۷/۱۲/۱۴۰۵

شەڕ و جەنگ

شەڕ و جەنگ لە زمانی کوردیدا دوو وشەی هاومانان کە زۆر جار بە جیاواز و هێندێکجاریش لەگەڵ یەک بۆ هەرا و کێشەی نێوان دوو کەس یان دوو گیاندار بەکار دێن؛

کێ خواردوویە بیبلی من

کێ بردوویە تیتلی من

بێتە شەڕ و جەنگی من (یان شەڕە جەنگی من) 

(ئەدەبی فۆلکلۆری منداڵان)

 بێجگە لەوانە زۆر وشەی وەک پێکدادان، لێکدان، تێکهەڵدان، خەبات، بەربەرەکانێ، کێشە، هەرا، گوڕڕە، دەوەناشی، داوا(دەعوای عەرەبی)، نەوەرد (لە فارسیدا نەبەرد)، نیزاح (نزاعی عەرەبی)، حەرب (عەرەبی) و وشەگەلی دیکەش واتای نیزیک لەوە دەگەیەنن بەڵام زیاتر هەر ئەو دوانە باون. 

شەڕ لە وشەی "شر"ی عەرەبی کە پێچەوانەی خێرە، نیزیکە و گومان دەکرێ هەر لەو وەرگیرابێ بەڵام خزمایەتیشی لەگەڵ شڕ و شڕۆڵ بە واتای دڕاودا هەیە کە شڕیاگ و دڕیاگیش بەرهەمێکی شەڕن. وشەی شەڕ لە کوردیدا کرداری سەربەخۆی نییە بەڵام گەلێک وشەی وەک شەڕانی، شەڕەنگێز، شەڕکەر، شەڕۆ و شەڕڤانی لێ چێ بووە و لە کرداری تێکەڵاویشدا بە شێوەگەلی شەڕ کردن، بەشەڕهاتن و بەشەڕدان گەردان دەکرێ. 

هەرچی جەنگە لە زمانی کوردیدا بە ڕادەی شەڕ بەکار نایە بەڵام ڕەنگە ڕەسەنتر بێ. بەتایبەت کە لە کرداری سەربەخۆی جەنگان و جەنگین‌دا هەیە. جەنگ هەروەها واتای بەرینتری لە شەڕ هەیە و بە کێشە و دەوەناشیی بچووک ناگوترێ.  

وشەی جەنگ خزمایەتیی لەگەڵ کرداری جنین بە واتای لەتوپەت کرد، ورد کردن و هەلاهەلا کردندا هەیە. هەروەها دەتوانێ لە چنگ و چەنگیش نیزیک بێ کە لای مرۆڤ و گیانلەبەرە دڕندەکانیش یەکەم ئامرازی جەنگە. 




کەشەف

لە موکریان بە سینی، خوانچە یان مەجۆعمەی چکۆڵە دەڵێن کەشەف کە لە زۆربەی زاراوەکانی زمانی کوردیدا ناگوترێ و  هاوچەشنێکیشی لەنێو زمانە دەستەخوشکەکاندا نییە. ئەوەندە نەبێ کە لە دێهاتەکانی دەوروبەری ئەردەبێڵدا وشەکە هەیە و بۆ هەمان مەبەست بەکار دێ. هەروەها لە زاراوەی کورمانجیی ژووروودا وشەی نیزیکی شکەڤ یان ئشکەڤ işkev / şikev هەیە کە لە تەشتێکی گەورە بۆ شێلانی هەویرە و دوای نان کردنیش، دەوری ناندێن یان تەبەک دەگێڕێ. 


بە دوای پێوشوێنی وشەکەدا بۆم دەرکەوت کە لە فەرهەنگنامەی دێهخودادا وشەی کەشەف بە واتای کیسەڵ یان قاپێلکی کیسەڵ تۆمار کراوە. ئەویش لە شێعری شاعیرانی فارسی نووسی خۆراسانی گەورە و ئازەربایجانی بەر لە تورکاندندا دۆزیویەتەوە؛

بۆ وێنە خاقانیی شێروانی دەڵێ؛

گر چون کشف کشم سر در استخوان سینه

سایه نیفتد از من بر چشم هیچ جانور

نیزیک لە کەشەفی بە واتای کیسەڵ لە زمانی کوردیدا وشەی "کووشی" بە هەمان واتا هەیە کە لە هێندێک زاراوەی کورمانجیی ژووروودا باوە. 

بەڵام ئاخۆ کیسەڵ چ پێوەندییەکی بە کەشەفی بە واتای سینییەوە هەیە؟

وەک دەردەکەوێ، کەشەف تەنیا بەرامبەر بە سینی نییە بەڵکو لە واتایەکی بەرینتردا برێتی لە دەفر و ئامانی جۆراوجۆرە. جا هەر لە تەشت و تەبەکی گەورەی هەویر شێلان و نان تێدا هەڵگرتنەوە تا دەفری بچووکی نان تێدا خواردن. 

دەزانین کە مرۆڤ پێش ئەوەی بتوانێ لە بەرد، دار یان گڵ بۆخۆی دەفر ساز بکا، لە شتە سرووشتییەکان بۆ ڕایی کردنی کاروباری خۆی کەلکی وەرگرتووە کە قاپێلکی کیسەڵ بەردەسترین دەفری سرووشت بووە تا بتوانێ خواردن و خواردنەوەی تێبکا و پێی بخوا یان بخواتەوە. ئاسەواری ئەمە لە بەیتی برایمۆکیشدا هاتووە ئەو کاتەی برایم لە قاپێلکە کیسەڵێکدا شیر لە شوانان بۆ میرحەجی ئاغای گولبووی خۆی وەردەگرێ. دواتریش مارەکە لە لە هەمان قاپێلکدا شیرەکە دێنێتەوە و میر بە خواردنەوەی شیفا وەردەگرێ. دیارە هەمان پێوەندی و خزمایەتی لە نێوان وشەی قاپی نان خواردن و قاپێلکی کیسەڵیشدا هەیە. هەروەها لەنێوان کاسە و کیسەڵدا کە دەکرێ یا بە الف (کیسەڵ  = کاسەڵ) یان بە پێچەوانە (کاسە = کیسە) گۆڕانی بەسەردا هاتبێ.

کیسەڵی نێو ئاوێ پێی دەڵێن ڕەقە کە لە نێو ئاو و لە وشکانیشدا دەژی و گیا دەخوا. ئەم جۆرە دوای ئەوەی قەبارەی زۆر گەورە دەبێ، پێی دەڵێن سێڵە کە ناوەکەی بێ پێوەندی لەگەڵ سێڵی نان کردن نییە.  


جێهان و کیشوەر

جێهان و کێشوەر لە زمانی فارسیدا دوو وشەی زانستی جوگرافیان کە یەکەمیان بە شێوەی جەهان و جیهان لە زمانی کوردیشدا شانبەشانی وشەی دنیا یان دونیا هەیە بەڵام دووهەمیان کە بە واتای یەکەیەکی جوگرافیایی سەربەخۆی خاوەنی دەوڵەت و ئاڵا لەو جیهانە بەرینەدایە، کەمتر وا هەیە لە زمانی کوردیدا بەکار بێ. لە بری ئەوە پتر وشەی وڵات یان وەڵات بەکار دەبەین کە بە گومانی بەهێز لەگەڵ وێلایەتی عەرەبی هاوڕیشەیە. 

وشەی کێشوەر لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای کێش ڕۆ نراوە کە ئەویش ڕەگی کرداری کێشانە. دیارە کێشان بە تەنیا یان بە پێشگرەوە واتای جۆراوجۆری هەیە وەک هەڵسەنگاندن و بەراورد، ڕاکێشانی شتێک، ڕاگواستن، هەڵگرتنی وێنە و نووسینی نەخشە. بەو پێیە واتایەکی کێش ئەو هێڵ یان خەتەیە کە بەسەر پانتاییەکدا دەکێشرێ. هەر لەسەر ئەو بنەمایە کێشان یان کێشانەوە برێتی لەو هێڵانەیە کە لەسەر پانتاییەک وێنە یان پلانێک تۆمار دەکەن. هەر لەسەر ئەو بنەمایە خێشک بە واتای شتێکە کە بەسەر هەرددا دەکێشرێ و شوێن لە خۆی بەجێ دەهێڵێ. هەروەها کێشت لە کشتوکاڵدا برێتی لە زەوییەکە کە هێڵی کێڵانی بەسەردا کێشراوە و لەوەوە وشەگەلی کەشاو، کەشاوەرز و هتد چێ بووە.  

جا هەر لە ڕاستای ئەو کێش و خەت کێشانەدا وشەی کێشوەر ساز بووە بە واتای زەوییەک کە خەتی پێدا کێشراوە. جا ئەو خەتە چ هێڵی کێشت و کێڵانی زەوییەکە بێ و چ بەو واتایە کە زەوییەکە بە هۆی چەند هێڵێکەوە سنووری دیاری کراوە و کەوشەنی بەدەورەدا کێشراوە. ئا لەوەوە وشەی کێشوەر دواتر بۆ مانای وڵات بەرین کراوەتەوە.

هەرچی وشەی جێهانە کە ئەوە شێوە درووستەکەیەتی، لە وشەی "جێهـ" کە لە کورمانجیی ژووروودا بە واتای جێگا و شوێنە لەگەڵ "ان" کە ئەویش هەر پاشگری شوێنە بە مەبەستی جەخت کردنەوە لەسەر دنیایەکی هیندە بەرین، چێ بووە. 

جێهان هەروەها بە شێوەی کەیهانیش تۆمار کراوە کە گۆڕدراوی گێهان و ئەویش شێوەی کۆنتری جێهانە.

گیتی ناوێکی دیکەی جێهان یان کەیهانە کە ئەویش لە گێ وەک شێوەی کۆنتری جێ یان جێهـ بە واتای شوێن و پاشگری "ایەتی" کە ئەویش  وەک مەنگوڕایەتی، بەرانەتی، سوێسنایەتی و هتد. هێندێک جار دەوری پاشبەندی بۆ شوێن دەگێڕێ، چێ بووە. بەو پێیە گێتی کورتکراوەی جێیایەتی و گێیایەتی‌یە. 



گۆرانیبێژی ژن و گۆرانیی پیاوانە

کێشەیەکی زۆربەی گۆرانیبێژە لاوەکانمان ئەوەیە کە تێکستی گۆرانی ناناسن یان سەرنج بە نێوەرۆک و شێعری گۆرانی نادەن. هۆکارەکەش ئەوەیە کە مۆسیقا و گۆرانی لە هونەری دەربڕینی هەست و سۆزی گۆرانیبێژ و جەماوەر و کۆمەڵگەکەیەوە بوون بە کەرەسەیەکی بازاڕی و بە سەرچاوەی پارە پەیدا کردن و خۆ دەوڵەمەند کردنی گۆرانیبێژ. ئیتر ئەوەیە کە هەستی خۆیان ئاوێتەی تێکست و ئاواز ناکەن و گۆرانیی پێشینیانی خۆیان وەک تووتی و زۆر جار پڕ لە هەڵە و پەڵە دەڵێنەوە. ئەم کێشەیە بەتایبەت لای کچە گۆرانیبێژەکان زیاترە کە ڕەنگە لەبەر ئەوە بێ ڕمێنیان زیاترە و بازاڕیان قەوغاترە. ئەوان کە زۆربەی جاران گۆرانیی گۆرانیبێژانی پێشتر یان گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان دەڵێنەوە، سەرنج بەوە نادەن کە تێکستی زۆربەی ئەم گۆرانیانە پیاوانەیە و دەربڕی هەستی دڵی پیاوێکی ئەویندار بە ژنێکە. کێشەکە ئەم ڕۆژانە لە خاتوونێکی گۆرانیبێژ بە ناوی سەنا بەرزنجی ئاشکرا بووە و داوێنی باوکیشی گرتوەتەوە. بەدەر لە هەلپەرەستیی ئیسلامییەکان، زۆربەی گۆرانییەکانی ئەحمەد شەماڵ هی ئەوە نین کە کچۆڵەیەک بتوانێ ئەو گۆرانیانە لەگەڵ هەستی ژنانەی خۆی ئاوێتە بکا یان باوکێک بتوانێ هەستی خۆشەویستیی باوکانەی خۆی بۆ کچەکەی پێ دەربڕێ. باوکەکە دوای ئەو هەموو ڕەخنە بەجێ یان بێ‌جێیانەش، هێشتا دوو قڕانییەکەی نەکەوتووە و شێعری "کچ"ی نالی کە لە ڕاستیدا دژ بە هاوڕەگەزخوازی و نێربازی نووسراوە، بە بەڵگە هێناوەتەوە تا هەستی خۆشەویستیی باوک و کچانەی خۆی لە گۆرانییەکدا کە گۆرانیبێژ بە سینگ و مەمکی یارەکەیدا هەڵدەڵێ، پێ پاساو بدا؛
کوڕ زیبی دەبوستانە، کچ شەمعی شەبوستانە
بۆ بەزمی تەماشا کوڕ، بۆ خەڵوەتی تەنها کچ
کوڕ ئاینەیی حوسنی، تا وەک کچە، مەنزوورە
گرتی کە غوباری موو؛ چینی کوڕ و مینا کچ
دیارە لەنێو گۆرانییە فۆلکۆرییەکاندا زۆر گۆرانیش هەن کە گۆرانیی ژنانە و دەربڕی هەستی ئەوانن بەڵام بەداخەوە خانمە گۆرانیبێژەکان بە دەگمەن وا هەیە خۆیان بە خوێندنەوە و بەدواداچوون و دۆزینەوەی ئەوانە ماندوو بکەن.
ئەوە نموونەیەک لە گۆرانیی ژنانە بە دەنگی زیرەکی نەمر. دیارە زیرەک لەو گۆرانییەدا، لە غیابی ژنان خۆیاندا و لە سەردەمێکدا کە ژن لە سەرەتاییترین مافی خۆی کە مافی هەڵبژاردنی هاوسەری داهاتوویەتی، بێببەش کرابوو، بووە بە دەنگی ژنان بۆ گەیاندنی هاواری ئازادیخوازانەی ئەوان؛
هەی ناکەم ناکەم، ئەو کارەی ناکەم
کابرا زۆر پیرە و مێردی پێ ناکەم
ئازادیی ژنانە و بە دڵێ خۆم دەکەم

