۸/۰۸/۱۴۰۴

ڕۆڵی لاهووتی لە شکانی هێزەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر سمکۆدا

تاهیر قاسمی

"لاهووتی" یان "لاهووتی خان" ناسناوی یەکێک لە دەگمەنترین کەسایەتی و شاعیرانی کوردی فارسی‌نووسە کە ئەگەرچی هەتا ‏ئێستا زۆری لە بارەیەوە نووسراوە بەڵام هێشتا هەڵدەگری زیاتری لەسەر بنووسرێ و زۆر کەلێن و کەلەبەری ژیانی ئەو ‏کەسایەتییە هەن کە ئەگەر بپشکێندڕێن، شتی تازەیان تێدا دەبیندرێتەوە. یەک لەو بابەتانە، پێوەندیی نێوان شۆڕشەکەی ‏سمکۆ و ئەبولقاسمی لاهووتی‌یە.  ‎

ئەبولقاسمی ئیلهامی ناسراو بە لاهووتی ساڵی ١٨٨٧ لە شاری کرماشان لەدایک بوو. باوکی ئەحمەد ئیلاهی لەدایکبووی شاری تویسرکان، شاعیر، سۆفی و مریدێکی  شیعە مەزهەب بوو کە ئیشی کڵاشچنیی دەکرد. دایکی لە هۆزی قەڵخانی و بە ئایین  یارسان بوو. لە ژیاننامەی ئەبولقاسمی لاهووتی‌دا هاتوە کە ئەو لە سەرەتای لاوەتیدا، دوای ئەوەی پەڕیوەی شارەکانی ناوەندی ئێران ‏دەبێ، لە ژاندارمێریی شاری قۆم‌ دادەمەزرێ. ئەو کات ژاندارمێری لە ژێر سەرپەرەستیی ئەفسەرانی سوئێدی‌دا تازە دامەزرابوو و ‏هەر ئەوان بەڕێوەیان دەبرد. لاهووتی بە هۆی خوێندەواری و پیتۆڵیی خۆی زۆر زوو پلەکانی سەربازی لەو ڕێکخراوەدا دەبڕێ و ‏بۆ گەڕاندنەوەی تەکووزی و سەرکوتی چەتە و ڕێگران، تێدەکۆشێ و لە گەلێک چالاکیدا بەشداری دەکا. لە ماوەی چالاکییەکانیدا بەرەبەرە ‏لەگەڵ ئەفسەرانی سوئێدی دەکەوێتە ململانێ و سەرەنجام تۆمەتی کوژرانی چەند کەس، لەوانە ئەفسەرێکی سویدی دەدرێتە پاڵ. بەوەش بڕیاری ‏ئیعدامی بەسەردا دەسەپێ. ئەویش لە ترسان پەنا بۆ دەوڵەتی عوسمانی دەبا. ماوەی نیزیک بە حەوت ساڵ لە شارەکانی باشووری ‏کوردستان لەوانە خانەقین، سلێمانی، مووسڵ و دواتر لە شاری ئیستانبووڵ دەمێنێتەوە. لەو ماوەیەدا خۆی فێری زمانەکانی ‏تورکی و فەرەنسی و ڕووسی دەکا و کۆمەڵێک جموجۆڵی ئەدەبی و سیاسیش لە خۆی نیشان دەدا. لەوانە چاپی سێ شێعر بە زمانی کوردی ‏لە گۆڤاری ژین‌دا کە ئەوانە تەنیا شێعرە کوردییەکانی ئەون کە ئێستا لەبەر دەست دان. ساڵانی ١٩٢٠ بە دواوە لە کاتێکدا کە ‏شۆڕشی سمکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەشە و پەرەسەندندا بوو، لاهووتی بۆ ئێران دەگەڕێتەوە. ئەو لە ڕێی ڕەواندزەوە خۆی دەگەیەنێتە ناوچەی مەنگوڕایەتیی مەهاباد. لەوێ لەلای حەسەناغای ‏مەنگوڕ (ڕەنگە مەبەست حەسەن ئاغای بایزپاشای مەنگوڕ بێ) دەمێنێتەوە‎. ‎

