۳/۲۱/۱۴۰۱

وەرگێڕانەوەی شێعرێکی لەتیف هەڵمەت

لەتیف هەڵمەت - شێرکۆ بێکەس - قوبادی جەلیزاد

دەیەی شەستی هەتاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوی شێعر بوو. بە تایبەت دوای دەرچوونی سروە، بازاڕی شێعری نوێ بە برەوە کەوتبوو و لە گەڵ شێعری کلاسیکدا ملەی دەکرد. لە ڕۆژهەڵات سێ کوچکەیەکی شێعری نوێ بریتی لە سوارە، چاوە و هاوار هەبوون بەڵام بە هۆی سیاسی، کەمی و تا ڕادەیەک گرانیی شێعریان، زۆر پەرەگرتوو نەبوون. بەڵام بازاڕی شێعری شاعیرانی دیوی گەرمێن بە ڕمێنتر بوو. بە تایبەت سێ کوچکەیەک لە عەبدوڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەت. شێعری پەشێو زیاتر پێشوازیی لێ دەکرا. سادە بوون. "دوانزە وانە بۆ مناڵان"، "شەونامەی شاعیرێکی تینوو" و دواتر "شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم" لە قەوارەی بچووک و گیرفانیدا چاپ کرابوون و بە ئاشکرا و بە نهێنی دەستاودەستیان دەکرد. ئەوانە خۆشەویستی خوێندەواران و ئەدەبدۆستان بوو. شێرکۆ لە پلەی دووهەمدا بوو. "تریفەی هەڵبەست"ەکەی زۆر لە دڵ نەدەنیشت بەڵام بەشێکی زۆر لە "ئاوێنە بچکۆڵەکان"ی بە دەنگی خۆی و بە موسیقایەکی خۆش تۆمار کردبوو و بە کاسێت دەستاودەستی دەکرد. لە سروەشدا شێعری چاپ دەبوو و تینوێتی دەشکاند. جار و بار لە ڕۆژنامە و گۆڤارە فارسییەکانیشدا وەرگێڕدراوی شێعرەکانی بڵاو دەبوونەوە. لەو نێوەدا لەتیف هەڵمەت پتر ناوی هەبوو و شێعرەکانی کەمتر دیار بوون. ڕەنگە بەو هۆیە کە حیزبی لە پشت نەبوو یان ئەوە کە نەهاتبووە دەرەوەو هەر لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدا مابۆوە. بەڵام هێندێک جار تەرجەمەی فارسیی شێعرەکانی لەتیفیش لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئێراندا سەریان دەردەهێنا. جارێکیان چەند کورتیلە شێعری ئەو، بە درووستی لە بیرم نییە لە بەشی ئەدەبیی کام ڕۆژنامە یان لە گۆڤاری ئەدەبیدا چاپ و بڵاو کرابوونەوە. خوێندکارانی یەکێک لە دەبیرستانەکانی مەهاباد هیندە تامەزرۆی شێعرەکانی بوون و هیچیان دەست نەکەوتبوو، بۆخۆیان ئەو شێعرانە یان لانیکەم یەک لەو شێعرە وەرگێڕدراوانەیان وەرگێڕابۆوە؛

با ڕەشەباکان ڕاوەستن

نێرگزێک دەیهەوێ بڕوێ

با تفەنگەکان بێدەنگ بن

مناڵێک دەیهەوێ بنوێ

با شەهەنشاکان گوێ بگرن

 شاعیرێک دەیهەوێ بدوێ

ڕەنگە تەرتیبی بەیتەکان بڕێک فەرقیان هەبێ بەڵام چ لە ناوەرۆکی شێعرەکە بەو قەوارەیە ناگۆڕێ. من زۆر زوو شێعرەکەم لە زمان کاکمەوە* لە بەر کرد. ڕەنگە هەر ئەو کات پێی گوتم کە لە گەڵ هاوپۆلەکانی لە فارسیەوە کردوویانەتەوە بە کوردی بەڵام ئەوەندە جوان و ڕەوان بوو کە بۆ ئەوە نەدەبوو دڵاودڵی لێ بکەم و پێمبە ئەسڵەکەی نەبێ. لە بیرمە لە شێعرێکیشدا کە دواتر نووسیم، کەلکم لەو تەعبیرانە وەرگرتبوو؛

