۱/۲۲/۱۳۸۶

بیرەوەریەکی سەردەمی قوتابێتی‌م

راوەستاوان لە راستەوە: لەتیف شوکرە، سەعدوون باغەبان، تاهیر قاسمی
دانیشتوان: محەممەد مامەش، سمایل رەشیدی ...
ئەمڕۆژانە کە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی لێدانی مامۆستایەک لە قوتابییەکی بلوچ هەڵڵای ناوەتەوە. گۆیا موعەللیمەکە لە سەر کار لابراوەو بەرپرسی مەدرەسەکە داوای لێبوردنی کردوە و سەرۆکی ئیدارەی ئامووزش و پەروەرشی شارەکە ئیستعفای داوە. بەو هەواڵە وەبیر لێدانی زۆر و زەبەندی دەورانی قوتابخانەی خۆم کەوتمەوە کە لە ناویاندا ئەو چیرۆکەتان بۆ دەگێڕمەوە:

پۆلی پێنجی سەرەتایی بووم. سەرجەم ٦ قوتابی بووین. وێڕای پۆلی یەکەم و سێهەم لە هۆدەیەکدا دەمانخوێند. ئەو ساڵەش دوو مامۆستامان هەبوو. یەکیان محەممەدی نادرئەحمەدی بوو کە دەرسی بە دوو پۆلی دووهەم و چوارەم دەگوت. خالیدیش کە قەت نەمانزانی شۆرەتی چییە، مامۆستای پۆلەکانی یەک و سێ و پێنج بوو. شێت و دەلوویەک لەو دەشتە. ئەمن ئەگەرچی لە هاوپۆلەکانم زیرەکتر بووم بەڵام کەم رۆژ هەبوو وێڕای ئەوانی دیکە لێدانێکمان لێ نەکەوێ. لێدانیش لەوپەڕی بێڕەحمی دا. دارێکی ئەستوور و دەستت راگرە. نە یەک و نە دوان و نە سیان..

پاییز و زستانێکی زۆر سەختمان لە ژێر لێدان و بێڕەحمیەکانی "خالید" دا تێپەڕ کرد. لێدان، ئەشکەنجە و سووکایەتی لەوپەڕی خۆیدا بوو. هەموومان وەزاڵە هاتبووین. مەدرەسەمان لێ ببوو بە زیندان. ئەگەرچی بۆخۆم زۆر جارم لێدان وێدەکەوت بەڵام زۆر جاریش دڵم بۆ ئەو منداڵانە دەسووتا کە بە بێ رەحمانەترین شێوە لێیان دەدرا و ئەشکەنجە دەکران. لە ژێر ئەو لێدان و ئەشکەنجەیەدا گەیشتینە بەهارێ. سەروبەندی نەورۆز و تەعتیلاتی نەورۆز و دیاری کردنی تەکلیف و مەشق بوو. پێش تەعتیلاتێ کە خالیدی موعەللیم بۆخۆی دەگەڕایەوە بۆ شار، تەکلیف و مەشقی بۆ داناین: کتێبی فارسی کە دوو لە سەر سێی خوێندرابوو، دوو جار بە خڕ و پتوونی بنووسینەوە. هەروەها کتێبێکی دیکەشی بۆ داناین کە جارێک بینووسینەوە بەڵام چونکە ئەو کاتیش بە تەما نەبووم بینووسمەوە، ئێستاش لە بیرم نییە کام کتێب بوو.


ئێوارەی نەورۆزێ مەدرەسە تەواو بوو. مامۆستاکان چوونەوە بۆ شار و ئێمەش لە نێوان خۆشیی تەعتیلاتی نەورۆز و تاڵیی نووسینەوەی ئەو هەموو مەشقە، بەرەوماڵ بووینەوە. لای خۆم حیسابم کرد کە ئەگەر هەموو ئەو ١٣ رۆژە نەچمە دەرێ و دانیشم مەشقان بنووسمەوە، هێشتا ئەو هەموو مەشقەم بۆ تەواو نابێ. لەولاوەش دەبوو خۆشیی تۆپێن و کەڵەمستێن و چوونە ناو مەزرا و دەشت و سەحرا لە خۆم حەرام بکەم. هەر زاتەنیش ئەوەندەی لە دەرس خوێندن ئازا بووم، لە نووسینەوەی مەشقاندا دەتگوت بێگارم پێ دەکەن. سەرەنجام لە گەڵ خۆم ساغ بوومەوە کە یەک پیتیش نەنووسمەوە. لە بەر خۆم دەمگوت دوو حەفتەی دیکە قەت تەواو نابێ و هەتا ئەو دەم خودا گەورەیە.


پێنج - شەش رۆژی سەرەتای تەعتیلاتم بە خۆشی و کەیف و نەهەنگ تێپەڕ کرد بەڵام هەتا بیرم لە نەنووسینەوەی مەشقەکان و لێدانی موعەلیمە شێتە دەکردەوە، بەندی دڵم دەپسا و ئەژنۆم شل دەبوو. هەموو جارێ لە دڵە خۆمدا دەمگوت باشە ئەگەر گوتی مەشقەکان دەربێنن، ئەمن چ بکەم؟ ئاخر لەو هەموو مەشقە دەبێ دوو لاپەڕە لە سەر مێزەکە دابنێم و بڵێم ئەوەندەم نووسیوتەوە. دواتریش قەناعەتم بە خۆم دێنا کە ئەگەر کەمێکیش بنووسمەوە مادام هەموویم بۆ نانووسرێتەوە، هیچ فەرق ناکا و چ لە وەزعەکە ناگۆڕێ. رۆژێکی بە دەم ئەم خەیاڵاتەوە گوتم با بچم پرسیارێک لە هاوکلاسیەکانم بکەم بزانم ئەرێ ئەوان چەندەیان نووسیوەتەوە؟ ئاخۆ هەر ئەمنم کە هیچ نانووسمەوە یان ئەوانیش وەک منن. وەک دەڵێن شینی گەڵ ئاواڵان جێژنە پیرۆزیەوەو لە راستیدا ئەمن بۆ شەریکە جورم دەگەڕام. یەک - یەک و دوو - دوو دۆزیمنەوە و پرسیارم لێ کردن. دیار بوو هەموان وەک من بڕیاریان دابوو نەنووسنەوە. بەڵام هیچمان چارەیەکمان بۆ لێدانەکە نەبوو. رۆژێک بە یەکەوە دانیشتین و تەکبیرمان لێ کرد کە ئاخۆ چ بکەین و چ نەکەین؟! نازانم کام لە هاوپۆلەکان پێشنیاری کرد با شکایەت لە معەللیمەکە بکەین. هەموومان ئەوەمان پێ باش بوو بەڵام هیچمان رێگای چۆن شکایەت کردنمان نەدۆزیەوە. نە ئێمە لە دێیەکی دوورە دەستەوە دەستمان بە جێگایەک ڕادەگەیشت و نە لەو تەعتیلاتی نەورۆزەش ئیدارەیەک هەبوو پەنای بۆ بەرین. لەو نێوەدا نازانم کامیان بوو پێشنیارێکی جێگای سەرنجتری دا. ئەو کات بەشی کوردیی رادیۆی تاران بەرنامەی ئێمەو گوێگرەکانی هەبوو کە رۆژانی جومعە بڵاو دەکرایەوەو پێم وایە بە لاسایی بەرنامەی "ئێمە و گوێگرەکان"ی رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران رێک خرابوو. خودا هەڵناگرێ ئەوەی تارانیش زۆر خۆماڵیانە پێشکەش دەکرا و لایەنگری زۆر بوو. گوتی با نامەیەک بۆ ئێمە و گوێگرەکانی تاران بنێرین و سکاڵا بکەین. پێشنیارەکە زۆر باش بوو بەڵام دوو کێشەی گەورەمان هەبوو. یەکەم هیچمان لە کوردی نووسیندا ئەوەندە شارەزا نەبووین تا نامەیەکی ئاوای پێ بنووسین و دووهەم کێ ئامادەیە بە ناوی خۆی ئەو گیانفیداییە بکا؟! کێشەی یەکەم لای ئەوانەی لە ئێمە باوخۆشتر بوون، ئاسان بوو. زۆربەیان کوردی نووسین و خوێندنەوەیان زۆر باش بوو. بەڵام هیچمان نەماندەوێرا بە ناوی خۆمان نامەکە بنووسین. راستیەکەی فکریشمان بۆ ناوی جەعلی و ناسناو و شتی وا نەدەچوو. محەممەد کە دیار بوو لە هەموومان زیاتر لە دەست کوتەک کاریی معەللیم وەزاڵە هاتبوو، گوتی دەچمە لای عەبەسووری پوورم و دەینووسم. ئیدی نازانم هەر مەبەستی ئەوە بوو بەوی دەنووسێ یان ناوەکەش هەر ناوی خۆی بێ. بە هەر حاڵ ئێمە کارەکەمان بەو سپارد. نامە نووسرا و رەوانە کرا. بەڵام یەکەم جومعە زۆر زوو هات و نامە نەخوێندرایەوە. سبەی شەممە بوو و مەدرەسە دەکرانەوە. هەموو دوعاکانمان بۆ مردن و نەهاتنەوەی معەللیم قەبوڵ نەبوون و ئێوارە ئاغا مدیر بە گیانی ناخێری گەیشتەوە. ترس و لەرزی لێدانی سبەی ئارام و قەراری لێ هەڵگرتبووین. هەموو دوعا و بەرنامەکانمان بە کردەوە نەزۆک ببوون. ئێوارە لە دەرکی مزگەوتێ سەعدوون هاتە پەنام و گوتی:

: دەڵێی چی ئەمشەو لێی دەین؟
- لە چی بدەین؟
: لە معەللیمەکە!
- جا چۆنی لێ بدەین؟
: دەچین بەرد کۆ دەکەینەوەو ئێوارە لە ماڵەنگۆڕا لێی دەدەین.

فکری چاک بوو. معەللیمەکان لە وەتاغێکی دوو نهۆمیی بە خشتی سووردا بوون. خۆشترین وەتاغی ئاوایی بوو کە کاک قاسمی کاک هاشم بە دڵ و بە داو بۆخۆی ساز کردبوو بەڵام دواتر باری کرد بۆ شار و بە بەتاڵی مابۆوە. وەتاغەکە پەنجەرەیەکی زۆر گەورەی تێگیرابوو کە رووبەڕووی ماڵی ئێمە بوو. تازە خەریک بوو تاریک دابێ کە زۆر بە دزی و پارتیزانانە کۆمەڵێکی زۆر خڕکە بەردمان لە حەسارێ کۆ کردەوە. شەو سەعدوون میوانم بوو. لە وەتاغێ دوو بە دوو جێگامان بۆ ڕاخرابوو. نیوەشەو کە خەڵک هەموو لە غوڕابەی خەوێدا بوون، بە دزی لە بن لێفان هاتینە دەر و بە ئەسپایی بەرەو شوێنی عەمەلیات وەدەر کەوتین. شەوەکە یەکجار تاریک بوو. بە زەحمەت بەردەکانمان دۆزیەوەو هەر بڵێی یەک و دوو بە ڕەگباری خڕکە بەردان شووشە و پەنجەرەمان هێنا خوارێ. قرم و هۆڕێکمان ساز کرد، نەبێتەوە. بە ئەسپایی و سەرمەست لەو "عەمەلیاتە سەرکەوتوویە" پاشەکشەمان کرد. سەعدوون بەو نیوەشەوە چۆوە ماڵە خۆیان.