لەو سەردەمەدا کە سەرهەڵدانەکانی گێڵان و خۆراسان سەرکوت کرابوون، دەوڵەتی ئێران دەستی بۆ سەرکوتی شۆڕشەکەی ‏سمکۆ ئاوەڵاتر ببوو. بۆ ئەو مەبەستەش دوو هێزی ڕەوانەی ئازەربایجان و کوردستان کردبوو. هێزی یەکەم بە فەرماندەیی ‏ماژۆر مەحموودخانی پوولادین لە شەڕەفخانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی گۆلی ورمێ  جێگیر ببوو و هێزی دووهەمیش بە فەرماندەیی ‏ماژۆر حەسەنخانی مەلەکزادە لە شاری سابڵاغ مۆڵ درابوو. (کودەتای لاهووتی ل. ٣٤)‏

‎ ‎لە نێوەڕاستەکانی مانگی ڕەزبەر، لە حاڵێکدا کە حەسەنخانی مەلەکزادە خەریکبوو جێپێی هێزەکەی خۆی لە مەهاباد پتەو ‏دەکرد، سەر و گوێلاکی لاهووتی پەیدا بوو. مەلەکزادە لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا دەگێڕێتەوە: "... لە نووسینگەی فەرماندەیی ‏خۆم خەریکی کار بووم کە هەستم کرد یەکێک لە دەرەوە خەریکە لەگەڵ دەرکەوانەکە دمەقاڵە دەکا و دەڵێ مەلەک‌ گیانم ‏دەوێ... کە ڕوانیم، لاهووتیم بە جلی شڕ و دڕەوە چاو پێ کەوت. چاکەم لەگەڵ کرد و هێنامە ژوورێ، ڕوون بۆوە کە لەگەڵ ‏ئاغای ئەمیر حیشمەت و سەرهەنگ ئەفشار ئۆغڵو و دوو پلەداری دیکە لە تورکیاوە هاتوون و مۆڵەتی هاتنیشیان پێ نییە و لە ‏دوو سێ خاڵی سنووریش ڕێگایان نەداون تا چوونەتە نێو هۆزی مەنگوڕ و لەوێ حەسەناغای مەنگوڕ لای خۆی ڕایگرتبوو تا ‏مۆڵەت لە من وەربگرێ..". ".. ئەسپەکەی خۆمم لەگەڵ سێ ئەسپی دیکە بە دوای ئەمیر حیشمەت و ئەوانی دیکەدا نارد و ‏بوون بە میوانم. خێرا تێلگرافیشم بۆ والی کرد و بۆم نووسی کە لاهووتی لە ژاندارمێریدا بڕیاری ئیعدامی لەسەرە بەڵام چونکە لە ‏غەریبی‌دا بە قەد چەند جار ئیعدام سەختی و نەهامەتیی چاشتوە، وا باشە دەوڵەت لێی خۆش بێ و بۆخۆی دەیهەوێ لەگەڵ ‏ئەفسەرانی دیکە لە هۆردووی مندا خزمەت بکەن. پاش دوو سێ کاتژمێر ئاغای حاجی مۆخبێروسەڵتەنە جوابی دایەوە کە بۆ ‏ڕێز لە داوای بەڕێزت، دەوڵەت لە هەموویان خۆش دەبێ. ئەمیر حیشمەت بۆ تەورێز بنێرن و ئەفسەرەکان با بمێننەوە."  (ح. ‏ملکزادە هیربد، سرگذشت حیرت انگیز، تهران ١٣٢٨ ل. ٦٣ و ٦٤)‏

لە حاڵێکدا هێزەکانی دەوڵەت خەریک بوون خۆیان بۆ هێرش ئامادە دەکرد، سمکۆ دەستی خۆی ڕەپێش خست. بەرەبەیانیی ‏ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەر، واتە ڕۆژێک دوای هاتنی ئەمیر حیشمەت و لاهووتی، هێزەکانی سمکۆ پەلاماری سابڵاغیان دا.  ئەمیر ‏حیشمەت ڕەوانەی تەورێز کرا بەڵام لاهووتی و ئەفسەرەکانی دیکە لەگەڵ لەشکرەکەی مەلەکزادە مابوونەوە و ئامادەی ‏بەربەرەکانی بوون. ڕۆژی دواتر لە کاتی تەقە و لێکداندا، لوولەی موسەلسەکەیان لەبەر گەرما تەقی. مەلەکزادە داوا دەکا ‏‏"..ژاندارمێک بچێ لە عەمبارەکە لوولەیەکی یەدەک بێنێ بەڵام لاهووتی پێی دەڵێ با ڕادەی تەقەکەران کەم نەبنەوە و من ‏دەچم لوولەکە دێنم و... ئیتر هەر ئەو ڕۆیشتنە بوو و نەگەڕایەوە..". بەپێی نووسینی سەرهەنگ ئازەرتاش، لاهووتی دوای ‏بەجێهێشتنی مەلەکزادە.. دەچێتە کێوی داشامەجید و ئەو ئەفسەرانەی کە لەوێ دامەزرابوون [لەوانە ئەفشار ئۆغڵووی ‏هاوڕێی] تێدەگەیەنێ کە دۆخەکە زۆر خراپە، ئەوانیش تۆپ و تەقەمەنییان هەڵدەگرن و بەرەو میاندواو دەڕۆن..". بەم جۆرە ‏دوای چەند سەعات تەقە و لێکدانی قورس، بەرەنگاریی هێزەکانی ژاندارم تێکدەشکێ و زیاتر لە سێسەد کەسیان بە دەست ‏هێزەکانی سمکۆ بە دیل دەگیرێن."..

