۹/۰۳/۱۳۹۴

وشەناسی: پێشنیار لە پێشنیاز دروستترە


ناکۆکی لە سەر راستی و ناراستیی دوو وشەی پێشنیار و پێشنیاز، بە تایبەت لە سەر بە هەڵە زانینی وشەی "پێشنیار" هەر جارناجارێک لە نێو نووسەرانی کورددا سەر هەڵدەداتەوە. لە باشووری کوردستان زیاتر ئۆگری بە لای وشەی پێشنیاز دا هەیە و دوا جار خاتوو کوردستان موکریانی هەر لە چوارچێوەی بە راست زانینی "پێشنیاز"، بابەتێکی نووسیوە. بەڕێزیان پێی وایە لە چاپی قامووسەکەی مامۆستا گیوی موکریانی، باوکی خاتوو کوردستان دا، بە هەڵە و بە هۆی لێک نیزیک بوونیان، لە کاتی تایپ کردن دا، پیتی "ر" لە بری پیتی "ز" داندراوە و لە بنەڕەت دا مەبەستی مامۆستا گیو پێشنیاز بووە نەک پێشنیار. 

یەکێک لەو هۆکارانەی کە وشەی پێشنیاری پێ رەد دەکرێتەوە، نیزیک بوونی وشەکەیە لە وشەی "پیشنهاد"ی هاومانای لە زمانی فارسی دا. لاگرانی پێشنیاز پێیان وایە "پێشنیار"ی کوردی تەنیا بە گۆڕینی دوو پیتی "هـ" و "د"ی "پیشنهاد"ی فارسی و جێگۆڕکێی ئەو دوو پیتە بە "یـ" و "ر" چێ بووە و فڕی بە زمانی کوردیەوە نییە. بەڵام بە پێچەوانە، ئەمن پێم وایە پێکهاتە و چۆنیەتی چێ بوونی وشەکە تەواو کوردیە و ئەو دوانە تەنیا لە وشەی "پێش/پیش" دا هاوبەشن. 
وشە فارسیەکە لە دوو بەشی "پیش'' و "نهادن" چێ بووە. پیش قەیدی زەمانە و "نهادن" کردار. بەڵام "پێشنیار"ی کوردی بە مەودایەکی درێژتر و ئاڵۆزتردا هاتووە.
لە زمانی کوردی دا گەلێک وشەمان هەیە کە بە پاشگری "یار" چێ بوون؛ پرس‌یار(پرسین/یار)، بڕیار(بڕین/یار)، کڕیار(کڕین/یار)، دیار(دیتن/یار)، فرۆشیار(فرۆشتن/یار) تا دەگاتە وشە هاوشێوەکانی لەو گوێنە کە دواتر چێ بوون وەک ژیار(ژین/یار)، زانیار(زانین/یار). سەرجەمی ئەوانە لە ماکی کردارەکان واتە شێوەی ئێستا(مضارع) نەک رابردوو(ماضی)ی ئەو کردارانە و بە پاشگری "یار" چێ کراون. دەکرێ وشەی پێشنیاریش بە هۆی ئەم پاشگرە بەڵام لە سەر شێوازێکی بڕێک ئاڵۆز و هێندێک سواو چێ بووبێ. واتە بە شێوەی؛
پێش+نێ+یار=پێش‌نێ‌یار=پێشنیار. ئەو جیاوازیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سەر کردارێکی لێکدراو ڕۆنراوە لە کاتێک دا زۆربەی هاوشێوەکانی دیکەی لە سەر کرداری ئاسایی بنیات نراون. 
پێش لە پێکهاتەی پێشنیاردا وەک پێشگر، رۆڵی زەمان دەگێڕێ و ئاماژەیە بە ڕا و بۆچوونی پێش کاتی ئەنجامدان. بەو جۆرە "پێش" وشەی پێشنیار یان روونتر بڵێم "پێش‌دانان"ی کردووە بە وشە و دواتر کردارێکی لێکدراو. 
"نێ" شێوەی مضارعی چاوگی "نان"ە کە جۆرەکانی دیکەی بریتین لە: نیان، نییان، نێیان.
 کرداری "نان" لە زمانی کوردی دا وەک زۆر چاوگ و کرداری دیکە لە گەڵ پێشگری "دا" بە کار دێ و دەبیسترێ؛
دانان/نان(چاوگ-مصدر)، دانا/نا(رابردوو/ماضی؛ کتێبەکەم دانا)، دانێ/نێ(ئێستا-مضارع؛ کتێبەکە دادە'نێ'م). 
کرداری "نان" بە هۆی پێشگرەکانی چاوگی زمانی کوردی چەندان کرداری دیکەی بە مانای جیاواز و بۆ کاری جیاواز لێ کەوتۆتەوە کە لە هەموان دا دەوری "نێ" لە شێوەی ئێستایان دا بەرچاوە؛
نان (دە'نێـ'م)
دا/نان (دادە'نێـ'م)
لێ‌/نان (لێ‌دە'نێـ'م)
تێ‌/نان (تێ‌دە'نێـ'م)
هەڵ‌/نان (هەڵدە'نێـ'م)
ڕا/نان (رادە'نێـ'م)
سەر/نان (سەردە'نێـ'م)
وەسەر/نان (وەسەردە'نێـ'م)
وەبەر/نان (وەبەردە'نێـ'م)
وەدەر/نان (وەدەردە'نێـ'م)
و هیتر. 
لە وشەی پێشنیار دا، بوونی دوو پیتی دەنگداری " ێـ " و " یـ " لە دراوسێیەتی یەکتر دا و بە هۆی بوونی "ا" وەک پیتی دەنگداری سێهەم بە دوای یەکدا، وای کردووە کە "ێــ" بسوێ و لە ماکی کردارەکە تەنیا "ن" بمێنێتەوە. هەرچەند ئەگەر پێشنیار بە شێوەی "پێشنێیار"یش بنووسرێ یان بگۆترێ، هەڵە نییە بەڵام پێشنیار لە زاران خۆشترە.
هەرچەند سەلماندنی ئەو راستیە پێویستی بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ئەدەبی زارەکیی کورد هەیە بەڵام بە پێچەوانەی بۆچوونەکەی خاتوو کوردستان، پێم وایە وشەی پێشنیار لە ناو زمانی ئاخێوەرانی کورد دا زۆر لە فەرهەنگەکەی مامۆستا گیو کۆنترە. لە سەردەمی ئەویش دا زۆرێک لەوانەی ئەو وشەیەیان بە کار بردووە، رەنگە هەر نەیانزانیبێ مامۆستا گیو فەرهەنگی زمانی کوردی نووسیوە. تەنانەت ئەگەر هیچکام لەوانەش نەبووبێ و مامۆستا گیویش بە هەڵە پێشنیاری بۆ پێشنیاز نووسیبێ، دیسان "پێشنیار" داڕشتنێکی کوردانەیە. 
دوو وشەی پێشنیار و پێشنیاز لە باری ماناشەوە جیاوازن. پێشنیار پلان و نەخشە و بۆچوونی تایبەتە کە کاتێک بە گشتی دەکرێ و دەخرێتە بەر چاو و گوێی گشت یان کۆمەڵە کەسێکی دیار، مانای خۆی وەدەست دێنێ لێ پێشنیاز نیەت و قەسدی تایبەتە کە دەکرێ هیچکات دەرنەبڕدرێ و هەروا مانای خۆی رابگرێ. بە واتایەکی دیکە دەکرێ پێشنیاز، پێشنیاری دەرنەبڕدراو بێ. بۆ وێنە دەکرێ فەرماندەیەک بە فەرماندەکانی خوارەوەی خۆی بڵێ: دوژمن پێشنیازی هێرشی هەیە، پێشنیاری ئێوە چییە؟

وشە ناسی؛ کەڵ - کەڵەگا

وشەی کەڵەگا Kalaga لە زمانی کوردی دا بۆ کەسێک بە کار دێ کە بیهەوێ لە رێگای بەکار هێنانی زۆر و تۆبزی خۆی بە سەر ئەویدی دا بسەپێنێ. ئەو کارەش پێی دەگوترێ کەڵەگایی یان کەڵەگایەتی. بە پێی رەواڵیش لە گەڵ کرداری "کردن" گەردان دەکرێ.
لە هەنبانەبۆرینەدا دوو مانای بۆ نووسراوە؛
١- گایەک کە سواری چێل دەبێ بۆ ئاوس کردن
٢- برێتی لە مرۆی زۆری‌کەر

پێشگری کەڵ لە زۆر وشەی دیکەی زمانی کوردی‌دا هەیە کە سەرجەمیان بۆ بەیان و دەربڕینی بە هێزی لە توانایی دا وەک زاڵم، بەڕێزی لە هەڵسوکەوت و ئازایەتی، یان بەرزی لە باڵا دا بە کار دێن؛
کەڵ: نێرینەی گامێش، بەهێزترین گیانداری ماڵی لە کوردستان
کەڵە: گیایەکە وەک مڵۆزم لە سەر رەگی بڕکەی بێستان (خیار، تەماتە، شووتی و..) دەڕوێ و وشکی دەکا
کەڵەپیاو: پیاوی ئازا و بەڕێز و جوامێر
کەڵەژن: ژنی باڵا بەرز و بەڕێز - کەیخوداژن
کەڵەشڤان: شوانی زۆر کارامە

ئەو وشەیە هەروەها بە گۆڕانی پیتی "ک"ێی سەرەتا بە پیتی "ق" لە کۆمەڵێک وشە دا هەیە وەک؛ قەڵا، قەڵات و باڵەخانە(خانووی بەرزی چەند نهۆم)، قەڵاتە کردن و... دا هەیە کە سەرجەمیان ئاماژەن بە بەرزی و بڵیندی.
کەڵەگا لە بنەڕەت دا وشەیەکی سۆمەریە و هەر بەو شێوەیەش لە سەر خشتە نووسراوەکانی سۆمەری ئاستە کراوە. لە لایەن شارەزایانی ئەو زمانەشەوە بە پاتشای زۆر بە توانا و بە هێز مانا کراوەتەوە. هەرچی ناوی پاتشایە، لەو زمانەدا بە "گال" Gall تۆمار کراوە. وای بۆ دەچم کە "کەڵ" وەک پێشگری گەورەیی، بە هێزی، بەرزی و هەروەها وەک وەسف بۆ جوامێری و کارامەیی مرۆڤ لەو وشە و مانا سۆمەریەوە داکەوتبێ.
کەڵ وەک پێشگر بۆ پەسنی بەرزی و بەتوانایی تایبەت بە نێرینە نییە و بۆ مێوینەش بە کار دێ لێ بە پێی سروشت، هێزی باهۆ زیاتر لای نێرینەیە تا مێوینە.

حسین شۆخ‌کەمان، هونەرمەندی نەتەوەیی کوردستان کۆچی دوایی کرد


حسین شۆخ کەمان کە یەکێک بوو لە برایانی زێ‌زێ، رۆژی ٢ی سەرماوەز، بە هۆی پیری و نەخۆشی لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد. مامۆستا حسین شۆخ کەمان، کوڕی میرزا شوکروڵڵا، لە ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی لە شاری سەقز و لە بنەماڵەیەکی هونەردۆست لە دایک بوو. لە ژێر سەرپەرەستیی براگەورەکەی "عەلی شۆخ کەمان" دەستی بە کاری هونەری کرد و گروپی هونەریی "برایانی زێ‌زێ"یان پێکهێنا کە لەو گروپەدا حسین وەک خۆشخوێن و ژەنیاری نایە، تەپڵ و دایرە لە ئاهەنگ و بۆنەکان دا بەشدار دەبوو. لە ماوەی تێکۆشانی هونەرییان دا، برایانی زێ‌زێ دەیان ئاواز و گۆرانیی فۆلکلۆریان زیندوو کردەوە و گۆرانیی نوێیان بە سفرەی رەنگین و دەوڵەمەندی موسیقا و هونەری کوردی زیاد کرد. گۆرانیەکانی برایانی زێ‌زێ، لەوانە ئای بۆ هەلامە، شەمامەو خاڵخاڵ، خەنەبەندان و گەلێکی تر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستانیان بڕی و لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت لە ئاهەنگ و بۆنە ئێرانیەکان دا خوێندران و دەنگیان دایەوە. حسین شۆخ کەمان جگە لەو گۆرانیانەی ئاهەنگ و شایی و زەماوەندەکانی پێ دەڕازاندەوە، کۆمەڵێک گۆرانیشی لە رادیۆکانی کرماشان، سنە و ورمێ دا تۆمار کردوە و وەک میراتێکی هونەری و گەنجینەیەک لە ئاواز و گۆرانیی کوردی بۆ نەتەوەکەی بە جێ هێشتوە.

