۲/۲۷/۱۳۹۶
بۆچوونی من سەبارەت بە ئینتیخاباتی ٢٩ی بانەمەڕ لە ئێران و کوردستان:
١- لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا هەر کەس سەرکۆمار بێ و لە زێدەکەی من هەر کەس شوورا بێ، بە حاڵی من کە پەڕەوازە بووم و لە فینلاند دەژیم، فەرق ناکا و تەئیسریان لە سەر ژیانی شەخسی و تەنانەت سیاسیی من نییە.
٢- دەنگدان لە لایەن خەڵکی کوردستان نە بە ئامانجی تەئید کردنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەزانم و نە بە نیشانەی دانی مەشروعیەت بە رێژیمی حاکم.
٣- مادام رێگایەکی کورتخایەن بۆ رووخانی رێژیم شک نابەم و ناشتوانم بژێرەیەکی باشتر و کردەیی بە قازانجی ژیان و ئازادیی کوردستان بە خەڵک پێشنیار بکەم، ئەگەر دانیشتوانی کوردستان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی کە لە ژێر ئەم دەسەڵاتەدا دەژین و دەجووڵێن، بە پێی ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی رابردوو پێیان وا بێ سەرکۆمارێکی میانەرەو بۆ حاڵ و ژیانی ئەوان باشترە، بە مافی ئەوانی دەزانم و بە هیچ جۆر لە سەر ئەوە کەسم پێ جاش یان خیانەتکار نییە.
٤- بەڵام سەرەڕای خاڵی سێ، مادام شەش حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمساڵ بۆ یەکەم جار بەیاننامەیەکی هاوبەشیان داوەو بە یەکەوە داوایان لە خەڵک کردوە دەنگ نەدەن، سەرەڕای تێبینیم لە سەر هەڵوێستەکەیان، پێم خۆشە ئەگەر خەڵک چوونە سەر سندووقی دەنگدانیش، دەنگی سپی بۆ ئینتخاباتی سەرکۆماری تێباوێن. رێژەی زۆری دەنگی قرت یان سپی لە کوردستان دەیتوانی ئاماژەیەکی باڵکێش بێ. کۆماری ئیسلامی بە فێڵ دوو ئینتخاباتی تێکەڵ کردوە کە رەنگە یەک لە ئامانجەکانی، پەلکێش کردنی خەڵکی زۆر بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بێ. بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەم تاکتیکەی کۆماری ئیسلامی، حیزبەکان دەبوو زیاتر مانۆڕ لە سەر دەنگی سپی بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری بدەن و دەستی خەڵکیان لە هەڵبژاردنی شورا بۆ شوێنی ژیانی خۆیان ئاوەڵا کردبا.
٥- سەبارەت بە ئینتخاباتی شوراکان، پێم وایە ئەوەیان راستەوخۆ پێوەندی بە ژیانی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئیداریی دانیشتوانی شار و گوندەکانەوە هەیە و نابێ وەک پرسێکی سیاسی - ئەمنیەتی سەیر بکرێ. گوند و شارەکان لە هەموو حاڵەتێک دا دەبێ ئەنجوومەنێکیان هەبێ کە ئەگەر بۆخۆیان هەڵینەبژێرن، ئەوە دەسەڵات بۆیان دیاری دەکا یان بە دەنگی رێژەیەکی کەم لە خەڵکی هەلپەرەست و نابەرپرس، خراپترین کەسەکان هەڵدەبژێردرێن و بە سەریان دا دەسەپێندرێ. وا بە باشتر دەزانم کە خەڵک بە هەست بە بەرپرسایەتیەوە لە ناو کاندیداکان دا بێ لەبەرچاوگرتنی فاکتەری خزمایەتی، تایفەگەری، ناوچەیی و.. دەنگ بە کەسانی شارەزا، دڵسۆزو جێگای متمانە بدەن. خراپی و خاسیی ئەنجومەنی شوراکان لە چوار ساڵی داهاتوو دا راستەوخۆ تەئسیری لە سەر ژیان و ژینگەی ئەوان هەیە.
٦- لەو شار و ناوچانەی کە کوردەکان لە ژێر گوشار و زێدەخوازیی ترکان دا دوو هیندە ستەمیان لێ دەکرێ و ناوچە و شارەکەیان هەڕەشەی راماڵین و پاکتاوکردنی کوردان یان زمان و فەرهەنگی کوردیی لە سەرە، باشترە بەوپەڕی یەکگرتووییەوە هەوڵ بدەن کاندیدە کوردەکان سەربخەن و بەم جۆرە لانیکەم بەشێک لە ئیدارەی ئەو ناوچانە بە دەستەوە بگرن.
٧- ئەم ئینتخاباتەش تێدەپەڕێ و خەڵک بە هەر رێژەیەک بەشدار بن و هەر کەس ببێ بە سەرکۆمار و پێکهاتەی ئەنجوومەنی شار و لادێکان هەر چۆن بن، بە حاڵی حیزبەکانیش وەک من فەرق ناکا. مەگەر ئەوە کە مرخیان لە سەرکۆمارێکی توندڕەو خۆش کردبێ و لە دڵە خۆیان دا پێیان وا بێ رەنگە ئەو کۆماری ئیسلامی بەرەو هەڵدێر بەرێ یان زوڵم و زۆرەکە وەها زۆر بکا کە خەڵک ڕاپەڕێ.
۲/۱۹/۱۳۹۶
هەڵەیەک لە "لوتکە" دا
لە نێو ئەو هەنگامەیەدا کە دوای لێدان لە دوکتور فەرهاد پیرباڵ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی گرتەوە، شێعرێک بە ناوی شاعیری مەزن عەبدوڵا پەشێو دژ بەو کارەی دەسەڵاتی هەولێر، لە سەر تۆڕی فەیسبووک بڵاو کرایەوە. مادام شێعرەکە ناوی مامۆستای بە سەرەوە بوو، سەرنجی منیشی راکێشا و بە تامەزرۆییەوە خوێندمەوە. بەڵام بە پێچەوانەی شێعری پەشێو، ئەمەیانم هیچ لە دڵ نەنیشت. هەستم کرد هەلپەرستان لەم هەنگامەیە کەلکیان وەرگرتوە و بە ناوی مامۆستاوە نووسیویانە. پێشتریش کردەوەی ئاوا دزێوم دژ بە مامۆستا دیتبوو. بەڵام لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەموو قسەیەک بۆ ئەوە نابێ کۆڵی پێوە هەڵگری. زۆر قسە دەکرێن و دەڕۆن بێ ئەوەی لە یادان دا بمێننەوە. بەو تێبینیەوە بە پەنا شێعرەکەدا فیزماڵکم لێدا و تێپەڕیم.
بەڵام شێعرەکە زۆر زیاتر لەوەی ئەمن بیرم لێ دەکردەوە، بە تایبەت لای ئەدیبان و ئەدەبدۆستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو بۆوە. ئەوەش نە بە خاتری ناوەرۆکی شێعرەکە بەڵکو لە بەر ناوی شاعیر بوو. خۆشەویستیی مامۆستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لای ئەدیبان و ئەدەبدۆستانی ئەو دەڤەرە بێ سنوورە. دیارە مامۆستاش هەستی بەو رێز و خۆشەویستیە کردوە، ئاگای لە تێکۆشانی ئەدەبیی ئەدیبانی رۆژهەڵات هەیە و کارەکانیان لای ئەو هەمیشە بە نرخ و گرینگە. لە بیرمە جارێکیان "فەرهەنگی زارەکیی موکریان"ی کاک سەلاح پایانیانی بە زیاتر لە هەموو خزمەتە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی چارەگە سەدەی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەسف کرد. هەر کاتیش ئەمن یان دۆستانی دیکە خۆشەویستیی رۆژهەڵاتیەکان بۆ مامۆستامان وەبیر هێنابێتەوە، نیوە راست و نیوە شۆخی، خێرا گوتویەتی؛ رەنگە بەو هۆیە بێ کە ئەمنیش هەر رۆژهەڵاتیم، باپیرم لە کرمەشانەوە پەڕیوەی ناوچەی هەولێر بووە.
بۆ دۆستێک کە لە رۆژهەڵاتەوە بە تایبەتی شێعرەکەی بۆ ناردم، نووسیم کە ئەمە بەو هۆیانەی خوارەوە ناتوانێ شێعری پەشێو بێ:
- شێعرەکە زیاتر وەک شوعار یان هەڵوێستی رووت دەچێ و شتی ئاوا لە کاری مامۆستا دا نییە.
- مامۆستا زمانی کوردی بە پەرجۆی خوا دەزانێ و نووسین و بڵاوکردنەوەی تێکستی بە هەڵە لای ئەو گەورەترین کفرە. کەچی چەندان هەڵەی رێنووسی و رێزمانی لەو تێکستە دا بەرچاو دەکەوێ.
- رەنگە کەم کەس بە قەد پەشێو لە بڵاوکردنەوەی شێعر دا وەسواس بێ. ئەو هیچکات ئاوا بە پەلە شێعر بڵاو ناکاتەوە. ئەگەر هێندێک جاریش ناچار بووبێ بە پەلە هەڵوێست بگرێ، پەنای بۆ شێعر نەبردوە.
- بۆ کارێکی دیکە تازە قسەم لە گەڵ مامۆستا کرد کە لە سەر سەفەر بوو. رەنگە لە کاتی نووسین و بڵاو بوونەوەی ئەم شێعرەدا، ئەو بە ئاسمانەوە بووبێ یان هێشتا بار و بەندیلی سەفەری نەکردبێتەوە.
