی به‌مانای بوونی کێشه‌یه‌که‌ که‌ هه‌ڵده‌گرێت به‌ شوێن رێگه‌چاره‌دا بگه‌رێیت.

کەسانێک پێیان وایە کەمپەین و کومیتەکەی لە دامەزرانیەوە تا ئێستا رەوتی روو بە هەڵکشانیان بە خۆوە نەدیتوە. ئەوە لە روانگەی ئێوەوە چۆن چاو لێ دەکرێ؟
پیم وایه‌ تێگه‌یشتنێکی هه‌ڵه‌ له‌ ره‌وتی یه‌کبوونه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌. هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ یه‌کبوونه‌وه‌ ته‌نیا به‌ کاری کومیته‌ یان چه‌ند که‌سێکی ده‌ست نێشانکراو داده‌نرێ. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر رۆژ له‌ لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌وه‌ هه‌واڵێک بڵاو نه‌کراوه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ره‌وتی یه‌کبوونه‌وه‌ رووی له‌ کزی کردووه‌ یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌. موخالفه‌کانی یه‌کبوونیش توشی هه‌مان هه‌ڵه‌ی لێکدانه‌وه‌ بوون. ئه‌وان پێیان وایه‌ به‌ هه‌ره‌شه‌ و گوره‌شه ‌یان سزادانی چه‌ند که‌سایه‌تیه‌ک له‌ کومیته‌ی یه‌کبوون دا ده‌توانن ره‌وتی یه‌کبوون په‌ک بخه‌ن. له ‌کاتێکدا‌ که‌ ئه‌و ویسته‌ پێش له‌ راگه‌یاندنی بانگه‌وازه‌که‌ش له‌ ناخی ئه‌ندامان و لایه‌نگراندا هه‌ر هەبووه‌. بۆیه‌ نابێ که‌ پێشکه‌وتن یان نه‌که‌وتن ته‌نیا له‌ چالاکی کومیته‌دا ببیندرێت. هه‌رچه‌ند نکۆڵی له‌وه‌ ناکری که‌ به‌رنامه‌رێژی و هیدایه‌تی ره‌وته‌که‌ ئه‌رکی کومیته‌یه‌. ئه‌وه‌ له‌لایه‌ک، له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ یه‌کخستنه‌وه‌ یان به‌ یه‌ککردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌کان به‌ ته‌نیا له ‌ده‌ست یه‌کبوونخوازاندا نیه‌ به‌ڵکوو به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ کۆمه‌ڵێک هه‌لومه‌رج وباودۆخی تایبه‌ت. له‌وانه‌یه‌ هه‌لومه‌رجێک له‌ باری سیاسیه‌وه‌ له‌ داهاتوو دا بێته‌ کایه‌وه‌ که‌ ره‌وته‌که‌ توندتر یان ئه‌هوه‌نتر بکاته‌وه‌ که‌ به‌ده‌ر له‌ ئیراده‌ی یه‌کبوونخوازانە‌.

زۆر جار دوو لایەنی حیزبی دێموکرات لە بەیان و راگەیەندراوەکانیان دا بە زیان یان قازانجی یەکگرتنەوە قسە دەکەن، بەڵام ئێوە لە بەرامبەر هەردوکیان دا بێدەنگی هەڵدەبژێرن. لە کاتێکدا رەنگە زۆر کەس چاوەڕوانی هەڵوێستی بە وەخت لە ئێوە بن. بۆچی بێدەنگی هەڵدەبژێرن؟
که‌مپینی یه‌کبوون خۆی له‌ناخی هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامه‌ یه‌کبوونخوازانه‌ دا ده‌بینێته‌وه‌ که‌ له‌هه‌ر دوو لادا تێکۆشانیان هه‌یه‌. رێبه‌رانی هه‌رلایه‌ک که‌ به ‌دژ یان به‌ موافقی ره‌وتی یه‌کبوون لێدوان ده‌ده‌ن نه‌خش و روانگه‌ی خۆیان له‌و بواره‌دا ده‌ر ده‌خه‌ن و روویان له‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک و ئه‌ندامانی حیزبه‌، پێویست ناکات به‌ ده‌ربرینی هه‌ر بۆچوونێک کومیته‌ی یه‌کبوون ده‌ست به‌جێ هه‌ڵویست بگرێت. له‌و کاته‌دا له‌وانه‌یه‌ ئێمه‌ ببینه‌ هۆی قووڵتر کردنه‌وه‌ی که‌لێنی نێوان دوو لایه‌نه‌که‌.

