کاک سەعیدی سەلیمیی بابامیری کە خەریکە شێعرەکانی سوارە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەردەگێڕێ و بۆ ئەو مەبەستەش وەک خۆی دەڵێ کەلک لە کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد" وەردەگرێ، پرسیاری دەستەواژەی "سەوزە بەستەی" لێکردووم کە سوارە لە سەرەتای شێعری خەوە بەردینەدا بەکاری هێناوە؛
لە چەشنی گەرووی کەو
کەوی دۆمی یەخسیری زیندانی داری
پڕی سەوزە بەستەی خرۆشانی باڕی
تەرەی باوەشی تاسەباری بناری..
تا بەر لە لێکۆڵینەوەی شێعرەکانی سوارە و نووسینی کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"، منیش وەک کاک سەعید و زۆربەی خوێنەرانی خەوە بەردینە، ئەم ڕستەیەم هەر بەو شێوەی"پڕی سەوزە، بەستەی خرۆشانی باڕی" دەخوێندەوە. دیارە ڕستەکە بەو شێوەیە مانایەکی ڕوونی نەدەدا بەڵام دڵنیا نیم کە ئاخۆ خوێندنەوەی دێڕەکە بە شێوەی "پڕی 'سەوزەبەستەی' خرۆشانی باڕی" تێبینیی خۆم بوو یان پێشتر لە جێگایەکی دیکەدا خوێندبوومەوە و نەچوومەتەوە سەری. هەرچی بێ لە لێکدانەوەی ڕستەکەدا ئەو شێوازەی دواییم بە درووست زانیوە و لەسەری دواوم. بەو حاڵەش ئەوە بۆ ئەو دۆستە بەڕێزە تازە و جێی پرسیار بوو. بە تایبەت کە دەیهەوێ شێعرەکە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەربگێڕێ، دۆزینەوەی هاوتای ئینگلیزی بۆ ئەو دەستەواژەیە حەتمەن کارێکی ئاسان نییە.
لە دەستووری زۆرێک لە زمانانی دنیادا بە شێوەی ئاسایی ئاوەڵناو (صفت) پێش پەسندکراو (موصوف) دەکەوێ. بۆ وێنە لە زمانی فینلاندیدا Kylmä vuori واتای چیای ساردە کە سارد پێش چیا کەوتوە. ئەوە هەروەها لە زمانی ئینگلیزی (Cold mountain) و تورکی (Soğuk dağ) بە هەمان دەستوورە. لە هێندێک زمانی دیکەدا بۆ وێنە لە زمانی عەرەبیدا پێکهاتەکە پێچەوانەیە و پەسندکراو پێش ئاوەڵناو دەکەوێ: جبال بارد.
لە زمانی کوردی و فارسیشدا بە شێوەی ئاسایی هەر وایە: کوێستانی سارد و کوهستان سرد. بەڵام لە زمانی کوردی و تا ڕادەیەک لە فارسیشدا ئەم پێکهاتەیە بۆ داکۆکی کردن و زێدەڕۆیی لە پەسنی پەسندکراودا دەتوانێ پێچەوانەش ببێتەوە. واتە ئاوەڵناو بکەوێتە پێش پەسەندکراو. بەو جیاوازییە کە لە زمانی فارسیدا، لە نێوان ئاوەڵناو و پەسندکراودا هیچ ئامرازێکی لێک گرێدانەوە داناندرێ و تەنیا دوو وشەکە پاشوپێش دەکرێن، وەک: "مرد بزرگ" کە دەبێتە "بزرگ مرد" یان "سخن شیرین" دەبێتە "شیرین سخن".
