فارس جاری وایە وەهایان وشەکان لێ ئاڵۆز کردووین، زۆر
بە زەحمەت دەیانناسینەوە. یەک لەو وشانە، گاتاکانی زەرتۆشتە. بە واتای سروود
مانایان کردۆتەوە. هەمان وشە لە پەهلەویدا بووە بە گاس یان گاث. دەشڵێن لە کۆی
هەموو ئاڤێستا، تەنیا گاتاکان هی زەرتۆشتن و ئەوانی دیکە هاوردە یان پێوە
لێکێندراون.
بە پێی ئەو لێکدانەوانەی سەرەوە، گاتا شتێک نییە بێجگە
لە وشەی گوتە، گۆتە یان وتە کە لە کرداری گۆتنە. کاتێکیش ئێژن گاتاکانی زەردەشت،
بریتییە لە گوتەکانی زەردەشت. ئەو قسانەی کە زەردەشت خۆی گوتوونی. هەمان وشەی گات
لە فەیلیدا بووە بە گاس یان گاث. ئەوەش بنەمای کرداری گاز کردن یان گاس کردنە کە
ئێستاش لە بنزاراوەی هەولێری و تا ساڵانێک لەمەوبەر لە بنزاراوەی موکریانیشدا
مابوو. بەو پێیە بنەمای گاس، گات و گۆتە. ڕەنگە هەر ئەم گاسەش بووە بە قسە.
گاتاکان لە پێنج بەشدا پۆلێن کراون. هەر بەشەی بە سەر
چەند هات دا دابەش کراون. وشەی هات دەکرێ بە واتای فەڕ و بەرەکەت بێ یان لە کرداری
هاتن. وەک دەڵێن شێعرێکی بۆ هات، یان بەندێکی بۆ هات. گاتاکانیش ئەو گوتانەن کە
زەردەشت بۆی هاتووە یان بۆ زەردەشت هاتووە.
بەشی یەکەم باسی هەڵبژاردنی پەیامهێنەرە. چونکە بە
وشەی ئەهوەن ویتی دەست پێدەکا، بە ناوی ئەهوەنایەتی ناودێر کراوە. ئەویش بە سەر
حەوت هاتدا دابەش دەکرێ. هاتێک خۆی چەند بەندە و هەر بەندێک سێ تاکە. هەر تاکێکیش
شازدە بڕگەیە بەڵام درووستەکەی ئەوەیە کە هەر تاکێک خۆی لە دوو بەشی ٩ و ٧ بڕگە
پێکهاتووە. شێعری حەوت بڕگەیی لە فۆلکلۆری کوردیدا کێشێکی سووکە؛ وەک
هەی یەزن یەزن یەزن
سینگەکەت باخچە و ڕەزن
مامۆستا فەرموویەتی
ماچت حەڵاڵە بۆ من
بەشی دووهەم باسی خوداناسی، خۆناسین و خوڵقانە. ناوی
"ئۆشتاوایەتی" لێ نراوە کە دەکرێ هۆشتەوایەتی و ئەویش شێوەی کۆنی
خۆشتەوایەتی، خۆشتەڤایەتی و خۆشەویستی بێ. مەبەستیش لێی خۆشەویستی بۆ خودایە. بە
سەر چوار هاتدا دابەش کراوە و هەر هاتێک بە سەر چەند بەند و هەر بەندێک پێنج تاکە.
هەر تاکێکیش یازدە بڕگەیە. لە شێعری فۆلکلۆردا ئەو کێشە زۆر بەرچاوە. وەک:
لە/ و/ڵا/تی خۆ/مان/ کێ/وێک/ د/یا/رە
بە/ قەد/ ئەو/ کێ/وە/ خەم/ لە/ د/ڵم/ با/رە
بەشی سێهەم گاتی سپەنتامینۆیە کە باسی خوڵقاندنی جیهان
دەکا. چوار هاتی هەیە و هەر هاتێک چەندان بەند و بەندەکانیشی یازدە بڕگەیین.
وەهۆخشترگات: سەبارەت بە نوێ بوونەوەی دنیا و ئەرکی
مرۆڤەکانە. تەنها یەک هاتە. ئەویش چەند بەندە و هەر بەندێک سێ تاک و هەر تاکێک
چواردە بڕگەیە. بۆ وێنە لە سەر کێشی ئەو گۆرانییە؛
مەس/تم/ مەس/تم/ مەس/تم/ شێت/ بووم/ بە/ خۆم/
نا/وەس/تم
خز/می/نە/ مەم/کەن/ لۆ/مە/ کوژ/را/وی/ چا/وی/ مەس/تم
وەهێشتوهێشت گاتا؛ سەبارەت بە بەرزترین ئاواتی ئەشو
زەردەشت و ئەشوانەکانە. بەو پێیەش وشەکە دەبێتە بەهەشت و هێشت واتە هێشتن بۆ چوونە
بەهەشت یان ڕێگای گەیشتن بە بەهەشت. حەوت هاتی هەیە. بەندەکانی لە دوو تاکی درێژ و
دوو تاکی کورت پێکهاتوون. کورتەکانی ١٢ و درێژەکانی ١٩ بڕگەن.