۴/۰۴/۱۴۰۳

بەفرینە

نووسینی؛ عەلی ئەشرەفی دەروێشیان

وەرگێڕانی؛ تاهیر قاسمی

لەسەر لێواری هەیوانەکە، لەژێر تیشکی هەتاودا دانیشتبوون. بەفرینە پاڵی بە سینگی دایکیەوە دابوو. ژنەکە ئەوی بەتوندی لەنێو ئەژنۆکانی خۆی گرتبوو. تاڵە زێڕینەکانی بەفرینە، لە کەلێنی ددانەکانی شانەوە، نەرم و نیان بەسەر پێستە تریفەیییەکەی شان و ملیدا بڵاو دەبۆوە. هەر جارێ کە شانەی پێدا دەهێنا، پیاڵەپیاڵەی قژەکانی بەسەر یەکدیدا توێ دەبوون:

"وەی گوێم! ماڵتە گوێت هەڵکەندم"

"چ بووە؟ دەڵێی گوێچکەت لە کاغەزە! ئەگەر گوێی مرۆڤ بە شانە هەڵکەندرابا، دەبوو لە دنیادا کەس گوێی پێوە نەمێنێ."

بەفرینە، بەتوندی دەستی بەسەر گوێی خۆیدا هێنا. بە سەرنجەوە چاوی لە سەر پەنجەکانی کرد تا دڵنیا بێ گوێی خوێنی لێ نەهاتووە.

دایکی بە گاڵتەوە پێی گوت:

"هەی هەی هەی هەی! گوێچکەت لێ بۆتەوە و بە خۆت نەزانیوە. دەبێ هەر ئەمڕۆ بچمە لای مام مەقدوور و گوێی کارژیلەیەکت بۆ بکڕم!

کوڕیژگەیەک لەسەر خۆڵی عەرزی بەر هەیوانەکە، ژێر خۆی تەڕ کردبوو و خەریکبوو بە قامکان لە گڵەکەی دەخوارد. ژنە ڕووی لە کوڕیژگەکە کرد:

"کوڕە یۆسفە.. ئای... ئای... ئەی تف لەو کار و ئاکارەت. تەمەشا چ مڵچە مڵچێکی داناوەتەوە. بەدبەختە دەڵێی پاقلاوا دەخوا."

بڵقێک لەسەر لاکونە لووتی کوڕیژگەکە، هەڵدەدرا و دەپووکایەوە. یوسف بە قوونەخشکە خۆی گەیاندە لای دایکی. بەفرینە خۆی لەنێوان دوو ئەژنۆی دایکی دەرکێشا. ژنە بە داوێنی کراسەکەی، لووتی منداڵەکەی ئەستڕی. قامکی دە زاری منداڵەکە ڕۆ کرد و زارجوویەک گڵی هێنا دەرێ. بڵقەکە لەسەر گوڵی سووری کراسەکەی خزی و بەرەبەرە بچووک و بچووکتر بوو تا مفح بۆوە. ژنەکە چووە ژوورەوە. لە قوژبنێکی تاریکدا، کۆنە چارشێوێکی هەڵگرت و لەسەر عەرز ڕایخست. یوسفی لە چارشێوەکە وەرپێچا. بەفرینە لە دایکی نیزیک بۆوە و پشتاوپشت ڕاوەستا. ژنە منداڵەکەی لە کۆڵی ئەو بەست:

"ئەگەر بێتاقەت بوو، بیکەوە. وریا بە نەیخەی! ئاگات لە مریشک و جووچکەکان بێ. قامک دە کونی مار و مێروان ڕۆ نەکەی. شت لە عەرزی هەڵنەگرییەوە، بیخۆی. بۆ نانی نیوەڕۆ، زەڵاتەی دوێنێ شەو ماوە، نیوەڕۆیە بە نانەوە بیخۆ. ورکەنان و قەندم لەسەر تاقەکە داناوە. هەر کات یوسفۆکە برسی بوو، بیکوتە، بیکە بە هەویر و بیدەیە. مەهێڵە مێش لەسەر دەم و لووتی بنیشێ."

