۳/۰۳/۱۳۹۵

هیوا

هیوا بە مانای هومێد و ئاوات بۆ گەیشتن بە ئامانجێکە. بووە بە ناو و زیاتر وەک ناوی کوڕان هەڵیدەبژێرن.
وشەکە لە بنەڕەتدا وشەیەکی شێواوە کە لە وشەی "هەویا" بە هەمان مانا کەوتۆتەوە. هەویا لە کرداری "هەویستن"ە کە "ا"ی پاشگری گرتوە. هەویستن زیاتر بە شێوەی "ویستن" ماوەتەوەو "هە"ی سەرەتای سواوە بەڵام لە هیوا و هەویا دا ماوەتەوە.
وشەکە بەو شێوەیەی خوارەوە لە دایک بووە:
هەویستن - هەویست(م) - هەوێ (دەم/هەوێ)
هەوێ/ا = هەویا
هەویا = هیوا

ئازا ، ئازادی ، شادی

وشەی ئازا وشەیەکی کوردی - مادی‌یە. ناوی یەکێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی مانا بووە.
لە بابەت بنەمای وشەکە زانیاریەکی ئەوتۆ نییە. بەڵام من پێم وایە بنەمای وشەکە "ئاس/ا" بووە. "ئاس" بە واتای بەرد و "ا"ی پاشگر وەک نیشانەی بکەر. ئاس یان بەرد هێمای پتەوی و بەهێزین و شتێکی سەیر نییە ئەگەر مرۆڤی ئازا و بە توانای پێ شوبهێندرابێ. پیتی "س" وەک لە زمانی کوردیدا باوە، گۆڕاوە بە پیتی "ز" و "ئازا"ی لێ چێ بووە.

شیمانەیەکی بە ڕای خۆم وێچووتر لەوەی سەرەوە ئەوەیە کە کە "ئازا" لە کرداری "ئاستن" کەوتبێتەوە. "ئاستن" کە ئێستا کەمتر یان بە دەگمەن بە کار دێ، بە واتای رێگە پێدان، هێشتن، دەست لێ هەڵگرتن و لە کۆڵ بوونەوەیە. دوو چەمکی ئازایەتی لە گەڵ رێگەپێدان زۆر جار و لە زۆر زماندا هاو ماکەن. وەک بوێر و بواردن.
ئەگەر ئەم شیمانەیە راست بێ، ئەوە ئازا بەو جۆرە چێ بووە:
خواستن - خواست - خواز (خوازا)
ئاستن - ئاست - ئاز (ئازا)
ئاز + ا = ئازا (وەک: زان + ا = زانا)
------------------

وشەی ئازادی ، وێدەچێ هەر لە وشەی ئازا کەوتبێتەوە و لە بنەڕەتدا ئازایەتی/ئازاتی بووبێ. پاشگری "...یەتی" لە زمانی کوردیدا بە شێوەی "...اتی" ، "..ەتی" و تەنانەت "..تی" دەبیندرێ: مەرد'ایەتی' ، پیاو'ەتی' ، کۆیلە'تی'..
بەو بۆچوونەی سەرەوە: ئازایەتی ، ئازاتی ، ئازادی
وشەی ئازاد دەکرێ جۆرێک گەڕانەوە لە وشەی ئازادی بێ و لەو وشەیە چێ بووبێ.

شادی : شادی کە زۆر جار لە گەڵ ئازادی دێ، دەکرێ وەک وشەی "ئازادی"ش چێ بووبێ. بەو پێیەش بنەڕەتی وشەکە "شا"یە. خەڵک پێیان وا بووە کە شا هەمیشە خۆش و گەشە و خۆشی و خۆشحاڵیی خۆیان بە حاڵی شا لێکداوەتەوە. بەو پێیەش شادی دەکرێ لە بنەڕەتدا شایەتی - شاتی - شادی بووبێ. 

ئاس، ئاش، ئاسمان، ئەشکەوت

- ئاس بە واتای بەردە. وشەیەکی کۆنە کە وەک خۆی لە زمانی کوردیدا بەو واتایە نەماوەتەوە بەڵام لە کۆمەڵێک وشەی پێوەندیدار بە بەرد دا هەیە. وەک (ئا)سەنگ، ئاستەم (رەوەزە بەردی گەورە کە دەست راگەیشتن پێی ئاسان نییە) و کۆمەڵێک وشەی دیکە.
- ئاسمان لە دوو بەشی "ئاس" و "مان" پێکهاتوە. پێشنیانی ئێمە پێیان وا بوو ئاسمان تەختەبەردێکی پان و بەرینە. لە سەر ئەو بۆچوونەش ناوی "ئاسمان"یان بۆ داناوە.
- "ئاس" بە واتای بەرد بووە. لە ئاڤێستادا  asan- ašn بە هەردوو واتای بەرد و ئاسمان هاتوە. 
 "مان" وەک پاشگر و هێندێک جار بە شێوەی سەربەخۆش بە واتای ماڵ، خانوو، ئەنواو جێگای حەوانەوەو سەرپەنایە. رەنگە کرداری "مان" یان "مانەوە"ش هەر لەم واتایە کەوتبێتەوە. وشەی مان وەک پاشگر لە "خانومان"، "نیشتمان" و کۆمەڵێک وشەی دیکەدا هەیە. 
- ئاش شوێن یان ئامرازی گەورەی هاڕینی دەغڵ و دانە. دوو بەردی زۆر گەورە کە بە سەر یەکدا دەسووڕێن و لە نێوان خۆیاندا دەغڵ و دان دەهاڕن و دەیکەن بە ئارد. وشەکە "ئاش" هەر لە ناوی بەرد (ئاس) وەرگیراوە و پیتی "س" گۆڕاوە بە "ش".
- ئەشکەوت: کەلێن و رەهۆڵی گەورەی لە بەرد پێی دەگوترێ ئەشکەوت. وشەکە لە دوو بەشی "ئەش" و "کەوت" پێکهاتوە
   "ئەش" شێوەیەکی دیکە لە "ئاس" بە واتای بەردە.
   "کەوت" کە لە شێوەکانی کا(کابان= کەیبانوو، چاوەدێری ماڵ) کەی(کەیخودا= خاوەن و خودانی ماڵ)، کەوی: (دەستەمۆ، ماڵی) دا هەیە بە واتای ماڵ و خانوویە. لە سەر یەک وشەی ئەشکەوت واتای ماڵی لە بەرد یان ماڵە بەردینەیە.


۲/۳۱/۱۳۹۵

وسووکەند ، خانەگێ

لە پەنا شاری مەهاباد و لە سەرەتای دەشتی شاروێران دوو گوندی زۆر لەمێژینە هەن بە ناوەکانی وسووکەند و خانەگێ. زمانی فارسی وەک زمانی حکومەتی ئێران کە دەسەڵاتی بە سەر ناوچەکەدا هەیە، ناوی ئەم دوانەی بۆ "یوسف کەندی" و خانەقاە" گۆڕیوە.
ئەوەندەی پێوەندی بە گۆڕان لە ناوی "خانەگێ" هەیە، بە دروستی ناوەکەی بۆ مانای ئەم سەردەمەی وشەکە گۆڕیوە. کەم و زۆر وشەی خانەقا لە ناو خەڵک بە تایبەتی لای پیران و پێڕەوانی تەریقەتەکان هەیە و ناسراوە. خانەقا ئەو شوێنەیە کە دەروێش و سۆفی و خەڵیفە لێی کۆ دەبنەوەو زیکری لێ دەکەن.
بەڵام پێوەندیدار بە ناوی وسووکەند، وێناچێ وشەکە پێوەندی بە یوسفەوە هەبێ.
 لە هێندێک زاراوەی زمانی کوردی بە تایبەت زاراوەی موکریانیدا وشەی یوسف کورت دەبێتەوەو بە شێوەی "وسوو" گۆ دەکرێ. هاوکات پاشگری "کەند"ی مەغولی یان تورکی بە سەر کۆمەڵێک گوند و ئاوایی دەڤەرەکەوە دەبیندرێ وەک حاجیاڵیکەند، کەپەکەند، قەرەکەند، ئۆرتەکەند و..  بەڵام گریمانەی ئایینی بوونی ناوەکە بە سەرنجدان بە شوێن و بەرامبەری ناوی خانەگێ بە دوور نازانم. وێڕای ئەوە بە دەگمەن ناوێکی کوردێندراو لە گەڵ پاشگرێکی تورکی یان مەغولی بە ناوی شوێنەکانەوە ماوەو ئەوەش گریمانەی مەغولی یان تورکی نەبوونی ناوی ئەم گوندە زیاتر دەکا.
وسووکەند لە پەنا ئاسەواری مێژوویی بەردەکونتێ و بەرامبەر بە ئەشکەوتی فەقرەقا هەڵکەوتوە. ئەوانەو کۆمەڵێک ئاسەواری دیکە لەم دەوروبەرە مێژووی کۆنی ناوچەکەمان بۆ دەگێڕنەوە. شارەزایان پێیان وایە بەردەکونتێ شوێنێکی ئایینی بووە. ژمارەیەکی زۆر پلیکانی بچووک مرۆڤ بەرەو ئەشکەوت و بودڕ و رەهەند رێنوێنی دەکەن کە بە وتەی شارەزایان ئاورگە یان شوێنی قوربانی بوون. کەواتە هەم خانەگێ و هەمیش وسوکەند شوێنی ئایینی بوون و دەکرێ ناوەکەیان پێوەندی بە ئایینەوە هەبێ. وەک چۆن خانەگێ بە مانا ئەمڕۆییەکەی لە خانەقادا لە خوێندن و پاشگری "گا/گە/گێ" بە مانای "جێ/جێگە/جێگا" چی بووە و شوێنی خویندنی سروودی ئایینی و زیکرە، ئەوە وسووکەندیش دەتوانێ لە "سوکەند"ی بە مانای سوێند و شوێنی سوێندخواردن و جێگای تۆبەکردن چێ بووبێ.

