ڕۆژی ١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٤ بەرابەر بە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣ وەک بەڵێن درابوو کتێبی "ئەنگوستی پاکی محەممەد" کە خوێندنەوەی شێعرەکانی سوارە ئیلخانیزادە و پێوەندییان لەگەڵ خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە لەلایەن وەشانخانەی "٤٩ کتێب" لە دەرەوەی وڵات چاپ و بڵاو کرایەوە و ئێستا بەردستە. هەڵبەت لەگەڵ ئەودا "کەشکۆڵێکی پێشمەرگانە"شم چاپ کرد کە بیرەوەرییەکی ڕۆژانی پێشمەرگایەتی و چەند شێعری ئەو سەردەمی خۆمی لەخۆ گرتووە. هەردووی ئەوانە پێوەندییان بە دوو بڕگەی جیاواز لە مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتەوە هەیە و لەبەر ئەوەش بۆم گرینگ بوو کە لە ٢٥ی گەلاوێژدا بڵاو ببنەوە. وەک هەر نووسەرێک پێم خۆشە نووسینەکانم بخوێندرێنەوە و خوێنەر پێشوازییان لێ بکا. لەوەش زیاتر بۆم گرینگە کە کاردانەوەیان لەنێو خەڵک بەتایبەت خاوەنڕایاندا ببینمەوە بەڵام ئەوە هیچ پێوەندی بە باری مادی و ماڵی دنیاوە نییە. بۆ ئەو یەکەمین چاپە، ژمارەیەک نووسخەی کتێبەکانم بۆخۆم کڕیوەتەوە تا بە دیاری پێشکەش بە دۆستانی دەوروبەرمی بکەم بەڵام ئەگەر کەوتنە چاپی تازە، ئەوە هیوادارم و لەگەڵ وەشانخانەی ٤٩ کتێبیش پێکهاتووم کە لە داهاتی ئەوانە و کۆمەڵێک کتێبی دیکەش کە کاری کەمیان بۆ چاپ ماوە، بتوانین یارمەتیی ئەو نووسەرانە بدەین کە بە تایبەت لە ناوخۆی وڵات دەرەتانی چاپی بەرهەمەکانیان نییە.
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
سپاس و ئەمەگناسییەکی درەنگوەخت
تاهیر قاسمی
کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" لەژێر چاپدایە و لە ڕۆژانی داهاتوو و لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژدا
دەگاتە دەست خوێنەران. بەڵام پێش ئەوەی کتێبەکە بڵاو بێتەوە، پێویستە قەرزێکی کۆن بدەمەوە و سپاس لە نووسەر و مامۆستایەک بکەم کە زۆرم کەلک لە بەرهەمێکی ئەو وەرگرت؛
دوو ساڵ لەوەپێش، لە ڕێی وەستای هاوڕێمەوە، کتێبی "کاریگەریی بیری چەپ لەسەر بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان"م بە دەست گەیشت و بە تامەزرۆییەوە خوێندمەوە. تامەزرۆییم پتر لەبەر ئەوە بوو کە ئەگەرچی
لە سەرەتای پێشمەرگایەتیمەوە لە خزمەت کاک سمایلی بازیاردا بووم و لە کۆبوونەوە حیزبییەکان یان لە سمینارە گشتییەکاندا، گەلێک جار ڕاستەوخۆ یان لە ڕێی مێدیاکانەوە چێژم لە وتە و وتارەکانی وەرگرتووە بەڵام کەمتر بابەتم لێ خوێندبۆوە. خوێندنەوەی "کاریگەریی بیری چەپ.." بارتەقای ئەو چاوەڕوانییە بوو و نیشانی دام کە تامەزرۆییم بەخۆڕایی نەبوو. دوکتور زەحمەتی زۆری بۆ نووسینی کتێبەکە کێشاوە، سەرچاوەی یەکجار زۆری پشکنیوە، زانستیانە ڕووداوەکانی شی کردۆتەوە، گەلێک کەلێن و قوژبنی نادیار یان نیوەدیاری مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتی تێدا خستووەتە ڕوو و وڵامی بە زۆر پرسیاری ناڕوون داوەتەوە.
بەڵام نرخی ڕاستەقینەی کتێبی "کاریگەریی بیری چەپ.." بۆ من ئەو کاتە زیاتر خۆی نواند کە بۆ "خوێندنەوەی شێعری سوارە لەژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا" دەبوو کورتە مێژوویەک سەبارەت بە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە دەیەی چلی هەتاوی، دەیەی سەرهەڵدان و گەشەی هاوکات و هاوتەریبی خەباتی پێشمەرگانەی حیزبی دێموکرات و شێعری سوارە بنووسمەوە. بۆ ئەو کارە لاپەڕی زۆر کتێبانم هەڵدانەوە و بیرەوەریی گەلێک نووسەر و تێکۆشەری ئەو سەردەمم خوێندنەوە بەڵام هیچیان هیندەی کتێبەکەی دوکتور سمایلی بازیار گشتگیر و ورد بە فریای کارەکەی من نەهاتن.
دوو ساڵ لەوەپێش، دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی "کاریگەریی بیری چەپ لەسەر بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" زۆر کەس بە حەق لەسەریان نووسی و بە باشی نرخاندیان بەڵام من بە چەند هۆ نەمتوانی بنووسم و لە بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە خۆم بوارد؛
یەکەم؛ پێم وا بوو لەو فەزایەدا هەرچی بنووسم دەکەوێتە خانەی لاساییەوە
دووهەم؛ پێم وا بوو نەفسی خوێندنەوەی کتێبی کەسێکی ئازیز، بیانوویەکی باش و جێ متمانەی خەڵک نییە بۆ ڕانان و نرخاندنی
سێهەم: پێم وا بوو هەرچی بنووسم، دەرحەقی ئەو لێکۆڵینەوە بەبایخە نابێ. وەک چۆن ئەم چەند دێڕەش بە هیچ جۆر بارتەقای ئەو کتێبە بەنرخە نییە بەڵام بیانوویەکە بۆ دەستخۆشی و ماندوونەبوونییەک کە دەبوو پێشتر لە نووسەر و مامۆستای بەڕێزمی بکەم.
لێرەوە سەبارەت بەو کارە بەپێزە و بەو کەلکە زۆرەی کە بۆ نووسینی ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" لەو بەرهەمە بە نرخەم وەرگرت، سپاس و پێزانینی خۆم بۆ نووسەری کتێبی "کاریگەریی بیری چەپ لەسەر بزافی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان - حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک نموونە" دەردەبڕم و ساغی و سڵامەتی بۆ دوکتور بازیاری ئازیز دەخوازم.