۸/۲۸/۱۳۹۴

پێشگیری له‌ رەگەزپەرستیی تورک لە رۆژهەڵاتی کوردستان

تاهیر
لە ماوەی یەک مانگی رابردوو دا دوو هێرشی بێ هۆ و بێ بنەمای تورکەکان دژ بە کورد، کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و رووناکبیریەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی راچڵەکاند. لە کۆتاییەکانی مانگی رەزبەردا، کاتێک چەند کەس لە دۆستان و ئەندامانی بنەماڵەی فەرهاد پیرۆت پوور، والیبالیستی تیمی شارەداریی ورمێ بۆ دیتنی یاریی نێوان ئەو تیمە و تیمی بانکی سەرمایە چوونە ناو ساڵۆنی ئەلغەدیر، لە گەڵ جنێودان و دروشمی نەژادپەرستانەی کۆمەڵێک لە تەماشاچیە تورکەکانی ناو هۆەڵەکە بەرەوڕوو بوون که‌ تەنیا ‘تاوانی’ ئەوان پۆشینی جلوبەرگی کوردی بوو. دوو حەوتوو دوای رووداوی ساڵۆنی ئەلغەدیری ورمێ، تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئاڵقەیەکی دیکە لە بەرنامەیەکی تەنزی تلویزیۆنیی “فیتیلە”ی بۆ لاوان و مێرمنداڵان بڵاوکردەوە کە بەشێک لە دیالۆگی ئەم بەرنامەیە بە زمانی تورکی بوو. تێیدا بە جۆرێک عەقڵی ئەکتەرەکان کە بە زمانی تورکی دەدوان، درابووە بەر گاڵتە. ئەوه‌ش نارەزایەتی و خۆپێشاندانی بەرینی تورکەکانی لێ کەوتەوە. بەرپرسانی پێوەندیدار هەر زوو داوای لێبوردنیان کردو ئەکتەرەکانی ئەو بەرنامەیەش لە کار دەرکران. بەڵام سەرنجراکێش ئەوە بوو کە خۆپێشاندانی تورکەکانیش لێوڕێژ بوو لە دروشمی نەژادپەرستانە. لەم نێوەدا نەتەوەی کورد ئەگەرچی بۆخۆی گەورەترین قوربانیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و راگەیاندنەکانیەتی، بەڵام بێ هۆ کەوتەوە بەر هێرشی نەژادپەرستانەی تورکە رەگەز پەرستەکان. دروشمگەلی وەک “ورمێ بە کوردستان نادەین” یان “کورد، فارس، ئەرمەنی هەر سێ دوژمنی تورکن”، چەندین جار لە خۆپێشاندانەکانی تورکەکان دا کە بە ڕواڵەت دژ بە سیاسەتی راگەیاندنی کۆماری ئیسلامی رێکخرابوون، دووپات کرایەوە. کۆمەڵگای سیاسیی کوردستان بە درێژایی ٧٠ ساڵی رابردوو هەمیشە تورکەکانی بە هاوشانی خۆی، وەک نەتەوەیەکی بێ ماف و ماف پێشێلکراو حیساب کردوە. بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان خۆی بە میراتگری دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان زانیوە کە لە تەمەنی کورتی خۆیدا بەردەوام هەوڵی دا لاپەڕەیەکی نوێ لە پێوەندیی نێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک لە ئێران و بە تایبەت لە ئوستانی ورمێ هەڵداتەوە. ئەو سیاسەتە و ئەو شێوە روانینە بە درێژایی خەباتی ٧٠ ساڵەی تێکۆشانی دێموکراسیخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیەکانی کوردستان دا رەنگی داوەتەوە. ئەو روانگەیە نەک تەنیا لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیەکان بەڵکو لە ناو کۆمەڵگای خەڵکی کوردستانیش دا باوەڕێکی چەسپاو بووە. تورکەکان هەر کات و بە هەر هۆیەک لێیان قەومابێ، ئەوە باوەشی خەڵکی کوردستان بۆیان کراوە بووە و خەڵک نانی خۆیان لە گەڵ لەت کردوون. ئەو تورکانەی تەڤلی بزووتنەوەی کوردستان بوون، بێ هیچ جیاوازی و هەڵاواردنێکی نەتەوەیی رێز لە خەبات و تێکۆشانیان گیراوە و تا ئاستیی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش چوون. خۆ ئەگەر لە هێرش بۆ سەر کوردستان و لە زەبروزەنگی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی مافخوراوی کوردستان، بەشێک لە تورکەکان بوون بە سیالەشکر و پێش قەراوڵی سپای داگیرکەر، لای کورد ئەو کەسانە هیچکات حیسابی نوێنەرایەتیی تورکەکانیان بۆ نەکراوە. لە روانینی کوردەکان دا ئەوانە لە بەکرێگیراوێکی دەسەڵات یان فریوخواردوویەکی ئایینی زیاتر نەبوون. بەڵام هەڵسوکەوتەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی توێژی رەگەزپەرەستی تورک و هەوڵدانی بۆ سەپاندنی هێژمۆنیی رەگەزپەرستانە بۆ سەر ئەو نەتەوەیە، بە تایبەت هەڵوێستی نابه‌رپرسانه‌یان لە هۆڵی ئەلغەدیری شاری ورمێ و رەنگدانەوەی روانگەی دژ بە کورد و نەتەوەکانی دیکە لە بەشێک لە خۆپێشاندانەکانی دژ بە تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی، ئەو راستیەی سەلماند کە بە داخەوە ناسیونالیزمی تورک لە ئێران، خەریکە لە سەر بنەمایەکی نەژادپەرستانە پێ دەگرێ. ناسیونالیزمێکی کرچ و کاڵ کە شوناسە نەتەوەییەکانی خۆی لە سەر بناخەی نەفی ئەویدی و هێرش بۆ سەر دەروجیرانەکانی دا پێناسە دەکا. هێژەمۆنیی ئەم روانینە شۆڤینیستیە ئەوەندە خۆی بە سەر رووناکبیرانی تورک دا سەپاندوە کە بە داخەوە کەمترین رووناکبیر و چالاکی سیاسی و مەدەنیی تورک ئامادە بوون ژێر ئەو نامەیە ئیمزا بکەن کە بە ناوی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی تورک و کورد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دوای بێ‌ڕێزیەکانی ساڵۆنی ئەلغەدیری ورمێ ئامادە و بڵاو کرایەوە. هەوڵدان بۆ کڕینی زەوی و زاری کوردەکان بە ئیمکاناتی دەوڵەتی، پەڕاوێزکردن و هەوڵدان بۆ دەرکردنی کوردەکان لە سەر مڵک و ماڵی خۆیان، سەپاندنی خۆیان بە سەر هەموو دام و دەزگا حکومەتیەکان سەرەڕای کەمینەبوونیان لە ئاستی ئوستانی ورمێ دا و هەوڵدان بۆ دەسکاری و شێواندنی مێژووی کوردستان و شارەکانی کوردستان بە دژی کورد بەشێکی دیکە لە هەوڵەکانی ئەو توێژە لە شۆڤینیزمی تورکە بۆ تێکدانی ئاشتی لە نێوان کورد و تورک و راکێشانی ئەو دوو نەتەوەیە بەرەو شەڕ و ناکۆکی. دوو نەتەوەی کورد و تورک لە ئێران، سەدان ساڵە و بە درێژایی سەدان کیلۆمیتر لە پاڵ یەکتر و لە جیرانەتی یەکتر دا دەژین. رابردووی پێوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنە هەر چۆنێک بووبێ، لە داهاتووش دا ناچارن بە جیرانەتیی یەکتر بمێننەوە. کوردەکان دەمێک ساڵە ئەو راستیەیان دەرک کردوەو تورکانیش نابێ تەسلیم و گوێڕایەڵی هێندێک تورکی نەژادپەرەست بن. ئەوان نابێ چیتر پشتگەرم بە دەسەڵاتی تاران دژ بە زۆرینەی کوردی دانیشتووی ورمێ بجوڵێنەوە و هەڵسوکەوت بکەن. پێویستە دوژمنایەتی و هەوڵدان بۆ دەڕپەڕاندنی کورد لە سەر خاک و سامانی خۆی بە رێزدانان لە یەکتر و لە بەها نەتەوەییەکانی یەکتر و بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بگۆڕنەوە. کوردەکانیش هاوکات کە دەبێ بەرامبەر بەو زێدەخوازیەی تورکە رەگەزپەرەستەکان هەستیار بن و نرخ و بەها نەتەوەییەکان و خاک و ماڵی خۆیان بپارێزن، پێویستە لە گەڵ جیرانە تورکەکانیان هەروا بە شێوەی هێمنانە و پێشکەوتنخوازانە هەڵسوکەوت بکەن. لە رووبەڕوو بوونەوەو ئاژاوە، سڵ لەو داوانە بکەن کە دوژمنانی ئاشتی و ئارامی دەینێنەوەو نانی خۆیان لە ئاژاوە و تەفرەقەدا دەبینن. دۆستایەتی و پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوەی هاوپێوەندیی نێوان دوو گەلی کورد و تورک، دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان و پەڕاوێز خستنی خاڵە ناتەباکان بکەنە پێوەری دۆستایەتی نێوان خۆیان و، رەزگەزپەرستی پێ مه‌هار بکەن. هاوکات کوردانی ئەو ئوستانە لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە یەکدەنگی و هاودەنگیە. یەکدەنگی و هاودەنگیەک کە بە سەر قازانجی شەخسی، بنەماڵە، تایفە، ناوچە، زاراوە، ئایین و حیزب دا باز بدا و لە سەرووی هەموان شوناس و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و بەها ئینسانیەکان بکاتە پێوەر. *بۆ بەرنامەی پرسی رۆژ کە لە کوردکاناڵ بڵاو دەکرێتەوە، نووسراوە

۷/۳۰/۱۳۹۴

بابەتی رۆژ: خواستی گەل، شکستی دەسەڵات؛ ماهوارە وەک نمونە


بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، لە گەڵ دەرکەوتنی هەر ئامرازێکی نوێی راگەیاندن، دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش بۆ پێشگرتن لە هاتن و پەرە گرتنی ئەم دەزگایانە بۆ ناو خەڵکی ئێران و کۆمەڵگای ئێرانی، دەستبەکار دەبن. هەموو ئامانجیشیان ئەوەیە کە پێش بە گەیشتنی زانیاریی دروست بۆ خەڵک بگرن و هەوڵ بدەن دانیشتوانی ئەم وڵاتە تەنیا لە رێگای راگەیەنەرە درۆزن و چەواشەکارەکانی ئەم دەسەڵاتەوە ئاگاداری رووداو و پێشهاتەکانی ناو ئێران و دنیا بن. کۆماری ئیسلامی کاتێک هاتە سەر کار کە رادیۆ تاکە ئامرازی گشتی بوو بۆ گەیاندنی زانیاری. هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی لە رێگای فرێکانسەکانی رادیۆوە هەر زوو دەستیان بە لەقاودانی ماهیەتی ئەم رێژیمە کرد. بەرامبەر بەوە دەسەڵاتیش سەرەتای سیاسەتی خۆی بۆ پێشگرتن لە گەیشتنی زانیاریی دروست، بە دانانی پارازیت لە سەر دەنگە رادیۆییە ناخۆییەکانی دەرەوەی خۆی دەست پێ کرد. لە گەڵ بەرەوپێشچوونی زەمان، ئامرازەکانی پێوەندیش پەرەیان گرت. هاوکات کۆماری ئیسلامیش بەردەوام لە سامانی گشتی بودجەی زیاتری بۆ دژایەتی لە گەڵ پەرەگرتنی ئەم ئامرازانە تەرخان کرد. ئەگەر تا ئەو کات و ئێستاش تلویزیۆن هەروا لە ژێر دەستی دەسەڵات و حکومەتەکان دا بوو، لە ناوەڕاستەکانی دەیەی شەستی هەتاوی دەزگای ڤیدیۆ کەوتە ناو بازاڕی نهێنی و نارەسمی ئێرانەوە و هاوکات لە لایەن دەسەڵات قاچاخ کران. لە سەر فرۆشتن، کڕین و ڕاگرتنی ڤیدیۆ و ڤیدیۆکاسێت زۆر ماڵ پشکێنران و زۆر کەس گیران بەڵام دوا جار ویستی خەڵک پاشەکشەی بە دەسەڵات کرد و حکومەت ناچار بوو لەم بارەوە پاشەکشە بکا و بە یەکجاری بێدەنگەی لێ بکا. لە سەرەتاکانی دەیەی حەفتای هەتاوی ماهوارە و کاناڵە تلویزیۆنیە ماهوارەییەکان پەیدا بوون. رێژیم سەرەتا هەوڵی پێشگرتن بە هاتن، فرۆشتن و کڕینی ئامرازەکانی ئەم دەزگا راگەیەنەرەی دا. ساڵی ١٣٧٣ مەجلیسی ئێران یاسایەکی بە ناوی یاسای قەدەغەبوونی لە کەلکوەرگرتن لە دەزگای ماهوارە پەسند کرد. بەڵام کاتێک چاویان کردەوە کە سەربانی زۆرێک لە ماڵەکانی ئێران دیشێکی سەتەلایتی لێ دامەزرابوو. ئەمجار مەئمورانی خۆی راسپارد تا خاوەن دیشەکان دەستبەسەر، جەریمە و تەنانەت زیندانیان بە سەردا بسەپێنن. بە درێژایی دوو دەیە، هێزە ئینتزامیەکان هێز و وزەیەکی زۆریان بۆ هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک و دەست گرتن بە سەر دیش و ریسێڤێری ناو ماڵەکان تەرخان کرد بەڵام خەڵک کۆڵیان نەدا. ئەوان بە تەواوی بۆیان روون ببۆوە کە سیستمی سانسۆڕ و چەواشەکاریی دەزگا راگەیەنەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە هیچ جۆر وڵامدەری نیازەکانی ئەوان بە زانین و ئاگادار بوون لە رووداوەکانی دنیا و تەنانەت دەوروبەری خۆیشیان نییە. هەر بۆیە دوای هەر هێرش و تاڵانێکی مەئموران، خێرا بۆ کڕینەوە و دامەزراندنەوەی دیشێکی نوێ و ریسیڤێرێکی نوێ دەستبەکار دەبوونەوە. دەسەڵات وێڕای ئەم هێرشە راستەوخۆیانە بۆ سەر خەڵک و سامانی خەڵک، لە رێگای ناردنی پارازیت بۆ سەر ئەو کاناڵە ماهوارەییانەی زانیاری بە خەڵک دەدەن، دانی فتوا لە سەر حەرام بوونی فرۆشتن و کڕین و راگرتن و چاولێکردنی دەزگا و کاناڵە ماهوارەییەکان لە لایەن مەراجعی سیاسی و ئایینی و لە سەرووی هەموان عەلی خامنەیی، بە بەهێز کردن و زیاد کردنی رادەی کاناڵە تلویزیۆنیەکانی خۆی، بەختی خۆی لەم پێناوەدا زیاتر تاقی کردەوە. بەڵام خەڵک نیشانیان دا کە لە بەرامبەر خواستی خۆیان دا گوێ بۆ قسەی عەلی خامنەیی و مەراجع شل ناکەن. هاوکات ئاسەواری خراپ و زیانباری پارازیت بۆ سەر ژیان و ژینگە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تێگەیاند کە بەو کارەیان خەریکن ژێر کەشتیەک کون دەکەن کە بۆخۆشیان تێیدا دانیشتوون. لەولاشەوە ئیدئۆلۆژیی زاڵ بە سەر سیستمی دەسەڵات وای کرد کە حکومەت لەم پێوەندیەدا تەنیا کاناڵی زۆر و بۆری تلویزیۆنی دامەزرێنێ و بە هیچ جۆر جێگای ئەو کرانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە خەڵک دەیانهەوێ و لە کاناڵە ماهوارەییەکان دا دەیبینن و دەیبیسن، پڕ نەکەنەوە. دوا جار کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ناچار بوون دان بە شکستی خۆیان لە بەرامبەر خواستی خەڵک دا بنێن. ئەگەرچی هێشتا هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە کاناڵە ماهوارەییەکان و دیش و ریسیڤێری خەڵک بەردەوامە بەڵام بەرپرسانی سەربازی، ئەمنی و تەبلیغاتیی کۆماری ئیسلامی، لەوانە عەلی جەنەتی وەزیری ئیرشاد و عیزەتوڵڵا زەرغامی رەئیسی پێشووی سەداو سیما و محەممەدرەزا نەقدی سەرۆکی سازمانی بەسیج لە حاڵێک دا بۆخۆیان لە بناخەدانەرانی یاسای بەرگری لە بەکاربردنی دەزگای وەرگرتنی کاناڵە ماهوارەییەکان بوون، تا ئێستا دانیان بە شکستی خۆیان لە بەرامبەر خواستی خەڵکدا ناوە. ئەوان دانیان پێدا ناوە کە هەوڵ و تێچوەکانی دەسەڵات لەم بارەوە سەر نەکەوتووەو هەنووکە ٤٠ تا ٧٠ لە سەدی خەڵکی ئێران چاو لە کاناڵە ماهوارەییەکان دەکەن. ئەزموونی نیزیک بە چارەگە سەدەیەک بەربەرەکانیی نێوان خەڵک و دەسەڵات بۆ کەلکوەرگرتن لە ئامرازی وەرگرتنی کاناڵە ماهوارەییەکان کە هەموو نیشانەکان سەرکەوتنی خەڵک لە بەرامبەر دەسەڵات دا نیشان دەدەن، دەیسەلمێنێ کە ئەوەی لە بەرامبەر خواستی خەڵک دا بەردەوام ناچار بە پاشەکشە بووە، دەسەڵاتە و ئەوەی سەر دەکەوێ خەڵک و خواستی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئازادیخوازە. *بۆ بەرنامەی پرسی رۆژ لە کوردکاناڵ نووسراوە

