۴/۰۹/۱۴۰۳

هەورە ڕەشەی هەزار چاو

چیڕۆکی منداڵان

نووسینی: عەلی ئەشرەفی دەروێشیان

وەرگێڕانی: تاهیر قاسمی

هەبوو، نەبوو، ڕۆژێ لە ڕۆژان، خاتوو هەتاو لەنێو ئاسمانی شیندا بە کاوەخۆ دەڕۆیشت و قژە زێڕینەکانی بەسەر زەویدا بڵاو دەکردەوە. کێوە بەرزەکان لە دوورەوە سەرە سپییەکەیان خستبووە سەر داوێنی هەتاو و دەدرەوشانەوە. درەخت و سەوزاییەکان دەستیان بەسەر قژی یای هەتاودا دەهێنا. گوڵە ڕەنگاوڕەنگەکان تاڵە زێڕینەکانی قژیان ماچ دەکرد. باڵندە دەنگخۆشەکان گۆرانییان بۆ دەچڕی:

هەتاوەکەی ئەو لا سەرە

بەخێر هاتی

بەخێر هاتی

بۆ ئەم کێو و دەشت و دەرە

فەرموو

فەرموو 

بۆ هێلانەی ئێمەش وەرە

چەند کارمامزی بچووک بەنێو سەوزاییەکەدا هەڵدەهاتن و چاوشارکێیان دەکرد. یەکێک لە بێچووە ئاسکەکان کە زۆر ئازا و ژیر و زیرەک بوو، دەیویست خۆی لە جێگایەکدا بشارێتەوە کە کەس نەیدۆزێتەوە. هەروا کە دەڕۆی، لەپڕ هاوڕێکانی لێ ون بوو. چەندی لە دەوروبەری خۆی ڕوانی، کەسی نەدی. بەناچار ڕووی لە باخێک کرد کە لە دوورەوە دیار بوو.

ڕۆیشت و ڕۆیشت تا گەیشتە باخەکە. باخێکی گەورە بوو کە درەختی گەورەی چەند هەزار ساڵە دەورەیان دابوو. هەستی کرد باخەکەی بۆ ئاشنایە. شوێنی لەدایکبوونی بوو. وەبیری هاتەوە ئەو کاتەی کە زۆر بچووک بوو، لەگەڵ باوکی، لە دەست گورگە دڕەکانی ئەوێ، ڕایان کردبوو.

ئاسکە بچکۆڵەکەی ئێمە سەرەتا بڕێک ترسا. بەڵام بەخۆی گوت:

-       با بچمە نێو باخەکە بزانم چ خەبەرە.

چووە نێو باخەکە. بەڵام بەپێچەوانەی هەموو باخەکان، ئەوی تاریک بوو. هەورێکی ڕەش هەموو بەری ئاسمانی گرتبوو. ئاسکە بچکۆڵەکە کاتێ لێی ورد بۆوە، دیتی پەڵە هەورێکی ڕەشی زەبەلاح وەک گیاندارێکی ڕەش بە هەزاران چاوی داقڵیشاو و تووڕەوە لەو سەرەوە لێی دەڕوانێ. ئاسک لە ترسان سەری داخست و ڕۆی. 

باخ بێدەنگ بوو. نە ئاواز، نە هەڵپەڕین و نە هەرا و هوریای ژیان. وەک بڵێی لەو باخەدا هەموو مردبن. تەنیا جار و بار دەنگی پشیلەیەک لە کەلێن و قوژبنانەوە دەبیسترا. کاتێ بە وردی گوێی هەڵخست و چاوی لە دەوروبەر کرد، دیتی گوڵی هەڵاڵەیەک سەری داخستووە و لەبەر خۆیەوە دەگری و دەڵێ:

- ئەی ئازیزە بچکۆڵەکەم!  ڕۆڵە جوانەکەم! بۆ چووی بۆ شەڕی هەورە ڕەشە؟ ئازیزەکەم، کوڕیژگەکەم!

ئاسکۆڵەکە دڵی پڕ بوو. چووە پێشێ و سڵاوی لە گوڵی هەڵاڵە کرد و گوتی:

- دادە هەڵاڵە تۆ بۆچی دەگری؟

گوڵی هەڵاڵە سەری هەڵێنا. ئەو دڵۆپە فرمێسکانەی لەسەر ڕووخسارە سوورەکەی بوون بەسەر یەخەی ڕەشی داوێنیدا تکان. هەناسەیەکی هەڵکێشا. ئەسرینەکانی ئەستڕی و گوتی:

-       ئەی ئاسکۆڵە! بۆ نابینی باخەکەمان وەک شەوی تاریکی لێ هاتووە؟ چما ئەو دێوە ڕەشە لەسەر ئاسمان نابینی کە هەتاوی بەند کردووە؟ باخەکەمان دەمێک ساڵە هەتاوی وێ نەکەوتووە. هێندێک خوویان بە تاریکی گرتووە. مناڵەکانمان پێیان وایە ژیان لە بنەڕەتدا هەر ئاوایە. پیرەکان چیتر یادی هەتاو ناکەنەوە. بەڵام لاوەکان کە بە منداڵی لەبەر هەتاو یارییان دەکرد و هەتاو بە پەنجە زێڕینەکانی قدیلکەی دەدان، هێشتا خۆریان لەبیر نەچۆتەوە. کوڕەکەی من یەک لەوان بوو کە لەگەڵ کوڕە پووری کیسەڵ و کچی گوڵەبەڕۆژە، هەر سێکیان بە یەک ڕۆژ چوونە شەڕی دێوی ڕەش. ئەوان بەیانییەک لەسەر باڵی با کە دوژمنی هەورەکانە، دانیشتن و ڕۆیشتن. بەڵام هەورە ڕەشە لەپڕ کەوتە پێکەنین و بۆڵاندن و شمشێرەکەی هەڵکێشا. دوای ئەوە ئیدی مناڵەکانمان نەگەڕانەوە.