ئێوە بە پێی رەواڵ ئەو کاتانە هەڵوێست دەگرن کە هەردولا شتێک پێچەوانەی هەڵوێستی ئێوە دەرببڕن. یان بە واتایەکی دیکە هەڵوێستتان هەمیشە وا بووە کە بتوانن بە شیوەی رێژەیی رەخنە لە هەر دوو لا بگرن. ئەوەش لە روانگەی چاوەدێران بۆ ئەوەیە کە لایەنێک تانەی لایەنگری لە لایەنەکەی دیکەتان لێ نەدا. پێتان وا نیە کاتی ئەوە هاتووە کە لە سیاسەتی رەخنەی نیوە بە نیوە خۆ دوور بگرن؟
ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر هێرشێک بکرێته‌ سه‌رمان یان به‌شتێک تاوانبارمان بکه‌ن که‌ ئێمه‌ لێی به‌ری بین، پێویسته‌ له‌ وه‌ها حاڵه‌تێکدا وه‌ڵامی خۆی پێ بدرێته‌وه ‌و راستیه‌ کان به‌ خه‌ڵکی بوترێت. ئێمه‌ زۆر جار باسی ئه‌وه‌مان کردوه‌ که‌ نه‌ ده‌ستکردی لایه‌نێکین نه‌ ئامرازی ته‌بلیغاتی بۆ لایه‌نێک به ‌دژی لایه‌نێکی دیکه‌. هه‌روه‌ها که‌مپینی یه‌کبوون نه‌ لایه‌نێکی سێهه‌مه ‌(ماوه‌یه‌ک ئه‌وناوه‌یان وه‌دوا خستبووین) نه‌ لایه‌نگری لایه‌ک و نه‌یاری لایه‌کی دیکه‌. ره‌وتی یه‌کبوون به‌گشتی له‌ناخی هه‌موو ئاشتیخوازان دایه‌ و هاورای به‌شێکی زۆر له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی هه‌ردوو به‌شی لێکدابراوی حیزبه‌ به‌ تایبه‌تی. ئێمه‌ باش ده‌زانین که‌ ئه‌وه‌ رێبه‌رانی حیزب بوون که‌ جه‌سته‌ی حیزبیان شه‌ق کرد ئیستاش رێبه‌رایه‌تی‌ ‌ده‌توانێ به‌ هه‌ست کردن به‌ ئه‌رکی گرانی سه‌ر شانیان و وه‌ڵام به‌ داخوازی یه‌کبوونخوازان، ئه‌و برینه‌ سارێژ بکاته‌وه‌. خۆزیا وا نه‌بوایه‌و به‌ده‌نه‌ی ئه‌وحیزبه‌ توانایی خۆی به‌ بێ چاوه‌روانی له ‌رێبه‌رایه‌تی بۆ سه‌ریه‌کخستنه‌وه‌ی حیزب وا بخستایه‌ته‌ گه‌ڕ که‌ ‌ یه‌کریزی و یه‌کبوونه‌وه‌ی به‌ سه‌ر رێبه‌رایه‌تیدا بسه‌پاندایه به‌ڵام راستیه‌که‌‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ رێبه‌رایەتی بریاره‌کان ده‌دات و به‌رێوه‌یان ده‌بات‌. ‌ هه‌ر بۆیه‌ که‌مپین نایهه‌وێ به ‌هه‌ڵوێستی ناوه‌خت ونابه‌جێ ئاگری دووبه‌ره‌کی خۆش بکات. له‌ هه‌مان کاتدا چاوه‌روانی له‌و ئه‌ندامانه‌ی نێو ریزی رێبه‌رایه‌تی که‌ هه‌ست به‌ پێویستی نزیکبوونه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت یه کبوونه‌وه‌ش ده‌که‌ن، ئه‌وه‌یه‌ که‌ راشکاوانه‌تر بێنه‌ مه‌یدان و ئه‌رکی نیشتمانی خۆیان به‌ جێ بگه‌یه‌نن، گومانیان نه‌بێ که‌ خه‌ڵک وه‌ها چاوه‌روانییه‌کیان لێیان هه‌یه‌ وهه‌نگاوه‌کانیان به‌رز ده‌نرخێنن‌. موخالیفه‌کانی یه‌کبوون دژایه‌تی خۆیان له‌گه‌ل یه‌کبوونخوازان ناشارنه‌وه‌ و چیان له‌ ده‌ست بێت بۆ په‌کخستنی ره‌وتی یه‌کبوون ده‌یکه‌ن. ئه‌و رێبه‌رانه‌ش که‌ به‌ دڵ خوازیاری ئاشتی وته‌بایین جێی خۆیه‌تی ده‌نگی خۆیان به‌رزتر بکه‌نه‌وه‌ و دیفاع له‌ ئامانجه‌که‌یان بکه‌ن. به‌و شێوه‌ ئه‌ندامه‌کانی لایه‌نگری یه‌کریزیش بێگومان پشتیان ده‌گرن.
باشە بە شێوەی کۆنکرێت و بە جیاواز داوای ئێوە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چیە؟ 
ئیمه‌ داوایه‌کی تایبه‌تیمان له‌ هێج لایه‌ک به‌ته‌نێ نیه‌. داوای سه‌ره‌کی ئێمه‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی نیوان دووبه‌شی حیزب له‌ رێگای دیاڵوک و وتووێژه‌. حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ لیدوانه‌کانی رێبه‌رانیدا باس له‌ دانێشتن و ئاماده‌یی بۆ دیالوک به‌ بێ مه‌رج ده‌کا و ئه‌وه‌ نه‌ هه‌ر لای ئێمه‌ به‌ڵکوو له‌ لای بیرورای گشتیش جێی په‌سه‌نده‌. لایه‌نی دیکه‌ش واتا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باس له‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی له‌گه‌ل به‌شه‌که‌ی دیکه‌ به ‌شێوه‌ێ ئاشتیخوازانه‌ ده‌کا و دیالوگ به‌ گشتی ره‌د ناکاته‌وه‌ به‌ڵام مه‌رجی تایبه‌تی بۆ ئه‌و دانیشتنانه‌ هه‌یه‌ و ئه‌ویش داوای گۆرینی ناوه‌که‌یانه‌. لێره‌دا جێی خۆیه‌تی ئه‌و پرسیاره‌ له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ردوولادا دابنێین:‌ ئه‌گه‌ر هه‌ردوولاتان دان به‌وه‌دا ده‌نێن که‌ دیالۆگتان قه‌بووڵه‌، ئایا ناکرێ نه‌ حدکا پێ له‌سه‌ر گۆرینی ناو دابگرێ و نه ‌حدکیش هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات هه‌ر ده‌بێ رووبه‌روو دابنیشن تا به‌و شێوه‌ به‌ فه‌رمی خۆیانیان پێ بناسێنن. وه‌ک له‌ دیپلوماسیدا باوه‌، با ناراسته‌وخۆ له‌گه‌ل یه‌کتر دانیشن و به‌هۆی لایه‌نێکی سێهه‌م که‌ جێگه‌ی په‌سه‌ندی هه‌ر دوولا بێت قسه‌کانی خۆیان به ‌لایه‌نی به‌رانبه‌ر بگه‌یه‌نن. نموونه‌ی ئه‌و ‌جۆره‌ دانیشتنانه‌ زۆرن. هه‌ر چه‌ند له‌وانه‌یه‌ ئه‌و جۆره‌ دانیشتنانه‌ دڵخواز نه‌بن به‌ڵام بۆ قۆناخی ئیستا هه‌نگاوێکه‌ له‌ راستایه‌کی دروستدا.

ئایا دوو حیزب تا ئێستا بە رەسمی یان بە شێوەی غەیرە رەسمی دانیان بە بوونی رەوتێک بە ناوی رەوتی یەکگرتنخوازی کە پتر لە چوارچێوەی کەمپەینی یەکبوون دا کۆ بۆتەوە، داناوە؟ 
تائیستا لایه‌نی حدک هه‌م وه‌لامی نامه‌ی که‌مپینی داوه‌ته‌وه‌ هه‌م دان به‌ بوونیدا ده‌نێ .به‌لام لایه‌نی حدکا تا ئیستا به‌ نووسراوه‌ وه‌ڵامی نامه‌کانی که‌مپینی نه‌داوه‌ته‌وه‌ .