دوای هاتنی سمکۆ بۆ نێوسابڵاغ، لاهووتی چەند ڕۆژێکی دیکەش لە نێو شاردا دەمێنێتەوە. ڕۆژنامەی  "ئیتیحاد" لە بابەتێکدا سەبارەت بە ڕۆڵی لاهووتی لەو شکستە و ڕووداوەکانی دواتردا کە بە ‏واژۆی "لاوێک لە لاوانی ئازادیخوازی ئازەربایجانی" نووسرابوو، ‏بڵاوی کردەوە؛ لاهووتی "ڕاستەوخۆ لە مووسڵەوە و لە ڕێی ڕەواندەزە هاتوەتە سابڵاغ و چەند ڕۆژ دوای داگیرکرانی سابڵاغیش ‏لەلایەن سمکۆوە، هەر وا لەو شارە ماوەتەوە..." (ڕۆژنامەی ئیتیحاد، ٢٥ی ثوری ١٣٠١). بێگومان مەبەستی نووسەر ‏پێوەندیی ڕاستەوخۆی لاهووتی بە کوردەکان و ئەگەری دیداری ئەو لەگەڵ سمکۆ بووە بەڵام  ئەوە کە چۆن بوو هێزەکەی سمکۆ ‏یەکسەر دوای  گەیشتنی لاهووتی و هاوڕێکانی هەڵدەکوتێتە سەر سابڵاغ و لاهووتی لە دوای هاتنی سمکۆ و هێزەکەی بۆ نێو ‏شار، چی کردوە و لە کوێ بووە و بڵێی چاویان پێک کەوتبێ، بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە‎. ‎

ماوەیەک دوای ئازادیی سابڵاغ، لاهووتی لە تەورێز سەر دەردێنێ و ئەمیر حیشمەت و هاوڕێکانی دیکەی دەگرێتەوە. لەوێ لە ‏نیزیکەوە "مخبر السلطنە" دەبینێ و بە شێعرێک داوای لێخۆشبوونی لێ دەکا؛ "زوڵمی لێم کرد چەرخی سپڵە، داد بدە تۆ دادوەر/ بۆ سزای ئەم چەرخە سپڵە، ڕێگای ئێرەم گرتە بەر"، مۆخبێروسەڵتەنە کە دەیزانی ژاندارمێری زۆر حوکمی ئاوای لە خۆڕا ‏دەرکردوە، گوێ بە حوکمەکە نادا و لاهووتی بە فەرمانبەر وەردەگرێ. ئەو دواتر نووسی کە بە ماژۆر لۆندبێرگی سویدیم سپارد کاروباری ‏بەڕێوەبەریی پێ نەسپێرن و بۆ ڕاوێژ کەلکی لێ وەربگرن. بەو حاڵەش لاهووتی لە سەرەتای سەرماوەزی ١٣٠٠ (٢٢ی ‏نۆڤامبری ١٩٢١) بە پلەی یاوەر (سەرگورد) وەردەگیرێ و وەک جێگری ماژۆر مەحموود خانی پۆلادین کە فەرماندەی گوردانی ‏موسەلسەل بوو، بۆ شەڕ لەگەڵ هێزەکانی سمکۆ ڕەوانە دەکرێ‎. ‎

