من بێجگە لەوە کە قوتابییەکی سەربزێو بووم و لە چالاکییە هونەرییەکاندا بە ڕەنگ و بۆی کوردانەوە بەشداری و زۆر جاریش سەرپەرەستیم دەکرد، کارێکی ئەوتۆم نەکردبوو. بەڵام ئەوان لێم بە گومان بوون. پێیان وا بوو خوێندکارەکان هان دەدەم، پێیان وا بوو نووسەری درووشمی سەر دیوارەکانم و مانەوەی زیاترمیان بە قازانجی خۆیان و نیزامیان نەدەزانی.
بەبێ ئەو دەرکردنەش، من ئۆگرییەکی ئەوتۆم بە خوێندن نەمابوو. باری سیاسی و خەفەقانی زاڵ بەسەر شاری نەغەدە و دۆخی پڕ لە ستەم و هەڵاواردنی بەڕێوەبەریی هونەرستان و وانە ناتەباکانی کشتوکاڵ لەگەڵ ئۆگریی زۆری من بە شێعر و ئەدەبیات، ڕۆحی خوێندنیان تێدا نەهێشتبووم. لەگەڵ ئەوەشدا بە بیستنی ئەو بڕیارە زاڵمانەیە و بێبەش کرانم لە خوێندن ڕاچڵەکام. وەک گۆزەیەک ئاوی ساردم بەسەردا بکەن، حەپەسا بووم بەڵام بەرگرییەکی ئەوتۆم لە خۆم نەکرد. نە غروورم ڕێگەی دەدا لەبەریان بپاڕێمەوە و نە هومێدێکم بە پاشگەزبوونەوەیان لەو بڕیارە هەبوو. دەمێک بوو هەڵیاندەسووڕاندم و ئازاریان دەدام و پێشبینیی ئەو ڕۆژەم کردبوو.
نەغەدە شاری هاوبەشی کورد و تورکە بەڵام هەموو دەسەڵاتە ئیداری و بەڕێوەبەرییەکانی شار ئێستاش هەر لەدەست تورکەکاندایە. لە قوتابخانەکەی ئێمەشدا هەمان بەزم بوو. تەواوی بەرپرسان و کاربەدەستان، نیزیک بە تەواوی مامۆستاکان و تەنانەت ئاشپەز و سەرایەدار و.. تورک بوون. ئەگەر بە دەگمەن مامۆستایەکی کورد ڕێی لە هونەرستانەکەی ئێمە کردبا، بە هەموو توانای خۆی حەولی دەدا کوردبوونەکەی بشارێتەوە. زۆربەی کاربەدەستەکانی قوتابخانە پاسدار و چەکداری دەسەڵات بوون و ڕابردووی پیس و قرێژیان لە سەرکوتی کورداندا هەبوو. چەندانیان لە کوشتاری گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتاندا بەشدار بوون و دەستیان بە خوێنی خەڵکی بێتاوانی کورد سوور بوو. هی وایان تێدا بوو کە دەگوترا چەند کوردی هەر بە تەور کوشتبوو.
ئێمە زۆربەمان مناڵی لادێ بووین کە لە دێهاتەکانی بۆکان، تیکاب، ساینقەڵا، میاندواو، مەهاباد، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ و نەغەدەوە لەوێ یەکمان گرتبۆوە. قوتابخانە بەشێوەی ٢٤ سەعاتە بەڕێوە دەچوو و ئێمە کە لە شارەکانی دیکەوە هاتبووین، شەوانەش لە خەوتنگەی هونەرستانەکە دەماینەوە و خواردنیشمان لەسەر قوتابخانە بوو. لەڕاستیدا هەژاری و کەمدەرەتانی ڕۆڵی سەرەکیی لە کۆبوونەوەمان لەو شوێنەدا هەبوو. هۆی ئەوەش کە ئەو ڕێژە زۆرەی منداڵی کورد لەو شوێنە وەرگیرابوون، بێ مەیلیی تورکەکان بە خوێندن لەو بوارە و لەو شوێنە بوو. تێبینی و پێشبینیی ئەوانیش درووست بوو و دواجار زۆربەی قوتابییەکانی ئەو هونەرستانە نەیانتوانی بگەنە زانستگا و ئێستا بە کار و کاسبیی دیکەوە خەریکن.
