وشەی
لەبلەبان بە واتای کەسی قسەزان، کەسێ کە وڵامی خێرای بۆ هەموو قسەیەک هەبێ و بە
کەسی وەک دەڵێن حازر جواب دەگوترێ. هەڵبەت لە هێندێک ناوچە وشەکە تا ڕادەیەک باری
نێگەتیڤی وەرگرتووە و بە کەسی زمانلووس و زۆر بڵێش دەگوترێ بەڵام واتا پۆزەتیڤەکە
ڕەسەنترە.
وشەکە
لە سێ بەش پێک هاتووە؛ لە - بلە – بان. واتە زیاتر لە بلە، بانتر لە بلە.
بلە
کورتکراوی ناوی برایم یان ئیبراهیمە. بە پێی ناوەرۆکی بەیتە ئۆستوورەییەکانی کورد،
برایم لە ئایینی میترایی دا یەک لە ناوەکانی خودای بایە. بۆ وێنە لە بەیتی برایمۆک
دا (بەیتی بلە) بە ناوی برایمی مەلا زێندین یان لە مەم و زین دا بە ناوی برایم
پاشای یەمەنێ دەور دەگێڕێ. خودای خوێندن و نووسین و هەروەها خودای قسەزانی و
ڕەوانبێژییە. لە ناو خوداکانی بابل دا، بەعل خودای بایە. لە نێوان ناوی بلە و بەعل
دا وێکچوون هەیە. ناوەکە لە کوردستان دا بە شێوەی جۆراوجۆر لە سەر ناوی کانی بڵ،
دەشتە بێڵ، ئەردەبێڵ، بڵفەت، بڵەسەن، بێڵەوار و زۆر شوێنی دیکەدا هەیە.
وشەی
لەبلەبان کە وەک گوترا بە واتای کەسێکە کە لە قسەزانی، ڕەوانبێژی و ئاخێوەری دا سەرتۆپە
و وەک لە کوردیدا باوە، جۆرێک ئیغراق و زێدەڕۆیی لە وشەکەدا هەیە کە وەک دەڵێن
ئەوەندە قسەزانە کە لە بلەی خودای عەقڵ و ڕەوانگۆیی تێپەڕاندووە.
لە
سەر کێشی "لەبلەبان"، وشەی شەولەبان هەیە کە گەورەکان بۆ ترساندنی
بچووکەکان دەیانگوت واتای گیاندارێکی خەیاڵییە کە شەوانە لە سەر بانەکانە.