۷/۲۷/۱۳۹۴

پێشگیری له‌ رەگەزپەرستیی تورک لە رۆژهەڵاتی کوردستان

لە ماوەی یەک مانگی رابردوو دا دوو هێرشی بێ هۆ و بێ بنەمای تورکەکان دژ بە کورد، کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و رووناکبیریەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی راچڵەکاند. لە کۆتاییەکانی مانگی رەزبەردا، کاتێک چەند کەس لە دۆستان و ئەندامانی بنەماڵەی فەرهاد پیرۆت پوور، والیبالیستی تیمی شارەداریی ورمێ بۆ دیتنی یاریی نێوان ئەو تیمە و تیمی بانکی سەرمایە چوونە ناو ساڵۆنی ئەلغەدیر، لە گەڵ جنێودان و دروشمی نەژادپەرستانەی کۆمەڵێک لە تەماشاچیە تورکەکانی ناو هۆەڵەکە بەرەوڕوو بوون که‌ تەنیا ‘تاوانی’ ئەوان پۆشینی جلوبەرگی کوردی بوو.
 دوو حەوتوو دوای رووداوی ساڵۆنی ئەلغەدیری ورمێ، تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئاڵقەیەکی دیکە لە بەرنامەیەکی تەنزی تلویزیۆنیی “فیتیلە”ی بۆ لاوان و مێرمنداڵان بڵاوکردەوە کە بەشێک لە دیالۆگی ئەم بەرنامەیە بە زمانی تورکی بوو. تێیدا بە جۆرێک عەقڵی ئەکتەرەکان کە بە زمانی تورکی دەدوان، درابووە بەر گاڵتە. ئەوه‌ش نارەزایەتی و خۆپێشاندانی بەرینی تورکەکانی لێ کەوتەوە.
 بەرپرسانی پێوەندیدار هەر زوو داوای لێبوردنیان کردو ئەکتەرەکانی ئەو بەرنامەیەش لە کار دەرکران. بەڵام سەرنجراکێش ئەوە بوو کە خۆپێشاندانی تورکەکانیش لێوڕێژ بوو لە دروشمی نەژادپەرستانە. لەم نێوەدا نەتەوەی کورد ئەگەرچی بۆخۆی گەورەترین قوربانیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و راگەیاندنەکانیەتی، بەڵام بێ هۆ کەوتەوە بەر هێرشی نەژادپەرستانەی تورکە رەگەز پەرستەکان. دروشمگەلی وەک “ورمێ بە کوردستان نادەین” یان “کورد، فارس، ئەرمەنی هەر سێ دوژمنی تورکن”، چەندین جار لە خۆپێشاندانەکانی تورکەکان دا کە بە ڕواڵەت دژ بە سیاسەتی راگەیاندنی کۆماری ئیسلامی رێکخرابوون، دووپات کرایەوە.
کۆمەڵگای سیاسیی کوردستان بە درێژایی ٧٠٠ ساڵی رابردوو هەمیشە تورکەکانی بە هاوشانی خۆی، وەک نەتەوەیەکی بێ ماف و ماف پێشێلکراو حیساب کردوە. بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان خۆی بە میراتگری دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان زانیوە کە لە تەمەنی کورتی خۆیدا بەردەوام هەوڵی دا لاپەڕەیەکی نوێ لە پێوەندیی نێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک لە ئێران و بە تایبەت لە ئوستانی ورمێ هەڵداتەوە. ئەو سیاسەتە و ئەو شێوە روانینە بە درێژایی خەباتی ٧٠ ساڵەی تێکۆشانی دێموکراسیخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیەکانی کوردستان دا رەنگی داوەتەوە. ئەو روانگەیە نەک تەنیا لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیەکان بەڵکو لە ناو کۆمەڵگای خەڵکی کوردستانیش دا باوەڕێکی چەسپاو بووە. تورکەکان هەر کات و بە هەر هۆیەک لێیان قەومابێ، ئەوە باوەشی خەڵکی کوردستان بۆیان کراوە بووە و خەڵک نانی خۆیان لە گەڵ لەت کردوون. ئەو تورکانەی تەڤلی بزووتنەوەی کوردستان بوون، بێ هیچ جیاوازی و هەڵاواردنێکی نەتەوەیی رێز لە خەبات و تێکۆشانیان گیراوە و تا ئاستیی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش چوون. خۆ ئەگەر لە هێرش بۆ سەر کوردستان و لە زەبروزەنگی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی مافخوراوی کوردستان، بەشێک لە تورکەکان بوون بە سیالەشکر و پێش قەراوڵی سپای داگیرکەر، لای کورد ئەو کەسانە هیچکات حیسابی نوێنەرایەتیی تورکەکانیان بۆ نەکراوە. لە روانینی کوردەکان دا ئەوانە لە بەکرێگیراوێکی دەسەڵات یان فریوخواردوویەکی ئایینی زیاتر نەبوون.
 بەڵام هەڵسوکەوتەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی توێژی رەگەزپەرەستی تورک و هەوڵدانی بۆ سەپاندنی هێژمۆنیی رەگەزپەرستانە بۆ سەر ئەو نەتەوەیە، بە تایبەت هەڵوێستی نابه‌رپرسانه‌یان لە هۆڵی ئەلغەدیری شاری ورمێ و رەنگدانەوەی روانگەی دژ بە کورد و نەتەوەکانی دیکە لە بەشێک لە خۆپێشاندانەکانی دژ بە تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی، ئەو راستیەی سەلماند کە بە داخەوە ناسیونالیزمی تورک لە ئێران، خەریکە لە سەر بنەمایەکی نەژادپەرستانە پێ دەگرێ. ناسیونالیزمێکی کرچ و کاڵ کە شوناسە نەتەوەییەکانی خۆی لە سەر بناخەی نەفی ئەویدی و هێرش بۆ سەر دەروجیرانەکانی دا پێناسە دەکا. هێژەمۆنیی ئەم روانینە شۆڤینیستیە ئەوەندە خۆی بە سەر رووناکبیرانی تورک دا سەپاندوە کە بە داخەوە کەمترین رووناکبیر و چالاکی سیاسی و مەدەنیی تورک ئامادە بوون ژێر ئەو نامەیە ئیمزا بکەن کە بە ناوی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی تورک و کورد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دوای بێ‌ڕێزیەکانی ساڵۆنی ئەلغەدیری ورمێ ئامادە و بڵاو کرایەوە.
 هەوڵدان بۆ کڕینی زەوی و زاری کوردەکان بە ئیمکاناتی دەوڵەتی، پەڕاوێزکردن و هەوڵدان بۆ دەرکردنی کوردەکان لە سەر مڵک و ماڵی خۆیان، سەپاندنی خۆیان بە سەر هەموو دام و دەزگا حکومەتیەکان سەرەڕای کەمینەبوونیان لە ئاستی ئوستانی ورمێ دا و هەوڵدان بۆ دەسکاری و شێواندنی مێژووی کوردستان و شارەکانی کوردستان بە دژی کورد بەشێکی دیکە لە هەوڵەکانی ئەو توێژە لە شۆڤینیزمی تورکە بۆ تێکدانی ئاشتی لە نێوان کورد و تورک و راکێشانی ئەو دوو نەتەوەیە بەرەو شەڕ و ناکۆکی.
 دوو نەتەوەی کورد و تورک لە ئێران، سەدان ساڵە و بە درێژایی سەدان کیلۆمیتر لە پاڵ یەکتر و لە جیرانەتی یەکتر دا دەژین. رابردووی پێوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنە هەر چۆنێک بووبێ، لە داهاتووش دا ناچارن بە جیرانەتیی یەکتر بمێننەوە. کوردەکان دەمێک ساڵە ئەو راستیەیان دەرک کردوەو تورکانیش نابێ تەسلیم و گوێڕایەڵی هێندێک تورکی نەژادپەرەست بن. ئەوان نابێ چیتر پشتگەرم بە دەسەڵاتی تاران دژ بە زۆرینەی کوردی دانیشتووی ورمێ بجوڵێنەوە و هەڵسوکەوت بکەن. پێویستە دوژمنایەتی و هەوڵدان بۆ دەڕپەڕاندنی کورد لە سەر خاک و سامانی خۆی بە رێزدانان لە یەکتر و لە بەها نەتەوەییەکانی یەکتر و بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بگۆڕنەوە. کوردەکانیش هاوکات کە دەبێ بەرامبەر بەو زێدەخوازیەی تورکە رەگەزپەرەستەکان هەستیار بن و نرخ و بەها نەتەوەییەکان و خاک و ماڵی خۆیان بپارێزن، پێویستە لە گەڵ جیرانە تورکەکانیان هەروا بە شێوەی هێمنانە و پێشکەوتنخوازانە هەڵسوکەوت بکەن. لە رووبەڕوو بوونەوەو ئاژاوە، سڵ لەو داوانە بکەن کە دوژمنانی ئاشتی و ئارامی دەینێنەوەو نانی خۆیان لە ئاژاوە و تەفرەقەدا دەبینن. دۆستایەتی و پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوەی هاوپێوەندیی نێوان دوو گەلی کورد و تورک، دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان و پەڕاوێز خستنی خاڵە ناتەباکان بکەنە پێوەری دۆستایەتی نێوان خۆیان و، رەزگەزپەرستی پێ مه‌هار بکەن. هاوکات کوردانی ئەو ئوستانە لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە یەکدەنگی و هاودەنگیە. یەکدەنگی و هاودەنگیەک کە بە سەر قازانجی شەخسی، بنەماڵە، تایفە، ناوچە، زاراوە، ئایین و حیزب دا باز بدا و لە سەرووی هەموان شوناس و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و بەها ئینسانیەکان بکاتە پێوەر.

۷/۱۸/۱۳۹۴

خواستی گەل؛ شکستی دەسەڵات

تاهیر قاسمی
بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، لە گەڵ دەرکەوتنی هەر ئامرازێکی نوێی راگەیاندن، دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش بۆ پێشگرتن لە هاتن و پەرە گرتنی ئەم دەزگایانە بۆ ناو خەڵکی ئێران و کۆمەڵگای ئێرانی، دەستبەکار دەبن. هەموو ئامانجیشیان ئەوەیە کە پێش بە گەیشتنی زانیاریی دروست بۆ خەڵک بگرن و هەوڵ بدەن دانیشتوانی ئەم وڵاتە تەنیا لە رێگای راگەیەنەرە درۆزن و چەواشەکارەکانی ئەم دەسەڵاتەوە ئاگاداری رووداو و پێشهاتەکانی ناو ئێران و دنیا بن.
 کۆماری ئیسلامی کاتێک هاتە سەر کار کە رادیۆ تاکە ئامرازی گشتی بوو بۆ گەیاندنی زانیاری. هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی لە رێگای فرێکانسەکانی رادیۆوە هەر زوو دەستیان بە لەقاودانی ماهیەتی ئەم رێژیمە کرد. بەرامبەر بەوە دەسەڵاتیش سەرەتای سیاسەتی خۆی بۆ پێشگرتن لە گەیشتنی زانیاریی دروست، بە دانانی پارازیت لە سەر دەنگە رادیۆییە ناخۆییەکانی دەرەوەی خۆی دەست پێ کرد. لە گەڵ بەرەوپێشچوونی زەمان، ئامرازەکانی پێوەندیش پەرەیان گرت. هاوکات کۆماری ئیسلامیش بەردەوام لە سامانی گشتی بودجەی زیاتری بۆ دژایەتی لە گەڵ پەرەگرتنی ئەم ئامرازانە تەرخان کرد. ئەگەر تا ئەو کات و ئێستاش تلویزیۆن هەروا لە ژێر دەستی دەسەڵات و حکومەتەکان دا بوو، لە ناوەڕاستەکانی دەیەی شەستی هەتاوی دەزگای ڤیدیۆ کەوتە ناو بازاڕی نهێنی و نارەسمی ئێرانەوە و هاوکات لە لایەن دەسەڵات قاچاخ کران. لە سەر فرۆشتن، کڕین و ڕاگرتنی ڤیدیۆ و ڤیدیۆکاسێت زۆر ماڵ پشکێنران و زۆر کەس گیران بەڵام دوا جار ویستی خەڵک پاشەکشەی بە دەسەڵات کرد و حکومەت ناچار بوو لەم بارەوە پاشەکشە بکا و بە یەکجاری بێدەنگەی لێ بکا.
 لە سەرەتاکانی دەیەی حەفتای هەتاوی ماهوارە و کاناڵە تلویزیۆنیە ماهوارەییەکان پەیدا بوون. رێژیم سەرەتا هەوڵی پێشگرتن بە هاتن، فرۆشتن و کڕینی ئامرازەکانی ئەم دەزگا راگەیەنەرەی دا. ساڵی ١٣٧٣ مەجلیسی ئێران یاسایەکی بە ناوی یاسای قەدەغەبوونی لە کەلکوەرگرتن لە دەزگای ماهوارە پەسند کرد. بەڵام کاتێک چاویان کردەوە کە سەربانی زۆرێک لە ماڵەکانی ئێران دیشێکی سەتەلایتی لێ دامەزرابوو. ئەمجار مەئمورانی خۆی راسپارد تا خاوەن دیشەکان دەستبەسەر، جەریمە و تەنانەت زیندانیان بە سەردا بسەپێنن. بە درێژایی دوو دەیە، هێزە ئینتزامیەکان هێز و وزەیەکی زۆریان بۆ هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک و دەست گرتن بە سەر دیش و ریسێڤێری ناو ماڵەکان تەرخان کرد بەڵام خەڵک کۆڵیان نەدا. ئەوان بە تەواوی بۆیان روون ببۆوە کە سیستمی سانسۆڕ و چەواشەکاریی دەزگا راگەیەنەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە هیچ جۆر وڵامدەری نیازەکانی ئەوان بە زانین و ئاگادار بوون لە رووداوەکانی دنیا و تەنانەت دەوروبەری خۆیشیان نییە. هەر بۆیە دوای هەر هێرش و تاڵانێکی مەئموران، خێرا بۆ کڕینەوە و دامەزراندنەوەی دیشێکی نوێ و ریسیڤێرێکی نوێ دەستبەکار دەبوونەوە. دەسەڵات وێڕای ئەم هێرشە راستەوخۆیانە بۆ سەر خەڵک و سامانی خەڵک، لە رێگای ناردنی پارازیت بۆ سەر ئەو کاناڵە ماهوارەییانەی زانیاری بە خەڵک دەدەن، دانی فتوا لە سەر حەرام بوونی فرۆشتن و کڕین و راگرتن و چاولێکردنی دەزگا و کاناڵە ماهوارەییەکان لە لایەن مەراجعی سیاسی و ئایینی و لە سەرووی هەموان عەلی خامنەیی، بە بەهێز کردن و زیاد کردنی رادەی کاناڵە تلویزیۆنیەکانی خۆی، بەختی خۆی لەم پێناوەدا زیاتر تاقی کردەوە. بەڵام خەڵک نیشانیان دا کە لە بەرامبەر خواستی خۆیان دا گوێ بۆ قسەی عەلی خامنەیی و مەراجع شل ناکەن. هاوکات ئاسەواری خراپ و زیانباری پارازیت بۆ سەر ژیان و ژینگە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تێگەیاند کە بەو کارەیان خەریکن ژێر کەشتیەک کون دەکەن کە بۆخۆشیان تێیدا دانیشتوون. لەولاشەوە ئیدئۆلۆژیی زاڵ بە سەر سیستمی دەسەڵات وای کرد کە حکومەت لەم پێوەندیەدا تەنیا کاناڵی زۆر و بۆری تلویزیۆنی دامەزرێنێ و بە هیچ جۆر جێگای ئەو کرانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە خەڵک دەیانهەوێ و لە کاناڵە ماهوارەییەکان دا دەیبینن و دەیبیسن، پڕ نەکەنەوە. دوا جار کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ناچار بوون دان بە شکستی خۆیان لە بەرامبەر خواستی خەڵک دا بنێن.
 ئەگەرچی هێشتا هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە کاناڵە ماهوارەییەکان و دیش و ریسیڤێری خەڵک بەردەوامە بەڵام بەرپرسانی سەربازی، ئەمنی و تەبلیغاتیی کۆماری ئیسلامی، لەوانە عەلی جەنەتی وەزیری ئیرشاد و عیزەتوڵڵا زەرغامی رەئیسی پێشووی سەداو سیما و محەممەدرەزا نەقدی سەرۆکی سازمانی بەسیج لە حاڵێک دا بۆخۆیان لە بناخەدانەرانی یاسای بەرگری لە بەکاربردنی دەزگای وەرگرتنی کاناڵە ماهوارەییەکان بوون، تا ئێستا دانیان بە شکستی خۆیان لە بەرامبەر خواستی خەڵکدا ناوە. ئەوان دانیان پێدا ناوە کە هەوڵ و تێچوەکانی دەسەڵات لەم بارەوە سەر نەکەوتووەو هەنووکە ٤٠ تا ٧٠ لە سەدی خەڵکی ئێران چاو لە کاناڵە ماهوارەییەکان دەکەن.
 ئەزموونی نیزیک بە چارەگە سەدەیەک بەربەرەکانیی نێوان خەڵک و دەسەڵات بۆ کەلکوەرگرتن لە ئامرازی وەرگرتنی کاناڵە ماهوارەییەکان کە هەموو نیشانەکان سەرکەوتنی خەڵک لە بەرامبەر دەسەڵات دا نیشان دەدەن، دەیسەلمێنێ کە ئەوەی لە بەرامبەر خواستی خەڵک دا بەردەوام ناچار بە پاشەکشە بووە، دەسەڵاتە و ئەوەی سەر دەکەوێ خەڵک و خواستی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئازادیخوازە.

