۷/۰۵/۱۴۰۳

ئەدەب و هونەری بەرەنگاری لە گوتار و کرداری دوکتور قاسملووی ڕێبەردا

تاهیر قاسمی

دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو لەو دەگمەن ڕێبەرانە بوو کە دەسەڵات و شارەزایی بەسەر زۆرێک لە بوارە جۆراوجۆرەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو. هەر لە زانستی ئابووری و سیاسەتەوە هەتا زمان و ئەدەب و شێعر. دوکتور کەمال مەزهەر لەو کەسانەیە کە قاسملووی ڕێبەری لە نیزیکەوە دیتووە و لەم بارەوە ئۆباڵی بۆ کێشاوە:

"هەمیشە گوڵی سەردەستەی مەجلیس بوو، لەسەر هیچ پەکی نەدەکەوت، لەگشت بووارەکاندا- سیاسەت، مێژوو، ئەدەب و هەر بووارێکی تردا شۆڕەسواری مەیدان بوو، تەنانەت دەنگوئاوازیشی لەگەڵ باسەکاندا دەگۆڕدرا، بۆیەکا ئەوەی نەیناسیبایە نەیدەزانی ئەو کەڵە پیاوە سیاسییە، یان شاعیر و ئەدیب و زانا و مێژوونووس و زمانە‌وانە، چونکە ئەو لەڕاستیدا هەموویانی بەسەریەکەوە بوو.[1]

هەر لەم پێوەندییەدا مەسعوود محەممەدیش شاهیدی دەدا و دەڵێ:

" راپەرموونم بە قاسملوو بێ مەرایی، لە پلەیەکدا بوو پلەی دیکەی بە دواوەدا نەدەهات. لەو رووەوە کە دڵنیا بووم دەیتوانی بە چەند زمانێک لە سیاسەت و ئەدەب و زانست و هونەر و ... تا دەگاتە نوکتەی رۆشنبیرانە مەجلیس ئارایی بکات و زاخاوی مێشکی گوێدێڕان بدات"[2].

ئەم توانایی و تایبەتمەندیانە بوون کە دوکتور قاسملوویان لە سکرتێری حیزبێکی نەتەوەییەوە کردبوو بە ڕێبەرێکی نەتەوەیی‌. تایبەتمەندیگەلێک کە لە مێژووی خەباتی نەتەوەیی کورددا ئەویان کرد بە ڕێبەرێکی دەگمەن و تاقانە. ڕێبەرێک کە لە بوارە جوراوجۆرەکان و لە سەردەمە جیاوازەکاندا وڵامدەری پێویستییەکانی سەردەم بوو.

 

بۆ نەتەوەیەک کە سەدان ساڵە داگیر کراوە و شوناس و هەبوونی لەژێر هێرش و هەڕەشەی داگیرکەردایە، پاراستن و پەرەدان بە فەرهەنگ و زمان و بەها نەتەوەییەکان گرینگترین ئامرازی بەرخودان و بەرگری لە توانەوەیە. پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی، هەوڵدان بۆ ئاخاوتن بە زمانێکی ڕەسەن و پاقژی نەتەوەیی، پاراستنی دابونەریت و تەنانەت نووسین و بڵاوکردنەوەی بەڕواڵەت بێلایەن و نێوترالیش دەکەوێتە خانەی بەرگریی نەتەوەییەوە. بەڵام بۆ نەتەوەیەکی ڕزگاریخواز و بۆ بزووتنەوەیەکی خەباتکاری نەتەوەیی، تەنیا پاراستن و پەرەدان بە زمان و فەرهەنگ بەس نییە. لە کاتی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەدا ئەدەبیات و هونەری نەتەوەیی دەبن بە چەک و بەگژ داگیرکەردا دەچنەوە. لەم بەگژداچوونەوە فەرهەنگی - سیاسییەوە هونەر و ئەدەبی بەرەنگاری بەرهەم دێ. بوارێکی ئەدەبیات و هونەری نەتەوەیی کە لە هزر و ڕوانینی دوکتور قاسملووی ڕێبەردا لەسەرەوەی بوارەکانی تردا داندراوە و گرینگی پێ دراوە. لە خوارەوە ئاوڕ لەو بوارە ئەدەبی و هونەریانە دەدەینەوە کە لە گوتار و کرداری دوکتور قاسملوودا بایخیان پێ دراوە و بە گرینگتر زانراون؛