دێهاتەکانی ئەو کاتی کوردستان هێشتا کانگای پێشمەرگە بوون یان لانیکەم ئاسەواری سەردەمی دوای ئینقلاب و دەسەڵاتی حیزب و پێشمەرگە لەسەر بیر و زەینماندا مابوو. ئێمە وەچەیەک بووین کە چاو و گوێمان بە پێشمەرگە و شەڕ و شەهید و بەرخۆدان و سروودە نیشتمانییەکان کرابۆوە. لەنێوماندا تەنانەت ئەو منداڵانەش هەبوون کە باوک یان کەسوکاریان بەدەست بەرپرسان و کاربەدەستە چەکدارەکانی هەمان ئەو قوتابخانەیە شەهید کرابوون. شاری نەغەدەش هێشتا ئاسەواری شەڕی تورک و کوردی بەسەرەوە مابوو. ئەمانەش ڕۆحی بەرخودان و تەسلیم نەبوونی لە ئێمەدا پتەو کردبوو. کاربەدەستانی قوتابخانە ئەوانەیان لە ئێمە باشتر دەزانی. ڕووداوەکان ئەگەر کاریگەرییان لەسەر بیر و زەینی ئێمە دانابوو، ئەوان بۆخۆیان بکەر و تاوانبار بوون. بۆیەش زۆر بە چڕی چاویان لە سەرمان بوو و دۆخێکی پۆلیسی و ئەمنییەتییان بەسەر قوتابخانەدا خوڵقاندبوو. لە هەر ڕێگایەک هەوڵیان دەدا دزە بکەنە ناومان و جاسووس و سیخوڕمان لەسەر ساز بکەن بەڵام بە دەگمەن وا هەبوو کەسێکیان بۆ ڕازی بکرێ. خۆ ئەگەر کەسێکیش لە ئێمە گومانی تەسلیم بە داوای ئەوانی لەسەر با، ئەوە بەتێکڕا دەنگمان لێ دەگۆڕی، بە یەکجاری بایکۆتمان دەکرد و لە خۆمان هەڵداوارد. بانگەشە و تەبلیغاتەکانیان زەڕڕەیەک کاری لێمان نەدەکرد. خۆمان لە بەشداری لە نوێژ و تاعەتە زۆرەملێکانیان دەشاردەوە. ئەگەر جارێک لە جارانیش ناچار بە نوێژکردنیان کردباین، فشەمان پێی دەهات و بە گاڵتە تێماندەپەڕاند. ئەگەر لە جێگایەک ڕێگایان بە خوێندنەوەی سروود یان شێعر و هەر جۆرە جموجۆڵێکی هونەری دابا، ئەوە هەوڵمان دەدا فێڵیان لێ بکەین و کوردایەتیی خۆمانی تێدا بنوێنین. بۆ وێنە سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی" و سروودەکانی نەجمە و ناسرمان لەجێی سروودە حکوومەتییەکان دەخوێند و هەمیشە هەوڵمان دەدا بە کەواوپاتۆڵ و جلی کوردییەوە دەربکەوین. لە کۆتاییدا ئەوانیش لێمان لە فێڵ کەوتن و بڕیاریان دا کە لەکاتی سروود خوێندنەوەدا دەبێ وێنەی خومەینی و خامنەیی بە دەستەوە بگرین. دوای ئەو بڕیارە، منیش قوونەدزەم لێ کرد و وازم لە سروود خوێندن و کەلک وەرگرتن لەو دەرفەتانە هێنا.