سبەی هیچکام لە هاوکلاسیەکان نەیدەزانی ئەو "عەمەلیاتە قارەمانانەیە" کاری کێ بوو بەڵام هەموان خۆشحاڵ بوون. لە معەللیمەکان هێشتا کاک محەممەد نەگەڕابۆوە و خالید بە تەنێ بوو. دیار بوو یەکجار زۆر بەو هێرشەی شەوی رابردوو ترسا بوو. بەیانی کە هاتە سەر کلاس زۆر کز و شڵەژاو دیار بوو. چەند قوتابیەکی برد تا ماڵەکەی لە شووشەی شکاو بۆ پاک بکەنەوە. بەو جۆرەش هەتا نیوەڕۆ نەهاتەوە سەر کلاس. بەڵام نیوەڕۆ کە هاتەوە، هەر ئاوری لێ دەباری. یەکەم قسەشی ئەوە بوو: مەشقەکانتان دەربێنن.


هەموو دەفتەری مەشقەکانیان کردەوە. هەبوو چەند لاپەڕەیەکی نووسیبوو، هەبوو زیاتر و هەشبوو وەک من ئەلفی لە سەر بێ دانەنابوو.

محەممەد چەندان دەرسی نووسیبۆوە بەڵام کە لێی ورد بۆوە بە فێڵەکەی زانی. ئەوەی نیشانی دابوو هەر مەشقەکانی رابردوو بوو بەڵام خەتی خودکارەکەی بە لا زبری پاکوونەکە کڕاندبوو. تاوانەکەی دوو تاوان بوو. وەرە دەرێ!

حامید لەوی زیاتر نووسیبۆوە. دەگەیشتە جارێک نووسینەوەی کتێبی فارسی. هەموو بەغیلیمان پێ دەبرد بەڵام بۆ معەللیمەکەش جیی باوەڕ نەبوو. داوای لێ کرد مەشقی یەکێک لە دەرسەکان بخوێنتەوەو ئێمەش هەمان دەرس لە کتێبەکە بکەینەوە بزانین چۆنی نووسیوتەوە. نەخێر حامید هەر دوو خەتی نووسیبوو و دوانیشی تێپەڕاندبوو! ئەویش موجریم بوو. وەرە دەرێ!

بایز و سمایلیش هەر یەکەی چەند دەرسیان نووسیبۆوە. سەعدوون هەیبوو و نەیبوو تاقە لاپەڕەیەک بەو خەتە ناخۆش و شەقلی و پەقلیەی خۆی بوو. بەڵام ئەمن ئەوەندەشم پێ نەبوو! لە حاڵێکدا کە خودکارەکەی بە سەری پەنجەی گرتبوو تا مەشقەکانم خەت دا و ئەمنیش چم نەبوو نیشانی بدەم، گوتی: کوا مەشقەکانت؟

- نیمە، نەمنووسیوەتەوە!

: بۆ نەتنووسیوتەوە؟

- زۆر بوو، دەمزانی ناتوانم ئەو هەموو دەرسە بنووسمەوە

: بڕۆ شووڵکێکی تەڕم بۆ ببڕە. میتر و نیوێک درێژ بێ. قامکی دۆشاو مژە و ئەسپێ کوژەی بە یەکەوە قڵفە کرد، یانی ئەوەندە ئەستوور بێ، هیچ گرێی تێدا نەبێ.


ئەوەم زۆر پێ خۆش بوو. هیچ نەبێ ماوەیەکی دیکەش خۆم لە لێدان دەدزیەوە. چوومەوە ماڵێ چەقۆیەک بێنم، نەبوو. هەرچۆنی بوو دایکم کێردێکی بۆ پەیدا کردم. وەنێو باغی ئاوایی کەوتم. زۆر گەڕام و چەند جار دەوری ئەو باغەم سەنگ و سووژن دا، شووڵکێکم بەو مواسفاتەی ئەو دەست نەکەوت. چوومەوە ماڵێ. کێردەکەم داوە بە دایکم، بابۆڵەیەکم خوارد و بە ترس و لەرز چوومەوە مەدرەسە. وەختێکی زۆری بۆ کۆتایی ئەو رۆژەی مەدرەسە نەمابوو. کە وەژوور کەوتم، هەموان لە پاڵ تەختە رەشەکە ریز کرابوون. دارێکی پەیدا کردبوو و لێی دەدان. هەموان خەریک بوون هوویان لە دەستیان دەکرد تا ژانی لێدانەکە هێور بکەنەوە بەڵام هەستم کرد معەللیمەکە لە لێدان ماندوو بووە و خاو بۆتەوە.

: کوا شووڵک؟

- وەڵا شووڵکی وام دەست
نەکەوت!

: دەستت بگرەوە

دەستم راگرت دوو داری
چاکی لە دەستم دا.

هەموانی دەنگ دا بچن
دانیشن. ئەمنیش وێڕای ئەوانی دیکە چووم دانیشتم. پاش چەند خولەکیش: هەستن بڕۆنەوە. بەو جۆرە دوو حەفتەر ترس و لەرزم لە نەنووسینەوەی مەشقی مەدرەسە و لێدانی مامۆستا کۆتایی هات. بەڵام نامەی گۆرین بۆ بەرنامەی ئێمە و گوێگرەکانی رادیۆ تاران هەر وا لە ڕێدا بوو. هەینی هات و نیوەڕۆ بە تامەزرۆییەوە لە پەنا رادیۆ دانیشتم. نامەیەک و دوان خوێندرانەوەو نۆرە گەیشتە نامەی محەممەدی م... تێیدا زۆر بە تەسەلی باسی ئازار و ئەشکەنجەی معەللیمی مەدرەسەی پیروەلی باغی کرابوو. وێژەر داوای لە بەرپرسانی ئاموزش و پەروەرشی مەهاباد کرد بەدواداچوون بکەن و لێی بکۆڵنەوە. سەرەنجام دەنگمان بە جێگایەک گەیشتبوو و خۆشحاڵ بووین. سبەی هەموومان بە خۆشحاڵی و بە دڵنیاییەوە محەممەد بە ترس و لەرز، چووینەوە مەدرەسە. خالید لە هەمیشە تووڕە و تۆسنتر بوو. بەڵام دیار بوو ترسی لێ نیشتبوو. هیندەی لە بیرم بێ محەممەدی ئەزیەت دا و لێی دا. سمایل کە کوڕە پووری بوو لە سەری وەجواب هات. سەعدوون هەستا گوتی هەموومان نووسیومانەو ئێمەش پشتمان گرت. معەللیم هەستی کرد لەگەڵ کودەتا بەرەوروو بۆتەوە بەڵام هەڕەشەی لەو و لە هەموومان کرد کە نابێ پشتی ئەو نامەیە بگرین و.. دوو رۆژ دواتر مەعمور لە ئامووزش و پەروەرشی مەهابادەوە گەیشت. هێندێک شتی لە ئێمە پرسی و پاشان لە گەڵ خالید کۆ بۆوە. بە دوای ئەوەدا هەناسەیەکمان هاتەوە بەر.
ئەگەرچی لێدان کۆتایی نەهات بەڵام ئیدی وەک جاران نەبوو.

۷/۲۷/۱۳۸۵

پەیام بۆ دووهەم کۆنفرانسی لاوان لە فینلاند

به‌رێزان به‌شدارانی کۆنفرانسی یه‌کێتی لاوانی دێموکرات له‌ وڵاتی فینلاند
سڵاوێکی شۆرشگێرانه‌
به‌ خۆشییه‌وه‌ ئاگادار کراوم که به‌ پێی بریاری پێشووتان،‌ ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 2006.11.19 کۆنفرانسه‌که‌تان ده‌ست به‌ کاره‌کانی خۆی ده‌کا. له‌وه‌ زۆر به‌ داخم که‌ به‌ هۆی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تیی خۆم، ناتوانم به‌شداری کۆنفرانسه‌که‌تان بم، به‌و بۆنه‌وه‌ داوای لێبوردنتان لێده‌که‌م و هاوکات هیوا ده‌خوازم که‌ هه‌ر وه‌ک لێتان چاوه‌روان ده‌کرێ، کۆنفرانسێکی ته‌سه‌ل له‌ باسه‌ سیاسی و هه‌نووکه‌ییه‌کانی ئه‌مڕۆی گه‌له‌که‌مان به‌ گشتی و یه‌کێتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان به‌ تایبه‌تی له‌ وڵاتی فینلاند به‌رێوه‌ به‌رن و هه‌ڵسووڕاوانه‌ تێیدا به‌شدار بن.

هاوڕێیانم له‌ کومیته‌ی فینلاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئه‌رکی به‌شداری له‌ کۆنفرانسیان کێشاوه‌ و په‌یامی کومیته‌که‌مانتان پێشکه‌ش ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه‌ به‌ پێویستی نازانم زۆرتر کاتی کۆنفرانسه‌که‌تان داگیر بکه‌م، ته‌نیا ئه‌وه‌ی که‌ زۆرم به‌ لاوه‌ گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هیوام ده‌خواست هه‌موو ئه‌ندامانی یه‌کێتی لاوان له‌ وڵاتی فینلاند به‌شداری کۆنفرانسه‌کاتان ببوایه‌ن، هه‌ر چه‌ند ده‌زانم ئه‌و لێک دابڕانه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ ده‌ست ئێوه‌ی به‌رێز دا نه‌بووه‌ و ده‌ستانێکی تیکده‌ر، پێشتر هه‌وڵی ئه‌و لێکدابڕانه‌یان داوه‌. داواتان لێده‌که‌م به‌رپرسانه‌ هه‌نگاوه‌کانتان به‌ره‌و تۆکمه‌تر کردنی ریزه‌کانتان به‌ بڕشت‌تر بکه‌ن.


له‌ ناخی دڵمه‌وه‌ پیرۆزبایی ده‌ستبه‌کاربوونی کۆنفرانسه‌که‌تان پێده‌ڵێم و هیوای سه‌رکه‌وتنتان بۆ به‌ ئاوات ده‌خوازم.
به‌ رێزه‌وه‌
تاهیر قاسمی
به‌رپرسی کومیته‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ وڵاتی فینلاند

2006.11.19

تێبینی: ئەو کات بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووم لە فینلاند