دووپات کردنەوەی سیاسەتەکانی پێشووی حدکا لە لایەن کاک مستەفا هیجری لە گۆواری لڤین دا پێچەوانەی چاوەڕوانیی ئەو خەڵکە بوو کە پێیان وابوو بە دوای ئاشتی نێوان کاک حەسەن شەڕەفی کەسی دووهەمی ناو حدکا و مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە دیارترین کەسایەتیی ناو حدک، رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گۆڕانی لە سیاسەتەکانی دا پێک هێناوە یان پێک دێنێ. ئایا بە بڕوای جەنابت کاک حەسەن شەڕەفی پێچەوانەی سیاسەتی حیزبەکەی جوڵایەوە و بە پێی وتەکانی کاک مستەفا، هەڵەی کرد؟
ئه‌و حه‌ره‌که‌ته‌ که‌ به‌رێزکاک حەسه‌ن شه‌ره‌فی وه‌ک جێگری سکرتێری گشتی حدکا و به‌رێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زاده‌ وه‌ک که‌سایه‌تی دیاری ناو حدک له‌ رێوره‌سمی په‌رده‌ لادان له‌ سه‌ر مونۆمێنتی شه‌هیدکرانی دوکتور قاسملوو له‌ وییه‌ن نیشانیاندا هه‌ر چه‌ند له‌خۆیدا حه‌ره‌که‌تێکی به‌جێ بوو، به‌ڵام زیاتر له‌وه‌ که‌ وه‌ک ئاشتی له‌ نێوان نوێنه‌رانی دوو جه‌ره‌یانی سیاسی چاوی لێ بکرێ باشتره‌ وه‌ک ده‌ربرینی سۆزێکی دۆستانه‌ی دووهاورێ و هاوسه‌نگه‌ری پێشووی یه‌کتر سه‌یربکرێت. چوونکو ئاشتی مانای خۆی هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت ئاشتیی سیاسی. ئاشتی‌ ته‌نانه‌ت له‌نێوان دووکه‌سی ئاساییشدا دوای ده‌ربڕینی گله‌یی و گازه‌نده‌کان له‌ یه‌کترو قه‌بووڵکردنی رخنه‌کان له ‌یه‌کترو به‌کورتی گه‌یشتن به‌ ته‌وافوق دێته‌ کایه‌وه‌. وه‌ک هه‌نگاوێکی دروست له‌ رێوره‌سمێکدا به‌ڵێ به‌ڵام وه‌ک شتێکی کاریگه‌ر له‌ ره‌وتی یه‌کبوونه‌وه‌دا، به‌داخه‌وه‌، نه‌.

ئەوە راستە کە کێشە و ناکۆکیە چەند ساڵەییەکانی حیزبی دێموکرات خۆی زەمینەی ئەو لەتبوونە بوو. بەڵام کۆماری ئیسلامی زیاترین قازانجی لەو لەتبوونە پێ بڕا. ئایا دەتوانین بە شێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ شوێن پێی ئیتلاعات لەو لەتبوونەدا ببینینەوە؟ 
ئه‌و لێکدابڕانه‌ شتێکی کوتووپڕو "خلق الساعه‌" نه‌بوو به‌ڵکوو ئاکامی که‌ڵه‌که‌بوونی کێشه ‌چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌کانی کۆن بوو. چاره‌سه‌ره‌که‌یشی نه‌ ئاسانه‌ و نه‌ کاری یه‌ک رۆژ و دوو رۆژه‌.
ئه‌وه‌ی که‌ دوژمنانی گه‌لی کورد و له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌موان کۆماری ئیسلامی که‌ڵکی له‌و رووداوه‌ وه‌رگرتبێت، قسه‌ی تێدا نیه‌ و سروشتییه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی ویستبێتی که‌لێنی نێوان دوو جه‌ناح له‌ حیزبدا هه‌رچی زۆرتر قووڵ و به‌رینتر بێته‌وه‌‌. ئه‌و ریژیمه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی خۆی هه‌وڵی داوه‌ که‌ مۆره‌کانی خۆی بخزێنێته‌ نێو ریزه‌کانی حیزبه‌وه‌. زۆر جاریش له‌و کاره‌دا ئه‌گه‌ر بۆ کورت خایه‌نیش بووبێت سه‌رکه‌وتوو بوه‌ و زۆر جاریش مۆره‌کانی ئاشکرابوون و له‌ حیزب وه‌ده‌رنراون. ئه‌وه‌ی که‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌ره‌تانی له‌باری بۆ مۆره‌کانی ریژیم ده‌ره‌خساند که‌ش و هه‌وای ململانێیەکی ناسالم له‌ نێو حیزبدا بوو. ئه‌و مۆرانه‌ هه‌وڵیان ده‌دا به‌ خۆ نزیک کردنه‌وه‌ له‌ جیناحێک پشتی خۆیان قایم بکه‌ن. مه‌به‌ستی من ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ به‌پێی رێنوینی ریژیم ده‌یانویست خۆ له‌ نێو لاوانی به‌هه‌ست دا حه‌شار بده‌ن و بخزێنه‌‌ نێو ریزه‌کانی حیزب و ئه‌رکه‌کانیان به‌رێوه‌ به‌رن، ده‌نا هه‌ر وه‌ک وترا زۆر لاوی شۆرشگێر و نیشتمانپه‌روه‌ر هاتوونه‌ نێو ریزه‌کانی حیزب و له‌وپه‌ری دڵسۆزیدا خزمه‌تیان به‌ گه‌له‌که‌ی خۆیان کردوه. بۆیە‌ نابێ حیسابی ئه‌و لاوانه‌ له گه‌‌ل هیندێک سیخۆر که ‌به‌ زۆری‌ پەته‌یان ده‌که‌وته‌ سه‌ر ئاو و له‌ حیزب وه‌ده‌ر ده‌نران تێکه‌ڵ بکرێت. به‌و حاڵه‌ش ناکرێ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بوترێ که‌ هیچ مۆره‌یه‌کی رژیم نه‌یتوانیوه‌ خۆی له‌ نێو ریزه‌کانی حیزبدا مه‌ڵاس بدات. گومانی تێدا نیه‌ که‌ ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ زۆر به‌ وریایی و به‌ پێی ئه‌و رێنوێنیانه‌ که‌ وه‌ریانگرتوه‌، یان به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و ئیمکاناته‌ به‌رفراوانه‌ی پیوه‌ندی که‌ ئیستا له‌به‌رده‌ست دایه‌ وه‌ک تۆری ئینترنیت، موبایل و... رۆژانه‌ش رێنوێنی وه‌رده‌گرن و ئه‌رکی خۆیان به‌ پێی راسپارده‌کانیان به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن. سه‌ره‌رای ئه‌وانه‌ ناکری دابه‌ش کرانی حیزب به‌کاری ریژیم دابنرێ به‌ڵکووتاوانباری سه‌ره‌کی خۆمان بووین وک ئه‌وه‌ی که ‌دۆڕاوی سه‌ره‌کیش هه‌ر خۆمانین.

