۴/۱۰/۱۴۰۱

وتووێژم لە گەڵ بەرنامەی ڕۆنانی کوردکاناڵ سەبارەت بە لەک و هاوپێوەندیی نێوان کورد و لوڕ


ئەوەی خوارەوە دەقی وتووێژێکە لە گەڵ ڕێزدار عەلی لەیلاخی و بەرنامەی ڕۆنانی کوردکاناڵ. بە سپاس لە کاک عەلی و بەڕێوەبەرانی ئەم تەلەڤزیۆنە خۆشەویستە



-       گرینگیی خاوەنداریەتی کردن لە بژاردە و بەهەرەمەندانی کوردی هاوشێوەی عەلی تووڵابی

-        "لەک " وەکوو بەشێکی بەهێز و گرینگ لە نەتەوەی کورد و پیلان

-       هەوڵەکانی ناوەند بۆ دابڕاندنیان لە کوردستان هاوسۆزی و هاونەتەوەیی "کورد و لوڕ"

١-بۆ نەتەوەیەکی بندەست کە لە هەموو مافێکی سەرەتایی بێبەش کراوە و لە لایەن نەتەوەی باڵادەستەوە بەردەوام هەوڵ دەدرێ لێی کەم بکرێتەوە، زمان و فەرهەنگەکەی لێ بسڕێتەوە و زمان و فەرهەنگی خۆی لە جێگای دابنێ، گرینگیی لە دایکبوون و سەرهەڵدانی ئەو نەوە نوێیەی کە بە شێوەی خۆڕسک فەرهەنگ و کەلتووری نەتەوەکەی خۆی لە ناخ و هزریدا هێلانە دەکا و گەشە دەکا و شوێن لە سەر دەوروبەریدا دادەنێ، گرینگیی یەکجار زۆری هەیە. ئەمە وەک درەختێک دەچێ کە لە بەرامبەر تەوژمی ڕەشەبای داگیرکەردا ڕادەوەستێ و لە هێز و وزەی ئەو بایە کەم دەکاتەوە. لە راستیدا مایەپووچی دەکا.

کە باس دێتە سەر کەسی وەک عەلی توولابی، من لەو بابەتەشدا کە لەم بارەوە نووسیم، بۆ مێرمنداڵێکی لەو تەمەنەدا هێشتا زوویە کە وتە و گۆرانیەکانی وەک پەرچەکرداری سیاسی حیساب بکەین. ئەو تەمەنە بۆ هەڵوێستی سیاسی و نەتەوەیی هێشتا زۆر زوویە. هەر بۆیە لە دایکبوونەوەی ئەو هونەرە لە زمان کەسانی وەک ئەوەوە دەبێ وەک زیندوومانەوەی هەستی نەتەوەیی و زیندووبوونی نەتەوەی کورد لەو جوغرافیا سیاسیەی کوردستان سەیر بکەین.

 

٢-  ئەو ناوچەیە کە بە هۆی هەڵکەوتی جوغرافیاییەکەی، بە هۆی ئەوە کە خەڵکەکەی سەر بە ئایینزای شیعەن و بە هۆی زاراوە تایبەتەکەیان تا ڕادەیەک لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دابڕێندرابوون. بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کوردستان لە سەدەی ڕابردوودا نەیتوانی بە شێوەی پێویست ئاوڕ لەو ناوچانە بداتەوە. ئەوانەش هۆکار بوون بۆ ئەوەی دەسەڵاتی تاران زیاتر تەماح لەو ناوچانە بکا و هەوڵ بدا لە هەموو بارێکەوە لە کوردستانیان دابڕێ. باری هەرە سەرەکیش ئەوە بوو کە هەوڵی دا پێناسەی زمانێکی سەربەخۆ بۆ زاراوەی لەکی بکا. لەو سۆنگەیەشەوە ناوی داتاشراوی لەکستانی قوت کردەوە کە لە نێوان دوو ستانی کورد و لوڕدا هەڵکەوتووە. یەک لە گرینگیەکانی جۆری دەرکەوتنی عەلی توولابی ئەوە بوو کە هەوڵی دا ئەو پردە زمانی و فەرهەنگیە لە نێوان کورد و لوڕدا هەڵبەستێتەوە. بۆ ئەوەش ڕاست کەلکی لە زاراوەی لەکی و ئەو جوغرافیایە وەرگرت کە ئەو لێی لە دایک بووە. لە ڕاستیدا ئەوەی دەسەڵاتی داگیرکەری فارس وەک چاڵش و ئالەنگار بۆ دابڕاندنی لوڕ لە کورد کەلکی لێ وەرگرتبوو، ئەو کردی بە دەرفەت و پرد.