۴/۲۹/۱۳۸۴

خۆپیشاندانه‌کانی مه‌هاباد و بێ هه‌ڵوێستی کوردان و هێزه‌‌ سیاسییه‌کان


له‌ بابه‌تی پێشوودا باسی رووداوی شه‌هید بوونی شوانه‌ و به‌رز بوونه‌وه‌ی ده‌نگی ناره‌زایه‌تی خه‌ڵکی مه‌هابادم کرد و هه‌روه‌ها ئاماژه‌م به‌ هه‌ڵوێستی یه‌کیتی شۆڕشگیرانیش کرد. هه‌ر له‌ پێوه‌ندی یه‌کێتی شۆرشگیراندا پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ وه‌ک تاکه‌ هه‌نگاوی به‌ کرده‌وه‌ کۆریکی رێزلێنانیان له‌ شه‌هید شوانه‌ به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵێک ریکخراو و حیزبی به‌شه‌کانیتری کوردستان، جگه‌ له‌ کوردستانی ئێران، گرت، که‌ ئه‌گه‌رچی هه‌نگاوێکی پیرۆز به‌ڵام زۆر بچووک بوو.
هه‌ڵوێستی کوردان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری کوردستانی ئێران
ئه‌وه‌ی که‌ له‌م خۆپیشاندانه‌دا جێگای داخ بوو، نه‌بوونی هیچ جۆره‌ پشتیوانییه‌کی کوردانی ده‌ره‌وه‌ی سنووری کوردستانی ئێران و ته‌نانه‌ت ناوخۆی کوردستانی ئێرانیش بوو . له‌ کاتێکدا که‌ خه‌ڵکی کوردستانی ئێران به‌ گشتی و خه‌ڵکی مه‌هاباد به‌ تایبه‌تی ، له‌ هه‌موو بۆنه‌ خۆش و ناخۆشه‌کانی به‌شه‌کانی تری کوردستاندا ( گیرانی به‌ڕێز ئوجه‌لان، ته‌قینه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌ندی سێی یه‌کیه‌تی و لقی دووی پارتی، به‌ سه‌کۆمار بوونی مامجه‌لال، به‌ سه‌رۆک بوونی کاک مه‌سعوود و ... )به‌ کرده‌وه‌ هه‌ڵپه‌ریون و فرمێسکیان رشتووه‌ ، له‌ سه‌ریان تووشی ئازار و گرتن و لێدان و راوه‌دوونان هاتوون، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ گوێبیسی بچووکترین هه‌ڵوێستی کوردان نه‌ له‌ عیراق و نه‌ له‌ تورکیا و نه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات نه‌بووین . هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له‌ مێژوو بده‌ینه‌وه‌ ، تووشی گه‌لێک له‌و بێ هه‌ڵوێستییه‌ی کوردانی به‌شه‌کانیتری کوردستان ده‌رهه‌ق به‌ کوردستانی ئێران ده‌بین. بۆ وێنه‌ ؛ له‌ کاتێکدا مه‌لا مسته‌فا له‌ کۆماری کوردستاندا پله‌ی ژینراڵی پێده‌درێ و رێزی لێده‌گیرێ ، له‌ ساڵانی 46-47 دا کوردانی ئێران که‌ په‌نایان بۆ بارزانی هێنابوو به‌ زیندوویی و به‌ کوژراوی ته‌حویلی حکوومه‌تی حه‌مه‌ره‌زاشا ده‌درێنه‌وه‌ نموونه‌ی شه‌هیدان معینی و سه‌دیقی ئه‌نجیری ئازه‌ر و مراد شیرێژ و ... . یاخود له‌ کاتێکدا به‌ دوای هه‌ره‌سهێنانی شۆرشی کورد له‌ کوردستانی عێراق و په‌نا هێنان بۆ باوه‌شی ئاوه‌ڵای کورده‌کان له‌ ئێران، قیاده‌ی مووه‌قه‌ت ساز ده‌که‌ن و بۆ خۆ شیرن کردن له‌ هه‌مبه‌ر حکوومه‌تی تازه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی مه‌لاکان، شان به‌ شانی سپای پاسداران شه‌ڕی کوردی ئێران ده‌که‌ن. یا خود وڵامی میوانداریی کورده‌کانی ئێران ده‌رهه‌ق به‌ ئاواره‌کانی کۆڕه‌وه‌که‌ی به‌هاری 91 به‌ تیرۆری کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حیزبه‌ کوردییه‌کان و په‌لکێش کردنی سپای پاسداران به‌ فه‌رمانده‌یی قاتڵی دوکتور قاسملوو، سه‌حراروودی ، بۆ سه‌ر مقه‌ره‌کانی حیزبی دیموکرات ده‌درێته‌وه‌. ئه‌مجاره‌ش له‌ کاتێکدا که‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید شوانه‌ ده‌ستی یارمه‌تیان بۆ لای کاک مه‌سعوود درێژ کرد، ته‌نانه‌ت وڵامی نامه‌که‌شیان نه‌درایه‌وه‌ . ڕه‌نگه‌ بڵێن هه‌لومه‌رجه‌که‌ وا ده‌خوازێ، به‌ڵام گه‌لۆ!! ئه‌و که‌ له‌ ته‌نگانه‌دا فریام نه‌که‌وێ، له‌ فه‌رعانه‌دا بۆ چیمه‌. ته‌نانه‌ت هه‌ر دوو ته‌له‌ڤزتۆنی کوردستان و کوردساتیش ، دوای هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان هه‌واڵه‌که‌یان بیست و به‌ سه‌ر و گوێ شکاوی بڵاویان کرده‌وه‌.
پ.ک.ک.
له‌ کوردستانی تورکیه‌ش که‌ تا ئێستاش لاوانی مه‌هاباد‌ پۆل پۆل له‌ دیاربه‌کر و وان و هه‌کاری شه‌هید ده‌بن ، و له‌ گیرانی به‌ڕێز ئوجه‌لاندا گه‌لی کورد له‌ کوردستانی ئێران به‌ هه‌موو توانایانه‌وه ‌هاتنه‌ مه‌یدان ، به‌ داخه‌وه‌ نه‌ک شایه‌تی هه‌نگاوێکی به‌ کرده‌وه‌ی په‌که‌که‌ له‌م پێوه‌ندییه‌دا نه‌بووین، به‌ڵکوو زۆر به‌ ئاشکرا له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌یانه‌وه‌ ده‌بیسترا که‌ له‌ هه‌وڵی به‌ لاڕێدا بردنی خۆپیشاندانه‌کان و گۆڕینی خواست و ویسته‌کانی خه‌ڵک دان . له‌ لایه‌ک ئوپورتونیستیانه‌ ،به‌ به‌رز کردنه‌وه‌ی دروشمی ئازادی بۆ ئوجه‌لان و مانگرتنی دایکانی ئاشتی له‌ مهاباد ، ویستیان خۆپیشاندانه‌که‌ بۆ حکوومه‌تی ئێران بێ ئازار که‌ن . ئه‌گه‌رچی هیوای ئازادی ئوجه‌لان و هه‌موو زیندانیانی سیاسی کورد ، له‌ هه‌ر شوێنێکی ئه‌م دنیایه‌ ، ئاواتی هه‌موو ئازادیخوازێکه‌ ، به‌ڵام بێگومان هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانین که هه‌ڵگرتنی‌ ئه‌م درووشمه‌ له‌ ناو کوردستانی ئیراندا و له‌ هه‌لومه‌رجی ئه‌و رۆژانه‌ی شاری مه‌هاباددا ، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین یارمه‌تی ره‌ژیم ده‌دا و خواستی گه‌ل بێره‌نگ ده‌کاته‌وه‌ ، له‌ خۆشبینترین حاڵه‌تدا ده‌توانێ ئامانجی ته‌سکی حیزبایه‌تی له‌ پشت بێ . چونکه‌ له‌ لایه‌ک به‌ڕێز ئوجه‌لان نه‌ک دوژمنی راسته‌وخۆی کۆماری ئیسلامی نه‌بووه‌ و نه‌ک کۆماری ئیسلامی رۆڵێکی له‌ گیرانیدا نه‌گێڕاوه‌ ، به‌ڵکوو له‌ زۆر حاڵه‌تدا پشتیوانی حیزبه‌که‌شی بووه‌ و ته‌نانه‌ت تا ئه‌م دواییانه‌ش له‌ شاری ورمێ جێگا و رێگای بۆ دابین کردوون . له‌ لایه‌کیتر په‌که‌که‌ چ له‌ ناوخۆی کوردستانی تورکیه‌دا که‌ خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی به‌هێزه‌ و چ له‌ ناو کوردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا ، که‌ خاوه‌نی زۆرینه‌ترین و به‌ هێزترین رێکخستنه‌، لانی که‌م بۆ وه‌فاداری به‌ یارمه‌تییه‌کانی گه‌لی کورد له‌ کوردستانی ئێران به‌ خۆیان ، له‌ بچووکترین چالاکی بۆ پشتیوانی ئه‌م حه‌ره‌که‌ته‌ خۆی بوارد و جارێکیتر ئه‌وه‌ی به‌ گه‌لی کورد سه‌لمانده‌وه‌ که‌ بوونی کوردانی به‌شه‌کانی تری کوردستان له‌ ناو ریزه‌کانی ئه‌م حیزبه‌دا، له‌ کار کردن به‌ ئامرازێک پتر تێناپه‌ڕێ .
وه‌ک کورد ده‌ڵێ ؛
با خۆشه‌ویستی له‌ هه‌ردوو سه‌ر بێ
نه‌ک یه‌ک بسوتێ و یه‌ک بێخه‌به‌ر بێ
له‌و لاشه‌وه‌ ئه‌ندامانی پژاک هه‌ڵمه‌تێکی پڕوپاگه‌نده‌ییان بۆ نه‌بوونی پێوه‌ندی شه‌هید شوانه‌ به‌ یه‌کێتی شؤڕشگێڕان ده‌ست پێکرد که‌ پتر لافی پێکهێنانی به‌ره‌ ، که‌ به‌ خواستی خۆیانی ده‌زانن ، بۆ خه‌ڵک روونکرده‌وه‌ .
حیزبی دیموکرات
ئه‌گه‌رچی حیزبی دیموکرات وه‌ک به‌ نفووزترین حیزب له‌ کوردستانی ئێران، ده‌یتوانی به‌ باشترین شێوه‌ له‌م خۆپیشاندانانه‌ که‌ڵک وه‌رگرێ ، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ی که‌ ساڵانێکه‌ گیرۆده‌ی بووه‌ و به‌ هۆی نه‌بوونی ئامرازی پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ خه‌ڵک ، چالاکییه‌کانی ته‌نیا له‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌کان و راگه‌یاندنی ده‌فته‌ری سیاسیدا قه‌تیس مایه‌وه‌ . به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ پتر له‌ هه‌ر شتێک جێی ره‌خنه‌ و گله‌ییه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌نانه‌ت ته‌شکیلاتی ئوروپای ئه‌و حیزبه‌ ، که‌ له‌ ناو کورده‌ ئێرانییه‌کانی دانیشتووی ئوروپادا خاوه‌نی به‌هێزترین پێگه‌ و رێکخستنه‌ ، هیج جۆره‌ چالاکییه‌ک بۆ پشتیوانی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ ، که‌ بێگوومان له‌ هه‌موو لایه‌ک زیاتر پێوه‌ندی به‌م حیزبه‌ و به‌ ساڵرۆژی شه‌هید بوونی رێبه‌ره‌که‌یه‌وه‌ هه‌بوو ، نه‌کرا . له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌م رووداوانه‌ هاوکات بوو له‌ گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ئه‌و حیزبه‌ به‌ بۆنه‌ی شه‌هید بوونی دوکتور قاسملوو له‌ وڵاته‌ جۆراوجۆره‌کانی ئوروپا و ئه‌مریکادا، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ نه‌یانتوانی به‌ یه‌که‌وه‌ گرێی بده‌نه‌وه‌. تازه وا دیاره‌ ئه‌و شۆکه‌ به‌ریداون و‌ بانگه‌وازی یه‌کیتی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئیران بۆ خۆپیشاندان به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانی له‌م حه‌ره‌که‌ته‌ی خه‌ڵکی شاری مه‌هاباد بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، که‌ به‌ بڕوای من زۆر دره‌نگه‌ .