هەر وا کە ڕایدەسپارد، نانەبەرەکەی هەڵگرت. بەرەو دیوارە سواغکراوەکە ڕۆیشت و لەبەر خۆیەوە گوتی:

"ئەمە دۆدانە و ئەوەش تەوەرداس."

ئەوانەی لە دیوارەکە کردەوە و لە پشتێندی خۆی بەست. کڵافە تەنافێک کە لە قەراغ پلیکانەکە کەوتبوو، هەڵیگرتەوە و بەسەر شانی خۆی دادا. هێشتا پێی نەخستبووە سەر پلیکانەکان کە بەفرینە، بە هەڵتەکاندنێک یوسفی لەسەر شانی خۆی جێگیر کرد. دەستی بەسەر داوێنیدا هێنا و نامەیەکی پێچراوەی لە گیرفانی دەرهێنا. چەند دێڕی نامەکە کە ئەوەندەی پەنجە ڕێخستبوو، پاک ببوونەوە، نیشانی دایکی دا. ملی خوار کردەوە. بە شەرمەوە لە دایکی پاڕایەوە:

"دایە دیسان بۆم دەخوێنیەوە؟"

ژنە گەڕایەوە. زەردەیەکی کاڵ کەوتە سەر لێوەکانی. نامەکەی لە کچەکە وەرگرت. ڕووی لە ڕەنگی پەڕیوی ڕووخساری کرد:

خەریکە درەنگ دەبێ. ئەم نامەیە دوو ڕۆژە هاتووە و من هەزار جارم بۆ تۆ خوێندۆتەوە. بە خودا ماندوو بووم."

لەپڕ دڵی پێی سووتا. دەستی بەسەر قژی بەفرینەدا هێنا:

"ئەتۆ ئەمڕۆ کچێکی باش بە و هەرچیم پێ گوتی، بە قسەم بکە، ئێوارە کە لە مێشە گەڕامەوە، دیسان بۆت دەخوێنمەوە."

بەفرینە سەری بە زگی دایکیەوە نا و بە ئەسپایی کراسەکەی ماچ کرد. نامەکەی پێچایەوە و لە گیرفانی نایەوە. لە پشتەوە دەستەکانی لە بن سمتی منداڵەکەی کۆڵی لێک گرێ دا. منداڵەکە هەستی کرد دایکی خەریکە لێی دوور دەکەوێتەوە، لێوی هەڵقرچاند و بەرەو لای دایکی وەرگەڕا، بەڵام بەفرینە چەند جار خۆی هەڵاویشت. منداڵ وەپێکەنین کەوت. بەفرینە بەرەو لای خوارەوەی حەوشە ڕای کرد و لە پەنا کولانەی مریشک و جووچکەکان دانیشت.

دایک لە نێو کۆڵانەوە دەنگی قاقای منداڵەکەی بیست و دڵی ئۆقرەی گرت.

*** 

ژنەکە گەیشتە داوێنی گردەکە. بەنی دۆدانەکە مەچەکی دەستی ئازار دەدا. کردیەوە و دای بە دەستەکەی دیکەی. تەنافەکەی لەسەر پشتی  هەڵگێڕ و وەرگێڕ کرد. چاوی لەو ڕێگا  خوار و خێچە کرد کە لە لووتکەی گردەکەوە بەرەو خوارەوە پان دەبۆوە. پیاوێک کۆڵە داری بەو ڕێگا خوار و خێچەدا ڕادەکێشا. جاری وا بوو کۆڵەکە ئەوی بەدوای خۆیدا دەکێشا و لە ڕێگا تەسکەکە بەدەری دەکرد. تەپوتۆز بە دوایدا بەرەو ئاسمان بەرز دەبۆوە و بۆ چەند چرکە پیاوەکەی دەخۆیدا ون دەکرد.

