سوارە و هاوار |
پێکهاتنی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان و
دواتر وەڕێخستنی خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ - ٤٧ (١٩٦٧ - ١٩٦٨)، هومێدی زۆری وەبەر
ئازادیخوازن و تێکۆشەرانی نێوخۆی کوردستان و ئێران نا. لەم نێوەدا ڕووناکبیران،
ئەدیبان و شاعیرانی کورد، بە تایبەتیتر دڵیان بەو شۆڕشە بەست و هیوایان لە سەر
داڕشت. دواتریش کە ئەم شۆڕشە چەکدارییە سەرکوت کرا و بەشێکی بەرچاو لە پێشمەرگە و ڕێبەرانی شەهید کران، خەمێکی قورسی بۆ کۆمەڵگای ئەو کاتی کوردستان بەجێ هێشت. بەشێک لە ئەدەبی بەرگریی کوردی ڕۆژهەڵات لەو سەردەمەدا و لە پشتیوانیی ئەم
شۆڕشە یان لە شینی شەهیدەکانیدا لەدایک بوو.
خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ - ٤٧، لە بەهاری ١٣٤٦ی هەتاوی (١٩٨٧)، بە گەڕانەوەی دەستەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی پیرانشار، مەهاباد، سەردەشت و بانە دەستی پێ کرد. شۆڕشێک کە ئامادەکاریی پێویستی بۆ نەکرابوو. بەشێکی دەرەنجامی ناکۆکیی ناوخۆیی و گوشاری شۆڕشی ئەیلوول لە باشوور بۆ سەر ئەو بەشە لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە خوازیاری سەربەخۆیی سیاسی و کردەیی خەباتی کوردی ڕۆژهەڵات بوون. ئەوان کە لەباری سیاسیشەوە ڕوانگەی چەپ و سوسیالیستییان هەبوو، بە پێکهێنانی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هێڵی سیاسیی خۆیان لە ئەحمەد تۆفیق وەک کەسی یەکەمی حیزبەکە و زۆرینەی ڕێبەریی حیزب جودا کردبۆوە. محەممەدئەمینی سیڕاجی، سمایلی شەریفزادە، مەلا ئاوارە، سالار حەیدەری، سنار مامەدی، فایق موعینی و عەبدوڵڵا موعینی لە ڕێبەرانی ئەم کۆمیتەیە و لە بەڕێوەبەرانی ئەم تێکۆشانە سیاسی - چەکدارانەیە بوون کە سەرجەم کەمتر لە ١٨ مانگی خایاند. لەو ماوەیەدا زۆربەی ئەندامانی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی شۆڕشگێڕ لەشەڕ لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی پاشایەتی یان لەلایەن کاربەدەستانی شۆڕشی ئەیلوول لە باشوور شەهید کران. لەم نێوەشدا شەهیدبوونی سمایلی شەریفزادە داخێکی گرانتری بۆ هاوڕێ ئەدیب و خوێندەوارەکانی بەجێ هێشت.