الف؛ زمان

زمان لە هەموو فاکتەرەکانی دیکە زیاتر هۆی مانەوەی نەتەوەیەکی بندست و لەژێر هەڕەشەیە. لەوەش زیاتر ئامرازی بەهێزی هاوپێوەندی و یەکگرتوویی ئەو نەتەوەیەیە. لەدەستدانی زمان لەڕاستیدا سەرەتای توانەوەی نەتەوەیەکە. هەر بەو پێوانەیەش، نەتەوەیەکی ژێردەست هەتا بتوانێ زیاتر خۆی لەژێر نیر و هێژەمۆنیی زمانی نەتەوەی باڵادەست ڕزگار بکا، هەنگاوێک زیاتر خۆی لە ڕزگاری نیزیک دەکاتەوە. دوکتور قاسملوو لەو ڕێبەرانە بوو کە زۆر باش دەرکی بەو ڕاستییە کردبوو. ئەوە نەک تەنیا لە هەوڵەکانیدا بۆ نووسین و چاپ و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی  تەنانەت لە قسەکردن و شێوەی ئاخاوتنیشیدا بە ڕوونی ڕەنگی دەدایەوە.

 

دوکتور قاسملوو بەپێی لەدایکبوون و گەورەبوون لە شارێکی فرە نەتەوەی وەک ورمێ و خوێندنی قوتابخانە بە زمانی داسەپاوی فارسی، پاشان ژیان و خوێندن لە تاران و سەرەنجام تێکۆشان لەنێو حیزبێکی فارسزماندا، زمانی فارسی بە پلەی یەکەم دەزانی و زۆری تێدا شارەزا بوو. ئەوە لە درێژەی خەبات و تێکۆشانی سیاسی و تەنانەت نەتەوەییشدا زۆر بە کەلکی خۆی و نەتەوەکەی هات. زۆر باش توانی بە زمانی نەتەوەی باڵادەست و شارەزاتر لە تاکێکی سەر بەو نەتەوەیە، قسەی پێ بکا، پێی بنووسێ و بەرگری لە مافەکانی نەتەوەکەی و لە ئامانج و بەرنامەکانی حیزبەکەی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکا. بەڵام ئەوە وای نەکرد کە لە زمان و فەرهەنگی خۆی و نەتەوەکەی خافڵ بێ و هیچکات تەسلیمی ئەو باڵادەستییەی زمانی فارسی نەبوو. ئەو زمانی کوردی بە هاوشانی زمانە دراوسێکانی دەزانی هەر هەوڵێک بۆ گرێدانی ئەم نەتەوەیە و زمانەکەی بە نەتەوە و زمانی دراوسێکان بە بەراوەژوو نیشاندانی مێژوو لەقەڵەم دەدا: "هێندێک لە “مێژووناسان” بە ئانقەست راستییە مێژوویییەکان بەراوەژوو نیشان دەدەن، بۆ ئەوەی بەهێنانەوەی هێندێ بەڵگەی بێ ئەساس، ئیسبات بکەن کە کورد لە ڕەگەزی سامییە یان تورکە. هێندێکی تر خزمایەتیی نێوان زمانی فارسی و کوردی و ئەوە کە هەر دوو زمانەکە دەچنەوە سەر لقی زمانە ئێرانییەکان دەکەنە بەڵگەی ئەوە کە کورد بە فارس دابنێن. بە کورتی دان بە بوونی کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ دانانێن و پەرەئەستاندنی مێژوو بەراوەژوو نیشان دەدەن[3].”

هێمن - غەنی بلووریان، د. قاسملوو - مامەقالەی دەبباغی - مەلا ئەحمەدی فەرهەنگ - خەجیجی حەمەدەی

دوکتور قاسملوو سەرەڕای ئەوە کە ئاستی شارەزایی لە زمانی کوردیدا لەحاند زمانی فارسی لە پلەی دووهەمدا بوو و ئەو زاراوەیەش کە وتارە سیاسییەکانی پێ بەیان دەکرد، هەمان زاراوە نەبوو کە لە منداڵییەوە فێری ببوو و لە بنەماڵەدا قسەیان پێ دەکرد، لەکاتی قسەکردندا هەوڵی دەدا ڕەسەنترین وشەکان بەکار بێنێ و بە کوردییەکی پاقژ و ڕەوان قسە بکا و بنووسێ. لە کاتی ئاخاوتندا ئەگەر لەجێیەک بەهۆی خزمەت نەکرانی زمانی کوردی یان بۆ دوور نەکەوتنەوە لە زمانی ئاخاوتنی خەڵک، وشەی جێکەوتووی بێگانەی بەکار هێنابا، هەوڵی دەدا هاوکات هاوتا کوردییەکەشی وەبیر گوێگر بێنێتەوە. بەوانەش ئاستی شوێندانەری و کاریگەریی وتەکانی هیندەی دیکە لەسەر گوێگری کورد بەرز دەکردەوە. بەرامبەرکردنی وشەکانی گەل و میللەت لەگەڵ ئەوەدا کە میللەت باری سیاسی و نەتەوەییتری هەیە و هەروەها وشەکانی زەحمەت و تێکۆشان لە گوتاری بەنێوبانگی شەهیددا نموونەیەک لە گرینگیدانی دوکتور قاسملوو بە زمانی کوردی و بە وشەی ڕەسەنی کوردی پێشان دەدا:

"گەلێک ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا. هیچ میللەتێک بەبێ زەحمەت و تێکۆشان، بەبێ فیداکاری، بەبێ بەختکردنی ڕۆڵە بەنرخەکانی خۆی بە ئازادی نەگەیشتووە. گەلی کوردیش، وە حیزبی ئێمەش کە پێشڕەوی خەباتی گەلی کوردە، لەمێژە ئەوەی دەزانن کە ئازادی فیداکاری دەوێ، خۆ بەختکردنی دەوێ..."

 

دوکتور قاسملوو لاگری زمانێکە کە "پەتی و پاراو بەڵام درووستکراو نەبێ"[4]. "زمانێک کە کوردی جووتیار، کوردی کرێکار، شوان و سەپان پێی دەدوێن" بەڵام "لەنێو قالبی زمانی ئەدەبی و ڕێزمانی کوردی‌دا".[5] "زمانێک کە "نە پڕ بێ لە وشەی بێگانە و نە وشەی دەسکردی تێدا بێ. زمانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێ [..] زمانێک کە هەم ئەدیب و نووسەری کورد پێی خۆش بێ و هەم نەخوێندەواری کورد لێی حاڵی بێ."[6]

گرینگیی زمان لای دوکتور قاسملوو تەنیا لە قسەکردنی پاراو و بەکارهێنانی وشەی ڕەسەندا نییە. گرینگیدان بە چاپ و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی یەک لەو بوارانەیە کە دوکتور قاسملوو لە هەر کوێی دنیا بووبێ، کاری بۆ کردووە و هەوڵی بۆ داوە. سەرپەرەستیی بڵاوکردنەوەی چەند ژمارەی "کوردستان" لە تاران لە مەودای نێوان ساڵەکانی ١٣٣٢ تا ١٣٣٦ لەحاڵێکدا ئەو هێشتا ئەندامی حیزبی توودە بوو، چاپی ٢٥ ژمارەی کوردستان بە دوای ئاوارەبوونی لە دەرەوەی وڵات لە دەیەی چلی هەتاویدا و گرینگیدانی بە بەردەوامیی دەرچوونی ڕۆژنامەکە دوای ئەوەی بوو بە سکرتێری گشتیی حیزب، تەنیا نموونەیەک لە ڕادەی گرینگیی نووسین و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی لای دوکتور قاسملوو پێشان دەدا.

ئەو کە وەک هاوتەمەنەکانی، سەرەڕای ئەوە کە بواری خوێندن بە زمانی نەتەوەیی خۆی نەبوو، لەگەڵ ئەوەدا کە قوتابخانە و زانستگای بە چەند زمانی جیاواز لە زمانی نەتەوەیی خۆی خوێند و ئەگەرچی بواری خوێندن و لێکۆڵینەوەی ئەو لەسەر زمان بە گشتی و زمانی کوردی بە تایبەتی نەبوو بەڵام ئاستی شارەزایی خۆی لە زمانی کوردیدا تا ئاستی مامۆستا و زمانزانێک بەرز کردەوە. بەجۆرێک کە هەر لە سەرەتای دامەزرانی کۆڕی زانیاریی کورددا یەکێک دامەزرێنەران و لە ئەندامانی کارای کۆڕەکە بوو.[7]سەرەڕای ئەوە لە مەودای نێوان ساڵەکانی ١٣٥٥ – ١٣٥٧دا، هاوکات کە سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، مامۆستای زمان و شارستانییەتی کورد لە زانستگای سۆربۆنی پاریسیشی بە ئەستۆ گرتبوو.[8] بە کورتی زمان و پەرەدان بە زمانی کوردی لای دوکتور قاسملوو سەنگەرێکی گرینگی خەباتی نەتەوەیی بوو کە بۆخۆی زۆر شێلگیرانە لێی دامەزرابوو. 