سوورانە ڕەسەنتر لە مێهرەجان و فێستیڤاڵ و جشنوارە

لەم ساڵانەی دواییدا بە بۆنەی هەڵگرتنی خەلە و خەرمان یان پەرەدان بە بوارێکی تایبەتی فەرهەنگی و هونەری لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا جێژن و ڕێوڕەسمی تایبەتی وەڕێدەخرێ کە نەریتێکی جوان و پەسندە. دوا نموونە "فیستیڤاڵی ڕەزبەر" بە بۆنەی پێگەیشتنی ترێ لە میراوێی سەردەشت بوو.

لە باشووری کوردستان بۆ ئەو جۆرە بۆنانە پێشتر وشەی ئێرانیی عەرەبێندراوی مێهرەجان (مێهرەگان) بەکار دەهات
کە دواتر ڕمێنەکە بە وشەی فیستیڤاڵ درا. فارس وشەی جشنوارەی بۆ داتاشیوە بەو واتەیە کە جێژنی تەواو نییە و لە شێوەی جێژنە. کوردانی ڕۆژهەڵات جاروبار بە پێڕەوی لە فارس جەشنوارەی پێ دەڵێن و هێندێک جاریش هەوڵ دەدەن ناوەکە بکوردێنن و بیکەن بە جەژنەوارە، لەم دواییەشدا بە پێڕەوی لە باشووری کوردستان "فیستیڤاڵ" یان "فیستیواڵ" بەکار دەبەن کە وشەیەکی فەرەنسییە بە واتای جێژنی گەورە.
من پێم وایە لە جیاتی ئەو لاساییە باشترە وشەی کۆنی سوور یان سوورانەی کوردی بۆ ئەو جۆرە بۆنانە بژێنینەوە. سوور هەم واتای جێژنە (دیارە بۆنەی لە جێژن بچووکتر) و هەمیش بە واتای پوختەی ئەو بەرهەمەیە کە لە کشتوکاڵ یان هەر شتێکی تر بە دەست دێ و هەڵدەگیرێ. ناوێک کە لە کۆنەوە باو بووە؛ خەتەنە سووران (جێژنی خەتەنە کردنی کوڕ)، سوورەی مەڕی (جێژنی سەدە یان بێڵندانە)، سوورانەی خەرمان (جێژنی جیاکردنەوەی گەنم لە کا)، سوورانەی زاوا (ئەو دیارییەی کە زاوا بە بۆنەی گواستنەوەی بووک دەبوو بیدا). هەر لەو گوێنە دەکرێ سوورانەی هەنار، سوورانەی ترێ، سوورانەی گوڵەبەڕۆژە یان لەباری هونەری و ماناییەوە؛ سوورانەی مووزیک و گۆرانی، سوورانەی شێعر و هتد. بەکار بێنین کە گونجاوتر و ڕەسەنتریشە.

۶/۱۵/۱۴۰۵

مێرکۆریی ئاسمانێکی پڕ ئەستێرە

تاهیر قاسمی

ئەستێرە هەموو مەحوە لەنێو نووری قەمەردا ‏
یا شەمسی جەماڵت شەوی گێڕاوە بە فەردا
«نالی»
لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، وێنەیەکی نۆستالۆژیکی سەر بەرگی کتێبێک و دێڕە شێعرێکی ئاشنای سەر بەرگی کتێبەکە لە ‏فەیسبووک، سەرنجی ڕاکێشام؛ "ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین"! نووسەری کتێب هاوڕێی لەمێژینەی حیزبایەتیم دوکتور قادر وریا بوو و ‏هەر خۆیشی مزگێنیی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا دانابوو. بۆ ناساندنی کتێبەکەش ڕوونی کردبۆوە کە تێیدا ‏یادی ئەو لاوانە کراوەتەوە کە "لە ڕووی بەهرە و توانایی و کاریگەرییان لەسەر کەسانی دەوروبەر و، بایەخدان بە لایەنی ڕۆشنبیریی ‏خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگانە، مرۆڤێکی تایبەت بوون. تایبەت بوون چونکە شانبەشانی جێبەجێکردنی ئەرکی پێشمەرگانەیان، بە ‏فێربوون و فێرکردن، بە پەرەپێدانی وەرزش و هەڵپەڕکێ، بە گرنگیدان بە ڕۆژنامەنووسی، خۆشنووسی، نووسین و شێعر، بە بایەخدان بە ‏موسیقا، سروود، گۆرانی، نیگارکێشی، شانۆ، فیلم و وێنەگری و...هتد، لەگەڵ ستەم و تاریکی لەشەڕدا بوون و تیشکی هیوا و تریفەی ‏جوانییان بڵاو دەکردەوە. ئەستێرە بوون بەڵام بە داخەوە زوو ڕاخوشین."‏
‏ تامەزرۆی دەستخستن و خوێندنەوەی کتێبەکە بووم و بیرم لەوە دەکردەوە کە بە چ ڕێگایەکدا بەدەستی بێنم تا وا ڕاستا خۆی لوتفی ‏فەرموو و پێوەندیی پێوە گرتم بۆ ئەوەی سێ نووسخە لە کتێبەکە بۆ من و دوو دۆستی دیکەمان ڕەوانە بکا. پاش هەوڵ و تەقەللای زۆری ‏هاوڕێمان کاک ئەسعەد خزری و چەند ڕۆژ چاوەڕوانی، سەرەنجام هەفتەی ڕابردوو بە خۆشییەوە کتێبەکەم بە دەست گەیشت. نێوەرۆکی ‏کتێبەکە وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، یادکردنەوە و ناساندنی بەشێک لەو لاوە تێکۆشەرانەی نێو حیزبە کە ئەگەر بە دەستێک چەکی خەبات ‏و بەربەرەکانی دژ بە داگیرکەری کوردستانیان هەڵگرتبوو، هەوڵیان دەدا بە تێکۆشانی ئەدەبی یان لە بواری هونەری و ڕۆشنبیریشدا ‏خزمەت بە بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی نەتەوەکەیان بکەن. ئەو لاوانەی کە چاوەڕوانی داهاتوویەکی زۆر پڕ بەرهەمتریان لێ دەکرا بەڵام ‏بەداخەوە زۆر زوو تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی گەل و ڕزگاریی نیشتمانەکەیان بوون و بەجێیان هێشتین. ‏
من شانازیی ئەوەم هەبووە کە بەشێکی بەرچاو لەو تێکۆشەرانە بە چاو ببینم. هێندێکیانم بە ڕێبواری بینیبوون بەڵام بەختی ئەوەشم ‏هەبووە کە بەشێکیان لە نیزیکترەوە بناسم، لەگەڵیان دابنیشم و لە ئەزموون و بەرهەمیان بەهرەمەند بم. تێشیاندایە کە لە خەبات و ‏تێکۆشاندا مامۆستا و ڕێنوێنم بوون. چەندێکیان هاوڕێی نیزیکم بوون. شاهیدی تێکۆشان و سەرەنجام شەهید بوونیان بووم و لە ‏خەمیاندا ملوانکەی فرمێسک و وشەم هۆندووەتەوە. یەک لە تایبەتمەندییەکانی کتێبی "ئەستێر یەک یەک ڕاخوشین"یش ئەوەیە کە تەنیا ‏یادی شەهیدەکانی نەکردوەتەوە و ئەو بابەت و بەرهەمانەشی لە خۆیدا گونجاندوە کە لە شینی ئەو شەهیدانەدا نووسراون. شانازیم بە ‏خۆم کرد کە لەو کتێبە بە نرخەدا شینی دوو لەو ئەستێرانەم چاپ کراون و هەر ئەوەش هۆکار بووە تا نووسەر وەک پێزانین، یەکەی ‏نووسخەیەک لە کتێبەکە بۆ من و هاوڕێیان کاک لوقمان زەهرایی و کاک دڵشاد هەورامی لە فینلاند بنێرێ. ‏
من ناوی کاک قادر وریام ئەو کاتە بیست کە بنکەکانمان بۆ دەشتی کۆیە ڕاگوێزرابوون. لەوێ، بە پێچەوانەی بناری قەندیل، ئۆرگانەکان لێک ‏نیزیکتر بوون و خەڵکەکە پتر ئاگایان لە یەکتر دەبوو. کاک قادر دوای مامۆستا عەبدوڵا حەسەن‌زادە، دیارترین کەسایەتیی ئەدەبیی نێو ‏حیزب بوو. دیارە مامۆستا بە هۆی کاروباری سیاسی، جیاوازیی تەمەن و مولاحزاتی تەشکیلاتی، کەمتر دەبیندرا و کاک قادر تێکەڵاوتر و لە ‏بەدەنەی حیزب نیزیکتر بوو. ئەو ساڵانە ژمارەیەکی زیاتر لە لاوانی ئۆگری ئەدەب ڕوویان لەنێو حیزب کردبوو. ئەوان پتر گۆشکراوی ‏قوتابخانەکانی شۆڕش لە هەلومەرجی ئازادی ساڵانی سەرەتای ئینقلاب و پەروەردەی فەزای نیوە ئازادی ئەدەبیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ‏سۆنگەی دەرچوونی گۆڤاری سروەدا بوون. حیزبیش بە پێشەنگایەتیی کەسانی وەک کاک قادر وریا لەو هەلومەرجەدا ئاڵوگۆڕی لە ‏سیاسەتی ڕاگەیاندنی خۆیدا پێکهێنابوو و پتر گرینگیی بە بواری فەرهەنگ و ئەدەب لەنێو حیزبدا دەدا. لە زۆربەی ئۆرگانەکاندا ڕۆژنامەی ‏دیواری دایر کرابوو، دوای گەڕانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە، زۆر جار کۆڕ و کۆبوونەوەی ئەدەبی ڕێکدەخرا، بەرنامەی کۆلکە زێڕینە تایبەت بە ئەدەب و هونەر حەفتانە لە ‏ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانەوە بڵاو دەکرایەوە و ڕۆژنامەی کوردستانیش پاشکۆیەکی تایبەتیی بۆ ‏ئەدەب و هونەر دەردەکرد. لاوانی قەڵەمبەدەست لە وەرزی حەسانەوەدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان لەلاوە بۆ میدیاکانی حیزبیان دەنووسی ‏یانژی هەر کام لەبەرە خۆیەوە، خەریکی نووسین و کاری ئەدەبیی خۆی دەبوو. بۆ وێنە لەبیرمە ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگە قەڵەم ‏بەدەستەکانی هێزی پێشەوا دەستیان بە وەرگێڕانی بەرهەمی جۆراوجۆر کردبوو. بیستمەوە کە کاک قادر بە تەنزەوە ناوی دارالترجمەی ‏لەسەر مەڵبەندەکەمان دانابوو. لاوانی ئەدەبدۆست و خاوەن بەهرەی نێو حیزب حیسابی تایبەتییان لەسەر توانایی ئەدەبی، شارەزایی لە ‏نووسین و ڕێنوێنییە ئەدەبییەکانی مامۆستا وریا دەکرد. ئەویش بەپێی توانا و دەسەڵاتی خۆی ئاگای لێیان بوو. لەبیرمە جارێک بە ‏هاوڕێیەکمدا شێعرێکی درێژترم بۆ نارد کە بەو جۆرەی خوارەوە دەستی پێ دەکرد: ‏
لەو کاتەوە ‏
مێژوو دانی بە بوونی خۆیدا هێناوە
‏ منیش هەبووم
بەڵام چنگی تیژی زاڵم
تینتینۆکەمی ڕێک دەکوشی
لەو کاتەوە منیش ڕاپەڕینم ناسی..‏
مێژووم پڕ لە بەرخوەدانە
وەکوو باڵای پیری مێژوو
بڕواننە؛ ‏
دەوڵەتی ماد و دیاکۆ
جەوهەری شیری دەستی خان
بڕنووی درێژی شانی سمکۆ
قەڵەمی تیژی بەدرخان
دەیسەلمێنن؛
لەوەتەی کە مێژوو هەیە منیش هەبووم
بەڵام لە دووی ڕێبەندانی بیست‌وچواردا لەدایک بووم..‏

