۸/۰۱/۱۴۰۴

تۆ دەریامی؛ چیڕۆکی باوەش پێکداکردنی شێعر و ئاوازێک

 

هونەر لەنێو نەتەوەیەکی بندەستدا پێش ئەوەی ئامرازی خۆشی یان خەم بێ، هەڵگری پەیامە. پەیامێک کە لە دەردی کۆمەڵگەکەی خۆی دەدوێ و هەوڵ دەدا بانگی ئازادی و سەربەستیخوازیی ئەو گەلە بە گوێی دنیا بگەیەنێ. شاعیران بە دروست‌ترین و  هەست بزوێن‌ترین شێوە ئەو پەیامانەیان لە شێعری خۆیاندا گونجاندوە لێ، نووسینی شێعر هەمیشە ڕێگایەکی ڕاست و ڕەسا بۆ گەیاندنی پەیامی شێعر نییە. هەمیشە ئەو شێعرانە زیاتر گوڵ دەکەن کە ئاوازیان لەسەر دادەندرێ و دەبن بە گۆرانی یان سروود.    

پێوەندیی نێوان شێعر و گۆرانی لە مۆسیقای کوردیدا، لە یەکەم تۆمارە دەنگییەکانەوە کە بۆمان ماوەتەوە بەرچاوە. ڕەنگە یەکەم دەنگ، دەنگی میرزا جەوادی قازی و گۆرانیی "زوڵفت بە قەدتدا کە پەرێشان و بڵاوە" بێ کە شێعری نالییە. سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی گرینگییەکی یەکجار زۆری بە وتنەوەی شێعری شاعیرانی کورد هەر لە بابەتاهیرەوە تا تاهیربەگ لە گۆرانی و مەقامەکانیدا داوە و زۆر جار وەستایانە شێعری چەند شاعیری لە گۆرانییەکدا بەکار بردوە. نموونەی دواتر گۆرانیی "بەهاران چ مەحزوون" بە دەنگی مەلا کەریمی سابڵاغی‌یە کە شێعری میسباحودیوانی ئەدەبە. لە قۆناغی دواتردا شێعر لە گۆرانییەکانی تاهیر تۆفیق و حەمەساڵح دیلان و ئەوانی‌تردا ڕەنگدانەوەی زیاتر و ڕێکوپێکتری هەیە و ئەوان هەروەها بە گوتنەوەی شێعری وەک شیرین بەهارەی برایم ئەحمەد یان ئەژدەهاکی گۆران، بەرگی خەبات و تێکۆشانی سیاسی دەکەنە بەر گۆرانییەکانیان و پەیامی سیاسیی شێعر بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەگوازنەوە. قوتابخانەیەک کە بە تایبەت لە سەروبەندی شۆڕشی ساڵی ١٩٨٧ و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران، بە ڕادەیەکی زۆر بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گواسترایەوە. 

لە دەیەی چلی زایینی بە دواوە، بەرەبەرە ڕەوتی نوێبوونەوەی شێعری کوردی لەباری فۆرمەوە دەستی پێکرد و شاعیرانی کورد بە پێشەنگایەتیی گۆران، شێخ نووری شێخ ساڵح و هیتر لە باشووری کوردستان هەوڵیان دا شێعر لە بەند و بەستی عەرووز و سەروا ڕزگار بکەن. دوو دەیە پێشتر شێعری فارسی لەسەر دەستی نیما یوشیج ئەو ڕەوتی نوێبوونەوەیەی دەست پێ کردبوو. لە سەرەتای دەیەی شەستی هەتاویدا، لە ژێر کارتێکەریی ئەو دوو گۆڕانکارییە ئەدەبییەدا، ڕەوتی نوێبوونەوەی شێعر بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پەلی هاویشت و هەر سێ شاعیری نوێخواز هاوار، چاوە و سوارە بە یەکەوە ئەرکەکەیان بە ئەستۆ گرت. 

