۱۱/۲۹/۱۳۹۵

ئاغای پیروەلی باغی و ئەوینی خەجێ


لەو سەردەمدا کە قازی ئەسکەر بە بەریەوە مابوو و هێشتا ئیشتیای ملەقوتە و چاولەوەڕاندنی دە سەردا بوو، یەکێک لە رعێتەکانی بە ناوی سۆفی رەحمەت تازە ژنی هێنابوو. سۆفی لاو بوو و ژنەکەشی لە چاو ژنانی دیکەی ئاوایی و ناوچە کە زۆربەیان ناحەز، چڵکن، رەش و تاوەسووت بوون، جوان و ژیکەڵە بوو. لانیکەم لەو دێیەدا بۆ جوانی کەس تای نەدەکرد. بە تایبەت ئەگەر ئێواران بەو کراسە سوورە گوڵگوڵیەوە، گۆزە لەسەر شان، لەگەڵ کچان و ژنانی دیکەی ئاوایی دەهات بۆ کانی، دڵانی بۆ دەکەوتە خورپە و چاوانی لە سەر هەڵنەدەگیرا. دەیانگوت ئاشقی دڵسووتاوی یەکجار زۆرن بەڵام لە هەموان دڵسووتاوتر قازی ئەسکەر، ئاغای گوند بوو.

ئاغا لانیکەم دە پازدە ساڵێک لە سۆفی رەحمەت و ژنە ژیکەڵەکەی بەتەمەنتر بوو. لەو تەمەنەشدا دەبوو بزانێ کە خۆشەویستیی ئاوا رسوایی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام ئاشق کەی بیری لە پاراستنی ناو و ناوبانگ کردوەتەوە!

ئەوینی ئاگرینی خەجێ وای لە قازی ئەسکەر کرد کە وەک شێخی سەنعان بۆی لە دین وەرگەڕێ. بە تەواوی لە ئیشقیدا سووتابوو. جاران کە قسە و سەتمەنی لەگەڵ رعێتان نەدەکرد، لە ئیشقی خەجێدا تەواو گۆڕابوو. تا ئەو کاتانە کەم کەس دەیزانی ئاغا دەنگی خۆشە و قامان دەزانێ. بەڵام ئەو رۆژانە ئاغا هەر نارەی دەهات. خەڵکیش بە ئیشتیاوە گوێیان بۆ گۆرانیی ئاغا رادەگرت و شاهیدی گۆڕانی حاڵی ئاغا بوون. ئەوانەی ئێوارە درەنگان لە مەزرایەڕا دەهاتنەوە یان تا شەو درەنگان لە مزگەوتێ دادەنیشتن، لەسەر کانی یان لە رێی باغی چاویان بە تارمایی ئاغا دەکەوت. زۆر جاریش گوێیان لە گۆرانی "خەجێ" دەبوو کە ئاغا دەنگی بۆ هەڵدێنا و دەیگوت:

سەرسەوز و بۆرچین نیشتن لە دەریا

ئەوان بوون بە جووت، خۆم تاقی تەنیا

عەمرەکەم خەجێ

         چاوەکەم خەجێ

                    بێ وەفا خەجێ

                           بۆ تۆ نەماوم

لە دووری باڵات رەش بوو هەناوم

 

خۆزگەم بەو گۆزەی دەیبا بۆ کانی

جار جار دەکەوێ لە شلکەی ڕانی

عەمرەکەم خەجێ

         چاوەکەم خەجێ

                ماڵ لە میرەدێ

                  قەولت دا بە کێ

                           بۆ تۆ نەماوم

لە دووری باڵات ڕەش بوو هەناوم

سۆفی رەحمەت جیرانی ئەولاتری ماڵی کوێخا عەوڵا بوو. ئاغا کە لە ئیشقی خەجێدا تەواو سووتابوو، ئیدی چیدی خۆی بۆ رانەگیرا و دەستەوداوێنی کوێخا عەبە بوو. فیزی ئاغایەتی وەلا نا و داوای لێ کرد هەر چۆنێک بووە خەجێی بۆ رازی بکا.

کوێخا کە پیاوێکی ئازا، زیرەک و گەڕناس بوو، زوو زانی مریشکی هێلکەزێڕینی بۆ پێوە بووە. لە دڵە خۆیدا بڕیاری دا کە ئەوپەڕی کەلکی خۆی لەو خاڵە لاوازەی ئاغا وەرگرێ. بەڵێنی پێ دا کە خێزانەکەی رادەسپێرێ تا خەجێی بۆ رازی بکا. بەڵام بە مەرجێک پەلەی لێ نەکا و ئەوە کارێک نییە بە رۆژێک و دوان جێبەجێ بێ. هەروەها ئاغا بۆ ئەوەی بە مرازی دڵی خۆی بگا دەبێ لە ماڵی دنیا مایە دابنێ. ئاشقی دڵسووتاو گوتی: ناتوانم زۆر چاوەڕێ بم بەڵام لە ماڵی دنیایە هەرچی پێویستە دەیدەم. کوێخا بیست تمەنی ئەو زەمان و دەستێک کەواوپاتۆڵی لە ئاغا ئەستاند و دەستبەکار بوو. ئەو دەم شەکە مەڕێکی شێست کیلۆیی هەر بایی پێشتمەن بوو.

کەس نازانێ ئەرێ کوێخا لە رێی کوێخاژنەوە جارێک مرازی دڵی ئاغای بە خەجێ گەیاند یان نا بەڵام هەموو رۆژێ بە درۆ هەواڵی دڵخۆشکەر و جێی هومێدی بۆ ئاغا دهێناوە. بەردەوام ئاغای وا تێدەگەیاند کە بە خۆی و بە ژنێوە دەستیان لە هەموو کارێک بەرداوە و خەریکی رازیکردنی خەجێن، ئاغا چاوەڕوان بێ کە بەو زووانە زەحمەتەکانیان بەر دێنێ و خەجێی ناسک و نازدار دە باوەش وەردێنێ.

هەموو جارێ بەو مزگێنی‌یە درۆیانەوە لیستی پێداویستیەکانیشی بە گوێی ئاغا دەگەیاند. بۆ وێنە لە گەڵ خێزانی هیندە هاتوون و چوون، کەوشیان دڕاوە یان ئاغا لە بازاڕی کەلبەرەزاخان دەبێ قەوارەیەک پارچە، چەند لینگە بازنە یا جووتێک گوارە بۆ یاری سرک و سڵ بکڕێ تا زووتر دڵی نەرم بێ. جاری واش بوو مەڕێکی بە ئاغا دەکردە خێر و گۆشتەکەی بە سەر خەڵکی پیروەلی باغیدا پێ دەبەشیەوە بۆ ئەوەی گراوی بزانێ کە ئاغا چەندە خێرخواز و بە دەست و دڵە. قازی ئەسکەری فەقیریش وەها لە ئیشقی خەجێدا سووتابوو کە هەرچی کوێخا عەوڵا گوتبای، نای نەبوو.

رۆژ و حەفتە و مانگ تێدەپەڕین و  ئاغا هەروا دڵی بە درۆکانی کوێخا عەوڵا خۆش دەبوو. بەرە بەرە ئەو بەزمە گەیشتە هەشت - نۆ مانگ کە ئاغا هەر دەیبەخشی و کوێخاش لە قسە زیاتر هیچی دیار نەبوو. وای لێ هات کە ئاغا ئیدی تاقەتی نەما. رۆژێک لەو رۆژانە، یەخەی کوێخای گرت و گوتی: ئەرێ ئەتۆ هەتا کەنگێ هەر قسەم بۆ دەکەی و پووڵ و ماڵم لێ دەستێنی و ئەمڕۆ و سبەینێم پێ دەکەی؟! چیدی تاقەتم نەماوە! ئەگەر تا حەوتوویەکی دیکە بۆت جێبەجێ کردم باشە دەنا وات لێ دەکەم لە عومری خۆت پەشیمان بی.

کوێخا کە هیچی بۆ ئاغا نەکردبوو و لەو رێگایەدا تاقە هەنگاوێکی هەڵنەهێنابۆوە، بەو هەویایەی لەوە بە دوا بتوانێ شتێک بکا، حەفتەیەکی بە کەم زانی و داوای دوو مانگ وەختی لێ کرد. سەرەنجام ئاغا سەنگ و سووکی لەگەڵ کرد و بە مانگێک رازی بوو بەو مەرجەی درێژی نەکاتەوە. کوێخا بەو یەک مانگەش هەر نەیتوانی هیچ بۆ ئاغا بکا. بەڵام تا توانی لە ماڵی ئاغای دۆشی و لێی خوارد. وردە وردە دەرفەت بەرەو کۆتایی دەچوو. دوو رۆژی بۆ وادەی ژوان مابوو کە کوێخا نێوی خودای لێ هێنا و مزگێنی بە ئاغا دا کە دڵدار ساز و ئامادەیە و نیوەشەوی سبەی شەو بۆت دێتە ژوانێ. کوێخا هەر بۆخۆی نێو قەڵاغی ئاغای بە جێژوان بۆ دیاری کرد کە جێگایەکی بە لاوەیە و کەس شکی لێ ناکا.  

