۳/۱۵/۱۴۰۱

ئەو کاتەی کوڕیژگەیەک بە گۆرانی خەونەکانی داگیرکەر پووچەڵ دەکاتەوە

تاهیر قاسمی


لە هەفتەکانی ڕابردوودا، دەرکەوتن و سەرکەوتنی کوڕیژگەیەکی کورد لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی کێبەرکێی تلویزیۆنی، سەرنجەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ئەو بە دەنگی خۆش و چڕینی گۆرانیی هونەرمەندانی بە ناوبانگی کوردستان، توانی پلەکانی کێبەرکێ بەرەو قۆناغی کۆتایی ببڕێ. ناوەرۆکی گۆرانیەکانی هەڵگری پەیامی خۆشەویستیی نیشتمان، هاوار لە دەست زوڵمی زاڵم و سکاڵا لە دەست ئاوارەیی و دەربەدەری بوون. بڵاوبوونەوەی ئەو گۆرانیانە لە تلویزیۆنی سەراسەریی ئێرانەوە بۆ بینەران و بیسەرانی سەرنجڕاکێش بوو. لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا پێشوازیەکی کەم وێنەی لێکرا  و بە جۆرێک کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕاچڵەکاند. بەڵام هۆکاری ڕاچڵەکاندنەکە بە تەنیا دەنگە خۆشەکەی، ناوەرۆکی گۆرانیەکانی یان بڵاوبوونەوەی لە تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی نەبوو.  

عەلی توولاوی یان توولابی کە وێدەچێ ناسناوەکەی لە گوندی توولاوی* سەر بە شارۆچکەی سەیوان لە پارێزگای ئیلام و لە باپیرانیەوە بۆ مابێتەوە، لە دایکبووی شاری کۆیەشتی سەر بە پارێزگای لوڕستانە. شارێکی کوردستان کە دانیشتوانەکەی بە زاراوەی لەکی دەئاخڤن. زاراوەیەک کە بە هۆی هەڵکەوتی جوغرافیایی ئاخێوەرانی، تا بەر لە پەرەگرتنی مێدیا و تۆڕی ئینترنێت، زۆر بە گوێی کوردانی دیکەی کوردستان ئاشنا نەبوو. زاراوەی جیاواز، هەڵکەوتی جوغرافیایی‌ و شیعە بوونی ئایینی خەڵکەکە بەشێک لەو هۆکارانە بوون کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان لە سەدەی ڕابردوودا نەتوانێ بە شێوەی پێویست ئاوڕ لەو ناوچانە بداتەوە. هەر ئەوانەش تەماحی وەبەر داگیرکەر نا تا هەوڵ بدا زیاتر لە ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دابڕێ و زیاتر هەوڵی ئاسیمیلەکردنی دانیشتوانەکەی بدا. بۆ ئەو مەبەستەش سیاسەتی ئەتۆمیزە کردنی شوناس بۆ ناوچەیەی گرتە بەر. ئاستە کردنی زاراوەی لەکی وەک زمانی سەربەخۆ یان خستنە سەر زارانی وشەی »لەکستان« لە درێژەی سیاسەتی »ستان سازی« کە بە داخەوە جاروبار هێندێک لایەنی کوردییش ناشارەزا یان مەبەستدار لەو چەواشەکاریەدا پێ لە جێ پێی داگیرکەر دادەنێن، بەشێک لە هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ ئاسیمیلە کردنی ئەو ناوچەیە بوون. سیاسەتێک کە گەرەکیەتی ئەو دانیشتوانی ناوچانە تووشی سەرلێشێواویی شوناس و هۆویەت بکا و شوناسی کوردبوون و کوردایەتیان لێ بستێنێتەوە. بەڵام دەرکەوتنی عەلی وەک مێرمنداڵێکی کورد لە کۆهدەشتی لۆڕستانەوە، خەونەکانی ئەو سەد ساڵەی رابردووی دەسەڵاتەکانی ئیسلامی و پاشایەتی بۆ ئاسیمیلاسیۆنی ئەو ناوچانەی پووچەڵ کردەوە.

 

عەلی کوڕیژگەیەکی تەمەن سێزدە ساڵانە. ئەو تەمەنەش جارێ زۆر زووە تا وەک مرۆڤێکی سیاسی یان نەتەوەیی هەژمار بکرێ. هەر بۆیەش بەشداریی ئەو بە دوو گۆرانی لە دوو هونەرمەندی تێکۆشەری کورد و هەڵبژاردنی ئەو گۆرانیانەی کە کەم و زۆر ئاوێتەی ژان و ئازارەکانی نەتەوەی کوردن، نیشانەی حزووری هەستی نەتەوەیی لە ناخی ئەو کۆمەڵگا پەڕاوێزخراو و تەماح لێکراوەی کوردستانە کە عەلی لێی لە دایک بووە و تێیدا گەورە بووە. ئەو هەر دوو جار بە داوەرانی کێبەرکێی نیشان دا کە لە گوتنەوەی گۆرانیی فارسیشدا شارەزایی‌یەکی زۆری هەیە و گۆرانی گوتنی ئەو بە کوردی لە ڕووی ناچاریەوە نییە. بەڵام داوای ئەوانی ڕەد کردەوە کە بە گۆرانیی فارسی لە کێبەرکێدا بەشداری بکا و نەیشاردەوە کە زمانەکەی و هەڵکەوتی جوغرافیایی شار و ناوچەکەی لێی دەخوازێ گۆرانیی کوردی و لوڕی بچڕێ. بەم جۆرە پردێکی دیکەشی لە نێوان کورد و لوڕ دا هەڵبەست. ئەو دوو ئامۆزا زاگرۆس نشینەی کە گەلێک هاوبەشی و هاوپێوەندیی مێژوویی، نەتەوەیی، زمانی و فەرهەنگییان لە نێواندا هەیە و بەرچاوترینشیان بێبەشیی نەتەوەیی بە درێژایی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێرانە. تەنانەت ئەو گۆرانیەش کە عەلی بۆ لوڕ و لوڕستانی گوت، هەر گۆرانیی بەرگری بوو.

بابەتێکی دیکە کە شایانی هەڵوەستە لە سەر کردنە، گرینگیی هونەر و ئەو پەیامەیە کە هونەرمەند لە ڕێی هونەرەکەیەوە بە بەردەنگی دەگەیەنێ. لێرەدا باس لە ئەرکی نەتەوەیی هونەرمەندی سەر بە نەتەوەی ژێردەست و کاریگەریی هونەری بەرگری نەتەوەیی‌یە. نەتەوەیەک کە لە لایەک لەوپەڕی بێ مافیدا ڕاگیراوە و لە لایەکی دیکە ڕۆژانە لە ماڵەوە، لە قوتابخانە، لە شەقام و هەموو جێیەک بۆردومانی فەرهەنگی دەکرێ تا خۆی لە بیر بچێتەوە و لە فەرهەنگ و زمانی نەتەوەی باڵادەستدا بتوێتەوە. ناوەرۆکی ئەو گۆرانیانەی عەلی بە ئانقەست یان بە هەڵکەوت هەڵیبژاردن، مۆری بە جێگەیاندنی ئەرکی نەتەوەیی هونەرمەندی سەر بە نەتەوەی بندەستیان پێوەیە. شێعری شاعیری نەتەوەیی کورد مامۆستا هێمن لە هەردووی ئەو گۆرانیانەدا حزووری هەیە. هەروەها هەردوو هونەرمەند عەزیزی شاڕوخ و ناسری ڕەزازی کە خاوەنانی هەر کام لەو گۆرانیانەن، بە هونەرمەندانی نەتەوەیی کورد دێنە ئەژمار و بەشێکی بەرچاو لە کارەکانیان دەکەوێتە خانەی هونەری بەرگریی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە. ئەم شێعر و گۆرانیانە پەیامێکیان بە عەلی توولاوی و هاوتەمەنەکانی لە قووڵایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە کە ڕەنگە بە دەیان وتار و بابەتی سیاسی نەدەگەیەندرا. بۆیەشە کە گەلی کورد شانازی بەو هونەرمەندانەی خۆی دەکا و ئەوانیش حەقیانە بە کاریگەریی هونەرەکەیان لە سەر ئەو وەچەیە دڵخۆش و سەربەرز بن کە لە ژێر تەوژمی ڕەشەبای ئاسیمیلاسیۆندا وەک نەمامێکی بە هێز و خۆڕاگر خەریکن گەشە دەکەن و دەشنێنەوە.


