۵/۱۱/۱۳۸۷

حدکا له‌ به‌ره‌به‌ری کۆنگره‌ی چواردەی دا

هه‌ر وه‌ک ده‌زانین حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ به‌ره‌به‌ری کۆنگره‌ دایه‌ و ره‌نگه‌ تا حه‌وتووی داهاتوو چوارده‌هه‌مین کۆنگره‌ی خۆی ده‌ست پێبکا.

ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی خاوه‌ن رایان له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که‌ کۆنگره‌ ناتوانێ ئاڵوگۆڕێک له‌ پێکهاته‌ی رێبه‌ریی و سیاسه‌ته‌کانی تا ئێستای حیزبه‌که‌دا پێکبێنێ، به‌ڵام دیسانیش وه‌ک کۆنگره‌ی له‌مێژینه‌ترین و به‌هێزترین حیزبی کوردستانی ئێران هه‌ستیاریی خۆی هه‌یه‌ و له‌ چاوه‌روانی خه‌ڵک بێ بێبه‌ش نییه‌. 

ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له‌ روداو و پێشهاته‌کانی نێوان کۆنگره‌ی رابردوو و ئێستای حیزبه‌که‌ بده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین که‌ له‌ مه‌ودای نێوان ئه‌م دوو کۆنگره‌یه‌دا، ئه‌گه‌رچی حدکا کۆمه‌ڵێک پێشڤه‌چوونی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌ڵام له‌وه‌ گرینگتر گه‌لێک رووداوی نیگه‌تیڤی به‌سه‌ردا هاتووه‌ که‌ له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بێ ته‌ئسیر نابن.   

له‌ گرینگترین پێشکه‌وتنه‌کانی حدکا له‌ ماوه‌ی چوارساڵی رابردوودا ده‌کرێ ئاماژه‌ به‌ دانانی ته‌له‌ڤزیۆنی تیشک بکه‌ین و سه‌ره‌رای که‌موکوریه‌کانی به‌ ده‌سکه‌وتێکی گرینگیی ئه‌و ماوه‌یه‌ی دابنێین. وێڕای ئه‌وه‌ش دامه‌زرانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ ئه‌گه‌رچی گه‌لێک پرسیاری له‌سه‌ره‌ به‌ڵام دیسانیش یه‌کێکی تر له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی چوارساڵی رابردووی حدکایه‌. هه‌ڵکشانی پله‌ی ئه‌ندامه‌تی له‌ ئه‌نترناسیۆناڵی سوسیالیستیش ئه‌گه‌رچی شوێنه‌وارێکی ئه‌وتۆی به‌سه‌ر قورسایی حیزبه‌که‌ له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی دا نابێ، به‌ڵام دیسانیش ناکرێ وه‌ک ده‌سکه‌وتێک سه‌یری نه‌کرێ. له‌پاڵ ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه‌دا به‌ڵام حدکا له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی رابردووی تێکۆشانی خۆیدا گه‌لێک رووداوی نیگه‌تیڤی به‌سه‌ردا هاتووه‌ و له‌ زۆر بواراندا نوشستی هێناوه‌. هه‌ر له‌ هه‌ڵه‌ سیاسییه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کانه‌وه وه‌ک رێککه‌وتن له‌ گه‌ڵ زۆر لایه‌نی جێگای پرسیار‌ بگره‌ تا هه‌ڵه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی سکرتێری گشتی چ به‌ پێوه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆی و چ به‌ لێدوانه‌ پڕ له‌ هه‌ڵه‌کانی له‌ سه‌ر میدیا ئازاد و حیزبیه‌کان و چ به‌ ناوه‌رۆکی ئه‌و وتارانه‌ی که‌ وه‌ک وتاری مانگانه‌ و ... بڵاوی ده‌کردنه‌وه‌، پرستیژ و متمانه‌ی حیزبه‌که‌یان تا ئاستێکی به‌رچاو له‌ ناو خه‌ڵکدا دابه‌زاند.  به‌ڵام له‌ هه‌مووی ئه‌وانه‌ گرینگتر حدکا له‌ ماوه‌ی چوارساڵی رابردوودا تووشی قه‌یرانێکی قوڵی ته‌شکیلاتی بۆوه‌ که‌ له‌ ئه‌نجامدا به‌شێکی به‌رچاو له‌ ته‌شکیلاته‌که‌ی لێ جیا بۆوه‌ و سه‌ره‌نجام حیزبێکی هاوشێوه‌ی خۆی به‌ ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان – ئێران و دواتریش به‌ ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی له‌ په‌نا قوت بۆوه‌. حیزبێک که‌ وێڕای له‌خۆ گرتنی به‌شێکی به‌رچاو له‌ ته‌شکیلاتی حیزبه‌که‌ له‌ سه‌رانسه‌ری دنیادا، به‌شی هه‌ره‌ زۆری کادره‌ به‌ ئه‌زموون و ناسراوه‌کانی چ له‌ ئاستی رێبه‌ریی و چ له‌ ئاستی به‌ده‌نه‌ی حیزبه‌که‌ی له‌ ده‌وری خۆی کۆکرده‌وه‌. به‌م جۆره‌ له‌ پاڵ حدکا دا حدک وه‌ک هێزێک هاته‌ ناو ساحه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌ و سه‌ره‌رای بێده‌ره‌تانی ماڵیی و ... توانی له‌ زۆر بواراندا شان له‌ شانی بدا و به‌ سه‌رنجدان به‌ په‌یره‌وکردنی سیاسه‌تی بایکۆت له‌ سه‌ری‌، له‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی و کوردستانی و ئێرانیه‌کاندا بو به‌ مووی به‌ر لووتی حدکا. 

