۷/۲۴/۱۳۹۵

تاهیر قاسمی: پێویستە گڵکۆی هەر کام لە کەسایەتیەکانی مەزارگەی شاعیران خاوەن شوناسی تایبەتیی خۆیان بن


وتووێژ لە گەڵ ماڵپەڕی رۆژی کورد سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی گڵکۆی ئەدیبان لە مەهاباد و ناڕەزایەتیەکان لەم بارەوە

رۆژی کورد: بەرپرسانی حکومەتیی مهاباد بە فەرمانی ئیتلاعات و لەژێر ناوی چەند نووسەر و چالاکوانێکی کورد، گڵکۆی شاعیرانی کوردیان لە مهاباد شێواند، شیعرەکانیان سڕییەوە و ناوەکانیان بە زەقی بە فارسی نووسین و کوردییەکەیان والێکرد بە وردبینیش نابیندرێ، ئا لێرەدابوو چالاکانی فەرهەنگی و سیاسیی کورد لە ناوخۆ و لە تاراوگە، هەڵوێستی پێویستیان گرت و کەمپەینێکیان وەڕێخست و لە ڕێگای جیاوازەوە، دژایەتیی خۆیان ڕاگەیاند، تا ئێستاش ئەو کێشمەکێشمە لە نێوان تاریکی و ڕووناهی دا، بەردەوامە، بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە وتووێژێکمان لەگەڵ تاهیر قاسمی، چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەنووس، پێکهێناوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: ئێوە یەکێک لە بەڕێوەبەرانێ کەمپینێکن بە ناوی “نا بۆ تێکدانی مەزارگەی ناودارانی کورد” ئامانجتان لە ڕێکخستنی ئەو کەمپینە چیە؟    قاسمی: دوای ئەوەی دەرکەوت کە شێعر و دەقی سەر گڵکۆی ئەدیبان و  هونەرمەندانی بەرزی نەتەوەکەمان لە شاری مەهاباد لە ئەنجامی پڕۆژەی نوێژەنکردنەوەی ئەو مەزارگەیە نەماون و نامێنن، جۆرێک دڕدۆنگی و نیگەرانیی لای چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان دروست بوو و ناڕەزایەتی لێکەوتەوە. نیگەرانی لەوە کە ئەمە پڕۆژەیەکی ئەمنیەتی بێ  و بەشێک لەو هەوڵانە بێ کە لەلایەک بە مەبەستی تواندنەوەی شوناسی کوردایەتی و داماڵینی شوناسی نەتەوەیی لەو جۆرە شوێنانەی کوردستان بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە ئارا دایەو لەلایەکی دیکەش درێژەی ئەو ڕەوتە بێ کە لە ئاستی سەرانسەریی ئێراندا دژ بە گڵکۆی کەسایەتیە گەورەکان، بەتایبەت لەو دواییانەدا ئەنجام دراوە و ئەنجام دەدرێ. کۆمەڵێک لە دۆستان وایان پێ باش بوو کە بە مەبەستی هاوبیری لەگەڵ یەکتر و چۆنیەتی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی شوناسی گڵکۆکان و ڕێکخستنی دروستی ناڕەزایەتیەکان لە دەوری یەک کۆ ببنەوە. لوتفیان کرد منیشیان بانگ کرد و پەیوەست بەو کەمپەینە بووم. بەڵام با لێرە ئەوە بۆ خوێنەران ڕوون بکەمەوە کە ئەمن وتەبێژی کەمپەین نیم و قسەکانیشم بۆچوونی تاکە کەسیی خۆمن و هی کەمپەین یان لایەنی دیکە نین.
ڕۆژی کورد: باسی سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەی کوردتان کرد، بەوپێیە کە مەزارگەی شاعیران و ناودارانی کورد دەکەوێتە خانەی سامانی فەرهەنگی و نیشتمانیی کوردستان، مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە هێرشکردن بۆ سەر ئەو ڕەهەندە فەرهەنگیە چیە؟
قاسمی: ئەمن زۆرم بەدواداچوونی پڕۆژەکە کرووە. سەرەتا منیش پێم وابوو پڕۆژەکە زیاتر لە خزمەت وێران کردن  دایە تا نوێ کردن و نوێژەن کردنەوە. بەڵام لە بەدواداچوونەکانم دا بۆم دەرکەوت کە ئەوەی کراوەو دەکرێ زیاتر هەوڵی کەسانێکە کە بەش بە حاڵی خۆم لە دڵسۆزیی ئەوان گومانم نییە. هەر ئەوان بوون کە بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو ئەو مەزارگەیان بە هەموو شێعر و تێکستی سەر گڵکۆکان پاراستووە و پێی ڕاگەیشتوون و نەیانهێشتوە لە پەرەگرتنی گۆڕستانەکەدا ون بن. ڕەنگە زۆر جاریش لە سەر ئەوە پیاوخراپ بووبن. لەم بارەوە ئەوان شیاوی ڕێز و سپاسن. دوا جاریش کە بە هەوڵی ئەوان مۆڵەت و بودجەی دامەزراندنی بینایەکی هونەری لە سەر ئەو مەزارانە وەرگیراوەو دەست پێکراوە، دیسان جێگای دەستخۆشی و پێزانینە. بەڵام بێگومان پڕۆژەکە کرچی و پەلەپڕووزەی پێوە دیارە. زیاتر پڕۆژەیەکی هونەریە و کەمتر لایەنی فەرهەنگی و ڕۆحیی خەڵکەکەی لە بەرچاو بووە. ئەوە عەیب و نەقسی هەرە سەرەکیی کارەکەیە.
ڕۆژی کورد: کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی کۆمەلێک چالاکی مەدەنی و فەرهەنگییەوە دەستی بۆ ئەو بابەتە ورووژێنەرە بردووە، ئێوە لە نووسین و ڕوانگەکانتاندا ڕەخنەتان بەرەو ڕووی ئەو کەس و لایەنانە ئاراستە کردووە. بە ڕوونی ڕەخنە و پێشنیارتان بۆ ئەو کەسانەی بەشداری ئەو وێرانکارییە فەرهەنگیەن چیە و لە هەمان کاتیشدا ڕاسپاردەتان بۆ دڵسۆزان و چالاکانی فەرهەنگی لە نێو خۆی خۆرهەڵاتی کوردستان باس بکەن؟
قاسمی: بەداخەوە بەڕێوەبەرانی ئەم پڕۆژەیە زۆر بە خشکەیی و بە بێدەنگی پڕۆژەکەیان دەست پێکرد و بەرەو  پێشیان برد. هیچ لێدوان و ڕوونکردنەوەیان بۆ خەڵک نەبوو. ئەوەش یەک لە هۆکاری نیگەرانی و دڕدۆنگیەکانی خەڵک و بۆ وێنە منیش بوو کە پێمان وابوو دەستێکی شاراوە لە پشت ئەو کارەیە. بەڵام دوای ئەوەی زیاتر بە دوای بابەتەکەدا چووم، بۆم ڕوون بۆوە کە ئەرخەیانیی من سەبارەت بە بوونی ئەو دەستە نادیارە، ناتوانێ سەداسەد ڕاست بێ. چونکە لە سەرەتاوە ئەوە دەسەڵات نەبوو کە ئەو کارەی بەو بەڕێزانە کرد. بە پێچەوانە ئەوە ئەوان بوون کە لەمێژ ساڵە هەوڵ دەدەن کارێکی شیاوی کەسایەتیە بەرزەکانمان بۆ ئەو مەزارگەیە بکەن. بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد، کرچ و کاڵی بە کارەکەوە دیارە. من بەش بە حاڵی خۆم داوا لەو بەڕێزانە چ هەیئەتی ئومەنا و چ ئەندازیار و ئارشیتێکتی کارەکە دەکەم کە پێداچوونەوە بە پڕۆژەکە بە تایبەت بە شوناسی گڵکۆکان بکەن. چونکە ئەو کارە لە سەر ئەوان ماڵە و لە هەموو کەس زیاتر بەشیان بە چاکی یا خراپیی کارەکەوە هەیە و دەبێ. وا دروستە کە کارەکەیان بە دڵی زۆرینەی خەڵک بێ. هاوکات داوا لە چالاکانی فەرهەنگیی کوردستانیش بە گشتی دەکەم کە بە ڕۆحی هاوکاری و بە ڕەخنەی یارمەتیدەر، یارمەتیی بە ئەنجام گەیاندنی هەرچی باشتری ئەم پڕۆژەیە بدەن و لە بەشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندن لەو بەڕێزانە کە بە دڵنیاییەوە بەشێک لە دڵسۆزانی شارەکەمانن، خۆ ببوێرین.
ڕۆژی کورد: بە هۆی چالاکیی ئێوە هەتا ڕادەیەک بابەتی دەستێوەردانی گڵکۆی شاعیران، نووسەران، ئەدیبان و هونەرمەندانی کورد بووە بە بابەتێکی هەستیار، ئاشکرایە ئێوە ڕەخنەتان لە دەستێوەردانی بە مەبەست و سڕینەوەی فەرهەنگییە بەڵگە نەویستە گڵکۆی ناودارانی کورد پێوسیتی بە چاکسازی هەیە پێشنیارتان بۆ چاککردنەوە و ڕێکخستنەوی ئەو گڵکۆیانە چیە؟
قاسمی: کۆی سازەکە بابەتێکی پسپۆڕییە و بەڕاستی نە من و نە زۆربەی ناڕازیان شارەزای ئەم بوارە نین و  ڕەخنەشمان لەو بەشە نەبووە. ڕەخنە و سەرنج سەبارەت بەو بەشە کاری شارەزایانی بوارەکەیە و هەتا ئێستا چەند بابەتیش لەم بارەوە نووسراون. بەڵام وەک هاوڵاتیەک پێم وایە ئەمەی کە ئێستا لە سەر گڵکۆکان هەیە و بە پێی پلانەکە لەوەش زیاتر نابێ، خەڵک بە تایبەت ئەدیبان و ئۆگرانی بەرهەمەکانی ئەو کەسایەتیە بەرزانە ڕازی ناکا. ئەوە کە بەپێی فەلسەفەی کارەکە کێل و بەرد لە دیزاینەکەدا نییە، بە بڕوای من شتێکی جوانە بەڵام پێویستە هەر کام لە گڵکۆکان خاوەنی شوناس و ناسێنەی تایبەتیی خۆیان بن و تەنیا بە کۆکردنەوەی هەموان لە کەتیبەکەی پشت سەریاندا قەناعەت نەکەن. لە ناو ئەو گۆڕانەدا کەسایەتیی جیاواز بە بەرهەمی جیاواز نێژراون. وێڕای کەتیبەکە کە ڕەنگە کارێکی زۆر جوان بێ، پێویستە هەر کام لەو ئینسانە بەرزانە خاوەن لەوح و بەردەیادی تایبەتی و بە شوناسی تایبەتیی خۆیان بن. پێویستە ئەو بەردانەی ئێستای سەر گڵکۆکان لابەن و بە جێی ئەوە شتێک دابنێن کە دەرخەری شوناسی تایبەتیی هەر کامیان بێ و بینەر بتوانێ ڕاستەوخۆ و بە جیا لە باری ڕۆحیەوە پێوەندی لە گەڵ هزر و بەرهەمی ئەو ئازیزانە بگرێ. لە سەر ئەم بەرد یان لەوحەی سەر گڵکۆکە پێویستە ناسناوی ئەو کەسایەتیانە بە نووسینی کوردی دیار و بەرچاو بێ و ئەو دێڕە شێعرانەش لە سەر بەردەیادەکە بێ کە هەر کامیان کاتی خۆی ناراستەوخۆ بۆ ئەو مەبەستە نووسیویانە. ئەوە کە هێمن دەڵێ: کیژ و کوڕ بگرن لە دەوری گۆڕی هێمن ڕەشبەڵەک..” یان هەژار دەڵێ: “لە نێو ئەم گۆڕە هەژار نێژراوە..”.