لاو بووم و شەرمم لە خۆ دەرخستن و شێعر بڵاوکردنەوە دەکرد. بۆیە ناوی خۆمم لەژێر شێعرەکەدا نەنووسی و تەنیا پیتێکم دانا. داوام لە ‏هاوڕێکەم کرد کە شێعرەکەی نیشان بدا و سەرنجی بزانێ بەڵام ناوم نەدرکێنێ. دواتر هاوڕێکەم بۆی گێڕامەوە کە کاک قادر هەر کە چاوی ‏بە شێعرەکەدا خشاند، خێرا گوتی ئەوە هی فڵان کەسە! بە لامەوە جێی سەرنج بوو کە لە حاڵێکدا پێوەندییەکی ئەوتۆی ئەدەبیمان لە ‏نێواندا نەبوو و لەنێو حیزبدا قەت حەزم نەدەکرد بە ناوی خۆم شێعر بڵاو بکەمەوە و وەک شاعیر بناسرێم کەچی ئەو نەک هەر زانیبووی ‏شێعر دەنووسم بەڵکو شێعریشمی ناسیبۆوە! بەوەڕا هەستم کرد کە ئەو زۆر لەوە زیاتر کە من بیرم لێ دەکردەوە، ئاگای لە ئۆگرانی ئەدەب ‏و قەڵەم بەدەستانی نێو حیزبە.‏
دەڵێن لە میتۆلۆژیی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەسارەی مێرکۆری یان عەتارۆد بە مامۆستای فەلەک ناسراوە. یەک لە گرینگییەکانی ‏کتێبی "ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین"یش ئەوەیە کە بە قەڵەمی دوکتور قادر وریا نووسراوە. ئاخر ئەو وەک چۆن بە درووستی ئەو ‏تێکۆشەرە شەهیدانەی بە ئەستێرە و ئەستێرەی ڕاخوشیوی ئاسمانی هونەر و ئەدەبی نێو حیزب شوبهاندووە، بۆخۆی ‏مێرکۆری ئەو ئاسمانە پڕ ئەستێرەیە بوو. کتێبی "ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین" لە ڕاستیدا وەفاداریی مامۆستا بۆ ئەو قوتابیانەیە کە بە ‏قەولی نووسەر "پێش پشکووتن، هەڵوەرین" و ئەوانەش کە مان بەڵام وەک دەڵێن؛ ‏
‏«بۆ تۆ چوونە ژوانی مەرگ ئەی وڵات ‏
مەرگ بۆخۆی پەیمانشکێن بوو، نەهات‎*‎‏»‏
لێرەوە سڵاو دەنێرم بۆ ڕەوانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان و ئەو پێشمەرگە ئەدیب و هونەرمەند و ڕۆشنبیرە شەهیدانەی کە لەو ‏کتێبەدا یادیان کراوەتەوە و سەبارەت بە پاراستن و دواتر ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی بەشێک لە بەرهەمی ئەو شەهیدانە، دەستخۆشی بە ‏مامۆستا وریا دەڵێم و سپاسی دەکەم. ‏
‎*‎‏ بەیتێک شێعری شاعیر هێمن نادرە کە تێکستی گۆرانیی "من کوڕی ڕۆژهەڵاتم"ی بەهجەت یەحیایە



۳/۲۷/۱۴۰۵

جێگای بەتاڵی خەڵک و مافەکانیان لە دانوستان و لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێراندا

هێرشێک کە لە ڕۆژی ٢٨ی فێورییەی ٢٠٢٦دا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە تاران دەستی پێکرد، بە ڕواڵەت، بەجێهێنانی ئەو بەڵێنە بوو کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە خۆپێشاندەرانی شەوانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری تاران و شارە گەورەکانی دیکەی ئێرانی دابوو. ئەو خۆپێشاندانە بەرینانەی کە ڕۆژی ٧ی بەفرانبار دژ بە گرانی و هەڵبەزدابەزی ئابووری، لە بازاڕی تارانەوە دەستیان پێ کرد و بە شێوەی هێمنانە زۆربەی کەڵانشارەکانی ئێران بەتایبەت شاری تارانی گرتەوە، لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە بەڵێنیی ناردنی هاوکارییان پێدرا. بە پاشەڕۆیی لە ئەویش، ڕەزا پەهلەوی داوای لە لایەنگرەکانی کرد کە مادام هاوکاری بەڕێوەیە، خۆپێشاندانی هێمنانە بۆ توندوتیژی دژ بە دەسەڵات بگوێزنەوە و دامودەزگا حکوومەتییەکان داگیر بکەن. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵە و هەلپەرەستانەیەدا، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی شەوانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار، بە دڕندانەترین شێوە بەرەوڕووی خۆپێشاندەرانی دەستبەتاڵ بوونەوە و هەر بە وتەی سەرکۆماری ئەمریکا و دەسکەلایی کوڕی شا، گیانی زیاتر لە چل هەزار کەس لە خۆپێشاندەرانی  بێ چەک و بەرگرییان ئەستاند. ئەوە سەرەڕای برینداربوون و دەستبەسەرکران و ماڵسووتانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئازادیخوازی بە زاڵەهاتووی ئەو وڵاتە بوو.

بەڵێنییەک کە دۆناڵد ترامپ بەو خەڵکە بریندارەی دابوو، سەرەنجام مانگ و نیوێک دوای ئەو جنایەت و کارەساتە گەورەیە، بە دەسپێکردنی هێرشێکی چڕی ئاسمانی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران دەستی پێ کرد. بەوەش جەنگێک لە نێوان دوو لایەندا هەڵگیرسا کە ماوەی ٣٩ ڕۆژی خایاند. لەو ماوەیەدا ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیەتیی ڕێژیم کوژران. ئێرانیش بە هاویشتنی هاژەک و درۆن بۆ سەر وڵاتانی دەوربەر و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، دەستی کردەوە و سەرەنجام دۆناڵد ترامپ ئاگربەستی ڕاگەیاند. لەو کاتەوە دوو لایەن لەپاڵ گرژی و پێکدادانە جار بە جارەکاندا، دەستیان بە وتووێژ و دانوستان کردووە تا ئەوەی بە شەڕ نەیانتوانی دەستەبەری بکەن، بە وتووێژ چارەسەری بکەن. ئێستا دانوستانەکان گەیشتوونەتە قۆناغی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێک بە مەبەستی خۆ ڕزگار کردنیان لەو قەیرانە ئابوورییەی کە بەو شەڕە بۆ یەکتریان خوڵقاندووە و بڕیارە بە زوویی بۆ ماوەی شەست ڕۆژ واژۆ بکرێ. لەو ماوەیەشدا کێشەی سەرەکیی دوو وڵات کە بۆ ئەمریکا لە کێشەی ئەتۆمیزە بوونی ئێراندا کورت کراوەتەوە و بۆ ئێرانیش لە لابرانی گەمارۆ ئابوورییەکان واوەتر نییە، چارەسەر بکرێن. ئەوەی لەم نێوەشدا سەرنجڕاکێش و بە تەواوی جێی نیگەرانییە، ئەو هۆکارە ڕواڵەتییەیە کە هێرشی ڕۆژی ٢٨ی فێوریەی بۆ وەڕێخرا و جێگای بەتاڵی ئەو خەڵکە مافخواز و دادخوازە لە دەوری مێزی دانوستانەکانە کە ئازیزانیان لە شەوانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا بە ئومێدی گەیشتنی هاوکاریی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمەڵکوژ کران.

 

لە هەر ڕێککەوتنێکی گرینگی نێودەوڵەتیدا، پرسیارێکی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا بەرژەوەندی و خواستەکانی خەڵکیش لەبەرچاو دەگیرێن یان تەنیا بەرژەوەندییە سیاسی و ئاسایشییەکان بۆ لایەنەکان گرینگن؟ ئەوەی لە زاری بەرپرسانی دوو لایەنەوە دەبیسترێ و زۆرێک لە چاودێرانیش پێیان وایە، ئەگەر ڕێککەوتنی نوێی نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ بکرێ، بابەتی سەرەکی بۆ واشینگتۆن بریتییە لە کێشەی ئەتۆمی، ئاسایشی ناوچەیی و ئارامیی بازاڕی نەوت. هەرچەند دوناڵد ترامپ بۆ خۆدزینەوە لە بەڵینیی گەیاندنی هاوکاری بە خۆپێشاندەرانی مافخواز، چەندان جار کوردی بە نەناردنی چەکی ئەمریکایی بۆ خۆپێشاندەرانی تۆمەتبار کردوە بەڵام لەو ماوەیەدا بە دەگمەنیش باسی خواستەکانی ئەو خەڵکەی لە زاری دەرنەهاتووە و چاوەڕوانی ناکرێ کە دێموکراسی و مافەکانی خەڵکی ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ جێگە و پێگەیەکیان لەسەر مێزی دانوستان و دوا جار لەو ڕێککەوتنەدا هەبێ. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، خەڵکی ئێران بەردەوام داوای ئازادی، دیموکراسی و کۆتایی هێنان بە سەرکوتکاری کردووە بەڵام لەم وتووێژانەشدا وەک زۆربەی وتووێژ و دانوستانە نێودەوڵەتییەکانی تر، نوێنەرایەتییەکی ڕاستەوخۆی خەڵک و بزووتنەوە ئازادیخوازەکان بوونی نەبووە. زۆرێک لە دەنگە نێوخۆییەکانی ئێرانیش هەست بەوە دەکەن کە چارەنووسی نزیکەی نەوەت ملیۆن هاوڵاتی، بەبێ ئەوەی خۆیان بەشدار بن و نوێنەرایەتییەکیان تێیایاندا هەبێ، لە پشت دەرگا داخراوەکانی دانوستاندندا دیاری دەکرێ.  ئەمەش دیاردەیەکی نوێ نییە و مێژوو نیشانی داوە کە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، زۆرجار دڵنیابوون لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان پێش هەموو شتێک دێ. ئەگەر ڕێککەوتنەکە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، ئەوا دۆناڵد ترامپ خۆی بە براوە و واشینگتۆن خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێ تەنانەت ئەگەر گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادییە سیاسییەکاندا ڕوو نەدا. لە هەمان کاتدا، کاریگەریی ڕێککەوتنەکە بۆ داهاتووی بزووتنەوە ئازادیخوازەکان دوو ئاراستەی جیاوازی دەبێ؛ لایەک، ئەگەر ڕێککەوتنەکە ببێتە هۆی ئازادبوونی سەرچاوە داراییەکان و بەهێزتر بوونی دەسەڵات، ڕەنگە ئامرازەکانی سەرکوتکردنیش بەهێزتر بن و فشار لەسەر ئۆپۆزسیۆن زیاد بکرێ. لایەکی تریش، ئەگەر خەڵک هەست بەو ڕاستییە بکەن کە هیچ هێزێکی دەرەکی دادیان نادا و چارەسەری کێشەکانیان ناکا، ڕەنگە زیاتر پشت بە هێزی خۆیان و ڕێکخستنە مەدەنییەکانی خۆیان ببەستن. زۆرێک لە دەنگەکانی نێو ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دەبێ لە نێوخۆی ئێرانەوە بێتە ئاراوە نەک لە ئەنجامی ڕێککەوتنی دەوڵەتە گەورەکان. بۆیە داهاتووی سیاسی و دیموکراتیکی ئێران لە هەموو شت زیاتر پێوەندیی بە توانای خەڵکی ئێران و بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی خۆیەوە هەیە، نەک بەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان دەوڵەتاندا واژۆ دەکرێن. 

* بۆ ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارەی سەرەتای مانگی پووشپەڕ نووسراوە

چیڕۆکی خەزاڵێکی بریندار

ئەو شەوە

شەوی نەهات بوو.

شەوی زام و

شەوی ژان و

شەوی مەرگ و کارەسات بوو.

