تاهیر قاسمی
ڕەنگە پرسیار بێ کە بۆچی بە پێچەوانەی ڕەوتی ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ و چوار دەیەی دوای سەرکەوتنی ئینقلاب، بەختی شاپەرەستان لە دەرەوەی وڵات لەم چەند ساڵەی دواییدا کراوەتەوە و ڕێژەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی بە تایبەت لە تارانەوە چوون بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە دەوری ڕەزا پەهلەویدا کۆ بوونەتەوە؟ ئەو کەسانە بۆ هەتا لە نێوخۆی ئێران بوون هیچ نیشانە یان کردەوەیەکی شاپەرەستی و سەڵتەنەتخوازییان پێوە دیار نەبوو؟ بۆچی لەنێو ئەو کەسانەی پەیوەست بە شاپەرەستان دەبن، پتر لە هەر توێژێک وەرزشکار و سینەماکار و موزیسیەن و بە گشتی سێلبریتییەکان دەبیندرێن؟ ئەی باشە هۆی چییە کە زۆربەی ئەوانەی لە دەوری ڕەزا پەهلەوی کۆ دەبنەوە، پێشتر لە بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامیدا کاربەدەست بوون یان لە سەرۆک کۆمارە ڕیفۆرمخوازەکان نیزیک و لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی ئەواندا چالاک بوون؟ بۆ ئەو کەسانە چ هاوبەشییەک لە نێوان کاندیداکانی باڵی ڕیفۆرمخواز لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و ڕەوتی پاشایەتیخوازیدا هەیە؟ وڵامی ئەم پرسیارانە و وەرد دانەوەی کۆمەڵێک بابەتی تر دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییە کە ماکی هەموو ئەو هاوبەشیانە لە پێگەی کۆمەڵایەتیی هاوبەشی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی نێو کۆماری ئیسلامی و ڕەوتی پاشایەتیخوازیدایە.
زۆربەی لێکۆڵەران لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو ئینقلابەی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی سەر کەوت، ڕەگی لە ئاڵوگۆڕێکی قووڵ یان ئینقلابێکی پێشتردا بوو کە لە ساڵی ١٣٤٢دا هاتە ئاراوە. ئەو ئاڵوگۆڕە قووڵە کۆمەڵایەتییە کە بە گوشاری ئەمریکا بەڵام لەلایەن شای دەسەڵاتدار خۆیەوە سەرپەرەستی کرا، ناوی "ئینقلابی شا و خەڵک" یان "ئینقلابی سپی" لێ نرا. لە ئەنجامی ئەو ئینقلابەدا کە دیارترین بەشی بریتی بوو لە ئەستاندنی زەوی لە فیئۆدالەکان و دابەشکردنی بەسەر جووتیاراندا، کۆمەڵگەی ئێرانی بە شێوەی دەسکرد و بەپێی حوکمی دەسەڵات، لە کۆمەڵگەیەکی فیئۆدالییەوە بۆ سیستمێکی سەرمایەداری گۆڕی. ئەگەرچی لەپاڵ ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەدا، هێندێک گۆڕانکاریی دیکەی وەک دانی مافی دەنگدان بە ژنانیش پەسند کرا بەڵام موهەندیسی کرانی ئینقلابەکە لەلایەن شا خۆیەوە، نەک بواری ئەوەی نەدا کە لەپاڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکەدا، گۆڕانکاریی سیاسیش بێتە ئاراوە بەڵکو کۆمەڵگەی ئێرانی پتر لە پێشوو بەرەو داخرانی سیاسی برد. ئاکامی ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییە بوو بە هۆی ئەوە کە ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی گوندەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی کار ڕوو لە شارە گەورەکان بکەن و بەم جۆرە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی شاریان گۆڕی. لە ناوەندی شارەکاندا چینی مامناوەند و بۆرژوای شار هەبوو کە لە خۆشی و زەرقوبەرقی شاردا دەژیا و لە پەڕاوێزی شارەکانیشدا ئەو حەشیمەتە تازە هاتوویە نیشتەجێ بوون کە زۆربەیان