ئاغا لە خۆشیان پێی وە عەرزی نەدەکەوت. دوای ئەو هەموو چاوەڕوانی و ماڵی دنیایە سەرەنجام بە مرادی دڵی خۆی دەگەیی. لە خۆشیان بیست تمەن پووڵ و کەرێکی شەش پووت باری لە مزگێنی دا بە کوێخا. سەر لە نوێ کەوتەوە نارەنار کە ماوەیەک بوو دەنگی لێ بڕابوو. لەو ماوە کەمەدا وەها گەشایەوە کە هەموو کەس هەستی پێ دەکرد. دیاریکردنی نێو قەڵاغەکەش بۆ جێژوان لە لایەن کوێخا عەوڵاوە کارێکی ئاقڵانە بوو. راستە شەوانە بە تایبەت لە شەوانی زستاندا سەگان تێیدا دەخەوتن بەڵام جێیەکی پارێزراو و بە لاوە بوو. هەتا زستانێ کەس کاری بەوێ نەبوو و لە دەرەوەش گەرمتر بوو. ئەو تایبەتمەندیانەش ژوانی ئاغایان خۆشتر دەکرد.

ئاشقی دڵسووتاو نەیدەزانی کە مەعشووق رووحیشی ئاگای لەو قەول و قەرارانە نییە. سەرەنجام شەوی ژوان کە ئاشق چەندین مانگ بوو چاوەڕوانی دەکرد، گەیشت. ئاغا بێ ئۆقرە، ئان و دەقیقەی دەژمارد. کوێخا لە نێوان ماڵی خۆی و باڵەخانەی ئاغادا وەک مەکۆکی جۆڵا دەهات و دەچوو. کەس نەیدەزانی چ خەبەرە و چ قەوماوە. شەو درەنگ بوو. خەڵک خەوتن. تەنیا ئەستێرەی ئاسمان لەگەڵ ئاغا و کوێخا بەخەبەر بوون. سەعاتێکی بۆ وادەی ژوان مابوو کە کوێخاش مۆڵەتی لە ئاغا خواست و رۆیشت. ئاغای حاڵی کردبوو کە دەبێ درەنگانی شەو، لەو وەختەدا کە کەس بەخەبەر نییە، بەرەو ژوان بخوشێ.

نیوەشەو کە لەنێو باڵەخانەی ئاغادا کەس بەخەبەر نەبوو، ئاغا هەر بۆ کار قایمی، تفەنگەکەشی هەڵگرت و بە دڵەخورپە وەڕێکەوت. گەیشتە بەر دەرگای قەڵاغ و بەوپەڕی وشیاریەوە، دەست لە سەر پەلەپیتکەی تفەنگ لە دەوروبەری روانی. بە خۆشیەوە کەس بە دەرەوە نەبوو. تەنانەت وزەی مێشوولەش نەدەهات. لە بەر زارکی قەڵاغەکە بۆ جارێکی دیکە ئاوڕێکی لە دەوروبەر دایەوە، بە ئەسپایی سەری دانواند و لە کاتێکدا کە لە خۆشیان دڵی خێراخێرا لێی دەدا، وەژوور کەوت. نێو قەڵاغەکە ئەوەندە تاریک بوو کە چاوی هیچی نەدەدی. هەتا چاو هەتەر بکا رەشایی بوو. کوێخا پێی گوتبوو کە نابێ شەمچە هەڵکا. ئاغا بە دەستەکوتە بە دەوری خۆیدا گەڕا و یەک دوو جار بە ئەسپایی هەرای کرد؛ خەجێ! خەجێ! بەڵام کەس وڵامی نەدایەوە. پێی وا بوو یار لە شەرمان وڵام ناداتەوە و زیاتر بەرەو پێش چوو. لاقی دە شتێک هەڵەنگوت. خێرا دانیشت و دەستی کوتا تا بزانێ چییە. پارچەیەکی نەرم و ناسکی وەبەر دەستی کەوت. وەیزانی لاقی دە لاقی یار هەڵەنگوتووە و بە سرتە داوای لێبوردنی کرد. بەڵام دیسانیش وڵامێکی نەبیستەوە. دەستی راکێشا تا تارای لە سەر هەڵداتەوە کە دەستی لە شتێکی چاوەڕواننەکراو کەوت؛ کەللە سەرێکی زل و تووکاوی، دوو گوێی درێژ و لمبۆزێکی پان. زۆری پێ سەیر بوو. ئەمە چییە؟! لەو دەمەدا دەنگی گیاندارێک کە لەگەڵ ئاغا دە قەڵاغێدا بوو، بەرز بۆوە. دەنگ لە تفنکی ئاژەڵێکی ئاشناوە دەهات. ئاغا تووشی حەقیقەتێکی تاڵ ببوو. ئەو ماشووقەی بۆیان هێنابووە ژوانێ، خەجێ نەبوو. جاشکێک بوو کە دەست و لاقیان بەستبوو و پەڕۆیەکیان بە سەردا دابوو...

هیچ قەڵەمێک ناتوانێ رادەی رق و تووڕەیی ئاغا لەو کاتەدا بنووسێتەوە. وەها تووڕە ببوو کە ئەگەر چەقۆیان لێدابا، خوێنی لێ نەدەهات. کەس نازانێ بەو تووڕەییە چۆن پەرژایە سەر ئەوە کە دەست و لاقی جاشکەکە بکاتەوە و بەڕەڵای بکا هەتا سبەینێ کەس بەو پەندە نەزانێ. وەک شێتان لە قەڵاغێ دەرپەڕی و رووی لە ماڵی کوێخا کرد. خوا راستان کوێخا هەڵاتبوو دەنا بە دوور نەبوو ئەو شەوە تاوان و جنایەتێک بێتە ئاراوە. ژنی کوێخا بە سەرسوڕمان و شپرزەییەوە لە خەو ڕاپەڕی. تووڕەیی ئاغا و تفەنگی دەستی، کوێخاژنیان لە گیانی مێردەکەی نیگەران کرد. سوێندی بۆ خوارد کە خەبەری لێی نییە و نازانێ لە کوێیە. سوێندەکەی هەر چۆنێک بێ درۆ نەبوو. کوێخا ون بوو کە ون بوو..

لەو کاتەوە ئاغا شەو و رۆژ کەفی هەڵدەخڕاند و سۆراغی کوێخای لەم و لەو دەکرد. هەڕەشەی لێ دەکرد و خەبەری لێ دەنارد کە بە تۆڵەی ئەو بێڕێزییە گەورەیە وای ئەنجن ئەنجن دەکا کە لەتی گەورە گوێچکەی بێ. سەرەنجام شوێنپێی عەوڵا لە شاری دۆزرایەوە. لە مەهاباد. پەیامی ناردبوو؛ "بۆ مەگەر چ گوناحێکی کردووە کە ئاغا ئاوای لێ بە رقدا چووە و دەیهەوێ بیکوژێ؟! با ئاغا لە لای مەلا و ردێن سپیی ئاوایی بڵێ چ گوناحێکم کردووە و ئەوان شەرعمان بکەن، ئەمن بۆ خۆم بە پێی خۆم دێم تا محاکەمەم بکەن." بەڵام بۆ مەگەر شتی وا دەبوو؟! ئاغا تەنیا باسی لە تەوهینێکی گەورە دەکرد و بە کەسی نەدەگوت ئەو تەوهینە گەورەیە چییە و چۆن بووە.

وردە وردە وەرەق وەرسووڕا. قەرزدار بوو بە خاوەن قەرز. ئەمجار کوێخا هەڕەشەی دەنارد کە ئەگەر ئاغا لە کەری شەیتانێ دانەبەزێ و خەنجەر لە کالانێ نەنێ، رازی لێ دەدرکێنێ و لای خەڵکی دێ ئابڕووی دەبا. ئاخری روون نەبوو کە چۆن ئاو بەسەر ئەو ئاورەدا کرا و ئاشتی جێگای ئەو شەڕەی گرتەوە. ئەوەی زانرا نە قازی ئەسکەر قەت بە وەسڵی خەجێ گەیی و نە کوێخاش بەو سزایە کە بە رواڵەت شایانی بوو.

لە سەرەتای بەهارێ دا، سۆفی رەحمەت کە گۆیا کەم و زۆر ئەو بەسەرهاتەی بیستبۆوە، لە پیروەلی باغی باری کرد، رووی لە ئاواییەکی دیکە کرد و بوو بە رعێتی ئاغایەکی دیکە.