جگە لەوانە دەمزانی کە ئەوەندەی لەو دەسەڵاتە بێزارە، چەند هێندە لەو نووسەرانە تووڕەیە کە دەستەندەخۆری دەسەڵاتن. ئەوانەی تا گیرفانیان بەتاڵ دەبێ، دەمیان پڕ دەکەن لە قسە و هەر گا گیرفانیان بۆ پڕ کردنەوە، دەمیان لە حاند زوڵم دا دەبێتەوە بە تەڵەی تەقیو.
وا راستا کە رۆژی ٧ی مەی بە خزمەت مامۆستا بگەم و لە نیزیکەوە بیبینم. لە نێو قسە و باسەکانمان دا کەوتینە سەر باسی لێدان لە دوکتور فەرهاد پیرباڵ و هۆکار و کاردانەوەکان سەبارەت بەو رووداوە. یەکسەر وەبیرم هاتەوە کە پرسیاری شێعری گۆرینی لێ بکەم.
: ئەرێ مامۆستا ئەوە شێعری تۆ بوو؟!
- کوڕە نەوەڵا! شتی هیندە نزم بە ناوی من بڵاو دەکەنەوە. ئەوەندە سەخیف کە هەر بۆ ئەوە نەدەبوو قسەی لێ بکەم.
--------------------
دەقی شێعرەکە:
عبدوالله پەشێو بۆ د.فەرهاد پیرباڵ:
ده لێی گەڕێن با بڵێ
جنێو بدات... هاوار بکات...سنگ بدڕێ
فەرهاد به هاوار و جنێو جوانه
ده لێی گەڕێن... بۆ لێی دەدەن؟
نه خاوەنی بیری نەفته
نه پێش لەشکری بێگانه
ده لێی گەرێن دەبا بڵێ...
فەرهاد دەمێکه هەر دەلێ...
کێ زاتی کردووه...
بۆ جارێکیش که ئەو دەڵێ
بڵێ... مەڵێ
دەبا بڵێ... دلی شارم
چیرۆکی ئەتکی قەڵا و...
چیرۆکی ئەتکی میلەت و
چیرۆکی ئەتکی گەڵێ...
ئیوه دەڵێن هەموو کپ بن
گوێ قۆلاغ و بێ دەماغ بن
تەنها پادشا بۆی هەیه بڵێ
منیش دەڵێم... ئەو هەر دەڵێ
منیش دەڵێم... هەموو دەڵێین
وڵاتتان...شارتان بۆ پڕ دەکەین له هەمبەڵێ
۱/۳۱/۱۳۹۶
شەڕی نێوان مرۆڤ و کەڵ
سەبارەت بە هەردوو بەیت و هەر دوو چیرۆک، هەتا ئێستا زۆر نووسراوە و زۆر گوتراوە بەڵام رەنگە هێشتا گرێ و گۆڵی وەهایان تێدا مابێ کە لێمان بخوازێ زیاتریان قسە لێ بکەین و بیانکەینەوە. بۆ وێنە ئەمن هەتا ئێستا زۆر جار بیرم لە وڵامی ئەو پرسیارە کردوەتەوە کە ئاخۆ تاوانی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی چی بوو کە ئاوا کەوتە بەر غەزەبی خودا و یەک بە یەک جگەر گۆشەکانی لێ ئەستاند؟ نەک هەر لێی ئەستاند تەنانەت وای کرد کە سەیدەوان و بە وتەیەک سەیدەوان و مەلکەوان بە دەستی خۆی بکووژێ. بەیتبێژ بە ئێمە دەڵێ کە عەبدولعەزیز تووشی غەڕڕەیی هاتبوو و لەخۆی بایی ببوو. دەڵێ دەیویست لە رۆژێکدا سێ بووک بۆ سێ کوڕان بێنێ و خوا ئەوەی پێ خۆش نەبوو. بەڵام ئەمن نەمتوانی باوەڕ بکەم کە ئەو کارەی عەبدولعەزیز گوناه یان گوناهێکی هیندە گەورە بێ تا خوا ئاوا سزای بداو جەرگی خۆی بە دەستی خۆی پێ داخ بکا. ئەو عەزابە تەنانەت بۆ ئەو تێکستەی بەیتەکەش هەر عەزابێکی گەورە و لە ئینساف بەدەرە کە دەڵێ دوای ئەوەی نێچیرەوان پەردوگیر دەبێ و دەمرێ، عەبدولعەزیز شایی بە شین ناگۆڕێتەوەو بووک لە کوڕی نێونجی مارە دەکا.
هەمان سزای قورس و بە رواڵەت بێ هۆ لە بەیتی خەج و سیامەندیشدا دەبینین. سیامەند
بە هەر کام لە دوو هۆی ئێرەییبردن بە کەڵی بچووک یان بۆ دابینکردنی خواردن، راوی
کەڵەکێوی دەکا. بە تیر دەیئەنگێوێ بەڵام ناتوانێ سەری ببڕێ و بە لینگەفرتە یان بە
شاخی کەڵەکێوی لە سەر چیای سیپانەوە فڕێ دەدرێ. ئەم سزایەش هێشتا بەس نییە. لە کەوتنە خوارەوەدا دەکەوێتە سەر پەلی
تیژ و، دارەبەن و لەشی بە برینان کونکون دەکا. بە جۆرێک کە "کۆترە باریکە دەتوانێ
لەنێو برینی هەرە بچووکی لەشیدا هێلانە بکا". بیسەر دیسان پرسیار لە خۆی دەکا
کە ئاخۆ تاوانی سیامەند چی بوو کە بەیبتبێژ ئاوا سزای دەکا؟ ئاخۆ ئەم سزا قورسە بارتەقای کام گەورە تاوان و گوناهی
ئەوە؟
ئەم بابەتە بە دوای وڵامی ئەو پرسیارانەدا دەگەڕێ.
سەیدەوان و خەج و سیامەند ئەگەرچی لە ناوەرۆک، شێوەی داڕشتن و زۆر لایەنی دیکەش جیاوازن، بەڵام سزای قورسی قارەمانانی بەیت، تاکە خاڵی هاوبەشیان نییە. بوونی کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش لە نێوانیان دا وای کرد کە لەم بابەتەدا بە یەکەوە کۆیان بکەمەوە. لە راستی دا ئەم هاوبەشیە بۆچوونەکانی منیان پتەو کرد و هانیان دام کە ئەم بابەتە بنووسم:
- هەردوو بەیت، رووداوی تراژدین.
١- لە بنەڕەتی بەیتەکەدا لە جیاتی نێریێ کێوی، کەڵ یان کەڵەکێوی هاتوە کە
دواتر لە زمان و ئاخاوتنی رۆژانەدا وشەی کەڵ زیاتر بۆ نێرینەی گامێش بە کار هاتووەو
جێی بە واتای نێری لێژ کردوە.
٢- بەیتبێژ ململانێی سیامەند لە گەڵ نێریێ کێوی و هەڵدێرانی بە شەقۆن یان لینگە
فرتەی نێری بە کەم و بە لاوازیی قارەمانی
بەیتەکە زانیوە. لە حاڵێک دا شوێنی رووداوەکە شاخ و ڕەوەزە، بەیتبێژ سەرنجی بەوە نەداوە
کە کەڵ و گامێش ناوچەی گەرم و کەناری رووبار و زۆنگاوەکان بۆ ژیان هەڵدەبژێرێ نەک
سەر دوندی چیای سەخت و هەڵەمووتی سیپان.
٣- رۆڵی نێریێ کێوی و خراپیی ڕاو و کوشتنی، لە باوەڕ و دینی خەڵک دا و بەو
پێیەش لە بەیتەکەدا کاڵ بووەتەوە و گرینگی نەماوە. لە دینی ئیسلام دا نێری و بزنەکێوی
لە ریزی گیاندارانی حەڵاڵ گۆشت دایەو دوای هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان ڕاوی نێری و
بزنە کێوی حەرامەتی بە سەرەوە نەماوە. بەو جۆرە راوی کەل و بزن لە تابۆوە بۆ توانایی
راوکەر گۆڕدراوە.
