تاهیر قاسمی
لە نێوەڕاستەکانی دەیەی نەوەتی زایینیدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شێوەیەکی هەستپێکراو دەستی بە بووژاندنەوەی هونەر و ئەدەبیات لەنێو حیزبدا کرد. وەڕێخستنی ڕۆژنامە دیوارییەکان لە زۆربەی کۆمیتە و ئۆرگانەکاندا، چاپکردنەوەی سەرلەنوێی گۆڤاری لاوان کە پتر باری ڕۆشنبیری و ئەدەبی هەبوو، بەردەوامیی بەرنامەی کۆلکەزێڕینەی تایبەت بە ئەدەب و هونەر لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانەوە، کۆڕە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە بەردەوامەکانی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزب، زیادکردنی پاشکۆی ئەدەب و هونەر بۆ ڕۆژنامەی کوردستان و بووژاندنەوەی کۆڕی هونەریی حیزب بەشێک لەو هەنگاوانە بوون. ئەوانەش پتر بەرهەمی کار و تێکۆشانی کەسانی قەڵەم بەدەست و خاوەن بەهرەی وەک نەمر کاک عەبدوڵڵا شەریفی، کاک قادر وریا، کاک سمایلی بازیار، کاک برایم لاجانی، کاک هەیاس کاردۆ، مامۆستا پەیمان، نەمر کاک ئەحمەدی قادری و هونەرمەندی نەمر کاک تاهیر خەلیلی و هونەرمەندانی دیکەی کۆڕی هونەریی حیزب بوون. لەم نێوەدا هاوکاریی ئەدیبان و هونەرمەندانی شاری کۆیە لەوانە نووسەر کاک قادر بەشدار، مامۆستای مووزیک کاک سەردار ئەحمەد و بە گشتی تیپی مووزیکی باواجیی کۆیە ڕۆڵی گرینگیان لەو بووژانەوە و پەرەدانەدا هەبوو. لە سایەی ئەو هەوڵ و هاوکارییانەدا کۆمەڵێک بابەتی جوان لە ئەرشیڤی حیزبی دێموکراتدا تۆمار کران کە بەشێکیان هەتا ئێستاش سەرتۆپی ئەو سروود و ئاوازانەن کە لە میدیاکانی حیزبدا بڵاو دەبنەوە. یەک لەو سروودە بەناوبانگانەی کە ئەو سەردەم تۆمار کرا و هەر ساڵ زیاتر و زیندووتر لە ساڵی ڕابردوو بڵاو دەبێتەوە، سروودی «بژی دێموکرات»ە.
«بژی دێموکرات» شێعری مامۆستا هێمنە کە ساڵی ١٣٢٤، واتە دوای دامەزرانی حیزبی دێموکرات نووسراوە. ڕاست پەنجا ساڵ دوای نووسرانی "بژی دێموکرات"، لە حاڵێکدا شێعرەکە لە چاپەکانی دواتری کتێبی "تاریک و ڕوون"دا کەوتبووە بەر تیغی سانسۆڕی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و پاک کرابۆوە، لاوێکی دەنگخۆشی نیشتەجێی باشووری کوردستان، لە جێژنی یوبیلی زێڕینی دامەزرانی حیزبدا، شێعرەکەی کردبوو بە سروود و بانگی بژی دێموکراتی بە گوێی دۆستان و دوژمنانی ئەم حیزبە و گەلی کوردستان دەگەیاند و پڕ بە گەرووی هەرای دەکرد؛
بە کوێری چاوی پیسی بێگانە
ئەمڕۆکە ڕۆژی جێژنی کوردانە
بژی دێموکرات..
ئەو لاوە دەنگخۆش و نیشتمانپەروەرە ئیسماعیل ئیبراهیم ناسراو بە سمایل شەیدا بوو. سمایل وێڕای شنۆخانی خوشکی هاموشۆی کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکراتیان دەکرد و لە جێژن و بۆنە حیزبی و نەتەوەییەکاندا، بە گۆرانی و سروودی نەتەوەیی تێکۆشەرانیان دڵگەرمتر دەکرد.
هونەرمەند سمایل شەیدا لەدایکبووی شاری کۆیە بەڵام بە ڕەچەڵەک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. بنەماڵەی باوکی کە بە شەنگە بەنێوبانگن لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی ئەحمەد بریوی سەردەشت بوون کە بە هۆی هاوکاری لەگەڵ ڕاپەڕینە چەکدارییەکەی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵانی ١٩٦٧ - ١٩٦٨ ئاوارەی باشووری کوردستان بوون. سۆفی خدری باوکی دایکیشی خەڵکی گوندی سۆغالوێی پیرانشار و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بوو. باوکی ئیسماعیل لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستاندا، لەلایەن پیاوانی قاسماغای جاشی بەعسەوە لە شاری کۆیە شەهید کرا. سمایل پەروەردەی ئەو بنەماڵە تێکۆشەر و خەباتکارە بوو و هونەرەکەی خستبووە خزمەت ئامانجە نەتەوەییەکانییەوە. وەک هونەرمەندێکی دەنگخۆش کە هاوکات ئامێری دەفیشی دەژەنی، گەلێک گۆرانی و سروودی لەگەڵ تیپی باواجی کۆیە و کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان تۆمار کرد. دوای ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی وەک زۆرێک لە لاوانی باشووری کوردستان بە هۆی بێدەرەتانی و هەژاری، ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد و سەرەنجام لە وڵاتی ئاڵمان گیرسایەوە. ئەو لە دەرەوەی وڵاتیش، ئەگەرچی بە جەستە لە حیزبی دێموکرات دابڕابوو و لە هاوڕێیانی حیزبی دوور بوو، بەڵام ڕۆحی لەگەڵ ئەم حیزبەدا مایەوە. لەم ساڵانەی دواییدا سەرەڕای ئەوەی تووشی نەخۆشییەکی سەخت ببوو، دڵی هەر لای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەم حیزبە بوو و بە سەرمایەی هەموو نەتەوەی کوردی دەزانی. بە جۆرێک کە ٧ ساڵ دوای هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧دا، پڕۆفایل و کاوێرەکانی سمایل شەیدا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەر وێنەی قەڵای دێموکراتی بۆردوومانکراو، بەڵام ڕازاوە بە وێنەی پێشەوای نەمر و گڵکۆی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان بوو. سەرەنجام ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر، لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا لە شاری هانۆفێری ئاڵمان بەو نەخۆشییە کۆچی دوایی کرد.
هەواڵی کۆچی دوایی کاک سمایل شەیدا ئەگەرچی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی خەمبار و تاسەبار کرد بەڵام بێگومان ناو و یادی ئەو وەک سروودی «بژی دێموکرات» تا هەتایە لە دڵی گەلەکەی و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا بە نەمری دەمێنێتەوە.
ڕەوانی شاد و یادی هەرمان
تاهیر قاسمی