۵/۱۸/۱۳۹۴

بۆچی سومەیە فەیزوڵڵاپوور کوژرا؟


رۆژی ٢٤ی خاکەلێوە، تەرمی سومەیە فەیزوڵڵاپوور، کچێکی تازە پێگەیشتوو، لە ژێر پردی میراوای بۆکان و لە ناو گۆمیلکە ئاوێک دا دۆزرایەوە. ئەو ماوەی پتر لە حەوتوویەک بێ سەروشوێن بوو. هەوڵی بنەماڵەکەی بۆ دۆزینەوەی کچەکەیان بێ ئاکام مایەوە تا سەرەنجام خەڵک تەرمە بێ گیانەکەیان بە فڕێدراوی دۆزیەوە. سومەیە فەیزوڵڵاپوور کچی بنەماڵەیەکی دەستەنگ و هەژاری شاری بۆکان بوو. بنەماڵەکەیان لە بنەڕەت دا لە ئاوایی یەکشەوەی ناوچەی فەیزوڵڵابەگیی بۆکانەوە بۆ ناو شار کۆچیان کردبوو تا بەڵکو بتوانن بە ئاسانی پارووە نانێک پەیدا بکەن. سومەیەش وێڕای دەرس خوێندن فەرش‌چنی دەکرد و لە پشووی هاوین دا کرێکاری دەسکەنە بوو. تا لەو رێگایەوە نەختێک لە باری قورسی سەر شانی باوک و بنەماڵەکەی سووک بکا. سومەیە قوتابی پۆلی سێهەم لە دەبیرستانی شەڕەفی شاری بۆکان و لە رشتەی نەخشەکێشی دا دەرسی دەخوێند. ئەو وەک کچێکی بە ئیخلاق، بە چاوەدێر و ئینتزاماتی دەبیرستان هەڵبژێردرابوو. زۆر جار هاوکاریی هاوڕێ هاوپۆلەکانی دەکرد و هەوڵی دەدا لە ناخۆشی و تەنگ و چەڵەمەکانی ژیانیان دا یارمەتیدەریان بێ. لەوەش زیاتر هەڵسوڕ و چالاکێکی بە بڕشت بوو لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان و گیرۆدەکردنی هاوپۆلەکانی بەو دیاردە ماڵوێرانکەرە. سومەیە تەنیا کەس نەبوو کە کەوتە بەر دەستدرێژی هەواڵەکان لە شاری بۆکانەوە دەڵێن هەتا ئێستا زیاتر لە دە کەس بەو جۆرەی سومەیە کەوتوونەتە بەر دەستدرێژیی ئەو لات و چەقۆکێشانەی کە ناویان وەک بکوژانی سومەیە هاتووە: رەسوڵ ک.، حەسەن ب.، عەبدوڵڵا د.، جەلیل ئا. و… بەڵام ئەوەی لەو نێوەدا جێگای پرسیارە، تەنیا ناوی کچێک هەیە کە تەرمەکەی بە کوژراوی دۆزرایەوە و هیچ ناوێکی دیکە بە دەست راگەیەنەرەکان نەگەیشتووە. ئەوەش وای کردووە کە گومان لەو ئامارە بکرێ. بەڵام هەڵسوڕێکی کۆمەڵایەتی لە شاری بۆکان پێی وایە کە راستە تا ئێستا چەندین کەس لە لایەن ئەو ملهوڕانەوە رفێندراون و وەک سومەیە دەستدرێژییان کراوەتە سەر بەڵام ئەوانی تر نەکوژراون. ئەو دەڵێ کە لە بەر عورفە کۆمەڵایەتیەکان و بۆ خاتری ئابڕووی خۆیان، بنەماڵەی ئەو قوربانیانە ئامادە نەبوون رووداوەکە گەورە بکەنەوە و بە جۆرێک لای خۆیان مەسەلەکەیان پووشبەسەر کردووە. بێگومان ئەگەر سومەیەش نەکوژرابا، بنەماڵەکەی حەولی دەدا رووداوەکە و دەستدرێژی بۆ سەر کچەکەیان لە بەر چاوی خەڵک بشارنەوە. بۆچی سومەیە؟ وەک لە سەرەوە باس کرا، سومەیە وەک نمونەی کچێکی بە ئیخلاق، لە لایەن مامۆستاکانیەوە بە ئینتزامات و چاوەدێری دەبیرستان هەڵبژێردرابوو. وەک ئەرکی سەر شانیشی، ببوو بە بەرهەڵستکارێکی شێلگیر لە بەرامبەر بڵاو کردنەوەی مادە هۆشبەرەکان و گیرۆدەکردنی قوتابیان بەو مادە ماڵوێرانکەرە. لە سەر ئەوە چەندین جار هۆشداری پێ درابوو و هەڕەشەی لێ کرابوو. سەرچاوەیەک کە ئەو زانیاریانەی پێ دام بە تایبەتی ئاماژەی بە ناوی دوو کچ کرد کە هەڕەشەکانیان گەیاندۆتە سومەیە و شیمانە دەکرێ دەستیان لە گەڵ باندە لات و چەقۆکێشەکە تێکەڵاو بێ؛ فەرزانە ک. و پەریسا ق. بەرپرسان ئەوەیان رەد کردۆتەوە کە سومەیە کەوتبێتە بەر دەستدرێژیی جنسی و ئەگەر ئەو ئیدیعایە راست بێ، ئەوە پتر ئەو شیمانەیە پشتراست دەکاتەوە کە ئامانجی ئەو کەسانە لابردنی بەربەست و رشتنی رق و تۆڵە کردنەوە لە هەوڵەکانی سومەیە بووە لە حاند پێشگرتنی لە بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی مادە هۆشبەرەکان لە قوتابخانە دا. دیاردەیەک کە بە ژینۆسایدی سپی ناوی دەرکردووە و دەگوترێ ئیتلاعات و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی وەک سیاسەتی رەسمی و رانەگەیەندراوی دەسەڵات، راستەوخۆ دەستیان لە پەرەپێدان و ئاسانکاری بۆ پەرەپێدانی دا هەیە. سەرچاوەکە کۆمەڵێک زانیاریی دیکەشی لە بابەت کەسایەتی و روانگەکانی سومەیە درکاند بەڵام بەو هۆیەوە کە پێیوابوو ئەگەری ئەوە هەیە لە سەر دۆسیەکەی شوێنی نیگەتیڤ بە جێ بێڵێ، داوای کرد جارێ لە بڵاوکردنەوەیان خۆ بپارێزین. ئایا کۆماری ئیسلامی لەو رووداوەدا تاوانبارە؟ هەواڵدەریی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە یەکەم رۆژدا کە هەواڵی داخرانی قوتابخانەکانی بۆکان دژ بەو کردەوەیەی نارد، ئاماژەی بە رەخنەی توندی دانیشتوانی شارەکە کرد بەرامبەر بە سیاسەت و هەڵسوکەوتی دوو فاقەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر چالاکوانانی سیاسی لە لایەک و لات و چەقۆکێشەکان لە لایەکی تر. ئەم روانگەیەی خەڵک لە دوا وتووێژی رۆژنامەنووس مەسعوود کورد پوور لە گەڵ دۆیچەوێلەش دا بە پشتبەستن بە دروشمەکانی خەڵک لە خۆپیشاندانە چەند هەزار کەسیەکەی رۆژی هەینیی رابردوو، ئاماژەی پێ کرا. کوردپوور لەم بارەوە وتی: خەڵک لە دروشمەکانیان دا (روو بە کاربەدەستانی دەسەڵات) دەیانگوت ئێوە لە کاتێک دا دەسبەجێ و بە پەلە هەڵدەکوتنە سەر چالاکێکی سیاسی و سزای دەدەن و حوکمێکی قورسی بەسەردا دەسەپێنن، چۆنە ناتوانن بەرەوڕووی چەند لات و چەقۆکێش ببنەوە؟! دەگوترێ کە چەقۆکێشەکان کارمەندی شارەداریی بۆکانن و وەک هێزێکی سەرکوت، رۆژانە ئەرکی روخاندنی ئەو خانوبەرانەیان پێ بەڕێوە دەبەن کە هەژارانی شارەکە بە بێ ئیزنی شارەداری وەک سەرپەنایەک بۆخۆیان سازی دەکەن. ئەو دەنگۆیەش هەیە کە ئەو باندە و کەسانی هاوشێوەیان وەک هێزی بەسیج لە سەرکوتی نارەزایەتی و خۆپیشاندانی شارەکانی ئێران بە تایبەت خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٨٨ دا کەڵکیان لێ وەرگیراوە. بە دوای خۆپیشاندانە بەرینەکەی رۆژی هەینیی رابردووی خەڵکی بۆکان، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی چەندین کەس لە بەشدارانی خۆپیشاندانەکەیان دەستبەسەر کردووە کە لە ناویان دا کەسانی سەر بە بنەماڵەی فەیزوڵڵاپوور و لە سەرووی هەموانەوە رسوڵ فەیزوڵڵاپوور باوکی سومەیە بەرچاو دەکەون.

۵/۱۱/۱۳۹۴

"حزبی دیموكرات وەك هەشتاكان خەباتی چەكداری ناكات"



خەڵك- ئامەد حەسەن
لە ماوەكانی رابردوو لە ناوچە جیاوازەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان شەڕ و تێكهەڵچوونی چەكداری لە نێوان هێزی پێشمەرگەی حزبە كوردییەكان و سوپای پاسداران روو لە زیاد بوونن، بەڵام چاودێرێكی سیاسی دەڵێت :"هێشتا ناتوانرێت ئەو چالاكیانە بە دەست پێ كردنەوەی شۆڕش نێو ببرێن".

تاهیر قاسمی چاودێری سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە (خەڵك)ی راگەیاند، بەم چالاكییە چەكدارییانەی ئێستای رۆژهەڵاتی كوردستان ناتوانرێت بوترێ، دەست پێ كردنەوەی شۆڕش و خەباتی چەكداری‌ وەك دەیەی هەشتا و تا ناوەڕاستەكانی دەیەی نەوەدی هەتاوی لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بە تایبەت لە لایەن حیزبی دێموكراتی كوردستانەوە لە ئارا دا بوو. 

تاهیر قاسمی وتیشی :"ئامانجی حیزبی دێموكراتی كوردستان زیاتر ئامادەبوونی كادر و پێشمەرگەكانێتی لە ناو خەڵكی خۆی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دا، ئەوەش سروشتیییە، كە بە بێ چەك و بەرگری لە لایەن پێشمەرگەوە ناكرێ".

روونیشی كردەوە، لە بنەڕەت دا پێشمەرگە بۆ ئەوە لە ناو رۆژهەڵاتی كوردستان دا خەبات ناكات، كە وەك دەیەی هەشتا هەڵكوتێتە سەر بنكە و بارەگاكانی كۆماری ئیسلامی، ئەوە لە ستراتیژی ئەم قۆناغە لە خەبات دا نییە، بەڵام سروشتییە، كە ئەگەر هێرش بكرێتە سەریان، بەرگری لە خۆیان دەكەن.

ئەوەشی خستەڕوو، شەڕ و پێكدادانەكەی شەوی رابردووش هەر لەو چوارچێوەیە دا بوو و شتێكی تازەش نییە، چونكە ئەم حیزبە لە ساڵی ٢٠٠٧ بە دواوە بەردەوام پێشمەرگەی لە قوڵایی خاكی رۆژهەڵاتی كوردستان بووە و هەتا ئێستا چەندین پێشمەرگە و فەرماندەی ئەم حیزبە لە شەڕ لە گەڵ هێزەكانی كۆماری ئیسلامی شەهید بوون.

شەوی رابردوو لە گوندێكی ناوچەی رەبەت شەڕ و تێكهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان و سوپای پاسداران هاتە ئاراوە.

۴/۲۸/۱۳۹۴

خۆپێشاندانی مەدەنیانەی خەڵکی بۆکان دژ بە دیاردەی تێزاب پرژاندن بە ژنان‌دا


tahir_qasmi.jpgرۆژی پێنج شەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، خەڵکی بۆکان خۆپێشاندانێکی هێمنانەیان دژ بە توندوتیژی سەبارەت بە ژنان لەو شارە وەڕێخست. ئەو ئەو خۆپیشاندانە کاردانەوە بە ڕووداوی ئەسیدپێداکردن
بە چەند ژن لەو شارە بوو کە لەلایەن چالاکانی مەدەنیی بۆکان و بۆ مەحکومکردنی ئەو ڕووداوە رێکخرابوو.
شەوی ٢٣ی پووشپەڕ، کەس یان کەسانێکی گومانلێکراو کە شوناس و مەبەستیان هێشتا ڕوون نییە، لە کردەوەیەکی قێزەون‌و نامرۆڤانە دا، تێزاب و ئەسیدیان بە سەر ٤ کەس لە ژنانی ئەم شارە دا پڕژاند. لە ناو ئەو خانمانەش دا کە کەوتبوونە بەر ئەم هێرشە نائینسانیە، بنەماڵەی چالاکانی سیاسیش دەبیندران. ئەوەش توڕەیی و ناڕەزایەتیی زیاتری خەڵکی بۆکان و سەرانسەری کوردستانی لێ کەوتەوە. چالاکانی شار بۆ پێشگرتن لەقاودانی ئەم کردەوە دزێوە، هەر زوو رایانگەیاند کە بێدەنگ نابن.
ئەگەرچی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەڕەشە، شانۆسازی، بڵاوکردنەوەی درۆ و بڵاوەکردنی هێزە ئەمنیەتی و چەکدارەکان بە ناو شار دا، هەوڵیان دا خەڵک لە دەربڕینی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک دڵسارد بکەنەوەو بترسێنن، بەڵام وەک پێشتر راگەیەندرابوو، کاتژمێر ٧:٣٠ی ئێوارەی رۆژی ٢٥ی پووشپەڕ، ژنانی نارازی و پیاوانی یەکسانیخواز و دژ بە زەبروزەنگ، لە بلواری کوردستان، ئەو جێیەی کە پێشتر کردەوەی قێزەونی ئەسید پڕژاندنی لێ ئەنجام درابوو، کۆبوونەوە و بە هەڵگرتنی پلاکارد و دانی دروشمی “نا بۆ توند و تیژی دژ بە ژنان”، نەفرەت و بێزاریی خۆیان لەو کارە نامرۆڤانەیە دەربڕی.
هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کە زەندەقیان لە هەر جۆرە بزوتنەوەیەکی مەدەنیی خەڵکی کوردستان چووە، پێشوەخت ئاگاداری وەڕێخستنی خۆپێشاندان لە لایەن خەڵکەوە بوون و ئامادەی بەرەنگاری بوون. بۆیەش زۆر زوو هەڵیانکوتایە سەر خۆپێشاندەران و وەک پیشەی هەمیشەییان، بە بەکارهێنانی زەبر و زەنگ، دەستیان بە سەرکوتی خۆپێشاندان و خۆپێشاندەران کرد. لەم نێوەدا ژمارەیەک لە کوڕان و کچانی ئەم شارە دەستبەسەر کران.
خۆپێشاندانی هێمنانەی رۆژی ٢٥ی پووشپەڕی بۆکان، دەربڕینی نارەزایەتی بوو سەبارەت بە دیاردەی دزێو و نوێباوی ئازاری ژنانی کوردستان و سوتاندنی جەستە و تێکدانی روخسار و جوانی‌یان لە رێی پڕژاندن و پێداکردنی تێزاب و ئەسید. دیاردەیەک کە بە داخەوە دەمێک ساڵە لە شارەکانی ناوەندی ئێران دا سەری هەڵداوەو بە خۆشیەوە تا ئێستا بە کوردستان و بە فەرهەنگی ئەم نەتەوەیە نامۆ و دەگمەن بووەو خەڵک بە دیاری دوژمنی دڵ چڵکنی دەزانن. دایکان و باوکان، خوشکان و برایان و سەرجەم چالاکانی مەدەنیی شاری بۆکان بەو خۆپێشاندانە، زەنگی مەترسیی هاتن و پەرەگرتنی ئەم دیاردە دزێو و قێزەونە بۆ کوردستانیان بە گوێی هەموان گەیاند.
بەڵام ئەم خۆپێشاندانەش وەک هەموو خۆپێشاندان و نارەزایەتیەکانی لەم شێوەیەی شارەکانی کوردستان لە ماوەی مانگ و ساڵەکانی رابردوو دا، تەنیا دەربڕینی نارەزایەتی لە حاند دوا کردەوەیەکی قێزەونی دەزگا و کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامی نەبوو. لەو کاتەوە کە کۆماری ئیسلامی دەستی بە سەر کوردستان دا گرتووە و بۆ سەپاندنی خۆی لە هیچ جۆرە سیاسەتێکی نامرۆڤانە تەنەخی ناکا، ئەم رووداوانە بۆ خەڵکی کوردستان قۆستنەوەی دەرفەتن بۆ جۆشدانەوەی خەباتی نەتەواویەتی و نوێکردنەوەی رق و بێزاریی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی ئێران و سیاسەتی دژ بە کوردی ئەم رێژیمە. ئەگەرچی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی پێشوەخت هەموو رێگاکانیان بۆ پاشگەزکردنەوەی خەڵک لەم خۆپێشاندانە بەکار هێنا، بەڵام خەڵک ئەم کردەوە قێزەونە لە چاوی کاربەدەستانی ئەم رێژیمە و لە سیاسەتی ئەم رێژیمە دژ بە کورد و، دژ بە ژن و، دژ بە ژنانی کورد دا دەبینن. دیاردەی ئەسید پڕژاندن وەک دیاردە دزێوەکانی دیکەی لە شوێن بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی مواد مخدر، دیاریەکی چەپەڵی ئەم رێژیمە و سیاسەتە نگریسەکانی لە کوردستانە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی نائەمنی لە کۆمەڵگای کوردستان و بنکۆڵ کردنی فەرهەنگ و کۆمەڵگای دەوڵەمەندی کورد.
خۆپێشاندەرانی شاری بۆکان بۆیە نەڕژابوونە سەر شەقام تا داوایەک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بکەن، بەڵکو راست دژ بەم رێژیمە ناره‌زایه‌تییان ده‌ربڕی. ئەوان زۆر باش دەزانن کە دەزگای بە ناو قەزایی و دادوەریی کۆماری ئیسلامی چەندە لە گەڵ خەڵکی کورد ناڕاستە. ئەوان ئەزموونی پەروەندەی فەریناز خوسرەوانی‌ لە مەهابادیان لە بیر نەچووە کە بێ ئەوەی بە هیچ ئاکامێک بگا، بۆ قوتارکردنی مۆرە بەدناوەکانی رێژیم، چەند رۆژ لەوەپێش رایانگەیاند کە دۆسیەکە داخراوە!! خەڵکی بۆکان بە پشتبەستن بەم ئەزموونە و دەیان ئەزموونی لەو جۆرە لە کوردستان، باش دەیانزانی کە هەر کات پێی کەسێکی سەر بەو رێژیمە لە تاوانێکی وەها گڵاو دا گلابێ، ئەوە زۆر بە ئاسانی دۆسیەکە کۆتایی پێ دێ و پەروەندەکه‌ بێ لێکۆڵینەوە، دادەخرێ. هەر بۆیەش لەم دەرفەتە بۆ دەربڕینی بێزاری لەم رێژیمە و بۆ جۆشدانەوەی خەبات کەلکیان وەرگرت. ئەوان وێڕای داکۆکیان لە مافی یەکسان و بەرابەری ژنان لە گەڵ پیاوان لە کۆمەڵگا دا، وێڕای دەربڕینی دژایەتی بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان، لە خۆپێشاندان بۆ نیشاندانی هەستی نەتەوایەتیی خۆیان کەڵکیان وەرگرت. پلاکارد و دروشمەکانی دەستی خۆپێشاندەران بە زمان و رێنووسی پاراوی کوردی نایان بە توندوتیژی دژ بە ژنان دەگوتەوە، نارەزایەتی‌یان لە نائەمنیی کۆمەڵگا لە سایەی ئەم رێژیمە و سیاسەتەکانی دەردەبڕی و نەفرەتیان بۆ داعش و هەڵسوکەوتی داعشیانە لە هەر بەرگ و شکڵێک دا دەنارد. لە کاتێک دا ئەم خەڵکە مافی خوێندن بە زمانی کوردی وەک زمانی دایکی خۆیان لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە لێ زەوت کراوەو قوتابخانە بە زمانی خۆیان لێ حەرام کراوە.