۷/۱۹/۱۳۹۵

١٠ی ئۆکتۆبر، رۆژی جیهانیی بەرەنگاری سزای ئیعد

ساڵانە لە ئاستی جیهاندا هەزاران کەس بە هۆی سزای ئیعدام لە لایەن دەسەڵاتەکان و دەزگا دادوەریەکانیانەوە، بە تیرباران، سێدارە یان شێوازگەلی دیکە دەکوژرێن و گیانیان لێ دەستێندرێ. ئیعدام لە راستیدا کوشتنی یاسایی مرۆڤەکانە لە لایەن دەسەڵاتداران‌و توندترین سزای تاوانبارە لە یاسای ئەو وڵاتانەدا کە هێشتا بڕوایان بە چارەسەری کێشەکان لە رێگای کوشتنی مرۆڤەکان هەیە. ساڵی ٢٠٠٢، رێکخراوەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێکخراوی هاوپێوەندیی جیهانی بۆ نەهێشتنی ئیعدام، بە ئامانجی چڕکردنەوەی هەولەکان بۆ نەهێشتنی ئیعدام لە سەرجەم وڵاتانی جیهان و یاساکانیاندا، رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبریان وەک رۆژی بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ سزای ئیعدام راگەیاند. مێژووی سەپاندن و جێبەجێ کردنی ئیعدام بە قەت مێژووی دەسەڵاتی دەوڵەتی و دەوڵەتداری، کۆنە و بۆ سەدان و هەزاران ساڵ لەوەپێش دەگەڕێتەوە. لە رابردوودا، زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان سزای ئیعدامیان تێدا بەڕێوە دەچوو. بەڵام لە گەڵ بەرەوپێشچوونی شارستانیەت، ئەم جۆرە سزایە رووی لە کزبوون کرد. جاڕنامەی گەردونیی مافی مرۆڤ کە لە لایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە واژۆ کراوە، لە دوو بەندی ٣ و ٥دا، ناتەبایی خۆی لە گەڵ ئیعدام دەربڕیوە. هەنووکە لە ئاستی جیهاندا رێژەی ئەو وڵاتانەی سزای ئیعدامیان لە یاسای سزادانی خۆیاندا سڕیوەتەوە، ٥٣ لە سەدی وڵاتانی جیهان پێک دێنن. ئەگەر ٢٦ لە سەدی ئەو وڵاتانەش بخەینە سەر ئەو رێژەیە کە هەرچەند سزای ئیعدام لە یاسایاندا هێشتا ماوە بەڵام بە کردەوە رایانگرتوەو بەڕێوەی نابەن و ٣ لە سەدی ئەو وڵاتانەش کە سزاکەیان تەنیا بۆ کاتی شەڕ هێشتۆتەوە، ئەوە رێژەیەکی زیاتر لە ٨٠ لەسەدیمان دەکەوێتە دەست کە بە کردەوە پشتیان لەو سزایە کردوە. بەڵام بەرامبەر بەو رێژە دڵخۆشکەرە کە لە سەر یەک نیزیک بە ١٦٠ وڵاتی جیهان لە خۆ دەگرێ، هێشتا ٣٦ وڵاتی جیهان هەروا ئیعدام بە رێگەچارەی نەهێشتنی تاوان دەزانن. لە نێو ئەو وڵاتانەشدا، ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە لە نێو دیاردە دزێوەکاندا، دەدرەوشێتەوە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، بە درێژایی تەمەنی خۆی، بەردەوام لە سەر هێشتنەوەی خۆی لە پلەی دووهەمی ئیعدام لە ئاستی جیهاندا بە دوای دەوڵەتی چین، لە ململانێ دا بووە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بە وتەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بەشێکی زۆر لە ئیعدامەکان لە لایەن ئەم رێژیمەوە بە نهێنی ئەنجام دەدرێن. بەوەش ئامارێکی دروست و جێگای باوەڕ لەم بارەوە نییە. لە ئێراندا وێڕای سەپاندن و جێبەجێ کردنی ساڵانەی رێژەیەکی زۆر لە ئیعدام، بەڕێوەبردنی ئیعدام لە بەرچاوی خەڵک و لە شوێنە گشتی‌یەکان، شێوەیەکی قێزەونتری لە ئیعدام و لە کار و کردەوەکانی ئەم رێژیمە پێشانی جیهان داوە. شێوەیەک کە بە بڕوای کارناسانی مافی مرۆڤ هیچ پاساوێکی یاسایی هەڵناگرێ و تەنیا رێژەی خشونەت و زەبروزەنگ لە کۆمەڵگادا بەرز دەکاتەوە. ئیعدامی مێرمنداڵان و لاوانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ، تایبەتمەندیەکی دیکەی ئیعدامەکان لە ئێرانە. تایبەتمەندیەک کە بەردەوام لە گەڵ ناڕەزایەتیی هەرچی زیاتر و بەرینتری چالاکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی ئێران و جیهان بەرەوڕوو بۆتەوە. هەروەها شێوەی بەڕێوەچوونی رەوتی دادگایی تۆمەتباران لە دادگاکانی کۆماری ئیسلامی خاڵێکی دیکەی جێگای ناڕەزایەتیی پارێزەرانی مافی مرۆڤە. ئیعدامی بەرینی قاچاخچیانی مادە هۆشبەرەکان یان ئەوانەی لە ژێر ئەم تۆمەتەدا بە سانایی ئیعدام دەکرێن، لە حاڵێکدا رێژیم بۆخۆی سەبارەت بە پەرەدان بەو مادە ماڵوێرانکەرە پرسیاری لە سەرە، بابەتێکی دیکەی جێگای ناڕەزایەتییە لە ئاستی جیهاندا. ١٠ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ لە کاتێکدا تێپەڕ دەبێ کە هەرچەند رێژەی ئیعدامەکان لە ئێران بە رادەی ٣٨ لە سەد لەچاو ساڵی رابردوو کەم بۆتەوە بەڵام رادەی سەپاندنی ئەو حوکمە بە رێژەی ١٢ لە سەد، هەروا لە پەرەگرتن دا بوو. لە ١٠ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٥ تا ئۆکتۆبری ئەمساڵ، ٥٠٤ کەس لە ئێران ئیعدام کراون کە ٣٩ کەس لەوانە لە بەرچاوی بیروڕای گشتی و لە مەیدان و شوێنە گشتیەکان لە دار دراون. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە ئاستی ئێران و جیهاندا ناڕەزایەتیەکی بەرین لەم بارەوە بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی بۆتەوە. بەرامبەر بەوەش بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەروا بەرگری لە سەپاندن و جێبەجێ کردنی سزای ئیعدام دەکەن. رێکخەران و بەڕێوەبەرانی بزووتنەوەی لێگام، بزووتنەوەیەک کە بە ئامانجی نەهێشتنی سزای ئیعدام لە ئێران هاتۆتە ئاراوە، بە توندی کەوتوونەتە بەر سەرکوتی هێزە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. چەند رۆژ بەر لە هاتنی ١٠ی ئۆکتۆبر، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لە دژی سزای ئیعدام، نێرگس محەممەدی بە تاوانی رێکخستنی بزووتنەوەی لێگام دژ بە ئیعدام، لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

۷/۱۱/۱۳۹۵

نیشتمانی بە مین چێندراو

تاهیر قاسمی
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی خەبات و تێکۆشان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەوتنە سەر مەیدانێکی بە مین چێندراو لە لایەن هێزەکانی داگیرکەری کوردستان و لە ئەنجام‌دا بە داخەوە دوو پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان شەهید بوون.
 ئەگەرچی ئەو مینانەی بۆ پێشمەرگەکان داندرابوون، مینی ئاسایی نەبوون و لە راستی‌دا بۆمبێکی بەهێز بوو لە گوێن ئەو بۆمبانەی کە سپای رەشی داعش بەردەوام بە کاریان دێنێ بەڵام شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی تاکە قوربانیانی تەقینەوەی مین لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەبوون. تازە زانیاری‌یەکان لە بابەت دەستپێکردنەوەی هەڵمەتێکی نۆی بۆ چاندنی مین لە ناوچەکانی پیرانشار و مەریوان لە لایەن سپای پاسداران، ئاشکرا ببوو کە بە داخەوە لە ناوچەی مەریوان سێ مێرمندال کەوتنە سەر مەیدانی مین. رۆژێک پێشتریش لە ناوچەی سەردەشت ٣ مناڵی دیکە کە خەریکی کایە و یاریی مناڵانەی خۆیان بوون، کەوتنە سەر مین و یەکیان گیانی لە دەست دا و دوو منالەکەی دیکەش بە توندی بریندار بوون.
بە پێی ئامارەکان ٦ میلیۆن هێكتار له‌ خاكی ئێران به‌ ٢٠٠ میلیۆن مین چێندراوه‌. بەوەش لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا وڵاتی ئێران پلەی دووهەمی لە زیاترین زەویی بە مین چێندراو هەیە. زۆربه‌ی نیزیک بە تەواوی ئەو مینانە و ئەو ناوچە مینرێژکراوانەش لە کوردستان و لە چوار پارێزگای‌ ئیلام، كرماشان، سنه‌ و ورمێ هەڵکەوتوون. مینە چێندراوەکان دوو بەشن؛ بەشێکیان پاشماوەی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانن کە دوای کۆتایی شەڕیش کۆماری ئیسلامی هیچکات مەیلی بە لای هەڵگرتنەوەی ئەو مینانە و پاک کردنەوەی کوردستان لە مین نەبووە. نەک هەر نایهەوێ ئەو مینانە هەڵگرێتەوە و زەویە مینڕێژکراەکان پاک بکاتەوە تەنانەت هەر لەو کاتەوە کە کوردستانی داگیر کردووە، سیاسەتی چاندنی مین لە کوردستان پێڕەو دەکا. ئەوەش بەشی دووهەمی مینە چێندراوەکان لە کوردستان پێک دێنێ. سیاسەتی مینڕێژکردنی خاکی داگیرکراو لە لایەک خدەی هەر داگیرکەرێکە سەبارەت بە نیشتمانێک کە داگیری کردوە و لە لایەکی دیکەش چونکە لەو نیشتمانەدا نامۆیە و دژی خەڵکە و خەڵک دژیه‌ی، ناچارە پەرژینێک بە مین لە دەوری هێزە چەکدار و سەرکوتکەرەکانی خۆی چێ بکا.
ئامارەکان هەروەها دەڵێن له‌ ساڵی رابردوو‌دا ‌ ٣٦ كه‌س له‌ كوردستان بوونەتە قوربانیی ته‌قینه‌وه‌ی‌ مین کە ١٢٢ كه‌سیان بەو هۆیە گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و ٢٤ کەسیشیان بریندار و نقوستان بوون. منداڵان و مێرمنداڵان چ لە کاتی یاری و گەمەدا و چ ئەو کاتانەی کە بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات لە کێو و چیاکانن، سەرەکیترین قوربانیانی تەقینەوەی مینن. کۆڵبەران و کاروانچیان، جووتیاران و مەڕداران و ئەو ژن و پیاوانەی بەهاران بە مەبەستی چنینەوەی گیای بەهاری روو لە چیاکان دەکەن، بەشێکی دیکە لە قوربانیانی نیشتمانی بە مین چێندراون. بەربڵاویی مەیدانی مین لە کوردستان تا ئاستێکە کە تەنانەت هێندیک جار هێزەکانی سپای داگیرکەر بۆخۆیشیان دەبن بە بەشێک لە قوربانیانی ئەو مینانەی کە هەر خۆیان دایانچاندوە.
 کەلک وەرگرتن لە مین بە تایبەت مینی دژە نەفەر لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا بابەتێکی جێگای باس و سەرنجە. خەسارەکانی ئەو جۆرە مینە بە درێژایی سەدەی رابردوو گیانی زۆر کەسی مەدەنی ئەستاند یا نقوستانی کردن. خەسارەکە بە رادەیەک بوو کە وڵاتانی جیهانی ناچار کرد بیر لە سنووردارکردنی بە کارهێنانی ئەو جۆرە مینە بکەنەوە. سەرەنجام ساڵی ١٩٩٧ لە شاری ئۆتاوای کانادا پەیمانی ئۆتاوا بۆ ئەو مەبەستە هاتە کایەوە. بە پێی ئەو پەیمانە وڵاتان عەمباری مینە دژەنەفەرەکانی خۆیان تونا دەکەن و لە سازکردن، کەلک وەرگرتن، کڕین و فرۆشتنیشی خۆ دەپارێزن. ئەگەرچی زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم پەیماننامەیان واژۆ کردووە لێ هێشتا ٣١ وڵات و لەوانە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە نەبووە مل بەو پەیمانە بدا. بەڵام بەرامبەر بەوە نیزیک بە تەواوی حیزبەکانی رۆژهەڵات پەیوەست بە بانگەوازی رێکخراوی ژێنێڤا کال بوون کە یەک لە ئامانجەکانی ئەو رێکخراوە بەکارنەبردنی مینی دژەنەفەر لە شەڕ دایە. ئەگەرچی ئەم پەیوەستبوونەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵات بە بانگەوازی کۆتایی بە کاربردنی مینی دژەنەفەر گرینگ و لە جێگای خۆی دایە و ئەوان رۆڵێکی ئەوتۆیان لە مینڕێژکرانی ئەو پانتاییە بەرینەی نیشتمانی رۆژهەلات نییە بەلام واژۆکەیان هەتا ئێستا بەرهەم و دەرەنجامێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتۆتەوە. رۆژانە مین لە کوردستان گیانی هاونیشتمانان دەستێنێ بەبێ ئەوەی رێکخراوی ژێنێڤاکال ئاگادار بێ، بە قەد ئەو هەموو قوربانی‌یە هەڵوێستی هەبێ و بیروڕای گشتی سەبارەت بەو تاوانە ئینسانی‌یە دژ بە مرۆڤی کورد، بە گژ کۆماری ئیسلامی‌دا بکرێ. حیزبەکانی رۆژهەڵات ئەگەرچی یەک لە دوای یەک پەیوەست بە بانگەوازی ژنێڤ بوون و ئەوە نیزیک بە چوار ساڵ بە سەر ئەو پەیوەستبوونەیان‌دا تێدەپەڕێ بەڵام بە داخەوە ئەو خاڵە هاوبەشە نەیتوانی ئەوان سەبارەت بەو بابەتە گرینگە کە رۆژانە گیانی کوردستانیان دەستێنێ، کۆک و هاوکار بکا. ئەگەر پەیوەستبوونی حیزبەکانی رۆژهەڵات بە رێکخراوی ژێنێڤاکال تەنیا بۆ مانۆڕێکی سیاسی یا بەستنی دەستی خۆیان لە بەکاربردنی مین بێ لە حاڵێک‌دا کە مینی دوژمن رۆژانە گیانی خەڵکی کوردستان دەستێنێ، ئەوە تەنیا بەردەکانیان بەستۆتەوە و سەگەکانیان بەرەڵا کردوە. بەڵام بوونی ئەوان لەو رێکخراوەدا هەروا بەستێنێکی گرینگ و دەست لێنەدراوە بۆ کاری هاوبەش و بۆ بەگژداچوونەوەی کۆماری ئیسلامی لە مینڕێژکردنی بەردەوامی کوردستان و بۆ رزگار کردنی نیشتمانێکی بە مین چێندراو.
لە ژماره‌ ٦٨٨٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