لە مانگی سەرماوەزی ١٣٠٠دا دەوڵەت لەشکرێکی زۆری لە ژاندارمێری و هێزەکانی عەشایر بۆ سەر سمکۆ کۆ کردەوە. لە کۆتاییەکانی ئەو مانگەدا هێزێکی هەزار و پێنسەد کەسیی ژاندارم بە فەرماندەیی سەرهەنگ لوندبێرگی سویدی وێڕای هەزار ‏چریک لە هۆزەکانی ناوچە بە فەرماندەیی ئەمیرئەرشەد حاجی عەلیلو ڕەوانەی خۆی کرد. "له‌وێ له‌گه‌ڵ هێزی قه‌ره‌داغی چه‌ند ‏زه‌ربه‌ی کاریگه‌ر له‌ هێزی سمکۆ ده‌ده‌ن و ده‌بێته‌ جێگای شانازی بۆ ده‌وڵه‌ت و ئازه‌ربایجانیه‌کانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت" (سوئدیهای مقیم ایران ل.١٥٥). بەڵام ‏‏"سمکۆ له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا هێزه‌که‌ی سه‌ریه‌ک خسته‌وه ‌و ده‌ستی کرد به‌ هێرش کردن‌. هێزی ژاندارمری به‌ به‌رپرسایه‌تی ‏سه‌رهه‌نگ لۆمبێری له‌گه‌ڵ هێزی سه‌رداری عه‌شایری قه‌ره‌داغی دژ بە هێزی سمکۆ که‌وتنه‌وه‌ شه‌ڕ و له‌م شه‌ڕه‌دا سه‌رداری ‏عه‌شایری قه‌ره‌داغی کوژراو و هێزی ژاندارمێری به‌ سه‌رپه‌ره‌ستی سه‌رهه‌نگ لۆمبێری و جیگره‌که‌ی سه‌رگورد لاشون تێکشکان و ‏ به‌ره‌و شه‌ره‌فخانه‌ هه‌ڵهاتن. ته‌رمی قه‌ره‌داغیش ڕۆژێک بە ده‌ستی هێزی سمکۆوه‌ بوو. ئینجا هێزی سمکۆ دوای ژاندارمێری ‏که‌وتن و هه‌موو هێزی ژاندارمێریان تێکشکاند. پاش ئه‌م شکسته‌ پارێزگای ئازه‌ربایجان (مخبر السلطنه‌ هدایت) سه‌رهه‌نگ ‏لۆمبێری و لاشونی بۆ ته‌ورێز بانگهێشت کرد". (سوئدیها در ایران ل. ١٥٥). پاش ئەو پێکدادانە لەشکری دەوڵەت خۆی ‏نەگرت و زۆر بە قورسی تێکشکا. پاشماوەی هێزە تێکشکاوەکە بەرەو شەڕەفخانە پاشەکشەی کرد. لە شەرەفخانە، باری خراپی ‏دەروونیی سەربازە تێکشکاوەکان، سەرمای زستان و پێڕانەگەیشتن پێیان تێکەڵ بەو ناکۆکی و ناڕەزایەتییانە بوو کە لە ئەنجامی ‏تێکەڵکرانی هێزەکانی ژاندارمێری و قەزاقدا هاتبووە ئاراوە. بەم جۆرە بناخەی دەسپێکی کۆدەتایەک لەنێو هێزەکانی ژاندارمێریدا ‏دەستی پێ کرد کە ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ١٣٠٠ (٣٠ی ژانویەی ١٩٢٢) بە دەستبەسەرکردنی مەحموودخانی پولادین و ئەفسەرە ‏پاسەوانەکەی، چەخماخەی کۆدەتاکە لێدرا. فەرماندەکانی کۆدەتا لاهووتییان وەک سەرۆکی خۆیان هەڵبژارد و دەستیان ‏بەسەر تەورێزدا گرت. ئەو کات ساڵێک بەسەر سەرکوتی شۆڕشەکەی شێخ محەممەدی خیابانی و کوژرانی ناوبراودا ڕابردبوو و برینی ئەو سەرکوت ‏و کوشتنە بەسەر جەستەی خەڵکی شار و ناوچەکەوە هێشتا گەرم بوو. بۆیەش خەڵک تا ڕادەیەکی باش پێشوازییان لە کۆدەتا و ڕێبەرانی ‏کرد‎. ‎

