۷/۲۴/۱۴۰۳

گەلێک کە ئازادی دەوێ..

  تاهیر قاسمی 

قەلبی من گەر چەشنی لالە بێت و نەوتی تێ بکەن

ئاگری دوژمن بێتە گیانم وەک چرا من پێ بکەن

شەقشەقی کەن گۆشت و ئێسقان یەکبەیەک خوێی تێ بکەن

بێ ترس من دێمە مەیدان حوکمە ئازادیم دەوێ

گەر نەسووتێم و نەخنکێم چۆن هەژارم سەرکەوێ؟!‏

                         "سامی عەوداڵ"

 

فاکتەرەکانی پەرەگرتن و سەرکەوتنی بزووتنەوە یان شۆڕشێکی ڕزگاریخوازانە جۆراوجۆرن. هەر لە پێویستیی هەبوونی ڕێبەر و ئامانج و ئیدئۆلۆژیی دیاریکراوەوە تا پشتیوانیی ناوچەیی و نێونەتەوەیی. لەم نێوەشدا ئامادەیی گەل بۆ دانی نرخی ئازادی لەپێناو سەرکەوتن و سەرخستنی بزووتنەوەدا یەک لە گرینگترینیانە. نرخی ئازادیش لە بەرامبەر سیستمە تۆتالیتەر و دیکتاتۆرەکاندا بەداخەوە بەر لە هەر شت، فیداکاریی ڕۆڵەکانی نیشتمان و ئامادەییان بۆ بەخشینی گیان و قوربانیدانە.

گەلی کورد بە درێژایی مێژووی درێژی خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازانەی، هیچکات لە بەخشینی گیانی ڕۆڵەکانی خۆی تەنەخی نەکردووە. لاوانی ئەم گەلە هەمیشە بە سەخاوەتەوە گیانیان بۆ ڕزگاریی نیشتمان و ئازادیی گەل بەخشیوە و مێژوو باشترین گەواهی ئەم ڕاستیەیە بەڵام لە شۆڕشی ژینادا کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشانی دا کە هەنگاوێک لەوەش واوەتر چووە و گەل بە هەموو چین و توێژەکانییەوە لە هەمیشە زیاتر ئامادەی قوربانیدان و خۆ قوربانیکردنە.

ئەگەر لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی پێشتردا، لاوانی بەشدار لە شۆڕش و بزووتنەوەدا  ئامادە بوون بە گیانی خۆیان نرخی ئازادی و ڕزگاری بدەن و لەو پێناوەدا لە هیچ چەشنە گیانبازی و گیانبەختکردنێک تەنەخییان نەدەکرد، بنەماڵەکان لەگەڵ ئەوەدا کە دڵیان لەگەڵ شۆڕشەکان بوو، لەگەڵ ئەوەدا کە بۆخۆیان ئامادە بوون بە سەر و ماڵ یارمەتیی شۆڕش بدەن بەڵام کاتێ کە کار دەگەیشتە سەر گیانبەختکردنی ڕۆڵەکانیان، خەمی لەدەستدانی ئازیز و داخی جەرگسووتان زۆر جار دەیپرینگاندنەوە و هەوڵیان دەدا ڕۆڵەکانیان لە پەیوەستبوون بە خەبات و بزووتنەوە پاشگەز بکەنەوە. لێ شۆڕشی ژینا نیشانی دا کە ئازادیخوازی و سەربەستیویستیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەست تێپەڕ بووە و سۆز جێگای خۆی بۆ خۆ قوربانیکردن و قوربانیدانی بە ئاگایانە و تێگەیشتوانە بەجێ هێشتووە. لاوان کە لەم شۆڕشەشدا وەک پێشوو هەروا ئامادەن خۆ بە قوربانی ئازادی بکەن ئەمجار دایک و باوکەکانیش ئەگەر بە چاوی بە فرمێسک و دڵی بەسۆوە بەڵام بە سەخاوەتەوە ئامادەی پێشکەشکردنی ئەو قوربانییە بە ئازادیی گەل و بە ڕزگاریی نیشتمانن و مەرگی ئازیزانیان دەکردەوە بە هۆیەک بۆ جۆشدانەوەی شۆڕش و گەرمکردنەوەی کووڕەی خەبات.

