۹/۱۶/۱۴۰۳

شێخی ڕێبازی "عیشق و ئازادی"

لەم ڕۆژانەدا کە خەریکی لێکۆڵینەوە لە بەرهەم و بەسەرهاتی کەسایەتیی تێکۆشەری کەمتر باسکراوی کورد مەلا ئەحمەدی فەوزی بووم و لەو سۆنگەیەدا دیوانی شێعرەکانی شێخ ئەحمەدی فەوزیم وەرد دایەوە کە لە کۆتایی کتێبەکەدا چەند وێنەی بنەماڵەی شێخ ئەحمەدی فەوزی و لە نێویشیاندا وێنەی نازەنین، کچی شاعیر کە دواتر بوو بە هاوسەری شێخ شەهابی شێخ نووری سەرنجی ڕاکێشام. فەوزی مامی شێخ نووری شێخ ساڵح بوو کە بە یەکێک لە بناخەدانەرانی شێعری نوێی کوردی هەژمار دەکرێ. بەو پێیە نازەنین و شێخ شەهاب پێش ئەوەی هاوسەر بن، خزمی یەکتر بوون. 

زۆر پێشتر، لە مامۆستا مەلا محەممەدی شەڵماشی‌م بیستبوو کە مامۆستا هێمن شێعری "عیشق و ئازادی"ی بۆ ئەو دوو لاوە هاوسەر و ئەویندارە نووسیوە. مامۆستا ئەو بەسەرهاتەی لە چەند وتووێژی تلویزیۆنیدا گێڕایەوە؛ 

مامۆستا مەلا محەممەدی شەڵماشی
بەردی گورچیلەم هەبوو. دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو، مەلا ڕەحمانی کاژێیی نارد بۆ ماڵی ئێمە، گوتبووی حکومەتی عێراقێ لە ڕووسیا داوای چەند دکتۆرێکی جەڕڕاحی کردووە، یەکێک لەو دکتۆرە جەڕڕاحانە کە هاتووە بۆ عێراقێ، لە مقەڕی ئێمەیە، دوکتور سوڵتانی ئۆتەمیشی‌یە. دوکتور سوڵتانی ئۆتەمیشی یەکێک بووە لەو تەلەبانە کە پێشەوا قازی ناردوونی بۆ ڕووسیا بۆ خوێندن. بۆتە دوکتورێکی جەڕڕاحی باش. یەکێک لەو دوکتورانە کە عێراق داوای کردووە، ئەو بوو. ئەویش هاتبوو بۆ مقەڕی حیزبی دێموکرات. وەرە بۆ گورچیلەکەت باشە. کە چووم، مەلا ڕەسووڵی پێشنومازیش برینێکی لەبەری پێیان هاتبوو. ژوورێکیان بۆ ئێمە دانابوو. مقەڕی دوکتور قاسملوو لای "جسری موعەللەق" بوو. هەموو حیزبی دێموکرات لەوێ بوو. مامۆستا هێمن، حیسامی.. هەموویان. شەوێ نان خورا و دانیشتبووین، ژنێک هات. دەستی کرد بە گریانێ. زۆر گریا. ئەمنیش پێم ناخۆش بوو، گریانەکەی، تۆزێک دوور دانیشتم. کە ڕۆیشت ژنەکە، پرسیم؛ ئەو ژنە کێیە؟ بۆ هیندە گریا؟ وتیان ئەوە ژنی شێخ شەهابە. شێخ شەهاب ناوێک ئەمری ئیعدامی دەرچووە، ژنەکەی زانیویەتی کەریمی حیسامی لەگەڵ سەفارەتی ڕووسیا عەلاقەی هەیە، هاتبوو کەریمی حیسامی بچێ بە سەفارەتی ڕووسیا بڵێ ئیعدامی نەکەن (نەهێڵن ئیعدام بکرێ). مامۆستا هێمنیش ژووری نووستنی خۆی جیا بوو... بەیانی لەسەر نانخواردنێ، هات مامۆستا هێمن، گوتی ئەوشۆ ئەو قەسیدەیەم لەسەر ئەو ژنە داناوە؛

                    عیشق و ئازادی   

مامۆستا هێمن

ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کە وا ئەمشەو سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر
لە بادە ئەم ژەمە تێر کە منی تینووی جگەرسووتاو
بە چی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر!
ئەوەندە دەردەدار و بێپەرستارم کە پێم وایە:
لەسەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر
گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابوارد، ئاخۆ
مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر!
گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو ڕۆژێ، کەچی ڕوانیم:
لە پێشمدایە زەرد و ماهـ و سەخت و ئەستەمێکی تر
هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر
نەما «خانی» هەتا چیڕۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ
دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین «زین و مەم»ێکی تر
پەپوولەی خۆشەویستیی من لە شوێنێ ناگرێ ئارام
دەنیشێ و باڵی دەبزێوێ لەسەر سینە و مەمێکی تر
هەزار هێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم هێشتا
لەنێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر
هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر
کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی،
گوتم: یاخوا لەسەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر
شەوێکی چاوەنواڕت بووم، نەهاتی گیانەکەم، ویستت
منی دڵ ناسکی شاعیر بگێڕم ماتەمێکی تر
خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بە کانیی ژینێدا نووسێم
ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر
بە تۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر
بەهار و گوڵ، کچ و مانگەشەو، شیعری تەڕ و بادە 
لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر 

من هەر لە بنەڕەتدا ئۆگری هەڵدانی بۆنەی نووسینی شێعر - نەک شێعری بۆنەیی - م. "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"م لەو سۆنگەیەدا نووسی و لە کەشکۆڵی پێشمەرگایەتیشم‌دا بۆنەی نووسینی ئەو چەند شێعرەی خۆم باس کردووە کە لە کەشکۆڵەکەدا هاتوون. دەمێکیش بوو دامنابوو لەژێر تیشکی ئەو گێڕانەوەیەی مامۆستا شەڵماشی‌دا، باسێک لەسەر شێعری "عیشق و ئازادی" بنووسم. گێڕانەوەکەی مامۆستا تیشکی خستبووە سەر زۆر لایەنی شێعرەکە و لایەنە شاراوەکانی ڕوون کردبوونەوە. مخابن لەبەر کاری ڕۆژانە و سەرقاڵیم بە بابەتی دیکەوە، نووسینەکەم وەدوا دا تا ئەوەی بەداخەوە ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی مەرگی مامۆستا بڵاو بۆوە.

ئەگەرچی لەگەڵ مامۆستا لە یەک شاردا دەژیاین، بەڵام جیاوازیی تەمەن، نەبوونی ئاشنایەتیی پێشوەخت و سەرقاڵیی من بە کاری ڕۆژانە لە هێلسینکیی پێتەختی پڕ لە ڕاکەڕاکەی فەنلاند و نەبوونی بیانووی پێویست بۆ دیدار، بەختی ئەوەیان پێ نەدام لە جارێک زیاتر چاوم پێی بکەوێ و لە خزمەتیدا فێر بم. ئەو جارەش ساڵی ٢٠٠٨ بوو کە لە سۆنگەی کاری حیزبی و تەشریف هێنانی کاک مستەفای شەڵماشی‌ بۆ فەنلاند، توانیم بۆ ماوەیەکی کورت لە خزمەتیاندا بم. مامۆستام بە پیاوێکی بێ فیز، قسە خۆش و خاوەن بەحری زانست هاتە بەرچاو. لەبیرمە شێعرێکی زۆر تەڕ و بەچێژی مەلا حیسامەددینی عەمبار (بۆکان)ی بۆ خوێندینەوە کە نە لە شێعری مەلایەک دەچوو و نە چاوەڕوان دەکرا لە زاری مەلایەک ببیسرێ. مامۆستا گەلێک بەرهەمی بەنرخی ئایینی و ئەدەبی و مێژوویی لێ بەجێماوە کە لەم نووسینەدا دەرفەتی ناساندن و بەسەرکردنەوەیان نییە بەڵام سەرنج و گێڕانەوەی بۆنەی نووسینی شێعری عیشق و ئازادیی مامۆستا هێمن لەلایەن مامۆستا شەڵماشی‌یەوە کە دوای تێپەڕینی نیوسەدە بەسەر بۆنەی نووسرانی‌دا، هەروا لە سینگی خۆیدا پاراستبووی، بە لامەوە یارمەتییەکی زۆری بە ڕوونکردنەوەی لایەنەکانی ئەو شێعرە کرد.

ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر

کەوا ئەمشەو لە ناخمدا سەری هەڵدا خەمێکی تر

لە سۆنگەی گێڕانەوەکەی مامۆستا شەڵماشیدا ئێستا ئیدی دەزانین کە شاعیر لە درەنگانی چ تاریکە شەوێکدا شێعرەکەی نووسیوە. شەوێک کە خەمێکی تازەی بۆ شاعیر هێناوە. خەمی داد و هاواری ئەو کچە کوردەی کە بۆ ڕزگاریی هاوسەرە شۆڕشگێڕە خۆشەویستەکەی تەنانەت پەنای بۆ پەلەپووشێک هێناوە. ئاخر حیزبی دێموکرات بۆخۆی لەو سەردەمدا لە حەوت ئاسمانان ئەستێرەیەکی شک نەدەبرد تا بچێ هەوڵی ڕزگارکردنی گیانی تێکۆشەرێکی کورد لەژێر داری ئیعدام و لە زیندانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری خانەخوێدا بدا. لەم نێوەدا ڕەنگە هێمن بۆ ڕزگاریی ئەو لاوە تێکۆشەرەی کورد لە پەتی ئێعدام، لە هەموان دەستەوەستان‌تر و کار لەدەست نەهاتووتر هاتبێتە بەر چاو. بەڵام ئەوەی لەدەستی دێ، دەیکا و ئەوەش کە کردی لە کاری هەمووان هەرمانترە. مانەوەیەک کە بێگومان قەرزداری پاراستن و گێڕانەوەکەی مامۆستا محەممەدی شەڵماشی‌یە. ئەویش  نووسینی شێعرێکە کە تێیدا دیمەنی ئەو شەوە خەمناکەی بۆ گەلەکەی و بۆ وەچەی دواڕۆژ تۆمار کردوە، بە خەیاڵ هەستی جوانیپەرەستی و ئازادیویستیی شەهابی ژێر پەتی سێدارەی نووسیوەتەوە و بەهەشتێکی خەیاڵیی لە وشە و لە شێعر بۆ ڕازاندۆتەوە. بەهەشتێک کە پێی وایە پێش ئەوەی بگاتە بەهەشتەکەی ئەو دنیا، شیاوێتی. 

لە بەیتی دووهەم بەدواوە شاعیر لەنێوان هەستی خۆی و شەهابی ژێر پەتی سێدارەدا هاتوچۆ دەکا. جارێ هەستی خۆی بە بینینی دیمەنی خەمناکی شین و هاواری کچێکی دڵشکاوی کورد نووسیوەتەوە و گاهێ لە هەستی لاوێکی تێکۆشەری ئەوینداری ژێر پەتی سێدارەوە جۆگەلەی هەستی هەڵبەستووە. زیاتریش هەوڵ دەدا هەستی مرۆڤێکی ئازا و ئەویندار بە کچ و بە ئازادی کە لەژێر پەتی سێدارەدا، نەترسانە بەڵام دڵ پڕ لە تاسە و ئاوات چاوەڕوانی مەرگە، بنووسێتەوە؛ 

- بە چی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر؟
شێخ شەهابی شێخ نووری

- لەسەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر
- ئاخۆ مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر؟ 
- هەزار هێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم هێشتا
لەنێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر
- هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر
- خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بە کانیی ژینێدا نووسێم
ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر
- بە تۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر 

 دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی وتەکانی مامۆستا شەڵماشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، دۆستێک پرسیاری لێ کردم کە ئاخۆ مەبەستی مامۆستا هێمن لەو بەیتەی شێعرەکە و لە چوارچێوەی ئەو بەسەرهاتەدا چۆن لێک دەدەمەوە کە دەڵێ؛

گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو ڕۆژێ کەچی ڕوانیم 
لەپێشمدایە زەرد و ماهـ و سەخت و ئەستەمێکی تر

بۆم نووسی کە ئەم بەیتەش لە درێژەی بەیتەکانی پێش خۆی، بە خەیاڵ هەر لە هەست و زمانی شێخ شەهابی ژێر داری ئیعدام نووسراوە. لە تاکی یەکەمدا ئارەزووی گەیشتن بەو کچە شۆخە نازدارە بۆ ئەو لاوە تێکۆشەرە بەدی هاتووە کە سەرەتا پێی وا بووە ئەوە ترۆپکی ئارەزوویەتی بەڵام ئەو تەنیا بە بەدیهاتنی ئارەزوو و ئامانجە تایبەت و کەسییەکان ڕازی نەبووە و پێی وا بووە دەبێ هەوڵ بدا گەلەکەی و مرۆڤایەتیش بە ترۆپکی ئارەزووی خۆیان کە ئازادی و سەربەستی‌یە، بگەن. لەو پێناوەشدا ڕێگای پڕ لە زەرد و ماهـ و هەڵەمووتی گرتۆتەبەر کە ڕێگای سەختی گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و نەتەوەیی و ئینسانییەکانە. ڕێگا و ئامانجگەلێک کە ئەو شەوە ئەویان گەیاندبووە ژێر پەتی سێدارە. 