حدکا که‌ ماوه‌ی پتر له‌ یه‌ک ده‌هه‌ بوو له‌ ناو خۆیدا دوو جه‌ناح بوو، سه‌ره‌نجام به‌ دوای کۆنگره‌ی 13دا جه‌ناحی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌ر له‌ کۆنگره‌ جیابوونه‌وه‌ی خۆی له‌ جه‌ناحی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دوای کۆنگره‌ راگه‌یاند. به‌ڵام ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه‌ کۆتایی ئیختلافاتی ناوخۆیی ئه‌م حیزبه‌ نه‌بوو. له‌ لایه‌ک هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ جه‌ناحی بێ ده‌سه‌ڵاتی دوای کۆنگره‌ بوون، به‌ هۆکاری جۆراوجۆر له‌ گه‌ڵ جه‌ناحه‌که‌یان نه‌که‌وتن و جیا نه‌بوونه‌وه‌. له‌ لایه‌کی دیکه‌ش جیابوونه‌وه‌ی ئه‌م جه‌ناحه‌، ده‌رفه‌تی بۆ به‌شێک له‌ هاوجه‌ناحه‌کانی پێشوو له‌ باڵی ده‌سه‌ڵاتداری دوای کۆنگره‌ خۆش کرد تا ئاوڕێک له‌ ئاکار و کرداری خۆیان و جه‌ناحه‌که‌یان له‌و کێشه‌ نێوخۆییانه‌دا بده‌نه‌وه‌ و سه‌نگی خۆیان له‌ تاوانی لێکجیابوونه‌وه‌که‌ به‌ ئه‌ستۆ بگرن. وێڕای ئه‌وه‌ش سیاسه‌ت و ئاخاوتن و نوسینه‌ پڕ له‌ هه‌ڵه‌ و په‌ڵه‌کانی سکرتێریی گشتی به‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ره‌کانی سکرتێر، نه‌یتوانی ئه‌و که‌سانه‌ بێده‌نگ بکا و به‌م جۆره‌، ئه‌ندامانی کۆنگره‌ی چوارده‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران که‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا ده‌ست پێبکا، به‌ دوو جه‌ناحه‌وه‌ ده‌چنه‌ ناو کۆنگره‌وه‌ که‌ من به‌ دوو جه‌ناحی راستی موحافزه‌کار و جه‌ناحی ریفۆرمخواز پێناسه‌یان ده‌که‌م. 

