۹/۰۴/۱۳۹۴

پۆلێنبەندیی کردارەکانی زمانی کوردی

تا رادەیەک کارم لە سەر جۆرەکانی کردار لە زمانی کوردی دا کردوە. کارەکەم زۆر چڕ نییە بەڵام هەر پێم خۆش بوو لە بڵاگەکەم دا بڵاوی بکەمەوە بۆ ئەوەی تەنیا لای خۆم نەبن و رەنگە سوودێکیان بۆ خەڵکی دیکەش هەبێ.
لە سەرەتاش دا پێم باشە ئاماژە بە دوو خاڵ بکەم:
١- ئەمن وەک هەر کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندنم بە زمانی فارسی بووە و هەر بەو زمانەش فێری رێزمان بووم. بۆیە لەم نووسینەش دا جاری وایە ناچارم هەمان چەمکە رێزمانیەکان لانیکەم لە کەوانەدا، بۆ دەربڕینی مەبەستەکانی خۆم بە کار بێنم.
٢- ماوەی چەند ساڵە لە وڵاتی فینلاند نیشتەجێم و ئەم دابەشکردن و پۆلێنبەندییەی کردارە کوردییەکانم بە ئیلهام لە رێسا و رێزمانی فینلاندی کردووە.

کردار (فعل) بەشێک لە قسە و ئاخاوتنە کە هەڵگری ئەنجامدانی کارێک یان چۆنیەتی کار یا رووداوێکە.
کردارێک بە سەر پێنج جۆری چاوگ (مصدر) ، رابردوو (ماضی)، رانەبردوو (مضارع)، داهاتوو (مستقبل) و فەرمان (امر و نهی)دا  دابەش دەبێ. وەک نموونە:
کردن (چاوگ) - کردم (رابردوو) - دەکەم (رانەبردوو) - دەمهەوێ/دەخوازم بکەم (داهاتوو) - بکەم/نەکەم (فەرمان)

هەروەها کردارەکان بە سەر دوو شیوەی کرداری سەربەخۆ و لێکدراودا دابەش دەبن؛
١- کرداری سەربەخۆ ئەو کردارەیە کە لە وشەیەک و نیشانەی چاوگ پێکهاتووە. وەک؛ رۆیشتن، بیستن، دیتن، کردن، برژاندن، خواردن، پاڵاوتن، بزووتن، چوون، بڕین، هێنان.

٢- کرداری لێکدراویش بە سەر دوو بەشدا دابەش دەبێ؛

الف؛ کرداری "بە پێشگر": ئەو کردارەیە کە بە پێشگرێک و کردارێک پێک دێ وەک: هەڵ-کردن، دا-کردن، لێ-کردن، رۆ-کردن، کردن، بەر-کردن، را-کردن، با-کردن، لا-کردن..

ب؛ کرداری بە پێشگری لێکدراو: ئەو کردارانەن کە بە کردارێک و زیاتر لە یەک پێشگر چێ دەبن: وە-سەر-کردن/بە-سەر-کردن، سەر-هەڵ-دان، لێ-ڕا-مان، تێ-هەڵ-دان..
٤- کرداری لێکدراو ئەو کردارانەن کە لە کردارێک و یەک یان چەند وشە پێکهاتوە؛ سەر-هەڵێنان ،  دەست-بە-سەر-کردن

ئەوانەی سەرەوە کورتەیەک بوون لە پێناسەی کردار و جۆرەکانی لە زمانی کوردیدا. لە خوارەوە پۆلێنبەندیی کردارەکان لە سەر بنەمای نیشانەی چاوگ باس دەکرێ؛

کردارەکانی زمانی کوردی، بە پێی نیشانەی چاوگ، بە سەر ٨ بەش و لانیکەم ١٧ ژێربەش‌دا دابەش دەبن بەو جۆرەی خوارەوە:
١- ان: دوان، دڕان، هێنان، دان، نان، برژان..
٢- ین: بڕین، بارین، ئەنجنین، بەخشین، پشمین..
٣- اندن: دواندن، برژاندن، لکاندن، چۆڕاندن، هاڵاندن..
٤- وون: بە سەر دوو بەشدا دابەش دەبێ:
        ا- ماکی یەک پیتی. بەو واتایە کە ئەگەر نیشانەی چاوگیان لێ بکەینەوە تەنیا              یەک پیتی لێ دەمێنێتەوە: چوون، بوون،
        ب- وون‌ی ئاسایی: فەرموون، هەڵسوون..

٥- دن: کە خۆی بە سەر سێ بەشدا دابەش دەبێ:
       ا- "..دن" نیشانەی چاوگە؛ مردن، رابردن،
       ب- "..اردن" وەک نیشانەی چاوگ دەردەکەوێ؛  بژاردن، ژماردن، رابردن..
       پ  - "..ردن" وەک نیشانەی چاوگ دەرکەوێ؛ بردن، کردن، خواردن
   
٦- تن کە خۆی چوار بەشە:

        ا- ..تن‌ی نەگۆڕی بێ زەمانی ئێستا (مضارع): گۆتن، سۆتن، دیتن
        ب- ..تن‌ی ئاسایی؛ خەوتن، سرەوتن،
         پ- ..ووتن: بزووتن، پشکووتن، ئەنگووتن
          ت- ..اوتن: بزاوتن، ئەنگاوتن، پەرتاوتن..

٧- ستن: کە سێ بەشە
         ا -  لە گەردان دا "س" ناگۆڕێ: رستن، پەرستن، لێستن
          ب - لە گەردان دا "س" بە "ز" دەگۆڕێ: خواستن، گواستن، گەستن 

         پ- لە گەردان دا "س" وێڕای "تن" نامێنێ: خستن، نووستن
                         
٨..شتن: پێنج بەشە
        ا- "تن" نیشانەی چاوگەو پیتی "ش" نەگۆڕە: نیشتن، فرۆشتن، قەڵەشتن
         ب - پیتی ش بە "ژ" دەگۆڕێ: بێشتن، رێشتن، چاشتن/چێشتن
         پ- پیتی "ش" بە "ڵ" دەگۆڕێ: هێشتن، ماشتن،

         ت- پیتی ش بە "ر" دەگۆڕێ: داشتن، شوشتن
       ج- پیتی ش وەک نیشانەیەکی چاوگ کار دەکا و بە یەکجاری دەڕوا: رۆیشتن، گەیشتن

لە خوارەوە بە جیا لە سەر هەر کام لەو کردارانە باس کراوە و ڕوون کراوەتەوە کە لە سەر چ بنەمایەک ئاوا پۆلێنبەندی کراون:

 

١- ان

ئەو کردارانەن کە تێیایاندا "ان" نیشانەی چاوگە. پیتی "ا" لە گەرداندا و لە شێوەی رانەبردووی کردارەکەدا دەبێ بە "ێ". ئەم گۆڕانەی "الف" بە "ێ" تایبەتیی نیزیک بە تەواوی کردارەکانی زمانی کوردییە. هەڵبەت دەکرێ بە پێچەوانەش باس لەو گۆڕانە بکەین و بڵێن "ێ"ی رانەبردوو لە چاوگ و لە شێوەی رابردووی کرداردا دەبێ بە "ا" بەڵام ئەوە وەک مەتەڵی هێلکە و کەڵەشێرە و روون نییە کامیان یەکەمن و کامیان دواتر هاتونەتە ئاراوە. 

هەڵبەت چەند کردارێکی سەر بەو گروپە هەن کە پێڕەوی ئەو رێسایە ناکەن.
- کرداری "هێنان" لە ژێر رێسای ئەو شێوە کردارەدا نییە. دەبوو حاڵەتی رانەبردوی "هێ" بێ وەک دەهێـم بەڵام وا نییە:
هێنان - هێنا(هێنام-هێنات..) هێن(دەهێنم، دەهێنی، دەهێنێ)
- کرداری "دان" بەدەرە لەو رێسایە و شێوەی رانەبردووی کە دەبوو ببێ بە "دێ"، دەبێ بە "دە": دان - دا (دام، دات، دای..) - دە (دەدەم، دەدەی،دەدا..)

- کردارەکانی وەستان، هەستان و.. لە شێوەی رانەبردوویاندا الف و نون بە یەکجاری ون دەبێ و گۆڕانی "ا" بە "ێ" نایگرێتەوە. لە کاتێک دا بە پێی ئەو رێسایە دەبوو شێوەی رانەبردوی "هەستێم" بێ، کەچی وا دەرنایە: هەستان - هەستا (هەستام، هەستای..) – هەست (هەستم، هەستی، هەستێ..). خۆ ئەگەر شێوەی دیکەی کردارەکە واتە "هەڵسان"یش بێ ئەوە لە گەردان دا گۆڕانەکە بە هەمان شێوەی "هەستان"ە؛ هەڵسان، هەڵسا، هەڵس(هەڵسم - هەڵسی..)

 

لە خوارەوە بەشێک لە کردارەکانی "ان" هاتوون کە بە پێی نیشانەی چاوگ، وەک بەشی یەکەمی کردارەکانی زمانی کوردی پۆلێنبەندی کراون. بۆ وەرگرتنی باشتری گەردانی کردارەکە، خوێنەر دەتوانێ ئاوەڵناوی "م" بە کۆتایی شێوەی رابردوو بلکێنێ و شێوەی رانەبردوش بخاتە نێوان "دە...م". وەک: برژان - برژام - دەبرژێم

 