سوێند

سوێند خواردن بریتی‌یە لە پەیمان بەستن یان سڕینەوەی شک و گومان. ئەگەر بۆ ئەنجامدانی کارێکی خراپ، گومان لە کەسێک بکرێ، کەسەکە دەتوانێ سوێند بخوا و گومان لە سەر خۆی لابا. هەروەها سوێند خواردن بۆ بەڵێن دان بە ئەنجامدانی کارێک یان بە جێ هێنانی پەیمانێک یاخود وەفادار بوون بە مانەوە لە سەر پەیمان  و بەڵێنێک بە کار دێ.
وشەکە لە زمانی کوردیدا بیچمی جۆراجۆری هەیە: سوێن، سوون، سۆند، سووند، سوێند، سۆکەند و لە فارسیشدا "سۆگەند" یان "سەوگەند".
فارسەکان دەڵێن وشەکە لە بنەڕەتدا بۆ مادەیەکی تراو بووە کە لە "سۆدێۆم" و "گۆگرد" پێکهاتوە و سوێندخۆر دەبوو بیخواتەوە تا بڕوای پێ بکرێ. ئەگەر مردبا ئەوە درۆزن بوو و ئەگەر ژیابا ئەوە راستگۆ.
بەڵام من پێم وایە بنەمای وشەکە لەوە سادەترە. لە ناو ئەو بیچمانەی سەرەوەیدا، سۆکەند لە هەموان ساخترە و بەو جۆرەی خوارەوە چێ بووە:
سۆ: شک، گومان، دوودڵی
کەند: رەگی کرداری کەندن (هەڵکەندن، هەڵقەندن)
ئەم دوانە بە یەکەوە "سۆکەند"یان پێک هێناوە بە مانای هەڵکەندنی گومان و دوودڵی. رەنگە ئەم هەڵکەندنی گومان و دوودڵیە لە درێژایی زەمان و لە فەرهەنگ و ئایینە جیاوازەکاندا شێوەی جۆراوجۆری هەبووبێ بەڵام سوێند بە خوا و پیرۆزیە ئایینیەکان باوترین شێوەی سوێند خواردنە.
کەسێ کە گومانی لە سەرە ئەسێ سوێند بخوا تا گومانەکە لە سەر خۆی هەڵکەنێ و متمانە بۆخۆی بگێڕێتەوە.
بەڵام ئەوەی لەم لێکدانەوەیەدا هێشتا گرێپوچکەیە، گەردانی سوێندە لە گەڵ کرداری خواردن؛
سوێند بخۆ
سوێند دەخۆم
سوێندی خوارد
فڵانی کەسێکی سوێندخۆرە
ئەو کچ و کوڕە سوێندخۆری یەکترن..
یان لە فارسیدا: سوگند خوردن

بەڵام سوێند هەمیشە لە گەڵ خواردن نییە:
سوێند دان: سوێندت دەدەم
سوێند لێ کەوتن: سوێندت لێ کەوت (بە درۆ سوێندت خوارد)
سوێند لە سەربوون (سوێندم لە سەرتە، سوێندت لە سەرم نییە؛ واتە گومانم لێتە، گومانت لێم نییە یان گومانت لە خۆڕایە)
سوێندکاری: سوێند خواردنی بە کۆمەڵ بۆ پەیمانی گشتی
سوێندگر: کەسێ کە دوای سوێندخواردن تووشی بەڵا و نەهامەتی بێ
لە فارسیدا: سوگند یاد کردن 

۲/۱۴/۱۳۹۵

بزووتنەوەی کورد لە نێوان دێموکراسیخوازیی ئێرانی و رزگاریخوازیی کوردستان دا

بە دوای رووخانی کۆماری کوردستان، ستراتیژیی سیاسیی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان بێ ئەوەی بڕیارێکی جەمعی لەسەر درابێ، گۆڕانی بەسەردا هات. نوخبەی سیاسیی کورد لە دوای کۆمار بە شوێن پەسیوێکدا بوو کە بتوانێ خۆی لێ بگرێتەوە و درێژە بە تێکۆشانی خۆی بدا. ئەوانەی کە رۆژهەڵاتیان بەجێ هێشت، بەشی زۆریان بوون بە بەشێک لە بزووتنەوەی سیاسی - نەتەوەیی پارچەکانی دیکە و ئەوانەش کە مانەوە بوون بە بەشێک لە بزووتنەوەی "ئازادیخوازی" لە ئێران. لە روانگەی هەردووی ئەو دووانەدا کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو، بەڵام کێشەکەی کێشەیەکی سەربەخۆ نەبوو. یان بەشێک بوو لە جوغرافیایەکی بەرینتر بە ناوی کوردستان کە دەبوو دوای رزگاربوونی بەش یان بەشەکانی دیکە رزگار بکرێ یا لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێراندا و لە ئێرانی ئازاد و دێموکراتی داهاتوودا دەبوو چارەسەری بۆ بکرێ. 
لە کۆنگرەی دووهەمی حیزبی دێموکراتدا تای تەرازووی کێشەکە بە لای لایەنە کوردستانیەکەدا شکایەوە. واتە کورد لە رۆژهەڵات دەبوو پرسی خۆی هەڵپەسێرێ و ببێ بە هێز بۆ بەشێکی دیکەی کوردستان و خەرج و پیتاکی بۆ کۆ بکاتەوە. بەڵام وەک چۆن دوو بۆچوونەکە پێش لە کۆنگرە هەبوون، قورس بوونی تای تەرازوو لە کۆنگرە نەیتوانی کۆتایی بە ململانێکان بێنێ. لە ئەنجامدا لاگرانی ئێرانی دێموکراتیک کۆمیتەی ئینقلابی ئەوکاتیان دامەزراند. کۆنگرەی سێهەمی حیزبی دێموکرات لە نێوان تێزی "رۆژهەڵات بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان" و "رۆژهەڵات بۆ دێموکراسی لە ئێران"، سەنتێزێکی دانا. واتە کورد لە هەمان کاتدا کە ئێرانی بوو و بۆ ئێرانی دێموکرات تێدەکۆشا، لە گەڵ بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە بەشەکانی دیکەش هاوکاریی دەکرد و هاوکاری لێ وەردەگرت. ئەمجارە کورد لە "کوردستانی ئێران" مافەکانی خۆی روونتر گەڵاڵە کرد بەڵام دەستبەربوونی ئەو مافانەی هەروا لە چاوەڕوانی بۆ دوای دامەزرانی ئێرانێکی ئازادو دێموکرات هێشتبۆوە. لەم پێناوەشدا بۆ هاوپەیمان دەگەڕا. رێچکەیەک کە هەتا ئێستاش کەم و زۆر گوتاری سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانە.
بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەو کاتەوە تا ئێستا بە هەموو لق و پۆپەکانیەوە، بەردەوام خۆی وەک بەشێک لە هێزی دێموکراسیخوازی ئێران پێناسە کردوە. لە روانینی سیاسیی کوردی رۆژهەڵاتدا دەستەبەربوونی مافەکانی لە گرەوی هاتنە سەر کاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە تاراندا بووە. بەوەش بزووتنەوەیەک کە دەبوو وەک هەر بزووتنەوەیەکی گەلانی بندەست، بزووتنەوەی "رزگاریخوازی نەتەوەیی" با، بوو بە بەشێک لە بزووتنەوەی "ئازادیخوازی سەراسەری".

دێموکراسی بۆ ئێران
پێناسەی ئێمە لە دەسەڵاتی تاران زۆر جیاواز نییە لەو پێناسەیەی ئازادیخوازێکی تارانی لەو دەسەڵاتەی هەیە. لە روانگەی هەردووکمان ئێستا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر لە تاران لە سەر کارە و دەبێ جێگای خۆی بۆ دەسەڵاتێکی دێموکرات بە جێ بهێڵێ تا هەموان لە ژێر سێبەری ئەم درەختی دێموکراسیەدا بحەسێنەوە. جیاوازیمان تەنیا لە تەفسیری نەوعی ئەو دێموکراسیەیە کە حکومەتی داهاتوو پێویستە هەیبێ.
هەوڵی زۆرمان بۆ رووخانی دەسەڵاتێک کە نە کورد دەستی لە دامەزراندنی دا بووە و نە دەتوانێ بیڕوخێنێ و نە هیچ نیشانەیەک هەیە بۆ ئەوەی ئەگەر رووخا لە سازکردنەوەی سیستمی نوێدا بەشداریی پێ بکرێ، ئێمەی لە حاند کۆماری ئیسلامی لە سیاسەت بەتاڵ کردوە. دوژمنایەتیەکی رەق و رووتی بۆ هێشتوینەتەوە. هەر لەو سۆنگەیەش دایە کە دوژمنایەتی ئێمە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتێک کە ئێستا لە تاران لە سەر کارە، زیاتر وەک دوژمنایەتیی کەسێکی بێ هێز لە گەڵ بەهێزێک یان دوژمنایەتیی بنەماڵەیەک لە گەڵ عەشیرەتێک دەچێ هەتا دوژمنایەتیی لایەنێکی رزگاریخواز لە گەڵ هێزێکی داگیرکەر. بۆیەش هەر جۆرە موزاکرەیەک لە گەڵ ئەو دەسەڵاتە لە چاوی بەشێک لە تاکی کورد دا خیانەتەو ئەوەی بە کەمتر لە رووخانی ئەم دەسەڵاتە رازی بێ، خیانەتکارە! لە راستیدا ئەم بۆچوونە نە دەرەنجامی رادەی شۆڕشگێڕ بوون بەڵکو بەرهەمی بە لارێداچوونی خەباتی ئێمە وەک خەباتی نەتەوەیەکی بندەستە کە بە جێی هێزی رزگاریخواز و رزگاریدەری کورد، خۆمان کردوە بە هێزێکی رووخێنەری دەسەڵاتی ناوەند لە تاران. تازە ئەگەر ئەم رێژیمەش بڕووخێ، لێمان روون نییە کە چ جۆرە دەسەڵاتێک جێی دەگرێتەوەو دەسەڵاتی داهاتوو چی بۆ ئێمەی کورد تێدایە. یان لە بنەڕەتدا کۆمەڵگای ئێرانی چەندە ئامادەی قەبوڵکردنی ماف و ئازادیەکانمانە؟!
ئەوە کە کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرە، دەسەڵاتێکی قانوونمەند نییە و وەک هەر دەسەڵاتێکی ئیدئۆلۆژیک، تێیدا بنەماکانی ئایدۆلۆژیا گرەو لە یاسا دەبەنەوە، حاشای لێ ناکرێ. تەنانەت ئەو جارانەش کە بەندێک یان چەند بەند لە یاساکەی بە قازانجی خەڵک بن بەڵام جێبەجێ کردنیان جۆرێک لە هەرەشە بۆ سەر بنەما و ئایدۆلۆژیاکانی خۆی لێ بکەوێتەوە، بە ئاسانی پشتیان تێ دەکا و جێبەجێیان ناکا. بەڵام ئەگەر کۆماری ئیسلامیش بڕووخێ، خۆ دەسەڵات لە تاران بە پێچەوانەی ویستی حەشیمەتی هەراوی ناوەند دانامەزرێ. پرسیار ئەوەیە ئاخۆ لە دەرەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، سەدا چەندی خەڵک و چالاکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی لە ئێران باوەڕیان بە مافی نەتەوەکان و لەوانە نەتەوەی کورد لە ئێراندا هەیە؟ ئاخۆ تاکی کورد دەتوانێ بە ئاسانی پەنجەکانی دەستی خۆی بە ژمارەی ئەو کەسایەتی و چالاکە سیاسیانە پڕ بکاتەوە کە دان بە مافی کورد دا دەنێن و لە پێناویدا تێ دەکۆشن؟ بە داخەوە وڵامی ئەمە لای من "نا"یە. هەر ئەوەش پێمان دەڵێ کە خۆ خەریک کردنی زۆری ئێمە بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستای تاران کە نە ئۆپۆزیسیۆنێکی رووخێنەری جیددی هەیە و نە روونە کەی دەڕووخێ و نە بە رووخانیشی لە دامەزراندنەوەی دەسەڵاتی نوێدا رۆڵێکی ئەوتۆمان پێ دەدرێ، خۆ خەریک کردنێکی بە خۆڕاییە و لە ئەسڵی بابەت و ئەرکەکانی خۆمان دوورمان دەخاتەوە. لەوەش زیاتر دانانی هەموو ئاوات و خولیاکانمان لە تەبەقی دێموکراسیی دواڕۆژی ئێراندا، هەڵەیەکە کە رێگامان زۆر لێ دوور دەخاتەوەو لەوەی کە ئێستا هەین، پتر بڕستمان پێ ناهێڵێ و زیاتر تووشی بێ ئەنگیزەیی سیاسیمان دەکا.
بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتەکان لە ئێرانی هاوچەرخدا، کورد نە عونسورێکی ئەکتیڤ بووە بۆ رووخانی دەسەڵاتەکان و نە لە سازکردنیشیاندا نەقشێکی پێ دراوە. هیچ گرەنتیەکیش نییە کە دەسەڵاتی دوای کۆماری ئیسلامی حەتمەن ئەو دەسەڵاتە بێ کە ئێمە چاوەڕوانی دەکەین. ئەگەر گریمان دەسەڵاتی دوای ئەم رێژیمە بە شێوەی رێژەیی هەڵگری بنەماکانی دێموکراسیش بێ، تازە ئێمە دەکەوینە قۆناخی لانیکەم بیست ساڵ لەوە پێشی خەباتی کورد لە تورکیا و لە باکووری کوردستان. بەڵگەشم ئەوەیە کە مافی کورد نەک لای دەسەڵاتدارانی تاران و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنەکەی لە دەرەوەو ناوخۆ نییە، تەنانەت لە ناو کۆمەڵگای ئێرانیشدا دان پێدا نەنراوە. بەو پێیەش بەستەری دامەزرانی "دێموکراسی لە ئێران" بەو تەعریفەی کە ئێمە لە دێموکراسی و لە دێموکراسیەک کە مافەکانی نەتەوەی کوردی تێدا جێ ببێتەوە، نییە.
کەواتە کورد دەبێ بێ وەبەرچاو گرتنی ئەوە کە کێ لە تاران حوکم دەکا و ئەو حوکمە تا چەند دیکتاتۆر یان دێموکراتیکە، خۆی رێک بخا و لە سەر جوغرافیای خۆی بە دوای مافەکانی خۆیدا بگەڕێ نەک لە تاران و لە داڵانەکانی سیاسەت لە ناوەند.

