سەبارەت بە وشەی بێهوودە و بنەماکەی لە گرووپە کۆمەڵایەتیەکانی سەر تۆڕی ئینترنێت زۆر وتراوە و گوتراوە. هەن وشەکە دەبەنەوە سەر هۆ و بێ هۆ. هەشە پێی وایە لە گەڵ وشەی "بێخود" هەر یەک وشەن و لێک جودا بوونەتەوە. دوا سەرنج لەم بارەوە کە ئەمڕۆ دیتم، دۆستێکی بەڕێز لە گۆشە نیگای ناسیۆنالیستییەوە ڕوانیبوویە وشەکە و نووسیبووی:
جا بزانن زمانی فارسی چ زمانێکی توڕەهاتە:
"بیهوده"ی فارسی لە "بێ هۆدە"ی کوردی درووست
کراوە.
بێ + هۆدە = بێ ماڵ، بێ جێ و ڕێ، بێ سەرپەنا، بێ خانوو،مان.
بڵێن لە فارسیدا "هودە/ هوودە" بە چ مانایەک دێ؟
با وەک کەر لە قوڕ بچەقێن!
هەست بە بێ هۆدەیی دەکەم = هەست بە بێ ماڵی دەکەم.
پێویست بە گوتنە کە هۆدە بە واتای دیو و ژوور، کوردی نییە. لە بنەڕەت دا ئۆدەیە کە ئەویش ترکییە. پێم وایە ئۆدە و ئۆتاق (لە کوردیدا بووە بە وەتاغ) یەک ڕیشەن و هەردووشیان ترکین.
سەبارەت بە بنەچەی وشەی بێهوودە، پاژی یەکەمی کە "بێ"یە، پێشگری نێگەتیڤ و پێچەوانە کردنە. بەشی دووهەمی وشەکەش لە بنەڕەتدا "سوود"ە بە مانای قازانج. لە سەر یەک واتە کارێکی بێ سوود و قازانج.
گۆڕانی پیتی هـ بە س و بە پێچەوانە لە زمانە
هیندوئوروپاییەکان دا باوە. ئەم گۆڕانە لە نێوان زمانی کوردی و فارسی دا لە پیتی سینەوە بۆ پیتی هێ خۆی دەنوێنێ وەک لەو نموونانەی خوارەودا:
ئاسن : آهن
سوم: هوم
خواز(س): خواه
ئاسک: آهو
ماسی : ماهی
بە کورتی ئەگەر زەرەر لەناسیونالیزمەکەشمان بدا، گومانی بە هێزتر
ئەوەیە کە بێهوودە لە ناو فارسان دا لە دایک بووە. چونکە پیتی "س"ی
کوردی وەک ئەو نموونانەی سەرەوە، هێندێک جار لە فارسی دا بووە بە هـ. بەو حیسابەش
بێهوودە واتە بێسوود و ئەگەر لە ناو کورد دا ساز بووبا، دەبوو بە
"بێسوودە".
شیاوی ئاماژەیە کە وشەی بێخودیش لە گەڵ بێهوودە هاوڕیشە نییە و
هاوماناش نین. وشەی بێخود واتای ئەوەیە کە کەسێ ئاگای لە خۆی نەبێ و بێ بیرکردنەوە
شتێک بکا یان بڵێ. جاری وایە وشەی بێخود بە تەنیا و بە بێ پێشگری "بێ"ش
مانایەکی نیزیک لەوی هەیە بەڵام لەوەیان دا بە مانای ئەنجام دانی کارێک بە سەربەخۆ
و بێ پرس و ڕا کردنە. دەستەواژەی "لە خۆوە" یان "لە خت و
خۆڕایی" و "لە خوت و خۆڕایی" دەگەڕێنەوە سەر هەمان واتا.