۶/۲۶/۱۳۹۵

شیوەجۆ لە سێ وێستگەی زەمان دا

تاهیر قاسمی 

شیوەجۆ گوندێکە بە قەدپاڵی شیو و دۆڵەکانی ناوچەی کاڵەشینی رەبەتەوە. گوندێکی بچوک کە بە چیا و دەوەن و لێڕەواری ئەو ناوچەیە پەرژین کراوه‌. بەڵام لە مێژووی هاوچەر‌خ‌دا ناوی ئەو گوندە خنجیلانەیە پەرژینی لێڕەوار و چیاکانی بڕیوە و سێ جار ناوبانگی لە کوردستان‌دا دەنگی داوەتەوە.
یەکەم وێستگەی دەرچوونی ناوبانگی شیوەجۆ بۆ ٣٦ ساڵ لەوه‌ پێش دەگەڕێتەوە. ساڵی ١٣٥٩٩ی هەتاوی و لە گەرمەی هێرشی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگە و خەڵک، حیزبی دێموکراتی کوردستان بنکەی دەفتەری سیاسیی خۆی لە پەنا گوندی شیوەجۆ دامەزراند. لە شوێنێک بە ناوی دۆڵی رەزگەیان کە دواتر ناوبانگی “دۆڵی دێموکرات”ی وەرگرت. رێبەریی حیزب لەوێوە فەرماندەیی بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگەی کوردستانی دەکرد. خانەخوێی و میوانداریی ئەو گوندە بە سامان هەژار بەڵام بە دڵ دەوڵەمەندە لە دەفتەری سیاسیی حیزب، بۆ ماوەی ٣ ساڵ شیوەجۆی لای خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان کرد بە رووگەی ئازادی. رۆژانە لە سەرانسەری کوردستان و ئێرانەوە پێشمەرگە، خەڵکی ئاسایی، کەسایەتیی جۆراوجۆر، رێبەرانی سیاسی و بە گشتی چین و توێژی جیاواز روویان لە شیوەجۆ و لە دۆڵی دێموکرات دەکرد. لەوێ لەگەڵ رێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە سەرووی هەموانەوە دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو دیداریان نوێ دەکردەوە، باسیان لە چۆنیەتی کردنەوەی گرێ کوێرەکانی ژیان و خەبات دەکرد و لەسەر داهاتووی خەبات و چارەنووسی گەلی کورد پرسیار و راوێژیان دەکرد. خانەخوێی شیوەجۆ بۆ کۆنگرەی پێنجەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی، زیاتر لە پێشوو ناوی ئەو گوندەی خستە نێو لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
 بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب زیاتر لە سێ ساڵ لە شیوەجۆ نەمایەوە. سپای داگیرکەر بە هەموو شێوەیەک هێرشی خۆی بۆ سەر کوردستان درێژە دەدا. بوردومان و تۆپبارانی کوردستان رۆژانە مڵک و ماڵی خەڵکی دەسووتاند. حیزب ناچار بوو بنکەی سەرکردایەتیی خۆی لە بەرەکانی شەڕ دوور بخاتەوه‌. بەڵام ئەم ماوەیە بەس بوو بۆ ئەوەی ناوی شیوەجۆ لە کوردستان‌دا ببێ بە ناوێکی ناسراو و ناوبانگی شیوەجۆ سنوور و کەوشەن تێپەڕێنێ.
 هەشت ساڵ لەوەپێش جارێکی دیکە ناوی شیوەجۆ کەوتەوە سەر زاران. ماوەیەکی زۆر بوو شیوەجۆ و شیوەجۆیەکانی کوردستان پێی پێشمەرگەیان لێ بڕابوو. ساڵانێک بوو کە خەڵکی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەخۆشەویستی ئەو دەڤەرە و باقی ناوچەکانی کوردستان بە تاسەی نو‌ی‌کردنەوەی دیدار لەگەڵ رۆڵەکانیان بوون. تا ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی حیزبی دێموکراتی کوردستان قۆناخێکی نوێی خەباتی دەست پێ کردەوە. پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە لەو ساڵەوە تا ئێستا پۆل پۆل سەردانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەکەن و لە ئامێزی خەڵک و نیشتمانی خۆیان دان. لە دووهەم ساڵی دەستپێکردنەوەی ئەم قۆناخەی خەبات‌دا بوو کە شەهید هەمزە سارتکەیی، فەرماندەی بە وەجی دێموکرات بە پێشەنگایەتیی پۆلێک پێشمەرگە سەردانی شیوەجۆی کردەوە. له دۆڵی دێموکراتەوە، لەو شوێنەی کە سەردەمانێک جێگای حەسانەوەی دوکتور قاسملووی رێبەر بوو، بۆ کامێرای کوردکاناڵ دوا. لە پهیامێک‌دا بۆ هاوسهنگهره لاوهکانی، موژدەی دەستەملان بوونەوەی پێشمەرگە و خەڵکی دا و وەفاداریی خۆی بە رێبازی رێبەرە مەزنە شەهیدەکەی، دووپات کردەوه‌. بڵاوبوونەوەی ئەو پەیامە لە شیوەجۆوە و لە رێی کوردکاناڵەوە، جارێکی دیکە تینی لە دڵی رزگاریخوازان و خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە.
 چەند رۆژ لەوە پێش، لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز، جارێکی دیکە ناوی شیوەجۆ سنوور و کەوشەنی تێپەڕ کردەوە. لێ ئەمجارە ئەگەرچی هۆکار بوونی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب وەک قیبلەی ئازادی یان پەیامی دەسپێکردنەوەی قۆناخێکی نوێ لە لایەن فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە دۆڵی دیموکراتەوە نەبوو بەڵام نیشانە و هێما بۆ جۆرێکی دیکە لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی و هاوتەریب لەگەڵ شێوەکانی دیکەی خەبات بوو. تێکۆشانێک کە دەکرێ وەک یەکێک لە جۆرەکانی خەباتی مەدەنی و نەتەوەیی پێناسە بکرێ. ئەویش کرانەوەی قوتابخانەیەک بۆ مناڵانی ئەو گوندە لە لایەن پۆلێک لە خێرخوازانی نیشتمانپەرەوەر بوو.
 مناڵانی شیوەجۆ سەرەڕای ئەم ناوبانگەی گوندەکەیان و رەنگە هەر له‌بەر ئەو ناوبانگەش، هەتا چەند حەوتو لەوەپێش، لە بوونی قوتابخانەیەکی رێک‌‌و‌پێک بۆ خویندن، بێبەش بوون. تەنانەت ئەو ساڵۆن و بنکە و شوێنانەش کە حیزب لە دەوری ئاوایی و بۆ دانیشتوانی گوندەکەی بە جێ هێشتبوو، لە لایەن سپای داگیرکەرەوە رووخێندران. قوتابیانی شیوەجۆ وەک مناڵانی زۆرێک لە گوندە دوورەدەستەکانی کوردستان، ناچار بوون پۆلەکانی سەرەتایی خوێندن لە هۆدەیەکی کۆنی شێداردا تێپەڕ بکەن. بەڵام دواجار بە هیممەتی پۆلێک لە پزیشکانی شاری مەهاباد و بە هاوکاریی خەڵکی گوندەکە، قوتابخانەیەکی سێ ژوورە بۆ قوتابیان و هۆدەیەکیش بۆ حەسانەوەی مامۆستای قوتابخانە کرایەوە.
 خزمەتگوزاریی خێرخوازانە دەمێکە لە کوردستان هەیە بەڵام تا چەند ساڵ لەوە پێشیش خێرخوازان خێری خۆیان زیاتر لە سازکردن یان نۆژەن‌کردنەوەی بنکە و شوێنە ئایینی‌یەکان تەرخان دەکرد. لێ ساڵانێکە له‌گەڵ پەرەگرتنی بیری نەتەوەیی، نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی لە لایەک و دیتنی ئەو هەموو ناعەداڵەتی و دواخستنەی بە سەر کوردستاندا سەپاوە، خێرخوازی سنووری ئایینی تێپەڕاندوە. خێرخوازان بە سازکردنی قوتابخانە، دەرمانگا و دیکەی شوێنە خزمەتگوزاریە گشتییەکان، رواڵەتێکی نوێیان بە کاری خێرخوازی لە کوردستان داوە. لە راستی‌دا خێرخوازی ئاوێتەی نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی کراوە. ئەگەرچی هەوڵی خێرومەندانەی ئەوان بارتەقای ئەو هەموو بێ ئیمکاناتیە لە کوردستان نییە بەڵام بێگومان جێ‌پەنجەیان بە سەر ئاوەدانیی نیشتمان‌دا دیار و بەرچاوە.
 شیوەجۆ هەرچەند گوندێکی لاپەڕە، بەڵام تاکە گوندی کوردستان و ناوچەکەش نییە کە لە خزمەتگوزاری‌یە سەرەتاییەکان بێبەش کراوە. دەسەڵاتی داگیرکەری تاران بەردەوام هەوڵ دەدا کەمترین ئیمکانات بۆ کوردستان دابین بکا و کەمترین یارمەتی بە پێشکەوتن لە کوردستان بدا. لە بەرامبەر ئەوەدا نیشتمانپەروەرانی کورد، ئەوانەی دەستیان دەگاتە دەمیان، هەوڵیان داوە لەم بارەوە دارێک لەسەر پەردووی لاوازی بانی نیشتمان دابنێن. ئەوان هەر لە کردنەوەی بنکەی تەندروستی‌یەوە تا قوتابخانە و تا یارمەتی کۆکردنەوە بۆ خەڵکی هەژار و لێقەوماوی کورد لە رۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستان، بە خەمی خەڵکەوە چوون. شیوەجۆ بە هەر هۆیەک بۆ هەڵبژاردنی ئەم کارە خێرخوازی و خزمەتگوزاریە هەڵبژێردرابێ، هێمایەکی دیکەیە بۆ پەرە گرتنی ئاستی خەمخۆریی نەتەوەیی خێرخوازانی نیشتمانپەوەری کورد و نیشانەیەکە بۆ پەرەگرتنی شێوەیەک لە خەباتی نەتەوەیی کە ئامانج و سەرکەوتنی خۆی لە پێشکەوتنی کوردستان، بنەبڕکردنی نەخوێندەواری و تەیارکردنی مێشکی مناڵی کورد بە زانست و فێربوون، دەبینێتەوه. ئامانجێک کە بیرهێنەرەوەی ئەو بەشە لە وەسیەتنامەی پێشەوای مەزنمانە کە روو بە نەتەوەکەی دەفەرموێ: “لێگه‌ڕێن منداڵه‌کانتان بخوێنن، چونکه رەمزی پێگەیشتوویی و سەرکه‌وتن له خۆینده‌واری دایه. با له‌ گەلانی دیکه‌ دوا نەکەون”.
لە ژماره‌ ٦٨٩٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

۶/۱۵/۱۳۹۵

"شا" بە بێ تەختیش هەر "سەر"ە

 "شا" بریتی‌یە لە کەسی یەکەمی وڵات کە خاوەن تاج و تەختە و زیاترین دەسەڵاتی هەیە. روون نییە وشەکە کەی داکەتووە. لە ئاڤێستایی دا بە دوو شێوەی ساستر و خشترە تۆمار کراوە. بەڵام  جگە لەوە بە مانای کەسی یەکەمی وڵات و دەسەڵاتداری خاوەن تاج و تەختە، بەر لەوەش کە سیستمی دەسەڵاتدارەتیی پاشایەتی دابمەزرێ، هەبووە. وشەکە لە بنەڕەت دا بە مانای "سەر"، بەشی زەق و بەرچاو لە هەر شتێک و هەروەها ناوەند و مەرکەزە. بەڵگەی ئەوەش مانەوەی رەگی وشەکە بەم شێوەیە لە کۆمەڵێک وشەی زمانی کوردی دایە.
منداڵ بووم کە زۆر جار ئەو شێعرەم لە زمان کچانی هاوتەمەنم بیستوە:
تەق تەق دەروازە
هاتووم بۆ نانی تازە
برا چکۆڵەم سەربازە
برا گەورەم ژنخوازە
....
....
کاکم چۆ ژنێ بێنێ
ژنی "شا" بە گوڵ بێنێ
...
شێعرەکەم بە دروستی لە بیر نەماوە بەڵام لەوانەی کە لە بیرم ماون، هەمیشە بۆم پرسیار بووە کە "ژنی شا بە گوڵ" چیە و یانی چی؟ پاش بیر لێکردنەوە و بەدواداچوون بۆم روون بۆوە کە "شا بە گوڵ" هەمان سەر بە گوڵە و مەبەست لە ژنێکی شۆخ و شەنگە کە گوڵی لە سەر دراوە. لەوەشەوە هاتمە سەر ئەو بڕوایە کە "شا" پێش لەوە کە "شا" بێ، سەر بووە.
 وشەکە رەنگە لە سەرەتا دا وەک خۆی (شا) بۆ سەر بە کار برابێ و بە پێی زەمان گۆڕابێ.
سەرنجی ئەو وشانە بدەن:
شاش/شاشک/شاشیک: پێچ، مێزەر، ئەوەی لە سەر دەپێچرێ
شاپرزە: شپرزە، سەرلێشێواو، شا + پرزە، سەرپرزە، شا بە مانای سەر و پرزە بە مانای ئاڵۆز
شاتک: رەگی مل، پێوەندی سەر، تەک سەر، لە گەڵ سەر
شاچاخ: گوڵینگە و لەرزانەی گەورە کە لە سەری دەدەن، سەرچاخ (سنجاخ:
شاخ: زەقی رەقی سەری حەیوان
شاخ‌ڤەدان: سەر پەڕاندن، هەڵپەرتاوتن،
شاد: سەرخۆش، بە کەیف
شادمان/شادومان: رەنگە شاد دەمان (کاتە خۆشەکان) یان شادیمان/شادیمەن (دیمانەی شایانە یان دیمەنی شایانە) بووبێ
شانە: ئامرازی داهێنانی مووی سەر
شاگرد: بەر دەستی وەستا، شا: سەر، گرد؛ بە دەور
شاگەشکە: سەرگەشتە
لە قۆناخێکی دواتر دا رەنگە پیتی "ر" وەک پاشگر بە "شا" نووسابێ و بووبێ بە "شار" بە هەمان مانای سەر:
شار: سەرپۆشی ژنانە
شاڵ: مێزەر و پشتێنی سەید
شار: دەسرۆکەی دەوری کڵاوی لباد
شاباش: شاواش، شاوەش، سەر وەش، سەرخۆش، سەرخۆشانە
شاهیک: بریقەدار، سەرنج راکێش
شاوەلە/شاوەلێ: شا: سەر، وەلە: گوند، گوندی سەرێ، گوندێکە لە ناوچەی نەغەدە