لە ژمارە ٨٣٤ی "کوردستان"دا لەژێر ناوی "کۆمارە کەم تەمەنەکانی شۆڕشی ژینا" باسی ئەو لاوانە کراوە کە چۆن بەر لە شەهیدبوون، ئامادەیی خۆیان بۆ خۆ قوربانیکردن لەپێناو ئازادی و ڕزگاریدا دەردەبڕی و ماوەیەکی کەمی دوای ئەوە، لە شەقامەکاندا، بە دەم خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی و بە دانی درووشمی ئازادی بەڵێنیی خۆیان بەجێ دەگەیاند. باسی شەهیدانی وەک ڕەزا شەهپەڕنەژاد، کۆمار دەرئۆفتادە، پەیمان مینبەری و شاهۆ خزرییەکان کە لە دوایین ستۆرییەکانی ئینستاگرامیاندا، ئامادەیی خۆیان بۆ خۆ قوربانیکردن بە ئازادی و ڕزگاری ڕاگەیاندبوو. لێرەش باس لەو دایک و باوکانەیە کە چۆن بەرەوڕووی هەواڵی مەرگی کۆرپەکەیان بوونەوە و شەهیدبوونی ئەوانیان کردەوە بە هۆی جۆشدانەوەی خەبات و شەهادەتی ئەوانیان پێشکەش بە ڕزگاریی خاک و ئازادیی گەل کرد. لەم نێوەدا هەڵوێست و هەڵسوکەوتی باوک و دایک و بە گشتی بنەماڵەی ژینا یەکەمین کاردانەوەی سەربەرزانە و بەرەنگاریانەی ئەو دایک و باوکانەیە کە دوای کوژرانی ڕۆڵەکانیان، تەسلیمی هەڕەشەی کاربەدەستانی ڕێژیم نەبوون و سەربەرزانە خاوەندارەتییان لە شەهیدەکەیان کرد. ژینا کە یەکەم شەهیدی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوو، تەسلیم نەبوونی بنەماڵەکەشی بۆ ناشتنی بەپەلە و دوور لە چاوی خەڵک یەکەمین هەوڵی بنەماڵەیەکی کورد لەو قۆناغەدا بوو بۆ ئەوەی نەک وەک کۆست بەڵکو وەک هاندەرێک بۆ بەگژداچوونەوەی ستەم و سەرکوت، لەگەڵ مەرگی ئازیزەکەیاندا هەڵسوکەوت بکەن. ئەو شێعرەی خوارەوە نموونەیەک لەو هەستی بەگژ دەسەڵاتدا چوونەوە لە سۆنگەی شەهیدبوونی ئازیزێکدایە کە ڕۆژی پێنج‌شەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١ واتە چەند ڕۆژ دوای دەسپێکی سەرهەڵدان، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ژینادا لەلایەن یەکێک لە نیزیکانی بنەماڵە لەسەر گڵکۆکەی خوێندرایەوە؛