داگیرکەر و داگیرکراو
تەعریف و پێناسەمان بۆ دەسەڵاتی کۆماری ١٩٤٦ی کوردستان، هەر چۆنێک بێ، چ وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ پێناسەی بکەین یان یەکەیەکی خودموختار لە ئێران، دەسەڵاتی تاران و ئەرتەشەکەی بە بێ رێککەوتن لە گەڵ ئەم دەسەڵاتە و بە پێچەوانەی ویستی دانیشتوانی کۆماری کوردستان، هێرشیان بۆ کرد، روخاندیان و جوغرافیاکەیان داگیریان کرد. دوا جاریش سەرۆک و رێبەرانی کۆماریان ئیعدام کرد. ئەوە راستە کە کۆمار نەیتوانی هەموو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە، بەڵام ئەم کیانە سیاسی - نەتەوەییە هەتا ئێستاش بنەمای خەباتی نەتەوایەتیی ئێمە لە کوردستانە و لە دڵی رزگاریخوازانی کوردستاندا لە هەر شار و ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیندوویە. کەواتە ئەگەر مێژووی هاوچەرخی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆماری کوردستانەوە دەست پێ بکا، ئەوە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دوای داگیرکرانی کۆمار، یەکەیەکی جوغرافیایی داگیرکراوە. دەسەڵاتی تارانیش چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ ئێستا و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی‌دا، لە کوردستان دەسەڵاتێکی داگیرکەرە. چونکە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنی ڕێژیمی ئیسلامی، ئەوە دیسان بە پێچەوانەی خواست و ویستی دانیشتوانی کوردستان ئەم جوغرافیایە داگیر کرایەوە و دەسەڵاتێکی پێچەوانەی خواستی خەڵکەکەی بەسەردا سەپا. بەو پێیەش خەباتی ئێمە دەبێ خەباتی نەتەوە و خاکێکی داگیرکراو دژ بە دەسەڵاتێکی داگیرکەر بێ. لە ستراتژیی خەباتی ئێمەدا، داگیرکەر دەبێ وڵاتەکەمان بە جێ بێڵێ و تەنیا بە رێککەوتن لە گەڵ دەسەڵاتی هەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستانە کە دەتوانێ بە بێ پێناسەی داگیرکاری، مۆڵەتی بوون لە نێو ئەم یەکە جوغرافیاییەی هەبێ. تا کاتێک ئەمە پێناسەی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە دەسەڵاتی تاران نەبێ، کابرای تارانی زۆر بە ئاسانی دەتوانێ پێمان بڵێ، ئەگەر رازین لە ئێران بمێننەوە و ئەگەریش ناڕازین، ئەوە بڕۆن لە وڵاتێکی دیکەدا بگیرسێنەوە!
کەواتە ئێمە دەبێ دەسەڵات و هێزی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، وەک هێزی داگیرکەر ببینین نەک بە تەنیا وەک حکوومەتێکی دیکتاتۆر.

ئازادیخواز یان رزگاریخواز و رزگاریدەر؟
ئەگەر بمانهەوێ خۆ لە دووپاتکردنەوەی مێژووی لانیکەم ٥٠ ساڵی رابردووی خۆمان ببوێرین، دەبێ پێناسەیەکی دیکە بۆخۆمان و بۆ دوژمنەکەمان بکەین. پێناسەی ئێمە لە دەسەڵاتی تاران هەر لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیەوە هەتا ئێستا پێناسەی ئازادیخواز لە دیکتاتۆر بووە. ستراتژیی ئێمە هەمیشە لە پێشدا ئێرانێکی دێموکرات بووە. چ ئەو کاتە کە ستراتژیمان "دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان" بوو و چ ئێستا کە "ئێرانێکی دێموکرات و فیدراڵ"مان دەوێ. نەک ئەوە کە پێم وا بێ ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا خراپە، نا، بەڵکو ئەو ستراتژیە و ئەو پێناسەیە، ئێمەی لە ئەرکی سەرەکیی خۆمان دوور خستۆتەوە. بەو پێناسەیەوە بووین بە بەشێک لە هێزی ئازادیخوازی ئێرانی. هێزێک کە بەردەوام لە هەڵکشان و داکشان، لە بەهێزبوون و لاوازبووندا بووە بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا خەمی ئەو خەمی مافی نەتەوە بندەستەکان نەبووە. تەنانەت زۆرێک لە لایەنە ئازادیخوازە ئێرانیەکان سەرەڕای هەڵگرتنی دروشمە دێموکراتیکەکان، هیندەی دەسەڵاتی تاران دژ بە ماف و ئازادیەکانی کورد وەستاونەتەوە یان لە باشترین حاڵەتدا دانیان بە هێندێک مافی سەرەتایی لە گوێن مافی شارۆمەندی ناوە. لە ژێر ئەم سیاسەت و ستراتژیەش کە بە درێژایی چەند دەیەی رابردوو گرتومانەتە بەر، کورد لە ئێراندا خاوەنی کەمترین پشتیوانیە. بۆیەش بزووتنەوەی کورد دەبێ پشت بە هێزی نەتەوەیی خۆی ببەستێ و لەم پێناوەشدا دەبێ پێناسەی ئێستای لە خۆی و لە دوژمنەکەی بە پێناسەی داگیرکراو لە داگیرکەر بگۆڕێ. دەبێ بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات پێناسەی خۆی لە هێزێکی ئازادیخوازی ئێرانی - کوردیەوە بۆ "هێزی رزگاریخوازی کوردستان" بگۆڕێ. لەوەش زیاتر ئەوەندە خۆ بە هێز بکا تا ببێ بە هێزی رزگاریدەری نەتەوەیی.