بە کرێکاری و حەماڵی و دستفرۆشی ژیانیان تێپەڕ دەکرد. ئەوان نە ماڵ و سەرپەنایەکی ئەوتۆیان هەبوو، نە کار و داهاتێکی جێی ڕەزامەندی و نە پێڕاگەیشتنی کۆمەڵایەتی. هاوکات لە گوندەکانیشدا زەوییان پێ نەبڕابوو یان زەوی بەشی ئەوەندەی نەدەکرد ژیانی خۆیانی پێ بەڕێوە بەرن. ئەم دۆخە نابەرابەر و پڕ لە ناعەداڵەتییە بوو بە هۆی ئەوە کە بزووتنەوە چەپەکان زۆر زوو لە ناخی کۆمەڵگەدا ڕەگ دابکوتن و پەرە بگرن. هاوکات بزووتنەوەی مەزهەبیش بە هۆی ناڕەزایەتیی مەلاکان لە دابەشکاریی زەویی وەقفی مزگەوت و حسێنییەکان و دانی مافی دەنگدان بە ژنان لەلایەک و لەباریی پێکهاتەی نەریتی و مەزهەبیی کۆمەڵگەی ئێران و ناڕەزایەتیی پەڕاوێز لە مۆدێرنیتەی ژیانی چینی مامناوەند و بۆرژوای شار لەلایەکی تر دەستی بە تێکۆشان و ڕەگ داکوتان کرد. بەو پێیە دوو بزووتنەوەی چەپ و مەزهەبی هاوتەریب لەگەڵ یەکتر دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی و چینی مامناوەند و بۆرژوای دەسەڵاتدار بە کۆمەڵگەی ئێراندا ڕۆچوون. ئەم دوو بزووتنەوەیە بە پێچەوانەی هێندێک بانگەشە و پێناسەی ئەو سەردەمیان، نەک لەگەڵ یەکتر ناتەبا و دژ نەبوون بەڵکو زۆر جار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاوێتەی یەکتر دەبوون و پارسەنگیان بۆ یەکتر ڕاست دەکردەوە. ئەگەر بزووتنەوە مەزهەبییەکە لە گوێن بزووتنەوە مارکسیستییەکە خۆی وەک پشتیوانی زۆرلێکراوان پێناسە دەکرد و دوژمنایەتیی ئیپمریالیزمی دەکرد، بزووتنەوە مارکسیستییەکەش هێندێک جار هەوڵی دەدا لە هەڵسوکەوت و وتەی کەسایەتی و ئیمامانی شیعە بۆ درێژەدان بە خەباتەکەی خۆی ئیلهام وەرگرێ و ئاوێتەی مارکسیسمیان بکا. بەڵام ئەو دوو ڕەوتە لە درێژەی تێکۆشانی خۆیاندا بە یەک ڕادە و لە ڕاستی یەکتردا گەشەیان نەکرد و وەک یەک نەچوونە پێش. بەپێچەوانەی ساڵانی دەیەی چلی هەتاوی، هێڵە مەزهەبییەکە بە هۆی نفووزی مەلاکان لەنێو کۆمەڵگەدا، پەلهاویشتنی بۆ نێو توێژی بازاڕی و چینی مامناوەندی شار و، پێگەی لە مزگەوتەکاندا بەرەبەرە وەپێش ڕەوتە مارکسیستییەکە کەوت. تا وای لێهات بزووتنەوەی چەپ تا ڕادەیەک بوو بە پاشکۆی بزووتنەوە ئایینەکە. ئاکامی هاودەستیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەو دوو ڕەوتە سیاسییەش ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ی ئێرانی لێ کەوتەوە کە بەر لەوەی ئینقلابێکی نەتەوەیی یان مەزهەبی بێ، لە راستیدا ئینقلابێکی چینایەتی بوو کە بەرگی مەزهەبی بە بەردا کرا. ئەو بەرگە مەزهەبییەش بەس بوو بۆ ئەوەی دەورانی شەریکایەتی و چاوچاوێنی ئەو دوو ڕەوتە لەگەڵ یەکتر بەرەبەرە کۆتایی پێ بێ. مەزهەبییەکان کە بە ڕێبەریی خومەینی دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت، ڕەوتە مارکسیستییەکەیان لە مەیدانەکە وەدەرنا. بەم جۆرە بە دامەزرانی کۆماری ئیسلامی، گۆڕەپانی سیاسیی ئێران لە هەردوو بەرەی چەپ و ڕاست پاک کرایەوە. کەسایەتییەکانی بەرەی ڕاست کە دەسەڵاتی پاشایەتی نوێنەرایەتیی دەکردن، ئەوانەی توانیان خۆیان ڕزگار بکەن، لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی گیرسانەوە و ڕێبەرانی بەرەی چەپیش یان لە زیندانەکاندا توندکران و دواتر ئیعدام کران یان وەک ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار بەرەو دەرەوەی سنوورەکان پاشەکشەیان پێکرا.
کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە وێڕای تۆخ کردنەوەی بارە ئایینییەکەی، بە ناوی لاگری لە موستەزعەفان، دوژمنایەتیی ئیمپریالیزم، بە دەوڵەتیکردنی ئابووریی وڵات، خۆ دوورگرتن لە زرق و برقی شار و بەکارهێنانی پێرسۆنێلی جل شڕ و ڕوخسار شپرز و هێندێک ئاکاری پۆپۆلیستی، هەوڵی دەدا وەفاداریی خۆی بە بزووتنەوەی چەپ بەڵام بە بێ حیزبە چەپ و کومونیستەکان نیشان بدا. شەڕی ئێران و عێراق کە پتر کۆمەڵگەی ئێرانی لە دۆخی ئینقلابدا هێشتەوە و هاوکات خەڵکیشی هەژارتر کرد، زیاتر یارمەتیی بە بەهێزبوونی ئەم ڕەوتە کرد بەڵام بە کۆتایی هاتنی شەڕ، بەرەبەرە ڕەوتێک پەیدا بوو کە لە بەرامبەر ڕەوتە سەرەکییەکەدا کە پشتی بە پێگە نەریتییەکەی کۆماری ئیسلامی لەنێو خەڵکی پەڕاوێزی شار و دانیشتوانی شارستان و گوندنشیناندا بەستبوو، هەوڵی دا سەرنجی چینی مامناوەندی شار بە تایبەت شاری تاران بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. ئەوان خۆیان سەر بەو چینە کۆمەڵایەتییەی شار بوون کە بە هۆکاری ئایینی لەگەڵ ئینقلابی ئیسلامی کەوتبوون بەڵام ئێستا لاگری کرانەوەی ئابووری، هێندێک کڕانەوەی سیاسی و ئازادیی کۆمەڵایەتی بە قازانجی پێگەی چینایەتیی خۆیان بوون. ئەم ڕەوتە کە دواتر ناوی ڕیفۆرمخواز یان ئیسلاح تەڵەبی لێ نرا، پێگە کۆمەڵایەتییەکەی هەمان چینی مامناوەندی کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەت توێژی مامناوەندی پێتەخت نشین بوو کە پێشتر پشتیوانیی شای دەکرد بەڵام بە هۆکاری ئایینی لەگەڵ خومەینی کەوتبوو یان لانیکەم لە ئینقلابەکەدا بێ هەڵوێست بوو.
ڕەنگە بتوانین سەرەتای هەوڵەکانی ئەم ڕەوتە بۆ ڕۆژانی کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق و لەژێر ڕێبەریی ئەکبەری هاشمیی ڕەفسەنجانیدا بگەڕێنینەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوبراو تەنیا خوازیاری کرانەوەی ڕێژەیی ئابووری بوو و نەیدەویست لەباری سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕێگای خۆی لە ڕەوتە سەرەکییەکە جودا بکاتەوە، نەشیتوانی ڕێبەریی ئەم ڕەوتە بە دەستەوە بگرێ. ئەوە بوو کە لە نێوەڕاستەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی ڕەوتی ڕیفۆرمخواز بە ڕێبەریی محەممەدی خاتمی بە کردەوە هاتە نێو گۆڕەپانی سیاسیی کۆماری ئیسلامییەوە. زۆرینەی پشتیوانانی ئەم ڕەوتە هەمان چینی مامناوەند بوو بەڵام بە هۆی درووشمە نیوە ئازادیخوازانەکانیان لە دۆخی پڕ لە خەفەقانی کۆماری ئیسلامیدا، زۆر جاریش دەیانتوانی سەرنجی چینە هەژارەکان و نەتەوە بندەستەکانیش بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. لەو کاتەوە ناکۆکیی نێوان دوو بەرەی ئیسلاح تەڵەب و ئۆسوولگەرای کۆماری ئیسلامی کە لە ڕاستیدا درێژەی هەمان هەوڵی چینی مامناوەند بۆ بەدەستەوە گرتنەوەی دەسەڵات لە ئێراندا بوو، قۆناغی جۆراوجۆری بڕی تا سەرەنجام لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ساڵی ١٣٨٨دا بە چڵەپۆپە گەیی. لەو هەڵبژاردنەدا توێژی مامناوەندی پێتەخت نشین لەپشت میرحوسێن مووسەوی ڕاوەستا لە حاڵێکدا چینە هەژار و پەڕاوێزەکان لە دەوری درووشمە پۆپۆلیستییەکانی مەحموودی ئەحمەدینەژاد کۆ ببوونەوە. ئاکامی ئەو ململانێ توندە لە هەڵبژاردنەکاندا بە دۆڕانی مووسەوی و بە براوە ناساندنی ئەحمەدینەژاد لەلایەن باڵی دەسەڵاتداری توندئاژۆ کۆتایی هات بەڵام مووسەوی دۆڕانەکەی قەبووڵ نەکرد. لە ئاکامدا بزووتنەوەی سەوز بە ڕێبەریی مووسەوی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی بەرینی وەڕێخست. لێ ئەو خۆپێشاندانانە سەرەڕای بەشداریی زۆری حەشیمەتی تاران هیچکات نەیانتوانی پەل بۆ شار و ناوچەکانی دیکە باوێژن. ئەوەش نیشانەی ئاشکرای ئەو ناکۆکییە بوو کە لەنێوان توێژی مامناوەندی تاران نشین لەگەڵ دانیشتوانی شار و ناوچەکانی دیکەدا لە ئارادا بوو.