ئاشکرایە کە کۆدەتاکەی لاهووتی لەژێر کارتێکەریی شۆڕشی سمکۆ و گوشاری هێزەکانی کورد بۆ سەر ئەرتەشی ئێران و دوو جار ‏تێکشکانی ئەو ئەرتەشەدا هاتە ئاراوە. بەڵام لەلایەکی دیکە خەڵکی تەورێز و دەوروبەر هێشتا نەیاندەزانی هەڵوێستی سمکۆ ‏سەبارەت بەو کۆدەتایە چۆن دەبێ و لەژێر پڕوپاگەندەی ئەو چەند ساڵەی دەسەڵاتدا، مەترسیی ئەوەیان هەبوو کە لەو ‏ئاڵۆزییەدا هێرش بکرێتە سەر شارەکەیان و تاڵان بکرێن. لەلایەکی دیکە، بەرەنگاریی توندی هێزەکانی سمکۆ ببوو بە هۆی ئەوە ‏کە حکومەت هێزێکی زۆر لە ئازەربایجان و دەوروبەری مۆڵ بدا و ئەو هێزانە بە خێرایی دژی کۆدەتاچییەکان بەکار بێنێ. دوا ‏جاریش فەرمان بە هێزێکی ژاندارمێری کە لە ئاردەوێڵ جێگیر کرابوو درا هێرش بکاتە سەر کۆدەتاچییەکان. سەرەنجام ڕۆژی ‏‏١٩ی ڕێبەندان (٨ی فێوریەی ١٩٢٢) واتە نۆ ڕۆژ دوای دەسپێکی کۆدەتا، هێرش کرایە سەر تەورێز و پاش تەقە و لێکدانێکی ‏کورتخایەن، شارەکە گیرا و کۆدەتا کۆتایی پێهات. ژمارەیەک لە سەرباز و فەرماندەکانی کۆدەتا کوژران و زۆربەشیان ‏دەستبەسەر کران بەڵام لاهووتی وێڕای ژمارەیەکی دیکە بەرەو جۆڵفا پاشەکشەیان کرد و دوای پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس، ‏پەنایان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت برد. ئیتر لاهووتی لەو سەفەرە نەگەڕایەوە. ماوەیەک لە نەخجەوان و دواتر لە تفلیس و باکۆ ‏مایەوە و پاشان چوو بۆ مۆسکۆ و سەرەنجام سەری لە دووشەنبەی پێتەختی کۆماری تاجیکستان دەرهێنا‎. ‎

ئەوە کە لاهووتی دوای حەوت ساڵ ئاوارەیی و مانەوە لە ئەستەمبووڵ، ڕاست لە جەنگەی پەرەگرتنی شەڕ و پێکدادانەکانی ‏نێوان سمکۆ و هێزەکانی دەوڵەتی ئێراندا گەڕایەوە بۆ ئەم وڵاتە و تەنیا ڕۆژێک دوای گەیشتنیشی بۆ سابڵاغ، شاهیدی هێرشی ‏هێزەکانی سمکۆ بۆ سەر هێزی دەوڵەت دەبێ و لە سەرکەوتنی هێزی کورد و تێکشکانی هێزی دەوڵەتدا ڕۆڵی گرینگ دەگێڕێ، ‏ناکرێ وەک ڕووداوی بە هەڵکەوت سەیر بکرێ. بە تایبەت کە دواتریش دەبینین ئەو ڕەوتی هاوکارییەی لاهووتی بە وەڕێخستن و ڕێبەریکردنی کۆدەتای تەورێز بەردەوام دەبێ. هەموو خاوەنڕایان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ‏هەنگاوەکانی لاهووتی بارودۆخی سمکۆ و شۆڕشەکەی زۆر بەهێز کرد‎.  ‎

‎ ‎محەممەدی تەمەددون کە دژی سمکۆ بووە، نووسیویەتی: «خەڵک کە بەهیوا بوون هێزی دەوڵەتی سمیتقۆ ڕام و بەردەست ‏بکا، کە خەبەری ڕاپەڕینی «لاهووتی» و کوژرانی «خاڵۆ قوربان» و ڕاکردن و بڵاوبوونی چریکەکانی ئەو و هاتنی سەید تەهایان ‏بیست بەجارێکی ناهومێد بوون. لەو لاشەوە کوردەکان بەو زاڵ بوونانە ئازاتر و باو خۆشتر و لەخۆباییتر بوون. ئەمجار سمیتقۆ ‏بێجگە لە بڵاو کردنەوەی ڕۆژنامەی کوردی «کورد» لە ورمێ ڕێکخراوێکی بۆ وەرگرتنی گومرگیش دروست کردبوو، لە هەر ‏شتێکی کە خەڵک لە ورمێڕا دەیانبردە شارەکانی تر (مەراغە، خۆ، تەورێز) گومرگی دەستاند و پەتەی چاپی بە کوردی دەدانێ. ‏کوژرانی خاڵۆ قوربان لە ڕۆژنامەی کوردەکان، کە بە ناوی کورد چاپ کراوە و بڵاو بۆتەوە، بەڵگەی بەنرخی تێدا هەن، ئێمەش ‏لێرەدا بڵاوی دەکەینەوە. (هێمن - پاشەرۆک؛ کارەساتی کوژرانی خاڵۆ قوربان)‏