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
ناساندنی کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" لە ستوونی بەر لە ماڵاوایی ڕۆژنامەی کوردستاندا
"ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"؛
دیارییەک بۆ جێژنی حەفتا و نۆ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان
لەبەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژ، حەفتا و نۆهەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" چاپ و بڵاو کرایەوە. کتێبەکە وەک لە پێناسەیدا هاتووە؛ خوێندنەوەی شێعرەکانی شاعیری ناسراو و بە ناو و دەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سوارەی ئیلخانیزادە لەژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە لەلایەن نووسەر و هاوکاری "کوردستان" تاهیر قاسمی نووسراوە و خاتوو شەهلا دەباغی، ژنەچالاکی دیاری نێو خەباتی سیاسی و ئەدەبیی کوردی ڕۆژهەڵات پێیدا چۆتەوە و وەشانخانەی "٤٩ کتێب" چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.
سوارە ئیلخانیزادە ئەگەرچی لە بواری نووسینی چیڕۆک و بابەتی ئەدەبیشدا گەلێک بەرهەمی بەنرخی لێ بەجێ ماوە بەڵام ئەو زیاتر وەک شاعیر و یەک لە بناخەدانەرانی شێعری نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە. لەگەڵ ئەوەدا کە ژمارەی شێعرەکانی زۆر نین بەڵام "خەوە بەردینە" وەک دیوانی شێعرەکانی کەلێنێکی گرینگی لە مێژووی شێعری کوردی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پڕ کردۆتەوە. ئەو شێعرانەی کە بەبڕوای نووسەری "ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" نیزیک بە تەواویان لەژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا نووسراون و تریفەی تێکۆشانی ئەم حیزبە تا ساڵانی کۆتایی تەمەنی شاعیریش هەروا دەفتەری شێعری ئەویان ڕووناک کردۆتەوە.
پڕانیی شێعرەکانی سوارە بە هۆی بارودۆخی پۆلیسیی سەردەم و دوای ئەوەی شاعیر لە زیندانی حەمەڕەزا شا ڕزگار بوو، لەسەر ڕێبازی ئەدەبیی سەمبۆلیک و بەو پێیەش لە ڕەمز و ڕازدا نووسران. ئەوەش وای کرد کە هەتا ئەم دواییانەش هەموو پەیامەکانی شێعری سوارە بۆ وەچەکانی دوای خۆی بەتەواوی ڕوون و ئاشکرا نەبن. لێکۆڵەر لە ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەددا، هەوڵی داوە بە ناساندنی سەمبۆلەکان و شکاندنی کۆدی وشەکان مەبەست و هەڵوێستی شاعیر لە ساڵ و سەردەمە جیاوازەکاندا بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوە و لەم ڕێگایەوە خوێنەری کورد لەگەڵ بیر و هەڵوێستەکانی سوارە ئاشنا بکا.
ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد بە پێشەکییەک لەلایەن نووسەرەوە دەست پێ دەکا کە تێیدا باس لە سەرەتای ئاشنایی خۆی لەگەڵ شێعری سوارە و هۆکار و مەبەستەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە و چۆنییەتیی دەسپێک و بە ئاکام گەیشتنی کراوە. پاشان کورتە مێژوویەکی سەبارەت بە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە دەیەی چلی هەتاوی (شەستی زایینی) لەخۆ گرتووە کە زۆربەی هەرە زۆری شێعرەکانی سوارەش هەر لەو دەیەیەدا و لەژێر تیشکی تێکۆشانی ئەو سەردەمی حیزبی دێموکراتدا نووسراون. لەم بەشەدا نووسەر باسی لە تێکۆشان و جموجۆڵە سیاسی و ئەدەبییەکان لە هەردوو بەری دیوی گەرمێن و هەروەها لە زانستگای تاراندا کردووە کە سەنگەرێکی دیکەی خەباتی کوردایەتی و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بوو. بە دوای ئەوانەدا نووسەر باسی لە جیهانبینیی سوارە و ڕوانگەی ئەو بۆ کوردایەتی بە گەڕانەوە بۆ نێوەرۆکی بەرهەمەکانی کردووە و لەم بەشەدا بەتایبەتی لە شێعری "بیرەوەریی دووی ڕێبەندان" دواوە. پاشان یەک بە یەک شێعرە بەناوبانگەکانی سوارەی بەپێی مێژوو و بۆنەی نووسینیان هەر لە شێعری "بانگەوازی پەنجەرە" تا "خێڵی درۆ" و سەرەنجام "خەوە بەردینە" و "تۆ دەریامی" لێکداوەتەوە و بە سەرنجدان بە نێوەرۆک و پەیامی ئەو شێعرانە، ڕوونی کردۆتەوە کە هەر کامیان پێوەندی بە کێها ڕووداوی سیاسی و کام تێکۆشان و جموجۆڵی حیزبەوە هەیە. هاوکات لە ڕێگای ئەم شێعرانەوە پێوەندیی نێوان ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لەگەڵ خوێندکارە کوردەکانی زانستگای تاران کە سوارەش یەک لەوان بوو، شی کردۆتەوە.
هەڵبژاردنی ناوی "ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" وەک ناوی کتێبەکە، لە دێڕێک شێعری بەناوبانگی "خەوە بەردینە" وەرگیراوە کە بە بەرزترین شێعری سوارە هەژمار دەکرێ. نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکە و لە لێکدانەوەی شێعری خەوە بەردینەشدا ڕوونی کردۆتەوە کە خەوە بەردینە حەماسەی دامەزران و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و ڕستەی هەڵبژێردراو بۆ ناوی کتێبەکەش ئاماژە بە دەور و ڕۆڵی پێغەمبەرانەی پێشەوا قازی محەممەد لە دامەزران و دانانی ڕێوشوێنی خەباتی ئەو حیزبە و ڕەوتی تێکۆشانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکا. -----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
وتووێژ لەگەڵ کوردکاناڵ سەبارەت بە چاپی کتێبی ئەنگوستی پاکی محەممەد
VIDEO
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
بەختەوەرن ئەوانی
«ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد» دەخوێننەوە!