لە بەیتی دواتردا شاعیر بە مەجاز ئاماژە بە ناوی هاوسەری شێخ شەهابیش دەکا بەبێ ئەوەی ئێمەی خوێنەر هەتا ئێستا هەستمان پێ کردبێ؛

هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم "نازەنین"ی کورد  

بەسەر بیلبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر

لە دیوانی فانی وەرگیراوە
نازەنین ناوی هاوسەرەکەی شێخ شەهابە و مامۆستا هێمن لێرەدا هەم وەک پەسنێک بۆ جوانی و نازادایی کچ، هەم وەک ناوی هاوسەر و ئەویندارەکەی شێخ شەهاب و هەمیش وەک نموونەی چارەنووسی هەموو کچانی کورد، دەیناسێنێ. وا دیارە لەو شەوەدا لەلایەک بۆ نیشاندانی ئەدەب لە حزووری کۆمەڵێک پیاوی سیاسیی لەخۆی بە تەمەنتر و هەمیش وەک نیشانەیەک لە ماتەمباری، نازەنین چارشێوی لەسەر بووە کە شاعیر لە شێعرەکەی‌دا زیاتر ئەو مەبەستەی دوایی زەق کردۆتەوە. 
لە بەیتی دواتردا شاعیر لەژێر کاریگەریی ئەو هەموو شین و گریانەی نازەنین بۆ ڕزگاریی هاوسەرەکەی، ئاماژە بە کەم دەسەڵاتیی خۆی دەکا کە نەیتوانیوە یان ناتوانێ وەک "خانی" چیڕۆکی خۆشەویستیی نێوان نازەنین و شەهاب بنووسێتەوە لەحاڵێکدا ئەوین و فیداکاریی نێوان ئەوان یان لانیکەم هی نازەنین بۆ شەهاب هیچی لە ئەوینی زین بۆ مەم‌ کەمتر نییە: 
نەما «خانی» هەتا چیڕۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ
دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین «زین و مەم»ێکی تر
کاریگەریی شین و گریانی نازەنین بۆ شەهابی هاوسەر و گراوی لە حزووری ئەندامان و ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا، ڕەنگدانەوەی لەسەر بەیتی دواتریش هەبووە: 
کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی
گوتم یاخوا لەسەر سورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر
بە کورتی شێعری "عیشق و ئازادی" سەرەڕای دارماڵیی لە خەم و ئازار و لە تاسەی دیداری نێوان دوو دڵدار، پڕە لە جوانی و خۆشەویستی، پڕە لە ئەوین بە کچ و بە ئازادی تا پێش ئەوەی "جەنابی شێخ" ئیعدام بکرێ و بە بەهەشت شاد بێ، شاعیر توانیبێتی بەهەشتێکی لە "بەهار و گوڵ"، "کچ و مانگەشەو" و "شێعری تەڕ و بادە" بۆ بڕازێنێتەوە و پێی بڵێ:

لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر

 ڕوون نییە کە ئاخۆ هەر ئەوشەوە یان دواتر بوو کە سەرەنجام شەهاب و یارانی لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە ئیعدام کران. وا دیارە هێمن پێشوەخت شینی خۆی بۆ ئەو تێکۆشەرە گێڕا کە دوای بیستنی هەواڵی مەرگەکەی، دەستەوداوێنی نالی بوو تا بەو تاکە شێعرە بەرزە کوڵ و کۆی دەروونی خۆی بۆ ئەو کۆستە و بۆ ئەو جنایەتەی دوژمن دەربڕێ:

نالی لەکوێی ببینی کە پاتەختی شارەزوور

ئەستێرەکانی ڕادەکشێن وەک شەهابی نوور  


ئاتەش

بەبۆنەی کۆچی دوایی هونەرمەند کاک برایمی قادری

شایەر بە گشتی پیاوێکی پێچ قیتی، کەواوپاتۆڵ شەقی، پشتێند قەدی، کەوش بەرقی، سمێڵ ڕەشی، ڕدێن شەش تیخە کە دەسحێبێکی دەنک مامناوەندی نە زۆر درێژی لە دەست دایە و لە نێوەڕاستی گەڕی هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکدا ڕاوەستاوە، بەندان ڕێکدەخا، قامک لە بناگوێیان دەنێ و گۆرانیان دەڵێ. زۆر جار بە هەوای گۆرانییەکەی لەو سەری داوەتەوە بەرەو ئەوسەر لە هاتوچۆدایە و هەر کوڕێک تازە دۆی هاتبێتە دەستی، لێی نیزیک دەبێتەوە، بە بەندان پێیدا هەڵدەڵێ، دڵی خۆشتر دەکا و شاباشی لێ وەردەگرێ. 

 سەبارەت بە وشەی شایەر بۆچوونێک پێی وایە گۆڕدراوی وشەی شاعیرە و بیروڕای زاڵیش ئەوەیە کە لە تێکەڵاوی دوو وشەی "شایی گێڕ" پێکهاتووە. شایەران بە گشتی دەوری گرینگیان لە پەرەدان بە فەرهەنگ و هونەر و زمان و بەزم و خۆشیی خەڵکدا گێڕاوە. ئەوان لە زۆر بارەوە مۆدێل و سەرچڵی کۆمەڵگاکەی خۆیان بوون؛ لە شێوەی پۆشینی جلوبەرگ، لە خوڵقاندن و بەکارهێنانی وشە و زمانی ڕەسەنی کوردی، لە پەرەدان بە ئاواز و گۆرانیی نەتەوەیی، لە باسکردن و بڵاوکردنەوەی شتە تازەکان، لە پاراستنی داب و نەریت و فەرهەنگ و لە ڕازاندنەوەی جێژن و خۆشیی خەڵک و زۆر بواری دیکەشدا بۆ خەڵک سەرتۆپ و نموونە بوون. لە سەردەمێکدا کە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن وەک ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڤیدیۆ و ئەوانە پەیدا نەببوون، شایەران مێدیای بەهێز و زیندووی کۆمەڵگای خۆیان بوون. وتەیان دەبیسترا و قسەیان برەوی هەبوو. ئەو زەمانەی کە گواستنەوە و هاتوچۆ وەک ئەمڕۆ نەبوو، ئەوان بە هۆی گەڕانی زۆر بە شار و گوند و ناوچەکانی کوردستاندا، لە خەڵکی ئاسایی زۆر زیاتریان دەزانی، شارەزایی زیاتریان لەسەر شوێن و خەڵک و زاراوە جۆراوجۆرەکان هەبوو و پردێکی گرینگی پێوەندیی نێوان شار و ناوچەکانی کوردستان بوون. هەواڵی نیزیکیان بۆ دوور و ڕووداوەکانی دووریان بۆ نیزیک دەهێناوە. بەوەش بێگومان دەورێکی گرینگیان لە هاوپێوەندیی نەتەوەییدا گێڕاوە. لە بەند و گۆرانیدا باسی ڕووداو و دیاردە و کەسایەتییە بەناوبانگەکانیان دەکرد و بە خەڵکیان دەناساندن. ناو و ناوبانگی کەسانی ئازا و بەتوانا و نێوبەدەرەوەیان بە هەموو شوێناندا بڵاو دەکردەوە. ئەگەر ناوی کەسێکیان بە باش هێنابا و پێیاندا هەڵگوتبا، وێڕای دڵخۆشکردنی کەسەکە، دەبوو بە هۆی ناوبانگ دەرکردن و لە ڕاستیدا جۆرێک ڕێکلام و بانگەشە بۆ ئەو کەسە بوو. لەحاڵێکدا کە هیچ دامەزراوە و دەزگایەک لەپشت هونەر و هونەرمەندانەوە نەبوو، وەک چۆن بە داخەوە ئێستاش هەر نییە، ئەوان کە خۆیان بۆ هونەرەکەیان تەرخان کردبوو، ناچار بوون لە ڕێگای هونەرەکەشیانەوە بژین و وێڕای خزمەت بە خەڵک و بە هونەرەکەیان، نانێکیشی لێ پەیدا بکەن. بەم جۆرە دیاردەی پێداهەڵگوتن و شاباش دان و شاباش وەرگرتن پەیدا بوو.

موکریان لە دێرزەمانەوە ناوچەیەکی بە پیت و بەرەکەت بووە. زەویی هەراو و چەندان چۆم و ڕووباری گەورە و، کانی و ئاوی زۆر هۆکار بوون بۆ ئەوەی کشتوکاڵ لەو دەڤەرە زیاتر پەرە بستێنێ. بەتایبەت ڕەعەمەل هێنانی گەنم هەر لە دێرزەمانەوە لەو هەرێمەدا ڕمێنی زۆر بووە کە ئەوە هۆکارێکی گرینگی پەرەگرتنی جۆرێک شارستانییەتی مێژوویی لەو ناوچەیە بووە. تا ئاستێک کە باسی گەنمی ماننایی لە چەند هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە تەنانەت لە تەوراتیشدا هاتووە. ئەوانە وایان کردووە کە لەو ناوچەیە دێی قەوغا و کەسی دەستڕۆیشتوو پەیدا بن و خەڵکە ئاساییەکەش وەک دەڵێن دەستیان گەیشتۆتە دەمی خۆیان. بەو جۆرە خەڵک توانیویانە لە مەجلیساندا خزمەت بە هونەرمەندان بکەن و لە شایی و زەماوەنداندا شاباش بە شایەران بدەن. هەر لەبەر ئەوەشە کە دەبینین ئەو ناوچەیە لە هونەری هەڵپەڕکێ، لە موزیکی فۆلکلۆر و لە گۆرانیی داوەت و شاییدا ناوچەیەکی یەکجار دەوڵەمەندە. هەر لە سەدەی بیستەمدا ناوی دەیان هونەرمەندی گەورە و دەنگخۆش لەو هەرێمە بەر گوێ دەکەوێ کە بە داخەوە زۆربەیان ئاسەواریان لێ نەماوە بەڵام هونەرمەندانی وەک کاک برایمی قادری چۆڕاوەی ئەو هەموو هونەرمەندە مەزنانەن.  