وەک دەزانین سەر بە مانای ناوەند و مەکۆی بڕیاردانیش هاتوە؛
شار: ماڵ و ناوەندی سەرەکیی مێرولە و زەردەواڵە
شار: پێچەوانەی لادێ،
شار: ناوەندی یاری لە کایەی منداڵان دا
شەتری: ریزە گوڵینگەی سەروپۆر، گێلگێلە
شەخس: شاکەس، مرۆ، پیاو، کەس - قەبری پیاوچاکان
شەخسان: رەنگ پێ نەمان لە بەر نەخۆشی، رەنگ پەڕیو
شەخف: بان سواخ دان
شەدە: پارچەیەکی رەش یان سوور بۆ مێزەر، سەرپێچی ژنانە
شەڕانخێوی: غارغارێن بە ئەسپ لە مەیدان دا، سواران خێو
شەرپل/شەرپلان/شەرپلێن: سەرگەردان
شەرپەزە: شپرزە
شەرشوب: لاسەرە، خشڵێکی ژنانە
شەریک: سەر یەک؟ یەک سەر؟
شەس: هەست، هۆش
شەس: قامکە گەورە
شەس بێدار: بە ئاگا، بە خەبەر
شەش: هەموو؟ یەکسەر؟ وەک شەشدانگ، شەشخان، شەشدەر
شەعر: دەسرۆکەی سەرپێچی ژنان و پیاوان
شەو: وەک سەر رەش؟
     لە بەرامبەر دا: روو: وەک رۆژ
شەقۆن: بە سەر لێدانی مەڕ و بەران
شەکان/شەکین/شەکاندن: لەرینەوە لە بەر با
شەکە: کڵاوی لە پێستە مەڕ
شەکیلە: پارچە هەمانەی خۆشکراو بۆ بە سەر دەفر دا کردن،
شەکێن: گۆ بازی
شەگە: شاگا، شاگە، خۆش بە
شەگە: میچ کە میر هاتبێ، جگ لە سەر لاپانەکەی
شەلایی: دەسرەی کاغەزی
شەلک: چارۆکەی سەر شان و سەرپۆش
شەماڵ: لای سەروو
شەممە: سەرەتای حەوتوو
شەند: دەنووک
شەوک: زەنبەرێکە، دەرزیلە کە دە سەر و پێچی دەچەقێنن
شەوشین: پەرێشان بوون
شەوکەت: شا/وەک/ەت، شان و شکۆ، پایەبەرزی


هەر لەم پێوەندیەدا بە جێ‌یە ئاماژە بە کرداری حەشاردانیش بکەین کە بە پێی ئەو بۆچوونەی سەرەوە، دەبوو بە مانای دەرخستن بێ کەچی پێچەوانەیە. ئەوەش بۆ پێشگری "حە" دەگەڕێتەوە. لە ئاڤێستایی و دواتر لە فارسیی ناوەڕاست دا "ئان" یان "ئەن" بۆ پێچەوانە و نیگەتیڤی وشە بە کار هاتوە. وێدەچێ "حە" لەو پێشگرە مابێتەوە. وەک لە کرداری "جمین"یش دا هەیە بە مانای جوڵە و حەرەکەت کردن کەچی "حەجمین" بە پێچەوانەیە بە مانای داسەکنین و ئۆقرە گرتن.
حەشار: ئەنشار، حەنشار، شتێک کە لە سەرەوە نییە، زەق نییە، نادیارە
حەشارگە: شوێنی پەنا، شوێنی نەدیو، سیپە

۶/۰۸/۱۳۹۵

رفاندن یان فڕاندن ؟!

رفاندن و فڕاندن هەردوویان بە واتای بردن و ئەستاندنی شتێک/گیاندارێک بە بێ خواست و ئاگاداریی خاوەنەکەیەتی. هەیە لە دەست خاوەنەکەی دفڕێندرێ و دەمودەست خاوەنەکەی وشیار دەبێتەوە. هەشە بە دوور لە چاوی خاوەن دەڕفێندرێ و دوای ماوەیەک ئاگادار دەبێ. بەڵام نە "رف" بە تەنێ مانای هەیە و نە "فڕ" بە تەنێ ئەو واتایە دەگەیەنێ. وێدەچێ فراندن لە بنەڕەتدا "پڕاندن" بووبێ بە گۆڕانی "پ" بە "ف". وەک چۆن کرداری "پڕ پێداکردن" یان "پڕدان" هەیە بە واتایەکی نیزیک لە هەمان واتا. هەرچی رفاندنە ئەوە لەویشدا گۆڕانی "پ" بە "ف" رووی داوەو ئاڵۆزی و تێکەڵبوونەکە لەوەوە هاتۆتە ئاراوە. رفاندن رەنگە لە بنەڕەتدا رەپاندن بووبێ. بە واتای لە گەڵ خۆ بردن، وەپێش خۆ دان یا ڕادانی شتێک/گیاندارێک. لە سەر یەک ئەز وای بۆ دەچم فڕاندن/پڕاندن بردن و هەڵگرتنی شتێک/گیاندارێک بووە بە دەست یان بە باوەش یا بە کۆڵ و قەڵاندۆش. بەڵام لە رفاندن/رەپاندن دا، ئەوە رفێندراو هەڵنەگیراوە بەڵکو وەپێش خۆ دراوە یان لە گەڵ خۆ بردراوە. جا ئەو وەپێش خۆ دان یان لە گەڵ خۆ بردنە دەکرێ مەڕ و مانگا بووبێ یان گۆی گۆێێن. وەک لە کرداری "ڕەپێنان" یان لە وشەی "گۆ/ڕەپان"دا هەیە.

۵/۲۱/۱۳۹۵

فەرهەنگی ئاژەڵ : سەگ

مرۆڤەکان لە دێرزەمانەوە ئاژەڵیان کەوی کردوە و کەلکیان لێ وەرگرتوە. هەر کام لەو ئاژەڵانەش بە ئامانجی جیاواز و بۆ بەرهەمی جیاواز بە کار هاتوون. لە کوردەواریدا ئەو ئاژەڵانەی لە خزمەت مرۆڤ دان بریتین لە:
سەگ
مەڕ
بزن
کەر
پشیلە
گا
گامێش
ئەسپ
وشتر
مریشک
مراوی
قاز
بەراز

هەر کام لەو ئاژەڵانە ئەرکێکیان لە سەر شانە و مرۆڤ بە مەبەستی خزمەتێک بە خۆی، رایاندەگرێ. سەگ بۆ پارێزگاری، بزن و مەڕ بۆ شیر، خوری و گۆشت، کەر بۆ بار و.. دیارە جۆری ئاژەڵی کەوی لە هەموو ناوچە و لە ناو هەموو نەتەوەکاندا وەک یەک نییە. لە جوغرافیای جیاوازدا، چ لە تۆرەمە و چ لە جۆری ئەم ئاژەڵانەدا کەم و زۆر جیاوازی هەیە.
هەروەها هەر کام لەو ئاژەڵانە، ئاژەڵێکی هاوشێوەشیان هەیە کە کێوین و لە راستیدا ئەوانە ئاژەڵی کەوی لە بەرامبەر ئاژەڵی کێوین. بۆ وێنە سەگ لە بەرامبەر گورگ، مەڕ و بزن لە بەرامبەر بزنە کێوی و مەڕە کێوی و..

سەگ
رەنگە کۆنترین ئاژەڵی ماڵی بێ. مرۆڤ هەم بۆ پارێزگاری لە خۆی و سامانەکەی و هەمیش بۆ ڕاو و شکار بە کاری بردوە. کۆنترین ناوی سەگ لە کوردستان، لە لایەن هێرۆدۆت، مێژوونووسی یونانی نیزیک بە ٤٥٠ ساڵ پێش زایین تۆمار کراوە: Spaka یا Spakha = سەگ
شێوەیەک لە وشەی "سپاکا/سپەکا" یان "سپاخا/سپەخا" لە زمانی رووسی و زمانە دەستەخوشکەکانی وەک ئوکراینی دا بەر گوێ دەکەوێ: 
رووسی: sobaka سەگ
ئەمن وای بۆ دەچم کە وشەی "سپاکا/سپەکا" یا "سپاخا/سپەخا" بەو جۆرەی هێرۆدۆت تۆماری کردوە، لە دوو بەشی "سپا/سپە" و "کا/خا" پێکهاتوە. سپا وەک لە بابەتی پێوەندیدار بە "سپاس"دا نووسیومە و بەو جۆرەی لە سپا، سپاردن، سپەر و.. دا هەیە، واتای پاراستن و پارێزگاری دەدا. بەشی دووهەم واتە "کا" یان "خا" بنەمای "خاوەن"ە. لەو بنەمایە "کا/کاک" وەک وشەی رێز لێنان بۆ پیاو و خاوەن بە مانای ساحێب و دارا چێ بووە. لە سەر یەک وشە تۆمارکراوەکەی هێردۆت بۆ سەگ واتای "پارێزەری خاوەن" یا "خاوەن پارێز" دەدا. ئەوەش واتایەکی شیاوە بۆ رۆڵ و ئەرکی سەگ لە ژیانی ئینسانی سەرەتاییدا. 

وشەی سەگ Sag لە گەڵ داگ‌ Dog ی ئینگلیزی بە گۆڕانی س بە گ یان بە پێچەوانە، هاوڕەگن. رەنگە سەگ هەر شێوەی سواوی سپەکا بێ؛ سپەکا - سپەک - سپەگ - سەگ. ماکی سپە بە واتای سەگ لە کۆمەڵێک زمانی دیکەی هیندوئوروپایی و دەستەخوشکی زمانی کوردیدا بەدی دەکرێ: 
پۆشتو: سپي
تالشی: سپیە
کاشانی: «اسبه » و «اسپه »
هەروەها وشەی چەغە/چەغ کە بۆ دەنگدان و دوورکردنەوەی سەگە، رەنگە بنەماکەی هەر بۆ وشەی سەگ/داگ بگەڕێتەوە: سەگ - سەگە - سەغە - چەگە - چەغە
بەڵام لە زمانی کوردیدا "سەگ" تاکە ناو بۆ سەگ نییە. "سە" کە هەر کورتکراوەی سەگە، سپەڕ و سپڵۆت کە هەر دەچنەوە سەر وشەی سپەکا. کوتک، توتک، کوچەک، گجووک (تووتکە سەگ)، گجولە (تووتکە سەگی بچکۆڵە) و کسۆک کە وێدەچێ سەرجەمیان یەک رەگ بن و دوا جار وشەی "گەماڵ".
 وشەکانی کوتک، توتک، کوچەک/کوچک، گجووک، کسۆک و گجولە سەرجەمیان لە ماکەی "کوت" یا "کوچ"ن. وشەیەک کە بۆ بانگ کردن و لاواندنەوەی سەگ لە زمانی کوردیدا بەکار دێ: کوت کوت یان کوچ کوچ. "ک" پاشگری ناوە لە زمانی کوردیدا. کوتک لە بەشێک لە زمانە دەستەخوشکەکانی زمانی کوردیشدا وێنەیان هەیە:
گوجاراتی کە زمانێکی هیندیە: Kūtarō 
هیندی: kutta
پونجابی: Kutē
سیندهی: ڪتو
ئوردو: کتا
هونگاری: Kutya
بولغاری: kuche
ماکێدۆنیا: kuče
وەک لە سەرەوە دەبینین "کوت" لە بنەمای وشەکە لەو زمانانەدا بە ڕوونی دیارە. ئەگەر کوردستان وەک ناوەندی زمانەکانی هیندوئوروپایی حیساب بکەین، زۆرینەی ئەو زمانانەی لە "کوت" بۆ ناوی سەگ کەلک وەردەگرن، کەوتوونەتە بەری رۆژهەڵاتی زمانەکانی هیندوئورپایی. دیارە لەو نێوەدا رەنگە وشەی "کسۆک" بنەمایەکی جیاوازی هەبێ و مرۆڤی کورد وەک خۆشەویستیەک بۆ سەگ و وەک هاودەمێکی روح سووکی ئینسان، ناوی "کسۆک"یشی بە واتای هاودەم و لە بنەمای "کەس"ی بچکۆڵە، بۆ هەڵبژاردبێ.
لە بەشێک لە زمانە رۆژئاواییەکانی هیندوئوروپایی وشەی سون یان شێوەیەک لەو وشەیە بۆ ناوی سەگ بەر گوێ دەکەوێ:
هەرمەنی: shun
لاتڤیا: suns
هەروەها بە گۆڕای س بە هـ لە بەشێک لە زمانەکانی دیکە:
هولەندی: hond
ئیسلەندی: hundur
ئاڵمانی: Hund
سون لە زمانی کوردیدا بۆ باڵغ بوونی سەگ بە کار دێ. 
هەرچی وشەی "گەماڵ"ە، ئەوە زیاتر لە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان بە کار دێ. وای بۆ دەچم بنەمای وشەکە پێوەندی بە خانوو و  "ماڵ" هەبێ. رەنگە "ئاگاماڵ" بە واتای ئاگادار و پارێزەری ماڵ یان وشەیەکی لێکدراوی لەم جۆرە چێ بووبێ و "ئا"ی سەرەتای سوابێ. ئاگاماڵ - گاماڵ - گەماڵ
لە هێندێک ناوچەدا وەک دەڤەری بانە، وشەی بەشداریش بۆ سەگ دەگوترێ کە رەنگە لە رێزدانان بۆ سەگ و بۆ زەحمەتی ئەو ئاژەڵە لە یارمەتیدانی ئینسان، داکەوتبێ. هەروەها وشەی "چوارپێ"ش تایبەت بە سەگە بەڵام ئامانج لە بە کار بردنی ئەو وشەیە، بە کار بردنی زمانی خاوێن و رێزە.
سەگ بە گشتی بۆ هەر دوو رەگەزی نێر و مێ بە کار دێ بەڵام وشەکانی دێڵ و گۆڵ بە ریز بۆ مێ و نێری سەگ و گیانلەبەرانی لەو شێوەیە بە کار دێ. دێڵ بە گۆڕانی ز بە د، دەچێتەوە سەر رەگی "زێ"ی ئەندام و زا و زێی گوانداران. گۆڵیش دەچێتەوە سەر رەگی "گۆ" بە مانای خڕ و هەڵتۆقیو کە ئاماژە بە ئەندامی جووتبوونی نێرینەیە. بۆ مردنی سەگیش لە وشەی مردن و مەرگ کەڵک وەرناگرن و کرداری "تۆپین" تایبەت بەو گواندارانەیە کە گۆشتیان ناخورێ.
سەگ لە باری گەورەیی، قەبارە و کارایی جۆراوجۆرە و لە کوردستان بە تایبەت تاژی/تاجی و توڵە هەن. تاژی کە باریک و تیژڕەوە زیاتر بۆ ڕاوی کەروێشکە. توڵەش کە بچووکە بۆ چوونە ناو کونی گیاندارانی وەک رێوی لە ڕاودا بە کار دێ. هەروەها سەگ بە پێی رادەی مووی لەشی بە سەر دوو جۆری کوڵکن و رووتە دابەش دەکرێ.