ڕەند زارعی - ٢٤ی مای ٢٠٢٤
هاوڕێ و دۆستی زانا و بەتوانام کاک تاهیر قاسمی کە زیادم نەگوتووە ئەگەر بڵێم هەمیشە وەک مامۆستایەک لێیەوە فێربووم، بەمزووانە و بە هاوکاری ناوەندی «چلونۆ کتێب» کە لەوێش ئەگەر میوانێکی ڕەزاگرانیش بووبم، هەمیشە وەک خانەخوێیەک ڕێ پێدراو بووم، کتێبی «ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد» چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
شانازی و بەختەوەری لەوە گەورەتر کە پێش چاپبوون، بەرهەمەکەم کەوتە بەردەست و دنیایەکی لێوە فێربووم. هەروەک لە ناوی کتێبەکەوە
دەردەکەوێ، ئەم بەرهەمە دەیهەوێ پەردە لە تێڕوانینی سیاسیی شاعری هەڵکەوتەی کورد، «سوارە ئیلخانی زادە» (1937 - 1976) بداتەوە. کەچی کاک تاهیر، کە دڵنیام بۆخۆشی ئاگادارە، بەحرێک لە زانیاری و وردەکاری دیکەش دەخاتە بەردەست.
سوارەی شاعری کەم لێ کەڵ ژیا، جگە لەوەی کە لە باری زمانی و جوانی و وردەکاری ئەدەبییەوە تا دەهات بەرزەفڕتر دەبوو، هەڵگری ڕێچکە و باوەڕ و تێڕوانینێکی ئەوپەڕئینسان، ئازادیخواز و نیشتیماندۆستی بوو کە لە سەردەمی خۆیدا ئەگەر تاقانە نەبووبێ، یەک لەو دەگمەن ڕۆڵانە بووە کە دایکی نیشتیمان لەگەڵ هەر هەوڵێکی سوارە گەزگەز باڵای پێ کردووە. مخابن بەشێکی زۆر لە ژیان و تێڕوانینی سوارە بۆ زۆربەمان شاراوە بوون و بە خۆشییەوە بە هەوڵ و هیممەتی کەسانی وەک نووسەری ئەم شاکارە بەشێک لەو تەمەمان بۆ دەڕەوێننەوە.
بەڵام کارەکەی کاک تاهیر هەر بەوەندەش ڕانەوەستاوە و لۆیەک لە لێفەی سەر بەشێک لە مێژووی نادیار و کپکراوی ساڵەکانی پێش بزووتنەوەی 46-47 و دۆخی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت وردەکارییەکانی ئەو دۆخەش هەڵدەداتەوە کە سوارە یان بەشێک بوو و بە شاباڵی پڕ لە شانازییەوە بەرەو لوتکە بەرزی دەکرد، یان لە نسکۆیدا تا سەر ئێسکان ژان پێوە دەچێشت.
هەموو ئەوانە لەولای ڕاوەستێ، هەمووان دەزانن کە -شێعری سوارە هەتا بیخوێنییەوە کەمە، هەتا لێی وردبییەوە لێی فێر دەبی و چێژی لێ وەردەگری -، شێعری سوارە قوڵن و زەرافەتی هێندە زەریفیان تێدایە کە تەلسیم و سیڕی خۆیان تێدایە. کاک تاهیر لەم بەرهەمەدا بەشێکی زۆر لەو تەلیسمانە بە شێوەیەکی سادە و جوان دەکاتەوە کە جیا لە فێربوون لە باری زمانەوانییەوە، تەنانەت لە باری جوانیناسی زمانیشەوە کایە بە ڕۆحی خوێنەر دەکەن.
ئەم بەرهەمە شاکارە. کاری کەسێکی کاردانە. کارزانی نووسەر لە هەموو بوارێکەوە لەم بەرهەمەدا وەستایانە وەستاوە. هیوادارم کاک تاهیر هەروا ڕاوەستاو بێ و بەخت یارمان بێ تا بەرهەمی پتری لێ بخوێنینەوە.
هەروەها ڕەند لە جێگایەکی تر نووسیویەتی:
ئەگەر لێم بپرسن یەک لەو کتێبانەی زۆری لێ فێر بووی و زۆر بەکەلک بووە بۆت چ کتێبێکە، بە دڵنیاییەوە یەک لەو کتێبانەی ناوی دەهێنم کتێبی ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەدە.
ئەم کتێبە نەک هەر لە نێوەرۆکدا، بەڵکە لە شێوازی نووسین و داڕشتن و پاراوی زمان و ڕێزمانیشەوە بۆ من جێی لێ فێربوون بوو.
کتێبەکە وەک زێڕ وایە، لە قەوارەدا بچووک، لێ لە نرخ و نێوەرۆکدا پڕبایەخە.
خوێندنەوەی زۆر هەڵناگرێ - خوا هەڵناگرێ ڕەنگە هی ڕەوانبێژی دەقەکە بێ، بەڵام هەتا ماوەیەکی زۆر هەڵتدەگرێ و مێشکت بەو بابەتانەوە
خەریک دەکا کە؛ سوارە چەند بەرز بووە. نووسەر چەند وردبین بووە. مانای شێعرەکانی سوارە چەند قووڵن. زمانی سوارە چەند ساکارە، کەچی چەند ئاڵۆزە و پێویستی بە بیرێکی چەندە تیژە تا لێی تێبگەی. ئێمەمانان، لە چاو کەسانی وەک سوارە و نووسەری بەرهەمەکەش، چەندە کەم دەزانین و چەندەش خۆمان پێ زلە، کەچی لە حاند ئەوان، هێشتا لە دارەدارە و گاگۆڵکەی پێگرتنمانداین.
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
خالید محەممەدزادە:
سوارەی ئیلخانیزادە وەك خۆی نەك وەك ئەوەی پێشانمان دەدرا
لە دواجاردا تاهیر قاسمی تاپۆی بنەمالًەیی و پەردەی سوری كمونیستی ئێرانی كە لە پەنجا ساڵی رابردوودا سوارەیان گەمارۆ دابوو هەلًدەداتەوە پێمان دەلێت سوارەش هاوشێوەی شاعێرانی كۆماری كوردستان عاشقی خەڵك و خاك و پێشەوا و رێبازەكەی بووە، تا ئەو ئاستەش شێعري بە باڵای ئەحمەد تۆفیڤیش دا وتوە
ئەحمەد تۆفێقت لە خوا دەخوازم
ئەحمەد بە ناوی بەرزت ئەنازم!
ئەم سوارەی تاهیر قاسمی لە كتێبە نایابەكەی دەیخاتە روو ئەو سوارە نیە كە دژبەرانی ناسیونالیزمی كوردی وێنایان دەكرد بۆمان، بەڵكو سوارەیەكە هاوشێوەی هێمن، هەژار ، سەید كامیل ئیمامی لە فۆرمێكی نوێی شێعری نەتەوەیی و نیشتمانی دا
لە راستی دا سوارە وەك خۆی لە كتێبەكەی تاهیر قاسمیە نەك لە هیچ شوێنێكی دیكە،
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
شوانە ڕزگەیی:
ئیعجازی ئەنگوستی پاکی (پێشەوا قازی محەممەد)
بە ئێعجازی پاکی ئەنگوستی موحەممەد
شەتی نوور بەڕووی مانگی عەرزا کشاوە
ترووسکەی برووسکەی شەوی دەم بەھاری بە ھەورە
لە سەرئاسمانی زەوی ڕاخوشاوە.
ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد
(ئەنگوستی محەممەد ئاماژەیە بە پێشەوا قازی محەممەدی ھەمیشە زیندوو)
ھاوڕێی وردبین و ھێژام کاک تاھیر قاسمی خوێندنەوەیەکی وردی بۆ شێعرەکانی نەمر سوارەی ئیلخانی زادە ھەیە.
شکاندنی کۆدەکانی شێعری سوارە بێ گەڕانەوە و ئاماژە بە کەشی خوڵقانی شێعر وفەزای سیاسی ئەو سەردمەی ھەڵەیە.
نوسەری ئەوکتێبە ڕێک گەڕاوەتەوە ئەوسەردەمی و بە خوێنەر دەڵێ کە چۆن ئەو بەرھەمانە لە دایک بوون و پەیامی ئەو شێعرانە چین.
ھیوادارم شڵەقاندنی ئەو گۆمە قووڵ و مەندە ھەندێ ھاوڕێی نەمر سوارە کە لە ژیان داماون وەخۆبێنێتەوە و چیتر ڕاستییەکان نەشارنەوە .....
ماندوو نەبی کاکە تاھیرگیان و دادە شەھلای بەڕێز و سپاس بۆ وەشانخانەی ٤٩ کتێب کە پاڵپشتی نوسەرانە.
(وێنەلە لاپەڕەی ٤٩کتێب وەرگیراوە)
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
کامیل ئوستادئەحمەدی:
ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد
خۆیندنەوەی شێعری سوارە لە ژێر تیشکی
تيکۆشانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستاندا
لە نووسینی ڕێزدار پێشمەرگەی دێرین کاک
Tahir Qasimi دوێنی بە دەستم گەیشت سپاس بۆ ئەو دیاریە بە نرخە .
ماوەیەک بوو لە خۆیندنەوە دابڕاوم و زۆرتر کتێبی دەنگیم گوێ دەدایە ، نای شارمەوە دوایی سەرکوتی شۆرشی ژن ژیان ئازادی دا و نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی ئوپوزیسۆنی کوردستانی یان دەقیق تر نەقواستنەوەی ئەو دەرفەتە و رژانی ئەو هەمۆە خۆینە ی کە بە جۆگەلە لە بەر کورد رۆیشت و
مخابن شۆرش ئەو جارەش بە ئامانج نەگەیشت بە حەقیقەت زۆر ماندوو بووم و بەو دۆخەی کورد رۆژهەڵاتی تێ کەوتۆە ماندوو بووم ماوەیەکە دیسان بە دوایی گویگرتن لە وتارەکانی دوکتورقاسملوو و دوکتور سەعید خەریکە ئەو قۆناغە تێ پەڕ دەکەم و یەکەم کتیب کە دەست بە خۆیندنەوەی دەکەم ئێعجاری ئەنگوستی پاکی محەممەدە کە هیوادارم سودی باشی لیوەرگرم خەرمان بەرەکەت و دەستت خۆش بی نووسەری خاوەن بەهرە و پێشمەرگەی دیرین .
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
مەنسوور مروەتی:
سوارەی ئیلخانیزادە و ژیلای حوسەینی و مارفی ئاغایی هەر سێکیان لە تەمەنی ٣٥ ساڵی و هەر سێکیان لە سێ کاتی جیاوازدا بە تەسادفی ماشین کۆچی دواییان کرد. سوارە لە تاران و ژیلا لە بان لەیلاخ و مارف لە مەهاباد هەر کامەشیان بە نۆرەی خۆیان کاریگەرییان لە سەر دنیای شیعر و ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە. بەداخەوە زۆر زوو ڕۆییشتن و لە کیسی ئەدەبیاتی کوردی چوون. مارف و ژیلا تا ڕاددیەکی باش خوێندنەوە بۆ شیعریان کراوە و تێگەییشتن لە شیعرەکانیان زۆر قورس نیە بەڵام سوارە نا. تێگەییشتن لە سوارە
بڕێک زەحمەتە.
سوارە پێشەنگی ئەدەبیاتی نوێیە لە ڕۆژهەڵات، لە سەردەمێکی هەستیاری مێژووییشدا ژیاوە و شیعری وتوە کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتەوە هەیە.. ڕەحمەتی مارفی ئاغایی و کاک سەلاحی موهتەدی کاتی خۆی خەوە بەردینەیان کۆ کردەوە بەڵام هیچکات نە ئەوان و نە کەسێکی دیکەم نەبینێ بە وردی وبەقووڵی شیعرەکانی سوارە شەن و کەو بکا، هەتا بینیم و گوێم لێبوو کاک تاهیری قاسمی دەستی بۆ ئەو کارە بەنرخە بردووە. کاک تاهیر هەم لەنزیکەوە و هەمیش بە تەلەفۆن هەندێکی لەو شیکردنەوانەی بۆ باس کردم، سەرنجڕاکێش بوو و تازەیی بۆم هەبوو. چونکە منیش هەر خوێنەرێکی ئاسایی شیعرەکانی سوارە بووم و باشترە بڵێم زۆری لێ حاڵی نەبووم. ئێستا ئەو کارە بەنڕخەی تاهیری قاسمی چاپ بووە و کەلێنێکی باشی گرتووە و چ لە باری سیاسی، مێژوویی و ئەدەبیەوە شتی تازەی تێدایە و زۆریش سەرنجڕاکێشە.
دەستی کاک تاهیر بەگەرمی دەگوشم و پیرۆزبایی لێدەکەم بەو هیوایە بگاتە دەستی خوێنەران و خوێندەوارانی ئەو بوارە. ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد ناوی کتێبەکەیە.
ئەوەندەی دەڵێم محەممەدەکە لێرە مەبەست پێشەوا قازی محەممەدە....
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
دڵشاد هەورامی:
خوێندنەوەی کتێبی ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد
کتێبی ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد نووسینی کاک تاهیر قاسمی، خوێندنەوەی شێعری سوارەیە لە ژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا.