دیکتاتۆری خوێنمژی ژن              دەرتدێنین لە ڕیشە و بن

تاران ڕۆحی ساردی شەیتان           بوویتە ئەسبابی دەرد و ژان

بوویتە مۆتەکەی کوردستان           ژینت لە گشت کوردێک ستان

ئەسرین نەما لە چاوانم                کوشتت ژینای کوردستانم

قژی دیار بوو لە چاوتانا               وتتان کیژی کوردستانە

دەبێت ڕۆحی لێ بستێنین            لە ڕەگ و ڕیشەی دەربێنین

ئەمە کیژی کوردستانە                  ڕۆڵەی ئازادیخوازانە

بێخەبەرن ئەو هەر ماوە              هێز و تینە و سۆمای چاوە

سەمبولی بەرخۆدانی شارە            ئەتانباتە پای سێدارە

ئەمڕۆ ژنانی کوردستان                 سەمبۆلن بۆ هەموو جیهان

هێزی ژن هێزی ژیانە                  گشت ژنی کورد ژینا گیانە

لەم قۆناغە نوێیەی خەباتدا شەهیدبوونی کۆرپە ئەو دەرفەتە بۆ دایک و باوکانە کە بەجێی گریان و شین، خۆیان لەبەرامبەر دوژمندا قورس و قایم نیشان بدەن و وەک ڕێبەرێکی شیاوی بزووتنەوەکە دەر بکەون. خەڵکی کوردستان لەو ماوەیەدا نیشانیان دا کە لە ڕۆژی ڕاپەڕیندا و لە کوورەی خەباتدا هەر کامیان ڕێبەر و ڕێنیشاندەرێکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەیانن. عەباس مەحموودی باوکی شەهید فەرەیدوون مەحموودی لە یەکەمین باوکانی شەهید بوو کە ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، لە کاتی ناشتنی تەرمی کوڕەکەی و لە نێو گڵکۆی ڕۆڵەکەیەوە بانگەوازی لە گشت دایک و باوکان کرد کە لەو سەرهەڵدانەدا ڕۆڵەکانیان بە تەنیا نەهێڵنەوە و تا سەرکەوتن لەتەکیانا بن: "داوا لە دایکوباوکەکانی تەواوی ئێران ئەکەم پێشقەدەم بن، لەگەڵ ڕۆڵەکانیانا دەستیان بگرن و لەگەڵ ئەوانا بچن. ئەوەی ‏ئەبینم جەوانە. توخوا با ئێمە لەماڵەوە نەخەوین، با دەست بە دەستیانەوە بین، با لەگەڵیانا بین، با نەهێڵین دوچاری ‏هەڵە و ئیشتیبا بین، ئەو کارە تازە ئەشێ بکرێ، ئەبێ تەواو بێ، ئەبێ ئیتر نەمێنێ ئەم کۆنە، کۆنەپەرەستی نابێ بمێنێ."  

ئەم هەست و هەنگاوە نەک هەر تەنیا لەلایەن باوکانەوە دوای شەهیدبوونی کۆرپەکەیان بەڵکو بەشێوەی پێچەوانە و لەلایەن ڕۆڵەکانیشیانەوە دوای مەرگی باوک چەندان جار خۆی نواند. یۆسف کوڕی شەهید غەفوور مەولوودی وێنەیەکی ئەو کەسانە بوو کە لەکاتی ناشتنی باوکیدا ڕوو بە جەماوەری ڕاپەڕیو بە گوتنی ڕستەی "ڕێژیم لە تاران فاشیستە و لە کوردستان داگیرکەر" پێناسەیەکی شیاوی لە جۆر و هۆی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵکی کرد و سەبارەت بە مەرگی باوکی وتی: شەهیدبوونی بابم بۆ من، بۆ خوشکم، بۆ براکەم، بۆ دایکم دەبێتە هۆی گڕگرتنی بیر و هەستی نەتەوەییمان و درێژەپێدان بە ڕێبازی هەموو شەهیدانی کوردستان."

ترۆپکی هەڵوێستی دایک و باوکان لەحاند مەرگی کۆرپەکانیان لەلایەن حەسەن دەرئۆفتادە هاتە ئاراوە کە لەکاتی ناشتنی ڕۆڵەکەیدا وتی: ‏«ئەو کوڕەی من لە ٢٥گەلاوێژ لەدایک بوو، ناوم لێنا کۆمار. کوڕی من شەھیدە و سەربەرزم کە لە پێناو نیشتیمان ‏و نەتەوەکەیدا شەھید بوو. با فیدای ئەو ئاو و خاکە بێ» کاک حەسەن لە چلەی شەهیدبوونی کۆرپەکەشیدا جارێکی دیکە جەختی لەسەر هەڵوێستی خۆی کردەوە و وتی: "کۆمار تەنیا کوڕی من نییە، کوڕی هەموو نەتەوە زۆرلێکراوەکانە. هەموو ئەوانەی دیکتاتۆرەکان خوێنیان دەمژن."