ستراتژیی "دێموکراسی بۆ ئێران" بنەماکانی نەتەوەیی کاڵ کردۆتەوە
رزگاریخوازی داکۆکی و هەوڵدان بۆ رزگاریی نەتەوەیەک بە ناوی کورد لە ژێردەستی و ئازاد کردنی خاکێک بە ناوی رۆژهەڵاتی کوردستان یان کوردستانی رۆژهەڵات لە داگیرکراویە. مەرج نییە ئەم رزگاریە حەتمەن لە جۆری جودایی لە ئێران و سەربەخۆیی رۆژهەڵاتی کوردستان بێ. بەڵکو پێش لەوە کە بە دوای چۆنیەتی چارەسەری پرسی نەتەوەییدا بچێ، بۆ پتەو کردنی بنەماکانی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ناو تاکی کورد و لە کۆمەڵگای کوردستاندا تێدەکۆشێ. بزووتنەوەی رزگاریخوازی کۆمەڵگای خۆی بە بنەما دادەنێ و یارمەتی لە ئازادیخوازانی ئێران و جیهانیش وەردەگرێ. رەوتێک کە لە دێموکراسیخوازی بۆ ئێراندا تۆخ نییە و تا رادەیەکیش پێچەوانەیە. تەعریفی نەتەوە لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی تا ئێستای کوردی رۆژهەڵاتدا سنووردار بووە. تاکی کورد تا ئاستێکی نە زۆر کەڵەگەت مافی کورد بوونی هەبووە. دوای ئەو ئاستە ئیدی تاکێکی ئازادیخوازی ئێرانی بووە. ئەم بزووتنەوەیە هەمیشە دەستێکی بە دروشمی پاراستنی یەکپارچەیی ئێران و رەسمیەتی زمانی فارسیەوە گرتوەو بە دەستەکەی دیکەی هەوڵی دەستەبەرکردنی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستانی داوە. ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوە کە چەمکی نەتەوایەتی لە لای تاکی کوردی رۆژهەڵات نەهادینە نەبێ. ئەوەی کە ئێستاش لای کورد و تاکی کوردی رۆژهەڵات هەیە بەشی زۆری لە ژێر شوێندانەریی کورد و بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بووە.
لە باری جوغرافیاییشەوە هەتا ئێستا کورد و بزووتنەوە سیاسیەکەی لە رۆژهەڵات تەعریفی ناڕوونی لە خاکی خۆی هەیە. هەتا ئێستاش نەیتوانیوە خاوەنی نەخشەی نیشتمانەکەی خۆی بێ. نەخشە لای ئەو سەلماندنی دابەشکاریی ئوستانەکانە. لە حاڵێکدا پێوانەی دەسەڵات بۆ دابەشکردنی ئوستانەکان، هیچکات نەتەوە نەبووە.
لە باری یەکگرتوویی نەتەوییشەوە دوای زیاتر لە سەد ساڵ خەباتی بەردەوام، کوردایەتی هێشتا لە کۆمەڵگای کوردستاندا بۆ وێنە بە رادەی تورک بوون و تورکایەتی لە شارەکانی ئازەربایجان پەرەی نەگرتوە. خواستی نەتەوایەتیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە سەر سۆز بنیات نراوە نەک لە سەر بنەمای تێگەیشتن و پێویستی. زۆربەی ئێمە لە خۆشەویستیی حیزب و پێشمەرگە و چەکدا رێی خەباتمان هەڵبژارد نەک بە دوای مافە نەتەوایەتیەکانماندا. نوێنەرێکی کورد لە مەجلیس زۆر بە سانایی دەتوانێ پشت لە خواستە نەتەوەییەکانی بکا. بە دەگمەن بەهائەدین ئەدەبێکیان تێدا هەڵدەکەوێ. لە کاتێکدا تورکایەتی بۆ نوێنەرە تورکەکان بە ریفۆرمخواز و ئوسولگەراو سەربەخۆوە، هەمیشە پایەیەکی کار و تێکۆشانە. لە هەر تریبوونێک بۆ دەربڕینی هەستی نەتەوەیی خۆیان کەلک وەردەگرن. بەردەوام هەوڵی دەرپەڕاندنی نەتەوەکانی جیرانیان و بڵاوکردنەوەی خۆیان دەدەن. ئێمە مێژووی راستەقینەمان هەیە و کاری لە سەر ناکەین کەچی ئەوان مێژووی درۆیینەی خۆیان لە سەر ئەم خاکە بۆ ٥ هەزار ساڵ دەگەڕێننەوە. بە بێ ئەوەی حیزبی سیاسی و رێکخستنی سیاسیان هەبێ، بە سەدان کەسیان لەم پێناوەدا کار دەکەن. کەچی لای کورد لە زۆر شوێن و لە زۆر بنەماڵەی کورددا کوردبوون کرچ و کاڵ و پێنەگەیشتوویە. ئاخاوتن و تەنانەت نووسین و هونەرنواندن بە زمانی فارسی لە جێی زمانی دایکی نەک کەسری شان نییە، جۆرێک لە شانازیشە. سەرەڕای بوونی زۆر بنکەی فێرکردنی زمانی کوردی، دایک و باوکەکان بە دەگمەن هەست بە پێویستی خوێندنی مناڵەکانیان بە زمانی کوردی دەکەن. لە ناو کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر نین ئەوانەی خۆیان فێری خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی کردوە. لە حاڵێکدا کتێب و چاپەمەنی بە زمانی کوردی بە لێشاوە و لە زۆربەی شارەکان خولی فێرکردن بە زمانی کوردی هەیە. ئەگەر ئاوڕێک لە سەد ساڵ خەباتی خوێن و قوربانیدانی خۆمان بدەینەوە و لە گەڵ بۆشایی نەبوونی جووڵەیەکی ئەوتۆی تورکەکان لە ناوچەکەدا بەراوەردی بکەین، قوڵایی ئەم کەم دەسکەوتیەی خەباتەکەمان زیاتر بۆ دەردەکەوێ.

دیموکراسیخوازی بۆ ئێران پرسی کوردی دوا خستوە
لە رۆژەکانی کۆتایی تەمەنی کۆماری کوردستانەوە هەتا ئێستا، بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات بەردەوام داکۆکی لە یەکپارچەیی ئێران کردوە. لەم پێناوەشدا زۆر شتی فیدا کردوەو تێچووی زۆری داوە. کەچی دەبینین دەسکەوتەکانی لە زیانی زیاتر نەبووە:
١- ستراتژیی دێموکراسیخوازی، کورد و بزووتنەوە سیاسیەکەی بە شوێن ئۆپۆزیسیۆنی فارسدا هەڵوەداو وابەستە کردوە. زۆر جاریش لە پێناو ئەم ستراتژیەدا ناچار بووە هەوڵ و هەزینەی ئۆپۆزیسیۆن سازی بدا یان ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە سەر زگی خۆی بحاوێنێتەوە بێ ئەوەی هیچ خێرێکی لێ ببینێ.
٢- چونکە ستراتژیی رزگاریی خاک و نەتەوە بەدەر لە ئێرانی ئازاد و دێموکرات، لە دکترینی سیاسیی بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵاتدا نەبووە و مادام کوردیش بە تەنیا ناتوانێ دەوڵەتی ناوەندی بڕووخێنێ، پێشمەرگەی کوردستان ناچار بووە زۆر بە ئاسانی و بێ بەرگریی ئەوتۆ خاکی خۆی بە جێ بێڵێ. دوای داگیرکرانی خاکەکەشی هەوڵی ئازادکردنی لانیکەم بەشێکی نەداوە. دوا جاریش کە هیچکام لە فاکتەرەکانی رووخانی دەسەڵات لە ناوەند شک نابا، تووشی نائومێدی و چەقبەستوویی دەبێ.
٣- هەر ئەم چاوەڕوانیە بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ناوەند، وای لێ کردوە کە بەردەوام چاوەڕوانی لێدانی هێزێکی دەرەکی لە ئێران و روخاندنی دەسەڵاتی ئێستای تاران لە لایەن وڵاتێکی دەرەکیەوە بێ.
٤- هیچ روون نییە کە بە روخاندنی دەسەڵاتی ئێستای تاران، حەتمەن دەوڵەتێکی دێموکرات، ئەویش بە تەعریفی کورد لە دێموکراسی، بێتە سەر کار. کەواتە ئەوەش کە بۆ روخانی ئەم رێژیمە سەرف دەکرێ، تێچوویەکی لە جێگای خۆیدا نییە.
٥- ستراتژیی ئێرانی ئازاد و دێموکرات نەیتوانیوە رێژەیەکی ئەوتۆ لە لاگرانی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان لە ناو نەتەوەی باڵادەست و لە ناو لایەنەکانی هەڵقوڵاو لە ناوەندی ئێران بۆ کورد دەستەبەر بکا. لە حاڵێکدا لە تورکیا و لە عێراق لانیکەم ئیسماعیل بێشکچی یان جەواهێریەک پەیدا بوون. کەواتە لەم بارەشە کورد قازانجی لەو دروشمە نەکردوە.
٦- سەرەڕای زیاتر لە نیوسەدە خەبات بۆ ئێرانی ئازاد و دێموکرات، کەمتر کەس و لایەنی ئێرانی بڕوا بە کورد دەکەن کە نایهەوێ جیا بێتەوە. کەواتە لەوەشدا چ دەسکەوتی نەبووەو هەوڵێکی بەخۆڕایی بووە.
٧- هەوڵدان بۆ ئێرانی ئازاد و دێموکرات لە دکترینی سیاسیی بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵاتدا بەشێک لە وزە و توانایی ئەم نەتەوەیەی وەک تاک و تەنانەت لە ئاستی حیزب و رێکخراویشدا، راستەوخۆ بۆ ناو ئەو لایەنە ئێرانیانە گواستۆتەوە کە مینهایی پرسی کورد، وەک حیزبە کوردیەکان بۆ ئێرانی ئازاد و دێموکرات خەبات دەکەن.
٨- دانی پێدا بنێین یان نا، بەشێکی زۆر لە تێچووی خەباتی تا ئێستای ئێمە لە پێناو دێموکراسی بۆ ئێراندا بووە. دێموکراسی بۆ ئێرانیش بەحرێکی ئەوەندە بەرینە کە بە دڵۆپی خوێنی پێشمەرگەی کوردستان رەنگین نابێ.
٩ - لە هەمووی ئەوانە گرینگتر ئیدەئالی "ئێرانی دێموکرات" ئەوەندە بۆ کورد دوورەدەست بووە کە هەستی ناهومێدی و کەم توانایی بۆ تاکی کورد و بزووتنەوەی کورد لێ کەوتۆتەوە.

دروشمی رووخاندن
دوای ئەوەی موجاهیدینی خەڵق و دواتر بنی سەدر و ژمارەیەکی دیکە لەو کەسایەتی و لایەنانەی لە بنیاتنانەوەی سیستمی نوێی دەسەڵات لە ئێراندا بەشدار بوون، کەوتنە بەر رق و قینی خومەینی، لە عێراق گیرسانەوە، شورای میللیی موقاومەتی خەڵکی ئێرانیان پێکهێنا. ئەم شوورایە، رێکخراوێکی بە هێز بوو کە دەکرا وەک ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی سەیری بکرێ. ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی و چەند مانگ پێش کۆنگرەی پێنجەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەم حیزبە لە گەڵ شورا کەوتە دانوستان. شورا رازی بوو کە خودموختاری وەک مافی خەڵکی کوردستان لە بەرنامەی خۆیدا بگونجێنێ. بەرامبەر بەوەش حیزبی دێموکرات دروشمی روخانی کۆماری ئیسلامی هەڵگرت. لە راستی‌دا هەڵگرتنی ئەم دروشمە لە لایەن حیزبی دێموکرات دەرەنجامی معامەلە و دانوستان لە گەڵ موجاهیدینی خەڵق و شورای میللیی موقاومەتی خەڵکی ئێران بوو. داوایەکی دیکەی شورا ئەوە بوو کە ئەم حیزبە بۆی نییە بکەوێتە وتووێژ و موزاکرە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی. داوایەک کە روون نییە حیزبی دێموکرات چەندەی قەبوڵ کرد و دوا جاریش هەر لە سەر ئەوە شورای بە جێ هێشت یان بە وتەی موجاهیدین و لایەنەکانی دیکە، لە شورا دەرکرا.
هەردوو بابەتی وتووێژ و رووخان ئەگەر بە جیا سەیریان بکەین، جوان، دروست و پێویستن. بەڵام ئەگەر لە دەلاقەی ستراتژیی دێموکراسیخوازی بۆ ئێرانەوە هەڵیانسەنگێنین، نارێک و ناکۆکن.
هیندەی دەگەڕێتەوە سەر دروشمی روخاندنی دەسەڵات لە تاران، ئەوە یەک لە پێویستیە سەرەکیەکانی دێموکراسیخوازی بۆ ئێرانە. چونکە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی ئیدئۆلۆژیکە و ئاستەمە لە ناو ئەم سیستمەدا دێموکراسی سەقامگیر بێ. هەرچەند رووخانی ئەم رێژیمە راستەوخۆ بە مانای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیک نییەو هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیکیش بۆ بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی کوردستان بە مانای دەستەبەر بوونی مافەکانی کورد نییە. وەک پێشتریش نووسیومە، روخاندنی دەسەڵاتی ناوەند، ئەرکی سەرەکیی هێزی رزگاریخوازی نەتەوەیەکی بندەستی وڵات داگیرکراوی وەک کورد لە ئێران نییەو بەم هێزە و بەم نەتەوەیەش نە دەڕوخێندرێ و نە ئەگەر رووخاش دەسەڵاتی داهاتوو لە سەر ئەو بنەمایانە دادەمەزرێ کە ئەم نەتەوەیە دەیهەوێ.