۴/۲۴/۱۳۹۴

موزاکرە وەک شێوەیەک موبارزە

(لە پەڕاوێزی دوا دیمانەی کاک خالیدی عەزیزی لە گەڵ رووداو)
حیزبێکی سیاسی، حیزبێک کە دێموکراسیخوازە و خۆی لە ناو ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت دا قەتیس نەکردوە، کاتێک کە لە گەڵ دوژمنێکی بە هێز لە ململانێ دایە، نابێ هیچ رێگاخەباتێکی مەشروع دژ بە دوژمنەکەی لە سەر خۆی ببەستێ و هیچ دەروازەیەک داخا.
هاوکاتیش نابێ دڵ بە سەرکەوتنی بە تەنیای هیچکام لەو شێوە خەباتانە خۆش بکا. خەباتی پێشمەرگانە، خەباتی دیپلۆماسی، راگەیاندن، خەباتی مەدەنی، پشتیوانی و کارکردن لە گەڵ خەباتکارانی مەدەنی و سیاسی لە ناوخۆ بەشێک لەو شێوە خەباتانەن. ئەوانە دەتوانن بە شێوەی تەریب بڕۆنە پێش و بێ ئەوەی هیچیان خەت بە سەر ئەویدی دا بکێشن، یەکتر تەواو بکەن. 
ئه‌مرۆ مرۆڤ له جیهانێکی پێکه‌وه لکاو و ئۆرگانیکدا ده‌ژی. نه‌ ته‌نیا به‌ش و بواری جۆراوجۆری کۆمه‌ڵگا به‌ڵکوو جیهانی ئه‌مرۆ چ له بواری ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوری و بگره له باری جوغرافی‌شه‌وه پێکه‌وه لکێندراوه و ده‌توانن له سه‌ر یه‌ک شوێندانه‌ر بن. که‌وابوو ئێمه ده‌بێ شێوه‌ خه‌باتێکی چه‌ند ره‌هه‌ندی نه ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌کان به‌ڵکوو زۆربه‌ی جیهان، نه ته‌نیا رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌ڵکوو کورده‌کانی رۆژهه‌ڵات له باشوور و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، نه ته‌نیا خه‌باتی چه‌کداری به‌ڵکوو هه‌موو جۆره خه‌باتێکی رەوای دیکه، له توێی گه‌ڵاله‌یه‌کی ڕایه‌ڵه‌یی به راگرتنی سه‌ربه‌خۆیی و هاوپێوه‌ندی بەرەو پێش بەرین.
یەکێک لە سیاسەتەکانی بردنە پێشی خەبات بۆ حیزبێکی سیاسی و دێموکرات لە بەرامبەر دوژمنێکی بە هێز و هاری قەتیس لە ناو ئایدۆلۆژیا دا، سیاسەتی موزاکرە و گرتنە بەری موزاکرە وەک سیاسەت و وەک شێوەیەک لە خەباتە. لە بنەڕەتیش دا جیاوازیی نێوان هێزێکی دێموکرات و هێزی سەر بە ئایدۆلۆژیا ئەوەیە کە لایەنی یەکەم ئامادەیە کێشەکانی لە گەڵ هەر هێز و لایەنێک بە شێوەی هێمنانە چارەسەر بکا. لە بەرامبەری دا لایەنی دووهەم بە پێچەوانە هەمیشە هێزی زۆر و زەبروزەنگ بە رێگاچارە دەزانێ. سیاسەتی موزاکرە و بەکار بردنی موزاکرە وەک سیاسەت، یەکێک لەو رێگایانەیە کە ئیزن نادەی دەسەڵات شێوەی خەبات بۆ تۆ دیاری بکا.
ئەوە کە دوژمنەکەت چەندەی باوەڕ بە چارەسەری ئاشتیانەی پرسی نەتەوەکەت هەیە، نابێ لەو سیاسەتە زیاد یان کەم بکا کە تۆ باوەڕت پێی هەیە. بەڵام لەوە گرینگتر موزاکرە بێ لەبەر چاوگرتنی ئاکامەکانی، بۆ حیزبێکی سیاسی لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی، هەمیشە دەسکەوت و سەرکەوتنە.
موزاکرە خۆی بە سێ قۆناخ دا تێدەپەڕێ؛ ئامادەیی لایەنێک یان لایەنەکان بۆ موزاکرەو چارەسەری ئاشتیانەی کێشەیەک، دانیشتنی وەفدەکانی دوو لایەن و دواجار ئاکامی دانیشتنەکان. ئەوەی من گەرەکمە لێرەدا هەڵوەستەی لە سەر بکەم، ئامادەیی لایەنێکی دێموکراتە بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ موزاکرە لە گەڵ دەسەڵاتێکی دۆگم بە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەڵام با بزانین قازانجەکانی ئەم سیاسەتە چی‌یە؟
- هێزێکی زۆردار هەمیشە هەوڵ دەدا کێشە لە گەڵ لایەنێکی کەم هێز (لێرەدا چ کورد و چ حیزبێکی تایبەت) بە زەبروزەنگ چارەسەر بکا. راکێشانی ئەو بۆ سەر مێزی وتووێژ و چارەسەرێکی هێمنانە هەمیشە لە راستای سیاسەتی تۆ و دژ بە سیاسەتەکانی ئەوە. کەوابوو هەر لە سەرەتاوە ئەم سیاسەتە لە قازانجی تۆ دژ بە سیاسەتی ئەوە.
- نابێ لە هیچ سیستمێکی سیاسی وەک دیوارێکی کۆنکرێت بڕوانین و پێمانوابێ هەموان یەک رایان هەیە و درزیان تێدا نییە. گەیاندنی بەردەوامی سیاسەتی خۆت لە مەڕ ئامادەییت بۆ موزاکرە و چارەسەری ئاشتیانە، پرسی تۆ لە ناو داڵانەکانی سیاسەت لە تاران وەبیر دێنێتەوە و لای سیاسەتمەداران و دەوڵەتداران بۆ چارەسەرنەکردنی و بۆ ئەو زەبروزەنگ و کوشت و بڕە بە ناحەقەی دژ بە نەتەوەکەت وەڕێیان خستوە، پرسیار دەخوڵقێنێ.
- سیاسەتی تۆ بۆ وتووێژ و چارەسەری ئاشتیانەی پرسەکەت، هەمیشە لە ناو بیروڕای گشتی‌ دا و تەنانەت لە ناو بەشێک لە لایەنگرانی ئەو دەسەڵاتەش دا گومان و گومانی زیاتر دەخاتە سەر ئەو دەسەڵاتەی بە ئاگر و ئاسن وڵامی خواستەکانت دەداتەوە.
- سیاسەتی تۆ بۆ موزاکرە لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دا دەبێ بە هاندان و گوشار بۆ سەر ئەو دەسەڵاتەی ئامادە نییە بە شێوەی هێمنانە چارەسەری پرسی نەتەوەکەت بکا.
- مل دانی دەسەڵات بە موزاکرە، تەنانەت ئەگەر هیچ دەسکەوتێکی نەبێ، دان نانێتی بە کێشەی نەتەوەیی تۆ کە هەمیشە نکۆڵی لێ کردوە.
ئەوە کە ماف و خواستەکانی تۆ لە ناو ئەو دەسەڵاتە و ئەو سیستمە داخراوە دا جێ ناگرن، هیچ ناتەباییەکی نییە لە گەڵ ئەو ئامانجانەی تۆ لە گرتنە بەری سیاسەتی موزاکرە دا دەیانبینی و لە موزاکرە وەک سیاسەت و وەک رێگایەک بۆ بردنە پێشی خەباتەکەت، وەک رێگایەک بۆ گوشار خستنە سەر دەسەڵات و وەک رێگایەک بۆ پەیداکردنی هاوڕا و پشتیوانی زیاتر دژ بە دوژمنەکەت کەڵک وەردەگری. ئەگەر رۆژێکیش لە گریمانەیەکی لاواز دا، دەسەڵات ملی بۆ وتووێژێکی فەرمی راکێشا، ئەوە دانی بە بوونی کێشەکەت دا ناوە و تۆ هەنگاوێک بەرەو پێش چووی. بەڵام تۆ بەو سیاسەتەوە، هەم دەستت بۆ خەبات ئاوەڵایە و هەم ئەوەش کە لە دەستت دێ، دژ بە دوژمنەکەت دەیکەی و پەکی هیچ شێوە خەباتێکی دیکەت ناخەی.
بە دانیشتن لە سەر مێزی موزاکرە خەباتی تۆ کۆتایی نایە. خۆ ئەگەر لە گریمانەیەکی زۆر زۆر لاوازتر دا لانیکەمی خواستەکانیشت لە لایەن دەسەڵاتەوە بسەلمێندرێ، ئەوە دەسەڵاتە کە لە ماهیەتی خۆی بەتاڵ دەبێ و تۆ سەر کەوتوی و فازێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ترۆپکی ئامانجەکانت دەستی پێکردوە..
عەیبی گەورەی باس کردن و داکۆکی کردنی زۆر لە سەر سیاسەتی موزاکرە، ئەوەیە کە رەنگە هەستی خۆ بە کەم زانی لای تاکی کورد زیاد بکا. بەڵام دیسان لە گرتنەبەری ئەو سیاسەتە ناراستە کە وا بە خەڵکی خۆت نیشان بدەی تۆ دەتوانی بە هێزی خۆت یەک شەوە ئەم دەسەڵاتە بڕوخێنی، دروست‌ترە. دروست‌تریشە لەو سیاسەتە کە وا لە خۆت و خەڵک بگەیەنی مادام دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران لە سەر کارە، هیچ ناکرێ و هەر جوڵەیەک بکرێ فرت و فێڵی دەسەڵاتە! ئەو جۆرە روانینە بۆ خەبات دژ بە کۆماری ئیسلامی بوو کە بۆ ماوەی نیزیک بە دوو دەهە سیاسەتی چاوەڕوانی لای بەشێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە کە رەنگە دوێنێ، دوارۆژی تەمەنی ئەو سیاسەتە بووبێ! - See more at: http://rojhelattimes.net/witar/138-2015-07-15-17-57-06.html#sthash.12pVk6Iy.dpuf

۴/۱۶/۱۳۹۴

بەسەرهاتی بریندارێکی خۆپێشاندانەکەی مەهاباد


خۆپێشاندانی رۆژی ١٧ی بانەمەڕی شاری مەهاباد لە گەڵ دژکردەوەی توندی مەئمورانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بوو. هێزە چەکدارەکان هەڵیانکوتایە سەر خۆپێشاندەران و بە گازی ئەسرین‌ڕێژ یان بە تفەنگی تاپڕ تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد. لە ئاکامی ئەو کردەوەیەش دا ژمارەیەکی نادیار لە خەڵک و خۆپێشاندەران بریندار بوون. دوا جاریش یەکێک لە برینداران بە ناوی ئاکام تەللاج دوای ٥٣ رۆژ بەربەرەکانێ لە گەڵ مەرگ، گیانی لە دەست دا. 
عەبدوڕەحمان مرادی، ناسراو بە چەکۆ مەهابادی یەکێک لەو کەسانە بوو کە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بریندار بوو. خۆپێشاندەران هەر زوو ئەویان لە چنگ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی رزگار کرد و لە کۆڵانێک دا وێنەی برینەکانی ئەویان وەک جنایەتی کۆماری ئیسلامی بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا بڵاو کردەوە. هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی نەیانتوانی چەکۆ دەستبەسەر بکەن، بەڵام بڵاو بوونەوەی ئەو وێنانە و برینەکانی، ئەوانی توڕە کرد. بۆ دەستگیر کردنی چەند جار سەردانی ماڵی باوکیان کرد بەڵام ئەو ناچار بوو بەو برینانەوە خۆی بشارێتەوە. دوا جاریش ناچار بوو رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو وڵاتی تورکیا بە جێ بێڵێ. 
چەکۆ مرادی تا پێش لە خۆپێشاندانی رۆژی ١٧ی بانەمەڕ، لە گەڕەکی باغی سیسەی شاری مەهاباد باشگای وەرزشی هەبوو. باشگای وەرزشیی تەندیس. ئەو کە تەمەنی ٣١ ساڵە، پێشتر قوتابی وەرزشوانی بە ناوبانگی شاری مەهاباد شەهید مەنسووری ئاروەند بوو کە لە کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ دا بە تاوانی هاوکاری لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە ئیعدام کرا.
چەکۆ لە باشگاکەی دا لاوانی لە دیاردە و دیاریە دزێوەکانی دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کوردستان دوور دەکردەوە و بەرەو وەرزش و خۆپێگەیاندن هانی دەدان. رۆژی ١٧ی بانەمەڕ، کاتێک دەزانێ خەڵک بە تەمان دژ بە زەبروزەنگی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی خۆپێشاندان رێک بخەن، زووتر لە وادەی رۆژانە، شاگردەکانی بەرەو ماڵ دەنێرێتەوە. بۆخۆشی هەمان رێگا دەبڕێ و لە مەودای نێوان باشگا و ماڵەکەی، تووشی خۆپێشاندەران دەبێ. لە ناو خۆپێشاندەران دا شاگرد و قوتابیەکانی خۆی دەبینێ و دەچێتە لایان. هەر لەو کاتەدا هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵدەکوتنە سەر خۆپێشاندەران و تەقەیان لێ دەکەن. چەکۆ وەک بۆخۆی دەڵێ ٣٢ ساچمەی تاپڕی بەر دەکەوێ. هاوکاتیش هێزە چەکدارەکان هەڵدەکوتنە سەری و دەیانهەوێ دەستبەسەری بکەن کە لە گەڵ بەرگریی توندی خەڵک و قوتابیەکانی خۆی بەرەو روو دەبنەوە و رزگاری دەکەن. دوای رزگار کردنیش لە کۆڵانێکی چۆڵ دا وێنەی خۆی و برینەکانی دەگرن و بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا بڵاوی دەکەنەوە. هەر ئەوەش دەبێ بە ئادرەسی هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گیران و دەستبەسەرکردنی. مەئموران سەرەتا باشگا وەرزشیەکەی دادەخەن و پلۆمپی دەکەن. بەردەوام سەردانی بنەماڵەکەی دەکەن و دایک و باوک و تەنانەت خوشکیشی دەدەنە بەر ئازار. ماڵەکەیان دەپشکنن و دەست بەسەر لاپتاپ و کەیسی کامپیوتێرەکەی، تەلەفۆنەکەی و کۆمەڵێک کەلوپەلی دیکەی دا دەگرن و لە گەڵ خۆیانی دەبەن. چونکە برایەکی لە ناو 'پارتی ئازادیی کوردستان" دایە و وێنە و نامەکانی براکەشی لە ناو ئەو کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوانە دا بە لێشاو بوو، بەڵگەیەکی باش بوون بۆ ئەوەی دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بیخەنە ژێر شکەنجە و قورسترین بڕیاری بە ناو دادگاکانی کۆماری ئیسلامی بەسەردا بسەپێنن. بۆیەش شێلگیرتر بوون لە سەر دەستبەسەر کردنی. بەڵام ئەو هەم بۆ تیماری زامەکانی و هەمیش بۆ خۆشاردنەوە، پەنا بۆ دوکتورێکی ئاشنای دەبا. دواتر لە لایەن دۆست و ئاشناکانی لە گوندەکانی دەوروبەری مەهاباد دەشاردرێتەوە. تا سەرەنجام دوای یەک مانگ خۆشاردنەوە، ناچار دەبێ رێگای تورکیە بگرێتە بەر و بە شێوەی قاچاخ بە سنووری سێروێ دا رۆژهەڵاتی کوردستان بە جێ دێڵێ.
ئازارەکانی چەکۆ بەوەندە کۆتایی نایە. دوای ئەوەی ئاودیوی سنووری تورکیا دەبێ، وێڕای چەند هاوڕێی دیکەی لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر دەکرێ. لانیکەم ٥ کەس لە لایەن پۆلیسی تورکەوە بەرەو ئێران دیپۆرت دەکرێنەوە بەڵام چەکۆ خۆی وەک هاوڵاتی عێراقی لە قەڵەم دەدا تا ئەگەر قەرارە دیپۆرت بکرێ، بەرەو ئەو وڵاتە بنێردرێ نەک بەرەو ئێران کە دوا جار بەو شێوەیە دەتوانێ خۆی رزگار بکا.