کاریگەریی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەماڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینادا گەلێک جاری تریش خۆی نواند. باوکی شەهید کاروان قادرشوکری وەک باوکی کۆمار لەکاتی ناشتنی کۆرپەکەیدا ئەو ڕاستییەی ئاشکرا کرد و وتی: "ئەو قارەمانە جوانە کە لەدایک بوو بە نێوی کاروانی شەهیدان نێوم لێ نا کاروان و ئێستاش ئەوە پێشکەش بە کاروانی شەهیدانم کرد. ئیشەڵڵا ڕۆژی ڕزگاری دێ و تۆڵەی هەموو شەهیدەکان دەکەینەوە."  

کاریگەریی بەرنامەی کاروانی شەهیدان لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانەوە لە ڕێوڕەسمی ناشتنی شەهید موئمینی زەند کەریمی لە ئاوایی ماچکەی سنەش جارێکی تر خۆی نواندەوە کە تێیدا خاتوونێکی ئەندامی بنەماڵە شەهیدبوونی کۆرپەکەیانی بە شانازییەکی بنەماڵەیی ‏خەمڵاند و شێعری شەهیدی شێرکۆ بێکەسی بەباڵای شەهیدەکەی خۆیان بڕی. شێعرێک کە ساڵانێک دەسپێکی بەرنامەی کاروانی شەهیدان بوو: شەهید سۆمای ‏چاوە کە دواڕۆژی ڕووناکمان پێشان ئەدا، شەهید باڵای بەقەد باڵای کوردستانە، کوردستان کوردستان ‏گۆڕستانی فاشیستان، شانازی و مەزنیی ئێمەی کورد ئەوەسە چل و سێ ساڵ لەمەوبەر نامان بە ‏کۆماری ئیسلامی وت و ئیستا بە ‏خۆشحاڵییەوە مەردۆمی ئێران هاتنە ڕیزی ئێمەوە... وەک ئەندامی ‏بنەماڵەی مۆئمێن ئیفتخارە بۆ تەک تەکمان. ‏ڕەزاخانی پاڵەوی نەیتوانی تایەفەی زەند لە بەین ببا، ‏حکوومەتی ئیسلامیش ناتوانێ ئەو کارە بکا. بژی کوردستان، ‏بژی ئازادی."‏

مامۆستا محەممەد باوکی ئەندازیاری شەهید بامشاد سولەیمانخانی لەکاتی ناشتنی ڕۆڵەکەیدا لە ئاودانانی ئیلام، دەنگی ئازادیخوازیی کوڕەکەی بوو و وتی: "بامشادی من ڕێگای خۆی کە هونەری ئازادی و ئازادیخوازی بوو، هەڵبژاردووە، کوڕی من دوو دەردی هەبوو؛ ژانی نیشتمان و ژانی تێگەیشتن. بۆیە هیچکات لەبەرانبەر ئەو زوڵم و ستەمەی کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا و "ژن، ژیان، ئازادی"دا، خەڵکی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی بوونەوە بێدەنگ نەبوو و لەهەمان ڕێگاشدا گیانی فیدا کردووە."