لە راستی دا هەر دوو بەیت دژ بە
راوی نێری و بزنە کێوی خوڵقاون لە حاڵێک دا بە درێژایی چەند سەدەی دوایی، ئەو سزا
قورسە ئاسمانیانەی ناو هەر دوو بەیت لە سەر کوشتنی نێریێ کێوی، بۆ گوێگر و تەنانەت
بەیتبێژ خۆیشی، بێ واتا و رەنگە گاڵتەئامێز بووبێ. هەر بۆیەش بەیتبێژ هەوڵی داوە هۆکاری
سزاکان بۆ غەڕڕەیی و لە خۆ بایی بوونی قارەمانانی بەیت بگەڕێنێتەوە. قورسایی باری
تراژدیی مەرگی قارەمانانیش، وای کردوە کە ئامانجی سەرەکیی بەیتەکان کە سەرکۆنەکردنی
راو و کوشتنی نێریێ کێوییە، لە بەیتەکان دا کاڵ بێتەوە. بەیتبێژی دواتری بەیتی خەج
و سیامەند، کەڵی نێری گامێشی لە زۆنگاوەکانی مێزۆپۆتامیاوە تا سەر دوندی چیای سەختی
سیپان هەڵکێشاوە و لە جێگای کەڵی بە واتای نێری داناوە بێ ئەوەی گوێگر هەست بەو گۆڕانەو
خەتای ئەو گۆڕینە بکا. تا ئاستێک کە هێندێک بەیتبێژ بە تەواوی ناوەرۆکی بابەتەکەیان
پێچەوانە کردوەتەوە. بۆ وێنە لە خەج و سیامەند بە راوێژی مام ئەحمەدی لوتفی دا خەج،
سیامەند لە هێزی کەڵ دەترسێنێ و هانی دەدا کە لە جێی کەڵ، بچێ ڕاوی نێریێ کێوی
بکا؛
پێم وا نییە تیر بیبڕێ ئەو ماڵە ساحەب بە قوڕێ گیراوە
شێتە، دێوانەیە، وەحشیە، جانەوەرێکە دایمە لە شاخ و کێو ماوە
نەتبیستووە کەڵی یاغیی کێوی، بێتە سەر رێگای سەت سوار
هەموو دەبنەوە پەرێشان و دەیکەنەوە بڵاوە
بۆچی نە بە کەس گیراوە نە بە کەس کوژراوە
کوڕە دەستی منت داوێن بێ، بچۆ ڕاوی نێرییە کێویان
بەڵام سەرەڕای ئەو شێوانەی رۆڵی نێریێ کێوی لە بەیتەکەدا، باری پیرۆزیی ئەو
ئاژەڵە و تەنانەت پێوەندیی نێوان ئەو و ئاو کە رەگی لە ئایین و باوەڕی کۆمەڵگای سەردەمی
خوڵقانی بەیتەکە دایە، هەروا خۆی نیشان دەداتەوە؛
ئەوە تەنیا مام ئەحمەد نییە کە ناوەرۆکی
بەیتەکەی لێ شێواوە. لە راوێژی حەمەدی ئاغای دا کە رادیۆی کوردیی تاران کردویەتی بە
بنەمای چیرۆکی شەو، نەهیێ لە ڕاوی کەڵە کێوی کراوە بەڵام ئەم نەهی لێکردنە پێچەوانە
بووەو لە پیرۆزبوونەوە بۆ شووم و بەدفەری هەڵگەڕاوەتەوەو لە زمان خەجەوە دەڵێ؛
سەرەڕای ئەو شێوان و بەراوەژوبوونە، لە نیزیک بە تەواوی راوێژەکان دا، خەج ڕازی
بەو ڕاو و شکارە نییەو هەوڵ دەدا سیامەند پاشگەز بکاتەوە. لە راوێژی عەلی کەردار
دا، خەج بە سیامەند دەڵێ؛
ئەمن گۆشت نێچیری کەڵەکێویم لە تۆ ناوێ
ئەتۆ بە قسەی منت نەدەکرد، تفەنگی خۆت داویشت و لە کەڵەکێویت دەدا
لە راوێژی حەسەن سیساوەیی دا کە بە
پێچەوانەی راوێژەکانی موکریان، نێری جێگای کەڵ دەگرێتەوە، بەیتبێژ وەک شین بۆ خەج
و سیامەندان، شینی نێریێ کێویش دەکا و دەڵێ:
نێری بە زمانۆکی خۆ خوێنی لە دامەنی خۆ لێسیتەوە
نێری چەن دژوارە! چەن هەژارە! چەن بریندارە! چەن غەریبە! چەن مەلوولە!
بەڵام ئەگەر لە خەج و سیامەند دا
باری خۆشەویستی و دڵداری و لاواندنەوەی گراوی بۆ کوڕە حەیران، باڵی بە سەر مەبەستی
سەرەکیی بەیتەکەدا کێشاوە، لە بەیتی سەیدەوان دا ڕاوی نێریێ کێوی، ئەو کۆستەی ڕاوی
نێری بە سەر قارەمانی بەیتەکەی دا دێنێ و دوا جار پەژیوانی لە ڕاوی نێری بە ڕوونی
و بەردەوام لە پەیامی بەیتەکەدا بەر گوێ دەکەوێ. سەرنجراکێشە کە ناوی لانیکەم دوو
لە سێ کوڕەکەی عەبدولعەزیزی داسنی پێوەندیان بە ڕاو و شکارەوە هەیە و واتای راوکەریان
هەیە. وا دیارە باوک کوڕانی خۆی بۆ ڕاو و شکار ئامادە کردوە بەڵام دوا جار هەرسێکیان
بە شێوەیەکی تراژیک دەمرن یان بە هەڵە، بە دەستی خۆی دەیانکوژێ. لە راستی دا راوکەران
ڕاو دەکرێن. باوک نەک هەر جوقەواری کوڕە راوکەرەکانی دەبڕێ بەڵکو بۆخۆیشی تۆبە لە
راو دەکا. ئەمە بە جۆرێک قۆناخی گواستنەوەی ژیانی مرۆڤ لە راوچییەتیەوە بەرەو ئاژەڵداری
و دواتر جووتیاری و وەرزێری دەگەیەنێ. بەڵام بەیتی سەیدەوان پێش ئەوەی پێوەندی بە
نەهی لە ڕاو و شکار بە گشتی هەبێ، دژ بە ڕاوی نێریێ کێوی داڕێژراوەو هەوڵ دراوە بە
پێی باوەڕ و ئایینی باو، گوێگر لە ڕاوی ئەو ئاژەڵە بترسێنێ و بتارێنێ. لە راوێژی سەیدەوانی
حەمەدی ئاغای دا کە ئەمن بە وێچووترین تێکستی ئەو بەیتەی دەزانم، عەبدولعەزیز شەوی
پێش کارەساتەکە، خەونێکی ناخۆش دەبینێ و ئاوا خەونەکەی دەگێڕێتەوە:
دەگەڕام لە تیلەگی دە کوێستانان
ئەم خەونە راستەوخۆ پێوەندیی نێوان بەیتەکە و مەترسیی وشکەساڵیمان پێشان دەدا. هەروەها پێوەندیی نێوان نێریێ کێوی و تەڕەساڵی کە کوشتنەکەی دەرەنجامی پێچەوانەی لێ دەکەوێتەوە. ئەمەش رەگی لە باوەڕی کۆن و لەمێژینەی دانیشتوانی سەر زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس دایە کە دواتر زیاتری هەڵوەستە لە سەر دەکەم.
عەبدولعەزیز بەو خەونە وشیار دەکرێتەوە،
بەڵام بە پێچەوانەی ئەو هەڵێنجانە لە بەیتەکە کە پێی وایە لە شایی گرتن و بووک
گواستنەوە و بایی بوون نەهی کراوە، لە ڕاوی نێریێ کێوی و پێوەندیی نێوان کوشتنی ئەو
ئاژەڵە و داهاتنی وشکەساڵی وشیار کراوەتەوە. ڕاوێک کە دەبێ گۆشتی میوانەکانی سێ
داوەتی پێ دابین بکا. عەبدولعەزیز گوێ بەو خەونە نادا و شایی بۆ کوڕان ساز دەکا. بە
ڕواڵەت تاوانی ئەم گوێ بە خەون نەدانە بە مەرگی کوڕی نێونجی دەداتەوە و بە رەوایەتێک
نێچیرەوان پەردوگیر دەبێ و دەمرێ. وێچووترین تێکست لەم بارەوە ئەوەیە کە دەڵێ عەبدولعەزیز
لە حاڵێک دا کە بەرەو ڕاوی کێوییان وەڕێکەوتبوو، هەواڵی مەرگی نێچیرەوانی پێ دەدرێ؛
رووم دەکردەوە چیایێ مەغڵووبێ داسنیان
زەینێکە خۆم دەداوە بازی دە کێویان
بانگیان دەکردم دەیانگوت عەبدولعەزیز وەرە بگەڕێوە
دەستی ئاسمانی، نێچیرەوان لە عەبدولعەزیز دەستێنێ تا لە ڕاوی نێریێ کێوی بیپرینگێنێتەوەو بیگەڕێنێتەوە بەڵام ئەو تەسلیم نابێ. کۆست و خەمی مەرگی نێچیرەوان وەسەر خۆی ناهێنێ و داوا دەکا شایی و هەڵپەڕکێ بەردەوام بێ. بۆخۆیشی بەرەو چیا و ڕاوی نێریێ کێوی درێژە بە رێگای خۆی دەدا. لە یەکەم هەوڵی دا بۆ کوشتنی نێریێ کێوی، هەمان دەست کە نێچیرەوانی لێ ئەستاندبوو، بە هەڵەی دا دەبا. عەبدولعەزیز کاکۆڵی مەلکەوانی لە گەڵ ردێنی نێری لێ تێکدەچێ. تەقە لە نێچیر دەکا بەڵام ئەم نێچیرە، کوڕە بچووکەکەی خۆیەتی. کوڕ دەپێکرێ و بە دەستی باوک دەکوژرێ. بەو حاڵە دیسان تەسلیم نابێ و واز لە ڕاو ناهێنێ. جارێکی دیکەش تووشی هەمان هەڵەی ماڵوێرانکەر دەبێ. جارێکی دیکەش لە بری نێریێ کێوییەکی دیکە، کوڕێکی دیکەی خۆی دەکوژێ. بەم جۆرە سەیدەوانیش دەکوژرێ و باوک هەر سێ کوڕی خۆی لە پێناو ڕاو و شکاری نێریێ کێوی دا لە دەست دەدا بی ئەوەی بتوانێ نێچیرێک بپێکێ.