هونەرمەندانی شایی گێڕ بە گشتی پیاوان و ژنانی لەبز شیرین، قسەخۆش، بۆشناخ و بە دەستوور بوون. لەگەڵ ئەوەدا کە ڕازێنەرەوەی مەجلیس و گەڕی داوەت و هەڵپەڕکێ بوون بەڵام لە خۆشی و ناخۆشی، لە شایی و شیندا هاودەم و لەگەڵ خەڵکەکەیان بوون. لە گۆرانی و بەندەکانیاندا زۆر جار بە گژ دیاردە دزێوەکاندا دەچوونەوە. زۆر دیاردەی باو بەڵام زیانبار یان بابەتی هەستیار ئەگەر باسکردنیان لە کۆمەڵگادا تاپۆش با، شایەران دەیانتوانی بە شێوەیەکی هونەرمەندانە لە چوارچێوەی بەند و گۆرانیی خۆیاندا تانەیان لێ بدەن یان باسیان بکەن و کەسیش یەخەیان نەگرێ و ڕەخنەیان لێ نەگرێ. ئەوان لەو ڕێگایەوە دەبوون بە دەنگی چەوساوەی خەڵک. بە دەنگی ئەوانەی دەنگیان بە گوێی کەس نەدەگەیی. لەم نێوەدا دوو توێژ مڵۆزم و دژبەری شایەران و بە گشتی هونەرمەندانی نەتەوەیی بوون؛ یەکەم مەلای دەمارگرژی ئایینی و دووهەم خوێندەواری مەیلەو ئاسیمیلەی دەست فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست. یەکەمیان هەموو نرخ و بەها نەتەوەییەکان بە تەرازووی ئایین هەڵدەسەنگێنێ و دووهەمیان بە کیلە و ڕبەی داگیرکەری دەپێوێ. ئەمانە هەوڵیان دەدا شایەران و هونەرمەندان لە کۆمەڵگاکەی خۆیاندا بێ نرخ و سووک بکەن، تانە و توانجیان لێ بدەن و خەڵک هان بدەن تا گاڵتەیان پێ بکەن. بەڵام شایەران کە لە ناخی کۆمەڵگای خۆیانەوە هەڵدەقوڵان، لەگەڵ خەڵکی خۆیان بوون. تەنانەت لە کاتی شۆڕش و بەرەنگاربوونەوە نەتەوەییەکاندا، ئەوان لە کۆمەڵگاکەی خۆیان دانەدەبڕان. بە سەنگ و توانای خۆیان، بە جەستە یان لە ڕێی هونەرەکەیانەوە بەشدارییان لە شۆڕشدا دەکرد. هونەرمەندانی وەک عەلی خەندان، ڕەسووڵی نادری، برایمی قادری، عەینەدین مەریوانی و زۆر هونەرمەندی دیکە بەشێک لە دوا ئاڵقەی ئەو قافڵە دەوڵەمەندە بوون کە دەزانین لە سەرەتای بەرگریی خەڵکی کوردستان بە دژی جیهادی خومەینی‌دا، هونەرەکەیان نایە خزمەت ئەو خەبات و بەرخودانە نەتەوەیی‌یەوە. لەم نێوەدا کاک برایمی قادری ڕەنگە لە هەموویان زیاتری بەر کەوتبێ. ئەو بۆخۆی لە کۆڕی خەباتدا بەشدار و پێشمەرگە بوو، قارەمانێکی شەڕی داشکستان بوو، لەشەڕدا برینی قورسی هەڵگرت، کوڕێکی شەهید بوو، کوڕێکی پێشمەرگە و یەکیشی ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات بوو کە دوای ئاشکرابوون پەڕێوەی دەرەوەی وڵات بوو. وێڕای ئەوە کاک برایم بە هونەرەکەشی ڕازێنەرەوەی ڕەزمی خەبات و کۆڕی تێکۆشان بوو. لە نەخۆشخانەی حیزبدا ئێواران پێشمەرگە بریندار و کەم ئەندامەکانی لە دەوری خۆی کۆ دەکردەوە، گۆرانیی بۆ دەگوتن، شایی دەخستە نێو دڵیانەوە و لەو ڕێگایەوە ورەی پێ دەدان. 

کاک برایم ساڵی ٢٠١٠ بۆ جاری دووهەم سەردانی دەرەوەی وڵاتی کرد و تەشریفی هاتە فەنلاندیش. من بەهۆی کوڕەکانی کاک میرۆ و کاک ئەمیر کە هاوڕێی حیزبیمانن، بەختی ئەوەم هەبوو لە نیزیکەوە بە خزمەتی بگەم و دیمانەیەکیشم بۆ کوردکاناڵ لەگەڵیدا ئامادە کرد کە هیوادارم لە ئەرشیڤدا مابێ. پیاوێکی ڕێکوپێک، بەڕێز و خۆش مەشرەف بوو. کە خۆم پێ ناساند و گوتم خەڵکی ئاوایی "پیروەلی باغ"م، تاوێک ڕاوەستا، هەناسەیەکی هەڵکێشا و بە حەسرەتەوە وتی؛ "ڕەنگە شێست ساڵ لەوە پێش لەو پیروەلیباغەی تۆوە دەستم پێ کرد، حاجی محێدین ڕەفیقم بوو و بۆ شاییەکەی لێی گێڕابوومەوە و چووم." زۆر بە تەسەلی ئەو بیرەوەرییەی لە بیر مابوو و بۆی گێڕاینەوە. کاک برایم کە دوای ساڵانێک پێشمەرگایەتی و برینداری گەڕایەوە بۆ مەهاباد، وەک چۆن بە هەڵسوکەوت و هونەرەکەی لە پاراستنی فەرهەنگ و هونەری نەتەوەکەیدا بەردەوام بوو، بە هزر و فکریش هەروا وەفاداری حیزبەکەی و ڕێبازی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەی مابۆوە. شانازی بە ڕۆژانی پێشمەرگایەتی خۆی و کوڕەکانییەوە دەکرد. دەیگوت؛ "گەورەترین ئیمتیازی ژیانم کە سەوادی خوێندن و نووسینە لە ژێر سێبەری گەورەی حیزبی دێموکراتدا دەستەبەرم کردووە و ئەوە گەورەترین شانازییە بۆ من". دەیگوت؛ "سەرەڕای ئەو هەموو ساڵە، هەمیشە دڵم لەوێیە و لەکاتی گۆرانی گوتنیشدا کە ئەو ڕۆژانەم وەبیر دێتەوە و دەڵێم "ئاتەش"، مەبەستم هەیە و دەشزانم خەڵک لە مەبەستم دەگەن." 

"ئاتەش" وشەی باوی سەر زاری کاک برایم بوو لەو کاتەدا کە کۆڕی مۆسیقا گەرم دەبوو یان وەک وشەی هاندان بۆ گەرمکردن و ڕێکخستنی کۆڕی موزیک بەکاری دەبرد. ئەم ڕەمز وشەیە هاوکات باری ڕەزمیی بە بەزم دەدا و لە زەین و بیری بیسەردا بیرهێنەرەوەی هێرش و پەلاماری پێشمەرگە بۆ سەر هێزی داگیرکەر بوو. ئەوەش هەوڵێک بوو لەلایەن هونەرمەندەوە بۆ ئەوەی لەژێر زەبروزەنگی دەسەڵاتی داگیرکەریشدا بە هونەرەکەی خەبات و بەرخۆدان وەبیر گەلەکەی بێنێتەوە.  

کاک برایمی قادری سەرەنجام ئێوارەی ڕۆژی ٢٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٤ لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد. ڕۆژی دواتر لەنێو ئاپۆرای بەرینی خەڵکی کوردستان، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەردۆستان، لەحاڵێکدا کە کوڕان و کچانی نیشتمان وەک پشکۆکانی قەقنەسی ئاتەشێک کە سەر لەنوێ بڵێسە بستێنێتەوە، بەجامانە و جلوبەرگی پێشمەرگانەوە تەرمەکەیان لەسەر شان دانا و لە گۆڕستانی هونەرمەندانی شاری مەهاباد بەخاکی پیرۆزی کوردستانیان ئەسپارد. 

 یاد و ناو و تێکۆشانی فەرهەنگی و سیاسیی کاک برایمی قادری بە دڵنیاییەوە بۆ هەتاهەتایە لە هزر و یادی گەلەکەیدا بە گەورەیی و نەمری دەمێنێتەوە. 

۸/۲۲/۱۴۰۳

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێجگە لە ڕەنگە تایبەتەکەی، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی وەک خێرایی، دەسکەرەوەیی و ژەهراوی بوونی هەیە. ئەم تایبەتمەندیانە وای کردووە کە وەک مارێکی مەترسیدار لە پەخشان و شێعری شاعیرانیشدا ڕەنگ بداتەوە:

 "[..] وەک ماری "سوججە" بە گژ ئێمەدا دێتەوە و گەزارەی نیو گەز دەردەکێشێ"

  (هێمن_هەواری_خاڵی بووکی یەکشەوە)
"بە کاکە کاکە هات بە لامەوە
بوو بە "سوججەمار" دای وە پامەوە"
            (مەلاغەفوور_دەباغی_دیاری_مەهاباد، چاپی سێیەم، ساڵی١٣٨٦، لاپەڕە ٥٦.(

وەکوو ماری "سوججە" ڕۆیشت بە کونا تا ون بوو
گەهێ ساکن لە دەروونا، گەهێ ساری سەرەدەر 

                                (قانع - شێعری "چۆن کچێک")

ئەتکوت ماری "سوجەی سوورە" و گەرمای هاوین ورووژاندوویەتی. 
(سوارە - تاپۆ و بوومەلێڵ - چڕۆکی شەڕگە)
 
دەستی برد سەری سندووقی لادا توولە "سوجە" مارێکی دەرکرد و گرتی بەدەستییەوە.
                        (عەلائەددین سەجادی - ڕشتەی مرواری - بەرگی ٦)
یه‌ند تیری نیگای بێ‌مه‌یلیش دا لێم
یەند ژاری «سجە»ی هیجران وەردەن پێم 
                                          (مەولەوی)
حەی وەچان چێشەن لەولای دامەوە
لێوشان گرتەن وە پەنهامەوە
ئەسڵشان سجەن، یا زەنگی مارەن
وەزە مەکەرۆ یا بێ ئازارەن

فەرهەنگە کوردییەکان وشەکەیان بە هەر سێ شێوەی سجە، سوجە و سوججە گرتووە:
سجە  هەنبانە بۆرینە
 ڕەنگی سووری کاڵ، سجە مار
سوجە هەنبانە بۆرینە
             سجە، سوججە
سوججە هەنبانە بۆرینە
  سجە، ڕەنگی سوور بۆ مار
شیلەمار هەنبانە بۆرینە
 ماری سووری سوجە
سوجە فەرهەنگی مەردۆخ
سجە: ڕەنگی سوور بۆ مار. (ماری سوور)
سجەمار فەرهەنگی خاڵ 
جۆرە مارێکە لە تیرەمار درێژتر،ە هەر حەلێ ڕقی هەستا قەڵەمبازد دەبا بەقەد گوریسێک.
وشەکە هەروەها بەشێوە سنج و سنجەش دەگوترێ:
سنج، سنجە فەرهەنگی وشەنامە
  • سووری گەش
  • لەدوای وشەی «سوور و» دێت و ئەبێ بە سوور و سنج
وشەی سجە و شێوەکانی دیکەی دەچنەوە سەر وشەی "سنج" و سنجوو کە ناوی دارێکی بەردارە و لە بنەڕەتدا لە ڕەنگی بەری ئەو دارە وەرگیراوە کە بە بەقەد و قەبارە هێندەی بەری خورمایە، وەک خورماش ناوکێکی ڕەقی هەیە و پێستی میوەکەی لە خورما ئاڵترە؛
سنج هەنبانە بۆرینە
  1. دارسنجوو
سنجوو فەرهەنگی خاڵ
  • دارێکە گەڵای وەک بی وایە بەرێکی شیرینی هەیە وەک خورما بەڵام تۆزێک پچووکترە

سونجوو و خورما ببینە، نێوڕەقی توێکڵ شیرینە
خۆت بە تۆو ڕێحان بچێنە، عاقیبەت پێکوڵ مەبە
ئەحمەدی کۆر 

سەری سەودام هەبوو لام دایە کنی
کاڵە هەرمێم کوشی، سنجووم نەڕنی

                        هەژار - بەرەو موکریان

 وشەی سنجوو بە شێوەگەلی سنج، سنجە، سنجەی، سنجێ، سنجی، سونجوو سرنچک، سرینچک، لاس، لاس خورماشی پێ دەڵێن. 

ڕەنگە سوور و تایبەتەکەی سنجوو هۆکار بووە کە ئەو ناوە وەک ڕەنگ بۆ سنجار و ژەنگار و ژەنگ و شەنگ و گەلێک وشەی دیکەش پەل باوێژێ.  