هەڵسوکەوتی بەرپرسان ئەو کاتە خراپتر بوو کە بەیانییەک چاومان بەو هەموو درووشمە کردەوە کە لەسەر دار و دیواری قوتابخانەکە نووسرابوو. شەوی دووی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بوو و دیوارەکان بە درووشمگەلی وەک "پیرۆز بێ ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان" و "بڕووخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی" و.. ڕازابوونەوە. ئەگەرچی دەبوو هەستی خۆمان لە حاند ئەو چالاکییە بشارینەوە بەڵام زۆربەمان لە دڵدا ئەو بەزمەمان پێ خۆش و بە نیشانەی مان و سەرکەوتنمان دەزانی. لە بەرامبەردا قوتابخانە بەو ڕووداوە شڵەژا و بەرپرسان تووڕە و هارووژابوون. هەر زوو پاچ و پێمەڕە و کیسەیەک گەچیان دایە دەست دوو لە کوڕەکان کە شارەزاییان لە قوڕەکاریدا هەبوو، تا بەخێرایی درووشمەکان لەسەر دیوارەکان پاک بکەنەوە. ئەوانیش ڕەنگە بە ئانقەست، حاستی نووسراوەکانیان دەکڕاند و جێگاکەیان بە گێچی تازە پڕ دەکردەوە. بەجۆرێک کە هێشتا درووشمەکان بە ڕوونی دیار و دەخوێندرانەوە. من نە دەستم لەو نووسینانەدا هەبوو و نە دەشمزانی کێ نووسیونی بەڵام لەبەر سەربزێویی زۆر و سەروکارم لەگەڵ کتێب و نووسینی کوردی و کوردیپۆشیی بەردەوام، ڕەنگە لە یەکەم کەسەکان بووم کە گومانم کەوتە سەر. چەند جار بۆ لێکۆڵینەوە بانگ کرام و زۆریان هەڵسووڕاندم بەڵام نە چم لە خۆمدا شک دەبرد و نە هیچم دەزانی. لێ ئەوان دەبوو کەس یان کەسانێک لە ئێمە وەک بکەر بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەستنیشان بکەن و نەیاندەتوانی ئەو سەرکێشییە قەبووڵ بکەن. هەر ئەوەش بوو کە لەڕێی گوشار و بوغزاندن و بیانوو پێ گرتن و دەرکردن یەکە بە یەکە هەموو ئەو کەسانەیان لە خوێندن بێبەش کرد کە بە جۆرێک گومانیان لێیان هەبوو.
کە لە قوتابخانە دەرکرام، تەمەنم گەیشتبووە ١٨ و لەژێر ئەو هەموو زوڵم و ستەم و هەڵاواردنەدا، دەمێک بوو بڕیارم دابوو ببم بە پێشمەرگە. ئەوە بوو کە لە بەهاری ساڵی داهاتوودا گەیشتمە باشووری کوردستان و لە ڕیزی پێشمەرگەدا خۆم دۆزییەوە. یەکەم شوێنیش کە چووم، بنکەی هێزی گیاڕەنگ و کۆمیتەی شارستانی سەردەشت بوو کە لەوێ حوسێن محەممەدزادەم دیتەوە. حوسێن لە قوتابخانەیەکی دیکە دەیخوێند بەڵام شەوانە لە قوتابخانەکەی ئێمە دەمایەوە. نازانم چۆن زانیم کە بەر لە من بووە بە پێشمەرگە. ماوەیەک دواتر بیستمەوە تاهیر بوداغیش کە بە بنەماڵە کۆمەڵە بوون، هاتووە و چوەتە ناو کۆمەڵە. هەروەها چەند ساڵ دواتر عەلی دلسووز کە خەڵکی زێوکەی پیرانشار و لە دەبیرستانەکەی حوسێن دەیخوێند، بوو بە پێشمەرگەی حیزب.
ئەمساڵ، ٣٤ ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا تێدەپەڕێ کە من قوتابخانە و کۆڕی دۆستانم بەجێ هێشت. گەرچی نەپەرژام ماڵاواییان لێ بکەم و لەو نیزیک بە یەکساڵەشدا کە مامەوە نەمتوانی سەردانیان بکەم بەڵام لە پێشمەرگایەتی سەردانی ئاوایی هەر کامیانم کردبا، پرسیاری ماڵیانم دەکرد. ئەگەر نەشمتوانیبا بیانبینم، نامەیەکم بۆ دەنووسین. لە دەرەوەی وڵات و لە سایەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، لەو ماوەیەدا توانیبووم پێوەندی لەگەڵ چەند کەسیان بگرم بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا لەلایەن یەکێک لەو دۆستانەوە لینکی کاناڵێکی تێلگرامییان بۆ ناردم کە بۆ لە دەوری یەک کۆبوونەوەی قوتابیانی ئەو قوتابخانەیە و دۆزینەوەی هاوڕێیانی ئەو سەردەم داندرابوو. کە سەردانم کرد، زۆربەیان وێنەی ئەو کات و ئێستایان دانابوو. هەموویان گۆڕابوون. هێندێکیان زیاتر و بەشێکیان کەمتر بەڵام سەرجەممان پیر بووین، کار و کوێرەوەریی ژیان ماندووی کردووین، مناڵ دەورەیان داوین، بەشێکیان تەنانەت نەوەشیان هەیە.