ئەگەر لە خەج و سیامەند دا نێری بۆخۆی بەرگری لە خۆی دەکا و تەنیا دارەبەن لە ئەستاندنەوەی تۆڵەی دا یارمەتیدەرێتی، لە سەیدەوان دا دەستێکی غەیبی و پارێزەرێکی ئاسمانی کەڵەکێوی دەپارێزێ. دەستێک کە بەردەوام هەوڵ دەدا قارەمانی بەیت لە ڕاوی نێری دوور بخاتەوە. جار لە دوای جاریش نرخی ئەم وریا کردنەوانە بۆ عەبدولعەزیز قورستر دەبن. بەڵام عەبدولعەزیز پێڕەوی ئایینی بەیتبێژ و گوێگرانی نییە کە ڕاو و کوشتنی نێریێ کێوی تێیدا حەرام و گوناهە. گوێ بەو وریا کردنەوانە نادا. دەستە غەیبیەکە سزای قورستری دەدا و پێی نیشان دەدا کە کوشتنی نێریێ کێوی بۆ ئەو، هیندەی کوشتنی کوڕ بە دەستی باوک، بە ژانە. دەستێکی ئەوەندە بە هێز کە هەر دەڵێی هەموو جارێ نێری لە بەر سێرە و تیری عەبدولعەزیزی راوکەر هەڵدەگرێ و یەک لە کوڕانی خۆی لە جێ دادەنێ. سەرەنجام عەبدولعەزیز لەم ململانێیەدا بە تەواوی دەدۆڕێ و دەشکێ. ئەگەرچی ئیدی هیچی نەماوە لە دەستی بدا، بەڵام پەشیمانە و تۆبە دەکا. نەک هەر تۆبە لە ڕاوی نێریێ کێوی، لە هەموو راوێک، بە تایبەت لە ڕاوی بە تفەنگێ؛
نێری لەسەر سەری ئاناهیتا |
یان:
دە لاقم نەکەم چەکمان
دە شانم نەکەم تفەنگی سێ تیر و
یان؛
لە خۆم نابەستم تفەنگی شەش خان و
روو ناکەمەوە چیایێ مەغڵوبی داسنیان
باوەڕ و ئایینی بەیتبێژ و گەورەیی
و بە دەسەڵاتیی خوای نێریێ کێوی لەو ململانێیەدا سەر دەکەوێ و عەبدولعەزیز هۆزی
داسنیان بە جێ دێڵێ کە ڕاوی نێریێ کێوی تێیدا رێگە پێدراوە؛
چیدیکە دەگەڵ قەومی داسنیان دانەنیشم و
کەڵەکێویی پیرۆز
کوردستان وڵاتێکی شاخاویە. بزنە کێویش وەک ناوی خۆی بە خۆوەیەتی، لە گەڵ ئەم شاخ و هەڵەمووت و بەندەنانە تەبا و گونجاوە. دەڵێن هەر جێیەک باران لێی بدا، ئەوە ئەویش دەتوانێ پێیدا هەڵگەڕێ و پێیدا بڕوا. لە مەودایەکی بەرینتردا لە بەحری رەشەوە هەتا کەنداوی فارس کە بە زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس لێک گرێ دەدرێن، مەوتەنی ئەو ئاژەڵە کێویە بووە. ئەگەرچی ڕادەی ئەم ئاژەڵە بە هۆکاری جۆراوجۆری وەک ڕاو، بەرتەسک بوونەوەی شوێنی ژیان و ئاڵۆزی و شەڕ لە کوردستان یەکجار لە کەمێی داوە بەڵام هێشتا لە هێندێک ناوچەی وەک بارزان لە باشووری کوردستان، کرماشان و بێستوون لە رۆژهەڵات و ناوچە شاخاوییەکانی باکووری کوردستان، رازێنەرەوەی سروشتی کوردستانە. بوونی ئەم ئاژەڵە لە کێو و چیاکان و لە پاڵ دانیشتوانی ئەم هەرێمە، هەر لە بە تۆتم بوونی لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکانەوە تا چوونە ناو ئایین و پیرۆز کردنی لە ناو ئایین دا، شوێنی لە سەر مرۆڤەکان و پێوەندیی نێوان مرۆڤ و کەڵەکێوی داناوە. تا ئاستێک کە تەنانەت بۆچوونێک پێی وایە ناوی کورد لە وشەی "کوور"ی بە واتای نێری داکەوتوەو ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر هەڵبژاردنی تۆتم و نیشانەی کوور یان نێری لە لایەن کۆمەڵگای سەرەتایی دانیشتوانی ئەو هەرێمەوە. (کوردۆخ = کوور/داخ؟)
| نەخشی نێری لە سەر بەڕە |
وێنەی بزن یان نێریێ کێوی هەروەها لە سەر فەڕش و بە تایبەت بەڕەی کوردیش دا دەبیندرێ و بەرچاوە. ئەمانەش پیرۆزایەتیی ئەو ئاژەڵە لە ناو باوەڕی کۆمەڵگای کەونارای کوردستانمان بۆ دەسەلمێنن. پیرۆزایەتیەک کە هەتا ئێستاش ئاسەواری لە هێندێک ناوچەی کوردستان دا هەر ماوە. بۆ وێنە لە ناوچەی بارزان ڕاوی بزن و کەڵە کێوی قەدەغەیە یان ئەندامانی هۆزی باونە لە دۆڵی رۆستی ناوچەی باڵەکایەتی پێیان وایە بە خواردنی گۆشتی ئەو ئاژەڵە نەخۆش دەبن و گۆشتەکەی ناخۆن.
زیاتر لە سەدا نەوەدی بەردە هەڵکەندراوەکانی ناو چیاکانی زاگرۆس هەر لە کۆساڵانی
مەریوانەوە تا بلوچستان بە وێنەی بزن و بە تایبەت نێریێ کێوی رازاونەتەوە. پڕانیی
ئەو هەڵکەندراوانەش لە نیزیک کانی و سەرچاوەکانی ئاو هەڵکەوتوون. ئەوەش پێوەندیی نێوان
ئەو ئاژەڵە لە گەڵ ئاو و بەو هۆیەوەش لە گەڵ ئاناهیتا، خواژنی ئاو و پاراوکردن لە
ئایینی کۆنی دانیشتوانی هەرێمی زاگرۆس، نیشان دەدا. خواژنێک کە ئێرانیەکان بە پێڕەوی
لە ئیشتار، خواژنی بابل بۆخۆیان هەڵبژارد.
ئاناهیتا ژن-خودای ئاو و ئەوین و بەرهێنانە. لە سەر هەرد نوێنگەی خواستی ئاو، زاوزێ و بەرەکەتە. لە دابەشکاریی هەسارەکان دا، هەسارەی "زۆهرە" هی ئاناهیتایە. نێری یان کەڵەکێوی ئاژەڵی تایبەتیی ئەو ژن-خودایەیە. لە خۆشەویستیی زۆری ئەویشە کە ڕاوی کەڵەکێوی تا ئەو ڕادەیە سەرکۆنە کراوە. بەو پێیەش لە پشت هەر دوو شاکاری خەج و سیامەند و بە تایبەت سەیدەواندا بۆچوونێکی ئایینی خۆی مەڵاس داوە. بەڵام ئەو ئایینە نا کە بەیتبێژی موسوڵمان بە تایبەت لە سەیدەواندا گەرەکیەتی بە بیسەر و بەردەنگی خۆی بڵێ. باسی ئایینێکە کە تێیدا کەڵەکێوی گیاندارێکی پیرۆزە. ئاژەڵێک کە هی خواژنی ئاوە. تێری و بە کەیفیی ئەو ئاژەڵە لە سەر هەرد، نیشانەی رەزایەتی ژن-خودا ئاناهیتایە کە هێزی بەرگرتن و بەرهێنان بە زەوی و بە گیاندارانی دیکە دەبەخشێ. سروشتییە لە روانگەی پێڕەوانی ئەم باوەڕە، کوشتنی ئەم ئاژەڵە، شووم و بەد فەڕە. دەتوانێ تووڕەیی ژن-خودا و مەترسیی وشکەساڵی لی بکەوێتەوە. بە مەبەستی پارێزگاری لەو ئاژەڵە و لە غەزەبی وشکەساڵی و بۆ پرینگاندنەوەی خەڵک لە ئازاردان، راوکردن و کوشتنی نێریێ کێوی، دوو شاکاری ئەدەبی - هونەری خوڵقاون. دوو شاکاری ئەوەندە بەهێز کە گەرد و بادی مێژووی نەتەوەیەکی نەخوێندەواریش نەیتوانی بە بای فەرامۆشییان بسپێرێ.
کەواتە مێژووی خوڵقان و داکەوتنی هەردوو
بەیتی سەیدەوان و خەج و سیامەند بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێنەوە کە هێشتا کۆمەڵگای
کوردستان دینی ئیسلامی وەرنەگرتووە، نێریێ کێوی هەر وا ئاژەڵی خواژن هانایە و
کوشتن و راوکردنی، بێ بارانی، وشکەساڵی و قاتی و قڕان بە سەر خەڵک دا دێنێ.