ئەگەرچی لە درێژەی ئەم ململانێیانەدا، دوای کۆتایی ماوەی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نەژاد ڕەوتی ئیسلاح تەڵەب توانی لە ژێر ڕێبەریی حەسەن ڕووحانیدا جارێکی دیکە کۆ ببێتەوە، بەڵام بە درێژایی ئەو ساڵانەش کە لە ڕێی سندووقەکانی دەنگدانەوە دەسەڵاتی سەرۆک کۆمارییان بە دەستەوە دەگرت، ئەوان قەت نەیانتوانی بەو جۆرەی گەرەکیان بوو، دەسەڵات بە دەستەوە بگرن. سەرچاوەکانی دەسەڵات بەردەوام لە دەست باڵی سەرەکیدا مانەوە و هەڵبژێردراوانی ڕەوتە ڕیفۆرمیستەکەش دوای هەڵبژێرانیان پشتیان لە وادە و بەڵێنەکانیان دەکرد و دەکەوتنە ژێر هێژەمۆنیی باڵی خاوەن دەسەڵات و کڕ دەمانەوە. بە درێژایی ئەو ساڵانی ململانێیە، ئەو ڕەوتە وێڕای هەوڵدان بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ڕێی سندووقەکانی دەنگدانەوە، بە وەڕێخستنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی، هەوڵی دەدا باڵی دەسەڵاتدار ناچار بە پاشەکشەی زیاتر بکا بەڵام هەر سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکی ئەوان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرا. ئەوە بوو کە لە ئەنجامی هەر کام لەو ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانانەدا شەپۆلێک لە ناڕازییان ناچار دەبوون وڵات بەجێ بهێڵن و لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بگیرسێنەوە. بەرەبەرە خەڵکی ئازادیخواز چیدی باوەڕی بە وادە و بەڵێنەکانی ئەو ڕەوتە نەدەکرد و بە دەنگیانەوە نەدەهاتن و ئەو توێژەش لە بەدیهێنانی ریفۆرم و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناهومێد بوون. دواجار لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٣٩٨دا بوو کە خەڵک بە درووشمی "ئیسلاح تەڵەب ئۆسوولگەرا ئیتر با بەس بێ ماجەرا" کۆتایی یاریی مشک و پشیلەی ئۆسوولگەرا و ئیسلاحتەڵەبیان ڕاگەیاند. بە جۆرێک کە ئاستی بەشداریی خەڵک لە دوا هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا بە ڕادەیەک کەم بوو کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیش هاواری لێ هەستا.
ئەو شەپۆلی کۆچبەرانەی کە بە درێژایی ئەو ساڵانە لە ئەنجامی شکستی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامیدا لە دەرەوەی وڵات دەگیرسانەوە، لە دۆخی ئاساییدا زۆر کاریان بە خەباتی سیاسی نەبوو یان هەروا بە پشتیوانی ڕیفۆرمخوازەکان دەمانەوە و لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا ڕوویان لە سندووقەکانی دەنگدان لە باڵیۆزخانەکانی کۆماری ئیسلامی دەکردەوە، لێ لە سەردەمی سەرهەڵدانی ژینا بە دواوە کە دابڕانی یەکجاریی خەڵک لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان دیت، بە تایبەت دوای پێکهاتنی هاوپەیمانیی جۆرجتاون، بەرەبەرە خولیا و خواستەکانی خۆیان لە ڕەزا پەهلەوی و ئەگەری بەدەسەڵات گەیشتنی سیستمی پاشایەتیدا دزۆییەوە. ئەو هەوڵانەی کە ئەوان پێشتر بە ناوی پێکهێنانی ڕیفۆرم لە کۆماری ئیسلامیدا بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات دەیاندا، لەوە بە دوا تەرخانی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتییان کرد. ئەوەش بەو هۆیە بوو کە ئەو بەرژەوەندییە چینایەتیانەی پێشتر پێیان وا بوو بە سەرکەوتنی ڕیفۆرمیستەکان دەتوانن دەستەبەری دەکەن، بە گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی باشتر بۆیان جێبەجێ دەکرێ.
