۱۰/۲۱/۱۳۷۳

تەون

 

نە شەوێکن..

        نە دوان..

              نە سیان..

چها شەون

وەکوو تاکتاککەرەی ماندوو

دەست بە کەڵکیت

چاو لەسەر ڕایەڵەی تەون

ماندوو و شەکەت

تا شەو درەنگان ناخەون.

چها شەون

بە گژ هەژاریدا دەچن

پەنجەکانتان بە تانوپۆوە ناسرەون.

 

کچانی پەنجە نەخشینی وڵاتەکەم

کرێکارانی بێ حەقدەست

ئەو شەوانەی کە ئاوایی خەو دایدەگرێ و

تەنیا چاوی دەلاقەی دیوەکەی ئێوە ئاوەڵایە

تەنیا دڵی ژوورەکەی ئێوە لێدەداو

دەستی ئێوە لە کاردایە

ئەو شەوانەی دەنگی کەلکیتەکەی ئێوە هاوڕێی شەوە

کامەتان بیر دەکەنەوە

زیل و بەمی تان و پۆتان

سازی خەوی تاجرانە

ڕەنگی فەڕشی هەڵواسراوتان

خەونی سەوزی بازرگانە

کامەتان بە بیرتاندا دێ

ئاخۆ سبەی کامیانی پێ خەنی دەبێ

کێهە وەزیر لێرەو لەوێ

خۆی بە پەنجەی نەخشینی ئێوە ڕادەنێ؟!

ئاخۆ سبەی تابڵۆکەتان

لەپێتەختی کام وڵاتا

بە ڕاوێچکەی کێهە پاشا پێخوست دەبێ

نازی کام شاژن هەڵدەگرێ؟

 

بەڵام ئاخۆ بڵێی سبەی

 ساتەوەختێک

بیر و هزری کڕیارەکەی داگیر بکا تابڵۆکەتان

بڵێی خەونەکانی شاژن جارێ ئێوەش بگرێتەوە؟!

کێ دەزانێ

ئەوە بەرهەمی بەهاری جوانیتانە

بەری شەوانی ماندوویی و شەونخوونی

بەری ئازاری نەبوونی

کێ دەزانێ

بۆ ساتێ بە بیر کێدا دێ

بەهاری عومری ماندووتان

دەستی جومگە جەمام بووتان

چاوی ماندووی سۆما چووتان

ناوچەی مەهاباد – زستانی ١٣٧٤

۹/۲۳/۱۳۷۳

دووی ڕێبەندان

 

گوڵبارانە کوردستانم بە کلووی بەفری سپی

ئاسمان ئاوریشمی خاو دادەوەرێنێ بە کپی

ڕێگە بەندانە بەڵام جێژنی سەری ساڵی مەیە

کە بە سەرماو سەخڵەتیش کۆشکی زۆردار تێکداتەپی

پیرەژن داخی نەما، گەورە و بچووک دڵخۆشن

خەمی جێ هێشت پیرەپیاو، هاتەوە بیر گاڵتەو گەپی

بوو بە پەلکە زێڕینە کیژی جوانی ڕەشبەڵەک

دەگەڕێ شەوگەڕی داوەت بە سێپێیی و بە چەپی

کیژە کوردی براکوژراو دەچتە سەر گۆڕی شەهید

دەکا یادی نەمرانی بە گوڵاڵەی نێو لەپی

دایک و باوکی ڕۆڵە کوژراو برینیان دێتەوە سۆ

کوڕی تر ڕادەماڵن ئەو زۆریەی دادەسەپی

عەبا و عەممامەی دەسووتێن لەتۆڵەی خاکی وڵات

دەپژێ کەللەیی زۆردار، دەشکێ لاقی بە شەپی

نامێنێ زاڵمی بەدفەڕ، تێیدەقووچێنن گزیر

ڕادەکەن پۆلە وەزیر جا چ لە ڕاست و چ چەپی

چەکی پێشمەرگە ئەوا دادەدڕێ پەردەی شەو

وەرنە سەیری هەیبەت و کۆڕژن و حیلەی ئەسپی

٢٣/١٠/١٣٧٣ کۆیە

۶/۲۲/۱۳۷۳

ڕاز

 