...گیانی گیان! کاتێ دێمەوە

"کە ڕەشەباکان دەخەون

نێرگزەکان دەڕوێنەوە" 

ئەوسا ئیدی 

تفەنگەکەم هەڵداوەسم

چیڕۆکت بۆ دەخوێنمەوە

لە کتێبخانەکەی ناو شۆڕش 

کتێبێکت بۆ دێنمەوە

پڕ بێ لە وشەی کوردی و جوان

گەر بێمەوە.. 

 

ئەم ڕۆژانە بە هەڵکەوت بە سەر شێعری کەرکووکی لەتیف هەڵمەتدا کەوتم؛

جاران هەموو ڕێگاکان دەچوون بۆ :

بانە

ئێستا گشت ڕێگاکان  دەڕۆن

بۆماڵی مامە ڕیشە لە :

کەرکووک...١

 شێعرەکە بە لامەوە سەرنج ڕاکێش بوو و لە گروپێکی مەجازیی خزماندا دامنا. لەوەوە باسی شێعری لەتیف هەڵمەت دامەزرا. کاکم وەرگێڕدراوی شێعرە وەرگێڕدراوەکەی گێڕایەوە. من تا ئەو کات پێم وا بوو ئەسڵی شێعرەکە هەر ئەوەیە و وەرگێڕدراو نییە. لە ئینترنێتدا بۆی گەڕام و دیتم غەیری ئەوە هیچ نوسخەیەکی دیکەش لە شێعرەکە لە ئارادا نییە. بەڵام کاکم تەسلیمی بۆچوونەکەم نەبوو. بۆخۆم کاتم نەبوو بە دوایدا بگەڕێم و ناچار فایلی دیوانە پتر لە ١٤٠٠ لاپەڕەییەکەی لەتیف هەڵمەتم بۆ دانا. ئەویش وێنەی دەقی شێعرەکەی دۆزیەوە کە لە ژێر ناوی "دەنگ" لە دیوانەکەدا بڵاو کراوەتەوە؛

با ڕەشەبا

فڕێ بدا

تەوری ژەنگن

نێرگزێک دەیەوێ بڕوێ

تفەنگەکان با بێدەنگ بن

مناڵێک دەیەوێ بنوێ

چی قەیسەر و پاشا هەیە

با گوێ بگرن

شاعیرێک دەیەوێ بدوێ:

...

سەرنجڕاکێش بوو کە ئەوان توانیبوویان تا ئەو ڕادەیە نیزیک لە دەقە ئەسڵیەکە شێعرەکە بگەڕێننەوە سەر زمانی کوردی. کاکە سمایل** دەیگوت "وەرگێڕاوی فارسیەکەم لە شێعرە ئەسڵیەکەی لەتیف هەڵمەت پێ جوانترە" و پێیوابوو "ئەسڵی قافیەکەشتان ئیتیفاقی دیوەتەوە".

لە گەڕان بە دوای وەرگێڕدراوی فارسیی شێعرەکە، توانیم دوو تەرجەمەی جیاوازی لێ ببینمەوە. یەکەمیان لە لایەن "ڕەزا کەریم مجاور" بەو جۆرەی خوارەوە تەرجەمە کراوە:

به پادشاهان بگویید ساکت؛

شاعری می‌خواهد سخن بگوید

به گردبادها بگویید

آرام بگیرند؛

نرگسی می‌خواهد بروید

به گلوله‌ها بگویید خاموش

کودکی می‌خواهد بخوابد

ڕەنگە هەر ئەوە ئەو وەرگێڕدراوە بێ کە وەریانگێڕابۆوە سەر کوردی. دیارە لە دەقی سەرەکیی شێعرەکەدا بەو جۆرەی لە دیوانەکەدا چاپ کراوە، بەشێکی کۆتاییش هەیە؛