فەردین محەممەدشاهی کە ئێستا لۆریی باری پێیە، قەڵەو بووە بەڵام هەروا بەخۆی ڕادەگا و پیریی لەخۆی دوور کردۆتەوە. مووی سەری ڕەنگ دەکا و بەپێچەوانەی ئەوکات، سمێڵیشی پاک دەتاشێ. لە قسەکردندا هەر وەک خۆیەتی. ئەو ئێوارە درەنگانەی وەبیر هێنامەوە کە بە دۆڵی کویلاباددا بە یەکەوە چووین بۆ ڕەحیمخان. بۆ سبەی تاهیر بداغیش لەگەڵ حامید عەرەبی و کەبیر شێخ تۆفیق و مستەفا حاجی ئیسماعیلزادە کە هەموویان خەڵکی ڕەحیمخانن، هات و دوو شەوی زۆر خۆشمان لەگەڵ ئەوان تێپەڕ کرد.
مۆحسین شەریفی کە فەردین ئێستاش بە "مەحسین" بانگی دەکا، گڕووپەکەی ڕێک خستووە، لە هەمووان جوانتر و جەوانتر ماوەتەوە. خەڵکی خاتوونباغی ناوچەی محاڵی مەهابادە. لە زمان دایکیەوە چەند جار وەبیری هێنامەوە کە شەوێک بە پێشمەرگایەتی میوانیان بووم. دایکی لوتف و ڕێزی زۆر دەنوێنێ بەڵام من ئەو سەردانەم زۆر بە دەقیقی لەبیر نییە.
محەممەد نیعمەتیم بە دەموچاوە خاڵخاڵییەکەی لەبیرە. منداڵی گوندی خەتایی لە ناوچەی چۆمی مەجیدخانە. جارێک بە پێشمەرگایەتی چوومە خەتایی و سەردانی ماڵی ئەوانیشم کرد. خۆی لەماڵ نەبوو بەڵام بە خوشکەکانیدا نامەیەکی دۆستانەم بۆ نارد. محەممەد ئێستا لە مەهاباد بونگای کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەی هەیە. قەڵەو بووە بەڵام زۆر نەگۆڕاوە.
حەمەدەمینی دوودکانلووی میلان پیریی زیاتر پێوە دیارە. مووی سەری ڕووتاوەتەوە و سمێڵێکی ئەستووری داناوە. ئەگەرچی لەدایکبووی کۆسەکەرێزی نێوان مەهاباد و نەغەدەیە بەڵام لە بنەڕەتدا لە هۆزی دوودکانلوویە و ئێستاش بە قەڵافەت هەر چۆتەوە سەر ڕەگەزی کوردانی هەرێمی ماکۆ و سەڵماس. بەداخەوە کچێکی جوانەمەرگ بووە و ئەوە هۆکاری زیاتری پیربوونەکەیەتی. لە قسەکردندا بڕێک بەپەلەتر بووە بەڵام هەروا گەرم و بەڕێزە.
ڕەحمان کە ئامۆزای حەمەدەمینە، وەک ئەو سەری ڕووتاوەتەوە. هەروا کەم قسە و بەڕێزە. لە لای تاران لە کارخانەیەک خەریکی کارە و کەمتر دەتوانێ بێتە سەر خەت.
حوسێن کەریمی خەڵکی هەباساوای بۆکان و وەک دەڵێ ئێستا نیشتەجێی داشبەندە. سەری بەتەواوی سپی بووە و وەک پیاوانی قەدیمی لای خۆمان سمێڵێکی ئانکاردی داناوە. چەند وێنەی بە ڕانکوچۆغەوە دانا کە سیمای پیاوێکی گەڕاوە و کەیخودای گرتووە. کەیخودایانە دەدوێ و وەک پیاوی سوڵح و ئاشتی، مەجلیسیانە قسە دەکا. لە قسەکردندا هەروا بەڕێز و قسە نەقاڵە. ئێستا خەریکی کشتوکاڵە و بە بەریەوە سەودای تراکتۆر و ئاسنەواڵەش دەکا.
حامید عەرەبی کەم پەیدایە. پیریی پێوە دیارە و عەینەکە ئەستوورەکەی پیرتری کردووە. تا ئێستا بە دەگمەن دەرکەوتووە.