ژێدەر:
- بەیتی خەج و سیامەند بە راوێژی بەیتبێژان؛ عەلی کەردار، حەمەدی ئاغای، حەسەن
سیساوەیی
- سێ بەیتی فۆلکلۆریک - کۆکردنەوەی قادری فەتتاحی قازی
- بەیتی سەیدەوان بە ڕاوێژی بەیتبێژان حەمەدی ئاغای، حەمەی بەیتان، عەلی کەردار
- توتم و تابو - زیگمۆند فرۆید
- چهواشهبوونی بهیتی خەج و سیامەند - عەلی ئیسماعیل زادە، گۆڤاری مەهاباد
ژمارە ١٤١
- بەردە نووسراوەکانی ئێران - محمد ناصری فرد (فارسی)
- مانگە کوردییەکان باشتر بناسین - هیوا ئەحمەدی
- بەڕە، پارێزەری نەخشی بزنە کێوی - عفت السادات افضل طوسی (فارسی)
۱/۲۴/۱۳۹۶
چوار نوسخە لە بەیتی سەیدەوان
سەیدەوان ( بە ڕاوێژی حەمەی بەیتان)
ئەوە بەهارەو...چ بەهارێکە لە من بە غلوورە
خۆ من دەچوومەوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانی
لە من شین دەبوو شەشپەڕ و شللێرو گەزیزە و نەورۆزەو
سەد ماشەڵڵا دەڵێی گوڵێکی دە سوورە
شەرت بێ ئەمن لە پاش کاکە سەیدەوانی
لە خۆم نابەستم تفەنگی شەش خان و
روو ناکەمەوە چیایێ مەغڵوبی داسنیان
ناکەمەوە ڕاوی نێرێ بەلەکوورە
بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارە
فەسڵێکە گیا دەگرێتەوە ژەنگێ
خۆ من دەچوومەوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانی
لە بابی خۆی زیز بووەو
هەر ناکاتەوە دەنگێ
خۆ من لە پاش سەیدەوانی
لە خۆم حەرام دەکەم ڕاوی دە کێویانو
جودا لە ڕاوی دە تفەنگێ
بەهارێک لە من دادێو چ بەهارێکە لە من بە بەفر و بە بارانە
خۆ من دەچوومەوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانی
لە من شین دەبوو شەشپەڕ و شللێرەو گەزیز و نەورۆزە
هەرامەتی دانە بە دانە
شەرت بێ ئەمن لە پاش کاکە سەیدەوانی
لە خۆم نابەستم تفەنگی شەش خانو
روو ناکەمەوە چیاێێ مەغڵووبی داسنیان
ناکەمەوە ڕاوی بەرانە کێویانە
بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارە
چ بەهارێکە لە من بە ئاڵۆزە
خۆ من دەچوومەوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانی
لە من شین دەبوونەوە شەشپەڕ و شللێرە و گەزیزە و
هەرامەتی گوڵە نەورۆزە
شەرت بێ من لە پاش کاکە سەیدەوانی
لە خۆم نابەستم تفەنگی شەش خانو
روو ناکەمەوە چیاێێ مەغڵوبی داسنیان
ناکەمەوە ڕاوی نێرێ بەلەبۆزە
بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم
فەسڵێکە دەوڵەمەندان دەچوونەوە کوێستانێ
خۆ من لە بۆت ئەوە هەڵدەڵێم بە دەزگیرانی مەلکەوانی
سەری هەڵنایەو هەرامەتی لەبەر شەدە لێدانێ
بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارە
چ بەهارێکە لە من شین دەنوێنی
یاڕەبی خودایە ئەوە نە بکەی، نە بسەبرێنی
کەسانێک نەبوو بڵێ عەبدولعەزیزی داسنی
دەستی تفەنگێت ورد بێ
چاوی دە جاسووسێت کوێر بێ
کوانی سوتنێت لە ئانیشکێ بێ
قامکی پەلاپیتکێت بشکێنی
ئەوە کاکۆڵی کاکە سەیدەوانین
دە سیپەیدا با ڕایدەژێنی
مەلکەوانم مرد دەنگم نەکرد
نێۆچیرەوانم مرد دەنگم نەکرد
سەیدەوانم بە دەستی خۆم کوشت
ماڵە خۆم وێران کرد
مەلکەوانم ڕۆ
نەوچیرەوانم ڕۆ
گەورەی هەزار و پێنسەت ماڵ داسنی
سەیدەوانە ڕۆ
تا ئەوێ ڕۆژێ خوداوەندی میری مەزن دەگرێ دیوانێ
مەگین بڵێم سەیدەوانە ڕۆ
بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارە
چ بەهارێکە لە من چەندە دوورە
کێ دیویەتی لە دەورەتی دە زەمانان
لەسەر سێ کوڕان ڕا بووک بچتەوە ماڵی دە بابان
هەرامەتی هەر بە ڕووی دە سوورە
بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارەو
چ بەهارێکە لە من چەندە گرانە
عەبدولعەزیزی داسنی ئەوە بانگ دەکاتە دەزگیرانی مەلکەوانی
ڕۆڵە وەرە مەرەخەستێ لە مامی خۆت بخوازەو
روو بکەوە ماڵی دە بابانە
دەزگیرانی مەلکەوانی ئەوە بانگ دەکا مامە
هەڵکێشە خەنجەرێکە دەبانە
بیست و چوار جارانی بگێڕەوە دە جەرگ و دڵانە
ئەمن لە سەر مەلکەوان و نێچیرەوان و سەیدەوانی ڕا
بە چ چاووروێکی بکەمەوە ماڵی دە بابانە
بەهار چیاێێ مەغڵوبی داسنیان
لە من بە لێژە، لە من بە تاتە، هەرامەتی هەر لە من بە بەرزە
خۆ من دەچوومەوە سەر جەنازەی سەیدەوانی
هەر دە خوێنی خۆی دەگەوزا
--------------------------
سەیدەوان بە ڕاوێژی عەلی کەردار
ئەوە بەهارە چ بەهارێکی لە من بە نیێنی
رەبی خودایە ئەتۆ هەوری رەحمەتێ بێنی
لە لای قوبلەی مبارەک
لە داوێنی فەڕەنگییان
لە سەر تاج و هۆبەکەی بابی کاک سەیدەوانی هەڵبڕژێنی
ئەورۆکانە ئەمن زەینی خۆم دەداوە گراوی کاک سەیدەوانی
تۆق و تەلەسم و کرمەکان لە لاجانگێ با رایدەژێنی
یەک لە نەکاو دەیگوت عەبدولعەزیز نێچیرەوانت مردۆ
دەمکوت توخوداکەی کەس دەنگێ نەکا
با دەستی دیلانێ بەر نەبێ
نەوەک دڵی کیژ و کوڕی داسنیان
لە بابی سەیدەوانی بێشێنی
ئەوە بەهارە.. رۆڵە سەیدەوان بەهارە
چ بەهارێکی لە من بە دزی
ڕەبی خودایە ئەوە تو هەوری رەحمەتی بێنی
لە لای قوبلەی موبارەک
لە داوێنی فەڕەنگیان
لە سەر قەبری نێوچیرەوانم هەڵبڕێژی
ئەمن زەینێ خۆ دەکردە سەر قەبری کوڕانم
لێی دەرسکا هەڵاڵە و بەیبوونە لە گەڵ گوڵی دە نێرگزی
تو خودا خزمینە کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانەی دا
باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژی
ئەوە بەهارە رۆڵە سەیدەوان بابم بەهارە
چ بەهارێکی لە من لە نەکاوێ
ئەمن زەینی خۆم دەداوە ماڵ و مەڕەکەی بابی کاک سەیدەوانی
هەڵیدەداوە لە تیلەگی دە کوێستانێ
بەرامبەر و پێشانم دەبۆ گۆمە دەڵاوێ
ئەمن زەینی خۆم دەداوە نێری بەرانەکەی کاک سەیدەوانم
هەڵدەپسێنێ سەری هەڵاڵە و بەیبوونە و گیاخاوێ
بۆ کەس نەبوو بڵێ رەبی عەبدولعەزیز
چاوی جاسوسیت کوێر بێ
قامکی پەلاپیتکەت بشکێ
ئەوە سەیدەوانە و تفەنگی خۆت ماوێ
ئەوە بەهارە سەیدەوان بابم بەهارە
چ بەهارێکی لە من شین دەنوێنی
رەبی خودایە ئەتۆ هەوری رەحمەتێ بێنی
لە لای قوبلەی مبارەک
لە داوێنی فەرەنگییان
لە سەر چادر و چیغەکەی بابی کاک سەویدەوانیم هەڵبڕژێنی
یارەبی خودایە ئەتۆ هەڵکەیە بای رەحمەتی
لە غەمی عەبدولعەزیزی دەی
لە بەحری خوێی تێپەڕێنی
توخودا خزمینە کێ دیویەتی لە دەورەتی دە زەمانەی دا
باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژێ و دە خوێنێی بگەوزێنی
ئەوە بەهارە رۆڵە سەیدەوان بابم بەهارە
چ بەهارێکی لە من لە شەڕە
یارەبی خودایە ئەتۆ چڵکە هەورێکی بێنی
لە لای قوبلەی مبارەک
لە داوێنی فەڕەنگییان
ببارێنی بارانی رەحمەتێ
قەبری کوڕانم بۆ بکەیەوە تەڕە
ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەر قەبری کوڕانم
لێی دەڕسکا هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسن و شللێر و شەشپەڕە
ئەمن دەستم دەدا تفەنگێ خۆم
رووم دەکردەوە چیاێی مەغڵوبێ داسنیان
بۆ بوکنیان بێنمەوە گۆشت بەران و گۆشت مەڕە
بە داوێنی بەردان دا دەڕۆیمە خوارێ
دەمڕوانیە تاقەی سیپانی وێرانبوو
خۆ من نەمدەزانی کاکۆڵی کاکە سەیدەوانیە
لە گەڵ گوڵی کوێستانان
پرشێکە بای شەماڵ لێی دەدا
بە یەکیان دەداتەوە گەڕە
ئەمن تفەنگی خۆم داویشتە سەر بەردی
جاسوسم لێ دەگرت
تەقەم لە تفەنگێ دەهات
تەمی لە سەر نەدەڕەوی
لەوێ سەیدەوانم وەسەر یەک دەگەڕا
ئەلحان ئەگەر بڵێم توخودا خزمینە
دەستی یەک بەردەن و ئەمن دیلانێ ناکەم
پێم دەڵێن عەبدولعەزیز خەرفاوە، شێت بووە و پیرێکی ئاخر شەڕە
ئەوە بەهارە رۆڵە بەهارە
چ بەهارێکی لە من بە غللورە
ئەورۆکە ئەمن زەینی خۆم دەداوە سەر قەبری سەیدەوانم
لێی دەرسکا هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسن و گوڵە زەمبوورە
شەرت بێ رۆڵە بە شەرتی خودای
لە پاش ئێوە دە لاقم ناکەم چەکمان و
دە شانم ناکەم تفەنگێ سێ تیر و
تازە ناچمەوە ڕاوی نێرێ بەلەکوورە
توخوداکەی خزمینە
کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانێ دا
لە سەر سێ کوڕان ڕا بووک بچنەوە ماڵی بابیان
بە جلی دە سوورە
ئەوە بەهارە رۆڵە سەیدەوان بەهارە
چ بەهارێکی لە من هاڵۆزە
ئەورۆکە ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەر قەبری کاک سەیدەوانی
لێی دەڕسکان هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسنە و گوڵە نەورۆزە
شەرت بێ رۆڵە بە شەرتی خودای
لە پاش ئێوە دە لاقم ناکەم چەکمان و
دە شانم ناکەم تفەنگێ سێ تیر و
تازە ناچمەوە ڕاوی نێرێ بەلەبۆزە
ئەوە بەهارە
چ بەهارێکی لە من سەر بە زستانە
ئەمن زەینێ خۆم دەکردەوە سەر قەبری کاک سەیدەوانی
لێی دەرسکاوە هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسن و گوڵی دانە بە دانە
شەرت بێ رۆڵە سەیدەوان لە پاش ئێوە
دە لاقم نەکەم چەکمان
دە شانم نەکەم تفەنگی سێ تیر و
تازە ناچمەوە ڕاوی ئەوان کێویانە
وەی ڕۆڵە هەر لەو زەمانی تا ئەو زەمانی
هەر لە دەوری شای تا نەوشیرەوانی
توخودا گەلی دە دۆستان
گەلی دە خزمان
وەرن سێ داوەتان بگێڕن
یەکیان ئی مەلکەوانی
دومیان ئی نێچیرەوان سێهەم ئی سەیدەوانی
کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانان دا
لە سەر سێ کوڕان ڕا بووک بچتەوە ماڵە بابانی
مەلکەوانم مرد دەنگم نەکرد
نێچیرەوانم مرد هەر شوکری خودام کرد
بە خودای سەیدەوان خۆڵی گەرمێن و کوێستانێت وەسەری عەبدولعەزیزی کرد
وەی ڕۆ
هەتا ئەو رۆژەی خودا لە من دەکاتەوە دیوانێ
وەسەری عەبدولعەزیزی دەکردەوە خۆڵی کۆکۆیە
بە خودای نازانم نە دەردی پیری گەیوەتە عەبدولعەزیزی
نە لە بەر ئەنگۆیە..