۵/۱۴/۱۳۹۵

چێژی شیرینی "بەخشین" لە حاند تامی تاڵی تۆڵە

تاهیر قاسمی

دوو حەوتووی رابردوو شاری سنە پێشەنگایەتی رزگارکردنی بەندیەکی ژێر پەتی سێدارەی کرد. سێ ساڵ لەوە پێش دوو لاو، دوو ئاواڵ و دوو هاوڕێ، لە تەک یەک تووشی دمەقاڵە هاتن، یەخەی یەکتریان گرت و لێکیان دا. لە ئەنجامی ئەو لێکدانەدا “دلێر ئەحمەدی” کوژرا و “رەشاد رەشیدی”یش دەستبەسەر و بە “قصاص” حوکم درا. سێ ساڵ چاوەڕوانیی رەشاد بۆ گەیشتنی رۆژی ئیعدام، سێ ساڵ تلانەوەی بنەماڵەی دلێر بە خەمی رۆڵە ئازیزەکەیان ‌و دژواریی بڕیار بۆ تۆڵە یان بەخشینی رەشاد و، سەرەنجام سێ ساڵ هەڵسووڕانی بێوچانی مرۆڤدۆستان بۆ رزگارکردنی گیانی ئینسانێک، کۆتایی هاتبوو. بەرەبەیانیی رۆژی سێ‌شەممە ١ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی بوو. رەنگە زۆر کەسی دیکەش وەک رەشاد، شەوی تێپەڕیویان بە ئازار و نیگەرانی تێپەڕ کردبێ و خەو لە چاویان نەکەوتبێ. هەموان چاوەڕوانی گەیشتنی هەواڵی ئیعدامی رەشاد رەشیدی بوون.
 مرۆڤدۆستان تەنیا تروسکاییەکیان لە هیوا مابوو. سێ ساڵ بوو پێیان لە ماڵی باوانی رەشاد و دلێر نەبڕیبوو. هەموو هەوڵی خۆیان بۆ رزگارکردنی گیانی رەشاد و دووپاتنەبوونەوەی مەرگی مرۆڤێکی‌تر دابوو بەڵام ئاکامێکیان لە هەوڵەکانیان نەچنیبوو. سیمین چایچی، نووسەر و چالاكی مەدەنی لە سنە لەم پێوەندی‌یەدا گوتی: “ماوەی سێ ساڵ لە هەوڵ‌دا بووین بۆ وەرگرتنی رەزایەت لە بنەماڵەی دلێر بۆ ئەوەی ئەو حوکمە هەڵوەشێنینەوە بەڵام دایكی دلێر نەیدەویست قسە لەگەڵ كەس بكا”. سێ رۆژ پێش لە وادەی بەڕێوەچوونی حوکمی قەساس بوو کە سەردانی ماڵی دلێریان کرد. دایکی دلێر ئەمجارە بە پێچەوانەی جارانی پێشوو، بە رووی خۆشەوە وەریگرتن. بەوەش چرای هومێدیان رووناکاییەکی تێگەڕابوو بەڵام هەروا کز دەسووتا. ئەو کرانەوەیە ئەگەر نیشانەیەکی دڵخۆشکەر بوو بۆ رزگاریی گیانی ئینسانێک، دەکرا پێچەوانەش بێ. ئەو رووخۆشی‌یە دەکرا دەرەنجامی یەکلایی بوونەوەی ناخی گڕگرتووی دایکێک بۆ چۆنیەتی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیعدامی بکوژی رۆڵەکەی بێ. دەکرا شادیی ناخی مرۆڤێک لە گەیشتنی رۆژی تۆڵە بێ. دەشکرا گەیشتن بە ترۆپکی مرۆڤایەتی، لێبوردەیی ‌و بەخشینەوەی ژیان بە ئینسانێک ‌و پێشگرتن لە سووتانی هەناوی دایکێک لە لایەن دایکێکی جگەرسووتاوی تر بێ.
 ساتی ئیعدامی رەشاد گەیشتبوو. بە پێی یاسا، بنەماڵەی دلێر لە حەوشی زیندان ئامادە بوون. چالاکانی مەدەنی و مرۆڤدۆستانیش لە دەرەوە، لە نێوان هیوا و نیگەرانی، چاوەڕوان مابوونەوە. رەشاد بە چاوی بەستراو، ملی بە پەت و پێ لە سەر پایەیەکی لەرزۆک، لە ژێر داری ئیعدام‌دا چاوەڕوانی مەرگ بوو. دایکی رەشاد دەبوو لە نێوان هەڵماڵینی پەتەکە یان هەڵواسینی رەشاد، سەرپشک بێ. بەڵام ئەو پێشتر لەگەڵ خۆی و لە ناخی خۆی‌دا ساخ ببۆوە. بەو راستی‌یە گەیشتبوو کە لابردنی پایە لەرزۆکەکە و بەتاڵکردنی ژێر پێی رەشاد یان شەتەکدانی پەتی سێدارە، تەنیا گیانی ئینسانێکی دیکە دەستێنێ، دڵی دایکێکی دیکەی وەک ئەو دەسووتێنێ‌ و بنەماڵەیەکی دیکە داخدار و تازیەبار دەکا بەڵام هیچ لە مەرگی دلێر ناگۆڕێ. ئەو لێبڕاوانە پەتەکەی لە ملی رەشاد هەڵماڵی و چێژی شیرینی بەخشینی بەسەر تامی تاڵیی تۆڵەدا هەڵبژارد.
 بڵاوبوونەوەی هەواڵی رزگاریی مرۆڤێکی هەرچەند تاوانبار، شادیی و خۆشی خستە دڵی شارێک کە هێشتا دوو حەوتوو بە سەر ئیعدامی دەیان رۆڵەی‌دا تێنەپەڕیبوو. بزەی خستە سەر لێوی خەڵکی شارێک کە هێشتا خەمی ئیعدام کرانی زیاتر لە بیست لاوی ئەو شارە بە سەر لێویانەوە بار بوو. ئەو لاوانەی کە دوای چەندین ساڵ ئەشکەنجە و بەند و زیندان، لە لایەن کۆماری پەت و سێدارەوە ئیعدام کران. دەسەڵاتداران و جەللادانی کۆماری ئیسلامی بۆ شەرعیەتدان بە ئیعدامی ئەو ئینسانانە، پەنایان بۆ هەر درۆ و دەهۆیەک برد تا لە سێدارەیان بدەن و کۆمەڵکوژیان بکەن. بەرامبەر بەوە لێبوردەیی، دڵگەورەیی و مرۆڤدۆستیی دایکی دلێر و سەرجەم بنەماڵەی ئەحمەدی بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و یاسا و رێسا دژە ئینسانیەکانی سەلماند کە خەڵکی کورد و لە سەرووی هەموانەوە دایکانی کورد چەندە لەگەڵ هەڵسوکەوتی دژە مرۆڤانەی ئەم رێژیمە و یاسا دژە ئینسانیەکانی ناتەبا و نەیارن.
 بە دوای گەیشتنی هەواڵی رزگاریی رەشاد و بڕیاری بەخشین و لێبوردن لە لایەن دایک و بنەماڵەی دلێر، چالاکانی مەدەنی و مرۆڤدۆستانی شار بەرهەمی تێکۆشانی مرۆڤدۆستانەی سێ ساڵی رابردووی خۆیان چنیەوە. بەڵام ئەوە کۆتایی کاریان نەبوو. بۆ رێزگرتن لەو بڕیارە مرۆڤانەیە، رێگای گۆرستانی سنەیان گرتە بەر و بە کۆبوونەوە لە سەر گڵکۆی دلێر و گوڵباران کردنی، سەری رێزیان بۆ رۆحی لێبوردەیی بنەماڵەکەی بە تایبەت دایکی دلێر ئەحمەدی دانواند.
 کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو بە شێوەی جۆراوجۆر رۆڵەکانی خۆی ئیعدام کردوە. زۆربەی کۆمەڵگه‌ رۆژهەڵاتی‌یەکان هەتا ئێستاش بە هەراوی حوکمی ئیعدامیان تێدا بەڕێوە دەچێ. بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوە کە ئیعدام نەک ئەنجامدانی هۆکارەکانی ئیعدامیان کەم نەکردۆتەوە بەڵکو زەبروزەنگ لەو کۆمەڵگه‌یانە هەروا لە پەرەگرتن دایە. ئیعدامەکان سێ بەشن: ئیعدامی دەوڵەتی، ئیعدام بە پێی یاسا و ئیعدام بۆ قەساس و تۆڵە. لە ئیعدامی دەوڵەتی‌دا، دەسەڵاتداران بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان لە ژێر ناو و تۆمەتی جۆراوجۆردا، نەیاران و جیابیرانی خۆیان ئیعدام دەکەن. لە ئیعدامی بە پێی یاسادا تاوانکار تاوانێک (بۆ وێنە بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان لە ئێران) ئەنجام دەدا کە بە پێی یاسا حوکمی ئیعدامی هەیە. بەڵام تەنیا جۆری سێهەم واتە ئیعدامی بۆ تۆڵە و قەساسە کە بەڕێوەبردن یان هەڵوەشانەوەی لە دەست خاوەن پرس دایە و چۆنیەتی به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی خەڵک و کۆمەڵگه‌ لە حاندی، ئاستی پێگەیشتویی و تێگەیشتویی ئەو کۆمەڵگه‌یە نیشان دەدا. نمونەی بەخشینی رەشاد لە لایەن بنەماڵەی دلێر، نیشانەیەکی گرینگە لە ئاستی پێگەیشتویی و تێگەیشتویی کۆمەڵگه‌ی رۆژهەڵاتی کوردستان و بێزاریی خەڵکی کورد لە کوشتنی مرۆڤ تەنانەت ئەو مرۆڤەش کە بکوژی رۆڵەی ئازیزیانە.

لە ژماره‌ ٦٨٧ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

۵/۰۶/۱۳۹۵

شەقڵی میترائیسم بە سەر زمانی کوردیەوە

بە پێچەوانەی بۆچوونی باو کە پێی وایە ئایینی کۆنی کوردان زەرتۆشتی بووە، نیشانەکان وا دەردەخەن کە ئایینی زۆربەی هەراوی کوردان پێش لە ئیسلام میترائیسم بووە. لەم بارەوە نووسراو و گوتراو زۆرە و ئاسەوارێکی زیندوو و راستەوخۆش لە ئایینەکە نەماوە. هەر بۆیە باس کردن لە داب و دەستووری ئەو ئایینە زۆر ئاسان نییە. بەڵام ئایینەکە سەرەڕای لەناوچوونی، شەقڵی خۆی بە سەر ئایینەکانی کریستیانی و ئیسلامیدا بە جێ هێشتوە. بە تایبەت وەک دەگوترێ ئایینی کریستیانی زیاتر لە میترائیسم کۆپیی کردوە. هەروەها میترائیسم بە درێژایی چەند هەزار ساڵ ئایینی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بووە کە کوردستانی پێ دەڵێن و کوردانی تێدا نیشتەجێ‌یە. کۆنترین بەڵگەی بوونی ئەم ئایینە، سوێندخواردنی شای میتانی و شای هوری بە میترایە بەو جۆرەی کە لە قەواڵەیەکی کۆندا دۆزراوەتەوە و مێژوەکەی بۆ ٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. هەر بۆیەش ئاساییە ئەگەر ئەم ئایینە شەقڵی زۆری بە سەر زمانی کوردیدا بە جێ هێشتبێ. لە خوارەوە هەوڵ دەدەم بەشێک لەو وشە کوردیانە بە پێی پێوەندیان بە ئایینی میترا لێک بدەمەوە. یەک لە تایبەتمەندیی وشەکانی پێوەندیدار بەو ئایینە لە زمانی کوردیدا ئەوەیە کە وێنەی وشەکان کەمتر لە زمانە دەستەخوشکەکانی زمانی کوردی واتە زمانە هیندوئوروپاییەکاندا دەبیندرێ و زیاتر تاتبەتن بە زمانی کوردی و ئەو زمانانەی وەک زمانی نەتەوەکانی دانیشتوی زاگرۆس پۆلێن دەکرێن.  وشەی میترا بە شێوەگەلی مێهر ، مێر ، مەر ، مەل/مەڵ ، مەتەر ، میتەر ، میثرا ، میزرا و.. لە وشە کوریەکاندا خۆی دەنوێنێ.

ئەشکەوت : یەکەم جار میترا لە ئەشکەوتێکەوە هاتە دەر. چەند شوان کە لە نیزیک ئەشکەوتەکە بوون، شاهیدی هاتنی میترا بوون. دواتر ئەشکەوتەکان بوون بە یەکەم پەرستگەی ئایینی میترا. بە تایبەت ئەو ئەشکەوتانەی ئاویان تێدا بوو یان ئاویان بۆ دەچوو. چونکە غوسڵ کە دواتر سەری لە ئایینی کریستیانیش دەرهێنا، یەک لە داب و دەستوورەکانی میترائیسم بوو. بە پێی ئەو بەسەرهاتە، بە دووری نازانم وشەی ئەشکەوت بە جۆرێک پێوەندی بەو ئایینەوە هەبێ.
وشەی ئەشکەوت لە دوو بەشی ئەش + کەوت پێکهاتووە. بەشی دووهەم واتە "کەوت" کە بە شێوەگەلی کا (کابان)، کەو (کەوی/ماڵی)، کەدە (مەیکەدە) کەی (کەیخودا) هەمان وشەیە کە لە "مزگەوت"یشدا هەیە و بە مانای ماڵ یان خانوویە. بەڵام بۆ بەشی یەکەمی وشەکە واتە "ئەش" دوو ئەگەری جیاواز هەیە؛
١- ئەش شێوەیەکی دیکە لە "ئاس"ە بە مانای بەرد بەو جۆرەی لە ئاش، ئاسمان، هەسان و.. دا هەیە و لە سەر یەک بە مانای ماڵی بەردینە.
٢- ئەش لە بنەڕەتدا "ئاژ" بووە بە مانای راست و دروست. ئاژوان ناوی پێڕەوانی راستەقینەی زەردەشت بوون بە واتای پارێزەرانی راستی و پاکی و دروستی.  بەوەش ئەشکەوت دەتوانێ ماڵی راستی و دروستی بێ. رەنگە کوردەکان پێش لە ئەشکەوت، وشەی "غار"یان بە کار بردبێ وەک چۆن ئێستاش لە هێندێک ناوچەدا هەمان وشە برەوی هەیە. دواتر کە حەشیمەت و رادەی پێڕەوانی ئایینی میترا زیادیان کرد و لە هەموو جێیەکیش ئەشکەوت وەک شوێنی نزا و نوێژ دەست نەدەکەوت، مزگەوت ساز کرا. وێکچوونی رواڵەتی ئەشکەوت و مزگەوت زیاتر ئەم گومانی لام دروست کرد.
وەک گریمانە وشەی " پاشکەوت " یان " پاشەکەوت "یش رەنگە لە بنەڕەتدا ژوورێکی تەریک دوای ژووری دانیشتن بووبێ کە تێیدا گەنم و دانەوێڵە و دیکەی کەلوپەل و سەرمایەی بێ گیانی ماڵی تێدا پاشەکەوت کرابێ. تەنانەت " دەرکەوت "یش رەنگە ژووری لای دەرەوە بووبێ.

