۷/۱۶/۱۴۰۳

قەتەر

کاوە لە ڕۆژئاوی کوردستان کە نیشتەجێی نۆروێژە
فەرهاد لە باشووری کوردستان کە نیشتەجێی سوید
من لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشتەجێی فینلاندم
لەو سەفەرەدا بووین بە دۆست و بە یەکەوە گەشتێکی 
نێو شارمان کرد. لێرە چاو لە وێنەکانی گالێرییەک دەکەین

بە تەمای سەفەر بۆ کوردستان بووم. فڕۆکەکە بە قەتەردا دەڕۆیشت و لە دۆحە دەبوو بیگۆڕین. ماوەی نێوان نیشتنەوە و فڕینی دواتر تەنیا یەک کاتژمێر بوو. لەبەر شەڕە هاژەکی ئەم ماوەیەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، زۆربەی فڕۆکەکانی ئۆرووپا ڕێگای خۆیان لە تورکییە و عێراقەوە بۆ سەر بەحری سپی و میسر و لەوێوە بەسەر سعوودیەدا گۆڕیوە. لەبەر ئەوە فڕۆکەکەمان چل دەقیقە وەدرەنگی کەوت. لە فڕۆکەکەشەوە تا فڕۆکەخانە سەرەکییەکە بە پاس مەودای دە دەقیقە بوو. دوای گەیشتن جارێکی دیکە خۆمان و جانتاکانمانیان وەبەر پشکنین دایەوە. بەم جۆرە زیاتر لە کاتژمێرێک درەنگتر گەیشتین و ئیتر فڕۆکەی هەولێر بەجێی هێشتبووین. 

ژمارەی ئەو کەسانەی بەجێ مابوون سەرجەم ٤٠ - ٥٠ کەس دەبووین کە پڕانیمان لە سوید و فەنلاندەوە بە ئامانجی سلێمانی و هەولێر هاتبووین. بە ناڕەحەتی و دەردیسەرییەکی زۆر ئۆفیسی ئەو کۆمپانیایەمان دۆزیەوە کە قەرار بوو بمانگەیەنێ. کارمەندەکانی کۆمپانیاکە دەیانویست نەمانهێڵنەوە و هەر چۆنێ بێ بە ئیماڕات و ئۆردۆن و...دا بەڕێمان بکەن. من تەنانەت بلیتی ئەممان - هەولێریشم بڕی و قەرار بوو سەعات ٨ی بەیانی بڕۆم بەڵام هاوڕێکان پەشیمانیان کردمەوە و خەڵکەکە بە گشتی ئەو بژاردەیان قەبووڵ نەبوو. دەیانویست ڕاستەوخۆ بۆ کوردستان بەڕێ بکرێن و پێیان وا بوو بە ناردنمان بۆ وڵاتێکی دیکە و فڕۆکەخانەیەکی دیکە، تووشی سەرگەردانی دەبین و ئیتر کەس وڵاممان ناداتەوە. سەرەنجام دوای دوازدە کاتژمێر چەنەلێدان و ئەوبەر ئەمبەر کردن، ڕەوانەی هوتێلێکی شاری دۆحەیان کردین. 

 ئەگەرچی بۆخۆم هیچکات بیرم لە سەفەر بۆ قەتەر نەکردبۆوە بەڵام ئەوەم وەک دەرفەتێک قۆستەوە تا زیاتر ئەو وڵاتە بچووکە دەوڵەمەندە بناسەم کە لە سیاسەت و وەرزش و ئابووری و ڕاگەیاندنی دنیای ئەمڕۆدا ڕۆڵی زۆر گرینگ و بەرچاو دەگێڕێ. 

قەتەر وەک قەترەیەک وشکایی کە لە کەنداوەوە تکابێتەوە و بیهەوێ بڕژێتە سەر بیابانی عەرەبستان، زۆر شتی پێچەوانەیە. ئەگەرچی وەرزەکە پاییز بوو بەڵام گەرمایەکی تەڕ ئەو وڵاتەی داگرتبوو. کاتێ لە فڕۆکەکە دابەزین، تەوژمی گەرما کە لە هاڵاوی ماتۆڕێکی گەرم داهاتوو دەچوو، لە سەروچاوی داین. لە دڵی خۆمدا پێم وا بوو ئەوە گەرمای ماتۆڕی فڕۆکەکەیە و پێم وا نەبوو کە بەو نیوەشەوی پاییزە ئەوە گەرمای سرووشت بێ. بەڵام دواتر بۆم ڕوون بۆوە کە هەڵە بووم. هەوای وڵاتەکە هێندێک جار ئەوەندە گەرم و تەڕە کە پیاسە بە شەقامەکانی شاردا وەک حەمامی سۆنا دەچێ. بەڵام لەپاڵ ئەوەدا سیستمی ساردکردنەوەی ماڵان ئەوەندە پێش کەوتووە کە کەمتر وا هەیە هەست بەو گەرما تاقەت پرووکێنە بکەی. وەکچۆن لە وڵاتانی باکوور، زستانان هاڵاوی گەرما لە ماڵانەوە دێتە دەر و لە دوورەوە لە لەشی کەسیرەبووی ڕێبوار دەگەڕێ، لە قەتەریش هاڵاوی فێنکایی لەنێو ماڵ و مۆڵەکانەوە ئاوا بە پێشوازی ڕێبوارانەوە دێ و لەشی ڕێبواری ماندوو فێنک دەکاتەوە.