سیاسەتی وتووێژ
هەر هێزێکی رزگاریخوازی نەتەوەیی دەبێ ئەو بوارە بۆ خۆی و بۆ نەتەوەکەی و بۆ دەسەڵاتی داگیرکەریش بێڵێتەوە کە کێشەکانی لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەند بە وتووێژ چارەسەر بکا. ئەوەش کە ماهیەتی دەسەڵاتی ناوەند چیە و تا چەند دەتوانین تێی‌ڕاببینین کە دان بە مافەکانی ئەم نەتەوەدا بنێ، لە ئەسڵی پڕەنسیپی وتووێژ کەم ناکاتەوە. بەڵام ئەگەری سەرکەوتن و چنینەوەی دەسکەوت لە وتووێژ پێوەندی بە کۆمەڵێک فاکتەر لە دوو لایەن و لە دەرەوەی دوو لایەندا هەیە. لەو فاکتەرانەش ئەوەی کە لە ماهیەتی دەسەڵاتی داگیرکەر زیاتر شوێندانەرە، ئاستی بەهێزیی هێزی رزگاریخوازی نەتەوەیی‌یە.

خەباتی پارلمانی
یەکێک لە شێوەکانی خەبات بۆ هەر هێزێکی رزگاریخوازی نەتەوەیی، خەباتی پارلمانی لە ناوەندی دەسەڵاتە. شێوەیەک لە خەبات کە لە گەڵ ستراتژیی روخاندن و دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک لە ناوەند ناتەبایە. بەڵام بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی، نەک ناتەبا نییە بەڵکو ئامرازێکە بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی. کارێک کە ئێستا لە باکووری کوردستان و لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئەو بەشەی کوردستاندا هەیە. لێ وەک هەموو شێوەکانی دیکەی خەبات، بەندە بە رادەی خۆرێکخستن، رادەی بەرزبوونەوەی تێگەیشتویی نەتەوەیی لای تاکی کورد و رادەی مکوڕ بوونی کۆمەڵگای کوردستان بۆ لێپرسینەوە لە نوێنەران لەمەڕ بە دواداچوون بۆ قسەکردن و جەخت کردنەوە لە دەستەبەربوونی مافەکانیان.

رزگاریخوازی لە ستراتژیی سیاسیی "حدک"دا
کۆنگرەئ ١٤ی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هێنانە ئارای ستراتژیی کۆماری کوردستان هەوڵیدا هەنگاوێک لە ستراتژیی ئێرانی دێموکرات دوور بکەوێتەوەو بەرەو ستراتژیی رزگاریی نەتەوەیی هەنگاو بنێ. بەڵام لەو کۆنگرەیەشدا بۆچوونی یەکەم لە قالبی فیدراڵیخوازی بە هێز بوو. هەر بۆیەش دوا جار دوو چەمکی "کۆماری کوردستان" و "ئێرانی دێموکراتیک و فیدراڵ" لێک موتوربە کران و ستراتژیی "دامەزرانی کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانی دێموکراتیک و فیدراڵ"ی لێ کەوتەوە. بەوەش کارێکی تازەمان نەکرد و تەنیا لە بەرنامەی سیاسیماندا ناوی "هەرێمی فیدراڵی کوردستان"مان بە "کۆماری کوردستان" گۆڕی. لە مەودای نێوان کۆنگرەی ١٤ بۆ ١٥ کۆماری کوردستان تەنیا لە سەر لاپەڕەکانی بەرنامە هەبوو و گوتار و سیاسەتی حیزب بە دەوری فیدرالیزمەکەدا دەخولایەوە. لە مەودای نێوان کۆنگرەی ١٥ بۆ ١٦ فیدراڵیخوازیەکە کەمڕەنگ بۆوە و تا رادەیەک کۆماری کوردستان هاتە ناو گوتاری سیاسیەوە. لەم قۆناخەدا داکۆکیمان لە بنەماکانی کۆماری کورستان، سیاسەتی رۆژهەڵات تەوەری، هەوڵدان بۆ رێکخستنی کۆمەڵگا بۆ مکوڕ بوون لە سەر مافەکانیان لە کێبەرکێکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و دوا جار مەجلیس، ئەرکدار کردنی کۆمەڵگا و نوخبەی سیاسی و مەدەنی بۆ بەدواداچوونی مافەکانیان، پشتیوانی لە چالاکیە مەدەنی و سیاسیەکان لە ناوخۆ، داکۆکی لە سەر وتووێژ و دواجار وتووێژ لە گەڵ دەوڵەتی ناوەند و سەرەنجام چەمکی ریفراندۆم دەتوانن لە قالبی ستراتژیی رزگاریخوازیدا پێناسەیان بۆ بکرێ. هەرچەند لێم روون نییە کە ئاخۆ ئەو هەوڵانە، لە راستای گۆڕینی ستراتژیی سیاسی و نەتەوەییدا بوون یان هەروا و بە شوێن شتی تازەدا تووشیان بووین و هێناماننە ناو بەرنامەی سیاسیەوە. چونکە گۆڕینی ستراتژی لە "ئێرانی دێموکراتیک و فیدراڵ"وە بۆ رزگاریخوازیی نەتەوەیی و "دامەزرانی کۆماری کوردستان" پێویستی بە کاری بنەڕەتی هەیە کە ئێمە نەمانکردوە. بۆیەش دوو کەمایەسیی گەورە لەو هەوڵانەماندا هەبوو؛
یەکەم؛ هیچکات نەمانتوانی بە ئاشکرا گۆڕانی ستراتژیی سیاسیمان رابگەیەنین و
دووهەم؛ بنەماکانی گۆڕان لە لایەنێکی ئازادیخوازەوە بۆ هێزێکی رزگاریخوازمان لە خۆماندا پێک نەهێنا. گۆڕان لە لایەنێکی ئازادیخوازی ئێرانی - کوردستانیەوە بۆ هێزێکی رزگاریخوازی نەتەوەیی پێویستی بەوە هەیە کە لە هەموو بوارەکانی رێکخستن، پێشمەرگە، دیپڵۆماسی، راگەیاندن و.. خۆمان بە هێز بکەین. تا ئاستێک کە بتوانین ببین بە کارتی فشار بۆ پاشەکشە بە دەسەڵات و بە چۆکداهێنانی. بەڵام ئێمە هیچکام لەوانەمان نەکرد و زیاتر سیاسەتمان کرد. لەو جێگایانەشدا کە جەختمان لە سەر کەم توانایی کورد لە حاند دەسەلاتی تاراندا کردوە، هیندەی ئەم کەم تواناییە بۆ روخاندنی دەسەڵات و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکرات راستە، بەو رادەیەش لە گەڵ ماهیەت و ئەرکی بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی نەتەوەیی ناتەبایە. هەر ئەوەش وای کرد کە چەند جار رەخنەی جیدیمان بێتەوە سەر.

رزگاریخوازی دەتوانێ یەکڕاست واتای خوداییخوازیش نەبێ
بۆ بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی نەتەوەیی ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە دەبێ بە ئامانجی پێکهێنانی دۆخ و فەزایەک کە لەودا هاونیشتمانان لە ریفراندۆمێکی ئازادانەدا بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن، تێ‌بکۆشێ. فاکتەرەکانی ئاکامی دەنگی خەڵک خەڵک ئەوەندەی پێوەندی بە خواستی هێزی رزگاریدەرەوە هەیە، ئەوەندەش پێوەندی بە دەسەڵاتی ناوەند و هەڵسوکەوتەکانی لە حاند ئەو نەتەوەیە هەیە. کەواتە لێرەشدا ئەگەر بۆ دەسەڵاتی ناوەند مانەوەی یەکپارچەیی خاکەکەی گرینگ بێ، ناچارە روانین و هەڵسوکەوتی خۆی سەبارەت بەو نەتەوەیە بگۆڕێ. ئا لێرەدا هێزی رزگاریدەری نەتەوەیی یەکەم کارتی فشاری خۆی روو بە دەسەڵات و بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتی دەسەڵات دەتوانێ بە کار بێنێ.