جه‌ناحی راستی موحافزه‌کار که‌ له‌ لایه‌ن شه‌خسی سکرتێر و جێگره‌که‌یه‌وه‌ هیدایه‌ت و نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرێن، دارێژه‌ری سیاسه‌ته‌کانی تا ئێستای حدکان و سروشتیه‌ که‌ پارێزه‌ریشی ده‌بن. ئه‌و جه‌ناحه‌ بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی وه‌ک له‌ رابردوودا نیشانی داوه‌، هیچ سنوورێک بۆ ده‌مکوت کردنی جیابیران و په‌ڕاوێز خستنی نارازییان ناناسێ. ئه‌و جه‌ناحه‌ له‌ به‌رامبه‌ر لاباڵه‌که‌ی تری دێموکرات که‌ به‌ ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ تێکۆشان ده‌کا، پتر لایه‌نگری به‌ کار هینانی توندوتیژی یه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ ژێر ده‌ستی ئاسایشی حکومه‌تی هه‌رێمدا توانای وه‌ها هه‌نگاوێکی نه‌بێ، به‌ڵام به‌ دوور نییه‌ له‌ داهاتوودا ده‌ست بۆ وه‌ها که‌ره‌سه‌یه‌ک به‌رێ. هه‌وڵدان بۆ پاراستنی دۆخی ئێستاش له‌ نێوان حدکا و حدک دا که‌ به‌ دۆخی نه‌شه‌ر نه‌ ئاشتی پێناسه‌ ده‌کرێ، یه‌کێکی تر له‌ ئامانجه‌کانی ئه‌م جه‌ناحه‌یه‌.

جه‌ناحی ریفۆرمخواز هه‌ر وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا خوازیاری ئاڵوگۆڕی بنه‌ره‌تین هه‌م له‌ پێکهاته‌ی ریبه‌ریی حیزبه‌که‌دا و هه‌میش ده‌یانه‌وێ به‌ سیاسه‌ت و بۆچوونه‌کانی دا بچنه‌وه‌. ئه‌م ره‌وته‌ ئه‌گه‌رچی هه‌م له‌ رێبه‌ریی دا هه‌میش له‌ به‌ده‌نه‌دا نفوزی به‌رچاویان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ هیچ جۆر له‌ کۆنگره‌دا زۆرینه‌ نین. خاڵێکی لاوازی ئه‌م ره‌وته‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێشتا نه‌یانتوانیوه‌ خۆیان کۆ بکه‌نه‌وه‌ و عه‌یبی سه‌ره‌کیشیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌ وه‌ک تاک به‌ راده‌ی پێویست متمانه‌یان به‌ یه‌ک هه‌یه‌، نه‌ له‌ باری فکریه‌وه‌ توانیویانه‌ له‌ ده‌وری کۆمه‌ڵه‌ بۆچوونێکی گه‌ڵاڵه‌کراودا کۆببنه‌وه‌ و نه‌ خاوه‌نی که‌سێکی زه‌ق و باوه‌رپێکراون له‌ ناو خۆیاندا تا رێبه‌رییان بکا و بۆ پۆستی‌ گرینگی سکرتێر یان جێگری سکرتێر کاندیدی بکه‌ن. ئه‌وان پتر پشتیان به‌ باباعه‌لی مێهرپه‌روه‌ر گه‌رم بوو به‌ڵام هه‌ڵسوکه‌وتی جه‌ناحی موحافزه‌کار له‌ گه‌ڵ ناوبراو به‌ دوای گه‌رانه‌وه‌ی بۆ کۆیه‌ نیشانی دا که‌ ئه‌و جه‌ناحه‌ له‌ هیچ هه‌وڵێک بۆ تێکشکاندنی جه‌ناحی موحافزه‌کار درێغی ناکا. ئه‌گه‌رچی تا ئێستا به‌رخورده‌کانی به‌ ئاستی توندوتیژی نه‌گه‌یاندووه‌ به‌ڵام به‌دوور نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌ کۆنگره‌دا زۆرینه‌ی موتڵه‌قی به‌ده‌سته‌وه‌ بێ، دوای کۆنگره‌ پاکسازیی ئه‌و جه‌ناحه‌ بکا. 

له‌ لایه‌کی تر جه‌ناحی ریفۆرمخواز پتر هه‌وڵه‌کانی خۆی بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سکرتێر و پاراستنی به‌ندی سێهه‌می ماده‌ی ده‌ی پێڕه‌وی ناوخۆ به‌ستووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مه‌جالی هه‌بێ له‌ کۆنگره‌ی پازده‌دا قه‌د عه‌له‌م بکا.  


--
تاهیر قاسمی

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...