۴/۰۴/۱۴۰۱

چەند کورتیلە شێعری ئەویندارانەی مەحموود دەروێش

 

جاری وایە دە خۆماندا گۆڕستانێکمان گەرەکە

بۆ ئەو شتانەی کە لە ناخماندا دەمرێن

*******

 

ژیان دەیهەوێ من لە بیرت کەم

بەڵام لە شتی وا ناگا دڵەکەم

*******


ئەوەی ئەوین لە دڵیدا نەکا هێلانە

لە هاتنی وەرزی زستان نیگەرانە

                               *******

ئێمە گەلێک ساڵ

خەممان لە کۆڵ نا و

بەیان نەئەنگووت

                               *******


کەمێک لە تۆ

گەلێکە لە هەموو شت

*******


بۆ سەلماندنی ئەوینم

چوار شاهیدم لە گەڵدایە؛

ترپەی دڵ

لەرزەی گیان

سیسیی جەستە

گرێی زمان

لە حاڵێکدا دادگا دوو شاهیدی بەسە

بۆ سەلماندنی یەک تاوان

*******


ئێمەش بزە دەکەوێتەوە سەر لێومان

دەستی گرتم و

بە سرتە دە گوێی چرپاندم

لەو ڕۆژەدا سێ وشە بوون بە ئازیزترین سامان؛

بەس تا سبەی

*******

چاوەکانت گوێزانێکن لە ناو دڵدا

ئازارم دەدەن و

دەشیانپەرەستم

*******


بێجگە لە وردبوونەوە لە چرچ و لۆچیی زرێبار

هیچم بۆ نەماوەتەوە

سبەینێم لێ بستێنە و دوێنێم بدەوە

لێگەڕێ با پێکەوە بین

*******

نەبوون تۆ دەکوژێ

بەڵام من بەو بوونە دەمرم

کە وەک نەبوون بێ گیانەو سارد

*******

وتی:

ماڵەکان لە نەبوونی دانیشتوانیاندا دەمرن

پاشان ئاماژەی بە دڵی خۆی کرد

*******

گەواهی دەدەم کە ئەوین

وەک مردنە

وەختێ دێ چاوەڕوانی نین

*******

سێ شت هیچکات تەواو نابن

تۆ

ئەوین

مردن

*******

هەموو ڕێگاکان دەگەنەوە تۆ

ئەو ڕێیەش کە بۆ

بیرچوونەوەی تۆ

گرتبوومە بەر خۆ

*******

زستانی تۆ قەت نامکوژێ

هەزار هاوین لە خەیاڵی مندا دەژێ

*******

دەستەکانتم پێ بسپێرە

دڵی خۆمیان پێ ڕابگرم

*******

لە شانسی خراپم لە بیرم چووبوو

شەو چەند درێژە

لە شانسی باشت تا بەربەیانی

بە یادی تۆ بووم

*******

ناوونیشانی تۆیان لێ پرسیم

زمانم گیرا

ڕێگام لە بیر چوو

هەموو دارەکان ئادرەسی تۆ بوون

هەموو بەردەکان هەر باسی تۆ بوون

هیچ کوێی ئەم هەردەم نەهاتەوە بیر

لە لای تۆ بووبم

هەر تەنها دەبوو کێو و دەریاکان بەوان نیشان دەم

کات تەواو نابێ

تۆ لەو کاتەدا لە بیر چوویەوە

کە من هەر نەبووم

ئەوان ئادرەسی تۆ دەدۆزنەوە

خۆت دوور مەکەوە

ئاسمان جێگای ئەویندارانە

*******

تۆ هی من نیت

بەڵام من تۆم خۆشدەوێ

هێشتا هەر تۆم خۆشدەوێ

دڵتەنگیتە وا دەمکوژێ

*******

من ئەو ئەویندارە بێ بەختەم

نە دەتوانم بۆ لای تۆ بێم

نە بەرەو خۆم بێمە دواوە

دوای تۆ دڵم

لە دژم سەریهەڵداوە

*******

 

لە دڵتەنگیدا دەمرین

لە ناو ئاگردا دەمرین

لە ژێر سێدارەدا دەمرین

بە گەرووی ژێر چەقۆ دەمرین

بەڵام ناڵێم

سەردەمی کۆتایی ئەوینی من و تۆ گەیشتووە

رێگای مەرگ بەرەو ئەوینمان بەستووە

*******

ڕۆژێک گوتمان

تەنیا مردن لێکمان جیا دەکاتەوە

ئەو درەنگ کەوت

ئێمە لێکتر جیا بووینەوە

*******

شەهیدی ئەوین

 

هۆزەکەم بۆ تۆ بە جێ هێشت

شارەکەم

دایک و باوکم

ئەوەی هەمبوو یان نەمبوو

ئێستا ئیدی
من شەهیدم

کەسێ کە لە پێناو تۆدا هیچی نییەو

لە پێناو تۆ دا هەموو شتی هەیە

تەنانەت مردن

*******

تۆ ئاگات لێ نەبوو

من بە نهێنی هاتمەوە

هەموو نیشانەکانی تۆم ماچ کرد

لە سەر جێپێکانت گوڵی سووتاوم دانا

لە پەنا ژوورەکەت مۆمێکم داگیرساند و

بۆ تاهەتایی گەڕامەوە

تۆ ئاگات لەو سەفەرانە نییە

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...