*توولاو لە دوو بەشی توول یان توولە لە گەڵ ئاو چێ بووە. وەک توولەڕێ. بە واتای جۆگەلە ئاوی باریک و درێژ. 

لە ستوونی "بەر لە ماڵایی" ژمارە ٨٢٤ یەکشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ _ ٥ی ژوئەنی ٢٠٢٢ی «کوردستان» ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە



۲/۱۷/۱۴۰۱

بیرەوەریەکی رێزدار سەعدوون مازووچی

مامۆستا هێدی و نزار قه‌بانی

نزیکه‌ی حه‌وتوویه‌ك له‌ کۆچی دوایی مامۆستا هێدی ڕابردووه‌ بابه‌تێکم که‌وتۆته‌ سه‌ر نووکی قه‌ڵه‌مێ ئه‌م شه‌و ده‌مه‌ویست بینووسم ، بۆ پشت ئه‌ستوور کردنی چه‌ند بڕگه‌یه‌ک له‌ بابه‌ته‌که به‌ شێعر و تئۆری، په‌نام برده‌ کتێبخانه‌ بچکۆڵه‌که‌ی خۆم. ‌ له‌ کاتی گه‌ڕان به‌ شوێن سه‌رچاوه‌ دا کتێبێکی نزار قه‌بانی به‌ نێوی داستانی من و شێعرم چاو پێکه‌وت که‌ بیره‌وه‌ری و بیری شیاوی گێڕانه‌وه‌ی تێدا ورووژاندم.

1-ساڵی 1372 له‌ پادگانی مالکی ئه‌شته‌ری ورمێ له‌ ئاخریه‌کانی ده‌وره‌ی ئیجباری (سه‌ربازی) دا له‌گه‌ڵ کاك تاهیر قاسمی ئاشنا بووم . زۆر زوو درکاندی ئاشقی خوێندنه‌وه‌ و ئه‌ده‌بیاته‌ . ئه‌و کات بۆ یه‌که‌م جار ئه‌و کتێبه‌ی نزار قه‌بانیم به‌ دستیه‌وه‌ دیت. من که‌ زۆر ئاشقی شێعره‌ ئاشقانه‌کانی نزار قه‌بانی بووم پێم خۆش بوو داستانی نزار و شێعر بزانم . جیلی ئێمه‌ ئه‌وانه‌ی سه‌ریان له‌ خوێندنه‌وه‌ دا بوو هه‌موویان داستانێکیان له‌گه‌ڵ شێعر و ئه‌ده‌بیات دا هه‌بوو ، من ناچمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و باسه‌ . کتێبه‌که‌م له‌ کاک تاهیر وه‌رگرت و به‌ تامه‌زرۆیه‌وه‌ ده‌ستم به‌ خوێندنه‌وه‌ کرد . هه‌ر چه‌ند من له‌ خوێندنه‌وه‌ دا ته‌مبه‌ڵ نیم به‌ڵام دۆسته‌ تازه‌که‌م نه‌ی هێشت کتێبه‌که‌ ته‌واو که‌م، بێ ماڵ ئاوایی به‌جێی هێشتم و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ له‌ نزیکه‌وه‌ نه‌مدیته‌وه تا ئه‌مانه‌ته‌که‌ی بده‌مه‌وه‌. من که‌ تامی شیرین و تاڵی وه‌سڵ و هیجری یارانم زۆر چێشتووه‌ بۆنی کاك تاهیریشم به‌ شه‌ماڵ و هه‌ناسه‌ی کوێستان و کتێبه‌وه‌ نا و ... ‌

به‌ دوو بۆنه‌وه‌ ئه‌و کتێبه‌ لای من زۆر به‌ڕێزه‌: هه‌م بۆنی دۆستێکی وه‌ك کاك تاهیری لێدێ و هه‌م ئه‌شقی ده‌مشقی له‌ شێعری نزار دا زۆر شیرینه‌ .

2- هه‌ر چه‌ند وێكچوونێکی ئه‌و تۆ له‌ نێوان مه‌کتبی شێعری مامۆستا هێدی و نزار قه‌بانی دا به‌دی ناکرێ به‌ڵام هه‌ردووك شاعیر له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر ناسك خه‌یاڵ و جوان په‌ره‌ست بوون و ژنیان وه‌ك به‌شێکی به‌رچاوی جوانی خۆش ویستووه‌. نازانم ئه‌گه‌ر نزار قه‌بانی زیندووبا چی له‌ سه‌ر ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ی ئێستای سوریه‌ ده‌نووسی به‌ڵام مامۆستا هێدی ده‌روه‌ستانه‌ ئه‌وینی نیشتمان و ژنی وه‌ك دینامیسمی شێعری خۆی ئاوێته‌ یه‌ك کردوون و له‌و داهێنانه‌ دا غه‌زه‌لی کوردی به‌ره‌ژوور بردووه‌ .

--------------------

تێبینی:

نووسەر ئەم بابەتەی لە فەیسبووکی خۆیدا بڵاو کردبۆوە و من بێ مۆڵەت لێرە بڵاوم کردەوە



ناوەخت

من جاری وایە زوو دەگەم

وەک ئەو کاتەی لە دایک بووم

هێندێک جاریش یەکجار درەنگ

وەک ئێستا کە بەم تەمەنە ئاشقت بووم

 

من هەمیشە دەرەنگ دەگەمە سەر شایی

بۆ لای نەهامەتیش زۆر زوو

ئەو کاتانەش؛

یا هەموو شت تەواو بووە

یان دەستی پێ نەکردووە!        



ئێستاش

 لە قۆناغێکی ژیان دام

بۆ مردنم گەلێ زووە و

بۆ ئاشق بوونیش زۆر درەنگ

من دیسانیش درەنگ کەوتووم

 خۆشەویستم! تۆ بمبوورە

 لە سەر لێواری ئەوینم

بەڵام نیزیکترم لە مەرگ

من دیسانیش درەنگ کەوتووم

                                       شێعری عەزیز نەسین

واتای گاتا و گاتاکانی زەردەشت

 

فارس جاری وایە وەهایان وشەکان لێ ئاڵۆز کردووین، زۆر بە زەحمەت دەیانناسینەوە. یەک لەو وشانە، گاتاکانی زەرتۆشتە. بە واتای سروود مانایان کردۆتەوە. هەمان وشە لە پەهلەویدا بووە بە گاس یان گاث. دەشڵێن لە کۆی هەموو ئاڤێستا، تەنیا گاتاکان هی زەرتۆشتن و ئەوانی دیکە هاوردە یان پێوە لێکێندراون.
بە پێی ئەو لێکدانەوانەی سەرەوە، گاتا شتێک نییە بێجگە لە وشەی گوتە، گۆتە یان وتە کە لە کرداری گۆتنە. کاتێکیش ئێژن گاتاکانی زەردەشت، بریتی‌یە لە گوتەکانی زەردەشت. ئەو قسانەی کە زەردەشت خۆی گوتوونی. هەمان وشەی گات لە فەیلیدا بووە بە گاس یان گاث. ئەوەش بنەمای کرداری گاز کردن یان گاس کردنە کە ئێستاش لە بنزاراوەی هەولێری و تا ساڵانێک لەمەوبەر لە بنزاراوەی موکریانیشدا مابوو. بەو پێیە بنەمای گاس، گات و گۆتە. ڕەنگە هەر ئەم گاسەش بووە بە قسە.
گاتاکان لە پێنج بەشدا پۆلێن کراون. هەر بەشەی بە سەر چەند هات دا دابەش کراون. وشەی هات دەکرێ بە واتای فەڕ و بەرەکەت بێ یان لە کرداری هاتن. وەک دەڵێن شێعرێکی بۆ هات، یان بەندێکی بۆ هات. گاتاکانیش ئەو گوتانەن کە زەردەشت بۆی هاتووە یان بۆ زەردەشت هاتووە.
بەشی یەکەم باسی هەڵبژاردنی پەیامهێنەرە. چونکە بە وشەی ئەهوەن ویتی دەست پێدەکا، بە ناوی ئەهوەنایەتی ناودێر کراوە. ئەویش بە سەر حەوت هاتدا دابەش دەکرێ. هاتێک خۆی چەند بەندە و هەر بەندێک سێ تاکە. هەر تاکێکیش شازدە بڕگەیە بەڵام درووستەکەی ئەوەیە کە هەر تاکێک خۆی لە دوو بەشی ٩ و ٧ بڕگە پێکهاتووە. شێعری حەوت بڕگەیی لە فۆلکلۆری کوردیدا کێشێکی سووکە؛ وەک
هەی یەزن یەزن یەزن
سینگەکەت باخچە و ڕەزن
مامۆستا فەرموویەتی
ماچت حەڵاڵە بۆ من