مێرگ :
مەزرا :
یەکەم کاری میترا ئەوە بوو کە گایەکی کرد بە قوربانی. خوێنی ئەم گایە وەک خێر و بەرەکەت بە سەر هەرددا ڕژا. هەر جێیەک خوێنی گایەکە گرتیەوە، بوو بە شیناوەرد و سەوزایی یان خاکێکی بە پیت. بە بۆچوونی من لەوەوە دوو وشەی مێرگ و مەزرا داکەوتن. بە پێچەوانەی ئەوە کە دەگوترێ مەزرا لە "مزرعە"ی عەرەبی وەرگیراوە من پێم وایە عەرەب لە کوردان یان باشتر بڵێم لە پێڕەوانی ئەم ئایینەیان وەرگرتوە. بەو پێیەش مەزرا دەگەڕێتەوە سەر وشەی میثرا - میزرا - مەزرا. وشەی "مێرگ"یش لە شێوەیەکی دیکەی ناوی میترا واتە "مێر" وەرگیراوە و "گ" وەک پاشگر بۆ ناو، واتایەکی دیکەی بە ناوی میترا بەخشیوە.
وشەی کۆنتری مەزرا رەنگە " فەرمان " بووبێ. ئەم وشەیە ئێستا لە زمانی کوردیدا بە دوو مانای "دەستوور دان" و "کار ئەنجام دان" ماوەتەوە بەڵام بەو دوو مانایە زەحمەتە ماکی وشەکە بدۆزرێتەوە. ئەمن وای بۆ دەچم کە "فەرمان" لە دوو بەشی "فەڕ" بە مانای هات، پیت و بەرەکەت لە گەڵ پاشگری "مان"ی رەگی مانەوە وەک لە "نیشتمان "دا هەیە، بە واتای شوێن و جێگە، داکەوتوە. لە سەر یەک "فەرمان" بە واتای جێگا یان زەویی بە پیت و بەرەکەت و لە سەر یەک مەزرایە. جا چونکە زەوی جێگای کار و تێکۆشان بووە و لە سەردەمی فیئۆدالی و ئاغاو رەعیەتیشدا ئاغا لەوێ کاری بە رەعیەت کردوە و فەرمانی ئەنجامدانی کاری پێ داوە، باری واتایی فەرمان لە مەزرا و زەوی و زارەوە بۆ دەستوور پێ دان و ئەنجامدانی کار گۆڕدراوە و گوازراوەتەوە. وشەی فەرمان بە مانای مەزرا لە زمانە هیندوئوروپاییەکانیشدا دەبیندرێ. بۆ وێنە:
هیندی: Phārma ، رووسی: ferma، ئینگلیزی: farm ، فەرەنسی: ferme

مەڕ :
مێهرەگان :
نەریتی قوربانی پێوەندی بە میترا هەیە. ئەو کاتەی وەک لە سەرەوە باس کرا، گایەکی کرد بە قوربانی. کەواتە پێڕەوانی ئەم ئایینەش دەبوو گا قوربانی بکەن. بەڵام وەک دەزانین مەڕ ، هەم سەرمایەی سەرەکیی دانیشتوانی زاگرۆسە و هەمیش لە قەدەر گا، هەرزانتر و رێژەی زیاترە. بۆیەش رەنگە پێڕەوانی ئەم ئایینە مەڕیان بە سامانێک لە میترا و بۆ میترا زانیبێ. لەوەشەوە دەکرێ شیمانەی ئەوە بکەین کە وشەی "مەڕ"یش پێوەندی بە وشەی میترا هەبێ. وشەی مەڕ لە زمانی فارسیدا "گوسفند"ە بە واتای گای پیرۆز. بە ئەگەری زۆریشەوە ئەم ناوە لە هەمان بابەتی جێگرتنەوەی مەڕ بە جێگای گا بۆ قوربانی کەوتۆتەوە. لە جامی مێژووی حەسەنلوودا مەڕ وەک قوربانی دەبیندرێ.
وشەی مەڕ زیاتر لە ناوەندی کوردستاندا باوە. پەز ناوی کۆنتری مەڕە و لە زاراوەی کورمانجیدا هەروا بە کار دێ. وشەیەک کە لە زمانە هیندوئوروپاییەکانیشدا دەبیندرێ:
ئینگلیزی: pastor واتە شوان، مەڕدار 
 رووسی: pastukh شوان
مێهرەگان بە شێوەی "مێهر کانا"ش تۆمار کراوەو لە بنەڕەتدا جێژنی بەران تێبەردان بووە. لە باری زەمانیەوە کەوتۆتە سەرەتای پاییزەوە. رەنگە وشەکە لە بنەڕەتدا عەیب نەبێ  جێژنی "مەڕەگان" یان جێژنی "مەڕەکان" بووبێ.
وێکچوونی "مێهر کانا" لە گەڵ " مەڕنەکەنە " کە تیرەیەکی هۆزی مەنگوڕن، بۆ من جێی سەرنجە.

قوربان
قوربانی
قوربانی بریتیە لە پێشکەش کردنی گیان بە خوداکان. سەردەمانێک ئەم پێشکەش کردنە مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ بووە. رەنگە کوڕ بە دەستی باوک بەو جۆرەی لە حیکایەتی قوربانیی ئیسماعیل لە لایەن ئیبراهیمەوە هەیە و دەکرێ ئەم چیرۆکە هێمای کۆتایی هێنان بەو شێوە قوربانیە و جێگۆڕکێی کوشتنەوەی ئاژەڵ بە جێی مرۆڤ بۆ قوربانی بووبێ.
دەگوترێ وشەی قوربانی، لە "قرب"ی عەرەبی وەرگیراوە بە مانای نیزیک بوونەوە و لە بنەڕەتدا نیزیک بوونەوە لە خودا. بەڵام ئەمن بۆچوونی جیاوازم هەیە.
یەکەم: داڕشتنی وشەکە لە عەرەبی دا باو نییە : قرب + ان
دووهەم: عەرەب بە جێی "قربان" و "قربانی" لە وشەی "الضحی" کەلک وەردەگرێ.
لە ئاڤێستادا، زەردەشت سکاڵا لە دەست سێ دەستە لە دژبەرانی ئایینیی خۆی دەکا کە تەنگیان پێ هەڵچنیوە: کۆرپەن/کەرپەن، کەوی و ئوسیج. بە بۆچوونی بەشێک لە خاوەنڕایان، کەرپەن یان کۆرپەن دەبێ هەمان قوربان بێ و لە ئایینی میترادا ئەرکی قوربانی کردن و قوربانی وەرگرتنیان لە سەر شان بووبێ.
یەکەم کاری میترا دوای دەرکەوتنی لە سەر زەوی، قوربانی کردنی گایەک بوو. بۆیەش قوربانی لەو ئایینەدا گرینگ و یەک لە بنەماکانی ئەو دینە بووە. وەک دەزانین خۆر / هەتاو لای میترائیەکان تا ئاستی خوا پیرۆز بووە. بۆیەش ناکرێ قوربانی پێوەندی بە خۆرەوە نەبووە. جا لەو روانگەوە من پێم وایە کرپن / کەرپەن / کۆرپەن / کۆرپان / خۆرپان / خۆربان هەمان " قوربان "ە و قوربانیش لە بنەڕەتدا " خۆربان " بە واتای پاسەوانی خۆر بووە. لە زمانی کوردیدا نمونەی گۆڕانی "خۆر" بە "قۆر" هەیە. بۆ وێنە " زەردەقۆرە " یان "زەردە قۆڕە " کە لە بنەڕەتدا "زەردە خۆرە" یان هەمان آفتاب پەرەستی فارسی‌یە. "ی"ی قوربانیش یای پێوەندیە بە مانای کاری پاسەوانی لە خۆر.

بە دووریش نییە دەستەیەک لە پیاوانی ئایینی خۆیان کردبێ بە پاسەوانی قەبرستان و هەواڵی حاڵی مردوەکانیان بە زیندوەکان دابێ و لە بەرامبەردا حەقی گۆڕبانی‌یان وەرگرتبێ. بەو بۆچوونەش قوربان دەتوانێ گۆڕدراوی "گۆڕبان" واتە پارێزەر و چاوەدێری گۆڕ بێ.

کەڵەباب
کەڵەشێر
نێرینەی مریشک لە زمانی کوردیدا کۆمەڵێک ناوی هەیە کە باوترینیان ئەو دوانەی سەرەوەن. هەردوو ناو لە دوو بەش پێکهاتوون و یەک ماکەیان هەیە. بەشی یەکەم "کەڵە" دەچێتەوە سەر وشەی "کەرگ"ی ئاوێستایی بە مانای باڵندە. بەو جۆرەی لە زمانی کوردیدا لە قەل، سیسارک، کەڵک یان لە فارسیدا لە کەلاغ، کرکس و..دا هەیە. بەڵام قسەی من لە سەر بەشی دووهەمی وشەکەیە کە لە ناوەندی کوردستاندا "باب" و لە باشوور "شێر"ە. دوو وشە کە بە ڕواڵەت پێوەندیەکیان بە یەکەوە نییە.
یەک لە تایبەتمەندیەکانی کەڵەشێر یان کەڵەباب خوێندن و بانگدانی بەرەبەیانیەتی. بانگی هاتنی رۆژ و دەرکەوتنی خۆر. سروشتیە ئەوەش لای پێڕەوانی ئایینی میترا گرینگ و پیرۆز بووە. رەنگە لەو ئایینەشدا جۆرێک بانگدان یان سەڵا خوێندنی بەیانیان لە لایەن مەلای ئاوەدانی یان پیاوی ئایینی هەبووبێ. بەڵام ئەوەی کەڵەباب دەیکرد، ئاکارێکی خوداپێداوی و لە راستای ئایینەکەدایە. رەنگە هەر پاشماوەی ئەو باوەڕە بێ کە کەڵەشێر هێشتا لە هێندێک ناوچەی کوردستان پیرۆزایەتیی خۆی لە دەست نەداوە. دانیشتوانی ماوەت لە باشووری کوردستان ئێستاش کەڵەشێر سەرنابڕن و گۆشتەکەی ناخۆن.
ئایینی میترا خاوەنی ٧ پلەی تەریقەت بووە. ئایین و تەریقەتێکی بە ڕەمز و ڕاز کە پێڕەوانی دەبوو نهێنی پارێز بن و ئەمڕۆ زیاتر لە هەمیشە داب و دەستوورەکانی لێمان ونن. هەر ئیماندارێک ئەگەر ویستبای بچێتە ناو ئایینەکە دەبوو دوای هەوڵ و ماندووبوون و فێربوونێکی زۆر یەک بە یەک ئەو پلانەی بڕیبا. لە میترائیسمی ئوروپایی کە دواتر و چەند سەد ساڵ پێش مەسیحیەت چوو، پلەکان ئاوا دابەش دەبن: قەلەرەشە (کلاغ) (corax)، پۆشراو (پوشیده) (cryphius) شەڕڤان (سرباز) (miles) شێر (شیر) (leo) پرسا (پارسا) (perses) تەتەری خۆر (پیک خوشید) (lelio dromus) و پیر (پدر) (pater)
بە پێی پلە و پایەی ئایینی لە ناو کورداندا دابەشکاریەکە دەبێ نۆژەن بکرێتەوە. بۆ وێنە ئاوا:
سوختە ، میرزا ، شەرڤان ، شێر ، مەلا ، بابا ، پیر 
ئەمانەی سەرەوە دابەشکاریی ٧ پلەی ئایینیی میترائیسمی ئوروپایین و ئەوەی ئەمڕۆ لەم ئایینە دەزاندرێ، زیاتر لە رووی پەرستگە و کۆتەڵ و شوێنە ئایینیەکانی ئوروپایە. بەڵام سروشتی‌یە کە ئایینەکە دەقاودەق و وەک خۆی نەچۆتە ئوروپا و گۆڕانکاری تێدا کراوە. بۆیەش ریزبەندی ئەو ناوانەی سەرەوە و دەقی ناوەکانیش ناکرێ هەر ئەوانە بن کە لە لای دانیشتوانی زاگرۆس وەک پێڕەوانی سەرەتایی ئەم ئایینە هەبووە. 
لە ریزی ئەم ناوانەی سەرەوە، شێر وەک یەکێک لە پلەکانی ئایینی میترا دەبیندرێ. بەوەش ئەگەری زۆرە کەڵەشێر پێوەندی بەو پلە ئایینیەوە هەبێ؛ کەرگەشێر و دواتر کەرەشێر و سەرەنجام کەڵەشێر. باڵندەیەک کە کاری پیاوی بانگدەر لەو ئایینەدا دەکا. رەنگە یەک لە کارەکانی کەسێک کە بەو پلەیە گەیشتوە، بانگدان یان سەڵاخوێندنی بەیانی بووبێ. 
بەڵام " باب "  لە میترائیسمی بنەڕەتی یان میترائیسمی زاگرۆس دەکرێ  ناوی یەکێک لە پلەکانی ئایینی میترائی بووبێ. ئەوەش بەو گۆڕ و مەزارە پیرۆزانە دەڵێم کە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا هەیە: بابە قەتار ، بابە گوڕگوڕ.. هەروەها لە ئایینی یارسانیشدا ئەوە دەبیندرێ؛ بابە یادگار.  ئەوەش دەتوانێ هۆکاری ناونانی کەڵەباب بێ. 
لە سەر یەک هەردوو ناوەکە دەکرێ پێوەندیان بە ئایینی میترایی و گرینگیی بانگ و موژدەی دەرکەوتنی خۆر لە لایەن کەڵەشێر یان کەڵەبابەوە هەبێ. 

