۸/۲۶/۱۳۷۰

بۆ جوانێک


نازت گەلێ جوانن بە خرینگەی بازن

چاوت کە دوو ڕاوچین لەسەرم هی بازن

کەشم و نەشم و لار و لەنجەت ڕێکن

پێشخزمەتی جوانیتن و مەستی نازن

ماندووم، لەبۆ ئۆخژنێ هاتوومەتە لات

چ بکەم کە مژۆڵت لە دێدا مومتازن

هەوا تووشە لە چیا، من نیگەرانی ڕێمە

شەڕەبا و بەفر و کڕێوە لە ڕێدا پێشوازن

شەو درەنگە و وەخت تەنگە دەبێ هەستین و بڕۆین

ئەگینا جوانی دەم و لێو و مەمت دڵخوازن

١٣٧٤ ناوچەی مەهاباد

۳/۰۵/۱۳۷۰

شێعر و مۆسیقا

 دەڵێن هەتاو گۆیەک گڕە و

کەس ناتوانێ خۆی لێ بدا

دەڵێن ئاسمان هێندە دوورە

کەس نەبووە دەستی پێی بگا

کەچی سەیرە

من گەلێ جار

بە هاوڕێیی سۆزی شێعر و

دەنگی پیرۆزی مۆسیقا

نەک دەستەملانی هەتاو بووم

تا ئاسمانی حەوتەمیش چووم

مەهاباد – ٥/٣/١٣٧٠

بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...