رزگاریخوازی دژایەتی لە گەڵ دێموکراسیخوازی نییە
رزگاریخوازی دژایەتی لە گەڵ دێموکراسی و دێموکراسیخوازی نییە. وەک چۆن دێموکراسیش راستەوخۆ بە مانای دابین بوونی مافە نەتەوایەتیەکان بۆ نەتەوەیەکی بندەست نییە. حیزبێکی رزگاریخواز دەتوانێ وەک ئیدئال داکۆکی لە دامەزراندنی دێموکراسی بۆ ئێران بکا. تەنانەت خودموختاری و فیدرالیزمیش وەک شێوەیەک بۆ دابینکردنی مافە نەتەوایەتیەکان رەد نەکاتەوە، لە گەڵ هێزە دێموکراتیکەکان بکەوێتە مەعامەلە، دەتوانێ لە بەرنامەی خۆیدا گرینگی بە چەمکی دێموکراسی بدا بەڵام لەو جێگایەدا کە دەیکا بە ستراتژیی سیاسی خۆی، دەبێ دەست رابگرێ. چونکە ئیدئالەکان تەنیا وەک خەیاڵ و خەون، بە بێ دەستنیشان کردنی ئاسۆی روونی دەرکەوتنیان، ناتوانن ستراتژیی رێئال و دروستی سیاسی بن.
ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر چۆنیەتی ئیدارەی ناوخۆیی یان ئیدارەی کۆماری کوردستان لە داهاتوودا، پێوەندی بە خواستی دانیشتوانی کوردستان، ناوەرۆکی بەرنامەی سیاسی و کارکردی بزووتنەوەی ئازادیخوازەوە هەیە. تەنانەت لە حاند دەسەڵاتی ناوەندیش، تا دەسەڵات دێموکراتیکتر بێ، دەرفەتی رزگاریی نەتەوەییش زیاتر دەبێ. بەڵام وەک باس کرا، دێموکراسی لە ناوەند، یەکڕاست بە مانای رزگاریی نەتەوەیی لە کوردستان نییە. ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین کە لە تورکیادا دێموکراسی هەیە بەڵام مافەکانی کورد لەو وڵاتەدا دەستەبەر نەبوون و کورد هەروا قوربانی دەدا. ئەمەش هۆکارێکی گرینگی جیاوازیی نێوان بزووتنەوەی کورد لە باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستانە. لە کاتێکدا بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات لە تاسەی دێموکراسی بۆ ئێراندا بەردەوام پەڕ و باڵی لێ دەبێتەوە، لە باکوور لە پێشڤەچوون نەکەوتوە. چونکە بزووتنەوەکە لە رۆژهەڵات چاوەڕوانی رووخانی دەسەڵاتی تاران و لە دایکبوونی دێموکراسی دەکا. چەندین دەهەیە بۆ ئەو مەبەستە تێدەکۆشێ یان لە چاوەڕوانییدا دەژی. لێ لە باکوور راستەوخۆ لە گەڵ دێموکراسیەک رووبەڕوویە کە مافی کوردی تێدا دەستەبەر نەبووە. لە باکوور سەرەڕای هەموو هەڵبەز دابەزی سیاسی، ئامانج رزگاریی نەتەوەییە بێ ئەوەی رووخانی دەسەڵات و تەنانەت جودابوونەوەش لە بەرنامەدا بێ. لێ لە رۆژهەڵات ئامانج رووخانی دەسەڵاتی ئێران و دامەزراندنی دێموکراسی لە تارانە تا بەڵکو کورد لە سنە و مەهاباد و کرماشان لە سایەیدا بحەسێتەوە. ئامانجێک کە کورد بۆخۆی ناتوانێ بیکا و دەبێ هێزێکی دیکە بۆی بکا. هێزێک کە هیچ تارماییەکی لە هیچ کوێ دیار نییە. پرسیار ئەوەیە کە بەم ستراتژیەوە کوردی رۆژهەڵات دەبێ چەندەی دیکە چاوەڕوان بێ تا هێزێکی دێموکراتخواز دێموکراسی لە تاران سەقامگیر بکا و دوای سەقامگیربوونی دێموکراسیش چەندەی دیکە خەبات بکا تا نەوعی دێموکراسیەکە ئەوە بێ کە کورد دەیهەوێ لە سایەیدا بحەسێتەوە؟

بە کورتی:
- هێز و وزەی خەڵکی کوردستان بنەما و سەرمایەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی لە کوردستانە.
- بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، هێز و وزەی نەتەوەی لە پێناو ئازادیی کوردستان وەک خاک و وەک جوغرافیا دایە ستراتژیەکەی لە سەر بنەمای خاکە.
- بزووتنەوەی رزگاریخواز بۆ قازانج و بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی حیساب لە سەر هەر هەنگاوێک - ئەگەر بچووکیش بێ - دەکا.
- بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، کوردی رۆژهەڵات یەک نەتەوەو کوردستانی رۆژهەڵات واحیدێکی دیاریکراوی جوغرافیاییە کە ئەو نەتەوەیە وێڕای کەمە نەتەوەییەکانی دیکەی لە سەر دەژی.
- بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بە شوێن سەڵتەنەت تەڵەب و ریفۆرمخواز و ئەم و ئەو دا هەڵوەدا نییە تا دێموکراسی لە ئێران و مافی کورد لە کوردستان پەسند بکەن.
- بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، دەسەڵاتی ناوەند هەر ماهیەتێکی هەبێ، لە کوردستان داگیرکەرە.
- بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان هەوڵ دەدا پاشەکشە بە داگیرکەر لە کوردستان بکا و خەڵک و خاکی خۆی بۆ رزگاری ئامادە دەکا.
- ئامادەکردنی خەڵک و خاک بۆ رزگاری بەو مانایەیە کە کۆمەڵگا بۆ هەر جۆرە چارەسەرێکی پرسی نەتەوەیی ئامادە بێ و لە کاتی گونجاودا دانیشتوانی کۆماری کوردستان لە ریفراندۆمێکی ئازاددا بڕیار لە سەر شکڵ و شێوەی ئەو چارەسەریە دەدا.
- کۆماری کوردستان دەتوانێ ناو و شکڵی بەڕێوەبەریی ئەو یەکە جوغرافیاییە بێ کە ئێستا بە ناوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کوردستانی رۆژهەڵات یان کوردستانی ئێران باسی دەکرێ. ئەم یەکەیە بە پێی خواستی دانیشتوانی کۆماری کوردستان دەتوانێ سەربەخۆ بێ، دەتوانێ لە گەڵ بەشێک یان بەشەکانی دیکەی کوردستان یەک بگرێ و کوردستانێکی یەکگرتوو پێک بێنێ یان بە رێککەوتن لە گەڵ تاران، یەکەیەکی جوغرافیایی لە چوارچێوەی وڵاتێکی گەورەتر بە ناوی ئێران بێ.

۱/۳۱/۱۳۹۵

شۆڤێنیزمی دژ بە دێموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە پارێزگای ورمێ

لە سەرەتای ئەم حەوتوویەدا سادقی زیباکەلام، مامۆستای زانکۆ و یەکێک لە تیئۆریسیەنەکانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی پارێزگای ورمێی کرد. ئامانجیش لە سەردانەکە، بانگەشە بۆ کاندیداکانی باڵی ریفۆرمخواز بوو.
لە ئاکامی دەنگەکانی خولی یەکەمی هەڵبژاردن بۆ مەجلیسی دەهەم،  رێژەی کورسیەکانی دوو باڵی ریفۆرمخواز و ئوسولگەرا زۆر لە یەک نیزیکن و بەو هۆیەش دوو جناح پشتیان بە سەرکەوتنی کاندیداکانیان لە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس بەستوە. لەم خولەدا چارەنووسی ٦٨ کورسیی مەجلیس یەکلایی دەبنەوە.
 لە دەوری یەکەمی هەڵبژاردنەکانی خولی دەهەمی مەجلیسی شورای ئیسلامی لە پارێزگای ورمێ، هیچکام لە دوو کورسیەکانی حەوزەی هەڵبژاردنی تیکاب – شاهیندژ – میاندواو، تاکە کورسیی سەڵماس و دوو لە سێ کورسیەکەی حەوزەی هەڵبژاردنی ورمێ یەکلایی نەبوونەوەو چارەنووسیان بە ئاکامی خولی دووهەم بەستراوەتەوە کە بڕیارە رۆژی ۱٠ی بانەمەڕ بەڕێوە بچێ.
 ئەوەی کە زیباکەلام دەبوو بە ناوی ریفۆرمخوازی لە هەردوو حەوزەی هەڵبژاردنی ورمێ و تیکاب – شاهیندژ – میاندواو، بانگەشەیان بۆ بکا، کاندیدا کوردەکان بوون. زۆربەی کاندیدا تورکەکان خۆیان لە بەرەی ئوسولگەراکاندا دەبیننەوە. لە حەوزەی ورمێ هەر یەک لە مەجیدی دودکانلوی میلان و حاکم مامەکان چاوەڕوانن بە دەنگی کوردەکان و باقی لایەنگرانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکان لە ورمێ سەر بکەون. ئاکامێک کە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا دەستەبەر نەبوو و نادری قازی‌پوور توانی یەک لە سێ کورسیەکانی ئەم پارێزگایە داگیر بکا. کەسێک کە دواتر لێی ئاشکرا بوو کە چۆن بێڕێزی بە ژنان، لاوان و نەتەوە غەیرە تورکەکان دەکا و بە نەشیاوترین شێوە هەڵدەکوتێتە سەریان.
 بەڵام لە حەوزەی میاندواو – تیکاب – شاهیندژ رەوتەکە جیاوازە. لەم حەوزەیەدا دوو نەتەوەی کورد و تورک زۆربەی دانیشتوان پێک دێنن. لە ناو ئەوانیش‌دا پێڕەوانی سەر بە ئایین و مەزهەبەکانی سوننی، شیعە، یارسان و هیتر دەژین. بەڵام کاربەدەستە تورکەکان کە سەرەتا بە هۆی ئایینەوە خۆیان لە گەڵ دەسەڵاتی شیعەی کۆماری ئیسلامی رێک خست، لە درێژ ماوەدا هەموو هەوڵیان دا بۆ ئەوەی نەتەوەکانی دیکە لەم ناوچەیەدا نەهێڵن. لە سەرەتادا بەهاییەکان بە توندترین شێوە کەتنە بەر ئازار و ئەزیەت و ماڵ و سامانیان بە تاڵان بردرا. جوولەکەکان ناچار بوون کۆچ بکەن و کلیسای ئەرمەنیەکان ئێستا دەستی بەسەردا گیراوە و بۆتە دووکان و بازاڕ. بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی کوردەکانیش لە دەڤەری میاندواو وەک باقی نەتەوەکانی دیکە کەوتوونەتە بەر ئازار و ئەزیەتی کاربەدەستانی شۆڤێنست. بەڵام بە هۆی زۆربوونی حەشیمەتەوە نەیانتوانیوە بیانسڕنەوە. کاتێکیش زانیان لەم بارەوە کوردەکانیان بۆ دەرناکرێ، کەوتنە سەر فێڵی کڕینی زەوی و زاری کوردەکان. ئەگەرچی بازاڕی میاندواو لە سەر کاڵای دێهاتە کوردەکانی دەوروبەریەوە هەڵدەسووڕێ بەڵام کوردەکان کەمترین بەشیان لە ئیدارەی ئەو شارە و دەوربەریدا هەبوو.
 بەڵام لەم خولەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسدا بە پێچەوانەی خولەکانی پێشوو “هومایون هاشمی” وەک تاکە کاندیدای بە زمان کورد لە بەرامبەر سێ کاندیدای بە نەتەوە تورک، لە کێبەرکێ دایە. ئەگەرچی هومایون هاشمی‌ش وەک پزیشک پێشینەی کار لە بنکە و بنیاتە نیزامی و دەوڵەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە کارنامەدا هەیە بەڵام بەو حاڵەش بە توندی کەوتۆتە بەر رقی کاندیدا تورکەکان بە تایبەتی مێهدی عیسازادە. عیسازادە ستادێکی بە ناوی “ستادی تەعەسوب” لە شاری میاندواو وەڕێخستوە کە ئامانجی کەلک وەرگرتن لە هەستی نەتەوەیی تورکەکان و تا بتوانێ بە سەر پەیژەی جیاوازیی نەتەوایەتی و نەفرەت پەراکەنیی نەتەوەییدا سەر بکەوێ.
 ئەگەرچی سادقی زیباکەلام بە پەیامی ریفۆرمخوازی و دێموکراسیخوازیەوە سەردانی پارێزگای ورمێی کرد بەڵام لە لایەن تورکە توندئاژۆکانەوە بە توندی رێگای لێ گیرا. دوا جاریش ناچاریان کرد ئاخاوتن و سوخەنڕانیەکەی لە میاندواو هەڵوەشێنێتەوە. هەر هەمان شەویش توندئاژۆکان بە تەور و قەمە هەڵیانکوتایە سەر ئێکیپی تەبلیغاتیی دوکتور هومایون هاشمی. ئیکیپ لە ترسی گیانیان ماشێنەکانیان بە جێ هێشت و ئەوەی لێیان بە جێ ما، کەوتە بەر رق و نەفرەتی هێرشبەران.
 دوای ئەوەی لە میاندواو دەرفەتی قسەکردنی پێ نەدرا، سادقی زیباکەلام رووی لە دوو حەوزەی هەڵبژاردنی ورمێ و سەڵماس کرد. لە ورمێ سەردانی بنکەی تەبلیغاتیی مەجیدی دودکانلوی میلان یەک لە دوو کاندیدا کوردەکەی کرد. لە ئاخاوتنێکیشدا جەختی لە سەر دێموکراسی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی گشت نەتەوەکان لە شاری ورمێ کردەوە. زیباکەلام لەم بارەوە وتی: خوشک و برایان! باوەڕ بکەن ئەوەی لە ورمێ، تەورێز یان تاران لێمان ون بووە، دێموکراسی‌یە. دێموکراسی واتە لە شەقامێکی ورمێدا قوتابخانەیەک بە ناوی مامۆستا مەلا ئاوارە هەبێ کە منداڵان هەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە بە زمانی کوردی دەرس بخوێنن. لە هەمان شەقامدا قوتابخانەیەک بە ناوی شێخ محەممەدی خیابانی هەبێ کە دەرسی زمانی تورکی بە مناڵان بدا. قوتابخانەیەکی دیکە هەبێ بە زمانی فارسی دەرس بدا و یەکیش هەبێ کە دوو زمانە بێ. دایک و باوکان سەرپشک بن لەوە کە مناڵەکانیان بۆ کام قوتابخانە دەنێرن. ئەمە نیشانەی دێموکراسی‌یە.