چاوگ - رابردو  - رانەبردو


ئاخنران - ئاخنرا - ئاخنرێ
ئێشان  -   ئێشا  -   ئێشێ
باران  -   بارا  -   بارێ
بران   -   برا   -  برێ
بڕان   -  بڕا    -  بڕێ
بریسکان - بریسکا - بریسکێ
بریقان - بریقا - بریقێ 
برژان - برژا - برژێ
بەتڵان - بەتڵا - بەتڵێ (لەناوچوون)
بێران - بێرا - بێرێ؟!
بێزران - بێزرا - بێزرێ
بێزان - بێزا - بێزێ (نە چاو تێر دەبێ، نە دڵ دەبێزێ - فۆلکلۆر)
بێژان - بێژا - بێژێ
بێژران - بێژرا - بێژرێ
پاڕان - پاڕا - پاڕێ(پاڕانەوە)
پچڕان - پچڕا - پچڕێ
پڕژان - پڕژا - پڕژێ
پژان - پژا - پژێ
پسان - پسا - پسێ
پێوان - پێوا - پێوێ
تاسان - تاسا - تاسێ
ترسان - ترسا - ترسێ
تکان - تکا - تکێ
تلان - تلا - تلێ
توان - توا - توێ(توانەوە)
تۆران - تۆرا - تۆرێ
تێنان - تێنا - تێنێ
جووڵان - جووڵا - جووڵێ
چاران - چارا - چارێ
چرژان - چرژا - چرژێ
چوخسان، چوخسا، چوخسێ
چەمان - چەما - چەمێ
حاملان - حاملا - حاملێ /حەملان - حەملا - حەملێ
خاران - خارا - خارێ
خشکان - خشکا - خشکێ
خافڵان - خافڵا - خافڵێ
خلیسکان - خلیسکا - خلیسکێ
خرۆشان - خرۆشا - خرۆشێ
خران - خرا - خرێ (تێخران، لێخران، داخران)
خـوران - خورا - خورێ
خوڕان - خوڕا - خوڕێ (هەڕەشە، جوتبوونی نێری)
خووسان - خووسا - خووسێ
خــــولان - خولا - خولێ
خیچان  - خیچا - خیچێ
خێسان - خێسا - خێسێ 
دادان  -  دادا  -  دادێ
دان      -          دا -  دە* 
دانان - دانا - دانێ
دادران - دادرا - دادرێ
دران - درا - درێ 
دڕان - دڕا - دڕێ
دروان - دروا - دروێ
درەوشان - درەوشا - درەوشێ
دۆشان - دۆشا - دۆشێ
دۆشران - دۆشرا - دۆشرێ
دەڵان - دەڵا - دەڵێ (هاتنە دەری شلەمەنی و تراولە گۆزە، جەوەنەو..)
رادان - رادا - رادێ
راسان - راسا - راسێ(لێ‌راسان)
رامووسان - رامووسا - راموسێ
رانان - رانا - رانێ (خۆڕانان)
رژان - رژا - رژێ
رفان - رفا - رفێ
رمان - رما - رمێ
روخان - روخا - روخێ
رەتان - رەتا - رەتێ
رەوتان - رەوتا - رەوتێ
ریان - ریا - رێ
رەپێنان - رەپێنا - رەپێنێ
رەخسان - رەخسا - رەخسێ
زان    - زا -   زێ
سوتان - سوتا - سوتێ
سوان - سوا - سوێ
 شاران - شارا - شارێ(شاردنەوە)
شکان - شکا - شکێ
شیان - شیا - شێ (ئەشێ)
شەلان - شەلا - شەلێ
کاران - کارا - کارێ
کاسان - کاسا - کاسێ
کران - کرا - کرێ
کوتان - کوتا - کوتێ
کوژان - کوژا - کوژێ (کوژانەوە، خامۆش بوون)
کوژران - کوژرا - کوژرێ
کۆشان - کۆشا - کۆشێ (تێکۆشان)
کێشان - کێشا - کێشێ
کێڵان - کێڵا - کێڵێ
گان - گا -      گێ
گریان - گریا - گریێ
گلان - گلا - گلێ
گنخان، گنخا، گنخێ
گونجان - گونجا - گونجێ
گەڕان - گەڕا - گەڕێ
گیرسان - گیرسا - گیرسێ (داگیرسان، هەڵگیرسان)
گیران - گیرا - گیرێ
گێڕان - گێڕا - گێڕێ
فڕان - فڕا - فڕێ
فرۆشران - فرۆشرا - فرۆشرێ
قەڵشان - قەڵشا - قەڵشێ(قەڵەشان)
قاسپان - قاسپا - قاسپێ
قرتان - قرتا - قرتێ
قرپان - قرپا - قرپێ
لاران - لارا - لارێ
لاڵان - لاڵا - لاڵێ(پاڕانەوە)
لاوان - لاوا - لاوێ
لرفان - لرفا - لرفێ
لوان - لوا - لوێ
لەران - لەرا - لەرێ
لەنگان - لەنگا - لەنگێ
لەوەڕان - لەوەڕا - لەوەڕێ
لێدان - لێدا - لێدە*
لێنان - لێنا - لێنێ(چێشت لێنان، بارلێنان)
مان - ما - مێن*
ناسران - ناسرا - ناسرێ
نان - نا - نێ (لێ‌نان، تێ‌نان..)
نران - نرا - نرێ
نوزان - نوزا - نوزێ
نوسان - نوسا - نوسێ
نووسران - نووسرا - نووسرێ
نێژران - نێژرا - نێژرێ
هاروژان - هاروژا - هاروژێ
هاژان - هاژا - هاژێ
هاڵان/ئاڵان - هاڵا/ئاڵا - هاڵێ/ئاڵێ
هێزان - هێزا - هێزێ (داهێزان)
هێزران - هێزرا - هێزرێ
هێنان - هێنا - هێن*
هەستان - هەستا - هەست* (هەڵسان، هەڵسا، هەڵس)
هەڵمسان - هەڵمسا - هەڵمسێ
وروژان - وروژا - وروژێ
وێران - وێرا - وێرێ
وێژران - وێژرا - وێژرێ
وەستان - وەستا - وەستێ
وەڕان - وەڕا - وەڕێ


٢ - ین

لەم بەشەدا باس لەو کردارانە دەکەین کە تێیاندا "ین" لە کۆتایی کرداردا نیشانەی چاوگە. ئەم چاوگە رەنگە سادەترین شێوەی کردار لەنێو زمانی کوردیدا بێ. کردارەکە لە کار + ین وەک نیشانەی کردار پێک دێ.

•      جیاوازی نێوان ئەو جۆرە کردارە و ئەوانەی کە نیشانەی چاوگیان "ان"ە ئەوەیە کە لە حاڵەتی رانەبردووی ئەمەیاندا "ین" بە یەکجاری دەڕوا.

•      کردارەکە بۆ دووهەم و سێهەم کەس وەک یەکە و تەنیا لە رستەدا لێک جیا دەکرێنەوە. بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوانە رەنگە دروست بێ بە لکاندنی "ت" بۆ دووهەم کەس یان "ی"یەکی دیکە بۆ سێهەم کەس لێک جیا بکرێنەوە:
بارین

     ڕابردوو: باریم، باری(باریت)، باری(باریی)
 رانەبردو: دەبارم، دەباریت، دەبارێ
              دەبارین، دەبارن ، دەبارێن

•      لە هەموو شێوەکانی کۆی رابردوودا، کردارەکە وەک خۆی و لە شێوەی چاوگەدا دەمێنێتەوە. [بارین، باری، بار: ئێمە بارین، ئێوە بارین، ئەوان بارین]

•      لە شێوەی کۆی تێنەپەڕ دا، بۆ دووهەم و سێهەم کەسی کۆ، بەشێک لە کردارەکان وەک خۆیان و لە شێوەی چاوگەدا دەمێننەوە. [ئێمە دەبارێین، ئێوە دەبارێن، ئەوان دەبارێن]

ئاخنین، ئاخنی، ئاخن

ئاژین، ئاژی، ئاژ (ددان کۆڵینەوە)

ئەنجنین، ئەنجنی، ئەنجن/ جنین، جنی، جن

بارین، باری، بار (باریم، باری، باری ، بارین، بارین، بارین)

برژین، برژی، برژ

بڕین، بڕی، بڕ

بەخشین، بەخشی، بەخش
پاچین - پاچی - پاچ

پرسین، پرسی، پرس

پشمین، پشمی، پشم

پۆشین، پۆشی، پۆش

پێوین، پێوی، پێو

پەڕین، پەڕی، پەڕ

تاسین، تاسی، تاس

تاشین، تاشی، تاش

تڕین، تڕی، تڕ

تسین، تسی، تس

توانین، توانی، توان

تۆپین، تۆپی ، تۆپ

تێپەڕین، تێپەڕی، تێپەڕ

تەزین، تەزی، تەز
چارین - چاری - چار

چپین - چپی - چپ

چڕین - چڕی - چڕ

چنین - چنی - چن

چەقین - چەقی - چەق

چەمین - چەمی - چەم

خرۆشین - خرۆشی - خرۆش

خوازین - خوازی - خواز

خوڕین - خوڕی - خوڕ (هەڕەشە، جووتبوونی نێری)

خووسین - خووسی - خووس

خوشین، خوشی، خوش

خزین - خزی - خز

دڕین - دڕی - دڕ

دزین - دزی - دز

دوورین - دووری - دوور (دروون، درووی، دروێ)

دۆزین - دۆزی - دۆز

دۆشین - دۆشی - دۆش

روانین، روانی، روان (نۆڕین، نۆڕی، نۆڕ/نوارین.نواری، نوار)

رۆیین، رۆیی، رۆ/رۆین، رۆی، رۆ

رەتین، رەتی، رەت

زانین، زانی، زان

ژەنین، ژەنی، ژەن

ساوین، ساوی، ساو

سڕین، سڕی، سڕ

سووڕین، سووڕی، سووڕ

شارێن، شاری، شار(شاردنەوە)

شێلین، شێلی، شێل

شۆرین، شۆری، شۆر(شۆ)

فامین، فامی، فام

فڕین، فڕی، فڕ

کارین ، کاری ، کار(دەکارم)

کاڕین، کاڕی، کاڕ (دەنگی مەڕ)

کڕین، کڕی، کڕ

کوڵین - کوڵی - کوڵ

کۆڵین - کۆڵی - کۆڵ

کۆخین - کۆخی - کۆخ

کوشین - کوشی - کوش

کۆشین - کۆشی - کۆش

کەنین - کەنی - کەن (هەڵکەنین، پێکەنین هەرچەند ئەو دوانە یەک ماک نین)

گارین - گاری ، گار (دەنگی مریشک)

گایین - گای - گێ*

گرین، گری، گرێ(گریێ)

گلین، گلی ، گل (دەگلم)

گنخین، گنخی، گنخ

گوشین، گوشی، گوش*

گۆڕین، گۆڕی، گۆڕ

گەنین، گەنی، گەن

گەوزین، گەوزی، گەوز

فڕین - فڕی  - فڕ

قڕین - قڕی - قڕ

لێخوڕین، لێخوڕی، لێخوڕ

لەرین، لەری، لەر

ماڵین، ماڵی، ماڵ

مژین، مژی، مژ

ناسین، ناسی، ناس

ناڵین، ناڵی، ناڵ

نووسین، نووسی، نووس

هاڕین، هاڕی، هاڕ
هەڵپاچین - هەڵپاچی - هەڵپاچ

هەڵپەڕین، هەڵپەڕی، هەڵپەڕ

هەڵفڕین، هەڵفڕی، هەڵفڕ

هەڵدڕین، هەڵدڕی، هەڵدڕ

هەڵواسین، هەڵواسی، هەڵواس

وەڕین، وەڕی، وەڕ

 

٣- اندن

ئەو کردارانەی بە "اندن" کۆتاییان دێ یان بە واتایەکی دیکە "اندن" نیشانەی چاوگیانە، خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانەی خوارەوەن؛

•       رێژەیەکی زۆر لە کردارە کوردیەکان پێک دێنن.

•       شێوەی رانەبردوو (مضارع)ی سەرجەم کردارەکانی سەر بەو گروپە بە "ێن" کۆتایی دێ.  بە واتایەکی دیکە وەک لە بەشی گروپە کرداری "ان" دا نووسیم، لێرەش‌دا وەک سروشتی زۆربەی هەرە زۆری کردارەکانی زمانی کوردی بۆ حاڵەتی رانەبردوو، "ا" دەبێ بە "ێ". پیتی "د" لە حاڵەتی رابردوودا  دەمێنێتەوە بەڵام لە حاڵەتی رانەبردوودا، "د" و" ن" بە یەکەوە ون دەبن:

چاوگ؛ خوراندن

ڕابردوو؛ خوراند

 خوراندم – خوراندت – خوراندی
خوراندمان – خوراندتان - خوراندیان
 خورێن (رانەبردوو):

دەخورێنم – دەخورێنی – دەخورێنێ
دەخورێنین – دەخورێنن - دەخورێنن

•       کردارەکانی ئەم گروپە کرداری تێنەپەڕ، واتە لازمن و پێویستیان بە بەرکار هەیە. زۆربەی ئەم کردارانە بە لێکردنەوەی "دن" لە "اندن"ی نیشانەی چاوگ دەگەڕێنەوە سەر گروپە کرداری "ان" و لە حاڵەتی تێنەپەڕ دەردەچن و دەبن بە تێپەڕ.