ئەو ڕۆژەی بووی بە دڵدارم

تۆوی شێعرێک بوو کە داتچاند

لە جەرگەی دڵی زامدارم

ئێستا لێرە ئەگەر سنوور

بەربەستی عەشقی ئێمەیە

نەمامی ئەو شێعرەی ناشتت

سەوز بووە و زۆر گەورەیە

ئەو بە تەنێ

مەحرەمی ڕازی ئێمەیە

کۆیە – خەزەڵوەری ١٣٧٣

۵/۲۸/۱۳۷۳

بۆ شەهید سەلاحی ڕەزایی

 

کڵاوێکی پێشمەرگانە بە سەرەوە

 جامانە بە دەوری ملدا

بیکەیسی بە سەر شانەوە

فیشەکدانی لێ شەتەک دا

دەبڕێ سنوور بە ئازایی

هاوڕێ سەلاحی ڕەزایی

         ***

دڵێک پڕ لە هیوا و بڕوا

قولێک تراکت لە ناو مستا

کۆڵەپشتی پڕ لە دەوا و

کەڵاشینکۆف لە ناو دەستا

وا هەڵکشا بەرەو لوتکە و

                       ڕانەوەستا

مامۆستا سەلاحی دوکتور

دوکتور سەلاحی مامۆستا

            ***

لە داوێنی مەیدانچۆغە

تا هەتایە خاکی بەرگە

ڕێبازی ڕێی خەباتمانەو

گڵکۆی دەکەین بە نزرگە

مامۆستا سەلاحی دوکتور

شەهید سەلاحی پێشمەرگە

ناوچەی مەهاباد – گەلاوێژی ١٣٧٣

۵/۲۷/۱۳۷۳

بۆ شەهید عەبدوڵڵای شەریفی

 لە شەوێکی ئەنگوستەچاو

کە سۆمایی نێو چاوانی هەموومان بووی

بە دوانیگای مۆلەق وەستاو

ماڵاواییت کرد و ڕۆییشتی.

 

لەم شەوگارە تاریکەدا

بۆ پێشمەرگە

پێشەنگی رێی سەخت و دژوار

بۆ  هەژاران

هێزی خەبات و وزەی کار

بۆ جووتیاران

وەک بارانی پەڵەی بەهار

لە ناو زانکۆش

ببووی  بە قەڵەمی خوێندکار

ماڵاواییت کرد و رۆیشتی.

 

داد لە دەست ئەم شوومە شەوە

هەر دەڕۆین و نابڕێتەوە

بە دەم فرمێسک و تاسەوە

بەسەر پشتی تەرازوان و مێرخاسەوە

تەرمی لە خوێندا شەڵاڵی مێرخاسێکمان بە کۆڵەوە

دەڕۆین و دڵ بە داخەوە

شین دەگێڕین لە ناخەوە

 

بە ڕیز.. خەمناک..ڕێگە دەبڕین

لوولەی چەکمان داشۆڕاوەو

                      کاس و وڕین

بەو داخەوە داخ کراوین

داسووی شەو لە چاوی داوین

هەر نازانین لە کام لاوە ئەنگواوین..

 

چاومان بۆ هەر کوێ دەگێڕین

بیرەوەریی تۆ دەبینین

رێچکه‌ نییە شوێن پێڵاوی تۆی لێ نەبێ

بن به‌رد نییه‌

 سه‌نگه‌رت لێ نەگرتبێ

لوتکه‌ نییه‌

ئێواره‌یه‌ک نەتگرتبێ‌و

 به‌ دووربینه‌که‌ی سه‌ر سینگت

مه‌ودای که‌وشه‌نی نه‌بڕیبێ 

تێپه‌ڕبوونت نیشانی ئێمه‌ نه‌دابێ.

 

بێدەنگ.. بێدەنگ

بۆ مەرگی رێبەرێک دەگرین

ئازایانە دەژیا بۆ ژین

لەگەڵ ئاسمان

فرمێسکی بەسەردا دەڕێژین

لەگەڵ پاییز

دەردی جودایی دەچێژین

دەیبەین تا لە بناری وڵات

نا...