سەیدەوان بە ڕاوێژی حەمەدی ئاغای
ئەوڕۆکە سەرم دێشێ..دڵی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی دەکا بێنە بێنێ
بەڵان ئەمن ئەوشۆم خەونێک دیوەو لە من وایە ئاخری بەهارێیە
دەگەڕام لە تیلەگی دە کوێستانان
قەت وەگیرم نەدەکەوت قولێک گیا بەشی باقەبێنێ
توخوڵاکەی ئەو کەسانەی ئەگەر خوداشوناسن
وەرن تەعبیری ئەو خەونەم بۆ لێدەنەوە
دەترسم خوداوەندی میری مەزن پادشاێێ کەرەمێ
ئەگەر موسیبەتێکی گەورەم بە سەر بێنێ
ئەمن دەمگوت مەسڵەحەت وایە ئەگەر باب بە رۆژێکی
سێ بووکان لە بۆ کوڕانی بێنێ
نەمزانی تەقدیری خودای تەگبیری عەبدی بەتاڵ دەکات و
هێللانەی لە عەبدولعەزیزی ماڵوێران دەشێوێنێ
رۆڵە دەبەر قافڵەو بازرگانو مرم
ئەگەر بەڕێی دەکەن بۆ وڵاتی گەرمێنێ
ئەوە پارچەو ئەتڵەس و کیمخوای
لە بۆ جلی دەزگیرانی خۆی بێنێ
چ بکەم کەس دەربەند نییە ئەگەر داخوڵا
مەڕو ماڵو مێگەلو چادرو چیغی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی
لە کوێستانان بە بێ ساحەبی دەمێنێ
ئەمن وەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ
رووم دەکردەوە چیایێ مەغڵووبێ داسنیان
زەینێکە خۆم دەداوە بازی دە کێویان
بانگیان دەکردم دەیانگوت عەبدولعەزیز وەرە بگەڕێوە
کوڕی نێونجیت پەردوگیر بوو لە باڵ بووکێ نەهاتە دەرێ
دەمگوت توخوڵاکەی خزمینە دەنگێ مەکەن
دەستی داوەتێ بەر مەدەن
دڵی کیژ و کوڕانم لێ دەمێنێ
ئەورۆکە بەهارێکم گەیوەتێ رۆڵە چ بەهارە
سەرم دێشی، دڵی عەبدلعەزیزی داسنی
چەندی لە ئێش و ژانە، چەندی لە غروورە
ئەمن زەینم دەداوە تیلەگی دە کوێستانێ
سوور دەبوون سوورەگوڵ و هەڵاڵ و بەیبوون
دەپشکووتن شەشپەڕ و شللێرە
ئەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ
رووم دەکردە چیاێێ مەغڵووبێ داسنیان
زەینێکە خۆم دەدا بازی دە کێویان
لفکەی سەیدەوانی لە پلەی بەردی با رایدەژێنێ
لە من وایە ڕدێنێ نێرێ بەلەکوورە
وەی چاوی جاسووسێت کوێر بێ
دەستی چەخماخێت شکێ
تەقە لە تفەنگێ دەهات و
سەیدەوان دە خوێنێ دا دەبۆوە سوورە
ئەورۆ بەهارێکم گەیوەتێ رۆڵە چ بەهارە
سەرم دێشێ دڵی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی
چەندی لە ئێشەو چەندی لە ژانە، ئەی خودا چەندی لە من دە هاڵۆزە
ئەمن زەینی خۆم دەداوە تیلەگی دە کوێستانان
سوور دەبوون سوورەگوڵ و هەڵاڵ و بەیبوون
دەپشکووتن گوڵە نەورۆزە
ئەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ و
رووم دەکردە چیاێێ مەغڵووبێ داسنیان
زەینێکە خۆم دەدا بازی دە کێویان
کاکۆڵی وەلکەوانی لە پلەی بەردی با رایدەژێنێ
لە من وایە ردێنی نێرێ بەلەبۆزە
وەی چاوی جاسووسێت کوێر بێ
دەستی چەخماخێت شکێ عەبدولعەزیز!
تەقە لە تفەنگێ دەهات و
کوڕ لەوێ دە خوێنێ دا دەگەوزا
ئەستێرێک هەڵدێ بەری بەیانی
وەی سەڵا لە عەبدولعەزیزە کۆرەکەی بابی سەیدەوانی
ئاوی کوێستانان دێنە خوار رۆڵە
بە توندی هەر بە تیژی
هەڵدەڕژێنە بن سوورە گوڵی لە سەر بە گژنیژی
توخوڵاکەی خزمینە وەرن رەجمم کەن
کێ دیویە لە دەورەتی دە زەمانان
لە سەر سێ کوڕان ڕا
بووک بچنەوە ماڵی دە باوان
بە تارای سوور و هەر بە کیژی
ئەی رۆڵە رۆ لە سەر ڕۆیە
ئەمن لە دەروونم دێتە دەرێ بڵێسەو بۆسۆیە
نازانم نە بەدبەختێ منە.. سەیدەوان! نە نەدامەتێ تۆیە
شەرت بێ لە پاش سەیدەوان و نێچیرەوان و وەلکەوانان
لە خۆم حەرام کەمەوە راوی دە تفەنگێ
دەگەڵ ئی نێریێ دە بەلەبۆزە
چیدیکە دەگەڵ قەومی داسنیان دانەنیشم و
دەگەڵیان نەکەم جێژنە پیرۆزە
----------------------------------------
سەیدەوان (بە دەنگی شۆڕش مەحموودی)
بەهارە، بەهارە، ئەزیزەکەی لە دنیایەم سەیدەوانئەوە بەهارێکە لە شەڕە
ئەوە هەورێکی رەشی دەهێناوە لە قیبلەی مبارەک
لە سەر قەبری پیر خدری
لە مەغڵوبی دە داسنیان
دە ڕەبی خودایە هەڵکەی لە رووی رەحمەتێ
بارانی پەڵەی هەڵڕێژی
قەبری سەیدەوانیم لە بۆ بکەیەوە تەڕە
ئەوە من دەچوومەوە سەر قەبری سەیدەوانی
چەندیم دەدیت سوێسن و هەڵاڵ و بەیبوون و شەشپەڕە
خۆ من دەستم دەداوە شینکێ چەخماخ خوار
ڕووم دەکردەوە چیاێی مەغڵوبی داسنیان
ئەگەر لە بۆ شایی سەیدەوانی بێنم
گۆشتی شەک و بەران و مەڕە
دە ڕەبی خودایە چاوی جاسوسێم کوێر بێ
قامکی پەلەپیتکەم شکێ
وە من تەقەم دەهاتەوە لە تفەنگی
بە خوای کزەم دەهاتەوە لە هەناوە
ئەمن لە زەینێ خۆم دەدایە
وەمدەزانی نێرێ کێویە و
نەمدەزانی ئەوە کاکۆڵی کاکە سەیدەوانم
بە پشوێ بای دە شەماڵی
دەگەڵ گوڵی سوێسن و هەڵاڵێ دەگەڕاو
ئەوە کاکە سەیدەوانمە دەگەوزێوە دە گۆمیلکە گۆمیلکەی دە خوێناوە
بەهارە.. بەهارە بەهارە عەزیزەکەی لە دنیایەم سەیدەوان
ئەوە بەهارێکە سەر دە هەوەڵێ
وەمن شەرت بێ ڕۆڵە بۆت دەفرۆشم پێنسەت مەڕی لە بەر بەرانی
بە عامی بۆت دەکەمەوە بە پوڵ و پارە
بۆت دەگەڕێمەوە شاران
حەکیمان دەگەڵ ئەوان لوقمانە
حەک سەڵا لە چاوی بابت
برینت بە کەس ناکرێتەوە دەرمانە
دە وەرن برادەرینە
گەلی دە خزمان و گەلی دە داسنیان و ئەهلی دە ژەنگارێ
دارە مەیتێکم بۆ ساز بکەن
مەیتی کاکە سەیدەوانم لە چیاێی رەنگین دەگەڵ بێننەوە خوارێ
تو خوا قەبری ئەویشم بۆ هەڵکەنن لە کن مەلکەوان و نوچیرەوانی
ئەویشم بۆ بدەنەوە لە قەتارێ
دە وەرە برادەرینە
ئەوە شایێ عەبدولعەزیزی
لە سەر سێ کوڕان ڕا وەشین دەگەڕا
بەهارە..کوڕم بەهارە بەهارە
عەزیزەکەی دە دنیایەم سەیدەوان ئەوە بەهارێکە لە من دژەدژێ
وە من شەرت بێ ڕۆڵە
لە پاش ئێوە
دەشانم نەکەم تفەنگی دە سێ تیر و