رۆژی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، دوای سێ رۆژ لە مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی، لاوانی شاری مەهاباد رژانە سەر شەقام و خۆپێشاندانیان کرد. فەریناز خوسرەوانی کارمەندی هوتێل تارای شاری مەهاباد بوو کە لە نهۆمی چواری هوتێلەکەوە کەوتە خوارەوە گیانی لە دەست دا. لەو کاتەدا کەسێکی بە رەچەڵەک ئازەریش لەو ژوورە بوو کە فەریناز لێی کەوتە خوارەوە. بە وتەی خەڵک ئەو کەسە مەئموری ئیتلاعات و سەر بە دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بوو. بە وتەی خاوەن هوتێل و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش پێوەندی بە دەوڵەتەوە نەبوو. 

۲/۲۷/۱۳۹۴

خەنی لە من‌و لە کتێبخانەی کورد

تاهیر قاسمی؛


وەک هەموو دۆستان و ئازیزانی هاوڕێمان کاک عومەر حەمیدی، رۆژی شەممەی رابردوو ئەمنیش وێڕای پۆلێک لە دۆستانم، رێگای دووری شاری "ڤاسا"مان بڕی تا بۆ دوا جار ماڵاوایی لەو هاوڕێ ئازیزەمان بکەین و رێز و ئەمەگناسیی خۆمان لە حاند تەمەنێک خەبات و تێکۆشانی ئەو دووپات بکەینەوە. 

کە گەیشتینە جێ، ئەو هاوڕێیانەی پێشتر گەیشتبوون، بە ریز راوەستابوون. هەر کام چەپکە گوڵ یان گوڵێکی سووری وەفادارییان بە دەستەوە بوو. چاوم گێڕا و گەلێک لەو هاوڕێیانەم دیت کە ساڵانێک بوو بە هۆی ژیانی دوورە وەتەنیی ئوروپا نەمدیبوون. هەروا کە چاوم بە خەڵکەکە دا دەگێڕا، دیتم هاوڕێی خۆشەویستم کاک عەلی فەتحی‌ش پەیدا بوو. ئەو هەر لە منداڵیەوە ئاواڵ و هاوڕێی کاک عومەر بوو. لە سویدەوە هاتبوو. دەمزانی دێ. دوای ئەوەی هەواڵی دڵتەزێنی مەرگی کاک عومەرم لە فەیسبوک بڵاو کردەوە، ئەو یەکەم کەس بوو کە تاساو و ناباوەڕانە تەلەفۆنی بۆ کردم و لە راستیی هەواڵە دڵتەزێنەکەی پرسی. پێشتر قەرار بوو بێتە لام و بە یەکەوە بچین بەڵام دواتر رێگای سەفەرەکەی گۆڕی و منی لەوە بێبەش کرد کە دامنابوو ماوەیەک بە یەکەوە تێپەڕ بکەین و هاوسەفەریش بین. کە دیتمەوە، ئەمجار بە پێچەوانەی جارانی پێشوو، بزەی لە سەر لێوی نەمابوو. پێشتر ئەو کورتە پەخشانەم خوێندەوە کە بۆ مەرگی کاک عومەری ئاواڵی نووسیبوو. دەمزانی کۆستەکە بۆ ئەو لە هی ئێمە قورسترە. بۆیەش بە لامەوە سەیر نەبوو کە کاک عەلیی قسە خۆش و هەمیشە لێو بە بزە، ئەمجار بزە لە سەر لێوی تاراوە. بە تایبەت کە گەرمەشینی خاتوو پڕشەنگی هاوسەری کاک عومەر هیندەی دیکە ئەو خەمەی لە سەر شانمان قورس کردبوو. شینگێڕیەک کە کاڵای بە قەد باڵای لە دەستدانی کەڵەمێرێکی ئەم سەردەمە بوو و ئەمن ساڵانێک بوو گەرمەشینی وەهام بەر گوێ نەکەوتبوو. کاک عەلیی خۆشەویست لەو حاڵەش دا بە گێڕانەوەی بیرەوەریی خۆشی خۆی لە گەڵ کاک عومەری هەمیشە لە یاد، بزەی خستە سەر لێوانمان و ئەوی هیندەی دیکە لە دڵمان دا شیرنتر و خۆشەویست‌تر کرد.
رێورەسمی بە خاکسپاردن و کۆڕی ماتەمینیی کاک عومەر تەواو بوو و ئێمەش هەر کام دەبوو ئەو شارە بە جێ بێڵین کە بوو بە دوا مەنزڵگای ئەو ئازیزە تێکۆشەرەمان. خەریکی ماڵاوایی لە دۆستان و هاوڕێیان بووم کە دیتم کاک عەلی بە هەگبەیەکەوە لە بەر دەمم قیت بۆوە؛
- ها تاهیر گیان ئەوانەم بۆ تۆ هێناوە...
سەرم بە تورکەکە داگرت و دیتم پۆلێک کتێبی بە نرخی دە خۆی دا هەڵگرتووە. دەمێک بوو ئاگادار بووم کە کۆمەڵێک بەرهەمی بە نرخی نووسەرانی کەونارای یۆنانیی لە زمانە ئەسڵیەکەیانەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاون. تەنانەت کەم و زۆر ئاگاداری رەوتی بە چاپ گەیاندنیشیان بووم بەڵام نەمدەزانی کاریان بە کوێ گەیشتووە. بە دیتنی کتێبەکان زۆر خۆشحاڵ بووم. هەم لە بەر ئەوە کە دنیای روونی چاپ و بڵاو بوونەوەیان بە خۆوە دیتووە و کتێبخانەی کوردی‌یان پێ خەنی بووە، هەم ئەوەش کە دەغدەغەی پەیدا کردنی کتێبەکانم لە کۆڵ ببۆوە کە پێشتر ئامادە بووم بە هەر نرخێک پەیدایان کەم. لەوانەش زیاتر نووسەر و وەرگێڕە خوێن شیرین، قسە خۆش و قەڵەم رەنگینەکە ئەوانی وەک دیاری پێدا بووم. نایشارمەوە، بە وەرگرتنی ئەو دیاریە بە نرخانە شاییم بە خۆم بوو، نەمدەزانی چۆنی سپاس بکەم و بە دڵنیاییەوە نووسینی ئەم دێڕانەش وڵامدەری ئەو لە بیر بوون‌و، ئەو دیاریە بە نرخانە نین.
ئەوانەی کە مێژووی کۆنی کوردیان خوێندۆتەوە، بە دڵنیاییەوە تووشی ناوی دوو مێژوونووسی گەورەی یونان بوون. ئەو مێژوونووسانەی ئەگەرچی بۆ کورد و لە پێناو کورد دا نەیاننوسیوە بەڵام بەرهەمەکانیان سەرچاوەی گرینگی مێژوویین بۆ مێژووی کەونارای کورد و بە دگمەن لێکۆڵەرانی مێژوویی توانیویانە لە باسی مێژووی کەونارای کورد و ناوچەکە دا خۆ لە بەرهەمەکانی دوو ناوی گەورەی هێرۆدۆت و گزنفۆن ببوێرن و بە سەریان دا تێپەڕن.
هێرۆدۆت کە بە باوکی مێژوو ناسراوە، بەشێک لە کتێبە بە نرخەکەی خۆی (مێژووی پارسەکان)ی بۆ مێژووی ماد و دەوڵەتی مێدیا تەرخان کردووە. ئەو بوو کە بۆ یەکەم جار ئاشکرای کرد کە بەر لە دەسەڵاتی هەخامەنشیەکان، ئەوە مادەکان بوون کە یەکەم دەسەڵاتیان لەو هەرێمە دا بنیات نا. سەرچاوەیەک کە بۆ دیاکۆنۆفی نووسەری کتێبی "مێژووی ماد" سەرچاوەیەکی گرینگ و جێگای بڕوایە لە ساخکردنەوەی ئەو مێژووە کۆن، ئاڵۆزو ئاڵۆزکراوەی نەتەوەکەمان دا. کتێبەکەی هێرۆدۆت لە راستی دا ٩ کتێبی بچووکتری دەخۆ گرتووە کە لانیکەم ٣ لەوانە پێوەندی بە رۆژهەڵات و کەم زۆر بەو هەرێمە یان جیرانەتیی ئەو هەرێمەوە هەیە کە کوردانی تێدا نیشتەجێن و لە دڵی کوردەکان دا بە کوردستان ناسراوە. وەرگێڕدراوی ئەو کتێبە کە دەبوو زۆر لەوە پێش لە کتێبخانەی کوردی دا جێی گرتبا و کورد ئەوەندە ناچار نەبا بۆ زانینی بەشێک لە مێژووی خۆی پەنا بۆ تەرجەمەی بە گزی و فێڵی داگیرکەران ببا، یەکێک لە کارە گرینگەکانی کاک عەلی فەتحیی خۆشەویستە. کتێبێک کە زیاتر لە ١٢٠٠ لاپەڕەی دەخۆ گرتووە و بە دڵنیاییەوە کتێبخانەی کوردی بە شانازیەوە باوەشی بۆ گرتۆتەوە.
یەکێکی دیکە لە بەرهەمەکانی کاک عەلی فەتحی وەرگێڕانی کتێبی ئاناباس یان گەڕانەوەی دە هەزار یۆنانی‌یەکەی گزنفۆنە. مێژووخوێنان بێ گومان دەزانن کە بەشێک لە رەوتی گەڕانەوەی ئەو لەشکرەی یۆنانیەکان بە کوردستان دا رابردووە و لە گەڵ بەرگری و پێش پێ گرتنی بەردەوامی دانیشتوانی ئەو هەرێمە بەرەوروو بوون. لەم سۆنگەیەشەوە گزنفۆن کۆمەڵێک بابەتی وەک شێوەی جلوبەرگ، سروشت و تایبەتمەندیی ئینسانەکان، چەکوچۆڵی شەڕکەران، شێوەی شەڕ و بەرەنگار بوونەوەیان و گەلێک زانیاریی دیکەی لە مێژووی کۆنی دانیشتوانی ئەو هەرێمە تۆمار کردووە. سەرەڕای ئەوە گێڕانەوەی بە سەرهاتی پاشەکشەی ئەو لەشکرە و شەڕ و تێکەڵچوونەکانیان کە کاک عەلی فەتحی توانیویەتی وەستایانە بیخاتە سەر زمانی کوردی، خوێنەر بە دوای خۆی دا رادەکێشێ و ماندووی ناکا.
زمانی نووسین و وەرگێڕانی کاک عەلی ئەگەرچی وەک هەر کارێکی مەزنی ئاوا، رەنگە بێبەری لە رەخنە و تێبینی نەبێ، بەڵام کوردیەکی خاوێن و خۆماڵی‌یە. ئەو کە وەکوو خوێندەوارێکی پێشمەرگە لە کۆمەڵگای هەژاری کوردستانەوە شار و گوندە جۆراوجۆرەکانی کوردستان گەڕاوە، لە گەڵ شوان و جوتیار و پاڵە و سەپان دانیشتووە، قسەی بۆ کردوون و قسەی لێ وەرگرتوون و هاوکات سەری بە خوێندنەوەی کتێبی کوردییەوە بووە، هەوڵی نەداوە وشەی داتاشراو و نامۆ و ناقۆڵا بە کار بێنێ و لەو زمانە کەڵکی وەرگرتووە کە ئاخێوەری کورد بە کوردی بیری پێ دەکاتەوە و پێی دەدوێ. ئەوانەش وایان کردووە کە مرۆڤ لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکان دا لە بیری نەبێ کە ئەوە لە زمانی یونانیەوە راستەوخۆ کراوەتە کوردی و وەک بەرهەمێکی خۆماڵی بیانخوێنێتەوە و بە دەگمەن تووشی گرێ و گۆڵی خوێندنەوە بێ.
دڵنیام بە وەرگێڕانی ئەو دوو کتێبە و هەروەها وەرگێڕدراوی کتێبەکانی "بیرەوەری کۆیلەیەک" ستراتیس دوکا و "ژمارە ٣١٣٢٨"ی ئیلیاس وینیزیس کە نێوئاخنی هەگبە دەوڵەمەند و بە بایخەکە بوون، کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر بووە و خوێنەری کوردیش مەودایەکی زیاتری بۆ خوێندنەوە و فێربوون دەست کەوتووە. ئەگەرچی ئەو دوو کتێبەی دوایی بۆ من نائاشنان، بەڵام دڵنیام وەک هەردوو کتێبی ئاناباسی گزنفۆن و کتێبی مێژووی هێرۆدۆت، وەرگێڕ تەنیا لە سۆنگەی وەرگێڕان دا ئەو کتێبانەی بۆ سەر زمانی کوردی وەرنەگێڕاون. ئەو لەم رێگایەوە هەم دەیهەوێ پەرە بە زمانی نەتەوەکەی بدا و هەمیش چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی ئەو نەتەوەیە بۆ نەتەوەکەی خۆی هەڵبداتەوە.
بێگومان ناساندنی ئەو بەرهەمە بە نرخانە نە لە توانای من دایە و نە ئەم کورتە نووسینەش لە ئاستی شەونخوونی و ماندووبوونەکانی ئەو ئازیزە دایە. هەر ئەوەندەم لە دەست دێ کە لێرەوە دەستخۆشی بە کاک عەلی فەتحیی نووسەر و وەرگێڕ بڵێم و هیوای تەمەنی ساخ و هەروا پڕ بەرهەمی بۆ بخوازم و جارێکی دیکە سپاسی بکەم.

۲/۱۴/۱۳۹۴

مستەفا هیجریش سەری حەسەنی ئەیوبزادەی بێ‌کڵاو هێشتەوە!