•       ئەو جۆرە کردارە تایبەتمەندیی ئەوەی هەیە کە لە شێوەی رانەبردووی کردارەکەدا بە لکاندنی "ەر" بکەری لێ چێ بکرێ؛ (ئافرێنەر لە چاوگەی ئافراندن / خوڵقێنەر لە چاوگی خوڵقاندن)

•       بە دانانی وشەی گونجاو لە پێش شێوەی رانەبردووی کردارەکە، وشە و چەمکی نوێ ساز دەکرێ ("هێلکە شکێن" لە چاوگی شکاندن / "تۆڵە ئەستێن" لە چاوگی ئەستاندن)

ئافراندن، ئافراند، ئافرێن

ئاراندن، ئاراند، ئارێن(واتای ئێشاندن)

ئارهاندن، ئارهاند، ئارهێن (داغ‌کردن، چزاندن بە ئاگر هـ.ب.)

ئێشاندن، ئێشاند، ئێشێن

ئەزماندن، ئەزماند، ئەزمێن؟

ئەزمواندن، ئەزمواند، ئەزموێن؟

ئەستاندن، ئەستاند، ئەستێن

ئەواندن، ئەواند، ئەوێن(خۆشویستن)

باراندن، باراند، بارێن

باڕاندن، باڕاند، باڕێن(دەنگی مەڕ)

برژاندن، برژاند، برژێن

بەتڵاندن، بەتڵاند، بەتڵێن

پرتاندن ، پرتاند ، پرتێن

پڕژاندن، پڕژاند، پڕژێن

·       هەڵ: هەڵپڕژاندن

پڕماندن، پڕماند ، پڕمێن

پڕوسکاندن، پڕوسکاند ، پڕوسکێن (گوێ‌پروسکێن)

پساندن ، پساند ، پسێن

·       هەڵ: هەڵپساندن

پسکاندن ، پسکاند ، پسکێن

پشماندن، پشماند، پشمێن

پەڕاندن، پەڕاند، پەڕێن

•       تێـ : تێپەڕاندن

•       دا: داپەڕاندن

•       دەر: دەرپەڕاندن

•       ڕا: ڕاپەڕاندن

•       هەڵ: هەڵپەڕاندن

پێچاندن، پێچاند، پێچێن

•       تێـ: - تێپێچاندن

•       دا: - داپێچاندن

•       هەڵ: هەڵپێچاندن

پێواندن، پێواند، پێوێن

تاساندن، تاساند، تاسێن

تاراندن، تاراند ، تارێن

تاواندن، تاواند، تاوێن

تڕاندن، تڕاند، تڕێن

ترساندن، ترساند، ترسێن

تروکاندن، تروکاند، تروکێن (خواردنی گوڵەبەڕۆژە، هاتنەدەری جوچکە لە هێلکە)

تساندن، تساند ، تسێن

تڵەکاندن، تڵەکاند، تڵەکێن

·       را: راتڵەکاندن

تواندن ، تواند، توێن

تۆپاندن ، تۆپاند، تۆپێن

تۆراندن، تۆراند، تۆرێن

تەپاندن، تەپاند ، تەپێن

تەراندن، تەراند ، تەرێن

تەزاندن، تەزاند، تەزێن

تەکاندن، تەکاند ، تەکێن

•       هەڵ: هەڵتەکاندن

•       دا: داتەکاندن

تەناندن ، تەناند ، تەنێن

تێپەڕاندن، تێپەڕاند، تێپەڕێن

جوڵاندن، جوڵاند، جوڵێن

چاراندن، چاراند، چارێن

چاندن، چاند، چێن

چپاندن، چپاند، چپێن

چرکاندن، چرکاند، چرکێن

چزاندن، چزاند، چزێن

چڵاندن، چڵاند، چڵێن

چڵەکاندن، چڵەکاند، چڵەکێن

·       ڕا: راچڵەکاندن

·       دا: داچڵەکاندن

چەماندن، چەماند، چەمێن

چواندن، چواند، چوێن (لە جۆرابێن دا و هەمیش بە مانای شوبهاندن)

چوخساندن، چوخساند، چوخسێن

·       هەڵ: هەڵچوخساندن

چۆڕاندن، چۆڕاند، چۆڕێن

•       دا: داچۆڕاندن

•       هەڵ: هەڵچۆڕاندن

چەرخاندن ، چەرخاند ، چەرخێن

·       وەر: وەرچەرخاندن

چەسپاندن، چەسپاند، چەسپێن

چەقاندن، چەقاند، چەقێن

•       تێـ: - تێچەقاندن

•       دا: - داچەقاندن

•       هەڵ: هەڵچەقاندن

چەماندن، چەماند، چەمێن

حاملاندن، حاملاند، حاملێن (راهێنان، تەربیەت دان)

حەپاندن، حەپاند، حەپێن (دەنگی سەگ)

حەلاندن، حەلاند، حەلێن (قەبوڵ کردن لە یاری دا)

خاپاندن، خاپاند، خاپێن

خافڵاندن، خافڵاند، خافڵێن

خاراندن، خاراند، خارێن

خڕاندن ، خڕاند ، خڕێن

•       هەڵ: هەڵخڕاندن

خشکاندن، خشکاند، خشکێن

خلیسکاندن، خلیسکاند، خلیسکێن

خوراندن، خوراند، خورێن

خوڕاندن، خوڕاند، خوڕێن

خۆراندن، خۆراند، خۆرێن

خووساندن، خووساند، خووسێن

خوشاندن ، خوشاند، خوشێن

خولاندن، خولاند، خولێن

خوڵقاندن، خوڵقاند، خوڵقێن

خەڵەتاندن، خەڵاتاند ، خەڵەتێن

خەساندن ، خەساند، خەسێن

خەمڵاندن، خەمڵاند، خەمڵێن

خەواندن، خەواند، خەوێن

خیچاندن، خیچاند، خیچێن

دانواندن، دانواند، دانوێن

دانیشاندن، دانیشاند، دانیشێن

دڕاندن، دڕاند، دڕێن

درکاندن، درکاند ، درکێن

درواندن، درواند، دروێن

دواندن، دواند، دوێن

دۆڕاندن، دۆڕاند، دۆڕێن

دۆزاندن، دۆزاند، دۆزێن

دەڵاندن، دەڵاند، دەڵێن

رازاندن، رازاند، رازێن

راموساندن، راموساند، راموسێن

رژاندن، رژاند، رژێن

رفاندن، رفاند، رفێن

رماندن، رماند، رمێن

رواندن، رواند، روێن

روخاندن، روخاند، روخێن

روشاندن، روشاند، روشێن

رەتاندن، رەتاند، رەتێن

رەخساندن، رەخساند، رەخسێن

رەواندن، رەواند، رەوێن

رەوتاندن، رەوتاند، رەوتێن

زاندن، زاند، زێن

زاناندن، زاناند، زانێن

زەڕاندن، زەڕاند، زەڕێن

ژاندن، ژاند، ژێن

·       را: راژاندن

ژیاندن، ژیاند، ژیێن

ساندن، ساند، سێن (بە هەڵە بۆتە سەندن)

ساواندن، ساواند، ساوێن

ستاندن، ستاند، ستێن (ئەستاندن، ئەستاند، ئەستێن)

•       لێ: لێستاندن

•       هەڵ: هەڵستاندن

سڕاندن، سڕاند، سڕێن

سرەواندن، سرەواند، سرەوێن

·       تێ: تێسرەواندن

سوتاندن، سوتاند، سوتێن

سووڕاندن، سووڕاند، سووڕێن

·       هەڵسوڕاندن

شکاندن، شکاند، شکێن

·       دا: داشکاندن

شوبهاندن، شوبهاند، شوبهێن

شێواندن، شێواند، شێوێن

شەواندن ، شەواند، شەوێن؟ (لەوەڕاندنی مەڕ بە نیوەشەو)

شیڕاندن ، شیڕاند ، شیڕێن

فاماندن، فاماند، فامێن

فڕاندن، فڕاند، فڕێن

فریواندن، فریواند، فریوێن

·       هەڵ: هەڵفریواندن

فراواندن ، فراواند ، فراوێن؟

قاڕاندن ، قاڕاند ، ‌قڕێن

قاسپاندن ، قاسپاند ، قاسپێن

قڕاندن ، قڕاند ، قڕێن

قرتاندن، قرتاند ، قرتێن

قروسکاندن ، قروسکاند، قروسکێن

قوڕاندن، قوڕاند، قوڕێن

·       هەڵ: هەڵقوڕاندن

قوولاندن ، قوولاند ، قوولێن

قیژاندن، قیژاند، قیژێن

قەتاندن، قەتاند، قەتێن

قەڵەشاندن، قەڵەشاند، قەڵەشێن

·       دا: داقەڵەشاندن

·       هەڵ: هەڵقەڵەشاندن

کاڕاندن ، کاڕاند ، کاڕێن (دەنگی مەڕ)

کراندن، کراند، کرێن

کڕاندن، کڕاند، کڕێن

·       هەڵ: هەڵکڕاندن

کوتاندن، کوتاند، کوتێن

·       دا: داکوتاندن

کورکاندن، کورکاند، کورکێن(مریشکی کورک)

کوڵاندن، کوڵاند، کوڵێن

کۆخاندن، کۆخاند، کۆخێن

کەواندن، کەواند، کەوێن

گرماندن ، گرماند ، گرمێن

گریاندن، گریاند ، گریێن

گلاندن، گلاند، گلێن

گماندن ، گماند ، گمێن(دەنگی کۆتر)
گنخاندن، گنخاند، گنخێن

گوراندن ، گوراند ، گورێن

گونجاندن، گونجاند، گونجێن

گووراندن، گووراند ، گوورێن

گەڕاندن، گەڕاند، گەڕێن

·       تێ: تێگەڕاندن

·       دا: داگەڕاندن

·       وێ: وێگەڕاندن

·       هەڵ: هەڵگەڕاندن

گەوزاندن، گەوزاند، گەوزێن

گەیاندن، گەیاند، گەیێن

·       تێ: تێگەیاندن

·       را: راگەیاندن

گرساندن/گیرساندن، گیرساند ، گیرسێن

•       دا: - داگیرساندن

•       هەڵ: هەڵگیرساندن

لاواندن، لاواند، لاوێن

لرفاندن، لرفاند، لرفێن(دەنگی وشتر، هاژەی چەم)

لکاندن، لکاند، لکێن

لووراندن، لووراند، لوورێن (لوورەی گورگ)

لەراندن ، لەراند ، لەرێن

لەوەڕاندن، لەوەڕاند، لەوەڕێن

مراندن، مراند، مرێن

مڕاندن، مڕاند، مڕێن(دەنگی سەگ)

مشاندن ، مشاند ، مشێن

میاواندن ، میاواند ، میاوێن (دەنگی پشیلە)

ناساندن، ناساند، ناسێن

ناڵاندن، ناڵاند، ناڵێن

نرخاندن، نرخاند، نرخێن

نواندن، نواند، نوێن(پێشاندان)

•       دا: - دانواندن

نوواندن، نوواند، نووێن(نووستن)

نیشاندن، نیشاند، نیشێن

•       دا: - دانیشاندن

•       ڕۆ: - رۆنیشاندن

•       هەڵ: هەڵنیشاندن

هاڕاندن، هاڕاند، هاڕێن

هاروژاندن، هاروژا، هاروژێن

هاڵاندن ، هاڵاند ، هاڵێن

•       تێـ: - تێهاڵاندن

•       ڕێ: رێهاڵاندن

•       لێ: لێهاڵاندن

•       وێـ: وێهاڵاندن

هۆڕاندن، هۆڕاند، هۆڕێن (دەنگی گا)

هەستاندن ، هەستاند ، هەستێن

هەڵستاندن، هەڵستاند، هەڵستێن

وروژاندن، وروژاند، وروژێن

وەراندن، وەراند، وەرێن

·       دا: داوەراندن

·       هەڵ: هەڵوەراندن

وەستاندن، وەستاند، وەستێن

وەشاندن، وەشاند، وەشێن

·       تێ: تێوەشاندن

·       را: راوەشاندن

·       دا: داوەشاندن

·       لێ: لێوەشاندن

·       هەڵ: هەڵوەشاندن

 

٤- تن

کردارەکانی ئەم بەشە بە سەر ٤ بەش‌دا دابەش دەبن:

الف: ..اوتن

ب: ..ـەوتن

پ: ..ۆتن

ت: ..ووتن

 

 

الف: ..اوتن

- بریتی لەو کردارانەیە کە نیشانەی کۆتاییان چوار پیتی "اوت‌ن" لە خۆ دەگرێ. ئەو چوار پیتە بە نیشانەی چاوگی ئەو کردارە داندراون. 