مام مەقدووری شوان، چەند هەنگاو دوور لە مێگەلەکە، بە پیشکەکەی، بنە گیایەکی بۆ خواردن هەڵکەندبوو و گۆرانییەکی غەریبانەی تێهەڵکردبوو:

من کوڕی خەم بیم لە خەم بیم پەیدا
خەم نافم بڕی خەم ناوم نیا
خەم چڕی له لیم ئەی چارە سیاە
خەم خۆەند لە گووشم تونی چارە سیاە
چیمە شاری خەم جۆفتێ گا بەستم
نوسەد خەروار خەم کەفتیەسە دەسم
چوارسەدێ خەمە پانسەد پەژارە
من وە کوڵ کیشم سوب تا ئیوارە.
جۆفتێ خەم کردم وە خەمینەوە
توخمی خەم چەندم  وە زەمینەوە
بێڵێ لەو خەمە نامە بان شان
ئاویاری خەم کەم وە دڵ و وە گیان
فەلای شاری خەم هەرخۆەم هەر خۆەم.
داسی لەو خەمە من ژەندمەوە
چەپ چەپ لەو خەمە من کەندمەوە
توری لە خۆەم بی ماڵی لە مەردم
کیشەی خەمەکەم من تەمام کەردم.
چانی لە خۆم بی چانیاری مەردم
هووڵەی خەمەکەم من تەمام کردم.
شەنی لە خۆم بی شەنیاری مەردم
ماسی لەو خەمە جیاو کردم.
 هووڕی لە خۆم بی باری لە مەردم.
باری لەو خەمە پەی ئاسیاو بردم.
ئاسیاوم خەم بی ئاو ئاسیاو خەم.
پای ئاسیاوەگەم لە خەم بی مەحکەم
ئارد خەم کردم وێنەی کۆی زوخاڵ
بار خەم کردم هاوردم وە ماڵ
نانی لەو خەمە نامە وەر داوان
ڕوو کردمە وەرەو هەردەی بیاوان.
خەم خوردو خەم خاو خەم تۆ برامی
هەر کووڕە مەچم رەفیق ڕامی.
نە چلەگیر بیم نە حەفتە مردم
ئەڕای خەم خواردن سەر گەورە کردم
یەدە دی بەسە هەر تۆ خەم نەیری
خەڵک گشت خەمبارن تۆ خەوەر نەیری.
فەلاح شارێ خەم هەر خۆەمم هەر خۆەم[1]


"سڵاو مامە مەقدوور!"

پیرەپیاو پشتی ڕاست کردەوە و ڕووی وەرسووڕاند:

"سڵاو سەلیمە خانم. خەوەری حەمەت هەس؟"

"دوو – سێ ڕۆژە نامەی هاتووە، نووسیویەتی هەتا چەند ڕۆژی تر ئیزن وەردەگرێ و دێتەوە سەرمان دەدا."

"پەنای بە خودا. بە خێر و سڵامەت دێتەوە ئیشەڵڵا."

"سڵامەت بی مامۆ. خودا بەردەوام پیر و جحێڵت بکاتەوە."

سەلیمە گەیشتە پەنا داربەڕووی خوار گردەکە. قەلەڕەشەیەک لەسەر دارەکە نیشت و سێ جار قڕاندی. سەلیمە بە قەلەڕەشەکەی گوت:

"خێر خەوەر ... خێر خەوەر ... خێر خەوەر."

ئەنگوستی دۆشاومژەی نوشتاندەوە و ئارەقەی نێوچاوانی پێ ئەستڕی. پشتی دانواند و پێی لەسەر ڕێگا خواروخێچەکە دانا. لە نیوەی ڕێگادا گەیشتە پیاوێک کە خەریک بوو کۆڵە چرپییەکەی دادەنا. جیرانەکەی ناسییەوە:

"ماندوو نەبی خاڵۆ مەولوود."

"ساق و سڵامەت بی خوشکم. چەند بە ناوەخت هاتووی!"

سەلیمە پشوویەکی هێنایەوە بەرە خۆی:

"ژنی منداڵەبەر نیوەی هی خۆی نییە خاڵۆ. تا منداڵەکانم جێبەجێ کرد، بوو بە نیوەڕۆ."

پیاوەکە گوتی: "باشە. ئەوەی چاکە ڕۆژی بەهارە و هەر کەس فریای کاری خۆی دەکەوێ. چەندی بتهەوێ ڕۆژگار درێژن."