-------------------------------------

 

وەرگیراو لە؛ خاطرات یک مترجم – محمد قاضی


۱۱/۲۷/۱۳۹۵

زێدی من ؛ پیروەلی باغ

پیروەلی باغی گوندێکە کە لە نێوان شارەکانی مەھاباد، میاندواو و بۆکان دا ھەڵکەوتووە. لە نێوان دوو ناوچەی محاڵی ئەختاچی و چۆمی مەجیدخان ئەگەرچی مەودای لە گەڵ چۆمی تەتەھوو یان بەو جۆرەی ناوچەکەی بە ناو کراوە، چۆمی مەجیدخان، زۆرە. پێشوو سەر بە شارستانی مەھاباد بوو بەڵام دوای ئەوەی بۆکان بوو بە شارستان، ئەو گوندەش وێڕای چەندین گوند و ناوچەی دیکە خرایە سەر ئەو شارە.
بە پێی لۆغەتنامەی دێهخودا، پیروەلی باغی سەر بە ناوچەی محاڵی یەختەچییە.  هەر بە پێی دێهخودا ژمارەی دانیشتوانی گوندەکە بە ٢١٧ کەس خەمڵێندراوە. ئەوەش هەمان ئەو زانیاریانەیە کە "حاجی عەلیی رەزم ئارا" لە جڵدی چوارەمی کتێبی جوغرافیای ئوستانەکانی ئێران دا سەبارەت بە پیروەلی باغی نووسیویەتی و مێژووی زانیاریەکانی بۆ نێوان ساڵانی ١٣٢٥ تا ١٣٣٥ دەگەڕێتەوە:
پیروەلی باغی pir-vali-bäqi دێ لە دێیەکانی ئەختاچی بەشی دەوروبەری شارستانی مەهاباد
 ٣٥ کیلۆمیتریی رۆژهەڵاتی مەهاباد.  ٧/٥ کیلۆمیتریی رۆژئاوای جادەی راکێشراوی بۆکان بۆ میاندواو
کوێستانی - فێنک - مالاریایی - دانیشتوانی ٢١٧ کەس - کوردی سوننی
ئاوی لە کانیاوە - بەروبووی بریتی‌یە لە توتن و دانەوێڵە،
پیشە؛ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری - بەرهەمی دەسکار، جاجم تەنین، رێگا؛ مالرۆ (رێگای باریک کە تەنیا مرۆڤ و ئاژەڵ دەتوانن پێیدا بڕۆن)  

لە ویکی‌پێدیای فارسی‌ دا حەشیمەتی گوندەکە بە پێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٨٥ بە   ۳۰۰ کەس و ٥٦ بنەماڵە خەمڵێندراوە.

== ناو ==
پیروەلی باغی یان بە فارسی پیرولی باغی، بە شێوەکانی "پلۆری باغ(ی)"، "پللۆری باغ(ی)"، پیرۆلی باغی، پیروەلی باغ یان پیروەلی باغی لە لایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە گۆ دەکرێ بەڵام دروستەکەی پیروەلی باغ یان پیروەلی باغی‌یە.
 لە مێژووی نووسراودا دوو کەسایەتی هەبوون کە ناویان وەک ناوی ئەو گوندەیە؛ یەکەمیان پیروەلی برای ئەمیر وەلی و ئەمیر خوسرەوشا و دووهەمیان پوریای وەلی کە ناوی پاڵەوانێکی ئێرانی بووە و گۆیا گۆڕەکەی لە شاری خۆی هەڵکەوتووە. بەڵام بە دووری دەزانم ناوی ئەو گوندە پێوەندی بە ناو و کەسایەتیی ئەو دوانە یان لە یەکێک لەو دوو کەسایەتیانە هەبێ.

 ناوی گوندەکە شیمانە دەکرێ لە ناوی شەخس و پیاوچاکێک وەرگیرابێ کە ئیستا گۆڕەکەی لە پەنا ئاوایی‌یە و بە "حاجی وەلی" ناسراوە. گۆڕی حاجی وەلی لە پەنا ئاوایی پیروەلی باغی بە وارش و ئاڵا و کۆمەڵێک بەردی سپی، تەخت و درێژ، لە ناو گۆڕستانێکی تەنیشت ئاوایی هەڵکەوتووە. گۆڕستانەکە بە هۆی تێکەڵبوونی لە گەڵ ماڵەکانی ئاوایی، لە مێژە ئیدی مردووی لێ نانێژرێ بەڵام هەروا نزرگەی کچان و کوڕانە، چلدانەی لێ دەگرنەوەو بەختی خۆیانی پێ تاقی دەکەنەوە. دایکان ئاقیدەیەکی زۆریان پێی هەیە.
 وێدەچێ "وەلی" پێش ئەوەش کە چووبێ بۆ حەج و بووبێ بە "حاجی وەلی"، لە ناو خەڵک دا خۆشەویست و جێگای رێز بووە. وەک گەورەیەکی ئایینی لەقەبی "پیر"ی بۆ بە کار ھێنراوە و پێیان گوتووە "پیروەلی". "پیر" لە ئایینی میترائیسم‌دا دوا پلەی خواناسی و هاوتای خۆر بووە کە دوای هاتنی ئیسلامیش وشەکە بە پلە ئایینیەکەوە هەر وا بۆ پیاوچاکانی ئایینی ماوەتەوە. "پیر" بە مانای پیاوچاک و شێخی تەریقەت. رەنگە "وەلی" ناوی ئەو پیاوچاکە بووبێ یان لە بەر پیاوچاکی، خەڵک بە "وەلی" و جێ‌نشینی پێغەمبەرانیان شوبهاندبێ. ھەرچەند ڕوون نییە کە ئاخۆ ئەو بەراستی شێخی تەریقەتێک بووە یان تەنیا گەورە و خۆشەویستێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی. چونکە لە ئاواییەکەدا جگە لە قەبرستانی سەرەکیی ئاوایی کە بە "قەبری سەیدان" ناسراوە، شێخ و سەیدی لێ نین و کەسیش خۆی بە وەچە و نەتیژەی ئەو نازانێ. لە پاڵ مەزاری حاجی وەلی، باغێکی پڕ پیت و بەرەکەت هەیە کە بە ئاوی کانیاوی سەرەکیی ئاوایی پاراو دەکرێ و خەڵک بە "باغی حاجی وەلی" دەزانن. باغەکە داری کۆن و لەمێژینەی گوێز، توو و هەروەها باغێکی گەورەی ترێی لەخۆ گرتبوو. دوای داگیرکرانی کوردستان بە دەست پاسدارانی ناکۆماری ئیسلامی، باغەکە دەستی بەسەردا گیراو لە ئەنجامی پێڕانەگەیشتندا روو لە فەوتانە. هەروەها پێشتریش زیانی پێ گەیەندراوە. لەوانە لە دوای ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ کە دەسەڵاتی مەلایان لە تاران گەمارۆی سووتەمەنی خستبووە سەر کوردستان، بەشێک لە دارگوێزە بە نرخەکانی باخەکە بۆ گەرم کردنی کورەی مزگەوت بڕدران. بە کورتی وێدەچێ ناوی پیروەلی باغ لەو باغ و شەخسە وەرگیرابێ. گوندی "باغی پیروەلی". هەرچەند جۆری تێکهەڵکێش کرانی ئەو دوانە لە ناوی پیروەلی باغی دا، وەک ناوی بەشێکی زۆر لە گوندەکانی موکریان، بیچمێکی تورکانەی هەیە.
 باخەکە پێشتر هی بنەماڵەی قازی بوو و قازی ئەسکەری مامی قازی محەممەد بەسەریدا رادەگەیشت کە دواتر بە شێخانی غەوسابات فرۆشترا. بەڵام دوای ئینقلاب و داگیرکرانی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی، باغەکەش لە لایەن پاسدارەکانەوە دەستی بە سەردا گیرا.

* بۆچوونێکی دیکە سەبارەت بە ناوی پیروەلی باغ یان پیروەلی باغی ئەوەیە کە وشەکە لە بنەڕەتدا "پیروەلی بڵاغی" بووبێ. بە مانای کانیی پیروەلی. وەک "ئاتابڵاغی" و.. ئەویش بەو هۆیە کە مادام جۆری داڕشتنی ناوەکە تورکیە، ناکرێ سەرجەم پێکهاتەکەی (پیر، وەلی و باغ) کوردی یان غەیرە تورکی بێ. هۆکاری سوان و کورتبوونەوەی "پیروەلی بڵاغی" بۆ "پیروەلی باغی"ش رەنگە بۆ دووپاتبوونەوەی دوو جار پیتی "ل" لە ناوەکەدا بووبێ.

== جوگرافیای گوند ==
پیرولی باغی لە نێوان ئەو دێھاتانەی خوارەوە دا ھەڵکەوتووە و بە قەولی دانیشتوانی ناوچەکە مەزرایان لێک دەگەڕێتەوە:
* لە باشوور: گۆلی مەرزینگ
* لە باشووری رۆژئاوا: شۆریجە، عەوڵاتەپەسی و کۆنە مەڵالەر
* لە رۆژئاوا: شێخاڵی و قۆرغان
* لە باکوور: غەوساباد و دەوەشاری
* لە باکووری رۆژھەڵات: بەردەڕەشان و مەخسودیان
* لە رۆژھەڵات: ئاغەڵیان، سریلاوا
* لە باشووری رۆژھەڵات: قارنجە و حسین مامە

ئاوی خواردنەوەی گوندەکە لە کانیەک دابین دەکرێ کە لە رێی سیستمی کەرێزە، لە دوو کیلۆمیتریی رۆژئاوای گوندەکەوە کێشراوە و ھەر بە کانی پیروەلی باغی ناسراوە. جگە لەوەش چەندین کانی و ئاوی دیکە مەزرا و کێڵگە بەراوەکانی ئاوایی پاراو دەکەن وەکوو: گۆلی مووچەی کاکی، گۆلی کا حەمە حەسەن، بەردە سووران، کانی گوڵان، کانێ سپی، کانی مەلا، کانی زەنگوڵە و کانی حاجی رەسوڵ.