۴/۲۸/۱۳۸۴

چه‌ند سه‌رنجێک له‌ سه‌ر ناره‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی مه‌هاباد



ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌، ڕێکه‌وتی 18 ی پووشپه‌ڕ ، 9 ی ژولای، هێزه‌کانی حکوومه‌تی ئێران ته‌قه‌یان له‌ لاوێکی شؤرشگێری شاری مهاباد به‌ ناوی "سه‌ید که‌ماڵی ئه‌سفه‌ره‌م" ناسراو به‌ " شوانه‌ی سه‌ید قادر" کرد و به‌ پێی هێندێک سه‌رچاوه‌ برینداریان کرد و پاشان گرتوویانه‌ و له‌ ژێر ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌دا گیانی له‌ ده‌ست داوه‌. جه‌للادانی ره‌ژیم له‌ ژێر زه‌خت و فشاری بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید شوانه‌ و کۆمه‌ڵێکی زۆر له‌ هه‌ڤاڵانی شوانه‌ و هاوگه‌ڕه‌که‌کانی له‌ "پشتته‌پ" که‌ به‌ده‌م بنه‌ماڵه‌ی شوانه‌وه‌ چووبوون، دوای تێپه‌ڕینی پتر له‌ بیست و چوار سه‌عات به‌ سه‌ر کاره‌ساتی برینداربوون و گیرانیدا، ته‌رمه‌ شوێندراو و ئه‌شکه‌نجه‌کراوه‌که‌ی له‌ لایه‌ن چه‌کدارانی ره‌ژیم ، ته‌حویلی بنه‌ماڵه‌که‌ی ده‌درێته‌وه‌ و وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان، داوای لێده‌که‌ن که‌ ده‌بێ هه‌ر به‌م شه‌وه‌ بینێژن. ئه‌م هه‌واڵه‌ هه‌ر زوو له‌ ناو شاردا ده‌نگ ده‌داته‌وه‌ و خه‌ڵکێکی زۆر بۆ به‌ خاک سپاردنی ته‌رمی شوانه‌ کۆ ده‌بنه‌وه‌ و هه‌ر به‌م شه‌وه‌ که‌سانێکی ئازا هه‌له‌که‌ ده‌قۆزنه‌وه‌ و چه‌ند وێنه‌ له‌ ته‌رمی شه‌قار شه‌قاری شوانه‌ ده‌گرن و له‌ ناو خه‌ڵک و دواتر به‌ ڕێگه‌ی تۆڕی ئینترنیت، به‌ هه‌موو دنیادا بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌. وێنه‌کان ئه‌وه‌نده‌ به‌ ناخۆشی کاره‌ساتی شه‌هید بوونی ئه‌و لاوه‌ و ئه‌شکه‌نجه‌ وه‌حشیانه‌کانی سه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌ویان ده‌گێڕایه‌وه‌، که‌ هه‌موو مرۆڤێک توانای بینینی وێنه‌کانی نه‌بوو. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکرد که‌ خه‌ڵک هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای بۆنه‌ی به‌ خاک ئه‌سپاردنی ئه‌م لاوه‌ ئازا و چاو نه‌ترسه‌دا، رق و بێزاری خۆیان له‌ حکوومه‌ت و کاربه‌ده‌ستانی دووپات بکه‌نه‌وه‌ و به‌ دانی دروشم و ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی، بۆنه‌که‌ به‌ره‌و‌ بۆنه‌یه‌کی نیشتمانی و شۆرشگێری بگۆرن و ناره‌زایه‌تی و هاتنه‌ مه‌یدانی خه‌ڵک بۆ رۆژی دواتریش درێژه‌ی کێشا. خه‌ڵک به‌ دار و به‌ر و چه‌قۆ و تفه‌نگ به‌ره‌نگاری حکوومه‌ت بوونه‌وه‌. ئه‌مجاره‌یان ژنانیش به‌ کۆ کرنه‌وه‌ی به‌رد و رشتنی ئاوی کوڵیو له‌ په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌کانیانه‌وه‌ به‌ سه‌ر داگیرکه‌راندا، به‌شداری چالاکییه‌که‌یان کرد. چه‌کدارانی ره‌ژیم به‌ پێچه‌وانه‌ی جاره‌کانی پێشوو ، له‌ چه‌کی گه‌رم که‌متر که‌ڵکیان وه‌رگرت و پتر به‌ گازی فرمێسک ڕێژ، که‌ له‌مێژه‌ بۆته‌ ئاواتێک بۆ گه‌لی ئێمه‌، به‌ره‌نگاری خه‌ڵک بوونه‌وه‌ . ناره‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌کان له‌ رۆژی 21 ی پووشپه‌ڕدا به‌ گیرانی کۆمه‌ڵێکی زۆر له‌ لاوان پتر په‌ره‌ی گرت و له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ 22 ی پووشپه‌ڕدا، که‌ ڕێکه‌وتی تیرۆری رێبه‌ری مه‌زنی گه‌لی کورد دوکتور عه‌بدوڕه‌حمانی قاسملوویه‌، گه‌یشته‌ لووتکه‌ و خه‌ڵک به‌ داخستنی دووکانه‌کانیان و نه‌چوونه‌ سه‌ر کار، یاد و بیره‌وه‌ری ئه‌م رێبه‌ره‌ی خۆیان به‌رز راگرت و له‌ هه‌مانکاتدا ره‌نگ و بۆنێکی سیاسیتریان به‌ ناره‌زایه‌تیه‌کان به‌خشی. رۆژانی دواتری ئه‌م خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تییانه‌ که‌ تا رۆژی یه‌کشه‌ممه‌، 28 ی پووشپه‌ڕی خایاند و به‌ گه‌یشتنی هه‌زاران که‌س له‌ هێزه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ره‌ژیم له‌ شاره‌ جۆراوجۆره‌کانه‌وه‌ و به‌ کوژرانی ده‌ره‌جه‌دارێکی سایین قه‌ڵایی و ئاگردانی پانکی سپه‌ی مه‌یدانی حه‌یوانان و بریندار بوون و گیرانی ده‌یان و سه‌دان که‌س له‌ لاوانی شار و له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ی فه‌رمانداری شاردا و به‌ هۆی نه‌بوونی هیچ پشتیوانییه‌کی به‌کرده‌وه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی کۆتایی پێهات .

شوانه‌ کێ بوو، بۆ شه‌هید کرا؟
سه‌ید که‌ماڵی ئه‌سفه‌ره‌م ناسراو به‌ شوانه‌ ، کوری سه‌ید قادر که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵکی ئاوایی" کامه‌م" ن، و به‌ دوای کۆچی بنه‌ماڵه‌که‌یان بۆ شاری مهاباد، له‌ 1361دا له‌و شاره‌ خۆڕاگره‌ هاتۆته‌ دنیا و تا پۆلی یه‌کی ناوه‌ندی خوێندووه‌ و دواتر له‌ ته‌ک باوکیدا ده‌ستی به‌ کاری به‌ننایی و قوڕه‌کاری کردووه‌.شوانه‌ وێده‌چێ سه‌ردانی کوردستانی عێراقی کردبێ و سه‌ری له‌ یه‌کێتی شۆڕشگێڕان ده‌رهێنابێ. ئه‌گه‌رچی لا‌یه‌نگرانی په‌که‌که‌ به‌م هه‌واڵه‌ تووڕه‌ن و زوو زوو به‌ ناوی جۆراوجۆری وه‌ک هاوڕێیانی شوانه‌ و شتی وا، ئه‌م ئیددیعایه‌ی یه‌کێتی شۆرشگێران وه‌درۆ ده‌خه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌ دوای شه‌هید بوونی شوانه‌دا، یه‌کێتی شۆرشگێران، به‌ په‌له‌ راگه‌یه‌ندراوی ده‌رکرد و شوانه‌ی وه‌ک ئه‌ندامێکی خۆی به‌ خه‌ڵک ناساند و به‌ پێچه‌وانه‌ی راگه‌یه‌نه‌کانیتر که‌ تا ئه‌م دواییانه‌ش ناوی ئه‌ویان به‌ هه‌ڵه‌ باس ده‌کرد، ناوی راسته‌قینه‌ی شوانه‌ (سه‌ید که‌ماڵی ئه‌سفه‌ره‌م) و وێنه‌یه‌کی تایبه‌تی ئه‌وی بڵاو کرده‌وه‌ که‌ به‌ بڕوای من شایه‌تی ئیدیعای ئه‌وانه‌. به‌ڵام وێده‌چێ شوانه‌ی شه‌هید ئه‌ندامه‌تی ئه‌وانی نه‌کردبێ و ته‌نیا یارمه‌تی لێوه‌رگرتبن. چونکه‌ وه‌ک باس ده‌کرێ شوانه‌ یه‌کێک له‌ چالاکانی ڕێکخستنی خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی شاری مهاباد به‌ بۆنه‌ جۆراوجۆره‌کانی ؛ نه‌ورۆز و به‌ سه‌رکۆمار بوونی مام جه‌لال و به‌ سه‌رۆک بوونی کاک مه‌سعوود بووه‌ که‌ وه‌ک ده‌زانین زۆربه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ به‌ دروشمی دژ به‌ ره‌ژیم و لایه‌نگری له‌ حیزبه‌ کوردییه‌کان و که‌سایه‌تییه‌ شه‌هیده‌کانی کوردستان شکاوه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا نه‌بیستراوه‌ و نه‌دیتراوه‌ که‌ دروشمێک بۆ پشتیوانی یه‌کێتی شۆرشگێران و یاد کردنێک له‌ شه‌هید" سه‌عیدی یه‌زدانپه‌نا" سه‌رکرده‌ی شه‌هیدی ی.ش.ک. درابێ. هه‌ڵبه‌ت یه‌کێتی شۆرشگێرانیش له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یدا ئه‌و ئیددیعایه‌ی نییه‌.به‌ڵام له‌ پێوه‌ندی شه‌هید بوونی شوانه‌دا، وه‌ک باسکرا، شوانه‌ یه‌کێک‌ له‌ ڕێبه‌ران و رێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌کان بووه‌ و رێکه‌وتی شه‌هید بوونی که‌ به‌ره‌ به‌ری ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور قاسملوویه‌ پتر ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمینن که‌ هێزه‌کانی ره‌ژیم بۆ چاوترسێن کردنی خه‌ڵک و به‌رگریکردن له‌ ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ به‌ بۆنه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ ، که‌ له‌ مێژوی گه‌لی کورد به‌ تایبه‌تی له‌ کوردستانی ئێراندا به‌ رۆژێکی نگریس ناسراوه‌. ره‌ژیم وای لێکداوه‌ته‌وه‌ که‌ خه‌ڵک بۆ هاتنه‌ سه‌رشه‌قام به‌ دوای خۆپیشاندانه‌کانی یه‌ک ساڵی رابردوودا، ترسیان شکاوه‌ و ره‌نگه‌ به‌ بۆنه‌ی ساڵڕۆژی تیرۆری رێبه‌ره‌که‌یان، کاری گه‌وره‌تریش بکه‌ن و هه‌ر بۆیه‌ یه‌کێک له‌ رێکخه‌رانی رێپێوانه‌کانیان ‌به‌ر په‌لامار داوه‌.له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ رێکه‌وتی شه‌هید بوونی شوانه‌ هاوکات بوو‌ له‌ گه‌ڵ ده‌ست به‌کار بوونی فه‌رمانده‌ی نوێی هێزه‌ ئینتیزامییه‌کانی ئێران و به‌ره‌ به‌ری ده‌ست به‌کار بوونی سه‌رکۆماری هه‌ڵبژێرێندراوی ئێران، مه‌حموودی ئه‌حمه‌دی نیژاد، که‌ بیره‌وه‌ریه‌کی خۆشی له‌ پێشوازی خه‌ڵکی کوردستان به‌ گشتی و مهاباد به‌ تایبه‌تی له‌ مێشکدا نییه‌. ته‌نانه‌ت له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا یه‌کێک له‌ سندووقه‌کانی ده‌نگدان، ئه‌گه‌رچی ته‌نیا ده‌ ده‌نگی تیدا بوو، به‌ڵام له‌ لایه‌ن شوانه‌ و هه‌ڤاڵانییه‌وه‌ فڕێ درابوو. به‌ر له‌م رووداوه‌ش خه‌ڵک زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی شه‌پۆلی رق و تووڕه‌یی ره‌ژیم و سه‌رکۆماره‌ نوێیه‌که‌ی بۆ سه‌ر کوردستان ده‌کرد. به‌ تایبه‌تی که‌ ئه‌حمه‌دینیژاد چ وه‌ک فه‌رمانده‌ی سپای پاسداران له‌ کوردستان و چ وه‌ک یه‌کێک له‌ قاتڵانی دوکتور قاسملوو، ده‌ستی له‌ ناو هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌کانی گه‌لی کورد له‌ کوردستانی ئێراندا هه‌بووه‌ و هه‌یه‌.