- بۆیە لە کردارەکانی دیکە جیا کراونەتەوە چونکە لە گەرداندا گۆڕان لە پیتی "الف"ەوە دەست پێ دەکا. 

- شێوەی رابردووی کردارەکە تەنیا بە لاچوون و نەمانی پیتی "ن" گەردان دەکرێ: ئاخاوتن - ئاخاوت(م،ی..)

- گۆڕانی بنەڕەتی لە شێوەی رانەبردووی کردارەکەدایە کە وەک سروشتی کردارەکانی زمانی کوردی "الف" دەبێ بە "ێ"، "واو" وەک خۆی دەمێنێتەوە و "ت" و "ن" نامێنن:

      پەستاوتن

      پەستاوت

      پەستێو: دەپەستێوم، دەپەستێوی، دەپەستێوێ

                دەپەستێوین، دەپەستێون، دەپەستێون

 

ئاخاوتن، ئاخاوت، ئاخێو (ئاخافتن، ئاخافت، ئاخێڤ)

ئەنگاوتن، ئەنگاوت، ئەنگێو (پێکان، لێدان لە نیشانە)

          ڕا: ڕائەنگاوتن=(دارەڕا کردن)

بزاوتن، بزاوت، بزێو (جوڵاندنی کەس یان شتێک) 

پاڵاوتن، پاڵاوت، پاڵێو

پشاوتن، پشاوت، پشێو (هەڵگڵۆفین)

پەشاوتن، پەشاوت، پەشێو (ئاڵۆز کردن)

پشکاوتن، پشکاوت، پشکێو (ئاواڵە کردن، لێک کردنەوە)

پەستاوتن، پەستاوت، پەستێو (دەباڵ یەکتر ئاخنین)

پەرتاوتن، پەرتاوت، پەرتێو (بڕینی لکی زیادی دار، لێ کردنەوەی شتی زیادە لە شتێک) 

         هەڵ: هەڵپەرتاوتن

شاوتن، شاوت، شێو ("ئۆسکار مان" نووسیویەتەوە)

 

ب: ..ـەوتن

- رێژەیەکی کەم لە کردارەکانی بەر ئەم بەشە دەکەون.

- لە گەرداندا گۆڕانێکی زۆریان تێناکەوێ.

- لە شێوەی رابردوویدا "ن" و لە رانەبردوویدا "ن" و "ت" دەڕۆن. 

خەوتن، خەوت، خەو

ژنەوتن/ژنەفتن، ژنەفت، ژنەو (شنەفتن، شنەفت، شنەو)

سرەوتن، سرەوت، سرەو

ڕەوتن، ڕەوت، ڕەو

کەوتن، کەوت، کەو

    سەر/وەسەر: سەرکەوتن/وەسەرکەوتن

    ژێر: کەوتن

    دا: داکەوتن

    هەڵ: هەڵکەوتن

    رێ: رێکەوتن

    بەر: بەرکەوتن

    وەژوور: وەژوورکەوتن

    دەر: دەرکەوتن

    وەدەر: وەدەرکەوتن (پەیدبوون، چوونە دەر)

    وەر: وەرکەوتن

    کڕ: کڕکەوتن

    لە گۆ: لە گۆ کەوتن 

    پاڵ: پاڵکەوتن

 

پ: ..تن‌ی بێ داهاتو

- بەشی زۆری کردارەکانی ئەم بەشە بێ داهاتوون. واتە لە گەرداندا تەنیا رابردوویان هەیە و شێوەی رانەبردوویان بە کردارێکی جیاواز دەردەبڕدرێ. 

- رەنگە شێوەی رانەبردووی ئەو کردارانە لە بنەڕەتدا بە لاچوونی "تن"ی نیشانەی چاوگ گەردان کرابێ بەڵام هەنووکە وا نین.  

ئاژۆتن، ئاژۆت، ئاژۆ(ئاژێو/ئاژێ، ئاژوێ؟)

سوتن/سۆتن، ...

گوتن/گۆتن، گۆت.. (ڵێ؛ دەڵێم..)

وتن، وت (شێوەی کورتکراوەی گوتن‌ە)

فرۆتن، فرۆت، فرۆش (فرۆشتن)

دیتن، دیت، بین

راورتن، راورت، ...(لێک بڵاو بوون، هەر یەک بە لایەکدا چوون)

گرتن، گرت، گر (داگرتن، ڕاگرتن، هەڵگرتن، وەرگرتن، لێگرتن)

هاتن، هات، هێ/ێ (ڕاهاتن، داهاتن، لێهاتن، هەڵهاتن)

 

ت: ..ووتن

  - ئەو کردارانەن کە کۆتاییان چوار پیتی "ووت‌ن" لە خۆ دەگرێ

  - لە رابردویان دا تەنیا پیتی "ن" ون دەبێ.

  - لە رانەبردویان دا دوو پیتی "تن" لا دەچن و یەکێک لە دوو "وو" دەبێ بە "ێ". 

ئەنگووتن، ئەنگووت، ئەنگوێ(هەڵاتنی ئەستێرە)

  هەڵ: هەڵەنگوتن

بزووتن، بزووت، بزوێ

پشکووتن، پشکووت، پشکوێ

جووتن، جووت، جوو(پێڕەوی رێساکە ناکا)

 

 

٥- ستن

جیاوازیی ئەم کردارە لەگەڵ ئەوانەی کە نیشانەی چاوگیان "تن"ە لە گۆڕانی پیتی "س"دایە. کردارەکانی ئەم بەشەش بە سەر دوو جۆردا دابەش دەبن؛

الف؛ ئەوانەی لە گەرداندا پیتی س ناگۆڕێ. یان نامێنێ یا وەک خۆی دەمێنێتەوە

بیستن - بیس

ڕێستن (رستن) - ڕێس

هەویستن – هەوێ

ب؛ ئەوانەی لە گەرداندا پیتی "س" بە "ز" دەگۆڕدرێ:

گەستن – گەز

خواستن – خواز

لیستن – لیز

گواستن – گواز (گوێز)

میستن – میز

 

 

٦- شتن

کردارەکانی سەر بەم بەشە بە سەر سێ دەستەدا دابەش دەبن

١لف؛ ئەو کردارانەی لە گەرداندا ش بە نەگۆڕ دەمێنێتەوە یان بۆ حاڵەتی ئێستا (مضارع) گەردان ناکرێ:

     فرۆشتن – فرۆش

ب؛ ئەو کردارانەی لە گەرداندا ش دەبێ بە ڵ:

      ماشتن – ماڵ

      هێشتن – هێڵ

      بێشتن (وێشتن – بێڵ/وێڵ؟ (دەڵێم)
ج؛ ئەو کردارانەی لە گەرداندا ش دەبێ بە ر:

      داشتن – دێر

      ڕاداشتن - ڕادێر

      شوشتن – شۆر

     

ب؛ ئەو کردارانەی لە گەرداندا ش بە ژ دەگۆڕێ

      مشتن – مژ

      کوشتن – کوژ

      ڕێشتن (ڕشتن) – ڕێژ

      پێشتن – پێژ

      بێشتن – بێژ (دابێشتن)

      وێشتن – وێژ (بێژ – دەبێژم)

      چێشتن – چێژ

       ناشتن – نێژ

۹/۰۳/۱۳۹۴

وشەناسی: پێشنیار لە پێشنیاز دروستترە


ناکۆکی لە سەر راستی و ناراستیی دوو وشەی پێشنیار و پێشنیاز، بە تایبەت لە سەر بە هەڵە زانینی وشەی "پێشنیار" هەر جارناجارێک لە نێو نووسەرانی کورددا سەر هەڵدەداتەوە. لە باشووری کوردستان زیاتر ئۆگری بە لای وشەی پێشنیاز دا هەیە و دوا جار خاتوو کوردستان موکریانی هەر لە چوارچێوەی بە راست زانینی "پێشنیاز"، بابەتێکی نووسیوە. بەڕێزیان پێی وایە لە چاپی قامووسەکەی مامۆستا گیوی موکریانی، باوکی خاتوو کوردستان دا، بە هەڵە و بە هۆی لێک نیزیک بوونیان، لە کاتی تایپ کردن دا، پیتی "ر" لە بری پیتی "ز" داندراوە و لە بنەڕەت دا مەبەستی مامۆستا گیو پێشنیاز بووە نەک پێشنیار. 

