نە شەوێکن..
نە دوان..
نە سیان..
چها شەون
وەکوو تاکتاککەرەی ماندوو
دەست بە کەڵکیت
چاو لەسەر ڕایەڵەی تەون
ماندوو و شەکەت
تا شەو درەنگان ناخەون.
چها شەون
بە گژ هەژاریدا دەچن
پەنجەکانتان بە تانوپۆوە ناسرەون.
کچانی پەنجە نەخشینی وڵاتەکەم
کرێکارانی بێ حەقدەست
ئەو شەوانەی کە ئاوایی خەو دایدەگرێ و
تەنیا چاوی دەلاقەی دیوەکەی ئێوە ئاوەڵایە
تەنیا دڵی ژوورەکەی ئێوە لێدەداو
دەستی ئێوە لە کاردایە
ئەو شەوانەی دەنگی کەلکیتەکەی ئێوە هاوڕێی شەوە
کامەتان بیر دەکەنەوە
زیل و بەمی تان و پۆتان
سازی خەوی تاجرانە
ڕەنگی فەڕشی هەڵواسراوتان
خەونی سەوزی بازرگانە
کامەتان بە بیرتاندا دێ
ئاخۆ سبەی کامیانی پێ خەنی دەبێ
کێهە وەزیر لێرەو لەوێ
خۆی بە پەنجەی نەخشینی ئێوە ڕادەنێ؟!
ئاخۆ سبەی تابڵۆکەتان
لەپێتەختی کام وڵاتا
بە ڕاوێچکەی کێهە پاشا پێخوست دەبێ
نازی کام شاژن هەڵدەگرێ؟
بەڵام ئاخۆ بڵێی سبەی
ساتەوەختێک
بیر و هزری کڕیارەکەی داگیر بکا تابڵۆکەتان
بڵێی خەونەکانی شاژن جارێ ئێوەش بگرێتەوە؟!
کێ دەزانێ
ئەوە بەرهەمی بەهاری جوانیتانە
بەری شەوانی ماندوویی و شەونخوونی
بەری ئازاری نەبوونی
کێ دەزانێ
بۆ ساتێ بە بیر کێدا دێ
بەهاری عومری ماندووتان
دەستی جومگە جەمام بووتان
چاوی ماندووی سۆما چووتان
ناوچەی مەهاباد – زستانی ١٣٧٤