لەسەر گردەکە، پەنجەی بۆ شوێنێک ڕاکێشا:

لە مێشەدا ئاگات لە خۆت بێ. گیاندارەکان لە ترسی هاژەی میگ و میراژ ترساون و لەپڕدا پەلامار دێنن."

"ئاگام لێیە خاڵۆ. مرۆڤی ڕووت و پێخاوس پاڵەوانی خودایە. بۆخۆم لەوان چاکتر نیم."

***

بەهار بەسەر هەموو جێگایەکدا کشا بوو. با بۆنی تاڵی چرۆی دار هەرجنی دەهێنا. سەلیمە ماندوو بوو. داسەکەی ڕاستوچەپ بە لق و پۆپەکاندا دادەدا و ئارەقی دەڕشت. ڕووخساری سوور ببۆوە و وەک نانێکی تەنک، جوان و ناسک ببوو. زۆر لە نیوەڕۆ ڕابردبوو. پاڵی بە کۆلکەیەوە دا. ویستی بەنی دۆدانەکەی بکاتەوە کە نەڕڕەیەک مێشەکەی لەرزاندەوە. چەند چڕۆ لە دار هەرجنەکە بوونەوە و کەوتنە سەر هەرد. سەلیمە ڕاچڵەکی و لە جێگای خۆی هەستا. سێ فڕۆکە بەرەو ئاسمان بەرز دەبوونەوە. لەپشت گردێکەوە دووکەڵی تەقینەوەیەک بەرەو ئاسمان هەڵدەستا. شنەبایەک دووکەڵەکەی کاڵ دەکردەوە و بەرەو لای ئاوایی دەهێنا کە ئێستا لەژێر پێی ژنەکەدا بێدەنگ ڕاکشابوو. 

سەلیمە لەبەر خۆیەوە گوتی: "شوکور  زۆر لە ئێمە دوورە."

بە هاژ و هووژی چەند تەقینەوەی دیکە، خەزاییەکان، بە قاژ و قیژێکی سەیرەوە دوور کەوتنەوە. دەوروبەر بێدەنگ و چۆڵ بوو.  لکێک لە قەدی دارێکەوە ڕادەکێشرا و دەنگێک وەک دەنگی خوراندنی لەش بە نینۆک، بە گوێ دەگەیی. بۆنێکی ناخۆش و نەناسراو، خەریک بوو جێی بۆنی تاڵی چڕۆی هەرجنی دەگرتەوە.

سەلیمە هەستی کرد گەرووی دەخورێ. کۆکی. هەستا و بە نیگەرانییەوە بارە چرپییەکەی لەسەر ڕێگا خوار و خێچەکە دانا.

***

پەڕ و پۆی هەتاو خەریک بوو لەسەر دەشت و تەپۆڵکە دوورەکان هەڵدەگیرا. ڕەنگی ئاوایی لە ژێر سێبەری گردەکەدا بەرەو خۆڵەمێشی دەچوو. سەلیمە هەودای تەنافەکەی بە توندی لە دەوری دەستی هاڵاندبوو. بە ئەسپایی، بە دەم ئارەقە ڕشتنەوە، لەسەر هەر پێچ و گەوەیەک، بارەکەی دەسووڕاند و تەنافەکەی شل و توند دەکرد تا کۆڵەکە، ئەو بەرەو دۆڵەکە ڕانەکێشێ و هەڵینەدێرێ. کاتێ کە گەیشتە دوایین گەوەی گردەکە، هەناسەی توند بوو. هەوا هێشتا بۆنێکی نامۆی دەهێنا کە جاروبار لەگەڵ هاتنی با، هێور دەبۆوە. سەلیمە دانیشت و بارە چرپییەکەی بە زەحمەت لە کۆڵ نا. بەری دەستەکانی دەزوورانەوە و دەکزانەوە. گەیشتە بن داربەڕووەکە. قەلەڕەشەیەک لەسەر پشت کەوتبوو و لینگی دە حەوای کردبوو. مامۆ مەقدوور بێ هەست و خوست، پاڵی بە دارەکەوە دابوو. ژنە، باش ئاگای لێ نەبوو کە مامۆ مەقدوور وەک هەمیشە پێی گوتبێ:

"ماندوو نەبی، بەخێر بێی!"  