پێشنیار بۆ پێكهێنانی به‌ره‌ی دیموکراتیکی میللی کورد



رۆژی هه‌ینی ، 24 ی پووشپه‌ڕ ، ڕاگه‌یه‌ندراوێک له‌ ژێر ناوی "به‌ره‌ی یه‌کگرتووی دیموکراتیکی میللی کورد" له‌ لایه‌ن ڕێکخراوی مافی مرۆڤ له‌ کوردستان بڵاو کرایه‌وه‌ که‌ وێڕای ئاماژه‌ به‌ ڕاده‌ی یه‌کجار که‌می به‌شداری خه‌ڵکی کوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م داوییه‌ی ئێران و مافه‌ هه‌رده‌م پێشێل کراوه‌کانی گه‌لی کورد ، باس له‌ پێویستی به‌ پراکتیزه‌کردنی بیرۆکه‌ی پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی پێکهاتوو له‌ هه‌موو حیزب و ڕێکخراوه‌ سیاسی و مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی کوردستان یا خود پێکهێنانی فیدراسیۆنێک له‌ یه‌کگرتن و نه‌ تێکه‌ڵبوون ، کراوه‌. مه‌حه‌ممه‌د سه‌دیقی که‌بوودوه‌ند نووسه‌ری ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ ، که‌ سکرتێری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ له‌ کوردستانه ، وه‌بیر دێنێته‌وه‌ که‌ له‌م راگه‌یه‌ندراوه‌دا، پێشنیاره‌کانیی هه‌ڵگری بیروڕای تایبه‌تی خۆیه‌تی و ده‌یهه‌وێ به‌م زووانه‌ بانگه‌وازێک بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ئیمزای هاوده‌نگانی ئه‌م پیشنیارانه‌ له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ، ئاماده‌ بکا.
دویچه‌ وله‌: به‌ڕێز که‌بودوه‌ند ، ئێوه‌ له‌و ڕاگه‌یا‌ندنه‌دا که‌ به‌م دواییه‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌تان به‌ بایکۆتکردنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی (ئێران) له‌ کوردستان کردووه‌ که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای بانگه‌وازی حیزب و لایه‌نه‌کان نه‌بووه‌ و پێتان وایه‌ که‌ بۆ به‌ به‌رنامه‌ کردنی ئه‌و بایکۆت و ناره‌زایه‌تییانه‌ ،‌ کوردستان پێویستی به‌ هێزێکی ڕێکخه‌ری باش هه‌یه‌ . ده‌کرێ له‌ سه‌ره‌تادا بفه‌رموون ئه‌و لاوازییانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستای کوردستان چین که‌ ده‌بێ ئالترناتیوی بۆ بدۆزرێته‌وه‌؟
محه‌ممه‌د سه‌دیقی که‌بودوه‌ند: ده‌بێ بڵێم سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو‌ هه‌وڵ و تێکۆشان و ته‌بلیغات و سیاسه‌ت و ته‌رفه‌نده‌ خه‌ڵک هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌ی باڵه‌کانی حکوومه‌ت به‌ مه‌به‌ستی ڕاکێشانی خه‌ڵک بۆ سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان، دیتمان که‌ له‌م کاره‌دا سه‌رنه‌که‌وتن. کورده‌کان به‌و هۆیه‌ به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا نه‌کرد ، چونکه‌ هیچ به‌رژه‌وندیه‌کی تێدا نابینن. له‌ ڕاستیدا به‌شداری نه‌کردنی کورده‌کان له‌ هه‌ڵبژاردندا زۆر ئاگایانه‌ و هۆشیارانه‌ بوو و ئه‌مه‌ ده‌کرێ شێوازێک له‌ ریفراندۆم بێ . کورده‌کان ئه‌گه‌رچی له‌ بواری ئابووریدا هه‌ژارن، به‌ڵام دروشمه‌کانی دابینکردنی بژیوی ژیان و تا ڕاده‌یه‌ک سوسیالیستیانه‌ی کۆنه‌پاڕێزان نه‌یانتوانی ئه‌وان بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و له‌ هه‌مانکاتدا به‌ڵێنییه‌کانی دابینکردنی مافی هاوڵاتی و لیبرالیستی و دیموکراسیخوازی ریفۆرمخوازانیش نه‌یانتوانی به‌ره‌و سندووقه‌کانی ده‌نگدانیان به‌ر‌ن. چونکه‌ به‌شداری له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ هاوشێوه‌کانیتردا ناتوانێ ویست و خواسته‌کانی ئه‌وان دابین بکا. به‌ بڕوای من کوردان له‌م ئاکامه‌ نیزیک ده‌بنه‌وه‌ که‌ یاسا و پێکهاته‌ یاسایییه‌کانی زاڵ (به‌ سه‌ر ئه‌واندا) له‌ بنه‌ڕه‌تدا نه‌ک مافی ئه‌وان دابین ناکا به‌ڵکو مافیشیان پێ ڕه‌وا نابینێ. هه‌ربۆیه‌ ته‌حریم و به‌شداری نه‌کردنی خه‌ڵک له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌کرێ ریفراندۆمێک بێ بۆ دانانی وه‌ها یاسا و پێکهاته‌یه‌ک ، به‌ تایبه‌ت پێکهاته‌ی ماف و یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌کان. مافی دیاریکردنی چاره‌نووس مافێکه‌ که‌ کوردان ناتوانن وازی لێ بێنن. خه‌بات و تێکۆشانی ده‌یان و سه‌دان ساڵه‌ی ئه‌م گه‌له‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌م داوایه‌یه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ته‌حریم و بایکۆته‌ ته‌نیا به‌رهه‌می ویستی ئوپوزیسیۆنی کورد نه‌بوو. ئه‌م حیزب و رێکخراوه‌ کوردییانه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا ، به‌ هۆی نه‌بوونی بارودۆخی بانگه‌شه‌یی و ته‌بلیغاتی ، ئه‌ندامیان زۆر نییه‌ و ئه‌ندامانییان زۆر که‌من. به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی که‌ ده‌ستمان که‌وتوون، به‌شێکی زۆر له‌ خه‌ڵکی کورد، ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی رێکخراوه‌ کوردییه‌کانیش له‌ پێوه‌ندی هه‌ڵبژاردندا ئاگادار نه‌کراون . هه‌ربۆیه‌ ناکرێ بڵێین ته‌حریمی ئوپوزیسیۆن له‌ به‌شداری نه‌کردنی خه‌ڵکدا شوێندانه‌ر بووه‌.
به‌ڵام له‌ پێوه‌ندی خاڵه‌ لاوازه‌کانی، گه‌لی کورد له‌ ئاست هه‌موو گه‌لانی ئێراندا، زۆرلێکراوترین و چه‌وساوه‌ترین گه‌له‌. ئه‌م گه‌له‌ تا ئێستا زۆرترین نرخی داوه‌، به‌ڵام خه‌باته‌که‌ی له‌ بواری رێکخستندا، رێکخراوتر بووه‌. رێکخراو و حیزبه‌ کوردییه‌کان ، له‌ ناو خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا چالاکانه‌ ده‌وریان هه‌بووه‌. پێشینه‌ی خه‌باتی به‌شێک له‌م حیزبانه‌ بۆ ده‌یان ساڵ له‌وه‌ پێش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ڕێکخستن و رێکخراوه‌ کوردییه‌کان به‌ درێژایی خه‌باتی خۆیان، تووشی گه‌لێک هه‌وراز و نشێو بوون. به‌ڵام زه‌خت و سه‌رکوت و دورخستنه‌وه‌ و کوشتار و ته‌نانه‌ت کوشتنی رێبه‌ره‌کانیان ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانیان به‌ره‌و توانه‌وه‌ بردووه‌. ئه‌گه‌رچی ده‌توانین له‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی واقیع بینانه‌دا بڵێین که‌ ئه‌وان له‌ ناو خه‌ڵکدا خاوه‌نی پێگه‌ و ویستی خه‌ڵکن ، به‌ڵام چه‌ند به‌ره‌کی و چه‌ند ده‌سته‌یی و ناکۆکییه‌کانی نیوان ئه‌م حیزب و رێکخراوانه‌ و ته‌نانه‌ت ناکۆکییه‌ ناوخۆییه‌کانییان ، ئه‌وانیان به‌ڕاستی به‌ره‌و لاوازی بردووه‌. لێدانی یه‌کتر، یه‌کتر قه‌بووڵ نه‌کردن و جیابوونه‌وه‌ بێ جێیه‌کانی ناوخۆی ئه‌م رێکخراوانه‌، نه‌ک ته‌نیا لاوازی به‌ڵکوو هۆکاری سه‌رکوتی خێراتری ئه‌وان بووه‌.
دویچه‌ وله‌: به‌ سه‌رنجدان به‌و لێکدانه‌وانه‌ی که‌ باسی ده‌که‌ی، ئایا له‌ بنه‌ڕه‌تدا بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی پێویست له‌ کوردستان بۆ پێکهاتنی فیدراسیۆنێکی یه‌کگرتووی حیزب و لایه‌نه‌کان، که‌ ‌پێشنیاری تۆیه‌، ئاماده‌ کراوه‌؟ ئایا ئه‌و هێز و بارو دۆخه‌ هه‌یه‌ که‌ تۆ باسی ده‌که‌ی تا بتوانن ئه‌و یه‌کیه‌تییه‌ی خواستی تۆیه‌، پێک بێنن؟
مه‌حه‌ممه‌د سه‌دیقی که‌بوودوه‌ند: هه‌لومه‌رجه‌که‌ ده‌بێ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ پێک بێ و ئاماده‌ بن تا نرخی بۆ بده‌ین. به‌شێک له‌ هه‌ڵسوڕاوانی ناوخۆی وڵات له‌ گه‌ڵ ئه‌م حیزب و رێکخراوانه‌ تا راده‌یه‌ک ئامانج و ستراتیژی هاوبه‌شیان هه‌یه‌. به‌ڵام نه‌بوونی پێوه‌ندی و هاوئاهه‌نگی له‌ گه‌ڵ یه‌کتر و به‌ هێند نه‌گرتنی هێندێک له‌ پرۆژه‌کان، به‌ بۆچوون و تاکتیک و روانگه‌کانیان که‌ هیچ ئاڵوگۆڕ و پێداچوونه‌وه‌یه‌کیان به‌ سه‌ردا نه‌کردووه‌ و پێداگرییان له‌ سه‌ر لێکدانه‌وه‌کانی پێشوویان، یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی ئه‌م پرژ و بڵاوییه‌یه‌ که‌ هه‌یه‌.
دویچه‌ وله‌: ئایا له‌ مه‌ڕ پێشنیاری تۆ، نموونه‌ی عێراق، ده‌کرێ له‌ به‌ر چاو بگیرێ؟ ئه‌گه‌ر وایه‌، چۆن و به‌ چ جیاوازی و لێکچوونێکه‌وه‌؟
محه‌ممه‌د سه‌دیقی که‌بوودوه‌ند: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئێوه‌، سیستمی حکوومه‌ته‌، ده‌بێ بڵێم که‌ هه‌ڵبژاردنی سیستمی حکوومه‌ت له‌ ده‌ست خه‌ڵکدایه‌. ئه‌گه‌رچی به‌ بڕوای من سیستمی فیدڕاڵی ده‌توانێ یه‌کێک له‌ رێگاکانی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی گه‌لان بێ. به‌ڵام له‌ بابه‌ت دۆخی ئێستای کورده‌کان له‌ عێراق، هه‌رچه‌ند ده‌سکه‌وتی باشیان وه‌ده‌ست هێناوه‌ و ئه‌م پێشکه‌وتنه‌ ده‌توانێ پێشکه‌وتنێکی گه‌وره‌ بێ، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر ئێستا ئاسایشی ته‌واویان نییه‌ و له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی دراوسێکانی کوردستانی ناوخۆشدان. به‌ڵام ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا ئازادیمان نییه‌ و مافمان پێشێل ده‌کرێ و ده‌توانین بڵێین لانی که‌می خه‌ڵک ئاسایشیان
هه‌یه‌.بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن نابن.
دویچه‌ وله‌: ئێوه‌ ئاماژه‌تان به‌ پۆتانسیه‌له‌ ناونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی له‌ مه‌ڕ مافه‌کان بۆ وه‌گه‌ڕ خستنی خواسته‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانی گه‌لی کورد کردووه‌ . ئه‌م پوتانسیه‌لانه‌ کامانه‌ن؟
محه‌ممه‌د سه‌دیقی که‌بودوه‌ند: کورده‌کان له‌ ئێراندا ده‌بێ خه‌باتیان به‌ شێوازی مه‌ده‌نی و هێمنانه‌‌ به‌ڕێوه‌ ‌ به‌رن و یه‌کبگرن. هه‌موو هه‌ڵسوڕاوانی سیاسی و مه‌ده‌نی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ده‌توانن له‌م به‌ره‌ گشتگیر و دیموکراتیکه‌دا کۆببنه‌وه‌. ئه‌م به‌ره‌یه‌ ده‌بێ هه‌موو تێکۆشه‌ران و خه‌باتگێڕانی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی- ئایینی له‌ خۆ بگرێ. جا چ له‌ ناوخۆ و چ له‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌م به‌ره‌یه‌ ده‌بێ پێشه‌نگی خه‌باته‌کان بێ. به‌ڵام خه‌باتی ئه‌م به‌ره‌یه‌ ده‌بێ به‌ ته‌واوی مه‌ده‌نی، هێمنانه‌ و شارستانیه‌تانه‌ بێ و به‌ شێوازی ئاشتیخوازانه‌ و پێشکه‌وتووانه‌ و به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ پتانسیه‌له‌ حقوقییه‌کان له‌ ئاستی نێو نه‌ته‌وه‌ییدا و به‌ پاڵپشتی کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه که‌ ده‌توانین داوای ویست و خواسته‌کانمان بکه‌ین.
دویچه‌ وله‌: به‌ ڕوونی ئایا مه‌به‌ستی ئێوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێ له‌ رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و بنیاته‌ هاوشێوه‌کانی که‌ڵک وه‌ربگیرێ؟
محه‌ممه‌د سه‌دیقی که‌بودوه‌ند: به‌ڵێ، به‌شی زۆری ده‌کرێ ئه‌وه‌ بێ. چاو لێکه‌ن، راگه‌یه‌ندراوی جیهانی مافی مرۆڤ، ڕێکه‌وتنه‌کان و به‌ڵگه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان،‌ کۆمه‌ڵێک مافیان بۆ که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و گه‌لانی ناخودموختار دیاری کردووه‌. بۆ وێنه‌ مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی. هێنانه‌ ئارای مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی و خواستی کورده‌کان له‌ ناو کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کانی دنیا و به‌ دواداچوونیان، ده‌کرێ به‌ هێنانه‌‌ مه‌یدانی به‌ کۆمه‌ڵ ، ئه‌م پلانانه‌ به‌ شێوازێکی ته‌واو مه‌ده‌نیانه‌ و ئاشتیخوازانه‌، ببێته‌ به‌شی سه‌ره‌کی چالاکییه‌کانی به‌ره‌.
دویچه‌ وله‌: ده‌کرێ پتر باسی پلانی دامه‌زراندنی پارلمانی کورده‌کانی ئێران بکه‌ن؟
محه‌ممه‌دسه‌دیقی که‌بوودوه‌ند: پارلمان ده‌کرێ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێ و هه‌م ده‌کرێ له‌و به‌ره‌یه‌ بێ، که‌ پێک دێ. ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجه‌که‌ له‌ بار بێ، بتوانێ له‌ ناوخۆی ئێرانیشدا بێ بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌ران بتوانن مافه‌کانی خه‌ڵک و ویست و خواسته‌کانیان به‌ شێوازێک که‌ بکرێ له‌ به‌شه‌کانی حقوقی نێونه‌ته‌وه‌ییدا بگونجێندرێ و بۆ به‌دواداچوونی، به‌و‌ به‌ره‌یه‌‌ی بسپێرن.
دویچه‌ وله‌: ئایا پێشنیاری پێکهێنانی به‌ره‌ی یه‌کگرتووی دیموکراتیکی میللی کورد، پێوه‌ندی به‌ خۆتانه‌وه هه‌یه‌‌ یا رێکخراوی مافی مرۆڤ له‌ کوردستان؟
محه‌ممه‌دسه‌دیقی که‌بودوه‌ند: ئه‌مه‌ پێشنیاری تایبه‌تی خۆمه‌. رێکخراوی مافی مرۆڤ رێکخراوێکی غه‌یره‌ سیاسیه‌ و له‌ هه‌مانکاتدا به‌رگری له‌ هه‌ر پلانێک بۆ دابینکردنی مافه‌کانی گه‌لی کورد ده‌کا.
هه‌روه‌ها پارێزه‌ری ماف و ئازادییه‌ سیاسی و ئایینیه‌کانی خه‌ڵکیشه‌.
................................................................................................................
سه‌رچاوه‌: دویچه‌ وله‌http://www2.dw-world.de/persian/iran/1.147272.1.html
------------------------------------------------------------------------------------
په‌یوه‌ندی؛
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان http://www.rmmk.org