ئەم بەرهەمە ماندوو بوون و وردبینی پێوە دیارە و خوێنەر پاش خوێندنەوەی تێدەگات کە نووسەر ئارشیفێکی گەورە و گرانی هەڵداوەتەوە بۆ چەند دێرێک، کتێبی سەدان لاپەرەیی خوێندووەتەوە بۆ چەند ڕەستەیەک و ئەم کتێبە بەری ماندوو بوونە.
بژار کردنی ڕاستی و داستانی دروست لە مێژووی ئێمەدا زۆر جار تا ئاستی مەحاڵ بوون
ئاستەمە، سپاس بۆ کاک تاهیر کە شانی وەبەر داماڵینی گەرد و تۆزی سەر شێعر و مەرام و ئاواتی سوارە داوە، گەرد و تۆزێک کە خێڵی درۆ بەرپایان کردبوو.
خوێندنەوەی “ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد” لای من:
1. ئاشنا بوون و تێگەیشتنی زیاتر لە سوارە وەک شاعێرێکی ڕەچەشکێن و داهێنەر و لە هەمانکاتدا شۆڕشگێر.
2. بیر کەوتنەوە و کۆ بوونەوە و نەزم گرتنی کۆی ئەو زانیاریە پرش و بڵاوانە کە لە سەر سوارە و شێعری سوارە بە درێژایی ساڵانێک خوێندبوونمەوە و بیستبوونم.
3. سەفەر کردن بە موعجیزەی گێرانەوەی مێژوو بۆ جیهانێک کە سوارە و هاوپێڕەکانی تێدا ژیان.
4. زیاتر و باشتر لە دۆخی کۆمەڵگای کورد و دۆخی شۆڕش گەیشتن، دەور کردنەوە و سەر لە نوێ تورە بوون لە هەڵوێستی بۆدەڵانە و ترسنۆکانەی هێندێک و خەم خواردن و شانازی کردن بە هەڵوێست و هیمەت و فیداکاری ئەوانەوە کە لە پێ کورد بوون و ئینسان بوونی خۆیاندا تا سەر مانەوە.
وە لە کۆتایتدا
کتێبەکە بە قەڵەمێکی ئەدیبانە نووسراوە، هەرچەند دەقێکی ئەدەبی زۆر دەوڵەمەند و زمان کوردی ڕووت و پاڕاوە بەڵام وەک خوێنەرێک پێم وایە، گەر بە زمانێکی سادەتر و ئەمرۆیتر نووسرابا دەیتوانی سەختی و پڕ ڕەمز و ڕازی شێعری سوارە نەرمتر و ئاسانتر بداتە دەستەوە.
نووسەر لە بەشی ئاوردانەوە لە مێژوودا سادەتر و ڕەوانتر باسەکانی نووسیوەتەوە، کەچی لە شرۆڤە کردنی دەقە شێعریەکاندا لام وایە دەکەوێتە ژێر کاریگەری سەبکی نووسین و نەفەس و ڕیتم و تەنانەت ئەدەبیاتی سەردەمی سوارە و خوێنەر ناچار بە چەند جار خوێندنەوە دەکات (بە دڵنیاییەوە لە هەمانکاتدا دەتوانێت خاڵی بەهێزی ئەم کتێبە بێت، مادام خوێنەر لێ فێر دەبێت).
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
چاپی سەرلەنوێی کتێبی ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد لەلایەن یەکێتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە
سپاس بۆ هاوڕێیانی یەکێتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت کاکە پێشەوا عەلیپوور، سکرتێری ڕێکخراوەکە کە کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"یان لەسەر ئەرکی خۆیان لە کوردستان دیزاین و چاپ و بڵاو کردەوە.
ئەم چاپە لە دوو خاڵدا جیاوازیی لەگەڵ چاپی یەکەمدا هەیە کە هاوینی ڕابردوو لەلایەن وەشانخانەی ٤٩ کتێب لە دەرەوەی وڵات چاپ و بڵاو کرایەوە؛
یەکەم؛ خوێندنەوەی شێعری شار"یش بە نێوەرۆکی کتێبەکەوە زیاد کراوە
دووهەم؛ لاوی ژیر و وردبین کاکە هەردی سەلیمی بە سەلیقە و وردبینیی
زۆرەوە بە کتێبەکەدا چۆتەوە و ئەرکی هەڵەگریی ئەم چاپەی بە ئەستۆ گرت و زۆر هەڵەی بۆ ڕاست کردمەوە کە لێرەوە جارێکی دیکە سپاسی دەکەم.
ماوەتەوە بێژم کە ئەم چاپی دووهەمەی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" بە هەمان نێوەرۆک بەڵام بە دیزاینی خۆیانەوە لە دەرەوەی وڵات و لەلایەن وەشانخانەی ٤٩ کتێبیش ئێستا بەردەستە.
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
ماڵپەڕی لاوان:
پەرتووکی ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد لە کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە
پەرتووکی “ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد” کە خوێندنەوەی شێعری سوارە ئیلخانیزادەیە لەژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبیدێموکراتی کوردستاندا، لەلایەن کاک تاهیر قاسمی لە وڵاتی فینلاند نووسراو و ئامادەکراوە و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی چاپی دووهەمی ئەم پەرتووکەی لە کوردستان وەستۆ گرتووە .
لە بەشی یەکەمی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا خوێنەر لەگەڵ بارودۆخی سیاسی – کۆمەڵایەتیی دەیەی چلی هەتاوی (شەستی زایینی) لە کوردستان ئاشنا دەبێ کە زۆربەی شێعرەکانی سوارە ئیلخانیزادە بەرهەمی کەشوهەوای سیاسیی ئەو دەیەیەن. لەو بەشەدا هەوڵ دراوە گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەنێو هەردوو بەشی تێکۆشەرانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات لە دیوی باشوور و چالاکانی خوێندکاریی کورد لە زانستگەی تاران و پێوەندییان لەگەڵ یەکتر شی بکرێتەوە.
هاوکات باس لە هەلومەرجی سیاسیی سەردەم لە ئاستی ئێران و جیهانیشدا کراوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر تێکۆشانی تێکۆشەرانی کورد لە هەردوو بەرەی زانستگە و شاخدا دادەنا. لە بەشەکانی دواتردا هەر کام لە شێعرە بەناوبانگەکانی سوارە کە بە بڕوای ئەم لێکۆڵینەوەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی ڕووداوە سیاسییەکانیان بەسەرەوەیە و کاردانەوەی جۆری خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتن، بەجیا بەڵام وەک ئاڵقەیەک لە زنجیرەی ڕووداوەکان، شەنوکەو کراون. لەم نێوەشدا ڕۆڵی هەریەک لە سوارە وەک شاعیری ئەم شێعرانە و هەڵسووڕاوێکی نێو کۆڕی خوێندکارەکان لەلایەک و سمایلی شەریفزادە وەک یەک لە دیارترین ڕێبەرانی ڕاپەڕینی ساڵەکانی ٤٦– ٤٧ـی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەگەڵ سوارە و خوێندکارەکانی دیکە لە پێوەندیدا بووە، پتر بەهێند گیراوە.
