کۆمەڵێک وشە بۆ پێوانەی پێداویستی لەسەر زاران هەن بە بێ ئەوەی بێژەر بیر لەوە بکاتەوە کە لە کوێوە هاتوون و بۆ پێوانی چ جۆرە ماک و مادەیەک گونجاون. لێرەدا هەوڵ دەدرێ ئەو وشانە، ڕەگەکەیان و ئەوە کە بەکاربردنیان بۆ چ شتگەلێک شیاوە، دەستنیشان دەکرێن:
نەخت: شێوەیەکی دیکەی وشەی نۆکە کە جۆرێک دانەوێڵەیە و خۆیشی چەند جۆرە. لە زمانی کوردیدا بە شێوەگەلی؛ نخە، نخۆ، نخێ، نوخوت، نوخۆ، نووک، نوهۆ، نوەی، نوەیە، نەها، نهەک، نەهە و هۆکیش دەگوترێ و گشتیان یەک ڕەگیان هەیە.
وشەی نەخت لە زمانی کوردیدا بۆ کەم نیشاندانی شتی زۆرترە بەڵام لە بنەڕەتدا پێوانەی کێشە کە بەرامبەری ١٩٢ میلی گرامە و بە ٢٤ دەنک دەبن بە مسقاڵێکی سیرفی و بە ١٨ دەنکیش دەبن بە مسقاڵێکی شەرعی.
هەڵبەت ئەگەری ئەوەش هەیە کە نەخت لە وشەی نەخی فارسییەوە بە واتای ڕیشاڵ یان دەزوو هاتبێ کە ئەویش هەر پێوانەی کەمییە.
دیارە وشەی نەخت لە زمانی کوردیدا واتای دیکەشی هەیە وەک کوردێندراوی وشەی نەغد یان نەقدی عەرەبی کە واتای پووڵ و پارەیە و هەروەها بە واتای زەویی بە پیت و بەرەکەت.
نیسک: ئەویش هەر جۆرێک دانەوێڵەیە کە ڕەنگە نیوەی نۆکێک یان بڕێک زیاتر لە نیوە بێ. وشەکە بە سێوەی نسک، نەسک، نێسک و نەرسەکیش دەگوترێ. هەروەها ناوەکانی دیکەی لە زمانی کوردیدا بریتین لە: نژی، نژوو، نووژی، مەرژی، مێژوی، مارژی، نووپژی و..
نیسک وەک نۆک پێوانەی کەم نیشاندان و بە کەموسکە شوبهاندنە.
پەندی پێشینیان: خوری وە تیسکی، کەرە وە نیسکی واتە بە نەختێک لە شتێکیش دەزاندرێ کە چلۆنایەتیی چۆنە.
چۆڕ: لە کرداری چۆڕانەوە کە ئەویش لە وشەی شۆڕ و شۆڕەشۆڕ چێ بووە کە دەنگی هاتنە خوارەوەی ئاو لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە. وشەی ئابشاری فارسی (ئاوشۆڕ) و شۆڕابە و شۆرین لەو ماکەیە.
چۆڕ لە پێوانەدا واتای دڵۆپە و بۆ کەمێک لە شتی تراو وەک ئاو، چایی یان شیر و شتی ئاوا بەکار دێ.
ڕێزە: وردە، کەمێک لە شتێکی ورد
زەڕە: زۆر کەم لە شتی ورد
تۆز: ئەو گەردە زۆر وردەیە کە لە شتی ورد و هاڕدراو هەڵدەستێ. غومار، تەم، خۆڵ.
تۆز بۆ پێوانەی کەمی شتی هاڕدراوی وەک ئارد بەکار دێ.
تۆسقاڵ: قاڵبووی تۆز، لە بەرامبەر تۆز کە بە ئاسماندا دەچێ، ئەمەیان کەمۆکەیەک لە قاڵبووی شتێکە هێندەی تۆزێک. گومانی ئەوەش بەدوور نییە کە شێوەی هەڵەی مسقاڵ بێ.