۲/۲۲/۱۳۸۴

ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ

دەیان ساڵه‌ و هه‌موو ساڵێ له‌م رۆژه‌دا
ئه‌ستێره‌یه‌ک له‌ ئاسمانی کوردستانا ده‌ر‌ده‌که‌وێ و
به‌ درێژی ساڵ؛ نوور هاوێژه‌
دەیان ساڵه‌
ئه‌م ئه‌ستێره‌
بۆ جوتیاران خه‌له‌و خه‌رمان
بۆ قوتابیان نووری کتێب
بۆ هه‌ژاران له‌تی نان و
لەسەر دوژمن شه‌خته‌ ڕێژه‌.


ئه‌م ئه‌ستێره‌
گه‌رچی شه‌مشه‌مه‌ کوێره‌کان لێی ڕاده‌که‌ن
به‌ڵام رووناکی شه‌وانی نوته‌ک و تاڵ و درێژه.‌

دەیان ساڵه‌ و
هه‌موو ساڵێ له‌م رؤژه‌دا
بسکی دارگوێزی شۆڕه‌ژن 

                 عه‌تر رێژه‌
چیا به‌ قامکی بناگوێی
                 سروود بێژه‌
شه‌قام به‌ ده‌سره‌ی ناو ده‌ستی
چۆپی کێشه‌‌ و
کانی به‌ گه‌ڕی ڕه‌شبه‌ڵه‌ک
                خه‌فه‌ت نێژه‌.

دەیان ساڵه‌و
هه‌موو ساڵێ له‌م ڕۆژه‌دا
سنه‌م سه‌راپا ئارێژه‌
زام به‌ زامی مه‌هابادم پێی ساڕێژه‌
سه‌قزم به‌ جه‌سته‌ و خوێنی لاوه‌کانی
وه‌ک هه‌میشه‌ نه‌مام نێژه‌
کرماشانم
له‌ سه‌ر لووتکه‌ی بێستوونه‌وه‌
بانگه‌وازی مه‌ریوان و ورمێ ده‌کا؛
ده‌ زوو هه‌ستن هاوڕێیانم

ئه‌مڕۆ جێژنی بیست و پێنجی گه‌لاوێژە..


۱/۰۲/۱۳۸۴

ئاگری نه‌‌ورۆز


نه‌ورۆز جێژنی سه‌ری ساڵی هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌یه‌ که‌ به‌ درێژایی مێژوو له‌ سه‌ر فه‌لاتی ئێران نیشته‌جێ بوون. گه‌لی کوردیش یه‌کێک له‌م گه‌لانه‌یه‌ که‌ ئه‌م ڕۆژه‌ به‌ رۆژێکی مێژوویی خۆی ده‌زانێ. به‌ڵام نه‌ورۆز بۆ کوردان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ش وایان کردووه‌ که‌ ئه‌م جێژنه‌ ببێ به‌ به‌شێک له‌ که‌لتوری کوردان له‌ هه‌ر شوێنێکی ئه‌م دنیایه‌دا بژین. ئه‌گه‌ر له‌ لای نه‌ته‌وه‌کانی تر بۆ وێنه‌ فارس، نه‌ورۆز بریتی بێ له راخستنی سفره‌ی حه‌وت سین و هێلکه‌ سوور کردن و قورعان خوێندن، بۆ گه‌لی کورد له‌ هه‌مووان گرینگتر و پیرۆزتر، هه‌ڵکردنی ئاگری نه‌ورۆز و کۆبوونه‌وه‌ و هه‌ڵپه‌ڕکێ به‌ ده‌وری ئاگره‌که‌یه‌. ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ که‌ له‌م ڕۆژه‌ مێژووییه‌دا کوردان پتر خۆیان بناسن و یه‌کتریان خۆشتر بووێ و یه‌کگرتووتر بن. هه‌روه‌ها ئاگری نه‌ورۆز کێشانی سنوورێکه‌ به‌ ده‌وری ئه‌و گه‌له‌ و له‌م ڕۆژه‌دا کوردان به‌ هه‌ڵکردنی ئاگر و شایی و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ به‌ ده‌وریدا، به‌ ده‌ر و جیرانان ده‌ڵێن که ئێمه‌ش گه‌لێکین و خاوه‌نی که‌لتووری سه‌ربه‌خۆین و نه‌ تورکین و نه‌ فارس و نه‌ عاره‌و.نه‌ورۆز هیچ مۆرکێکی ئایینی پێوه‌ نییه‌. پیرۆزی ئاگر راسته‌وخۆ پێوه‌ندی به‌ ژیانی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ناوچه‌یه‌کی سارد و شاخاویدا ده‌ژین و زستانێکی سارد و سه‌خت و درێژ تێپه‌ڕ ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ش له‌م سه‌رده‌مه‌دا، لایه‌نێکی پۆزه‌تیڤه‌ بۆ خه‌باتی گه‌لێک که‌ سه‌دان ساڵه‌ له‌ لایه‌ن ئایینی ئیسلامه‌وه‌ ده‌چه‌وسێته‌وه‌ و ناراسته‌وخۆ به‌ربه‌ستێک بۆ ئه‌م ئایینه‌ داده‌نێ.ئه‌گه‌ر رۆژی نه‌ورۆز له‌ سروشتدا ،دانانی خاڵی کۆتاییه‌ بۆ تێپه‌ڕبوونی زستان و ده‌سپێکه بۆ بووژانه‌وه‌ی سروشت، بۆ گه‌لی ئێمه‌، لانیکه‌م له‌ سه‌ت ساڵی ڕابردوودا ، هۆکارێک بووه‌ بۆ به‌رخودان و وه‌رگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ڕووی زاڵماندا. زاڵمانیش هه‌میشه‌ له‌م ڕۆژه‌ ترساون و چییان له‌ ده‌ست هاتبێ، بۆ قه‌ڵاچۆ کردن و کوشتنی روحی به‌ربه‌ره‌کانی له‌ گیانی ئه‌م گه‌له‌دا، درێغیان نه‌کردووه‌. گه‌لێک رووداوی تاڵ و شیرن که‌ له‌ به‌ره‌ به‌ری نه‌ورۆزدا یا خود دوای نه‌ورۆز ، به‌ چه‌ند رۆژ جیاوازییه‌وه‌، وه‌ک له‌ سێداره‌دانی پێشه‌وای مه‌زنی گه‌لی کورد و هاوڕێیانی له‌ 10ی خاکه‌لێوه‌(1946)- کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 26ی ڕه‌شه‌ممه‌(1988)- نه‌ورۆزی خوێناوی شاری سنه‌1358 (1979)- گیرانی شاری که‌رکووک1991- مه‌زلوم دۆغان و حه‌سه‌نی علی خه‌نجه‌ر و زۆر که‌سیتر که‌ له‌ زینداندا به‌ جه‌سته‌ی خۆیان ئاگری نه‌ورۆزیان به‌رز ڕاگرت و کاره‌ساتی ساڵێک له‌مه‌وبه‌ری شاری قامیشلوو و زۆر رووداویتر شایه‌تی ئه‌م قسانه‌ن.به‌و هیوایه‌ی نه‌ورۆزی داهاتوو، رۆژی ئازادی گه‌له‌که‌مان له‌ ژێر ده‌سته‌یی بێ.