بەڵام بۆخۆی لەبەر ماندوویی هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و وەک جاران وڵامی دایەوە:

"سڵامەت بی مامۆ!"

بە گومانەوە سەیرێکی لای مامۆی کرد. مامۆ سەری لەسەر ئەژنۆکانی دانابوو. پیشکەکەی بە باوەشییەوە بوو و دەستەکانی بەسەردا شۆڕ کردبۆوە. ڕەگی گیایەکی نیوە جووتراو لە بەر پێی تف کرابوو. ژنە پێی وا بوو مامۆ خەریکی بەستنەوەی قەیتانی خامینەکانییەتی[2]. کۆکەیەکی بۆ کرد و بە دەنگێکی بەرز گوتی:

"مامۆ! ئەتۆش هەمیشە خەوت لێ کەوتووە، خۆر ئەوە خەریکە ئاوا دەبێ، ئەی کەنگێ گەرەکتە مێگەلەکە بگەڕێنیتەوە، ماڵ ئاوەدان!"

مامۆ نەجووڵا. ژنە چاوێکی لە مەڕەکان کرد. سەریان لەسەر پشتی یەکتر دانابوو و مات ببوون. نەدەکۆکین. کاوێژیشیان نەدەکرد. سەگەکە ملی لەسەر فێنکایی زەوی دانابوو.

با بە ئارامی دەهات. بۆنەکە کەمتر و کەمتر دەبۆوە؛ بەڵام گەرووی ژنەکە هەروا دەخورا. بە نیگەرانییەکی ناڕوون تەنافەکەی بەر دا. کۆڵەکەی بەسەر زەویدا کەوت. بەرەو لای مامۆ چوو. باڵندەیەک لە دوورەوە زیڕاندی:

"وی‌وی... وی‌وی... وی‌وی..."

ترس و دڵەڕاوکێ لە دڵی سەلیمە کەوت؛ بەڵام هەر چوو. بە گومانەوە دەستی لەسەر شانی مامۆ دانا:

"مامۆ ئەوە بۆ..."

مامۆ کەوتە سەر هەرد و چاوە بە مۆلەق وەستاوەکانی ڕوویان لە ئاسمان کرد. سەلیمە زیڕاندی و خۆی لە مامۆ دوور خستەوە. لاقی لە مەڕێک هەڵەنگووت و بەسەر مەڕێکی دیکەدا، بەسەر دەمدا کەوت. بە زیڕە و هاوار هەستایەوە. سەگەکە لە جێی خۆی وشک ببوو.

سەلیمە بە مست سینگی خۆی دەکوتا. سەروێن لە سەری خزی. چنگی بە تاڤگەی قژەکانیدا کرد. ڕوومەتی خۆی ڕنی و بە ئەژنۆی بێ هێزەوە بەرەو ماڵ ڕای کرد. لە قەراغ ئاوایی ڕووی لە یەکەمین ماڵ کرد. ماڵی خاڵۆ مەولوود بوو. بارە دارەکەی هێشتا لەپاڵ دیواری حەوشەکە بوو. خاڵۆ مەولوود بڕێک بەسەر لاتەنیشتدا خوار ببۆوە. پاڵی بە دیواری ماڵەکەیەوە دابوو. کڵاشێکی نیوە چندراوی بە دەستەوە بوو. گڵۆڵەی بەنەکەی کەوتبووە لێژی. سەری بەنەکە لەژێر ددانەکانیدا، بە لالێویەوە شۆڕ ببۆوە.