۱/۱۵/۱۳۹۵

پردی مێژوویی “میرزا رەسووڵ” قوربانیی گەندەڵی و لافاو

تاهیر قاسمی

رۆژی ١٢ی خاکەلێوە، شەپۆلێکی با و باران، تەرزە و بەفر رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت ناوچەی موکریانی گرتەوە. لە ئەنجامی ئەو باو بارانەشدا، لافاو بە تایبەت لە پێدەشتەکانی شاروێران، شامات، چۆمی مەجیدخان و ناوچەکانی هەوشار زەرەر و زیانێکی زۆری بە ئابووری و زەوی و زاری دانیشتووانی ناوچەکە کە ژیانیان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەسووڕێ، گەیاند. لافاو جگە لە هەڵتەکاندنی بەشێک لە کشتوکاڵی ناوچەکە، خەسارێکی زۆریشی لە خانووبەرە و بینا کۆنەکان دا کە پردی مێژوویی “میرزا رەسووڵ” یەک لەو بینا خەسار دیتوانەیە.
 پردی “مێژوویی میرزا رەسووڵ” لە نیزیک شاری میاندواو، لەسەر چۆمی “تەتەهوو” بەرەو مەهاباد هەڵکەتووە. درێژاییەکەی ٨٠ میترە و پاناییەکەی ٤ میتر و ٦٠ سانتە. بەرزاییشی زیاتر لە ٧ میترە. یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەو دەڤەرە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ئاستی سەرانسەری ئێرانەوە بۆ ناوچەکە رادەکێشێ.
 مێژووی سازکردنی پردەکە بۆ سەردەمی کۆتایی دەسەڵاتی سەفەوی و سەرەتای دەسەڵاتی قاجارەکان دەگەڕێتەوە کە وێڕای حەمامی “میرزا رەسووڵ”ی مەهاباد، لە لایەن کەسایەتییەکی سەر بە بنەماڵەی “بداخ سوڵتان” ساز کراون و بۆ وەچەی ئەم سەردەمە ماونەتەوە. پردەکە لە بەردەم شاری میاندواو کە زۆربەی دانیشتووانی ناو شارەکە بە زمانی تورکی دەپەیڤن، نوێنگەی مێژووی کوردبوونی ناوچەکە و بوونی هەراوی حەشیمەتی کورد لە رابردوودا و لەو ناوچەیەیە. هەر ئەوەش هۆکارێکە کە کاربەدەستانی گەندەڵ و شۆڤینیستی شارەکە کەمتر گرینگی پێ بدەن.
 شاری میاندواو لەنێوان دوو چۆمی “جەغەتوو” و “تەتەهوو” یان “زێڕین چەم” و “زێوین چەم” هەڵکەوتووە کە دوای پاراوکردنی پێدەشتە بە پیتەکانی ئەو دەڤەرە، دەڕژێنە گۆلی “ورمێ”وە. بوونی ئەو دوو رووبارە ئەگەر لە لایەک سەرچاوەی خێر و بێر بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و بۆ خاکە بە پیت و بەرەکەتەکەیانن، زۆر جاریش دەبن بە هەڕەشە بۆ سەریان. بە تایبەت لە بەهاراندا ئەگەری هەستانی لافاو و زیان گەیشتن بە ژیان و سامانی خەڵک بەردەوام لە ئارادایە. هەر بۆیەش هەمیشە و زیاتر لە حاڵەتی ئاسایی پێویستی بە بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی دڵسۆز و دەستپاک بووە. شتێک کە بە داخەوە لە کاربەدەستانی ئەو شارەدا کەمتر دیتراوە و زۆربەی هەرە زۆریان لە سایەی رانتی دەوڵەتی و بە گەندەڵی پێگەیشتوون.
لافاوەکەی رۆژی ١٢٢ی خاکەلێوە شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو. ئیدارەی کەشناسی پێشوەخت رایگەیاندبوو کە شەپۆلێکی بەرینی بەفر و باران ناوچەکە دەگرێتەوە. ئەگەرچی ئەم وشیارکردنەوەیە زیاتر بۆ گەشتیارانی نەورۆزی و خەڵکانی خوداپێداو بوو تا دانیشتووانی ناوچەکە. هەر بۆیەش کاربەدەستانی ئیداریی ئەو شارەی بۆ کەمکردنەوەی ئاستی زیانەکانی سەر خەڵک، هیچی ئامادەکارییەکیان نەکرد. سەرەتا کە باغ و کێڵگەکان کەوتنە ژێر تەوژمی بەفر و سەرمای ناوادە، لافاو و لاوازیی بەڕێوەبەری دەستیاندایە دەست یەک و زیانێکی زۆریان لە ماڵ و سامانی خەڵک و ناوچەکە دا. خەڵک ناچار بۆخۆیان بە کەرەسەی سەرەتایی وەک پاچ و پێمەڕە یان تراکتۆر و کەرەسەکانی دیکەی خۆیان کەتنە بەربەرەکانی لەگەڵ تەوژمی لافاو. لەم نێوەشدا بەشێک لە بینای ئاسەواری مێژوویی پردی “میرزا ڕەسوول” تێک ڕووخا و بە لافاو بردی.
 رووخانی ئەو پردە لە کاتێکدا بوو کە دوای ئەوەی بودجەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی تەرخان کرابوو، لە پاییزی ساڵی رابردوودا بەشێک لە پایەکانی پردەکە بە ڕواڵەت بۆ نۆژەنکردنەوە هەڵکۆڵدرابوون. کارێک کە دەبوو لە وەرزی هاوین و کەم ئاویی رووبارەکەدا ئەنجام بدرێ یان لە وەرزی پاییزدا دەستوبردی لێ بکرێ، بەڵام هیچکام لەوانە نەکران و ئاسەوارە مێژوییەکە بە برینداری پشتگوێ خرا. دواجاریش لافاو راست لەو شوێنانەوە زەفەری بە پردەکە برد کە ماوەی چەند مانگە هەڵکۆڵدراون و روون نییە چاککردنەوەیان بۆ کەنگێ هەڵگیرابوو. بەم جۆرەش یەکێک لە ئاسەوارە مێژووییەکانی ناوچەکە بوو بە قوربانیی کەمتەرخەمی و گەندەڵیی ئیداریی بەرپرسان و خەسارێکی قەرەبوونەکراوی لێ کەوت. دواجاریش بەرپرسان بە جێی داننان بە کەمتەرخەمیەکانیان، کەوتنە حاشاکردن لەو زیانە زۆرە و تەنانەت ئیدیعایان کرد کە ئەو بودخەیەی بۆی تەرخان کرابوو، لێی خەرج کراوە.
 لە هەمووی ئەوانە گاڵتەجاڕتر، دوای رەوینەوەی لافاو، لۆدیر و بۆڵدزێر و کەرەسەکانی دیکەی ئیدارە دەوڵەتییەکان کران بە کەپەنکی دوای باران و بە گوند و ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا بڵاو کرانەوە تا بە ڕواڵەت خەساری لێکەوتوو قەرەبوو بکەنەوە. بەرپرسان بە ماشێنی دواسیستم بە ناو گوندە زیانلێکەوتووەکاندا فڕە فڕەیانە و بەڵێنیی دانی خەسارەت و قەرەبوو دەدەن. کاندیداکانی مەجلیسیش لە سەر سفرەی دڕاوی خەڵک خۆ بادەدەن و بەڵێنیان پێ دەدەن کە ئەگەر دەنگیان پێ بدەن، ئەوە قەرەبویان بۆ وەردەگرن!