بەشی دووهەم باسی خوداناسی، خۆناسین و خوڵقانە. ناوی "ئۆشتاوایەتی" لێ نراوە کە دەکرێ هۆشتەوایەتی و ئەویش شێوەی کۆنی خۆشتەوایەتی، خۆشتەڤایەتی و خۆشەویستی بێ. مەبەستیش لێی خۆشەویستی بۆ خودایە. بە سەر چوار هاتدا دابەش کراوە و هەر هاتێک بە سەر چەند بەند و هەر بەندێک پێنج تاکە. هەر تاکێکیش یازدە بڕگەیە. لە شێعری فۆلکلۆردا ئەو کێشە زۆر بەرچاوە. وەک:
لە/ و/ڵا/تی خۆ/مان/ کێ/وێک/ د/یا/رە
بە/ قەد/ ئەو/ کێ/وە/ خەم/ لە/ د/ڵم/ با/رە

بەشی سێهەم گاتی سپەنتامینۆیە کە باسی خوڵقاندنی جیهان دەکا. چوار هاتی هەیە و هەر هاتێک چەندان بەند و بەندەکانیشی یازدە بڕگەیین.

وەهۆخشترگات: سەبارەت بە نوێ بوونەوەی دنیا و ئەرکی مرۆڤەکانە. تەنها یەک هاتە. ئەویش چەند بەندە و هەر بەندێک سێ تاک و هەر تاکێک چواردە بڕگەیە. بۆ وێنە لە سەر کێشی ئەو گۆرانییە؛

مەس/تم/ مەس/تم/ مەس/تم/ شێت/ بووم/ بە/ خۆم/ نا/وەس/تم
خز/می/نە/ مەم/کەن/ لۆ/مە/ کوژ/را/وی/ چا/وی/ مەس/تم

وەهێشتوهێشت گاتا؛ سەبارەت بە بەرزترین ئاواتی ئەشو زەردەشت و ئەشوانەکانە. بەو پێیەش وشەکە دەبێتە بەهەشت و هێشت واتە هێشتن بۆ چوونە بەهەشت یان ڕێگای گەیشتن بە بەهەشت. حەوت هاتی هەیە. بەندەکانی لە دوو تاکی درێژ و دوو تاکی کورت پێکهاتوون. کورتەکانی ١٢ و درێژەکانی ١٩ بڕگەن.

۱/۳۱/۱۴۰۱

وەفایەک بۆ هونەرمەند قادری سەیاحی

 کۆتاییەکانی بەهاری ساڵی ۱۹۹۸، ئێمە چەند ڕەفیق بووین کە لە شاری هەولێر بە پەناخوازی لە خانوویەکدا دەژیاین. پێشنیوەڕۆ بوو کە لە دەرگای ماڵەکەمانیان دا. کاتێ دەرگام کردەوە پیاوێکی پرچنی سمێڵ گەورە لەگەڵ کوڕێکی گەنج کە دەفەیەکی بە شانیدا دابوو، لە پشت دەرگا ڕاوەستابوون. بە دوای پێوشوێنی کەسێکدا هاتبوون کە بەر لە ئێمە لەو ماڵە یان لە جیرانەتیی ئەو ماڵەدا ژیابوو. میواندارییەکی فەقیرانەمان کردن. زانیمان کە پیاوە پرچنەکە هونەرمەند قادری سەیاحی‌یە.

من پێشتریش ناوی قادری سەیاحیم بیستبوو و لەگەڵ بەشێک لە کارەکانی ئاشنا بووم. گۆرانییەکانی ئەوکات و ئێستاش بە ژمارە کەم، بەڵام هەرمانن. ئەو وێنانەم دیبوون کە لە پشت یەکێک لە ژمارەکانی گۆواری سروە و لە ڕاپۆرتێکی گۆوارەکەدا لەگەڵ کۆڕی موسیقای سروە وەک ڕێبەری کۆڕەکە کلارینێتەکەی بە دەستەوە بوو. چەندان جار سەیری فیلمی «عروس حلبچە» (بووکی هەڵەبجە)م کردبوو و چێژم لە مۆسیقا و گۆرانیە کوردیەکانی ئەو فیلمە وەرگرتبوو کە کاری کاک قادر سەیاحییە. تەنانەت ئەوەشم دەزانی کە لە خوڵقاندنی مەقامی "تۆ دەریامی" لە شێعری کاک سوارە و بە دەنگی هونەرمەند عەزیزی شاڕوخ-دا دەستی هەبووە. بەڵام دیتن و دیدار لەگەڵ ئەو هونەرمەندە تام و چێژێکی دیکەی هەبوو. پیاوێکی قسەخۆش کە لە قسە کردندا بن-لەهجەیەکی زمانی فارسی هەبوو. دیار بوو کەمتر لە کوردستان و زیاتر لە شارەکانی ئێران ژیاوە. گەرچی زۆربەی کارەکانی کوردین. لەوێ بۆی درکاندین کە لە باشوور کارەکانی بە ناوی "سەعیدی قەندی" ناسراوە. تەنانەت بەسەرهاتی چۆنیەتیی خوڵقانی ئەو ناوەشی بۆ باس کردین کە بە داخەوە لە بیرم نەماوە. بەردەوام بەسەرهاتی هاتنی خۆیانی بۆ دەگێڕاینەوە کە بۆ ئەوەی پێشیان پێ نەگرن، بە شەو هاتوون و بۆ ئەوەی پرسیاری لێ نەکەن خۆی دە خەو کردووە، بەڵام لەسەر سنوور هەر ڕایانگرتوون و پاسدارەکە چرای دە چاوی گرتووە و پێی گوتووە «کوجا میری؟!» دیاربوو ئەوەی زۆر لە دڵ گران هاتبوو کە بەردەوام دەیگوتەوە؛ کوجا میری؟!! بە دوای وێژەر کاک محەممەدی کەریمیدا دەگەڕا کە ئەوکات لە مێدیاکانی پارتیدا دەوری هەبوو. کۆنە ڕەفیق بوون. پێی دەگوت مچول! ئێوارەی هەر ئەو ڕۆژە ماڵاوایی لە ئێمە کرد و یەک - دوو شەو دواتر ئێمە بە دیار بەرنامەیەکی راستەوخۆ لە کوردستان تیڤیدا کاک قادری سەیاحیمان دیتەوە. بەڵام وەک دەڵێن میوان حەزی لە چارەی میوان نایە؛ ڕۆژ یان ڕۆژانی دواتر بیستمانەوە کە بە داخەوە کاک محەممەد لای پارتی بۆی تێچاندوون و کاک قادر و هاوڕێکەی زۆر زوو بە دڵئێشاوی گەڕاونەتەوە.

ڕەوانی هونەرمەند قادری سەیاحی شاد بێ و بنەماڵەی سەیاحی و بنەماڵەی گەورەی هونەری کوردی ساغ و سەرکەوتوو بن.