ئەگەرچی ئەدەبی زارەکیی کورد لە شێوەی بەیت و حەیران و لاوک وهیتردا لەگەڵ ئەو فۆرمەی کە بە ناوی شێعری نوێ هاتە ئاراوە، نامۆ نەبوو بەڵام دەرکەوتنی شێعر بە فۆرمێکی جیاواز لەوەی تا ئەودەم باو بوو، بە ئاسانی لەلایەن کۆمەڵگەوە وەرنەگیرا و زۆرێک لە شاعیران و ئەدیبانیش تا درەنگانێک دانیان بە شێعرایەتیی ئەو جۆرە شێعرەدا نەدەهێنا. فۆرمە نوێیەکە هەروەها لەگەڵ ئەو شێوازەش ناتەبا بوو کە هەتا ئەو کات و ئێستاش لە تێکستی گۆرانی و مۆسیقای هاوچەرخی کوردی و نەتەوە جیرانەکانیشدا باوە. ئاوازدانەران خوویان بە شێعری کێشدار گرتبوو و گۆرانیبێژان گەروویان بە شێعری سەروادار ڕاهاتبوو. هەر بۆیە شێعری نوێ زۆر درەنگتر جێگای خۆی لە نێو ئاواز و گۆرانیی گۆرانیبێژان و مووزیکزاناندا کردەوە. 

هەرچەند شێعر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درەنگتر ڕەوتی نوێبوونەوەی خۆی دەست پێکرد بەڵام شێعری نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زووتر خۆی لەنێو ئاواز و گۆرانیدا دیتەوە. ئەویش دەرەنجامی هاوکاری و هاوڕێیەتیی نێوان بەنێوبانگترین شاعیری نوێخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە سوارە ئیلخانی‌زادە و هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەزیزی شاڕوخ بوو. 


کاتێک لە سەرچاوەکانی هونەری مۆسیقا و گۆرانیی هونەرمەند عەزیزی شاڕووخ ورد دەبینەوە، دەبینین لە بادینانەوە جۆبارێک لە دەنگی کاوێساغا و حەسەن جزراوی، لە سنە و هەورامان و ئەردەڵانەوە دەراوێک لە دەنگی عەلی ئەسغەری کوردستانی، لە باشووری کوردستانەوە چەند سەرچاوەی ڕوون لە دەنگی تاهیر تۆفیق و حەمەساڵح دیلان، تێکەڵ بە کانیاوە ڕوونەکانی فۆلکلۆری ناوچەی موکریان بوون و ئەو ڕووبارە خوڕێنەیان پڕ ئاو کردوە، بەڵام سەرچاوەکانی هونەری گۆرانیی هونەرمەند شاڕوخ تەنیا هەر ئەوانە نین. کەسانی دەستڕەنگینی ئەوتۆ هەبوون کە لە نیزیکەوە ئاواز و تێکستیان بۆ گۆرانییەکانی داناوە و بۆخۆشی گەلێک شەستەبارانی لە ئاواز و تێکستی نوێ بەسەر ئەو ڕووبارەدا باراندوە. وێڕای ئەوە چەندان ئاوازیشی لەسەر شێعری شاعیرانی بەنێوبانگ داناوە کە ئەوە بەشێکی زۆر گرینگی هونەری ئەو هونەرمەندە پێکدەهێنێ. مەقامی "تۆ دەریامی" کە لەسەر شێعرێکی نەمر سوارە ئیلخانی‌زادە بە هەمان ناو داندراوە، یەک لەو ئاواز و گۆرانیانەیە کە لە جۆری خۆیدا کەموێنەیە. ناوێک دوا جار بۆ ئەو کتێبەش هەڵبژێردراوە کە بەسەرهات و گۆرانییەکانی عەزیزی شاڕوخی تێدا کۆ کراوەتەوە.

لەنێو خەرمانی گۆرانییەکانی شاڕوخ‌دا گەلێک گۆرانی و سروود و ئاوازی بەناوبانگی وەک زەمانە، نامەی یار، ترۆپکی ڕزگاری، ڕەنجی هەژاری و هیتر هەن کە ڕەنگە لەنێو خەڵکی ئاساییدا لە "تۆ دەریامی" بەنێوبانگتر، لەگەڵ ئەزموونی ژیانی پڕ لە ئازاری هونەرمەند گونجاوتر و، بۆ ناوی کتێبێکیش بەو ناوەرۆکە سەرنجڕاکێش‌تر بن. بۆیەش هەڵبژاردنی ناوی ئەو گۆرانی یان مەقامە لەنێو ئەو هەموو گۆرانییە بەناوبانگەکەدا و، ئەو ناوە لەنێو ئەو هەموو ناوە گونجاوەدا، گرێی پرسیارێک بوو کە پێویستی بە کرانەوە هەبوو.  