گوڵی هەڵاڵە کاتێک قسەکانی گەیشتە ئێرە، لە بانگی گریانی دا و لە دەوروبەریەوە دەنگی گریان و ڕۆڕۆ بەرز بۆوە.

پوورە کیسەڵ سەری بردەوە نێو قاپیلکەکەی و گریا.

گوڵەبەڕۆژە سەری بەردایەوە و گریا.

با، بە ئەسپایی خۆی لەنێو لک و گەڵای درەختەکاندا مات کرد و دەستی بە نووزەنووز کرد. 

ئاسکۆڵەکەش کە زۆر خەمبار ببوو، گریا.

لەم کاتەدا گوڵە وەنەوشەیەکی کورتە باڵا کە دەموچاوێکی خڕ و قژێکی درێژ و ڕەشی هەبوو، بە پێکەنینەوە گوتی:

- دیسان دەستتان بە گریان و ڕۆڕۆ کردەوە؟ بەجێی ئەو کارانە هەستن کارێک بکەن. بە داد و فێغان چ دەکرێ؟ منیش وەک ئێوەم بەڵام هیچکات گریان بە چارەسەر نازانم. پێتانوایە هەورە ڕەشە پێی ناخۆشە کە ئێمە دەگرین؟ نا، زۆریشی پێ خۆشە.

                                      ***

شەوێ، ئاسمان ڕەشتر بوو. ئاسکۆڵەکە لە ژێر دارێکی پیردا دانیشت و بیری کردەوە. ئەو شەوە لە خەمان هیچی نەخوارد. بیری کردەوە و بیری کردەوە، دیتی گریان و دانیشتن لە قوژبن و هیچ نەخواردن چی لێ بەرهەم نایە. بە خۆی گوت:

- دەبێ کارێک بکرێ. وەنەوشە خاتوون ڕاست دەکا. دەبێ سبەینێ بیبینم و پێکەوە قسان بکەین تا بزانم هەمووی هەر قسەیە یان بەڕاستی دەیهەوێ کارێک بکا.

بەری بەیانی بوو کە ئاسکۆڵە بە دەنگی کەڵەشێرە سوورەکەی باخ وەخەبەر هات.

کەڵەشێر بە ئاوازی بەرز دەیخوێند:

هەر بژی یادی هەتاو

هەتاوی سووری ژینهێنەر

کە ئەمڕۆ وا لە زیندانی هەوری ڕەش دا

بەڵام ئێمە بەیادی ئەو

ئەمڕۆ ژیان دەست پێ دەکەین

ئاسکۆڵە هەستا. چووە ژێر ئەو دارەی کە کەڵەشێری سوور لەوێ ڕاوەستابوو. سڵاوی کرد و گوتی:

- چ خەبەرە؟ هەتاو لە ڕکەی هەورە ڕەشەدا بەند کراوە، ئەی تۆ بۆ گۆرانیی بۆ دەڵێی؟

کەڵەشێر ملی لار کردەوە و گوتی:

من بە ساڵان پەیامهێنی هەتاو بووم و هاتنی ئەوم ڕادەگەیاند. ئێستاش کە لە زیندانی هەورە ڕەشەدا دیل کراوە، نابی بهێڵم لەبیر بچێتەوە. لەبەر ئەوە گشت بەیانیان بە هەموو هێز و توانی خۆم هاوار دەکەم کە سەرکەوێ هەتاو. ئەو کارە بۆیە دەکەم تا هەموان هەتاویان لەبیر بێ. هەرچەند قورگم خەریکە بپچڕێ بەڵام خۆشحاڵم کە لانیکەم خەڵک هەتاو لەبیر ناکەن. من وەک بولبول نیم کە ڕۆژ تا ئێوارە لەو تاریکییەدا بۆ ئەو گوڵە سیسبووە شێعر دەڵێ کە لەو سووچە کەوتووە و سەری بەرداوەتەوە. ئەگەر زۆریش بیهەوێ لە دەردی دڵی خەڵک بدوێ، شێعری پڕ لە ناهومێدی بۆ دانیشتوانی باخ دەخوێنێتەوە.

لەو کاتەدا بولبول کە گوێی لە ناوی خۆی بوو، لەسەر دارێکی دیکەوە دەستی بە خوێندن کرد:

ئەی گوڵی جوانی من

زوڵفەکانت شانە کە

بە شانەی ئەڵماس

لەم تاریکییەدا کام ڕەنگت ماوە

تکەی ئارەقە لەسەر ڕووخسارت

لە تاریکیدا چەند جوان وێستاوە

بولبول پاشان لە لکێکەوە فڕییە سەر لکێکی دیکە، ڕووی لە دانیشتوانی باخ کرد و خوێندی:

شکان، شکان

تاریکی، تاریکی

ئێمە مردووین.