‏نموونەیەکی بەرزی ئامادەیی بۆ فیداکردنی خۆشەویستترین کەسەکان لەپێناو ئازادی و ڕزگاریدا، لەلایەن فەقێ محەممەد ڕەحمانی باوکی شەهید مێهرانەوە نیشان درا کە ڕۆژی ١٨ی نۆڤامبر لەکاتی ناشتنی ڕۆڵەکەیدا لە ئاوایی قالوێی گەورکان وتی: "من بە ڕاستی سەربڵیندم و شانازی دەکەم بە شەهیدبوونی ‏کوڕەکەم لە ڕێگای ڕزگاریی کوردستان. بەجێی ئەوەی سەرەخۆشیم لێ بکەن، پێم خۆشە یەک بە یەکتان ‏پیرۆزباییم لێ بکەن. پیرۆزبایی لە شەهیدە نازدارەکەم بکەن. بۆخۆم لە حوجرەکاندا نانی ئێوەم خواردووە. ‏کوڕەکەم نە پێویستی بە تەڵقینە و نە پێویستی بە نەسیحەت کردنە، ئەگەر بەهەشتێک هەبێ، دڵنیام کوڕەکەم ‏لەوێیە. بۆ ئازادی دەبێ نرخیش بدەین. منیش ئەگەر قابیل بە کوردستان بێ جگەر گۆشەکەم، لە دەرووندا ئەنجن ‏ئەنجنم، ٢٢ ساڵە زەحمەت بەو منداڵەوە دەکێشم بەڵام ئەمڕۆ سەربەرزم کە کوڕەکەم بە سەرفرازی، دەستی ‏هەڵێنا و ژن ژیان ئازادی کوتەوە.. من سەرەخۆشی لە ئێوە دەکەم چون شەهیدی من نییە، شەهیدی ئێوەیە و ‏پێشکەشم کرد بە خاکی پاکی کوردستان و هەر لە خاکی پاکی کوردستانیشدا شاردمەوە. زۆر جار دەمکوت مەچووە دەرێ بە خاتری بابت، با بابت پشتی نەشکێ، دەیگوت من بۆ گەلێک دەچمە دەرێ ‏کە پەروەردەدەری پێغەمبەری ئاشتی بوو، من کە گیانم دانا، پێشکەشی ڕێبازی بێ."

ئەم ئاوێتەبوونی جگەرسووتاوی و شانازییە و ئەم شانازیی گێڕانەوەی چۆنییەتیی بەرەوپیری مەرگ چوونی ڕۆڵە ئازادیخوازەکان، لەلایەن باوکی شەهید ڕەزا شەهپەرنەژاد و لە چلەی شەهیدبوونی مینوو مەجیدی‌دا بەیان کرا؛ "وە ڕەزا وەتمە، من سێ برا داشتم کە هیچ کامیان لە ژیان نەمانە، باوکیشم فەوت کردێیە، تو لە جێ براو و ‏باوکمی، خوەت لە شوونەیل قەرەباڵخ وە دویر بگر. ڕەزا وەت: باوگە ئەی قسە چەس کەیدەی. «ژینا»یش تاقانە بوی، تا ‏خوین نەڕشێ، شووڕش سەرناگرێ.

دایکی شەهید شەهرام محەممەدی کاتێک شینی بۆ ڕۆڵە شەهیدەکەی دەگێڕا، بە شانازییەوە ئەوی وەک شەهیدی کوردستان دەناساند و ئاوای دەلاواندەوە:

سمێڵ نیمەڕۆ، کاکۆڵ ڕەیحانە

شەهریار شەهیدی ڕێی کوردستانە

بورهان ئەلیاسی، وەرزشکاری لاوی کورد بوو کە ڕۆژی شەممە ۱۰ی بەفرانباری ١٤٠١، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، ‏بە گوللـەی بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە شاری جوانڕۆ گیانی لەدەست دا.‏ برای شەهید بورهان لەسەر گڵکۆی براکەی پەیامی باوکی لەمەڕ شەهیدبوونی کۆرپەکەی بەم جۆرە ڕاگەیاند و وتی: باوکم زۆر جار دەڵی هەموومان دەڕۆین و ئەم دنیایە جێ دەهێڵین بەڵام هێندێک کە دەڕۆن، تەنیا لە بنەماڵەکەیان کەم دەبنەوە، بەشێک لە تایفەیەک کەم دەبنەوە و بازێکیش لە نیشتمانێک کەم دەبنەوە. گیانێکیش کە لە پێناو نیشتماندا بێ هەزاران گیانی بەقوربان بێ."