کێوەکانی ئاوایی:' داغداغانی، سێ لک، کاسە ڕووت، فەندیان یا کێوی سریلاوا، کێوی عەوڵابات و کەلە ملە، وەتەلگی، کێوە سپی، کێوە سوور، کورسیلە یا چراغچی و پاردە.

لە ساڵی ١٣٧١ کارەبا بۆ گوندەکە کێشراوە و ساڵی ١٣٨٥یش ئاوی لولەکێشی بۆ چووە. هەروەها رێگای گوندەکەش ئیسفاڵت کراوە

=== سەرچاوەی ئابووریی خەڵک ===

'''حاسڵات'''
پیروەلی با‌غی خاوەنی زەوی و زارێکی زۆرە بەڵام زۆربەی زەویەکانی دێمەکارن. گەنم، جۆ، نۆک، نیسک، بەروبوومەکانی بێستان وەک شووتی، کاڵەک، تەماتە، خەیار (هارۆ) و ترۆزی لە بەروبوومەکانی کشتوکاڵی گوندەکەن. پێشتر تووتنیشی لێ بەرهەم دەهات کە ئیستا رمێنی نەماوە. هەروەها داری بەریشی لێیە وەک گوێز، بادام، قەیسی، ترێ و تووی رەش. بە شێوەی خۆرسکیش هەر دوو جۆرە داری گێوژ (سوور و زەرد) لە چیاکان هەن
ئەو بەشە لە زەویەکانی ئاوایی کە بەراون، بە ئاوی کانی پاراو دەکرێن کە سەرجەم پێنج مووچە و مەزرای لەو جۆرەی لێیە کە هەر کامیان چەندین کانیان تێدا هەڵکەوتووە. مەزراکان بریتین لە: مەزرای کۆنە دێ، مووچەی کاکی، بەردەسووران، مەزرای مامە حاجی،  و مووچەی بەر دێ.
دوای میکانیزەبوونی کشتوکاڵ، بیر و پۆمپ لە بەشێکی بەرچاو لە پێدەشتەکانی ئاوایی هەڵکەندرا و بەو جۆرە مووچە و مەزرایەکی زیاتر بەراو کران.
 '''ئاژەڵداری'''
جگە لە کشت و کاڵ، نیزیک بە هەموو بنەماڵەکانی ئاوایی مەڕدارن. هەموو بنەماڵەیەک لە پاڵ کاری کشت و کاڵ ١٠ تا ١٠٠ سەر و بگرە زیاتریش مەڕیان هەیە کە بە هەر چەند ماڵ، ساڵانە شوانێک مەڕەکان وەک مێگەل لە کێو و پێدەشتەکانی ئاوایی دا دەلەوەڕێنێ. جگە لەوە هێندێک ماڵ چەند سەر مانگاشیان هەیە. هەروەها مریشک، قەل، قاز و مراوی ئەو پەلەوەرانەن کە لە ئاوایی دا هەن و دانیشتوان بۆ هێلکە و گۆشت کەڵکیان لێ وەردەگرن.

'''دانیشتوانی ئاوایی:'''
دانیشتوانی پیروەلی باغی سەر بە تایفە یان عێڵ و عەشیرەتێکی تایبەت نین و لە نێویان دا بنەماڵەکانی سەر بە مامەش، مەرزینگ، کوردە، باریک و هیتر هەن.

=== مێژووی پیرولی باغی ===
روون نییە کە پیروەلی باغی کەی بۆ یەکەم جار ئاوەدان کراوەتەوە. ناوەکەی کە زیاتر وەک پێکهاتەیەکی تورکی دەچێ، بۆ سەردەمی هاتن و داگیرکاریی تورکان دەگەڕێتەوە. هەرچەند ئەوەش بەدوور نازاندرێ کە وەک زۆر گوند و ئاوایی دیکەی ناوچەکە، ناوی ئەو گوندەش وەرگێڕدراوی "کانیی پیروەلی" یان "باغی پیروەلی" بێ و لە سەردەمی دەسەڵاتداریی تورکاندا وەرگێڕدرابێتە سەر زمانی تورکی و گۆڕدرابێ. بەڵام بەو حاڵەش بە سەرنجدان بەوە کە بە هەر چەند کیلۆمیتر لە دەوری ئاوایی شوێنەواری کۆنە دێیان هەیەو ئەو شوێنانەش هەر کامیان بە سەردەمێک پێش لەو ئاواییە، ئاوەدان بوون و دواتر بە هۆکاری جۆراوجۆری وەک سێڵاو، گرانی و ... دانیشتوانەکەی بۆ شوێنێکی تر گواستوویانەتەوە، وێناچێ پیروەلی باغ لەو کۆنە دێیانە کۆنتر بێ. بۆ وێنە ئاسەواری ژیان و نیشتەجێ بوون بە شێوەی کۆنەسواڵەت یان کاولە کۆن لە موچەی کاکی، مەزرای کۆنەدێ، کاولان و مەزرای بەردەسووران کەم و زۆر هەر ماوە.

پیروەلی باغی لە سەدە و دەیەکانی کۆتایی دەورانی فیئوداڵی و سیستەمی ئابووری - کۆمەڵایەتیی ئاغا و رەعیەتی دا مڵکی بنەماڵەی قازی بوو و لە دوایین ساڵەکانیش دا لە نێوان ئاغاکانی دێبوکری و بنەماڵەی قازی دا دابەش کرابوو. هەروەها شێخانی غەوساباتیش زەوی و زاریان لە پەنا ئاوایی هەبوو. بەر لە بنەماڵەی قازی، پیروەلی باغی مڵکی سەیدانی نوورانی بوو. بەڵگەش بۆ ئەوە بەسەرهاتی دەمی ئاویلکەدانی میرزا قاسمی قازی باوکی میرزا فەتاح و قازی عەلی‌یە:
"میرزا قاسم مریدی دڵسووتاوی شێخی بورهان بوو. پێش سەرەمەرگ داوای لە شێخ  کردبوو کە یەک لە نیزیکانی خۆی بۆ خوێندنی یاسین و دادانی تەڵقینی بنێرێتە ژوور سەری. شێخ مەلای رەوانی یان رەببانی بۆ ئەو کارە رادەسپێرێ. "سەید سەعیدی نوورانی" لە عالەمی باتینیی مەلای رەوانیدا هاتووەتە ژوور سەری میرزاقاسم و پێی دەڵێ؛ "لە تۆڵەی ئەوەی کە ئێوە بە تۆبزی دێی "پیروەلی باخی"تان لە وەرەسەی ئێمە ئەستاندوە، ئەمن ئیمانت لێ دەستێنم."
 سەید سەعید کە پێش میرزا قاسم کۆچی دوایی کرد، لە سەیدانی کولیجە بوو. ساڵی ١٢٦٧ی کۆچی هەتاوی یان ١٨٨٨ی زایینی کۆچی دوایی کردو لە خانەقای شێخی بورهان نێژرا. بەو پێیە سەیدانی نوورانی رەنگە میراتگری حاجی وەلی بووبن و ئەو سەیدانەش کە گۆڕ  و وارشیان بووەتە بناخەی گۆرستانی ئاوایی لە قەبری سەیدان، سەیدی بنەماڵەی نوورانی و خاوەن مڵکانی پێشووی ئەو گوندەن. سەیدانی نوورانی لە سنجاخ، کولیجە و چەند ئاوایی دیکەی ئەو دەڤەرە نیشتەجێن و خانەقای زەمبیل هی ئەوانە. مڵکی پیروەلی باغی دەبێ لە زەمانی میرزا ئەحمەدی باوکی میرزا قاسمی قازی یان هەر لە زەمانی میرزا قاسم دا کە ٧ برای ئازای هەبوو، بۆ ئەو بنەماڵەیە دەستەبەر بووبێ. میرزا قاسم باوکی قازی عەلی، قازی ئەسکەر، سەیفولقوزات و میرزا رەحیم بوو کە ئەوەی دواییان لە تافی لاویدا لە پیروەلی باغی کوژرا.