ئیتر هیچ کەس ڕاناپەڕێ

هەتاو هیچکات وەناگەڕێ

ئەی مردوانی بێ کفن و دفن

ماڵاوا.. ماڵاوا

ئەی لکە ڕەشەکانی ناو دوێتی زەوی

ئاسکۆڵە بەو کار و ئاکارانەی بولبول پێکەنی. لە بولبول نیزیک بۆوە و گوتی:

ئەو قسانە چییە؟ مەگەر شێت بووی؟ قسەیەک بکە کە ئێمەش تێبگەین.

بولبول لە حاڵێکدا کە چاوەکانی دەنووقاند و دەفتەری شێعرەکانی کە لە گەڵای دارەسێو سازی کردبوو، هەڵدەدایەوە،  خێسەیەکی لە ئاسکۆڵە کرد و گوتی:

- تێناگەی بە جەهەندەم. من شێعر بۆ دڵی خۆم دەڵێم.

ئاسکۆڵە گوتی:

- ئەگەر وایە بۆ ڕوو لە باخ دەکەی جا شێعر دەخوێنیتەوە؟ باشترە بچیتەوە ناو هێلانەکەی خۆت و شێعرەکەت بۆخۆت بخوێنیتەوە.  

بولبول گوتی:

- ئەوە ئیدی پێوەندیی بە تۆوە نییە.

هەڵفڕی و چوو لە پەنا گوڵێکی سیسی دیکە نیشتەوە.

لەو کاتەدا کوندێکی پیر کە چاویلکەیەکی ئەستووری دە چاودا بوو، لەسەر دیواری باخەکەوە هەڵفڕی، نیزیک بۆوە و لە حاڵێکدا کە قاقا پێدەکەنی، گوتی:

- چاو لە شاعیر بکە کە شێعری چۆن دەڵێ. ئێستا گوێ بدەنێ تا شێعرتان بۆ بخوێنمەوە. لەکاتێکدا دەستی لە زنجیری سەعاتە زێڕەکەی سەر ورگە گەورەکەی وەردەدا و چاویلکەکەی لەسەر چاوی ڕاستەوپاستە دەکرد، دەفتەری شێعرەکەی کە لە گەڵای داری چنار ساز کرابوو، هێنا دەرێ و خوێندیەوە:

بە تۆز و خۆڵی بیابان سوێند                   بە ڕیش و سمێڵی مەزنان سوێند

بە قرپەقرپی دوای خواردنەوەی دۆ          بە قەد و باڵای باینجان سوێند

لەم وێرانەدا دڵخۆشم تا هەم                  بە لەهیی چاوی هەتیوان سوێند

دارە بییەکی ڕزیو لەو بەرەوە سەری لەقاند و لە حاڵێکدا لەشی جیڕەجیڕ تێکەوتبوو، گوتی:

-       ئەی دەشتخۆش، هەشتم بە خۆشی کرد

ئاسکۆڵە پێکەنینی پێی هات. چوو تاوێک پیاسە بکا. بە تەنیشت دارە توویەکی گەورەدا

ڕابرد. لەپڕ چاوی بە کرمێکی هاوریشم کەوت کە خەریکی خواردنی گەڵای دارە تووەکە بوو. ئاسک گوتی:

-       سڵاو کرمی هاوریشم!

بەڵام کرمەکە وەها خەریکی خواردن بوو کە هەر ئاگای لێ نەبوو و وڵامی نەدایەوە. ئاسک دیسان سڵاوی کردەوە. بەڵام دیسان وڵامی نەبیستەوە. سەرەنجام تووڕە بوو و گوتی:

-       دە ماڵتە کەمێکیش بەخۆتدا وەرەوە. لەو تاریکییەدا دەڵێی تەنیا تۆیان خوڵقاندووە تا گەڵاکان بخۆی و پاشان دانیشی تاڵی هاوریشم بدەی. ئەوەندە تاڵ بە دەوری خۆتدا دەتەنی کە تێیدا زیندانی بی و پاشان هەر لەو زیندانەدا کە خۆت بۆ خۆتت چێ کردووە، بتخنکێنن و بەرهەمی کارەکەت ببەن. بەڵام بەشێک لە هاواڵە ژیرەکانی تۆ پێش ئەوەی بیانخنکێنن، خێرا و بە وریایی زیندانەکە دەبڕن و دێنە دەرێ و لە پێدەشتەکاندا بە ئازادی دەفڕن.

کرمی هاوریشم کاتێ ئەوەی گوێ لێ بوو، دەستی لە کار کێشاوە و گوێی لە قسەکانی ئاسک گرت و پاشان گوتی:

-       ڕاست دەکەی، باشە پێم بڵێ کەی دەبێ خۆم بخەمە دەرەوە.