۸/۱۷/۱۴۰۳

زرنگاندنەوە

لە کاری خەلە و خەرماندا، دوای ئەوەی کڵۆش گێرە کرا و سوور لە کا جیا کرایەوە، مالۆسک پەیدا دەبێ. مالووسک، مالۆسکە یان مالۆچکە ئەو دانەیە کە دوای ئەوەی لە کا جیا کرایەوە، بە شێوەی لاکێشەیی لەپاڵ کا ڕادەکێشرێ. مالووسک هێشتا ئەوەندە خاوێن و پاقژ نییە کە هیچ کا و لاسک و کوێزری لەگەڵ نەبێ. بۆیەش پێویستیی بە پاک کردنەوەی زیاتر هەیە. کارێک کە دوای ئەوە ئەنجام دەدرێ زرینگاندن/زرنگاندن یان زرینگاندنەوە/زرنگاندنەوەی مالووسکی پێ دەڵێن. مامۆستا هێمن لە پێشەکیی تاریک و ڕووندا وشەکەی ئاوا بەکار هێناوە: "لە مانگی خەرمانانی ١٣٢٠ (١٩٤١) ڕۆژێکی چووبوومە سەر خەرمانان. کرێکارەکانمان خەریکی مالووسک و زرینگاندنەوە و باڵەکەو بوون و منیش لەکنیان دانیشتبووم و ئەسپەکەم وەسەر کوێزر کردبوو." (هێمن - لەکوێوە بۆ کوێ - پێشەکیی تاریک و ڕوون)

 زرینگاندنەوە برێتی لە بەباکردنی دیسانەوەی مالووسکەیە بۆ ئەوەی خالیس و خاوێنتر بێ. بەو پێیە زرینگاندن یان زرینگاندنەوە واتای خالیس، خاوێن، پوخت، پەتی، پاک، پاقژ، بێخەوش، بێگەرد، زەڵاڵ، ساف و یەکدەست کردن دەدا. ئەگەرچی هیچکام لە فەرهەنگەکان زرینگاندنەوەی بە واتای پاقژکردنەوەی مالۆسکیان نەگرتووە بەڵام لە هەنبانەبۆرینەدا بە چەند واتای دیکە هاتووە؛ 

  1. دەنگدانەوەی مس و زێڕ و زێو
  2. درەنگ بوون کە بۆ شەو دەگوترێ
    شەو زرنگایەوە با بنووین
  3. دەنگ لە گوێ هاتن
    گوێم زرنگایەوە
  4. پندر بوونەوە (نیوە وشک بوونەوەی جلی شۆردراو)
  5. دوو جار لە کڵدا سووربوونەوە

سەبارەت بە خاڵی ٥ کە لە کڵدا سوور بوونەوەیە، ئەوە بریتییە لەو کووپە، کیتەڵە یان گۆزە گڵەی کە ئەگەر شتێکیان تێدا هەڵگیرابا کە بۆنی گرتبا، بۆ وێنە کاتێک پەنیریان لە کووپەدا دەئاخنییەوە و دوایی پەنیرەکە دەخورا و کووپەکە بۆنی پەنیری پێوە دەما، دەیانخستە نێو کڵی ئاور. واتە ئاورێکی دامرکاو تا بۆنەکەی نەمێنێ. ئەو کارە پێی دەگوترا "زرینگاندنەوە". دیزە و گۆزە و کووپەی کۆنیان دەزرینگاندەوە هەتا خاوێن ببنەوە و بۆنیان نەمێنێ.

بەڵام ئاخۆ بنەمای وشەکە چییە و گەرەکمانە بۆ چی بەکاری بێنین؟

زرینگاندن کردارە و زرینگاندنەوە کرداری دووپاتە کردنەوەیە. بەو واتا و بڕوایە کە دان بنەمایە و لە بنەڕەتدا لە کا جیایە. "اندن" لە کۆتایی زرینگاندن‌دا نیشانەی کردارە. بەو پێیە بنەمای کردارەکە "زرنگ" یان "زرینگ"ە. زرینگ خۆی بە سێ واتا دێ؛ 

یەکەم؛ دەنگی دەنگدانەوەی کانزای وەک مس و زێڕ و زێو
دووهەم؛ زیرەکی، ژیری، ئاقڵی، زیتی و وریایی
سێهەم؛ ڕۆنی تاواوە، ڕۆنی زەنگ
هەر سێی ئەوانە لە جۆری خۆیاندا دەتوانن بریتی لە بێخەوشی و خالیسیی خۆیان بن. بەو واتایە کە دەنگی مس و زێڕ و زێو دەنگێکی ساف و خالیسە و زیرەکی و ژیری نیشانەی بێخەوشیی عەقڵە. ڕۆنیش دوای ئەوەی کوڵا و قاڵ کرا، تەڕایی لێ دەگیرێ و وەک ڕۆنێکی پوخت و پەتی هەڵدەگیرێ و هەر بەو هۆیەش ماوەیەکی زیاتر دەوام دێنێ و زۆر درەنگتر خرا دەبێ. 
ڕۆنی زرنگ پتر بە ڕۆنی زەنگ ناسراوە. واتە وشەکە بە شێوەی زەنگیش هەیە. ئەم زەنگە لە وشەی "زەنگی" برێتی لە ماری زۆر ڕەش و هەروەها مرۆڤی ڕەش و "قولەزەنگ" بە واتای کۆیلەی ڕەشیشدا هەیە. هەمان زەنگ وەک پاشگر لە وشەی شەوەزەنگیش‌دا بەرگوێ دەکەوێ کە بە واتای شەوی زۆر تاریک و نووتەکە. بەو پێیەش شەوەزەنگ لە شەوایەتیدا شەوی خالیس و پەتییە. لە کرداری "شەو زرینگانەوە"دا کە هەمان شەوی تەواوە، وشەکە جارێکی دیکە بە شێوەی زرینگ" خۆی دەردەخاتەوە. ئەوانە دەمانگەیەننە ئەو ئەنجامە کە وشەی زەڕ یان زێڕیش هەر لەو بنەمایەیە بە واتای کانزای بێخەوش و پاک. وەک چۆن یەک لە واتاکانی زرینگاندنەوە دەنگی دەنگدانەوەی زێڕە. کەواتە زرنگاندنەوە یان زرینگاندنەوە واتای بە زێڕ کردنیش بدا. بەو پێیەش زرینگاندنەوە بەجۆرێک لەگەڵ وشەی "نەقد"ی عەرەبی بەرامبەری دەکا. 
وشەی نەقد بە مانای خوردکردنەوە و بە پارە کردنی شتە. چونکە ماڵ هەتا نەکرێ بە پارە، نرخەکەی نازاندرێ. لە ئەدەبیاتدا وشەی نەقد لەوەوە وەرگیراوە کە واتای هەڵسەنگاندن دەدا. نەقد لە بنەڕەتدا مانای خراپە گوتن یان گوتنی خراپییەکانی شتێک نییە بەڵکو جیاکردنەوەی چاک لە خراپ یان پێچەوانەیە. ئەمە لە زمانی کوردیدا بە ناحەق وشەی "ڕەخنە"ی بۆ داندراوە کە ڕوون نییە لە کوێوە هاتووە. لە هەموو ئەو واتایانەی کە "ڕەخنە" لە زمانی کوردیدا هەیەتی، هیچکامیان نیزیک لەو واتایە نین کە دەبێ هەیبێ:
  • ڕەغنە
  • ئەردەڵانی کەلەبەر
  • زازا سستی
کوردی:
  1. تانە و سەرکۆنە
  2. عەیب گرتن
  3. شلی و سستی
  4. قەڵش، درز
ڕەنگە لەبەر ئەوەش بێ کە لە ئەدەبی کوردی و لە فەرهەنگی کوردیدا ڕەخنە زیاتر بۆ باسی عەیب و کەمایەسی و لەقاودان و هێرشبردن بۆ سەر کەس و بابەتی ڕەخنە لێگیراو دەنووسرێن و دەگیرێن نەک هەڵسەنگاندنی بابەت و جیاکردنەوەی چاک لە خراپ و دەستنیشان کردنی ڕەسەن لە ناڕەسەن. بۆیەش ئەگەر بمانهەوێ وشەیەکی پڕ بە پێستی نەقد لە زمانەکەی خۆماندا بەجێی "ڕەخنە" و بۆ ئەو مەبەستە بدۆزینەوە و بەکاری بێنین، ئەوە "زرنگاندنەوە" گونجاوترین وشە و کردارە. زرینگاندنەوەی ئەدەبی لە ڕاستیدا جیاکردنەوەی خاس لە خراپ، جوان لە ناشیرین و ڕەسەن لە ناڕەسەنی ناو بابەتێکە لە ڕوانگەی کەسی زرینگەر یان زرینگێنەرە. 



مالۆسکە یان مالۆچکە وێدەچێ هەر ماسوولکە بێ بە واتای باهۆ و بازوو

۸/۱۳/۱۴۰۳

دوو شێعری لۆرێکا

 گونا‌هـ

چەند خۆشە کە گوناهەکانمان نابیندرێن

دەنا دەبوو هەموو ڕۆژێ خۆمان بشۆین

یان ناچار بووین لەبەر بارانێدا بژین

ئەوەش خۆشە بە درۆیان ڕەنگمان تێکناچێ

ئەگینا دوای هەر چرکەیەک 

یەکترمان نەدەناسییەوە

ئەی خوای ڕێناس

سەبارەت بەو هەموو بەزەییەت

سپاس 

 

گیتار

گیتار گۆرانییەکان دەگریێنێ

لە زارکە بازنەییەکەیەوە قوڵپە قوڵپی ڕۆحە ونبووەکانن دەڕژێن

گەلێ ژێی ناوەتەوە ئەم ڕاوکەرە

شەش ژێ

تا ئەو حەسرەتە ڕاو بکا کە بەسەر ئەستێرە دارینەکەدا سەراوە

نا

تۆ ناتوانی گۆرانییەکەی بێدەنگ بکەی

چون لە خەمی شتە دوورەکاندا گریاوە

جێژنی هاڵۆوین

لە زۆربەی وڵاتانی ئۆرووپایی ساڵانە جێژنێک بە ناوی هاڵۆویین بەڕێوە دەچێ کە کەوتووەتە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبر و ‏سەرەتای مانگی دێسامبرەوە. هاڵۆوین بە تایبەت بە جێژنی وڵاتانی ئەنگلۆساکسۆن دەناسرێ بەڵام لە وڵاتانی ‏سکاندیناویشدا بە گەرم و گوڕی بەڕێوە دەچێ و پەلی بۆ ئەمریکاش هاویشتووە. لە فینلاند مێژووی جێژنەکە کورتترە ‏و بۆ ساڵی ١٩٥٠ دەگەڕێتەوە کە بۆ یەکەمجار لەلایەن هاوسەرانی کەمئەندامانی شەڕەوە بەڕێوە چوو. بەڵام ‏فینلاندییەکان بۆخۆشیان جێژنێکی کۆنیان بە ناوی "کێکری" هەر لەو سەروبەندەی ساڵدا هەبوو کە وەک جێژنی ‏"سامهاین"ی "سێلتی"، جێژنی هەڵگرتنی خەرمان و بەروبوومە. لەو شەوەدا جیرانەکان لە دەوری یەک کۆ دەبوونەوە، ‏گۆشتیان دەبرژاند، مەیان دەنۆشی و حەسحەسی شەویان دادەنا. بەو هۆیە جێژنی هاڵۆوین لە فینلاند ئاسانتر ‏وەرگیرا، خێراتر پەرەی سەند و وەک جێژنێکی نەتەوەیی وڵاتەکە جێی گرت.‏

وشەی هاڵۆویین کورتکراوەی دەستەواژەی ‏All Hallows' Eve‏ بە واتای "شەوی سەرجەم پیرۆزەکان"ە. جێژنەکە ‏لەسەر بنەمای باوەڕ بە زیندووبوونەوەی ڕۆح و گەڕانەوەی ڕۆحی کۆچکردووان بنیات نراوە و سەرچاوەکەی بۆ ‏جێژنی کۆنی سێلتەکان بە ناوی "سامهاین" دەگەڕێننەوە کە کەوتبووە سەرەتای وەرزی زستانەوە. ئەوان پێیان وابوو لەو ڕۆژە ‏یان لەو شەوەدا ڕۆحی مردووەکان دەبزوێن و وەجووڵە دەکەون. بەپێی بیروباوەڕی سێلتیکەکان، سنوورەکانی نێوان ‏ئەم جیهانە و جیهانی بانسروشتەکان لەگەڵ وشکبوونەوە و ‏مردنی سروشتدا نامێنێ و ڕۆحەکان دەتوانن مرۆڤەکان ‏بۆ ژیانی دوای مردن پەلکێش بکەن. هەر بۆیە لە کاتی ‏ئاهەنگەکەدا ئاگر لە دەوروبەری ماڵان دەکرایەوە تا لە هێرشی ‏‏ڕۆحەکان بپارێزرێن.‏