نەچمەوە ڕاوی نێری دە بەلەبووزە
دە ڕەبی خودایە
چاوی جاسوسێم کوێر بێ
قامکی پەلەپیتکەم شکێ
ئەوە بە سێ شەشی دە بەهاری
کاکۆڵی کاکە سەیدەوانم با دەیشەکێنی و
ئەوە لە عەبدولعەزیزە کۆرەکەی وایە
ئەوە ڕدێنی نێری دە بەلەکوورە
دە وەرە برادەرینە
گەلی دە خزمان و گەلی دە ماجەران و گەلی دە پیر و پێشینیان
کێ دیویەتی هەر لە دەورەتی دە زەمانان هەتا دەورەتی ئاخر زەمانێ
باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژێ
بەهارە.. بەهارە بەهارە، عەزیزەکەی لە دنیایەم سەیدەوان
ئەوە بەهارێکە لە من سەر بە زستانە
ئەوە عەبدولعەزیزی داسنی بانگ دەکاتە دەزگیرانی سەیدەوانی
دەڵێ رۆڵە وەرە مەرەخەستێ لە مامی خۆت بخوازە و روو بکەوە ماڵی دە بابانە
ئەوە دەزگیرانی سەیدەوانی بانگ دەکا
دەڵێ بابە هەڵکێشە خەنجەرێکی دەبان
بیست و چوار جارانی بگێڕەوە دە جەرگ و دڵانە
ئەمن لە پاش مەلکەوان و نێچیرەوان و سەیدەوانی ڕا
بە چ چاو و دڵێکی ڕوو بکەمەوە ماڵی دە بابان
دە وەرە برادەرینە
گەلی دە دۆستان و گەلی دە خزمان و گەلی دە ماجەران و گەلی دە پیر و پێشینیان
کێ دیویەتی هەر لە دەورەتی دە زەمانان هەتا دەوری ئاخری دە زەمانی
لە سەر سێ کوڕان ڕا بووک بچێتەوە ماڵی دە بابان هەر بە جلی دە سوورە
مەلکەوانم مرد دەنگم نەکرد
نێچیرەوانم مرد دەنگم نەکرد
کاکە سەیدەوانم مرد
خۆڵی دە گەرمێن و کوێستانانم هەر وە سەری عەبدولعەزیزی داسنی کەن
--------------------------------------------------
۱/۰۲/۱۳۹۶
حەوت شین چۆن بوو بە هەفت سین؟
لە پاڵ ئەوانەدا بڕێک وردە پووڵ یان سکە، چەند مۆم، قورئان یان دیوانی شاعیرێک، ئاوێنە، نانێکی پان و قاپێک ئاو دادەندرێ و سفرەکە بە شیرنی، بتڵێکی شووشەیی پڕ لە ئاو کە ماسی سووری تێدایە، دەفرێک شیر و چەند هێلکەی رەنگکراو دەڕازێندرێتەوە.
وەک سروشتی هەر نەتەوەیەکی بندەست، فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست شەقڵی بەسەر کەلتوری کوردەکانی رۆژهەڵاتیشدا بەجێهێشتووە و فەرهەنگی راخستن و رازاندنەوەی سفرەی حەوسین بە تایبەت لە شارەکانی کوردستانیشدا کەم و زۆر باوە.
بەڵام ئاخۆ حەوسین هیچ پێوەندی بە کوردەوە هەیە؟
سەبارەت بە بنەما و مێژووی راخستنی سفرەی حەوسین لەنێو ئێرانیەکاندا باس و خواسی جۆراوجۆر هاتووەتە ئاراوە. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر ژمارەی ٧، ئەوە لە ئایینە کەوناراکانی وەک میترایی و زەردەشتیدا ژمارەیەکی پیرۆز بووە. لە میتراییدا پلەکانی ئایینی ٧ پلەن کە حەوتەمینیان، گەورەترین پلەیە و پێگەی میترا خۆیەتی. لە ئایینی زەردەشتیشدا، حەوت، ژمارەی ئەمشاسپەندانی پیرۆزە. ئەمانە یان یەک لەوان دەکرێ لە دانانی ژمارە ٧ی حەوسیندا رەنگی دابێتەوە. بەڵام لەسەر واتا و هۆی هەڵبژاردنی پیتی "سین" بۆچوونی جیاواز هەیە؛
کەسانێ پێیان وایە ئەمە هەمان وشەی "سینی" بە واتای مەجۆعمەیە کە خواردنەکانی لەسەر دادەندرێ. "سینی"ش هەمان دەفر و ئامانی چینی یان صینییە کە لە وڵاتی چینەوە دەهات و لە سەردەمی کۆندا دەفری بە نرخ و بەها بوو.
بۆچوونی دیکە کە هی ئەبووڕەیحانی بیروونییە، دەڵێ وشەکە لە "هەفت صنف" کەوتووەتە کە "صنف" وشەیەکی عەرەبییە بە مانای دانەوێڵە. دواتر ئەم هەفت صنفە بووە بە هەفت صن و پاشان هفت سین.
بۆچوونێکیش پێی وایە لە بنەڕەتدا حەوت "شین" بووە کە بە شەراب و شەکر و شیر و تاد.. دەڕازایەوە بەڵام چونکە دوای هاتنی ئیسلام شەراب حەرام کرا، حەوشینیش جێگای خۆی بۆ حەوسین بەجێهێشت.
کۆنترین بەڵگەیەک کە سەبارەت بە حەوسین هەیە، هی ئەبورەیحانی بیروونییە. بیروونی لە کتێبی "آثار الباقیە"دا کە بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی، دەڵێ؛ "دوای ئەوەی جەمشید بە سەر ئەهریمەندا سەرکەوت کە بەری خێر و بەرەکەت و بارانی شینبوونەوەی گژ و گیای گرتبوو، دیسان باران دایکردەوە و گیا شین بوونەوە، خەڵک گوتیان رۆژی نوێ (واتە رۆژێکی نوێ و چاخێکی تازە) هاتووە. بۆیەش هەر کەس قاپێک جۆی چاند و خەڵک لە رۆژی نەورۆزدا، لە حەوت قاپدا، حەوت جۆرە دانەوێڵەیان چاند و شین کرد."
رەنگە ئەبورەیحان خۆشی نەیزانیبێ کە ئەوەی ئەو باسی دەکا، "حەوت شین"ە کە تەنیا لە زمانی کوردیدا واتای هەیە؛ حەوت دانەوێڵەی شینبوو. یەک لە واتاکانی "شین بوون" لە زمانی کوردیدا، روانەوە، سەوز بوون و چەکەرەکردنی گژ و گیایە. حەوت شین ئەو حەوت قاپە بوون کە بە وتەی بیروونی، هەر یەکەی جۆرێک دانەوێڵەیان تێدا چێندرابوو.
بەشێک لەو کەسانەی پێیان وایە حەوسین لە بنەڕەتدا حەوشین بووە، بێجگە لە حەرامبوونی شەراب، هۆیەکی دیکەش بۆ گۆڕانی شین بە سین دێننەوە کە ئەویش نیزیکبوونی شوێنی دەرکەوتنی دوو پیتی س و ش لەکاتی گوتنیدایە. دیارە ئەوان هۆکارە سەرەکییەکە نازانن کە "شین"ی "حەوشین" مانای لە زمانی کوردیدا هەیە و لە زمانی فارسیدا بێ واتایە. فارس وشەی شینی بە هیچکام لە واتاکانی رەنگی شین، گریان بۆ مردوو یا سەوزبوونی گژ و گیا وەرنەگرتوە. لە بەرامبەر شیندا، ئەوان "سەبز" بەکار دێنن کە وشەیەکی هاوبەشی کورد و فارسە. هەر بۆیەش بەو شین و شینکە نەورۆزیانەیان وتووە "سەبزە". جا چونکە سەبزە بە پیتی "سین" دەست پێ دەکا و شینیش لایان بێ واتا بووە، سەرەتا "حەوت شین"یان کردوە بە "حەوت سەبزە" و لەوەشەوە "هەفت سین"یان لەجێی حەت وشین داناوە کە دەزانین هیچ پێوەندیەکی لەگەڵ وشە و نەریتە سەرەکییەکەدا نەماوە.