سمایلی شەریفزادە ناسراو بە سمکۆ، ساڵی ١٩٤٢ لە شاری مەهاباد و لە بنەماڵەیەکی بازرگاندا لەدایک بوو. زۆر منداڵ بوو کە باوکی کۆچی دوایی کرد. قۆناغی سەرەتایی خوێندنی لە مەھاباد و ناوەندیی لە قوتابخانەی ئەلبورزی تاران تەواو کرد و دیپلۆمی وەرگرت. لە بەشی ئەندازیاریی ئێلێکترۆنیک لە زانکۆی پیشەیی تاران درێژەی بە خوێندن دا. لە زانستگا لەگەڵ گروپە چەپ و مارکسیستییەکان ئاشنا بوو. وێڕای خوێندکارە کوردەکانی تر دەستی بە تێکۆشانی سیاسی کرد. ساڵی ١٩٦١ لەلایەن ساواکەوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژ دەستبەسەر کرا. ساڵی ١٩٦٤ کە ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکرات جارێکی دیکە کەوتنەوە بەر هێرشی ساواک، شەریفزادە ناچار بوو خۆی پەنا بدا. سەرەنجام لەکاتێکدا کە تەنیا چوار مانگی بۆ کۆتایی خوێندن مابوو، لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی پاشایەتیدا دەستی لە خوێندن ھەڵگرت و پەیوەست بە ڕیزەکانی پێشمەرگە بوو. وەک کادیرێکی سیاسی لە ڕیزی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا دەستی بە تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگانە کرد. لەگەڵ هاوڕێکانی دەستیان بە دەرکردنی گۆڤاری تیشک کرد کە سەرجەم سێ ژمارەی لێ دەرچوو. لەپەنا ئەوەدا کتێبی "بەرگرییەکانی خوسرەوی ڕوزبێهـ"یشی کرد بە کوردی. لە پێشەنگانی پێکهێنانی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێکخەرانی خەباتە چەکدارانەکەی بوو. هەم وەک ڕێبەر و هەم وەک پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی ئەم خەباتە چەکدارییەدا بوو.
شەهید سمایلی شەریفزادە |
لە ڕاستەوە؛ کەسی چوارەم سمایل شەریفزادە، پێنجەم عەلی حەسەنیانی، نۆهەم حەمەدەمین سیڕاجی، کۆڕی خوێندکارانی کوردی زانستگای تاران |
ریزی پشتەوە لە ڕاستەوە یەکەم سمایل شەریفزادە دانیشتوو لە ڕاستەوە؛ چوارەم سوارە، پێنجەم چاوە |
سوارە شینگێڕییەکەی لەژێر ناوی "شەنگەسوار"دا نووسیوە و هاوار ناوی گشتیتری "گەلی هەژار"ی بۆ شێعرەکەی هەڵبژاردووە. لەبەرامبەردا، لەژێر تیتری شێعرەکەی هاواردا بە ڕوونی نووسراوە کە "بۆ شەهیدی نەمر سمایلی شەریفزادە (سمکۆ)"یە. لێ شەنگەسوارە گلاوەکەی سوارە بەڕواڵەت نادیارە. مرۆڤ تەنیا بە ساڵی نووسینەکەی (١٣٤٧) و ئەوە کە لەو ساڵ و سەردەمەدا "کەوتنە بەر تەڵەزمی غار"ی هیچ سوارێک، ناتوانێ هیندەی شەهیدبوونی سمکۆ، کاری لە سەر هەستی ناسک و شۆڕشگێڕانەی سوارە کردبێ، دەمانگەیەنێتە سەر ئەو بڕوایە کە شەنگەسوار، بێجگەلە شینی شەهیدبوونی سمایلی شەریفزادە نییە.
سەبارەت بە ناوەرۆکی دوو شێعری بەر باس، هاوار شین بۆ گەلەکەی دەکا و بە "
تەرمی شەریفزادە و هاوڕێکانی؛ محەممەد شادمانی، حوسێن ڕەحمان ڕابی وعەلی عەوڵا کۆڵ |
کە تاقەتی نیە خۆ ڕاگرێ لەبەر گەرما
سوارە لەخەمی لەدەستچوونی شەنگەسوار و پووکانەوەی ئەو هیوایەی لەسەر هەستانەوەی سواران هەڵیچنیبوو، تەنانەت سووڕان و بەردەوامیی ژیان بە کردەیەکی بەخۆڕایی و پووچ دەزانێ:
ژنێ ژانی مناڵی پییا دێ
ئاخۆ هەموو ئەمە بوو ئەمبیست؟!
دامێنی ژینی ئادەمیزاد
هەڵناتەکێ لە مناڵ
وا کەوتە بەر تەڵەزمی سماتەی غار
ئاسمان ئەوەندە خۆڵەمڕە
قاز و قورینگ تەپ و تۆزاوین!
