ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه، ڕێکه‌وتی 18 ی پووشپه‌ڕ ، 9 ی ژولای، هێزه‌کانی حکوومه‌تی ئێران ته‌قه‌یان له لاوێکی شؤرشگێری شاری مهاباد به ناوی "سه‌ید که‌ماڵی ئه‌سفه‌ره‌م" ناسراو به " شوانه‌ی سه‌ید قادر" کرد و به پێی هێندێک سه‌رچاوه برینداریان کرد و پاشان گرتوویانه و له ژێر ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌دا گیانی له ده‌ست داوه. جه‌للادانی ره‌ژیم له ژێر زه‌خت و فشاری بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید شوانه و کۆمه‌ڵێکی زۆر له هه‌ڤاڵانی شوانه و هاوگه‌ڕه‌که‌کانی له "پشتته‌پ" که به‌ده‌م بنه‌ماڵه‌ی شوانه‌وه چووبوون، دوای تێپه‌ڕینی پتر له بیست و چوار سه‌عات به سه‌ر کاره‌ساتی برینداربوون و گیرانیدا، ته‌رمه شوێندراو و ئه‌شکه‌نجه‌کراوه‌که‌ی له لایه‌ن چه‌کدارانی ره‌ژیم ، ته‌حویلی بنه‌ماڵه‌که‌ی ده‌درێته‌وه و وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان، داوای لێده‌که‌ن که ده‌بێ هه‌ر به‌م شه‌وه بینێژن. ئه‌م هه‌واڵه هه‌ر زوو له ناو شاردا ده‌نگ ده‌داته‌وه و خه‌ڵکێکی زۆر بۆ به خاک سپاردنی ته‌رمی شوانه کۆ ده‌بنه‌وه و هه‌ر به‌م شه‌وه که‌سانێکی ئازا هه‌له‌که ده‌قۆزنه‌وه و چه‌ند وێنه له ته‌رمی شه‌قار شه‌قاری شوانه ده‌گرن و له ناو خه‌ڵک و دواتر به ڕێگه‌ی تۆڕی ئینترنیت، به هه‌موو دنیادا بڵاوی ده‌که‌نه‌وه. وێنه‌کان ئه‌وه‌نده به ناخۆشی کاره‌ساتی شه‌هید بوونی ئه‌و لاوه و ئه‌شکه‌نجه وه‌حشیانه‌کانی سه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌ویان ده‌گێڕایه‌وه، که هه‌موو مرۆڤێک توانای بینینی وێنه‌کانی نه‌بوو. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکرد که خه‌ڵک هه‌ر له سه‌ره‌تای بۆنه‌ی به خاک ئه‌سپاردنی ئه‌م لاوه ئازا و چاو نه‌ترسه‌دا، رق و بێزاری خۆیان له حکوومه‌ت و کاربه‌ده‌ستانی دووپات بکه‌نه‌وه و به دانی دروشم و ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی، بۆنه‌که به‌ره‌و بۆنه‌یه‌کی نیشتمانی و شۆرشگێری بگۆرن و ناره‌زایه‌تی و هاتنه مه‌یدانی خه‌ڵک بۆ رۆژی دواتریش درێژه‌ی کێشا. خه‌ڵک به دار و به‌ر و چه‌قۆ و تفه‌نگ به‌ره‌نگاری حکوومه‌ت بوونه‌وه. ئه‌مجاره‌یان ژنانیش به کۆ کرنه‌وه‌ی به‌رد و رشتنی ئاوی کوڵیو له په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌کانیانه‌وه به سه‌ر داگیرکه‌راندا، به‌شداری چالاکییه‌که‌یان کرد. چه‌کدارانی ره‌ژیم به پێچه‌وانه‌ی جاره‌کانی پێشوو ، له چه‌کی گه‌رم که‌متر که‌ڵکیان وه‌رگرت و پتر به گازی فرمێسک ڕێژ، که له‌مێژه بۆته ئاواتێک بۆ گه‌لی ئێمه، به‌ره‌نگاری