          ب. فۆلکلۆر:

نەتەوەیەک کە دەسەڵاتی خۆی بەدەست خۆیەوە نەبووە، قوتابخانە تێیدا دەگمەن و خوێندن و خوێندەواری تێیدا کەم و ئەگەر هەشبووبێ بە زمانی بێگانە بووە، ئەدەبی فۆلکلۆری لەچاو نەتەوەکانی دیکە دەوڵەمەندترە و گرینگیی زیاتری هەیە. دوکتور قاسملوو وەک هەر ئۆگرێکی زمان و فەرهەنگی کورد، گرینگیی فۆلکلۆر و دەوڵەمەندیی ئەدەبی فۆلکلۆریکی نەتەوەکەی دەزانی: "فۆلکلۆری کوردی زۆر دەوڵەمەندە و لەبەر ئەوە میللەتەکە نەخوێندەوار بووە لە ڕێگای ئەو بەیت و گۆرانییانەوە کە مێژووی شەڕەکانی کەونارا و دڵداری دەگێڕنەوە پشت بە پێشت بە میرات هاتووە، لەبیر نەچۆتەوە."[9]

گرینگیی فۆلکلۆر لای دوکتور قاسملوو تەنیا گێڕانەوەی ڕووداوە ئاساییەکان نییە. لەوە گرینگتر تۆمارکردن و گێڕانەوەی ئەو بەرخۆدان و بەرەنگاریانەن کە "باسی قارەمانەتیی گەلی کورد لە خەبات دژی داگیرکەرانی بێگانە دەگێڕێتەوە[10]." لەم پێوەندیەشدا بە تایبەت ئاماژە بە بەیتی دمدم دەکا کە "ئێستاش لە هەموو شوێنێکی کوردستان لەسەر زارانە و باسی خەباتی کوردەکان دژی لەشکری شاعەبباس لە چەرخی حەڤدەدا دەکا"[11]. ئەگەر بەرخۆدانی خانی لەپزێڕین لە قەڵای دمدم بە یەکەم بەرخۆدانی نەتەوەیی کورد هەژمار بکەین، ئەوە لەدایکبوونی بەیتی دمدمیش بە یەکەم چامەی بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەی کورد هەژمار دەکرێ. بەیتێک کە بە هەردوو زاراوەی کورمانجیی ژووروو و سەروو لە فۆلکلۆردا بە هەراوی ڕەنگی داوەتەوە؛

دمدمم بەردی مەیدانێ

لێیاندا تۆپی ئیسفەهانێ

تۆز گرتی بەری عاسمانێ

مەردچاک تێیدا دەگرن مانێ

بۆ رۆژی ئاخرەت زەمانێ[12]

 

یان؛

دمدمۆ بەرەکە پانە ‏

ئارمانجێ تۆپ و تفەنگانە

عەگید هەر خانێ کوردانە[13]

گرینگیی ڕەنگدانەوەی بەرخۆدان و ڕۆحی بەرگریی نەتەوەیی لە فۆلکلۆردا لای دوکتور قاسملوو لە کتێبی "چل ساڵ خەبات"یشدا بەرچاوە. ئاماژە بە سروودی "فەرهوو" وەک قارەمانێکی بەرخۆدانی ئارارات یەک لەوانە:

دی ڕابە بیرهوو، دی ڕابە ڕابە        ئارارات بۆچی هێشتت خرابە[14]

ڕەنگدانەوەی ملنەدانی کورد بە چوون بۆ سەربازی و ئیجباری نەکردن بۆ ڕەزا شا یەکێکی دیکە لەو بابەتە فۆلکلۆریانەیە کە لە ڕوانگەی دوکتور قاسملوودا دەچێتە خانەی بەرگری نەتەوەییەوە؛

یاخوا ڕەزاشا تەختت وەرگەڕێ       ئیجباریی کوردی دەبا بۆ شەڕێ[15]

 