چەخماخەدانی هەوری نەزۆک
ئەستێ و بەرد و پووشوون
هاوار ئەم ناهومێدییەی خۆی بە شکستی
سروودی "ئەی ڕەقیب" و بێ ئاکامیی دروشمی "نایشکێنێ دانەیی تۆپی
زەمان" کە بۆ کوردێک نیشانەی ئەوپەڕی بێ ئاکامیی هیواکانییەتی، دەردەبڕێ:
لە ژێری باری گرانی گوناهی پێشینیان،
وەکوو وەنەوشەی ملکەچ لە ئاستی هێرشی با،
بەبێ ئەوەی کە بپاڕێتەوە و بناڵێنێ،
لێرە هاوار سەرکۆنەی دوو لایەن دەکا؛ یەکەمیان پێشینیان و "باری گرانی گوناهیان" کە ڕوون نییە کە ئاخۆ مەبەست لە "پێشینیان" و گوناهەکەیان، هەما واتا باوەکەی باپیرانە کە وەک دوکتور قاسملووی شەهید دەڵێ؛ "ئەگەر پێشینانی ئێمە ئەرکی خۆیان بە درووستی بە جێ گەیاندبا، وەچەی ئێمە ڕەنگە شەهیدی نەدەبوو.." یان ڕووی لەو گوشارانەیە کە شۆڕشی لەپێشتری باشوور خستبوویە سەر خەباتگێڕانی ڕۆژهەڵات و ئەوانی ناچار بە گەڕانەوە بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد. دووهەمیان سەرکۆنەی ئەوە دەکا کە خۆی وەک "خادمی گەل" لە ریزی تێکۆشەراندا نیشان دەدا بەڵام خیانەتی لێ کردن و بوو بە "دوژمنی گەل. لێرەش دیسان جێگای پرسیارە کە ئاخۆ مەبەست لە "خادمێ" کە "بوو بە "دوژمن"، هەر "کوێخا شەریف"ە کە ئەگەرچی پێشتر لە ڕیزی تێکۆشەراندا بوو بەڵام ڕاپۆرتی لە شەریفزادە و هاوڕێکانی دا و دەستی لەگەڵ دوژمن تێکەڵ کرد یان نا مەبەست هەمان گوشارەکانی شۆڕشی باشووری کوردستان بۆ سەر تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات و دەرکردن و زیندان و کوشتنیان لەسەر داوا و دنەی دەسەڵاتی داگیرکەری پاشایەتی لە تارانە؟ لەو وادەی بەهار و بانەمەڕەدا، گەیشتنی ئەم هەواڵە وەک ئەوەیە کە شنە بە جێی بۆنی گوڵ، بۆنی ژەهر و سەمی بۆ شاعیر و هاوڕێکانی هێنابێ و کوێخا شەریف یان شۆڕشی باشووریش کە دەبوو یار و یارمەتیدەری شەریفزادە و هاوڕێکانی با، خیانەتی لێ کردن و دەستی خستە ناو دەستی دوژمنانی گەلەوە:
لە بۆ مە تینی سەموومە، کە مردنی لە گەڵە
ئەوەی کە خادمی گەل بوو، دەهات و خۆی دەنواند،
بەڵام سوارە لە شەنگەسواردا لۆمەی خەڵکی دیکە ناکا بەڵکو لە کۆتاییدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی قسە زلی و دەستەوەستانی دەوروبەر و خەڵکی خۆیی دەکا کە دەستیان تا ئاستی پیرەڵۆک بوون بە ئارەقە، خستۆتە بەر پشتێند، دڵیان وەک هەمانەیەکی هەڵمساو پڕە لە هیچ، کەللەیان وەک زڕکەتاڵە بەتاڵە، خوێن بە دەمارەکانیاندا گوزەر ناکا، تەنیا قسە دەکەن و هیچ کردەوەیان نییە؛
ئەمڕۆ هەر شەویلکە لە کارایە!