 هاوکات لە گەڵ بنەماڵەی قازی، بەگزادەی موکریش تەماحیان لە سەر پیروەلی باغی هەبوو. موکریەکان کە دوای کوشتاری موکری قڕان لە لایەن شا عەباسی سەفەوی، لە بداخ سوڵتانەوە جارێکی دیکە درێژەیان بە دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەکە دایەوە، چەند جار شەڕ و تێکەڵچوونیان لە گەڵ بنەماڵەی قازی هەبوو. شەڕی نێوان قازی و بەگەکانی بورهان کە ئاغای کۆنەمەڵالەریش بوون، لە سەر سنوور و کەوشەنی نێوان مەزرای کۆنەمەڵالەر و پیروەلی باغی هاتە ئاراوە. لە یەکێک لەو تێکەڵچوونانەدا میرزا رەحیمی قازی برای قازی عەلی و مامی پێشەوا قازی محەممەد، کە هێشتا جەوان بوو، لە نێوان سێلک و تەپکی گەڵاڵان کوژرا. کوژرانەکەی بەو جۆرە بوو کە میرزا رەحیم جووت و گای بردە سەر ئەو زەویە دێمەکارانەی کە کێشەیان لە سەر بوو. بەگەکان هەڵیانکوتایە سەر میرزا رەحیم و پیاوەکانی و، میرزا رەحیم بە دەستی "مەجیدبەگی بورهان" کوژرا. بە دوای ئەوەدا شەڕ بەرین بۆوە و بنەماڵەی قازی و بەگ لەشکریان لێک کۆ کردەوەو چەندان جار لێکیان دا و لێکیان کوشت.

لە سەردەمی شەڕی جیهانیی یەکەم دا، دوای ئەوەی خەڵکی شاری مەهاباد و ناوچەکە لە ترسی هێرشی عرووس و لە ململانێی شەڕی رووس و عوسمانی دا ناچار بوون ناو شار و ئاوەدانی بە جێ بێڵن، قازی محەممەدی شەهید و ئەبولقاسمی سەدری قازی برای پێشەوا کە گەنج و تازە پێگەیەیشتوو بوون، لەو گوندە مانەوەو بە سەر دەغڵ و دانی ئاوایی دا رادەگەیشتن. زۆربەی خەڵک بەرەو ناوچە سەخت و شاخاویەکان رایانکردبوو بەڵام میرزا محه‌ممه‌د (پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د)و میرزا قاسم (سه‌دری قازی) له‌‌ پیروه‌لی باغی ئەرکی ئاگاداری له‌ مڵک و ماڵ و حاسڵات‌ و کاروباری مه‌زرایان پێ‌‌ سپێردرابوو. ئه‌و دوو لاوه‌ که‌ ئه‌و کاته‌ زۆرتر له‌ پازده‌ یا شازده‌ ساڵ ته‌مه‌نیان تێنه‌په‌ڕیبوو، به‌ یارمه‌تی گه‌وه‌رتاج خانم کچی میرزا فه‌تاحی قازی، خێزانی قازی عه‌سکه‌ر کە پووری ئەوان و شێره‌ژنێکی هه‌ڵکه‌وته‌ی مه‌ڵبه‌ندی موکریان بوو، زۆر ئازایانه‌ کاروباری گوند و مه‌زرایان راپەڕاند و سه‌رکه‌وتووانه‌ له‌و هه‌رێمه‌دا کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداری‌یان کرد. قازی عه‌سکه‌ری مامیان هەروەها گه‌نم‌ و ده‌غڵ و دانێکی زۆری ده‌چاڵ و عه‌مباران دا راگرتبوو که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌هۆی گرانی و قاتی و قڕی زۆر باش به‌ گران ده‌فرۆشرا. میرزا محه‌ممه‌د و میرزا قاسم وێڕای ئەوە کە بەو گه‌نم و ده‌غڵ و دانه‌ گیانی هەزاران کەسیان لە مەرگ رزگار کرد، بە فرۆشی ئەو دەغڵ و دانە دام‌وده‌زگایه‌کی ده‌سه‌ڵات و ئاغایه‌تی‌یان وه‌ڕێ خست و بە پوڵی ئەو گەنمە دواتر گوندەکانی گوێگجەلی، دەلمە، مشیرابات، کانی کووزەڵە و عەوڵابات لە سەر چۆمی جەغەتوو کڕدران.
 هەر له‌ ماوه‌ی ئەو چه‌ند ساڵەدا که‌ له‌ گوندی پیروه‌لی باغی مابوونه‌وه‌، میرزا محه‌ممه‌د و میرزا قاسم له‌لای چه‌ند نه‌فه‌ر کاربه‌ده‌ستی رووسی که‌ له‌ میاندواو بوون و هاتووچۆی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌یان کردووه‌ فێری زمانی رووسی بوون. به‌تایبه‌تی میرزا محه‌ممه‌د زۆربه‌ی کاتی خۆی به‌ خوێندنه‌وه‌ی کتێب و گۆڤار و رۆژنامه و ده‌رسی رووسییه‌‌وه‌ تێپه‌ڕ کردووه و کاروباری مڵکداری و ئاغایه‌تیی بۆ میرزا قاسم به‌جێ هێشتووه‌. ئه‌م ماوه‌یه‌ که‌ چه‌ند ساڵی کێشاوه‌ بۆ ئه‌م دوو لاوه‌ وه‌ک پله‌یه‌کی گرینگی پێگه‌یشتن دێته‌ ئه‌ژمار. میرزا قاسم پاش ساڵی شکاک (1924_1920) ده‌گه‌ڵ کچی خاڵی خۆی شاسوڵتان خانمی ناهید کچی مسته‌فا به‌گی سڵه‌مانکه‌ندی که‌ له‌قه‌بی سالاری هه‌بووه‌ زه‌ماوه‌ند ده‌کا. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا قازی عه‌سکه‌ر و قازی عه‌لی و سه‌یفولقوزات جوێ ده‌بنه‌وه‌ و هه‌رکه‌و ماڵی خۆی ده‌کا. سه‌یفولقوزات گوێگجه‌لی (گوندێک له‌سه‌ر جه‌خه‌توو) وه‌به‌ر ده‌که‌وێ، قازی عه‌لی له‌ قارنجه‌ و ئاغەڵیان به‌شی خۆی هه‌ڵده‌گرێ و قازی ئەسکەریش (میرزا عەبدوڵا) لە پیروەلی باغی دەمێنێتەوە.

میرزا عەبدوڵا (قازی ئەسکەر) وەجاخ کوێر و بە پێچەوانەی براکانی، پیاوێکی کەم خوێندەوار بەڵام بە مشوور بوو. دەورێکی گرینگی لە ئاوەدان کردنەوە و پێڕاگەیشتن بە گوندەکە دا هەبووە. لەوانە سازکردنی حەوز و دەستبەئاو، بینای قەڵات و باڵاخانەیەکی بەرز کە بە خشتی خاو داندراوە کە بە داخەوە بە هۆی بێ خاوەنی روو لە فەوتان و خاپوور بوونە.
کە قازی ئەسکەر مرد، مڵک و ماڵەکەی وێڕای قەرزێکی زۆر، بۆ سەیفولقوزات بە جێ ما. ئەویش بە پێی بەڵگەنامەیەک، دوو دانگ لە مڵکی هەر کام لە گوندەکانی پیروەلی باغی و عەوڵاباتی بە حاجی میرزا ساڵحی ئەمینی تاجری سابڵاخی فرۆشت تا قەرزەکانی قازی ئەسکەری پێ بداتەوە. مەبەست لە عەوڵابات لێرەدا هەر ئەو گوندەیە کە لە داوێنی کێوی عەوڵابات لە سەر رێگای پیروەلی باخی بۆ حسین مامە هەڵکەوتوەو دەمێک ساڵە چۆڵ و کاولە. رەنگە هەر لە سەرەتاشەوە لە لایەن قازی ئەسکەرەوە ئاوەدان کرابێتەوەو ناوی خۆی (میرزا عەوڵا - عەوڵابات)ی بەسەردا بڕاوە.
 وێدەچێ قازی ئەسکەر لە سەردەمی ژیانی خۆیشیدا بەشێک لە زەوی و مڵکی پیروەلی باغیی بە ئاغایانی دێبوکری فرۆشتبێ یان حاجی میرزا ساڵح دواتر بەشەکەی خۆی بە زیاتر لە یەک کەس فرۆشتبێتەوە. لە دەیەو ساڵانی کۆتایی سیستمی ئاغاو رەعیەتی دا، سەعدووناغای قۆڕغان کە سەر بە بنەماڵەی ئاغایانی دێبوکری بوو، خاوەنی زەویەکانی باکوور و رۆژئاوای ئاوایی بوو و وەرزێرانی بەشێک لە مووچە و مەزرای گوندەکە رەعیەتی ئەو بوون. دوو بنەماڵەی قازی و دێبوکری لە سەر ئەم دابەشکاریە و کەوشەنی نێوانیان، چەندان جار شەڕ و نێوان ناخۆشیان کەوتە بەینەوە.

دوای ئینقلابی سپی ساڵی ١٣٤٢ لە لایەن حەمەرەزا شا، دەسەڵاتی ئاغاوەتیش لە سەر مووچە و مەزرای خەڵکی گوندەکە کورت کرایەوە بەڵام دیسانیش بەشێکی زۆر لە مەزرا و مووچەی ئاوایی هەر بۆ ئاغاوەتان مایەوە. بە تایبەت زەویەکانی دەشتی عەوڵابات کە بە میرات بە خانمە خانمی هاوسەری رەحیمی سەیفی قازی و بووکی سەیفولقوزات بڕابوو. دوای ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ حیزبی دێموکرات کە لە ناوچەکە حوکمی دەکرد، ئەو زەویانەی بە سەر قەرە و رەشایی گوندەکە دا دابەش کرد دوای داگیر کرانەوەی کوردستانیش، کۆماری ئیسلامی دەستی لەو دابەشکردنەی حیزبی دیموکرات وەرنەدا.

