۴/۳۰/۱۴۰۱

محەممەدی مەولوودی کورد

تاهیر قاسمی

ماوەیەکە وەک جاران لە خوێندنەوەدا بە بڕشت نیم و کار و
گرفتی ڕۆژانەش ئەوەندە کاتت بە دەستەوە ناهێڵێ بەڵام "کوردبوون"ی کاپیتان حەمەدی مەولوودە چرچم یەکبین خوێندەوە. کەمتر وا هەبووە کتێبێک دوو جار بخوێنمەوە بەڵام "کوردبوون"م جارێکی دیکەش خوێندەوە. هەڵدەگرێ جاری دیکەش بیخوێنمەوە. ئەوەندەی کار لە سەر کردم کە ڕەنگە بۆ ماوەیەک نەتوانم بگەڕێمەوە سەر خوێندنەوە و نووسینی ئەو بابەتانەی لە بەر دەستم دان. جاری وایە کە هەستێک دامدەگرێ، تەنیا بە نووسین دەتوانم خۆمی لێ دەرباز بکەم. ئەم بابەتەش بۆیە دەنووسم تا تەمی کارەساتەکانی "کوردبوون" لە سەرم بڕەوێ و بتوانم بگەڕێمەوە سەر کارەکانی خۆم.

نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت بۆ ناوچەی موکریان و شاری مەهاباد، سەردەمێکی پڕ لە ڕووداو و کارەسات بوو. ناوچەیەک کە ببوو بە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی سیاسی و چەکداریی دەسەڵاتە ناوچەیی و جیهانی‌یەکان. بە تایبەت ململانێی نێوان دوو زلهێزی عوسمانی و ڕووس. ئیعدامی چەندان کەس لە ڕێبەرانی سیاسی و ئایینیی ناوچەکە بە دەست ترکانی عوسمانی، کوژرانی سەرکۆنسوولی ڕووس، کۆمەڵکوژ کردنی خەڵکی سابڵاغ لە لایەن سپای ڕووس، قاتی و قڕبوونی خەڵکی ناوچەکە لە برسان، سەرهەڵدانی نەخۆشیی گشتگیری تاعوون، شۆرشی سمکۆ و هاتنی بۆ ناو شاری مەهاباد، قەدەغە کردنی جلوبەرگی کوردی لە لایەن دەسەڵاتی ڕەزاشا، دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف، دامەزرانی حیزبی دێموکرات، کۆماری کوردستان و سەرەنجام ڕووخانی کۆمار و ئاوارە بوونی تێکۆشەران لە ڕووداوە زۆر گرینگەکانی ئەو سەردەمەن. حەمەی مەلوودە چرچ پێ بە پێی ئەو ڕووداوانە خڕەکە بوو، گەورە بوو، بوو بە لاو، بوو بە پیاو و سەرەنجام وەکوو باهۆی چەک بە دەستی ژێکاف و دواتر وەک کاپیتان و فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە لە حکومەتی کۆماری کوردستاندا تێکۆشا. ئەو لە کوردبووندا پێ بە پێی گەورە بوونی خۆی، لەو ڕووداو و پێشهاتانەشمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەگەرچی خوێنەری کورد پێشتریش لە زمان کەسانی دیکەوە کەم و زۆر لە گەڵ گێڕانەوەی ئەم ڕووداوانە ئاشنایە بەڵام ئەوەی کوردبوون لە زۆربەی گێڕانەوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، پێگەی کۆمەڵایەتیی جیاواز، ئازایەتی لە گێڕانەوەدا و ژیانی نووسەر لە گەڵ ڕووداوەکانە.

