دادخوازیی نەتەوەیی و دادگەریی قازیەک، هەزاران ساڵ دوای هەڵبژێرانی دیاکۆی دادوەر بە یەکەم پاشای میدیا و سەدان ساڵ دوای خۆ ناساندن بە پارێزەری مافی هەژاران لە لایەن کەریمخانی زەند، لە نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمدا جارێکی دیکە یەکیان گرتەوە. قازیی خۆشەویست و جێی متمانەی خەڵک، بوو بە پێشەوای حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزب کۆماری کوردستانی دامەزراند و پێشەوا لە ناو پێشوازیی گەرم و گوڕی خەڵکدا لە چوارچرای مەهاباد، بە یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان هەڵبژێردرا. بەڵام ئەوە تەنیا قەزاوەت و دادوەری نەبوو کە پێشەوا نەک هەر ئەو سەردەم بەڵکو هەتا ئێستاش لە زەینی مرۆڤی کورددا بە رێبەرێکی عادڵ و دادگەر ماوەتەوە. لە راستیدا پێوەندیی نێوان پێشەوا لە حاند دادگا بە سێ قۆناخ یان سێ بوار دابەش دەکرێ کە لە هەر سێیاندا کارنامەی سەربەرزانەی تۆمار کردوە:
یەکەم؛ پێشەوا وەک قازی و دادوەر کە توانایی و عەداڵەتگریی ئەو لە دادئەستێنی و یەکلایی کردنەوەی کێشەکاندا خۆشەویستی و متمانەی زۆری خەڵک بۆ ئەوی لێ کەوتەوە. هەمان خۆشەویستی و متمانە کە بە میترا هەبوو یان دیاکۆ لەو کارەدا و لەو بوارەدا بۆخۆی دەستەبەر کرد. هەر ئەوە کە تا ئێستاش نەبیستراوە تۆمەتبار یان حەقخوراوێک لە ئەنجامی دادگایی و دادوەریی قازی محەممەد دڵمەند و بە گلەیی بووبێ، گەورەترین نیشانەی دادگەری و توانایی ئەو مرۆڤە لە یەکلایی کردنەوە و چارەسەری کێشەکانی خەڵک بووە.
دووهەم؛ پێشەوا قازی محەممەد وەک سکاڵاکەر یان سکاڵا لێکراو. ئەویش لە کاتێکدا کە سەرۆک کۆماری کوردستان بوو. میرزا عەوڵای قازی دەگێڕێتەوە؛ "ئەو کات کە سەرۆک کۆمار بوو، ئەو هەمووە دەستی دەڕۆیی، باغێکی ترێی لە نیزیک باغی ساوا هەبوو کە باغەوانەکەی زوڵمی لێ دەکرد و کرێی نەدەدایە. پێشەوا لە دادگوستەریی کۆمار لە لای قازی کەریم شکایەتی لە کابرای باغەوان کرد کە باغەکەی لێ خواردوە و هیچی ناداتێ. کابراش دەیگوت خەرجم زۆر لێ کردوە و دەرینەهێناوەتەوە. لە ئاخریدا بە موساڵحە گوزەرا و کابرا شتێکی دا بە پێشەوا." بە پێی گێڕانەوەی خاتوو رابیعە ناهید، باخەوان شکایەت لە پێشەوا دەکا و بەوە تۆمەتباری دەکا کە ویستوویەتی لێی بدا . وێدەچێ هەردوو گێڕانەوە راست بن. هەم پێشەوا شکایەتی لە کابرای باغەوان کردوە و هەم کابرای باغەوان بۆ دیفاع لە خۆی ئیدیعای کردوە کە پێشەوا خەریک بووە لێی بدا. هەردوو گێڕانەوە ئەوە دەردەخەن کە پێشەوا لە گەڵ باخەوانەکەی کێشەی هەبووە و کێشەکەیان بردوەتە بەردەم دادگا. ئەمەش نیشان دەدا کە لە سایەی دەسەڵاتی قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستاندا، باخەوانێک - بە حەق یا ناحەق - دەخۆی ڕادیوە کە ئیجار بە سەرۆک کۆمار نەدا، سەرۆک بۆ ئەستاندنی مافی خۆی لە جیاتی بە کار هێنانی زۆر، پەنای بۆ دادگا و یاسا بردووە و لەوێش باخەوان توانیویەتی بەرگری لە خۆی بکا و تەنانەت تۆمەتی ئەوەش لە سەرکۆماری کوردستان بدا کە دەستی لێ هەڵێناوەتەوەو ویستوویەتی لێی بدا.
سێهەم؛ پێشەوا وەک تۆمەتباری سیاسی لە بەردەم بێدادگای دەسەڵاتی حەمەرەزاشادا. بێدادگایەک کە بە پێچەوانەی خواست و مەبەستی دەسەڵات، لە سای زانایی و ئازایی پێشەوای مەزندا، بوو بە شوێنی بەرگری لە مافە نەتەوەیی و مرۆییەکانی کورد و بە مەیدانی دادگایی کردنی دەسەڵاتی داگیرکەر. بە رادەیەک کە سەرەڕای دۆخی کپ و بێدەنگی سەردەم، هەواڵنێرانی سەر بە دەسەڵات نەیانتوانی ئەو راستییە بشارنەوە. سەروان كیومەرسی ساڵح کە وەک هەواڵنێری ئەرتەش شاهیدی رەوتی دادگا بوو، لە بابەت بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی سەرۆک کۆماری کوردستان ئاوای نووسی: "من لە زۆربەی دادگاكانی مەیدانی و سەربازی وەك هەواڵنێر بەشداریم كردووە، بەڵام هەرگیز هیچ كەسێكم بە رادەی قازی محەمەد بە جەرگو بوێر نەدیوە. ئەو لە كاتی دادگاییكردندا نەیدەزانی ترس چییە. زۆر بە بێباكی قسەی دەكرد و وەڵامی پرسیارەكانی دەدایەوە." سەروان شەریفی یەکی دیکە لە ئامادەبوانی دادگا دانی پێدانا کە "لە راستیدا ئەوە پێشەوا بوو دادگای محاکەمە دەکرد". نەجەفقولیی پەسیان وتەكانی پێشەوا لە دادگای لەو چەند رستەیەدا کورت کردەوە و نووسێ: لە كاتی موحاكەمەدا قازی محەمەد پەلاماری دەبردە سەر سیاسەتو ئاكاری دەوڵەتی تارانو دەیگوت؛ "من لە قوژبنی گرتووخانە دەنگی خۆم بەرز دەكەمەوە لە دژی دەوڵەتی تارانو سەرۆكەكانیو دەڵێم تاوانبار ئێوەن نەك ئێمە. ئێوە وڵاتتان لێ داگیر كردووین.."
پێشەوا کە پیاوی یاسا و دادگا بوو، تا دوا هەناسەکانی ژیان لە بەرگری مافە نەتەوەییەکانی نەکەوت. رەنگە گرینگترین پەیامی ئەو لە پای سێدارەوە بە گوێی نەتەوەکەی و دوژمنانی نەتەوەکەی گەیی کە وتی: "ئێوە قازی محەمەدێك دەكوژن، بەڵام بزانن لە هەر تنوكە خوێنێكی من قازی محەمەدێك شین دەبێتەوە. داوا لە گەلی كورد دەكەم خەباتی خۆی لەپێناو رزگاریی كوردستاندا پەك نەخا، باوەڕ بە دەوڵەتی خۆفرۆشی تاران مەكەن. بژی كوردو كوردستان"