‏ نیشانەی هەرە دیاری جێژنی هاڵۆوین لە کۆنەوە تا ئێستا کوولەکە و فانۆسە. بە تایبەت داگیرسانی مۆم یان ‏فانۆس لەنێو کوولەکەیەکدا کە بە شێوەی دەمامکی مرۆڤ دەرهێنراوە.‏

جێژنی هاڵۆویین بەر ‏لە پێوەندییەکەی بە ڕۆح و گەڕانەوەی ڕەوانی مردووەکان، جێژنی سرووشت و وەرزی هەڵگرتنی خەرمان و کۆتایی کشتوکاڵە. کوولەکە دوایین بەروبوویە کە دوای بێستان ڕنین، لێ دەکرێتەوە. توێکڵی ئەستوورە و بۆ ماوەیەکی زیاتر خۆ ڕادەگرێ و بۆ زستان هەڵدەگیرێ. لە زمانی کوردیدا بە ناوەکانی کوولەکە، کویلەکە، تدوو (هەورامی)، کوندر، کدو، کودی، کندوو، کندوور، کولند و کولندەر و.. هیتر ناوی دێ و هەر بە ناوی "کوولەکە" لە ڕیزی ئەو وشانەدایە کە لە زمانی میتانییەوە بۆمان ماوەتەوە. لە فەرهەنگی کوردەواریشدا بۆ زۆر کار بەکار دێ. لەوانە؛ ‏

‏- بەر لە هەر شت، کوولەکە خواردەمەنییە کە خۆی دوو جۆرە. جۆرێکی وەک تەڕە بە شلکی و بە سوورکراوەیی دەخورێ کە ئەوەیان مەبەستی ئەم بابەتە نییە. بەڵام جۆرە ‏پاییزێکەی کە ئەمیش توخمی جۆراوجۆری وەک شەققەباغی و سەراوی و...ی هەیە، زۆر گەورە دەبێ و بە چەندان ‏جۆری وەک پیشاندن، کوڵاندن، سوورکردنەوە، مرەبا و شێوازی دیکە دەخورێ. هەروەها دوای پاک کردن، قاش ‏دەکرێ و وشک دەکرێتەوە و بۆ خواردنی زستان هەڵدەگیرێ کە پێی دەڵێن بەلەچەک.  لە فۆلکلۆری کوردیدا ‏شێعرێکیش هەیە کە ئاماژە بە گرینگیی خواردنی کوولەکە دەکا:‏

چوومە ماڵی جوولەکە        قوڵتەقوڵتی کوولەکە
چوومە ماڵی هەرمەنی       قوڵتەقوڵتی سەمەنی
چوومە ماڵی موسوڵمان        دەنگی یاسین و قورعان
واتە کاتێک لە ماڵی موسوڵمان دەنگی یاسین و قورعان هات، ئەوە کەسیان لێ مردووە و خواردنیان چەورە. ‏
هەروەها دەنک یان تۆوی کوولەکە دوای وشک کرانەوە و سوێر کردن وەک سوێرکە و بۆ ترووکاندن هەڵدەگیرێ و ‏بە تایبەت لە وەرزی زستاندا دەخورێ.‏
لەنێو جۆرەکانی کوولەکەدا بەتایبەت کوولەکە سەراوی یان کوولەکەی دەروێش کە زارک و ملی تەنگترە، دوای وشککردنەوە، نێوەکەی ‏دەکۆڵن و بۆ زۆر کاری دیکە کەلکی لێ وەرگیراوە، لەوانە؛
‏- دانەوێڵەی تێدا هەڵدەگیرا
‏- سواڵکەر و دەروێش توێشووی ڕێگایان تێدا هەڵدەگرت
‏- سیغارکێش تووتنی تێدەکرد
‏- لە شەڕدا بۆ هەڵگرتنی گوللە و باڕووت بەکار دەهات و شەڕوان یان ڕاوکەر وەک خەشاب و مەخزەن بە کەمەرەوە ‏هەڵیاندەواسی
‏- پاڵە و سەپان ڕۆنی چەورکردنی داس و هەسانیان تێدا هەڵدەگرت
‏- دەکرا بە ڕکە و قەفەسی باڵندە
‏- کوولەکە سەراوی وەک بە ناوەکەیەوە دیارە، بۆ ئەوانەی مەلە نازانن، مەلەی پێ دەکەن
- وەک لێوان و دۆلکە بۆ ئاو و دۆ کەلکی لێ وەردەگیرا

‏- کوولەکە هەروەها بۆ گرتنەوەی پشک و قورعەش بەکار دەهات. بۆ وێنە بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ بەرپرسایەتی ‏یان ئەنجامدانی کارێک، ناوی ئامادەبووانیان لەسەر وردە کاغەزان دەنووسی و کاغەزەکانیان دەخستە ناو کوولەکەکەوە. یەکەمجار ‏ناوی هەر کەس دەرهاتبا، ئەو هەڵدەبژێردرا. هەر لەوەوە کاتێک دەگوترێ فڵان کەس ناوی لە کوولەکەی تەڕدا نییە، ‏واتە باسی ئەو بە هیچ شێوەیەک لەئارادا نییە. مەبەست لە کوولەکەی تەڕ، کوولەکەیەکە کە هێشتا بە بڕکەوەیە و ‏لێ نەکراوەتەوە، وشک نەکراوە و نەبووە بە کەرەسە. یان مەبەست لە کوولەکە بۆرانییە کە هەر لە بنەڕەتدا بۆ کاری ئاوا نابێ. دیارە وشەی قورعەش هەر لە  قرع یان قرعةی عەرەبی بە ‏مانای کوولەکە کەوتۆتەوە. 

پێوەندیدار بە پێوەندیی نێوان کوولەکە و  ڕۆح، لە ئەفسانە کوردییەکاندا هاتووە کە جادووگەران دەتوانن ڕۆحی ‏مرۆڤ لەنێو کوولەکەدا هەڵگرن. جادووگەران هەروەها وایان لە باوەڕداران گەیاندووە کە دەتوانن ڕۆحی چاک یان خراپ لە کوولەکەدا هەڵگرن. بۆیەش پێیان وا بوو هەتا ئەو ‏کوولەکەیە نەشکێ، ڕۆحەکە لەبەین ناچێ. بۆیەش ئەگەر کەسێک شتێکی زۆر خۆش بوێت و بیپارێزێت، ‏دەڵێن؛ دەڵێی کوولەکەی ڕۆحێتی یان وەک کوولەکەی ڕۆحی خۆی خۆشی دەوێ و دەیپارێزێ. ‏

ئەگەرچی وەک لەسەرەوە باس کرا، جێژنی هاڵۆوین بە جێژنێکی ڕۆژئاوایی و زیاتر بۆ کەلتوور و باوەڕی دانیشتوانی ‏باکووری ئۆرووپا بەتایبەت وڵاتانی ئەنگلۆساکسۆن دەناسرێ بەڵام ڕەگی باوەڕی پشت ئەو جێژنە واتە گەڕانەوەی ‏ڕۆحی مردووان بۆ نێو زیندووان بابەتێکی گرینگی ئاڤێستایە. فرەوەشییەکان لە ئاڤێستادا ڕۆحی باپیرانن کە دەگەڕێنەوە و گرینگیی ‏زۆریان هەیە. یەشتی سێزدەی ئاڤێستا بە ناوی ئەوانەوە کراوە. فرەوەشییەکان برێتی لە ڕەوانی پاک و بەهێزی ‏پێشینان و باپیرانە. سرووشتییە کە ئەوان یار و یاریدەدەری میتران. میترا خودای بەهێز و ئافرێنەر، پێویستی بە ‏یارمەتیی ئەوانە تا ئاگایان لەو ئاو و گیا و ئاژەڵانە بێ کە دەیانخوڵقێنێ. لە مەیدانی شەڕدا بە فریای پێڕەوان و ‏باوەڕمەندانەوە دەچن. وەچە و بنەچەی خۆیان دەپارێزن. زەوی و ئاسمان و گەردوون لە جێگە و پێگەی خۆیاندا ڕادەگرن. لە ‏خستنەوەی وەچە و زاوزێدا یار و یارمەتیدەریان دەبن و... . یەشتی سێزدە یەک لە جوانترین، خۆشڕاوێژترین، بەرین و ‏بەرزترین یەشتەکانە و قۆشەنی کارای ئەم فرەوەشیانە پێبەندی میترا و لە ڕکێفی ئەودان. (میترا لە ئاڤێستا و ڕیگڤێدادا ل. ‏‏١٩)

‏ فرەوەشییەکان بە دەوری خوداکانەوەن یان  ‏وەک میترا و ئەهۆرامەزدا هاوکار و بەردەستی ئەوانن. لە یەشتی سێزدەشدا فرەوەشییەکانی ئەشە، ‏بە دەوری ئەهۆرامەزداوەن و ئەهۆرامەزدا ‏دەڵێ: لە فەڕ و شکۆ و هێزی ‏ئەوانە کە من ئاگاداری لەم سروشتە خوڵقاوە دەکەم و بە یارمەتیی ‏ئەوانەوە من ئەو ‏تواناییەم دەستەبەر کرد. ‏(هەمان سەرچاوە) سەرانسەری یەشتی درێژی فرەوەشییەکان کە ١٥٨ بەندە، پڕە لەم ‏جۆرە یارمەتییانەی ڕەوانی باب و کالان. ئەوان لە شەڕدا، لەپاڵ پیاوانی پاک و ئەو سپایەی باوەڕدارانەدان کە ڕێزیان ‏دەگرن. لە شەڕدا بەدژی دوژمن، لە پێشەوەی لەشکری پێڕەوانیاندا هێرش دەبەن و لەناویان دەبەن. لەبەر شکۆ و ‏فەڕی ئەوانە کە هەموو ڕەوتەکانی چاکە و ڕاستی لەگەڕدان. لە گەورەترین جێژنی ئاریاییەکاندا کە لە سەرەتای ‏بەهاردا دەست پێ دەکا، لە جێژنی فەروەردەگاندا، دێنە سەر هەرد و لە لایەن پێڕەوان و وەچەکانیانەوە بە شێوەیەکی ‏شیاو ڕێزیان لێ دەگیرێ و  میواندارییان لێ دەکرێ. (هەمان سەرچاوە ل. ٢١) لە بەرامبەریشدا "کەسێ کە لەکاتی ‏مەترسیدا تووشی چەتە بێ یان لە شەڕدا بڕستی نەمێنێ و پێویستیی بە یارمەتی هەبێ، ئەگەر داوای یارمەتی لە ‏فرەوەشییەکان بکا، ئەوە بە فریای دەگەن (بەندی ٢٠). ئەوان یارمەتیی یارمەتیخوازان دەدەن، خواستی چاولەدەستان ‏بەجێ دێنن و دەردەداران چاک دەکەنەوە. (بەندی ٢٤) (هەمان سەرچاوە ل.٢٢)‏

وەک لەسەرەوە گوترا، هاڵۆوین ئاماژە بە گەڕانەوەی ڕۆحی مردووەکانە و نیشانەی سەرەکیی جێژنەکەش ‏کوولەکەیە. پێوەندیی نێوان کوولەکە و ڕۆحیش لەنێو فەرهەنگی لەمێژینەی کورددا باوەڕێکی جێکەوتوویە. لە ‏چیرۆک و ئەفسانەکاندا "ڕۆحی دێو لەنێو کوولەکەیەک یان لەنێو شووشەیەکدایە کە تەنیا بە دیتنەوەی ئەو ‏کوولەکەیە و بە شکاندنی، پاڵەوان دەتوانێ بەسەریدا زاڵ بێ. دێو هەتا بڵێی نەزان و سادەیە. تا ئاستێک کە جاری ‏وایە یارمەتیی پاڵەوان دەدا. دەڵێن ڕەگێکی موسوڵمانەتیی تێدایە. لە بیرمان نەچێ لە زۆربەی حەکایەتەکاندا، ئەو ‏ساتەی کە دێو لە خەوی چل شەو و چل ڕۆژەیدایە، پاڵەوان کوولەکەی ڕۆحی دەبینێتەوە و دەیکوژێ" (قاسم تاباک ‏‏- تایبەتمەندیی ئەفسانە کوردییەکان)‏

