لە کاری خەلە و خەرماندا، دوای ئەوەی کڵۆش گێرە کرا و سوور لە کا جیا کرایەوە، مالۆسک پەیدا دەبێ. مالووسک، مالۆسکە یان مالۆچکە ئەو دانەیە کە دوای ئەوەی لە کا جیا کرایەوە، بە شێوەی لاکێشەیی لەپاڵ کا ڕادەکێشرێ. مالووسک هێشتا ئەوەندە خاوێن و پاقژ نییە کە هیچ کا و لاسک و کوێزری لەگەڵ نەبێ. بۆیەش پێویستیی بە پاک کردنەوەی زیاتر هەیە. کارێک کە دوای ئەوە ئەنجام دەدرێ زرینگاندن/زرنگاندن یان زرینگاندنەوە/زرنگاندنەوەی مالووسکی پێ دەڵێن. مامۆستا هێمن لە پێشەکیی تاریک و ڕووندا وشەکەی ئاوا بەکار هێناوە: "لە مانگی خەرمانانی ١٣٢٠ (١٩٤١) ڕۆژێکی چووبوومە سەر خەرمانان. کرێکارەکانمان خەریکی مالووسک و زرینگاندنەوە و باڵەکەو بوون و منیش لەکنیان دانیشتبووم و ئەسپەکەم وەسەر کوێزر کردبوو." (هێمن - لەکوێوە بۆ کوێ - پێشەکیی تاریک و ڕوون)
زرینگاندنەوە برێتی لە بەباکردنی دیسانەوەی مالووسکەیە بۆ ئەوەی خالیس و خاوێنتر بێ. بەو پێیە زرینگاندن یان زرینگاندنەوە واتای خالیس، خاوێن، پوخت، پەتی، پاک، پاقژ، بێخەوش، بێگەرد، زەڵاڵ، ساف و یەکدەست کردن دەدا. ئەگەرچی هیچکام لە فەرهەنگەکان زرینگاندنەوەی بە واتای پاقژکردنەوەی مالۆسکیان نەگرتووە بەڵام لە هەنبانەبۆرینەدا بە چەند واتای دیکە هاتووە؛
- دەنگدانەوەی مس و زێڕ و زێو
درەنگ بوون کە بۆ شەو دەگوترێ
شەو زرنگایەوە با بنووین
دەنگ لە گوێ هاتن
گوێم زرنگایەوە
- پندر بوونەوە (نیوە وشک بوونەوەی جلی شۆردراو)
- دوو جار لە کڵدا سووربوونەوە
سەبارەت بە خاڵی ٥ کە لە کڵدا سوور بوونەوەیە، ئەوە بریتییە لەو کووپە، کیتەڵە یان گۆزە گڵەی کە ئەگەر شتێکیان تێدا هەڵگیرابا کە بۆنی گرتبا، بۆ وێنە کاتێک پەنیریان لە کووپەدا دەئاخنییەوە و دوایی پەنیرەکە دەخورا و کووپەکە بۆنی پەنیری پێوە دەما، دەیانخستە نێو کڵی ئاور. واتە ئاورێکی دامرکاو تا بۆنەکەی نەمێنێ. ئەو کارە پێی دەگوترا "زرینگاندنەوە". دیزە و گۆزە و کووپەی کۆنیان دەزرینگاندەوە هەتا خاوێن ببنەوە و بۆنیان نەمێنێ.
بەڵام ئاخۆ بنەمای وشەکە چییە و گەرەکمانە بۆ چی بەکاری بێنین؟
زرینگاندن کردارە و زرینگاندنەوە کرداری دووپاتە کردنەوەیە. بەو واتا و بڕوایە کە دان بنەمایە و لە بنەڕەتدا لە کا جیایە. "اندن" لە کۆتایی زرینگاندندا نیشانەی کردارە. بەو پێیە بنەمای کردارەکە "زرنگ" یان "زرینگ"ە. زرینگ خۆی بە سێ واتا دێ؛
یەکەم؛ دەنگی دەنگدانەوەی کانزای وەک مس و زێڕ و زێو
دووهەم؛ زیرەکی، ژیری، ئاقڵی، زیتی و وریایی
سێهەم؛ ڕۆنی تاواوە، ڕۆنی زەنگ
هەر سێی ئەوانە لە جۆری خۆیاندا دەتوانن بریتی لە بێخەوشی و خالیسیی خۆیان بن. بەو واتایە کە دەنگی مس و زێڕ و زێو دەنگێکی ساف و خالیسە و زیرەکی و ژیری نیشانەی بێخەوشیی عەقڵە. ڕۆنیش دوای ئەوەی کوڵا و قاڵ کرا، تەڕایی لێ دەگیرێ و وەک ڕۆنێکی پوخت و پەتی هەڵدەگیرێ و هەر بەو هۆیەش ماوەیەکی زیاتر دەوام دێنێ و زۆر درەنگتر خرا دەبێ.