لە پێشەکییەکی کتێبی "تۆ دەریامی‌"دا کە بە قەڵەمی یۆسف ئەحمەد، نووسراوە، لە زمان هونەرمەند خۆیەوە ئاماژە بەو گرینگییە کراوە و هاتوە: "نەمر سوارە زۆر بە تاسەوە بوو کە ئاهەنگ بۆ یەک لە شێعرەکانی دابنێم و بیبیسێ. تەنانەت زۆر جاران دەیگوت: پێم خۆشە یەکێک لە شێعرەکانم بکەی بە گۆرانی. منیش شێعری تۆ دەریامی ئەوم کرد بە گۆرانی بەڵام بە داخەوە ئەجەل مۆڵەتی پێ نەدا و هەر ئەو ڕۆژەی کە تۆمارم کرد، فەوتی کرد. هەر بۆ شادی ڕوحی شاعیری پایەبەرز و نەمری کورد، کاک سوارە، ناوی کتێبەکەشمان ناوە "تۆ دەریامی". تۆ دەریامی هەم شێعرێکی شاکارە و هەم ئاهەنگێکی شاکار."

بەو پێیە ئاوازی تۆ دەریامی بەرهەمی ڕاستەوخۆی دۆستایەتیی نێوان سوارەی شاعیر و شاڕوخی هونەرمەندە بەڵام ئاخۆ ئەوان چۆن و لە کوێ بە یەکەوە ئاشنا بوون، پێوەندیی و دۆستایەتییان چۆن بوو و ئاوازی تۆ دەریامی کە ڕەنگە بە یەکەم ئاواز لەسەر شێعری نوێ دابندرێ، چۆناوچۆن لەدایک بوو.

 

 لە ژیاننامەی هونەرمەند عەزیز شاڕوخدا کە بە قەڵەمی خۆی نووسراوە، هاتوە؛ "لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لەلایەن ساواکەوە قۆڵبەست کرام و بۆ ماوەی سێ ساڵ واتە هەتا ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی لە بەندیخانە مامەوە."

دەزانین ئەوە هەمان ساڵ و هەمان ئەو شەپۆلی قۆڵبەستکردنەیە کە تێیدا سەدان تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە نێویاندا سوارە و چاوە و هاواریش وەک سێکوچکەی نوێکردنەوەی شێعر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەبوون، دەستبەسەر کران و بۆ چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی پاشایەتی گواسترانەوە. بەو پێیە سەرەتای ئاشنایەتیی شاڕوخ و سوارە بۆ ساڵی ١٩٦٤ی زایینی دەگەڕێتەوە. ئەو کاتەی هەردووکیان وەک دوو تێکۆشەری سیاسی، بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەو ڕێگایەشەوە پشتیوانی لە شۆڕشی باشووری کوردستان، لەلایەن دەزگای ڕەشی ساواکەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی تاران دەکرێن. پاش چەند مانگ هێشتنەوەیان لە زیندانە تاکەکەسییەکاندا، بە مەودایەکی جیاواز، هەردووکیان بۆ زیندانی قزڵحەسار دەگوازرێنەوە. وا دیارە شاڕوخ زووتر بۆ ئەو زیندانە گواستراوەتەوە، چونکە وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، ئەو، لەوێ دەبێ کە لە زمان عەلی حەسەنیانی‌ (هاوار) و کەسانی دیکەوە خەبەری هاتنی سوارە دەزانێ. شاروخ، سوارە ناناسێ و حەسەنیانی تاریفی ئاستی بەرزی زانایی و توانایی ئەوی بۆ دەکا: "کە سوارە هات، بە گۆچان دەڕۆی. پرسیاری کرد؛ عەزیزی شاڕوخ لە کوێیە؟ فەقەت دەچمە کن وی! منیش بەرەوپیری چووم و لەلای دانیشتم. گوتی من تا لە زیندانێ بم، لە تۆ جودا نابمەوە."

