۱/۰۲/۱۳۷۲

نامەیەک

 

درێژترین شەوی ئەو ساڵەم کە ڕۆیی

لە ژێر چرای خەیاڵی باڵات تێپەڕی

ڕاستە ئێرە تاریک و نووتەک بوو بەڵام

چرای خەیاڵی باڵاکەت

پەڵەی ڕەشی شەوی سڕی.

 ***

چاو کەژاڵی گەردن ئاسک

باڵابەرزی وەک کێلی شەم ئاسای وەلی

هەر بە یادی جوانیی تۆ بوو

ئەمشەوم تێپەڕی وا زوو

لەم ژیانی ڕەش ماڵی بێ دەلاقە و گڕ.

 ***

هاتنی بە ناز، بزەی نەرم و بسکی دەم با

ڕامووسان و ڕاگوشین و بزە و قاقا

ماڵاوایی و دوایین ماچ کە دەستمان بەر دا

ئەمشەو دیسان منیان بۆ ژوانی چۆڵ هێنا

***

تۆش دەزانی کە من بێ تۆ

لە نالی زۆر غەریبترم 

                 کە حەبیبەکەی جێ مابوو

گەلێ لە وەلی شێتترم 

                 کە بێ شەم لە خێڵ زڕابوو

لە یەڵماز ئاوارەترم 

                 کە لە وڵات هەڵبڕابوو

ئەی تۆ لە کوێی؟! 

کەی بۆ لام دێی؟!

 ***

دەزانم کە هەر نایەیت و ئەگەر بێیشی

جەللادەکەم لێ ناگەڕێن

پڕ بە چاوە چاوەڕوان و ماندووەکانم بتبینم و

بە دوو لێوە وشکەکانم ماچت بکەم

لە دواییشا بچمەوە لای هاوڕێیان و

تا بەیانی باست بکەم

 ***

دەزانم کە هەر نایەیت و ئەگەر بێیشی

جەللادەکان دوای سەعاتێ

تۆش دەخەنە زیندانێکیتر و کۆتێ

چاڵێکی ڕەش و دەسبەندێ

لە جێی پەنجەی من و بازنە

ئەو مەچەکەکانت دەگوشێ

نا..نا مەیە.. مەیە بۆ لام

دەزانم بە ئاڵقەی دەسبەند

باسکە ناسکەکانت دێشێ

٢/١/١٣٧٢


بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...