--------------------------------

ئەوەی خوارەوە یادێکە لە هونەرمەند قادر سەیاحی کە لە سەر داوای بەڕێوەبەریی "کوردستان" ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بۆ ئەو ڕۆژنامەیە نووسراوە و لە ستوونی بەر لە ماڵاوایی دا بڵاو کراوەتەوە

وەفایەک بۆ وەفادارێ

کاری ئامادەکردنی بابەتەکانی ئەم ژمارەیەی کوردستان گەیشتبووە کۆتایی کە خەبەر گەیشت بە داخەوە شەوی ٢٨ی خاکەلێوە هونەرمەندی بواری موزیک‌و گۆرانی کاک قادر سەیاحی لە تەمەنی ٧٩ ساڵی‌دا لە شاری خۆی کۆچی دوایی کردووە. کاک قادر لەو هونەرمەندانە بوو کە ئەگەرچی ڕادەی گۆرانییەکانیان زۆر لە ژمارەی پەنجەکانی دەست زیاتر نین بەڵام هەرمانن‌. بەشی هەرە زۆری گۆرانییەکانیشی ئەو کاسێتە بوو کە ساڵی ١٣٥۱ لە رادیۆ مەهاباد بە هاوکاریی ئۆرکێسترای موزیکی ئەو ڕادیۆیە تۆماری کرد. ئەو گۆرانیانەش کە بە گۆرانی هەڕەتی لاوەتیی هونەرمەند دێنە ئەژمار، بەرهەمی کوڵ و کۆی دەروون‌و ئاگری ئەوین بە کیژێکی کورد بوو. ئەوینێک کە بە ئاکام نەگەیشت‌. ئەو گۆرانیانە بەرهەمی ئەو ئەوینە ناکامەو گۆرانیی دڵی هونەرمەندن و وەک دەڵێن ئەوەی لە دڵەوە بێ لە دڵیش دەنیشێ.

دوای ئەوە قۆناغی دووهەم لە ژیانی هونەریی هونەرمەند دەست پێ دەکا. قۆناغێک کە لەودا ئۆگرانی دەنگی ئەو هونەرمەندە بەردەوام گۆرانی لێ نابیسن‌. لەوە بە دوا ئەو زیاتر وەک ژەنیاری کلارنێت، وەک ئاوازدانەر یان دابەشکاری موزیک لە گەڵ هونەرمەندانی دیکەدا جێ پەنجەی دیارە. لەوانە هاوکاری لە گەڵ کاک عەزیزی شاروخ بۆ وێنە لە خوڵقاندنی مەقامی "تۆ دەریامی" یان دابەشکاریی موسیقای بەشێکی بەرچاو لە گۆرانیەکانی شەهید جەماڵی مفتی کە کاری نەمر قادری سەیاحین. هەر لەو قۆناغەدا بە بەشداری لە بۆنەو کۆبوونەوە سیاسی‌و حیزبیەکانی دوای شۆرشی ٥٧ و ئەو دۆخە ئازادیەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە،‌ هونەرەکەی بۆ خزمەت بە ئازادی‌و ڕزگاریی نەتەوەکەی بە کار دەهێنا. کاک سەعیدی بەگزادە کە ئەو سەردەم یەک لە کادرەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی مەهاباد بوو، بۆی گێڕامەوە کە؛ پاش ئینشعابی کۆنگرەی چوار، ئێمە هەولمان دا زیاتر بە کاری هونەری خەلک لە دەوری لاوان‌و حیزب کۆبکەینەوە. کاک قادر خۆی‌و دەنگی‌و کلارنێتەکەی هەمیشە دەگەلمان بوو. لە شاری مەهاباد، بۆکان، دێهاتەکانی مەنگورایەتی چ کاری هونەریمان بووبێ (شانۆ) چ سوخەنرانی، کاک قادر لە بەرنامەکاندا دەگەڵمان بەشدار بوو."

کاک قادر سەیاحی کە دوای ئینقلابی ١٣٥٧ پێوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گرت‌و وەک پێشمەرگە لە ریزەکانی حیزبی دێموکرات‌دا خەباتی دەکرد، ساڵی ١٣٥٩ بە هۆی ئاستەمتر بوونی خەبات‌و پێشمەرگایەتی گەڕایەوە مەهاباد. ئەوەش ئەو سەردەمە بوو کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەوپەڕی توانای خۆی بۆ ترساندنی خەڵکی کوردستان‌و سەرکوتی خەباتەکەی تەرخان کرد. لەم قۆناغەدا تا ساڵی ١٣٦٦ جموجۆڵێکی هونەریی زۆر لە هونەرمەند قادر سەیاحی نابیندرێ. بەڵام لەو ساڵەدا کارەساتی شیمیابارانی هەڵەبجە هەم لە بەر قورسیی کارەساتەکە و قووڵی ئەو برینە لە جەستەی خەڵکی کوردداو هەمیش دوژمنایەتیی دوو داگیرکەری ئێران‌و عێراق لە گەڵ یەکتر، تا ڕادەیەک بواری بۆ هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش خوڵقاند تا هونەرەکەیان بکەن بە زمانی هاواری نەتەوە زۆر لێکراوەکەیان. قۆناغی سێهەمی تێکۆشانی هونەریی نەمر قادری سەیاحی لەو سەردەمەدا هاتە ئاراوە. ئەو جار ئەو وەک مامۆستایەکی موزیکی کوردی گەڕایەوە ناو گۆڕەپانی هونەر. وەک ئەندامی کارای کۆڕی موسیقای سروە، بە گوتنی گۆرانی و ژەنینی ئامێری کلارنێت لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و ئێران کۆنسێرتی بۆ لە قاودانی کارەساتی هەڵەبجە‌و کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی ئەو شارە شیمیایی لێدراوە بەڕێوە برد. هەر لە گەڵ ئۆرکێسترای سروە کاری ئاواز دانان و دابەشکردنی موسیقای بۆ گۆرانیی کۆمەڵێک لە گۆرانیبێژانی لاوتر لەوانە عەلی زەندی و ئەحمەد لاوە کرد. ترۆپکی تێکۆشانی هونەریی هونەرمەند قادری سەیاحی لەو قۆناغەدا خوێندنی گۆرانی‌و ساز کردنی بەشێک لە موزیکی فیلمی بووکی هەڵەبجە بوو.

ساڵی ١٣٧٨ بە کەلک وەرگرتن لەو دۆخە ئازادەی لە باشووری کوردستان هاتە ئاراوە، هونەرمەند قادر سەیاحی سەردانی شاری هەولێری کردو لە بەرنامەی راستەوخۆی تلویزیۆنی‌دا بەشداری کردو گۆرانی گوت. هەر لەو دەرفەتەش‌دا جارێکی دیکە لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێیانی سەردەمی پێشمەرگایەتی دیداری نوێ کردەوە و وەفاداریی خۆی بۆ حیزبەکەی دووپات کردەوە. کاک مستەفا مەولوودی کە لەو دیدارەدا بەشدار بوو، گێرایەوە کە لەو دانیشتنەدا "باسی پێشمەرگایەتیی خۆی، حیزبایەتی و ئۆگریی زۆری خۆی بە حیزبی دێموکرات‌و بە تێکۆشانی حیزبی دەربڕی‌و سۆزو خۆشەویستیی زۆری بۆ حیزبی دێموکرات دووپات کردەوە."

تەرمی پیرۆزی نەمر قادری سیاحی لە ناو ئاپۆرای ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان‌و هونەردۆستانی کورد، لە گردی شاعیرانی شاری مەهاباد تەسلیم بە خاکی پیرۆزی کوردستان کراو ئۆگرانی بە گوتنەوەی گۆرانیی "هەر ئەمنم ئەو کەسەی ژینی بۆ تۆ ماوە" وەفاو خۆشەویستییان بۆ ئەو هونەرمەندە نەمرە دووپات کردەوە.

۱۱/۱۸/۱۴۰۰

دوو شێعر لە شاعیری نەتەوەیی فینلاند


دوێنێ (٥ی فێوریە) لە فینلاند ڕۆژی شاعیری نەتەوەیی یوهان ڕۆنەبێرگ (١٨٠٤ - ١٨٧٧) بوو. ئەو گەرچی زمانەکەی سویدی بوو بەڵام شاعیری سروودی نەتەوەیی ئەم وڵاتەیە. ئەوانەی خوارەوە دوو نموونە لە کورتە شێعرەکانیەتی لە زمانی فینلاندیەوە:

 

ئێوە دەتوانن،

ئێستا سەردەمی دەسەڵاتتانە

چم لێ دەکەن و چیتان لە دەست دێ

بەڵام بەر لە منیش یاسا هەبووە و

دوای منیش یاسا بەردەوام دەبێ

*** **** ****

ئەی وڵاتی ڕاستی و شێعر

وڵاتی هەزار زرێبار

ئەی وڵاتی ژیان پارێز

تۆ تۆمار بکە و هیوا داڕێژە

هەردەم ڕازی بە و خۆشی بچێژە

ئازاد و سەربەست، خەفەت بنێژە


۱۱/۰۹/۱۴۰۰

بێهوودە

 

سەبارەت بە وشەی بێهوودە و بنەماکەی لە گرووپە کۆمەڵایەتیەکانی سەر تۆڕی ئینترنێت زۆر وتراوە و گوتراوە. هەن وشەکە دەبەنەوە سەر هۆ و بێ هۆ. هەشە پێی وایە لە گەڵ وشەی "بێخود" هەر یەک وشەن و لێک جودا بوونەتەوە. دوا سەرنج لەم بارەوە کە ئەمڕۆ دیتم، دۆستێکی بەڕێز لە گۆشە نیگای ناسیۆنالیستی‌یەوە ڕوانیبوویە وشەکە و نووسیبووی: 

    جا بزانن زمانی فارسی چ زمانێکی توڕەهاتە:

"بیهوده"ی فارسی لە "بێ هۆدە"ی کوردی درووست کراوە.