‏ نموونەیەکی ئەو باوەڕەی سەرەوە لە چیڕۆکی «پووشین و پامێڕ»دا دەبینین: "...هەموویان لە نزیک قاپیی ‏ئەشکەوتەکە یەکیان گرتەوە. دێوە دەستی درێژ کرد بۆ پووشین و پامێڕ لە پشت سەریەوە. پووشین بانگی کرد: پامێڕ ‏خەمی منت نەبێ بەڵکوو خۆت بگەیەنیتە ئەو قەفەزە کە لە ناوەوەی ئەشکەوتەکەدایە. پامێڕ خۆی کرد بە ‏ئەشکەوتەکەدا، قەفەزەکەی بەرچاو کەوت، هەر دەستی پێ گەیشت، دێوەکە لەم لاوە سارد بووەوە و هێزی تیا ‏نەما و کەوت!. پووشین نەوی لە شاخی و ئەیویست ڕایکێشێ بۆلای پامێڕ بەڵام لەبەر گرانی بۆی کێش نائەکرا. پامێڕ ‏کە دەستی گەیشت بە قەفەزەکە تەماشای کرد ئەمە شتێکی تێدایە لە وێنەی پیرێژنێکی زۆر پەڕپووت و بە جادوو و ‏ئەفسوون دێوەکەی ڕاگرتووە!. دەستی نایە سەر دەمی و خنکاندی، کە ئەم خنکا دێوەکەش لەوێ تۆپی!. تومەز ئەمە ‏کوولەکەی ڕۆحی ئەم دێوە بووە!. ئینجا پەتی کەوانەکەی خستە لاقی و ڕایکێشا و لەگەڵ پووشیندا هاتنەوە بۆ لای ‏پادشا و ئەهلی شار چوونە پێشوازییانەوە و هێنایاننەوە، حەو شەو و حەو ڕۆژ شایی و ئاهەنگ بوو، پادشا پووشینی ‏لە باوکی سەند و بە ڕا و تەکبیری هەموو لایان لە پامێڕیان مارە کرد و بە خۆشی ڕایان بوارد».‏ (مێژووی ئەدەبی کوردی - عەلائەددین سەجادی)

باوەڕی کوولەکە و ڕۆح لە چیرۆکی "کوولەکە"شدا خۆی نیشان دەدا، ئەو کاتەی دایک و باوک بەجێی مناڵ، تەنیا ‏کوولەکەیەکیان دەبێ: "..کابرایەکی گاوان بوو، لە دەرەوەی شار لە ئەشکەوتێکدا دەژیا. وا هات ژنەکەی ئاوس بوو ‏پاش نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ و نۆ سەعات و نۆ دەقیقە خودا لەباتی زارۆکێکی ژیوەڵە و خرپنە کوولەکەیەکی دانێ، ئەوانیش ‏کوولەکەیان لە کەلێنە بەردێک ڕۆکرد و لێی گەڕان. ڕۆژێ گاوان ماندوو و مردوو لە بەندەنێ هاتەوە و لەتەنیشت ‏ژنەکەی ڕۆنیشت لەپڕ کوولەکە وەزمان هات و گوتی: «باوکە!» گاوان تێکڕا بوو و ترسا و گوتی: «خودایە ئەوە ‏چییە؟» کوولەکە گوتی: بۆ هەترەشت  چوو؟ سبەینێ بچۆ کچی ئەمیرم بۆ بخوازە. کچی ئەمیر زۆر جوان و لەبار ‏بوو. بەناوبانگ بوو..." (هێمن - پاشەرۆک - چیڕۆکی کوولەکە)‏

‏ باوەڕی پێوەندیی نێوان کوولەکە و ڕۆح لە شێعری شاعیرانیشدا ڕەنگدانەوەی زۆری هەبووە. زیوەر لە شێعرێک بۆ مناڵادا دەڵێ: 
ئەی تۆپەکە فووتبۆڵەکە                       من دێم لە دەستم ڕا مەکە
تۆ تۆپی یاریکردنی                              وەک کوولەکەی ڕۆحی منی
وەختێ کە چوویتە ئاسمان                    بانگ کە لەگەڵ من  یەک زبان
خۆش بێ وەتەن، خۆش بێ وەتەن          بەرز بێ وەتەن بە عیلم و فەن

سوارە شێعری درێژی خەوەبەردینەی بە هێنانی کوولەکەی ڕۆح تەواو کردووە:  
لە هەر شوێنێ ڕاماوە، داماوە، کاری تەواوە
ئەزانێ ئەبێ هەر بژی و باژوێ تا بژێ و تا بمێنێ
نەسرەوتنە کوولەکەی ڕۆحی ئاوا

شێرکۆ بێکەسیش لە شێعرەکانیدا چەند جار ئەم باوەڕەی دووپات کردۆتەوە:‏
زەمانێکە من ناو کوولەکەی ڕۆحی خۆم جێهێشتووە.‏
ئاخر بۆیە بۆنی خۆشی پەلکی قسە و
بلازیزی ڕازەکانتان لە من نایە.  ( شێرکۆ بێکەس - بۆننامە)‏ 
یان
ئەوەندەی کوردستان تەنیام و ئەوەندەی شاخ و داخ
ماندووم و ئەوەندەی دووکەڵی جگەرەم پەرتم و
ئەوەندەی دواچۆڕی ڕووباری ئەم شیعرە لێڵم و
ڕۆحیشم کوولەکەی تەمێکە و خەریکە تەق ئەکات. (شێرکۆ بێکەس 'خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێک) ‏

بە گشتی لەباوەڕی کۆن و نوێی کورددا ڕۆح لەنێو کوولەکەیەکدا هەڵگیراوە کە ئەگەر بە هەر هۆیەک لەوێدا نەمێنێ، ئەوە هۆی مەرگی ‏جەستە و سەرگەردانیی خۆیەتی. باوەڕێک کە لە کوولەکەی هاڵۆویینیشدا ڕەنگی داوەتەوە.‏

۷/۲۴/۱۴۰۳

گەلێک کە ئازادیی دەوێ..

  تاهیر قاسمی 
قەلبی من گەر چەشنی لالە بێت و نەوتی تێ بکەن
ئاگری دوژمن بێتە گیانم وەک چرا من پێ بکەن
شەقشەقی کەن گۆشت و ئێسقان یەکبەیەک خوێی تێ بکەن
بێ ترس من دێمە مەیدان حوکمە ئازادیم دەوێ
گەر نەسووتێم و نەخنکێم چۆن هەژارم سەرکەوێ؟!‏
                                                    "سامی عەوداڵ"

فاکتەرەکانی پەرەگرتن و سەرکەوتنی بزووتنەوە یان شۆڕشێکی ڕزگاریخوازانە جۆراوجۆرن. هەر لە پێویستیی هەبوونی ڕێبەر و ئامانج و ئیدئۆلۆژیی دیاریکراوەوە تا پشتیوانیی ناوچەیی و نێونەتەوەیی. لەم نێوەشدا ئامادەیی گەل بۆ دانی نرخی ئازادی لەپێناو سەرکەوتن و سەرخستنی بزووتنەوەدا یەک لە گرینگترینیانە. نرخی ئازادیش لە بەرامبەر سیستمە تۆتالیتەر و دیکتاتۆرەکاندا بەداخەوە بەر لە هەر شت، فیداکاریی ڕۆڵەکانی نیشتمان و ئامادەییان بۆ بەخشینی گیان و قوربانیدانە. وەک دوکتور قاسملووی مەزن فەرمووی؛ "هیچ میللەتێک بە بێ زەحمەت و تێکۆشان، بە بێ فیداکاری، بەبێ بەخت کردنی گیانی ڕۆڵە بەنرخەکانی خۆی بە ئازادی نەگەیشتووە". 

ڕۆڵەکانی گەلی کورد بە درێژایی مێژووی درێژی خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازانەی، هیچکات لە بەخشینی گیانی خۆیان تەنەخییان نەکردووە. لاوانی ئەم گەلە هەمیشە بە سەخاوەتەوە گیانیان بۆ ڕزگاریی نیشتمان و ئازادیی گەل بەخشیوە. مێژووی خەباتی گەلی کورد باشترین گەواهی ئەم ڕاستیەیە بەڵام لە شۆڕشی ژینادا کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشانی دا کە هەنگاوێک لەوەش واوەتر چووە و گەل بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، بە هەر تەمەن و ڕەگەزێک، لە هەمیشە زیاتر ئامادەی قوربانیدان و قوربانیکردنە.

ئەگەر لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی پێشتردا، لاوانی بەشدار لە شۆڕش و بزووتنەوەدا  ئامادە بوون بە گیانی خۆیان نرخی ئازادی و ڕزگاری بدەن و لەو پێناوەدا لە هیچ چەشنە گیانبازی و گیانبەختکردنێک تەنەخییان نەدەکرد، بنەماڵەکان لەگەڵ ئەوەدا کە دڵیان لەگەڵ شۆڕشەکان بوو، لەگەڵ ئەوەدا کە بۆخۆیان ئامادە بوون بە سەر و ماڵ یارمەتیی شۆڕش بدەن بەڵام کاتێ کە کار دەگەیشتە سەر گیانبەختکردنی ڕۆڵەکانیان، خەمی لەدەستدانی ئازیز و داخی جەرگسووتان زۆر جار دەیپرینگاندنەوە و هەوڵیان دەدا ڕۆڵەکانیان لە پەیوەستبوون بە خەبات و بزووتنەوە پاشگەز بکەنەوە. لێ شۆڕشی ژینا نیشانی دا کە ئازادیخوازی و سەربەستیویستیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەست تێپەڕ بووە و سۆز جێگای خۆی بۆ خۆ قوربانیکردن و قوربانیدانی بە ئاگایانە و تێگەیشتوانە بەجێ هێشتووە. لاوان کە لەم شۆڕشەشدا وەک پێشوو هەروا ئامادەن خۆ بە قوربانی ئازادی بکەن ئەمجار دایک و باوکەکانیش ئەگەر بە چاوی بە فرمێسک و دڵی بەسۆوە بەڵام بە سەخاوەتەوە ئامادەی پێشکەشکردنی ئەو قوربانییە بە ئازادیی گەل و بە ڕزگاریی نیشتمانن و مەرگی ئازیزانیان دەکردەوە بە هۆیەک بۆ جۆشدانەوەی شۆڕش و گەرمکردنەوەی کووڕەی خەبات.

لە ژمارە ٨٣٤ی "کوردستان"دا لەژێر ناوی "کۆمارە کەم تەمەنەکانی شۆڕشی ژینا" باسی ئەو لاوانە کراوە کە چۆن بەر لە شەهیدبوون، ئامادەیی خۆیان بۆ خۆ قوربانیکردن لەپێناو ئازادی و ڕزگاریدا دەردەبڕی و ماوەیەکی کەمی دوای ئەوە، لە شەقامەکاندا، بە دەم خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی و بە دانی درووشمی ئازادی بەڵێنیی خۆیان بەجێ دەگەیاند. باسی شەهیدانی وەک ڕەزا شەهپەڕنەژاد، کۆمار دەرئۆفتادە، پەیمان مینبەری و شاهۆ خزرییەکان کە لە دوایین ستۆرییەکانی ئینستاگرامیاندا، ئامادەیی خۆیان بۆ خۆ قوربانیکردن بە ئازادی و ڕزگاری ڕاگەیاندبوو. لێرەش باس لەو دایک و باوکانەیە کە چۆن بەرەوڕووی هەواڵی مەرگی کۆرپەکەیان بوونەوە و شەهیدبوونی ئەوانیان کردەوە بە هۆی جۆشدانەوەی خەبات و شەهادەتی ئەوانیان پێشکەش بە ڕزگاریی خاک و ئازادیی گەل کرد. لەم نێوەدا هەڵوێست و هەڵسوکەوتی باوک و دایک و بە گشتی بنەماڵەی ژینا یەکەمین کاردانەوەی سەربەرزانە و بەرەنگاریانەی ئەو دایک و باوکانەیە کە دوای کوژرانی ڕۆڵەکانیان، تەسلیمی هەڕەشەی کاربەدەستانی ڕێژیم نەبوون و سەربەرزانە خاوەندارەتییان لە شەهیدەکەیان کرد. ژینا کە یەکەم شەهیدی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوو، تەسلیم نەبوونی بنەماڵەکەشی بۆ ناشتنی بەپەلە و دوور لە چاوی خەڵک یەکەمین هەوڵی بنەماڵەیەکی کورد لەو قۆناغەدا بوو بۆ ئەوەی نەک وەک کۆست بەڵکو وەک هاندەرێک بۆ بەگژداچوونەوەی ستەم و سەرکوت، لەگەڵ مەرگی ئازیزەکەیاندا هەڵسوکەوت بکەن. ئەو شێعرەی خوارەوە نموونەیەک لەو هەستی بەگژ دەسەڵاتدا چوونەوە لە سۆنگەی شەهیدبوونی ئازیزێکدایە کە ڕۆژی پێنج‌شەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١ واتە چەند ڕۆژ دوای دەسپێکی سەرهەڵدان، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ژینادا لەلایەن یەکێک لە نیزیکانی بنەماڵە لەسەر گڵکۆکەی خوێندرایەوە؛