کاپیتان ئەوەندەی چەرمەسەری لە ژیاندا دیتووە و ئەوەندە لە ناو چەقی کارەسات و ڕووداوەکاندا ژیاوە، پێی حەیفە نەیانگێڕێتەوە، پێی حەیفە ئەوەی دیتوویەتی نەنووسرێتەوە و ئەوەی بە سەری هاتووە لە گەڵ خۆی بچنە ژێر گڵ. بۆخۆی خوێندەوار نییە. وەک دەڵێ کەچە سەوادێکی لە زینداندا پەیدا کردووە بەڵام تێیڕانابینێ دەرەقەتی نووسینەوەی ئەو هەموو کارەساتانە بێ. هەر دەست بە قەڵەمێکی دیتبێ، پرێسکەی دڵی خۆی بۆ کردۆتەوە تا بەڵکو ئەو دیکۆمێنتە مێژوویی‌یانەی کە ئەو لە سینگی خۆیدا هەڵیگرتوون، لە فەوتان ڕزگار بکا. بەربێژەکانی بە تەواوی هەست بەو گرینگییە ناکەن. یان لانیکەم کاپیتان پێی وا بووە ئەوان گرینگی بە داواکەی نادەن. ناچار بۆخۆی دەست دەداتە قەڵەم و بە کوێرەکوێر و دەستەکوتە دەیاننووسێتەوە. بەڵام وا دیارە ئەمجار دۆستان و ناسیاوانی، ئەو بە شایانی نووسینەوەی ئەو بیرەوەریانە نازانن. یان ڕەنگە پێیان وابووبێ شتێک دەنووسێتەوە کە "زیانی بۆ پەز هەبێ." چەند جار دەسنووسەکانیان لێ وەرگرتووە و لێیان دە قۆلە هاویشتووە. ئاخر جاریش ترساندوویانە و ناچاریان کردووە بیانسووتێنێ و بیانبەتڵێنێ. بە خۆشیەوە خۆشەویستیی کچانەی یای ڕووناک بۆ باوکی و بە پێچەوانە، دە فریای ئەو دەسنووسە خواروخێچ بەڵام پڕ بەهایانە کەوتووە. ئەوەی ماوەتەوە بە هەوڵ و پێداگریی ئەو تاقە یادگارەی غەریبایەتیی کاپیتان، لە سەر کڵی ئاگر گەڕاوەتەوە و لە سووتان و فەوتان ڕزگار کراوە. دوای ڕزگار کردنیان لە سووتان، بێ ئەوەی بزانێ چیان تێدا نووسراوە، بۆ ماوەی چەند دەیە لە سندووقە یادگاریەکەی باوکیدا وەک گلێنەی چاوەکانی دەیانپارێزێ. دوا جاریش کاک وریای ماملێ نەوەی کاپیتان، کە هەست بە بوونی ئەو دەسنووسانە دەکا، سۆراغیان دەگرێ، وەریاندەگرێ، کاریان لە سەر دەکا، ساغیان دەکاتەوە، بەڵگەمەندیان دەکا و لە توێی کتێبێکدا پەڕاوێز و پاشکۆی بۆ دەنووسێ، وتە و لێدوانی ئاگادارانی بۆ وەردەگرێ و ئەوانەی پێشتر لە بارەی کاپیتان نووسراون یەک بە یەک کۆیان دەکاتەوە و وەک گەنجینەیەک لە مێژووی زارەکیی کورد بە دەست خوێنەری تامەزرۆی دەگەیەنێ.

حەمەی مەولوودە چرچ سەر بە چینی هەرە هەژاری کۆمەڵگای ئەو سەردەمی کوردستانە. سەرەڕای هەژاری، گەورە بوون لە بن دەستی زڕدایکێکی هار و باوکێکی پێمل بە قسە و بڕیاری زڕدایک، ژیانی ئەویان هیندەی دیکە سەخت و ئاستەم کردووە. بەڵام حەمە لە کوردبووندا وێڕای گێڕانەوەی بەدبەختیەکانی ژیانی خۆی، لە ڕووداوەکانی دەوروبەری غافڵ نییە. سەرەڕای دەربڕینی ناخی خۆی، کۆمەڵگاکەیشیمان کەم و زۆر پێ دەناسێنێ. ئازایەتی، پاکی و ڕاستگۆیی لە گێڕانەوەدا وا دەکا کە ڕووداوەکانمان زۆر بە ڕوونی پێشان بدا و هۆ و ماکەی زۆر ڕووداو و کارەساتیشمان بۆ ڕوونتر بکاتەوە. بۆ وێنە کاتێ کۆمەڵکوژ کردنی خەڵکی سابڵاغ لە لایەن لەشکری ڕووسانمان بۆ دەگێڕێتەوە و تەنانەت دیمەنی پەڕاندنی سەر خەڵکەکەمان وەک فیلمێک پێشان دەدا، پێشتر بۆمانی ڕوون کردۆتەوە کە ئەو خەڵکە چۆن بە دین فریو درابوون و شێخ و مەلا و قازی و خەڵیفە چۆن دەستیان دە دەستی دەسەڵاتی تورک نابوو تا لەو خەڵکە هەژارە هێزی شەڕکەر بۆ سپای عوسمانی لە شەڕی جیهانیی یەکەمدا کۆ بکەنەوە:
"(لەشکری تورکان) ڕۆژی جومعان بۆ نوێژی جومعە بە مەشقی سەربازی دەهاتنە مزگەوتی سوور. عالەمی ئەو شارە وەک پەنجەی دەستان دەهاتن بۆ زیارەتی ئەو تورکانە. زۆر کەسی وا بوو زەیارەتی دەستگیر نەدەبوو بە هەناسەساردی دڕۆیشتەوە ماڵ وەک بڵێی دونیا کۆتایی پێهاتبێت."
یان؛
"(تورکەکان) لەشکرێکی زۆریان لە خەڵکی سابڵاغ کۆ کردەوە کە بەشی هەرە زۆریان خۆبەخش بوون. خۆشییان دە دڵیدا دەگەڕا کە دەچن بۆ خەزایە. پێیان وا بوو بێتوو بکوژرێن ئەوە شەهیدن و نەشکوژرێن، ئەوە بەشداری خەزایان کردووە و فەڕزی ئیسلامیان بە جێ گەیاندووە."

دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف و دواتر کۆماری کوردستان، وێستگەیەکی زۆر گرینگ لە ناوەرۆکی کوردبوونە. لەو بەشەدا خوێنەر کێشە ناوخۆییەکانی، هەڵکرانی ئاڵای کوردستان و دامەزرانی کۆمار، کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد و کاربەدەستانی دیکەی کۆمار دەخوێنێتەوە. لە هەڵوێست و هەڵسوکەوتی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئەو کاتی کۆمەڵگای کوردستان لە حاند کۆماری کوردستان و دەسەڵاتی ناوەندیی تاران حاڵی دەبێ. هەر لە ئەوانەوە کە ڕاستەوخۆ دژی کۆمار بوون و هێندێکیان بڕیاری کوشتنیان درابوو تا ئەوانەی لە سەرەوە لە گەڵ کۆمار و لە بنەوە لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەند بوون و ئەوانەش کە دەست بە گۆچان لە گەڵ کۆمار دەڕۆیشتن و نەیاندەویست پردی دواڕۆژی خۆیان بڕووخێنن. خوێنەر ئەو زانیاریانە لە هزر و ڕوانینی کەسێکەوە وەردەگرێ کە بۆخۆی نە سەر بە چینی دەسەڵاتداری شێخ و ئاغا بوو، نە فەقێ و مەلای ناو حوجرە و مزگەوتان و نە لە خوێندەوارانی سەر بە چینی وردە بورژوای شار کە سەرجەم کورسیەکانی بەڕێوەبەریی کۆماریان پڕ کردبۆوە. ئەو پێشتر کرێکارێکی زەحمەتکێش و پاشان پێشمەرگە و فەرماندەیەکی نەخوێندەواری تا سەر ئێسقان کورد بوو. لەوانەی دواتر بە هەراوی تێکەڵ بە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستان بوون و لە پێناو سەرخستنی خەباتی نەتەوەکەیاندا، دەریایەک خوێنیان دا بێ ئەوەی چاوەڕوانی نان و ناوێک لە خەباتەکەیان بکەن. کاپیتان محەممەدی مەولوودی لەو کەسانە بوو کە بەو پەڕی سەداقەت و لە خۆبوردوییەوە لە خزمەت بە کۆماردا، دژ بە دوژمن "دواڕۆژ و مواڕۆژی تێدا نەهێشتەوە". لەوانەی کە تا ئێستا کەمتر خزمەتەکانیان دیتراوە و لە دواڕۆژی خەباتدا کەمتر خوێندراونەتەوە.

بەشێکی دیکەی گێڕانەوەکانی کاپیتان، بۆ سەردەمی ڕووخان و دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و ئاوارە بوونی ئەو و تێکۆشەرانی دیکە دەگەڕێتەوە. ئەگەر لە ژان و ئازارەکانی هەڵاتن و ئاوارەیی بگەڕێین، فیداکاری و لەخۆبوردوویی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ ڕزگار کردن و داڵدەدانی تێکۆشەرانی کۆماری کوردستان لە زمان نووسەرەوە مچوڕک بە لەشی خوێنەردا دێنێ و شانازیی کوردبوون بە خوێنەری کورد دەبەخشێ. تەنانەت شێخەکان کە پێشتر حەمە لە دیوی کوێستان بە دەستیانەوە دەیناڵاند، لە دیوی گەرمێن بۆی دەبن بە پشت و پەنا و ئامادەن لە سەر ئەو ململانێ لە گەڵ دەسەڵاتە داگیرکەرەکان بکەن و مریدان و نیزیکانی خۆیانی بۆ فیدا بکەن.