راگەیاندن بە تایبەت تۆڕی ئینترنێت رۆڵی سەرەکی لە تەقاندنەوەی کێشەکان و قوڵ کردنەوەی ناکۆکیەکان دا بینی. ئەگەر بەشێکی بۆ هەڵەی رێبەریی و بەدەنەی حیزبەکە لەم بارەوە بگەڕێنینەوە، ئایا دەتوانین بەشێکیش بۆ ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی تەرخان بکەین؟ بە تایبەت مەبەستم بابەتە بێ ناوەکانە. 
هیچ گومانی تێدانیه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی ته‌نیا له‌ یه‌ک شێوه‌ بۆ زه‌ربه‌ وه‌شاندن له‌ نه‌یاران و و ئوپوزسیۆنی خۆی که‌ڵک وه‌رناگرێت به‌ڵکوو له‌ هه‌موو ئیمکاناتێک بۆ تێکدانی ریزه‌کانیان سوود وه‌ر ده‌گرێت. ریژیم ده‌ره‌تان و ئیمکاناتی زۆری له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ وه‌ک رادیو، تلویزیۆن، رۆژنامه‌، ئینتیرنیت و... زۆر که‌ره‌سه‌ی ته‌بلیغی دیکه‌. له‌و نێوه‌دا که‌سانێک هه‌ن که‌ به‌ نووسینی بابه‌تی جۆراوجۆرو سازکردنی درۆ و ده‌له‌سه‌ و بڵاو کردنه‌وه‌ی زانیاری نادروست و هه و‌ڵدان بۆ بنکۆڵکردنی بیروباوه‌ره‌کان و له‌به‌رچاو خستن و سووک و بێ بایه‌خ کردنی به‌هاکانی جێی رێز له‌ نێو خه‌ڵک و له‌ نێو حیزبه‌کاندا نه‌خشی خراپ ده‌ گێرن و راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ سوودیان به‌ ریژیم گه‌یاندوه‌‌. ئه‌و بابه‌تانه‌ که‌ زیاتر به‌ ناوی خوازراو به‌ دژی ئه‌م یان ئه‌وکه‌س یان لایه‌ن له‌سه‌ر هیندێک سایت بڵاو ده‌کرینه‌وه ‌‌به‌ زۆری فڕیان به‌سه‌ر راستیه‌وه‌ نه‌بوه و نیه‌‌. به‌ڵام چ پێمان خۆش بێت چ ناخۆش بێت هه‌ر کام له‌و بابه‌تانه‌ که‌م تا زۆر کاریگه‌ری‌یان له‌سه‌ر خوێنه‌رانی خۆیان هه‌یه‌‌. لێره‌دا با ئه‌وه‌ش بڵێین که‌ ئه‌و سایتانه‌ که‌ ڕێگه‌ به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی ناراست وبێ به‌ڵگه ‌و تۆمه‌تی دڵ دوژمن خۆشکه‌ر ده‌ده‌ن له‌و نێوه‌دا بێ تاوان نین. چونکوو وا نیه‌ که‌ هیچ بابه‌تێک به‌ بێ ره‌زامه‌ندی به‌رپرسانی ئه‌و سایتانه‌ چووبێته‌ سه‌ر سایته‌کان. ئه‌گه‌ر زۆر خۆشبینانه‌ چاو له مه‌سه‌له‌که‌ بکه‌ین ئه‌وه‌یه‌ که‌ خاوه‌نی ئه‌و جۆره‌ سایتانه‌ ئه‌گه‌ر بابه‌تێک به‌ دژی خۆیان‌ نه‌بوو‌بێ با دژی هه‌ر که‌س و لایه‌نێک بوو بێت، دایانناوه‌ و پاساوی ئازادی به‌یانیان بۆ هێناوه‌ته‌وه‌‌. (لێره‌دا مه‌به‌ستی من ئه‌وه ‌نیه‌ که‌ ئه‌و سایتانه‌ به‌ مۆره‌ و ده‌ستکردی ریژیم بزانم و ئه‌و تاوانه‌ ناخه‌مه‌ پاڵیان) ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ که‌ بیانهه‌وێ و نه‌یانهه‌وێ رژیم پتر سوود له‌و مه‌سه‌له‌ وه‌رده‌گرێت. نووسینی بابه‌ت له ‌ژێر ناوی خوازراو له‌سه‌رهه‌ندێک له‌ سایته‌کاندا بووە‌ته‌ کارێکی ئاسایی بێ ئه‌وه‌ی تاوانبارکراو بزانێ وه‌ڵامی چ که‌سێک بداته‌وه‌. دیاره‌ رخنه‌ی به‌ جێ و به‌ به‌ڵگه‌ هه‌ر چه‌ند تاڵیش بن، که‌س ناتوانێ نکۆڵیان لێ بکات و هیچ پێویستیش ناکات به‌ ناوی خوازراو بن. ئه‌و جۆره‌ بابه‌تانه‌ ده‌رکی دیالۆگ ومناقشه‌ی شارستانیانه‌ ده‌کەنە‌وه‌ و سایته‌کانیش بۆ وه‌ها بابه‌تگه‌لێک تریبوونێکی باشن.

۵/۲۲/۱۳۸۹

کوردستانپۆست بەرپرسی ناوەرۆکی ئەم بابەتە نییە!


ماوەیەکە کوردستانپۆست هێرش و سوکایەتیەکی بەرینی بۆ سەر کوردەکانی رۆژهەڵات و بە تایبەت بۆ سەر سەکردەی کورد دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو بە بیانووی لایەنگری لە خوالێخۆشبوو ئەحمەد تۆفیق دەست پێکردووە. ئەگەرچی لە سەر و ژێری زۆربەی ئەو بابەتانە ناوی کوردستانپۆست وەک خاوەنی قسە و نوسینەکان نەهاتووە، بەڵام مادام زۆربەی نیزیک بە تەواوی ئەو بابەتانە ناو و ئیمزای هیچ کەسێکی دیار و بۆ خوێنەر ناسراویان پێوە نیە، کوردستانپۆست بە خاوەنیان دەناسرێ. ئەگەرچی لە بنی هەموان نوسراوە کە "کوردستانپۆست بەرپرسی ناوەرکی ئەم بابەتە نیە"، بەڵام بە پێچەوانەی ڕێوشوێنی رۆژنامەگەری، بۆ ماوەی حەوتوویەک دەکرێ بە مانشێتی ماڵپەڕ!


دەڵێن مەلایەک لە گەڵ مەلاژن بە چۆڵگەیەک دا دەڕۆن و لەپڕ چەتەیان لێ پەیدا دەبن. چەتە دەیانهەوێ ئەوەی پێیانە لێیانی بستێنن بەڵام بە پێی رەواڵ مەلا هیچی وای پێ نابێ بە کەلکیان بێ. هەر بۆیە بۆ ئەوەی بە دەستی بەتاڵ نەگەڕێنەوە، دەڵێن تا مەلاژن دەورێک سەمامان بۆ نەکا، ئازادتان ناکەین. مەلاژن بە ناچاری و لە سەر چراسەوزی مەلا سەمایەکی زۆر جوانیان بۆ دەکا. کاتێک چەتەکان بە جێیان دێڵن، مەلاژن بۆ ئەوەی دڵی مەلای لێ پیس نەبێ دەڵێ مەجبوریان کردم دەنا من شتی وا نازانم. مەلا دەڵێ باشە مەجبوریان کردی و سەمات کرد قەیدی ناکا، بەڵام پێم ناڵێی بۆچی ئاوا بە ئیشتیا خۆت با دەدا؟ 