بەو پێیە کە شێوەیەک لە وشەی " خروس " لە زۆرێک لە زمانە هیندوئوروپاییەکاندا بۆ ناوی کەڵەشێر هەیە، رەنگە ناوی کۆنتری ئەم باڵندەیە "خروس" بێ. "خۆروس"یش وێدەچێ پێوەندی بە خۆر و رۆز/رۆژ هەبێ. 

مەلە
مەلا
مەلە بە واتای چوونە ناو ئاو، لە ناو ئاودا خۆ شوشتن و یاری کردن لە ناو ئاو دایە. وشەی مەلە لە زمانی کوردیدا سەربەخۆیە. لە زاراوەی کورمانجیدا " ئاژنە "ی پێ دەڵێن کە لە گەڵ "شنا"ی فارسی هاوڕەگن. هەروەها " سۆبایی " بە هەمان مانا وێدەچێ رەگی کۆنتری کارەکە بێ و لە گەڵ swim ی ئینگلیزی هاوڕەگ بن.
هەرچی وشەی مەلەیە، لە زمانی کوردیدا تاقە. هەر ئەوەش گریمانەی ئەوەی لام دروست کرد کە دەکرێ وشەکە لە سەردەمێکی تایبەتدا بۆ ئامانجێکی تایبەت داهاتبێ و دواتر پەرەی گرتبێ.
وەک دەزانین غوسڵ پێ کردن و شوشتن، دابی میترائیسم بووە کە دواتر چۆتە ناو ئایینی مەسیحیەتەوە. ئەم کارەش دەبێ "مەلە کردن" و "مەلە پێ کردن" بووبێ. بەو پێیەش وشەکە دەبێ سەر بە زاراوەی ئایینیی میترائی بێ. وشەی مەلە دەکرێ بە گۆڕانی ر بە ل، بچێتە سەر هەمان ناوی مێر یا مێهر. مێهرە ، مەهرە ، مەهلە ، مەلە. بە واتای شوشتن و پاک کردنەوە.

مەلا : مەلا رەسمیترین پیاوی ئایینیی ناو کۆمەڵگای کوردستانە. ئەگەر ئەو گریمانەیەی سەرەوە بۆ مەلە رێی تێ بچێ، ئەوە دەکرێ " مەلا " وەک ناوی بکەر و ئەو پیاوە ئایینیەی کە ئەرکی غوسڵ دەرکردن و مەلە پێ کردنی هەبووە، لە هەمان وشەی مەلە وەرگیرابێ. دەشکرێ مەلا لە بنەڕەتدا " مەهرا " بووبێ وەک کەسێک کە ئەرکی " مارەکردنی " کچ و کوڕ یان ژن و پیاو لە یەکتری هەیە.

مارە
مارەیی
مارە ، مارەیی و مارە کردنیش سەر بە زاراوەی ئایینی میترائین و دەچنەوە سەر وشەی " مێهر ".

مەردم ، مەردۆم ( مردم )
مەرد
مێرد
مێر
مرۆ
مرۆڤ
مێرێ
میرزا
مێزەر
مرۆت
پیر
پیرۆت
پیرۆز

مەردم بەو جۆرەی لە زاراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە هاوواتای " خەڵک "ە. وشەکە لە زمانی فارسیدا بە شێوەی " مەردۆم " زیاتر برەوی هەیە. رەنگە ئەوەش شێوە دروستترەکەی بێ. ئەگەر لە سەر ئەو بنەمایەش لێکی بدەینەوە ئەوە لە بنەڕەتدا دەکرێ " مێهر تۆم " بێ. مێهر وەک یەکێک لە ناوەکانی میترا و "تۆم" بە واتای تۆو، تۆرەمە. وشەی مەردۆم لە فارسیدا تاکە و لە کۆندا شێوەی کۆی وشەکە "مەردۆمان" بووە بە واتای تۆرەمەکانی مێهر.
مەردۆم لە سەر بنەمای ئادەم چێ بووە. ئادەم وەک ناوی یەکەم مرۆڤ لە سەر زەوی، چ لە سەر زاری خەڵک و چ لە دەقە ئایینیەکاندا هەر بەو جۆرە ناوی براوە. بەڵام ئەمن پێم وایە ناوی یەکەم ئینسانی سەر گۆی زەوی، جا بە هەر شێوەیەک پەیدا بووبێ یان ئەگەر تەنیا زادەی خەیاڵی ئینسانەکان بێ، ناکرێ ناوێکی درێژی وەک "ئادەم"ی هەبێ. ناوەکە وێدەچێ "ئا" بووبێ و "دەم" درێژە و وەچەی " ئا " یان تۆم و تۆرەمەی ئایە. وشەی مەردۆمیش هەر لە سەر ئەم بنەمایە چێ بووە. بە واتایەکی دیکە ئادەم تۆرەمەی "ئا"یە و مەردۆم یان مەردم تۆرەمەی مێهر. ئا لە ئەلفوبێی زۆربەی زمانەکانی دنیادا یەکەمە. مرۆڤی لاڵیش دەتوانێ ئەم دەنگە بە گەرووی خۆی ساز بکا. دەنگێک کە لە قووڵایی گەروو دێتە دەر و پێویستی بە سووڕان و گۆکردنی زمان نییە. لە ناو کەلتوری کوردیشدا یەکەم مرۆڤەکان "باوکە وا" و "دایکە وا" بوون. رەنگە باوکە وا لە بنەڕەتدا "باوکە ئا" بووبێ. بەڵام "دایکە وا" کە لە زمانی عەرەبیدا بووە بە "حوا" رەنگە شێوەیەکی دیکەی "وا" بێ.

مەرد وێدەچێ هەر لە وشەی مەردۆم و دوای سوانی "م" کەوتبێتەوە. مەردۆم  - مەردۆ - مەرد
ئەمە دەتوانێ بۆ وشەی مێرد ، مێر ، مێرۆ ، مرۆ و مرۆڤ‌یش هەر راست بێ و سەرجەمیان دەچنەوە سەر وشەی مێهر، میثرا و میترا. مێرێ ناوە بۆ ژنان و بە "ێ"ی کۆتایی ناوەکەوە دەردەکەوێ کە مێینەی مێهرە. هەروەها ناوی مرۆت کە ئەویش هەر بۆ ژنانە، رەنگە لە بنەڕەتدا "مێهر روو" یان "مێهر رۆژ" بووبێ.
 میرزا پیاوێکی خوێندەوارە. ئاستی خوێندەواریەکەی لە مەلا کەمترە. بەڵام ئەگەر پرسێکی ئایینی بێتە پێش و بە هەر هۆیەک مەلا ئامادە نەبێ، ئەوە میرزا ئەرکەکە ڕادەپەڕێنێ. بەوەش شیمانە دەکرێ میرزا لە "مێهرزا" یا "مێهرزاد" کەوتبێتەوەو یەکێک لە ٧ پلەی ئایینیی میترائیسم بووبێ. ئەگەری ئەوەش هەیە کە میرزا شێوەیەکی شێواوی میثرا بێ بە گۆڕانی ث بە ز : میزرا.
مێزەر پێچ و کڵاوێکی رەنگ ئاماڵ سپی‌یە. زیاتر سەروێنی سەری شێخ یان پیاوانی دیکەی ئایینی وەک میرزا بووە. وشەکە دەچێتەوە سەر وشەی میثەر و ناوی میثرا.
پیر دوا پلەی ئایینی میترا بووە. لە کوردستان مەزار و مەزارگەی دەیان پیر و پیاوچاک هەیە کە پاشماوەی پیاوانی پلەبەرزی ئەو ئایینەن. هەرچەند وێدەچێ دوای هاتنی ئیسلام و وەرگرتنی ئایینەکە لە لایەن خەڵک، بە جۆرێک ئەم پلە ئایینیەی دینی پێشوو تێکەڵ بە دینە نوێیەکە کرابێ.
بەرەو پیر : لە ئایینی میترادا، خۆر نیشانەی میترا و میتراش پیری سەرەکیی ئایینەکە بووە. ئیمانداران هەموو بەیانیان لە کاتی دەرکەوتنی خۆردا بە پێشوازی خۆرەوە دەچوون و نوێژیان بۆ دەکرد. بەو کارەشیان دەگوت؛ بەرەو پیر چوون.
هەروەها وشەی پیرۆزیش پێوەندی بە پیری میترائیەوە هەیە کە لای خەڵک پیرۆز بووە. خۆ بە دووریش نییە کە پیرۆز هەمان "پیر رۆژ" بووبێ بەو جۆرەی لە سەرەوە باس کرا. پیرۆت کە ناوێکی پیاوانەیە رەنگە بەو جۆرە داکەوتبێ.

۴/۳۱/۱۳۹۵

سەبارەت بە وشەی تەگبیر

دۆستی خۆشەویست کاک شالیار کوردۆ پێشنیاری کردوە کە وشەی "تەگبیر" لە بری "پلان" دابندرێ و پێی وایە تەگبیر وشەیەکی کوردیە. بە پێچەوانەی "پلان" کە وشەیەکی ئینگلیزی‌یە. دیارە دۆستانی دیکە پێشنیاری وشەگەلی وەک "گەڵاڵە"، "فیک" و هتد..یان کردوە کە بابەتی ئەم باسە نییە. بەشێک لە دۆستان تێبینی‌یان لە سەر وشەی تەگبیر هەبوو و پێیان وایە کە تەگبیر هەمان "تدبیر"ی عەرەبی‌یە و منیش سەرەتا هەر پێم وابوو. بەشێکیش کە ئەمن یەک لەوانم، پێمان وایە کە تەگبیر بە مانای ڕاوێژ و پرس پێ کردنەو جێگای پلان ناگرێتەوە. 
بەڵام سەبارەت بە ماکەی "تەگبیر"، وشەکە بە دوو شێوەی "تەکبیر" و "تەگبیر" لە زمانی کوردیدا هەیە. بە تایبەت لە ناوەندی کوردستان لە موکریانەوە تا دەشتی هەولێر، وشەکە ڕمێنی هەیە.
وشەکە لە فۆلکلۆریشدا جێگای دیارە و بەوەش نیشان دەدا کە رابردویەکی لەمێژینەی لە زمانی کوردیدا هەیە:
چەندم پێ گوتی بە تەگبیرم بی
بەقسەت نەکردم خودا گیرم بی
***
راوەستا لە سەر بیرێ
بە کراسی گوڵ‌ لیرێ
چەندی خۆم مەجبوور دەکرد
دەستم بۆ هەڵناگیرێ
دەڵێم بمدەیە ماچێ
جارێ دەکا تەگبیری
تەگبیر/تەکبیر بە واتای بیر لێ کردنەوە، پرس پێ کردن و راوێژ کردنە.
تەگبیر/تەکبیری کوردی لە گەڵ "تدبیر"ی عەرەبی چ لە رواڵەتدا و چ لە واتادا یەک دەگرنەوە. بەڵام ئەوە کە ئاخۆ بنەمای وشە کوردیەکە هەمان "تەدبیر"ی عەرەبی‌یە یان عەرەب وشە کوردیەکەیان عەرەباندوە، بۆ من روون نییە. لێ قسەکەم لە سەر ئەو بنەمایە دەنووسم کە ئەگەر وشەکە لە بنەڕەتدا کوردی بێ، ئەوە دەکرێ لە دوو بەشی "تەک" و "بیر" چێ بووبێ. لە سەر وشەی "بیر" بە واتای "فکر" و "هزر" وەک پاژی دووهەمی وشەکە رەنگە پێویست بە باسی زیاتر نەکا.
بەڵام پاژی یەکەم واتە "تەک"، بە دوو واتای دژ بە یەک لە زمانی کوردیدا هەیە: یەکەمیان بە واتای یەک، تەنیا . دووهەمیش بە واتای "لە گەڵ" و "بە یەکەوە". بەو مانایەی دوایی بە تایبەت لە بنزاراوەی ئەردەڵانیدا زیاتر خۆی دەنوێنێ:
"لە تەک باوکم هاتم" یان "تەک باوکم هاتم"
"لە تەک مەڵای ئاوایی چووین" یان "تەک مەڵای ئاوایی چووین"
"لە تەک ماموستا قسە ئەکەم" یان "تەک مامۆستا قسە ئەکەم"
تەک لە زاراوەی کورمانجیدا دەبێ بە "تەڤ". "تەگبیر"یش کە بە پێی هەنبانەبۆرینە لە زاراوەی کورمانجیدا دەبێ بە "تەڤبیر".
بە پێی ئەو لێکدانەوەیەی سەرەوەش، وشەکە لە بنەڕەتدا "تەکبیر" بووە کە رەنگە هەم بە هۆی سروشتی فۆنەتیکیی زمانی کوردی "ک" بە "گ" گۆڕابێ و هەمیش بۆ دوورکەوتنەوە لە وشەی "تکبیر"ی عەرەبی بە مانای ئەڵڵاهوئەکبەر گوتن، خوازەی گۆڕانی وشەکە لە تەکبیرەوە بۆ تەگبیر زیاتر بووبێ.
ئەگەر ئەم بۆچوونەش دروست بێ، ئەوە تەکبیر بە واتای "لە گەڵ کەسێکی دیکە بیر کردنەوە"، "وەرگرتنی بیر و بۆچوونی کەس یان کەسانی دیکە لە سەر بابەتێک" و لە سەر یەک "راوێژ کردن بۆ ئەنجامدانی کارێکە.
واتایەکی دیکەی تەگبیر دەتوانێ "بیر لێ کراوە" بێ. بەو واتایە کە کارەکە "تەک بیر" و "لە گەڵ بیر" ئەنجام دەدرێ و "بێ بیر" و هەڕەمەکی نییە. 