==پەراوێز==


مامەشێرە؛ بەیتبێژێکی بەناوبانگی سەردەم لە پیروەلی باغی
http://www.bokan.de/laperekan/nuseran/Kak%20Anwer/bokan/bokan401.pdf

'''ژێدەر:'''

کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی - نووسینی؛ خەلیلی فەتاحی قازی

ژیان و شێعرەکانی سەیفولقوزات - ئامادەکردنی؛ ئەنوەر سوڵتانی و حەسەن قازی

فەرهەنگی فارسیی دێهخودا

فەرهەنگی ئوستانەکانی ئێران - حاجی عەلی رەزم ئارا
-----------------

تاهیر قاسمی ئامادەی کردوە

۱۱/۲۶/۱۳۹۵

حاجی سەیاح لە کوردستان












سی

سی لە زمانی کوردیدا چەندان واتای هەیە:
- ژمارەی دوای ٢٩
- ئەندامی هەناسەدان لە هەناودا ، جگەری سپی
- رەنگی رەش، سیا
- جۆرێک نەخۆشیی باڵداران، نەخۆشیی ئازارە باریکە
- ناوی باڵندەیەکە
ئەوەی کە مەبەستی ئەم باسەیە، واتای کۆتایی سی‌یە. بەڵام نەک تەنیا تایبەت بە باڵندەیەک بەڵکو ناوی کۆنی باڵندە و بنەمای ناوی چەندان جۆر باڵندە لە زمانی کوردیدا.
وشەکە بە پاشگری "ک" و بە شێوەی "سیک" لە ناوی چەند باڵندە
یان ناوی پێوەندیدار بە باڵندەدا هەیە. ئەوەش بۆمان روون دەکاتەوە کە ناوەکە لە دەنگی باڵندە وەرگیراوە و بنەمای وشەی "جیک"ە. پیتی "س" لە "ج" کۆنترە و بەو پێ‌یە جیک، چیک یان جیکە لە سی و سیک کەوتووەتەوە.
 جیک یان جیکە بە دەنگی بەشێک لە باڵندەکان دەگوترێ کە وەک کەڵەشێر یان بولبول ناخوێنن و وەک قەل و قاز ناقڕێنن. جیکە لە بنەڕەتدا دەنگی جوجکە و بێچووی مەلە.
سی لە ناوی باڵندە دا:
چیک، چیچ ، چیجک، جوجک، جوچکە: سی + باشگری بچووک کردنەوە، سی بچووک
چۆلەکە، چوێلەکە: سی + پاشگری "ۆلکە". سیۆلکە. چێولکە، سی بچووک، باڵندەی بچووک
چیچک: سی بچووک
سیسارکە کەچەڵە: سی + سەر + کەچەڵە، سی سەر کەچەڵ، باڵندەی سەر کەچەڵ
چیدانە: باڵندەیەکی رەنگ بنەوش
چێرگ: مێشە سی
 چیق: قەلە رەشە
سیمرغ
سێرو
سریلە
سیکوژ: شاهێنی بەحری
سەقر
سوێسکە: سی ئاسکە، باڵداری وەک ئاسک. شوبهاندنی بە ئاسک (آهو) لە ناوە فارسیەکەشیدا هەست پێ دەکرێ: تیهو

حاجی لەگ لەگ
بە ڕواڵەت لە دوو بەشی حاجی + لەگلەگ وەرگیراوە. بەشی دووهەم دەگەڕێتەوە سەر دەنگی ئەو باڵندەیە و زیاتر بە لێکدانی دندووکە درێژەکەی دەنگی لەقلەق، لەکلەک یان لەگلەگ ساز دەکا. بەڵام بۆ بەشی یەکەمی ناوەکەی پێشتر وام گومان دەکرد کە پێوەندی بە رەنگی سپی باڵندەکە یان کۆچبەربوون و گەرمێن و کوێستان کردنی ئەوەوە هەیە. هەردووی ئەوانەش ناکرێ بە یەکجاری رەد بکرێنەوە بەڵام ئەمەش بە دوور نازاندرێ کە ئەم دووانە رێگایان خۆش کردبێ تا وشەی سی بۆ حاجی و سی لەکلەک بۆ حاجی لەکلەک گۆڕدرابێ. سی لەک لەک؛ واتە باڵندەیەک کە دەنگی لەکلەک/لەقلەق/لەگلەگی هەیە. ناوەکە لە زمانی عەرەبیش دا "طایر لقلق"ە بە واتای باڵندەی لەقلەق یا هەمان سی لەقلەقە.
لە سی لەقلەقەوە چیای لەقلەقایسی یان لەقلەقاسی‌م وەبیر کەوتەوە. چیایەک لە نیزیک ئاوایی حاجی لەک لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان. چیاکە کۆمەڵێک بەردی بەرز و هەڵچووی لێیە کە لەگلەگ لە سەریان هێلانە دەکا.  دانیشتوانی ناوچەکە ئەم ناوە بە وشەیەکی تورکی دەناسن و هەشن وشەکە دەگەڕێننەوە سەر داری قەیسی و شتی لەم بابەتە. بەڵام ئەم ناوە رەنگە ناوی کۆنی حاجی لەقلەقی لە خۆیدا هەڵگرتبێ. چیای لەقلەقایسی: چیای حاجی لەگلەگ. وێدەچێ حاجی لەقلەق ناوی خۆی بە ناوی گوندەکەش بەخشیبێ و گوندی حاجی لەک و تەنانەت رەنگە گوندی دارەلەکیش پێوەندیان بە هۆزی لەکی ناوچەی کرماشانەوە نەبێ. بە تایبەت کە هەردوو گوند لە پێدەشتە سەوز و زەنوێرەکانی چۆمی مەجیدخان و شاروێران هەڵکەوتوون و بەهاران هەوار و مەنزڵگەی حاجی لەکلەکن.

مریشک
مر بە ئەگەری زۆر لە وشەی "مێهر" و "مێر" کەوتوەتەوەو ئەوەش ناوی میترایە و دەچێتەوە سەر ئایینی میترایی و مێرایەتی کە ئایینی کۆنی کوردان و دانیشتوانی سەر زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس بووە. بە ئەگەری زۆر پێشینیانی ئێمە وەک نیعمەتێک لە میترا، لە مریشکیان روانیوە. وەک چۆن کەڵەشێریش هەڵگری جۆرێک پیرۆزایەتی بووەو ئەم پیرۆزایەتیە لە ناوەکەی و هەروەها لە ناوی کەڵەبابیش دا پارێزراوە. شێر پلەی چوارەم لە حەوت پلەی خواناسییەو "باب"یش وەک پلەیەکی پیرۆزایەتیی ئایینی لە ناوی زۆر چاک و پیری وەک بابەقەتار، بابەگوڕگوڕ و... دا دەبیندرێ.
مریشک سەرەکیترین باڵندەیە لە کوردستان کە بە کەمترین پێڕاگەیشتن، هێلکە و گۆشت بۆ مرۆڤ دابین دەکا خزمەت و خێری زۆری پێدەگەیەنێ.
وشەیەک کە لە زمانی کوردی دا بنەمای ناوی زۆرێک لە ناوی باڵندەکانە، "سی" یان "سیک" و "چیک"ە. ئەمەش وشەیەکی دەنگیە و ئەمڕۆ "جیکە" دەنگی باڵندەیە. وەک سی (جۆرێک باڵندە و دەستەخوشکی هەڵەتانج)، چۆلەکە (سی+ۆلکە کە نیشانەی گچکاندنە)، سیسارکە کەچەڵە (سی سەر کەچەڵە)، سیکوژ (شاهێنی بەحر، باڵندە کوژ)، جیقنە (سیک یا جیک گەنە، گەندی سیک، گەنی باڵندە)..
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر وشەی مریشک، دەکرێ وشەی سی یان سیک لە پاژی دووهەمی وشەکەدا بدۆزینەوە. مێهری چیک (باڵندەی مێهر)، مێری چیک، مری چیک، مریچک، مریشک.
هەرچی وشەی مراویە، بە ئەگەری زۆر لە سەر بنەمای تێگەیشتنی هەڵە لە وشەی مریشک کەوتوەتەوە.بە پێی ئەم بۆچوونە، مراوی زۆر دواتر هاتوەتە ناو کوردان. ئەوان پێیان وا بووە مریشک مری ئیشک یا مری وشکانە و ئەم تازەیەش کە وەک ئەو هێلکەیان بۆ دەکا و گۆشتی دەخورێ بەڵام لە ناو ئاو دایە، وا باشە ناوی بنێن مری ئاوێ. دەشزانین کە مراوی بە جۆرە ماڵیەکەی دەگوترێ و مراوی سەر بەحر و گۆماوان سۆنەیە.
پێوەنیدار بە باڵندە
چێرت؛ سی + ریت، سی ریتە، ریتەی باڵندە، جیقنە
جیقنە: سیک + گەنە، گەن و گووی سیک، گەنوگوی باڵندە
سیکڵدانە، چیکڵدانە، جیکڵدانە،
سیکەتۆرە: تورەی سیک، توورەکەی باڵندە