بەڵام لە زمانی کوردیدا ئەگەر کۆتایی ئاوەڵناو پیتێکی بێدەنگ بێ، ئەو لێک گرێدانەوەیە زیاتر بە هۆی ئامرازی ــە جێبەجێ دەبێ؛
کوێستانی سارد - ساردە کوێستان، گوڵی سوور - سوورە گوڵ، پیاوی گەورە - گەورە پیاو
ئەم لێوەشاوەییەی زمانی کوردی هەرچەند هەمیشە باری ئەرێنیی نییە بەڵام بە بارە جوانەکەیدا گەلێک دەستەواژەی سەرنجڕاکێشی پێشکەش بە ئەدەب و فەرهەنگی ئەم زمانە کردووە و هەروەها بۆ ناوی تایبەتیش بەکار دێ. سوارەی نەمر بە پەی بردن بەو تایبەتمەندییەی زمانی کوردی، گەلێک دەستەواژەی سەرنجڕاکێشی لەسەر ئەم بنەمایە لە شێعرەکانیدا بەکار هێناون. وەک؛ شەنگە سوار، سوورە گوڵ، سوورە قەڵا، گەورە ماڵ، تازە ماسی، تازە بەهار، بەرزە فڕ، بەرزە مژ، شەنگە ژن، نەرمە هەنگاو، گەرمە یاو، دوورە شار، نەرمە لاوێن، شیوە جۆبار، دەشتە چۆم، تاریکە تاراوگە، خاکینە خەون، کوێرە کانی، شینە باهۆ، زەردە ماسی و هتد.
سوارە لە شێعری خەوە بەردینەدا بێ لەبەرچاوگرتنی درێژیی شێعرەکەش، لەچاو شێعرەکانی دیکەی، پتر لەو پێکهاتەیە کەلکی وەرگرتوە کە "سەوزە بەستە" یەکێکیانە.
سەوزە بەستە وەک شینە باهۆ، سوورە قەڵا و هتد لە وشەی پەسندکراو و ڕەنگێک وەک ئاوەڵناو پێکهاتووە. لەنێو ئەو جۆرە پێکهاتانەدا کە سوارە بەکاری هێناون، بەشێکیان وەک زەردە ماسی و هتد. بە شێوەی ئاسایی لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی خەڵکدا هەن بەڵام بەشێکیان دەگمەنن کە ڕەنگە ئەوانە خوڵقاوی سەلیقەی شاعیرانەی سوارە خۆی بن کە "سەوزە بەستە" یەکێکیانە.
ڕەنگی سەوز کە لە زمانی کوردیدا کەسکیشی پێ دەگوترێ، سەمبۆلی تازەیی، جەوانی و جوانییە. ئەمەش لە ڕستەی "پڕی سەوزە بەستەی خرۆشانی باڕی"دا لەگەڵ وشەی "باڕ" کە برێتی لە کەوی یەکساڵەیە، تەبایە. سوارە کانیی دیلی دەستی کێو بە گەرووی باڕە کەوێک دەشوبهێنێ کە لە باوەشی بنار هەڵبڕێندراوە، لە قەفەسدا بەند کراوە و لە تاسەی گەڕانەوە بۆ زێدەکەیدا، هەوای خوێندنی لە ئەوکدایە، گەرووی پڕە لە سەوزە بەستەی خرۆشانی سەردەمی لاوی و تازە پێگەیشتوویی.
بەستە واتای گۆرانییە. گۆرانییەک کە ڕیتمی خاوتری هەیە و لەگەڵ بەند کە هەوای گشت و بۆ هەڵپەڕینە، جیاوازە. بەستە سەرەڕای ڕیتمیکەکەی، دەتوانێ هەوای خەم و تاسەش بێ. واتە هەوایەک لەنێوان شین و شادیدا. هەوایەک کە هیوای تێدایە، حەز و ئارەزووی تێدایە بەڵام نە وەک مەقام خەمینە و نە وەک بەند بۆ هەڵپەڕینە. ئەمەش لەگەڵ تاسەی کەو بۆ ڕزگاری لە ڕکەی دارین و لەگەڵ کانی بۆ دەربازبوون لە ڕکەی بەردین، تەبایە.