ج- شێعر

لەنێو ئەدەبیاتی کورددا شێعر باوترین و ناسراوترین جۆری ئەدەبە. لە ڕابردوودا زیاترین ئەدیبان و قەڵەمبەدەستانی کورد بوون بە شاعیر و هەست و گێڕانەوەکانی خۆیان لە قالبی شێعردا نووسیوەتەوە. بەو پێیەش شێعر لەنێو کورداندا خوێنەری زیاتری هەبووە. دوکتور قاسملووش وەک زۆربەی تاکی کورد ئۆگرییەکی زۆری بە شێعر هەبوو. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێ کە پێی وا بوو "زمانی کوردیش زمانێکی شاعیرانەیە."[16] ئەو بۆخۆی لەم بارەوە دەڵێ: "زۆر ئۆگری خوێندنەوەم، لە کوردستان هەموو گۆڤار و ڕۆژنامە خاریجی و ئێرانییەکان دەخوێنمەوە. زۆریش ئۆگری خوێندنەوەی ڕۆمان و کتێبە زانستییەکانم، بەڵام بۆخۆم شێعرم زۆر پێ‌خۆشە. لە کوردستان شەوی شێعر پێک دێنین و من شێعر دەخوێنمەوە [..]لە هەلومەرجی ئێستادا وەک دەزانن تێکۆشانی سیاسی بەتایبەتی کاتێک تۆ بەرپرس بیت و شەڕی نێوخۆییش لەگۆڕێدا بێت، گیروگرفتت بۆ دێنێتە پێش کە بەداخەوە تۆ ناتوانی بەشێوەی سیستماتیک و بە ئیشتیای خۆت ئۆگری بە شێعر یان مۆسیقا درێژە پێ بدەی."[17] بەڵام ئۆگریی ئەو تەنیا بۆ شێعری کوردی نەبوو. ئەو شێعری شاعیرانی فارسی ڕەنگە زیاتر لە شاعیرانی کوردیش خوێندبۆوە و لەبەری بوون. هەبوونی دیوانی شێعری گەلێک لە شاعیرانی ڕۆژئاوایی بە تایبەت شاعیرانی فەرانسەیی وەک بودلێر و کۆکتۆ و ژاک پریڤێر و ڕۆنێ شار لە کتێبخانەکەیدا ئۆگری و شارەزایی ئەو بۆ شێعری جیهان نیشان دەدا.[18] لە کۆڕی هاوڕێیانی‌دا بە شێعرناس و بە کەسێک کە زۆرترین ڕێژەی لە شێعری شاعیران لەبەرە، ناسرابوو. زۆر زوو هاوسەرە ئۆرووپاییەکەی لەگەڵ شێعری کوردیش ئاشنا دەکا و لەم دەلاقەوە زیاتر ئۆگری زمان و فەرهەنگی ڕۆژهەڵات بە تایبەت کوردی دەکا[19]. لەنێو کۆڕی هاوڕێیانیدا هەر کات دەرفەتێکی بۆ هەڵکەوتبا، شەوە شێعری ڕێکدەخست و کێبەرکێی شێعر خوێندنەوەی لەگەڵ هاوڕێیانی شاعیر و شێعرزانی دادەمەزراند و لەم ڕێگایەوە چێژی بە بەشداران و بە گوێگران دەبەخشی[20]. ئەو ئۆگرییەکی زۆری بە شێعری شاعیرانی کلاسیکی کورد هەر لە بابەتاهیر، مەلای جزیری، خانی‌ و مەولەوییەوە هەتا پیرەمێرد، ئەحمەد موختار جاف، هەژار، هێمن و قەدریجان[21] هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا لاگری نوێبوونەوە و بەرەوپێشچوونی شێعریش وەک هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان بوو. لەم سۆنگەیەدا ئۆگریی زۆری بە گۆران هەبوو و لەم بارەوە دەڵێ؛ "گومان لەوەدا نییە کە عەبدوڵڵا گۆران چ لە نێوەرۆکی شێعرەکانی‌دا و چ لەو شێوە تازانەدا کە لە شێعردا دایهێناون و چ لە ڕەوانی و بژارکراویی ئەو کوردی‌یەدا کە شێعری پێ گوتووە، گەیشتۆتە لووتکەی ئەدەبی نوێ و شێعری لە قەید و بەندی شێعری کلاسیکی کوردی ڕزگار کردووە و بەو هۆیەوە ئاسۆیەکی نوێی بۆ گەشەکردنی زیاتری شێعری کوردی کردۆتەوە."[22] گۆران لەو دەگمەن شاعیرانەیە کە دوکتور قاسملوو بە تایبەتی وتاری لەسەر نووسیوە، لە دە ساڵەی کۆچی دواییدا یادی کردۆتەوە و شێعرەکانی هەڵسەنگاندووە. سەرەڕای بوونی دەیان کەڵە شاعیری کورد لە سەدەی بیستەمدا، گۆرانی بە شاعیری چەرخی بیستەمی کورد هەڵبژاردووە.[23] هۆکارەکەش ئەوەیە کە پێی وایە "بیری نوێ پێویستی بە شێوەیەکی نوێ هەبوو کە خۆی تێدا بنوێنێ" و گۆران ئەو کارەی کرد. بەوەش "شێعر ئازاد بوو، شێعر ڕزگار بوو بۆ ئەوەی بتوانێ لە چوارچێوەیەکی تازەدا بیری نوێ داڕێژێ، بۆ ئەوەی لێکدانەوەی دەروونی لە قسەی زمانی دوور نەبێ".[24]