ناوەرۆکی ئەم پەرتووکە بەنرخە بریتییە لە: ئاوڕێک لە تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای دەیەی چلی هەتاویدا
سوارە؛ جیهانبینی و کوردایەتی شار؛ زایەڵەی سیاسەت و ستراتێژیی کومیتەی شۆڕشگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
بانگەوازی پەنجەرە؛ جاڕی بڕیاری دەسپێکردنی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خێڵی درۆ؛ لۆمەی خوێندکارانی بێبەڵێن و پەیمانشکێن
شەنگەسوار؛ شینی شەهیدبوونی سمایلی شەریفزادە کچی بەیان؛ نرخاندنی ڕاپەڕینی چەکدارانەی کومیتەی شۆڕشگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
خەوەبەردینە؛ حەماسەی مێژووی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان سروەی بەیانی؛ نیگەران لە بێدەنگبوونەوەی خەبات
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
"ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"
کەریم فەرخەپوور
٢٣ی ژوئەنی ٢٠٢٤
دوای خوێندنەوەی ئەو کتێبە کە بە زەحمەت و ماندووبوونی زۆری هاوڕێی هێژام کاک تاهیر قاسمی و هاوکاریی شەهلا خانمی دەبباغی نووسراوە، ویستم لێرەوە سپاسی بکەم و دەستخۆشی پێبڵێم.
سوارە ئیلخانیزادە شاعیری مەزنی کورد کەسێکی ناسراوە و لە ڕێی شێعرەکانییەوە سەری بە هەموو ماڵێکدا کردووە و بۆتە ئاشنا و هاوڕێی ڕووناکبیران و ئەدەبدۆستان و نیشتمانپەروەرانی کورد.
بەشێکی شێعرەکانی سوارە بە کۆد نووسراون و هەموو کەس لێیان تێناگا و سەریان لێدەرناکا، چونکە ئەو کاتەی کە
سوارە شێعری بۆ شۆڕشگێران نووسیوە وڵات لەژێر دەستی "ساواک"دا بووە و ئەوەش کۆسپێکی گەورە بووە لەبەردەم هەست و قەڵەمی ئەودا.
کاک تاهیر قاسمی کە کەسێکی بە توانایە و خۆیشی هەستی شێعر و شاعیرانەی هەیە و خۆی دەرنەخستوە، هاتووە دێڕ بە دێڕ و دەکرێ بڵێـم وشە بە وشەی نیزیک بە تەواوی شێعرەکانی سوارەی لێکداوەتەوە، کۆدەکانی شکاندوون و کاری خوێنەری ئاسان کردووە. کاک تاهیر بە شەونخوونی زۆر کتێب و بابەت و وتاری لەو پێوەندییەدا خوێندۆتەوە، لە ڕای هەموو ئەو کەسانە تێگەیشتوە کە قسەیان لەسەر سوارە و شێعرەکانی کردووە بەڵام بە دەگمەن بە لای ئەم بابەتەدا چوون و ڕەنگە هێندێکیان ویستبیان کۆد و ماناکان بگۆڕن و بە پێچەوانە و بە مەبەست لەسەریان نووسیبێ، بەڵام کاک تاهیر هەموویانی لە پەنا یەک ڕیز کردووە و وێڕای ئەوەی کە بیروڕای سوارەی باشتر بە خەڵک ناساندووە، نیەتی ئەویشی بۆ خوێنەر شی کردۆتەوە.
ڕەنگە بۆ زۆربەمان ڕوون نەبووبێ کە مەبەست لە "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" محەممەد چییە و ڕەنگە زۆر کەس پێیوابووبێ مەبەستی محەممەدی عەڕەبە، بەڵام لێرە دەرەکەوێ کە مەبەستی پێشەوا قازی محەممەدی کوردە. بەشێکیتری شێعرەکانی بۆ کۆماری کوردستان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە لەو سەردەمدا گۆمی مەندی حەمەڕەزاشایان شڵەقاند و سوارەش بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئاگاداری بەشێکی جموجۆڵەکانیان بووە و هاوکار و هاوڕێێان بووە. کاک تاهیر بیروڕای سوارەی بە شێوەیەکی زۆر جوان و بە بەڵگەوە و بۆ خوێنەران شێکردۆتەوە و بە شکاندنی کۆدی شێعرەکان بیروباوەڕی سوارەی باشتر بە خوێنەران ناساندووە.
دیسانیش سپاس بۆ کاک تاهیر و هەموو ئەو کەسانەی کە لەو ڕێگەیەدا زەحمەتیان کێشاوە و هیوادارم بەردەوام و سەرکەوتوو بێ و لەم بوارەدا خزمەتی زیاتری لە دەست بێ.
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
سیامەند توڕابی:
کتێبی ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد، خوێندنەوەی شێعری شاعێری نیشتمانپەروەری کورد ، سوارە ئیلخانی زادە لە ژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دا ، لە نووسین و لێکۆڵینەوەی بەڕێز کاک تاهیر قاسمی بڵاو کراوەتەوە .
ئەرکی دیزاین و چاپکرانی ئەم کتێبە لە ئوستێی یەکیەتی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە .
بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە ، لە گەل ژانری شێعرەکانی سوارە ،نێوەرۆک و شیکردنەوەی شێعرەکان ، زیاتر زانیاریم وەدەست هێنا و بۆم روون بۆیەوە کە هەر کام لە شێعرەکان بە چە بۆنەیەکەوە
هۆنرانەتەوە ، کە پێوەندیان بە دامەزرانی کۆماری کوردستان ، بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەلات و خەباتی چەکداریی 46 و 47 ی حیزبی دێمۆکرات و ... هەیە .
بێ گومان چاپ و بلاوبوونەوەی ئەم کتێبە ،کتێبخانەی وێژەی کوردی دەولەمەندتر دەکات .
لێرەدا دەست خۆشی و ماندوو نەبوونی لە بەڕێز کاک تاهیر قاسمی دەکەم و دەڵێم دەستان خۆش و خامەتان رەنگین .
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
مەجید سەدەفی:
وێرای دەست خۆشی بۆ لێکۆڵەر و نووسەر کاک تاهیر قاسمی .