یەکێک لەو هۆکارانەی کە وشەی پێشنیاری پێ رەد دەکرێتەوە، نیزیک بوونی وشەکەیە لە وشەی "پیشنهاد"ی هاومانای لە زمانی فارسی دا. لاگرانی پێشنیاز پێیان وایە "پێشنیار"ی کوردی تەنیا بە گۆڕینی دوو پیتی "هـ" و "د"ی "پیشنهاد"ی فارسی و جێگۆڕکێی ئەو دوو پیتە بە "یـ" و "ر" چێ بووە و فڕی بە زمانی کوردیەوە نییە. بەڵام بە پێچەوانە، ئەمن پێم وایە پێکهاتە و چۆنیەتی چێ بوونی وشەکە تەواو کوردیە و ئەو دوانە تەنیا لە وشەی "پێش/پیش" دا هاوبەشن. 
وشە فارسیەکە لە دوو بەشی "پیش'' و "نهادن" چێ بووە. پیش قەیدی زەمانە و "نهادن" کردار. بەڵام "پێشنیار"ی کوردی بە مەودایەکی درێژتر و ئاڵۆزتردا هاتووە.
لە زمانی کوردی دا گەلێک وشەمان هەیە کە بە پاشگری "یار" چێ بوون؛ پرس‌یار(پرسین/یار)، بڕیار(بڕین/یار)، کڕیار(کڕین/یار)، دیار(دیتن/یار)، فرۆشیار(فرۆشتن/یار) تا دەگاتە وشە هاوشێوەکانی لەو گوێنە کە دواتر چێ بوون وەک ژیار(ژین/یار)، زانیار(زانین/یار). سەرجەمی ئەوانە لە ماکی کردارەکان واتە شێوەی ئێستا(مضارع) نەک رابردوو(ماضی)ی ئەو کردارانە و بە پاشگری "یار" چێ کراون. دەکرێ وشەی پێشنیاریش بە هۆی ئەم پاشگرە بەڵام لە سەر شێوازێکی بڕێک ئاڵۆز و هێندێک سواو چێ بووبێ. واتە بە شێوەی؛
پێش+نێ+یار=پێش‌نێ‌یار=پێشنیار. ئەو جیاوازیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سەر کردارێکی لێکدراو ڕۆنراوە لە کاتێک دا زۆربەی هاوشێوەکانی دیکەی لە سەر کرداری ئاسایی بنیات نراون. 
پێش لە پێکهاتەی پێشنیاردا وەک پێشگر، رۆڵی زەمان دەگێڕێ و ئاماژەیە بە ڕا و بۆچوونی پێش کاتی ئەنجامدان. بەو جۆرە "پێش" وشەی پێشنیار یان روونتر بڵێم "پێش‌دانان"ی کردووە بە وشە و دواتر کردارێکی لێکدراو. 
"نێ" شێوەی مضارعی چاوگی "نان"ە کە جۆرەکانی دیکەی بریتین لە: نیان، نییان، نێیان.
 کرداری "نان" لە زمانی کوردی دا وەک زۆر چاوگ و کرداری دیکە لە گەڵ پێشگری "دا" بە کار دێ و دەبیسترێ؛
دانان/نان(چاوگ-مصدر)، دانا/نا(رابردوو/ماضی؛ کتێبەکەم دانا)، دانێ/نێ(ئێستا-مضارع؛ کتێبەکە دادە'نێ'م). 
کرداری "نان" بە هۆی پێشگرەکانی چاوگی زمانی کوردی چەندان کرداری دیکەی بە مانای جیاواز و بۆ کاری جیاواز لێ کەوتۆتەوە کە لە هەموان دا دەوری "نێ" لە شێوەی ئێستایان دا بەرچاوە؛
نان (دە'نێـ'م)
دا/نان (دادە'نێـ'م)
لێ‌/نان (لێ‌دە'نێـ'م)
تێ‌/نان (تێ‌دە'نێـ'م)
هەڵ‌/نان (هەڵدە'نێـ'م)
ڕا/نان (رادە'نێـ'م)
سەر/نان (سەردە'نێـ'م)
وەسەر/نان (وەسەردە'نێـ'م)
وەبەر/نان (وەبەردە'نێـ'م)
وەدەر/نان (وەدەردە'نێـ'م)
و هیتر. 
لە وشەی پێشنیار دا، بوونی دوو پیتی دەنگداری " ێـ " و " یـ " لە دراوسێیەتی یەکتر دا و بە هۆی بوونی "ا" وەک پیتی دەنگداری سێهەم بە دوای یەکدا، وای کردووە کە "ێــ" بسوێ و لە ماکی کردارەکە تەنیا "ن" بمێنێتەوە. هەرچەند ئەگەر پێشنیار بە شێوەی "پێشنێیار"یش بنووسرێ یان بگۆترێ، هەڵە نییە بەڵام پێشنیار لە زاران خۆشترە.
هەرچەند سەلماندنی ئەو راستیە پێویستی بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ئەدەبی زارەکیی کورد هەیە بەڵام بە پێچەوانەی بۆچوونەکەی خاتوو کوردستان، پێم وایە وشەی پێشنیار لە ناو زمانی ئاخێوەرانی کورد دا زۆر لە فەرهەنگەکەی مامۆستا گیو کۆنترە. لە سەردەمی ئەویش دا زۆرێک لەوانەی ئەو وشەیەیان بە کار بردووە، رەنگە هەر نەیانزانیبێ مامۆستا گیو فەرهەنگی زمانی کوردی نووسیوە. تەنانەت ئەگەر هیچکام لەوانەش نەبووبێ و مامۆستا گیویش بە هەڵە پێشنیاری بۆ پێشنیاز نووسیبێ، دیسان "پێشنیار" داڕشتنێکی کوردانەیە. 
دوو وشەی پێشنیار و پێشنیاز لە باری ماناشەوە جیاوازن. پێشنیار پلان و نەخشە و بۆچوونی تایبەتە کە کاتێک بە گشتی دەکرێ و دەخرێتە بەر چاو و گوێی گشت یان کۆمەڵە کەسێکی دیار، مانای خۆی وەدەست دێنێ لێ پێشنیاز نیەت و قەسدی تایبەتە کە دەکرێ هیچکات دەرنەبڕدرێ و هەروا مانای خۆی رابگرێ. بە واتایەکی دیکە دەکرێ پێشنیاز، پێشنیاری دەرنەبڕدراو بێ. بۆ وێنە دەکرێ فەرماندەیەک بە فەرماندەکانی خوارەوەی خۆی بڵێ: دوژمن پێشنیازی هێرشی هەیە، پێشنیاری ئێوە چییە؟

وشە ناسی؛ کەڵ - کەڵەگا

وشەی کەڵەگا Kalaga لە زمانی کوردی دا بۆ کەسێک بە کار دێ کە بیهەوێ لە رێگای بەکار هێنانی زۆر و تۆبزی خۆی بە سەر ئەویدی دا بسەپێنێ. ئەو کارەش پێی دەگوترێ کەڵەگایی یان کەڵەگایەتی. بە پێی رەواڵیش لە گەڵ کرداری "کردن" گەردان دەکرێ.
لە هەنبانەبۆرینەدا دوو مانای بۆ نووسراوە؛
١- گایەک کە سواری چێل دەبێ بۆ ئاوس کردن
٢- برێتی لە مرۆی زۆری‌کەر

پێشگری کەڵ لە زۆر وشەی دیکەی زمانی کوردی‌دا هەیە کە سەرجەمیان بۆ بەیان و دەربڕینی بە هێزی لە توانایی دا وەک زاڵم، بەڕێزی لە هەڵسوکەوت و ئازایەتی، یان بەرزی لە باڵا دا بە کار دێن؛
کەڵ: نێرینەی گامێش، بەهێزترین گیانداری ماڵی لە کوردستان
کەڵە: گیایەکە وەک مڵۆزم لە سەر رەگی بڕکەی بێستان (خیار، تەماتە، شووتی و..) دەڕوێ و وشکی دەکا
کەڵەپیاو: پیاوی ئازا و بەڕێز و جوامێر
کەڵەژن: ژنی باڵا بەرز و بەڕێز - کەیخوداژن
کەڵەشڤان: شوانی زۆر کارامە

ئەو وشەیە هەروەها بە گۆڕانی پیتی "ک"ێی سەرەتا بە پیتی "ق" لە کۆمەڵێک وشە دا هەیە وەک؛ قەڵا، قەڵات و باڵەخانە(خانووی بەرزی چەند نهۆم)، قەڵاتە کردن و... دا هەیە کە سەرجەمیان ئاماژەن بە بەرزی و بڵیندی.
کەڵەگا لە بنەڕەت دا وشەیەکی سۆمەریە و هەر بەو شێوەیەش لە سەر خشتە نووسراوەکانی سۆمەری ئاستە کراوە. لە لایەن شارەزایانی ئەو زمانەشەوە بە پاتشای زۆر بە توانا و بە هێز مانا کراوەتەوە. هەرچی ناوی پاتشایە، لەو زمانەدا بە "گال" Gall تۆمار کراوە. وای بۆ دەچم کە "کەڵ" وەک پێشگری گەورەیی، بە هێزی، بەرزی و هەروەها وەک وەسف بۆ جوامێری و کارامەیی مرۆڤ لەو وشە و مانا سۆمەریەوە داکەوتبێ.
کەڵ وەک پێشگر بۆ پەسنی بەرزی و بەتوانایی تایبەت بە نێرینە نییە و بۆ مێوینەش بە کار دێ لێ بە پێی سروشت، هێزی باهۆ زیاتر لای نێرینەیە تا مێوینە.

حسین شۆخ‌کەمان، هونەرمەندی نەتەوەیی کوردستان کۆچی دوایی کرد


حسین شۆخ کەمان کە یەکێک بوو لە برایانی زێ‌زێ، رۆژی ٢ی سەرماوەز، بە هۆی پیری و نەخۆشی لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد. مامۆستا حسین شۆخ کەمان، کوڕی میرزا شوکروڵڵا، لە ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی لە شاری سەقز و لە بنەماڵەیەکی هونەردۆست لە دایک بوو. لە ژێر سەرپەرەستیی براگەورەکەی "عەلی شۆخ کەمان" دەستی بە کاری هونەری کرد و گروپی هونەریی "برایانی زێ‌زێ"یان پێکهێنا کە لەو گروپەدا حسین وەک خۆشخوێن و ژەنیاری نایە، تەپڵ و دایرە لە ئاهەنگ و بۆنەکان دا بەشدار دەبوو. لە ماوەی تێکۆشانی هونەرییان دا، برایانی زێ‌زێ دەیان ئاواز و گۆرانیی فۆلکلۆریان زیندوو کردەوە و گۆرانیی نوێیان بە سفرەی رەنگین و دەوڵەمەندی موسیقا و هونەری کوردی زیاد کرد. گۆرانیەکانی برایانی زێ‌زێ، لەوانە ئای بۆ هەلامە، شەمامەو خاڵخاڵ، خەنەبەندان و گەلێکی تر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستانیان بڕی و لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت لە ئاهەنگ و بۆنە ئێرانیەکان دا خوێندران و دەنگیان دایەوە. حسین شۆخ کەمان جگە لەو گۆرانیانەی ئاهەنگ و شایی و زەماوەندەکانی پێ دەڕازاندەوە، کۆمەڵێک گۆرانیشی لە رادیۆکانی کرماشان، سنە و ورمێ دا تۆمار کردوە و وەک میراتێکی هونەری و گەنجینەیەک لە ئاواز و گۆرانیی کوردی بۆ نەتەوەکەی بە جێ هێشتوە.

