۴/۰۹/۱۴۰۳

کوژانەوە

وشە ناسی

لە وەرگێڕانی چیڕۆکێکی عەلی ئەشرەفی دەروێشیاندا، وشەی "کوژانەوە" و "کوژاندنەوە"م لەبری پاکبوونەوە، سڕانەوە، ڕەشبوونەوە یان کاڵبوونەوەی وشە و دێڕی نووسراو هێنابوو، دۆستی بەڕێزم کاک هەمزە ئاگووشی تەلەفۆنی بۆ کردم و سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو کردارە، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی و پێشنیاری کرد وشەکە بە کردارێکی دیکە بگۆڕم!

پێم سەیر بوو لە حاڵێکدا کە جوغرافیای شوێنی لەدایکبوون و گەورەبوونی من و کاک هەمزە زۆریش لێک دوور نییە، (من لە چۆمی مەجیدخانی نێوان مەهاباد - بۆکان - میاندواو و ئەویش لە سندووسی نەغەدە) کەچی کردارەکە بۆ ئەو نامۆ و نەبیستراو بێ. بە قسەم کرد و ڕستە و کردارەکەم گۆڕی بەڵام هۆکاری بەکارهێنانی ئەو کردارە بەو واتایەم بۆ بوو بە پرسیار.

 وەک دەزانین کرداری کوژانەوە کە بەشێوەی کوژاندنەوەش هەیە هەڵگری چەند واتای جیاوازە:

کوژانەوە: دامرکانی ئاگر

کوژانەوە: خامۆشبوونی چرا و نەمانی هەر شتێکی ڕووناکیدەر

کوژانەوە: نەمانی شەڕ و ئاژاوە

کوژانەوە: خامۆشبوونی ماتۆڕ و مەکینە

بێجگە لەوانە، کوژانەوە لانیکەم لەو ناوچەیەی من لێی گەورە بووم بە واتای پاکبوونەوە، کاڵبوونەوە یان ڕەشبوونەوەی هێڵێک بەتایبەت بۆ سڕینەوەی پیت و وشە و هێڵی نووسراویش بەکار دێ. ئەو واتایەش لەوەوە هاتووە کە وشەی سەواد یان سیواد کە بە مانای توانایی خوێندنەوە و نووسینە، بنەماکەی جیاواز و پێچەوانەی ئەو سەوادە عەرەبییەیە کە بە واتای ڕەشی و ڕەشایی بەکار دێ. وەک چۆن سیواد بە واتای بەیانی و دەرکەوتنی ڕووناکاییشە.  واتە کەسی سەواددار نوور و ڕووناکایی زانین لە دەروونیدا گەڕاوە. لەوەوە وشە یان هێڵێک کە دەنووسرێ، دەرەنجامی دەرکەوتنی ئەو نووری سەواد و خوێندەواریەیە. بەو پێیەش پاکبوونەوەی، بە کوژانەوەی ئەو دەرکەوتە لە نوور و ڕووناکایی هەژمار کراوە. 


بابەتی نوێ:

دا - خودا

  لێکۆڵینەوە لە مێژووی کەوناری کوردستان و باوەڕ و ئایینی کۆنی کورد، بۆمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەم گەلەش وەک  زۆرێک لە  گەلانی دیکە، لە کۆندا...