سەلیمە پڕی بە دەموچاوی خۆیدا کرد و ڕوومەتی ڕنی. خوێن بە جێ نینۆکەکانیدا شۆڕابەی بەست. هاواری کرد:

"خاڵۆ ... خاڵۆ ئەوە چ بەڵایەکە بەسەرماندا هاتووە؟"

خاڵۆ مەولوود چاوە دەرپەڕیوەکانی لە کونی دیوارێک بڕیبوو. بۆنە نامۆکە بە هاتنی با کەم و زۆر دەبۆوە.  ژنەکە بە دەم کۆکەوە شانی بە دەرگا دارینەکەی حەوشەی خۆیانەوە نا و کردیەوە:

"بەفرینە ... هۆ بەفرینە! دڵەکەم کوانێی؟"

بە چەند لۆقاوان خۆی گەیاندە لای کولانەی مریشکەکە:

"بەفرینە خانمەکەم، یۆسفە نازدارەکەم، خەوتوون، ئەی بمرم عەزیزەکەم. نیوەڕۆ هیچتان خواردووە یان نا؟!"

بەفرینە وەک دایکێکی میهرەبان یۆسفی لەسەر باسکە باریکەکەی خۆی خەواندبوو. جووچکەکان لەپەنا مریشکەکە هەڵکورمابوون. بێ هەناسە. مریشکەکە سەری خستبووە ژێر باڵی و خوستەی لێ بڕابوو.

ژنە دەستی بچووک و چڵکنی کچۆڵەکەی ڕاوەشاند تا هەڵیستێنێ. نامە لەنێوان یۆسف و بەفرینەدا بە ئارامی دەبزووت. چەند هێڵی بە دەست داماڵدراوی نامەکە پتر کاڵ ببوونەوە:

"کچە نازەنینەکەم بەفرینە لە دوورەوە ماچ دەکەم و چەناگە خڕ و جوانەکەی دەگەزم. تا چەند ڕۆژی دیکە مۆڵەت لە خاوەنکارەکەم وەردەگرم و..."

مێروولەیەکی ڕەقهەڵاتوو لەسەر چەناگەی شین هەڵگەڕاوی بەفرینە بە ورکە نانێکەوە نووسابوو.  



[1] - لە چیڕۆکەکەدا گۆرانییەکە کراوە بە فارسی و بەو جۆرەی خوارەوە وەرگێڕدراوە:

"با گاو آهن غم، زمین غم را شخم زدم.
و در آن دانه ی غم پاشیدم.
حاصلم غم بود. آن را با داس غم درو كردم.
دانه‌های غم را به آسیاب غم بردم.
آرد غم را با آب غم خمیر كردم.
و در تنور غم پختم.
نان غم را بر سفره ی غم گذاشتم.
همسفرهام غم بود.
در كنارش نشستم و با غم خوردم."

دۆزینەوەی دەقی گۆرانییەکە لەڕێی وەرگێڕانی ئەو تێکستە بۆ من ئاستەم بوو و شارەزاییشم لە گۆرانی و فۆلکلۆری ناوچەی کرماشان بەو ڕادەیە نەبوو کە بیدۆزمەوە. بۆیەش یارمەتیم لە هونەرمەندی دەنگخۆش و مامۆستا کاک قادر ئەلیاسی وەرگرت. ئەویش بە دڵکراوەیی وڵامی دامەوە و وێڕای خوێندنەوەی دوو بەیت لە گۆرانییەکە، بۆی ڕوون کردمەوە کە ئەوە تێکستی مەقامێکی هونەرمەند یەدوڵڵا ڕەحمانی‌یە. ئەو هونەرمەندەی یەکەمجار ڕێگای چوون و تۆمارکردنی گۆرانی لە ئێزگەی ڕادیۆ کرماشانی بۆ کاک قادر ئەلیاسی کردەوە. منیش بەپێی ئەو ڕێنوێنییە لە سەر تۆڕی ئینترنێت کۆی تێکستی گۆرانییەکەم دۆزیەوە و وەک خۆی لێرەدا نووسیمەوە.

[2] - خامینە جۆرێک کالەیە

بابەتی نوێ:

دا - خودا

  لێکۆڵینەوە لە مێژووی کەوناری کوردستان و باوەڕ و ئایینی کۆنی کورد، بۆمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەم گەلەش وەک  زۆرێک لە  گەلانی دیکە، لە کۆندا...