شەوی چۆڕانەوەی زامی برینەکانی پێشمەرگە و

سەنگەرێکی تلاساوی ئازادی بۆ ڕۆژهەڵات بوو.

پۆلێ پێشمەرگەی ئاوارە

زامی خەزاڵی* بریندار بە کۆڵەوە

کۆڵان بە کۆڵان گەڕان و

سلێمانی سەبرییەکی** تییا قات بوو

* خەزاڵ یان غەزال کچە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو کە دوای ئەوەی شەوی ١٦ی ئاپریلی ٢٠٢٦ بە هێرشی درۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بوو، لەلایەن نەخۆشخانەکانی سلێمانییەوە تیمار نەکرا و سەرەنجام گیانی سپارد
** ئاماژە بە گۆرانیی "سەبری" بە دەنگی هونەرمەند حەسەن زیرەک کە پەسنی جوانی و دلۆڤانیی کچە پەرستارێکی سلێمانییە



۲/۲۸/۱۴۰۵

دیوان

دیوان

دیوان بریتی لە ژووری بڕیار و تۆمار کردنە و بە کتێبی شێعری شاعیرێکیش هەر دیوان دەگوترێ. دیارە کۆمەڵێک واتای دیکەی وەک دەفتەرخانە، دادگا، کۆشک و سەرای میری و هیتریش دەگرێتەوە. هەروەها بە واتای هەرێمێکی دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی باج و سەرانە کە لەوەوە واتای وڵات و هەرێمی دەسەڵاتی دەسەڵاتدارێکی گشتی یان ناوچەیی وەرگرتوە. سەرجەمی ئەوانەش لەو دوو واتایەی کە لە سەرەتادا باس کرا، کەوتوونەتەوە. 

دیوانخانە - کۆشکی فەرمانرەوای کرماشان 
دیوان لە زمانی کوردیدا هەروەها کۆی وشەی دیو بە واتای هۆدە و لایەک لە دوو لای شتێکە کە وێناچێ ئەمە پێوەندیی بەم بابەتەوە هەبێ. ناوی سازێکیشە کە ئەویش لە تاقەتی ئەم بابەتە بەدەرە.

بەپێی ئیتیمۆلۆژیی ئێرانییەکان، وشەی دیوان لە ڕەگی 

«دیپ» بە واتای نووسین، کتێب و بەڵگەی نووسراو ساز بووە. ئەم دیپە لە سازکردنی دەبستان (قوتابخانەی سەرەتایی)، دەبیر (مامۆستا)، تەباشیر (گەچی نووسینی سەر سابوورە)، سابوورە (تەختە ڕەشە) و کۆمەڵێک وشەی تری پێوەندیدار بە نووسین و خوێندەواریدا دەوری هەیە. 


وشەی دیوان لە دیپ/دیو+ ان چێ بووە کە بەشی دووهەمی وشەکە پاشگری شوێنە. بەو پێیە دیوان واتای شوێن و جێگای نووسینە. جا ئەم شوێنی نووسینە دەتوانێ ژوورێک و بینایەک بێ یان دەفتەرێک بۆ تاپۆ و تۆمارکردن یان کتێبی شێعری شاعیرێک بێ. 

نالی لە شێعرێکدا هەوڵی داوە دیوانی بە واتای کتێبی شێعر و دیوانی بە واتای جوغرافیای دەسەڵات لێک گرێ بداتەوە و دەڵێ؛ 

فارس و کورد و عەرەب، هەر سێم بە دەفتەر گرتوە

نالی ئەمڕۆ حاکمی سێ موڵکە، دیوانی هەیە

هەر لە دیوانەوە وشەی دیوەخان یان دیواخان کەوتووەتەوە کە ئەویش سواوی دیوانخانەیە. دیوانخانە لە دوو بەشی دیوان و خانە چێ بووە بە هەمان واتای ژوور یان خانوویەک کە حوکم و بڕیاری تێدا دەدرێ و دەنووسرێ یان کەس و کەسانی خاوەن بڕیار و قسە ڕۆیشتوو تێیدا دادەنیشن. 

* وێنە؛ 

دیوانخانە - کۆشکی فەرمانرەوای کرماشان (لە کوردیپێدیا وەرگیراوە)

* ئەم بۆچوونە سەرەتا بە کورتی لە گرووپی ئیتیمۆلۆژی و ڕیشەناسیی وشە بۆ واتای وشەی دیوان نووسرا کە حەزم کرد لێرە بۆ بەر چاوی گشتیش بیگوازمەوە



۲/۰۶/۱۴۰۵

سەوزە و سەوزەبەستە

کاک سەعیدی سەلیمیی بابامیری کە خەریکە شێعرەکانی سوارە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەردەگێڕێ و بۆ ئەو مەبەستەش وەک خۆی دەڵێ کەلک لە کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" وەردەگرێ، پرسیاری دەستەواژەی "سەوزە بەستەی" لێکردووم کە سوارە لە سەرەتای شێعری خەوە بەردینەدا بەکاری هێناوە؛

لە چەشنی گەرووی کەو
کەوی دۆمی یەخسیری زیندانی داری
پڕی سەوزە بەستەی خرۆشانی باڕی
تەرەی باوەشی تاسەباری بناری..

 تا بەر لە لێکۆڵینەوەی شێعرەکانی سوارە و نووسینی کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"، منیش وەک کاک سەعید و زۆربەی خوێنەرانی خەوە بەردینە، ئەم ڕستەیەم هەر بەو شێوەی"پڕی سەوزە، بەستەی خرۆشانی باڕی" دەخوێندەوە. دیارە ڕستەکە بەو شێوەیە مانایەکی ڕوونی نەدەدا بەڵام دڵنیا نیم کە ئاخۆ خوێندنەوەی دێڕەکە بە شێوەی "پڕی 'سەوزەبەستەی' خرۆشانی باڕی" تێبینیی خۆم بوو یان پێشتر لە جێگایەکی دیکەدا خوێندبوومەوە و نەچوومەتەوە سەری. هەرچی بێ لە لێکدانەوەی ڕستەکەدا ئەو شێوازەی دواییم بە درووست زانیوە و لەسەری دواوم. بەو حاڵەش ئەوە بۆ ئەو دۆستە بەڕێزە تازە و جێی پرسیار بوو. بە تایبەت کە دەیهەوێ شێعرەکە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەربگێڕێ، دۆزینەوەی هاوتای ئینگلیزی بۆ ئەو دەستەواژەیە حەتمەن کارێکی ئاسان نییە.  

لە دەستووری زۆرێک لە زمانانی دنیادا بە شێوەی ئاسایی ئاوەڵناو (صفت) پێش پەسندکراو (موصوف) دەکەوێ. بۆ وێنە لە زمانی فینلاندیدا Kylmä vuori واتای چیای ساردە کە سارد پێش چیا کەوتوە. ئەوە هەروەها لە زمانی ئینگلیزی (Cold mountain) و تورکی (Soğuk dağ) بە هەمان دەستوورە. لە هێندێک زمانی دیکەدا بۆ وێنە لە زمانی عەرەبیدا پێکهاتەکە پێچەوانەیە و پەسندکراو پێش ئاوەڵناو دەکەوێ: جبال بارد.

 لە زمانی کوردی و فارسیشدا بە شێوەی ئاسایی هەر وایە: کوێستانی سارد و کوهستان سرد. بەڵام لە زمانی کوردی و تا ڕادەیەک لە فارسیشدا ئەم پێکهاتەیە بۆ داکۆکی کردن و زێدەڕۆیی لە پەسنی پەسندکراودا دەتوانێ پێچەوانەش ببێتەوە. واتە ئاوەڵناو بکەوێتە پێش پەسەندکراو. بەو جیاوازییە کە لە زمانی فارسیدا، لە نێوان ئاوەڵناو و پەسندکراودا هیچ ئامرازێکی لێک گرێدانەوە داناندرێ و تەنیا دوو وشەکە پاشوپێش دەکرێن، وەک: "مرد بزرگ" کە دەبێتە "بزرگ مرد" یان "سخن شیرین" دەبێتە "شیرین سخن".

بەڵام لە زمانی کوردیدا ئەگەر کۆتایی ئاوەڵناو پیتێکی بێدەنگ بێ، ئەو لێک گرێدانەوەیە زیاتر بە هۆی ئامرازی ــە جێبەجێ دەبێ؛ 

کوێستانی سارد - ساردە کوێستان، گوڵی سوور - سوورە گوڵ، پیاوی گەورە - گەورە پیاو

 ئەم لێوەشاوەییەی زمانی کوردی هەرچەند هەمیشە باری ئەرێنیی نییە بەڵام بە بارە جوانەکەیدا گەلێک دەستەواژەی سەرنجڕاکێشی پێشکەش بە ئەدەب و فەرهەنگی ئەم زمانە کردووە و هەروەها بۆ ناوی تایبەتیش بەکار دێ. سوارەی نەمر بە پەی بردن بەو تایبەتمەندییەی زمانی کوردی، گەلێک دەستەواژەی سەرنجڕاکێشی لەسەر ئەم بنەمایە لە شێعرەکانیدا بەکار هێناون. وەک؛ شەنگە سوار، سوورە گوڵ، سوورە قەڵا، گەورە ماڵ، تازە ماسی، تازە بەهار، بەرزە فڕ، بەرزە مژ، شەنگە ژن، نەرمە هەنگاو، گەرمە یاو، دوورە شار، نەرمە لاوێن، شیوە جۆبار، دەشتە چۆم، تاریکە تاراوگە، خاکینە خەون، کوێرە کانی، شینە باهۆ، زەردە ماسی و هتد.

سوارە لە شێعری خەوە بەردینەدا بێ لەبەرچاوگرتنی درێژیی شێعرەکەش، لەچاو شێعرەکانی دیکەی، پتر لەو پێکهاتەیە کەلکی وەرگرتوە کە "سەوزە بەستە" یەکێکیانە. 

سەوزە بەستە وەک شینە باهۆ، سوورە قەڵا و هتد لە وشەی پەسندکراو و ڕەنگێک وەک ئاوەڵناو پێکهاتووە. لەنێو ئەو جۆرە پێکهاتانەدا کە سوارە بەکاری هێناون، بەشێکیان وەک زەردە ماسی و هتد. بە شێوەی ئاسایی لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی خەڵکدا هەن بەڵام بەشێکیان دەگمەنن کە ڕەنگە ئەوانە خوڵقاوی سەلیقەی شاعیرانەی سوارە خۆی بن کە "سەوزە بەستە" یەکێکیانە. 

ڕەنگی سەوز کە لە زمانی کوردیدا کەسکیشی پێ دەگوترێ، سەمبۆلی تازەیی، جەوانی و جوانی‌یە. ئەمەش لە ڕستەی "پڕی سەوزە بەستەی خرۆشانی باڕی"دا لەگەڵ وشەی "باڕ" کە برێتی لە کەوی یەکساڵەیە، تەبایە. سوارە کانیی دیلی دەستی کێو بە گەرووی باڕە کەوێک دەشوبهێنێ کە لە باوەشی بنار هەڵبڕێندراوە، لە قەفەسدا بەند کراوە و لە تاسەی گەڕانەوە بۆ زێدەکەیدا، هەوای خوێندنی لە ئەوکدایە، گەرووی پڕە لە سەوزە بەستەی خرۆشانی سەردەمی لاوی و تازە پێگەیشتوویی.

بەستە واتای گۆرانی‌یە. گۆرانییەک کە ڕیتمی خاوتری هەیە و لەگەڵ بەند کە هەوای گشت و بۆ هەڵپەڕینە، جیاوازە. بەستە سەرەڕای ڕیتمیکەکەی، دەتوانێ هەوای خەم و تاسەش بێ. واتە هەوایەک لەنێوان شین و شادیدا. هەوایەک کە هیوای تێدایە، حەز و ئارەزووی تێدایە بەڵام نە وەک مەقام خەمینە و نە وەک بەند بۆ هەڵپەڕینە. ئەمەش لەگەڵ تاسەی کەو بۆ ڕزگاری لە ڕکەی دارین و لەگەڵ کانی بۆ دەربازبوون لە ڕکەی بەردین، تەبایە.