ئەوەی نەتوانێ ببێ

بە گوڵ بۆ پەرچەمی کچێ

ناتوانێ ببێ بە دڕك

بە پێی زۆرداراندا بچێ

ئەو بەشە کە بە دوای ڕستەی "شاعیرێک دەیهەوێ بدوێ"دا هاتووە، بانگەوازی شاعیرە کە دەخوازێ پاشاکانیش وەک زۆردارترینی مرۆڤەکان گوێی لێ بگرن. شاعیر لەو بەشەدا گەرەکیەتی پردێک لە نێوان خۆشەویستی و خەباتدا هەڵبەستێ. شتێک وەک ئەو پێوەندیەی کە عارفان لە نێوان ئەوینی مەجازی و حەقیقیدا هەڵیدەبەستن. 

ئەو بەشە لە وەرگێڕدراوی وەرگێڕانەکەدا نەبوو. هەروەها لەو نوسخانەشدا کە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی سەر تۆڕی ئینترنێت بڵاو بوونەتەوە. ئەگەر شاعیر دواتر لێی زیاد نەکردبێ، ئەوە وەک لەو وەرگێڕدراوەی سەرەوەشدا نییە، بە گومانی بە هێز بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەرگێڕی فارسی خۆی لە وەرگێڕانی پاراستووە. ئەویش بەو هۆیە کە لەوێدا ناوی "کچ" هاتووە. وشەی "دوختەر"، لە ئەدەبیاتی فارسیدا وشەیەکی زۆر باو و دەستەمۆ نییە. بەڵام لەوە زیاتر لە ئەدەبیاتی ژێر دەستی کۆماری ئیسلامیدا هێنانی وشەی کچ لە شێعردا دەچێتە خانەی مونکیراتەوە و ڕەنگە لە بەر ئەوە وەرگێڕ لە خێری وەرگێڕانی ئەو بەشە خۆش بووبێ. لە نوسخەیەکی دیکەی وەرگێڕدراوی شێعرەکەشدا کچ بە مەعشوق تەرجەمە کراوە کە کۆی ئەو تەرجەمەیەش ئاوایە:

اعلامیه

طوفان ها

تبر های زنگ زده شان را بر زمین می اندازند!

(نرگسی می خواهد بروید)

تفنگ ها همه خاموش!

(کودکی می خواهد بخوابد)

دیکتاتورها سراپا گوش!

(شاعری می خواهد شعر بخواند)

آنکه نمی تواند

گلی بر گیسوان معشوقش باشد

هرگز نمی تواند

خاری شود در پای ستمکاران٢

لە کۆتاییدا دەقی سەرەکیی شێعرەکە دادەنێم کە لە دیوانەکەی لەتیف هەڵمەتدا چاپ کراوە تا هەم یادێکم لەو شاعیرە بەونابگەی کوردستان و ئەو شێعرە بەرزەی کردبێ و هەم لە سەردەمی لاویی خۆم و خۆشەویستیم بۆ شێعر و وشەی کوردی:

دەنگ

با ڕەشەبا

فڕێ بدا

تەوری ژەنگن

نێرگزێک دەیەوێ بڕوێ

تفەنگەکان با بێدەنگ بن

مناڵێک دەیەوێ بنوێ

چی قەیسەر و پاشا هەیە

با گوێ بگرن

شاعیرێک دەیەوێ بدوێ:

ئەوەی نەتوانێ ببێ

بە گوڵ بۆ پەرچەمی کچێ

ناتوانێ ببێ بە دڕك

بە پێی زۆرداراندا بچێ٣

------------------------------------------

* ناسر قاسمی

** سمایل قاسمی

١- لە سەر تۆڕی فەیسبووک

٢- ترجمه ی فریاد شیری

٣- دیوانی لەتیف هەڵمەت

بابەتی نوێ:

دا - خودا

  لێکۆڵینەوە لە مێژووی کەوناری کوردستان و باوەڕ و ئایینی کۆنی کورد، بۆمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەم گەلەش وەک  زۆرێک لە  گەلانی دیکە، لە کۆندا...