لە قەتەر نەریت و مۆدێرنیتە ئاوقای یەکتر بوون. لەحاڵێکدا کە تەلار و تاوەرەکان بەرەو تەشقی ئاسمان بەرز بوونەتەوە، بازاڕە نەریتی و قۆڕینەکان هەروا پارێزراون. دیاردە و کەرەسە مۆدێڕنەکان لەحاڵێکدا ئەو وڵاتەیان داگرتووە کە هەوڵ دراوە پەردەیەکی ناسکی نەریتی و نەتەوەیییان بەسەردا دابدەن.  لەسەر هەموو ئەو شتە مۆدێڕنانەی کە وڵاتەکەیان داگیر کردووە باوەڕ و کەلتور و داب و نەریتە خۆجێییەکان بە جۆرێک ئاستە کراون.  

شەقام و ماڵیان خاوێنە و لاسایی سیستمی ژیان و بەڕێوەبەریی ئۆرووپایی بەسەریدا پێڕەو کراوە بەڵام لە شەقامەکاندا ئەوەی دەبیندرێ کرێکاری بێگانە و تاک و تەرا توریستە. بە دەگمەن پیاوی عەگال بەسەر و ژنی ڕوو بە ڕووبەند دەبیندرێن کە بە فیزەوە هەنگاو دەنێن. پیاوانیان بێجگە لە عەگالەکانیان، سەر هەتا پێ سپی پۆشن. دیشداشە و چەفییەی سپیی شەق و ئۆتووکراو نیشانەی حەساوەیی و خۆشبژیوی و دەستڕۆیشتوویی و خاوەندارەتییانە. ژنانیان بە پێچەوانەی پیاوەکان ڕەشپۆشن و زۆربەیان پەچەیان گرتۆتەوە. ئەوان قەتەریی ڕەسەنن و خاوەنی هەموو شتێکی وڵاتەکەیانن. وەک بڵێی هەموویان لە سامان و داهاتی وڵاتەکەدا پشکدار بن. بەو حاڵەش ئەوان بە دەگمەن لە شەقام و شوێنی کاردا دەبیندرێن و دەردەکەون. زۆر خۆ لە مامەڵە و ساتوسەودا نادەن کەچی هەرچی خێر و بێرە بۆ ئەوانە و خەڵکەکەی دیکە کە زۆربەیان بەنگلادشی، هیندی و پاکستانین، ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبەن. هەر لە گەسکدەری شەقامەکانەوە هەتا گارسۆنی هۆتێلەکان و تا خزمەتگوزارییەکانی ناو فڕۆکەخانە لە ئەستۆی ئەوانە. لە نێو بازاڕیش زیاتر هەر ئەوان بەرچاو دەکەون. کاک فەرهاد حاجی کە لەو سەفەرەدا بووین بە دۆست، دەیگوت ئەو تەڵاقەی بارام بەگ کە گوتویەتی "خوا فەقیری تەنیا بۆ قەرەباڵغیی بازار خوڵقاندووە" ئەگەر لە هیچ کوێ ڕاست نەبێ، لە قەتەر دەقاودەقە.

 پۆلیس و بەڕێوەبەرانی تەکووزی و ئاسایشی وڵات بە دەست قەتەرییەکان خۆیانە. 

لە قەتەر هەرچەند بە ڕواڵەت دین حوکم ناکا بەڵام بەربەستە ئایینییەکان تێیدا بەرچاوە. گەرچی ژنانی بێ حیجابیش بەرچاو دەکەون بەڵام ئەوانە خەڵکی دەرەوە و بێگانەن. جا یا بە کرێکاری هێندراون یان توریستن. ژنە قەتەرییەکان بێجگە لە داپۆشینی پڕچ و باڵا تەنانەت ڕووشیان دادەپۆشن و پەچە دەگرنەوە. خواردنەوەی ئەڵکۆڵ لەو وڵاتە قەدەغەیە. لە حاڵێکدا لە فرۆشگاکانی بەشی ترانزیتی فڕۆکەخانە، خواردنەوە ئەڵکۆڵییەکان بە لێشاو دەفرۆشرێن کەچی بۆت نییە لەگەڵ خۆت بیبەیە نێو وڵاتەکە و لە کۆنتڕۆڵ لێت دەستێنن. لە ڕاستیدا قەتەر و فڕۆکەخانەکەی دوو دنیای لێک جیاوازن. 

من سەرجەم دوو شەو لەو وڵاتە مامەوە. لە شەوی سێهەمدا کە قەرار بوو بەڕێ بکرێن، شەڕە هاژەکی نێوان ئێران و ئیسرائیل پەرەی گرتەوە و دیسان فڕینی فڕۆکە پەک خرایەوە. ئیتر منیش نەچوومەوە بۆ هوتێل و بلیتی فەنلاندم بڕی و گەڕامەوە. 

بابەتی نوێ:

دا - خودا

  لێکۆڵینەوە لە مێژووی کەوناری کوردستان و باوەڕ و ئایینی کۆنی کورد، بۆمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەم گەلەش وەک  زۆرێک لە  گەلانی دیکە، لە کۆندا...