  دوکتور قاسملوو ئازادیی شێعری لە گەڕانەوە بۆ سەر ڕەسەنایەتی و کێشی خۆماڵیدا دەبینی و پێی وابوو ئەوە "لەگەڵ سرووشتەکانی زمانەکەمان چاکتر ڕێک دەکەوێ." ئۆگریی ئەو بۆ نوێکردنەوەی چوارچێوەی شێعر، لە ڕوانینی بۆ شێعرەکانی هێمنیشدا ڕەنگی داوەتەوە و لەم بارەوە دەڵێ: "پاش ماوەیەکی سەرەتایی شێعر گوتن، هێمن بەرەبەرە دەگەڕێتەوە سەر شێوەی ئەدەبی ئەسیلی کوردی، خۆی لە قافیە و وەزنی شێعری کلاسیکی ڕزگار دەکا و شێعرەکانی لە بەستەی کوردی دەچن، لەو بەستەیەی کە شاعیر هەموو ڕۆژێ لە لادێ دەیبیسێ، بەستەیەک کە چوارچێوەی بۆ داڕشتنی شێعری کوردی لەبارترە و زمانی کوردی لە تەنگ و چەڵەمە ڕزگار دەکا و وەک چۆمێکی خرۆشانی لێ دەکا کە بۆ لای دەریای بێ سنوور دەڕوا. جارجار کە ئینسان شێعری هێمن دەخوێنێتەوە، گۆرانی وەبیر دێتەوە."[25]

 

دوکتور قاسملوو گۆرانی تەنیا لەبەر بەکارهێنانی وشەی جوان و ڕەسەن یان ئازادکردنی چوارچێوەی شێعر  خۆش ناوێ. ئەو گۆران بە "خەباتکارێکی ئازا و بەجەرگ لە ژیان و شێعری خۆیدا" هەڵدەسەنگێنێ کە "هەرگیز سەری بۆ زۆرداران دانەنواند"، تەنگ و چەڵەمە و زیندانی چێشت "بەڵام بە بیروباوەڕی خۆی بە گەل و نیشتمانەکەی وەفادار ما". ئەو بۆچوونە ڕەد دەکاتەوە کە پێی وایە گۆران شاعیری دڵدارییە و لە شێعرە نیشتمانییەکانیدا، پایەی شێعرەکانی نزم دەبێتەوە. ئەو هەڵبەستی نیشتمانیی گۆران بە "نموونەی کەموێنەی جوانیی مانا و وشە"[26] دەزانێ.

 

گرینگیی شێعری بەرەنگاری لای دوکتور قاسملوو لەو پێشەکییە بەناوبانگەدا کە بۆ تاریک و ڕوونی مامۆستا هێمی نووسی، زیاتر خۆی دەردەخا. لە پلەی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستاندا و لە سۆنگەی شێعرە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیدا، جارێکی دیکە داکۆکی لە "شاعیری گەل" دەکاتەوە و پێی وایە شێعری هێمن "هەر لە سەرەتاوە لە دڵی هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر کاریگەر بووە و ئەوانی بەرەو خەبات لە پێناوی ڕزگاریی کورددا هان داوە."[27] چونکە "هێمن لە شێعری خۆی‌دا زۆر جار باسی زۆرلێکراویی نەتەوەی کورد دەکا، لە مافی خوراوی گەل دیفاع دەکا، ئارەزووی ئەوەیە کوردی هەرچی زووتر لە ستەمی نەتەوایەتی ڕزگاری ببێ، بوونی ئەو ستەمە بە سەرچاوەی زۆر بەدبەختی و کوێرەوەری و بێبەشی دەزانێ."[28]

 