 "سەوزە" لە ناوچەکانی موکریان و ئەردەڵاندا هەوای گۆرانی یان بەستەیەکی تایبەتیشە کە پتر لە نێوان سەقز و بۆکاندا برەوی هەیە. ئەگەر هەوای گۆرانی بەسەر سێ بەشی مەقام، بەستە و بەنددا دابەش بکەین، ئەوە سەوزە خۆی لەنێوان مەقام و بەستەدایە. واتە هەم بە ریتم و هەمیش بە شێوەی خاو دەگوترێ. خاوەن کۆمەڵێک بەندی تایبەت بە خۆیەتی و هەروەها بە بەندە زۆر و زەبەندە دوازدە بڕگەییە فۆلکلۆرییەکان دەخوێندرێ بەڵام لە نێوبڕی هەر نیوەتاکێکدا وشەی سەوزە دووپات دەکرێتەوە؛

سەوزە هۆ سەوزە، سەوزە، سەوزەکەی ماڵم

نەخۆش نەکەوی سەوزە، نەشکێنی باڵم

بازی بەختی من سەوزە نانیشتێتەوە

مەگەر بە مردن سەوزە تۆم بیر چێتەوە

سەوزە بێجگە لەو گۆرانییە بەنێوبانگە، جۆرێک مێوژیشە و وەک ڕەنگ بێجگە لە ڕەنگی سەوز یان کەسک،  واتاگەلی ڕەش ئەسمەر، گەنم ڕەنگ، ڕەنگی نێوان زەرد و سپی و هەروەها ڕەنگی شینایی دەشت و دەریشە. ئەوەش لە خۆیدا جێی پرسیارە کە چۆن ناوی سەوزە بۆ ئەو هەموو ڕەنگانە بەکار دێ کە لە جۆری خۆیاندا جیاوازن؟!

بۆ من کە لێکۆڵینەوەم لەسەر ئایینی کۆنی کورد بەتایبەت ئایینی میترا کردوە، گۆرانیی سەوزە و هەموو ئەو واتایانەش کە بۆ وشەی سەوزە هەیە، لە بنەڕەتدا دەتوانێ گۆرانییەکی ئایینی و بۆ پەسن یان پاڕانەوە لە خودا یان یەکێک لە خوداکانی ئایینی میترا بێ و نزای پێ کرابێ. ئەو خودایەش خودای مانگە. 

مانگ لە چاوی مرۆڤی سەر هەردەوە هەمیشە یەک ڕەنگ نییە. پێ بە پێی دووری و نیزیکی لە زەوی، لە تارەوە بۆ شین، بۆ سوور، نارنجی، زەرد و سەرەنجام سپی گۆڕانی بەسەردا دێ. ئەوانەش هەموو ئەو ڕەنگانەن کە کورد لە وشەی سەوزەدا کۆی کردوونەتەوە. ئەوە سەرەڕای پێوەندیی خوڵقێنەرانەی مانگ لەگەڵ سەوزایی گژ و گیا و شینایی سەر هەرد بەپێی باوەڕی میتراییەکان.

لە باوەڕی کۆنی کورددا مانگ یەکێک لە هەرە پیرۆزەکان و خودای مانگ یەک لە خودا فرە خۆشەویستەکان بووە. خودای چاکە، خودای پارێزەری ڕەوانی پاک، خودای گیا و گوڵ و سەوزایی و خودای وەزرێر و جووتیارانە. ونبوون و دەرکەوتنی ڕۆژانەی، گەورە بوون و سەرەنجام مفح بوونەوە و سەرلەنوێ دەرکەوتنەوەی مانگانەی هێمای ژیانەوە و لەدایکبوونەوەی بەردەوامی سرووشتە؛

سەوزە هەی سەوزە، سەوزە هاوارە

تۆ بۆ کێی ئەکەی ئەم سەرەوخوارە

 

۲/۰۲/۱۴۰۵

پێگەی کۆمەڵایەتیی هاوبەشی ڕیفۆرمیست و شاپەرەست لە ئێستای ئێراندا

تاهیر قاسمی


ڕەنگە پرسیار بێ کە بۆچی بە پێچەوانەی ڕەوتی ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ و چوار دەیەی دوای سەرکەوتنی ئینقلاب، بەختی شاپەرەستان لە دەرەوەی وڵات لەم ‏چەند ساڵەی دواییدا کراوەتەوە و ڕێژەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی بە تایبەت لە تارانەوە چوون بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە دەوری ڕەزا پەهلەویدا کۆ بوونەتەوە؟ ئەو ‏کەسانە بۆ هەتا لە نێوخۆی ئێران بوون هیچ نیشانە یان کردەوەیەکی شاپەرەستی و سەڵتەنەتخوازییان پێوە دیار نەبوو؟ بۆچی لەنێو ئەو کەسانەی پەیوەست بە ‏شاپەرەستان دەبن، پتر لە هەر توێژێک وەرزشکار و  سینەماکار و موزیسیەن و بە گشتی سێلبریتییەکان دەبیندرێن؟ ئەی باشە هۆی چییە کە زۆربەی ئەوانەی لە ‏دەوری ڕەزا پەهلەوی کۆ دەبنەوە، پێشتر لە بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامیدا کاربەدەست بوون یان لە سەرۆک کۆمارە ڕیفۆرمخوازەکان نیزیک و لە ‏کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی ئەواندا چالاک بوون؟ بۆ ئەو کەسانە چ هاوبەشییەک لە نێوان کاندیداکانی باڵی ڕیفۆرمخواز لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و ڕەوتی ‏پاشایەتیخوازیدا هەیە؟ وڵامی ئەم پرسیارانە و وەرد دانەوەی کۆمەڵێک بابەتی تر دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییە کە ماکی هەموو ئەو هاوبەشیانە لە پێگەی ‏کۆمەڵایەتیی هاوبەشی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی نێو کۆماری ئیسلامی و ڕەوتی پاشایەتیخوازیدایە. ‏

زۆربەی لێکۆڵەران لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو ئینقلابەی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی سەر کەوت، ڕەگی لە ئاڵوگۆڕێکی قووڵ ‏یان ئینقلابێکی پێشتردا بوو کە لە ساڵی ١٣٤٢دا هاتە ئاراوە. ئەو ئاڵوگۆڕە قووڵە کۆمەڵایەتییە کە بە گوشاری ئەمریکا بەڵام لەلایەن شای دەسەڵاتدار خۆیەوە ‏سەرپەرەستی کرا، ناوی "ئینقلابی شا و خەڵک" یان "ئینقلابی سپی" لێ نرا. لە ئەنجامی ئەو ئینقلابەدا کە دیارترین بەشی بریتی بوو لە ئەستاندنی زەوی لە ‏فیئۆدالەکان و دابەشکردنی بەسەر جووتیاراندا، کۆمەڵگەی ئێرانی بە شێوەی دەسکرد و بەپێی حوکمی دەسەڵات، لە کۆمەڵگەیەکی فیئۆدالییەوە بۆ سیستمێکی ‏سەرمایەداری گۆڕی. ئەگەرچی لەپاڵ ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەدا، هێندێک گۆڕانکاریی دیکەی وەک دانی مافی دەنگدان بە ژنانیش پەسند کرا بەڵام ‏موهەندیسی کرانی ئینقلابەکە لەلایەن شا خۆیەوە، نەک بواری ئەوەی نەدا کە لەپاڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکەدا، گۆڕانکاریی سیاسیش بێتە ئاراوە بەڵکو ‏کۆمەڵگەی ئێرانی پتر لە پێشوو بەرەو داخرانی سیاسی برد. ئاکامی ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییە بوو بە هۆی ئەوە کە ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی گوندەکان بە ‏مەبەستی دۆزینەوەی کار ڕوو لە شارە گەورەکان بکەن و بەم جۆرە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی شاریان گۆڕی. لە ناوەندی شارەکاندا چینی مامناوەند و بۆرژوای شار ‏هەبوو کە لە خۆشی و زەرقوبەرقی شاردا دەژیا و لە پەڕاوێزی شارەکانیشدا ئەو حەشیمەتە تازە هاتوویە نیشتەجێ بوون کە زۆربەیان بە کرێکاری و حەماڵی و ‏دستفرۆشی ژیانیان تێپەڕ دەکرد. ئەوان نە ماڵ و سەرپەنایەکی ئەوتۆیان هەبوو، نە کار و داهاتێکی جێی ڕەزامەندی و نە پێڕاگەیشتنی کۆمەڵایەتی. هاوکات لە ‏گوندەکانیشدا زەوییان پێ نەبڕابوو یان زەوی بەشی ئەوەندەی نەدەکرد ژیانی خۆیانی پێ بەڕێوە بەرن. ئەم دۆخە نابەرابەر و پڕ لە ناعەداڵەتییە بوو بە هۆی ‏ئەوە کە بزووتنەوە چەپەکان زۆر زوو لە ناخی کۆمەڵگەدا ڕەگ دابکوتن و پەرە بگرن. هاوکات بزووتنەوەی مەزهەبیش بە هۆی ناڕەزایەتیی مەلاکان لە ‏دابەشکاریی زەویی وەقفی مزگەوت و حسێنییەکان و دانی مافی دەنگدان بە ژنان لەلایەک و لەباریی پێکهاتەی نەریتی و مەزهەبیی کۆمەڵگەی ئێران و ‏ناڕەزایەتیی پەڕاوێز لە مۆدێرنیتەی ژیانی چینی مامناوەند و بۆرژوای شار لەلایەکی تر دەستی بە تێکۆشان و ڕەگ داکوتان کرد. بەو پێیە دوو بزووتنەوەی چەپ ‏و مەزهەبی هاوتەریب لەگەڵ یەکتر دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی و چینی مامناوەند و بۆرژوای دەسەڵاتدار بە کۆمەڵگەی ئێراندا ڕۆچوون. ئەم دوو بزووتنەوەیە ‏بە پێچەوانەی هێندێک بانگەشە و پێناسەی ئەو سەردەمیان، نەک لەگەڵ یەکتر ناتەبا و دژ نەبوون بەڵکو زۆر جار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاوێتەی یەکتر ‏دەبوون و پارسەنگیان بۆ یەکتر ڕاست دەکردەوە. ئەگەر بزووتنەوە مەزهەبییەکە لە گوێن بزووتنەوە مارکسیستییەکە خۆی وەک پشتیوانی زۆرلێکراوان پێناسە ‏دەکرد و دوژمنایەتیی ئیپمریالیزمی دەکرد، بزووتنەوە مارکسیستییەکەش هێندێک جار هەوڵی دەدا لە هەڵسوکەوت و وتەی کەسایەتی و ئیمامانی شیعە بۆ ‏درێژەدان بە خەباتەکەی خۆی ئیلهام وەرگرێ و ئاوێتەی مارکسیسمیان بکا. بەڵام ئەو دوو ڕەوتە لە درێژەی تێکۆشانی خۆیاندا بە یەک ڕادە و لە ڕاستی یەکتردا ‏گەشەیان نەکرد و وەک یەک نەچوونە پێش. بەپێچەوانەی ساڵانی دەیەی چلی هەتاوی، هێڵە مەزهەبییەکە بە هۆی نفووزی مەلاکان لەنێو کۆمەڵگەدا، ‏پەلهاویشتنی بۆ نێو توێژی بازاڕی و چینی مامناوەندی شار و، پێگەی لە مزگەوتەکاندا بەرەبەرە وەپێش ڕەوتە مارکسیستییەکە کەوت. تا وای لێهات بزووتنەوەی ‏چەپ تا ڕادەیەک بوو بە پاشکۆی بزووتنەوە ئایینەکە. ئاکامی هاودەستیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەو دوو ڕەوتە سیاسییەش ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ی ئێرانی لێ ‏کەوتەوە کە بەر لەوەی ئینقلابێکی نەتەوەیی یان مەزهەبی بێ، لە راستیدا ئینقلابێکی چینایەتی بوو کە بەرگی مەزهەبی بە بەردا کرا. ئەو بەرگە مەزهەبییەش ‏بەس بوو بۆ ئەوەی دەورانی شەریکایەتی و چاوچاوێنی ئەو دوو ڕەوتە لەگەڵ یەکتر بەرەبەرە کۆتایی پێ بێ. مەزهەبییەکان کە بە ڕێبەریی خومەینی ‏دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت، ڕەوتە مارکسیستییەکەیان لە مەیدانەکە وەدەرنا. بەم جۆرە بە دامەزرانی کۆماری ئیسلامی، گۆڕەپانی سیاسیی ئێران لە هەردوو ‏بەرەی چەپ و ڕاست پاک کرایەوە. کەسایەتییەکانی بەرەی ڕاست کە دەسەڵاتی پاشایەتی نوێنەرایەتیی دەکردن، ئەوانەی توانیان خۆیان ڕزگار بکەن، لە وڵاتانی ‏ڕۆژئاوایی گیرسانەوە و ڕێبەرانی بەرەی چەپیش یان لە زیندانەکاندا توندکران و دواتر ئیعدام کران یان وەک ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار بەرەو دەرەوەی سنوورەکان ‏پاشەکشەیان پێکرا. ‏