‏باوکی شەهید محەممەد حەسەن‌زادە نموونەی دیکەی ئەو دایک و باوکانە بوو کە بە سەخاوەتەوە شەهیدبوونی ڕۆڵە ئازاکەیان پێشکەش بە نیشتمان کرد و لە بەرەبەیانیی ئەو شەوەدا کە محەممەد شەهید بوو، بە ئاپۆرای خەڵکی وت: وەکوو مرۆڤێکی ڕاستەقینە تەسمیمم گرتووە خۆ نەشارمەوە. ئێمە دەبێ سنگ بە گوللەوە نێین. کورد ئەگەر ‏دەست بداتە دەستی یەک لابردنی ناڵەشکێنە وەک ئاو خواردنەوەیە. ئەگەر دەمانویست بە یەکێ بڵێین زۆر ‏پیاوە، زۆر بە غیرەتە، زۆر بە نامووسە، زۆر بە ویژدانە، لە وشەی پیاو کەلکمان وەردەگرت. دەمانوت زۆر پیاوە، ‏ئێستا پیاوێک کە بیهەوێ زۆر پیاو بێ، دەبێ زۆر ژن بێ. بە ڕاستی ئازایەتیی ژنەکان لە پیاوەکان زیاترە.‏"

ئەگەرچی لە ڕێوڕەسمی ناشتنی شەهیدەکاندا ئەوە پتر باوکەکان بوون کە وەک داشداری ڕێبازی کۆرپەکەیان قسەیان بۆ بەشداران و خەڵکی ڕاپەڕیو دەکرد بەڵام لە درێژەی بزووتنەوەدا و هەتا ئێستاش ئەوە دایکانن کە بە کۆبوونەوەی بەردەوام، بە سەردانی بنەماڵەی شەهیدەکانی تر، بە سەردانی گڵکۆی شەهیدان، بە بەرەنگاربوونەوە لە حاندا هێزە سەرکوتکەرەکان، بە هەڵوێست لەبەرامبەر پیلانەکانی ڕێژیم و بە بەشدارییان لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا مەشخەڵی ئەو بزووتنەوەیەیان هەروا ڕۆشن ڕاگرتووە. لە ڕەوتی هەڵبژاردنی نمایشیی ڕێژیم لە ١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاویدا، دایە فاتمە دایکی شەهید سەعید محەممەدی یەک لەو دایکانە بوو کە دەنگی هەڵبڕی و وتی؛ "دەنگیان پێ مەدەن و لێیانگەڕێن با گۆڕیان ون بێت، با ئەم ڕێژیمە نەمینێت، ئەوە بێ‌غیرەتی و خیانەت بە خوێنی جەوانانی ئێمەیە کە دەنگ بەم ڕێژیمە بدرێ و هەر کەس دەنگیان پێ بدات، پێ لەسەر خوێنی شەهیدەکانمان دادەنێ، با خوێنی جەوانانمان نەفەوتێ."

سەخاوەتی قوربانیدان لەپێناو ئازادیدا تایبەت بە دایک و باوکان نییە. زۆر جار ژنان و پیاوانی تێکۆشەریش دوای لەدەستدانی هاوسەر و هاوژینەکەیان بە هەمان نەفەسی ڕێبەریی خەبات و جووڵانەوە دەردەکەون. هاوژینی شەهید شەماڵ خەدیری‌پوور نموونەیەک بوو کە لەسەر گڵکۆی هاوسەرەکەی دوای ئەوەی هەستی خۆی بە خوێندنەوەی ‏شێعری کۆچی شێرکۆ بێکەس دەربڕی و ڕوو بە خۆشەویستە شەهیدەکەی وتی: "سەربەرزم کە تۆ لە ڕێی ئازادیدا گیانی خۆت بەخت کرد و شانازی دەکەم کە ‏وەک هاوسەری هەموو ژنە شەهیدەکان، منیش هاوسەری شەهیدێکی نیشتیمانم".