لە
نێو دڵدا

                دەینێژین  

ناوچەی بانە - ڕەزبەری ١٣٧٣

۶/۲۲/۱۳۷۲

شێعری لەیلا

 

تا کەوتە سەر یادی ئەوین

بە یادی شێعر کەوتەوە

                               لەیلا

بۆیە ئێستا گڕوو دەگرێ

وەک مناڵ بۆ بووکەشووشە

ئەویش هەر شێعری لێم دەوێ

 

تا کەوتە سەر یادی شێعر

ئەوینی وەبیر کەوتەوە

                       لەیلا

شەو

شا شێعرێکی لە سەر لەپی دەستمی نەخشاند

کاتێ دەستی

وەکوو شێعرێکی پەنجەیی

دە پەنجەکانمدا خزاند

بەو جۆرە ئەو وەفاداری

بە شێعر و ئەوین و من سەلماند

کۆیە – ٣ی خەزەڵوەری ١٣٧٢

۴/۲۹/۱۳۷۲

هاوڕێی ئازاری هەژاران

 

                                              بۆ شەهید جەوادی مووسەوی

هیندە گەورەی

هێندە بەرزی

هیند پیرۆزی

ڕووبار کڕنۆشت بۆ دێنێ

شاخ سەری بۆت دادەنوێنێ

"چیا" لاوکت بۆ دەڵێ

"چیمەن" گوڵاڵەت بۆ دێنێ.

 

هیند پیرۆزی

وەکوو ئاسمان.. وەکوو هەتاو

بووی بە ڕووگەی زەحمەتکێشان

بە گوڵ.. بە ئاو..

ئەوانە هەموو بوون بە تۆ و

                     تۆ هەموانی

کاتێ کە هەژاران دەڵێن

تۆ شەهیدی کوردستانی

تۆ شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی ئەوانی

١٣٧٢ – ناوچەی مەهاباد

***


۳/۲۸/۱۳۷۲

دوو سروود بۆ شەهیدان

 

١

لە سەر زام و برینتانا

ڕزگاربوونی دیلەکانی ئەم کوردستانە دەبینم

لە نێو ڕووباری خوێنتانا

سەربەخۆیی ئەم نیشتمانە دەبینم

وەک چۆن هەموو بەیانییەک

بە ئاسۆی ئەرخەوانی‌ڕا

دڵنیام کە شەو ڕادەبرێ

دڵنیام کە هەتاو هەڵدێ


٢

ئێوە هیچکات بیر ناچنەوە

تا گوڵاڵە و نواڵەی کوێستان

لە بن بەردە یاخییەکان بڕوێنەوە

هەتا تفەنگ

شەوانە سەر وەسەر سەرینی بەرد بکا

یادتان هەورە و 

لە گشت وەرزی ژیانماندا پەڵە دەدا

١١/٣/١٣٧٢ (لە ژمارە ٦١ی گۆڤاری لاواندا بڵاو کراوەتەوە)

بۆ هیوا

 


هەر کاتێ کە مناڵانی قژ ئاڵۆزی ئەم هەرێمە

بە بەر دەرکی مقەڕدا دێن و ڕادەبرن

تۆ دەبینم

وەکوو ئەوان

دارێکت کردووە بە ئەسپ و

یاخی یاخی دەیڕەتێنی

قۆچەکانی بووە بە چەکت و

دوژمنانی ئەم وڵاتە لە بن دێنێ.

 

هەر کاتێک کە مناڵانی قژ کاڵی ئەم هەرێمە

کتێبە قاچاخەکانیان دەخەنە بن هەنگڵیان و

بەرەو فێرگە ڕێگە دەبڕن

تۆ دەبینم

وەکوو ئەوان

قەڵەمت کردوە بە نەشتەر

بیدەی لە چاوی دوژمنان

پەیتا پەیتا

ئینشاکەی ناو دەفتەرەکەت دەخوێنیەوە بۆ هاوڕێکان

بۆیان دەدوێی

                لە ئازادی

               لە کوردستان

               لە شەهیدان

 

هەر کاتێ کە مناڵانی قژ ئاڵۆزی ئەم هەرێمە

لە ناو باخە یاخییەکان

وەک کارژۆڵە ئاسکی جوان

بە ڕمبازی و تەقڵەسەما

دەچنە سەر تاتە بەردەکان

دێنەوە خوار

دەتبینم و خۆم لا دەدەم

تا نەکا دنیای مناڵیت بشێوێنم

بەڵام دەنگە خۆشەکەت هەر لە گوێمدایە؛

"کاکە! گەر لە شار هاتیەوە

تفەنگێکم بۆ بێنەوە!"


هیوا گیان! کاتێ دێمەوە

ئیدی تفەنگەکان خەوتوون

نێرگزەکان دەڕوێنەوە

ئەو کاتە من کتێبێکت بۆ دێنمەوە

پڕ بێ لە وشەی کوردیی جوان

گەر بێمەوە..

ئەستێرۆکان – ٢٠/٢/١٣٧٢

بابەتی نوێ:

بۆچی دوا پێنج‌شەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە

  لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنج‌شەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...