۱۰/۱۴/۱۳۹۵

ئەرێ "مهربانی"ی کورد چی لێ هات؟

زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە. بۆ زۆر واتا، زیاتر لە وشەیەکی هەیە. بەڵام جاری وایە وشەیەکی بێگانە خۆی دە ناو ئەو زمانەدا خزاندوە و بواری بە گەشە کردنی وشە خۆماڵیەکە نەداوە. هەشبووە کە وشە خۆماڵیەکە خوێندنەوەی هەڵەی بۆ کراوە و پێش لە گەشە سەندنی گیراوە. مێهرەبانی یەک لەو وشانەیە.
لە گەڵ هاتنی زستان و وەرزی سەرما، لە ناو شارەکانی ئێراندا دیاردەیەکی جوان سەری هەڵداوە. دیاردەی "دیواری میهرەبانی". ئاوێزە یان رەختاوێزیان بە دیوارانەوە داکوتاوە و جلوبەرگی گەرمی زستانەیان پێوە هەڵواسیوە. داوا لە رێبواران دەکەن کە ئەگەر پێویستیانە هەڵگرن و ئەگەر هەشیانە دانێن.
کوردستان وڵاتێکی شاخاویە و زستان و سەرمایەکی زیاتر لە زۆربەی شارە فارس نشینەکانی هەیە. بە تایبەت ئەمساڵ بەفر و سەرمایەکی زیاتر لە چەند ساڵی بەرێ، رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتۆتەوە. کوردەکانی رۆژهەڵاتیش بە لاسایی ئەم هەنگاوەی لە تاران و شارە گەورەکانی دیکەی فارس نشینەوە دەستی پێ کرد، دیواری خۆیان دانا.  بەڵام لە زۆربەیاندا هەمان تێکستی فارسیی "دیوار مهربانی" بە سەر دیواری جلوبەرگە هەڵواسراوەکانەوە داکوتراوە.  لە یەکێک لەو وێنانەش دا کە وا بزانم شاری پیرانشارە، چالاکان خەریکی هەڵواسینی پلاکاردێکن کە تێکستەکەی بە "دیواری دڵسۆزی" مانا کراوەتەوە. بەڵام دڵسۆزیش پڕ بە پێستی مانای مێهربانی نییە.

لە زمانی کوردی دا  وشەی نیزیکتر لە میهرەبانی، بەزەییە. لە هەنبانەبۆرینەدا ئەم وشانە بۆ واتای بەزە و بەزەیی هاتون:
بەزە: دلۆڤانی، روحم، دڵنەرمی
بەزەوی: بەزە، روحم
بەزەیی: بزی، بەزە، روحم

وشەی بەزەیی لە کرداری "زان" و "زایین" داکەوتووە. ئەویش بریتیە لەو هەستە پڕ لە بەزەیی و میهرەبانییەی کە گیانداری تازە زاو بۆ بێچووەکەی هەیەتی. ئەم لێک کەوتە لە وشەکانی روحمی بە واتای بەزەیی و رەحەم‌ی بە واتای منداڵدان لە زمانی عەرەبیش دا هەیە.

بەڵام ئاخۆ میهرەبانی لە ناو کوردان دا چی لێهات؟!

وشەی مێهرەبان و مێهرەبانی لە دوو بەشی مێهر و بان پێکهاتوە. مێهر پێوەندی بە ئایینی میتراییەوە هەیە و میتراش هەمان مەتەر و "مادەر"ی بە واتای دایکە. پێشینیانی ئێمە لە باسی خوڵقانی مرۆڤ دا پێیان وا بووە مرۆڤ لە دایکێکی ئاسمانی بووە یان دایکێک لە ئاسمان مرۆڤی لێ بووە. بەو دایکە ئاسمانیەیان دەگوت میترا بە واتای دایک یان ئاڵامیترا بە واتای دایکی بان یان سەروو. مێهر  یەکێک لە شێوەکانی وشەی "میترا"یە.
لای پێڕەوانی میترا وا گوتراوە کە میترا لە ئەشکەوت یان کەلێنە بەردێک (مەڕە - مێهرە) هاتە دەر. گایەکی کرد بە قوربانی. هەر شوێنێک کە خوێنی ئەم گایەی بە سەردا پڕژابێ، سەوزایی و بە پیت و بەرەکەتە. هەر لەو ئەفسانەیەو لە ناوی میتراوە دوو وشەی "مێرگ (مێهر+گ)" و "مەزرا (میثرا یان مەثرا)" داکەوتن.  وشەی میترا بە شێوەگەلی: میثرا، میترا، مەتەرا، مێهرا، مێهر، مێر، میر و رەنگە شێوەگەلی دیکەش تۆمار کراوە:
مێرگ: چیمەن، گیاجاڕ (هەنبانە بۆرینە)
مەزرا: کێڵگە، موچە، جێگەی شت لێ چاندن
میترا/میثرا/مەثرا، مەزرا
کورد نابێ سڵ لەو وشانەی خۆی بکاتەوە کە دەروجیرانەکانی وەریان گرتوە و بەرگی خۆیان بە بەردا کردوە. بۆ وێنە عەرەب وشەی مەزرایان کردۆتە "مزرعە" و لەوەشەوە بنەمای " زرع "یان بۆ داتاشیوە. بەڵام ئەمە نابێ فریومان بدا کە بنەمای مەزرا، درعی عەرەبییە. ئەمە راست نییە.

مێهر یان میترا گەلێک وشەی دیکەی لە زمانی کوردیدا لێ کەوتۆتەوە کە رەنگە بۆ ئەم بابەتە گونجاو نەبێ زیاتری لە سەر بدوێم. بەڵام سەبارەت بە وشەی "مێهر" و مێهرەبان"، ئەم وشەیە لە زمانی کوردیدا بە هۆی ئەو گۆڕانەی لە گۆ کردنیدا هەیە، واتای جیاوازی لێ کەوتۆتەوە. ئەویش شێوەی گۆ کردنی بە "مێر" یان "میر"ە.
مێر بە هەڵە واتای "پیاو"ی گرتوە. مێری کوردی و "مەرد"ی فارسی، لە وشەی میترا کەوتوونەوەو واتای جیاوازیان وەرگرتوە. تەنانەت "امیر"ی عەرەبیش هەر لە مێهر کەوتۆتەوە. ئەوەش بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە:
یەکەم میترا بە پێی ئەو باوەڕەی لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، سەرەتا دایک و بەو پێیەش ژن بووە. ئەمە بە پێی باوەڕی سەرەتایی مرۆڤەکان بۆ میترا بووە. دواتر ئەم باوەڕە بووە بە دین و داڕێژراوەتەوە. سەرەتا وەک مرۆڤێک کە ژن و پیاویی نادیار و ناگرینگە، پێشان دراوە. بەڵام دواتر و بە تایبەت لەو سەردەمەدا کە میترائیسم بەرەو رۆژئاوا گەشەی کردوە، میترا لە وێنەی کوڕە جحێڵەیەکی ئازادا خەریکی کوشتنەوەی گایە.
دووهەم؛ میترا خوای شەڕ و ئازایەتی بووەو ئازایەتیش پیاوان بە سفەتی خۆیانی دەزانن. هەروەها میترا خوای پەیمان و بەڵێنی‌یەو لە کۆمەڵگای پیاوسالار دا ئەم پەیمان و بەڵێنی‌یە وەک خسڵەتی پیاوانە چاوی لێ کراوە. بەم جۆرە مێر وەک سفەتی پیاوانە داکەوتووە. لەم مێرەش، کۆمەڵێک وشە داکەوتوون کە مێر و مەرد لەوانەن. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە ژنان بە یەکجاری لە پەسنەکانی میترا بێبەری کراون. مێرێ و مرۆت (مێهر دۆت، کچی مێهر) لەو نمونانەن.  بەڵام پشکی شێر هەر وا بۆ پیاوانە. وشەی مەردۆم لە مێهرتۆم، مێرتۆم بە واتای توخمی مێهر یان میترا کەوتوەتەوە. لە مەردۆمیشەوە، مەرد و مێرد بە واتای پیاو داکەوتوە. بەڵام سەرەڕای باوبوونی زیاتری وشەی مەرد لە ناو زمانی فارسی دا، وشەی مێهر بە واتای بەزەیی ماوەتەوە. ئەمەش هەمان پەسن و سفەتی بەزەییداری میترای سەرەتایە وەک دایکی مرۆڤایەتی. لێ کورد زیاتر باری ئازایەتی و مانەوە لە سەر پەیمان و بەڵێنی لە میترائیسم وەرگرتوە کە نیشانەی گەشەکردن و پەرەگرتنی دواتری میترائیسم وەک دین لە ناو کوردان دایە. بوونی وشەی "بەزەیی"ش زیاتر هۆکار بووە کە وشەی مێهرەبانی لە ناو کورد دا بە شێوەی پێویست بە کار نەیە و وشەش لە بە کار بردن دا گەشە دەکا و لە سەر زمان و لە ناو زمان دا لە قالب دەدرێ. 