ئەوەی لەم بابەتەدا گەرەکمە لێی بدوێم، کۆمەڵێک بوختانی نوسراوەیەکە کە ناوی "پێشمەرگەیەکی بێ ناو" یان "سەرباز گمنام"ی لە ژێر دراوە و سەرەرای ڕمێنی زۆری ماڵپەڕەکە بۆ زۆری بابەت، ماوەی حەوتوویەک کرا بە مانشێتی کوردستانپۆست. بابەتەکە دواتر بە هۆکارێک کە بۆ من روون نیە و کوردستانپۆستیش هیچ رونکردنەوەیەکی لەم بارەوە بە خوێنەرانی نەدا، لە سەر ماڵپەڕەکە لابردرا. رەنگە بەڕێوەبەرانی بەڕێزی ماڵپەڕەکە بیانووی رێگەدان بە بیرورای ئازاد بۆ بڵاو کردنەوەی بێننەوە، بەڵام بڵێی بۆچی بابەتێکی پڕ لە سوکایەتیی کەسێکی بێ ناو بکرێ بە مانشێتی سایتێکی پڕ خوێنەر؟ ئەی باشە کە نوسیوتانە ئێوە بەرپرسی ناوەرۆکی ئەم بابەتە بێ نووسەرە نین، پێم ناڵێن کێ خاوەنی ئەو هەموو سوکایەتی و بێ ڕێزی و بوختانانەیە؟ 

ئەوانەی سەرەتەقەیەک لە کاری رۆژنامەگەری دا دەکەن، دەزانن کە بە پێی رەواڵ مانشێت هەمیشە هەڵگری هەواڵی رووداوێک یان وتەیەکی سەرنجراکێشی کەسێکی ناسراو و کەسایەتیەکە. کەچی لە کوردستانپۆست دا ئاسەوارێک لەم پرەنسیپانە بەرچاو ناکەون هیچ بابەتێکی گومانلێکراوی ناکەسێکیش قوت دەکرێتەوە. کە دەڵێم ناکەس، مەبەستم سوکایەتی نیە و مادام کەسێکی دیار لە پشت بابەتێکەوە نەبێ، ناکەس جێگای دەگرێتەوە. کە دەشڵێم کەسێکی گومانلێکراو، ئەوا لە کۆتایی ئەم نوسینەدا مەبەستەکەم روون دەکەمەوە. 

لە گەڵ پەرەگرتن و بڵاوبوونەوەی ئامرازەکانی راگەیاندن، سروشتیە کە زۆربەی کۆمەڵگا دەستی بە یەک یان چەند جۆر راگەیەنەر رادەگا و هەموو کەس و لایەنێک دەبێ خۆی بۆ رەخنە لێ گیران ئامادە بکا. بەوە دەمهەوێ بڵێم کە هەر تاکێکی کۆمەڵگا دەبێ ئەو مافەی هەبێ کە رەخنە بگرێ و تەنانەت لاریم نیە ئەگەر خەتە سورەکانیش بپەڕێنێ. بەڵام خۆ دەبێ ئەو نەختە مافەش بە رەخنە لێ گیراو بدەین کە بزانێ کێ رەخنەی لێ دەگرێ و دەبێ جوابی کێ بداتەوە! وێڕای ئەوانەش ئەو رەخنانە لە کەسێک گیراون کە مێژوو خوڵقێن بووە و بەشێکی بەرچاو لە مێژووی خەباتی کوردی رۆژهەڵات بە رێبەریی دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو تۆمار کراوە. هەروەها ئێمە وەک ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێمان وایە کە قاسملوو لە بیر و رێبازی دا زیندووە. هەر بۆیەش دەبێ ئەو مافە بە هەموو کەس بدرێ کە رەخنە لەو رێبازە بگرێ. بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ کە رەخنە و سوکایەتی هیچکات ئاوەڕۆیان لە گەڵ یەک تێکەڵ نابێتەوە. شتێک کە بەڕێوەبەرانی کوردستان پۆست ناویان ناوە رەخنە.

لەو قسانەی کە کوردستانپۆست پێیوایە "دێموکرات وەڵامی پێ نیە" ئەوەیە کە ئیدیعا دەکا ئەحمەد تۆفیق سەرۆکی شەرعی بووە و دوکتور قاسملو لە لایەن بەعسەوە بە سەر حیزبدا سەپێندراوە. بەڵگەشی بۆ ئەوە ئەوەیە کە ئەو کۆنگرەیەی ئەحمەد تۆفیق تێیدا بوو بە سکرتێر لە سونێ گیراوە و ئەوەش کە دوکتور قاسملووی بە سکرتێر دیاری کرد لە بەغدا بە بێ لەبەرچاو گرتنی هەلومەرج و بارودۆخی ئەو کاتی حیزبی دێموکرات!! پێشتریش ئاماژەی بەوە کردووە کە دوکتور قاسملو پیاوی ساواک بووە و بەڵگەشی بۆ ئەوە ئیدیعای ئەحمەد تۆفیق بۆ دەرکردنی دوکتور قاسملوو یان رەحمانی قاسملووی ئەو کات لە حیزب بووە.