ئاسک گوتی:

-       ئەوە ئیدی پێوەندیی بە خۆتەوە هەیە. لەگەڵ هاوڕێکانت لە دەوری یەک کۆ ببنەوە و بەجێی ئەوەی شەو و ڕۆژ خەریکی خواردن بن، بڕێکیش لەگەڵ یەک پرس و ڕا بکەن و لە گەورەکان فێر بن کە کەی وادەی کونکردنی قەفەسەکەیە. ئێوە هەتا دەرفەتناس نەبن، ژیانتان هەر ئەو "جام و حەمامەیە".

کرمی هاوریشم سپاسی ئاسکی کرد و بەڵێنی پێ دا کە بیر لەو کارە بکاتەوە.

هەوا تاریکتر ببوو و ئاسکۆڵەش کە ئیدی ماندوو ببوو، لە پاڵ دارێک خەوی لێ کەوت.

                                 ***

کاتێ هەوا خەریک بوو ڕووناک بێ، کەڵەشێر دیسان سروودەکەی خوێند. بولبول و کوندیش شێعرە تازەکانی خۆیان خوێندەوە و پاش ماوەیەک دەمەلاسکەی یەکتر، هەر کام خەریکی کاری خۆیان بوون.

ئاسک هاتە لای هەڵاڵە خاتوون و وەنەوشە و پوورە کیسەڵ. گوڵەبەڕۆژەش لەوێ بوو. لە دوێنێوە کە وەنەوشە ئەو قسانەی کردبوو، ئیتر نەدەگریان. دوێنێ شەو هەر بیریان لێ دەکردەوە. لە دەوری یەک دانیشتن. وەنەوشە گوتی:

-       دەبێ کارێک بکەین.

پوورە کیسەڵ گوتی:

-       من ئامادەم.

گوڵە بەڕۆژە گوتی:

-       من ئیدی سەرم لێ شێواوە. سەرم لەگێژەوە دێ. ڕوو لە هەر کوێ بکەم، هەتاو نابینم. منیش ئامادەم.

با بە دەنگی بەرز ئامادەیی خۆی دەربڕی.

ئاسک بە بای گوت:

وست! تۆ هەر هاتوهاوارتە. کەمێک هەستی خۆت بشارەوە. بۆ هیندە هەستۆکی؟ چما نابینی هەورە ڕەشە لەو سەرەوە بە هەزاران چاو چاومان لێ دەکا  و بە هەزاران گوێ، گوێ لە قسەکانمان هەڵدەخا؟ کەسێک کە بیهەوێ کارێکی بەڕێ و جێ ئەنجام بدا، هاتوهاوار و سۆزداری وەلا دەنێ.  من ئەوانەم لە باوکم بیستووە.

با گوتی:

-       بە چاوان ئاسک گیان. قسەکانت بکە.

ئاسک دەستی پێ کرد و گوتی:

-       ئێمە دەبێ بۆ ڕزگاری لە زیندانی هەورە ڕەشەی هەزار چاو خۆمان ئامادە بکەین. لەگەڵ خەڵکیتر قسە بکەین. ئەوان وەخۆ بێنینەوە. هەتاویان وەبیر بێنینەوە. هەموان بەرینە قەراغ ڕووبار تا بەژنی سیسبووی خۆیان لە ئاودا ببینن. پێیان بڵێین کە لە چ بارودۆخێکدا دەژین. وەنەوشە خاتوون، هەموو وەنەوشەکان و دادە هەڵاڵەش هەموو هەڵاڵەکان و کیسەڵ و گوڵەبەڕۆژە و باش هەروەتر هەموان کۆ بکەنەوە. هەر کەس قسەی خۆی بکا و کێ ڕێگایەکی پێ شک دێ، بیڵێ.

ژیانی ئێمە و منداڵەکانمان بە خۆر بەستراوەتەوە. ئەگەر هەتاو نەبێ، ئاوەکان نابن بە هەڵم و ناچنە ئاسمان و باران نابارێ. ئەگەر هەتاو نەبێ، منداڵەکانمان گەورە نابن. هەمیشە نەخۆش و زەردووڵە دەبن. ئەگەر هەتاو نەبێ، میوەکان پێ ناگەن. هوڵووی بەتام، سێوی سوور، گێلاسی ئاڵ، بەڵاڵووک، گوڵە ڕەنگاوڕەنگەکان و چیمەنی تازە و تورت پەیدا نابن. ئەگەر هەتاو نەبێ، چاوەکانمان هیچ کوێ نابینن و بشبینن، هەموو شتێک تار و تاڵ دەبینن. هەتاو هێزمان دەداتێ، خواردنمان دەداتێ، ڕووناکاییمان دەداتێ تا تێبکۆشین، تا منداڵەکانمان لەسەر چیمەنەکان یاری بکەن و گەورە بن. بۆ ئازادیی هەتاو دەبێ لەخۆبوردوویی بکەین. دەبێ یەک بگرین و خەبات بکەین. لەو ڕێگایەدا بەدڵنیاییەوە بەشێکمان گیان لەدەست دەدەین بەڵام ئەگەر هەتاو نەبێ هەموومان لەنێو دەچین. ئەگەر لەنێویش نەچین، کەسانی نەخۆش، مردەلۆخە و بێچارە و ترسەنۆک بار دێین کە لە مردن خراپترە.