ئەو دیدارە و ئەو قسەیە و ماوەیەک هاوبەندبوون و مانەوە لە پەنای یەکتر، شەتڵی خۆشەویستیی سوارە لە دڵی شاڕوخدا دەگوورێنێ و وەک خۆی دەڵێ هەمیشە یادی کردوە و شێعرەکانیشی قەت لەبیری ئەو ناچن. بۆ ئەوەش کە ئەو ڕاستییەمان پێشان بدا، هەرچەند بڕێک بە زەحمەت کۆپلەیەک لە شێعری "کچی بەیان"ی وەبیر دێتەوە و بۆمان دەیخوێنێتەوە. شێعرێکی دیکەی سوارە کە شاڕوخ لە کۆتایی دەیەی شەستی هەتاویدا بە مەقام گوتی و زۆری دەنگ دایەوە:

خۆشەویستەکەم!

لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە چاوی من لە دیمەنی کچی بەیانییە

لە حەنجەرەی زەمانەوە گوێم لە زەمزەمەی خیزە وردەکانی کانییە

 سوارە بێجگە لەو دیدارە کە تێیدا ڕێز و خۆشەویستیی زۆری خۆی بۆ شاڕوخ دەردەبڕێ، لە چەند فایلی گۆرانی بە دەنگی خۆی، شێوازی گۆرانی گوتنی شاڕوخ و لاسایی کردنەوەی ئەو بە ئەدای دەنگیەوە دیارە. ئەوەش دەریدەخا کە سوارە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی خۆی و هاوار و چاوە بۆ نوێکردنەوەی شێعر، هیوای ئەوەی لە هونەر و دەنگی شاڕوخ‌دا بەدی کردوە کە هاوتەریب لەگەڵ ئەوان، ئەویش بە دانانی ئاواز و شێوازی نوێ بۆ شێعری نوێ،  بەرگی نوێ بە بەر گۆرانیی کوردیدا بکا. 

سوارە زووتر ئازاد دەبێ و شاڕوخ سێ ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە تا ساڵان دەگەنە سەرەتای دەیەی حەفتای زایینی. ئەو کات شاڕوخ زۆر بە زەحمەت جێگایەک بۆخۆی لە ڕادیۆ و تلویزیۆنی مەهاباددا دەکاتەوە تا هەم خۆی و بنەماڵەی پێ بژێنێ و هەمیش پەرە بە هونەرەکەی بدا بەڵام زۆر زوو بە قسەی جاسووس و شۆفاران کارەکەی لێ دەستێندرێتەوە و بە تانەی سیاسی بوون، پاوان لەسەر بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکانی دادەنێن. بابەتەکە دەگاتەوە ناوەند و سوارە کە ئەو کات لە بەشی کوردیی ڕادیۆی تاراندا کاری دەکرد، لەلایەن بەرپرسانی ڕادیۆوە بۆ چارەسەری کێشەکە ڕەوانەی مەهاباد دەکرێ. سوارە لە مەهەباد کارمەندانی ڕادیۆ و تلویزیۆن کۆ دەکاتەوە و سەبارەت بەو جاسووسی و شۆفارییە بە توندی دەیانداتە بەر لۆمە و تەنانەت جنێوبارانیان دەکا. پاش کۆتایی کۆبوونەوە، خەڵکەکە وەدەردەکەون و سوارە و شاڕوخ زۆر بە گەرمی باوەش بە یەکتردا دەکەنەوە. هەر لەوێ سوارە شێعری تۆ دەریامی پێشانی شاڕوخ دەدا و داوای لێدەکا ئاوازێکی بۆ دانێ و بە گۆرانی بیلێ. شاڕوخ وێڕای ئاماژە بە سەختیی دانانی ئاواز بۆ شێعرێکی ئاوا، داوای لێدەکا شێعرەکەی بۆ کورت بکاتەوە؛