‏ لەوەتی کۆچ هەیە کۆچ دەکەم

ئەوەتەی گڕ هەیە ئەسووتێم

ئەوەتەی ئاو هەیە ئەخنکێم

ئەوەتەی تیخ هەیە قوربانیم ‏

ئەوەتەی خاک هەیە بێ خاکم

ئەوەتەی شاخ هەیە تلۆر ئەبمەوە

ئەوەتەی دار هەیە لێ ئەدرێم

پێچەوانەی هەستی بەرەنگاربوونەوەی ژن لە سۆنگەی شەهیدبوونی مێردەکەیدا لەلایەن ڕەحیم گوڵی هاوسەری شەهید فریشتە ئەحمەدیەوە بیندرا کە لە سەر گۆڕی هاوسەرە شەهیدەکەی گوتی: "دوێنێ ‏دادستان هات دڵخۆشیم بداتەوە و دەستی هێنا بەڵام دەستم لەگەڵ لێنەداوە، چون بە دوژمنی ‏خۆمی دەزانم. حکوومەتی جمهوری ئیسلامی بە دوژمنی خۆم دەزانم. غەیری ئەو ڕەژیمە هیچ کەس ‏فریشتەی شەهید نەکردووە. فریشتە لەسەر دەستی خۆم شەهید بوو."‏

یادکردنەوەی ناو و ڕێبازی شەهیدەکان لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە لەکاتی ناشتن، لە چلە یان ساڵوەگەڕی شەهیدبوونیاندا، لە ڕۆژی لەدایکبوون و ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دەوری گرینگی لە زیندوو هێشتنەوەی بزووتنەوەی ژینادا هەبووە کە پتری ئەوانە بە هەوڵ و کۆششی دایکانی شەهید بووە. کاتێک سەرنج دەدەینە گوشار و هەڕەشە و گرتن و زیندانی کردنی زۆر و بەردەوامی ئەندامانی ئەم بنەماڵانە لەلایەن ڕێژیمی فاشیستی کۆماری ئیسلامییەوە، پتر ئاستی خۆڕاگری و شێلگیریی ئەو بنەماڵانە بۆ درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدەکانمان بۆ دەردەکەوێ. لە کاتی نووسینی ئەم دێڕانەدا ئەوە چەند حەوتوویە کە دایە مینا، دایکی ‏شەهید شەهرام محەممەدی بە تاوانی زیندووڕاگرتنی یاد و ڕێبازی ڕۆڵەکەی لە زیندان توند کراوە.

ڕازاندنەوەی گڵکۆی شەهیدان و شێعر و درووشمی نیشتمانیی سەر کێل و بەردەکانیان ئەگەرچی بابەتێکی تازە نییە بەڵام ئەنجامدانی ئەو کارە لەژێر دیکتاتۆری و زەبروزەنگی کۆماری سەرکوت و سێدارەدا قووڵایی پشتیوانی و باوەڕی ئەو بنەماڵانە بەو ڕێگا و ڕێبازە نیشان دەدا کە ڕۆڵەکانیان لەپێناویدا گیانیان بەخشی. ئەم کارەش لە کێلە سادە و بەردینەکەی ژیناوە دەستی پێ کرد کە لەسەری نووسرا؛ ژینا گیان تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕەمز. ئەم پێشبینییە ڕاست دەرچوو و ناوی ژینا بوو بە ڕەمزی گەورەترین ڕاپەڕین و سەرهەڵدان لە دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری تاران کە سەرانسەری ئێران و جیهانی گرتەوە. ڕاپەڕینێک کە لە کوردستان سەری هەڵدا و لەلایەن شەقامی کوردستانەوە پێشەنگایەتی کرا. لە دوای ئەوە کێلی شەهیدەکان بوون بە تابڵۆیەکی گرینگ بۆ گەیاندنی پەیامی شەهید بە مەبەستی هەرچی زیاتر جۆشدانەوەی خەبات. لەسەر گڵکۆی زۆربەی شەهیدەکان دوایین وتەی شۆڕشگێڕانەی شەهید نووسرا وەک ئەوەی شەهید کۆمار لە ستۆرییەکی ئینستاگرامیی خۆیدا نووسی؛ "لە هەر شتێک زۆرتر ئازادیتان خوش بوێ" یان ئەو دێڕە شێعرەی شێرکۆ بێکەس کە کێلی گڵکۆی شەهید ئازاد حوسێنپووری پێ نەخشێندرا:

ئەوەی هەرگیز پێتان ناکرێ

سڕینەوەی ئازادییە لە ڕۆحمانا

یان درووشمی "ژن ژیان ئازادی" کە لەسەر کێلی شەهید فریشتە ئەحمەدی نەخشێندرا.

دوایین شەهیدی بزووتنەوەی ژینا تا نووسینی ئەم دێڕانە، شەهید ڕەزا ڕەسایی‌، زیندانی سیاسی و لە گیراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بوو کە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان لە سێدارە درا. دوای شەهیدبوونی لە گۆڕستانی "میناباد"ی کرماشان بە خاک سپێردرا و لەسەر بەردی گڵکۆکەی شێعرە بەناوبانگەی زیندانی "قانع"، شاعیری ناوداری کورد، نووسرا کە دەڵێ:

«ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی بەندیخانەیە

ئەم کەلەپچە مەرهەمی زامی دڵی دێوانەیە

زۆر دەمێکە چاوەڕوانی زڕزڕەی زنجیر ئەکەم

سەیری ئەم زنجیرە کەن، وەک زێوەری شاهانەیە

گەر بە ئازادی نەژیم مردن خەڵاتە بۆ لەشم

نۆکەری و سەر دانەواندن کاری نامەردانەیە

نیزیک بە چوار دەیە لەوەپێش دوکتور قاسملووی مەزن لە کۆڕی ناشتنی یەکێک لە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی کوردستاندا گوتی؛ "گەلێک کە ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا." ئەو  هەم وەک خۆی و هەمیش هاوڕێ و جێگرەوەکەی و سەدان و هەزاران پێشمەرگە و ئەندام و کادری ڕێبەریی حیزبەکەی بە کردەوە باوەڕی خۆیان بەو وتەیە نیشان دا گیانی خۆیان بۆ ئازادیی مرۆڤی کورد و بۆ ڕزگاریی خاکی کوردستان بەخشی. ڕەنگە ئەو وتار و کردارە زیاتر لە هەر شتێک کۆمەڵگەی کوردستانی بۆ دانی نرخی ئازادی ئامادە کردبێ. بۆیە لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینادا "درووشمی "قاسملوو ‏ڕێگات درێژەی هەیە" بەردەوام لە شەقام و گۆڕەپانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گوترایەوە و زایەڵەی دایەوە. درووشمێک کە زیاتر لە هەر درووشمێکی دیکە ڕێژیمی تووڕە و شپرزە کرد. لاو و پیر و ژن و پیاو بە دانی ئەم درووشمە و بە سینگی ڕووتەوە بەرەوڕووی تەقە و دەسڕێژی هێزە ‏بەکرێگیراو و سەرکوتکەرەکان بوونەوە تا وەک ڕێبەرە شەهیدەکەیان و ڕێبوارانی ڕێگاکەی بە هەموو خەڵکی جیهان نیشان بدەن کە لێرە گەلێک ئازادی دەوێ و ئامادەیە نرخی ئەو ئازادیە بدا.

 

* بۆ بەرگی سێی کتێبی سوورخەڵاتان نووسراوە کە تایبەت بە شەهیدانی بزووتنەوەی ژینایە

بابەتی نوێ:

گەلێک کە ئازادی دەوێ..

  تاهیر قاسمی  قەلبی من گەر چەشنی لالە بێت و نەوتی تێ بکەن ئاگری دوژمن بێتە گیانم وەک چرا من پێ بکەن شەقشەقی کەن گۆشت و ئێسقان یەکبەیەک خوێی...