"سەوزە" لە ناوچەکانی موکریان و ئەردەڵاندا هەوای گۆرانی یان بەستەیەکی تایبەتیشە کە پتر لە نێوان سەقز و بۆکاندا برەوی هەیە. ئەگەر هەوای گۆرانی بەسەر سێ بەشی مەقام، بەستە و بەنددا دابەش بکەین، ئەوە سەوزە خۆی لەنێوان مەقام و بەستەدایە. واتە هەم بە ریتم و هەمیش بە شێوەی خاو دەگوترێ. خاوەن کۆمەڵێک بەندی تایبەت بە خۆیەتی و هەروەها بە بەندە زۆر و زەبەندە دوازدە بڕگەییە فۆلکلۆرییەکان دەخوێندرێ بەڵام لە نێوبڕی هەر نیوەتاکێکدا وشەی سەوزە دووپات دەکرێتەوە؛
سەوزە هۆ سەوزە، سەوزە، سەوزەکەی ماڵم
نەخۆش نەکەوی سەوزە، نەشکێنی باڵم
بازی بەختی من سەوزە نانیشتێتەوە
مەگەر بە مردن سەوزە تۆم بیر چێتەوە
سەوزە بێجگە لەو گۆرانییە بەنێوبانگە، جۆرێک مێوژیشە و وەک ڕەنگ بێجگە لە ڕەنگی سەوز یان کەسک، واتاگەلی ڕەش ئەسمەر، گەنم ڕەنگ، ڕەنگی نێوان زەرد و سپی و هەروەها ڕەنگی شینایی دەشت و دەریشە. ئەوەش لە خۆیدا جێی پرسیارە کە چۆن ناوی سەوزە بۆ ئەو هەموو ڕەنگانە بەکار دێ کە لە جۆری خۆیاندا جیاوازن؟!
بۆ من کە لێکۆڵینەوەم لەسەر ئایینی کۆنی کورد بەتایبەت ئایینی میترا کردوە، گۆرانیی سەوزە و هەموو ئەو واتایانەش کە بۆ وشەی سەوزە هەیە، لە بنەڕەتدا دەتوانێ گۆرانییەکی ئایینی و بۆ پەسن یان پاڕانەوە لە خودا یان یەکێک لە خوداکانی ئایینی میترا بێ و نزای پێ کرابێ. ئەو خودایەش خودای مانگە.
مانگ لە چاوی مرۆڤی سەر هەردەوە هەمیشە یەک ڕەنگ نییە. پێ بە پێی دووری و نیزیکی لە زەوی، لە تارەوە بۆ شین، بۆ سوور، نارنجی، زەرد و سەرەنجام سپی گۆڕانی بەسەردا دێ. ئەوانەش هەموو ئەو ڕەنگانەن کە کورد لە وشەی سەوزەدا کۆی کردوونەتەوە. ئەوە سەرەڕای پێوەندیی خوڵقێنەرانەی مانگ لەگەڵ سەوزایی گژ و گیا و شینایی سەر هەرد بەپێی باوەڕی میتراییەکان.
لە باوەڕی کۆنی کورددا مانگ یەکێک لە هەرە پیرۆزەکان و خودای مانگ یەک لە خودا فرە خۆشەویستەکان بووە. خودای چاکە، خودای پارێزەری ڕەوانی پاک، خودای گیا و گوڵ و سەوزایی و خودای وەزرێر و جووتیارانە. ونبوون و دەرکەوتنی ڕۆژانەی، گەورە بوون و سەرەنجام مفح بوونەوە و سەرلەنوێ دەرکەوتنەوەی مانگانەی هێمای ژیانەوە و لەدایکبوونەوەی بەردەوامی سرووشتە؛
سەوزە هەی سەوزە، سەوزە هاوارە
تۆ بۆ کێی ئەکەی ئەم سەرەوخوارە