کاتێ قسەکانی بە ئێرە گەیی، ئاسکۆڵە چاوێکی لە دەوروبەری خۆی کرد. دیتی کە گشت دانیشتوانی باخ لە دەوری کۆ بوونەتەوە.

لەپڕ قاقای هەورە ڕەشە بەرز بۆوە. بریسکەی لێ دا و تۆفانی وەڕێ خست. گشت دانیشتوانی باخ ڕایان کرد. ئاسک، هەڵاڵە، وەنەوشە، گوڵەبەڕۆژە، کیسەڵ و کەڵەشێرە سوور خۆیان هاویشتە ژێر دارێک. ڕوخسارە جوانەکەی وەنەوشە خوێناوی ببوو. تەرزەیەکی گەورە لە دەموچاوی کەوتبوو. کیسەڵ سەری خستبووە نێو قاپێلکەکەی و لە ئەماندا بوو. سەری گوڵە بەڕۆژە لە دوو سێ جێگاوە شکابوو. پشتی ئاسکۆڵەش خوێنی لێ دەهات. لەو کاتەدا کەمتیارێک لە دوورەوە دەرکەوت. بە دیتنی ئاسک و هاوڕێکانی دەستی بە پێکەنین کرد. کوندیش لەولاوە پێدەکەنی و سوێندنامەکەی دەخوێندەوە. بولبولیش دەستی لە ملی یارە زەردووڵەکەی کردبوو و ئاگای لە دنیا نەمابوو و جاروبار شێعرێکی دەگوت.

ئاسکۆڵە رووی لە کەمتیار کرد و گوتی:

-       بۆ پێدەکەنی؟

کەمتیار بە گاڵتەوە گوتی:

-       زۆر کەس ویستوویانە ئەم کارانە بکەن بەڵام نەیانتوانیوە و گیانی خۆشیان لەسەر داناوە. باشترە بەدوای کاری خۆت بکەوی. تا ئێستا کەس نەیتوانیوە شەڕی هەورە ڕەشە بکا.

ئاسک گوتی:

-       من دوای دیتنی ئەم دۆخە ناتوانم ڕێگای خۆم بگرم و بڕۆم لە تاریکاییدا وەک تۆ لەشی گەنیوی ئاژەڵان بخۆم و ئاسوودە بخەوم. من پێشتر نەمدەزانی لەم دنیایەدا باخێکیش هەیە کە لەوێ بەجێی خۆر هەورە ڕەشە دەسەڵاتی بە دەستە. ئێستاش کە زانیومە، ئیدی ناگەڕێمەوە. هەر لە بنەڕەتدا ئێرە زێدی من بووە. تۆش لەخۆڕا پێدەکەنی. باشترە بەدوای کاری خۆت بکەوی. 

هاوڕێیانی ئاسک بەگژ کەمتیاردا چوونەوە و کەمتیاریش کلکی لە گەڵۆزی نا و هەڵات.

لەم کاتەدا کاک چۆلەکە کە گوێی لە قسەکانی ئەوان ببوو، هاتە پێشێ و گوتی منیش لەگەڵ ئێوەم. ئیدی دڵم لە تاریکی گیراوە.

پەڕەسێلکەیەکیش لەو لاوە پەیدا بوو و گوتی:

-       منیش ئەوینداری بەهار و هەتاوم و بەهاری بێ هەتاو هیچ بایخێکی نییە. منیش دێم.

لەو کاتەدا خشپەی پێیەک بە ئەسپایی دەهات. هەموو بێدەنگ بوون و کاتێ گوێیان هەڵخست، دیتیان دەنگی پێی ئاونگەکانە کە بەسەر چیمەنەکاندا خەریکن نیزیک دەبنەوە. شەونمێک کە نیزیک ببۆوە، گوتی:

-       کاکە ئاسک ئێمەش دێین.

گوڵە بەڕۆژە پێکەنی و گوتی:

-       جا ئێوە چیتان لەدەست دێ؟ خۆ هەتاو دوژمنی ئاونگە و کاتێ خۆر بتاوێ، هەمووتان لەبەین دەچن.

شەونم گوتی:

-       ئێمە ساڵانێکە لەسەر ئەم چیمەنانە ماوینەتەوە و بۆگەن بووین. ئەوەندە لە جێگایەک دانیشتووین کە ئیدی ماندوو بووین. هەتاو ئێمە بۆ ئاسمان هەڵدەکێشێ و ڕۆژی دواتر ژیانی تازەمان پێ دەبەخشێ تا تازەتر لە هەمیشە بەسەر گوڵ و چیمەنەکانەوە بنیشینەوە. کەوابێ هەتاو دوژمنی ئێمە نییە. هەتاو جووڵە و ژیانمان پێ دەبەخشێ. بۆیە ئێمەش وێڕای ئێوە لەگەڵ هەورە ڕەشەدا دەجەنگین.

وەنەوشە پێکەنی و گوتی:

-       ئاخر ئێوە بە چی شەڕی هەورە ڕەشە دەکەن؟

لەم کاتەدا ئاونگەکان لەگەڵ یەکتر کەوتنە چپە و پاشان ڕوویان لە ئاسک کرد و گوتیان:

-       ئێمە زۆر کارمان لەدەست دێ. ئێستا پێتان ناڵێین تا ئەو ڕۆژەی هێرش دەکەینە سەر هەورە ڕەشە و ئەو کات نیشانتان دەدەین.