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە وێڕای تۆخ کردنەوەی بارە ئایینییەکەی، بە ناوی لاگری لە موستەزعەفان، دوژمنایەتیی ئیمپریالیزم، بە ‏دەوڵەتیکردنی ئابووریی وڵات، خۆ دوورگرتن لە زرق و برقی شار و بەکارهێنانی پێرسۆنێلی جل شڕ و ڕوخسار شپرز و هێندێک ئاکاری پۆپۆلیستی، هەوڵی دەدا ‏وەفاداریی خۆی بە بزووتنەوەی چەپ بەڵام بە بێ حیزبە چەپ و کومونیستەکان نیشان بدا. شەڕی ئێران و عێراق کە پتر کۆمەڵگەی ئێرانی لە دۆخی ئینقلابدا ‏هێشتەوە و هاوکات خەڵکیشی هەژارتر کرد، زیاتر یارمەتیی بە بەهێزبوونی ئەم ڕەوتە کرد بەڵام بە کۆتایی هاتنی شەڕ، بەرەبەرە ڕەوتێک پەیدا بوو کە لە ‏بەرامبەر ڕەوتە سەرەکییەکەدا کە پشتی بە پێگە نەریتییەکەی کۆماری ئیسلامی لەنێو خەڵکی پەڕاوێزی شار و دانیشتوانی شارستان و گوندنشیناندا بەستبوو، ‏هەوڵی دا سەرنجی چینی مامناوەندی شار بە تایبەت شاری تاران بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. ئەوان خۆیان سەر بەو چینە کۆمەڵایەتییەی شار بوون کە بە هۆکاری ‏ئایینی لەگەڵ ئینقلابی ئیسلامی کەوتبوون بەڵام ئێستا لاگری کرانەوەی ئابووری، هێندێک کڕانەوەی سیاسی و ئازادیی کۆمەڵایەتی بە قازانجی پێگەی چینایەتیی ‏خۆیان بوون. ئەم ڕەوتە کە دواتر ناوی ڕیفۆرمخواز یان ئیسلاح تەڵەبی لێ نرا، پێگە کۆمەڵایەتییەکەی هەمان چینی مامناوەندی کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەت ‏توێژی مامناوەندی پێتەخت نشین بوو کە پێشتر پشتیوانیی شای دەکرد بەڵام بە هۆکاری ئایینی لەگەڵ خومەینی کەوتبوو یان لانیکەم لە ئینقلابەکەدا بێ ‏هەڵوێست بوو. ‏

ڕەنگە بتوانین سەرەتای هەوڵەکانی ئەم ڕەوتە بۆ ڕۆژانی کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق و لەژێر ڕێبەریی ئەکبەری هاشمیی ڕەفسەنجانیدا بگەڕێنینەوە بەڵام ‏بەهۆی ئەوەی ناوبراو تەنیا خوازیاری کرانەوەی ڕێژەیی ئابووری بوو و نەیدەویست لەباری سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕێگای خۆی لە ڕەوتە سەرەکییەکە جودا ‏بکاتەوە، نەشیتوانی ڕێبەریی ئەم ڕەوتە بە دەستەوە بگرێ. ئەوە بوو کە لە نێوەڕاستەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی ڕەوتی ڕیفۆرمخواز بە ڕێبەریی محەممەدی ‏خاتمی بە کردەوە هاتە نێو گۆڕەپانی سیاسیی کۆماری ئیسلامییەوە. زۆرینەی پشتیوانانی ئەم ڕەوتە هەمان چینی مامناوەند بوو بەڵام بە هۆی درووشمە نیوە ‏ئازادیخوازانەکانیان لە دۆخی پڕ لە خەفەقانی کۆماری ئیسلامیدا، زۆر جاریش دەیانتوانی سەرنجی چینە هەژارەکان و نەتەوە بندەستەکانیش بۆ لای خۆیان ‏ڕابکێشن. لەو کاتەوە ناکۆکیی نێوان دوو بەرەی ئیسلاح تەڵەب و ئۆسوولگەرای کۆماری ئیسلامی کە لە ڕاستیدا درێژەی هەمان هەوڵی چینی مامناوەند بۆ ‏بەدەستەوە گرتنەوەی دەسەڵات لە ئێراندا بوو، قۆناغی جۆراوجۆری بڕی تا سەرەنجام لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ساڵی ١٣٨٨دا بە چڵەپۆپە گەیی. لەو ‏هەڵبژاردنەدا توێژی مامناوەندی پێتەخت نشین لەپشت میرحوسێن مووسەوی ڕاوەستا لە حاڵێکدا چینە هەژار و پەڕاوێزەکان لە دەوری درووشمە ‏پۆپۆلیستییەکانی مەحموودی ئەحمەدینەژاد کۆ ببوونەوە. ئاکامی ئەو ململانێ توندە لە هەڵبژاردنەکاندا بە دۆڕانی مووسەوی و بە براوە ناساندنی ‏ئەحمەدینەژاد لەلایەن باڵی دەسەڵاتداری توندئاژۆ کۆتایی هات بەڵام مووسەوی دۆڕانەکەی قەبووڵ نەکرد. لە ئاکامدا بزووتنەوەی سەوز بە ڕێبەریی ‏مووسەوی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی بەرینی وەڕێخست. لێ ئەو خۆپێشاندانانە سەرەڕای بەشداریی زۆری حەشیمەتی تاران هیچکات نەیانتوانی پەل بۆ شار و ‏ناوچەکانی دیکە باوێژن. ئەوەش نیشانەی ئاشکرای ئەو ناکۆکییە بوو کە لەنێوان توێژی مامناوەندی تاران نشین لەگەڵ دانیشتوانی شار و ناوچەکانی دیکەدا لە ‏ئارادا بوو.‏

ئەگەرچی لە درێژەی ئەم ململانێیانەدا، دوای کۆتایی ماوەی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نەژاد ڕەوتی ئیسلاح تەڵەب توانی لە ژێر ڕێبەریی حەسەن ڕووحانیدا ‏جارێکی دیکە کۆ ببێتەوە، بەڵام بە درێژایی ئەو ساڵانەش کە لە ڕێی سندووقەکانی دەنگدانەوە دەسەڵاتی سەرۆک کۆمارییان بە دەستەوە دەگرت، ئەوان قەت ‏نەیانتوانی بەو جۆرەی گەرەکیان بوو، دەسەڵات بە دەستەوە بگرن. سەرچاوەکانی دەسەڵات بەردەوام لە دەست باڵی سەرەکیدا مانەوە و هەڵبژێردراوانی ڕەوتە ‏ڕیفۆرمیستەکەش دوای هەڵبژێرانیان پشتیان لە وادە و بەڵێنەکانیان دەکرد و دەکەوتنە ژێر هێژەمۆنیی باڵی خاوەن دەسەڵات و کڕ دەمانەوە. بە درێژایی ئەو ‏ساڵانی ململانێیە، ئەو ڕەوتە وێڕای هەوڵدان بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ڕێی سندووقەکانی دەنگدانەوە، بە وەڕێخستنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی، ‏هەوڵی دەدا باڵی دەسەڵاتدار ناچار بە پاشەکشەی زیاتر بکا بەڵام هەر سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکی ئەوان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بە توندترین ‏شێوە سەرکوت دەکرا. ئەوە بوو کە لە ئەنجامی هەر کام لەو ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانانەدا شەپۆلێک لە ناڕازییان ناچار دەبوون وڵات بەجێ بهێڵن و لە وڵاتانی ‏ڕۆژئاوا بگیرسێنەوە. بەرەبەرە خەڵکی ئازادیخواز چیدی باوەڕی بە وادە و بەڵێنەکانی ئەو ڕەوتە نەدەکرد و بە دەنگیانەوە نەدەهاتن و ئەو توێژەش لە ‏بەدیهێنانی ریفۆرم و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناهومێد بوون. دواجار لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٣٩٨دا بوو کە خەڵک بە درووشمی ‏‏"ئیسلاح تەڵەب ئۆسوولگەرا ئیتر با بەس بێ ماجەرا" کۆتایی یاریی مشک و پشیلەی ئۆسوولگەرا و ئیسلاحتەڵەبیان ڕاگەیاند. بە جۆرێک کە ئاستی بەشداریی ‏خەڵک لە دوا هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا بە ڕادەیەک کەم بوو کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیش هاواری لێ هەستا.‏

‏ ئەو شەپۆلی کۆچبەرانەی کە بە درێژایی ئەو ساڵانە لە ئەنجامی شکستی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامیدا لە دەرەوەی وڵات دەگیرسانەوە، لە دۆخی ‏ئاساییدا زۆر کاریان بە خەباتی سیاسی نەبوو یان هەروا بە پشتیوانی ڕیفۆرمخوازەکان دەمانەوە و لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا ڕوویان لە سندووقەکانی دەنگدان لە ‏باڵیۆزخانەکانی کۆماری ئیسلامی دەکردەوە، لێ لە سەردەمی سەرهەڵدانی ژینا بە دواوە کە دابڕانی یەکجاریی خەڵک لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان دیت، بە ‏تایبەت دوای پێکهاتنی هاوپەیمانیی جۆرجتاون، بەرەبەرە خولیا و خواستەکانی خۆیان لە ڕەزا پەهلەوی و ئەگەری بەدەسەڵات گەیشتنی سیستمی پاشایەتیدا ‏دزۆییەوە. ئەو هەوڵانەی کە ئەوان پێشتر بە ناوی پێکهێنانی ڕیفۆرم لە کۆماری ئیسلامیدا بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات دەیاندا، لەوە بە دوا تەرخانی ‏گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتییان کرد. ئەوەش بەو هۆیە بوو کە ئەو بەرژەوەندییە چینایەتیانەی پێشتر پێیان وا بوو بە سەرکەوتنی ڕیفۆرمیستەکان دەتوانن ‏دەستەبەری دەکەن، بە گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی باشتر بۆیان جێبەجێ دەکرێ.  ‏

لە تایبەتمەندییەکانی توێژی مامناوەندی پێتەخت نشین ئەوەیە کە هەموو ئێران بە مڵکی خۆی و دەسەڵات بە مافی بێ ئەملاوئەولای خۆی دەزانێ. لە ‏بەرامبەردا ئەوانیتر بە نۆکەر و ئەگەر ناڕازی بن، بە مڵۆزم و دوژمن دەبینێ. ئەوان زیاتر لە هەر چین و توێژێکی دیکە، لە بەری داهاتی وڵاتیان چنیوە و لە ‏سفرەی ئێرانیان خواردوە. زمانی ئەوان بە تۆبزی کراوە بە زمانی هەموو گەلانی ئێران و فەرهەنگی ئەوان، بە فەرهەنگی سەرەکی و ڕەسمیی وڵات سەپێندراوە. ‏سەرچاوەکانی دەسەڵات لە هەردوو حکوومەتی پاشایەتی و ئیسلامیدا لە خزمەت پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەواندا بووە. لە پێناو پاراستنی ئەو ‏بەرژەوەندییانەشدا چەمکی خۆکردی ناسیۆنالیزمی ئێرانییان داهێناوە و خۆیان بە داشداری توندی ئەم چەمکە فەیکە لەقەڵەم دەدەن. لە سێبەری ئەو ڕوانگە ‏پاوانخوازنەیەدا ئەوان هیچ چین و توێژ و زمان و نەتەوەیەکی دیکەی ئێران بە هاوبەشی وڵات و دەسەڵات نابینن. لە باشترین حاڵەتدا نەتەوە پەڕاوێزەکان بە ‏پارێزەری سنوورەکانی خۆیان دەزانن. ئەو نەتەوانەش کە لێیان نیزیکترن یان بە جۆرێک لە دەسەڵاتەکەیاندا بەشدارن، دەدەنە بەر توانجی سووکایەتی و  زمان و ‏فەرهەنگی ئەوان دەکەن بە گاڵتەجاڕی خۆیان و نوکتە و قسەی پێکەنینی نێو مەجلیسەکانیان. بێجگە لە پاشماوەکانی ساواک، پلەدارانی ئەرتەش و ‏کاربەدەستانی پایەبەرز و وەچەکانیان کە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی بە گیرفانی پڕەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی گیرسانەوە، سێلبریتییەکان، کاربەدەستانی ‏پێشووی نێو وەزارەت و دامودەزگا گرینگەکانی کۆماری ئیسلامی و خەڵکانی گیرفان پڕ کە دوای ئیختلاس و ڕفاندنی پووڵی زۆری دەوڵەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ‏گیرساونەتەوە، ئێستا بەشی سەرەکیی نیزیکانی ڕەزا پەهلەوی پێکدەهێنن کە خوازیاری گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بۆ ئێرانن. ئەوە بێجگە لەو ‏کاربەدەستە ئەمنییەتیانەی نێو دامودەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە گومان دەکرێ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە ڕەوانەی نێو ئەو ‏ڕەوتە کرابن. بە دەوری ئەوانەشەوە ئەو شەپۆلە کۆچبەرانە کۆ بوونەتەوە کە دوای هەر ناکامییەکی ڕیفۆرمیستەکان لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، ڕوویان لە ‏دەرەوەی وڵات کردووە. ئەم توێژە نیشانی داوە کە وێڕای پاوانخوازییەکەی، بە تەواوی بەرژەوەندیخواز و لایەنگرانی سیاسیی تۆز و بان. بەو واتایە کە ئەگەر ‏هەست بە شانسی لاوازی ڕەزا پەهلەوی بکەن یان کەس و لایەنێکی گونجاوتریان دەست بکەوێ، زۆر بە سانایی ڕووی لێ وەردەگێڕن و بە دەوری هەر کەس و ‏لایەنێکدا کە بزانن شانسی زیاتری بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هەیە، کۆ دەبنەوە و هەوڵ دەدەن بە هەڕەشە و هێرش و هەر کەرەستەیەک کە لەبەردەستیان بێ، ‏خواستەکانی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن. لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا ڕەزا پەهلەوی ئاراستە دەکا، نە خۆی و خواست و هەڵوێستە سیاسییەکانی بەڵکو خواستە ‏چینایەتییەکانی ئەو توێژە پاوانخوازەیە. ‏