هەموو نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە سمکۆ ڕاست بۆ هاوکاریی شۆڕشەکەی سمکۆ گەڕابۆوە بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کە کوردبوون ناتوانێ هۆکارێکی پێوەندیی لاهووتی بە شۆڕشەکەی سمکۆوە نەبووبێ ئاستەمە لاهووتی ئەو هاوکاری و فیداکاریانەی تەنیا بە هۆی هەستی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیی ئەنجام دابێ. هەرچەند مانەوە لە نێو کوردەکانی بندەستی ‏عوسمانی لەسەر لاهووتی بێ کاریگەری نەبوو و لە بڵاوکراوە کوردییەکانی ئەو بەشەی کوردستاندا چەندان شێعری بە زمانی کوردی بڵاو ‏کردۆتەوە کە نە پێشتر و نە دواتر شتی ئاوای لێ نەبیندرایەوە، بەڵام ئەو لەباری فکرییەوە کومونیستێکی توند و لەگەڵ ‏ئەوەشدا زۆر ئێرانیخواز بوو. تەنانەت لە یەکێک لەو شێعرە کوردییانەشدا کە لە گۆڤاری ژین‌دا بڵاوی کردۆتەوە، دەستی لەو ‏بانگەشەی ئێرانیخوازییە بەر نەداوە‎:‎

ئیران وەتەنی کوردە و کورد میللەتی ئیران

خەسمی لەگەڵ خاکی وەتەن زیللەت و نەنگە

هەر کەس کە دەڵێ کورد لە ئیران لێ جیا بوو،

یا خائینی کوردانە، وە یا شێت و جەفەنگە

وەک گوترا، لاهووتی کۆمۆنیستێکی توند و پێڕەوی بێ ئەملاوئەولای یەکێتیی سۆڤییەت بوو. باوەڕێک کە تا کۆتایی ژیانی پێی وەفادار مایەوە. دەگوترێ لە ١٩٢٠، واتە ساڵێک ‏بەر لە گەڕانەوەی بۆ ئێران، لە ئیستانبووڵەوە سەردانی باکۆی کردوە و وەک نوێنەری کۆمۆنیستەکانی ئێران لە کۆنفرانسێکی ئەواندا ‏بەشداریی کردوە. لەوێش لە نیزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی سۆڤییەت و کۆمۆنیستەکانی ئازەربایجان ئاشنا بووە. گومان دەکرێ ئامانجی لەو گەڕانەوەیە و هاوکاریی هێزەکەی سمکۆ بۆ شکاندن و لاوازکردنی لەشکری ئێران و دواجار وەڕێخستنی ‏کۆدەتایەکی کومونیستی لە تەورێز، لەژێر ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی بۆلشویکە تازە بە دەسەڵات گەیشتووەکانی سۆڤییەتدا بووبێ. بە ‏تایبەت کە دەبینین دوای شکان و پەنابردنی لاهووتی بۆ سۆڤییەت، لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە زۆر بە گەرمی پێشوازی لێ دەکرێ و لەو دەگمەن ‏ئێرانیانە بووە کە دوای پەنابردنی بۆ ئەو وڵاتە ئاوا بە گەرمی ڕێزی لێ گیراوە.  ‎

ژێدەر‎: ‎

کودتای لاهوتی - کاوە بیات

شەریف فەلاح؛ لاهووتی شاعیری لەبیرکراوی کورد

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ سوێدییانه‌ی دژی سمکۆ شه‌ڕیان کردووه‌ ـ حه‌مید ته‌یموری

لاهوتی و شاعران انقلابی - دکتر شروین وکیلی


بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...