ژمارە ٥٧ی گۆڤاری ژنان - گۆڤاری یەکێتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، پووشپەڕی ١٤٠١،
کۆمەڵێک بابەتی دە خۆ گرتووە کە سەرنجراکێشن بەڵام لە نێویاندا، داوێنی لاپەڕەی ٤٢
بە تایبەتی سەرنجی منی ڕاکێشا؛ "ژنان"یش هەواڵی کۆچی دوایی عەزیز گەردی،
نووسەر و وەرگێڕی بە توانای کوردی بڵاو کردۆتەوە و ڕێزی گرتووە. ئەوەش جێگای
دەستخۆشییە کە ژنانی کورد ئەمەگناسی تێکۆشانە ئەدەبیەکانی عەزیز گەردی بن. هاوکات
بۆ گۆڤارێکی تایبەت بە ژنان، هەم ئاسایییە و هەمیش چاوەڕوانکراوە کە بابەتەکانی
لە دەلاقەی ژنایەتی و لە گۆشە نیگای مافەکانی ژنانەوە هەڵبژێرێ. ئەوەش لە یادکردنی
مامۆستا عەزیز گەردیدا بە ئاسانی دەلوێ. ئاخر مامۆستا جگە لە توانا ئەدەبیەکەی،
مرۆڤانە دەینووسی و لە پێناو کوردایەتی و مرۆڤایەتیشدا وەریدەگێڕا. یەک لەو
بوارانەش گرینگیدانی بە ژن و بە ئەدەبی ژنان بوو. لە کارەکانی ئەو بوارەی لانیکەم
ئەو سێ بەرهەمەی خوارەوە شیاوی ئەوە بوون کە گۆڤارێکی ژنانەی کوردی وەبیر
خوێنەرانی خۆی بێنێتەوە:
· ژیانی ئافرەتی کورد - هێنی هارۆڵد هانسن
· ئافرەتی کوردی لە تورکیا - لوسی گارنێت
· یەزداندوخت ، خانمی خانەدانی هەولێری
بەڵام جگە لەوانە، عەزیز گەردی وەرگێڕێکی شێلگیری بەرهەمەکانی «ئۆریانا
فالاچی»، ژنە نووسەری بە ناوبانگی ئیتالیایی بوو. فالاچی نووسەرێکی چەپگەرا و
خەباتکارێکی یەکسانیخواز بوو کە زۆربەی بەرهەمەکانی لە پێناو یەکسانیی کۆمەڵگا و
بەرابەریی مافەکانی نێوان ژن و پیاودا نووسی. ئەو هەشت بەرهەمەی خوارەوەی فالاچی
کە بەشی زۆری کتێبەکانیەتی، لە لایەن عەزیز گەردیەوە وەرگێڕدرانە سەر زمانی کوردی؛
·
پەنەلۆپە لە جەنگدا
·
پیاوێک
·
حەفت گفتوگۆ
·
ژیان و جەنگ و ھیچی تر…
·
گفتگۆ لەگەڵ مێژوودا
·
نامەیەک بۆ ئەو کۆرپەلە
نێرینەی کە ھەرگیز لەدایک نەبوو
·
ئەگەر خۆر بمرێت
عەزیز گەردی ئەگەرچی لە
ماوەی تەمەنیدا لە گەڵ هیچ ئافرەتێک ژیانی هاوبەشی پێکنەهێنا و بە زگورتی سەری
نایەوە بەڵام چاوخشاندنێک بە سەر ئەو بەرهەمانە و سەرجەم بەرهەمەکانی دیکەیدا
نیشانمان دەدا کە دەستەبەربوونی مافی وەک یەکی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا دەغدەغەی بەردەوام
و یەکسانیخوازی هەمیشە یەک لە بنەما هزری و ئیخلاقیەکانی ئەو ئینسانە مەزنە بوو.
ڕەنگە جوانترین ناساندنی لەم بوارەدا، لە دووتوێی شێعرەکەی «فەرهاد پیرباڵ» بۆ
عەزیز گەردیدا خۆی بنوێنێ کە کاتی خۆی گوتی:
بۆ عەزیز گەردی
-
بەرەو کوێ دەڕۆی بە بێ بۆنی ژن
و دەنگی ژن و تامی ژن... عەزیز گەردی؟
- ئەدی تۆ
بەرەو کوێ دەڕۆی فەرهاد پیرباڵ؟
بە خۆت و ژنەکەت و... پێنج منداڵ بە دوواتەوە؟
- من دەچمە
گۆڕستان، سەرێک لە قەبری باوکم دەدەین
لەوێشەوە دەچین فاتیحەیەک لەسەر گۆڕی داپیرم دەخوێنین.
دەی؛ بەرەو کوێ دەڕۆی، عەزیز گەردی؟
- من بەرەو
بەرزاییەکانی "وێزیرینگ"ی ئەمیلی برۆنتێ دەچم
لەوێ لەناو باخچەکەی "مارگرێت دووراس"
ژووانێکی عاشقانەم لەگەڵ "کلیۆپاترا" هەیە
لەوێشەوە لەسەر رێگەی خۆم
دەچم لە ماڵی "فروغی فەروخزاد"
پێکەوە شەرابێک لەگەڵ "غادە السمان" دەخۆمەوە
شەویش دەچمەوە ماڵی "جۆرج مەنسووڕ"
تا بەیانی لە باوەشی "ژنەکەی ناپلیۆن" بۆ خۆم، راحەت
تێر تێر دەنووم.