"کوتی؛ شێعرێکم بۆت هێناوە، پێم خۆشە کە ئاهەنگی لەسەر دانێی. شێعرەکەم کە خوێندەوە، کوتم کاک سوارە! ئەو شێعرە بێحەد زۆرە، بۆ ئاهەنگ ناتوانی، مەگە بە حەیران بیڵێی، حەیرانیش بۆ ئەو شێعرەی نابێ، ئەوە شێعری نەوە. دەبێ بەڵام ئەو ڕەسایەی نابێ و ئەو کایەی کەم کەس لە حەیرانی حاڵی دەبێ. پێم خۆشە مەقامێکی لەسەر دانێم کە خەڵک چاکی لێ حاڵی بێ. ئەلحانیش ئەو شێعرەی بزانە خۆلاسەیەکی بکەوە و بۆم بنێرەوە. [..] کاک سوارە چۆوە بە ڕەحمەت بێ، پاشی تەقریبەن مانگێکی شێعرەکەی خۆلاسە کردبۆوە؛

تۆ دەریامی

بە ڕوانینی دوو چاوی شینی بێ بنت

بە خاوێنیت، بە ئارامیت

تۆ دەریامی

بە شەپۆلی لەنجەولارت

بە تووڕەیی جار بە جارت

تۆ دەریامی.. تۆ دەریامی.

خودایە! ئەو شێعرە چ ئاهەنگێکی لەسەر دانێم؟! چون شێعرەکە شێعری نەو بوو، بۆ لەحنی ئاسان نەدەچوو. ئەزقەزا ڕۆژێکی دەچوومەوە ماڵێ، ئەو ئاهەنگەم بۆ هات؛

تۆ دەریامی...

......................

خێرا زەبتم کرد. پاشی... لەو لەحزەیەدا یادی بەخێر هونەرمەندی گەورە سەیاحی هاتبوو.. سێ ساڵان بەرنامەی خاو و خێزانم دەنووسی، هاتوچۆی ئەوێم دەکرد. ئەگەر تەمەشام کرد سەیاحی لەوێیە. کوتم وەرە توخودا نەوارێکی زەبت کەین. بڕێکم ئاهەنگی تازە پێیە، جا دەیناڵی بۆ قەرەنەی وی. کوتم ئاوام بۆ لێدە.. لێیدا... جا نازانم گوێت لێ بووە یان نا، شاهکارە. نەوارەکەمان زەبت کرد. گوزەرا تا ئەمن بتوانم تەماس لەگەڵ کاک سوارەی بگرم و پێی بڵێم ئاهەنگەکە ئامادەیە و بۆت دەنێرم. ئەزقەزا هەر ئەو چەند ڕۆژەی بوو کە کاک سوارە ئەمری خودای کرد. ئیدی ئەمن نەمتوانی بۆی بنێرم."

 ئەوە کە شێعری "تۆ دەریامی" بۆ گۆرانی تا ڕادەیەک درێژ و دەتوانێ گۆرانیبێژ زۆر ماندوو بکا، ڕاستە، بەڵام ڕەنگە هەموو گلەییەکەی شاڕوخ هەر لەبەر درێژیی شێعرەکە نەبووبێ. ئەو کە تازە بە یارمەتیی سوارە لە درۆی خەڵک و دەهۆی ساواک ڕزگاری بووە، سروشتییە ئەگەر پارێزی لە گوتنەوەی شێعرێک کردبێ کە باسی گرمەی تۆپ لە چیاکان و خەنجەری تۆڵەی ڕق تیژ دەکا.

بەڵام ئەی کیژ

ئەی چاو نەرم

ئەی خەنجەری تۆڵەی ڕق تیژ

ئەمڕۆ من لە خەستەخانەم

نە وشیارم نە لەسەرخۆ

لایەکی بیرم لای ئەو گەنجەیە

بە دەمی برین پێکەنی

بەشوورەی وەک پۆڵای لەشی

ڕێگای چەکمەی سووری خوێن و

دەستی ڕەشی بەعسی تەنی

لایەکی بیریشم لای تۆ

نا ئەی هەنیەت وەک مانگەشەو

نا دەریای مەندی چاوبەخەو

گڕی ئاخ بەر مەدە گیانم

بە نیگای ئاشنای لێ کوژراوان مەمتاسێنە

خۆم زامارم

بە خوێی توانج

مەمکولێنەوە، مەمسووتێنەوە

مەڵێ خۆزگە دەزگیرانم

پاڵەوپشتی ژیانم

بمردایە...!