٣- سەبارەت بە پێوەندیی نێوان کورد و لوڕ، دەکرێ بڵێین سەرجەم دانیشتوانی سەر زنجیرە چیای زاگرۆس سەرەڕای داگیرکاری، دابەشکردنیان بە سەر وڵات و دەسەڵاتی جیاواز و لێک دوور خستنەوە و بێ ئاگاییان لە یەکتر لە غیابی دەسەڵاتێکی هاوبەشدا چ لە باری فەرهەنگی، باری ئابووری، زمانی و تەنانەت پێش ئیسلام لە باری ئایینیشەوە سەر بە یەک بنەماڵەی گەورەن. بۆ وێنە لە باری ئابووری مەڕداری پیشەی هەرە سەرەکییان و مەڕ سەرچاوی ژیان و مانیان بوو. لە کشتوکاڵیاندا گەنم ئەو ڕۆڵەی بۆ دەگێڕان. یان لە باری فەرهەنگی، فەرهەنگی هەڵپەڕینیان یەک لە هاوبەشەکانیانە. دیارە هەڵپەڕینەکان بە پێی ناوچە جیاوازی تێدەکەوێ بەڵام دەستی یەک گرتن و پێکهێنانی نیودایرەیەکی وەک هیلالی مانگ و وەک یەکیی ژن و پیاو لە گەڕی هەڵپەڕکێدا و.. کۆمەڵێک تایبەمەندیی هاوبەشە لە نێوانیاندا. لە باری زمانیشەوە، گەرچی وەک جۆری هەڵپەڕکێ، زمانیش لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەک جیاوازی و تایبەتمەندی تێدەکەوێ، بەڵام زۆربەی شارەزایانی زمان لە سەر ئەوە کۆکن کە زاراوە جیاوازەکان زمانێکی هاوبەش بە ناوی زمانی کوردی پێکدێنن.

 هەڵبەت ئەو بۆچوونانە بەو مانایە نین کە بڵێین ئێستا لوڕەکان هەموو کوردن یان خۆیان بە کورد دەزانن. سروشتی‌یە لە ماوەی سەدان ساڵ لێک دوور بوونەوە و بێ ئاگاییان لە یەکتر، لوڕەکان تا رادەیەکی زۆر لە کورد دابڕێندراون و دەسەڵاتیش هەوڵی داوە زیاتر پەرەو بەو دابڕانە بدا. ئەویش بەو هۆیە کە بەشی زۆری ئەوەی فارسەکان وەک مێژووی خۆیان لەو هەرێمە تۆماریان کردوە، لە ڕاستیدا بە دەستی لوڕەکان بووە. ئەوان لە باری جوغرافیاییشەوە نیزیکترن لە فارس. هەروەها لە باری زمانیشەوە بەشێکی زۆر لە زمانی فارسی لە لوڕی وەرگیراوە تەنانەت بەو لەهجە تارانیەشەوە کە ئەلف دەکا بە واو وەک تێهران کە دەیکەن بە تێهرون یان ئیران دەکەن بە ئیرون لە بنەڕەتدا فۆنەتیکی زمانی لوڕی‌یە. هەر بۆیەش ئەوان بۆیان گرینگە لوڕ لە فارسدا بتوێننەوە و ئاسەواری نەهێڵن. یەک لە ئامانجەکانی دابڕاندنی لەک لە کوردستانیش هەر ئەوەیە کە لە لایەک لوڕەکان بە تەواوی لە کورد داببڕن و لە لایەکی دیکەش لە نەتەوەی کورد کەم کەنەوە.

 

٤- پەرەگرتنی مێدیا، سەرەتا ڕادیۆ و دواتر سەتەلایت و پاشان ئینترنێت و لەم یەک دوو دەهەیەی دواییشدا پەرەگرتنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەرفەتێکی زێڕینیان بۆ ئەو زمانانەی لە ژێر هەڕەشە دان پێک هێناوە کە ئاخێوەرانی زیاتر ئاگاداری یەکتر بن و زیاتر زاراوەی یەکتریان بەر گوێ بکەوێ و ڕەگ و ڕیشاڵە هاوبەشەکانیان بدۆزنەوە و لێک تێبگەن. ئەوە وای کرد کە ئێستا زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی بە نیسبەت سەدەی ڕابردوو زۆر باشتر لێک تێبگەن. ئێستا ئیدی بۆ منی موکریانی، زاراوەی کورمانجیی ژووروو یان کەلهوڕی هیندە نامۆ نییە کە بڵێم لێیان تێناگەم لە حاڵێکدا هیچیانم نەخوێندووە و تەنیا بە خوێندنەوە و بیستن پێیان گەیشتووم.  بە بڕوای من زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی نەک هەر نابێ وەک هەڕەشە بۆ سەر یەکتر سەیریان بکەین بەڵکو دەبێ وەک دەرفەت و وەک نیشانە و هۆکاری دەوڵەمەندیی زمانەکەمان بیانبینین و کەلکیان لێ وەرگرین.

بۆ ئەوەش کە بتوانین ئاسانتر ئیمان بەو ڕاستیە بێنین دەبێ هەر کام لەو زاراوانە لە بەرامبەر زمانی داگیرکەر یان زمانە داگیرکەرەکانی فارس و ترک و عەرەب تەعریف بکەین و لەو سۆنگەوە هەموان وەک بنەماڵەی گەورەی زمانی کوردی ببینین و بپارێزین.


بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...