ژمارە لە زمان و کەلتوری کورددا

ژمارە لە کرداری "ژماردن"ە. کردارەکە بە شێوەکانی ژوماردن، ژماردن، شماردن، شوماردن و ژیمارتن یا ژمارتن دەبیندرێ. لە کورمانجیدا "هەژمارتن"یش هەیە. بەڵام باوترینیان لە زاراوەی سۆرانیدا "ژماردن"ە. شێوەی "مضارع"ی کردارەکە "ژمێر"ە: دە"ژمێر"م.
لە هێندێک بنزاراوەدا بە هەڵە وشەکە قڵپ بۆتەوەو بە شێوەی "بژاردن" بە کار دەبردرێ کە هەڵەیەو ئەمەی دوایی کردارێکی جیاوازە.
لە پاڵ کرداری ژماردن، کرداری تێکەڵاوی "حیساب کردن"یش لە زمانی کوردی دا بە کار دێ کە لە "حساب"ی عەرەبی وەرگیراوە.
جگە لەو کردارەو پەل و پۆیەکانی، لە زمانی کوردیدا وشەی "نمرە"ش هەیە کە بەرامبەرە لە گەڵ "عدد" و "رقم"ی عەرەبی و "number"ی ئینگلیزی. هەرچەند بە کاربردنی لە زمانی کوردیدا بڕێک جیاوازە و جاری وایە جێگای "دەرەجە" و "پلە"ش دەگرێ.
ژمارە لە "سیفر"ەوە دەست پێ دەکا و منیش هەوڵ دەدەم بە ریز باسیان لە سەر بکەم:

0 سیفر
سیفر لە وشەی "صفر"ی عەرەبی وەرگیراوە. صفر بە واتای بەتاڵ بوون و خاڵی بوون. لە زمانی کوردیدا وشەی "خاڵ"یش بە جێی سیفر بە کار دەبەن کە وێناچێ بۆ زۆر کۆن بگەڕێتەوە. ئەگەرچی پێوەندی نێوان صفر، خاڵی و خاڵ جێگای سەرنجە.
هاوتای صفر لە زمانی کوردی دا "هیچ"ە. ئەگەر بشمانهەوێ زیاتر کوردایەتی بە خەرج بدەین، ئەوە کەڵکەڵەی ئەوە لە دڵماندا ساز دەکەین کە صفر کە "هیچ پڕ" یا "هیچ بڕ"(بڕ بە واتای ڕادە و ئەندازە) کە بە شێوەی "چ پڕ/چ بڕ"یش گۆ دەکرێ بە واتای بەتاڵ و خاڵی، وەرگیراوە.  "هیـ" سواوە، "چ" کە لە عەرەبیدا نییە بۆتە "صـ" و "پ"ش کە نییە وەک باوی ناو زمانی عەرەبە، بۆتە "ف". بەو جۆرە: هیچپڕ، چپڕ، صفڕ، صفر.
هەمان وشەی صفر پەڕیوەتە ناو زمانەکانی دیکەش. لە سەدەی سێزدە دا بە شێوەی Cifra چۆنە ناو زمانی لاتینەوە. لە سەدەی چاردە بە شێوە Chiffra لە زمانی فەڕانسە، لە سەدەی پازدە بە شێوەی Ziffer لە زمانی ئاڵمانی جێگای خۆی کردۆتەوە. هەر لە هەمان سەدە ئیتالیاییەکان صفریان بە شێوەی Zefiro/Zerro و ئینگلیزیەکان وشەکەیان بە شێوەی Zero بە هەمان واتا وەرگرت. ئەم وشەیە بنەمای وشەی Cipher بە واتای سیفر و هەروەها جۆرێک لە رەمزە کە لە شکڵگەلی 0 چ دەبێ.
سیفر بە واتای هیچە. بەڵام هەموو شتێکیش لە سیفرەوە دەست پێ دەکا. هەموو ئەو شتانەی کە دەیبینین لە نەبوون و لە هیچەوە دەستیان پێ کردوە. بوون و نەبوونی "هیچ" خۆی گومان ساز دەکا:
- هیچت کرد؟ هیچم نەکرد!
- هیچت هەیە؟ هیچم لا نییە؟ لێرەدا هیچ گوزارە لە بوون دەکا.
لە راستیدا هیچ یا سفر خۆی بە دوو لای ئەرێنی و نەرێنی دابەش دەبێ. وەکچۆن لە کەشناسیدا سفری ئەرێنی روو لە گەرما و توانەوەیە و سفری نەرێنی روو لە سەرما و بەستەڵەک.
بەڵام سەرەڕای ئەو گرینگیەی "صفر" هەیەتی، زیاتر ئەو کاتە جێگە و پێگەیەکی هەیە کە حیساب و ژماردن لە ئارادا بێ. جا چونکە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی خوێندەوار نەبووە، ژمارەی سفریش جێگە و پێگەیەکی لە ژماردندا نەبووە.


۴/۳۰/۱۳۹۵

وەرزش و قارەمانەتیی وەرزشی، رێگایەک بۆ دەربڕینی هەستی نەتەوایەتی

کورد یا هەر نەتەوەیەکی ژێردەست، تا ئەو کاتەی نەبێتە خاوەنی کیانی خۆی، بژاردەکانیشی لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا دەرفەتی نیشاندانی توانایی و ناساندنی نەتەوەکەی خۆیان نییە و زەحمەت و ماندوبوونیان بە ناوی دەسەڵاتی داگیرکەر یان نەتەوەی سەردەست تەواو دەبێ. بەڵام لەگەڵ پەرەگرتنی هەستی نەتەوەیی و خواستی گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان، قارەمانانی وەرزشیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر دەرفەتێک بۆ خۆنیشاندان وەک کورد و بۆ دەربڕینی هەستی نەتەوایەتیی خۆیان کەلک وەردەگرن. لە یاری‌یەکانی ئۆلەمپیکی ریۆ، کە لە وڵاتی بێرێزیل بەڕێوە دەچێ، وەرزشکارانی کوردیش لە نێو کاروانی وەرزشیی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، یا ئەو وڵاتانەی لە چنگ زەبروزەنگی داگیرکەر پەنایان بۆ بردوە، جێیان هەیە. بەشێک لەوان تا ئێستا توانیویانە سەرکەوتنی باش بە دەست بێنن. لە نێویشیان‌دا کیانوش رۆستەمی وەرزشکاری کرماشانی، ئەم رۆژانە ناوێکی درەوشاوەیە. ئەو لە بواری وەرزشی کێشهەڵگری‌دا توانی میداڵی زێڕی ئۆلەمیپک بۆخۆی دەستەبەر بکا. کیانوش لە یەکەم لێدوانی دوای ئەم سەرکەوتنە، بە زمانی کوردی بۆ مێدیاکان دوا، سڵاو و رێزی بۆ کوردان نارد و میداڵەکەی پێشکەش بە کوردانی سەرانسەری دنیا کرد.
 سەباح شەریعەتی وەرزشوانێکی دیکەی بەشدار لە یاریەکانی ئۆلەمپیکی ریۆیە. سامان خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە وەرزشی زۆرانبازی‌دا ناوبانگی جیهانی هەیە. ئەو وێڕای ژمارەیەک لە هاوڕێ وەرزشوانەکانی لە شاری سنە، ماوەی چەند ساڵە کە دژ بە سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە حاند وەرزشکارانی کورد، لە وڵاتی ئازەربایجان گیرساوەوەتەو لە سەر ناوی ئازەربایجان یاری دەکا. سەباح لە یاری‌یەکانی ئۆلەمپیکی ریۆدا پلەی سێهەمی بە دەست هێنا و توانی میداڵی بڕۆنزی یاری‌یەکان بۆخۆی دەستەبەر بکا. سامان تەهماسبی‌ش کە هاوشاری و هاوچارەنووسی سەباحە، پلەی پێنجەمی ئەم یاری‌یانەی بە دەست هێنا.
کچانی شاخەوان بە سەر لووتکە بەرزەکانی جیهانەوە
 لە ژمارەی پێشوودا باسم لە سەرکەوتنی گروپی شاخەوانیی سامڕەندی نەغەدە بۆ سەر لوتکەی دەماوەند کرد کە یەک لە ئامانجەکانیان دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی و دژایەتی لەگەڵ کوشتاری کۆڵبەرانی کورد بوو. هەر لە درێژەی چالاکیی شاخەوانان، دوو کچە وەرزشوانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بە جیا، بەرەو دوو لوتکەی بەرزی جیهانیان وەڕێکەوتن. لە ئیلامەوە سەعیدە سەفەریان توانی بەرزەلوتکەی پێنج هەزار میتریی کاژیک لە تاجیکستان ببڕێ. هەر لەو سەروبەندەش‌دا هێرۆ ئەرجومەند لە مەهابادەوە بۆ سەر لوتکەی ٦٩٠٠ میتریی “کۆمۆنیزم” لە وڵاتی تاجیکستان سەرکەوت بەڵام بە هۆی خراپیی کەش‌و هەوا تووشی “بەفرکوێری” هات. تا دوا جار تیمەکانی فریاکەوتن توانیان رزگاری بکەن.
پاسکیل سواری، کەرەسەی نافەرمانیی مەدەنی
 ژنانی کورد نەک هەر لە ئاستی جیهانی و لە سەر بەرزە لوتکەکانی جیهانەوە بەڵکو لە نێو شارەکانی کوردستانیش لە وەرزش وەک دەرفەتێک بۆ نیشاندانی هەستی نەتەوەیی و ئەمجارە نافەرمانیی مەدەنی کەلکیان وەرگرت. لە ماوەی رابردوودا حزووری هەراوی ژنانی پاسکیل‌سواری مەریوان لەگەڵ دژایەتی و دژکردەوەی ناوەندە ئەمنیەتی و مەزهەبیەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بۆوە. کەمپەینی “سێشەممەی بێ ماشێن” لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا هەوڵێکی چالاکانی ژینگەپارێزیی مەریوان بووە بۆ رێزگرتن لە ژینگە و هەوای خاوێن. بەڵام پێشوازی و بەشداریی بەرینی کچان و ژنانی ئەو شارە لەم کەمپەینەدا دەمێک بوو ناوەندە ئەمنیەتی، ئینتزامی و مەزهەبیەکانی کۆماری ئیسلامی تووڕە کردبوو. تا دوا جار هێزە ئینتزامیەکان بەرەنگاری ئەو هەنگاوە مەدەنی‌یە بوونەوە و پێشیان بە بەشداریی ژنان لەو کەمپەینەدا کرد. چەند کەس لە کچانی پاسکیل سوار دەستبەسەر کران. بەڵام هەموو ئەم هێرش و دەستبەسەرکرانە هەنگاوەکانی ژنان و کچانی ئەو شارەی شل نەکردەوە و بە شێوەی جۆراوجۆر و لە ژێر پشتیوانی و پاڵپشتی پیاوانی یەکسانیخوازی ئەو شارە، لە بەشداریی خۆیان بەردەوام بوون. ئەم سەرکوت و گوشارە هاوکات ناڕەزایەتی خەڵکی لێ کەوتەوە. لەوانە نامەی ناڕەزایەتیی ١٤٠٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە وێڕای‌ پشتیوانی‌ له‌ مافی پاسکیل‌سواریی ژنانی‌ كورد به‌ تایبه‌ت له‌ مه‌ریوان رایانگەیاند کە “چالاكی له‌ فه‌زای‌ گشتی‌، به‌پێی‌ قانوون، ره‌گه‌ز و هه‌ڵاواردنی‌ ره‌گه‌زیی ناناسێ و مافی هه‌ر تاكێكه‌ به‌ بێ جیاوازیی ره‌گه‌زی و جوغرافیا له‌ چوارچێوه‌ی‌ قانوون‌دا، چالاكیی رۆژانه‌ی هه‌بێ.”
کۆڵبەری و قاتڵێکی دیکە بە ناوی جادە
 جادەکانی ئێران وەک قاتڵێک بۆ رێبواران سەیر دەکرێن. رۆژ نییە چەندین رووداوی هاتوچۆ لە جادە و رێگاوبانەکانی ئەو وڵاتە روو نەدا و ساڵانە بە سەدان و هەزاران کەس لە خەڵک لەم رووداوانەدا گیان و ماڵ لە دەست دەدەن یان نوقوستان دەبن. لەم نێوەش‌دا رۆژهەڵاتی کوردستان چ لە چوارچێوەی سیاسەتی پەڕاوێزخستن و دواخستن لە لایەن دەسەڵاتەوەو چ بە هۆی کوێستانی و شاخاوی بوونی ناوچەکە، پشکی زۆری بەر دەکەوێ. رووداوی هاتووچۆ لە جادەکانی ئێران‌دا ئەوەندە زۆر و دووپاتەیە کە بۆ مێدیا و راگەیەنەرەکان وەک هەواڵێکی روتینی و رۆژانەی لێ هاتوە. بەڵام کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەرانی کورد لە رووداوێکی هاتووچۆ، لە سنووری مەریوان و لە حەوتووی رابردوودا، رووداوێک نەبوو کە مێدیا ناوچەیی و سەراسەری‌یەکان بتوانن هەر وا بە سانایی لێی تێ‌پەڕن. ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی گەلاوێژ به‌ هۆی پێکدادانی دوو ماشێن، ١٢ کۆڵبه‌ری خه‌ڵکی ئاوای “ده‌ره‌ناخێ”ی سه‌ر به‌ شاری مه‌ریوان که‌ به‌دوای پەیداکردنی بژیوی ژیان بۆ ماڵ و منداڵیان هەڵوەدا بوون، بوونە قوربانی. لەوانە چوار که‌س گیانیان لە دەست دا و ٩ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون. سەرەڕای ئەم رووداوە دڵتەزێنە، رەوتی کوشتاری کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە درێژایی دوو حەوتووی رابردووش هەروا درێژەی هەبوو. ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ ئەو ئامارەی کانوونی پارێزەرانی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە کوشتاری کۆڵبەرانی کورد بڵاوی کردەوە. بە پێی ئەو ئامارە لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا ٥٣ کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار بوون.
لە ژماره‌ ٦٨٦٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...