دڵ هەمانەی کەلوانە!
سەر گڕکەتاڵە
سوارە بەشێکی زۆری ساڵانی کۆتایی تەمەنی بە نەخۆشی بردە سەر و دەست بە گۆچان دەڕۆی. بەڵام بەو حاڵەش حەولی دەدا بە کردەوە لە پشت ئەم شۆڕشە بێ و خوێنی تازە بخاتە ناو دەمارەکانی ئەو خەباتە چەکدارییەوە. ئەوەش جگە لە هەست بە بەرپرسایەتیی کردنی سوارە لەحاند شۆڕش، ڕەنگە لەسەر داوا و پێداگریی شەریفزادە خۆی بووبێ. گەرچی بەڵگەیەک لەو پێوەندی و نامەگۆڕینەوەی سمکۆ لەگەڵ سوارە و هاوڕێکانی لە زانکۆ، لەبەردەستدا نییە بەڵام سەرەداوی بۆچوون و داوایەکی ئاوا لە نامەیەکی بۆ دوکتور قاسملوودا بە ڕوونی خۆی نیشان دەدا؛ "ئەمڕۆكە تۆفانێكی بەتەوژم سەرانسەری وڵاتی گرتۆتەوە. هەموو لایەك بە ئۆمێدی بێپایانەوە دەڕواننە خەباتی نەتەوەكەمان و ئەگەر بێت و بەشێوەی عیلمی و دڵسۆزانە ئەم خەباتە بەڕێوە ببرێت، دڵسۆزان و تێگەیشتووان و پێگەیشتووانی سیاسی، ڕوناكبیران و شۆڕشگێڕان بێنە كایەوە و جڵەوی كارەكان بەدەستەوە بگرن، ئەودەم داری هومێدی هەموو لایەک بەر دێت و نەتەوەكەمان بە ئامانجی خۆی دەگات.(١)" بەدوور نییە سمکۆ نامەی هاوشێوەی بۆ سوارە و هاوڕێکانی دیکەشی لە زانکۆ ڕەوانە کردووە و هەمان داوای بەرەوڕوو کردبنەوە. داوایەک کە وێناچێ وڵامی پێویستی وەرگرتبێتەوە. چونکە ئەم سەرکۆنەکردنەی کەسانێ کە هەر قسەی زلی بێ کردەوەیان هەیە، لە شێعری "خێڵی درۆ"شدا ڕەنگی داوەتەوە؛
...ئێوە:
کەی شێری چیان؟
بەردەماوخۆری توڵە و گورگی گەڕن
قاقڕە گیانە هەوای بەرپشتێن
شۆرەکاتێکە کوژەی خەڵفی دەست
زەلکەیە کۆڕەکەتان ئێوە زەلن
هەر بە بایەک ئەگڕێن بێ دەربەست
کام بەیان بەر بوو لە بەندی شەوەزەنگ؟
کام کولەی شۆڕ بە نەفەستان لاچوو؟
مل بە بەرمووری وشەی ڕەنگاوڕەنگ!