ئاسک ماڵاوایی لە هاوڕێکانی کرد و هەر کامیان بەرەو لایەک ڕۆیشتن.

***

سبەی بەیانی کەڵەشێر دیسان سروودەکەی وەها بە هێز و بەرز خوێند کە دڵۆپەی خوێن لە گەروویەوە دەرپەڕی. بەڵام کەڵەشێرە سوور بەردەوام بوو و بە بەرزی هاوارەکەی بە گوێی دانیشتوانی باخ گەیاند.

جموجۆڵێکی سەیر لەنێو باخ کەوتبوو. خەڵک یەکتریان ئاگادار دەکردەوە. هەورە ڕەشە لە سەرەوە دەیبۆڵاند و ددانە چڵکنەکانی پێشان دەدا. بریسکەی شمشێرەکەی لە چاوی دەدا. ئاسکە بچکۆڵە، گوڵی وەنەوشە، هەڵاڵە، گوڵە بەڕۆژە، کیسەڵ، پەڕەسێلکە و چۆلەکە لە نێوەڕاستی باخەکە کۆ ببوونەوە و لەبن گوێی یەکتر قسەیان دەکرد. دڵۆپێک ئاونگیش لەسەر ڕووخسارە خڕ و جوانەکەی وەنەوشە نیشتبوو. با هەموو هێزی خۆی کۆ کردبۆوە و خۆی لێک بڵاو کردبوو تا جێگایەکی بەرینتر بۆ هاوڕێکانی ساز بکا. لەو کاتەدا کە هەموویان کۆ ببوونەوە، لەپڕ گورگێکی ڕەش لە سووچێکی باخەکە پەیدا بوو.

گورگ کە هەمیشە پەسن و پشتیوانی لە هەورە ڕەشە دەکرد و پیرۆزبایی بۆ دەنارد، لەوە کە دانیشتوانی باخ لێبڕابوون شەڕ لەگەڵ هەورە ڕەشە بکەن، تووڕە بوو. چونکە ئەو لە تاریکاییدا باشتر دەیتوانی بە کارەکانی ڕابگا و سکی خۆی تێر بکا. گورگە نیزیک بۆوە و بە تووڕەییەوە وتی:

-       ئەوە لێرە چ خەبەرە؟ شەرم ناکەن خیانەت بە خودانی خۆتان دەکەن؟ چاو لێ بکەن کە چیتان بەسەر ئەم باخە ئارام و بێدەنگەدا هێناوە! لێگەڕێن با خەڵک کاری خۆیان بکەن. ئەم ئاسکە فیسقەیە لە کوێوە هاتووە؟ ئەوە باوکیشی هەر وەک خۆی بوو کە ئێمە وەدەرمان نا. ئێستا هەمووتان نابووت دەکەم.

لەپڕ پەلاماری ئاسکۆڵەی دا. بەڵام ئاسک لەو زیرەکتر بوو و خۆی لێ کلا کرد.

پەڕەسێلکەکان ڕژانە سەر گورگەکە و بە دندووک دە سەر و سەکوتی بەربوون. گورگ بە دەموچاوی خوێناوییەوە هەڵات.

لەم کاتەدا ڕێویی نێو باخەکە لەحاڵێکدا کە دەسحێب بە دەستەوە، خەریکبوو لەبەر خۆیەوە دوعای دەخوێند، لەو لاوە پەیدا بوو.  ڕێویی فێڵباز کە لە تاریکاییدا باشتر دەیتوانی هێرش بکاتە سەر کولانەی مریشک و هێلانەی باڵندەکانی دیکە، لە دەرکەوتنی خۆر دەترسا. وردە وردە نیزیک بۆوە. لەحاڵێکدا لەسەر لێوی ورتە ورتی بوو، فوویەکی بە دەوری خۆیدا کرد و گوتی:

-       لە خودا بترسن. لەگەڵ هەورە ڕەشەدا مەجەنگن. با لە ئاگری دۆزەخدا نەسووتێن.

ئاسک گوتی:

-       بۆ چما دۆزەخ لەوەش خراپترە کە ئێستا تێیداین؟

ئاسکۆڵە چاوێکی لە چۆلەکەکان هەڵتەکاند و ئەوانیش بە پڕتاو هێرشیان بۆ سەر ڕێوی برد.

ڕێوی دوو پێی هەبوو، دوانی دیکەشی قەرز کرد و هەڵات. لە ترسان دەسحێبەکەشی لێ

بەجێ ما.

هاوار و زەنازەنا بوو. کەڵەشێرە سوور و هاوڕێکانی سروودی شەڕیان دەخوێند. کوند لە کەلاوەیەکدا خۆی شاردبۆوە و بە دیوانی شێعرە کۆنەکانی مەتەرێزێکی بۆخۆی ساز کردبوو و لە پشتیانەوە تریاکی دەکێشا.

بولبول دەفتەری گەڵا سێوی شێعرەکانی لە بن هەنگڵی نابوو و لەپاڵ گوڵ دانیشتبوو و چاوەکانی خومار کردبوو. وا دیار بوو پیاڵەیەکیشی هەڵاویشتبوو.