بێ + هۆدە = بێ ماڵ، بێ جێ و ڕێ، بێ سەرپەنا، بێ خانوو،مان.

بڵێن لە فارسیدا "هودە/ هوودە" بە چ مانایەک دێ؟

با وەک کەر لە قوڕ بچەقێن!

هەست بە بێ هۆدەیی دەکەم = هەست بە بێ ماڵی دەکەم.

 

پێویست بە گوتنە کە هۆدە بە واتای دیو و ژوور، کوردی نییە. لە بنەڕەت دا ئۆدەیە کە ئەویش ترکی‌یە. پێم وایە ئۆدە و ئۆتاق (لە کوردیدا بووە بە وەتاغ) یەک ڕیشەن و هەردووشیان ترکین. 

سەبارەت بە بنەچەی وشەی بێهوودە، پاژی یەکەمی کە "بێ"یە، پێشگری نێگەتیڤ و پێچەوانە کردنە. بەشی دووهەمی وشەکەش لە بنەڕەتدا "سوود"ە بە مانای قازانج. لە سەر یەک واتە کارێکی بێ سوود و قازانج. 

گۆڕانی پیتی هـ بە س و بە پێچەوانە لە زمانە هیندوئوروپاییەکان دا باوە. ئەم گۆڕانە لە نێوان زمانی کوردی و فارسی دا لە پیتی سینەوە بۆ پیتی هێ خۆی دەنوێنێ وەک لەو نموونانەی خوارەودا:

ئاسن : آهن

سوم: هوم

خواز(س): خواه

ئاسک: آهو

ماسی : ماهی

بە کورتی ئەگەر زەرەر لەناسیونالیزمەکەشمان بدا، گومانی بە هێزتر ئەوەیە کە بێهوودە لە ناو فارسان دا لە دایک بووە. چونکە پیتی "س"ی کوردی وەک ئەو نموونانەی سەرەوە، هێندێک جار لە فارسی دا بووە بە هـ. بەو حیسابەش بێهوودە واتە بێسوود و ئەگەر لە ناو کورد دا ساز بووبا، دەبوو بە "بێسوودە".

شیاوی ئاماژەیە کە وشەی بێخودیش لە گەڵ بێهوودە هاوڕیشە نییە و هاوماناش نین. وشەی بێخود واتای ئەوەیە کە کەسێ ئاگای لە خۆی نەبێ و بێ بیرکردنەوە شتێک بکا یان بڵێ. جاری وایە وشەی بێخود بە تەنیا و بە بێ پێشگری "بێ"ش مانایەکی نیزیک لەوی هەیە بەڵام لەوەیان دا بە مانای ئەنجام دانی کارێک بە سەربەخۆ و بێ پرس و ڕا کردنە. دەستەواژەی "لە خۆوە" یان "لە خت و خۆڕایی" و "لە خوت و خۆڕایی" دەگەڕێنەوە سەر هەمان واتا.  

۱۱/۰۳/۱۴۰۰

چاوەزار

 چاوەزار بەو نیشانەیە دەگوترێ کە لە شێوێ چاوێکە و بە ڕەنگێکی شین و تۆخ دەورە دراوە. نیشانەکە لە جنسی کاشی، سڕامیک، دار، لایلۆن، شووشە، پارچەوپەڕۆ، سەدەف و قاپێلکی گیانەوەرە ئاویەکان و هەر شتێکی دیکە چێ دەکرێ. بەڵام لە واتایەکی بەرینتر دا چاوەزار تەنیا واتای ئەو نیشانەیە نییە و بە هەر شتێک کە باوەڕدار پێی وایە خۆی یان خۆشەویست و دڵبەندێکی پێ دەپارێزرێ، چاوەزار دەگوترێ. وەک نووشتەی چاوەزار، موورووی شین کە بە ناوی کووژەکە بە شان و قژ یان بە لانکی ساواوە هەڵیدەواسن، بڕێک شاڵ، ناڵی ئەسپ و هەر شتێکی دیکە.

 وشەی چاوەزار بە پێچەوانەی باوەڕە باوەکە کە پێی وایە لە چاو و زار پێکهاتووە، لە وشەیەکی ناسراوتر کەوتۆتەوە کە ئەویش وشەی چاوەدێرە. بە هەمان واتا باوەکەی کە بریتیە لە ئاگا لێ بوون بۆ پاراستن. 

لەو سۆنگەیەوە  وێدەچێ وشەی چاوەدێرسەرەتا چاوەدار بووبێ. هەروا کە وشەی نیگادار بووە بە نیگادێر، گوێ‌دار بووە بە گوێدێر، چاوەداریش بووە بە چاوەدێر. وا دیارە چاوەدار  پێش ئەوەی ببێ بە چاوەدێر، وشەی چاوەزاری لێ بە جێ ماوە.  

۱۰/۲۶/۱۴۰۰

جامانە سەروێنی یەکسانی و بەرابەریخوازی

جامانە، جامەدانە، جامەدانێ، جەمەدانە یان ئاغابانوو پارچەیەکی سپیی بە دەزووی ڕەش و هێندێکجاریش بە ڕەنگی دیکەی وەک سوور یان سەوز چندراوە. بە جۆرێک کە پارچەکە ڕەنگی ڕەش و سپی بە خۆوە دەگرێ. تا ئاستێک کە ڕادەی هەردوو ڕەنگ تێیدا یەکسان دەبن و دەبێ سەروێن و وەک پێچ، شەدە، مشکی و.. لەگەڵ کڵاو، لە دەوری سەری دەهاڵێنن و لەسەری دەبەستن.

زێوەری شاعیر بە جامانەوە
 (١٨٧٥ - ١٩٤٨)

جامانە وەک ڕەنگ تایبەت بە کورد نییە و لەنێو نەتەوەکانی دەوروبەریش بەتایبەت لەنێو عەرەبدا بەشێوە و ڕەنگی جیاواز، کەم و زۆر دەبیندرێ. دیارە لەنێو کوردیشدا نە ڕەنگەکەی و نە شێوەی بەستنەکەی وەک یەک نییە. لەهێندێک ناوچەدا بەتایبەت لە بارزان و بادینان زیاتر ڕەنگە سوورەکەی باوە لەحاڵێکدا لەناوچە سۆرانی نشینەکاندا ڕەنگە ڕەش و سپییەکەی برەوی زیاتری هەیە. 

سەبارەت بە جۆری بەستن یان لەسەرنانی، وەک هەر سەروێنێکی دیکە، پیاوان لە دەوری سەری دەهاڵێنن و ژنان وەک لەچکە لەسەری دەبەستن. لەهێندێک ناوچەدا ڕیشۆڵی وێدەخەن و هێندێکجاریش لەگەڵ شەدە و مشکی تێکەڵی دەکەن.

 لەباری مێژوویی‌یەوە ڕوون نییە کە جامانە لە کەیەوە لەنێو کورددا داکەوتووە. کۆنترین وێنەگەلێ کەم لەم بارەوە بەردەستن، وێنەی زێوەری شاعیر (١٨٧٥ - ١٩٤٨) بە تەمەنی پیری و شێخ مەحموودی حەفید (١٨٧٨ - ١٩٦٥) لە نێونجی تەمەنیدایە. بەو پێیەش دەبێ جامانە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا لانیکەم لە دەڤەری سلێمانی و دەوروبەردا سەروێنێکی باو و جێکەوتوو بووبێ.