دیکتاتۆری خوێنمژی ژن               دەرتدێنین لە ڕیشە و بن
تاران ڕۆحی ساردی شەیتان           بوویتە ئەسبابی دەرد و ژان
بوویتە مۆتەکەی کوردستان           ژینت لە گشت کوردێک ستان
ئەسرین نەما لە چاوانم                کوشتت ژینای کوردستانم
قژی دیار بوو لە چاوتانا               وتتان کیژی کوردستانە
دەبێت ڕۆحی لێ بستێنین            لە ڕەگ و ڕیشەی دەربێنین
ئەمە کیژی کوردستانە                  ڕۆڵەی ئازادیخوازانە
بێخەبەرن ئەو هەر ماوە              هێز و تینە و سۆمای چاوە
سەمبولی بەرخۆدانی شارە            ئەتانباتە پای سێدارە
ئەمڕۆ ژنانی کوردستان                 سەمبۆلن بۆ هەموو جیهان
هێزی ژن هێزی ژیانە                  گشت ژنی کورد ژینا گیانە

لەم قۆناغە نوێیەی خەباتدا شەهیدبوونی کۆرپە ئەو دەرفەتە بۆ دایک و باوکان دەهێنێتە ئاراوە کە بەجێی گریان و شین، خۆیان لەبەرامبەر دوژمندا قورس و قایم نیشان بدەن و وەک ڕێبەرێکی شیاوی بزووتنەوەکە دەر بکەون. خەڵکی کوردستان لەو ماوەیەدا نیشانیان دا کە لە ڕۆژی ڕاپەڕیندا و لە کوورەی خەباتدا هەر کامیان ڕێبەر و ڕێنیشاندەرێکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەیانن. عەباس مەحموودی باوکی شەهید فەرەیدوون مەحموودی لە یەکەمین باوکانی شەهید بوو کە ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، لە کاتی ناشتنی تەرمی کوڕەکەی و لەنێو گڵکۆی ڕۆڵەکەیەوە بانگەوازی لە گشت دایک و باوکان کرد کە لەو سەرهەڵدانەدا ڕۆڵەکانیان بە تەنیا نەهێڵنەوە و تا سەرکەوتن لەتەکیانا بن: "داوا لە دایکوباوکەکانی تەواوی ئێران ئەکەم پێشقەدەم بن، لەگەڵ ڕۆڵەکانیانا دەستیان بگرن و لەگەڵ ئەوانا بچن. ئەوەی ‏ئەبینم جەوانە. توخوا با ئێمە لەماڵەوە نەخەوین، با دەست بە دەستیانەوە بین، با لەگەڵیانا بین، با نەهێڵین دوچاری ‏هەڵە و ئیشتیبا بین، ئەو کارە تازە ئەشێ بکرێ، ئەبێ تەواو بێ، ئەبێ ئیتر نەمێنێ ئەم کۆنە، کۆنەپەرەستی نابێ بمێنێ."  

ئەم هەست و هەنگاوە نەک هەر تەنیا لەلایەن باوکانەوە دوای شەهیدبوونی کۆرپەکەیان بەڵکو بەشێوەی پێچەوانە و لەلایەن ڕۆڵەکانیشیانەوە دوای مەرگی باوک چەندان جار خۆی نواند. یۆسف کوڕی شەهید غەفوور مەولوودی وێنەیەکی ئەو کەسانە بوو کە لەکاتی ناشتنی باوکیدا ڕوو بە جەماوەری ڕاپەڕیو بە گوتنی ڕستەی "ڕێژیم لە تاران فاشیستە و لە کوردستان داگیرکەر" پێناسەیەکی پڕ بە پێستی لە جۆر و هۆی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵکی کوردستان کرد و سەبارەت بە مەرگی باوکی وتی: شەهیدبوونی بابم بۆ من، بۆ خوشکم، بۆ براکەم، بۆ دایکم دەبێتە هۆی گڕگرتنی بیر و هەستی نەتەوەییمان و درێژەپێدان بە ڕێبازی هەموو شەهیدانی کوردستان."

ترۆپکی هەڵوێستی دایک و باوکان لەحاند مەرگی کۆرپەکانیان لەلایەن حەسەن دەرئۆفتادە هاتە ئاراوە کە لەکاتی ناشتنی ڕۆڵەکەیدا وتی: ‏«ئەو کوڕەی من لە ٢٥ی گەلاوێژ لەدایک بوو، ناوم لێنا کۆمار. کوڕی من شەھیدە و سەربەرزم کە لە پێناو نیشتیمان ‏و نەتەوەکەیدا شەھید بوو. با فیدای ئەو ئاو و خاکە بێ» کاک حەسەن لە چلەی شەهیدبوونی کۆرپەکەشیدا جارێکی دیکە جەختی لەسەر هەڵوێستی خۆی کردەوە و وتی: "کۆمار تەنیا کوڕی من نییە، کوڕی هەموو نەتەوە زۆرلێکراوەکانە. هەموو ئەوانەی دیکتاتۆرەکان خوێنیان دەمژن."

کاریگەریی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەماڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینادا گەلێک جاری تریش خۆی نواند. باوکی شەهید کاروان قادرشوکری وەک باوکی کۆمار لەکاتی ناشتنی کۆرپەکەیدا ئەو ڕاستییەی ئاشکرا کرد و وتی: "ئەو قارەمانە جوانە کە لەدایک بوو بە نێوی کاروانی شەهیدان نێوم لێ نا کاروان و ئێستاش ئەوە پێشکەش بە کاروانی شەهیدانم کرد. ئیشەڵڵا ڕۆژی ڕزگاری دێ و تۆڵەی هەموو شەهیدەکان دەکەینەوە."  

کاریگەریی بەرنامەی کاروانی شەهیدان لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانەوە لە ڕێوڕەسمی ناشتنی شەهید موئمینی زەند کەریمی لە ئاوایی ماچکەی سنەش جارێکی تر خۆی نواندەوە کە تێیدا خاتوونێکی ئەندامی بنەماڵە شەهیدبوونی کۆرپەکەیانی بە شانازییەکی بنەماڵەیی ‏خەمڵاند و شێعری شەهیدی شێرکۆ بێکەسی بەباڵای شەهیدەکەی خۆیان بڕی. شێعرێک کە ساڵانێک دەسپێکی بەرنامەی کاروانی شەهیدان بوو: شەهید سۆمای ‏چاوە کە دواڕۆژی ڕووناکمان پێشان ئەدا، شەهید باڵای بەقەد باڵای کوردستانە، کوردستان کوردستان ‏گۆڕستانی فاشیستان، شانازی و مەزنیی ئێمەی کورد ئەوەسە چل و سێ ساڵ لەمەوبەر نامان بە ‏کۆماری ئیسلامی وت و ئیستا بە ‏خۆشحاڵییەوە مەردۆمی ئێران هاتنە ڕیزی ئێمەوە... وەک ئەندامی ‏بنەماڵەی مۆئمێن ئیفتخارە بۆ تەک تەکمان. ‏ڕەزاخانی پاڵەوی نەیتوانی تایەفەی زەند لە بەین ببا، ‏حکوومەتی ئیسلامیش ناتوانێ ئەو کارە بکا. بژی کوردستان، ‏بژی ئازادی."‏

مامۆستا محەممەد باوکی ئەندازیاری شەهید بامشاد سولەیمانخانی لەکاتی ناشتنی ڕۆڵەکەیدا لە ئاودانانی ئیلام، دەنگی ئازادیخوازیی کوڕەکەی بوو و وتی: "بامشادی من ڕێگای خۆی کە هونەری ئازادی و ئازادیخوازی بوو، هەڵبژاردووە، کوڕی من دوو دەردی هەبوو؛ ژانی نیشتمان و ژانی تێگەیشتن. بۆیە هیچکات لەبەرانبەر ئەو زوڵم و ستەمەی کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا و "ژن، ژیان، ئازادی"دا، خەڵکی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی بوونەوە بێدەنگ نەبوو و لەهەمان ڕێگاشدا گیانی فیدا کردووە."

‏نموونەیەکی بەرزی ئامادەیی بۆ فیداکردنی خۆشەویستترین کەسەکان لەپێناو ئازادی و ڕزگاریدا، لەلایەن فەقێ محەممەد ڕەحمانی باوکی شەهید مێهرانەوە نیشان درا کە ڕۆژی ١٨ی نۆڤامبر لەکاتی ناشتنی ڕۆڵەکەیدا لە ئاوایی قالوێی گەورکان وتی: "من بە ڕاستی سەربڵیندم و شانازی دەکەم بە شەهیدبوونی ‏کوڕەکەم لە ڕێگای ڕزگاریی کوردستان. بەجێی ئەوەی سەرەخۆشیم لێ بکەن، پێم خۆشە یەک بە یەکتان ‏پیرۆزباییم لێ بکەن. پیرۆزبایی لە شەهیدە نازدارەکەم بکەن. بۆخۆم لە حوجرەکاندا نانی ئێوەم خواردووە. ‏کوڕەکەم نە پێویستی بە تەڵقینە و نە پێویستی بە نەسیحەت کردنە، ئەگەر بەهەشتێک هەبێ، دڵنیام کوڕەکەم ‏لەوێیە. بۆ ئازادی دەبێ نرخیش بدەین. منیش ئەگەر قابیل بە کوردستان بێ جگەر گۆشەکەم، لە دەرووندا ئەنجن ‏ئەنجنم، ٢٢ ساڵە زەحمەت بەو منداڵەوە دەکێشم بەڵام ئەمڕۆ سەربەرزم کە کوڕەکەم بە سەرفرازی، دەستی ‏هەڵێنا و ژن ژیان ئازادی کوتەوە.. من سەرەخۆشی لە ئێوە دەکەم چون شەهیدی من نییە، شەهیدی ئێوەیە و ‏پێشکەشم کرد بە خاکی پاکی کوردستان و هەر لە خاکی پاکی کوردستانیشدا شاردمەوە. زۆر جار دەمکوت مەچووە دەرێ بە خاتری بابت، با بابت پشتی نەشکێ، دەیگوت من بۆ گەلێک دەچمە دەرێ ‏کە پەروەردەدەری پێغەمبەری ئاشتی بوو، من کە گیانم دانا، پێشکەشی ڕێبازی بێ."

ئەم ئاوێتەبوونی جگەرسووتاوی و شانازییە و ئەم شانازیی گێڕانەوەی چۆنییەتیی بەرەوپیری مەرگ چوونی ڕۆڵە ئازادیخوازەکان، لەلایەن باوکی شەهید ڕەزا شەهپەرنەژاد و لە چلەی شەهیدبوونی مینوو مەجیدی‌دا بەیان کرا؛ "وە ڕەزا وەتمە، من سێ برا داشتم کە هیچ کامیان لە ژیان نەمانە، باوکیشم فەوت کردێیە، تو لە جێ براو و ‏باوکمی، خوەت لە شوونەیل قەرەباڵخ وە دویر بگر. ڕەزا وەت: باوگە ئەی قسە چەس کەیدەی. «ژینا»یش تاقانە بوی، تا ‏خوین نەڕشێ، شووڕش سەرناگرێ.

بورهان ئەلیاسی، وەرزشکاری لاوی کورد بوو کە ڕۆژی شەممە ۱۰ی بەفرانباری ١٤٠١، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، ‏بە گوللـەی بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە شاری جوانڕۆ گیانی لەدەست دا.‏ برای شەهید بورهان لەسەر گڵکۆی براکەی پەیامی باوکی لەمەڕ شەهیدبوونی کۆرپەکەی بەم جۆرە ڕاگەیاند و وتی: باوکم زۆر جار دەڵی هەموومان دەڕۆین و ئەم دنیایە جێ دەهێڵین بەڵام هێندێک کە دەڕۆن، تەنیا لە بنەماڵەکەیان کەم دەبنەوە، بەشێک لە تایفەیەک کەم دەبنەوە و بازێکیش لە نیشتمانێک کەم دەبنەوە. گیانێکیش کە لە پێناو نیشتماندا بێ هەزاران ژیانی بەقوربان بێ."