کامە پێ کەوتە پیاسەی ڕێتان؟
ئێستە وا گرمە لە کێوان بەرزە
مێش ئەخاتە لەشی گا بوولەرزە
ئێوەن و ئێوەن و لۆکەی گوێتان
بەسیەتی... بەسیەتی
وا هات... وا چوو
ئەوە کە کام یەک لە "شەنگەسوار" و "گەلی هەژار" ئیلهامیان لە ئەویدی وەرگرتووە، ڕوون نییە. ئاشکرایە کە سوارە لە شێعردا لە دوو هاوڕێ شاعیرەکەی (چاوە و هاوار) سەرکەوتووتر بوو و لە نێوان ئەو دوو شێعرەشدا "شەنگە سوار" ناسراوتر و بە نێوبانگترە. بەڵام مەرج نییە پێمان وا بێ حەتمەن شوێنی شەنگەسوار بە سەر "گەلی هەژار"ەوەیە. دەکرێ پێچەوانە بێ. چونکە هەمیشە ئەوە چاکتر نییە کە شوێن لە سەر چاک دادەنێ و حاڵەتی پێچەوانە زیاترە. بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە هیچکامیان ڕاستەوخۆ شوێنیان لە سەر ئەویدی دانەنابێ و تەنیا نووسین لە ژێر قورسایی یەک تراژێدیادا (شەهید بوونی کاک سمایلی شەریفزادە و هاوڕێکانی) وای کردبێ کە منی خوێنەر بە خوێندنەوەی یەکیان، زوو ئەویدیکەم وەبیر بێتەوە. بە تایبەت کە شوێنی نووسینی شێعرەکەی هاوار شاری "ئەراک"ە و بەوەش وێناچێ دوو شاعیر لەو سەروبەندەدا لە لای یەک بووبن. گەرچی شەنگەسوار شوێنی نووسینی بەژێرەوە نییە.
بە کورتی ئەوەی ئاست و کێش و مەبەستی شەنگەسوار و گەلی هەژاری لێک گرێ داوە، هاومەرامی، تراژدیای شەهیدبوونی شەریفزادەی هاوڕێ و ڕێبەر و، شکانی شۆڕشە جێی هومێدەکەیانە کە تەنانەت شوێنی لە سەر لێک نیزیکیی کێشی خەماویی هەردوو شێعر داناوە و بارستای خەم تا ئاستی ناهومێدی و چەمانەوە، لەسەر شانی هەردوو شاعیر قورسایی دەکا.
گەلی هەژار
بۆ کاک سمایل شەریفزادە (سمکۆ)
عەلی حەسەنیانی
|
|
گەلی هەژار و خەمینم، لە زوڵمی بێگانە
کە تاقەتی نیە خۆ ڕاگرێ لەبەر گەرما
تواوە تک تک و ڕێی گرتە بەر بەرەو هیچی
گەلی هەژار و خەمینم
لە کاتی هەوڵی دوایی کە نەمرێ، خۆ
بگرێ
وەکوو ستێری بەیانی لە ئاستی تیشکی
هەتاو
لەگەڵ هومێدی بەسەرچوونی ڕۆژ و هاتنی
شەو
نەما، مەحو بۆوە...
گەلێ کە دانەیی تۆپی زەمانە
نەیدەشکاند،
لە ژێری باری گرانی گوناهی پێشینیان،
وەکوو وەنەوشەی ملکەچ لە ئاستی هێرشی
با،
بەبێ ئەوەی کە بپاڕێتەوە و بناڵێنێ،
چەماوە، کۆم بۆوە..
خودا! چ زوڵمێکە؟
شنەی شەماڵی بەیانی کە بۆنی گوڵ دێنێ
لە بۆ مە تینی سەموومە، کە مردنی لە
گەڵە
ئەوەی کە خادمی گەل بوو، دەهات و خۆی
دەنواند،
لە بەختی ئێمە ئەوێستێ لە دوژمنانی
گەلە...
خودا! هەڵینەگری،
خەم و ئەوەندە بە کێ هەڵدەگیرێ ئەی
هاوار...؟
چلۆن بمێنێ گەلی وا هەژار و ڕەنج بە
خەسار...؟
١٩٦٨ ئەراک
شەنگە سوار
سوارە ئیلخانی زادە
|
|
کە درەوشانەوەی پەڕی سەری ئەسپی
چاوێک بخاتە بیری تلووعێ
ئەی سەر زەوی پڕ و پووچ
ئەی هەر هەناسەیەک:
نەفەسی دواییت
تەرمێ ئەچێ
ژنێ ژانی مناڵی پێیا دێ
ئاخۆ هەموو ئەمە بوو ئەمبیست؟
دامێنی ژینی ئادەمیزاد
هەڵناتەکێ لە مناڵ
لە ژیانی کرچ و کاڵ.