خوێندنەوەی ئەم بابەتە چ لە باری نەتەوەیی و کەسایەتی سیاسی و ئەدەبی وخوێندکاری پلە بەرز و پێشمەرگانەی شەهید سمایل شەریفزادە لە روانگەی شاعیری بەتوانا و رووح شاد سوارە ئیلخانیزادە و ئەو هەلسەنگاندنە جوانەی هاورێ تاهێریش چەند قات سه ربەرزیە لە زانیاری وشارەزایی خەباتی خوێندکاران و شۆرشگێرانی ئەو سەردەمەی نیشتیمانم ، بە دژی دیکتاتۆری حەمەرزا شای گۆر بەگۆر و نۆکەرانی ، هەر وەها رووناکایی دەخاتەوە بۆ ئێستای لاوان
و خوێندکارانی رۆژهەڵاتەکەم .
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
سەعید بەیگزادە:
سلاو کاک تاهیر.
کتێبەکەتم بە ئیشتیا خوێندەوە. زۆرم چێژ لە نوسین و دارشتنەکەی وەرگرت. بۆ من زانیاری زۆری تێدابوو. لە شەستەکانەوە تارادەیەک دەگەڵ شێعرەکانی سوارە ئاشنایەتیم هەبووە، بەڵام ئێستا باشتری دەناسم. شێعرێکیشم لێ بیستووە و باشم نایەتەوە یاد.!
پەسا پەسا پەرەگر بوو شەوی…
نەوی بوو ، چەسپی زەوی بوو
لەسێحری شەو پاسار
هەبوو نەبوو یەک بوون،
نەما نیشانەی بوون
نەما نیشانەی من.
وابزانم (چاوە)ش بە پەخشانێک وەردی داوەتەوە.
باسێکم لەمەیان بەرچاو نەکەوت.
رەنگ بێ هەر شێعری ئەویش نەبێ و من خەراپ حاڵی کرابم.
رەنگ بێ هەڵەش بم.!
ساڵەکانی ٦٢ و ٦٣ زۆر دەچوومە لای حاجی شێخ عەبدوڵای شەمسی بورهان و زۆریشمان باسی شێعر دەکرد. ئەو یەکێک لە دۆستان و هەروەها لایەنگرانی سوارە بوو. پەیوەندیشی دەگەل کاک سەلاحی مهتدی زۆر و باش بوو. هەم بۆچوونی حاجی و هەم روانگە وبۆچوونی سەلاحی مهتدی دەگەل روانگەی جەنابت لەسەر خەوەبەردینە یەکجار لێک دوورن.
ئەوان زیاتر بەلای چەپ بوونی دا دادەشکێنن گلەیەکە دەگەرێننەوە بۆ سەر یەکێتی سۆفیەت کە دەبێ فریای وڵاتان( میللەتان) ی بێ دەرەتان بکەوێ و لە کارێز رزگاریان بکا و ئەوانیش بگەیەنێتە زەریا.!!
ئەوەش زیاد بکەم خۆت روانگەی کاک سەلاح دەزانی و پێویست نییە من تەوزیحی بدەم.
کاک حاجیش برایەکەی بەناوی سەلاحی شەمسی بورهان بەرپرسی (اتحادیە کومونیستها) بوو و لە مەهاباد دەکاتی دەسەلاتی حیزبدا تیرۆر کرا. هەرچەند کاک حاجی قەت بەدژی حیزب هەڵوێستی نەگرت و دەزۆر کاتی ئاستەمیشدا هاوکاری کردوین( من بەرپرسی ئەو ناوچە بووم) بەلام زیاتری لە چەپەکانی کاک سەلاح مهتدی نزیکتر بوو. ئەوەم بۆیە نوسی کە رەنگ بێ ئەم روانگەیەی ئەو دووکەسە هەوڵێک بووبێ بۆ دوورخستنەوەی سوارە لە بیر و روانگەی دێمۆکرات.!
لەسەر یەک جەنابیشت بەرگێکی کوردانە و دێمۆکراتانەت بەبەردا کردووە کە کەس ناتوانی جوانتر لەوەی تۆی بۆ بدروێ.
دەستت خۆش و سپاس کە بێبەشت نەکردم.
ئەو پێشمەرگە بانەیەش کە دەگەل کاک سمایل بووە و، بە برینداری خۆی دەرباز کردبوو. ماوەیەک لە بانە بەیەکەوە بووین. بەداخەوە لەسەر رووداوێکی دڵتەزین ماوەیەک حیزبیش زیندانی کرد. کە پێمخۆش نییە لەسەری بنوسم. بەلام هەتا بڵێی پیاوێکی دڵسۆز و لەبەردڵان بوو.
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
سوارە ئێلخانیزادە و حیزبی دیموکراتی کوردستان
لەبەر ڕووناکیی کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد"(*)
گەشتێک بە نێو کەلێن و قوژبنەکانی مێژووی هەشتا ساڵەی حیزبی دیموکراتدا (١٧)
دوکتور قادر وریا
٢٠٢٥/٠٨/٢٦
چەند مانگێک لەمەوبەر داوام لە کاک تاهیر قاسمی کرد کە نوسخەی pdfی کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد" -کە بەرهەمی نووسین و لێکۆڵینەوەی خۆیەتی-م بۆ بنێرێت. لەگەڵ ئەوەی ئەم کتێبە هەتا ئێستا دوو جار چاپ و بڵاو بووەتەوە، من هەر تووشی نەهاتبووم و نەمخوێندبۆوە. بۆیە هەر کە "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد"م بۆ هات، دەستم کرد بە خوێندنەوەی. کتێبەکە هەروەک لە پاشناوەکەشیدا هاتووە "خوێندنەوەی شێعری سوارە لە ژێر تێکۆشانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا"یە کە لە پێشەکییەک، یازدە وتار، لیستی سەرچاوەکان و لیزگەی ناوەکان پێک هاتووە.