***

بەڵام ئەمڕۆ

کە هەر ساتێ دڵی دایکێ

لە کوردستان هەڵئەقرچێ

بە هەر بۆمبای سووتێنەرێک، پێشمەرگەیەک

داری چاکێک دائەقرچێ

نەتکوتبایە لایەکی بیرم لای تۆیە

مەگری و مەڵێ دەزگیرانت ڕەنجەڕۆیە

بەو زارەی لە زەردە زیزە

بە ئارامی کە شێوەی دڵمەندی تۆیە

مەڵێ بەس ئەم گوفتوگۆیە

تۆ لات وایە

من نازانم

سکاڵای دڵداری خۆشە

بەڵام ئەمڕۆ من بەشێکی کوردستانم

کیژی سەد برا کوژراوی نیشتمانم

تازەماسیی تاسەباری دەستی تینووت

ڕێی نییە بۆ دەریای سینەم

هێندی خوا خۆشەویستی

بەڵام من کیژێکی کوردم

جەهەننەمە گڕی سینەم

ئەم کورتکردنەوە یان کەمکردنەوەیە وای کردوە کە پەیامی سیاسیی شێعرەکەی بە تەواوی نەگا و زیانیشی لە کاری هونەرمەند داوە بەو حاڵەش ئاواز و دەنگ و موسیقایەک کە بە بەر ئەو شێعرەدا کراوە، کارێکی نوێ و وەک هونەرمەند خۆی بە حەق دەڵێ شاکاری خوڵقاندوە. 

 هەڵبەت تۆ دەریامی تاکە کاری شاڕوخ بۆ شێعری سوارە و شێعری نوێ بە گشتی نییە. ئەو چەند بڕگە لە شێعری درێژی "خەوە بەردینە"شی بە ئاواز خوێندوە و لە کۆتاییەکانی دەیەی هەشتای هەتاوی، شێعری کچی بەیانیشی خوێند کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. بێجگە لە شێعری سوارە، شاڕوخ هەروەها دارێنەی موسلیح شێخولئیسلامی کە بۆ شەهید سمایلی شەریفزادە وتراوە و چەند شێعری عەبدوڵا پەشێویشی بە ئاواز وتووە بەڵام وەک خۆی دەڵێ هیچیان ناگەنەوە بەو کارەی کە بۆ تۆ دەریامی ئەنجامی داوە. خۆشەویستیی شاڕوخ بۆ سوارە و بۆ ئەو شێعرە و بۆ ئاواز و گۆرانییەک کە بە هاوکاریی هونەرمەند قادری سەیاحی بە بەر ئەو شێعرەیدا کردوە بە ڕادەیەکە کە کتێبی ژیان و گۆرانییەکانی خۆی بە ناوی "تۆ دەریامی" نووسیوە کە ساڵی ٢٠٠٣ لە هەولێر و دواتر لە سەقز جارێکی دیکە لە چاپ درایەوە.  

"تۆ دەریامی" ڕەنگە یەکەم ئاواز بێ کە لەسەر شێعرێکی نوێ داندراوە. تا ئەو کات لە نێو مووزیکی کوردی و فارسیشدا نموونەی دیکەی لەو شێوەیە دەگمەن یان هەر نەبوو. ئەویش بۆ گۆرانیبێژێکی خۆڕسک کە قوتابخانەی موزیکی نەدیتبوو و بە تایبەتیش مۆسیقای نەخوێندبوو. وا دیارە سوارە وەک دوڕناسی دونیای ئەدەب و هونەر، زۆر بە وردی توانای دەنگ و هونەری هونەرمەند عەزیزی شاڕوخی هەڵنابوو و دەیزانی شکاندنی ئەو ڕچەیە هەر لە دەست ئەو دێ. یەکەم ئاواز و گۆرانی بۆ شێعری نوێی فارسی چەند ساڵێک دوای ئەو کارەی شاڕوخ ئەنجام درا و سەرنجڕاکێشیش ئەوەیە کە ئەویش هەر لە لایەن کوردێکەوە (شەهرامی نازری) خوێندرا.

<iframe width="560" height="315" src="https://www.youtube.com/embed/qM8AHPAQPvk?si=ZHaUE7g-dm0gSB33" title="YouTube video player" frameborder="0" allow="accelerometer; autoplay; clipboard-write; encrypted-media; gyroscope; picture-in-picture; web-share" referrerpolicy="strict-origin-when-cross-origin" allowfullscreen></iframe>

بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...