پڕمەی کەحێلی سوارەی مەریوانە
بێچارە خۆم
پڕمەی گرینی گەنجی عەشیرەت بوو.
ئەی سەردەمی هەموو بەرئاوەژوو!
داخێ، مەخابنێ، خەفەتێ
بۆ چاوی شینی تازە بەهار
کوا شەنگەسوار؟
وا کەوتە بەر تەڵەزمی سماتەی غار
قاز و قورینگ تەپوتۆزاوین
چەخماخەدانی هەوری نەزۆک
ئەستێ و بەرد و پووشوون
بەدەستی پیری لەرزۆک.
ڕووخان کۆشکی لە پۆڵا
دیواری چین و پەیکەری بولهەول.
ئاخۆ فرمێسکی ڕوونی دوا باوەڕ
بۆ مەرگی زرێ بڕێژم
یا ڕووباری چووکی بەفیڕۆ چوو.
ئەمڕۆ هەر شەویلکە لە کارایە
دەس پیرەڵۆکی ئارەقی بەرپشتێن
دڵ هەمانەی کەلووانە
سەر گڕکە تاڵە
دەمار بێ خوێن.
١٣٤٧(١٩٦٨)
گوناە - شێعرەکانی عەلی حەسەنیانی (هاوار) - پێداچوونەوەی محەممەد ئەمینی شاسەنەم - چاپەمەنی مانگ ١٩٩٦
خەوە بەردینە؛ هۆنراوەکانی سوارە، کۆکردنەوەی کەریم دانشیار، فایلی سەر ئینترنێت
نیو سەدە تێکۆشان - عەبدوڵڵا حەسەنزادە
ویکیپێدیای کوردی (سمایلی شەریفزادە)
١٢ی بانەمەڕ سەلمێنەری پێشەنگایەتیی خەباتی خوێندکاری کورد – شەماڵ
تەرغیبی، ماڵپەڕی کوردستان میدیا
بەشێک
لە وێنەکان لە وێبڵاگی ڕوانگەی بەڕێز حەسەن قازی وەرگیراون
** هەر لەم پێوەندییەدا موسلیح شێخەلئیسلامی (ڕێبوار)، برای "چاوە" شێعرێکی بە ناوی دارێنە نووسیوە کە تایبەت بەو تراژێدیایە. من شێعرەکەم لە کۆتاییەکانی دەهەی شەستی هەتاوی لە دەسنووسێکدا خوێندەوە کە هاوڕێی بەڕێزم تاهیر بداغی پێشانی دام و هیچم لێی لەبیر نەمابوو کە دوای دیتنی ئەم دێڕانە شاعیری خۆشەویست هێدی (کاک جەعفەر حوسێن پوور) بۆی ناردم:
هەروەها شێعرێکی دیکەشی لەم بارەوە هەیە کە ناسری ڕەزازی بە مەقام خوێندوویە و ئەوەی خوارەوە بەشێک لە شێعرەکەیە:
قیبلەکەم شاری سنەی سەربەرزمخاوەنی شۆڕە جەوانی تەرزم
قیبلەکەم شاری کزی مل بە کوێن
گۆڕی پیرۆزی شەهیدان لە کوێن
با بچم دەستە گۆڵی لێ دانم
دڵی داماوی لە بەر پێ دانم
گڵە بانانی دڵی سمکۆ کەم
گڵە بانانی دڵی پڕسۆ کەم
چەپکە شێعرێکی بڵێم بۆ سمکۆ
تا وەکوو دەردی گران بێتەوە سۆ
قارەمان تاجی سەری شێر پیاوان
ناوی تۆ بووتە سرودی لاوان