سەبارەت بە بنەمای وشەی جامانە و لق و پۆپەکانی دوو بۆچوون هەیە؛ بۆچوونی باو پێیوایە کە جامانە هەمان جامەدانی و ئەویش لە دوو پاژی جامە بە واتای جل و دان یان دانی بەواتای شوێنی هەڵگرتنە کە لەسەر یەک واتای شوێن یان کەرەسەی هەڵگرتنی جامە و جلە. بەڵام بۆچوونێکی دیکە پێی وایە جامانە دەگەڕێتەوە سەر وشەی جەم بەواتای لێک کۆبوونەوە کە وشەیەکی کەوناری ئایینی‌یە بەو جۆرەی لە جەم و جەمخانە و جومعەدا هەیە. ئەوەش بەسەرنجدان بە لێک کۆبوونەوە و یەکتر گرتنەوەی دوو ڕەنگی ناتەبا و دژ بە یەکی ڕەش و سپی وەک نەخشی سەر ئەم پارچەیە. ئەم واتایە بەجۆرێک لە وشەی ئاغابانووشدا هەیە کە لە دوو بەشی ئاغا وەک پیاو و بانوو وەک ژن پێکهاتووە. دوو توخمی نالێک کە لە ڕاستیدا تەواوکەری یەکترن.  

 لە سەدەی ڕابردوودا، لەگەڵ پەرەگرتنی یەک لە دوای یەکی خەباتی چەکداری لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، جامانە زیاتر وەک سەروێنێکی پێشمەرگانە خۆی نواند. بە تایبەتیش کە پیاوان بەشی هەرە سەرەکیی هێزی پێشمەرگەیان پێکدەهێنا، وای کرد کە لە هزر و ڕوانینی خەڵکدا جامانە بە بەشێک لە جلی پیاوانە هەژمار بکرێ. بەڵام ئەو بۆچوونە درووست نییە و جامانە سەروێن و هێمای هاوبەشی نێوان ژن و پیاوی کوردە، چونکە؛

شێخ مەحموودی بەرزنجی بە جامانەوە
 (١٨٧٨ - ١٩٥٦)
١- لە ڕابردوودا هەر دوو جنسی ژن و پیاو ئەم سەروێنەیان بەستووە. تایبەتیش نەبووە بەو ژن و پیاوانەی چەکیان لە شان بووە یان تەنیا ئەوانەی پێشمەرگە بوون. لەنێو خەڵکی ئاساییدا بە شێوە بەستنی جیاواز، بۆ هەر دوو ڕەگەز باو و برەوی هەبووە. پیاوان زیاتر وەک سەروێن لە سەریان هاڵاندووە و ژنان وەک لەچکە لە سەریان بەستووە. هاوکات هەردوو ڕەگەز لە ملیان هاڵاندووە و تەنانەت هەبووە کە وەک پشتێندیش لە کەمەریان بەستووە.

٢- لە جامانەدا ڕادەی دوو ڕەنگی سپی و ڕەش یان سپی و سوور بەرابەرن. ئەوە دەکرێ وەک هێمایەکی بەرابەریی کۆمەڵگا و بەرابەری لە نێوان دوو ڕەگەزی ژن و پیاو دا سەیر بکرێ.

٣- یەک لە ناوەکانی دیکەی جامانە، ئاغابانوویە کە لەو وشەیەشدا هەر دوو ڕەگەزی پیاو (ئاغا) و ژن (بانوو) حزووریان هەیە.

٤- وشەی جامانە دەکرێ لە جامەدانەوە نەهاتبێ کە لە بنەڕەتیشدا کەمتر بۆ هەڵگرتنی جلوبەرگ

هۆمەری دزەیی و مارگرێت لە
تافی پێشمەرگایەتی و بە جامانەوە ١٩٦٤
بەکار دێ. بەو پێیە وەک باس کرا، جامانە لە ڕەگی جەم بە واتای هێما و نیشانەی جەمبوون و لێک نیزیکبوونەوەی جیاوازیەکان و پەرت و پەڕەوازەکان لەگەڵ یەکترە. جەمخانە بە واتای شوێنی کۆبوونەوە بۆ نوێژ و خوێندنی سروودە ئایینیەکان هەتا ئێستاش ناوی پیرۆزترین ماڵی پێڕەوانی ئایینی یارسانە.

٥- دانانی دوو ڕەنگی ڕەش و سپی لە پەنا یەکتر ڕەگی لە باوەڕە مێژووییەکانی کورددا هەیە. ئەم باوەڕە بۆ وێنە لە بیناسازیدا؛ (بورجا بەلەک)، لە ڕستن و چنیندا؛ (بەرماڵ و دووگورد)، لە جلوبەرگ دا؛ (گۆرەویی میرزایی، چۆغەی بەختیاری و کڵاو) و بوارگەلی دیکەشدا ڕەنگی داوەتەوە.

٦- وشەی "ڕەشبەڵەک" کە بە هەڵپەڕینی هاوبەشی ژن و پیاو، دەستی یەک گرتنی کچ و کوڕ و لە پەنا یەک قەرارگرتنی ژن و پیاو لە گەڕی هەڵپەڕکێدا دەگوترێ، بە واتای لەپاڵ یەکدا بوونی دوو ڕەنگی ڕەش و سپی‌یە. مەبەست لەو دوو ڕەنگەش یەکیان ژن و ئەویدی پیاوە. جامانەش هەڵگری ئەو پێکهاتەیە.

 پۆلێک لە کچان و کوڕانی یەکێتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو نیشاندانی گەڕی ڕەشبەڵەک

۱۰/۲۳/۱۴۰۰

لەبلەبان

 

وشەی لەبلەبان بە واتای کەسی قسەزان، کەسێ کە وڵامی خێرای بۆ هەموو قسەیەک هەبێ و بە کەسی وەک دەڵێن حازر جواب دەگوترێ. هەڵبەت لە هێندێک ناوچە وشەکە تا ڕادەیەک باری نێگەتیڤی وەرگرتووە و بە کەسی زمانلووس و زۆر بڵێش دەگوترێ بەڵام واتا پۆزەتیڤەکە ڕەسەنترە.

وشەکە لە سێ بەش پێک هاتووە؛ لە - بلە – بان. واتە زیاتر لە بلە، بانتر لە بلە.

بلە کورتکراوی ناوی برایم یان ئیبراهیمە. بە پێی ناوەرۆکی بەیتە ئۆستوورەییەکانی کورد، برایم لە ئایینی میترایی دا یەک لە ناوەکانی خودای بایە. بۆ وێنە لە بەیتی برایمۆک دا (بەیتی بلە) ‌بە ناوی برایمی مەلا زێندین یان لە مەم و زین دا بە ناوی برایم پاشای یەمەنێ دەور دەگێڕێ. خودای خوێندن و نووسین و هەروەها خودای قسەزانی و ڕەوانبێژییە. لە ناو خوداکانی بابل دا، بەعل خودای بایە. لە نێوان ناوی بلە و بەعل دا وێکچوون هەیە. ناوەکە لە کوردستان دا بە شێوەی جۆراوجۆر لە سەر ناوی کانی بڵ، دەشتە بێڵ، ئەردەبێڵ، بڵفەت، بڵەسەن، بێڵەوار و زۆر شوێنی دیکەدا هەیە.  

وشەی لەبلەبان کە وەک گوترا بە واتای کەسێکە کە لە قسەزانی، ڕەوانبێژی و ئاخێوەری دا سەرتۆپە و وەک لە کوردیدا باوە، جۆرێک ئیغراق و زێدەڕۆیی لە وشەکەدا هەیە کە وەک دەڵێن ئەوەندە قسەزانە کە لە بلەی خودای عەقڵ و ڕەوانگۆیی تێپەڕاندووە.

لە سەر کێشی "لەبلەبان"، وشەی شەولەبان هەیە کە گەورەکان بۆ ترساندنی بچووکەکان دەیانگوت واتای گیاندارێکی خەیاڵییە کە شەوانە لە سەر بانەکانە.


۹/۱۳/۱۴۰۰

سەبارەت بە واتای ناوی ڕووبارەکانی جەغەتوو و تەتەهوو

تاهیر قاسمی

ئەم وێنەیە، وێنەی بەشێک لە ناوچەی چۆمی مەجیدخانە. ئاواییەکانی حسێنمامە، کویلابات و تا ڕادەیەک قاڕنجە لەپێشەوە دیارن. هەروەها کێوەکانی ساریبابای قەڵا و کێوی ئاتابڵاغی یان ئاغەڵیانیش لەدوورەوە خۆ دەنوێنن.