لە تایبەتمەندییەکانی توێژی مامناوەندی پێتەخت نشین ئەوەیە کە هەموو ئێران بە مڵکی خۆی و دەسەڵات بە مافی بێ ئەملاوئەولای خۆی دەزانێ. لە بەرامبەردا ئەوانیتر بە نۆکەر و ئەگەر ناڕازی بن، بە مڵۆزم و دوژمن دەبینێ. ئەوان زیاتر لە هەر چین و توێژێکی دیکە، لە بەری داهاتی وڵاتیان چنیوە و لە سفرەی ئێرانیان خواردوە. زمانی ئەوان بە تۆبزی کراوە بە زمانی هەموو گەلانی ئێران و فەرهەنگی ئەوان، بە فەرهەنگی سەرەکی و ڕەسمیی وڵات سەپێندراوە. سەرچاوەکانی دەسەڵات لە هەردوو حکوومەتی پاشایەتی و ئیسلامیدا لە خزمەت پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەواندا بووە. لە پێناو پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانەشدا چەمکی خۆکردی ناسیۆنالیزمی ئێرانییان داهێناوە و خۆیان بە داشداری توندی ئەم چەمکە فەیکە لەقەڵەم دەدەن. لە سێبەری ئەو ڕوانگە پاوانخوازنەیەدا ئەوان هیچ چین و توێژ و زمان و نەتەوەیەکی دیکەی ئێران بە هاوبەشی وڵات و دەسەڵات نابینن. لە باشترین حاڵەتدا نەتەوە پەڕاوێزەکان بە پارێزەری سنوورەکانی خۆیان دەزانن. ئەو نەتەوانەش کە لێیان نیزیکترن یان بە جۆرێک لە دەسەڵاتەکەیاندا بەشدارن، دەدەنە بەر توانجی سووکایەتی و زمان و فەرهەنگی ئەوان دەکەن بە گاڵتەجاڕی خۆیان و نوکتە و قسەی پێکەنینی نێو مەجلیسەکانیان. بێجگە لە پاشماوەکانی ساواک، پلەدارانی ئەرتەش و کاربەدەستانی پایەبەرز و وەچەکانیان کە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی بە گیرفانی پڕەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی گیرسانەوە، سێلبریتییەکان، کاربەدەستانی پێشووی نێو وەزارەت و دامودەزگا گرینگەکانی کۆماری ئیسلامی و خەڵکانی گیرفان پڕ کە دوای ئیختلاس و ڕفاندنی پووڵی زۆری دەوڵەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی گیرساونەتەوە، ئێستا بەشی سەرەکیی نیزیکانی ڕەزا پەهلەوی پێکدەهێنن کە خوازیاری گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بۆ ئێرانن. ئەوە بێجگە لەو کاربەدەستە ئەمنییەتیانەی نێو دامودەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە گومان دەکرێ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە ڕەوانەی نێو ئەو ڕەوتە کرابن. بە دەوری ئەوانەشەوە ئەو شەپۆلە کۆچبەرانە کۆ بوونەتەوە کە دوای هەر ناکامییەکی ڕیفۆرمیستەکان لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کردووە. ئەم توێژە نیشانی داوە کە وێڕای پاوانخوازییەکەی، بە تەواوی بەرژەوەندیخواز و لایەنگرانی سیاسیی تۆز و بان. بەو واتایە کە ئەگەر هەست بە شانسی لاوازی ڕەزا پەهلەوی بکەن یان کەس و لایەنێکی گونجاوتریان دەست بکەوێ، زۆر بە سانایی ڕووی لێ وەردەگێڕن و بە دەوری هەر کەس و لایەنێکدا کە بزانن شانسی زیاتری بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هەیە، کۆ دەبنەوە و هەوڵ دەدەن بە هەڕەشە و هێرش و هەر کەرەستەیەک کە لەبەردەستیان بێ، خواستەکانی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن. لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا ڕەزا پەهلەوی ئاراستە دەکا، نە خۆی و خواست و هەڵوێستە سیاسییەکانی بەڵکو خواستە چینایەتییەکانی ئەو توێژە پاوانخوازەیە.
بۆ ڕۆژنامەی کوردستان نووسراوە