بۆ ڕۆژنامەی کوردستان نووسراوە

۱۲/۱۰/۱۴۰۴

ماڵی ئاوەدانی خاڵوان


لە ڕۆژێکدا کە هەموومان لەنێوان شادی و نیگەرانیدا چاوەڕوانی مەرگی یەکێک لە پیسترین دیکتاتۆرەکانی سەردەم و ڕووخانی یەکێک لە حکوومەتە داگیرکەرەکانی کوردستانین، هەواڵی کۆچی دوایی دوکتور ڕەفیق سابیر، شاعیر و مامۆستای مەزنی گەلەکەمان، هەوالێکی لەناکاو و خەمهێنەر بوو. دوای پەشێو و شێرکۆ،  ڕەفیق سابیر سێهەم شاعیری شێعری نوێ بوو کە شێعرەکانیم وەبەر دڵ کەوت و ناسیم.  سەرەتا دوو کۆمەڵە لە شیعرەکانیم لە توێی دوو کتێبێ تەسکدا بە ناوی «ڕێژنە» و «پشکۆکان دەگەشێنەوە» لە نێوەڕاستەکانی دەیەی هەشتای زایینیدا دەست کەوت. گەرچی ناوەرۆکی زۆربەی شێعرەکان سیاسی و ئەویش لە جۆرە کۆمۆنیستییەکەی بوو بەڵام سۆز و حەزێکی خەمینیان تێدا بوو و لەگەڵ ڕۆحی چەپاژۆیی ئەو سەردەمی منیش دەهاتەوە؛ 

پێ بزانی یان نەزانی

هاوڕێ «فەهد» هەموو شەوێ

سەر بە ماڵی برسی و هەژاراندا دەکا

لە سۆراغی گەورە و بچووکیان دەپرسێ

باسی کێشەی چینایەتی و 

دادپەروەری و 

کۆمۆنیزمیان بۆ دەکا

دوای کارەساتی شیمیابارانی هەڵەبجە، ئەو "لاوکی هەڵەبجە"ی نووسی و بڵاوی کردەوە کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو؛ 

به‌ ته‌نیا جێم مه‌هێڵن ئه‌م شه‌و زریان ده‌مچێنێ

ته‌م و مژ دامده‌پۆشێ مانگه‌ شه‌و ده‌مڕفێنێ

كێ ده‌یزانی مه‌لینه‌ ئاوا ده‌تانتارێنن

باڵی هه‌زارتان ده‌برن شارێكتان ده‌خنكێنن

كێ ده‌یزانی به‌هاریش شه‌خته‌ و زریان ده‌هێنێ

چاوی لێمان داده‌خا چرووكان ده‌وه‌رێنێ

به‌ ته‌نیا جێم مه‌هێڵن ئه‌م شه‌و زریان ده‌مچێنێ

ته‌م و مژ دامده‌پۆشێ مانگه‌ شه‌و ده‌مڕفێنێ

كێ ده‌یزانی كه‌ ئاوا ته‌ناف هه‌ڵخه‌ن بۆ شارێ

ده‌ستی شه‌قامیش ببرن كۆڵان بده‌ن له‌ دارێ

…

شێعرێک کە لەلایەن هونەرمەندی بەتوانای کورد عەلی عابیدی کرا بە سروود و هەتا ئێستاش بەنێوبانگترین سروودی هەڵەبجە و ئەو تراژێدیایەی گەلەکەمانە. 


«وەرزی سەهۆڵبەندان» دیوانێکی دیکەی شێعرەکانی ڕەفیق بوو کە لە دوورە وڵات و دوای پەڕەوازەبوون بۆ ئۆرووپا، لە کۆتایی دەیەی ٨٠ی زایینی بڵاو کرایەوە . من ئەوم بە شێوەی کاسێت و بە دەنگی شاعیر خۆی گوێ لێ گرت کە هەروا بەسۆز سەرنجڕاکێش بوو؛ 

بۆ کوێت بەرم سێوەخانێ؟

ئەم ڕۆژگارە

نە جێی فیرارانە

نە جێی ژن هەڵگرانە

نە جێی خۆشمێرانە.

سەرداری ڕۆحە شێتەکەم

بۆ کوێت بەرم؟

بۆ کوێت بەرم؟

ئەم کەڕنەڤاڵی مردنە؛

 بۆ ئێمەیە

ئەم هەموو پەتە زبرانە؛

بۆ گەردنی سەدجار ڕووشاوی ئێمەیە

بۆ کوێت بەرم؟

بۆ کويت بەرم؟

ئەمە کوولەکەی ڕۆحەکەم بیشکێنە

ئەمە دڵە ناسۆڕەکەم …

….

بۆ کوێت بەرم سێوەخانێ؟

بەو شەوی با و بۆرانێ

ناگەمەوە کوردستانێ…


کۆڕەوەکەی ساڵی ٩١ هەوێنی شێعرێکی جوان و کاریگەری ڕەفیق بوو کە تێپەڕینی ساڵ و مانگ لە بیری نەبردوومەوە؛

..مەگری گیانە

کەی ئەمشەو کاتی گیاندانە

لەوەتەی هەین 

لە جەنگێکەوە بۆ مەرگێ

لە مەرگێکەوە بۆ جەنگێ

ڕادەکەین و 

هەر چوار وەرزمان تاوانە

تەنیا ئەمشەو خۆت ڕابگرە

بەرگەی برسێتی و ڕاونان و سەرما بگرە

سبەی هەتاوت بۆ دەکەم بە جۆلانە

سبەی دەگەین

لەو دیو ماڵی خاڵۆیانت ئاوەدانە

سبەی ژانە وردیلە و زراڤەکانت 

لە گیابەند و نان و بەیان و شیر دەگرم

دەیانکەم بە ئاڵا و چرای ئەم جیهانە

 خەرمانی ئەو شێعر و بەرهەمانەی کە ڕەفیق سابیر بۆی بەجێ هێشتووین، زۆر و دەوڵەمەندە. بە داخەوە لەو دۆخەدا دەرفەتی زیاترم بۆ ناساندن و بەسەرکردنەوەیان نییە. یەکێک لەوانە سەربوردەی درێژی ژیانێتی بە ناوی "لە ستایشی ژیاندا" کە بە شێوەی دەنگیش تۆمار کراوە. من ساڵی ڕابردوو لە ڕێگای کوردستاندا بەخت و وەختی ئەوەم هەبوو هەمووی گوێ لێ بگرم و چێژی لێ وەرگرم. 

لێرەوە سڵاو بۆ ڕۆحی بەرزی شاعیری مەزنی گەلەکەمان دوکتور ڕەفیق سابیر دەنێرم و سەرساخی بۆ کۆمەڵگەی ئەدەب و شێعری کوردستان دەخوازم. 

۹/۲۵/۱۴۰۴

پێشمەرگە؛ مێژوو، واتا، ڕواڵەت و نێوەرۆک

(ئەم بابەتەی خوارەوە دوای دیمانەیەک لەگەڵ کوردکاناڵ، لەسەر داوای بەرپرسانی ڕۆژنامەی کوردستان کراوە بە بابەت.)

تاهیر قاسمی

گەلی کورد مێژوویەکی سەدان ساڵەی لە خەبات و تێکۆشانی چەکدارانە بۆ ڕزگاریی خۆی و خاکەکەی لەدەست داگیرکاری و چەوسانەوەی نەتەوەیی تۆمار کردوە. لە مێژووی نیزیکدا ڕەنگە سەرەتای ئەو خەبات و تێکۆشانە بۆ بەرەنگاریی خانی لەپزێرین لەحاند زێدەخوازیی دەسەڵاتی مەزهەبیی سەفەوی و بەرخۆدانی قەڵای دمدم و ڕووداوەکانی پێوەندیدار بەو بەرخۆدانە بگەڕێتەوە. خەبات و بەرخۆدانێک کە دواتر لە شێوەی شۆڕش و سەرهەڵدانی چەکداریدا بەردەوام بوو. شۆڕشی میرە کۆرەی ڕەواندز لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی نۆزدەی زایینیدا بە دەسپێکی ئەو سەرهەڵدان و بەگژداچوونەوانە هەژمار دەکرێ کە دواتر لە سەرهەڵدانی بەدرخان، ڕاپەڕینی یەزدانشێر، شۆڕشی شێخ عوبەیدیللای نەهری، شۆڕشی سمکۆ، بەرخودانی شێخ مەحموودی حەفید، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، شۆڕشی ئارارات و پاشان ڕاپەڕینی سەید ڕەزای دێرسیم و شۆڕشی بارزاندا درێژەی کێشا. هەر کام لەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە توانیان لە چەند مانگەوە تا چەند ساڵ درێژە بە شۆڕشەکەیان بدەن و لەو ماوەیەدا گەلێک قارەمانەتی دژ بە داگیرکەران بنوێنن. دیارە لەو مەودایەدا زۆر سەرهەڵدان و بەرەنگاریی دیکەی بە ژمارەی چەکدار کەمتر، بە ناوچەی سەرهەڵدان بەرتەسکتر و بە ئامانجی ڕاپەڕین بچووکتریش هاتوونە ئاراوە. خاڵێکی هاوبەشی هەمووی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە، ڕێکخستنی هێزی چەکدار و بەرەنگاریی چەکدارانەیان بووە بەڵام ئەوەی کە کەمتر لێی کۆڵدراوەتەوە و بە دەگمەن باسی لێ کراوە، ناوی هێزی چەکداری ئەو شۆڕشانە یان هەر کام لەو ڕاپەڕینانەیە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە بە شێوەی نەریتی، چەکدارانی هەر شۆڕشێک بە ناوی سەرکردە و ڕێبەری شۆڕشەکە یان ناوچەی سەرهەڵدانەکە یا ئەو هۆزەی بەڕێوەبەری شۆڕشەکە بووە یاخود ئەو سەرۆکهۆزەی فەرماندەیی چەکدارەکانی کردوە پێناسە کراوە. بۆیەش ئەگەر لە پەناوە ناوێکی گشتیتریش بۆ ئەو چەکدارانە لەئارادا بووبێ، لێکۆڵەران زۆر خۆیان بەو بابەتەوە ماندوو نەکردوە. بۆ وێنە لە شۆڕشەکەی سمکۆدا هێزە چەکدارەکە بە ناوی لەشکری سمکۆ یان لەشکری شکاک کە هۆزی سەرەکیی پێکهێنەری لەشکرەکە بوو، ناوی دەبرا. دیارە هێندێک جار هێزە چەکدارەکە بە ناوێکی گشتیتریش ناوی بردراوە وەک لەشکری شەریعە بە بۆنەی بارە ئایینییەکەی شۆڕشی شێخ سەعید یان لەشکری مریدان بۆ شۆڕشەکەی بارزان بەڵام ناوی زاڵ هەر بە ناوی سەرۆک و ڕێبەری هۆز یان هێزەکە بووە. لەو نێوەدا هێندێک جار ناوی گشتیی وەک جوامێر، چریک، دلاوەر، فیدایی و هیتریش بەرگوێ کەوتوون بەڵام هەم جوغرافیا و ماوەی بەکاربردنیان سنووردار بووە و هەمیش مەرج نییە ئەوانە هەمیشە ناوی هێزی ئازادیخوازی کورد بووبن، چونکە هێندێک جار داگیرکەران بۆ ناوی ئەو هێزە بەکرێگیراوانەش بەکاریان بردوون کە بۆ سەرکوتی شۆڕشەکانی کورد ڕێکیان دەخستن. هەروەها ناوی "چەتە"ش هەبوو کە هەرچەند بریتی لە چریک و پارتیزانە و واتایەکی نێگەتیڤی نییە بەڵام هەم بە هۆی هێندێک ئاکاری خراپی ئەو چەکدارە کوردانەی لە ڕابردوودا بەو ناوەوە تێکۆشانیان کردوە و هەمیش لەژێر بانگەشە و پڕوپاگەندەی داگیرکەردا، ناوەکە بێزرا و واتای دز و ڕێگر و جەردەی پێدرا. بە جۆرێک کە دواتریش ڕێژیمەکان وەک ناتۆرە دژ بە تێکۆشەرانی کورد بەکاریان دەبرد. هەروەها ناوی یاغی، حەرامی و هیتریش هەبوون کە ئەوانە ڕاستەوخۆ سازکراوی هزری دوژمنانن و لەلایەن دەسەڵاتە داگیرکەرەکانەوە دژ بە شۆڕشگێڕانی کورد بەکار دەبردرا.