          د. فەرهەنگ و هونەر

داکۆکی لە فەرهەنگ و هونەری نەتەوەیی کورد هەر لە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی‌یەوە هەتا نیزیکایەتی و دۆستایەتی و پشتیوانی لەو هونەرمەندانەی کە هونەرەکەیان دەچێتە بواری هونەری بەرەنگارییەوە، ئاستی ئۆگریی دوکتور قاسملوو بە فەرهەنگ و هونەری نەتەوەکەی پێشان دەدەن. ئەو لەنێو خەڵک و لە ڕیزی هاوڕێکانیدا بەردەوام بە جامانە و جلوبەرگی نەتەوەییەوە دەردەکەوت. لە شایی و زەماوەندی دۆستان و هاوڕێیانی پێشمەرگەیدا هەڵدەپەڕی. پێی وابوو؛ "نەتەوەی کورد شانازیی فەرهەنگێکی لەمێژینەی هەیە، بەڵام داگیرکەرە ‏‏بێگانەکان بەتایبەتی تورک و فارسەکان کە نەخشەی بێ‌شەرمانەی تواندنەوەی کوردیان ‏‏بەدەستەوەیە، بەرهەمە فەرهەنگی‌یەکانی کوردیان یا داگیر کردوە، یان لەناویان بردووە."[29]‏ ئۆگری خوێندنەوە بوو و هاوڕێکانی بۆ موتاڵا و خۆ ئامادەکردن بە چەکی زانین و تێگەیشتن هان دەدا. هەم لە ماڵەکەی خۆیدا و هەمیش لەنێو حیزبەکەیدا گرینگیی زۆری بە دانانی کتێبخانە و پەرەدان بە فەرهەنگی کتێبخوێندنەوە دەدا. بۆی گرینگ بوو کە کتێبخانەی ناوەندیی حیزب لە هەر بارودۆخێکدا کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند و ئاوەدان بێ. لە هەموو ئۆرگانەکانی دوور لە ناوەندی حیزبیش پشتیوان و هاندەری دامەزرانی کتێبخانە بوو. ئۆگری هونەر و ئەدەبیاتی بەرەنگاری بوو. دەسپێکی شانۆ بەتایبەت شانۆی دایکی نیشتمانی بە یەکێک لە دەسکەوتە گرینگەکانی کۆماری کوردستان دەزانی؛ "بەتایبەتی ئەگەر سەرنج بدەین کە ٩٠ لە سەدی خەڵک لەو کاتەدا نەخوێندەوار بوون، ئەم جار گرینگیی تەئاتری کوردی زیاتر بەرچاو دەکەوێ".[30] هەروەها دانانی سروودی نەتەوایەتیی ئەیڕەقیب لە کۆماری کوردستاندا کە "پاش سەد ساڵ گەلی کورد توانی فەرمانڕەوایی نەتەوەیی خۆی دابمەزرێنێ و دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ. بۆیە پێویست بوو هەر وەک ئەم سروودە دەڵێ بگوترێ کە ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کوردزمان، کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە".[31] "زۆر گرینگ و سەمبولیک بوو کە هاوار بکرێ و بگوترێ نەتەوەی کورد هەر ماوە، نەتەوەی کورد هەر زیندووە."[32]

دوکتور قاسملوو لە ژیانی تایبەتیی خۆیشیدا گرینگیی بە هونەرمەندانی کورد دەدا. دۆستی نیزیکی هونەرمەندی نەتەوەیی کورد محەممەدی ماملێ بوو. ماملێش وەک تێکۆشەرێکی کورد و ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە تەنگانەدا دەرگای ماڵەکەی بۆ دەکردەوە، داڵدەی دەدا و میوانداریی دەکرد.[33] لە زمان دوکتورەوە دەگێڕنەوە کە " کاک محمد، ھونەرمەندێکی گەورەی سیاسی کوردە، چونکە ھەمووکات لەگەڵ ھەستان و کەوتندا ئاشنایە".[34]

شڤان پەروەر و گوڵستان دوو هونەرمەندی نەتەوەیی تر بوون کە خۆشەویستیی زۆریان لای دوکتور قاسملوو هەبوو. لەو کەسانە بوون کە تا دەرفەتی بۆ هەڵکەوتبا بە بانگهێشت یان بە سەردان ڕێزی دەگرتن و هونەرکەیانی دەنرخاند. بێ هۆ نەبوو کە دوای شەهیدبوونی دوکتور، شڤان ئەوی وەک مامۆستای خۆی ناساند و شینی بۆ گێڕا:  

ئەی دوکتۆر، ئەی حەکیم، ئەی ڕێبەر!

ئەی دلێ پێشمەرگە

‏ئەی شەهیدێ پەنابەر

‏ئەی شەهیدێ دۆزا مە

ئیرۆ ئەم ل سەر گۆرا تەنە ئەی هەڤالێ بریندار

‏ل بەر تە ئەم ئوستۆ خوارن ب چەند کولێن ئەڤیندار ‏

تە دگۆ باوەر نەکن دوژمن تو جار نابە یار ‏

ما ڤێ دیرۆک دوبارە ببە وەکی هەر جار ‏

ئەی شەهید

ئەی شەهیدێ دۆزا مە

مە ببهیزە ئەی دکتور

تە دگو باوەر نەکەن ب دەولەتا ترک و عەرەب و فارس ‏

لێ مخابن ئیرۆ تە پالا خۆ دایە گۆرستانا پاریس ‏

ما نەهات بیرا تە شێخ سەعید، سەید رزا، قازی محەممەد

دوژمن خستن ئەستیێ وان شریت و ‏وەریس ‏

ئەی شەهید!