حامیدی حەمە بەگی سەری ڕووتاوەتەوە و ئەگەرچی جارێکی چاندۆتەوە، بەڵام چی پێوە دیار نییە. ئەویش وەک حامید عەرەبی هەروا عەینەکییە. لە قسەکردندا هەروا وڕێنەی هەیە و جاروبار بێ سەرەوبەرە قسە دەکا بەڵام سادە و پاک و بێ فێڵ دەدوێ. چەند وێنەی ئەو سەردەمی بۆ ناردمەوە کە زۆرم پێ خۆش بوو. باسی ئەوەشی کرد کە پێشتر هیوای برام چووەتە لای و کۆپی لە وێنەکان هەڵگرتووە. حامید لە بۆکان بونگادارە.
برایمی سولەیمان جەهان وەک حامید حەمە بەگی خەڵکی تیکانتەپەی فەیزوڵڵابەگیی بۆکانە. زۆر زیاتر لە تەمەنی خۆی پیر بووە. مووی سەری بە تەواوی ڕووتاوەتەوە و ڕدێنی مووی ڕەشی تێدا نەماوە. وەک ڕەحمانی دوودکانلوو لە تاران کار دەکا و وا دیارە هەردوویان ناپەرژێن زۆر بێنە سەر خەت و قسە بکەن.
عەلی بابەکری لە ئێمە منداڵتر بوو بەڵام بەردەوام هەوڵی دەدا زیاتر لێمان نیزیک بێتەوە و دۆستایەتیمان بکا. ئێستاش هەروا لوتفی زۆری بۆم هەیە. ئەو سروودانەی وەبیر هێنامەوە کە ئەو سەردەم وەک گڕووپی سروود دەمانخوێند. دەیگوت دواتر بیرم لەوە دەکردەوە کە ئێمە بە خوێندنەوەی ئەو شێعرە نیشتمانیانە چاوەڕوان بووین جایزەشمان بدەنێ! عەلی ئێستا دەفتەری تاپۆی هەیە.
عوسمان مەحموود زادە جوان ماوە. زۆرتر هەر بە شایی و داوەتانەوەیە. ئەو شێعرانەی لەبیر مابوون کە کاتی خۆی بۆم دەخوێندنەوە. داوای شێعرێکی خۆمی لێ کردم و منیش شێعری تەونم بۆ خوێندنەوە. عوسمان لە دەگمەن قوتابییەکان بوو کە دوای چەند ساڵ زەحمەت توانی بچێتە زانکۆ و لە زانستگای تەورێز خوێندی. ئێستا مامۆستای دەبیرستانە و هاوکات پارێزەریشی خوێندووە.
حەسەن عەبدوڵا نەژاد کە ئەو کات زیاتر لەگەڵ عوسمان مەحموودزادە دەبوو، گۆیا لە سەردەشت مامۆستای قوتابخانەیە. جوان و جەوان ماوە و لوتفی زۆری بۆم هەیە. حەسەن گێڕایەوە کە زۆر زوو بۆ زانکۆ قەبووڵ بوو و لەگەڵ کوڕێکی تورک کە ئەویش قەبووڵ ببوو، بانگیان کردە دەفتەری دەبیرستان. قەدر و ڕێزێکی زۆری کوڕە تورکەکەیان گرت بەڵام بە منیان ڕاگەیاند کە حەتمەن هەڵەیەک کراوە دەنا تۆ قەبووڵ نابی. پاشان بۆ ئەوەی پێشی چوونە زانکۆم بگرن، نمرەی دەرسی پراتیکیان لێ هێنامە خوارێ و کردیان بە ٨!
ئەیوب ئالانی ڕدێنی زۆر سپی بووە. کوڕی باشە و لوتفی زۆرە. لە قسەکردندا زۆر فارس زەدەیە. لە وێنە و ڤیدیۆیانەی دایدەنێ، دیارە کە بنەماڵەیەکی کراوەی هەیە. خەریکی سازکردن و فرۆشتنی خانووبەرەیە.
ڕەسووڵ هیندوو خەڵکی ئیندرقاشە. لەگەڵ ئەمیری هیندوو دوو برای ئاوەڵدوانە و زۆر بە ئەدەب و ڕێکوپێک بوون کە دواتر هاتنە دەبیرستان. باس لەوە کرا کە بەداخەوە ئەمیر کۆچی دوایی کردووە و ئەوە ئەمیری تەواو تێکشکاندووە. کرانەوەی ئەو گڕووپە ڕەسووڵی هەم خۆشحاڵ کردووە و هەمیش بیرەوەرییەکانی ئەمیر ئازاری دەدا.