تیسک: بە ڕادەی چەند دانە خوری یان مووی درێژ لە شتێک. زیاتر پێوانەی شتی چندراوە
چک: دڵۆپە، تنۆک یان قەترەیەک لە شتی تراو
هەوا: پێوانەی کەمی؛ هەوایەک لەلامان دانیشە، هەوایەک دەنگ بەرز بکەوە،
بەش: پاژ، لەت، بڕێک لە شتێک، لەگەڵ بەخشی فارسی هاوڕیشە و لەگەڵ سەهمی عەرەبی هاوواتایە
پشک: شێوەیەکی دیکەی وشەی بەش، بەشێک لە شتێک. پشک هەروەها بە مانای کلووی بەفرە
پاژ: پارچە، لەت،
تیتۆڵ: بڕ یان دادڕاوێک لە پارچە و قوماشی پانتر، تیسماڵکێک لە کووتاڵ
تیزماڵک: تیسماڵک، تیتۆڵ، لەتە پەڕۆ
پل: پێوانەی گۆشت، بەڕادەی لەپی دەست
سووکەڵە: کەمکراوەی سووک، لە سووک سووکتر، شتێک کە لە هەڵگرتندا سووک بێ (هەنبانە بۆرینە)
پیچ/پیچەک: پچ، پیچ شێوەی دیکەی پووچە و مەبەست شتی کەم کێش و کەم نرخە
پچ: بنەمای بچ، بچووک
قاش: ڕەنگە لە قاچی تورکی بێ بە واتای لەتێکی بچووک لە شتێکی گەورەتر. پتر بۆ لەتی شووتی و کاڵەک و خەیار و شتی لەو بابەتە دەبێ
قیچ/قیچێک: شێوەی دیکەی وشەی قاچ و قاش
بڕ/بڕێک: بەرامبەرە کوردییەکەی وشەی قاشە کە لە کرداری بڕینە. بۆ پێوانەی هەر شتێک کە ببڕدرێ، بەکار دێ
بڕووک: بڕدراو، بڕووکێک: بڕدراوێک
لەت: بەشێک لە دوو یان چەند بەشی هەر شتێک کە بە دەستیش لەت بکرێ وەک نان
پەنچک: پەنجەک، بە ڕادەی پەنجەکانی دەست، لەتێک لە نان
چارەگ: چوار یەک، یەک بەش لە چوار بەش
چەندێک: یەک لە چەند بەش
هێند/هەند: وشەی هەند بۆ بەشێ لە هەر شتێ بەکار دێ. ئەندام خۆی واتای پاژ و پارچە و بەشە و دەستەواژەی ئەندامەکانی لەش واتای پارچەکانی لەشە. وشەکە بە شێوەگەلی هند، هندەک، هنک، هۆندک، ئەوەند، ئەوهەندە، هێندێک و هەندەکیش دەگوترێ و لەگەڵ "ئەندەک"ی فارسی بە واتای کەمۆکەیەک هاوڕیشەیە.
ئەندازە: ئەنازە، ڕادە، پێوانە
پێوانە: ئامرازی پێوان
عەیارە: ئامرازی پێوان
قەدەر: ئەندازە، هەروەها پێوانەی زەمان، بنەمای "مقدار"ی فارسی و عەرەبی
تاو: پێوانەی کات
ماوە: پێوانەی کات و زەمان
سیگارکێش/قەننەکێش: ماوەی کێشانی سیگارێک یان قەننەیەک
قول: پڕی مشتێ گیا
دەسک: چەند قول لە گیایەک کە بە لاسکی گیا یان بە بەن دەبەسترێ
گەوز: ئەوەندەی بە یەکجار داس دەیبڕێ
سواڵە: کۆی چەند گەوز
باقە: کۆی چەند سواڵە کە بە باقەبێن دەبەسترێ
مست/مشت: پڕی دەستی نووقاو بە جۆرێک کە سەری پەنجە بگاتەوە پاژنەی دەست. پتر بۆ دانەوێڵە و هەر شتێ کە لە مشتدا هەڵبگیرێ، بەکار دێ. ئیدیۆم: لە هەر شتێ مشتێ،
لوێچ: پڕی لەپی دەستێک بە کراوەیی
لاوێچ: لا لۆچ، پڕی هەردوو لوێچی دەست بە کراوەیی
کۆش: پڕی داوێنی کراس لە شتێ
باوەش: پڕی نێوان هەردوو باسک لە شتێ
لیپ: پڕ
لیپاولیپ: پڕپڕ
لێوڕێژ: هیندە پڕ کە لێی بڕژێ
دارماڵ: زیاتر بۆ کیلەی پێوانی دانەوێڵە دەبێ دوای ئەوەی بە دارێک سەری خشت دەکرێ و هیچی زیاد یان کەم نابێ.
کونبڕ: پڕپڕ