۸/۲۸/۱۳۹۴

پێشگیری له‌ رەگەزپەرستیی تورک لە رۆژهەڵاتی کوردستان

تاهیر
لە ماوەی یەک مانگی رابردوو دا دوو هێرشی بێ هۆ و بێ بنەمای تورکەکان دژ بە کورد، کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و رووناکبیریەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی راچڵەکاند. لە کۆتاییەکانی مانگی رەزبەردا، کاتێک چەند کەس لە دۆستان و ئەندامانی بنەماڵەی فەرهاد پیرۆت پوور، والیبالیستی تیمی شارەداریی ورمێ بۆ دیتنی یاریی نێوان ئەو تیمە و تیمی بانکی سەرمایە چوونە ناو ساڵۆنی ئەلغەدیر، لە گەڵ جنێودان و دروشمی نەژادپەرستانەی کۆمەڵێک لە تەماشاچیە تورکەکانی ناو هۆەڵەکە بەرەوڕوو بوون که‌ تەنیا ‘تاوانی’ ئەوان پۆشینی جلوبەرگی کوردی بوو. دوو حەوتوو دوای رووداوی ساڵۆنی ئەلغەدیری ورمێ، تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئاڵقەیەکی دیکە لە بەرنامەیەکی تەنزی تلویزیۆنیی “فیتیلە”ی بۆ لاوان و مێرمنداڵان بڵاوکردەوە کە بەشێک لە دیالۆگی ئەم بەرنامەیە بە زمانی تورکی بوو. تێیدا بە جۆرێک عەقڵی ئەکتەرەکان کە بە زمانی تورکی دەدوان، درابووە بەر گاڵتە. ئەوه‌ش نارەزایەتی و خۆپێشاندانی بەرینی تورکەکانی لێ کەوتەوە. بەرپرسانی پێوەندیدار هەر زوو داوای لێبوردنیان کردو ئەکتەرەکانی ئەو بەرنامەیەش لە کار دەرکران. بەڵام سەرنجراکێش ئەوە بوو کە خۆپێشاندانی تورکەکانیش لێوڕێژ بوو لە دروشمی نەژادپەرستانە. لەم نێوەدا نەتەوەی کورد ئەگەرچی بۆخۆی گەورەترین قوربانیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و راگەیاندنەکانیەتی، بەڵام بێ هۆ کەوتەوە بەر هێرشی نەژادپەرستانەی تورکە رەگەز پەرستەکان. دروشمگەلی وەک “ورمێ بە کوردستان نادەین” یان “کورد، فارس، ئەرمەنی هەر سێ دوژمنی تورکن”، چەندین جار لە خۆپێشاندانەکانی تورکەکان دا کە بە ڕواڵەت دژ بە سیاسەتی راگەیاندنی کۆماری ئیسلامی رێکخرابوون، دووپات کرایەوە. کۆمەڵگای سیاسیی کوردستان بە درێژایی ٧٠ ساڵی رابردوو هەمیشە تورکەکانی بە هاوشانی خۆی، وەک نەتەوەیەکی بێ ماف و ماف پێشێلکراو حیساب کردوە. بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان خۆی بە میراتگری دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان زانیوە کە لە تەمەنی کورتی خۆیدا بەردەوام هەوڵی دا لاپەڕەیەکی نوێ لە پێوەندیی نێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک لە ئێران و بە تایبەت لە ئوستانی ورمێ هەڵداتەوە. ئەو سیاسەتە و ئەو شێوە روانینە بە درێژایی خەباتی ٧٠ ساڵەی تێکۆشانی دێموکراسیخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیەکانی کوردستان دا رەنگی داوەتەوە. ئەو روانگەیە نەک تەنیا لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیەکان بەڵکو لە ناو کۆمەڵگای خەڵکی کوردستانیش دا باوەڕێکی چەسپاو بووە. تورکەکان هەر کات و بە هەر هۆیەک لێیان قەومابێ، ئەوە باوەشی خەڵکی کوردستان بۆیان کراوە بووە و خەڵک نانی خۆیان لە گەڵ لەت کردوون. ئەو تورکانەی تەڤلی بزووتنەوەی کوردستان بوون، بێ هیچ جیاوازی و هەڵاواردنێکی نەتەوەیی رێز لە خەبات و تێکۆشانیان گیراوە و تا ئاستیی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش چوون. خۆ ئەگەر لە هێرش بۆ سەر کوردستان و لە زەبروزەنگی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی مافخوراوی کوردستان، بەشێک لە تورکەکان بوون بە سیالەشکر و پێش قەراوڵی سپای داگیرکەر، لای کورد ئەو کەسانە هیچکات حیسابی نوێنەرایەتیی تورکەکانیان بۆ نەکراوە. لە روانینی کوردەکان دا ئەوانە لە بەکرێگیراوێکی دەسەڵات یان فریوخواردوویەکی ئایینی زیاتر نەبوون. بەڵام هەڵسوکەوتەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی توێژی رەگەزپەرەستی تورک و هەوڵدانی بۆ سەپاندنی هێژمۆنیی رەگەزپەرستانە بۆ سەر ئەو نەتەوەیە، بە تایبەت هەڵوێستی نابه‌رپرسانه‌یان لە هۆڵی ئەلغەدیری شاری ورمێ و رەنگدانەوەی روانگەی دژ بە کورد و نەتەوەکانی دیکە لە بەشێک لە خۆپێشاندانەکانی دژ بە تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی، ئەو راستیەی سەلماند کە بە داخەوە ناسیونالیزمی تورک لە ئێران، خەریکە لە سەر بنەمایەکی نەژادپەرستانە پێ دەگرێ. ناسیونالیزمێکی کرچ و کاڵ کە شوناسە نەتەوەییەکانی خۆی لە سەر بناخەی نەفی ئەویدی و هێرش بۆ سەر دەروجیرانەکانی دا پێناسە دەکا. هێژەمۆنیی ئەم روانینە شۆڤینیستیە ئەوەندە خۆی بە سەر رووناکبیرانی تورک دا سەپاندوە کە بە داخەوە کەمترین رووناکبیر و چالاکی سیاسی و مەدەنیی تورک ئامادە بوون ژێر ئەو نامەیە ئیمزا بکەن کە بە ناوی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی تورک و کورد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دوای بێ‌ڕێزیەکانی ساڵۆنی ئەلغەدیری ورمێ ئامادە و بڵاو کرایەوە. هەوڵدان بۆ کڕینی زەوی و زاری کوردەکان بە ئیمکاناتی دەوڵەتی، پەڕاوێزکردن و هەوڵدان بۆ دەرکردنی کوردەکان لە سەر مڵک و ماڵی خۆیان، سەپاندنی خۆیان بە سەر هەموو دام و دەزگا حکومەتیەکان سەرەڕای کەمینەبوونیان لە ئاستی ئوستانی ورمێ دا و هەوڵدان بۆ دەسکاری و شێواندنی مێژووی کوردستان و شارەکانی کوردستان بە دژی کورد بەشێکی دیکە لە هەوڵەکانی ئەو توێژە لە شۆڤینیزمی تورکە بۆ تێکدانی ئاشتی لە نێوان کورد و تورک و راکێشانی ئەو دوو نەتەوەیە بەرەو شەڕ و ناکۆکی. دوو نەتەوەی کورد و تورک لە ئێران، سەدان ساڵە و بە درێژایی سەدان کیلۆمیتر لە پاڵ یەکتر و لە جیرانەتی یەکتر دا دەژین. رابردووی پێوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنە هەر چۆنێک بووبێ، لە داهاتووش دا ناچارن بە جیرانەتیی یەکتر بمێننەوە. کوردەکان دەمێک ساڵە ئەو راستیەیان دەرک کردوەو تورکانیش نابێ تەسلیم و گوێڕایەڵی هێندێک تورکی نەژادپەرەست بن. ئەوان نابێ چیتر پشتگەرم بە دەسەڵاتی تاران دژ بە زۆرینەی کوردی دانیشتووی ورمێ بجوڵێنەوە و هەڵسوکەوت بکەن. پێویستە دوژمنایەتی و هەوڵدان بۆ دەڕپەڕاندنی کورد لە سەر خاک و سامانی خۆی بە رێزدانان لە یەکتر و لە بەها نەتەوەییەکانی یەکتر و بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بگۆڕنەوە. کوردەکانیش هاوکات کە دەبێ بەرامبەر بەو زێدەخوازیەی تورکە رەگەزپەرەستەکان هەستیار بن و نرخ و بەها نەتەوەییەکان و خاک و ماڵی خۆیان بپارێزن، پێویستە لە گەڵ جیرانە تورکەکانیان هەروا بە شێوەی هێمنانە و پێشکەوتنخوازانە هەڵسوکەوت بکەن. لە رووبەڕوو بوونەوەو ئاژاوە، سڵ لەو داوانە بکەن کە دوژمنانی ئاشتی و ئارامی دەینێنەوەو نانی خۆیان لە ئاژاوە و تەفرەقەدا دەبینن. دۆستایەتی و پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوەی هاوپێوەندیی نێوان دوو گەلی کورد و تورک، دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان و پەڕاوێز خستنی خاڵە ناتەباکان بکەنە پێوەری دۆستایەتی نێوان خۆیان و، رەزگەزپەرستی پێ مه‌هار بکەن. هاوکات کوردانی ئەو ئوستانە لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە یەکدەنگی و هاودەنگیە. یەکدەنگی و هاودەنگیەک کە بە سەر قازانجی شەخسی، بنەماڵە، تایفە، ناوچە، زاراوە، ئایین و حیزب دا باز بدا و لە سەرووی هەموان شوناس و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و بەها ئینسانیەکان بکاتە پێوەر. *بۆ بەرنامەی پرسی رۆژ کە لە کوردکاناڵ بڵاو دەکرێتەوە، نووسراوە