۹/۳۰/۱۳۹۵

لە فراکسۆنی نوێنەرانی ناوچە تورک‌نشینەکان تا فراکسیۆنی ئەهلی سوننەتی بەشێک لە نوێنەرە کوردەکان

تاهیر قاسمی
دۆستێک کە تازە لە ئێران گەڕاوەتەوە باسی گۆڕانکاری‌یەکانی کۆمەڵگه‌ی رۆژهەڵات و ئێرانم بۆ دەکا. هاتوچۆی بە فرۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی تەورێزدا بووە. شارەزای سیاسەت و جموجۆڵە سیاسی‌یەکانی نێوخۆی ئێران نییە. ئەوەی زیاد لە هەر شت سەرنجی راکێشاوە هەڵسوکەوتی کارمەندانی فرۆکەخانەکەیە. دەڵێ ئێمە بە فارسی قسەمان دەکرد و تورکیمان نەدەزانی کەچی ئەوان هەر بە تورکی دەیاندواندین و پرسیاریان دەکرد و وڵامیان دەداینەوە! فرۆکەخانەی هێلسینکی‌م وەبیر هاتەوە کە هەر کە پێت تێهاویشت، زمانی فینلاندی ئوتوماتیک دەبێ بە زمانی دووهەم و زمانە نێونەتەوەییەکانی وەک ئینگلیزی جێگای دەگرنەوە. بەڵام ئەوەی ئەو بۆم دەگێڕێتەوە، نە بابەتێکی زمانی یا ئیداری بەڵکو جموجۆڵێکی سیاسی- نەتەوەییە کە دەمێک ساڵە بە ئاشکرا و بە نهێنی کۆڵان و شەقامەکانی شار و ناوچە تورک‌نشینەکانی ئێرانی داگرتووە.
 تورکەکان بەشێکی زۆر لە حەشیمەتی ئێران پێک دێنن. لە باری ئەژمارەوە یەک لە دوو گەورە نەتەوەی پێکهێنەری ئەو وڵاتەن. لە باری ئابووری‌یەوە دەسەڵاتێکی زۆریان بە دەستە و لە باری ئیداری‌یەوە رۆڵێکی گرینگیان له‌ دەسەڵات‌دا هه‌یه‌. قبووڵ کردنی ئایینزای شیعە وەک مەزهەبی هاوبەش، هەر لە سەرەتاوە ئاڵقەیەکی گرینگی پێوەندیی نێوان دوو نەتەوەی فارس و تورک بوو. ئاڵقەیەک کە جێگای بە جیرانەتی و خزمایەتیی مێژوویی فارس لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بە تایبەت لەگەڵ دوو نەتەوەی کورد و بلوچ لەو وڵاتەدا لێژ کرد. زۆربەی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران بە سەر هەر دوو ئایینزای سوننە و شیعە و ئایینی دیکەش‌دا دابەش بوون.
 لەگەڵ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، تورکەکان بە هۆی ئایینەوە زۆر زوو خۆیان لەو دەسەڵاتەدا دیتەوە. چەندان جار کەسایەتی‌یەکانی تورک لە ئاستە بەرزەکانی ئیدارەی وڵات‌دا جێیان گرت و ناوچە تورک‌نشینەکانیش لەچاو ئەو ناوچانە کە نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد و بلوچی تێدابوو، لە باری ئابووری‌یەوە بووژانەوەی زۆرتری بە خۆ دیت. بەڵام سەرەڕای ئەوانە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە هەتا ئێستاش هەروا دەسەڵاتێکی ئیسلامی – فارسی‌یە و تورکەکان بە فەرمی هیچ مافێکی زیاتر لە نەتەوە بندەستەکانی دیکەیان پێ نەدرا. بەرامبەر بەوە لە ماوەی دوو دەهەی رابردوودا بزووتنەوەیەکی پەرەگر و بەربڵاو شار و ناوچە تورک‌نشینەکانی گرتۆتەوە. بزووتنەوەیەک کە ئەگەرچی حیزب و رێبەری دیاری نییە بەڵام ئامانجدار و یەکگرتوویە. لە هەموو بەستێنەکانی وەک وەرزش، میدیا، بازاڕ و هیتر بۆ خۆنواندن و خۆزەقکردنەوە کەلک وەردەگرێ. لەسەر دوو کۆڵەکەی زمان و خاک خۆی پێناسە دەکا و بەردەوام بیر لە بەرینکردنەوەی جوغرافیا و مێژووی خۆی دەکاتەوە. پێیەکی لە نێو دەسەڵاتە و پێیەکی لە نێو کۆمەڵگه‌ی خۆی دایە. لە روانینی ئەم بزووتنەوەیەدا تاکی تورک لە هەر کوێ بێ و لە هەر پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی یا سیاسی‌دا بێ، لە دەرەوە بێ یا لە نێوخۆ، دژی دەسەڵات بێ یان لەگەڵ دەسەڵات، بەرامبەر بە بزووتنەوەکە ئەرکدارە. ئەوەی بۆ ئەو بزووتنەوەیە گرینگە ئەوەیە کە تاکی تورک دەبێ بە تورکی بمێنێتەوە و کار بۆ پەرەگرتنی ئەم بزووتنەوە ناسیونالیستیە بکا. هەر ئەم روانگەیەش لە هەڵبژاردنەکانی ئێران‌دا، بە تایبەت لەو شارانەی له‌ رووی دیموگرافی‌یه‌وه‌ فره‌چه‌شنن، پێوانەی سەرەکیی دەنگدانی دەنگدەری تورکە. بەو روانگەیە و لە ژێر هێژمۆنیی ئەو بزووتنەوەیەدا بوو کە لە شارە جۆراوجۆرە تورک‌نشینەکانەوە نوێنەرانی تورک بۆ مەجلیسی ئێران نێردران. دوا جاریش هەر ئەو گوشارەی شەقامی تورک بوو کە سەت نوێنەری تورکی بە روانگە و بۆچوونی جیاواز لە دەوری یەک کۆ کردەوە تا فراکسیۆنی نوینەرانی “ناوچە تورک‌نشینەکان” پێک بێنن. ئەگەرچی بەشێک لەو ناوچانەی بە ناوی ناوچەی تورک نشین لە مەجلیسی ئێران‌دا ناودێر کراون، تورکان تاکە نەتەوەی سەرەکیی ئەو ناوچانە نین.
 په‌ره‌گرتنی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تورکان له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ سەرەڕای چەند سەدە خەبات و تێکۆشان، بە داخەوە هێشتا کوردەکان رێگایان بۆ دۆزینەوەی بزووتنەوەیەکی وەها گشتگیر و یەکگرتوو نەدۆزیوەتەوە. نوێنەرە کوردەکانی نێو مەجلیسی ئێران هەتا ئێستا نەیانتوانیوە یەکتر بدۆزنەوە. بەشێک لەو نوێنەرانەش بە سازکردنی فراکسیۆنی نوێنەرانی سوننە مەزهەب، خۆیان لە کێشە سەرەکی‌یەکەی نەتەوەی کورد لە ئێران دزیوتەوە. ئەگەرچی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەک چۆن خۆی لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعە پێناسە دەکا و لەسەر ئەم پێناسەیەش هەوڵی پەڕاوێز خستنی ئایینەکانی دیکەی داوە، بەردەوام هەوڵ دەدا کێشەی کورد وەک کێشەی مەزهەبی و نە نەتەوەیی پێناسە بکا بەڵام کوردی رۆژهەڵات بە سەر سێ ئایینزا و ئایینی سەرەکیی سوننە، شیعە و یارسان‌دا دابەش بوون کە کێشەی هاوبەشی ئەوان کێشەی نەتەوەیی و کوردبوونە نەک ئایین و مەزهەبێکی تایبەت. ئەگەر سوننەکان پۆست و مەنسەبی بەرزی ئیداری‌یان پێ نادرێ، ئەگەر یارسانەکان تەنانەت وەک کەمایەتیەکی ئایینی دانیان پێدانەنراوە و تەنانەت مۆڵەتی ئەوەیان نییە نوێنەرێکیان لە مەجلیس هەبێ، پارێزگای ئیلام وەک پارێزگایەکی کوردستان کە زۆرینەی دانیشتوانی پێڕەوی ئایینزای شیعەن، لە هەژاری، دواکەوتوویی ئابووری و خۆکوژی‌دا بەردەوام پلەی یەکەمی لە ئاستی ئێران‌دا بەر کەوتوە. ئه‌گه‌ر ئەو نوێنەرە کوردانە پێیان وا بێ کە فراکسیۆنەکەیان جێگرەوەی فراکسیۆنی نوێنەرانی کوردە، ئەوە کارەکەیان ناچێتە خانەی خزمەت بە نەتەوەکەیانەوە و شەقامی کوردستانیش نابێ ئەو هەڵاواردنە ئایینی‌یە لە نێوان کوردان‌دا قبووڵ بکا.
لە ژماره‌ ٦٩١١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...