کوردبوون خاوەنی چەندان تایبەتمەندییە کە ئەگەر کاک وریا نێوەنێوە خەتە خوار و خێچەکەی کاپیتانی دانەنابا و بەردەوام وەبیری نەهێناباوە، خوێنەر هەستی نەدەکرد نووسینی کەسێکی کەم خوێندەوار و کەم ئەزموون لە نووسیندا دەخوێنێتەوە. کاپیتان لە گێڕانەوەدا خاوەن زمانێکی ڕەندانە و تایبەتە؛ "هەڵیهێنام و وەبەر ماچانی دام"، "لە پڵاو و گۆشتیان گرتم"، "هێلکەو ڕۆنم خوارد و چایەکیشم بەسەردا کرد"، "یەکترمان وەبەر ماچان دا"، "یەکترمان بە خۆوە گوشی"، "ملمان دەبەر ملی قسان نا"، "ئامبازم بوو و دەئامێزی گرتم". بە خوێندنەوەی کوردبوون گەلێک وشەی کەمتر لە بیر ماوی وەک زنج، قارەوانە، جامین، بادەوە، هۆمەن، گرژاڵ و... وەبیر هێنراونەتەوە و زیندوو کراونەوە. ناوی زۆر شوێنی وەک باغی حەسەنخان، مێشەی کوردان، باغی ساوا (پەڕاوێز)و.. کە لە گۆرانیاندا تۆمار کراون و لە یاداندا نەماون لە کوردبووندا تۆمار کراونەتەوە و وەبیر هێنراونەتەوە. تەنانەت لە گێڕانەوەشدا تووشی شێوازێکی شیرین و کەمتر دەکارهاتوو دەبین. زۆر جار زەمانی گێڕانەوەی ڕووداو دە ناو ڕووداودا بۆ زەمانی حاڵ دەگۆڕێ. ئەو شێوە گێڕانەوەیە ئەگەرچی لە زمان بە ساڵاچووانی ناوچەکەوە دەبیسترێ بەڵام لە نووسین‌دا کەمتر باو بووە؛ "... (زڕدایکم) وەسەر پلیکانان دەکەوێ و منیش بە دووی دا. بۆ چما هەر دوو مەنجەڵان لەو حەوایەی ڕا بە سەرمدا نادا! لەو سەرەی ڕا خوللۆر دەبمەوە خوارێ و دەمرم و گیانم دەبەردا نامێنێ.." سەرەتا کە دەستم بە خوێندنەوە کرد و تووشی ئەو حاڵەتە هاتم، هەستم بە قۆرتێک لە خوێندنەوەدا کرد. لە دڵی خۆمدا گلەییم لە بەڕێز وریا ماملێ کرد کە بۆچی ئەو شێوە گێڕانەوەیەی نەگۆڕیوە و نووسینەکەی ڕەوان نەکردووە بەڵام کە زیاتر دەنێوە چووم و لێی ڕاهاتم، هەستم کرد ئەو شێوەیە چێژێکی زۆر خۆش و تایبەتی بە گێڕانەوەکان داوە.

سەرجەم بەشەکانی کوردبوون و یەک بە یەکی بەسەرهات و ڕووداوەکان لە زمان کاپیتانەوە بۆ ئەوە دەبن هەڵوێستەیان لە سەر بکرێ و لە سەریان بنووسرێ. ژیانی کاپیتان پڕاوپڕە لە خەبات و ئازایەتی. ئەگەر لەوە زیاتر خوێندەوار با یان دەست بە قەڵەمێکی بە توانا و دڵسۆزی بە دەورەوە با، بەسەرهاتی حەمەدی مەولوودی ئێمە زۆر لە حەمەدۆکی یاشار کەماڵ ئەستووتر و سەرنجڕاکێشتر دەبوو. سەرەڕای فەوتانی بەشێکی گرینگ و بەرچاوی دەسنووسەکان، کتێبەکە پڕە لە گێڕانەوەی ڕووداوی سەرنجڕاکێش و زیاتریش تراژیک و خەمهێنەر. بەڵام تراژێدیترین بەشی کوردبوون ئەو بەیانییەیە کە دەسەڵاتی پاشایەتی لە تاران ڕووخاوە، کوردستان کەوتۆتەوە دەست هێزی پێشمەرگە، کاپیتان بلیتی فڕۆکەی بڕیوە، بۆینباخی بەستووە و لە خۆشی گەڕانەوەی بۆ کوردستان، لە چاوەڕوانیی هاتنی کچەکەیدا کە قەرارە بە دوایدا بێ و بیبا بۆ فڕۆکەخانە، لە سەر مۆبڵەکەی دڵی تۆقیوە. لەوێ، دوای خوێندنەوەی ئەو هەموو کارەسات و بەسەرهاتە لە پێناو کوردبووندا، خوێنەر بە لە دەستدانی یەک لە شەیداترینەکانی کوردستان دڵی توند دەبێ و داخ و مخابن بۆ گۆڕغەریب بوونی ئەو خەباتکارە لە هەناویدا پنگ دەخواتەوە. خەباتکارێکی دڵسۆز کە شایانی ئەوەیە لە گۆڕەپانێکی شارەکەیدا پەیکەری بۆ بڕازێندرێتەوە تا لە گوێن نووسراوی سەر کێلەکەی، ناوی "محەممەدی مەولوودی کورد" بۆ هەتاهەتایە لە یاد و هزری شارەکەی و وڵاتەکەیدا بمێنێتەوە.

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...