ئەو خواردنانەی کە لە سەر خوانی حەوسین دادەندرێن، ئەگەرچی رەنگە فەلسەفە و واتای جۆراوجۆریان بۆ داتاشیبن، بەڵام لەگەڵ خواردنی راستەقینە و خواردەمەنیەکانی سەر سفرەی کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاری ناوچەیەکی کوێستانی ناتەبان. بۆ وێنە لە رۆژی نەورۆزدا کە هێشتا بەفر بە تەواوی ناتوێتەوە و دارە سێوەکان تەنانەت گوڵیشیان نەکردوە، دانیشتوانی سەد ساڵ و دوو سەد ساڵ لەوە پێشی ئەو چیا و کوێستانانە سێویان لە کوێ بووە تا سفرەی حەوسینی پێ بڕازێننەوە؟! لە لایەکی دیکە بەشێک لە سینەکان وەک سرکە و سماق و سیر لە بنەڕەتدا بۆ تامدان بە خواردن کەلکیان هەیە و بە تەنێ پێخۆر نین. سفرەیەکیش کە خواردنەکانی سرکە و سنجوو و سیر و سماق و سێو بێ، هیچ ژەمێک پڕ ناکاتەوە. ئاقڵیش نایبڕێ کۆمەڵانی خەڵک کە نیزیک بە تەواویان نەخوێندەوار بوون، تەنیا بە هۆی بارە فەلسەفیەکە و پیتی دەسپێکی ناوی خواردنەکە، سفرەی خۆیان بەو خواردنانە رازاندبێتەوە.
خۆ ئەگەر لە پێکهاتەی سفرەی حەوسینی ئێستاش ورد بینەوە، دەبینین ناوی زۆربەی کەلوپەلی سەر سفرەکە لە زمانی کوردیدا نە بە پیتی سین بەڵکو بە پیتی شین دەست پێ دەکەن. بۆ وێنە شەم (مۆم)، شینکە (سەوزە)، شایی (کۆنترین وردەپووڵ، سکە)، شاووت (سوورە ماسی)، شیر و شیرینی. هەروەها لە سەر خوانی حەوسین نانێکی پان و گەورە دادەندرێ و ئەمەش شاتە، شکەڤا یان شلکییە کە لەنێو کوردەواریدا هەر کامیان ناوی کوللێرە یان جۆرێک نانی تەنکی پانن. بۆ مناڵانیش شاتەلی (نانە قەیسی) یان شڵانەکوت (وشکە قەیسی) رەنگە یەک لەدەستهاتووترین دیاری بووبێ کە بنەماڵەکان توانیویانە وەک نەورۆزانە بە مناڵانی بدەن. دەستڕۆیشتوانیش دەیانتوانی بە شیرانی و شەکرۆکە پێشوازی لە میوانە نەورۆزیەکانیان بکەن. وێڕای هەمووی ئەوانە، هەتا چەند ساڵ لەمەوبەر هێشتا هێندێک بنەماڵەی کورد هەبوون کە لە نەورۆزدا خوانی حەوشینیان ڕادەخست. کەوڵی خوانەکە بەپێی نەریت لە پێستی ئاسک بوو کە شینایی (ئاوەنیا)، شانە، شمشێر، شمشاد، چەپکێک گوڵی شلێر یان شەشپەڕ، شیرنایی (سەمەنی) و شەمی لە دەور دادەندرا و بەو خواردەمەنییە جۆراوجۆرانەی کە بە پیتی شین دەست پێدەکەن، دەڕازێندرایەوە. جا چونکە پەیدا کردن و دانانی شمشێر ئاستەم بوو، زۆر جار مقەستێکیان لەبری شمشێرەکە دادەنا.
۱۲/۲۴/۱۳۹۵
جوگرافیای ستراڤۆنی کاک عەلیی فەتحی
ئەو لەو دەگمەن ئازیزانەیە کە مەگەر چەرخی زەمان قۆرتێکی دیکەی خستبێتە ناو ژیانی ئەگینا ماڵاواییەکانی نیگەرانم ناکا. دەزانم بە دەستی زۆر پڕەوە دەگەڕێتەوە.
نیزیک بە دوو مانگ لەوە پێش جارێکی دیکە ماڵاوایی لە دۆستانی سەر فەیسبووکی خواست. لە ژێر ماڵاواییەکەی دا نووسیم کە دڵنیام بە دەستی پڕەوە دەگەڕێیتەوە. واش دەرچوو. بەڵام ئەوە هونەری من لە پێشبینی و غەیب گۆیی دا نەبوو بەڵکوو ناسین و ئەزموونم لە زەحمەت و کارە بە پێزەکانی تا ئیستای ئەم وەرگێڕە ماندوونەناسەمانە.
تاوێک لەوە پێش وەک چاوەڕوان بووم، بە دیاریی دەستیەوە گەڕایەوە؛ وەرگێڕانی کتێبی جوگرافیای سترابۆن. گەورەیی نواندوەو فایلی وەرگێڕانەکەی بۆ ناردووم. هێشتا نەمخوێندووەتەوە بەڵام دڵنیام لەم بەرەبەری ساڵی نوێیەدا، نەورۆزانەیەکی بە بایخە لە لایەن وەرگێڕێکی قەڵەم رەنگین و پڕکار بۆ دۆستانی و لەوانیش گرینگتر بۆ نەتەوەیەک کە بەردەوام مێژووی خۆی بە قەڵەمی داگیرکەر خوێندووەتەوە.
لێرەوە ماندونەبوونی لە کاک عەلیی خۆشەویست دەکەم، بۆ ئەم نەورۆزانە بە نرخەی، سپاسی دەکەم و تەمەننای ژیانی خۆش و لەشی ساخی بۆ دەکەم تا ژیانی داهاتووشی وەک تا ئێستای، پڕ بێ لە بەرهەمی بە پێز و خزمەتی مەزن بە نەتەوەکەی.
۱۲/۲۳/۱۳۹۵
بەڵەک
وشەی رەشبەڵەک هەروەها بە ئەو جۆرە هەڵپەڕکێیەش دەگوترێ کە تێیدا ژن و پیاو دەستی یەک دەگرن و بە یەکەوە هەڵدەپەڕن.
مانگی رەشەممە کە بەفر بەرەبەرە دەتوێتەوەو وەک دەڵێن "دەچێتەوە"، بەفر رەشانگی تێدەکەوێ و کەژ و چیا 'بەڵەک' دەبێ. حەریق دەڵێ:
بەڵەک بوو کێو و سەحرا، وەک دەڵەک خۆی دزیەوە زستان
زەیســــــــــتان چون بەری خست، ئیتیفاقەن هێزی پێی نابێ
بەڵەک هەروەها جۆرێک نەخۆشیی پێستە. بە جۆرێک کە هێندێک بەشی پێستی لەش سپی هەڵدەگەڕێ و لەش پەڵەی تێدەکەوێ.
بەڵەک لە وشەی "پەڵە" بە مانای خەوش، لەکە و بە گشتی لە خاڵ و قۆپەن گەورەتر، کەوتووەتەوە. بە هۆی پاشگری 'ک' بووە بە ناو. عەرەب وشەی بەڵەکی لە کورد وەرگرتووەو کردوویە بە "ابلق". فارسیش وشەکەی وەک خۆی لە عەرەب وەرگرتووەتەوە.
۱۲/۱۹/۱۳۹۵
پێوانەی کەم و زۆر
نەخت: نەخود، دانەوێڵەی نۆک، بە قەت دەنگە نۆکێک
نیسک: دانەوێڵەی نیسک، بە قەت دەنکە نیسکێک
تۆز: بۆ ئارد، خوێ و شتی هاڕدراو
تۆسقاڵ/تۆزقاڵ: تۆز + قاڵ، قاڵبووی تۆزێک لە شتێک بۆ وێنە رۆنی قاڵ کراو
چۆڕ: بۆ ئاو و شلەمەنی، ئەو کەمە ئاوەی لە شتی توندی ئاودار دەچۆڕێتەوە،
بڕ/بڕێک: "بڕ" رەگی کرداری بڕین و بڕانە. بریتییە لە بڕدراو لە شتێک
قاش: یا قاچ وشەیەکی تورکیە بە واتای بڕدراو
پەنچک: پەنجەیەک، بە رادەی پەنجەی دەست، بە قەت لەپی دەست. بۆ نان و شتی ئاوا پان دەبێ
گەڵا: پێوانەی بژاردنی نانە
لەت
تاو: کاتی کەم
قەننەکێشێک: بە رادەی کێشانی قەننەیەک
هێند: یان هەند رەنگە ناوی کۆنی دەست بێ بەو جۆرەی لە زمانی ئینگلیسی دا هەیە
گرداڵ: وەک گرد و تۆز
ناونج
بەش
لۆچ: هەردوو دەست وەک پلووسک دەگرنەوەو پڕی شتێکی دەکەن
لاوێچ: پڕی لا دەستێک لە شتێک، نیوەی لۆچ
لەت؛ بەشێ لە شتێک، جاری وایە نیوەی شتێک
مست/مشت: زیاتر بۆ دانەوێڵە دەبێ بەڵام لە لۆچ/لاوێچ کەمترە
ماوە: زەمانی نە زۆر و نە کەم
زۆر:
دەلیا : دەریا
نردوو: بۆ نان
کۆش: ئاتەگ و داوێنی کراس لە هەردوو بەرەوە دەگرنەوەو پڕی دەکەن
باوەش؛ چەند شت لە شتێک بە سینگەوە دەگرن و هەردوو باسکی لە دەورە وەردێنن
قەدەر: زەمانی بڕێک زۆر
بابەتی نوێ:
ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا
لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...





