تاوێ لە گەڵم دانیشە
با پێکەوە
بە سەر نەخشەی جوگرافیای ئەوینماندا
بچینەوە
لام دانیشتە با بزانین
سنووری چاوەکانی تۆ و
کەوشەنی خەم و کوڵی من
لە کوێ لێک دەگەڕێنەوە
تاوێ لە گەڵم دانیشە
تا سەبارەت بە جۆری خۆشەویستیمان
لە گەڵ یەکتر ساغ بینەوە
***
لێم مەپرسە کە چۆنم من
گەر بە ڕاستی خۆشت دەوێم
بزانە پەنجەم چ دەڵێن
***
ئەوین واتە کارم بە جوگرافی
نەبێ
تۆ ش چت لە مێژوو نەدابێ
تۆ بە دەنگی من بدوێیت و
بە چاوانی من ببینی و
جیهان بە پەنجەکانی من لە دەستتا بێ
***
گشت گوڵانم
لە باغی تۆوە لێکراوە
هەر مەیێ کە بینۆشم
لە ڕەزی تۆوە گیراوە
هەموو ئەنگوستیلەکانم
لە کانە زێڕی تۆ هەڵێنجراوە
گشتە بەرهەمە شێعریەکانیشم
واژۆی تۆیان بە سەرەوە
***
خۆشم دەوێی
دەترسم رۆژێک ڕابرێ و
جەستەی ژینمت نەلەرزاندبێ
لە شێعرمدا شۆڕشت هەڵنەگیرساندبێ و
وشەکانمت گڕ نەدابێ
خۆشم دەوێی
دەترسم تاوێ تێپەڕێ و
دەستم بە سەر ئاوریشمی دەستەکانتدا نەهێنابێ
وەکوو کۆترێک
لە سەر گومبەزت نەنیشتبم
لە تریفەتدا نەخووسابم
قسەت شێعرە
بێدەنگیت شێعر و
خۆشەویستیت
بروسکەیەک لە ڕەگمدا
وەک چارەنووسی هەڵوەدا
***
لە قاوەخانە بە خۆم گوت:
ئیدی لە ئەمڕۆ بە دواوە
یادت لە دڵ دەرداوێژم
ئەو هەموو خەمە زۆرانە
لە ناو دڵما دەشۆمەوەو
یادت لە گۆڕدا دەنێژم
دەبێ تاڵی، بە تاڵاوی قاوە بڕێژم
کەچی یادت
وەکوو تازە گوڵێکی جوان
دەرکەوتەوە لە ناو فینجان
***
ئەو کاتەی تۆ بە جلی نوێوە
بۆ دیتنم دێی
من خۆشی ئەو باخەوانەم لێ ڕووداوە
کە گوڵێکی نوێ
لە باخچەکەیدا ڕواوە
***
تۆ ئەو دوایین وڵاتەی کە
ماویتەوە لە جوگرافیای ئازادی
تۆ ئەو دوایین نیشتمانەی
دەمپارێژێ
لە مەترسی، لە برسێتی
تۆ
دوا گوڵەگەنم و
دوایین مانگ و
دوایین کۆتر و
دوایین هەوری
دوا گوڵی کە بۆنم کردی
دوا کتێبی کە خوێندمیەوەو
دوا وشەی تۆمارم کردی
***
ژن ئەگەر خۆشی بوێی
بۆ وڵامی بانگهێشتی تۆ
ئامادەیە لە پاریسەوە بێتە شام
قاوەیەکت لە گەڵ وەخوا
گەر دەرگای دڵیشی داخا
یەکجار لەوە ماندووترە
کڵۆی قەندت لە گەڵ بخوا
***
خۆ من ناتوانم قەت بێلایەن بم
نە لە حاند ژنێک کە دەموروژنێنێ
نە لە حاند شێعرێک کە دەمهەژێنێ
نە لە بۆی عەترێک کە دەملەرزێنێ
بێلایەنی قەت واتای نامێنێ
وەکوو باڵندە گەنم ببینێ
***
گشت چەکەکان
چ کۆن چ نۆ
هەمووم هێنا بۆ بەرەکانی شەڕی تۆ
تیر و کەوان
خەنجەری دەبان
ڕەمبی کەرگەدەن
هاژەکی قاڕەپێو
تەنانەت نینۆکەکانیشم
تا تێک بشکێنم شکۆی تۆ
کاتێ سوار و پیادەم شکان
زرێم بە عەرزی دادا تا بگریەم...
پلانەکانم هەموو بە بڵقی سەر ئاو بوون
گشت نهێنیم بە بادا چوون
پیاوە ئازاکانم
ڕوویان لە من وەرگێڕاوە
وا پەنایان بۆ چاوی ڕەشت هێناوە
***
تۆ
لە سەر کاغەزە سپیەکە ڕادەکشێیت و
لە ناو کتێبەکانمدا دەخەویت و
نووسینەکانم ڕێکدەخەی
پیتەکانم بۆ دەچنی و
هەڵەکانم بۆ لادەبەی
سا ئیتر چۆن
بڵێم بە خەڵک
من شاعیرم
لە حاڵێکدا ئەتۆی دەیڵێی
***
دوای من
ئەگەر کەسێ ماچت بکا
لە سەر لێوت
تووشی ڕەز و باخێک دەبێ
من ناشتوومە
***
لە نێوان دوو وەرزی هاوین و زستان
وەرزێک هەیە
من ناوم لێ ناوە گریان
وەرزێک کە لەودا گیان
یەکجار نیزیکە لە ئاسمان
***
نە لە بەفر دەترسێم و نە لە سەرما
بەڵام لەم تەنیایی قورس و نامۆ
بیانوویەکم بۆ گەرمبوونەوە پێ نییە
بێجگە لە خۆشەویستی تۆ
***
دەبێ یەکێ بدۆزمەوە
خۆشی بوێم
تا ئاستێ کە لەم شەوە ناخۆشانەدا
باوەشی بۆ من و دنیایەک ماندوویی بکاتەوە
هیچ نەڵێ...
هیچ نەپرسێ...
***
دوورگەیەکە ئەوینی تۆ
دەستی خەیاڵیش پێی ناگا
خەونێکە لێکنادرێتەوە
بە ڕاستی ئەم ئەوینەی تۆ
گوڵە یان خەنجەر؟
یا شەمی ڕووناککەر؟
یان تۆفانی ڕووخێنەر؟
یان ویستی لە شکان نەهاتووی خوای سووڕێنەر؟
هەموو ئەوەی کە دەیزانم
ئەوەندەیە
تۆ ئەوینی منی و
ئەو کەسەش کە ئەویندارتە
بیر لە هیچ شت ناکاتەوە
***