۷/۳۰/۱۳۹۴

بابەتی رۆژ: خواستی گەل، شکستی دەسەڵات؛ ماهوارە وەک نمونە


بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، لە گەڵ دەرکەوتنی هەر ئامرازێکی نوێی راگەیاندن، دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش بۆ پێشگرتن لە هاتن و پەرە گرتنی ئەم دەزگایانە بۆ ناو خەڵکی ئێران و کۆمەڵگای ئێرانی، دەستبەکار دەبن. هەموو ئامانجیشیان ئەوەیە کە پێش بە گەیشتنی زانیاریی دروست بۆ خەڵک بگرن و هەوڵ بدەن دانیشتوانی ئەم وڵاتە تەنیا لە رێگای راگەیەنەرە درۆزن و چەواشەکارەکانی ئەم دەسەڵاتەوە ئاگاداری رووداو و پێشهاتەکانی ناو ئێران و دنیا بن. کۆماری ئیسلامی کاتێک هاتە سەر کار کە رادیۆ تاکە ئامرازی گشتی بوو بۆ گەیاندنی زانیاری. هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی لە رێگای فرێکانسەکانی رادیۆوە هەر زوو دەستیان بە لەقاودانی ماهیەتی ئەم رێژیمە کرد. بەرامبەر بەوە دەسەڵاتیش سەرەتای سیاسەتی خۆی بۆ پێشگرتن لە گەیشتنی زانیاریی دروست، بە دانانی پارازیت لە سەر دەنگە رادیۆییە ناخۆییەکانی دەرەوەی خۆی دەست پێ کرد. لە گەڵ بەرەوپێشچوونی زەمان، ئامرازەکانی پێوەندیش پەرەیان گرت. هاوکات کۆماری ئیسلامیش بەردەوام لە سامانی گشتی بودجەی زیاتری بۆ دژایەتی لە گەڵ پەرەگرتنی ئەم ئامرازانە تەرخان کرد. ئەگەر تا ئەو کات و ئێستاش تلویزیۆن هەروا لە ژێر دەستی دەسەڵات و حکومەتەکان دا بوو، لە ناوەڕاستەکانی دەیەی شەستی هەتاوی دەزگای ڤیدیۆ کەوتە ناو بازاڕی نهێنی و نارەسمی ئێرانەوە و هاوکات لە لایەن دەسەڵات قاچاخ کران. لە سەر فرۆشتن، کڕین و ڕاگرتنی ڤیدیۆ و ڤیدیۆکاسێت زۆر ماڵ پشکێنران و زۆر کەس گیران بەڵام دوا جار ویستی خەڵک پاشەکشەی بە دەسەڵات کرد و حکومەت ناچار بوو لەم بارەوە پاشەکشە بکا و بە یەکجاری بێدەنگەی لێ بکا. لە سەرەتاکانی دەیەی حەفتای هەتاوی ماهوارە و کاناڵە تلویزیۆنیە ماهوارەییەکان پەیدا بوون. رێژیم سەرەتا هەوڵی پێشگرتن بە هاتن، فرۆشتن و کڕینی ئامرازەکانی ئەم دەزگا راگەیەنەرەی دا. ساڵی ١٣٧٣ مەجلیسی ئێران یاسایەکی بە ناوی یاسای قەدەغەبوونی لە کەلکوەرگرتن لە دەزگای ماهوارە پەسند کرد. بەڵام کاتێک چاویان کردەوە کە سەربانی زۆرێک لە ماڵەکانی ئێران دیشێکی سەتەلایتی لێ دامەزرابوو. ئەمجار مەئمورانی خۆی راسپارد تا خاوەن دیشەکان دەستبەسەر، جەریمە و تەنانەت زیندانیان بە سەردا بسەپێنن. بە درێژایی دوو دەیە، هێزە ئینتزامیەکان هێز و وزەیەکی زۆریان بۆ هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک و دەست گرتن بە سەر دیش و ریسێڤێری ناو ماڵەکان تەرخان کرد بەڵام خەڵک کۆڵیان نەدا. ئەوان بە تەواوی بۆیان روون ببۆوە کە سیستمی سانسۆڕ و چەواشەکاریی دەزگا راگەیەنەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە هیچ جۆر وڵامدەری نیازەکانی ئەوان بە زانین و ئاگادار بوون لە رووداوەکانی دنیا و تەنانەت دەوروبەری خۆیشیان نییە. هەر بۆیە دوای هەر هێرش و تاڵانێکی مەئموران، خێرا بۆ کڕینەوە و دامەزراندنەوەی دیشێکی نوێ و ریسیڤێرێکی نوێ دەستبەکار دەبوونەوە. دەسەڵات وێڕای ئەم هێرشە راستەوخۆیانە بۆ سەر خەڵک و سامانی خەڵک، لە رێگای ناردنی پارازیت بۆ سەر ئەو کاناڵە ماهوارەییانەی زانیاری بە خەڵک دەدەن، دانی فتوا لە سەر حەرام بوونی فرۆشتن و کڕین و راگرتن و چاولێکردنی دەزگا و کاناڵە ماهوارەییەکان لە لایەن مەراجعی سیاسی و ئایینی و لە سەرووی هەموان عەلی خامنەیی، بە بەهێز کردن و زیاد کردنی رادەی کاناڵە تلویزیۆنیەکانی خۆی، بەختی خۆی لەم پێناوەدا زیاتر تاقی کردەوە. بەڵام خەڵک نیشانیان دا کە لە بەرامبەر خواستی خۆیان دا گوێ بۆ قسەی عەلی خامنەیی و مەراجع شل ناکەن. هاوکات ئاسەواری خراپ و زیانباری پارازیت بۆ سەر ژیان و ژینگە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تێگەیاند کە بەو کارەیان خەریکن ژێر کەشتیەک کون دەکەن کە بۆخۆشیان تێیدا دانیشتوون. لەولاشەوە ئیدئۆلۆژیی زاڵ بە سەر سیستمی دەسەڵات وای کرد کە حکومەت لەم پێوەندیەدا تەنیا کاناڵی زۆر و بۆری تلویزیۆنی دامەزرێنێ و بە هیچ جۆر جێگای ئەو کرانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە خەڵک دەیانهەوێ و لە کاناڵە ماهوارەییەکان دا دەیبینن و دەیبیسن، پڕ نەکەنەوە. دوا جار کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ناچار بوون دان بە شکستی خۆیان لە بەرامبەر خواستی خەڵک دا بنێن. ئەگەرچی هێشتا هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە کاناڵە ماهوارەییەکان و دیش و ریسیڤێری خەڵک بەردەوامە بەڵام بەرپرسانی سەربازی، ئەمنی و تەبلیغاتیی کۆماری ئیسلامی، لەوانە عەلی جەنەتی وەزیری ئیرشاد و عیزەتوڵڵا زەرغامی رەئیسی پێشووی سەداو سیما و محەممەدرەزا نەقدی سەرۆکی سازمانی بەسیج لە حاڵێک دا بۆخۆیان لە بناخەدانەرانی یاسای بەرگری لە بەکاربردنی دەزگای وەرگرتنی کاناڵە ماهوارەییەکان بوون، تا ئێستا دانیان بە شکستی خۆیان لە بەرامبەر خواستی خەڵکدا ناوە. ئەوان دانیان پێدا ناوە کە هەوڵ و تێچوەکانی دەسەڵات لەم بارەوە سەر نەکەوتووەو هەنووکە ٤٠ تا ٧٠ لە سەدی خەڵکی ئێران چاو لە کاناڵە ماهوارەییەکان دەکەن. ئەزموونی نیزیک بە چارەگە سەدەیەک بەربەرەکانیی نێوان خەڵک و دەسەڵات بۆ کەلکوەرگرتن لە ئامرازی وەرگرتنی کاناڵە ماهوارەییەکان کە هەموو نیشانەکان سەرکەوتنی خەڵک لە بەرامبەر دەسەڵات دا نیشان دەدەن، دەیسەلمێنێ کە ئەوەی لە بەرامبەر خواستی خەڵک دا بەردەوام ناچار بە پاشەکشە بووە، دەسەڵاتە و ئەوەی سەر دەکەوێ خەڵک و خواستی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئازادیخوازە. *بۆ بەرنامەی پرسی رۆژ لە کوردکاناڵ نووسراوە

۷/۲۷/۱۳۹۴

پێشگیری له‌ رەگەزپەرستیی تورک لە رۆژهەڵاتی کوردستان

لە ماوەی یەک مانگی رابردوو دا دوو هێرشی بێ هۆ و بێ بنەمای تورکەکان دژ بە کورد، کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و رووناکبیریەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی راچڵەکاند. لە کۆتاییەکانی مانگی رەزبەردا، کاتێک چەند کەس لە دۆستان و ئەندامانی بنەماڵەی فەرهاد پیرۆت پوور، والیبالیستی تیمی شارەداریی ورمێ بۆ دیتنی یاریی نێوان ئەو تیمە و تیمی بانکی سەرمایە چوونە ناو ساڵۆنی ئەلغەدیر، لە گەڵ جنێودان و دروشمی نەژادپەرستانەی کۆمەڵێک لە تەماشاچیە تورکەکانی ناو هۆەڵەکە بەرەوڕوو بوون که‌ تەنیا ‘تاوانی’ ئەوان پۆشینی جلوبەرگی کوردی بوو.
 دوو حەوتوو دوای رووداوی ساڵۆنی ئەلغەدیری ورمێ، تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئاڵقەیەکی دیکە لە بەرنامەیەکی تەنزی تلویزیۆنیی “فیتیلە”ی بۆ لاوان و مێرمنداڵان بڵاوکردەوە کە بەشێک لە دیالۆگی ئەم بەرنامەیە بە زمانی تورکی بوو. تێیدا بە جۆرێک عەقڵی ئەکتەرەکان کە بە زمانی تورکی دەدوان، درابووە بەر گاڵتە. ئەوه‌ش نارەزایەتی و خۆپێشاندانی بەرینی تورکەکانی لێ کەوتەوە.
 بەرپرسانی پێوەندیدار هەر زوو داوای لێبوردنیان کردو ئەکتەرەکانی ئەو بەرنامەیەش لە کار دەرکران. بەڵام سەرنجراکێش ئەوە بوو کە خۆپێشاندانی تورکەکانیش لێوڕێژ بوو لە دروشمی نەژادپەرستانە. لەم نێوەدا نەتەوەی کورد ئەگەرچی بۆخۆی گەورەترین قوربانیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و راگەیاندنەکانیەتی، بەڵام بێ هۆ کەوتەوە بەر هێرشی نەژادپەرستانەی تورکە رەگەز پەرستەکان. دروشمگەلی وەک “ورمێ بە کوردستان نادەین” یان “کورد، فارس، ئەرمەنی هەر سێ دوژمنی تورکن”، چەندین جار لە خۆپێشاندانەکانی تورکەکان دا کە بە ڕواڵەت دژ بە سیاسەتی راگەیاندنی کۆماری ئیسلامی رێکخرابوون، دووپات کرایەوە.
کۆمەڵگای سیاسیی کوردستان بە درێژایی ٧٠٠ ساڵی رابردوو هەمیشە تورکەکانی بە هاوشانی خۆی، وەک نەتەوەیەکی بێ ماف و ماف پێشێلکراو حیساب کردوە. بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان خۆی بە میراتگری دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان زانیوە کە لە تەمەنی کورتی خۆیدا بەردەوام هەوڵی دا لاپەڕەیەکی نوێ لە پێوەندیی نێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک لە ئێران و بە تایبەت لە ئوستانی ورمێ هەڵداتەوە. ئەو سیاسەتە و ئەو شێوە روانینە بە درێژایی خەباتی ٧٠ ساڵەی تێکۆشانی دێموکراسیخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیەکانی کوردستان دا رەنگی داوەتەوە. ئەو روانگەیە نەک تەنیا لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیەکان بەڵکو لە ناو کۆمەڵگای خەڵکی کوردستانیش دا باوەڕێکی چەسپاو بووە. تورکەکان هەر کات و بە هەر هۆیەک لێیان قەومابێ، ئەوە باوەشی خەڵکی کوردستان بۆیان کراوە بووە و خەڵک نانی خۆیان لە گەڵ لەت کردوون. ئەو تورکانەی تەڤلی بزووتنەوەی کوردستان بوون، بێ هیچ جیاوازی و هەڵاواردنێکی نەتەوەیی رێز لە خەبات و تێکۆشانیان گیراوە و تا ئاستیی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش چوون. خۆ ئەگەر لە هێرش بۆ سەر کوردستان و لە زەبروزەنگی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی مافخوراوی کوردستان، بەشێک لە تورکەکان بوون بە سیالەشکر و پێش قەراوڵی سپای داگیرکەر، لای کورد ئەو کەسانە هیچکات حیسابی نوێنەرایەتیی تورکەکانیان بۆ نەکراوە. لە روانینی کوردەکان دا ئەوانە لە بەکرێگیراوێکی دەسەڵات یان فریوخواردوویەکی ئایینی زیاتر نەبوون.
 بەڵام هەڵسوکەوتەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی توێژی رەگەزپەرەستی تورک و هەوڵدانی بۆ سەپاندنی هێژمۆنیی رەگەزپەرستانە بۆ سەر ئەو نەتەوەیە، بە تایبەت هەڵوێستی نابه‌رپرسانه‌یان لە هۆڵی ئەلغەدیری شاری ورمێ و رەنگدانەوەی روانگەی دژ بە کورد و نەتەوەکانی دیکە لە بەشێک لە خۆپێشاندانەکانی دژ بە تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی، ئەو راستیەی سەلماند کە بە داخەوە ناسیونالیزمی تورک لە ئێران، خەریکە لە سەر بنەمایەکی نەژادپەرستانە پێ دەگرێ. ناسیونالیزمێکی کرچ و کاڵ کە شوناسە نەتەوەییەکانی خۆی لە سەر بناخەی نەفی ئەویدی و هێرش بۆ سەر دەروجیرانەکانی دا پێناسە دەکا. هێژەمۆنیی ئەم روانینە شۆڤینیستیە ئەوەندە خۆی بە سەر رووناکبیرانی تورک دا سەپاندوە کە بە داخەوە کەمترین رووناکبیر و چالاکی سیاسی و مەدەنیی تورک ئامادە بوون ژێر ئەو نامەیە ئیمزا بکەن کە بە ناوی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی تورک و کورد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دوای بێ‌ڕێزیەکانی ساڵۆنی ئەلغەدیری ورمێ ئامادە و بڵاو کرایەوە.
 هەوڵدان بۆ کڕینی زەوی و زاری کوردەکان بە ئیمکاناتی دەوڵەتی، پەڕاوێزکردن و هەوڵدان بۆ دەرکردنی کوردەکان لە سەر مڵک و ماڵی خۆیان، سەپاندنی خۆیان بە سەر هەموو دام و دەزگا حکومەتیەکان سەرەڕای کەمینەبوونیان لە ئاستی ئوستانی ورمێ دا و هەوڵدان بۆ دەسکاری و شێواندنی مێژووی کوردستان و شارەکانی کوردستان بە دژی کورد بەشێکی دیکە لە هەوڵەکانی ئەو توێژە لە شۆڤینیزمی تورکە بۆ تێکدانی ئاشتی لە نێوان کورد و تورک و راکێشانی ئەو دوو نەتەوەیە بەرەو شەڕ و ناکۆکی.
 دوو نەتەوەی کورد و تورک لە ئێران، سەدان ساڵە و بە درێژایی سەدان کیلۆمیتر لە پاڵ یەکتر و لە جیرانەتی یەکتر دا دەژین. رابردووی پێوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنە هەر چۆنێک بووبێ، لە داهاتووش دا ناچارن بە جیرانەتیی یەکتر بمێننەوە. کوردەکان دەمێک ساڵە ئەو راستیەیان دەرک کردوەو تورکانیش نابێ تەسلیم و گوێڕایەڵی هێندێک تورکی نەژادپەرەست بن. ئەوان نابێ چیتر پشتگەرم بە دەسەڵاتی تاران دژ بە زۆرینەی کوردی دانیشتووی ورمێ بجوڵێنەوە و هەڵسوکەوت بکەن. پێویستە دوژمنایەتی و هەوڵدان بۆ دەڕپەڕاندنی کورد لە سەر خاک و سامانی خۆی بە رێزدانان لە یەکتر و لە بەها نەتەوەییەکانی یەکتر و بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بگۆڕنەوە. کوردەکانیش هاوکات کە دەبێ بەرامبەر بەو زێدەخوازیەی تورکە رەگەزپەرەستەکان هەستیار بن و نرخ و بەها نەتەوەییەکان و خاک و ماڵی خۆیان بپارێزن، پێویستە لە گەڵ جیرانە تورکەکانیان هەروا بە شێوەی هێمنانە و پێشکەوتنخوازانە هەڵسوکەوت بکەن. لە رووبەڕوو بوونەوەو ئاژاوە، سڵ لەو داوانە بکەن کە دوژمنانی ئاشتی و ئارامی دەینێنەوەو نانی خۆیان لە ئاژاوە و تەفرەقەدا دەبینن. دۆستایەتی و پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوەی هاوپێوەندیی نێوان دوو گەلی کورد و تورک، دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان و پەڕاوێز خستنی خاڵە ناتەباکان بکەنە پێوەری دۆستایەتی نێوان خۆیان و، رەزگەزپەرستی پێ مه‌هار بکەن. هاوکات کوردانی ئەو ئوستانە لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە یەکدەنگی و هاودەنگیە. یەکدەنگی و هاودەنگیەک کە بە سەر قازانجی شەخسی، بنەماڵە، تایفە، ناوچە، زاراوە، ئایین و حیزب دا باز بدا و لە سەرووی هەموان شوناس و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و بەها ئینسانیەکان بکاتە پێوەر.