ڕۆنی زرنگ پتر بە ڕۆنی زەنگ ناسراوە. واتە وشەکە بە شێوەی زەنگیش هەیە. ئەم زەنگە لە وشەی "زەنگی" برێتی لە ماری زۆر ڕەش و هەروەها مرۆڤی ڕەش و "قولەزەنگ" بە واتای کۆیلەی ڕەشیشدا هەیە. هەمان زەنگ وەک پاشگر لە وشەی شەوەزەنگیشدا بەرگوێ دەکەوێ کە بە واتای شەوی زۆر تاریک و نووتەکە. بەو پێیەش شەوەزەنگ لە شەوایەتیدا شەوی خالیس و پەتییە. لە کرداری "شەو زرینگانەوە"دا کە هەمان شەوی تەواوە، وشەکە جارێکی دیکە بە شێوەی زرینگ" خۆی دەردەخاتەوە. ئەوانە دەمانگەیەننە ئەو ئەنجامە کە وشەی زەڕ یان زێڕیش هەر لەو بنەمایەیە بە واتای کانزای بێخەوش و پاک. وەک چۆن یەک لە واتاکانی زرینگاندنەوە دەنگی دەنگدانەوەی زێڕە. کەواتە زرنگاندنەوە یان زرینگاندنەوە واتای بە زێڕ کردنیش بدا. بەو پێیەش زرینگاندنەوە بەجۆرێک لەگەڵ وشەی "نەقد"ی عەرەبی بەرامبەری دەکا.
وشەی نەقد بە مانای خوردکردنەوە و بە پارە کردنی شتە. چونکە ماڵ هەتا نەکرێ بە پارە، نرخەکەی نازاندرێ. لە ئەدەبیاتدا وشەی نەقد لەوەوە وەرگیراوە کە واتای هەڵسەنگاندن دەدا. نەقد لە بنەڕەتدا مانای خراپە گوتن یان گوتنی خراپییەکانی شتێک نییە بەڵکو جیاکردنەوەی چاک لە خراپ یان پێچەوانەیە. ئەمە لە زمانی کوردیدا بە ناحەق وشەی "ڕەخنە"ی بۆ داندراوە کە ڕوون نییە لە کوێوە هاتووە. لە هەموو ئەو واتایانەی کە "ڕەخنە" لە زمانی کوردیدا هەیەتی، هیچکامیان نیزیک لەو واتایە نین کە دەبێ هەیبێ:
- ڕەغنە
- ئەردەڵانی کەلەبەر
- زازا سستی
کوردی:
- تانە و سەرکۆنە
- عەیب گرتن
- شلی و سستی
- قەڵش، درز
ڕەنگە لەبەر ئەوەش بێ کە لە ئەدەبی کوردی و لە فەرهەنگی کوردیدا ڕەخنە زیاتر بۆ باسی عەیب و کەمایەسی و لەقاودان و هێرشبردن بۆ سەر کەس و بابەتی ڕەخنە لێگیراو دەنووسرێن و دەگیرێن نەک هەڵسەنگاندنی بابەت و جیاکردنەوەی چاک لە خراپ و دەستنیشان کردنی ڕەسەن لە ناڕەسەن. بۆیەش ئەگەر بمانهەوێ وشەیەکی پڕ بە پێستی نەقد لە زمانەکەی خۆماندا بەجێی "ڕەخنە" و بۆ ئەو مەبەستە بدۆزینەوە و بەکاری بێنین، ئەوە "زرنگاندنەوە" گونجاوترین وشە و کردارە. زرینگاندنەوەی ئەدەبی لە ڕاستیدا جیاکردنەوەی خاس لە خراپ، جوان لە ناشیرین و ڕەسەن لە ناڕەسەنی ناو بابەتێکە لە ڕوانگەی کەسی زرینگەر یان زرینگێنەرە.
مالۆسکە یان مالۆچکە وێدەچێ هەر ماسوولکە بێ بە واتای باهۆ و بازوو