‏باوکی شەهید محەممەد حەسەن‌زادە نموونەی دیکەی ئەو دایک و باوکانە بوو کە بە سەخاوەتەوە شەهیدبوونی ڕۆڵە ئازاکەیان پێشکەش بە نیشتمان کرد و لە بەرەبەیانیی ئەو شەوەدا کە محەممەد شەهید بوو، بە ئاپۆرای خەڵکی وت: وەکوو مرۆڤێکی ڕاستەقینە تەسمیمم گرتووە خۆ نەشارمەوە. ئێمە دەبێ سنگ بە گوللەوە نێین. کورد ئەگەر ‏دەست بداتە دەستی یەک لابردنی ناڵەشکێنە وەک ئاو خواردنەوەیە. ئەگەر دەمانویست بە یەکێ بڵێین زۆر ‏پیاوە، زۆر بە غیرەتە، زۆر بە نامووسە، زۆر بە ویژدانە، لە وشەی پیاو کەلکمان وەردەگرت. دەمانوت زۆر پیاوە، ‏ئێستا پیاوێک کە بیهەوێ زۆر پیاو بێ، دەبێ زۆر ژن بێ. بە ڕاستی ئازایەتیی ژنەکان لە پیاوەکان زیاترە.‏"

ئەگەرچی لە ڕێوڕەسمی ناشتنی شەهیدەکاندا ئەوە پتر باوکەکان بوون کە وەک داشداری ڕێبازی کۆرپە شەهیدەکەیان قسەیان بۆ بەشداران و خەڵکی ڕاپەڕیو دەکرد بەڵام لە درێژەی بزووتنەوەدا و هەتا ئێستاش ئەوە دایکانن کە بە کۆبوونەوەی بەردەوام، بە سەردانی بنەماڵەی شەهیدەکانی تر، بە سەردانی گڵکۆی شەهیدان، بە بەرەنگاربوونەوە لە حاندا هێزە سەرکوتکەرەکان، بە هەڵوێست لەبەرامبەر پیلانەکانی ڕێژیم و بە بەشدارییان لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا مەشخەڵی ئەو بزووتنەوەیەیان هەروا ڕۆشن ڕاگرتووە. لە ڕەوتی هەڵبژاردنی نمایشیی ڕێژیم لە ١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاویدا، دایە فاتمە دایکی شەهید سەعید محەممەدی یەک لەو دایکانە بوو کە دەنگی هەڵبڕی و وتی؛ "دەنگیان پێ مەدەن و لێیانگەڕێن با گۆڕیان ون بێت، با ئەم ڕێژیمە نەمینێت، ئەوە بێ‌غیرەتی و خیانەت بە خوێنی جەوانانی ئێمەیە کە دەنگ بەم ڕێژیمە بدرێ و هەر کەس دەنگیان پێ بدات، پێ لەسەر خوێنی شەهیدەکانمان دادەنێ، با خوێنی جەوانانمان نەفەوتێ."

سەخاوەتی قوربانیدان لەپێناو ئازادیدا تایبەت بە دایک و باوکان نییە. زۆر جار ژنان و پیاوانی تێکۆشەریش دوای لەدەستدانی هاوسەر و هاوژینەکەیان بە هەمان نەفەسی ڕێبەریی خەبات و جووڵانەوە دەردەکەون. هاوژینی شەهید شەماڵ خەدیری‌پوور نموونەیەک بوو کە لەسەر گڵکۆی هاوسەرەکەی دوای ئەوەی هەستی خۆی بە خوێندنەوەی ‏شێعری کۆچی شێرکۆ بێکەس دەربڕی، ڕوو بە خۆشەویستە شەهیدەکەی وتی: "سەربەرزم کە تۆ لە ڕێی ئازادیدا گیانی خۆت بەخت کرد و شانازی دەکەم کە ‏وەک هاوسەری هەموو ژنە شەهیدەکان، منیش هاوسەری شەهیدێکی نیشتیمانم".

‏ لەوەتی کۆچ هەیە کۆچ دەکەم
ئەوەتەی گڕ هەیە ئەسووتێم
ئەوەتەی ئاو هەیە ئەخنکێم
ئەوەتەی تیخ هەیە قوربانیم ‏
ئەوەتەی خاک هەیە بێ خاکم
ئەوەتەی شاخ هەیە تلۆر ئەبمەوە
ئەوەتەی دار هەیە لێ ئەدرێم

پێچەوانەی هەستی بەرەنگاربوونەوەی ژن لە سۆنگەی شەهیدبوونی مێردەکەیدا لەلایەن ڕەحیم گوڵی هاوسەری شەهید فریشتە ئەحمەدیەوە بیندرا کە لە سەر گۆڕی هاوسەرە شەهیدەکەی گوتی: "دوێنێ ‏دادستان هات دڵخۆشیم بداتەوە و دەستی هێنا بەڵام دەستم لەگەڵ لێنەداوە، چون بە دوژمنی ‏خۆمی دەزانم. حکوومەتی جمهوری ئیسلامی بە دوژمنی خۆم دەزانم. غەیری ئەو ڕەژیمە هیچ کەس ‏فریشتەی شەهید نەکردووە. فریشتە لەسەر دەستی خۆم شەهید بوو."‏

یادکردنەوەی ناو و ڕێبازی شەهیدەکان لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە لەکاتی ناشتن، لە چلە یان ساڵوەگەڕی شەهیدبوونیاندا، لە ڕۆژی لەدایکبوون و ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دەوری گرینگی لە زیندوو هێشتنەوەی بزووتنەوەی ژینادا هەبووە کە پتری ئەوانە بە هەوڵ و کۆششی دایکانی شەهید بووە. کاتێک سەرنج دەدەینە گوشار و هەڕەشە و گرتن و زیندانی کردنی زۆر و بەردەوامی ئەندامانی ئەم بنەماڵانە لەلایەن ڕێژیمی فاشیستی کۆماری ئیسلامییەوە، پتر ئاستی خۆڕاگری و شێلگیریی ئەو بنەماڵانە بۆ درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدەکانمان بۆ دەردەکەوێ. لە کاتی نووسینی ئەم دێڕانەدا ئەوە چەند حەوتوویە کە دایە مینا، دایکی ‏شەهید شەهرام محەممەدی بە تاوانی زیندووڕاگرتنی یاد و ڕێبازی ڕۆڵەکەی لە زیندان توند کراوە. ئەو دایکەی کاتێک شینی بۆ ڕۆڵە شەهیدەکەی دەگێڕا، بە شانازییەوە ئەوی وەک شەهیدی کوردستان دەناساند و ئاوای دەلاواندەوە:

سمێڵ نیمەڕۆ، کاکۆڵ ڕەیحانە
شەهریار شەهیدی ڕێی کوردستانە

ڕازاندنەوەی گڵکۆی شەهیدان و شێعر و درووشمی نیشتمانیی سەر کێل و بەردەکانیان ئەگەرچی بابەتێکی تازە نییە بەڵام ئەنجامدانی ئەو کارە لەژێر دیکتاتۆری و زەبروزەنگی کۆماری سەرکوت و سێدارەدا قووڵایی پشتیوانی و باوەڕی ئەو بنەماڵانە بەو ڕێگا و ڕێبازە نیشان دەدا کە ڕۆڵەکانیان لەپێناویدا گیانیان بەخشی. ئەم کارەش لە کێلە سادە و بەردینەکەی ژیناوە دەستی پێ کرد کە لەسەری نووسرا؛ ژینا گیان تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕەمز. ئەم پێشبینییە ڕاست دەرچوو و ناوی ژینا بوو بە ڕەمزی گەورەترین ڕاپەڕین و سەرهەڵدان لە دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری تاران کە سەرانسەری ئێران و جیهانی گرتەوە. ڕاپەڕینێک کە لە کوردستان سەری هەڵدا و لەلایەن شەقامی کوردستانەوە پێشەنگایەتی کرا. لە دوای ئەوە کێلی شەهیدەکان بوون بە تابڵۆیەکی گرینگ بۆ گەیاندنی پەیامی شەهید بە مەبەستی هەرچی زیاتر جۆشدانەوەی خەبات. لە بەرامبەردا ڕێژیم و قوڵە چۆماغەکانیشی گەلێک جار هەڵیانکوتاوەتە سەر گڵکۆی ئەو شەهیدانە و دەستیان بە شکاندنی کێل و بەردەکانیان کردوووە. لەسەر گڵکۆی زۆربەی شەهیدەکان دوایین وتەی شۆڕشگێڕانەی شەهید نووسراوە. وەک ئەوەی شەهید کۆمار لە ستۆرییەکی ئینستاگرامیی خۆیدا نووسی؛ "لە هەر شتێک زۆرتر ئازادیتان خوش بوێ" یان ئەو دێڕە شێعرەی شێرکۆ بێکەس کە کێلی گڵکۆی شەهید ئازاد حوسێنپووری پێ نەخشێندرا:

ئەوەی هەرگیز پێتان ناکرێ 
سڕینەوەی ئازادییە لە ڕۆحمانا

یان درووشمی "ژن ژیان ئازادی" کە کێلی شەهید فریشتە ئەحمەدی پێ نەخشێندرا.

دوایین شەهیدی بزووتنەوەی ژینا تا نووسینی ئەم دێڕانە، شەهید ڕەزا ڕەسایی‌، زیندانی سیاسی و لە گیراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بوو کە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان لە سێدارە درا. دوای شەهیدبوونی لە گۆڕستانی "میناباد"ی کرماشان بە خاک سپێردرا و لەسەر بەردی گڵکۆکەی شێعرە بەناوبانگەی "لە بەندیخانەدا"ی "قانع"، شاعیری ناوداری کورد، نووسرا کە دەڵێ:

«ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی بەندیخانەیە
ئەم کەلەپچە مەرهەمی زامی دڵی دێوانەیە
زۆر دەمێکە چاوەڕوانی زڕزڕەی زنجیر ئەکەم
سەیری ئەم زنجیرە کەن، وەک زێوەری شاهانەیە
گەر بە ئازادی نەژیم مردن خەڵاتە بۆ لەشم
نۆکەری و سەر دانەواندن کاری نامەردانەیە

نیزیک بە چوار دەیە لەوەپێش دوکتور قاسملووی مەزن لە کۆڕی ناشتنی یەکێک لە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی کوردستاندا گوتی؛ "گەلێک کە ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا." ئەو  هەم وەک خۆی و هەمیش هاوڕێ و جێگرەوەکەی و سەدان و هەزاران پێشمەرگە و ئەندام و کادری ڕێبەریی حیزبەکەی بە کردەوە باوەڕی خۆیان بەو وتەیە نیشان دا گیانی خۆیان بۆ ئازادیی مرۆڤی کورد و بۆ ڕزگاریی خاکی کوردستان بەخشی. ڕەنگە ئەو وتار و کردارە زیاتر لە هەر شتێک کۆمەڵگەی کوردستانی بۆ دانی نرخی ئازادی ئامادە کردبێ. بۆیە لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینادا "درووشمی "قاسملوو ‏ڕێگات درێژەی هەیە" بەردەوام لە شەقام و گۆڕەپانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گوترایەوە و زایەڵەی دایەوە. درووشمێک کە زیاتر لە هەر درووشمێکی دیکە ڕێژیمی تووڕە و شپرزە کرد. لاو و پیر و ژن و پیاو بە دانی ئەم درووشمە و بە سینگی ڕووتەوە بەرەوڕووی تەقە و دەسڕێژی هێزە ‏بەکرێگیراو و سەرکوتکەرەکان بوونەوە تا وەک ڕێبەرە شەهیدەکەیان و ڕێبوارانی ڕێگاکەی بە هەموو خەڵکی جیهان نیشان بدەن کە لێرە گەلێک ئازادی دەوێ و ئامادەیە نرخی ئەو ئازادیە بدا.

 

* بۆ بەرگی سێی کتێبی سوورخەڵاتان نووسراوە کە تایبەت بە شەهیدانی بزووتنەوەی ژینایە

بابەتی نوێ:

بۆچی دوا پێنج‌شەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە

  لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنج‌شەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...