 ناوچەی چۆمی مەجیدخان کەوتووەتە نێوان شارەکانی بۆکان - مەهاباد - میاندواوەوە. سنووری لە میاندواو دەگەڕێتەوە و جادەی میاندواو - بۆکان ئەو ناوچەیە لە ناوچەی شامات جیا دەکاتەوە. پێشتر و بەر لەوەی تورکان پڕانیی حەشیمەتی شارەکە پڕ بکەنەوە، میاندواو بۆخۆشی بەشێک لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان بوو. لە مێژووی ناوچەکەدا دوو کەسایەتی بە ناوی مەجید خان بەناوبانگ بوون. دووهەمیان مەجید خانی قەرەوێرانە کە تا سەروبەندی دامەزرانی کۆماری کوردستانیش، حاکمی میاندواو بوو. میاندواو کە تا ئەو دەم زۆربەی دانیشتوانی کورد بوون، بەهۆی ململانێی دوو بنەماڵەی موکری و دێبوکری (١)، بەرەبەرە لەو کورد ئەستێندرایەوە و ئێستا شارێکی تورک نشینە. دیارە پێشتریش ڕەوتی گۆڕینی دیموگرافیی شارەکە دەستی پێ کردبوو. ئەویش زیاتر لەڕێی نیشتەجێ کردنی ئەو کەسانەی کە لایەن دەسەڵاتی ڕەزا شای پەهلەوییەوە لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە دوور دەخرانەوە و لەو شارە جێگیر دەکران. بەوەش شارەکە ناوی مەرحەمەت ئابادی لێ نرابوو بەناوی ئەو "مەرحەمەت" و بەزەییەی کە گۆیا شا لەگەڵ ئەو "تاوانبارانەی" دەنواند و بەجێی کوشتن، بۆ ئەو شارە دووری دەخستنەوە. ئەو دوورخراوانە ناوی خۆیان بەسەر بەشێک لە گەڕەکەکانی میاندواد وەک کرمانیەکان، سیرجانییەکان، زرەند، لەک و... داناوە.  

 بەڵام ناوچەکە پێشتر و بەرلەوەی مەجیدخانی میرموکری یان مەجیدخانی قەرەوێران دەسەڵاتی میاندواوی بکەوێتە دەست، بە ناوی مەجید خانێکی دیکە کرابوو کە ئەویش لە بنەماڵەی دەسەڵاتداری موکری بوو. مەجید خانی موکری کوڕی کەریم خان، کوڕی بداخ خان، کوڕی عەبدوڵڵا خان، کوڕی بداخ خان، کوڕی شێخاڵی خان (شێخ عەلی خان)، کوڕی مووسا سوڵتان و ئەویش کوڕی بداخ سوڵتانی بەناوبانگ بووە. دوا دەسەڵاتداری ئەو بنەماڵەیە لە ناوچەکە، شێخاڵیخان کوڕی مەجیدخان بوو کە لە قەڵای ڕەسووڵەسیتەوە مڵکەکانی بەڕێوە دەبرد.(٢) لە تازەقەڵای بۆکانەوە تا میاندواو مڵکی ئەو بوو بەڵام لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، بە هۆکارێک کە بۆ من ڕوون نییە، شێخاڵیخان بەرەبەرە مڵکەکانی لەدەست دا. بەم جۆرە لەو کاتەوە تا ئینقلابی سپی لە ئێران (١٣٤٢ی هەتاوی) و دابەشکردنی زەوی بەسەر جووتیاراندا، ئاغایانی سەر بە بنەماڵەی دێبوکری خاوەنی زەوی و گوندەکانی ئەو دەڤەرە بوون. 

هەژار لە "بەرەو موکریان"دا، ڕوو بە "کاک"ی شاعیر(٣) یادێکی لەو ناوچەیە و ئاغا زۆردارەکانی دێبوکریش کردۆتەوە:

«سەیدوەقاس» هەر بەگەڕی ڕەشبەڵەکی                وەکو جاران بەکڵوک و کەڵەکی!
خۆشی بۆ تۆیە دراوسێ جوانی                                 دۆستی تۆن «قەمتەرەیی»و «دەرمانی»
لایەکت «چۆمی مەجیدخانی» بەرین                        ماڵ و قۆپی هەموو پڕ پۆڕ و پەرین
ڕاسپێرە لە قەڵا بۆ «کاکم»                                      هیچ قسەی ماوە! دەڵێ بێ باکم!
گەیوەتە کوێ! شەڕی ئاغا و گوندی!                         سەیرە دنیا کە چلۆن بوو، چن دی!
کۆنە «سوڵتان» و «سولەیمان» ڕێوین                     شێت و خووداری ختەی بێ خێوین
کۆسە بۆ ڕیش دەگەڕا و بۆ جاشی                           داشی هات کلک و سمێڵی تاشی٢

ناوچەی چۆمی مەجیدخان لە کۆمەڵێک گوندی گەورە و بچووک پێکهاتووە کە لەسەر پێدەشتێکی بە پیت و بەرەکەت هەڵکەوتوون و بە ئاوی ڕووباری تەتەهوو پاراو دەکرێن. کەلبەڕەزاخان، سەوزی، قەباکەندی، خانکەندی، دێی مەلا، خەتایی، حاجیلەک، ساروقامیش، حاجیابات، قەڵای ڕەسووڵەسیت، قاڕنجە، حوسێنمامە، گولی مەرزینگ و قەرەمووسالی بەشێک لە گوندە بەناوبانگەکانی ئەو دەڤەرە و سەر ئەو ڕووبارەن. ناوی "چۆمی مەجیدخان" پتر بەو  ناوچەیە دەگوترێ کە ئەو گوند و زەویانەی تێدا هەڵکەوتووە و پێشتر مڵکی مەجیدخان بوون. زیاتریش مەبەست لەو گوندانەیە کە لەبەری ڕۆژئاوای ڕووبارەکە هەڵکەوتوون بەڵام لەبنەڕەتدا ئەوە ناوی ڕووبارەکە نییە. بۆ وێنە لە بۆکان کەس بەو چۆم یان ڕووبارە ناڵێ چۆمی مەجیدخان و لەوێ ناوی چۆمی بۆکانە. لە لایەن جوغرافیزانانی ئێرانی و لە بەڵگەنامە حکومەتیەکاندا ناوی "سیمینەروود" بۆ ئەم ڕووبارە و ناوی "زەڕینەروود" بۆ خوشکە گەورەکەی کە لە بەری ڕۆژهەڵات هەڵکەوتووە، داندراوە. سەرچاوەی سەرەکیی "سیمینە" کێوەکانی مەیدانچۆغە لە نێوان مەهاباد و سەردەشتە. بەرزاییەکانی تەرەغە و میرقازیش سەرچاوەیەکی دیکەی ئەو ڕووبارەیە. "زەڕینە" کە پڕئاوترە، لە سێ لقی چەمی سەقز، چەمی ساروقامیش و چەمی خوڕخوڕە پێکدێ. هەر دوو ڕووبار لە خوار میاندواو یەک دەگرنەوەو دەڕژێنە ناو گۆلی ورمێ‌وە.

بەڵام دانیشتوانی ناوچەکە بەو ڕووبارانە  زەڕینەروود و سیمینەروود ناڵێن. لە کۆنەوە ڕووبارە گەورەکە (زەڕینە) جەغەتوویە و بچووکەکەش (سیمینە) ناوی تەتەهوویە. هەردوو ناویش لەگەڵ ئەوەدا کە ڕۆژانە بەسەر زمانی دانیشتوانی ئەو دەڤەرانەوە ناوی باون، لە فۆلکلۆریشدا ڕەنگدانەوەیان هەبووە. بۆ وێنە بە شتێک کە زۆر پیس بێ، دەڵێن؛ "بە تەتەهووش پاک ناکرێتەوە" یان "دە چۆمی تەتەهووی هاوێی هێشتا خاوێن نابێتەوە". هەروەها سەبارەت بە جەغەتوو لە گۆرانیدا هاتووە:

                       ڕەببی جەغەتوو بدەی بوارێ

                       بچمەوە سابڵاغ بۆ خزمەت یارێ 

هەردووی ئەو بابەتانە واتای هەراوی و پڕئاوی ئەو ڕووبارانە دەگەیەنن گەرچی بەهۆی کەم بارانی لەم چەند دەیەی دواییدا، پێڕانەگەیشتن، بەفیڕۆدان و هەڵکەندنی بێ بەرنامەی چاڵاو و بیر و... بەداخەوە ئاوی ئەم ڕووبارانە یەکجار لە کەمێی داوە و تەنانەت تەتەهووی کردووە بە ڕووبارێکی وەرزانە.  