خه‌ڵک بوونه‌وه . ناره‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌کان له رۆژی 21 ی پووشپه‌ڕدا به گیرانی کۆمه‌ڵێکی زۆر له لاوان پتر په‌ره‌ی گرت و له رۆژی چوارشه‌ممه 22 ی پووشپه‌ڕدا، که ڕێکه‌وتی تیرۆری رێبه‌ری مه‌زنی گه‌لی کورد دوکتور عه‌بدوڕه‌حمانی قاسملوویه، گه‌یشته لووتکه و خه‌ڵک به داخستنی دووکانه‌کانیان و نه‌چوونه سه‌ر کار، یاد و بیره‌وه‌ری ئه‌م رێبه‌ره‌ی خۆیان به‌رز راگرت و له هه‌مانکاتدا ره‌نگ و بۆنێکی سیاسیتریان به ناره‌زایه‌تیه‌کان به‌خشی. رۆژانی دواتری ئه‌م خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تییانه که تا رۆژی یه‌کشه‌ممه، 28 ی پووشپه‌ڕی خایاند و به گه‌یشتنی هه‌زاران که‌س له هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ره‌ژیم له شاره جۆراوجۆره‌کانه‌وه و به کوژرانی ده‌ره‌جه‌دارێکی سایین قه‌ڵایی و ئاگردانی پانکی سپه‌ی مه‌یدانی حه‌یوانان و بریندار بوون و گیرانی ده‌یان و سه‌دان که‌س له لاوانی شار و له ژێر هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی فه‌رمانداری شاردا و به هۆی نه‌بوونی هیچ پشتیوانییه‌کی به‌کرده‌وه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی کۆتایی پێهات .
شوانه کێ بوو، بۆ شه‌هید کرا؟
سه‌ید که‌ماڵی ئه‌سفه‌ره‌م ناسراو به شوانه ، کوری سه‌ید قادر که له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵکی ئاوایی" کامه‌م" ن، و به دوای کۆچی بنه‌ماڵه‌که‌یان بۆ شاری مهاباد، له 1361دا له‌و شاره خۆڕاگره هاتۆته دنیا و تا پۆلی یه‌کی ناوه‌ندی خوێندووه و دواتر له ته‌ک باوکی‌دا ده‌ستی به کاری به‌ننایی و قوڕه‌کاری کردووه.شوانه وێده‌چێ سه‌ردانی کوردستانی عێراقی کردبێ و سه‌ری له یه‌کێتی شۆڕشگێڕان ده‌رهێنابێ. ئه‌گه‌رچی لا‌یه‌نگرانی په‌که‌که به‌م هه‌واڵه تووڕه‌ن و زوو زوو به ناوی جۆراوجۆری وه‌ک هاوڕێیانی شوانه و شتی وا، ئه‌م ئیددیعایه‌ی یه‌کێتی شۆرشگێران وه‌درۆ ده‌خه‌نه‌وه، به‌ڵام به دوای شه‌هید بوونی شوانه‌دا، یه‌کێتی شۆرشگێران، به په‌له راگه‌یه‌ندراوی ده‌رکرد و شوانه‌ی وه‌ک ئه‌ندامێکی خۆی به خه‌ڵک ناساند و به پێچه‌وانه‌ی راگه‌یه‌نه‌کانیتر که تا ئه‌م دواییانه‌ش ناوی ئه‌ویان به هه‌ڵه باس ده‌کرد، ناوی راسته‌قینه‌ی شوانه (سه‌ید که‌ماڵی ئه‌سفه‌ره‌م) و وێنه‌یه‌کی تایبه‌تی ئه‌وی بڵاو کرده‌وه که به بڕوای من شایه‌تی ئیدیعای ئه‌وانه. به‌ڵام وێده‌چێ شوانه‌ی شه‌هید ئه‌ندامه‌تی ئه‌وانی نه‌کردبێ و ته‌نیا یارمه‌تی لێوه‌رگرتبن. چونکه وه‌ک باس ده‌کرێ شوانه یه‌کێک له چالاکانی ڕێکخستنی خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی شاری مهاباد به بۆنه جۆراوجۆره‌کانی ؛ نه‌ورۆز و به سه‌رکۆمار بوونی مام جه‌لال و به سه‌رۆک بوونی کاک مه‌سعوود بووه که وه‌ک ده‌زانین زۆربه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانانه به دروشمی دژ به ره‌ژیم و لایه‌نگری له حیزبه کوردییه‌کان و که‌سایه‌تییه شه‌هیده‌کانی کوردستان شکاوه‌ته‌وه و تا ئێستا نه‌بیستراوه و نه‌دیتراوه که دروشمێک بۆ پشتیوانی یه‌کێتی شۆرشگێران و یاد کردنێک له شه‌هید" سه‌عیدی یه‌زدانپه‌نا" سه‌رکرده‌ی شه‌هیدی ی.ش.ک. درابێ. هه‌ڵبه‌ت یه‌کێتی شۆرشگێرانیش له راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یدا ئه‌و ئیددیعایه‌ی نییه.به‌ڵام له پێوه‌ندی شه‌هید بوونی شوانه‌دا، وه‌ک باسکرا، شوانه یه‌کێک له ڕێبه‌ران و رێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌کان بووه و رێکه‌وتی شه‌هید بوونی که به‌ره به‌ری ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور قاسملوویه پتر ئه‌وه ده‌سه‌لمینن که هێزه‌کانی ره‌ژیم بۆ چاوترسێن کردنی خه‌ڵک و به‌رگریکردن له ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه به بۆنه‌ی ئه‌و ڕۆژه ، که له مێژوی گه‌لی کورد به تایبه‌تی له کوردستانی ئێران‌دا به رۆژێکی نگریس ناسراوه. ره‌ژیم وای لێکداوه‌ته‌وه که خه‌ڵک بۆ هاتنه سه‌رشه‌قام به دوای خۆپیشاندانه‌کانی یه‌ک ساڵی رابردوودا، ترسیان شکاوه و ره‌نگه به بۆنه‌ی ساڵڕۆژی تیرۆری رێبه‌ره‌که‌یان، کاری گه‌وره‌تریش بکه‌ن و هه‌ر بۆیه یه‌کێک له رێکخه‌رانی رێپێوانه‌کانیان به‌ر په‌لامار داوه.له لایه‌کی تره‌وه رێکه‌وتی شه‌هید بوونی شوانه هاوکات بوو له گه‌ڵ ده‌ست به‌کار بوونی فه‌رمانده‌ی نوێی هێزه ئینتیزامییه‌کانی ئێران و به‌ره به‌ری ده‌ست به‌کار بوونی سه‌رکۆماری هه‌ڵبژێرێندراوی ئێران، مه‌حموودی ئه‌حمه‌دی نیژاد، که بیره‌وه‌ریه‌کی خۆشی له پێشوازی خه‌ڵکی کوردستان به گشتی و مهاباد به تایبه‌تی له مێشک‌دا نییه. ته‌نانه‌ت له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا یه‌کێک له سندووقه‌کانی ده‌نگدان، ئه‌گه‌رچی ته‌نیا ده ده‌نگی تیدا بوو، به‌ڵام له لایه‌ن شوانه و هه‌ڤاڵانییه‌وه فڕێ درابوو. به‌ر له‌م رووداوه‌ش خه‌ڵک زۆر به دڵنیاییه‌وه چاوه‌ڕوانی شه‌پۆلی رق و تووڕه‌یی ره‌ژیم و سه‌رکۆماره نوێیه‌که‌ی بۆ سه‌ر کوردستان ده‌کرد. به تایبه‌تی که ئه‌حمه‌دینیژاد چ وه‌ک فه‌رمانده‌ی سپای پاسداران له کوردستان و چ وه‌ک یه‌کێک له قاتڵانی دوکتور قاسملوو، ده‌ستی له ناو هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌کانی گه‌لی کورد له کوردستانی ئێران‌دا هه‌بووه و هه‌یه.