لوقمان سەلیمی خەڵکی قەڵاتەڕەشی پیرانشارە. کوڕێکی سوور و سپیی جوانکیلە بوو. لە من منداڵترە و دواتر هات بەڵام لە وێنەکەیدا زۆر پیر و تێکچڕژاوە. بەڕێز و خاوەن هەست دەردەکەوێ. ئێستا مامۆستای قوتابخانەیە.
حەسەن غەفووری خەڵکی بۆکانە و لە باسکۆڵ خەریکی کڕین و فرۆشی گەنمە. وەک ئەو کات کورت و پڕ لە خۆشەویستی قسە دەکا. کەمتر دێ بەڵام ئەگەر هات بە گەرموگوڕی دێ.
عەلی ئامانی خەڵکی حەمامیانە. وەک ئەو کات بەڕێز و پیاوی مەجلیسە. زۆر شتی وردی ئەو سەردەمی لەبیر ماوە.
مستەفا خەلیلی خەڵکی گەرگوول و دانیشتووی نەغەدەیە. وا دیارە زیاتر خەریکی شاخەوانی و گەڕانە. جوان ماوە و هەروا ئۆگری موزیک و گۆرانییە.
سەلاح ئیسماعیلی کە خەڵکی دایماو بوو، بڕێک بە لالووت دەرکەوت. ڕەنگە ڕقی ئەو کاتی لە دڵدا مابێ کە بە بوونی من و تاهیر بداغی زۆر دەرفەتی دەرکەوتن لە گڕووپی سروودیدا نەبوو. قەرارە کچێکی بەم زووانە شوو بکا و لە کوڕەکانی گێڕاوەتەوە بەشدار بن تا بتوانن یەکتر ببیننەوە.
ئەسعەد محەممەدزادە خەڵکی دەلیکداشی ناوچەی شاماتە و لە مەهابادیش جیران بووین. لەبیرمە لە خانوویەکی نیوەسازدا لەگەڵ خوشکەکەی دەژیان. قژە سوورەکەی ڕووتاوەتەوە بەڵام جوان ماوە.
ئەنوەر مێهرفام خەڵکی دەڵاوانی پیرانشارە. بەردەوام بە کەواوپاتۆڵی مرادخانییەوە وێنە دەنێرێ. کەم قسە دەکا و کە قسەش دەکا هەموو جارێ نیوەی بە چاکوخۆشییەوە تێپەڕ دەکا.
فەرەیدوون پیشدار ئامۆزای ئەنوەرە. ئێستا لە ئاڵمانە و من پێشتر جارێک لە نۆروێژ، لە جێژنێکدا تووشی بووم. وەک دەڵێ زۆر پڕ کارە و کەمتر قسە دەکا.
سولەیمان پادیر خەڵکی ساینقەڵا بوو کە ئێستا نیشتەجێی بۆکانە و دووکانی گۆرەوی فرۆشی داناوە
وەلی ئەنواری لەگەڵ ئەحمەد ئەحمەدی خەڵکی تیکابی هەوشار بوون. هەبوونی کوردی ئەو دوورە دەستە بۆمان سەرنج ڕاکێش بوون. ئەحمەد زیت و وریاتر بوو بەڵام وەلی کەمدوێ و گۆشەگیر بوو. زۆر جار سەرمان بەسەریدا دەکرد، دەیگوت نازانم شیعەم یان سوننیم. تەنانەت کورد و تورکەکەشی زۆر ڕوون نەبوو بەڵام ئێستا کە دەیبینمەوە، وەلی لە هەمووان کوردترە. دەنگیم نەبیستووەتەوە بەڵام بە کوردییەکی جوان، پەتی و ڕەوان دەنووسێ. زۆر جار کوڕەکانی دیکە لەسەر فارسی نووسی سەرکۆنە دەکا و وشیاریان دەکاتەوە. وەلی توانی بچێتە زانکۆ و وەک خۆی دەڵێ ئەوە ٢٦ ساڵە بەرپرسی بەشی ئاژەڵداریی ئیدارەی کشتوکاڵی تیکابە.