سەبارەت بە ڕەچەڵەکی ناوی جەغەتوو و تەتەهوو، وەک ناوی زۆربەی ئەو شار و گوند و شاخ و ڕووبارانەی کە واتایان نەزانیون و نازانن، ئەوانیش بەرەو زمانی تورکی و مەغۆلی خوار کراونەتەوە. جا خوا بەو ڕۆژە نەکا ناوێکی وەک جەغەتوو، پیتی غەین یان قافی تێدابێ! ئەوە هیچ گومان و دوودڵیەک ناهێڵێتەوە کە ئەو وشەیە ترکی یا مەغۆلی‌یە. خێرا چیڕۆکێک لەسەر بنەمای ناوە ڕواڵەتییەکەی بۆ هەڵدەبەستن تا بە یەکجاری لە زمانی خەڵکی ناوچەکە و دانیشتوانەکەی دایبڕن. لە سەر ئەم بنەمایە گۆیا جەغەتوو ناوی کوڕی چەنگیزخانی مەغۆل بووە. گەرچی مێژوو دەڵێ "جۆغەتای" قەت پێی بەو هەرێمە نەگەیشتووە، لە قسان لە سەر ئەم ڕووبارە کوژراوە. ئەمە بۆ یەکەمجار لە لایەن "ڕەشیدەالدین فەزلوڵای هەمەدانی" (١٢٥٠ - ١٣١٦ی زایینی)، نووسەری کۆنی ئێرانی ئیدیعا کراوە. تەنانەت لە سەر هەمان چیڕۆکی ناوی کوڕی گەورەی چەنگیز لە سەر جەغەتوو، گۆیا تەتەهووش ناوی کوڕی بچووکتری بووە! بەڵام سەرەڕای ئەو ئیدیعایە و زۆر قسەی لەم جۆرەی دیکە بۆ واتای شار و گوند و کێو و ڕووبارەکانمان، پێویست دەکا کورد جارێکی دیکە ناوی شوێنە جوگرافیاییەکانی، بە پێی زمان، فەرهەنگ، مێژوو و باوەڕی پێشینانی خۆی، بۆخۆی واتا بکاتەوە. واتای جەغەتوو و تەتەهووش نە لە زمانی ترکی و مەغۆلی بەڵکو لە باوەڕ و فەرهەنگ و زمانی دانیشتوانی ناوچەکەدایە و ئیدیعای ڕەشیدالدین و مێژوونووسانی دیکەش ڕیشەی لە پەی نەبردن بەو فەرهەنگ و زمانەدایە.

بە پێی باوەڕی کۆنی دانیشتوانی ناوچەکە، ژن-خودایەک خاوەنی هەموو ئاوەکانی سەر هەردە. ئەم خوداژنە بە شێوەی جۆراوجۆر ناوی بە سەر کانی و چەم و ڕووباراندا بە جێ هێشتووە. واتای ناوی هەر دوو ڕووباری بەر باسیش دەچنەوە سەر ناوی خوداژن و باوەڕی خەڵکەکە بە خێو یا ژن-خودای ئاو. بەو پێیە جەغەتوو لە دوو بەشی "زێ" و "خاتوو" پێکهاتووە. زێ واتای چەم و ڕووبارە کە لە زێی گەورە (زێی بادینان)، زێی بچووک (چۆمی کەڵوێ)، قەڵادزێ (قەڵاتی سەر زێ) و دزە (دێی سەر زێ) و بێگومان زۆر شوێنی دیکەدا هەیە. جێگۆڕکێی پیتی "ز" بە "ج" لە سەرەتای وشەدا گۆڕانێکی نائاسایی و نامۆ نییە. بۆ وێنە وشەی "زڕ" لە "جڕشێت"دا بووە بە "ج" کە مەبەست لە "زڕشێت" کەسێکە کە شێتی ئەسڵ و تەواو شێت نییە. وشەی "خاتوو" کە پاژی دووهەمی وشەکەیە بە شێوەکانی خات و خاتوونیش دەگوترێ و وشەی ڕێزنان لە ژنە. بەتایبەت ژنی بە تەمەن گەورە یان بە پایە بەرز. وشەکە لە خەسوو کە لە خاتوو گۆڕاوە یان خەزوور (شووی خاتوو) و وشەگەلی دیکەشدا هەیە. کەسیش لە ژن-خودای ئاو یا ئاناهیتا خاتوونتر و شیاوتر بۆ ڕێزلێنان و بۆ ئەم ناوە نییە. بەو پێیە ناوی جەغەتوو لە بنەڕەت دا "زێی خاتوو" یا "زێ خاتوو"یە کە سواوەو بووە بە زێخاتوو، زەخەتوو و سەرەنجام جەغەتوو.

هەمان واتای جەغەتوو لە ناوی "تەتەهوو"ش دا هەیە. تەت یان تەتە شێوەی سواوی "تات"، "تاتە" و "دادە"(٥)یە " کە وشەی ڕێزلێنان بۆ ژنە. بەتایبەت بۆ خوشکی گەورە یان کچ و ژنی لە خۆ گەورەتر. پاژی دووهەمی وشەکە کە لە ئەنجامی پێوە لکان و سواندا بووە بە "ــــەهوو"، وشەی "ئاو"ە کە مەبەستیش لە ئاو، ڕووبارەکەیە. وشەیەک کە تا ئێستاش لە زمانی خەڵکی ناوچەکەدا هەیە. بۆ وێنە کاتێک دەڵێن لە ئاوەکە پەڕیمەوە، مەبەست پەڕینەوە لە ڕووبارێکە. لە سەر یەک تەتەهوو سواوی تاتەئاو یان "دادەئاو"ە و مەبەست ڕووباری دادەیە کە دادە، خێو یا ژن-خودای کانی و چەم و ڕووبارانە.

ژن-خودا ناوی خۆی بەسەر چەندان چەم و ڕووباری دیکەی ناوچەکە وەک ڕووباری داغە (مەهاباد)، گادەر، لاوێن و لە ئاستی بەرینتردا چەمی خاسە، ڕووباری خازەر، بەحری خەزەر و گەلێک کانی و چەم و زرێبار و زەریادا بەجێ هێشتووە کە لێکۆڵینەوەیان بۆ دەرفەتێکی دیکە هەڵدەگرم.

 

بەکورتی ناوی سیمینە و زەڕینە یان ئەوەی کە دەڵێن جەغەتوو و تەتەهوو ناوی کوڕانی چەنگیزن، ڕەچەڵەک و واتای هەڵبەستراون. یەکیان لە هێژەمۆنیی نەتەوەی فارس و ئەویدی لە نەدۆزینەوە و نەزانینی واتای ناوی ئەو شوێنانەن کە بەسەر زاری دانیشتوانی دەڤەری ئەو ڕووبارانەوەن. ناو و واتای تەتەهوو و جەغەتوو ڕەگیان لە زمان، فەرهەنگ و باوەڕی دانیشتوانی کەوناری ناوچەکەدایە و کوردان حەقی خۆیانە بە شانازییەوە خۆیان بە خاوەنی مێژوویی و هەنووکەیی ناو و جوغرافیای ڕووبارەکانی جەغەتوو و تەتەهوو بزانن.

----------

ژێدەر:

١- بڕوانە بابەتی: لی سکییاڤی بیردت ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە ئیتالییاییەی لە بەردەڕەشان کوژرا - حەسەن قازی

٢- بڕوانە: یک سند تاریخی دربارە عبداللە خان مکری - قادر فتاح قاضی 

٣- کاک ناسناوی شاعیریی مەلا ئەمجەدی عوسمانی ناسراو بە مەلامجەتی قەڵای ڕەسووڵە سیتە. 

٤- شێعرەکە لە "ڤەژین" وەرگیراوە

٥- سەرنج بدە هەنبانە بۆرینە بۆ وشەی تاتە

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...