۲/۲۷/۱۳۸۳

شێخ ڕەزا و سێ شێعر بۆ یەک کەڵەشێر

دوازدەی مانگی فێوریەی ئەمساڵ (٢٠٠٤) فیستیڤاڵی شێخ ڕه‌زا له
سلێمانی كرایه‌وه. گه‌رچی من له نێوئاخنی باسه‌كان ئاگادار نیم، به‌ڵام حه‌زم كرد یه‌كه‌بارێ خۆم یادێك له حه‌زره‌تی شێخ بكه‌مه‌وه.
له قۆناخی كۆمه‌ڵایه‌تیی فێئۆداڵی له كوردستاندا، شێخه‌كان شان به شانی ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌كان، ڕۆڵی به‌رچاویان له چه‌وساندنه‌وه و ڕووتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌ژار و نه‌داردا گێڕاوه. له هێندێك شوێن راسته‌وخۆ خه‌ڵكیان به‌ ڕه‌عیه‌ت ده‌گرت و بێگاریان پێ ده‌كردن و له هێندێك شوێنی تر به ناوی ئایین و به بیانووی نووسینی نوشته و ودم و شتی له‌و بابه‌ته سه‌رقه‌ڵه‌مانه‌‌یان له خه‌ڵك وه‌رده‌گرت. هاوكات گۆڕی باوك و باپیرانی خۆیان بۆ خه‌ڵك ده‌كرد به زیاره‌تگا و لەو ڕێگایەشەوە ساڵانه داهاتێكی زۆریان له خه‌ڵك و لە مریدان كۆ ده‌كرده‌وه. بەم جۆرە ساڵ به‌ ساڵ له سامانی خەڵکیان كه‌م ده‌كرده‌وه و به هی خۆیانه‌وه ده‌لكاند.
شێخ ڕه‌زاش شێخزادە و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئاوادا په‌روه‌رده بووه. وه‌ك هه‌موو كوڕه شێخ و مشایخێك ده‌ستوپێ سپیلكه و كارنه‌كه‌ر. لە وەها حاڵەتێکدا سروشتییە مرۆڤ دەبێ بە سەرباری کۆمەڵگا و لەسەر شان و باهۆی خەڵک خۆی دەژێنێ. به‌ڵام شێخ به پێچه‌وانه‌ی باب و باپیرانی، ڕێگایەکی دیکەی بۆ خۆبەخێوکردن دۆزیوەتەوە.
ئه‌گه‌ر چاوێك به دیوانی شێخدا بگێڕین، گه‌لێك له‌و شێعرانه ده‌بینین كه داوای ماڵی لە کەسێک كردووه یان له سه‌ر ئه‌وه‌ی شتێكی پێنه‌دراوه، هه‌جوی کەسێکی كردووه. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئەو کەسانەش ئاغا و كوێخا و شێخ و حاجی و ته‌نانه‌ت كاربه‌ده‌ستی حكوومه‌ت و شای وڵاتیشیان گرتۆتەوە. ده‌كرێ بڵێین شێخ به شێعر خۆی بەخێو کردووە و بە "تیغی زمان" باج و پیتاکی له‌و خه‌ڵكه وه‌رگرتووه. نموونه‌ی ئه‌و شێعرانه له ؛ تووتنه‌كه‌ی حاجی ئه‌سعه‌د ئاغا، مودیری قزڵجه، ئێستره‌كه‌ی میر، ماینه‌كه‌ی كوێخا عه‌لی، هه‌جوه‌كانی شێخ غه‌فووری مامی و ئه‌و شێعره فارسیانه‌ی‌ بۆ ناسره‌دین شای قاجاری ناردوون و... دا ده‌بیندرێن.
من لێره‌دا ده‌مه‌وێ باسی ئه‌و ڕیزە شێعرانه‌ بكه‌م كه شێخ له پێناو ئەستاندنی كه‌ڵه‌شێرێكدا بۆ ئه‌م و ئه‌وی ناردوون:

(1)
شێعری یه‌كه‌م شێخ ڕه‌زا بۆ "نه‌قیب‌زاده"یه‌كی نووسیوه. نه‌قیب بنه‌ماڵه‌ی خزمه‌تكاری مه‌رقه‌دی غه‌وسی ماڵ له به‌غدایه بوون و وادیارە بەربێژی شێخ ناوبەدەرەوەیەکی ئەو بنەماڵە بەناوبانگە بووە. 
شێخ ره‌زا له‌و شیعره‌دا داوای كه‌ڵه‌شێرێك له نه‌قیبزاده ده‌كا بەڵام هەر بەوەندە قەناعەت ناکا و بەڕواڵەت له به‌ر دڵی جه‌نابی كه‌ڵه‌شێر، داوا ده‌كا دوو مریشكیشی له گه‌ڵ بنێرێ تا کەڵەشێر پەکی نەکەوێ! لێره‌دا شێخ زۆر وه‌ستایانه تاریفی ئه‌و كه‌ڵه‌شێره ده‌كا کە بیستوویەتی قەرارە نەقیبزادە بۆی بنێرێ. ڕەنگە بۆ ئەوەی نەقیبزادە بەڕوودا بکەوێ و کەڵەشێرێکی خراپ و قرپۆکی بۆ نەنێرێ، تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی کەڵەشێرە بەڵێندراوەکە بۆ نه‌قیبزادە شی ده‌كاته‌وه و پێی ده‌ڵێ كه ده‌بێ كه‌ڵه‌شێرێكی شه‌ڕكه‌ر له جسنی كه‌ڵه‌شێری كرماشانی بێ، وه‌ك سه‌گی هه‌ورامان دڕ بێ، وه‌ك كه‌ری تاڵانی به‌هێز، به‌قه‌ت مه‌ولان به‌گی میری به‌یات درێژ و جه‌سته‌ی وه‌كوو كوێخای بێبانی زل بێ.


كه‌ڵه‌شێـرێ به‌ "ڕه‌زا" لازمه كرماشانی
زیره‌ك و چابوك و دم گه‌رم و دڕ و شــه‌ڕانی
كه‌ڵه‌شێرێ كه قه‌پی گرت له بناگوێی كه‌ڵه‌شێر
پڕ به ده‌م بیپچڕی؛ وه‌ك سه‌گی هــه‌ورامانی
كه‌ڵه‌شێرێ كه ئه‌گه‌ر شێری نه‌ڕی بێته مه‌ساف
ڕایڕفێنێ به شـه‌قێ ، میسلی كه‌ری تاڵانی
بۆ حه‌واڵه‌ی دوبری ئه‌و كه‌سه خۆم ئه‌یزانم؛
دوو گونی پێوه هه‌بێ، وه‌ك دوو جه‌ڕه‌ی له‌یلانی
به درێژی وه‌كوو مه‌ولان به‌گه‌كه‌ی میری به‌یات
به جه‌سامه‌ت وه‌كـوو كوێخا زله‌كه‌ی بێبانی
جنسی خۆی جووته مریشكێ به‌ری حه‌مله‌ی بگرێ
نه‌كـوو سوێی بێته‌وه بێچاره لەبه‌ر بێ گانی
ئه‌ی نه‌قیبزاده بنێره كه‌ڵه‌شێرێكی وه‌ها
بۆ "ڕه‌زا"كه‌ی سه‌گه‌كه‌ی قاپییه‌كه‌ی گه‌یلانی


(2)
له شێعری دووهه‌مدا وا دەردەکەوێ کە نه‌قیبزادەی ده‌ستقوچاو نە کەڵەشێری بۆ دەنێرێ و نە دوو مریشکەکە. بەو جۆرە شێخ شێعرەکەی بە خۆڕایی دەچێ. به‌ڵام "حه‌سه‌ن ئاغای كوڕی مه‌حمود ئاغای كۆیه" کە چیرۆکی ئەو بێ بەڵێنیەی نەقیبزادە ده‌بیسێته‌وه، بڕیار ده‌دا كه‌ڵه‌شێرێكی بۆ بنێرێ. به‌ر له وه‌ی حه‌سه‌ناغا كه‌ڵه‌شێره‌كه بنێرێ، هه‌واڵه‌كه و ته‌نانه‌ت تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌ڵه‌شێری گۆرین به گوێی شێخ ڕه‌زا ده‌گاته‌وه. شێخیش به شێعرێك هەم پێشوازی له‌و بەڵێنەی حه‌سه‌ناغا ده‌كا و هەمیش هەڵدەکوتێتە سەر نەقیبزادەی بێ بەڵێن. لە  سۆنگەی حەسەناغادا تەنانەت پەسنی سه‌خاوه‌تی كۆییان لەبەرابەر دەستقوچاویی شارەکانی دیکەدا ده‌كا. ئەمجاریش بەختی خۆی تاقی دەکاتەوە کە بەڵکو وێڕای کەڵەشێر دوو مریشکیشی دەست بکەوێ. پێشی ده‌ڵێ كه بێ هه‌واڵ نیم له‌وه‌ی ئه‌و كه‌ڵه‌شێره‌ی كه بۆم ده‌نێری، لاچاوێكی كوێره، به‌ڵام دیاری تۆیه و شوكری ده‌كه‌م. به‌وه‌ڕا دیاره كه شێخ زیاتر پێویستی به مریشکی هێلکەکەر بووه تا كه‌ڵه‌شێری شه‌ڕێ. ئاخر كه‌ڵه‌شێرێک كه چاوێكی كوێر زەحمەتە کەلکی شەڕەکەڵەبابی پێوە مابێ: 


ئه‌و به‌ هه‌ڵمه‌ت كه‌ڵه‌شێره، به‌ هه‌یبه‌ت شێره
كه‌ره‌مت كردووه بیستوومه ، ده‌سا بینێره
دوو مریشكیشی له گه‌ڵ ده، كه فریشكی نه‌كه‌وێ
خه‌رتی چه‌ند ساڵه‌یه، هه‌ڵبه‌ت به‌مریشكان فێره
باره‌كه‌ڵڵا حه‌سه‌ناغای كوڕی مه‌حموودئاغا
كه‌فی فه‌ییازه ، دڵی واسعــه ، چاوی تـێره
نه‌وه‌كوو شاری سوله‌یمانیه كـۆیه به‌كه‌ره‌م
نه‌وه‌كوو تاوق و كه‌ركووكه، نه‌وه‌ك هه‌ولێره
ئه‌و هه‌موو شێعره كه ناردم، كه‌ڵه‌شێرێكی نه‌نارد
جه‌ددی ئه‌علایه، نه‌قیبزاده‌یه، خۆی بێخێره

دۆستان! ئه‌م كه‌ڵه‌شێره وه‌كوو ته‌عریفی ده‌كه‌ن
بۆ ڕه‌زا لازمه ، ئه‌م نێره‌كه‌یه ، ئه‌و نێـــره
هه‌دیه‌یه‌ك گه‌ر له ته‌ره‌ف دۆسته‌وه‌ بێ شوكری ده‌كه‌م
پێی ڕه‌زامه‌ندم ئه‌گه‌رچی ته‌ره‌فێكی كوێــــره
قافیه‌ی ته‌نگ نه‌زیری مـــه‌كه شاعیر ، زینهار
ئه‌وی له‌م قافیه بۆت ماوه‌ته‌وه هه‌ر کێـرە


(3)
له شێعری سێهه‌مدا وا دەردەکەوێ کە حه‌سه‌ناغا كه‌ڵه‌شێره‌كەی ناردووە و و دوو مریشكیشی لەگەڵ خستووە. به‌ڵام له به‌ختی به‌دی شێخ ، هەرسێ له رێدا نه‌خۆش ده‌كه‌ون. مریشكه‌كان له رێگادا ده‌مرن و كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ش دوای گەیشتن، به قه‌ولی شێخ ئه‌مری خوا به‌ جێ دێنێ.
ئه‌و به‌شه كه چوارینه شێعرێكه، شینێكی كورته بۆ كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ و ئاگادار کردنەوەی حەسەناغا لە مەرگی کەڵەشێر و دوو مریشکەکە:


ئه‌و مریشك و كه‌ڵه شــــــێره‌ی كه وتم بینێره
دووی له رێ مرد و یه‌كێكی به‌ نه‌خۆشی لێره
شه‌و هه‌موو ده‌س به‌ دوعا بووین، له‌وه‌ختی سه‌حه‌را
كه‌ڵه‌شێر ئه‌مری خودای كرد و وتم: وای شێره!