جارێ با ئەو واقعیەتە مێژوییە بگێڕینەوە کە لە حیزبی دێموکراتی ژێر رێبەریی ئەحمەد تۆفیق دا، دوکتور قاسملوو ئەگەر یەکەم نارازیش بووبێ، دوا نارازی ناو حیزبەکە نەبوو. ئەوانەی تۆزێک شارەزای مێژووی حیزبی دێموکرات و ئاشنا بە فکری رێبەرانی ئەو حیزبە بن دەزانن کە دوکتور قاسملوو کەسێکی چەپ و پەروەردەی ناو حیزبی تودەی ئێرانی سەر بە ئۆردوگای سوسیالیزم بوو. بە پێچەوانەشەوە ئەحمەد تۆفیق کەسێکی راسترەو بوو، بە پێچەوانەی دوکتور قاسملوو کە پێیوابوو حیزب دەبێ خەباتی خۆی بە شێوەی سەربەخۆ و دژ بە رژیمی ئێرانی ئەو کات درێژە پێ بدا، ئەحمەد تۆفیق پێیوابوو کە دەبێ حیزبەکە ببێ بە لقی کوردستانی ئێرانی پارتی دێموکراتی ئەو کات و شەڕی حکومەتی بەغدا بکا. هەر وەک دیتیشمان لەو کۆنگرەیەدا ئەحمەد تۆفیق سەرکەوت و توانی رەحمانی قاسملوو لە حیزب دەربکا و بە کردەوە حیزبەکە بخاتە ژێر ئیختیاری پارتی دێموکراتی کوردستان بە رێبەریی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی. رەحمانی قاسملوش چوو بۆ ئوروپا و دەستی بە دەرس خوێندن کرد. بەڵام بە رۆیشتنی ئەو کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان ئەحمەد تۆفیق لە گەڵ رێبەرانی دیکەی حیزب کۆتایی پێ نەهات. سەرەتا کۆمیتەیەک ساز بوو بە ناوی کۆمیتەی ساخکەرەوەی حیزبی دێموکرات کە ئامانجیان خۆ رزگار کردن لە دەست دیکتاتۆریی ئەحمەد تۆفیق و رزگار کردنی حیزب لە پارتی دێموکرات بوو. ئەحمەد تۆفیق بڕیاری کوشتنی ئەوانی دەرکرد کە بەشێکیان وەک مامۆستا ئەبوبەکر فەلسەفی و کاک سەعید کاوە (کوێستانی) ئێستاش ماون و یەکەمیان لە فەنلاند و دووهەمیان لە سویدە و کوردستان پۆست دەتوانێ راستیەکانیان لە دەم ببیسێ. دواتر ئەم کێشەیە بە نێوبژیوانیی چەند ئەندامێکی دیکەی رێبەری کە نە لەگەڵ ئەحمەد تۆفیق بوون و نە لە گەڵ کۆمیتەی ساخکەرەوە، چارەسەر کرا. بەڵام لە ساڵی 1967 جارێکی دیکە ناکۆکیەکان لە سەر هەمان فکری ناو کۆنگرە کە لە سەرەوە ئیشارەم پێ کرد، تەقیەوە. کۆمەڵێک لە کادرە باڵاکانی حیزب لەوانە فایق موعینی، سمایلی شەریفزادە، مەلا ئاوارە و ... کۆمیتەی شۆرشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان دامەزراند کە ئامانجیان رزگاربوون لە ژێر دەستهەڵاتی پارتی و وەرێخستنەوەی خەباتی چەکداری دژ بە حکومەتی حەمەرەزا شای پەهلەوی بوو. ئەوانە هاوکات لە باشووری کوردستانیش لە گەڵ هێرش و هەڕەشەی ئەحمەد تۆفیق بە پشتیوانیی پارتی دێموکرات بەرەوروو بوونەوە و بە داخەوە لەم نێوەدا چەند کەس لە رێبەرانیشیان وەک فایق موعینی ئیعدام یان تیرۆر کران. پێشتریش لە ١٩٦٥سەدیق ئەنجیری ئازەر تیرۆر کرابوو. هەروەها لە دەرەنجامی ئەو خەباتە خوێناویەی کە ماوەی ١٨ مانگ دژ بە دەسەڵاتی تاران وەڕێیان خست، بەشێکی زۆر لە رێبەران و تێکۆشەرانی ئەو بزوتنەوەیە شەهید بوون. 
من بەش بە حاڵی خۆم پێموایە کێشەی نێوان دوکتور قاسملوو و ئەحمەد تۆفیق وەک لە سەرەوە ئیشارەم پێ کرد، کێشەی فکری بوو. کێشەیەک کە بە نەمانی دوکتور قاسملوو لە ناو حیزبیشدا کۆتایی نەهات و دوا جار لە لایەن کۆمیتەی ساخکەرەوە و پاشان کۆمیتەی شۆرشگێڕی حیزب دژ بە ئەحمەد تۆفیق سەری هەڵدایەوە. هەربۆیەش لە سەر ئەو بڕوایە نیم کە هیچ لایەکیان جاش و جاسوسی دوژمنان بووبن و هەر کامیان لە فکری خۆیانەوە ئەو رێگایەیان بە رێگای سەرکەوتنی گەلەکەیان دەزانی کە خۆیان بڕوایان پێی هەبوو. بەڵام ئەوە حاشا هەڵنەگرە کە حکومەتی شای ئێران پشتیوانی بێ ئەملاو ئەولای شۆرشی ئەیلول بوو. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش کە ئەگەر قەرارە لایەنێک لەو دوو بۆچوونەی حیزب کاریان بۆ دەزگای جاسوسی ئێران کردبێ کە نەیان کردووە، ئاخۆ دەبێ گومانمان بۆ ئەو لایەنە بچێ کە خوازیاری بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ ئەم رێژیمە بوون یان لایەنەکەی دیکە کە پێیوابوو حیزب دبێ ببێ بە بەشێک لە پارتی دۆستی دەسەڵاتی تاران؟
لە بابەت مەسەلەی گەڕانەوەی دوکتور قاسملوو بۆ نێو ریزەکانی حیزب، دوکتور قاسملوو کاتێک گەڕایەوە کە حیزبەکە بە کردەوە ببو بە دو بەش. ئەحمەد تۆفیق ئەو کاتە ئەگەرچی سەرکردایەتی بەشێکی دەکرد و سەرەرای تێپەڕبوونی 8 ساڵ بە سەر ئەو کۆنگرەیەی تێیدا ببو بە سکرتێر و سەرەڕای جیابوونەوە یان شەهید کرانی بەشی هەرە زۆری رێبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرە، ئامادە نەببو کۆنفرانس یان کۆنگرەیەکی دیکە بۆ یەکخستنەوەی حیزبەکەی بگرێتەوە. مەودای نێوان کۆنگرەی ٢ تا گیرانی ئەحمەد تۆفیق لە بەغدا نیزیک بە ١٠ ساڵ بوو. ئەی باشە کارنامەی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی بە رێبەریی ئەحمەد تۆفیق لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا چی بوو؟ جگە لە جیابوونەوە یەک لە دوای یەکەکان و فتوای کوشتنی رێبەرانی دیکەی حیزب لە لایەن ئەحمەد تۆفیقەوە، کوا کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی حیزب؟ کوا تێکۆشانی سیاسی و خەباتی حیزب دژ بە حکومەتی ئێران؟
ئەحمەد تۆفیق لە لایەن پارتیەوە بە هۆکارێک کە بۆ من روون نیە، بۆ گوندێکی سنووری باکووری کوردستان دوور خرابۆوە و خانەنشین کرابوو و دواتریش لە بەغدا سەری دەرهێنا. با ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە پارتی نە ئەو کات و نە دواتریش لە گەڵ دوکتور قاسملوو پێوەندیەکی خۆشیان نەبوو ئەگەر پێما نوا بێ لە بەر خاتری دوکتور قاسملوو، پارتی ئەحمەد تۆفیقی دوور خستەوە.
بەشەکەی دیکەی حیزبیش کە لە سایەی خەباتی ١٨ مانگەیان دژ بە دەسەڵاتی حەمەرەزا شا دەریایەک خوێنیان لێ رژا بوو، لە ساڵی ١٩٦٩ دا کۆنفرانسێکیان بۆ ساخکردنەوەی حیزب بەست. دوکتور قاسملوو دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر بەستنی ئەم کۆنفرانسە لە ١٩٧١ گەڕایەوە بۆ کوردستان. واتە کاتێک گەڕایەوە کە ئەندامانی دیکەی حیزب ماوەی پێنج ساڵ بوو کە بە کردەوە ئەحمەد تۆفیقیان وەلا نابوو. سەرەرای ئەوانەش سکرتێر لە لایەن ئەندامانەوە هەڵدەبژێردرێ و ئەوە ئەندامانی هەر حیزبێکن کە شەرعیەت بە کۆنگرە و بڕیار و هەڵبژاردنەکانی دەدەن. ئەگەر دوکتور قاسملوو سکرتێرێکی سەپێندراو بوو، بۆچی سەرەرای بونی زۆر دژبەر و نەیاری لە ناو حیزبەکەدا کە دواتر لە قۆناخی جیاواز و بە شێوەی جۆراوجۆر لێی جیا بوونەوە، تا ئیستا هیچ کەس ئامادە نەبووە باس لەمە بکا؟ لە کوێ بوون ئەو دەنگە نارازیانە؟ نووسەرەکەی کوردستانپۆست لە خۆڕا قسە بە دەمی ئەم و ئەوەوە هەڵدەبەستێ بە بێ ئەوەی بە پێویستی بزانێ ئاماژە بە یەک سەرچاوە و بەڵگەش بکا!! ئەوەش کە کۆنگرەی ٣ لە بەغدا گیراوە، ناکرێ حەتمەن پێوەندی بدەینەوە بە دەخاڵەتی بەعس و بە سکرتێر کردنی دوکتور قاسملوو لە لایەن بەعسەوە. خۆ شاراوە نیە کە دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات پێوەندیی هەمیشەییان لە گەڵ حیزبی بەعس خۆش بووە بەڵام مێژوو سەلماندویەتی کە ئەو پێوەندیانە پێوەندیەکی زۆر سالمی دیپلۆماتیک بوون و هیچکات لە رێگای خۆش خزمەتی بە بەعس لە سەر حیسابی کوردەکانی باشوور یان لایەنەکانی تر نەبووە. سەرەرای ئەوانەش دوکتور قاسملوو بۆ یەکەم جار و لە کۆنفرانسی ٣ی حیزبدا بە سکرتێری حیزب هەڵبژێردرا نەک لە کۆنگرەی ٣ کە لە بەغدا بەسترا. ئەوەش کە ئەحمەد تۆفیق لە لایەن بەعسەوە ئیعدام کراوە و نووسەر بە گێڕانەوەی هێندێک چیرۆکی خەیاڵی ئیدیعا دەکا بە فیتی دوکتور قاسملوو بووە، ئیدیعایەکی بێ بنەما و بێ بەڵگەیە و درۆ و دەلەسەکانی کە بە زمانی حەمەدەمینی سیراجی و ئەحمەد نستانی و کەریم حەداد و ئەم و ئەوی هەڵبەستووە، پشتیان بە هیچ دیکۆمینتێکەوە بەند نیە و قسەی مفتن. 

وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد، ئەحمەد تۆفیق چەند ساڵ پێشمەرگەکانی حیزبەکەی بۆ شەڕ لە گەڵ حکومەتی بەعس تەرخان کرد و دوایەش چوو لە بەغدا لێی دانیشت. باشە بۆ نابێ پێمان وابێ کە ئەوە جۆرێک تۆڵە کردنەوەی حکومەتی بەعس بوو و دەبێ حەتمەن هۆکارێکی خۆیی و بە قسەی فڵانی کوتی لە فیساریم بیستووە کە خاڵی فڵان کەس وای وتووە، بەڵگەی بۆ بدۆزینەوە؟ 

وه‌ڵام بە کۆمەڵێک درۆ و هەڵبەستراوەکان:
*کابرای بێناو دەڵێ: دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو: باوه‌ڕی به‌ کۆنگره‌ی یه‌ک و دوو نه‌بوو، پێشه‌وای به‌ خائین ده‌ناسی. (سه‌رچاوه‌: نهێنیه‌کانی حدک، ئیعترافی قاسملو لای ساواک 1964، تاران). کۆنگره‌ی یه‌ک و دووی نییه‌، له‌ ناکاو له‌ ناو جه‌رگه‌ی دوژمن دا له‌ به‌غدا، که‌ که‌س نه‌یده‌وێرا بڵێت کوردایه‌تی ده‌که‌م، ئه‌م کۆنگره‌ی سێی به‌ست!

باشە ئەگەر دوکتور قاسملو باوەڕی بە کۆنگرەی ١ و ٢ نەبوو بۆ کۆنگرەی ٣ی بەست و یەکسەر کۆنگرەی یەکەمی نەگرت؟ درۆیەکی دیکەی ئەو بە ناو نووسەرە ساڵی گرتنی کۆنگرەی سێهەمە کە دەڵێ لە ١٩٦٤ لە بەغدا لەو کاتەدا کە کەس نەیدەوێرا بڵێ کوردم، کۆنگرەی بەست، و بە ئانقەست ١٠ ساڵ کۆنگرەکە دوا دەخا. لە حاڵێکدا کۆنگرەی ٣ لە ساڵی ١٩٧٤ دوای بەیانی ١١ی ئازار، لە بەغدا بەسترا. وێڕای ئەوەش دوکتور قاسملوو لە کوێدا پێشەوای بە خائین ناسیوە؟ تەنیا رەخنەیەک کە دوکتور قاسملوو وەک خەسارناسیی بۆ کۆماری کوردستان لە کتێبی چل ساڵ خەبات دا کردویەتی، رەخنە لە خۆ تەسلیم کردنی پێشەوا بە ئەرتەشی ئێرانە و پێیوایە ئەگەر بارزانیەکان بە رێبەریی مەلا مستەفا بارزانی بەرەنگاریان نەکردبا، دەکرا بمانکوتبا کە کۆماری کوردستان ئاشبەتاڵی کرد، نەک شتێکی لەوە زیاتر. 

*دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو: چۆنیه‌تی هاتنه‌ سه‌ر کاری به‌ هه‌ڵبژارده‌ی سه‌ددام حوسێن بوو.) بە پێی کام بەڵگە؟!

*(ئه‌حمه‌د تۆفیق: به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌کانی تر، زۆربه‌ی خوارده‌مه‌نی پێشمه‌رگه‌کانی حدک له‌لایه‌ن ئازه‌ریه‌کانی نه‌غه‌ده‌ و خانێ ڕا ده‌هات. گه‌لی ئازه‌ری "حدک" یان به‌ پارتێکی خۆیان ده‌زانی و له‌ بواری زانیاری و ئابووری دا هاوکاریان ده‌کرد.) بە داخەوە نووسەر ئەوەندە ناشارەزای رۆژهەڵاتی کوردستانە کە نازانێ شاری خانێ یان پیرانشاری ئێستا ئەگەر بنەماڵەیەکی ئازەری لێ نیشتەجێ بێ، یان پاسدارە یان کاربەدەستی کۆماری ئیسلامی. جا چ بگات بە ٤٠ ساڵ لەوە پێش. وێڕای ئەوەش تورکەکانی قەرەپەپاغ شاری نەغەدە و زۆر ناوچەی دیکەیان بە پشتیوانی حکومەتی ناوەندیی ئێران لە کورد داگیر کردووە، بە پێی کام عەقڵ دێن یارمەتیی سەرکەوتنی شۆرشی کورد دەدەن؟! 