وەک نیەتم لێ هێنابوو بە قووڵی خەریکی خوێندنەوەی وتار بە وتاری ئەو کتێبە بووم. لای خۆم فایلێکم کردەوە و لەگەڵ خوێندنەوەی هەر وتارێکدا، دەستکەوت و سەرنجی خۆم لە فایلەکەدا تۆمار دەکرد. گەیشتبوومە کۆتایی وتاری "خەوە بەردینە، حەماسەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان" کە بەهۆی هێندێک کار و ئەرکی ڕاسپێردراو، خوێندنەوەی ئەم کتێبەم ڕاگرت و چوومە سەر جێبەجێکردنی کارەکانی دیکە. ئەم ڕۆژانە کە لە گەرمەی یادکردنەوەی هەشتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتدا گەڕامەوە سەر خوێندنەوەی کتێبەکە، تا دەستکەوت و سەرنجەکانم بکەم بە هەوێنی بابەتێک لە بۆنەی هەشتا ساڵەی دامەزرانی حیزبدا، فایلی گۆرینم لێ غەیب بوو. هەرچی هارد و هەرچی فولدێری هەمە پشکنیمن، بە چەندین وشەکلیل لەنێو فایلەکانمدا بەدوایدا گەڕام، بە داخەوە دەستکەوتم نەبوو و ڕەنج بە خەسار هاتمەدەر. بەم حالەش پێم ناتەواویەکی گەورە دەبێت ئەگەر لە کەشوهەوای یادی هەشتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتدا لەژێر ڕووناکیی ئەم کتێبە بە نرخەی کاک تاهیر قاسمی، یادێک لە ڕەنگدانەوەی هەوراز و نشێوەکانی ژیان و تێکۆشانی ئەم حیزبە لە شێعری سوارەدا نەکەینەوە.
ڕاستییەکەی من هیچ کات هەموو شێعر و نووسینی سوارە ئێلخانیزادەم بەسەر یەکەوە نەخوێندبۆوە. دیارە کەمتاکورتێک ئاگاداری ژیانی پڕ چەرمەسەری، چوونە بەندیخانە، کارکردنی لە رادیۆی کوردیی تاران و نووسینی بەرنامەی "تاپۆ و بوومەلێڵ"ی بووم، چەندین وتووێژ و بیرەوەریم کە باسیان لەو شاعیرە نوێخواز و شوێندانەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو، خوێندبوونەوە. جارێکیش زیندەیاد مامۆستا مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی لە بنکەی نوێنەرایەتیی حیزبی دیموکرات لە بەغدا بە ئامادەبوونی شەهید محەمەد حەسەنپوور و کاک سمایل بازیار، زۆر بیرەوەریی لەبارەی سوارەی جوانەمەرگ-هی ئەو کاتەی پێکەوە لە بەشی کوردیی رادیۆی تاران هاوکار بوون- بۆ گێڕاینەوە. بەڵام هەتا ئەم کۆمەڵە وتارەی کتێبی "ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد"م نە خوێندبۆوە، نەمدەزانی سوارەی ئێلخانیزادە، ئەوەندە لە خولگەی حیزبی دیموکراتدا بووە و ڕووداوەکانی ژیانی ئەم حیزبە بەم قووڵییە کاریگەرییان لەسەرداناوە و لە شێعرەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە.
تاهیر قاسمی لە پێشەکیی کتێبی ناوبراودا دەنووسێت: "سوارە بۆ خۆشی تێکۆشەرێکی سیاسی و بەپیی نێوەرۆکی شێعرەکانی، حیزبی بوو. ململانێ بۆ بەرگری و پشتیوانی لە حیزبەکەی و ڕێبازە سیاسییەکەی لە شێعرەکانیدا بە هەراوی ڕەنگی داوەتەوە. لێ ئەو هێڵە سیاسی و حیزبییە کە بە شێوەی سەمبولیک لە زۆربەی شێعرەکانیدا هاتووە، دوای کۆچە یەکجارییەکەی لەنێو ململانێ سیاسی و حیزبییەکاندا بێ خاوەن کەوت."
نووسەر، لە بەشی یەکەمی لێکۆڵینەوەکەیدا خوێنەر لە گەڵ بارودۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتیی دەیەی چلی هەتاوی کە زۆربەی شێعرەکانی سوارەی تێدا بەرهەم هاتووە، هەروەها هەلومەرجی سیاسیی سەردەم لە ئاستی ئێران و جیهاندا کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر تێکۆشەرانی کورد لە شاخ و لە زانکۆکان هەبووە، ئاشنا دەکات. لەبەشەکانی دواتردا خوێندنەوەی خۆی بۆ هەر کام لە شێعرە بە ناوبانگەکانی سوارە (وەک شار، بانگەوازی پەنجەرە، خێڵی درۆ، شەنگەسوار، کچی بەیان، خەوە بەردینە، سروەی بەیانی، تۆ دەریامی و دوو شێعری تر) کە کاریگەریی راستەوخۆی ڕووداوە سیاسییەکانیان بەسەرەوەیە و کاردانەوەی جۆری تێکۆشان و خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستانن، دەخاتە ڕوو.
تاهیر قاسمی لە ڕەوتی ئامادەکردنی ئەم لێکۆڵینەوەیە و خوێندنەوەیەی خۆی بۆ شێعرەکانی سوارەدا، هەر بە لێکدانەوە و شەنوکەو کردنی شێعرەکانی سوارە وازی نەهێناوە، بەڵکوو زۆربەی ئەو نووسین و لێکۆڵینەوانەی پێوەندییان بە شێعری سوارەوە هەبووە، هەروەها دەیان کتێب و سەرچاوەی پێوەندیدار بە هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەردەمی ژیانی ئەو شاعیرەی سەنگ و سووژن کردوون بۆ ئەوەی لە کردنەوە و شکاندنی کۆدەکانی نێو شێعرەکانیدا و لە دۆزینەوەی داو و سەرەداوەکانی پێوەندیی بیر و خەیاڵ و ڕوانینی سوارە بە حیزبی دیموکراتی کوردستان و ڕێبەران و تێکۆشەران و ڕووداوەکانی، سەرکەوتنی زیاتر بە دەست بێنێت. بەش بە حاڵی خۆم لە زۆر لە نموونەکاندا، بە سەرکەوتووم هاتە بەرچاو و سوود و چێژم لە لێکدانەوەکانی وەرگرت. هەر بۆیە بە درەنگەوە و لێرەوە دەستخۆشیی لێدەکەم. هیوادارم هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە چاوێکی کراوەتر بڕواننە باوەڕی کوردایەتی و بیر و بۆچوونی سیاسیی "سوارە ئێلخانیزادە" و شارەزای هۆگری و خۆشەویستییەکەی لە ئاست حیزبی دیموکراتی کوردستان بن، کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد" بخوێننەوە.
(*) دەستەواژەی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەمەد"، دێرە شێعرێکی "خەوەبەردینە"، بەناوبانگترین شێعری سوارەی ئێلخایزادەیە. بە لێکدانەوەی توێژەر، مەبەستی شاعیر لە بەکارهێنانی ئەم تەعبیرە، ڕۆڵی پێشەوا قازی محەمەدە کە بە دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و بە ئەستۆ گرتنی سەرۆکایەتییەکەی، ڕێچکەی مێژووی نەتەوەی کوردی گۆڕی.