شەڕ دەستی پێ کردبوو. کرمە ئاوریشمەکان لە قۆزاخە هاتبوونە دەر و وەک پەپوولەیەکی جوان بەملاو ئەولادا دەفڕین و پەیامی سەردەستەکانیان بە ئەوانی تر دەگەیاند.

لەو لاوە مشکەکوێرەیەک کە لە ژێر خاک هاتبووە دەرێ، لەحاڵێکدا چاویلکەکەی ڕاستەوپاستە دەکرد و گۆچانەکەی لە عەرزی دەوەژاند. بە هەرا و هوریاوە پرسی:

= ئەوە چ خەبەرە؟ بۆ ئاوا پێ بە زەویدا دەکوتن؟! ماڵتان وێران کردووم. کەوڵی نانی منداڵەکانم پڕ لە تۆز و خۆڵ بووە. ئەو هاتوهاوارە چییە؟ بۆ ناهێڵن پارووە نانێک بە ئاسوودەیی بخۆین؟!

وەنەوشە لەو لاوە بە پێکەنینەوە هەرای لێ کرد:

-       دەمانهەوێ خۆر ڕزگار بکەین.

مشکەکوێرە بە سەرسووڕمانەوە پرسی:

-       خۆر بەری چ دارێکە؟ من تا ئێستا ناویم نەبیستووە.

وەنەوشە گوتی:

-       ئاخر تۆ کوێری. ڕووناک بێ یان تاریک بێ، بۆ تۆ جیاوازی نییە. خووت بە تاریکی گرتووە. باشترە بچی خەریکی خوانی منداڵەکانت بی نەکا تۆز لەسەر خواردنە ڕەنگاڵەییەکانیان! بنیشێ. بڕۆ لە بەیانییەوە تا ئێوارە خۆت بکوژە و گەورەیان بکە بۆ ئەوەی سەد کوێری دیکە لەو باخەدا زیاد بکەی.

مشکەکوێرە بە تووڕەییەوە گوتی:

-       بێدەنگ بە. بە لەعنەت بی. خۆ لە کاروباری خەڵک هەڵمەقوتێنە ئەگینا ئێستا بەو گۆچانە ملت ورد دەکەم.

وەنەوشە گوتی:

-       کاک مشکەکوێر! ئیتر ئەو زەمان نەماوە کە شەرم و شکۆمان لە یەکتر هەبێ و هەر پەسنی سەر و کلکی یەکتر بکەین و بە درۆ قوربان و سەدەقەی یەکتر بین. ئێستا دەبێ وەها عەیبەکان بە چاوی یەکتر دابدەینەوە  کە لە داخان بگرین.

-       مشکەکوێر لەپڕ گۆچانەکەی کرد بە پللار و لەو لایەی هاڵاند کە دەنگەکەی لێ دەهات. وەنەوشە کە کورتەباڵا بوو، خۆی دانواند، سەری خوار کردەوە و گۆچانەکە بەسەر سەریدا ڕۆی و لەو بەری کەوت.

لەو هەڵڵا و بگرەیەدا، مشکەکوێر هاواری کرد:

-       هۆ خەڵکینە، کوا گۆچانەکەم؟ کوا ماڵەکەم؟ ماڵم وێران بوو. ئێستا منداڵەکانم لە برسان دەمرن. من ژنم هەیە. منداڵم هەیە. فریام کەون.

بەڵاملەنێو زەنازەنای خەڵکەکەدا  دەنگی نەبیسترا.

بە فەرمانی ئاسکە چکۆڵە، هەر کام لە چۆلەکەکان دڕکێکیان لە لاسکی گوڵە سوورەکان کردەوە و بە دەندووکیانەوە گرت. هەر پەڕەسێلکەیەی دڕوویەکی هەڵگرت. ئاونگەکان لەسەر ڕوخساری وەنەوشە و هەڵاڵەکان نیشتن. گوڵەبەڕۆژەکان بە تۆوەکانی سەر ڕووخساریان خۆیان ئامادە کرد. کەڵەشێر و هاوڕێکانی شەیپووری خۆ ئامادەکردنیان لێدا. باش لەسەر زەوی نیشتەوە و هەموان سواری پشتی ئەو بوون.

لەو لاوە هەورە ڕەشەی تووڕە دەیبۆڵاند. شمشێرەکەی نیشان دەدا. هەزار چاو و هەزار گوێکانی تیژ کردبوو. قەڵافەتە زلەکەی بۆ ئەم لا و ئەو لا ڕادەکێشا. هاواری کرد:

-       هەمووتان نابووت دەکەم. هەمووتان وەبەر دەسڕێژی تەرزە دەدەم. کونکونتان دەکەم. هەر کەس قسەیەک بکا یان بە حاستەم بجووڵێ لەناوی دەبەم. هۆ ئاسکە ناجسنەکە! دەم و ددانت تێکدەشکێنم.

بەڵام ئاسک و هاوڕێکانی دارێک نەبوون بەو بایە بلەرزێن. چاویان لە دار بییە ڕزیوەکان کرد کە دەلەرزین.