تاهیر قاسمی
بە تەما بووم لە سەر روانگەی خۆ بە زلزانانە و خۆ بە زۆرزانانەی نووسەری نسکۆو دابڕان لە هەمبەر کەسایەتی‌و چۆنیەتی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، بابەتێک بنووسم. دەمویست لە سەر دابەزاندنی خولیا و خەونەکانی دوکتور قاسملوو لە ئازادی و رزگاریی نەتەوەکەیەوە تا ئاستی هەوڵدان بۆ "بە قارەمان دەرکەوتن" و "خۆ بە قارەمان نیشاندان" لە روانگەی نووسەری نسکۆو دابڕان دا، هەڵوەستە بکەم، گەرەکم بوو روانگەی خۆ بە براگەورە زانین و لە خۆ روانین و خۆ ڕانانی کاک مستەفا هیجری و خۆ دەرخستنی وەک فریشتەی نەجات بۆ هەر دوو رووداوی میکونوس و ڤیەن بنووسم، بەڵام ئاغای حەسەنی ئەیوبزادە نۆرەبڕی لێ کرد.
حەسەنی ئەیوبزادە بە ڕواڵەت بابەتێکی بە رەخنە لە کتێبی نسکۆو دابڕان نووسیوە(١) بەڵام وەک خووی هەمیشەیی خۆی، ئەمجارەش بیانوویەکی دیکەی بە ناوی 'نسکۆ و دابڕان' بۆ دەمەزەرد کردنەوەی تۆمەتەکانی پێشووی خۆی دژ بە حیزبی دێموکرات دۆزیوەتەوە. وێدەچێ زەمانێکی درێژ چاوەڕێی دەرچوونی بۆچوونی مستەفا هیجری لە هەمبەر تۆمەتەکانی دا بووبێ. رەنگە بە درێژایی دە ساڵ و پازدە ساڵ ئەو چاوەڕوانیە درێژەی کێشابێ. راست بە مەودای ئەو ماوەیەی جەنابی مافناس دژ بە حیزبی دێموکرات قەڵەمی تاو داوە. وەک لە نووسینەکەی دەردەکەوێ، بە تەما بووە سکرتێری حدکا مۆری داکۆکی لە روانگەکانی بدا. بە تەما بووە سکرتێری حدکاش بۆ سڕینەوە یان کەم کردنەوەی تاوان لە کۆماری ئیسلامی لە گەڵی هاودەنگ بێ. کەچی لە خوێندنەوەی کتێبەکە دەسبەتاڵ هاتۆتە دەر. لەم بارەوە گلەیی هەڵڕشتووە. لە شتە لاوەکیەکانی وەک هەڵەبوونی ئەو مانگەی دوکتور قاسملووی تێدا شەهید کراو هێندێک هەڵەی رێزمانی و رێنووسی بترازێ، بابەتەکەی ئەیوبزادە هیچ پێوەندی بە رەخنە لە کتێبی "نسکۆو دابڕان" نییە. لە راستی‌دا رەخنەی لە شتگەلێکە کە تێیدا نییە. وێدەچێ پێشتر بەڵێنی پێ درابێ و لە بیر کرابێ! گلەیی و سکاڵانامەکەی سەبارەت بەو شتانەیە کە پێی وابووە یان رەنگە قەرار بووبێ هیجری بۆی پشتراست بکاتەوە و نەیکردووە. لە راستیدا ئەیوبزادە هەست دەکا مار بە دەستی ئەو گیراوە، دەسخەڕۆ کراوە، بە جێیان هێشتووەو بە تەنێ ماوەتەوە. وەک جولەکەکە لە هەردوو دینان بووە. هەم لە لای ئەوانەی رەخنەی لێ دەگرتن و هەم ئەوانەش کە پێی وابوو بە قازانجیان دەینووسی. هەم لە لای یەکێتی بێزراوەو هەم لە لای ئەو بەشە لە حیزبی دێموکرات کە پێی وابوو لە پارتی نیزیک بۆتەوە. ئەیوبزادە کە بەو تەوەهومەوە قەڵەمی دەئاژۆت، دوای کتێبەکەی هیجری، ئیدی هومێدێک بۆ پشتراست کردنەوەی ناراستیەکانی شک نابا. ناشکرێ لە تۆمەتەکانی پاشگەز بێتەوە. ئاخر شتی وا لە فەرهەنگی چەکمەرەقی و دەرەبەگایەتی دا هەر نییە!
حەسەنی ئەیوبزادە دەمێک ساڵی ژیانی خۆی بۆ کۆمەڵێک تۆمەت روو بە حیزبی دێموکرات تەرخان کرد. سەرجەم نووسراوەکانی ئەو ١٠ - ١٥ ساڵەی ژیانی لە سەر دەستمایەی دووپاتکردنەوەی ئەو تۆمەتانە هەڵچنی. لە سەرەوەی هەموانیش تیرۆری کەسایەتیی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادەی کردە ئامانجی خۆی. کارێک کە کاک مستەفا هیجریش لە 'نسکۆو دابڕان'دا پێڕەوی کردووە. هەردوو بە ڕواڵەت بۆ پارێزگاری کردن لە رێبەرانی پێش لە مامۆستا حەسەنزادەو بە تایبەت دوکتور قاسملوو دژایەتی ناوبراو دەکەن! بۆخۆشیان دەزانن کە حەسەنزادە لە هەموانی لێ نیزیکتر بووە لێ دەزانن ئەمڕۆ نانیان دەو لاگریە دایە! بەڵام سەیر ئەوەیە هیجری کە دوای ئەیوبزادە بەختی خۆی لەو مەیدانەدا تاقی کردەوە، خەتی ئەیوبزادەی هەر نەخوێندۆتەوە. ئەوان هەردوو لانیکەم لە خاڵی دژایەتیی لە گەڵ مامۆستا حەسەن زادە لە یەک بەرە دا بوون، کەچی هەر کام تیری خۆی بۆ لایەک هاویشتووە. تا ئاستێک کە تیرەکانیان زۆر جار بەر یەک کەوتوون و کاریگەریی یەکتریان پووچەڵ کردۆتەوە! حەسەنی ئەیوبزادە لەوە توڕەیە. ئەو بەو رێچکەیەی کە لەم پێوەندیەدا گرتبوویە بەر و عومری خۆی بۆ دانا، بە تەما بوو لە لبادی کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان حیزبی دێموکرات، بە قازانجی یەکیان (مستەفا هیجری‌و حدکا) و دژ بەویدی (عەبدوڵڵا حەسەن‌زادەو حدک) کڵاوێک بۆخۆی ببڕێ. بەڵام بەو جۆرەی لە دوا بابەتی دا رەنگی دایەوە، ئەیوبزادەی مافناسیش بۆی دەرکەوت کە قسەکانی ئەوەندە ناڕاستن تەنانەت کاک مستەفا هیجریش سەرەڕای ئەو هەموو دژایەتیەی لە حاند مامۆستا حەسەن زادە، لە نسکۆ و دابڕان دا سەری بێ کڵاو هێشتەوە.
ئەگەر خوێنەر تۆمەتە بەردەوامەکانی ئاغای ئەیوبزادە دژ بە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە تەک ناوەرۆکی کتێبی نسکۆو دابڕانی کاک مستەفا هیجری دا هەڵسەنگێنێ، دەبینێ کە لە ناو ئەو هەموو بێڕێزی و تۆمەت و تەنانەت جنێوانەش کە هیجری روو بە حەسەنزادە نووسیویەتی، بە توتوش باسی یەک تۆمەت لە تۆمەتەکانی ئەیوبزادەی تێدا نییە. تاکە یەک تۆمەتی بۆ پشتراست نەکراوەتەوە. بە ڕادەی سەرەدەرزیەک کەڵک لە تۆمەتنامەکانی وەرنەگیراوە. دەڵێی هیجری قەتی واز لە خوێندنەوەی هیچ تۆمەتنامەیەکی ئەیوبزادە نەبووە. وەک شوانی رەنجەڕۆ، 'نسکۆو دابڕان' چ خەڵات و بەراتێکی بۆ ئەیوبزادە وەبەرچاو نەگرتووە! لە راستیش دا ئەیوبزادە لەوە توڕەیە کە بۆچی زەحمەتی دە ساڵ و پازدە ساڵی رابردووی ئەو دژ بە عەبدوڵا حەسەنزادە نەکەوتۆتە بەر سەرنجی ئاغای هیجری و ئۆباڵی بۆ نەکێشراوە! نەک هەر ئۆباڵیشی بۆ نەکێشراوە و تۆمەتی بۆ پشتراست نەکراوە، تەنانەت لە زۆر شوێن دا، هیجری راستەوخۆ و ناراستەوخۆ قسەکانی حەسەنزادەی دووپات و پشتراست کردۆتەوەو لە بەرامبەردا ئەیوبزادەشی وەدرۆ خستۆتەوە.
ئەیوبزادە توڕەیە لەو شتانەی بۆی نەنووسراوە. وەک بڵێی "وەفا بە عەهدی" لە گەڵ نەکرابێ. لە سەرەتای بابەتەکەی دا ئەو چاوەڕوانیەی خۆی لە کتێبەکەی ئاغای هیجری ناشارێتەوە؛ "تامه‌زرۆی خوێندنه‌وه‌ی روداوی تێرۆری د.قاسملووبه‌ قه‌له‌می سکرتێری حدکا بووم. پێموابوو دوای بیست و شه‌ش سال ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ ره‌خساوه له نهێنێێ‌یه‌کانی پشتی په‌رده‌ی ئه‌وروداوه له زمانی ئاغای هجریی‌یه‌وه که سکرتێری حدکاو له نزیکانی د.قاسملوو بووه ئاگادار ده‌بم."(هەڵە رێنووسی‌یەکان هی ئەیوبزادەن)
بەڵام کاکی 'مافناس' هەر زوو هەست دەکا سەری بێ کڵاو ماوەتەوەو مستەفا هیجری بە تەواوی دەم لە پووشی کردووە؛ "مخابن ئه‌و نووسراوه‌یه‌ی مامۆستا هجری له‌سه‌ر تێرۆری نه‌مر د.قاسملوو له سه‌ره‌تای کتێبی '' نسکۆو دابران'' ‌دا لاپره‌سه‌نیی نووسراوه. هیچ زانیاریی‌یه‌کی تێدانی‌یه که شیاوی سه‌رنجدان بێ و به به‌ڵگه‌ی ره‌سمیی حیزبێکی سیاسیی بزانرێ."
مەبەستی ئاغای ئەیوبزادە لە "زانیاری" هیچ نییە جگە لە چاوەڕوانی بۆ پشتراستکردنەوەی تۆمەتەکانی خۆی. ئەو تۆمەتانەی بە رواڵەت بۆ دژایەتی لە گەڵ کەس و لایەنەکانی ناو گۆڕەپانیی سیاسی کوردستان بەڵام لە راستی دا بۆ خزمەت بە سپی کردنەوەی روخساری رەشی کۆماری ئیسلامی نووسراون. پەسنی "لاپرەسەنی" بۆ شێوەی نووسینی کتێبەکەی مستەفا هیجری، هەر بۆ ئەم مەبەستە بەکار بردووە. بە سەرنجدان بە مانای وشەکەش، نهێنیی بەکار بردنی ئەو وشەیەو رەنگە رازی نووسینی سەرجەم بابەتەکەش روونتر بێتەوە.(٢)
لاپرەسەن کەسێکە کە سەربەخۆ کارێک دەکا و پرس و تەگبیر بە کەسی شارەزا ناکا. بێگومان مەبەست لە 'شارەزا' کەس نییە جگە لە جەنابی مافناس! ئەیوبزادە گەرەکیەتی ئەو گلەییە بە ئاغای هیجری بگەیەنێ کە بۆچی زەحمەتی ١٠ ساڵی ئەوی بە فیڕۆ داوە و بە رادەی سەرەدەرزیەک لە تۆمەتەکانی ئەو دژ بە حەسەنزادە کەلکی وەرنەگرتووە. لەوە توڕەیە کە هیجری لە نووسینی کتێب و ناوەرۆکەکەی حیسابی بۆ ئەو و تۆمەتنامەکانی ئەو نەکردووە. توڕەیە کاتێک کە دەبینێ کتێبەکەی مستەفا هیجری لە سەر نفرەت لە عەبدوڵڵا حەسەن زادە هەڵچندراوە کەچی لەو هەموو نفرەت و بێزاریەی هیجری لە حەسەنزادە، تۆمەت و نەفرەتی ئەیوبزادە لە کولەکەی تەڕیش دا حیسابیان بۆ نەکراوە.
مایەپووچ لە سڕینەوەی تاوان یان دۆزینەوەی شەریکە تاوان بۆ کۆماری ئیسلامی
ئەوەی خوێنەر بەردەوام لە نووسراوەکانی حەسەنی ئەیوبزادە دا تووشی دەبێ، هەوڵی بەردەوامیەتی بۆ راکێشانی سەرنجەکان لە تاوانباریی کۆماری ئیسلامیەوە بەرەو تاوانبار کردنی "لانیکەم کەسێک و لە کەسێک زیاتر"ی تیرۆرکراوان. گۆڕینەوەی جێگای تیرۆریست و تیرۆرکراو لە هەموو نووسینەکانی دا زەقە. خۆ ئەگەر ئەوەشی پێ نەکرابێ و بۆی نەلوابێ، بە ناوی 'دڵسۆزی' بۆ تیرۆرکراوان، هەوڵ دەدا تیرۆریست و قوربانی بکا بە هاودەست و وەک یەک تاوانباریان بکا! دوا جار ئەگەر هیچکام لەوانەشی بۆ جێبەجێ نەبێ، ئەوە لە ناو شۆڕشگێڕانی زیندوو دا بۆ تۆمەتبارکردن و شەریکە تاوان سازکردن بۆ کۆماری ئیسلامی سڵ لە هیچ تۆمەتێک ناکا. ئەمە خاڵی هاوبەش و ئامانجی سەرەکیی سەرجەم ئەو نووسینانەیە کە ئاغای ئەیوبزادە چ لە باسی تیرۆری میکونوس، چ بۆ تیرۆری ڤیەن‌و تەنانەت تیرۆرەکانی باشووری کوردستانیش هەوڵی بۆ دەدا.
لە تیرۆری ڤیەن دا، بە جێی ئەوەی هەوڵ بدا تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی تیرۆریستانەی ئەو رێژیمە بناسێنێ، پەنجەی تاوان بۆ یەکێک لە قوربانیانی ئەو تیرۆرە واتە دوکتور فازل رەسوڵ درێژ دەکا. ئەوەش نەک بە مەبەستی روونبوونەوەی کەیسی تیرۆرەکە بەڵکو وەک هەمیشە بە ئامانجی تاوانبار کردنی کورد دژ بە کوردو بە شێوەی ژێر بە ژێریش سڕینەوە یان کەم کردنەوەی تاوانی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی تێدا حەشار دەدا. ئەیوبزادە بەردەوام هەوڵی داوە لە رێگای نیشاندانی دوژمنایەتیی رواڵەتیی خۆی لە گەڵ ینک و مام جەلال، لەو جنایەتە گەورەیە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی وەجواب بێ! لە دوا بابەتیشی دا لە رێی تاوانبار کردنی قوربانیەکی ئەو تاوانەو نیزیک کردنەوە و پێوەند دانەوەی دوکتور فازل رەسوڵ بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، قەڵەمی تاو داوە.
ئەوە کە دوکتور فازل رەسوڵ یان فازلی مەلا مەحموود لە باری سیاسیەوە بەردەوام لە هەڵبەز دابەز دا بووە، زۆر پێشتر لە ئاغای ئەیوبزادە باسی کراوە و لە سەری نووسراوە. ئەگەرچی ئەیوبزادە وەک هەمیشە ئامادە نییە سەرچاوەیەک بۆ باسەکەی خۆی دەستنیشان بکا. چونکە وەک هەمیشە دەزانێ بە دانانی سەرچاوە و ژێدەر، وەدرۆ دەکەوێتەوەو بەشەکانی دواتری بابەتەکەی بۆ ناچێتە پێش!
بەڵام ئەوە کە دوکتور فازل رەسوڵ راست بە ئامانجی تیرۆری دوکتور قاسملوو ئەوی بۆ سەر مێزی وتووێژ و دانوستان پەلکێش کردبێ، تۆمەتێک نییە کە هەروا لە خت و خۆڕایی بۆ کەسێک هەڵببەسترێ. لە حاڵێک دا کە ئەو هیچکات دۆسیەیەکی جنایی لێ نەدیترابوو و سەرەڕای گۆڕان لە روانگەکانی دا، هیچ بەڵگەیەک بۆ دژایەتی لە گەڵ پرسی نەتەوەکەی لە بەردەست دا نییە. بڵێی مامۆستای زانکۆ و خوێندەوارێکی ئاستی دوکتۆرا ئەوەندە بێ ئاقڵ بووبێ کە ملی بۆ بەرنامەی تیرۆری دوو رێبەری کورد بە دەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماڵەکەی خۆی دا راکێشابێ و بە تەماش بووبێ بۆخۆی بە ساخی لەو تاوانە رزگاری بێ و دوارۆژیش نە پۆلیس لێی بپرسێتەوەو نە لە بیروڕای گشتیشەوە هیچ پەنجەیەکی تاوانی بۆ درێژ بکرێ؟! ئاخۆ ئەو ئەگەرە ڕێی تێناچێ کە هەر وەک خۆشبینیی دوکتور قاسملوو بە وتووێژەکە و دەرەنجامەکانی یان لانیکەم وەک کاک مستەفا هیجری نووسیویەتی، بۆ ئەوەی بە 'قارەمانی بوارەکە دەربکەوێ"، دوکتور فازلیش بە هەمان هومێدەوە نێوبژیوانیی ئەو دانوستانەی کردبێ؟ بێگومانم ئەیوبزادەش مادام هەر بێ بەڵگە قسان دەکا، دەیتوانی هەروا چاو لە بەشداریی دوکتور فازلیش بکا یان لانیکەم وەک یەکێک لە ئەگەرەکان لێی بڕوانێ ئەگەر لە بابەتەکانی دا مشکی پاکانە بۆ کۆماری ئیسلامی نەکوشتبا.
حەسەنی ئەیوبزادە بەڵگەی ئەو تۆمەتەی لە دوکتور فازل رەسوڵ، بە پرسیارێکی هاوسەرەکەی وڵام داوەتەوە و وەک بڵێی سەد مێشی دە خەڵەفێک دا دۆزیبێتەوە، دەڵێ؛ "ژنه‌که‌ی فازل ره‌سول که له تێرۆری میرده‌که‌ی به ده‌ستی تێرۆریسته‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئاگاداربوو، هه‌ستایه سه‌رپێ و هاواری کرد Warum Fazil Rasul واته بۆ فازل ره‌سول ؟"