*(دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو: به‌ قۆنداغ وتێهه‌ڵدان گومرگی له‌ کاروانچیان و کۆڵکێشان ده‌ستاند. به‌م پارانه‌ توانی 5 ئاپارتومانی 10-12 ته‌به‌قه‌ له‌ پاریس بکڕێت و له‌سه‌ر ناوی ژنه‌که‌ی و کچه‌که‌ی تاپۆیان کات. له‌ مهاباد، ورمێ، پیرانشار،و بانه‌ چه‌ندین شوێن هه‌نه‌ که‌ ئێستاش که‌س ناتوانێت بیان کڕیت یان بیان فرۆشیت، چونکوو تاپۆکراوی سه‌ر ناوی دوکتور عه‌بدوڕه‌حمان قاسملون.) من خەڵکی مەهابادم و سەردانی شارەکانی دەوروبەریشیم کردووە و لێیان ژیاوم بەڵام هیچکات نەمبیستووە بڵێن فڵان مڵک یان فڵان خانو هی دوکتور قاسملویە یان هی دوکتور قاسملوو بووە. سەیر لەوە دایە کۆماری سێدارەی ئیسلامی لە ماوەی ئەم سی ساڵەدا کەمی دەست بە سەر مڵک و ماڵی هاوڵاتیان دا نەگرتووە، کەچی بە قسەی کاکی نوسەر تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو مڵکە خەیاڵیانەی دوکتور قاسملو موسادرە بکا! ئەرێ ئەوەی کاکی نوسەر باسی دەکا دەوڵەتی دێموکراتی سوید و نۆروێژە یان کۆماری جەور و زوڵمی ئیسلامی ئێران؟!

* (پاش ئه‌نفال و کیمابارانی ئه‌ڵه‌بجه‌، قاسملو له‌ ته‌له‌فیزۆنی ئێڕاق قسه‌ی کرد و وتی که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ کیماباران کراوه‌، خه‌ڵکی کوردستانی ئێڕاق خودموختاری خۆی هه‌یه‌ و ئازاده‌ که‌ به‌زمانی خۆی بخوێنێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و ئازادیه‌مان له‌ ئێران دا هه‌با، چی دی مان نه‌ده‌ویست.) باشە بۆ جگە لە کاکی نوسەر هیچکەس ئەو وتوێژەی نەدیوە؟ تەنیا شتێک کە لە بابەت تاوانی هەڵەبجەوە لە لایەن دوکتور قاسملوو وەک بەڵگە ماوەتەوە ئەوە بوو کە وتی "ئەو کارە هەر کەس ئەنجامی دابێ تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیە و دەبێ مەحکووم بکرێ." 

نووسەری بابەت لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا چەندین شتی هەڵبەستراو و بێ بەڵگە بڵاو دەکاتەوە. وەک تەحویلدانەوەی ٥٥ کەس لە نیزیکانی ئەحمەد تۆفیق بە ئێران لە لایەن هاوڕێیانی دوکتور قاسملۆوە کەچی لە هێنانی ناوی یەک کەس لەو ٥٥ کەسە دۆش داماوە. بە رای من ئەو قسانە ئەوەندە بێ بەڵگەن کە شیاوی وڵام دانەوە نین. بەڵام ئەگەر سەرنجی درێژەی نوسینەکە بدەین، نووسەر لە چەند جێگادا هۆییەتی خۆی ئاشکرا کردووە و ئامانجی نوسینەکەی دەرخستووە:

*بە پێچەوانەی ئەو راستیەی کە هەموان لێی ئاگادارن، نووسەر تیرۆری دوکتور قاسملوو بۆ کاری ک. گ. ب. دەگەڕێنێتەوە. ک.گ.ب.یەک کە لە سەرە مەرگ دا بوو و چوار مانگ دوای تیرۆری دوکتور قاسملوو لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە، بە روخانی دیواری برلن کەوتە گیانەڵڵاوە. بەوەش دەیهەوێ پاکانە بۆ کۆماری ئیسلامی بکا لە ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە ناجوامێرانەیە.

*حیکایەتێکی خەیاڵی لە بابەت دەستدرێژی بۆ سەر کوڕێک لە لایەن پێشمەرگەکانی هێزی قەندیل دەگێڕێتەوە. لە دواییشدا دەڵێ کە کوڕە بە نیوەگیانی دەدۆزرێتەوە و لە نەخۆشخانەی "ئیمام خومەینی" چارەسەر دەکرێ. سەیر کەن کە کابرای بێ ناو چ ناوێک بۆ شوێنی چارەسەری "تاوانە" خەیاڵیەکەی هەڵدەبژێرێ؟ با هەر لێرەوە ئەو راستیە بۆ کوردستان پۆست بگێڕمەوە کە بە پێچەوانەی "نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی" ئەوەی تەجاوزی بە کوڕانی کورد دەکرد و فێری دەکردن و دواتر بۆ ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی دەناردن، راست دەزگای ئیتلاعاتی "ئیمام خومەینی" بوو. ئامانجیشیان لەو کارە ئەوە بوو کە ئەوانە خۆیان لە فەرماندەکانی حیزب نیزیک بکەنەوە و توشی هەڵەیان بکەن. چونکە زۆر باش لەو بڕیارەی حیزب ئاگادار بوون کە وەها هەڵەیەک کەمترین سزاکەی دەرکردن لە ریزەکانی حیزب بوو. هەر لەم بارەوە نووسەرەکەی کوردستانپۆست کۆمەڵێک بوختان دەداتە پاڵ یەکێک لە کەسایەتیەکانی ناو حیزبی دێموکرات. کەسێک کە بە شاهیدی دۆست و دوژمن یەکێک لە پاکترین بەرپرسەکانی ئەم حیزبە بووە و بڕوا ناکەم لە ناو کۆماری ئیسلامیش دا کەسێک ئەو شەهامەتەی هەبێ بە ناوی ئاشکرای خۆی شاهیدی بۆ ئەم بوختانە بدا.

*لە کۆتایی ئەو نوسراوەیەدا "پێشمەرگەیەکی بێناو" دەبێ بە "سربازی گمنام" و بەم جۆرە هویەتی راستەقینەی خۆی ئاشکرا دەکا. بە داخەوە بەڕێوەبەرانی کوردستان پۆست نازانن کە "سربازی گمنام" لە ئێرانی خومەینی دا بەو تیرۆریستانە دەگوترێ کە بە فەرمانی ئیمامەکەیان دەست لە هیج تیرۆر و تاوانێک ناپارێزن. کارێک کە ئەم سەربازە گمنامەی ئێوە ئەمجار بە قەڵەم بۆیان ئەنجام دەدا و بە جێگای تیرۆری فیزیکی، تیرۆری کەسایەتیی رێبەرانی کوردیان بۆ دەکا. ئەگەرچی بە دەست و قەڵەمی را دیارە خەڵکی باشووری کوردستانە. مرۆڤ ئەو ساڵانەی وەبیر دێتەوە کە کەسانێک هەر لەم باشوورە بۆ فەردە ئاردێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتیان تیرۆر دەکرد.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...