لە نێو شۆڕشەکانی کورددا، شۆڕشی ئارارات بە ڕێبەریی کۆمەڵی خۆیبوون و بە فەرماندەیی ئیحسان نووری پاشا کە بە ناوی کۆماری ئاراراتیش ناو دەبرێ، توانی تا ڕادەیەک نەریتەکان بشکێنێ و بەجێی جێگیرکردنی ناوی فەرماندە و سەرکردە یان ناوی هۆزێک بەسەر چەکدار و هێزە چەکدارەکەیدا، ناوی لەشکری ئاراراتی دانا. دیارە ئەوە تاکە هەنگاوی شۆڕشی ئارارات یان ئاگری بۆ گۆڕینی چییەتیی شۆڕشی کورد نەبوو و کۆمەڵێک گۆڕانکاری و داهێنانی دیکەشی هێنایە ئاراوە کە بوون بە بنەما بۆ ئەو کۆمارەی کە پازدە ساڵ دواتر بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد لە شاری مەهاباد ڕاگەیەندرا.

بەو جۆرەی لە ژمارەکانی سەرەتای ڕۆژنامەی کوردستانی ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و زمانحاڵی کۆماری کوردستاندا دەردەکەوێ، کۆمار بە پێڕەوی لە تاران و دواتر تەورێز، لە سەرەتادا ناوی چەکداری خۆی بە سەرباز، فیدایی و فیداکار ناو هێناوە و دواتر وەک دەگوترێ لەسەر پێشنیاری پیرەپیاوێکی دنیادیتە، ناوی "پێشمەرگە"ی هەڵبژارد. سەبارەت بە بنەمای ئەو ناوە بۆچوونی جیاواز هەیە؛ هێندێک بۆ نەریتێکی نێو دەرباری پاشاکانی دەگەڕێننەوە کە لەوێ کەسێک بەناوی "پیش‌مەرگ" هەبووە و هەموو ژەمان دەبوو لە پێشدا ئەو خواردنە تاقی بکاتەوە کە قەرار بوو پاشا لێی بخوا. دیارە ئەوە دابێکی گشتی و باوی نێو خەڵک نەبووە و ئاستەمە ناو و پیشەیەکی ئاوا لە کۆشکی پاشایەتییەوە تا نێو کۆڵان و ماڵانی کوردستانی ئەو سەردەم شۆڕ بووبێتەوە. بە تایبەت کە کۆماری کوردستان لەلایەک هەوڵی داوە وشەی کوردیی ڕەسەن لەسەر بوار و پیشە و کاراکتەرە جۆراوجۆرەکان دابنێ و هیچ ئاماژەیەکیش نییە کە بە دوای ئیلهام وەرگرتن لە سیستمی پاشایەتی و ژیاندنەوەی داب و نەریتەکانی نێو کۆشک و سەرسەرای پاشایەتیدا بووبێ. بەڵام ئەگەر وتەی پیرەپیاوە دنیادیتەکە بە بنەما وەربگرین کە وا دیارە پێشنیارەکەی لە ناخی کۆمەڵگە و لە قووڵایی مێژووی کوردستانەوە هاتووە، ڕەنگە مێژووی بەکارهێنانی ناوی پێشمەرگە وەک چەکداری ئازا بۆ زۆر کۆنتر بمانگەڕێنێتەوە. لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە لە کەوناردا کوردستان کانگایەکی گرینگ و سەرەکیی ئایینی مێهری یان میترایی بووە. لە دابەشکاریی پلەکانی ئەو ئایینەدا، پلەی سێهەم بە سەربازانی میترا دراوە کە لەنێو چوار ماکەکەدا، پلەی خاک هی ئەوە و ئەرکە سەرەکییەکەی پاراستنی مەرگە (مێهرگە، مێهرکەدە، ماڵی پیرۆزی میترایی‌یان) و نیشتمانی میترا بووە. بەو پێیە پێشمەرگە ئەو چەکدارە ئازایە بووە کە لە پێش "مەرگە"ی میترایی ڕاوەستاوە و ئەرکی پاراستن و پارێزگاری لەو شوێنە پیرۆزە و لە وڵاتی پیرۆزی میترای لە ئەستۆ بووە. ئەگەرچی بە کاڵبوونەوەی ئایینی مێهری (مەری، مێری، میترایی) لەنێو کۆمەڵگەدا سرووشتییە ناوی پێشمەرگەش بەو واتایە کاڵ بووبێتەوە بەڵام وا دیارە لە هزری پیرانی ناوچەکەدا ماوەتەوە تا سەرەنجام لە کۆماری کوردستاندا جارێکی دیکە ژیایەوە و واتایەکی نوێی پێدرایەوە.  

کۆماری کوردستان تەنیا حکوومەتێکی کورتخایەنی یازدە مانگە لە ناوچەیەکی بەرتەسکی کوردستاندا نەبوو بەڵکو ڕاستەڕێگای ڕزگاریی بە کورد نیشان دا و لە زۆر بارەوە نەخشەی دەسەڵات و خۆ بەڕێوەبەریی بۆ گەل داڕشت. یەک لەوانە بڕیاری دانانی ناوی پێشمەرگە و دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو. کۆماری کوردستان بەو بڕیارە نەک هەر ناوی پێشمەرگەی بە نەتەوەیی کرد بەڵکو شوناس و پێناس و ئامانجی پێشمەرگەشی گۆڕی و کۆتایی بەو نەریتە هێنا کە تێکۆشەری شۆڕشگێڕی کورد بەناوی چەکدار، تفەنگچی یان پیاوی فڵان سەرکردە و فیسار هۆز، خۆی و ئامانجە نەتەوەییەکەی بچووک بکرێتەوە. لەوە بەدوا پێشمەرگە لە چەکداری سەرۆک و هۆز تێپەڕی و بوو بە پێشمەرگەی کوردستان. کوردستانێک کە داگیر کراوە و مافی ژیانی ئازاد لە گەلەکەی و سەربەستی لە نیشتمانەکەی ئەستێندراوە. بەوەش پێناسەی پێشمەرگە لە چەکدارێکی ئاسایی جیا کرایەوە. پێشمەرگە ئیدی تەنیا لە پێوەندیی چەکەکەیدا تەعریف وەرناگرێ بەڵکو مرۆڤێکی تێکۆشەری کوردە کە بۆ لابردنی هەڵاواردن و سڕینەوەی ستەم بە تایبەت ستەمی نەتەوەیی تێدەکۆشێ و هەوڵ دەدا نەتەوەکەی ئەویش وەک هەموو نەتەوەکانی دنیا، نە زیاتر و نە کەمتر، مافی بەرابەر و یەکسانی هەبێ. لەم پێناوەشدا خۆبەخشانە و بێ هیچ چاوەڕوانییەکی مادی، لە ژیان و گیانی خۆی مایە دادەنێ. وێڕای ئەوە، ئەگەرچی وشەی مەرگ لە پێکهێنانی ناوی پێشمەرگەدا دەوری هەیە، بەڵام پێشمەرگە لەپێناو ژیانێکی نادیاری دواڕۆژدا، بۆ مردن و شەهیدبوون ناجەنگێ بەڵکو بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد بۆ خۆی و گەلەکەی و لەپێناو ڕزگاریی خاکەکەیدا، بۆ نەهێشتنی سیاسەتی قەڵاچۆکردنی نەتەوەکەی خەبات دەکا و پێش بە مەرگی گەلێک دەگرێ.  

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، وەستان و بێدەنگییەکی پازدە ساڵە بەسەر خەباتی چەکدارانەی پێشمەرگەدا هات، لێ کۆماری کوردستان یادگارییەکی لەوە زۆر گەورەتر و بە نرختر بوو کە بەو وەستان و بێدەنگییە ناوی پێشمەرگە لەبیر بچێتەوە یان ئامانجەکانی کاڵ ببنەوە. لە کۆتاییەکانی دەیەی سی و سەرەتای دەیەی چلی هەتاویدا تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە جێگیربوونیان لە دیوی گەرمێن و بەشی باشووری کوردستان توانیان جارێکی دیکە خۆیان وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕێک بخەنەوە و خەباتی پێشمەرگانەیان بە شێوەی چەکدارانە دەست پێ کردەوە. بە تایبەتیش لە نێوەڕاستەکانی دەیەی چلی هەتاویدا خەباتێکی خوێناوییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڕێخست. هاوکات لە باشووری کوردستانیش شۆڕشی ئەیلوول تا ڕادەیەکی زۆر بە بنەماکانی کۆماری کوردستان وەفادار مایەوە و ناوی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لەسەر هێزە چەکدارەکەی خۆی دانا. لە باکووری کوردستانیش هێندێک جموجۆڵی پێشمەرگانە و بە ناوی پێشمەرگە هاتنە ئاراوە و هەمووی ئەوانە لە بووژاندنەوە و پەرەگرتنی ناو و شوناسی پێشمەرگەدا کاریگەریی گرینگیان دانا. وێڕای ئەوانە زیندوویی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان کە هەمیشە خواستی خەڵکی کوردستان و، وەدیهێنانیان مەبەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، ئیخلاقی سیاسی و هەڵسوکەوتی درووستی زۆرینەی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ خەڵک و ئەوە کە پێشمەرگە لە ناخی ئەو خەڵکەوە هەڵقوڵاوە و، ئاستی فیداکاری، گیانبازی و ئازایەتیی پێشمەرگە لە هۆکارە گرینگەکانی خۆشەویستیی زۆری خەڵک بۆ پێشمەرگە و پەرەگرتنی ناو و شوناسی پێشمەرگە لەلای دۆست و دوژمنە. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، هێزی پێشمەرگەی کوردستان جارێکی دیکە لە سەر جوغرافیای کۆمار و بە پانتاییەکی زۆر بەرینتر ڕێک خرایەوە و گەلێک قارەمانەتی نواند کە دەورێکی گرینگ و کاریگەری دیکەی لەسەر پەرەگرتن و خۆشەویستیی ناوی پێشمەرگە دانایەوە. بە جۆرێک کە چەندان هێزی چەکداری غەیرەکورد لە ئێران و عێراقیش هەر بە ناوی پێشمەرگە لە کوردستان خەباتی خۆیان دەست پێ کرد. هەمووی ئەوانە و ڕووداوە پێوەندیدارەکانی دواتر وایان کرد کە ناوی پێشمەرگە لە ئاستی نێونەتەوەییشدا  ببێ بە ناوی کاراکتەرێکی ڕزگاریخواز و جێگای ڕێز و ستایش بۆ هەموو جیهان. لەم نێوەدا دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانیش بێکار دانەنیشتن و سەرەڕای هێرش و پەلاماری ڕاستەوخۆیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، هەوڵیان دا ناوی پێشمەرگەش بزڕێنن و پێناسەی پێشمەرگە لە هزری خەڵکی کوردستان و بێگانەدا بشێوێنن بەڵام سەریان لە بەرد درا و بۆیان نەکرا. ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی لەسەرەتادا بە دامەزراندنی "ڕێکخراوی پێشمەرگە موسوڵمانەکان" کەوتە پیلان و چەواشەکارییەوە و ویستی کڵاوێک لەو لبادە بۆخۆی بدروێ و سەرنجی خەڵکی کوردستان لە هێزی پێشمەرگەی خۆیەوە بۆ لای ئەو هێزە بەکرێگیراوە ڕابکێشێ. لەوە بێخەبەر بوو کە خەڵکی کوردستان زۆر لەوە ژیر و وریاتر بوون کە بە شتی ئاوا فریو بخۆن. کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی فرەئایینە و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش هەر لە کۆماری کوردستانەوە بەجێی هەڵگرتنی پێناسەی ئایینێکی تایبەت، بۆ پاراستنی فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دامەزرا و تێکۆشا. سازمانی پێشمەرگە موسوڵمانەکانی کۆماری ئیسلامیش لە هزر و ڕوانینی خەڵکی کوردستاندا هەر لە سەرەتاوە بە ناوی جاش لەدایک بوون و هەر بە جاشیش مانەوە.

بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...