لاولاوێکی ناسک کە لە قەدی چنارێکی گەورە هاڵابوو، سەری بردە بن گوێی چنارەکە و گوتی:

-       تۆ بۆ یارمەتیی ئاسکۆڵە و هاوڕێکانی نادەی؟ هەر دەتوانی قەڵافەتی خۆت زل بکەی. دە تۆش کارێک بکە.

چنار بە دەم ناڵەوە گوتی:

-       ئاخ! تازە لە من گوزەراوە. من ئیدی پیر و کەوتووم.

لاولاو گوتی:

-       تۆ گەرەکتە هەڵێی دەنا بە ئەزموونەکانت دەتوانی یارمەتیدەرێکی باش بی. من دەچم لە ملی هەورە ڕەشەکە دەهاڵێم و دەیخنکێنم.

لاولاو لە دوورەوە هەرای کرد:

-       منیش لەگەڵ خۆتان بەرن. هۆ ئاسکۆڵە، منیش لەگەڵ هاوڕێکانم دێین.

کوند لە کەلاوەکەدا خەوتبوو و لە خەودا بەدوای سەروادا دەگەڕا. بولبول لە خەونیدا دەفتەری شێعرەکانی چاپ کردبوو و خەریکبوو لەسەر ڕەنگی سەر بەرگی کتێبەکەی چەنەی لێدەدا. مشکەکوێر بەدوای گۆچانەکەیدا دەگەڕا و تووکی دەکرد. گورگ بە دەردی خۆیەوە دەیناڵاند و برینەکانی دەلستەوە. ڕێوی چاوەڕوان بوو بزانێ کام لا سەر دەکەوێ تا خۆی لەگەڵ ئەو لایە بخا. کەڵەشێر سروودە پڕ لە هیواکانی دەخوێند و ورەی بە هاوڕێکانی دەدا.

شەیپووری هێرش لێدرا. با وەجووڵە کەوت. پێش هەموان، ئاونگە نازەنینەکان بە لەشی ناسکەوە لەسەر ڕووخساری وەنەوشە و هەڵاڵەکانەوە هەستان و وردە وردە، بێ ئەوەی هەورە ڕەشە هەست پێ بکا، لەسەر شمشێرەکەی نیشتنەوە.  شمشێری هەورە ڕەشە ژەنگی گرت، پوا و داتەپا. بەڵام ئاونگەکانیش نەمان. ئەوان ژیانی خۆیان بەخت کرد تا خۆر ڕزگار بکەن و باخ ڕووناک بکەنەوە گەرچی زارۆکی شەونمەکان سبەی ڕۆژ لەسەر چیمەنەکان پەیدا دەبنەوە.

لە ڕیزی پێشەوە کیسەڵەکان سەنگەرێکی گەورەیان بە قاپێلکەکانی خۆیان درووست کردبوو و نەیاندەهێشت ڕێژنەی تەرزەی هەورە ڕەشە کاریگەری هەبێ. 

نۆرەی هێرشی چۆلەکەکان هات و وێڕای پەڕەسێلکەکان، بە دڕک و دڕوو کەوتنە گیانی هەورە ڕەشە. لاولاوەکان دەست و لاقی هەورە ڕەشەیان لێک بەستبوو و لە ملی هاڵابوون.

ئاسک سەری هەموو لایەکی دەدا و فەرمانی دەردەکرد. گوڵەبەڕۆژەکان تۆوەکانی خۆیان بە توندی بەرەو چاوەکانی هەورە رەشە دەهاویشت.

هەورە ڕەشە هەرچی پەلی هاویشت و بۆڵاندی و ددانەکانی لە چیڕەوە برد، بێ سوود بوو. گیانی لێک بڵاو دەبوو و پارچەکانی لەشی دەکەوتنە سەر هەرد. هەورە ڕەشە کەوتبووە پاڕانەوە بەڵام بێ سوود بوو. هەتاو بە بسکە زێڕینەکانییەوە لەپشت لەشی داپۆشراوی هەورە ڕەشەوە وەدەر کەوت، درەوشایەوە و پێکەنی.

گشتیان لە خۆشیان هاواریان دەکرد. وەنەوشەی کورتەباڵا بریندار ببوو و ئاسک خەریکبوو دەموچاوە خڕ و جوانەکەی دەلستەوە و ماچی دەکرد.

هەڵاڵەکان، گوڵە بەڕۆژەکان و کیسەڵەکان، گشتیان تەرمی هاوڕێ شەهیدەکانی خۆیان هەڵدەگرتەوە و بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئەوان، بە داری سەروی باخەکە، بینای بیرئانینیان ساز دەکرد بۆ ئەوەی تا هەتایە یادیان بە زیندویی بمێنێتەوە.    

سبەینێی ئەو ڕۆژە، کەڵەشێرە سوور سروودی بەرەبەیانیی خوێند:  

هەتاوە سوورەی سەربەست

بە ڕوخساری درەوشاوە

بسکی زێڕینی ژینهێنەری خۆی

پێمان دەبەخشێ و

ئێمەش لە ڕێگای ئازادیی ئەودا

خوێنمان بەخشی.

ئەی هەتاوی درەوشاوە

تۆ هەر بدرەوشە

هەر سەرکەوتوو بە

با مناڵانمان لەسەر داوێنت

 بە ئازادیی یاری بکەن

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...