مە ببهیزە مامۆستا جان

دەما عالەم دکر سەیران

‏بێژم بۆ تە غەزالێ ئاڤ بدم ل گۆلا ئورمیێ

‏بێژم بۆ تە کریڤێ بلا ببە وەکە  گۆلا سمۆکیێ

‏بێژم بۆ تە نازێ بلا نازیا بکە ‏

لە قادا مەهابادێ بێژم بۆ تە

‏پێشمەرگە بلا بکن شەرێ ئازادیێ

‏ئەی دوکتور، ئەی شەهیدێ دۆزا مە ‏‏

تو و قادری کەتنە رێزا شەهیدان ‏

ل دیرۆکا کوردستان هەر جار هوونێ وەرن زمان

‏لێ خەلاس بکن کوردستان

‏یا د داشامەجیدان ل قادا مەهاباد

وێ هەر سال دێ وەرن  ب هەڤرە ‏

کچ و بووکێ کوردان بکەن شاهی و بکەن دیلان

‏بێژن توجار نامرن شەهیدێ مە کوردان

‏ئەی شەهید، مامۆستا جان ‏

ئەی شەهیدێ دۆزا من

هون هەردەم د هزر و رامانێ مەدا دژین

‏ئەم دۆزا وە بەرنادن





[1] - "ئەو ڕابەرەی لە گشت بوارەکاندا لێهاتوو بوو"

کەسایەتی د.قاسملوو لە ڕوانگەی

 د.کەماڵ مەزهەرەوە:

بە بۆنەی دە ساڵەی تیرۆری دوکتور قاسملوو لە ئەرشیڤی قادر وریا _ ڕۆژنامەی کوردسان، ژمارە 272 ڕێکەوتی 13.07.1999

[2] - سەرجاوەی پێشوو

[3] - ‏(کوردستان و کورد ل. 37) ‏

[4] - تاڤگەی حەقیقەت – ل. ٣٧٠

[5] - سەرچاوەی پێشوو

[6] - تاڤگەی حەقیقەت – شاعیری گەل ل. ٣٨٥

[7]  ‏ - وتووێژی مەسعوود محەممەد لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوکاری 1975، ژ260، لاپەڕەی 6 و 7:‏

ئەندامی کارای کۆڕ دوو جۆرن:‏ لە کوردی عیراق کە ئێستا هەشت ئەندامن.‏ لە کوردی دەرەوەی عێراق کە سێ ئەندامن کە ئەمانەن:‏ دکتۆر قەناتی کوردۆ، دکتۆر کامەران بەدرخان، دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو.‏ بڕوانە: کوردیپێدیا؛ ‏چاوپێکەوتنێکی دەگمەن لەمەڕ کۆڕی زانیاریی کورد لەگەڵ مامۆستا مەسعود محەمەد

[8] - ماردین؛ چەپکە بۆچوونێک لەسەر گەورە شەهیدی گەلی کورد د. عەبدولرەحمانی قاسملوو ل. ٩

[9] - سەرچاوەی پێشوو – ل. ٣٢

[10] - سەرچاوەی پێشوو

[11] - سەرچاوەی پێشوو

[12] - بەیتی دمدم بە ڕاوێژی حەمەی بەیتان

[13] -yasar Kaplan - Destana Kela Dimdim û Xanê Lepzêrîn (Vekolîneke Edebî û Dîrokî)

[14] - چل ساڵ خەبات لەپێناوی ئازادیدا ل. ٢٤

[15] - سەرچاوەی پێشوو – ل. ٢٥

[16] - کوردستان و کورد – ل.٣٣

[17] - وتووێژ لەگەڵ بێهرووز یوسف زاد لە ڕادیۆی بی‌بی‌سی

[18] - بیری لێنین و باخەکانی سەمەرقەند – د. ئاسۆ حەسەن‌زادە

[19] - ئۆروپاییەک لە وڵاتی کوردان

[20] - بۆ وێنە بڕوانە؛ ئەحمەد شێربەگی؛  شەرە شێعری نێوان شەهید دکتور قاسملوو ومامۆستا حەسەن شیوەسەڵى

[21] - کوردستان و کورد ل. ٣٣

[22] - سەرچاوەی پێشوو

[23] - ‏تاڤگەی حەقیقەت ل. ٢٦٩. ‏

[24] - سەرچاوەی پێشوو ل، ٣٧٠

[25] - ‏تاریک و ڕوون ل. ک

[26] - سەرچاوەی پێشوو

[27] - تاریک و ڕوون ل. الف

[28] - هێمن - تاریک و ڕوون ل. ب

[29] - کوردستان و کورد ل. ٣٢

[30] - چل ساڵ خەبات ل. ٥٥

[31] - چل ساڵ خەبات ل. ٥٤

[32] - سەرچاوەی پێشوو

[33] - عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە؛ یادێک و وەفایەک (بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتو ئامین ماملێ) – ماڵپەڕی کوردستان و کورد

[34] - ویکیپێدیا؛ محەممەدی ماملێ 

بابەتی نوێ:

دا - خودا

  لێکۆڵینەوە لە مێژووی کەوناری کوردستان و باوەڕ و ئایینی کۆنی کورد، بۆمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەم گەلەش وەک  زۆرێک لە  گەلانی دیکە، لە کۆندا...