۷/۱۸/۱۳۹۴

خواستی گەل؛ شکستی دەسەڵات

تاهیر قاسمی
بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، لە گەڵ دەرکەوتنی هەر ئامرازێکی نوێی راگەیاندن، دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش بۆ پێشگرتن لە هاتن و پەرە گرتنی ئەم دەزگایانە بۆ ناو خەڵکی ئێران و کۆمەڵگای ئێرانی، دەستبەکار دەبن. هەموو ئامانجیشیان ئەوەیە کە پێش بە گەیشتنی زانیاریی دروست بۆ خەڵک بگرن و هەوڵ بدەن دانیشتوانی ئەم وڵاتە تەنیا لە رێگای راگەیەنەرە درۆزن و چەواشەکارەکانی ئەم دەسەڵاتەوە ئاگاداری رووداو و پێشهاتەکانی ناو ئێران و دنیا بن.
 کۆماری ئیسلامی کاتێک هاتە سەر کار کە رادیۆ تاکە ئامرازی گشتی بوو بۆ گەیاندنی زانیاری. هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی لە رێگای فرێکانسەکانی رادیۆوە هەر زوو دەستیان بە لەقاودانی ماهیەتی ئەم رێژیمە کرد. بەرامبەر بەوە دەسەڵاتیش سەرەتای سیاسەتی خۆی بۆ پێشگرتن لە گەیشتنی زانیاریی دروست، بە دانانی پارازیت لە سەر دەنگە رادیۆییە ناخۆییەکانی دەرەوەی خۆی دەست پێ کرد. لە گەڵ بەرەوپێشچوونی زەمان، ئامرازەکانی پێوەندیش پەرەیان گرت. هاوکات کۆماری ئیسلامیش بەردەوام لە سامانی گشتی بودجەی زیاتری بۆ دژایەتی لە گەڵ پەرەگرتنی ئەم ئامرازانە تەرخان کرد. ئەگەر تا ئەو کات و ئێستاش تلویزیۆن هەروا لە ژێر دەستی دەسەڵات و حکومەتەکان دا بوو، لە ناوەڕاستەکانی دەیەی شەستی هەتاوی دەزگای ڤیدیۆ کەوتە ناو بازاڕی نهێنی و نارەسمی ئێرانەوە و هاوکات لە لایەن دەسەڵات قاچاخ کران. لە سەر فرۆشتن، کڕین و ڕاگرتنی ڤیدیۆ و ڤیدیۆکاسێت زۆر ماڵ پشکێنران و زۆر کەس گیران بەڵام دوا جار ویستی خەڵک پاشەکشەی بە دەسەڵات کرد و حکومەت ناچار بوو لەم بارەوە پاشەکشە بکا و بە یەکجاری بێدەنگەی لێ بکا.
 لە سەرەتاکانی دەیەی حەفتای هەتاوی ماهوارە و کاناڵە تلویزیۆنیە ماهوارەییەکان پەیدا بوون. رێژیم سەرەتا هەوڵی پێشگرتن بە هاتن، فرۆشتن و کڕینی ئامرازەکانی ئەم دەزگا راگەیەنەرەی دا. ساڵی ١٣٧٣ مەجلیسی ئێران یاسایەکی بە ناوی یاسای قەدەغەبوونی لە کەلکوەرگرتن لە دەزگای ماهوارە پەسند کرد. بەڵام کاتێک چاویان کردەوە کە سەربانی زۆرێک لە ماڵەکانی ئێران دیشێکی سەتەلایتی لێ دامەزرابوو. ئەمجار مەئمورانی خۆی راسپارد تا خاوەن دیشەکان دەستبەسەر، جەریمە و تەنانەت زیندانیان بە سەردا بسەپێنن. بە درێژایی دوو دەیە، هێزە ئینتزامیەکان هێز و وزەیەکی زۆریان بۆ هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک و دەست گرتن بە سەر دیش و ریسێڤێری ناو ماڵەکان تەرخان کرد بەڵام خەڵک کۆڵیان نەدا. ئەوان بە تەواوی بۆیان روون ببۆوە کە سیستمی سانسۆڕ و چەواشەکاریی دەزگا راگەیەنەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە هیچ جۆر وڵامدەری نیازەکانی ئەوان بە زانین و ئاگادار بوون لە رووداوەکانی دنیا و تەنانەت دەوروبەری خۆیشیان نییە. هەر بۆیە دوای هەر هێرش و تاڵانێکی مەئموران، خێرا بۆ کڕینەوە و دامەزراندنەوەی دیشێکی نوێ و ریسیڤێرێکی نوێ دەستبەکار دەبوونەوە. دەسەڵات وێڕای ئەم هێرشە راستەوخۆیانە بۆ سەر خەڵک و سامانی خەڵک، لە رێگای ناردنی پارازیت بۆ سەر ئەو کاناڵە ماهوارەییانەی زانیاری بە خەڵک دەدەن، دانی فتوا لە سەر حەرام بوونی فرۆشتن و کڕین و راگرتن و چاولێکردنی دەزگا و کاناڵە ماهوارەییەکان لە لایەن مەراجعی سیاسی و ئایینی و لە سەرووی هەموان عەلی خامنەیی، بە بەهێز کردن و زیاد کردنی رادەی کاناڵە تلویزیۆنیەکانی خۆی، بەختی خۆی لەم پێناوەدا زیاتر تاقی کردەوە. بەڵام خەڵک نیشانیان دا کە لە بەرامبەر خواستی خۆیان دا گوێ بۆ قسەی عەلی خامنەیی و مەراجع شل ناکەن. هاوکات ئاسەواری خراپ و زیانباری پارازیت بۆ سەر ژیان و ژینگە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تێگەیاند کە بەو کارەیان خەریکن ژێر کەشتیەک کون دەکەن کە بۆخۆشیان تێیدا دانیشتوون. لەولاشەوە ئیدئۆلۆژیی زاڵ بە سەر سیستمی دەسەڵات وای کرد کە حکومەت لەم پێوەندیەدا تەنیا کاناڵی زۆر و بۆری تلویزیۆنی دامەزرێنێ و بە هیچ جۆر جێگای ئەو کرانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە خەڵک دەیانهەوێ و لە کاناڵە ماهوارەییەکان دا دەیبینن و دەیبیسن، پڕ نەکەنەوە. دوا جار کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ناچار بوون دان بە شکستی خۆیان لە بەرامبەر خواستی خەڵک دا بنێن.
 ئەگەرچی هێشتا هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە کاناڵە ماهوارەییەکان و دیش و ریسیڤێری خەڵک بەردەوامە بەڵام بەرپرسانی سەربازی، ئەمنی و تەبلیغاتیی کۆماری ئیسلامی، لەوانە عەلی جەنەتی وەزیری ئیرشاد و عیزەتوڵڵا زەرغامی رەئیسی پێشووی سەداو سیما و محەممەدرەزا نەقدی سەرۆکی سازمانی بەسیج لە حاڵێک دا بۆخۆیان لە بناخەدانەرانی یاسای بەرگری لە بەکاربردنی دەزگای وەرگرتنی کاناڵە ماهوارەییەکان بوون، تا ئێستا دانیان بە شکستی خۆیان لە بەرامبەر خواستی خەڵکدا ناوە. ئەوان دانیان پێدا ناوە کە هەوڵ و تێچوەکانی دەسەڵات لەم بارەوە سەر نەکەوتووەو هەنووکە ٤٠ تا ٧٠ لە سەدی خەڵکی ئێران چاو لە کاناڵە ماهوارەییەکان دەکەن.
 ئەزموونی نیزیک بە چارەگە سەدەیەک بەربەرەکانیی نێوان خەڵک و دەسەڵات بۆ کەلکوەرگرتن لە ئامرازی وەرگرتنی کاناڵە ماهوارەییەکان کە هەموو نیشانەکان سەرکەوتنی خەڵک لە بەرامبەر دەسەڵات دا نیشان دەدەن، دەیسەلمێنێ کە ئەوەی لە بەرامبەر خواستی خەڵک دا بەردەوام ناچار بە پاشەکشە بووە، دەسەڵاتە و ئەوەی سەر دەکەوێ خەڵک و خواستی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئازادیخوازە.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...