 


۲/۲۴/۱۳۸۳

سه‌رده‌می پێوه‌ندیه‌كان و ئەرکی حیزبه‌كانی رۆژهەڵات

حیزب مرۆڤ نییه كه له سی ساڵیدا كه‌چه‌ڵ بێ و له چل ساڵیدا سه‌ری سپی بێ و له شێست ساڵی به‌دواوه‌ش پیر بێ و چاوه‌روانی مردن بكا، به‌ڵكو پێكهاته‌یه‌كه له مرۆڤه جۆرا و جۆره‌كان به ته‌مه‌نی جۆرا و جۆره‌وه. گرینگ نییه كه فڵان حیزب چه‌ند ساڵی ته‌مه‌ن بێ، به‌ڵكو ئه‌مه گرینگه كه ئه‌و حیزبه تا چ راده‌یه‌ك توانایی راكێشان و راگرتنی هێزی تازه‌ی هه‌یه.


ده‌زانین و ده‌بیسین كه؛ سەردەمی ئێمە به سه‌رده‌می پێوه‌ندییه‌كان به ناوبانگه. نامه‌وێ زۆر بچمه ناو ئه‌م باسه‌وه، به‌ڵام ده‌مه‌وێ باسی ئه‌وه بكه‌م كه حیزبه كوردییه‌كان له كوردستانی بنده‌ستی ئێران تا چ راده‌یه‌ك توانیویانه له‌ ئامرازه پێوه‌ندییه‌كان كه‌ڵك وه‌رگرن. بۆیه به تایبه‌تی باسی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌م، چونكه هه‌ڵومه‌رجی سیاسی و هه‌نوكه‌یی ئێستای ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان له گه‌ڵ به‌شه‌كانی تر تا راده‌یه‌كی زۆر جیاوازه. هه‌مومان ئاگاداری باشوری كوردستانین و ده‌زانین كه حیزبه كوردییه‌كانی ئه‌و به‌شه(یه‌كێتی و پارتی به تایبه‌ت) كه‌م و زۆر توانیویانه كه‌ڵك له‌م ئامرازانه وه‌رگرن. له باكووری كوردستانیش" پ.ك.ك. "ی جاران و "كۆنگره‌ی گه‌ل"ی ئێستا هه‌ر زوو قۆڵی بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه هه‌ڵماڵی و زۆر باشیش سه‌ركه‌وتوو بوو. با زۆر دره‌نگیش بێ، به‌ڵام حه‌قه ده‌سخۆشییان پێ بڵێم.

كه ده‌ڵێم هه‌لومه‌رجی رۆژ‌‌هه‌ڵاتی كوردستان له چاو به‌شه‌كانی تری كوردستان جیاوازه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه ؛ بۆ وێنه كۆماری ئیسلامی ئێران به درێژایی ته‌مه‌نی هاتنه سه‌ركاری خۆی سیاسه‌تی بایكۆت و بێده‌نگی له ئاست حیزبه كوردییه‌كاندا ئه‌نجام داوه. هه‌میشه له باسكردنیان ته‌نانه‌ت به خراپیش خۆی پاراستووه و ئه‌گه‌ر ناچار به باسكردنی درۆیه‌كیش بووبێ، هیچ كات ناوی نه‌بردوون و هه‌میشه به "هه‌ڵوه‌شاوه" و "دژی شۆڕش" ناوی بردوون. له‌م سیاسه‌ته‌شدا تا راده‌یه‌كی زۆر، ده‌سكه‌وتی باشی بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر كردووه. به جۆرێك كه سه‌ره‌ڕای چالاكی زۆر به‌ هێز، هیچ كات چ له ئاستی ئێران و چ له راده‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ، به شێوه‌ی پێویست ده‌نگدانه‌وه‌یان نه‌بووه. به جۆرێك كه بۆ وێنه له توركیا وا نییه. یان مه‌سه‌له‌ی قه‌ده‌غه كردنی سه‌ته‌لایت و سانسۆری رۆژنامه و فیلتێر كردنی سایته دژبه‌ره‌كان كه هه‌ر كام به سه‌نگی خۆیان توانیوییانه له سه‌ر خه‌باتی ئێمه له‌م به‌شه‌ی كوردستان شوێن دانه‌ر بن.

ره‌نگه پێتان وابێ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه بۆ حیزبه كوردییه‌كانی رۆژ‌هه‌ڵاتی كوردستان سه‌ته‌لایتیان نییه؟ ئه‌وه پرسیارێكی خراب نییه و به‌ڵام ئه‌گه‌ر له بێ ده‌ست و باڵی ئه‌وان بڕوانین و چاوێك له ده‌ستی قوچاوی ئێمه‌ی ئه‌وروپا نشین بكه‌ین كه هه‌مو ده‌م بیر له كوتانیان ده‌كه‌ینه‌وه تا یارمه‌تی كردنیان، ئه‌گه‌رباشترین ئامرازیش بێ ره‌نگه چاوه‌روانییه‌كی بێ جێ بێ. بۆیه ده‌ڵێم باشترین ئامراز چونكه؛ خه‌ڵك پتر حه‌ز ده‌كه‌ن ببینن و ببیسن، نه‌ك ببینن و بخوێننه‌وه یان ته‌نیا ببیسن.

ئه‌وه‌ی كه من پتر له هه‌ر شتێك مه‌به‌ستمه ، كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئینترنێته. چونكه هه‌م هه‌رزانه و هه‌م تا راده‌یه‌كی باس جێی خۆی له‌ ناو خه‌ڵكدا كردۆته‌وه. ئه‌گه‌ر به تۆڕی ئینتێرنێتدا بگه‌ڕێین ره‌نگه بۆ هه‌ر كام له حیزبه‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (حیزبی دیموكرات، كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی شۆرشگێری كوردستان، لقی كوردستانیی حیزبی كومونیستی ئێران "كۆمه‌ڵه") پتر له ده سایت و ماڵپەڕ ببینینه‌وه كه یا راسته‌وخۆ سه‌ر به‌‌و حیزب و رێكخراوانه‌ن یان لایه‌نگریانن. من نامه‌وێ له به‌رهه‌می كاری ئه‌وان كه‌م بكه‌مه‌وه، له ناو هه‌ر كام له‌وانه كه‌م و زۆر بابه‌ت هه‌یه، به‌ڵام هیچ كامیان سه‌رچاوه‌یه‌كی رێك و پێك بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی گه‌لی كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستان نین. هه‌روه‌ها هیچ كامیان شوێنێكی باش و پاراو بۆ خوێنه‌ر نین. هه‌واڵه‌كان به دره‌نگی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه یان هه‌ر بڵاوی ناكه‌نه‌وه. زۆر به دره‌نگی بابه‌تی تازه‌یان تێدا ده‌بیندرێ، جگه له بابه‌تی ناو رۆژنامه مانگنامه‌كانیان به ده‌گمه‌ن وتار و لێكدانه‌وه‌یان تێدا ده‌بێ و پتر له هه‌مو شتێك راسته‌وخۆ بانگه‌شه بۆ خۆیان ده‌كه‌ن. ئێستاش بۆ ئێمه‌مانان كه خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانین، باشترین سایته‌كان بۆ گه‌یاندنی رووداوه‌كانی ناوخۆی كوردستان، سایته فارسی زمانه‌كانن كه ئه‌وانیش هه‌میشه رۆژێك- دوو رۆژ دواتر هه‌واڵه‌كه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌م بۆشاییه پتر ئه‌و كاته ده‌ركه‌وت كه گه‌لی كورد له كوردستانی بنده‌ستی ئێران به بۆنه‌ی چه‌سپانی فیدرالی بۆ گه‌لی كورد له باشووری كوردستان هاتنه مه‌یدان.

به بڕوای من بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییه پێویسته حیزبه كوردییه‌كان ئه‌م كارانه بكه‌ن:
1- ئه‌وه كه ئه‌وان بتوانن به یه‌كه‌وه كار بكه‌ن بۆ دانانی سه‌نته‌رێك بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی گه‌لی كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستان، به بڕوای من، چاوه‌روانییه‌كی به جێ، به‌ڵام محاڵه. كه وابوو هه‌ر كامیان ده‌توانن به جێی ئه‌و په‌ڕش و بڵاوییه، تواناكانیان یه‌كبخه‌ن و هه‌ر كام له جێی خۆی سایتێكی ده‌وڵه‌مه‌ندتر دانێن.

2- پێویسته ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ر ئه‌و شێوازه نووسینه ره‌ق و ویشكەدا بێنن كه به ناوی ئه‌ده‌بیاتی حیزبی به ناوبانگه. له گه‌ڵ پێشڤه‌چوونی زه‌مان، زمانیش ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا دێ .

3- پێویست ناكا سایت به ناوی حیزبه‌وه بێ به‌ڵام پێویسته حیزب پشتیوانی بكا. ده‌كرێ له لایه‌نگران و دۆستان پتر كه‌ڵك وه‌رگرن. ره‌نگه ئه‌وه شێوازێكی زۆر گونجاوتر بێ بۆ بانگه‌شه‌ی حیزبایه‌تی. ئه‌مڕۆ كه‌س گوێ به دروشم بدا، به‌ڵام كرده‌وه پێناسه‌یه‌كی زۆر باشه.

4- پێموایه سه‌رده‌می ئه‌وه تێپه‌ڕ بووه كه بتوانن به مانگنامه‌یه‌كی 15-20 لاپه‌ڕه‌یی و رادیۆیه‌كی 1-2 سه‌عاتی جێگای خۆتان له ناو سه‌رده‌می پێوه‌ندییه‌كاندا بپارێزن. لانیكه‌م هه‌وڵ بده‌ن كاتی رادیۆكانتان زیاتر بكه‌ن و به‌رنامه‌كان ره‌نگینتر.

5- هه‌ر كه‌س كه 2-3 رۆژ له‌ سه‌ر یه‌ك سه‌ردانی سایتێك بكا و شتی تازه‌ی پێ نه‌درێ، سایته‌كه‌ له بیر ده‌كا و به سایتی باشتر جێگای پر ده‌كاته‌وه. ئاخر یه‌كێك له دیارده‌كانی ئینترنێت كێبه‌ركێی راكێشانی خوێنه‌ره.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...