مۆڵەتیش نادا کە خوێنەر بە شوێن هۆکاری گەڵاڵەبوونی ئەو پرسیارە لە لای هاوسەری دوکتور فازل و وڵامەکەی دا بگەڕێ. وەک هەموو 'بەڵگەیەکی دیکەی' بۆ خۆی قسە بە 'بەڵگەکەی' دەکا و یەکسەر حوکمی بۆ دەردەکا؛ "چونکه ژنه‌که‌ی ده‌یزانی که فازل هاوکاری تێرۆریسته‌کانی کۆماری ئیسلامیی بوو و به‌ده‌ستی ئه‌وان کوژرا. نووسه‌ری ئه‌م دێرانه ئه‌و کاته له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بوو."
بەڵام ئەگەر کاکی 'مافناس' وەک خۆی هیچکات ئەو پرسیارەی بۆ نەهاتۆتە پێش، بێگومان هەموو ئەو کەسانەی دۆسیەی تیرۆری دوکتور قاسملوویان بۆ گرینگە، بە شوێن وڵامی ئەو پرسیارە دا گەڕاون. چ بگا بە هاوسەری دوکتور فازل کە یەکێک لە نیزیکیترین کەسەکانی لەو تاوانەدا لە دەست داوە. بۆ هیچ خوێنەر و بیسەرێک، چ بگا بە قازی و 'مافناس'! نە هۆکاری ئەو پرسیارە یەک هۆکارەو، نە وڵامەکەی یەک وڵامە. سروشتی‌یە وڵامی هۆی کوژرانی کەسێک کە نە دوژمنی کۆماری ئیسلامی بووە و نە چوارچێوەی خەباتی رابردوو، ئەوکات و داهاتووی لە چوارچێوەی ئێرانی کۆماری ئیسلامی دا بووە، کەسێک کە وەک نێوبژیوان و خانەخوێ حزووری هەبووە و تیرۆریستەکان هەر ئامانجێکیان هەبووبێ، رەنگە ئامانجی ئەو رێککەوتن و کۆتایی هاتن بە شەڕی نێوان کورد و دەوڵەتی ناوەندی و دوا جار شانازیی بەشداری و نێوبژیوانی لەو رێککەوتنەدا بووە کە بۆ دوکتور قاسملووش هیوای گەیشتنی کورد لانیکەم بە بەشێک لە مافەکانی بووە، بۆ گشت کەس جێگای پرسیار و وڵامەکەشی تەنیا لە لای تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیە. بەشداری و نێوبژیوانیی دوکتور فازل لە دانوستانەکەدا بەو رادەیە کە وەک لاگرێکی کۆماری ئیسلامی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ، زۆر زیاتر لە چوارچێوەی ئەو خۆشبینیە دا جێی دەبێتەوە کە دوکتور قاسملووو هاوڕێکەی پەلکێشی سەر مێزی وتووێژ کرد. بەو جۆرێک کە 'نسکۆودابڕان'یش دەڵێ؛ "بوونی هیچ چاوەدێرێکی خۆیی لە چەند سەد میتریش بە پێویست نەزانیوە". ئەم پرسیارە بە تایبەت لە زمان خاتوونێکی ئوروپایی کە سەری دە ناو گێژاوی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فرتوفێڵی ئیسلام و دەسەڵاتی ئیسلامی دا نەبووە، پرسیارێکی زۆر ئاسایی‌یەو بە هیچ جۆر ئەو نیشانەیە یان تەنیا ئەو نیشانەیەی تێدا نییە کە ئاغای ئەیوبزادە بۆ بەلارێدا بردن و هەڵگرتنی بیر و سەرنجی خوێنەر لە تاوانی تیرۆری تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بۆ نێوبژیوانی ئەو رووداوە، لێی هەڵێنجاوە.
ئەیوبزادە پێشتریش هەمان سیناریۆی بۆ تیرۆری میکونوس نووسیوەتەوە. ئەو هەردەم گەرەکیەتی سەرنجی خوێنەر بۆ جاسووس و سیخوڕی ئەو تاوانە، لە فارسە بەشدارەکانی کۆبوونەوەکەوە بۆ سەر یەکێک لە شەهیدانی میکونوس هەڵدێرێ. دەیویست خوێنەر لە نێوان هەڵبژاردنی دوکتور شەرەفکەندی، کاک فەتاح عەبدولی، کاک هومایون ئەردەڵان، بۆ "لانیکەم یەک کەس و لە کەسێک زیاتر"ی ئەو شەهیدانە سەرپشک بکا. تۆمەتێک کە لە "نسکۆو دابڕان"یش دا وەک هەموو تۆمەتەکانی دیکە، ئاغای ئەیوبزادەی لێ دەم لە پووش کراوە. کاک مستەفا هیجری، بەو جۆرە کە چەند ساڵ بەرێ نووسەری ئەم دێڕانە بە تەسەلی لە بەشی سێهەمی "جواب بۆ حەسەنی ئەیوبزادە" دا نووسی، گومان دەخاتە سەر خاوەنی فارس زمانی ریستورانەکە واتە عەزیزی غەفاری و دەڵێ؛ "...بە بێ ئاگادار کردنەوەی پۆلیس و لەبەر چاو گرتنی کەمترین پارێزگاریەک لە خۆی و تیمی هاوڕێی، تەنانەت لە ریستۆرانێک دا کە ئێرانیەکی فارس خاوەنی بوو، دیسان داوای پێکهێنانی کۆبوونەوەکە دەکاتەوە."(٥)
مایەپووچ لە تاوانبارکردنی مام جەلال لە لایەن مستەفا هیجری
ئەیوبزادە کە وەک پێشتر نووسیم لە هەموو نووسینێکی دا بەردەوام هەوڵ دەدا تاوان لە کۆماری تیرۆریستی ئیسلامی داماڵێ و ئەگەر ئەوەشی بۆ نەکرا، لە ناو کوردان دا شەریکە تاوان بۆ کۆماری ئیسلامی بدۆزێتەوە، لە تیرۆری ڤیەن دا بەردەوام سەرنجی خوێنەر بۆ تۆمەتبارکردنی مام جەلال و یەکێتی نیشتمانی لە تیرۆری دوکتور قاسملوو دا، رادەکێشێ. ئەو بۆ ئەوەی سیناریۆکانی بە باشی جێ بخا، دەیهەوێ بە خوێنەر بڵێ کە ئەوە عەبدوڵڵا حەسەنزادەیە لەو بارەوە بێدەنگەی کردووەو 'تاوان' بۆ ینک و مام جەلال پەردەپۆش دەکا. دەزانێ لەم دۆخە پڕش و بڵاوەی ناو ماڵی کورد و لە کێشە و ناکۆکیەکانی ناو حیزبی دێموکرات دا کەسانێک هەن کە ئەگەر باوەڕیشی پێ نەکەن، چەپڵەی بۆ لێ دەدەن! کەچی نسکۆو دابڕان لەم بارەوە نەک ئۆباڵی بۆ ئەیوبزادە نەکێشاوە، هەر بە تەواوی وەدرۆی خستۆتەوە. مستەفا هیجری لە پێوەندی لە گەڵ رۆڵی مام جەلال بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوە بکا، هەمان بۆچوونی نووسیوەتەوە کە پێشتر حەسەن زادە نووسیبووی. هیجری لەم بارەوە نووسیویەتی: "...ئەم جارە مام جەلال و بن‌ بێللا بەشداری کۆبوونەوەکە ناکرێن. هۆی بەشداری نەکردنی ئەوان لە لایەن رێژیمەوە بە تەواوی روونە، چوونکە ئەو پیلانەیان بە دەستەوە بووە و ویستوویانە پیلانەکەیان هەرچی هاسانتر بە ئەنجام بگەیەنن. بیانووی رژیم بۆ بەشداری نەکردنی ئەو دوو بەڕێزە لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە بووە کە ئەم وتووێژە بە تەواوی نهێنی‌یە و تا کۆتایی نابێ بڵاو بێتەوە بۆ ئەوەی لایەنە توندڕەوەکان لە رژێمی کۆماری ئیسلامی دا کۆسپ نەخەنە سەر رێگای وتووێژەکە، مام جەلالیش کەسێکە لەوانەیە وتووێژەکە ئاشکرا بکات، بن بێللاش کەسێکی بێگانەیە و پێویست ناکا بۆ باس لە سەر وردەکاریی وتووێژەکە بەشدار بێت. ئێمە دوو لایەن کە ئێرانین و هاوڵاتین لە سەر پرسەکە باس دەکەین و بە ئاکامی دەگەیەنین."(٣)
هیجری کە هەتا ئێستا بە پشتبەستن بە لێکدانەوەی خۆی باسی بەشداری نەکردنی مام جەلال و بن بێللا لە دوا کۆبوونەوەی دوکتور قاسملوو لە گەڵ هەیئەتە تیرۆریستیەکەی کۆماری ئیسلامی دا دەکا، لە کۆتایی هەمان پاراگراف دا، چۆنیەتی ئەو بابەتە لە زمان دوکتور قاسملووش دەگێڕێتەوە؛ "ئامادە کردنی زەمینەی بەشداری نەکردنی ئەو دوو بەڕێزە پێشتر و دوای کۆتایی کۆبوونەوەی یەکەم، لە لایەن هەیئەتی ئێرانیەوە کرابوو و ئەوەیان بە دوکتور قاسملوو راگەیاندبوو، چوونکە د. قاسملوو لە گەڕانەوەی بۆ کوردستان و دوای کۆبوونەوەی جاری یەکەم ئەو قسانەی بۆ ئێمە باس دەکرد." (٤)
بەم جۆرە هیجریش جەختی لە سەر راستیی گێڕانەوەکانی مامۆستا حەسەنزادە کردەوە. لە بەرامبەریش دا قسە فڕێدانی ئەیوبزادەی مافناسی بە هیچ زانی و تەنانەت ئەوەندەی نرخ بۆ دانەناوە کە راستەوخۆ وەدرۆی بخاتەوە!
تۆمەتەکانی دیکەی ئەیوبزادەش لە نسکۆو دابڕان دا غایبن!
تۆمەتێکی دیکەی ئەوەیە کە حەسەنزادە قەراردادی نهێنی لە گەڵ سپای پاسداران مۆر کرد و... کەچی وەک لە بەشی دووهەمی جواب بۆ حەسەنی ئەیوبزادە دا روونم کردەوە، رێککەوتنێک لە گەڵ کۆماری ئیسلامیەوە نەبووە و ئەوەی لەم پێوەندیەدا هەبووە، مستەفا هیجری لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە رێککەوتنێکی پێوەندیداری لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی بە ئیمزای دوکتور فوئاد مەعسووم، واژۆ کردووە. لەو لاوەش نسکۆو دابڕان هیچ حیسابێکی بۆ رێککەوتنەکە و قسەڵۆکی ئاغای ئەیوبزادە نەکردووەو هەر لای لەو باسە نەکردۆتەوە.
یان بەردەوام دووپاتی کردۆتەوە کە لە کاتی سکرتێریی مستەفا هیجری دا، ئەوە حەسەنزادە بوو کە حیزبی دێموکراتی بەرەو دەشتی کۆیە "ڕا دا". بەو قسەیەش پێی وابوو نانێکی بە قەرز داوە بە هیجری. بابەتێک کە هیجریش لە کتێبەکەی دا خۆی لێ نەداوە و لە یەخەی خۆی نەکردۆتەوە!
ئەوانە و کۆمەڵێک وردە تۆمەتی دیکە ئەو تۆمەتانەن کە حەسەنی ئەیوبزادە بەردەوام روو بە حیزبی دێموکرات و مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە رێی قسەفڕێدان، فیتنەگێڕی، هەڵگرتنی دوو وشە لە رستەیەک و تەفسیر کردنی بە ئیشتیای خۆی... دووپاتیان دەکاتەوە. لە دوا بابەتیشی دا بەشێکیانی دەمەزەرد کردۆتەوە. بە تایبەت ئەو بەشانەی کە زۆر هیوادار بووە کاک مستەفا هیجری لە سۆنگەی دژایەتی لە گەڵ مامۆستا حەسەنزادە دا بۆی پشتراست بکاتەوە. لێ نسکۆو دابڕان بە تەواوی ناهومێدی کردووە. ئەو کە پێشتر زۆری دڵ بە هیجری و بۆچوونەکانی لەم بارەیەوە بەستبوو و پێی وابوو دژ بە یەکێتی لە پارتی نیزیک بۆتەوەو درۆکانی ئەیوبزادە لە مل دەدا و بۆ داماڵینی تاوان لە ملی کۆماری ئیسلامی، ئۆباڵی بۆ دەکێشێ، ناباوەڕانە لە خۆی دەپرسێ؛ "هۆی ئه‌و به‌لادا تێپه‌رینه‌ی نووسه‌ر تۆ بڵێێ ناشاره‌زایی ناوبراو له‌و روداوه و نهێنیی‌یه‌کانی بووبێ یان ئه‌ویش وه‌کو مامۆستا حسن‌زاده خه‌ته‌که‌ی گۆڕیبێ و به‌ره‌و یه‌کێتیی نیشتمانیی و دۆستانی ستراتێژیکی ینک وه‌رچه‌رخابێ؟"
ئەیوبزادە کاتێک لە کتێبەکەی ئاغای هیجری ناهومێد بووە، بە ناچار لە گەڵ خۆی کەوتۆتە وڕێنە. پەنای بۆ ئەو تۆمەتانە بردۆتەوە کە تەمەنی تا ئێستای خۆی پێ پڕ کردوونەوە. ئەوەندەش لە لای خۆی ئەو قسەڵۆکانەی دووپات و چەند پات کردۆتەوە، باوەڕی بە وڕێنەکانی خۆی کردووە. لە کەین و بەینە ژێر بە ژێرەکانیش دەرچێ، پێی وابووە مادام لە گەڵ نووسەری نسکۆو دابڕان لە خاڵی دژایەتی لە گەڵ مامۆستا حەسەنزادە دا هاوکوفن، ئەوە حەتمەن درۆکانی بۆ لە مل دەدا. بەڵام دەبێ تا ئێستا بۆی روون بووبێتەوە کە ئەوەی ئەو دەستی داوەتێ، بۆ هیچ دژبەرێکی کۆماری ئیسلامی جێگای تێفکرینیش نییە. بۆیە ناچار هەر بۆخۆی لە جێی هیجری دێتە گۆ؛ "نووسه‌ر ئاگاداره که ئه‌وروداوه چۆن سازمان‌دراوه. بریارده‌رانی تێرۆر کێ بوون. به‌ڕێوه‌به‌ران و هاوکارانیان چ که‌سانێک بوون. له نهێنیی و ورده‌کاری‌یه‌کانی ئه‌و تێرۆره و به گشتیی له سه‌رچاوه‌ی بڵاوکراوه‌و نهێنیی که له‌به‌رده‌ستی دابوون و گرنگترینیان په‌روه‌نده‌ی لێکۆلینه‌وه‌ی ئه‌و روداوه بووه له‌و نووسراوه‌یه‌دا که‌ڵکی وه‌رنه‌گرتووه."
بە دوای ئەوەش‌دا، توڕەیی خۆی ناشارێتەوەو دەڵێ: "نووسینی بابه‌تێکی ئاوا نزم، لاواز و بێ به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌و روداوه بۆ سکرتێری ئه‌و حیزبه شرۆڤه ناکرێ." تووڕەییەکەشی بەوندە نانیشێتەوەو دەنووسێ: "کارگێرانی سه‌ره‌کیی حدک و حدکا له بیست و شه‌ش ساڵی رابردووه‌تا ئه‌مرۆ له‌سه‌ر ئه‌و روداوانه‌ی حدکا و رێبه‌رانی تێرۆرکراوی راستگۆیانه دێڕێکیان نه نووسیوه." مەبەستیشی لەو دێڕانەی راستگۆیانە لە سەر تیرۆری رێبەران لە لایەن حدک و حدکاوە نەنووسراون ئەوەیە کە بە پێچەوانەی هەوڵەکانی ئاغای ئەیوبزادە، رێبەرانی ئەم حیزبە بەردەوام کۆماری ئیسلامیان بە ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە تاوانبار کردووە و ئامادە نەبوون هیچ شەریک و برا بەشێکی بۆ بدۆزنەوە. ئەیوبزادە دەیهەوێ خوێنەر وا تێبگەیەنێ کە تەنیا قسە فڕێدان و تۆمەت هەڵبەستنە بێ بنەماکانی ئەو، 'سەرچاوە'ن. 'سەرچاوە'یەک کە جگە لە پاکانە بۆ دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی و هەڵوەدا بوون بە شوێن پەیداکردنی شەریکە تاوان بۆ ئەو رێژیمە نگریسە، ئامانجێکی دیکەیان تێدا بەدی ناکرێ. "دێڕە راستگۆیانەکان" لە چاوی ئاغای ئەیوبزادە هیچ نین جگە لە دۆزینەوەی تاوانبارێکی دیکە، بەدەر لە کۆماری تیرۆریستی ئیسلامی! بە چ ئامانجێک؟! هەر خۆی دەیزانێ!
------------------------------
١- به‌سه‌رهاتی شەهید دوکتۆر عەبدوڕەحمانی قاسملوو له کتێبی 'نسکۆ و دابران'‌‌دا نووسینی مسته‌فا هجری - مافناس – حسن ایوب‌زاده
٢- هەنبانە بۆرینە ل ٧٤٨، وشەکانی لاپرە و لاپرەسەن
٣- نسکۆ و دابڕان ل ١٤
٤- نسکۆ و دابڕان ل ١٤
٥- نسکۆ و دابڕان ل ٤١
٦- بەشەکانی ١، ٢ و ٣ی جواب بۆ حەسەنی ئەیوبزادە - تاهیر قاسمی

بابەتی نوێ:

بۆچی دوا پێنج‌شەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە

  لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنج‌شەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...