۱/۱۲/۱۳۹۵

کەیسی تیرۆری ڤییەن، کێشەی ئەمنییەتیی "روحانی" لە ئوتریش

تاهیر قاسمی:
"حەسەنی روحانی" سەر کۆماری ئێران دەبوو رۆژی چوارشەممە ٣٠ی مارس بە سەردانێک بگاتە وڵاتی ئوتریش، بەڵام رۆژێک بەر لە وەڕێکەوتنی، لە لایەن وتەبێژی دەفتەری سەرکۆماریی ئوتریشەوە راگەیەندرا کە ناوبراو بە هۆکاری "ئەمنییەتی" سەردانەکەی پەک خستووە.
هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەردانە لە لایەن "روحانی"یەوە هەرچی بێ، گرێدانەوەی بە کێشەی ئەمنیەتی جۆرێک لە بێڕێزی بە دەسەڵاتدارانی ئوتریش و پۆلیسی ئەو وڵاتەی تێدا حەشار دراوە. قسەکردن لە بوونی کێشەی ئەمنییەتی لە لایەن "روحانی" و لە ئەگەری هاتنیدا بۆ وڵاتی ئوتریش، دەتوانێ دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بە بێ کیفایەتی تۆمەتبار بکا، بەڵام ئاخۆ ئەم کێشە ئەمنییەتیە دەتوانێ چ بێ؟
وەک پێشتریش چ کاک "سەعیدی بێگزادە" بە وتارێک و ماڵپەڕی "رۆژهەڵات تایمز" و مێدیاکانی دیکەش بە راپۆرت هەڵوەستەیان لە سەر کرد، نیگەرانیی "روحانی" لەو سەردانەدا، خۆپێشاندانی بەرینی خەڵکی دژبەرو ناڕازی لە کۆماری ئیسلامی بوو. شتێک کە لە لێدوانی‌دا بۆ بی‌بی‌سی،"هاینز فیشەر" سەرکۆماری ئوتریش، ناڕاستەوخۆ پشتڕاستی کردەوە، بەڵام ئاخۆ "روحانی" بۆچی تا ئەو رادەیە لە خۆپێشاندانی ئوتریش نیگەرانە؟
سروشتییە کە هیچ سەرکۆمار و هیچ بەرپرسێک ناخوازێ لە گەڵ لەشکری زۆری خەڵکی ناڕازی و خۆپێشاندەر بەرەوڕوو بێ. بە تایبەت کە "حەسەنی روحانی" هەوڵ دەدا هاوکات خۆی بە سەرۆک کۆماری تەیفێک لە خەڵکی ناڕازیی ناوخۆی ئێران نیشان بدا و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وا دەنوێنێ کە گەرەکیەتی سیمایەکی جیاواز لەوەی ئوسولگەراکان و بە تایبەت گروپی "ئەحمەدی نژاد" دەیانویست، لە کۆماری ئیسلامی پێشانی دنیای دەرەوە بدا. سیمایەک کە لە دوای رێککەوتنە ئەتۆمیەکە بۆ دنیای دەرەوەو دوای سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی پارلمان و مەجلیسی شارەزایانی رێبەری‌ لە ئاستی ناوخۆدا، بۆ "حەسەنی روحانی" گرینگە. بەڵام جیاوازیی ئەم خۆپێشاندانە چ بوو چ داڕووشانێکی بە سەر ئەو سیمایەوە بە جێ دەهێشت کە "روحانی" و هاوجەناحەکانی گەرەکیانە نیشانی بدەن؟
بە درێژایی چارەگە سەدەی رابردوو، پێوەندییەکانی نێوان ئوتریش و ئێران لە هەر ئاستێکدا بووبێ، تیرۆری "ڤییەن" لە بیروڕای گشتی و لە مێدیای ئوتریشی‌دا سایەی بە سەر ئەم پێوەندیانەدا هەبووە. هەر کات ناوی دوو وڵاتی ئوتریش و ئێران کەتبنە پاڵ یەک، ئەوە یەکسەر پەروەندەی ناکام و بەستراوی تیرۆری دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو و هاوڕێیانی لە بیر و گشتی و لە مێدیاکانی جیهاندا هەڵدراوەتەوە.
رۆژی ١٣ی ژوئیەی ساڵی ١٩٨٩ی زایینی، دوکتور "عەبدوڕەحمانی قاسملوو" سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کاک "عەبدوڵا قادری ئازەر" نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات وێڕای دوکتور "فازل رەسوڵ"، کەسایەتیی سیاسی و دۆستی حیزب، لە شاری ڤییەنی پێتەختی ئوتریش تیرۆر کران. داڵدەدانی تیرۆریستەکان و رەوانەکردنەوەیان بۆ ئێران، بە دوادانەچوونی جیدی بۆ روونکردنەوەی لایەنەکانی ئەم تیرۆرە ناجوامێرانەیە لە لایەن دەوڵەتی وەختی ئوتریش و دواجار داخرانی ئەم پەروەندەیە بە بێ ئەوەی بە ئاکام گەیشتبێ، دەسەڵاتی سەردەمی ئەو وڵاتەی کرد بە یەک لە دوو لایەنی تۆمەتباری ئەم تیرۆرە. تۆمەتێک کە لە بیروڕای گشتی‌دا هەتا ئێستاش بە سەر شانی ئوتریشەوە قورسایی دەکا و پەروەندەیەکە کە لە لای ئازادیخوازان، لاگرانی مافی مرۆڤ، پشتیوانانی مافی نەتەوە بندەستەکان و لە سەرووی هەموان لە بیرو زەینی کوردەکان‌دا هیچکات دانەخراوە. هەر کاتێکیش ناوی دوو وڵاتی ئوتریش و ئێران بکەونە پاڵ یەک، ئەوە لاپەڕەکانی ئەم دۆسیەیە یەک بە یەک هەڵدەدرێنەوە.
هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی دۆسیەی ئەم تاوانە ئەگەر بۆ وڵاتی ئوتریش وەک وڵاتێکی دێموکراتیک قورس بێ، ئەوە بۆ کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت بۆ حەسەن روحانی چەند قات قورسترە.
تیرۆری ڤییەن لە کاتێکدا ئەنجام درا کە "عەلی ئەکبەری هاشمیی رەفسەنجانی" سەرکۆماری ئەو وڵاتە بوو. کەسێک کە لە تیرۆری دوو ساڵ دواتری دوکتور "سادقی شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی لە ریستورانی "میکۆنووس" وەک یەکێک لە بڕیاردەرانی سەرەکیی ئەم تیرۆرە، لە لایەن دادگای فیدراڵی ئاڵمانەوە بە تاوانبار ناسرا. "رەفسەنجانی"ش کە بە دوای دەرکرانی ریفۆرمخوازەکان، سەرۆکایەتیی جەناحی دژبەری "عەلی خامنەیی" دەکا، هیچکات بە ئاشکرا بڕیاردان بۆ ئەو تاوانە و تاوانگەلی لەم جۆرەی لە خۆی دانەماڵیوە. لە ناو ململانێی دوو باڵی دەسەڵاتداریشدا، ماوەیەکی کەم لەوە پێش و بە دوای هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و هاتنەوەی "رەفسەنجانی" بۆ ناو ململانێ سیاسییەکان، "عەلی خامنەیی" بە رواڵەت لە دەلاقەی لایەنگریەوە، تاوان یان شەریکە تاوانی دادگای میکونوس لە سەر ناوبراوی بە چاو دادایەوە.
بە کورتی هەڵدانەوەی کەیسی ئەم تیرۆرە لە لایەن خۆپێشاندەران و ناڕازییان و لە سایەی ئەوەشدا هەڵدانەوەی دۆسیەکە لە بیروڕای گشتی‌، لە مێدیای ئوتریش و لە مێدیاکانی جیهان‌دا، ئەگەر لە لایەک بۆ سەرکۆماری "اعتدالگەر"ی کۆماری ئیسلامی و کۆی ئەم سیستمە قورسە، لە ناو ململانێی باڵەکانی ناو کۆماری ئیسلامیشدا بە زیانی "روحانی" و جەناحەکەی دەشکایەوە. سەردانی بێ کێشەو بێ ناڕەزایەتی بۆ وڵاتی ئوتریش، دەیتوانی دیاریی سەفەری روحانی بۆ رەفسەنجانی بێ و لە ململانێکانی ناو لاباڵەکانی دەسەڵاتدا، دەسکەوتەکەی لە دەسکەوتە ئابوورییەکانیش گرینگتر بوو. دەسکەوتێک کە کاربەدەستانی ئوتریش لە سایەی یاسای دێموکراتیکی ئەو وڵاتە، بە هیممەت و پێداگریی کوردان و لەو نێوەدا تێکۆشەرانی دێموکرات و باقی ئازادیخوازن بۆ وەڕێخستنی خۆپێشاندان و ناڕازیەتیی بەرین، نەیانتوانی بۆی دەستەبەر بکەن.
http://rojhelattimes.net/witar/463-کەیسی-تیرۆری-ڤییەن،-کێشەی-ئەمنییەتیی-روحانی-لە-ئوتریش.html

۱۲/۰۳/۱۳۹۴

شرۆڤەی هەواڵ: کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستان

شرۆڤەی هەواڵ: هەڵبژاردنی خولی دەهەمی پارلمانی ئێران

لە خزمەت مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە دا؛ رۆژهەڵات یان خۆرهەڵات؟

لە کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا قسە لە یەکلاکردنەوەی بە کار بردنی دەستەواژەکانی کوردستانی ئێران، کوردستانی رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە. لە پەڕاوێزی ئەوەشدا رۆژهەڵاتی کوردستان و خۆرهەڵاتی کوردستان هەبوو. ئەمن بە هۆی بە کار بردنی زۆری رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوەم لە زاران خۆشتر بوو بەڵام لە گەڵ کاک ئازاد مستەوفیی ئازیز لە خزمەت مامۆستادا بووم کە شارەزایانە بۆی روون کردینەوە:
رۆژ و خۆر دوو واتای جیاوازن. لە زۆربەی زمانەکانی دنیاشدا ئەو جیاوازیە هەیە. لە فارسیدا روز و خورشید (آفتاب)، لە ئینگلیسیدا Day و Sun, لە عەرەبیدا "یوم" و "شمس".. کە واتە لە کوردیشدا ئەو جیاوازیە هەبووە و تێکەڵ کراوە، دەبێ ئەو جیاوازیە لە بەرچاو بگرین و خۆر(هەتاو) و رۆژ لێک جیا بکەینەوە. بەو پێیەش خۆرهەڵات و خۆرئاوا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا دروست‌ترە..

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...